قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پەیامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی گەیاندە کونسوڵی بەریتانیا و رایگەیاند، ئامادەن بۆ گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت بە مەرجی "هاوبەشیی راستەقینە"، هاوکات پلانی حکومەت بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی گەرمیان و چەمچەماڵ ئاشکرا دەکات. ئەمڕۆ پێنجشەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازی لە ئەندرۆ بیزڵی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا کرد. دۆسیەی لافاوەکەی ئەم دواییەی ناوچەکانی چەمچەماڵ و گەرمیان و چۆنیەتی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان، تەوەرێکی سەرەکیی دیدارەکە بوون. لە دیدارەکەدا کونسوڵی گشتیی بەریتانیا پرسە و هاوخەمی خۆی ئاراستەی خانەوادەی قوربانیان و زیانلێکەوتووانی لافاوەکە کرد. لە بەرامبەردا قوباد تاڵەبانی دڵنیایی دا کە حکومەت دەستەوەستان نابێت و هەموو رێوشوێنێکی پێویستی گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی خێزانە زیانلێکەوتووەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. جێگری سەرۆک وەزیران وتیشی: "هەنگاوی پێویست دەگرینەبەر بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەر روداوێکی هاوشێوە لە داهاتوودا." لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکان بەرەو پرسی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێم و عیراق وەرچەرخان. سەبارەت بە کابینەی نوێی هەرێم، قوباد تاڵەبانی بە راشکاوی هەڵوێستی حزبەکەی بۆ کونسوڵی بەریتانیا روونکردەوە و جەختیکردەوە، یەکێتی دەرگای دانەخستووە و ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، بەڵام بە دیدێکی روونەوە کە بریتییە لە "پێکهێنانی حکومەتێک لەسەر بنەمای پرەنسیپی هاوبەشیی راستەقینە کە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو کوردستان بکات". سەبارەت بە بەغداش، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە سەردانەکەی ئەم دواییەی وەفدی باڵای یەکێتی بۆ پایتەختی عیراق کرد و رایگەیاند، دید و بەرنامەی یەکێتی بۆ لایەنە عیراقییەکان روونکراوەتەوە. قوباد تاڵەبانی وتی: "جەختمان کردووەتەوە لەسەر پێویستیی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز، حکومەتێک کە بتوانێت کێشەکانی عیراق و لەناویشیاندا کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بە لێکتێگەیشتن و بەپێی دەستوور چارەسەر بکات".
دوای لافاوەکەی چەمچەماڵ زۆربەی قوتابخانەکان زیانیان بەرکەوت، بەو هۆیەوە تاقیکردنەوەکان لەو سنوورە دواخرا، وەزیری پەروەردەش دووپاتی دەکاتەوە سەرجەم قوتابخانەکان نۆژەن دەکرێتەوە. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی قوتابخانە زیانلێکەوتووەکانی لافاو رایگەیاند، لەسەر بڕیاری مەسرور بارزانی هەموو قوتابخانەکان نۆژەن دەکرێنەوە. وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە هەفتەی داهاتووەوە کاری نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان دەستپێدەکات و ئەوەی پێویست بێت بۆ قوتابخانەکانی دابین دەکەن. بەهۆی لافاوەکەی قەزای چەمچەماڵ زیانێکی زۆر بەر بینای بەشێک لە قوتابخانەکانی ئەو سنوورە کەوت، بەتایبەت قوتابخانەی قەندیلی بنەڕەتی لە ناحیەی تەکیە، ئالان حەمە سەعید دەستخۆشی لە تەواوی مامۆستایان کرد کە لەم بارودۆخەی لافاوەدا دەوامیان کردووە. لەبارەی راگەیاندنی پشوو، وەزیری پەروەردە گوتی، دەسەڵات دراوەتە تەواوی بەڕێوەبەرایەتییەکان بۆ ئەوەی لە کاتی کارەساتی سرووشتیدا، بۆ ماوەی سێ رۆژ پشوو رابگەیێنن. د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند، ماوەی سێ ساڵە وەزارەتی پەروەردە دەسەڵاتی داوە بە پەروەردەکان بۆ ڕاگەیاندنی پشوو لە هەر دۆخی نەخوازراو، سەبارەت بەو لافاوەی چەمچەماڵیش چوار ڕۆژ پێش ڕوودانی لافاوەکە بەهەموو ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییەکانمان ڕاگەیاندووە کە دۆخێکی لافاوی ترسناک هەیە، دەسەڵاتتان پێدراوە دەتوانن دەسەڵاتەکانتان بەکار بهێنن. وەزیری پەروەردە، دەڵێت، تیمێکی ئەندازەی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی هاتووە بۆ ئەوەی بزانین چەند بودجەی پێویستە تاوەکو نۆژەن بکرێتەوە، سەرۆکوەزیران ئێمەی ڕاسپاردووە هەموو دام و دەزگا پەروەردەییەکان بخەینەوە خزمەت، هەموو قوتابخانەکان نۆژەن دەکرێتەوە و پێداویستی و کتێب بۆ قوتابخانەکان دابین دەکەینەوە.
