سەرۆککۆماری ئێران دان بەوەدا دەنێت "مووشەکەکانی ئیسرائیل لە مووشەکە ئێرانییەکان بەهێزتر، وردتر و ئاسانتر بووە." ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسعود پزیشکیان لەبارەی جەنگی 12 رۆژی نێوان وڵاتەکەی و ئیسرائیل رایگەیاند، "ئەوە هێزی خەڵک بوو کە توانی لەو شەڕی 12 رۆژەدا دووژمنەکانمان زەلیل بکات و بێهیوایان بکات." پزیشکیان گوتی: "ئەوان [ئیسرائیل] هاتبوون وڵاتەکەمان پارچە پارچە بکەن، ئەوە خەڵک بوون کە وەستانەوە، راستە مووشەکەکانی ئێمە هەبوون، بەڵام ئەوان مووشەکەکانیان لە ئێمە زیاتر، بەهێزتر، وردتر و ئاسانتر بوو، بەڵام ئەوە خەڵک بوون بێهیوایان کردن." لە 13ی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران کە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی نێوان هەردوو وڵات کە 12 رۆژ بەردەوام بووە.  ئەمریکاش بۆ ماوەیەکی کورت بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی ئێران لە جەنگەکەدا بەشداربوو.

سەرۆک بارزانی، بەبۆنەی جەژنی (ڕۆژیێن ئێزی) پیرۆزبایی لە ئێزدییەکان دەکات و دەڵێت: پیرۆبابی لە خوشک و برایانی ئێزدی دەکەم لە کوردستان و هەموو جیهان، هیوادارم ئەم جەژنە خۆشیتان بۆ بهێنێت و جەژنتان بە ئارامی دڵخۆشی بکەن. ئەمە دەقی پەیامەکەیە:   ب ناڤی خودێ مەزن و دلۆڤان  ب هەلكەفتا هاتنا جەژنا (ڕۆژیێن ئێزی) پیرۆزباهیەكا گەرم ل خوشك و برایێت ئێزیدی ل كوردستانێ و هەمی جیهانێ دكەم.  هیڤیدارم ئەڤ جەژنە خوەشی و بەختەوەرییێ بۆ تەڤایا خوشك و برایێت ئێزیدی بهینیت و خوشك و برایێت ئێزیدی هەمی جەژن و هەلكەفتێن خۆ ب ئارامی و دلخۆشی بگێڕن.  جهێ شانازیێیە كو كوردستان وڵاتێ برایەتی و پێكڤەژیان و ئاشتیخوازیێیە دناڤبەرا هەمی پێكهاتێت ئایینی و نەتەوەیی و پێتڤیە ئەڤ فەرهەنگە كوورتر و بەرفرەهتر ببیت.  بمینن د خێر و خۆشییان دا.  مسعود بارزانی  18ی کانوونا ئێکێ 2025

کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "پارتیمان بە باشی نازانێت گفتوگۆی پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەکانی حکومەتی هەرێم و فیدراڵ تێکەڵاو بکرێت، پێویستە پرسی هەرێم چارەسەر بکەین پاشان هەنگاوی پێویست و هاوبەش بنێین بۆ بەغدا، لەم بارەشەوە شاندی پارتیمان دەستبەکار بووە". دەقی راگەیێندراوەکە: بە سەرپەرشتی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، کۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان بە ئامادەبوونی هەڤاڵان جێگرانی سەرۆک و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە ۱۸ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، کۆبوونەوەی فراوانی خۆی ئەنجام دا.  کۆبوونەوە بە ساتێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان، سەروەریان بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد دەستی پێکرد، دواتر چەند پرس و تەوەرێکی گرنگ و هەنووکەیی خرانە بەرباس و گفتوگۆ و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە وەرگیرا.  تەوەری یەکەم: پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی ساڵی ڕابردوو دەستی پێکرد، جێگای داخی تاوەکو ئێستا نەتوانراوە پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردرێت و کابینەی دەیەم پێکبهێنرێت. پارتیمان هەر دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە ڕێگای شاندێکی تایبەتەوە سەردانی حزب و لایەنەکانی کوردستانی کرد و دەرگای گفتوگۆی کردەوە بە مەبەستی پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان،  بەڵام بەشێک لە لایەنەکان ئۆپۆزسیۆن بوونیان هەڵبژارد کە ڕێز لە بژاردەکەیان گیرا. هاوکات گفتوگۆی نێوان پارتیمان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بەردەوامبوو و زۆر هەوڵماندا ڕێککەوتنمان نەگاتە کاتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام بەداخەوە یەکێتی نیشتمانی بەهۆی لێکدانەوە و پێشبینی پێشوەختەی هەڵەیان بۆ دەرئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، گفتوگۆکانیان بە بێ پاساو درێژ کردەوە تا دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی ٢٠٢٥/۱۱/۱۱ی ئەنجوومەنی نوێنەران، هەرچەند لەو بارەوە ئاگادار کرابوونەوە کە هەلومەرجی پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن هەمان زەمینە و هەلومەرج نابن، بەڵام یەکێتی نیشتمانی بڕیاری خۆی دابوو.  ئێستاش دەرگای گفتوگۆمان بۆ ڕێککەوتن بەگوێرەی ئەنجامەکان و ئیستحقاقاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوەیە و دەبێت ڕێز لە دەنگ و متمانەی خەڵکی کوردستان بگیرێت. پارتیمان بە باشی نازانێت گفتوگۆی پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەکانی حکومەتی هەرێم و فیدراڵ تێکەڵاو بکرێت، پێویستە پرسی هەرێم چارەسەر بکەین پاشان هەنگاوی پێویست و هاوبەش بنێین بۆ بەغدا، لەم بارەشەوە شاندی پارتیمان دەستبەکار بووە.  