ئەندامێکی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان دەڵێت، ئێستا تەنیا چوار ناو وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران لە کێبڕکێدا ماونەتەوە، بۆ پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانیش لە پشکی شیعەکان، ئەحمەد ئەسەدی، ئەندامی هاوپەیمانێتییەکەی سوودانی و وەزیری ئێستای کار و کاروباری کۆمەڵایەتی وەک تاکە کاندید بۆ ئەم پۆستە ناوی دەهێنرێت. سەرۆککۆماری عێراق ڕۆژی 29ـی ئەم مانگەی بۆ یەکەم کۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمان دیاریکردووە، بەپێی یاسا بەرکارەکان لەم کۆبوونەوەیەدا دەبێت دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرێت؛ سەرۆکی پەرلەمان لە پشکی سووننەکان و دوو جێگرەکەی کە یەکێکیان لە پشکی شیعەکان و ئەوی دیکەش لە پشکی کورد دەبێت. دکتۆرە ئایات موزەفەر نووری، ئەندامی هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەت، کە بەشێکە لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان ئەمڕۆ پێنجشەممە بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاندووە: بازنەی کاندیدەکانی سەرۆکوەزیران بۆ چوار کەس کەمبووەتەوە، بۆ پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانیش لە پشکی شیعەکان، ئەحمەد ئەسەدی کاندیدی دەرچوو، سەرکردە لە هاوپەیمانێتییەکەی سوودانی و وەزیری ئێستای کاروباری کۆمەڵایەتی تاکە ناوە کە گفتوگۆی لەسەر کراوە. دکتۆرە ئایات موزەفەر ناوی چوار کاندیدەکەی باس نەکردووە، بەڵام پشێتر ناوی نۆ کاندید بڵاوکرایەوە، بەر لە چەند ڕۆژێکیش ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاویکردەوە کێبڕکێکە لەنێوان ئەم چوار کاندیدەدایە: ٠ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و سەرۆکوەزیرانی ئێستا. ٠ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و سەرۆکوەزیرانی پێشووتر. ٠ حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر. ٠ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق. عەلی بەیدەر، چاودێری سیاسی دەڵێت، بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیش کە پشکی سووننەکانە، مووسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم بەهێزترین کاندیدە و بەئەگەری زۆر ئەو دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان، ئەویش بەهۆکاری ئەوەی لە ئاستی جەماوەری پشتیوانی دەکرێت و لای هەمووان قبووڵکراوە، جگەلەوەش ناوبراو خەڵکی پارێزگای سەڵاحەددینە کە تاکە پارێزگای سوونییە هیچ سەرۆک پەرلەمانێکی پێشتر خەڵکی ئەو پارێزگایە نەبووە، بە ئەگەری زۆریش هەفتەی داهاتوو ئەم بابەتە یەکلایی دەکرێتەوە.

مارک ساڤایا و جۆی ویڵسن، پێکەوە ئاڵای عێراق بەرزدەکەنەوە و رایدەگەیەنن: جارێکی دیکە عێراق مەزن دەکەنەوە. ماراک ساڤایا، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوی کردەوە، چاوی بە جۆی ویڵسن ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا کەوتووە و کۆبونەوەیەکی گرنگیان ئەنجامداوە. ساڤایا نوسیویەتی: "کۆبونەوەیەکی زۆرباش بوو، جارێکی دیکە عێراق مەزن دەکەینەوە." هەر لەوبارەیەوە، جۆی ویڵسن لە تۆڕی ئێکس نوسیوویەتی: خۆشحاڵ بووە بە میوانداریکردنی مارک ساڤایا نێردی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق لە نوسینگەکەم و کۆبونەوەیەکی گرنگمان لەبارەی عێراقەوە ئەنجامداوە. ویڵسن، کە بە لێدوانە سەرنجڕاکێشەکانی لەبارەی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ناسراوە، ئاماژەی بەوەکردووە، بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە لەگەڵ نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا کاردەکات بۆ هێنانەدی خۆشگوزەرانی بۆ عێراق و رزگارکردنی لە ژێر کاریگەریی ئێران، وتووشیەتی: "هیچ کەسێک لەخۆی شایستەتر نییە کار لەسەر ئەو بابەتە بکات بۆ سەرۆک ترەمپ".  