عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە ملیۆن و 550 هەزار کەس تۆماری دەنگدەرانیان نوێکردووەتەوە و ئەوەش ئاستێکی بەرزە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو. سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق راشیگەیاند، "ئاستی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز و ملیۆنێک و 550 هەزار کەس تۆمارەکانیان نوێکردووەتەوە و ئەوەش ئاستێکی بەرزە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو و نیشاندەرە، کە هاوڵاتییان دەیانەوێت بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن". ئەوەشی راگەیاند، "ماوەی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتییەکان کۆتاییهاتووە و ئێستاش لە 25ـی مانگەوە دەرگا کراوەتەوە بۆ تۆمارکردنی لیستی بەربژێران لە هاوپەیمانی و حیزبەکان جگەلە و بەربژێرانی تاک". عیماد جەمیل، گوتیشى، "کۆمیسیۆن چەند رۆژێکی دیکە دەستدەکات بە تۆمارکردن و وەرگرتنی کارمەندانی سەر سندوقەکانی دەنگدان، چونکە پێویستمان بە 300 هەزار کارمەندە بۆ ئیدارەدانی پرسەکە و ئەوانیش دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان، لەگەڵ فەرمانبەرانی دەوڵەت دەبن، هەروەها ئەو کارمەندانە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە خولی راهێنانیان پێدەدرێت و فێری چۆنییەتی بەکارهێنانی سیستمەکە دەکرێن". عیماد جەمیل، راشیگەیاند، لە پاش 15ـی حوزەیرانەوە جارێکی دیکە وادەى نوێکردنەوەى تۆماری دەنگدەران درێژناکرێتەوە، باسی لەوەشکرد لەم هەڵبژاردنەدا سێ ملیۆن و 600 هەزار دەنگدەری نوێ بۆ یەکەم جار بەشداری دەکەن.
سبەینێ چوارشەممە، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لەکۆبونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران باسی سەردانەکەی بۆ واشنتن، دەکات. سێشەممە، 27ـی ئایاری 2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، سبەینێ چوارشەممە، 28ـی ئایاری 2025، لەکۆبونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران باسی دەرئەنجامی سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا، دەکات. ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 19ـی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ئەمەریکا، لە ڕێورەسمێکدا، لە ژووری بازرگانیی ئەمەریکا لە واشنتن، سەرپەرشتی و چاودێريی ڕێوڕەسمی ئیمزاکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگی لە بواری وزەدا، کرد. هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی (ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی) و (وێستێرن زاگرۆس)، بە جیا دوو ڕێککەوتننامەی گەورە و گرنگیان لە بواری پەرەپێدانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئیمزا کرد، کە بەهای ڕێککەوتننەکان دەگاتە دەیان ملیار دۆلار و کاریگەرییەکی دیار و ئەرێیيان لەسەر پێشخستنی کەرتی نەوت و وزە و ژێرخانی ئابووريی هەرێمی کوردستان دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پاسپۆرت لە سعودیە رایگەیاند، تائێستا زیاتر لە یەک ملیۆن حاجی لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج هاتوونەتە مەککە. بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێ، یەک ملیۆن و 102 هەزار و 469 حاجی لە دەرەوەی سعودیەوە بە رێگای ئاسمانی و وشکانی و دەریایی گەیشتوونەتە مەککە. دوێنێ وەزیری تەندروستیی سعودیە جەختی لەوەکردەوە، دۆخی تەندروستیی حاجیان جێگیرە و هیچ حاڵەتێکی نەخۆشی یان پەتایان نییە هەتا کاریگەری لەسەر تەندروستیی گشتیی حاجیان دابنێت. گوتیشی، هەموو ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی حەجی ئەمساڵ تەواوکراوە، 11 فڕۆکەیان دابینکردووە ئەگەر حاڵەتێکی نەخوازراو لەنێو حاجیاندا هەبێت بەو فڕۆکەیە دەگوازرێتەوە، نەخۆشخانەیەکی فریاکەوتنی نوێی 200 قەرەوێڵەیشیان دامەزراندووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ حاڵەتی لەناکاوی حاجییان.
