ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان دەڵێت: لەسەرکێشەی زەوی وزارچوار کەس کوژراو حەوت کەسیش برینداربوون. بە گوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیەكە، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لەسەر ڕێگای گوندی خاڵە بەگ سەربە قەزای ڕزگاری لەسەر زەوی وزار شەڕ لەنێوان دوو لایەن ڕویدا کە خزمی یەکترن لەئەنجامدا چوارکەس لەیەک تەرەف گیانیان لەدەستدا کەسێ دانەیان برای یەکترن و دانەیەکیان ئامۆزایانە وەبرایەکی سێ کوژراوەکە بریندارە. لەتەرەفی بەرامبەریش شەش کەس برینداربوون ، دوای چارەسەری خێرا شەش لەبریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراون . لەئێستادا لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە، لەکاتی هەر گۆڕانکاریەک لە ڕەوتی لێکۆڵینەوە، هەر بەڵگەو زانیاریەک کە ئاڕاستەی پەڕاوەکە بگۆڕێت بەفەرمانی دادوەر یاخود هەر زانیاریەک پێویست بکات ڕای گشتی ئاگادار دەکەینەوە، چونکە ئەمەتەنها زانیارییە سەرەتاییەکانی بەدەست هاتووی ڕووداوەکەن، سەرجەم هێزەکانیش لەئامادە باشیدان بۆ جێ بەجێکردنی سەرجەم بڕیارەکانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە هەر لەفەرمانەکانی دەستگیرکردن تاوەکو هەموو بڕیارەکانی تر لەلایەکى دیکەوە شایەتحاڵێک: لە مزگەوتی تەقوا کەسوکاری کوژراوەکان و بکوژەکان بە چەک رووبەرووی یەک بوونەتەوە و هێزێکی زۆری ئەمنی بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە تەوقی شوێنەکەیان کردووە. وتیشی، “کەسوکاری کوژراوەکان دەڵێن تەرمەکان دەبەینەوە بۆ ماڵەوە و بەخاکیان ناسپێرین، تاوەکو تۆڵەیان دەکەینەوە.”
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، ئەمڕۆ هەینی 19ـی کانوونی یەکەمی 2025 لە میانی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە ساڵانەکەی خۆی لە مۆسکۆ، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دانوستان و گەیشتن بە ڕێککەوتنی سیاسی سەبارەت بە جەنگی ئۆکرانیا ڕاگەیاند. پوتن ئاماژەی بەوە کرد، ئەم دانوستانانە دەبێت لەسەر بنەمای ئەو پرەنسیپانە بن کە لە ساڵی 2024 پێشکەش بە وەزارەتی دەرەوە کرابوون. سەرۆکی ڕووسیا جەختی لەوە کردەوە، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لە پێشڕەویدان و کۆنترۆڵی تەواوی بەرەکانی جەنگیان کردووە، بەپێی گوتەکانی پوتن، ئێستا زیاتر لە 3500 سەربازی ئۆکرانی لە نزیک ناوچەی کۆپیانسک گەمارۆ دراون، هاوکات سوپای ڕووسیا بەردەوامە لە دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا، پوتن وگتیشی: هەرچەندە مۆسکۆ بۆ چارەسەر ئامادەیە، بەڵام تا ئێستا هیچ ئامادەییەکی هاوشێوە لە لایەنی بەرانبەرەوە نابینێت. لە لایەکی دیکەوە، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرملین، ئاشکرای کرد، ڕووسیا خۆی بۆ پەیوەندی و گفتوگۆ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئامادە دەکات تاوەکو لە وردەکارییەکانی گۆڕانکاریی لە پلانی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕاگرتنی جەنگ تێبگات، پێسکۆڤ هەڵوێستی واشنتنی لەبارەی چارەسەرکردنی قەیرانەکە بە بڕیاردەرانە و واقیعی وەسف کرد و ئاماژەی بەوە کرد، مۆسکۆ لە پرسی چارەسەری ئۆکرانیادا زیاتر تیشک دەخاتە سەر ئەمەریکا نەوەک وڵاتانی ئەوروپا. بەرپرسانی ڕووسیا هۆشدارییان دا لەوەی، سەپاندنی هەر سزایەکی نوێی ئەمەریکا بەسەر مۆسکۆدا، زیان بەو هەوڵانە دەگەیەنێت کە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەستیان پێکردووە، ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ چڕ کردووەتەوە.