جۆی ویڵسن، کۆنگرێسمانی ئەمەریکا وێنەیەکی خۆی لەگەڵ نێردەی ترەمپ بڵاوکردەوە، هەردووکیان ئاڵای عێراقیان بەدەستەوەیە، ئاڵای ئەمەریکا و ئاڵای نوێی سوریاش لە پشتیانەوە دیارە. جۆی ویڵسن: دەبێت عێراق رێز لە ئاسایشی هەرێمی کوردستان بگرێت رۆژی چوارشەممەی رابردوو (10ـی تشرینی یەکەمی 2025)، جۆی ویڵسن لە بڵاوکراوەکەیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نویسیویەتی: "پێزانینم بۆ سەکردایەتی دۆناڵد ترەمپ و مارک ساڤایا هەیە کە دەیەوێت عێراق مەزن بکاتەوە و بە روونی ئەوەی راگەیاندووە چیتر پشتیوانیکردنی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران قبوڵ ناکرێت،" هەروەها نوسیویشیەتی: "کاتی ئەوە هاتووە عێراق لە دەستی ئێران ئازادبکرێت." جۆی ویڵسن داوا دەکات هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان رابگیرێت و نوسیویەتی: "عێراق دەبێت رێز لە ئاسایشی هەرێمی کوردستان بگرێت و کۆتایی بە رێگەدان بە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بهێنێت بۆ سەر هەرێمی کوردستان." ئاماژەی بەوەکردووە: "عێراق دەرفەتێکی هەیە بۆ گەشەسەندن ئەگەر رەفتارەکانی بگۆڕێت،" سەبارەت بە رۆڵی کۆنگرێس لە پشتیوانیکردنی ساڤایا و سنوردارکردنی ئێران نوسیویەتی: "کۆنگرێس ئامادەیە پشتیوانی لە ترەمپ بکات بە زیادکردنی بڕگەیەکی نوێ لە یاسای رێگەپێدانی بەرگریی نیشتیمانی، ئەگەر عێراق هەنگاوی پێویست نەگرێتەبەر بۆ کۆتاییهێنان بە گرووپە چەکدارەکان، ئەوا پاڵپشتییە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ عێراق رابگیرێت، ئەوەش یەکەمجارە بڕگەیەکی هاوشێوە لە کۆنگرێس پەسەند بکرێت." وەک ویڵسن ئاماژەی پێدەکات، ئەوەش لە پێناو راگرتنی پارەی ئەمەریکییەکانە بۆ گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق. سەبارەت بە رۆڵی مارک ساڤایا، کۆنگرێسمانەکە نوسیویەتی: "سوپاسگوزارم بۆ سەرکردایەتی نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ عێراق، کە دڵنیام ئەو یاسایانە جێبەجێدەکات، بە پێچەوانەی ئیدارەی شکستخواردووی جۆ بایدن کە بەرپرسە باڵاکانی ئیدارەکەی وەک برێت مەکگۆرک وەک پارێزەری گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کاری دەکرد." سەبارەت بە هەژموونی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، جۆی وێڵسن نوسیویەتی: "وەک لە چەندین بۆنەی دیکەدا ئاماژەم پێکردووە، عێراق بە تەواوی لە ژێر کۆنترۆڵی ئێراندایە، ئاسایشی عێراق لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی وەک کەتائیبی حیزبوڵڵا، عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتائیبی ئیمام عەلی بەڕێوەدەبرێت، هەروەها لە سیستمی دادوەرییەکەی لەلایەن دادوەری گەندەڵ فایەق زێدان-ەوە بەڕێوەدەبرێت، پۆلیسەکەی لەلایەن گرووپەکانی بەدر و سیستمە سیاسییەکەی لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی نزیک لە ئێران بەڕێوەدەبرێن." "کاتێک ئەوە دۆخی عێراق بێت، گرنگ نییە کێ هەڵبژاردنەکان دەباتەوە یان کێ حکومەت دروست دەکات، چونکە ئێران رۆچووەتە نێو هەموو جومگەکانی عێراقەوە،" هەروەها نوسیویەتی عێراق دەبێت ئەم هەلە بقۆزێتەوە و رەفتارەکانی خۆی بگۆرێت، پێش ئەوەی زۆر درەنگ بێت، دەبێت هەنگاوی راستەقینە بۆ چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بگیرێتەبەر" ویڵسن وای نوسیوە.

