وتەبێژی حكومەتی عێراق ڕایگەیاند: لوتكەی بەغداد یەكێك دەبێت لە گرنگترین لوتكەكان و تێیدا تاوتوێی سەرجەم ئاستەنگەكانی غەزە، كەرتی ڕۆژئاوا، سووریا و لوبنان دەكرێت، دەشڵێت: ئێمە ڕۆڵمان لە ئاگربەستی نێوان ئەمریكا و حووسییەكان هەبووە. باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی عێراق سەبارەت بە بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەكانی لوتكەی عەرەبی لە بەغداد و هەوڵەكانیان بۆ نێوەندگیری لەنێوان ئەمریكا و حووسییەكان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا زانیاری نوێ دەخاتەڕوو. باسم عەوادی ڕایگەیاند: عێراق داوای نەكردووە بەشداری لە كۆبوونەوەكانی نێوان ئەمریكا لە سعودیە بكات، هەروەها داوای ئامادەبوونیشی لێ نەكرا، بەڵام ئێمە هەوڵ دەدەین پەیوەندییەكانمان لەگەڵ سعودیە بگەیەنینە قۆناغی كاری هاوبەش. ئاماژەی بەوەشكرد: لوتكەی بەغداد یەكێك دەبێت لە گرنگترین لوتكەكان و تێیدا تاوتوێی سەرجەم ئاستەنگەكانی غەزە، كەرتی ڕۆژئاوا، سووریا و لوبنان دەكرێت. دەشڵێت: عێراق ڕۆڵی هەبووە لە گەیشتن بە ڕێككەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئەمریكا و حوسییەكان. بڕیارە سبەینێ كۆبوونەوەكانی لوتكەی عەرەبی لە بەغداد بە بەشداری چەندین سەرۆكی وڵاتانی عەرەبی و نوێنەری وڵاتانی ئەوروپی و ڕێكخراوەكان بەڕێوەبچێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کە ئەمڕۆ لە ئیماراتە لەچوارچێوەی سەردانەکەی خۆی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئیماراتە، ڕایگەیاند: ئیمارات بڕیاریداوە 1.4 ترلیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمەریکا بکات. ئەمڕۆ هەینی، 16ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند: ئیمارات ڕایگەیاندووە، وەبەرهێنان لە ئەمریکا دەکات، گوتیشی: واشنتن و ئەبوزەبی ڕێککەوتوون لەسەر کردنەوەی ڕێڕەوێک کە ڕێگە بە ئیمارات بدات، کەرەستەی پێشکەوتووی ژیریی دەستکرد لە کۆمپانیا ئەمەریکییەکان بکڕێت. دۆناڵد گوتی: ئیمارات و قەتەر و سعوودیە بۆ ئێمە گرنگن، بەتایبەتیش لەسەر ئاستی پەیوەندیی کەسیی. لەبارەی پەیوەندییەکانیش لەگەڵ چین و بەریتانیا، سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی بازرگانیی زۆر باش لەگەڵ بەریتانیا و چین. دۆناڵد ترەمپ ئاشکرای کرد، بە بەهای 12-14 ترلیۆن دۆلار، کە هەندێکیان پێشتر ڕاگەیەندراون و هەندێکی دیکەش بەم نزیکانە ڕادەگەیەنرێن، ڕێککەوتن بۆ وەبەرهێنان لە ئەمەریکا لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کراون، ڕاشتگەیاند: 150 وڵات ئامادەن لەبارەی باجە گومرگییەکان لەگەڵ ئەمەریکا ڕێکبکەون. سەرۆکی ئەمەریکا تیشکی خستە سەر ئەوەی، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیمارات لەبەرزترین ئاستدایە و ئەو پەیوەندییانەش ئەنجامی زۆر باشی دەبێت. چوارشەممەی ڕابردوو 14ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر، ژمارەیەک ڕێککەوتنی بازرگانی و سەربازییان ئیمزا کرد. لەم بارەیەوە، سەرۆکی ئەمەریکا، گوتی: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ قەتەر لە ئاستێکی زۆر باشدان، کاری زۆرمان هەیە پێکەوە بیکەین و ئەمەریکا هەمیشە یارمەتییان دەدات. ئاماژەی بەوەشکرد، هێڵی ئاسمانیی قەتەری، بە بەهای 200 ملیار دۆلار، 160 فڕۆکەی جۆری بۆینگ لە ئەمەریکا دەکڕێت. سێشەممەی ڕابردوو 13ـی ئایاری 2025، کۆشکی سپی ئاشکرای کرد، واشنتن و ڕیاز گەورەترین ڕێککەوتنی سەربازییان لە مێژژودا ئیمزا کرد بۆ کڕینی چەک کە بەهاکەی 142 ملیار دۆلارە، کۆشکی سپی ڕاشیگەیاند: کۆمپانیایەکی سعوودیە بە بەهای 20 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە بواری ژیریی دەستکرد لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکات.