لە گوندی خاڵەبەو سەر بە قەزای رزگاری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لەنێوان دوو بنەماڵە شەڕ روویداوە، جەمال مام ساڵح، قایمقامی رزگاری راگەیاند، چوار كەس كوژراون و دوو بریندارن. قایمقامی رزگاری گوتی، "كێشەی موڵكداری لەنێوان دوو بنەماڵەكە هەبووە و كەیسەكەیان لە دادگە بووە، بەڵام ئەمڕۆ پێش ئەوەی كەیسەكە یەكلابێتەوە بووە بە شەڕیان و چوار كوژراو و دوو برینداری لێكەوتووەتەوە". د. ڕەفیق قادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار وتى، چوار تەرم هێنراونەتە پزیشکی دادی و حەوت برینداریش هێنراونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار و چارەسەریان بۆ دەکرێت. بەپێی زانیارییەکان سێ براو ئامۆزایەک لە گوندی خاڵ بەگ لە سنووری گەرمییان لەکاتی نانخواردندا بوون، چەند کەسێک کە خەڵکی گوندەکەی خۆیانن هێرش دەکەنە سەریان و بە دەستڕێژی گوللە سێ برا و ئامۆزایەکیان دەکوژن و یەکێکیشیان بە سەختی بریندار دەکەن.
بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی چەمچەماڵ، داوا لە سەرجەم پێشنوێژ و وتارخوێنەکانی سنووری شارۆچکەکە دەکات، وتارى ئەمڕۆ هەینییان تەرخانبکەن بە ڕووداوى لافاوەکە، دەشڵێت با مامۆستاینی ئایینی داوا لە سەرجەم ئەو هاونیشتمانییانە بکەن کە زیانیان بەرنەکەوتووە، خۆیان بۆ قەرەبووکردنەوە تۆمار نەکەن، چونکە حەرامە. بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت: لەژێر ڕۆشنایی ئەو ناونیشانەی بۆردی وتاری هەینی کە دەڵێت (ژیان هەڵوێست و قوربانی دانە) تکا لە مامۆستایانی ئایینی دەکەین ئەمڕۆ هەینی لە وتارەکانتان ئاماژە بە دوو خاڵی زۆر گرنگ بکەن کە ئەمە ئێستا داواکاریی زۆرینەی خەڵکی سنوورەکەیانە بە هەموو دەنگ و ڕەنگ و چین و توێژەکانەوە. ئەوقافی چەمچەماڵ، بە پێویستی دەزانێت، سوپاس و دەستخۆشیی زۆر لە تەواوی خەڵکی شارەکان بکرێت بە دەوڵەمەند و خێرخوازەکان بە ڕێکخراو و لایەنەکان بە میدیاکار و بە تیمی حکومەت کە لە ماوەی ڕوودانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کۆمەک و هاوکاریى زیانلێکەوتووانیان کردووە. هەروەها ئەوقافی چەمچەماڵ دەڵێت، با مامۆستایان لە وتارەکەى ئەمڕۆیاندا داوا لە خەڵکی سنوورەکە بکەن، هەر کەسێک زیانی بەرنەکەوتبێت لە لافاوەکەدا، حەرامە و دروست نییە خۆی تۆمار بکات بۆ وەرگرتنى قەرەبوو نابێت خۆی وەک زیانلێکەلوتوو تۆمار بکات.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات، ئەمڕۆ و سبەی ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت. ئەمڕۆ هەینی 19ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئاسمان لە نێوان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و پلەکانی گەرما کەمێک بەرزتر دەبێت بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، سبەی شەممە، هاوشێوەی ئەمڕۆ دەبێت و ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 16 پلەی سیلیزی سلێمانی : 14 پلەی سیلیزی دهۆک : 16 پلەی سیلیزی زاخۆ : 17 پلەی سیلیزی کەرکوک : 18 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 16 پلەی سیلیزی سۆران : 14 پلەی سیلیزی گەرمیان : 18 پلەی سیلیزی.