تەوەری دووەم: بابەتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ کە لە ٢٠٢٥/۱۱/۱۱ ئەنجامدرا و پارتیمان سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا و دەنگ و متمانەی زیاتر لە یەک ملیۆن و سەد هەزار دەنگدەری کوردستان و عێراقی مسۆگەر کرد و ژمارەیەکی بەرچاوی کورسییەکانی پارێزگاکانی هەرێم و عێراقی بەدەستهێنا، ئەوەش بەرهەمی ڕەنجی خەبات و خوێنی شەهیدان و لێزانی و کارامەیی و ماندووبوونی بەرپرس و کادیر و ئەندامان و جەماوەری پارتیمان و ڕێبازی پیرۆزی بارزانییە و ئاکامی متمانەی خەڵکی بەوەفای هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ سەرۆک و سەرکردایەتی و ئۆرگانەکانی پارتیمانە. بۆیە کۆبوونەوە سوپاسی سەرجەم بەرپرسانی حزبی و حکومی و کادیر و پێشمەرگە و ئەندامان و کەسووکاری سەربەرزی شەهیدان و جەماوەری دڵسۆز و بەوەفا و لیژنە و میحوەر و تیم و بازنەکانی هەڵبژاردن و ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکان و تەواوی ئۆرگانەکانی کرد بۆ ئەو خۆماندووکردن و خۆبەخاوەن زانینەی کە بۆ سەرخستنی پارتیمان هەتیان بوو. هەروەها سوپاسی دامودەزگا ئەمنییەکانی کرد بۆ ڕەخساندنی کەشێکی هێمن و گونجاو بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە و پیرۆزباییشی لە کاندیدە سەرکەوتووەکان و هەروەها دەستخۆشی لە تەواوی کاندیدەکانی پارتیمان کرد کە بەوپەڕی دڵسۆزی و لەخۆبوردووییەوە هەوڵی سەرخستنی لیستی (٢٧٥)ی پارتەکەیان دا. هەروەها کۆبوونەوە وێڕای هیوای سەرکەوتن داوای لە کاندیدە دەرچووەکان کرد دڵسۆزانە نوێنەرایەتی ئیش و ئازار و داواکاریی و خواستەکانی هەموو خەڵکی کوردستان و عێراق بکەن و هەموو تواناکانیان بخەنە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و داڕشتنی یاسای گونجاو بۆ خزمەتی گەلانی عێراق و پڕۆسەی حوکمڕانییەکی باش لە وڵات و ببنە چاوی هەمووان بەسەر کار و چالاکییەکانی حکومەتی فیدراڵ و دامەزراوەکانەوە.  تەوەری سێیەم: کۆبوونەوە بە شایستەی خەڵکی کوردستانی دەزانی یەکدەنگ و یەکڕیز وەکو نەتەوەی کورد لە بەغدا گفتوگۆ بکرێت نەک وەکو پارتی سیاسی، کورد و کوردستانییان لەگەڵ برایانی شیعە و سوننە شەریکی ڕاستەقینەی حوکمڕانی عێراق بن بە لەبەرچاوگرتنی ماف و ئازادی سەرجەم پێکهاتەکانی دیکە هەروەک پێشتر کە لەسەر سێ بنەما دەوڵەتی نوێی عێراق دامەزرایەوە ئەوانیش: هاوبەشی، هاوسەنگی (سازان) بوون و ئەو سێ چەمکە بوونە ڕۆحی دەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدراڵ.  ئێستاش پتەوکردنی ئەو سێ بنەمایە بۆ باش بەڕێوەبردن و پڕۆسەی حوکمڕانی وڵات پێویستن. ئەو کارانەی کە دەبوو ئەنجامدرابان بەڵام لەبەر هەر پاساو و هۆکارێک بێت ئەنجام نەدراون وەک: جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠)ی دەستوور، دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدراڵی، دادگای فیدراڵی بەگوێرەی کە لە دەستووردا هاتووە، یاسای نەوت و گاز ئەنجامبدرێن، هەروەها هەوڵی جدی بدریت یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق کە نادادپەروەری تێدایە بگۆڕدرێت و چارەسەری بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی هەمیشەیی بکرێت کە لەگەڵ سیستەمی فیدراڵیدا بگونجێت. هەروەها کۆمەڵێک گرفت و بابەتی دیکە کە ماوەیەکی زۆرە بە چارەسەرنەکراوی و هەڵواسراوی ماونەتەوە چارەسەر بکرێن، بۆ ئەم مەبەستەش شاندێکی باڵای پارتیمان دەستنیشانکراوە. تەوەری چوارەم: دۆخی سیاسی ناوچەکە بە گشتی، عێراق و کوردستان بەتایبەتی تاووتوێکران، لەو کێشە و ئاڵۆزییانەی لە پەیوەندیی نێوان دەوڵەتەکان هەەیە. ئەو گۆڕانکارییەی لە تورکیا هاتووەتە ئارا سەبارەت بە چارەسەری دۆزی کورد و پڕۆسەی ئاشتی جێگای ئومێد و دڵخۆشییە و کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر کۆی بوارەکانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ناوچەکە و پەیوەندیی وڵاتان.  هەروەها گۆڕانکارییەکانی وڵاتی سوریا و تێڕوانینی وڵاتان بۆ سەقامگیری سوریا و چۆنیەتی دابینکردنی ئەو سەقامگیرییە کە بە خۆشحاڵییەوە زۆربەیان پەیوەستی دەکەن بە ئاستی ڕێزگرتن لە تایبەتمەندی پێکهاتە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە لەنێویشیاندا گەلی کورد. هیوادارین ئەو گۆڕانکارییانە بە دەرس وەرگرتن لە هەڵەکانی ڕابردوو ببنە هۆکاری دابینکردنی ماف و ئازادییەکانی تەواوی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبیەکان و پێکەوە ژیانیان بە شێوەیەکی ئاشتیانە و سەردەمیانە.  