بەپێی سەرچاوەیەکی تورکیا، یەکەم کۆبوونەوەی نێوان ئەمریکی و ئۆکراینی و تورکەکان ڕۆژی هەینی لە ئەستەنبوڵ دەستیپێکردووە، بۆ تاوتوێکردنی ئاگربەستی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا. خولێکی نوێی دانوستانەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا بە ئامادەنەبوونی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکى ڕوسیا لە ئەستەنبوڵ بەڕێوەدەچێت، ئەمەش دوای ئەوەی ڕۆژی پێشوو دواخرا. سەرچاوەکانى وەزارەتى دەرەوەى تورکیا ڕایانگەیاند، لەچوارچێوەى هەوڵە دیپلۆماسیەکان بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕى ئۆکرانیا، بەرپرسانى باڵاى تورکیا ڕۆژی هەینی لەدوو کۆبوونەوەى سێ قۆڵی له ئیستەنبوڵ به شداری دەکات. ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دیدارێک لەنێوان بەرپرسانی تورکیا، ئەمریکی و ئۆکرانیا ئەنجام دەدرێت، دواتر گفتوگۆ لەنێوان شاندەکانی تورکیا، ڕوسیا و ئۆکرانیا ئەنجامدەدرێت. شاندەکەی ڕووسیا بە سەرۆکایەتی ڤلادیمێر مەدینسکی ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری ڕووسیا و ئۆکرانیاش بە نوێنەرایەتی ڕوستەم ئومێرۆڤ وەزیری بەرگری وڵاتەکەیە. هەروەها بەرپرسانی ئەمەریکا لە نێویاندا مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش ئامادەن. گفتوگۆکان لەسەر گەیشتن بە ئاگربەستێکی ٣٠ ڕۆژە دەبێت. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت پرسە مرۆییەکان لەسەر مێزی دانوستان ئامادەبن و گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت. سەرچاوەکانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ئەنقەرە، ئێوارەی پێنجشەممە ڕایانگەیاند، یەکەم دیداری ڕاستەوخۆی نێوان هەردوو وڵات لە ماوەی سێ ساڵدا بە ئامادەبوونی نوێنەرانی تورکیا بەڕێوەدەچێت. لە ئیستانبوڵ گەڕێكی دانوستانی راستەوخۆی نێوان روسیاو ئۆكرانیا دەستیپیكرد، ئەمەش دوای سێ ساڵ دابڕان. ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا رایگەیاند لە توركیا چاوی بە ڤیلادیمیر پۆتینی سەرۆكی روسیا دەكەوێت، بەڵام دەركەوت پۆتین نایەوێت ئەو ببینێت. زیلینسكی نائامادەیی وەفدی باڵای روسیای لە كۆبوونەوەكانی ئەنكەرەدا بە "سوكایەتی" ناوبردو رەخنەی لە ئامادەنەبوونی سەرۆكی روسیا گرت و وتی:" پۆتین نەهاتووە بۆ ئەنكەرە، ئێمەش ناتوانین بەردەوام لەسەرانسەری جیهان بەدوای ئەودا رابكەین" سەرۆكی ئۆكرانیا ئاماژەی بەوەكرد، سەرۆكی روسیا پاشەكشێی كردووە لە دیداری راستەوخۆی نێوانیان، بۆیە پێناچێت مۆسكۆ جددی بێت دانوستانی ئاشتیی و گەیشتن بە چارەسەری دیپلۆماسیی، بەڵام سەرباری ئەوەش، ئەو وەفدی ئۆكرانیای رەوانەی ئیستانبوڵ كردووە بۆ دانوستان.