لە کاتێکدا شاندێکی ئیدارەی خۆسەر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بەنیازە بەم زووانە گەشت بکات بۆ دیمەشق بۆ تەواوکردنی دانوستانەکان لەگەڵ حکومەت، سەرکردەیەکی دیاری کورد وتی داواکاری فرەیی لامەرکەزی لە سیستەمی سیاسی ئەو وڵاتەدا "ناتوانرێت دەستبەرداری بێت". ئەو بەرپرسە کوردە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لەلێدوانێکیدا بۆ ئاژانس فرانس پرێس، جەختی لەوە کردەوە کە "سوریایەکی لامەرکەزی، فرەیی، دیموکراسی چارەسەری ئایدیاڵە بۆ هەموو ئەو پرسە هەڵپەسێردراوانەی ئێستا هەن". هەروەها بڕوای خۆی دەربڕیوە پێویستە لەداهاتوودا هەمەڕەنگى کۆمەڵگای سوریا لەبەرچاووبگرێت و ئەو سیستەمە سیاسییەى دادەنڕیت لایەنە زلهێزەکان قۆرخى نەکەن دان بە تایبەتمەندی ناوچە و پێکهاتەکاندا بنرێت، ئەمەش بەپێی ئاژانس فرانس پرێس. هاوکات ئەو بەرپرسە باڵایەى کوردى ڕۆژئاواى کوردستان ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئەم پێشنیازە یەکێک دەبێت لە پرسە بنەڕەتییەکان بۆ دانوستان و ناتوانرێت دەستبەرداری لێبکرێت". هەروەها ئەوەشى خستوەتەڕوو لیژنەیەک کە نوێنەرایەتى هەموو لایەنە کوردیەکان دەکات، بەنیازن به م زووانه سەردانى دیمشق بکەن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسى کوردو چۆنیەتى دەستەبەرکردن و جێگرکردنى مافە دەستووریەکانى گەلی کورد=. ئەو یەرسە ئاماژەی بەوەدا کە "گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی سوریا لەسەر پرسە جیاوازەکان بەردەوامن"، بەڵام دانی بەوەدانا کە گفتوگۆکان باس لە "پرسگەلێکی سەخت و ئاڵۆز دەکات و پێویستی بە دروستکردنی پردی متمانەی زیاتر لە نێوان هەردوولا هەیە لە جاران". جەختیشی لەوە کردەوە کە "رێبازی ناوەندگەرایی بۆ بەڕێوەبردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکان، بەبێ قبوڵکردنی هاوبەشییەکی ڕاستەقینە و دابەشکردنی ڕۆڵ و دەسەڵاتەکان لەنێوان ناوەند و هەرێمەکاندا، دانوستانەکان دەکاتە پرۆسەیەکی قورس و خاو". پێشتریش ئاڵدار خەلیل، سیاسەتمەداری دیاری کورد ڕایگەیاندبوو، پارتە کوردییەکانی سوریا بەمزوانە شاندێک دەنێرن بۆ دیمەشق بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئایندەی سیاسی ناوچەکەیان، لە چوارچێوەی هەوڵەكانیان بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی، سەرەڕای دژایەتی دەسەڵاتدارە ئیسلامییەکان نوێیەكانی سوریا. مانگی رابردوو گروپە کوردە رکابەرەکان لە سوریا، دیدگایەکی هاوبەشیان راگەیاند، كە داوای یەکخستنی ناوچە کوردییەکانیان دەكات وەک یەکەیەکی سیاسی و ئیداری لە چوارچێوەی سوریایەکی فیدراڵیدا، بە ئامانجی پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کورد بەدەستیهێناوە لە کاتی شەڕدا. ئاڵدار خەلیل، ئەندامی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە)، هێزی باڵادەست لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، بە رۆیتەرزی وتووە: بەڵگەنامەی دیدگای کوردی دەبێتە بنەمای دانوستان لەگەڵ دیمەشق و شاندەكە نزیكە لە ئامادەبون بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ دیمەشق.
وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماری فرۆشتنی نەوتی لە مانگی نیسانی ئەمساڵ بڵاو كردەوە، كە تێیدا هاتووە لەو مانگەدا وڵاتەكەمان ١٠٠ ملیۆن و ٩٥٣ هەزار و ٢٨٢ بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، داهاتەكەشی شەش ملیار و ٧٣٨ ملیۆن و ٣٥٩ هەزار دۆلار بووە. وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی ڕێژەی هەناردەكردنی نەوت لە مانگی ڕابردوودا و هەروەها داهاتەكەشی ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە. لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، بە گوێرەی ئاماری كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراقی “سۆمۆ” لە ماوەی مانگی نیسانی ئەمساڵدا وڵاتەكەمان ١٠٠ ملیۆن و ٩٥٣ هەزار و ٢٨٢ بەرمیل نەوتی فرۆشتووە. ئاماژە بەوەشكراوە، داهاتی فرۆشتنی ئەو بڕە نەوتەش بریتی بووە لە شەش ملیار و ٧٣٨ ملیۆن و ٣٥٩ هەزار دۆلار. بەپێی ئامارەكانی كۆمپانیای سۆمۆ لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ٩٩ ملیۆن و ٧٥٢ هەزار و ٨٧٩ بەرمیل نەوت هەناردە كراوە، هەروەها ڕێژەی هەناردەكردنی نەوت لەڕێگەی كێڵگەی گەیارەوە ٩٥٥ هەزار و ٥٨٤ بەرمیل نەوت بووە. لە كۆتاییدا هاتووە، ڕێژەی نەوتی هەناردەكراو بۆ ئوردن ٢٩٩ هەزار و ٨١٩ بەرمیل نەوت بووە.
ڕۆژنامەیەکەی ئەمەریکایی بڵاوی کردووەتەوە، سەرۆکی وڵاتەکەی بەمەبەستی فشارخستنە سەر سەرۆکی ڕووسیا، ژمارەیەک سزای نوێی ئابووری بەسەر مۆسکۆدا دەسەپێنێت. سێشەممە 27ـی ئایاری 2025، ڕۆژنامهی وۆڵ ستریت جۆرناڵ "The Wall Street Journal"ـی ئهمهریكایی بڵاوی کردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بیر لەوە دەکاتەوە ئەم هەفتەیە سزای نوێی ئابووری بەسەر مۆسکۆدا بسەپێنێت. هەروەها ئاماژەشی داوە، هۆی ئەو سزایانە بۆ ئەوەیە، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بەردەوامە لە دواخستنی ئاگربەست و هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا. ئەو ڕۆژنامە ئەمەریکاییە لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە ئیدارەی ترەمپ ڕایگەیاندووە، ئەو سزایانە وەکوو فشارن بۆ سەر پوتن بۆئەوەی پەلە لە دانوستانەکانی ئاشتی بکات، باسی لەوەش کردووە، سزاکان سنووردارکردنی بانکەکانی ڕووسیا ناگرێتەوە. بە گوێرەی ڕۆژنامهی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لە ئەگەری بەرەوپێش نەچوونی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا، ئەوە ترەمپ بیر لە کشانەوە لە پرۆسەکە دەکاتەوە. پێشتر، دۆنالد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیال" بڵاوی کرد بووە "هەمیشە پەیوەندییەکی زۆر باشم لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا هەبووە، بەڵام دیارە تووشی شتێک بووە، بە تەواوی شێت بووە." ئاماژەی بەوەش کردووە، هەمیشە گوتوومە پوتن, هەموو ئۆکرانیای دەوێت ، نەک تەنیا بەشێکی و ڕەنگە ئەوە ڕاست دەربچێت، بەڵام ئەگەر بیکات، ئەوە دەبێتە هۆی ڕووخانی ڕووسیا. دوێنێ دووشەممە، 26ـی ئایاری 2025، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاندبوو، ڕووسیا لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا بە 900 درۆن هێرشی کردووتە سەر وڵاتەکە، گوتیشی: لە هێرشەکەدا مووشەکی بالیستیک و کروزیش بەکارهێنراون. ڕۆژی یەکشەممە، 25-05-2025، ئاژانسی ڕیا نۆڤۆستی لە زاری ری داشکین، فەرماندەی فیرقەی بەرگریی ئاسمانیی ڕووسیا لە هەرێمی کۆرسک، بڵاوی کردبووەوە، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بۆ بەسەرکردنەوەی هەرێمی کۆرسک بە هێلیکۆپتەرە تایبەتەکەی کە ڕێگەدا بووە بۆ هەرێمەکە، بەڵام لە ئاسمانی ناوچەکە ڕووبەڕووی هێرشێکی فراوانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) بووەتەوە. بە گوێرەی زانیارییەکان، هێزەکانی ئۆکرانیا بە 46 درۆن هێرشیان کردووەتە سەر هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆکی ڕووسیا، بەڵام سیستەمی بەرگریی توانیویەتی درۆنەکان تێکبشکێنێت و ڤلادیمێر پوتن لە مەترسیی ڕزگار بکەن.