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی ئاراستەی د. بەرهەم ساڵح کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR). سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، وەرگرتنی پۆستێکی باڵای نێودەوڵەتی لەم ئاستەدا، "نیشانەی متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بە توانا و ئەزموون و پێگەی سیاسی و دیپلۆماسیی بەڕێزیان". نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: "مایەی شانازییە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق کە بەڕێزیان سەرپەرشتیی یەکێک لە گرنگترین دۆسیە مرۆییەکانی جیهان دەکات". هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە "بەهۆی ئەزموونە دەوڵەمەندەکەی، د. بەرهەم ساڵح دەتوانێت رۆڵێکی کارا لە کەمکردنەوەی ئازاری پەنابەران لەسەر ئاستی جیهان ببینێت". ئاماژەی بەوەش کرد کە خەڵکی کوردستان "باشتر لە هەمووان دەرک بە ئازاری ئاوارەیی دەکەن"، هەر بۆیە هەموو پشتیوانییەکی خۆی بۆ سەرکەوتنی لەم ئەرکە نوێیەدا دووپات کردەوە. د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق بۆ پۆستی کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) هەڵبژێردرا. ئەوە دووەم باڵاترین پۆستی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە و بڕیارە تاوەکو 5 ساڵی داهاتوو، کاروباری نزیکەی 120 ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە سەرتاسەری جیهان بەڕێوەببات.
ئالدار خەلیل، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە)لە وەڵامی هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا كە وتى، دان بەخۆگرتنیان بەرەو كۆتایی دەڕوات رایگەیاند: لەبنەمادا ئەگەر قسە لەسەر كۆتایهاتنی دان بەخۆگرتن بێت، ئەوا ئێمە جەخیتدەكەین لەوەی خەریكە دان بەخۆگرتنمان كۆتایی دێت، ئێمە دەیان ساڵە روبەڕوبەڕی ستەم و چەوساندنەوە دەبینەوە، دەمانەوێت سەرلەنوێ وڵاتەكەمان بونیادبنێینەوە. ئالدار خەلیل، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "الحدث" رایگەیاند: وەزیری دەرەوەی توركیا وەزیری دەرەوەی كۆماری توركیایە نەك وەزیری دەرەوەی توركیا، هێندەی ئەو دەستوەردان لەم پرسەدا دەكات و باس لە كۆتایهاتنی دانبەخۆداگرتن دەكات، وەزیری دەرەوەی سوریا قسەی لەسەرناكات. وتیشی: ئێمە هاوڵاتی سورییاین و دەتوانین لەنێوان خۆماندا كێشەكانمان چارەسەربكەین، بۆچی ئەو دەستوەردان دەكات، بۆچی دان بەخۆداگرتنی كۆتایی دێت، ئەو دەتوانێت وەك وڵاتێكی دراوسێتی رای خۆی بخاتەڕوو ئەگەر مەترسی هەبێت، بەڵام قسەكردن بەوشێوازە دەبێتە هۆی دروستكردنی بەربەست لەبەردەم چارەسەر، ئێمە دڵنیاین لەوەی ئەگەر دەستوەردانی توركیا نەبوایە تائێستا هەنگاوی گەورەمان بڕیبوو لە جێبەجێكردنی بڕگەكانی رێككەوتنی (10) ئازار، بەڵام ئەوان دەستوەردان دەكەن بەشێوەیەكی نەرێنی.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی کانوونی یەکەمی 2025، لە پەیامێکدا، پیرۆزبایی جەژنا ڕۆژیێن ئێزی لە هاووڵاتییانی ئێزیدی کوردستان و جیهان دەکات. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێت: بە بۆنەی جەژنا ڕۆژیێن ئێزی، گەرمترین پیرۆزبایی لە خوشک و برایانی ئێزیدی لە کوردستان و جیهان دەکەم، هیودارام بە خێرو خۆشی ڕۆژانی جەژن بەسەر ببەن. هەر لە پەیامەکەدا هاتووە "بەم بۆنەیەوە، خوشک و برایانی ئێزیدی دڵنیا دەکەینەوە، کە وەکوو هەمیشە لە پشتیوانی ماف و داواکارییەکانیان و بەهێزکردنی کولتووری پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبین. ئەمە دەقی پەیامەکەیە: پەیاما سەرۆکێ حکومەتا هەرێما کوردستانێ ب ھەلکەفتا جەژنا ڕۆژیێن ئێزی ب ھەلکەفتا جەژنا ڕۆژیێن ئێزی، گەرمترین پیرۆزباھییان ئاراستەی خوشک و برایێن ئێزیدی ل کوردستانێ و جیهانێ دکەم. ھیڤیدارم ب خێر و خۆشی ڕۆژێن جەژنێ ببورینن. دڤێ هەلکەفتێدا ، خوشک و برایێن ئێزیدی پشتڕاست دکەینەڤە، کو ئەم وەکوو هەردەم دێ د بەردەوام بین ل سەر پشتەڤانیا ماف و داخوازیێن وان و بهێزکرنا کلتوورێ پێکڤەژیانێ ل هەرێما کوردستانێ. جەژنا ڕۆژیێن ئێزی پیرۆز بیت و هەر د خێر و خۆشیاندا بن.
بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە ئاڤای ڕاگەیاند، سەرەتای هەفتەی داهاتوو، دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان وادەی ناردنی مووچەی مووچەخۆران لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دەزانێت، 120 داهاتی ناوخۆ بۆ لقی هەولێری بانکی ناوەندی دەنێرێت. تاوەکو ئێستا سێ مووچەی کۆتایی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش سوورە لەسەر ئەوەی نابێت مووچەکان بفەوتێت، چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی 10 فەرمانبەران دابەش بکرێت و دوو مووچەی ماوەش بکەوێت ساڵی داهاتوو. بەرپرسێکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە ئاڤای ڕاگەیاند: سەرەتای هەفتەی داهاتوو وەزارەتی دارایی و ئابووری پەیوەندی بە وەزارەتی دارایی عێراقەوە دەکات، دوای ئەوەی کاتی ناردنی مووچەی مانگی 10 دەزانرێت و کەی ڕێکارەکانی ناردنی پارە دەستپێدەکات. - وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان دوای وەڵامەکەی دارایی عێراق، 120 ملیار داهاتی ناوخۆ دەنێرێت، ئێستا نووسراو و هەموو شتێک ئامادەیە، تەنها ئەوە ماوە پارەکە بە کاش بگوازرێتەوە بۆ لقی بانکی ناوەندی لە هەولێر. - تا ئێستا هیچ گرفتێک بۆ ناردنی مووچە دروست نەبووە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەغدا هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی خۆی دەکات. دواتر مووچەی ئێمەش دەنێرێت.
ئاسۆ بەکر مستەفا، لە رۆژی یەکشەممە وەک قایمقامی نوێی چەمچەماڵ لەبری رەمک رەمەزان، دەستبەکار دەبێت. پارێزەر ئاسۆ بەکر. ماوەی شەش ساڵ قایمقامی قەزای دوکان بووە و لە 2017ـەشەوە بە پلەی قایمقام لە دیوانی پارێزگای سلێمانی دەوامی کردووە. لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە ئیدارییەکان بەهۆی لافاوەکەی چەمچەماڵەوە، ڕۆژى یەکشەممە قایمقامى نوێى چەمچەماڵ بە وەکالەت دەستبەکار دەبێت. بەگوێرەی زانیارییەكان، بڕیاری دەستبەركاربوون بۆ ئاسۆ بەكر مستەفا وەكو قایمقامی نوێى چەمچەماڵ دەرچووە و یەكشەممەى داهاتوو دەستبەكار دەبێت. قایمقامی نوێی چەمچەماڵ؛ ئاسۆ بەكر مستەفا لە 1991 تاوەكو 1997 وەكو پارێزەر لە دادگای سلێمانی كاری كردووە لە دوای 1997ـەوە تاوەكو 2011 بەڕێوەبەری هەریەكە لە ناحیەکانى هێرۆ، بنگرد و خەلەكان بووە لە 2011ـەوە تاوەكو 2017 قایمقامی دووكان بووە لە 2017شەوە لە دیوانی پارێزگای سلێمانی بە پلەى قایقمام دەوامی كردووە ئەم ئاڵوگۆڕە ئیداریانە دوای ئەوە هات، بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە کەمتەرخەمی بەرپرسانی چەمچەماڵ پێکهات و ڕاپۆرتی خۆیان ئاڕاستەی جێگری سەرۆکوەزیران کرد و لە ڕاپۆرتەکەیاندا هاتبوو ژمارەیەک بەرپرس کەمتەرخەمیان کردوە و دەکرا هەندێک ڕێکار بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی زیانەکانی لافاوەکە کەمتر بێت. لەو چوارچێوەیەدا قایمقامى چەمچەماڵ، بەڕێوەبەرى ناحیەى شۆڕش، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ لەگەڵ هەردوو سەرۆک شارەوانییەکانى چەمچەماڵ و شۆرش داواى بەخشینیان کرد.