تەوەری پێنجەم: لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگاکان شڕۆڤەیەکی ڕوونی کاروچالاکی و گرفتەکانی سنوورەکانی خۆیان کرد و دواتر هەڤاڵان گفتوگۆی چەند پێشنیارێکیان کرد بۆ زیاتر پتەوکردنی پەیوەندی لەگەڵ جەماوەری شار و لادێکان. هەروەها ئۆرگانەکان ببنە ئەڵقەیەکی خێراتری گەیاندنی داواکاری و ڕاو پێداویستییەکانیان بۆ سەرکردایەتی تا لە ڕێگای سەرکردایەتیشەوە هەڤاڵانمان کە بەرپرسیاریەتییان لە حکومەتی هەرێم و فیدراڵدا هەیە ڕۆڵی خۆیان ببینن لە چارەسەرکردنی گرفت و داخوازییەکان و دابینکردنی پێداویستییەکان.    لە کۆتاییدا، کۆبوونەوە چەند بڕیارێکی سەبارەت بەو بابەتانەی پێویستییان بە بڕیار بوو وەرگرت.    کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان ۱۸ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥

بارەگای بارزانی، لەبارەی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و دەوروبەری ڕایدەگەیەنێت سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەین کە یارمەتییان گەیاندووەتە لێقەوماو و زیانبارانی لافاوەکە. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو گەیاندنی هاوکارییەکان نموونەیەکی بەرزی هاوسۆزی و هاودەنگیی نەتەوەیی و نیشتیمانیی نێوان کوردستانیانە و جێگەی پێزانینێکی زۆرە. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. ڕاگەیێندراوێك لە بارەگای بارزانییەوە بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان دوابەدوای بارینی بارانێکی زۆر و ڕوودانی لافاو لە سنووری چەمچەماڵ و دەورووبەری، ڕێکخراوەکان و هاووڵاتیان و خەڵکی کوردستان بە گشتی و لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، بەشێوەیەکی بەرفراوان یارمەتیی لێقەوماو و زیانلێکەوتووانی ئەو ڕووداوەیان دا، لێرەدا سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەین کە یارمەتییان گەیاندووەتە لێقەوماو و زیانبارانی لافاوەکە، ئەوە نموونەیەکی بەرزی هاوسۆزی و هاودەنگیی نەتەوەیی و نیشتیمانیی نێوان کوردستانیانە و جێگەی پێزانینێکی زۆرە. هیوای ئارامی و سەلامەتی بۆ هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان دەخوازین. بارەگای بارزانی 18ی کانوونی یەکەمی 2025

هاکان فیدان وەزیرى دەرەوەى تورکیا، لەبارەی تێکەڵبوونی هەسەدە بە سوپای سوریا دەڵێت:  هیوادارین دۆخەکە لەڕێی دیالۆگ و دانوستانەوە بە ئاشتی چارەسەر بێت. نامانەوێت هیچ پێویستییەک ببینین بۆ پەنابردن لە بەرکارهێنانی رێگەی سەربازیی.، دەبێت هەسەدە لەوە تێبگات ئارامی لایەن پەیوەندیدارەکان خەریکە نامێنێت. پیویستە هەسەدە رێز لە رێککەوتننامەی 10ـی ئازار بگرێت و تێکەڵ بە سوپای سوریا ببێت. تەواوی قسەکانی هاکان فیدان لەبارەی هەسەدە و ئەگەری دووبارە بەکارهێنانەوەی هێز دژی رۆژاڤا    

جوان رۆژبەیانی لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی کۆمیتەی ناوەندنی پارتی دەڵێت:  دوو شاندی دانوستانکاری جیاواز بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستنیشانکران. شێوازی گفتوگۆی شاندەکە بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستکەوتەکانی هەڵبژاردن دەبێت. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی کانوونی یەکەمی 2025، کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی و بە ئامادەبوونی جێگران و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی بەڕێوەچوو. لەوبارەوە جوان ڕۆژبەیانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێ کران و دوو شاندی دانوستانکاری جیاواز بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دیاری کران. سەبارەت بە شێوازی دانوستانەکان، جوان ڕۆژبەیانی ئاماژەی بەوە دا، ئەمجارە بەگوێرەی دەستکەوتەکانی هەڵبژاردن، شێوازی گفتوگۆی شاندەکە بۆ پێکهێنانی حکوومەت جیاوازتر دەبێت لەوەی پێش هەڵبژاردن. لەسەر پرسە سیادییەکان، ڕۆژبەیانی ڕوونی کردەوە: "پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە، بەڵام مەرج نییە ئەو پۆستە تەنیا بۆ پارتی یان یەکێتی بێت، بۆیە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت کە بەر چ لایەنێکی کوردی دەکەوێت." لە کۆتاییدا ڕایگەیاند، گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوام دەبێت و باس لە دابەشکردنی پۆستەکانیش دەکرێت. جەختیشی کردەوە: "ئەگەر پێشتر پارتی سازشی لەسەر هەندێک پۆست کردبێت بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی ، ڕەنگە ئەمجارە شێوازی گفتوگۆکان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت.

لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی كۆتایهاتنی جێبەجێكردنی رێککەوتنی 10ی ئازار، میدیاكانی توركیاو نزیك لە دەسەڵاتی دیمەشق، تەپۆزێكی میدیایی گەورەیان دروستكردووە بەبڵاوكردنەوەی جۆرەها پڕوپانگەندەی جیاواز بە ئامانجی دروستكردنی فشار لەسەر هێزەكانی سوریای دیموكرات بۆ ملدان بە مەرجەكانی دیمەشق، هەر لە تۆمەتباركردنی بەردەوامی هێزەكانی سوریای دیموكرات بە خۆدزینەوە لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی 10ی ئازاری نێوان مەزڵوم و عەبدی ئەحمەد شەرع، تا دەگاتە بڵاوكردنەوەی دەنگۆی جوڵانی هێزی توركیاو گروپە چەكدارەكانی دیمەشق و هەڕەشەی پەلاماری سەربازی بۆ سەر ناوچەكانی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا، وێڕای بڵاوكردنەوەی دەنگۆی جیاواز و تەمومژاوی لەبارەى ئەو دانوستانە نهێنیانەی لە ئێستادا لە نێوان دیمەشق و هەسەدەدا بەڕێوەدەچێت. بە گوێرەی راپۆرتێكی ماڵپەڕی "Türkiye Today"  لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی كۆتایهاتنی جێبەجێكردنی رێککەوتنی 10ی ئازار، سوریا پێیناوەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، دیمەشق دوا پێشنیازی خۆی پێشکەشی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ی کردووە، کە بریتیە لە نەخشەڕێگایەك بۆ یەکگرتن (13) خاڵ لەخۆدەگرێت. لە رێککەوتنی ١٠ی ئازاردا ٣١ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ وەك دوا  وادە بۆ جێبەجێکردنی دیاریکراوە. بەوتەی سەرچاوە توركییەكە، دیمەشق لە دوایین پێشنیازی خۆیدا کە بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ ئەو چەقبەستووییە كردوویەتی، پێشنیاری ئەوە دەکات هێزەکانی سوریای دیموکرات لە سێ فیرقە لەناو سوپای سوریادا یەکبخرێن. هاوشانی ئەوەش، پێشنیازە نوێیەکە بڕگەیەکی لەخۆگرتووە کە تێیدا هاتووە فیرقەکانی دیکەی سوپای سوریا دەچنە ناو باکووری رۆژهەڵاتی سوریا. لەبەرامبەردا هێزەكانی سوریا دیموكرات پێداگری دەکات کە تەنها ئەو سێ فیرقە لە هێزەكانی پێکهاتوون، لە باکوری سوریا جێگیر بکرێن، رێگە نادات هێزەکانی حکومەتی سوریا بچنە ئەو ناوچانە. سەرچاوەكە دەڵێت: بۆ دیمەشق زۆر گرنگە هەڵوێستێکی بونیادنەر بۆ ئەمریکاو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نیشان بدات بەوەی کە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بە شێوەیەکی ئاشتیانە. گەیشتووەتە ئەو ئاستەی دیمەشق ئەنكەرە رازی بکات کە نەرمی لە هەندێک وردەکاریدا نیشان بدات، سەرەڕای ئەو سازانەش، هێزەکانی سوریای دیموکرات بەردەوامە لە پێداگری لەسەر پاراستنی کۆنترۆڵی ئەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتیدان. میدیا توركییەكە باس لەوەش دەكات، دوای ئەوەی هەسەدە پێشنیازێکی پێشوی رەتکردەوە، دیمەشق ئەم پێشنیازە نوێ (13)خاڵیەی ئامادەکرد، ئەم پێشنیازە گرنگە، چونکە ڕێگە بە هێزەکانی هەسەدە دەدات خۆی لە سێ فیرقە لەناو سوپای سوریادا رێکبخاتەوە. بەڵام پێدەچێت خاڵی سەرەکی مشتومڕەكە لەبارەی سنورەکان بێت، هەسەدە پێداگری دەکات لەسەر سنوردارکردنی بوونی سوپای سوریا لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا و داوای ئەوە دەکات سێ فیرقەکەی تەنها لە رۆژهەڵاتی روباری فورات جێگیر بکرێن، ئەمەش هێڵی سورە بۆ  دیمەشق و ئەنكەرە. ئاماژە بەوەشدەكات: خاڵی دووەمی سەرەکی ناكۆكى نێوانیان پەیوەندی بە فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردنەوە هەیە، دیمەشق پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ئەو سێ فیرقەیە لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی بەرگریدا بن، لەکاتێکدا هێزەکانی سورياى دیموکرات هەوڵدەدات پێکهاتەیەکی فەرماندەیی سەربەخۆ بپارێزێت، ئەمەش بەشێوەیەکی کاریگەر سوپایەک لەناو سوپایەکدا دروستدەکات. لەلایەكی ترەوە، كەناڵی "روناهی" لەزار سەرچاوەکانی ئیدارەی خۆسەرەوە ئاشکرای کردووە، حکومەتی کاتی، بۆ یەکەمجار، لە چوارچێوەی گفتوگۆی بەردەوامی نێوان هەردوولا بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئازار، رەشنوسی نوسراوی دانوستانی پێشکەش کردووە. سەرچاوەکانی ئیدارەی خۆسەر ئەو رەشنووسەیان بە هەنگاوێکی ئەرێنی لە پرۆسەی دانوستانەکاندا زانیووە، بەڵام ئاماژەیان بەوە کردووە، حکومەتی کاتی دیمەشق پێداگری لەسەر حوکمڕانی ناوەندی دەکات، بەبێ ئەوەی هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو رووبدات لەسەر خاڵە سەرەکییەکانی دانوستان کە لە رێککەوتنی ١٠ی ئازاردا یان هەر پێشنیازێکی جەوهەری سەبارەت بەو خاڵانە.

کاروان گەزنەیی، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایدەگەیێنێت، حیزبەکەی ئامادە نییە "تەنازوول" لە بەرکەوتەی هەڵبژاردن بکات و کێشەی ئەوانیش لە دانوستانەکاندا تەنیا لەسەر یەک پۆست و یەک پلە نییە. لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کاروان گەزنەیی ڕوونی کردەوە، یەکێتی بە دیاریکراوی یەک کێشەی نییە کە تەنیا بریتی بێت لە "یەک پۆست" و ئەوە بووبێتە گرێکوێرە، بەڵکو ئامانجی سەرەکیی ئەوان ئەوەیە "هاوبەشێکی ڕاستەقینەی حکومڕانی بن". کاروان گەزنەیی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق: هێشتا کاندیدمان بۆ پۆستەکە دیارینەکردووە و لە ئایندەیەکی نزیکدا رایدەگەیەنین سەبارەت بە داواکارییەکانیان، گوتەبێژی یەکێتی جەختی لەوە کردەوە، پاشگەز نابنەوە لە هیچ خاڵێکی وەرەقەی دانوستانەکانیان. ڕاشیگەیاند: "ئەو پۆستانەی بە مافی خۆمانی دەزانین وەک بەرکەوتەی هەڵبژاردن، مافی یەکێتییە و تەنازوولی لێ ناکەین". لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گەزنەیی ئاماژەی بەوە دا کە زەرووریەتێک هەیە و هەردوو لا لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورەدان بۆ "پێکهێنانی دوو حکومەت". بۆیە ئەم قۆناغە پێویستی بە یەک گوتاری، یەکدەنگی و نەرمی نواندن هەیە، دەبێت سازش بۆ "سازانی نیشتمانی" و ڕێککەوتنێکی باش بکرێت کە لە بەرژەوەندیی هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستاندا بێت.

کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ، بۆ یەکەم جار ماڵپەڕێکی بەناوی "هاوکاریی کوردانە" خستە کار. لە ماڵپەڕەکەدا بە شێوەیەکی راستەوخۆ سەرجەم داتا و ژمارەی ئەو پارانە نیشان دەدرێت کە وەکو هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی ئەو شارە کۆکراونەتەوە.   ماڵپەڕی هاوکاری کوردانە بۆ تۆمارکردنی هاوکارییەکان بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کاراکرا، سەرجەم داتاکانی بەخشەرەکان و هاووڵاتیان لە خۆدەگرێت. ماڵپەڕی ' هاوکاری کوردانە - Hawkary Kurdana' ماڵپەڕێکی 24 سەعاتییە و سات بە ساتی هەر بڕە پارەیەک بۆ سەر هەژماری بانکیەکای 'کۆمسیۆنی دریاگوزاری و بوژانەوەی چەمچەماڵ؛ لەبانکی چەرموو هەروەها بانکی جیهان نوێ دەکرێتەوە. عەتا محەمەد سەرۆکی کۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژانەوەی چەمچەماڵ رایگەیاند، ئەوان لە کۆمسیۆنەکە لە پێناو پەیڕەوکردنی ئەوپەڕی شەفافیەتدا سەرجەم داتا و زانیاریەکانمان دەخەنە بەردەست راگەیاندنەکان و دامەزراوە رەسمییەکان و خەڵکی کوردستان، تا هەمووان وەک چۆن بەشداربوون لە پشتیوانی زەرەرمەندانی لافاوەکە، بەهەمان شێوەش ببینن کە هاوکاریە داراییەکانیان چۆن تۆمار دەکرێت و چۆن خەرجیش دەکرێت بۆ خەڵکی چەمچەماڵ. لەم لینکەوە دەتوانن ئاگاداری کۆکردنەوەی هاوکارییەکان و چۆنییەتی خەرجکردنی ببن... https://hawkary-kurdana.com/

کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ  پێنج شەممە     18-12-2025 کەش / ئاسمانی هەرێم بە گشتی لە نێوان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت لە هەندێ ناوچە دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور . خێراى با / لەسەرخۆ - مامناوەند ( 10 – 20 ) کم/ک   ئاراستەی با /  باکووری خۆرئاوا دەبێت  پلەکانی گەرما /  نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ، وەک لەسەر نەخشەى خوارەوە ئاماژەى پێدراوە. مەوداى بینین /   ( 8 - 10 ) کم . سبەى  هەینی   19-12-2025 کەش/ ئاسمان  ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت  خێراى با / لەسەرخۆ- مامناوەند ( 10– 20) کم/ک   ئاراستەی با /  باکووری خۆرئاوا دەبێت . پلەکانی گەرما /  کەمێک بەرزتر دەبێت بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە. مەوداى بینین /  لەنێوان ( 8 – 10 ) کم دەبێت. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 16 پلەی سیلیزی سلێمانی : 14 پلەی سیلیزی دهۆک : 15 پلەی سیلیزی زاخۆ  : 17  پلەی سیلیزی کەرکوک : 17 پلەی سیلیزی  هەڵەبجە : 15 پلەی سیلیزی سۆران : 12 پلەی سیلیزی گەرمیان  : 18 پلەی سیلیزی

ئەندامێکی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان دەڵێت، ئێستا تەنیا چوار ناو وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران لە کێبڕکێدا ماونەتەوە، بۆ پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانیش لە پشکی شیعەکان، ئەحمەد ئەسەدی، ئەندامی هاوپەیمانێتییەکەی سوودانی و وەزیری ئێستای کار و کاروباری کۆمەڵایەتی وەک تاکە کاندید بۆ ئەم پۆستە ناوی دەهێنرێت. سەرۆککۆماری عێراق ڕۆژی 29ـی ئەم مانگەی بۆ یەکەم کۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمان دیاریکردووە، بەپێی یاسا بەرکارەکان لەم کۆبوونەوەیەدا دەبێت دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرێت؛ سەرۆکی پەرلەمان لە پشکی سووننەکان و دوو جێگرەکەی کە یەکێکیان لە پشکی شیعەکان و ئەوی دیکەش لە پشکی کورد دەبێت. دکتۆرە ئایات موزەفەر نووری، ئەندامی هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەت، کە بەشێکە لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان ئەمڕۆ پێنجشەممە بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاندووە: بازنەی کاندیدەکانی سەرۆکوەزیران بۆ چوار کەس کەمبووەتەوە، بۆ پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانیش لە پشکی شیعەکان، ئەحمەد ئەسەدی کاندیدی دەرچوو، سەرکردە لە هاوپەیمانێتییەکەی سوودانی و وەزیری ئێستای کاروباری کۆمەڵایەتی تاکە ناوە کە گفتوگۆی لەسەر کراوە. دکتۆرە ئایات موزەفەر ناوی چوار کاندیدەکەی باس نەکردووە، بەڵام پشێتر ناوی نۆ کاندید بڵاوکرایەوە، بەر لە چەند ڕۆژێکیش ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاویکردەوە کێبڕکێکە لەنێوان ئەم چوار کاندیدەدایە: ٠ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و سەرۆکوەزیرانی ئێستا. ٠ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و سەرۆکوەزیرانی پێشووتر. ٠ حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر. ٠ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق. عەلی بەیدەر، چاودێری سیاسی دەڵێت، بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیش کە پشکی سووننەکانە، مووسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم بەهێزترین کاندیدە و بەئەگەری زۆر ئەو دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان، ئەویش بەهۆکاری ئەوەی لە ئاستی جەماوەری پشتیوانی دەکرێت و لای هەمووان قبووڵکراوە، جگەلەوەش ناوبراو خەڵکی پارێزگای سەڵاحەددینە کە تاکە پارێزگای سوونییە هیچ سەرۆک پەرلەمانێکی پێشتر خەڵکی ئەو پارێزگایە نەبووە، بە ئەگەری زۆریش هەفتەی داهاتوو ئەم بابەتە یەکلایی دەکرێتەوە.