بەرگریی شارستانیی هەولێر لەبارەی گیانلەدەستدانی دوو کارمەندی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان، دەڵێت، لەکاتی هەوڵدان بۆ دەرهێنانی تەرمی هاووڵاتییەک گیانیان لەدەستداوە. بەرگریی شارستانی دەڵێت: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 4:11 خولەک تیمەکانی بەرگری شارستانی پارێزگای هەولێر لە بوونی حاڵەتێکی خنکان ئاگادار کرانەوە کە هاوڵاتیەکی بە رەگەز عەرەب بووە لەنێو کۆگایەکی هەڵگرتنی بەرهەمە نەوتیەکانی یەکێک لە پاڵاوگەکانی سنووری ناحیەی شەمامک خنکاوە." بەگوێرەی کەسوکاری، ئەو گەنجە عەرەبی خنکاوە ناوی عەبدوڵڵا رسلان هاشمە و تەمەنی 25 ساڵە. عەبدوڵڵا خێزاندار بووە و باوکی منداڵێک بووە. بەگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، تیمەکانیان دەستبەجێ بەڕێکەوتن بۆ دەرهێنانی تەرمی هاوڵاتیەکە، "دوای گەیشتنی تیمی رزگارکردنی سەر بە بەڕێوبەرایەتی بەرگریی شارستانیی هەولێر، بەداخەوە دوو کارمەندی تیمی رزگارکردنی سەر بە بەڕێوبەرایەتی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە ناوەکانی رێپێدراوی پۆلیسی پلە/8 (یوسف شەریف حەسەن) لەگەل پۆلیسی پیادە پلە/4 (سەباح سەلیم) لە کاتی ئەرک و هەوڵدان بۆ دەرهێنانی تەرمی هاووڵاتییەکە گیانیان لەدەستدا." رووداوەکە بەرەبەیانی هەینی لە بەنزینخانەی کۆچەر لە ناحیەی شەمامک لە پارێزگای هەولێر کە بەشی دواوەی پاڵاوگەیەکی نایاساییە روویداوە. ئەفسەرێکی باڵای بەرگریی شارستانیی هەولێر ڕایگەیاند: "دوو کارمەندەکە دوو لە بە ئەزموونترین و چالاکترین کارمەندەکانمان بوون، بە کاریگەری پاشماوەی بۆنی تانکییەکە گیانیان لەدەستداوە." بەگوێرەی زانیارییەکان، دوای ئەوەی هاووڵاتییەکە کەوتووەتە نێو تانکییەکە، کارمەندێکی بەرگریی شارستانی هەوڵی دەرهێنانی تەرمەکەی داوە، بەڵام بەهۆی بۆنی گازەوە بێهۆش کەوتووە. دواتر، کارمەندێکی دیکەی بەرگریی شارستانی هەوڵی رزگارکردنی هاوڕێکەی داوە، بەڵام ئەویش بێهۆش کەوتووە و دواتر گیانی لەدەستداوە.
ڕۆژنامەی مەعاریف ئیسرائیلی ڕایگەیاندووە، لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، هێزە ئاسمانییەکان زیاتر لە 100 هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر کەرتی غەززە لە فەڵەستین. سەرچاوەیەکی سووپای ئیسرائیل بە ڕۆژنامەی مەعاریفی ڕاگەیاندووە، ئەو هێرشە چڕانە لەچوارچێوەی ئەو ئامادەکارییانەدایە کە دەکرێت بۆ ئایندەی کەرتەکە. دوای هێرشە ئاسمانییەکانیش، مێدیاکانی فەڵەستین ڕایانگەیاند: زیاتر لە 100 کەس بەهۆی هێرشەکانی دوێنێ شەوی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، کوژراون و بێ سەروشوێن بوون. ئەو هێرشەی ئیسرائیل لە کاتێکدایە، دوێنێ پێنجشهممه، 15ـی ئایاری 2025، باسم نهعیم، ئهندامی مهكتهبی سیاسی و سهرۆكی فهرمانگهی سیاسیی بزووتنهوهی حهماسی فهڵهستینی له كهرتی غهززه له لێدوانێكی ڕۆژنامهوانیدا ڕایگهیاندبوو، بزووتنهوهكهیان پێشنیازێكی بۆ ڕێككهوتنی ئاگربهست لهگهڵ ئیسرائیل له ڕێگهی نێوهندگیرهكان و ڕاستهوخۆش لهگهڵ كهسایهتییهكانی حكوومهتی ئهمهریكا پێشكهش كردووه. باسم نهعیم ئاماژهی بهوهش كردبوو، دۆناڵد ترهمپ، سهرۆكی ئهمهریكا توانای نێوهندگیرییهكی ڕاستهقینهی ههیه و دهتوانێت كۆتایی به شهڕی غهززه بهێنێت. چوارشەممەی ڕابردوو 14ـی ئایاری 2025، لە لوتکەی کەنداو-ئەمەریکی لە ڕیازی پایتەختی سعوودییە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە گوتەیەکیدا گوتی: هیوادارین سەقامگیر و شکۆمەندی بۆ هاووڵاتییانی غەززە بەدەست بهێنن.