هەریەک لە محەممەد شیاع سوودانی و نووری مالیکی کاندیدن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەسیمیم دەڵێت، 9 کاندید کێبڕکێ لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە دەکەن و ڕەنگە بەر لە ساڵی نوێ، ئەم پرسە یەکلایی ببێتەوە و کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دیاری بکرێت. عامر فائیز، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەسمیم و سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان بە میدیاکانی عێراقی ڕاگەیاندووە، ناوی 9 کاندید پێشکەش بە کووتلەکان کراوە و کۆبوونەوەی نێوان لایەنەکانیش بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق بەردەوامە و تاوەکو ئێستاش هیچ کاندیدێک بۆ ئەو پۆستە یەکلایی نەبووەتەوە. گوتیشی، هەریەک لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کاندیدن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران. سەرۆکی هاوپەیمانی تەسمیم، ڕەتیکردەوە، مەرجەعییەتی باڵای شیعەکان دەستێوەردانی لە دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیراندا کردبێت، یاخود هیچ کاندیدێک لەسەر داوای مەرجەعییەت دوورخرابێتەوە، ئاماژەی بەوەشدا بڵاوکردنەوەی ئەو دەنگۆیانە بۆ نەهێشتنی متمانەیە لەنێوان لایەنەکان. سەبارەت بە دیاریکردنی کاتێک بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران لەلایەن لایەنە شیعەکان، عامر فائیز گوتی، بەگوێرەی دەستووری عێراق سەرەتا دەبێت سەرۆکی پەرلەمان و دواتر سەرۆک کۆمار یەکلایی بکرێنەوە و دەنگیان لەسەر بدرێت، ئەو کات کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دیاری دەکرێت، ڕەنگە ئەم مانگەش پرسی دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی یەکلایی ببێتەوە. لە 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان لە عێراق بەڕێوەچوو، دوای تێپەڕبوونی مانگێک بەسەر هەڵبژاردن، تاوەکو ئێستا سوننە و شیعەکان لەسەر دیاریکردنی کاندید بۆ هەریەک لە سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆک وەزیران نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن. بەشێوەیەکی فەرمی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان ،محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکەی بۆ سەرۆکوەزیران کاندید کردووە، هەروەها نووری مالیکی، کاندیدی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسایە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێڕاق
کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی دەستدەکات بەهەڵکۆڵینی 8 بیری نوێ و گەیاندنی ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە بۆ 100 هەزار بەرمیل لە کێڵگەی تاوکی و پێشابوور. ئەمرۆ پینجشەممە، کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی رایگەیاند، جارێکی دیکە دوای دوو ساڵ و نیو دەستدەکەنەوە بە لێدانی بیری نوێ بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی تاوکێ لە هەرێمی کوردستان بەڕێژەی 25٪. دی ئێن ئۆ رایگەیاندووە، بۆ ئەو مەبەستە دوو بورجی هەڵکۆڵینی بیری نوێی گواستووەتەوە بۆ کێڵگەکانی. لەراگەیێندراوێکی کۆمپانیاکەدا هاتووە، لەسەرەتای دەستبەکاربوونیەوە لە کێڵگەی تاوکێ تاوەکو ئێستا 500 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە. کۆمپانیاکە ئاماژە بەوە دەکات، دەستدەکات بە هەڵکۆڵینی 8 بیری نوێ لە ساڵی 2026 دا و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بەڕێژەی 25% و گەیاندنی بەرهەمی رۆژانە بۆ 100 هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەی تاوکی. بێژەن مسەوەر رەحمانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دی ئێن ئۆ لەو بارەیەوە دەڵێت " دوای دوو دەیە لە کارکردن لە ئاڵۆزترین کێڵگەی نەوتی، بڕوامان وایە دەتوانین نەوتی زیاتر دەربهێنین لەم کێڵگەکەوە کە گرێبەستی تاوکی و پێشابوور دەگرێتەوە". رەحمانی دەڵێت، "سەرەرای ئەوەی لە دوای داخرانی بۆیی هەناردەکردنی نەوتەوە هیچ بیرە نەوتێکیان لە ساڵی 2023 هەڵنەکۆڵیەوە، بەڵام توانیویان رۆژانە 80 هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانیان لە هەرێمی کوردستان بەرهەم بهێنن." کۆمپانیای دی ئێن ئۆ یەکەم کۆمپانیای نەوتی بیانی بوو کە لە ساڵی 2004 هاتە هەرێمی کوردستان و بەگوێرەی خۆیان ئەوان دەستیان بە دروستکردنی پیشەسازی نەوت لە هەرێمی کوردستان کردووە.
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی: کەشی پێشبینیکراوی 48 کاتژمێری داهاتوو ئەمڕۆ پێنج شەممە 11-12-2025 کەش / ئاسمان بەگشتی لەنێوان هەوری تەواو و نیمچە هەور دەبێت لەکاتەکانی دوایی نیوەرۆ تاکوو ئێوارە ئەگەری نمە بارانی کەم کەم هەیە لەناوچەکانی رۆژئاوای هەرێم وە ناوچەکانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخو و پارێزگای دهۆک وە هەروەها ناوچە شاخاوییەکانی سنووری ئیدارەی سۆران لەگەل برێکی کەم لەبەفر بارین لە ناوچە شاخاوویە بەرزەکاندا. خێرای با / لەسەرخۆ ( 5 – 15 ) کم/ک. ئاراستەی با / باشووری خۆرهەڵات. پلەکانی گەرما / بەگشتی نزیک دەبێتەوە ناوچە شاخاویەکان نەبێ کەمێک نزم دەبنەوە بە (1 – 2) پلە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ، وەک لەسەر نەخشەی خوارەوە ئاماژەی پێدراوە. مەودای بینین / لەنێوان ( 7 – 9) کم دەبێت لە کات و شوێنی دابارین لە نێوان (5- 7 ) کم دەبێت سبەی هەینی 12-12-2025 کەش/ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەکاتەکانی بەیانی زوو نمە باران سەرەتا لەناوچە سنووریەکانی رۆژئاوا وە هەروەها ناوچە شاخاویەکانی باکوور دەست پێدەکات پاشان کاریگەری درێژ دەبێتەوە بۆ تەواوی ناوچەکانی هەرێم , وەهەروەها بەفر لەناوچە شاخاویە بەرزەکان دەبارێت زیاتر لەناوچە سنووریەکان , کاریگەر ئەم شەپۆلە دابارینە بەردەوامی دەبێت بۆ رۆژی شەممە بەتایبەتی لەناوچەکانی سنووری رۆژهەڵات (پارێزگای سلێمانی و هەلەبجە). خێرای با / لەسەرخۆ – مام ناوەند ( 10– 20 ) کم/ک ئاراستەی با / باشووری خۆرهەڵات دەبێت . پلەکانی گەرما / نزم دەبێتەوە بە (1-3 ) پلە دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە. مەودای بینین / ( 4 – 6) کم دەبێت. لەکات بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 13 پلەی سیلیزی سلێمانی : 10 پلەی سیلیزی دهۆک : 11 پلەی سیلیزی زاخۆ : 12 پلەی سیلیزی کەرکوک : 13 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 10 پلەی سیلیزی سۆران: 10پلەی سیلیزی ئاکرێ : 11 پلەی سیلیزی ئامێدی: 8پلەی سیلیزی گەرمیان : 15 پلەی سیلیزی
سەرکردەیەکی باڵای چوارچێوەی هەمانگی دەڵێت، چاوەڕوانی مارک ساڤایا دەکەین بۆ ئەوەی بگاتە بەغدا و گوێ لە پێشنیارەکانی بگرین. بڕیارە رۆژی 19ـی ئەم مانگە، مارک ساڤای ،نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا بگاتە بەغدا، ئەگەر گۆڕانکاری لە وادەی سەردانەکەدا روو نەدات. سەرکردەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ساڤایا خۆی قورسایی نییە، بەڵام لەناو لایەنە شیعەکاندا بڕیار دراوە چاوەڕێی بکرێت تا دەگاتە بەغدا و گوێ لە پەیامەکەی بگیرێت.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەردانی ڕاگیراوانی ڕووداوەکانی شارەدێی خەبات و گوندی لاجانیان کرد لە بەڕێوەبەرایەتی دژە تیرۆری کوردستان. دوای تۆمار کردنی سکاڵا لەلایەن کەس و کاری ڕاگیراوان لەکەیسی ڕووداوەکانی شارەدێی خەبات و گوندی لاجان کە داوایان کردبوو دەستە بەدوا داچون بکات بۆ کەیسەکانیان. ڕۆژی ١٢/١٠ شاندێکی باڵای دەستە بەسەرۆکایەتی دکتۆرە مونا یاقۆ سەرۆکی دەستە و تاڤگە عمر بەڕێوەبەری گشتی یاساو پاراستنی مافی مرۆڤ سەردانی بەڕێوەبەرایەتی دژە تیرۆریان کرد لە شاری هەولێر بۆ بەدوا داچون و ئاگادار بون لەڕەوشی ڕاگیراوان لەنزیکەوە چاویان بە ڕاگیراوان (ن.ع.م) و (ک.س.ع) و (غ.ص.د) کەوت و گفتوگۆیان لەگەڵ کردن لەبارەی شوێنی مانەوەو مامەڵەکردنی دەزگا ئەمنییەکان لەگەڵیان لەو بارەوە ڕاگیراوان ئاماژەیان بەوە داوەکە مامەڵەیان باشە و تۆشی هیچ لێدان و ئەشکەنجەیەک نەبوونەتەوە،وڕەوشی تەندروستیان باشە. وە سەبارەت دانپێدانی (ن.ع.م) تیمی دەستە پرسیاری لێکرد ئایا لەژێر ئەشکەنجە دانپێدانت کردووە، وتی نەخێر ئێمە ڕووبەڕووی هیچ ئەشکەنجەو فشارێک نەبوینەتەوەو بەئازادانە ووتەمان لێ وەرگیراوە. دەستەی مافی مرۆڤ بەردەوام دەبێ لە بەدوا داچون و چاودێری کردنی کەیسەکە چاوەڕێی تەواو بوونی لێکۆڵینەوەکان دەکەین. دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان
وڵاتەکە بەپێی چەند مەرجێک رێ بە فرۆشتنی ماددە کحولییەکان دەدات ئامادەکردنی هاوڵاتی. دوای 73 ساڵ سعودیە رێکارەکانی فرۆشتنی مادە کحولییەکان ئاسانتر دەکات، لە چوارچێوەی دیدگای سعودیە بۆ ساڵی 2030. سعودیە کە وڵاتێکی زۆرینە موسڵمانە و زۆربەی یاساکانی لە شەریعەتی ئیسلامەوە وەرگرتووە، زیاتر لە 73 ساڵە فرۆشتن و مامەڵەکردن بە ماددە کحولییەکانەوە تێیدا قەدەغەیە، بەڵام لەژێر دەسەڵاتی محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، یاسای نوێ دەردەکرێت کە خۆی بە کرانەوەی وڵاتەکەی بە رووی جیهاندا وەسفی دەکات. پێگەی بلومبێرگ بڵاویکردووەتەوە، سعودیە دەیەوێت فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان بۆ کەسانی ناموسڵمان ئاسانتر بکات بەڵام بە مەرج. یەکەم، کەسەکە دەبێت موسڵمان نەبێ. دووەم، داهاتی مانگانەی زیاتر بێت لە 50 هەزار ریاڵی سعودی کە دەکاتە زیاتر لە 13 هەزار دۆلار. ئەمە چۆن بوو؟ لە ساڵی 1952 پاشا عەبدولعەزیز بن سعود بە فەرمی فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکانی لە سعودیە قەدەغەکرد و ئەگەر کڕین یان فرۆشتن یان ئاسانکاری بۆ بکرایە بە زیندانی کردنی چەند مانگ یان چەند ساڵێک کەسەکە سزا دەدرا، جگە لە سزای مادی و هەندێک جار 500 قامچیشی لێدەدرا. ئەم بڕیارەی پاشا عەبدولعەزیز دوای ئەوە هات کە مشاری کوڕی پاشا عەبدولعەزیز بە سەرخۆشی تەقەی لە ماڵی جێگری کونسوڵی ئەوکاتی بەریتانیا کرد و لە رووداوەکەدا جێگری کونسوڵ کوژرا. سزاکەی پاشا عەبدولعەزیز بۆ کەسانی بیانی جیاواز بوو، چونکە تەنها لە وڵاتەکە دەردەکران. بەڵام دوای فراوانبوونی دەسەڵاتەکانی محەمەد بن سەلمان و هاتنی کۆمپانیا بیانییەکان و دروستکردنی پڕۆژە گەورەکان، حکومەتی سعودیە لە 24ـی مانگی یەکی 2024 رایگەیاند، رێگە بە کردنەوەی یەک فرۆشگای خواردنەوە کحولییەکان دەدەن ئەویش لە ریازی پایتەخت لە ناوچەی باڵویزخانەکان و تەنها بۆ دیپلۆماتکار و بالیۆزەکانە دەبێت. ئێستا ئەوەی جارێکی دیکەی میدیای عەرەبی و جیهانی سەرقاڵ کردووە هەواڵەکەی پێگەی بلومبێرگی ئەمریکییە کە باس لەوە دەکات دەبێت ئەو کەسانەی دانیشتووی سعودیەن و ناموسڵمانن، بە فەرمی بیسەلمێنن داهاتی مانگانەیان لە 50 هەزار ریاڵی سعودی زیاترە بۆ ئەوەی بتوانن بچنە فرۆشگاکەوە و خواردنەوە کحولییەکان بکڕن. حکومەتی سعودیە ناسنامەیەک بۆ ئەو کەسە بیانی و ناموسڵمانانە دەردەکات کە مەرجەکانیان تێدایە بۆ ئەوەی بە ئاسانی مامەڵە بە خواردنەوە کحولییەکانەوە بکەن. ئێستا تەنها یەک فرۆشتگای مادە کحولییەکان لە سعودیە هەیە کە دەکەوێتە ریازی پایتەختەوە، بەڵام هەوڵی کردنەوەی دوو فرۆشگای دیکە دەدرێت لە شارەکانی جیدە و زەهران. لە کافێیەکی ریازیش دیاردەیەکی نوێ دروستبووە و پیاوانی موسڵمان و ژنانی عەبابەسەر و نیقاب سەردانی دەکەن بۆ خواردنەوەی بیرەی بێ کحول کە بە بیرەی حەڵال ناسراوە. کافێکە کەشێکی تەواوی وەک باڕ و یانەکانی هەیە، خاوەنی کافێکەش دەڵێت، دەمانەوێت ئەزموونێکی وا بدەین بە سەردانیکەرانمان کە بتوانن لە تۆڕە کۆمەڵایتییەکانەوە بڵاوی بکەنەوە.