سەرۆککۆماری ئێران دان بەوەدا دەنێت "مووشەکەکانی ئیسرائیل لە مووشەکە ئێرانییەکان بەهێزتر، وردتر و ئاسانتر بووە." ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسعود پزیشکیان لەبارەی جەنگی 12 رۆژی نێوان وڵاتەکەی و ئیسرائیل رایگەیاند، "ئەوە هێزی خەڵک بوو کە توانی لەو شەڕی 12 رۆژەدا دووژمنەکانمان زەلیل بکات و بێهیوایان بکات." پزیشکیان گوتی: "ئەوان [ئیسرائیل] هاتبوون وڵاتەکەمان پارچە پارچە بکەن، ئەوە خەڵک بوون کە وەستانەوە، راستە مووشەکەکانی ئێمە هەبوون، بەڵام ئەوان مووشەکەکانیان لە ئێمە زیاتر، بەهێزتر، وردتر و ئاسانتر بوو، بەڵام ئەوە خەڵک بوون بێهیوایان کردن." لە 13ی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران کە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی نێوان هەردوو وڵات کە 12 رۆژ بەردەوام بووە. ئەمریکاش بۆ ماوەیەکی کورت بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی ئێران لە جەنگەکەدا بەشداربوو.
سەرۆک بارزانی، بەبۆنەی جەژنی (ڕۆژیێن ئێزی) پیرۆزبایی لە ئێزدییەکان دەکات و دەڵێت: پیرۆبابی لە خوشک و برایانی ئێزدی دەکەم لە کوردستان و هەموو جیهان، هیوادارم ئەم جەژنە خۆشیتان بۆ بهێنێت و جەژنتان بە ئارامی دڵخۆشی بکەن. ئەمە دەقی پەیامەکەیە: ب ناڤی خودێ مەزن و دلۆڤان ب هەلكەفتا هاتنا جەژنا (ڕۆژیێن ئێزی) پیرۆزباهیەكا گەرم ل خوشك و برایێت ئێزیدی ل كوردستانێ و هەمی جیهانێ دكەم. هیڤیدارم ئەڤ جەژنە خوەشی و بەختەوەرییێ بۆ تەڤایا خوشك و برایێت ئێزیدی بهینیت و خوشك و برایێت ئێزیدی هەمی جەژن و هەلكەفتێن خۆ ب ئارامی و دلخۆشی بگێڕن. جهێ شانازیێیە كو كوردستان وڵاتێ برایەتی و پێكڤەژیان و ئاشتیخوازیێیە دناڤبەرا هەمی پێكهاتێت ئایینی و نەتەوەیی و پێتڤیە ئەڤ فەرهەنگە كوورتر و بەرفرەهتر ببیت. بمینن د خێر و خۆشییان دا. مسعود بارزانی 18ی کانوونا ئێکێ 2025
کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "پارتیمان بە باشی نازانێت گفتوگۆی پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەکانی حکومەتی هەرێم و فیدراڵ تێکەڵاو بکرێت، پێویستە پرسی هەرێم چارەسەر بکەین پاشان هەنگاوی پێویست و هاوبەش بنێین بۆ بەغدا، لەم بارەشەوە شاندی پارتیمان دەستبەکار بووە". دەقی راگەیێندراوەکە: بە سەرپەرشتی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، کۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان بە ئامادەبوونی هەڤاڵان جێگرانی سەرۆک و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە ۱۸ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، کۆبوونەوەی فراوانی خۆی ئەنجام دا. کۆبوونەوە بە ساتێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان، سەروەریان بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد دەستی پێکرد، دواتر چەند پرس و تەوەرێکی گرنگ و هەنووکەیی خرانە بەرباس و گفتوگۆ و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە وەرگیرا. تەوەری یەکەم: پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی ساڵی ڕابردوو دەستی پێکرد، جێگای داخی تاوەکو ئێستا نەتوانراوە پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردرێت و کابینەی دەیەم پێکبهێنرێت. پارتیمان هەر دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە ڕێگای شاندێکی تایبەتەوە سەردانی حزب و لایەنەکانی کوردستانی کرد و دەرگای گفتوگۆی کردەوە بە مەبەستی پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان، بەڵام بەشێک لە لایەنەکان ئۆپۆزسیۆن بوونیان هەڵبژارد کە ڕێز لە بژاردەکەیان گیرا. هاوکات گفتوگۆی نێوان پارتیمان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بەردەوامبوو و زۆر هەوڵماندا ڕێککەوتنمان نەگاتە کاتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام بەداخەوە یەکێتی نیشتمانی بەهۆی لێکدانەوە و پێشبینی پێشوەختەی هەڵەیان بۆ دەرئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، گفتوگۆکانیان بە بێ پاساو درێژ کردەوە تا دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی ٢٠٢٥/۱۱/۱۱ی ئەنجوومەنی نوێنەران، هەرچەند لەو بارەوە ئاگادار کرابوونەوە کە هەلومەرجی پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن هەمان زەمینە و هەلومەرج نابن، بەڵام یەکێتی نیشتمانی بڕیاری خۆی دابوو. ئێستاش دەرگای گفتوگۆمان بۆ ڕێککەوتن بەگوێرەی ئەنجامەکان و ئیستحقاقاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوەیە و دەبێت ڕێز لە دەنگ و متمانەی خەڵکی کوردستان بگیرێت. پارتیمان بە باشی نازانێت گفتوگۆی پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەکانی حکومەتی هەرێم و فیدراڵ تێکەڵاو بکرێت، پێویستە پرسی هەرێم چارەسەر بکەین پاشان هەنگاوی پێویست و هاوبەش بنێین بۆ بەغدا، لەم بارەشەوە شاندی پارتیمان دەستبەکار بووە. تەوەری دووەم: بابەتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ کە لە ٢٠٢٥/۱۱/۱۱ ئەنجامدرا و پارتیمان سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا و دەنگ و متمانەی زیاتر لە یەک ملیۆن و سەد هەزار دەنگدەری کوردستان و عێراقی مسۆگەر کرد و ژمارەیەکی بەرچاوی کورسییەکانی پارێزگاکانی هەرێم و عێراقی بەدەستهێنا، ئەوەش بەرهەمی ڕەنجی خەبات و خوێنی شەهیدان و لێزانی و کارامەیی و ماندووبوونی بەرپرس و کادیر و ئەندامان و جەماوەری پارتیمان و ڕێبازی پیرۆزی بارزانییە و ئاکامی متمانەی خەڵکی بەوەفای هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ سەرۆک و سەرکردایەتی و ئۆرگانەکانی پارتیمانە. بۆیە کۆبوونەوە سوپاسی سەرجەم بەرپرسانی حزبی و حکومی و کادیر و پێشمەرگە و ئەندامان و کەسووکاری سەربەرزی شەهیدان و جەماوەری دڵسۆز و بەوەفا و لیژنە و میحوەر و تیم و بازنەکانی هەڵبژاردن و ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکان و تەواوی ئۆرگانەکانی کرد بۆ ئەو خۆماندووکردن و خۆبەخاوەن زانینەی کە بۆ سەرخستنی پارتیمان هەتیان بوو. هەروەها سوپاسی دامودەزگا ئەمنییەکانی کرد بۆ ڕەخساندنی کەشێکی هێمن و گونجاو بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە و پیرۆزباییشی لە کاندیدە سەرکەوتووەکان و هەروەها دەستخۆشی لە تەواوی کاندیدەکانی پارتیمان کرد کە بەوپەڕی دڵسۆزی و لەخۆبوردووییەوە هەوڵی سەرخستنی لیستی (٢٧٥)ی پارتەکەیان دا. هەروەها کۆبوونەوە وێڕای هیوای سەرکەوتن داوای لە کاندیدە دەرچووەکان کرد دڵسۆزانە نوێنەرایەتی ئیش و ئازار و داواکاریی و خواستەکانی هەموو خەڵکی کوردستان و عێراق بکەن و هەموو تواناکانیان بخەنە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و داڕشتنی یاسای گونجاو بۆ خزمەتی گەلانی عێراق و پڕۆسەی حوکمڕانییەکی باش لە وڵات و ببنە چاوی هەمووان بەسەر کار و چالاکییەکانی حکومەتی فیدراڵ و دامەزراوەکانەوە. تەوەری سێیەم: کۆبوونەوە بە شایستەی خەڵکی کوردستانی دەزانی یەکدەنگ و یەکڕیز وەکو نەتەوەی کورد لە بەغدا گفتوگۆ بکرێت نەک وەکو پارتی سیاسی، کورد و کوردستانییان لەگەڵ برایانی شیعە و سوننە شەریکی ڕاستەقینەی حوکمڕانی عێراق بن بە لەبەرچاوگرتنی ماف و ئازادی سەرجەم پێکهاتەکانی دیکە هەروەک پێشتر کە لەسەر سێ بنەما دەوڵەتی نوێی عێراق دامەزرایەوە ئەوانیش: هاوبەشی، هاوسەنگی (سازان) بوون و ئەو سێ چەمکە بوونە ڕۆحی دەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدراڵ. ئێستاش پتەوکردنی ئەو سێ بنەمایە بۆ باش بەڕێوەبردن و پڕۆسەی حوکمڕانی وڵات پێویستن. ئەو کارانەی کە دەبوو ئەنجامدرابان بەڵام لەبەر هەر پاساو و هۆکارێک بێت ئەنجام نەدراون وەک: جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠)ی دەستوور، دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدراڵی، دادگای فیدراڵی بەگوێرەی کە لە دەستووردا هاتووە، یاسای نەوت و گاز ئەنجامبدرێن، هەروەها هەوڵی جدی بدریت یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق کە نادادپەروەری تێدایە بگۆڕدرێت و چارەسەری بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی هەمیشەیی بکرێت کە لەگەڵ سیستەمی فیدراڵیدا بگونجێت. هەروەها کۆمەڵێک گرفت و بابەتی دیکە کە ماوەیەکی زۆرە بە چارەسەرنەکراوی و هەڵواسراوی ماونەتەوە چارەسەر بکرێن، بۆ ئەم مەبەستەش شاندێکی باڵای پارتیمان دەستنیشانکراوە. تەوەری چوارەم: دۆخی سیاسی ناوچەکە بە گشتی، عێراق و کوردستان بەتایبەتی تاووتوێکران، لەو کێشە و ئاڵۆزییانەی لە پەیوەندیی نێوان دەوڵەتەکان هەەیە. ئەو گۆڕانکارییەی لە تورکیا هاتووەتە ئارا سەبارەت بە چارەسەری دۆزی کورد و پڕۆسەی ئاشتی جێگای ئومێد و دڵخۆشییە و کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر کۆی بوارەکانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ناوچەکە و پەیوەندیی وڵاتان. هەروەها گۆڕانکارییەکانی وڵاتی سوریا و تێڕوانینی وڵاتان بۆ سەقامگیری سوریا و چۆنیەتی دابینکردنی ئەو سەقامگیرییە کە بە خۆشحاڵییەوە زۆربەیان پەیوەستی دەکەن بە ئاستی ڕێزگرتن لە تایبەتمەندی پێکهاتە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە لەنێویشیاندا گەلی کورد. هیوادارین ئەو گۆڕانکارییانە