مارک ساڤایا و جۆی ویڵسن، پێکەوە ئاڵای عێراق بەرزدەکەنەوە و رایدەگەیەنن: جارێکی دیکە عێراق مەزن دەکەنەوە. ماراک ساڤایا، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوی کردەوە، چاوی بە جۆی ویڵسن ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا کەوتووە و کۆبونەوەیەکی گرنگیان ئەنجامداوە. ساڤایا نوسیویەتی: "کۆبونەوەیەکی زۆرباش بوو، جارێکی دیکە عێراق مەزن دەکەینەوە." هەر لەوبارەیەوە، جۆی ویڵسن لە تۆڕی ئێکس نوسیوویەتی: خۆشحاڵ بووە بە میوانداریکردنی مارک ساڤایا نێردی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق لە نوسینگەکەم و کۆبونەوەیەکی گرنگمان لەبارەی عێراقەوە ئەنجامداوە. ویڵسن، کە بە لێدوانە سەرنجڕاکێشەکانی لەبارەی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ناسراوە، ئاماژەی بەوەکردووە، بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە لەگەڵ نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا کاردەکات بۆ هێنانەدی خۆشگوزەرانی بۆ عێراق و رزگارکردنی لە ژێر کاریگەریی ئێران، وتووشیەتی: "هیچ کەسێک لەخۆی شایستەتر نییە کار لەسەر ئەو بابەتە بکات بۆ سەرۆک ترەمپ".  جۆی ویڵسن، کۆنگرێسمانی ئەمەریکا وێنەیەکی خۆی لەگەڵ نێردەی ترەمپ بڵاوکردەوە، هەردووکیان ئاڵای عێراقیان بەدەستەوەیە، ئاڵای ئەمەریکا و ئاڵای نوێی سوریاش لە پشتیانەوە دیارە. جۆی ویڵسن: دەبێت عێراق رێز لە ئاسایشی هەرێمی کوردستان بگرێت رۆژی چوارشەممەی رابردوو (10ـی تشرینی یەکەمی 2025)، جۆی ویڵسن لە بڵاوکراوەکەیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نویسیویەتی: "پێزانینم بۆ سەکردایەتی دۆناڵد ترەمپ و مارک ساڤایا هەیە کە دەیەوێت عێراق مەزن بکاتەوە و بە روونی ئەوەی راگەیاندووە چیتر پشتیوانیکردنی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران قبوڵ ناکرێت،" هەروەها نوسیویشیەتی: "کاتی ئەوە هاتووە عێراق لە دەستی ئێران ئازادبکرێت." جۆی ویڵسن داوا دەکات هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان رابگیرێت و نوسیویەتی: "عێراق دەبێت رێز لە ئاسایشی هەرێمی کوردستان بگرێت و کۆتایی بە رێگەدان بە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بهێنێت بۆ سەر هەرێمی کوردستان." ئاماژەی بەوەکردووە: "عێراق دەرفەتێکی هەیە بۆ گەشەسەندن ئەگەر رەفتارەکانی بگۆڕێت،" سەبارەت بە رۆڵی کۆنگرێس لە پشتیوانیکردنی ساڤایا و سنوردارکردنی ئێران نوسیویەتی: "کۆنگرێس ئامادەیە پشتیوانی لە ترەمپ بکات بە زیادکردنی بڕگەیەکی نوێ لە یاسای رێگەپێدانی بەرگریی نیشتیمانی، ئەگەر عێراق هەنگاوی پێویست نەگرێتەبەر بۆ کۆتاییهێنان بە گرووپە چەکدارەکان، ئەوا پاڵپشتییە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ عێراق رابگیرێت، ئەوەش یەکەمجارە بڕگەیەکی هاوشێوە لە کۆنگرێس پەسەند بکرێت." وەک ویڵسن ئاماژەی پێدەکات، ئەوەش لە پێناو راگرتنی پارەی ئەمەریکییەکانە بۆ گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق. سەبارەت بە رۆڵی مارک ساڤایا، کۆنگرێسمانەکە نوسیویەتی: "سوپاسگوزارم بۆ سەرکردایەتی نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ عێراق، کە دڵنیام ئەو یاسایانە جێبەجێدەکات، بە پێچەوانەی ئیدارەی شکستخواردووی جۆ بایدن کە بەرپرسە باڵاکانی ئیدارەکەی وەک برێت مەکگۆرک وەک پارێزەری گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کاری دەکرد." سەبارەت بە هەژموونی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، جۆی وێڵسن نوسیویەتی: "وەک لە چەندین بۆنەی دیکەدا ئاماژەم پێکردووە، عێراق بە تەواوی لە ژێر کۆنترۆڵی ئێراندایە، ئاسایشی عێراق لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی وەک کەتائیبی حیزبوڵڵا، عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتائیبی ئیمام عەلی بەڕێوەدەبرێت، هەروەها لە سیستمی دادوەرییەکەی لەلایەن دادوەری گەندەڵ فایەق زێدان-ەوە بەڕێوەدەبرێت، پۆلیسەکەی لەلایەن گرووپەکانی بەدر و سیستمە سیاسییەکەی لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی نزیک لە ئێران بەڕێوەدەبرێن." "کاتێک ئەوە دۆخی عێراق بێت، گرنگ نییە کێ هەڵبژاردنەکان دەباتەوە یان کێ حکومەت دروست دەکات، چونکە ئێران رۆچووەتە نێو هەموو جومگەکانی عێراقەوە،" هەروەها نوسیویەتی عێراق دەبێت ئەم هەلە بقۆزێتەوە و رەفتارەکانی خۆی بگۆرێت، پێش ئەوەی زۆر درەنگ بێت، دەبێت هەنگاوی راستەقینە بۆ چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بگیرێتەبەر" ویڵسن وای نوسیوە.