یەکەم کاروانى حاجییانى هەرێمى کوردستان لە رێگەی وشکانییەوە بەرەو مەککە بەڕێکەوت، رۆژى 19ى ئایاریش یەکەم کاروانى حاجییان بە رێگای ئاسمانی دەچێتە مەککە. شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، بەرێوەبەری گشتیی حەج و عومرەى هەرێمى کوردستان راگەیاند، ئەمڕۆ یەکەم کاروانی حاجییانی سنوورى پارێزگاکانى سلێمانى، هەڵەبجە و ئیدارەى گەرمیان و راپەڕینیان بەڕێکردووە بەرەو سعودیە کە ژمارەیان زیاتر لە 700 کەس بووە. گوتیشى، سبەى حاجییانى سنوورى پارێزگاکانى هەولێر و دهۆکیش بەڕێگاى وشکانى بەڕێدەکەن و رۆژى 19ى مانگیش یەکەم گەشتى ئاسمانى حاجیانى هەرێمى کوردستان دەستپێدەکات و رۆژى 28ى مانگیش کۆتا گەشتى حاجییانە بەڕێگەى ئاسمانى. ژمارەیەک لە حاجییانى هەرێمى کوردستانیش بە کەناڵ8یان گوت ، پرۆسەکە زۆر بە باشى بەڕێوەدەچێت و هیچ گرفتێکیان بۆ دروستنەبووە، هیواش دەخوازن بەسەرکەوتووى گەشتەکەیان ئەنجامبدەن. پێشتریش، کاروان ستونی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان راگەیاند، ئەمساڵ کۆی حاجییانی هەرێمى کوردستان پێنج هەزار و 136 کەسە، لەو ژمارەیەش نزیکەى 300 کەسیان تەمەنیان سەروو 70 ساڵە کاروان ستونی ئاماژەى بەوەشکرد، لە رۆژی 19ـی مانگەوە تاوەکو 28 مانگ، بەشێکی دیکەی حاجییانی هەرێمی کوردستان بە رێگای ئاسمانی دەچنە مەککە. بەگوێرەى بەڕێوەبەرایەتیی حهج و عومرهى ههرێمی كوردستان، حاجییان بڕى دوو ههزار دۆلاریان به نرخى فەرمی کە 132 ههزار دینارە بۆ دەگۆڕدرێتەوە لەکاتێکدا لە بازاڕەکان هەر 100 دۆلارێک 142 هەزار دینارە. رۆژى 15ى ئایارى 2025، یەکەم کاروانی حاجییانی عێراق کە ژمارەیان چوار هەزار و 581 کەس بوو لە رێگای دەروازەی سنووری عەرعەرەوە بە 192 پاس بەڕێکەوتن، کۆی ژمارەی حاجیانی عێراقیش بۆ ئەمساڵ 39 هەزار حاجییە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، ئەمڕۆ کۆبوونەوەی نێوان نوێنەرانی ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا لەگەڵ نوێنەرانی ئێران بەڕێوەدەچێت، بەڵام دانوستانێک لەگەڵ تاران لە ئارادا نابێت، بەڵکو تەنیا کۆبوونەوەیەک سازدەکرێت کە تەوەری سەرەکییەکەی لەسەر پرسی ئەتۆمیی ئێرانە. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنساش پشتڕاستیکردەوە، کە گفتوگۆکانی سێ وڵاتی ئەورووپی و ئێران لە ئەستەنبۆڵ بەڕێوەدەچێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ قەیرانی ئەتۆمیی ئێران لە بارودۆخێکدا کە کات کەمە. پێشتر چوار خولی کۆبوونەوە لەنێوان جێگرانی وەزیری دەرەوەی ئێران و بەڕێوەبەرانی سیاسیی وەزارەتەکانی دەرەوەی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا بەڕێوەچووە، کە بە گوتەی دیپلۆماتکارانی ئەورووپی، بێ ئەنجام بووە. بەرلین، پاریس و لەندەن هەڕەشەیان کردووە لە ئەگەری چارەسەرنەکردنی پرسی ئەتۆمیی ئێران، گەڕانەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئێران چالاک دەکەن.
مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی هاوتا سورییەکەی تاوتوێی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و دیمەشقی کرد، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی سەر سوریای ڕاگەیاند. بە وتەی بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕوبیۆ کە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ سەردانی شاری ئەنتاڵیای تورکیا دەکات، لەگەڵ شەیبانی وتووێژی کردووە. ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەیەک بەرپرسی باڵای تورکیا بەشدارییان لە کۆبوونەوە داخراوەکەدا کردووە، لەنێویاندا هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا. لە سەردانەکەیدا بۆ ڕیاز ڕۆژی سێشەممە، ترەمپ ڕایگەیاند، ئەو سزایانە هەڵدەگرێت کە لە سەردەمی بەشار ئەسەدەوە بەسەر دیمەشقدا سەپێنراون، ئاماژەی بەوەشکرد کە دەیەوێت "دەرفەتێک" بۆ گەشەسەندنی سوریا بڕەخسێنێت. هەروەها لە ڕیاز، ترەمپ لەگەڵ ئەحمەد شەراع، سەرۆکی سوریا کۆبووەوە.کۆشکی سپی ڕۆژی چوارشەممە پشتڕاستی کردەوە کە ترەمپ لە میانی دیدارەکەیاندا کۆمەڵێک داواکاری پێشکەش بە شەرع کرد. فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و وەزیری دەرەوەی سووریا پێشوازی لە بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا بۆ هەڵگرتنی سزاکان لەسەر سووریا دەکەن. وەزیری دەرەوە دەڵێت، بڕیارەکە "خاڵی وەچەرخان دەبێت بۆ سووریا." رۆژی سێشەممە 13ی ئایاری 2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکدا لە سعودیە باسی لە سیاسەتی ئیدارەکەی بەرامبەر سووریا کرد و رایگەیاند، بڕیاری داوە سەرجەم سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرێت، "تاوەکو دەرفەتێکیان پێ بدات بۆ گەیشتن بە داهاتوویەکی پرشنگدار." دوای ئەو بڕیارە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس سوپاسی ترەمپی کرد و بڕیارەکەی بە هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە ناوبرد. هاوکات ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا پێشوازیی لەو هەنگاوەی سەرۆکی ئەمریکا کرد و رایگەیاند، "ئەو بڕیارە خاڵی وەچەرخان دەبێت بۆ سووریەکان، تاوەکو بتوانن بەرەو پێشەوە بڕۆن و هەنگاوی کردەیی بنێن لە بونیاتنانەوەی سووریا، دوای چەندین ساڵ لە جەنگ و وێرانکاری." هەفتەی رابردوو، لەکاتی سەردانەکەی بۆ پاریس و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆقۆناخی راگوزەر رایگەیاند، هیچ رەوایەتییەک بۆ بەردەوامی سزاکانی ئەمریکا لەسەر سووریا نییە.
بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماس ڕۆژی پێنجشەممە دووپاتی کردەوە کە غەززە "بۆ فرۆشتن نییە"، ئەمەش وەک وەڵامێک بوو لەسەر لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە تێیدا خواستی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ "گرتنەوەی" کەرتی و گۆڕینی بۆ "ناوچەی ئازادی". دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا پێشتر رایگەیاند کە دەیەوێت غەزە بکات بە 'ناوچەیەکی ئازاد' و لەژێر دەستی حەماس دەریبێنێت. باسم نەعیم ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی: غەززە بەشێکی دانەبڕاوە لە خاکەکانی فەلەستین، نەک موڵکێک بۆ فرۆشتن لە بازاڕی کراوەدا. هاوکات باسم نەعیم جەختی لەوە کردەوە کە ڕێگەدان بە هاوکارییەکان بۆ ناو غەززە "کەمترین" مەرجە بۆ دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل کە لە سەرەتای مانگی ئازارەوە گەمارۆی توندی بەسەر کەرتی غەززەدا سەپاندووە. ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی حەماس دەڵێت، کەمترین شت بۆ کەشێکی لەبار و بنیاتنەر بۆ دانوستاندن، پابەندکردنی حکومەتەکەی (بنیامین) سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلە بۆ کردنەوەی دەروازەکان و ڕێگەدان بە هاتنە ژوورەوەی هاوکارییە مرۆییەکان و خۆراک و پزیشکییەکان. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە دیسانەوە پێشنیاری کۆنترۆڵکردنی غەززەی لەلایەن ئەمریکاوە کردەوە و بیرۆکەی "ناوچەی ئازاد" و دووبارە گەشەپێدانی ئەو ناوچە جەنگاوەرەی خستەڕوو. ترەمپ لە میانی کۆبوونەوەی مێزی دەوری بازرگانیدا لە دۆحە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای قەتەر وتی: ئەگەر پێویست بکات، پێموایە شانازی دەکەم کە ئەمریکا خاوەنی کەرتی غەززە بێت و دەستی بەسەردا بگرێت و بیکاتە ناوچەیەکی ئازاد. ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، "وێنەی ئاسمانی بینیوە کە نزیکەی هیچ بینایەک بەپێوە نەماوە وەک ئەوە نییە هەوڵی ڕزگارکردنی هیچ شتێک بدەیت. هیچ بینایەک نییە. خەڵک لەناو داروپەردووی بینا ڕووخاوەکاندا دەژین، ئەمەش قبوڵ ناکرێت". لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دەمەوێت غەززە وەک ناوچەیەکی ئازاد ببینم، ئەگەر پێویست بکات، پێموایە شانازی دەکەم ئەگەر ئەمریکا خاوەندارێتی بکات و بیکاتە ناوچەیەکی ئازاد، با شتی باش هەبێت. ترەمپ پێشتر ڕایگەیاندبوو، دەیەوێت غەززە بکاتە "ریڤێرای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست". هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، با هەندێک شتی باش ڕووبدەن، با خەڵک بگەڕێنینەوە ماڵەوە لەو شوێنەی کە سەلامەت بن، دەبێت مامەڵە لەگەڵ حەماسدا بکەین.
ڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، ڕایگەیاند، "ئامادەیە" بۆ ئەنجامدانی "گفتوگۆی ڕاستەوخۆ" لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین هاوتا ڕووسییەکەی، نیگەرانى و داخى ئەوەشى دەربڕی کە ڕووسیا دانوستانەکان بە "جددی" وەرناگرێت بە ناردنی شاندێک بە سەرۆکایەتی ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی. لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوای دیدار لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا ڕایگەیاند، "من لێرەم، ئامادەین دانوستانی ڕاستەوخۆ ئەنجامبدەین". ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، "بەداخەوە (ڕووسەکان) دانوستانەکان بەجددی وەرناگرن"، ئاماژەی بە پێکهاتەی شاندەکە کرد کە لەلایەن مۆسکۆوە نێردراوە. لە ئیستانبوڵ گەڕێكی دانوستانی راستەوخۆی نێوان روسیاو ئۆكرانیا دەستیپیكرد، ئەمەش دوای سێ ساڵ دابڕان. ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا رایگەیاند لە توركیا چاوی بە ڤیلادیمیر پۆتینی سەرۆكی روسیا دەكەوێت، بەڵام دەركەوت پۆتین نایەوێت ئەو ببینێت. زیلینسكی نائامادەیی وەفدی باڵای روسیای لە كۆبوونەوەكانی ئەنكەرەدا بە "سوكایەتی" ناوبردو رەخنەی لە ئامادەنەبوونی سەرۆكی روسیا گرت و وتی:" پۆتین نەهاتووە بۆ ئەنكەرە، ئێمەش ناتوانین بەردەوام لەسەرانسەری جیهان بەدوای ئەودا رابكەین" سەرۆكی ئۆكرانیا ئاماژەی بەوەكرد، سەرۆكی روسیا پاشەكشێی كردووە لە دیداری راستەوخۆی نێوانیان، بۆیە پێناچێت مۆسكۆ جددی بێت دانوستانی ئاشتیی و گەیشتن بە چارەسەری دیپلۆماسیی، بەڵام سەرباری ئەوەش، ئەو وەفدی ئۆكرانیای رەوانەی ئیستانبوڵ كردووە بۆ دانوستان. زیلینسكی باسی لەوەكرد، ئەو هێشتاش ئامادەیە بۆ چونە ناو دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ روسیا، بەو مەرجەی مۆسكۆ پابەندیی خۆی بە كردەوە نیشان بدات بۆ كۆتایهێنان بە جەنگ و بەرقەراركردنی ئاشتیی، خۆ ئەگەر لە دانوستانەكاندا جدیبوونی نیشان نەدا، دەبێت فشاری بەهیزتری لێ بكرێت. ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند، کیێڤ شاندێک بە سەرۆکایەتی ڕوستەم ئومێرۆڤ، وەزیری بەرگری وڵاتەکەی ڕەوانەی ئەستەنبوڵ دەکات، بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکان لەگەڵ تیمێکی ڕووسیا. ڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کە داوای ئاگربەستی بێ مەرجی بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ لەگەڵ ڕووسیا کردووە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرە پشتڕاستی کردەوە کە ناچێتە ئەستەنبوڵ بۆ گفتوگۆکان دوای ئەوەی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا بڕیاریدا بەشداری نەکات، لەبری ئەوە ئەو شتەی نارد کە سەرۆکی ئۆکرانیا بە تیمێکی ئاست نزم وەسفی کرد. لەگەڵ گەیشتنی بۆ ئەنقەرە، زێلێنسکی شاندەکەی ڕووسیای کە یاریدەدەرانی پوتین و جێگرەکانی وەزیرەکانی لەخۆگرتبوو، بە تەنها "فۆتۆکۆپی" وەسفکرد. ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆکرانیا دوای دیدارەکەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، هەنگاوی داهاتووی وڵاتەکەی یەکلایی دەکاتەوە. ناوبراو زیادی کرد: پێویستە لە ئاستی شاندەکەی ڕووسیا تێبگەین و لە ئەرکەکەی و ئایا توانای ئەوەی هەیە هیچ بڕیارێک بدات یان نا. ڕوسیا ڕایگەیاند، تیمەکەی لە ئەستەنبوڵن و ئامادەن کاری زۆر بکەن، ئۆکرانیای تۆمەتبارکرد بەوەی "هەوڵدەدات نمایشێک بکات" لە دەوری دانوستانەکان. رۆژی دووشەممە، ڤۆلۆدمێر زیلینکسی، سەرۆکی ئۆکراینا، دەستپێشخەرییەکی پێشکێشی پووتین کرد و رایگەیاند، ئەو رۆژی پێنجشەممە لە تورکیا چاوەڕێی دەکات و داواشی لە ترەمپ کرد ئامادەی گفتوگۆکان بێت. هەفتەی رابردوو، پووتین پێشنیازی کرد رۆژی پێنجشەممە 15ی مانگ ئۆکراینا و رووسیا گفتوگۆی راستەخۆ بە نێوەندگیریی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بکەن، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ دەستپێشخەرییەکەی ئۆکراینا و وڵاتانی ئەورووپا، کە داوای 30 رۆژ ئاگربەستی بێمەرجیان کردبوو.
پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند، بەهۆی ململانێی چەکداری نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و سوپای تورکیا، یەک لەسەر سێی گوندەکانی سنووری پارێزگاکە وێران بوون و چۆڵکراون. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک پێنجشەممە 15ـی ئایاری 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "بەهۆی ململانێی چەکداریی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا، لە هەرێمی کوردستان، پارێزگای دهۆک زۆرترین زیانی بەرکەوتووە. ئاماژەی بەوەش کرد، نزیکەی 30%ی گوندەکانی پارێزگاکە وێران کراون و بەتەواوی چۆڵکراون، هۆی سەرەکی نەگەڕانەوەی دانیشتووانیش بۆ ناوچەکانیان سیاسەتەکانی پەکەکەیە، هەروەها هاووڵاتیانی ئەو گوندانە زیاتر لە 38 ساڵە، بەهۆی بەردەوامیی گرژییە ئەمنییەکان و بوونی چەکداران، نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانیان. عەلی تەتەر، داوای لە چەکدارانی پەکەکە کرد ئەو گوند و شاخانەی کە تێیدا جێگیرن، چۆڵ بکەن بۆ ئەوەی دانیشتووان بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دەست بە ژیانی ئاسایی خۆیان بکەنەوە. پارێزگار، پاڵپشتیی ئیدارەی پارێزگاکەی بۆ هەوڵەکانی ئاشتی نێوان ئەنقەرە و پەکەکە دووپات کردەوە، هەروەها داوای تەواوکردنی پرۆسەی ئاشتی بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی ناوچەکە و گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی بۆ گوندەکانی سنوورەکە کرد. ڕوونیشی کردەوە "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستاوە دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی هەندێک پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە لە ناوچە زیانبەرکەوتووەکان، لەوانەش قیرتاوکردنی ڕێگای گەلیی باڵندە کە بەرەو ناوچەکانی نێروە و ڕێکان دەڕوات، جگە لە تەواوکردنی ئەو پڕۆژانە لە ناوچەکانی دیکەی وەک ئەو گوندانەی کە دەکەونە بناری چیای گارە و چیای مەتین.
عەلی شەمخانی، راوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەى ئامادەی رێککەوتنی ئەتۆمییە لەگەڵ ئەمریکا بەمەرجی هەڵگرتنی تەواوی سزاکان. شەمخانی، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی (ئێن بی سی نیوز) ئەمریکى ئاماژەى بەوەکردووە، بە مەرجی هەڵگرتنی تەواوی سزاکان، تاران ئامادەیە ئەو ناوەندانە نەهێڵێت، کە یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراویان تێدایە، هەروەها تەنیا بە رێژەی پێویست بۆ مەبەستی مەدەنی، یۆرانیۆم بپیتێن و رێگە بە پشکنەرانی نێودەوڵەتی بدەن چاودێریی وێستگەکانیان بکات. بە گوتەى شەمخانى، ئەگەر ئەمریکییەکان ئەوەی دەیڵێن جێبەجێی بکەن ئەوا پەیوەندییەکان باشتردەبن و دۆخەکەش لە داهاتوویەکی نزیکدا بەرەو باشتر دەچێت. هاوکات هەر ئەمڕۆ مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆمارى ئێران لە کرماشانەوە قسەیکرد وتى: ترەمپ ئەڵێ ئێمە باشترین بۆمب و موشەك و چەكمان دروستكردووە، باشە. بۆچی چەكتان دروستكردووە؟ بۆ ئەوەی مرۆڤ بكوژن و كۆمەڵكوژی بكەن. دواتر هەمان ئەو موشەكانە بە وڵاتانی ناوچەكە دەفرۆشن. ئەمە بۆچی؟ بۆ ئەوەی جەنگ دروست بكەن (مەبەستی لەسەردانی ترەمپە بۆ سعودیەو وڵاتانی كەنداوی عەرەبی). ئەو وتیشى: عەرەبستانی سعودیە كەعبەی پێغەمبەرمانە، مەگەر دەكرێت ئێمە شەڕ بكەین؟! ئەمریكا دەیەوێت سعودیە بخاتە لایەك و ئێمەش بخاتە لاكەی تر. سعودیە قیبلەی هەموو موسوڵمانانە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا بۆ وڵاتانى کەنداو رایگەیاند، رێگە نادەن ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆم بگات و ئەو وڵاتەشی بە گەورەترین مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی ناچەکە ناوبرد، لە وەڵامدا مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، "هەموو هەوڵێکی ترەمپ بۆ ئەوەیە وڵاتانی ئیسلامی و سعودیە دژی ئێران هانبدات." ترەمپ، لەپاش گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، سیاسەتی "زۆرترین فشار" بەسەر ئێراندا پەیڕەودەکات و پاش خولی چوارەمی دانوستانە ئەتۆمییەکەش واشنتن سێیەم پاکێجی سزاکانی بەسەر تاراندا سەپاند کە پەیوەستبوون بە پرۆگرامی ئەتۆمی، کەرتی وزە و بەرنامەی موشەکیی ئێران.