ئەمریکا هۆشداریداوە و مارک ساڤایاش هەڕەشە دەکات واشنتن دەستی بە جموجوڵی نوێ کردووە بۆ جڵەوکردنی ئەو میلیشیایانە ئامادەکردنی هاوڵاتی ئەمجارە هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر میلیشیاکانی ئێران لە عێراق جیاوازە و بەراوشکاوی بە بەرپرسانی بەغدای گوتووە، رازی نابن ئەو میلیشیایانە هیچ دەسەڵاتێکیان هەبێت، ئەگەر نا هەموو بژاردەیەکیان لەبەردەمدا کراوەیە و هێرشی ئاسمانیش یەکێک دەبێت لەو بژاردانە. واشنتن لە هەوڵی ئەوەدایە حکومەتی داهاتووی عێراق بەبێ دەستوەردان و هەژموونی ئەو میلیشیایانە پێکبێت. رۆژنامەی عەرەبی جەدید دەڵێت، واشنتن کۆمەڵە سزایەکی تووندی ئامادەکردووە و لیستێکی رادەستی حکومەتی عێراق کردووە کە ناوی کۆمەڵێک کەسی بەناوبانگی تێدایە کە ئێستا پەرلەمانتاران و نزیکن لە گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران.  فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، هەمان شتی لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی حەدەس پستڕاستکردەوە و گوتی، لایەنی ئەمەریکی لیستی ناوی ژمارەیەک کەسایەتی و گروپە چەکدارەکانی رادەستی حکومەتی عێراق کردووە و واشنتن لەسەر ئەو ناوانە گفتوگۆ لەگەڵ هیچ لایەنێک ناکات، بەڵکو بەپێی سیاسەت و یاساکانی خۆی مامەڵە دەکات. پێش هەڵبژاردنی عێراق، پێگەی ئێران ئینتەرناشناڵ لە زاری بەرپرسێکی باڵای هەرێمی کوردستانەوە بڵاویکردەوە، کۆشکی سپی هۆشداری بە بەغدا داوە بەهیچ جۆرێک دان بە حکومەتی نوێی عێراقدا نانێت ئەگەر تەنها یەک وەزارەتیش بدرێت بە میلیشیاکانی ئێران. مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ عێراق، بەشێوەیەکی ناراستەوخۆ باسی لەمە کرد و پەیامێکی تووندی ئاراستەی سەرکردە باڵاکانی عێراق کرد کە نەکەن بەهیچ شێوەیەک حکومەتی داهاتووی عێراق رادەستی میلیشیاکانی ئێران بکەن. لە کۆتایی هەفتەی رابردوو، مارک ساڤایا لە تۆڕی ئێکس نووسی: هیچ دەوڵەتێک سەرکەوتوو نابێت لەکاتێکدا گرووپە چەکدارەکان بەربەرەکانێی حکومەت بکەن و لە دەسەڵاتی دەربچن.  مارک ساڤایا بەراشکاوی پەیامی بۆ سەرکردە عێراقییەکان نارد و گوتی: بڕیاری داهاتووی عێراق لەدەست خۆتانە و ئێوە بڕیار دەدەن وڵاتەکە بەرەو سەروەری هەنگاو بنێت یان بگەڕێتەوە بۆ پەرتبوون و لاوازی. ئەگەر بڕیارێکی دروست و عاقڵانە بدەن ئەوا عێراق پێگەیەکی سەقامگیر و رێزلێگیراوی لەنێو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، بەڵام ئەگەر وانەکەن رووبەڕووی داخزانی ئابووری، شپرزەیی سیاسیی و پەراوێزبوونی نێودەوڵەتی دەبنەوە.  میلیشیاکانی عێراق لە مارک ساڤایا تووڕەن و بە "خیانەتکار" ناویدەبەن. لەم هەفتەیەدا ئەبو عەلی عەسکەری، گوتەبێژی کەتائیبی حزبوڵا هۆشداری بە سیاسەتمەدارانی عێراقدا کە مامەڵە لەگەڵ "ساڤایای خیانەتکار" نەکەن، ئەگەر نا خەڵک وەک داردەستە و ئامرازی ئەمریکا سەیرتان دەکەن. گرووپەکە پێشتریش هەڕەشەی ناردنەوەی ساڤایای بۆ ئەمریکا کردووە. هەر ئەمەش نییە، ئەکرەم ئەلکەعبی، سەرۆکی حەرەکاتی نوجەبا لە سەرەتای ئەم مانگەوە هەڕەشەی لە سیاسەتمەداران کرد و گوتی: ئەگەر ساڤایا بێدەنگ نەکەن، خۆمان دێین و بەردێک دەخزێنینە ناو دەمی. پێشتر پیت هێگسس، وەزیری جەنگی ئەمریکا، تووندترین هەڕەشەی لە حکومەتی عێراق کرد و گوتی: هەر دەستوەردانێکی گرووپە میلیشیاکان لە کاروبارەکانی ئەمریکادا، وەڵامەکەی هێرشی تووند دەبێت و ئێستا ئەو گرووپانە لەبن دەستماندان.  هێگسس لە پەیوەندییەکی تەلەفونی 11 خولەکیدا ئەمەی بە هاوتا عێراقییەکەی گوت و لە کۆتە قسەشیدا گوتوویەتی: ئەمە دواین ئاگادارکردنەوەیە و خۆت باش دەزانیت ئیدارەی ئێستای ئەمریکا وەڵامی چۆن دەبێت.