گوڵستان کلچ کۆچیگیت، هاوسەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانیی و دیموکراستیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت: زۆر گرنگە قسە و کردەوەكان بە یاسا گەرەنتی بكرێن، بە خێرایی بنەمایەکی یاسایی دابمەزرێنین کە هیچ کەسێک تێیدا پاشەکشە نەکات لە دانوستانەکانی ئاشتی و چارەسەری دیموکراسیانەی پرسی کورد. کۆچیگیت، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، کە لە ئەنجومەنی نیشتمانیی گەورەی تورکیا بەڕێوەچوو، وتی: ئەگەر خشتەی کاتیی بۆ پاکێجی لەسێدارەدان لەم هەفتەیەدا بخرێتە بەردەم لیژنەکە پێشبینی دەکەین ئەمڕۆ یان سبەی دەرگای واژۆکردن لەسەری بكرێتەوە، ئەگەر هەینی بخرێتە بەردەم لیژنەکە، پێنجشەممە یان هەینی واژودەكرێت و، پێشبینی دەکەین هەفتەی داهاتوو بخرێتە کارنامەی ئەنجومەنی گشتی و پێش پشوو ببێت بە یاسا. هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی ئاماژەی بەوەشكرد: قسە و کردارەکان بەنرخن، بەڵام دەبێت بە گەرەنتی یاسایی پشتگیری بکرێن، جەختی لەوە شکردەوە: دانوستانەکانی ئاشتی دەبێت بە گەرەنتی یاسایی پشتگیری بکرێن، هەروەها بە خێرایی بنەمایەکی یاسایی دابمەزرێنین کە هیچ کەسێک تێیدا پاشەکشە نەکات لە دانوستانەکانی ئاشتی و چارەسەری دیموکراسیانەی پرسی کورد. سەپارەت بە دۆخی زیندانەکانی تورکیاش وتی: لە زیندانەکانی تورکیادا دەیان هەزار زیندانی سیاسی هەن، گرنگترین تایبەتمەندیش كە زیندانیانی سیاسی جیادەكاتەوە ئەوەیە، بەهۆی بۆچون و بیرو کردارەکانیانەوە کە ئامانجیان چەسپاندنی دیموکراسییە لەم وڵاتەدا، زیندانی كراون.
جارێکى دیکە سوپاى تورکیا زنجیرە چیاى مەتینا و گوندەکانى لە سنوورى شارۆچکەى ئامێدى بۆردوومان کرد. پەیامنێرى هاوڵاتى رایگەیاند، بەیانى ئەمڕۆ سوپاى تورکیا بەچڕى چیای مەتینا و گوندى گوهەرزێی لە سنوورى ئامێدى بۆردوومان کردووە و دوکەڵێکى چڕیش لە سنوورەکە دروستبووە. ئاماژەى بەوەشکرد، سوپای توركیا بەردەوامە لە بوردوومانكردنی سنووری ئامێدی، لە دوێنێوە توپخانەكانی ئەو وڵاتە، لە شارەدێى دێرەلوکەوە چیای مەتینا بوردوومان دەکەن. بۆردوومانى سوپاى تورکیا لەکاتێکدایە، پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە"، لە کۆنگرەى 12دا کە لە رۆژانى 5 بۆ 7ـى ئایار بەڕێوەچوو، بڕیایدا بە هەڵوەشاندنەوەى خۆی و چەکدانان و کۆتاییهێنان بە هەموو ئەو چالاکییانەى لەژێر ناوى پەکەکەدا بەڕێوەدەچێت. بەگوێرەى رێکخراوی CPTـی ئەمریکی، لە رۆژی راگەیاندنی بانگەوازەکەى عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، لە 27ـی شوباتی 2025ـەوە تاوەکو ئێستا بۆردوومانەکانى سوپای تورکیا بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان بەردەوامە. ناوچەکانى سنوورى ئامێدى، ماوەى چەند ساڵێکە بوونەتە گۆڕەپانى رووبەڕووبونەوەى نێوان سوپاى تورکیا و ئەندامانى پەکەکە، بەو هۆیەوە لەکۆى 306 گوند 206 گوندیان چۆڵکراون. بەگوێرەى ئامارى رێکخراوی CPTـی ئەمریکی، سوپاى تورکیا 71 بارەگاى لە هەرێمى کوردستان هەیە و تەنیا لەساڵى 2024دا، نۆ هاونیشتمانى بەهۆى بۆردوومانەکانى تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە.
بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سوێندی خوارد سەرجەم بارمتەکان بە زیندوو و مردووەکانەوە لە غەزەوە بگەڕێنێتەوە. لە نوێترین لێدوانیدا نەتانیاهۆ لەبارەی ئازادکردنی بارمتەکان گوتی، ئەگەر ئەمڕۆ بەدینەهێنین، سبەی هەر بەدیدەهێنین، سبەینێش بەدینەهێنین دواتر هەر بەدیدێت، ئەوان کۆڵ نادەن، دەیانەوێت هەموو بارمتەکان بە زیندوو و مردووەوە بگەڕێننەوە. لە رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 چەکدارانی حەماس 251 بارمتەیان لە هێرشێکدا بۆسەر ئیسرائیل دەستبەسەرکرد، هێشتا 57 لەو بارمتانە لە غەزەن، سوپای ئیسرائیل دەڵێت 34 یان مردوون. ئەم قسانەی نەتانیاهۆ لەکاتێکدایە، هێشتا چارەنووسی غەزە نادیارە، لەنێوان بەردەوامی جەنگ و راگەیاندنی ئاگربەست هیچ دڵنیاییەک نییە، هەر دوێنێ بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر چەند شوێنێکی غەزە زیاتر لە 50 کەس کوژران.
دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاوای سووریا "هەسەدە" ڕایانگەیاند "لەگەڵ حکوومەتی ڕاگوزەر لە دیمەشق ڕێککەوتوون بۆ چۆڵکردنی کەمپی هۆل، کە دەیان هەزار کەسی تێدایە و پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە. شێخموس ئەحمەد، بەرپرسێکی هەسەدە ڕایگەیاند "لەسەر میکانیزمێکی هاوبەش ڕێککەوتین بۆ گەڕانەوەی خێزانەکان لە کەمپی هۆل" ئەوەش دوای کۆبوونەوەی نێوان دەسەڵاتە خۆجێییەکان و نوێنەرانی حکوومەتی ناوەندیی لە دیمەشق و شاندێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا کە شەڕی داعش دەکەن. بەرپرسەکەی هەسەدە، ئەو هەواڵانەی ڕەت کردەوە کە باس لەوە دەکەن لە ئایندەیەکی نزیکدا ئیدارەی کەمپەکە ڕادەستی دیمەشق بکرێت و دەڵێت: لە دیمەشق، هیچ گفتوگۆیەک لەو بارەیەوە لەگەڵ شاندی سەردانکەر یان لەگەڵ حکوومەت لە دیمەشق نەکراوە. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ساڵانێکە باس لە خراپی بارودۆخی ژیان و توندوتیژی بەربڵاو لە ناو کەمپەکەدا دەکەن کە نزیکەی 37 هەزار کەسی تێدایە، زۆربەیان ژن و منداڵی چەکدارانی داعش و لایەنگرانی ئەو گرووپەن. هەروەها کەمپەکە عێراقیەکان و هەروەها هاووڵاتیانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لەخۆدەگرن کە پێشتر پەیوەندییان بە ڕێکخراوی داعشەوە کردووە. سەبارەت بە سوورییەکانی ناو کەمپەکە، چەند ساڵێکە میکانیزمێک کراوە بۆ گەڕانەوەی ئەو کەسانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ پێکهاتەکانیان لەو ناوچانەی لەلایەن ئیدارەی کوردییەوە کۆنترۆڵ کراون، ناوەندەکانی یەکگرتنەوەیان تێدا کراوەتەوە. بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق نەکراوە بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندیی. ئەم ڕێککەوتنە نوێیە لە کاتێکدایە هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان دەسەڵاتدارانی کورد و سەرکردایەتیی نوێ لە دیمەشق، دوابەدوای لادانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی ڕووخاوی سووریا. بەپێی ڕێککەوتنێک لە مانگی ئاداری ڕابردوودا لە نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا و فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات " هەسەدە" کە لەلایەن ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێت و کوردەکان سەرکردایەتی دەکات، بڕیارە هێزەکانی سووریای دیموکرات بخرێتە ناو هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی نوێی سووریاوە. هەروەها بڕیارە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ عێراق و تورکیا و فڕۆکەخانەکان و کێڵگە نەوتییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵات بخرێنە ژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی ناوەندییەوە. هەروەها پێشبینی دەکرێت ئەو زیندانانەی کە نزیکەی 9 هەزار گومانلێکراوی داعشیان تێدایە بخرێنە ژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی ناوەندییەوە.