ئەندامێکی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی دەڵێت، لە دوای بڕیاری پەکەکەوە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە، تورکیا هەشت جار سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی تۆپباران کردووە. 12ـی ئایار، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایگەیاند، کۆنگرەی 12ـەمیان لەنێوان رۆژانی 5 بۆ 7ـی ئەم مانگە کردووە و بڕیاری چەکدادان و خۆهەڵوەشاندنەوەیان داوە. هەرچەندە بەپرسانی باڵای تورکیا پێشوازییان لە بڕیارەکەی پەکەکە کردووە، بەڵام بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT)ـی ئەمریکی، هێرشی ئەو وڵاتە بۆ سەر پەکەکە لە هەرێمی کوردستان نەوەستاوە. کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی رێکخراوی سی پی تی، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند: لە دوای بڕیارەکەی پەکەکەوە، تورکیا هەشت جار هەردوو سنووری چیاکانی مەتین و گارەی لە پارێزگای دهۆک تۆپباران کردووە". رێکخراوەکە بەشێوەی مەیدانی بەدواداچوون بۆ هێرشی سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە دەکات، کامەران عوسمان دەڵێت: "جگە لە تۆپباران، تاوەکو ئەمڕۆش بەردەوام درۆنی تورکیا بە ئاسمانی گوندەکانی بناری قەندیل، خواکورک و خنێرەدا دەسووڕێنەوە". بەگوێرەی ئاماری رێکخراوە ئەمریکییەکە، سوپای تورکیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 500 بۆردوومانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان کردووە، زۆرینەیان لە سنووری پارێزگای دهۆک، دواتر هەولێر و سلێمانی بووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای سەردانەکانی بۆ سعودیە و قەتەر گەیشتە ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات و کۆتایی بە گەشتەکەی بۆ کەنداو هێنا. شێخ محەمەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات لە پێشەنگی ئەو کەسانەدا بوو کە پێشوازییان لێدەکرد. ئاژانسی هەواڵی ئیمارات سەردانەکەی بە بڕگەیەکی گرنگ لە ڕێبازی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی دوو قۆڵی وەسفکرد، بەهێزکردنی لەهەموو بوارە جیاوازەکاندا بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان لە گەشەپێدان و خۆشگوزەرانیدا. سەردانەکە بەرجەستەی "قووڵایی پەیوەندییە مێژووییەکانە کە نزیکەی نیو سەدەی نێوان هەردوو وڵات درێژەی کێشاوە، پاراستنی هێز و گەشەسەندنی بەردەوامیان، لەکاتێکدا ئیمارات گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئەمریکایە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، بەپێی وەزارەتی ئابووری ئیمارات". پەیوەندی دیپلۆماسی دوو قۆڵی دوای ماوەیەکی کەم لە دامەزراندنی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە ساڵی 1971 دامەزرا، باڵیۆزخانەی ئیمارات لە واشنتۆن لە ساڵی 1974 دەستبەکار بوو، هەروەها باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەبوزەبی لە هەمان ساڵدا کرایەوە. هەماهەنگی ئیمارات و ئەمریکا چەند لایەنێک لەخۆدەگرێت، دیارترینیان گەشەپێدان، سیاسەت، ئاسایش، ئابووری، بازرگانی، و هاوکاری سەربازی، هەروەها هاوبەشی پەیوەست بە ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام.
لە چوارچێوەی گەشتەکەیدا بۆ کەنداو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە سەردانی بنکەی ئاسمانی عەدیدی لە قەتەر کرد. لە وتارێکدا لە بنکەکەدا، ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە هێزی سەربازی وڵاتەکەی بەهێزترینە لە جیهاندا و وتی "ئێمە بەهێزترین سەربازی جیهانمان هەیە"، ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی گەورەترین بودجەی سەربازیی تا ئێستا تەرخانکردووە. سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدا لە بنکەی ئاسمانی ئەلعدید لە قەتەر قسەی بۆ هێزەکانی وڵاتەکەی کرد، وتی دەیەوێت "کۆتایی بە ململانێکان بهێنێت نەک گڕیان بگرێت". ترەمپ لە دووەم وێستگەی گەشتەکەیدا بۆ کەنداو وتی: وەک سەرۆک، ئەولەویەتی من کۆتاییهێنانە بە ململانێکان نەک هاندانیان. بەڵام هەرگیز درێغی نابم لە بەکارهێنانی هێزی ئەمریکی ئەگەر پێویست بوو بۆ بەرگریکردن لە ئەمریکا یان هاوپەیمانەکانمان. سەبارەت بە بەهێزی سوپای ئەمریکا، ترەمپ وتی، دەسەڵاتی ئێمە وێرانکەر و سەرسەختە، سەربازەکانمان شەڕی دوژمنانی شارستانیەت دەکەن. هەروەها ئاماژەی بە خواستی وڵاتەکەی کرد بۆ دروستکردنی کڵاوەیەک زێڕین و وتی "دەمانەوێت قوبەیەکی زێڕین دروست بکەین بۆ ئەوەی بمانپارێزێت، تێچووی ئەم کارە ملیارەها دۆلاری تێدەچێت". ئاماژەی بەوەشکرد، بەم نزیکانە هێزی ئاسمانی ئەمریکا فڕۆکەی جەنگی ئێف 47 وەردەگرێت، هەروەها وڵاتەکەی فڕۆکەی جەنگی نەوەی شەشەمیش دروست دەکات. سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا کە هێزەکانی وڵاتەکەی لە ماوەی دوو هەفتەدا داعشیان تێکشکاند، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە هەفتەی ڕابردوو قەیرانی نێوان هیندستان و پاکستانی چارەسەرکردووە.