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی خزمەتگوزاری و بووژاندنەوەی چەمچەماڵ رایگەیاند، بڕی پارەی کۆکراوە بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو گەیشتووەتە نزیکەی 10 ملیار دینار و تەواوی زیانلێکەوتووان بە "پارەی کاش" قەرەبوو دەکرێنەوە؛ دەشڵێت: "ئەو پارەیەی دەمێنێتەوە دەکرێتە پرۆژەی خزمەتگوزاری." ئەمڕۆ چوارشەممە 17-12-2025، عەتا محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی خزمەتگوزاری و بووژاندنەوەی چەمچەماڵ لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 10 ملیار دینار خراوەتە سەر هەژمارە بانکییەکانی تایبەت بە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ. عەتا محەممەد گوتی: "بڕیارمانداوە هەموو زیانلێکەوتوویەکی لافاو بە (پارەی کاش) قەرەبوو بکرێنەوە، بۆ ئەوەی خۆیان بە خواستی خۆیان و بەپێی پێداویستییەکانیان کەلوپەل بۆ ماڵەکانیان بکڕنەوە." لەبارەی هۆکاری دابەشکردنی پارە لەبری کەلوپەل، سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە گوتی: "ئامانج لەم بڕیارە ئەوەیە پارەکە بچێتەوە نێو بازاڕی چەمچەماڵ، دەستاودەست بکات و جووڵە بخاتەوە نێو بازاڕی قەزاکە."   بەگوێرەی ئەو داتابەیسەی لەلایەن لیژنەکانەوە ئامادەکراوە و هەر زیانلێکەوتوویەک کۆدی بۆ کراوە. قەرەبووەکان بەپێی پۆلێنکردنی زیانەکان بەسەر سێ قۆناخدا دابەش دەکرێن:  قۆناخی یەکەم: قەرەبووکردنەوەی خاوەن ماڵەکان. قۆناخی دووەم: قەرەبووکردنەوەی خاوەن دووکان و کۆگا بازرگانییەکان. قۆناخی سێیەم: قەرەبووکردنەوەی خاوەن ئۆتۆمبێلە زیانلێکەوتووەکان. سەرۆکی کۆمیسیۆنی خزمەتگوزاری و بووژاندنەوەی چەمچەماڵ ئاماری زیانەکانی بەمجۆرە خستەڕوو: 1298 ماڵ زیانیان بەرکەوتووە. 210 دووکان و کۆگای بازرگانی زیانیان بەرکەوتووە. 569 ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتووە.   عەتا محەممەد دڵنیایی دایە هاونیشتمانییان و گوتی: "تەواوی پرۆسەی دابەشکردنی قەرەبووەکان بەشێوەی پەخشی راستەوخۆ لە کەناڵەکانی راگەیاندنەوە بڵاودەکرێتەوە، بەوپەڕی شەفافییەت و بە پێوەرەکانی دەستپاکی."

ڤلادمیر پوتین رێگری چی لێدەکات؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی زیاتر لە ساڵێک تێپەڕدەبێت بەسەر کەوتنی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد. هەرچەندە زانیارییەکان لەبارەی ژیانی لە دەرەوەی وڵات کەمن، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ئێستا لە گەڕەکی روبلیڤکای مۆسکۆ دەژی کە گەڕەکێکی بەناوبانگ و گرانبەهایە  لە رووسیا. بەپێچەوانەی پێشبینییەکان، ئێستا ئەسەد سەرقاڵی فێربوونی زمانی رووسییە و گەڕاوەتەوە بۆ کاری پزیشکی لە بواری چاو و کێشەکانی بینین، ئەمەش وەک خولیایەکی لەمێژینەی خۆی نەوەک وەک پیشە و کارکردن. گاردیان دەڵێت، ئەسما ئەسەدی خێزانی ئەسەد نەخۆشی شێرپەنجەی تێپەڕاندووە و چاکبووەتەوە، ئێستا ژیانی ئاسایی خۆی بەڕێدەکات. بەگوێرەی راپۆرتەکە، منداڵەکانی بەشار ئەسەد هەر لە مۆسکۆ دەژین، بەڵام هەندێکجار سەردانی ئیمارات دەکەن و لە هەوڵی بەدەستهێنانی مۆڵەتی مانەوەی یەکجارین، چونکە کێشەی فێربوونی زمانی رووسییان هەیە. هەرچەندە ئەسەد ماوەی ساڵێکە بێدەنگە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی گاردیان، کە لە سەرچاوەیەکی کۆشکی کریملنەوە وەریگرتووە، ئێستا پوتین زۆر حەز بە دیداری بەشار نەکات چونکە هیچ رۆڵ و پێگەیەکی لە سوریا نەماوە، بۆیە سەرۆکی روسیا لێدوان و چالاکی سیاسی لەنێو وڵاتەکەی لێ قەدەغەکردووە. بەشار ئەسەد لە مانگی رابردوو ویستوویەتی چاوپێکەوتن لەگەڵ کەناڵی ئاڕ تی رووسی و بەشداریی پۆدکاستێکی ئەمریکیدا بکات، بۆ ئەمەش داوای مۆڵەتی لە کریملن کردووە، بەڵام بە زوویی داواکەیان رەتکردووەتەوە و رێگەیان نەداوە. سەرچاوەکەی کۆشکی کریملن دەڵێت: بەشار دەتوانێت لێرە بژی، بەڵام دەبێت چالاکی سیاسی نەکات. سەبارەت بە خەرجییەکانیشی دەڵێت: ئەسەد بە ماوەیەک پێش جێهێشتنی سوریا بەشێکی زۆری سامانەکەی رەوانەی روسیا کردووە و ئێستاش هەندێک هاوڕێی پارەی بۆ دەنێرن. پێشتر لە راپۆرتیکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکراکرا بەشار ئەسەد و خێزانەکەی خاوەنی یەک بۆ دوو ملیار دۆلارن، بەڵام میدیا جیهانییەکان باس لەوە دەکەن ئەوە بەشێکی کەمی سامانەکەیەتی و بڕە راستەقینەکە دەگاتە 22 ملیار دۆلار. رۆژنامەی فاینانشڵ تایمزی بەریتانی ساڵێک لەمەوبەر و لەدوای رووخانی رژێمەکەی ئەسەد ئاشکرایکرد، بە تەنها لەنێوان ساڵانی 2018 بۆ 2019 بەشار ئەسەد 250 ملیۆن دۆلاری بۆ مۆسکۆ گواستووەتەوە.