بە دەرس وەرگرتن لە هەڵەکانی ڕابردوو ببنە هۆکاری دابینکردنی ماف و ئازادییەکانی تەواوی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبیەکان و پێکەوە ژیانیان بە شێوەیەکی ئاشتیانە و سەردەمیانە. تەوەری پێنجەم: لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگاکان شڕۆڤەیەکی ڕوونی کاروچالاکی و گرفتەکانی سنوورەکانی خۆیان کرد و دواتر هەڤاڵان گفتوگۆی چەند پێشنیارێکیان کرد بۆ زیاتر پتەوکردنی پەیوەندی لەگەڵ جەماوەری شار و لادێکان. هەروەها ئۆرگانەکان ببنە ئەڵقەیەکی خێراتری گەیاندنی داواکاری و ڕاو پێداویستییەکانیان بۆ سەرکردایەتی تا لە ڕێگای سەرکردایەتیشەوە هەڤاڵانمان کە بەرپرسیاریەتییان لە حکومەتی هەرێم و فیدراڵدا هەیە ڕۆڵی خۆیان ببینن لە چارەسەرکردنی گرفت و داخوازییەکان و دابینکردنی پێداویستییەکان. لە کۆتاییدا، کۆبوونەوە چەند بڕیارێکی سەبارەت بەو بابەتانەی پێویستییان بە بڕیار بوو وەرگرت. کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان ۱۸ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥
بارەگای بارزانی، لەبارەی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و دەوروبەری ڕایدەگەیەنێت سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەین کە یارمەتییان گەیاندووەتە لێقەوماو و زیانبارانی لافاوەکە. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو گەیاندنی هاوکارییەکان نموونەیەکی بەرزی هاوسۆزی و هاودەنگیی نەتەوەیی و نیشتیمانیی نێوان کوردستانیانە و جێگەی پێزانینێکی زۆرە. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. ڕاگەیێندراوێك لە بارەگای بارزانییەوە بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان دوابەدوای بارینی بارانێکی زۆر و ڕوودانی لافاو لە سنووری چەمچەماڵ و دەورووبەری، ڕێکخراوەکان و هاووڵاتیان و خەڵکی کوردستان بە گشتی و لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، بەشێوەیەکی بەرفراوان یارمەتیی لێقەوماو و زیانلێکەوتووانی ئەو ڕووداوەیان دا، لێرەدا سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەین کە یارمەتییان گەیاندووەتە لێقەوماو و زیانبارانی لافاوەکە، ئەوە نموونەیەکی بەرزی هاوسۆزی و هاودەنگیی نەتەوەیی و نیشتیمانیی نێوان کوردستانیانە و جێگەی پێزانینێکی زۆرە. هیوای ئارامی و سەلامەتی بۆ هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان دەخوازین. بارەگای بارزانی 18ی کانوونی یەکەمی 2025
هاکان فیدان وەزیرى دەرەوەى تورکیا، لەبارەی تێکەڵبوونی هەسەدە بە سوپای سوریا دەڵێت: هیوادارین دۆخەکە لەڕێی دیالۆگ و دانوستانەوە بە ئاشتی چارەسەر بێت. نامانەوێت هیچ پێویستییەک ببینین بۆ پەنابردن لە بەرکارهێنانی رێگەی سەربازیی.، دەبێت هەسەدە لەوە تێبگات ئارامی لایەن پەیوەندیدارەکان خەریکە نامێنێت. پیویستە هەسەدە رێز لە رێککەوتننامەی 10ـی ئازار بگرێت و تێکەڵ بە سوپای سوریا ببێت. تەواوی قسەکانی هاکان فیدان لەبارەی هەسەدە و ئەگەری دووبارە بەکارهێنانەوەی هێز دژی رۆژاڤا