ئەمریکا هۆشداریداوە و مارک ساڤایاش هەڕەشە دەکات واشنتن دەستی بە جموجوڵی نوێ کردووە بۆ جڵەوکردنی ئەو میلیشیایانە ئامادەکردنی هاوڵاتی ئەمجارە هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر میلیشیاکانی ئێران لە عێراق جیاوازە و بەراوشکاوی بە بەرپرسانی بەغدای گوتووە، رازی نابن ئەو میلیشیایانە هیچ دەسەڵاتێکیان هەبێت، ئەگەر نا هەموو بژاردەیەکیان لەبەردەمدا کراوەیە و هێرشی ئاسمانیش یەکێک دەبێت لەو بژاردانە. واشنتن لە هەوڵی ئەوەدایە حکومەتی داهاتووی عێراق بەبێ دەستوەردان و هەژموونی ئەو میلیشیایانە پێکبێت. رۆژنامەی عەرەبی جەدید دەڵێت، واشنتن کۆمەڵە سزایەکی تووندی ئامادەکردووە و لیستێکی رادەستی حکومەتی عێراق کردووە کە ناوی کۆمەڵێک کەسی بەناوبانگی تێدایە کە ئێستا پەرلەمانتاران و نزیکن لە گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران.  فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، هەمان شتی لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی حەدەس پستڕاستکردەوە و گوتی، لایەنی ئەمەریکی لیستی ناوی ژمارەیەک کەسایەتی و گروپە چەکدارەکانی رادەستی حکومەتی عێراق کردووە و واشنتن لەسەر ئەو ناوانە گفتوگۆ لەگەڵ هیچ لایەنێک ناکات، بەڵکو بەپێی سیاسەت و یاساکانی خۆی مامەڵە دەکات. پێش هەڵبژاردنی عێراق، پێگەی ئێران ئینتەرناشناڵ لە زاری بەرپرسێکی باڵای هەرێمی کوردستانەوە بڵاویکردەوە، کۆشکی سپی هۆشداری بە بەغدا داوە بەهیچ جۆرێک دان بە حکومەتی نوێی عێراقدا نانێت ئەگەر تەنها یەک وەزارەتیش بدرێت بە میلیشیاکانی ئێران. مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ عێراق، بەشێوەیەکی ناراستەوخۆ باسی لەمە کرد و پەیامێکی تووندی ئاراستەی سەرکردە باڵاکانی عێراق کرد کە نەکەن بەهیچ شێوەیەک حکومەتی داهاتووی عێراق رادەستی میلیشیاکانی ئێران بکەن. لە کۆتایی هەفتەی رابردوو، مارک ساڤایا لە تۆڕی ئێکس نووسی: هیچ دەوڵەتێک سەرکەوتوو نابێت لەکاتێکدا گرووپە چەکدارەکان بەربەرەکانێی حکومەت بکەن و لە دەسەڵاتی دەربچن.  مارک ساڤایا بەراشکاوی پەیامی بۆ سەرکردە عێراقییەکان نارد و گوتی: بڕیاری داهاتووی عێراق لەدەست خۆتانە و ئێوە بڕیار دەدەن وڵاتەکە بەرەو سەروەری هەنگاو بنێت یان بگەڕێتەوە بۆ پەرتبوون و لاوازی. ئەگەر بڕیارێکی دروست و عاقڵانە بدەن ئەوا عێراق پێگەیەکی سەقامگیر و رێزلێگیراوی لەنێو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، بەڵام ئەگەر وانەکەن رووبەڕووی داخزانی ئابووری، شپرزەیی سیاسیی و پەراوێزبوونی نێودەوڵەتی دەبنەوە.  میلیشیاکانی عێراق لە مارک ساڤایا تووڕەن و بە "خیانەتکار" ناویدەبەن. لەم هەفتەیەدا ئەبو عەلی عەسکەری، گوتەبێژی کەتائیبی حزبوڵا هۆشداری بە سیاسەتمەدارانی عێراقدا کە مامەڵە لەگەڵ "ساڤایای خیانەتکار" نەکەن، ئەگەر نا خەڵک وەک داردەستە و ئامرازی ئەمریکا سەیرتان دەکەن. گرووپەکە پێشتریش هەڕەشەی ناردنەوەی ساڤایای بۆ ئەمریکا کردووە. هەر ئەمەش نییە، ئەکرەم ئەلکەعبی، سەرۆکی حەرەکاتی نوجەبا لە سەرەتای ئەم مانگەوە هەڕەشەی لە سیاسەتمەداران کرد و گوتی: ئەگەر ساڤایا بێدەنگ نەکەن، خۆمان دێین و بەردێک دەخزێنینە ناو دەمی. پێشتر پیت هێگسس، وەزیری جەنگی ئەمریکا، تووندترین هەڕەشەی لە حکومەتی عێراق کرد و گوتی: هەر دەستوەردانێکی گرووپە میلیشیاکان لە کاروبارەکانی ئەمریکادا، وەڵامەکەی هێرشی تووند دەبێت و ئێستا ئەو گرووپانە لەبن دەستماندان.  هێگسس لە پەیوەندییەکی تەلەفونی 11 خولەکیدا ئەمەی بە هاوتا عێراقییەکەی گوت و لە کۆتە قسەشیدا گوتوویەتی: ئەمە دواین ئاگادارکردنەوەیە و خۆت باش دەزانیت ئیدارەی ئێستای ئەمریکا وەڵامی چۆن دەبێت.