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان: ماوەی زیاتر لە مانگێکە داهاتی نانەوتی هەرێم (120 ملیار دینارەکە) ئامادەیە، بەڵام، چاوەڕێی خەرجکردنی مووچەی مانگی 10ـن لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە. دەبێت هەفتەی داهاتوو 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی کوردستان بۆ بەغدا بنێردرێت، ئەگینا ناردنی مووچەی مانگی 10 دوادەکەوێت و زەحمەتە پێش سەری ساڵ دابەش بکرێت. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی کوردستان بە ئاڤای وتووە، زیاتر لە مانگێکە 120 ملیارەکە ئامادەیە، بۆ ناردنیشی چاوەڕوانی ئیعازی وەزارەتی دارایی عێراقین کە ڕەزامەندییان لەسەر ناردنی مووچە دا، دەستبەجێ 120 ملیار دینارەکە بە کاش ڕادەستی لقی هەولێری بانکی ناوەندی دەکەین، بەڵام دەبێت ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان فەرمانمان پێ بکات. سەرچاوەکە وتیشی، هەفتەی داهاتوو دەینێرین بۆ ئەوەی پێش سەری ساڵ پارە بنێردرێت و دابەش بکرێت.  لەلایەکى دیکەوە، سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت تەیف سامی گوتوویەتی، ئەم سێ مەرجە جێبەجێبکەن هەفتەی داهاتوو مووچە دەنێرم. هەروەها ئەوەش دەڵێت: یەکەم مەرج: داهاتی نانەوتی (120 ملیار دینارەکە) بنێرن.  دووەم مەرج: تەرازووی پێداچوونەوە (میزان مراجەعە)ـی داهات و خەرجی هەرێمی کوردستان بنێرن.  سێیەم مەرج: نوسراوێک بهێنن لە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە کە بڵێت نەوتی هەرێمی کوردستان بە بەبێ کێشە رەوانە دەکرێت و داهاتەکەشی دیار بێت.

هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ناسنامەی شەش گەریلای راگەیاند، سێ ساڵ بەر لە ئێستا لە شەڕ و پێکدادانەکانی ناوچەی زاپ لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە. ئەمڕۆ چوارشەممە 17-12-2025، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ناسنامەی شەش گەریلای ئاشکرا کرد کە خەڵکی رۆژهەڵات، باکوور و رۆژئاوای کوردستانن و لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2022 لە ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیادا لە ناوچەی زاپ گیانیان لەدەستداوە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هەپەگە، ناسنامەی ئەو گەریلایانە بەمشێوەیەیە: - میلاد شێرکۆ زێڕین (دەنگتاڤ گیڤارا) - لەدایکبووی سنە - سەما داڵچیچەک (راپەڕین کاراز) - لەدایکبووی ئامەد - دیلشاه ئەحمەد (نوژیان ئاگیت) - لەدایکبووی تربەسپی - ئەحمەد فورکان کایا (رۆنی چیا ئالیداش) - لەدایکبووی ئامەد - حەسەن عەلی ئالیسوو (باوەڕ قامشلۆ) - لەدایکبووی قامشلۆ - مستەفا سەیدۆ (دڵسۆز کۆبانێ) - لەدایکبووی کۆبانێ ئەو شەڕ و پێکدادانانەی ئەو گەریلایانە تێیدا گیانیان لەدەستداوە، دەگەڕێتەوە بۆ زنجیرە ئۆپەراسیۆنەکانی ناسراو بە (چنگ - قوفڵ) کە سوپای تورکیا لە بەرەبەیانی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردبوو. راگەیاندنی ناسنامەی ئەم گەریلایانە لەکاتێکدایە، تورکیا و پەکەکە لە قۆناخێکی نوێی "پرۆسەی ئاشتیدان". رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمی 2024 بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە پرۆسەکە دەستیپێکرد و دواتر عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە 27ـی شوباتی 2025 داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێت و چەک دابنێت. وەک وەڵامێک بۆ ئەو داواکارییە، پەکەکە لە ئایاری 2025ـدا بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا و رۆژی 11ـی تەممووزی ئەم ساڵیش 30 گەریلای پەکەکە بەشێوەیەکی سیمبوولی لە سنووری پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان سووتاند. هەر لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ چارەسەری، رۆژی 6ـی ئابی 2025، کۆمسیۆنی "یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" بە ئەندامێتی 51 پەرلەمانتار لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێنرا و تاوەکو ئێستا دەیان کۆبوونەوەی ئەنجامداوە.