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دۆخی غەززە بە کارەسات وەسفدەکات و دەڵێت؛ زیاتر لە 15 هەزار کەس پێویستیان بە فریگوزاری تەندروستییە و تا ئێستاش زیاتر لە 10 هەزار تەرم لە ژێر باڵەخانە روخاوەکاندان و نەتوانراوە تەرمەکانیان دەربهێندرێن. ئەمڕۆ دوو شەممە، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاندوە، تا ئێستا زیاتر لە 10 هەزار تەرم لە ژێر باڵەخانە ڕوخاوەکاندان و نەتوانراوە دەربهێندرێن، ڕێکخراوەکە ئەوەی لە غەززە رودەدات بە کارەسات ناوبردوە و دەڵێت؛ ئەمەی لە غەززە دەگوزەرێت پێشتر ڕوینەداوە. دکتۆر حەنان بەلخی، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە جنێڤ، دۆخی غەززەی بە "کارەساتبار" وەسف کرد. ئاماژەی بەوەشکردوە، تیمە مەیدانییەکانمان پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئەمە خراپترین حاڵەتە و پێشتر شاهیدی دۆخێکی لەم شێوەیە نەبون زیاتر لە 15 هەزار کەسیش پێویستیان بە فریاگوزاری خێرای پزیشکی هەیە. ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس بەردەوامە، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە، ژمارەی کوژراوان لە غەززە گەیشتوەتە 53 هەزار و 939 فەلەستینی کە زۆرینەیان خەڵکی مەدەنی، ژن و منداڵن و بەپێی نوێترین ئاماریش کە لە لایەن وەزارەتی تەندروستی غەززەوە بڵاوکرایەوە، 122 هەزار و 797 کەس برینداربون.
ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) لەزاری سێ سەرچاوەوە ئاشكرایكرد، وەزارەتی نەوتی عێراق سكاڵایەكی یاسایی لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرزكردوەتەوە سەبارەت بە ئەو گرێبەستانەی نەوت و غاز كە لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان ئیمزای كردووە. سەرچاوەكان باسیان لەوەكردووە، ئەم ئاڵنگارییە یاساییە نوێترین بەربەستە كە روبەڕووی هەوڵەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەبیتەوە لەرێگەی بۆری عێراق- توركیاوە، كە لە 25ی ئازاری 2023وە راگیراوەو سەرباری فشارەكانی ئیدارەی سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ هیشتا دەستی پێنەكردوەتەوە. هەفتەی رابردوو، لەچوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ ئەمریكا، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرێبەستی لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمەریکی HKN و WesternZagrosئیمزاكرد بۆ بۆ كێڵگەكانی (میران)و (تۆپخانەو كوردەمیر). ئەم گرێبەستانە هەرزوو ناڕەزایەتیی وەزارەتی نەوتی عێراقی بەدوای خۆیدا هێنا، رۆژی 20ی ئەم مانگە وەزارەتی نەوت رایگەیاند" ئەم ڕێکارانە پێشێلکردنی ئەو بڕیارانەیە کە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵییەوە دەرچوون، کە ئاماژەی بە نایاساییبوونی ئەو گرێبەستانە کردووە لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە (59/ فیدراڵی 2012و یەكخراوەكەی 110/ فیدراڵی 2019) ئیمزا كراون". وەزارەت نەوت ئاماژە بەوە كردبوو" سەرەڕای پێویستیی عێراق بۆ زۆركردنی وەبەرهێنانی غازو دابینکردنی خواستی ناوخۆیی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، ئەو رێوشوێنانەی حکومەتی هەرێم گرتوویەتیەبەر، پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای عێراقەو سامانی نەوت هی هەموو عێراقییەکانەو هەر وەبەرهێنانێک لەم سامانەدا دەبێت لە ڕێگەی حکومەتی فیدراڵیەوە ئەنجام بدرێت. بەم پێیە وەزارەت بە پشتبەستن بە دەستوری عێراق و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی پووچەڵبوونەوەی ئەو گرێبەستانە دووپاتدەکاتەوە".