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی خزمەتگوزاری و بووژاندنەوەی چەمچەماڵ رایگەیاند، بڕی پارەی کۆکراوە بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو گەیشتووەتە نزیکەی 10 ملیار دینار و تەواوی زیانلێکەوتووان بە "پارەی کاش" قەرەبوو دەکرێنەوە؛ دەشڵێت: "ئەو پارەیەی دەمێنێتەوە دەکرێتە پرۆژەی خزمەتگوزاری." ئەمڕۆ چوارشەممە 17-12-2025، عەتا محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی خزمەتگوزاری و بووژاندنەوەی چەمچەماڵ لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 10 ملیار دینار خراوەتە سەر هەژمارە بانکییەکانی تایبەت بە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ. عەتا محەممەد گوتی: "بڕیارمانداوە هەموو زیانلێکەوتوویەکی لافاو بە (پارەی کاش) قەرەبوو بکرێنەوە، بۆ ئەوەی خۆیان بە خواستی خۆیان و بەپێی پێداویستییەکانیان کەلوپەل بۆ ماڵەکانیان بکڕنەوە." لەبارەی هۆکاری دابەشکردنی پارە لەبری کەلوپەل، سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە گوتی: "ئامانج لەم بڕیارە ئەوەیە پارەکە بچێتەوە نێو بازاڕی چەمچەماڵ، دەستاودەست بکات و جووڵە بخاتەوە نێو بازاڕی قەزاکە."   بەگوێرەی ئەو داتابەیسەی لەلایەن لیژنەکانەوە ئامادەکراوە و هەر زیانلێکەوتوویەک کۆدی بۆ کراوە. قەرەبووەکان بەپێی پۆلێنکردنی زیانەکان بەسەر سێ قۆناخدا دابەش دەکرێن:  قۆناخی یەکەم: قەرەبووکردنەوەی خاوەن ماڵەکان. قۆناخی دووەم: قەرەبووکردنەوەی خاوەن دووکان و کۆگا بازرگانییەکان. قۆناخی سێیەم: قەرەبووکردنەوەی خاوەن ئۆتۆمبێلە زیانلێکەوتووەکان. سەرۆکی کۆمیسیۆنی خزمەتگوزاری و بووژاندنەوەی چەمچەماڵ ئاماری زیانەکانی بەمجۆرە خستەڕوو: 1298 ماڵ زیانیان بەرکەوتووە. 210 دووکان و کۆگای بازرگانی زیانیان بەرکەوتووە. 569 ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتووە.   عەتا محەممەد دڵنیایی دایە هاونیشتمانییان و گوتی: "تەواوی پرۆسەی دابەشکردنی قەرەبووەکان بەشێوەی پەخشی راستەوخۆ لە کەناڵەکانی راگەیاندنەوە بڵاودەکرێتەوە، بەوپەڕی شەفافییەت و بە پێوەرەکانی دەستپاکی."

ڤلادمیر پوتین رێگری چی لێدەکات؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی زیاتر لە ساڵێک تێپەڕدەبێت بەسەر کەوتنی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد. هەرچەندە زانیارییەکان لەبارەی ژیانی لە دەرەوەی وڵات کەمن، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ئێستا لە گەڕەکی روبلیڤکای مۆسکۆ دەژی کە گەڕەکێکی بەناوبانگ و گرانبەهایە  لە رووسیا. بەپێچەوانەی پێشبینییەکان، ئێستا ئەسەد سەرقاڵی فێربوونی زمانی رووسییە و گەڕاوەتەوە بۆ کاری پزیشکی لە بواری چاو و کێشەکانی بینین، ئەمەش وەک خولیایەکی لەمێژینەی خۆی نەوەک وەک پیشە و کارکردن. گاردیان دەڵێت، ئەسما ئەسەدی خێزانی ئەسەد نەخۆشی شێرپەنجەی تێپەڕاندووە و چاکبووەتەوە، ئێستا ژیانی ئاسایی خۆی بەڕێدەکات. بەگوێرەی راپۆرتەکە، منداڵەکانی بەشار ئەسەد هەر لە مۆسکۆ دەژین، بەڵام هەندێکجار سەردانی ئیمارات دەکەن و لە هەوڵی بەدەستهێنانی مۆڵەتی مانەوەی یەکجارین، چونکە کێشەی فێربوونی زمانی رووسییان هەیە. هەرچەندە ئەسەد ماوەی ساڵێکە بێدەنگە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی گاردیان، کە لە سەرچاوەیەکی کۆشکی کریملنەوە وەریگرتووە، ئێستا پوتین زۆر حەز بە دیداری بەشار نەکات چونکە هیچ رۆڵ و پێگەیەکی لە سوریا نەماوە، بۆیە سەرۆکی روسیا لێدوان و چالاکی سیاسی لەنێو وڵاتەکەی لێ قەدەغەکردووە. بەشار ئەسەد لە مانگی رابردوو ویستوویەتی چاوپێکەوتن لەگەڵ کەناڵی ئاڕ تی رووسی و بەشداریی پۆدکاستێکی ئەمریکیدا بکات، بۆ ئەمەش داوای مۆڵەتی لە کریملن کردووە، بەڵام بە زوویی داواکەیان رەتکردووەتەوە و رێگەیان نەداوە. سەرچاوەکەی کۆشکی کریملن دەڵێت: بەشار دەتوانێت لێرە بژی، بەڵام دەبێت چالاکی سیاسی نەکات. سەبارەت بە خەرجییەکانیشی دەڵێت: ئەسەد بە ماوەیەک پێش جێهێشتنی سوریا بەشێکی زۆری سامانەکەی رەوانەی روسیا کردووە و ئێستاش هەندێک هاوڕێی پارەی بۆ دەنێرن. پێشتر لە راپۆرتیکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکراکرا بەشار ئەسەد و خێزانەکەی خاوەنی یەک بۆ دوو ملیار دۆلارن، بەڵام میدیا جیهانییەکان باس لەوە دەکەن ئەوە بەشێکی کەمی سامانەکەیەتی و بڕە راستەقینەکە دەگاتە 22 ملیار دۆلار. رۆژنامەی فاینانشڵ تایمزی بەریتانی ساڵێک لەمەوبەر و لەدوای رووخانی رژێمەکەی ئەسەد ئاشکرایکرد، بە تەنها لەنێوان ساڵانی 2018 بۆ 2019 بەشار ئەسەد 250 ملیۆن دۆلاری بۆ مۆسکۆ گواستووەتەوە.