هێزێکی سەربازی لە کەرکووک رێگریی لە چەند گەنجێک کرد ئاڵای کوردستان لەسەر پەیکەری پێشمەرگە هەڵبکەن. پارێزگاری کەرکووک دەڵێت: "بابەتی پەیکەری پێشمەرگە خۆمان وەکو حکومەت چارەسەری دەکەین." رۆژی 17ـی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک، رۆژی ئاڵای کوردستان، لە قوتابخانە، زانکۆ و دامودەزگا حکومی و ناحکومییەکاندا بەرز رادەگیرێت و یادی دەکرێتەوە. بەڵام لە کەرکووک رێگری کرا ئاڵای کوردستان لەسەر پەیکەری پێشمەرگە هەڵبکرێت. ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆمەڵێک گەنج ئاڵایەکی گەورەی کوردستانیان هێنا و دەیانویست بە بۆنەی رۆژی ئاڵای کوردستان لەسەر پەیکەری پێشمەرگە لە کەرکووک هەڵبکەن "لەلایەن هێزێکی زۆری سەربازیی دژەتیرۆر و هێزی تایبەتەوە رێگرییان لێکرا و نەیانهێشت ئاڵای کوردستان هەڵبکەن".   ببینە هێزە ئەمنییەکانی عێراق چۆن چواردەوری پەیکەری پێشمەرگەیان داوە لە کەرکوک و ناهێڵن چەند گەنجێکی کورد ئاڵای کوردستان بدەنە دەست پەیکەرەکە بۆ بینینى ڤیدیۆى زیاتر facebook.com/reel/1381893206709761/?s=single_unit  

دوو دەنگی نایاب لە کەشی نێو بەفر؛ گوێ لەم دوو گەنجەی باکووری کوردستان بگرە لەنێو بەفری وان گۆرانی "هەڤالا ئەڤیندار"ـی جوان حاجۆ دەڵێنەوە.    

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رۆژی ئاڵای کوردستان لە رۆژی ئاڵای کوردستان رایگەیاند: "ئەم ئاڵایە نیشانەی گۆڕاگریی گەلەکەمانە." جەختی کردەوە کە "هێزی راستەقینەی کوردستانییان لە تەبایی و پێکەوەیی و یەکڕیزیماندایە." 17ی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک لە کوردستان یادی ئاڵای کوردستان دەکرێتەوە؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند: "ئەم ئاڵایە هەموومان کۆدەکاتەوە، لەژێر سێبەری ئەم ئاڵایە دەبێ هەموو پێکەوە کاربکەین بۆ کوردستانێکی سەقامگیر." سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "کوردستان بە زانست و ئاشتی ئاوەدان دەکرێتەوە." دەقی گوتارەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:  کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان پێشمەرگە قارەمانەکان رۆژی ئاڵای کوردستان لە هەموولایەکتان پیرۆز بێت، ئەمڕۆ کە یادی رۆژی ئاڵای کوردستان دەکەینەوە، تەنیا یادکردنەوەی رۆژێک نییە، لە ساڵنامەدا، بەڵکو ئەمڕۆ رۆژی نوێکردنەوەی پەیمانە، بۆ ئەو هێمایەی کە ناسنامەی بوون، مێژوو، خەبات و ئاواتەکانمان بۆ ئازادی و ژیانێکی سەربەرزانە بەرجەستە دەکات  ئاڵای کوردستان ناسنامە و کۆکەرەوەی گەلی کوردستان و یادەوەرییەکی زیندووە، ئەم ئاڵایە شاهێدی رێگەیەکی دوور و درێژی پشوودرێژی و خۆڕاگریی گەلەکەمانە. لە رۆژانی سەختی خەبات دا، لەسەر لووتکەی چیاکان و لەناو شار و گوندەکاندا، رۆڵەکانتان ئەم ئاڵایەیان بە بەرزی راگرت و بەخوێن و خەباتی خۆیان پارێزگارییان لە مافی مانەوە و ژیانی گەلەکەیان کرد.  ئەمڕۆ بە شانازییەوە دەبینین، لەسەر دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لە قوتابخانە و زانکۆکان، لە نەخۆشخانە و ناوەندەکان دەشەکێتەوە، ئەمە بەڵگەی ئەو سەرکەوتنەیە کە بەخوێنی شەهیدان و قوربانیدانی پێشمەرگە و خۆڕاگریی گەلی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بەدەستهاتووە.  