ڕاوێژكارێكی ئیدارهی خۆسهر ئاماژه بهوه دهكات، سازش لهسهر فرهیی و لامهركهزیی سووریا ناكهن، چونكه تاكه چارهسهری دیموكراسییه بۆ كێشهكانی ئهو وڵاته. دووشهممه، 26ـی ئایاری 2025، چیا كورد، ڕاوێژكاری ئیدارهی خۆسهر له ڕۆژئاوای كوردستان ڕایگهیاندووه، سازش لهسهر فرهیی و لامهركهزیی بۆ بهڕێوهبردنی سووریای نوێ ناكهن، چونكه تاكه چارهسهره بۆ كێشهكانی ئهو وڵاته. هاوكات ئاماژهی بهوه كردووه، فرهیی ڕووخساری كۆمهڵگهی سوورییه و ناكرێت یهك سیستهمی سیاسی قۆرخی ههموو دهسهڵاتهكان بكات و دان به تایبهتمهندی ناوچه و پێكهاته جیاوازهكان نهنێت. چیا كورد جهختی كردووهتهوه، ئهم پرسه له پرسه بنهڕهتی و سهرهكییهكانی دانوستانهكانیان دهبێت لهگهڵ حكوومهتی نوێی سووریا و دهستبهرداری نابن و سازشی لهسهر ناكهن. ئهم لێدوانانهی چیا كورد هاوكاته لهگهڵ ئامادهكارییهكانی شاندی كورد بۆ سهردانیكردنی دیمهشق و تهواوكردنی دانوستانهكانیان لهگهڵ دهسهڵاتی نوێی سووریا. ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لە کۆنفرانسی یۆنان، کە بە ناونیشانی 'دۆزی کورد و پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست' بەڕێوە چوو، ڕایگەیاند "ئەگەر هەیە سووریا ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورەتر ببێتەوە؛ دەسەڵاتدارانی سووریا بە تاکلایانانە بڕیارەکان دەدەن و هەماهەنگیی لەگەڵ گەل ناکەن و ئیرادەی خەڵکیان پشتگوێ خستووە." ئیلهام ئەحمەد، ڕاشیگەیاند، ئەگەر حکوومەتی سووریا لەسەر شێوازی حوکمی مەرکەزیی سوور بێت، وڵات ڕووبەڕووی شەڕێکی گەورەی ناخۆیی دەبێتەوە. گوتیشی: دەبێت، سیستەمێکی دیموکراتیی فراوان هەبێت و سەرجەم پێکهاتەکان کۆ بکاتەوە. هەینی 23ـی ئایاری 2025، ئاڵدار خەلیل، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند: شاندێکیان ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی بەم نزیکانە سەردانی دیمەشق بکەن. هەروەها گوتیشی: دیدگای کوردی دەبێتە بنەمای دانوستان لەگەڵ دیمەشق، بۆ ئەمەش ڕووبەڕووی ئاستنەگی زۆر دەبینەوە، چونکە حکوومەتی سووریا هێشتا بە تەواویی جێگیر نەبووە. ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەی بهوهشدا بوو، شاندەکە بە مەبەستی دانوستان لەبارەی داهاتووی سووریا و ئامانجەکەیان بۆ هەرێمێکی سەربەخۆ دەچنە دیمەشق.
بڵاوبونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی سەرۆکی فەڕەنسا و خانمی یەکەمی وڵاتەکە، کاردانەوەی بەرفراوانی لێکەوتوەتەوە و کۆشکی ئیلیزێ-ـش دەڵێت: ماکرۆن و هاوژینەکەی تەنها دەمەقاڵێیان بوە. دوای ئەوەی ڤیدیۆیەکی ئیمانیۆڵ ماکرۆن-ـی سەرۆکی فەڕەنسا بڵاوبوەوە کە لەناو فڕکەکەیدا لەلایەن هاوژینەکەیەوە توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت، هەرچەندە سەرەتا نوسینگەکەی ماکرۆن رەتیکردەوە ڤیدیۆکە راستەقینە بێت، بەڵام کۆشکی ئیلیزێ رونکردنەوەیەکی لەسەر ئەو گرتە ڤیدیۆیە بڵاوکردەوە. ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری سەرچاوەیەک لە کۆشکی ئیلیزێ-ـی بڵاوکردوەتەوە،"سەرۆک ماکرۆن و هاوژینەکەی لەساتەدا هەوڵیانداوە بە گاڵتەکردن لەگەڵ یەکتری فشار لەسەر خۆیان کەمبکەنەوە". هەروەها، کەسێکی نزیک لە سەرۆککۆماری فەرەنسا وتویەتی: " ئەوەی رویداوە شتێکی ئەوتۆ نەبووە، بەڵکو "دەمەقاڵێ"یەکی بێ توندوتیژی بوە". هاوکات، بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی روسیای بەوە تۆمەتبار کردوە کە بابەتەکەیان گەورە کردوە. روداوەکە بەم شێوەیە بو: لە فڕۆکەخانەی هانۆی، دەرگای فڕۆکەکە کرایەوە و ماکرۆن لەبەر دەرگاکە وەستا و چاوەڕێی چوونەدەرەوەی کرد، بەڵام لەکاتەدا بریجیتی هاوژینی، پاڵێکی بە روخساری ماکرۆنەوە نا. ماکرۆن، سەیری کامێراکانی کرد و دەستی راستی بۆ سڵاوکردن بەرزکردەوە و رویکردەوە بریجیتی هاوسەری. لەکاتی هاتنەخوارەوەش لە قادرمەکانی فڕۆکەکە ماکرۆن هەوڵی دا دەستی هاوژینەکەی بگرێت، بەڵام بریجیت دەستی دور خستەوە.
سەنتەری میترۆ رێكارەكانی قەدەغەكردنی كاری راگەیاندن لە قەزای زاخۆ پێچەوانەی ئەو بڕگانەن كە یاسای ژمارە (35)ی ساڵی 2007، یاسای رۆژنامەگەری وەك رێكارو مەرجی پێویست بۆ دەركردنی رۆژنامە دیاری كردووە كە "تۆماركردنە" نەك " مۆڵەتدان". بەرپرسی نووسینگەی زاخۆی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ رووداو دەڵێت "رێگە بە هیچ راگەیاندن و پەیجێك نادەن بێ هەبوونی مۆڵەت، كاری رۆژنامەنووسی بكات" . لە یاساكەدا خاوەن ئیمتیاز یان دامەزرێنەرەكەی راگەیاندنێك لە دوو رۆژنامەی رۆژانەی هەرێم بڵاوبكاتەوە، كە ناو و نازناو و رەگەزنامە و شوێنی نیشتەجێبوونی خاوەن ئیمتیاز یاخود، دامەزرێنەر و ناوی رۆژنامەكەو ئەو زمانەی كە پێی بڵاودەكرێتەوە، لەگەڵ ناوی سەرنووسەر و ماوەی دەرچوونی تێدا بنووسرێ. راگەیاندنەكەش بە بەیانی دەركردنی رۆژنامەكە دادەنرێ. ئەم رێكارەش بە بەیاننامەی دامەزراندن دادەنرێت لە سەندیكای رۆژنامەنووسان تۆماری دەكات، نەك بچێت "مۆڵەت" لە سەندیكا وەربگرێت. نووسینگەی زاخۆی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، مافی ئەوەی هەیە داوا بكات، ئەو پەیجانەی مۆركی كارەكانیان راگەیاندنە، واتە پەیامنێر و لۆگۆی تایبەت بە خۆیان هەیە، بچنە سەندیكا خۆیان تۆمار بكەن، نەك بڕیاری قەدەغەكردنیان دەربكەن، چونكە یاسا ئەو دەسەڵاتەی پێنەبەخشیوون. سەنتەری میترۆ رێكارەكانی قەدەغەكردنی كاری راگەیاندن لە قەزای زاخۆ پێچەوانەی ئەو بڕگانەن كە یاسای ژمارە (35)ی ساڵی 2007، یاسای رۆژنامەگەری وەك رێكارو مەرجی پێویست بۆ دەركردنی رۆژنامە دیاری كردوە كە "تۆماركردنە" نەك " مۆڵەتدان". بە پێی بڕگەكانی یاسای ژمارە (35)ی ساڵی 2007، یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان، "رۆژنامەگەری ئازادەو هیچ سانسۆرێكی لەسەرنییە و ئازادیی دەربڕین و بڵاوكردنەوە بۆ هەموو هاووڵاتیان دەستەبەرە، لە چوارچێوەی رێزگرتنی ماف و ئازادییە تایبەتیەكانی تاكەكان و تایبەتمەندیی ژیانیان".