کوردستانیانی ئازیز..  لە رۆژی ئاڵادا پەیامی ئێمە روونە، هێزی راستەقینەی کوردستانییان لە تەبایی و پێکەوەیی و یەکڕیزیماندایە، ئەم ئاڵایە هەموومان کۆدەکاتەوە بە جیاوازیی بە جیاوازیی بیروڕا، سیاسی و ئایینی و هەموو ئەو نەتەوانەی لە کوردستان دەژین لەژێر سێبەری ئەم ئاڵایەدا، دەبێ هەموومان شانبەشان کار بکەین بۆ کوردستانێکی سەقامگیر بۆ هەموو نەتەوە، ئایین و پێکهاتەکانی کوردستان، دادپەروەرتر و بەهێزتر بەرامبەر بە ئاڵنگارییەکان، وەفاداری راستەقینە بۆ خوێنی شەهیدان و قوربانییانی گەلی کوردستان تەنیا و تەنیا بە دروشم نابێت. بەڵکو بە پاراستنی دەستکەوتەکان بە چەسپاندنی سەروەریی یاسا، بە بنیادنانی دامەزراوەی بەهێز بۆ خزمەتکردنی باشتری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەبێت. گەنجانی خۆشەویستیی کوردستان ئاڵای کوردستان تەنیا سیمبووڵی رابردوو نییە، بەڵکو ئاڵای داهاتووە، ئەمە پەیامی هیوا و ئومێدە بۆ ئێوە، نیشتمان پێویستی بە زانست و بە وزە و بە داهێنان و خەونی ئێوەیە، کوردستان بە زانست و زانین، بە کار و کۆشش، بە ئابوورییەکی بەهێز ئاوەدان دەکرێتەوە. لە کاتێکدا بە شانازییەوە ئاڵاکەمان بەرز دەکەینەوە، پەیامی خۆمان بۆ هاوبەشیی دەستووری لە عێراقی فیدراڵیی و دیموکراسی دا دووپات دەکەینەوە، ئێمە دەمانەوێ ئەم ئاڵایە هەمیشە پەیامی ئاشتی، گفتوگۆ، پێکەوەژیان و دراوسێیەتی باش بگەیێنێت. کوردستان وەکو هەمیشە فاکتەری سەقامگیری و پردی لێکتێگەیشتن دەبێت.  لەم رۆژە پیرۆزەدا سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین کە ئەم ئاڵایەیان بەخوێنی خۆیان نەخشاندووە، سڵاو و رێز و پێزانین بۆ پێشمەرگە قارەمانەکانمان، کە پارێزەری ئەم خاک و ئاڵایەن، پەیمان دەدەین، کە هەمیشە پارێزەری یەکڕیزیی و دەستکەوتەکانمان بین و ئاڵای کوردستان بە شەکاوەیی رابگرین.  بەرز و شەکاوە بێت، ئاڵای پیرۆزی کوردستان

ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتی دەکاتەوە، لە کورتخایەندا قەیرانێکی تووندی کاش نییە، هاوکات ئاماژە بەوە دەدات حکومەت خەریکی ئامادەکردنی بودجەی 2026ـە لە چوارچێوەی سیاسەتی دارایی مامناوەنددا. مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، حکومەتەکان کاتێک ڕووبەڕووی گوشار دەبنەوە پەنا دەبەنە بەر کەم کردنەوەی خەرجییەکان، بەتایبەت لەو ئابوورییانەی پشت بە نەوت دەبەستن. ساڵح دووپاتی کردەوە "پێشبینی ناکرێت حکومەت لە کورتخایەندا ڕووبەڕووی قەیرانێکی تووندی کاش ببێتەوە، بە مەرجێک داهاتەکانی نەوت لە ئاستی ئێستای خۆیدا بمێننەوە و هەماهەنگیی نێوان سیاسەتی دارایی و نەختینەییش بەردەوام بێت." بەردەوامبوونی گوشارەکان لەسەر خەرجییەکانی بەکاربردن لەوانەیە ببێتە هۆی فراوانبوونی ڕێژەییی کورتهێنانی بودجەی ساڵی 2026، مەگەر هاوکات بێت لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی خەرجییەکان و بەهێزکردنی داهاتە نانەوتییەکان.   ساڵح ئاماژەی بەوەدا کە حکومەت هەنگاوێکی گرنگی ناوە لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2026، پێشبینیشی کرد پڕۆژەکە تیشک بخاتە سەر هاوسەنگیی نێوان بەردەوامبوونی دارایی و پێداویستییەکانی گەشەپێدان.

وەزارەتی دەرەوەی ڤەنزوێلا رایگەیاندوە، دۆناڵد ترەمپ  بە شێوەیەکی ناعەقڵانی هەوڵ دەدات  گەمارۆی دەریایی بەسەر ڤەنزوێلادا بسەپێنێت بە ئامانجی دزینی سامانی میللەتەکەیان. وەزارەتەکە ئەوەشیان خستوەتەڕوو، وڵاتەکەیان جارێکی تر هەرگیز نابێتەوە بە داگیرکراوی  هیچ ئیمپراتۆریەتێک یان دەسەڵاتێکی بیانی و بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردنی بێ مەرجی سەربەخۆیی خۆی. داواش لە گەلی ئەمریکا و گەلانی جیهان دەکات، بەرانبەر بەم هەڕەشانەی دۆناڵد ترەمپ بێدەنگ نەبن، کە بە ئاشکرا مەبەستی بردنی سامانی وڵاتەکەیانە. وەک وەڵامیک بۆ ئەگەری ‌هێرشی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەیان، وەزارەتی دەرەوەی ڤەنزوێلا جەختدەکاتەوە، گەلی ڤەنزوێلا، بە یەکگرتوویی جەماوەری سەربازی تەواوەوە، دەزانێت چۆن بەرگری لە مافە مێژووییەکانی بکات. ئەمە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، گەمارۆی تەواوی ئەو کەشتیانە دەدەن، کە دەچنە ڤەنزوێلا و ئەوانەشی ئەو وڵاتە بەجێدەهێڵن، ترەمپ ڤەنزوێلای بە بردنی نەوتی ئەمریکا تۆمەتبار کردوە و  رایگەیاندوە، گەمارۆکان بەردەوام دەبن تا ئەو نەوت و سامانەی ئەمریکایان بردوە نەیگەڕێننەوە.

دەزگای دژەتیرۆری عێراق دەستگیرکردنی 6 ''تیرۆریست''ـی لە پارێزگاکانی بەغدا، کەرکووک و نەینەوا راگەیاند و دەڵێ، بە هاوئاهەنگی هێزەکانی هەرێمی کوردستان ئۆپەراسیۆنی کێوماڵکردنیان لە سنووری دوبز لە پارێزگای کەرکووک ئەنجام داوە. دەزگای دژەتیرۆری عێراق، رۆژی چوارشەممە، 17-12-2025، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، هێزەکانیان زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی جیاجیایان لەسەر بنەمای زانیاریی وردی هەواڵگری کردووە. بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، هێزەکانی دژەتیرۆر بە هاوبەشی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق 4 داعشیان لە کەرکووک دەستگیرکردووە، کە لەنێو پاشماوەکانی رێکخراوی داعش وەک ''گوێزەرەوە و دابینکەر'' کاریان کردووە. هەروەها لە دوو ئۆپەراسیۆنی دیکەی جیادا، 2 داعشی دیکە دەستگیرکراون کە یەکێکیان لە سنووری موسڵ و ئەوی دیکەیان لە بەغدا بووە. دەزگای دژەتیرۆری عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە ''بە هاوئاهەنگی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی کۆماندۆی سلێمانی، زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی کێوماڵکردنی بەرفراوان لە قەزای دوبز لە پارێزگای کەرکووک کراون.'' هەروەها لە زنجیرەچیای حەمرین لە پارێزگای سەڵاحەدین، ئۆپەراسیۆنێکی دیکە کراوە و تێیدا ''6 مۆڵگە و ئەشکەوتی پاشماوەکانی داعش خاپوور کراون.''

بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رێورەسمی بەرزراگرتنی ئاڵای کوردستان لە قەڵای هەولێر لەگەڵ نوێنەران و کەسایەتییە نەتەوەیی و ئایینە جیاوازەکان بەڕێوەچوو. مەسرور بارزانی لە گوتەیەکیدا جەختیکردەوە، ئاڵای کوردستان هێما و سیمبولی خۆڕاگری و قوربانیدانی بێوچانی گەلەكەمان و هێمای ئاشتی و ئاوەدانی و پێكەوەژیانە.  

لەیادی ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پەیامێکدا جەختی لە پیرۆزیی ئاڵای کوردستان کردەوە و بە هێمای ناسنامە، مانەوە و قوربانیدانی گەلی کوردی وەسفکرد.   سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند: "ئاڵاکەمان ناسنامەمانە، هێمای مانەوە و قوربانیدان و خۆڕاگریمانە، ئێمە بە ڕۆحی خۆمان پارێزگاری لێدەکەین."  لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، بافڵ تاڵەبانی یادی ئەو شەهیدانەی کردەوە کە گیانی خۆیان لەپێناو شەکاوەیی ئاڵای کوردستاندا بەخشیوە و وتی: "ئەمڕۆ بە ڕێزەوە یادی هەموو ئەو شەهیدانەمان دەکەینەوە کە لەپێناو سەرفرازی و شەکاوەیی ئاڵاکەماندا شەهیدبوون."  لە کۆتاییدا، سەرۆک بافڵ پەیامێکی سیاسیی ئاراستەی لایەنەکان کرد و نووسیویەتی: "لە ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا ئەوە بیردەهێنمەوە، پێویستە هەموومان جیاوازییەکان قبوڵ بکەین و کار بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی گەشتر بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەمان بکەین." پەیامەکەی بە دروشمی "بەرز و پیرۆزبێت ڕۆژی ئاڵای کوردستان" کۆتایی پێهێنا.