هەڵمەتى کۆکردنەوەى هەزاران کتێب بۆ کتێبخانەى چەمچەماڵ دەستیپێکردوە، کاوە شێخ عەبدوڵا ڕۆژنامەنوس دەلێت، ئامادەم پەنجا کتێب لە کتێبخانە بچکۆلەکەی خۆم ببەخشم بە کتێبخانە خووساوەکەی چەمچەماڵ، . ئەگەر تواناشم هەبوو زیاتر لەو ژمارەیە ببەخشم. وتیشى: پێمخۆشە وەکو هەڵمەتێکیش دەستبکەین بە کۆکردنەوەی کتێب بۆ کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ. لاى خۆشیەوە محەمەد نوری رۆژنامەنوس و نووسەر: هەر بەبۆنەی پێشنیازەكەی كاوەی شێخ عەبدوڵاوە، منیش پێنج سەد كتێب دەبەخشمە كتێبخانەی چەمچەماڵ. هەڵمەتەکە لەڕێی 'هاوڵاتی'ـیەوە فراوانتر بوو؛ شۆڕش گەرمیانی، نووسەر و چاودێری سیاسی، ماڵی وەفایی و زمناکۆ ئیسماعیل پشتگیریی دەکەن. ماڵی وەفایی سەرجەم بەرهەمە چاپکراوەکانی ناوەندەکەمان پێشکەش بە کتێبخانەی گشتی چەمچەماڵ دەکەین زمناکۆ ئیسماعیل دەلێ منیش 300 کتێب دەبەخشم لەلایەکى دیکەوە، حەمەی حەمە سەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی لافاوەکەوە زیانێکی زۆر بەر کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ کەوتووە و بە زووترین کات نۆژەنی دەکەنەوە. وەزیری رۆشنبیری و لاوان لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی لافاوەکەی دوێنێوە، بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، بەشێکی زۆری کتێبەکان تەڕ بوون و کەوتوونەتە ژێر لیتە و هۆڵەکانی خوێندنەوەش زیانیان پێگەیشتووە. ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەوڵی جددی دەدەن و کار بۆ ئەوە دەکەن بە زووترین کات کتێبخانەکە نۆژەن بکرێتەوە و سەرجەم پێداویستییەکانی دابین بکرێنەوە. حەمەی حەمە سەعید هاوخەمیی خۆیشی بۆ کەسوکاری قوربانیانی لافاوەکەی چەمچەماڵ، تەکیە و سنوری پارێزگای کەرکوک دەربڕی.
وەزارەتی پەروەردە بڵاویکردەوە، پەروەردەی سلێمانی راسپاردووە بە دواخستنی تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەمی ناوەندەکانی خوێندنی سنووری قەزای چەمچەماڵ بۆ مانگی یەکی ساڵی 2026. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. بەڕەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتیی مامۆستایان و قوتابیان و خانەوادەکانیان ، وەزارەتمان بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی ڕاسپاردووە بە دواخستنی تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەمی ناوەندەکانی خوێندنی سنووری قەزای چەمچەماڵ بۆ مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٦. سامان سیوەیلی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ١٠ ی ١٢ ی ٢٠٢٥
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کەلار منداڵێک کەوتووەتە نێو ئاوی لافاو وخنکاوە. چوارشەممە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ئەنجامی بارانبارین، لافاو لە قەزای کەلار دروست بووە؛ بەوهۆیەوە منداڵێک کەوتە نێو ئاو و گیانی لەدەستدا." منداڵەکە لەسەر پردێک بووە و قاچی خلیسکاوە و کەوتوەتە نێو ئاوی لافاوەوە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایدەگەیەنێت، سزای لەسێدارەدانی وەریشە مرادی، بەندکراوی سیاسیی کورد بەهۆی کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەکان و پابەندنەبوون بە ڕێکارە یاساییەکان، هەڵوەشایەوە. سزای سێدارەدانی وەریشە مرادی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی سنە و یەکێک لە ئەندامانی کەژار (کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان) کە ئێستا لە بەندیخانەی ئێڤین بەسەردەبا، هەڵوەشایەوە و بۆ لێکۆڵینەوەی دوبارە بۆ هەمان لقی دەرکەری سزا نێردرایەوە. بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، سزای سێدارەدانی وەریشە مرادی، بەندکراوی سیاسیی کورد، لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە بەهۆی کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەکاندا هەڵوەشایەوە و بۆ دووبارە لێکۆڵینەوە بۆ لقی دەرکەری سزا، واتە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بەڕێکرایەوە. مستەفا نیلی، پارێزەری وەریشە مرادی، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە ئەکاونتی (ئێکس)ی خۆی نووسیویەتی: "دوای لێکۆڵینەوە لە داوای پێداچوونەوەی پەسەندکراو سەبارەت بە خاتوو وەریشە مرادی لە دیوانی باڵا، بەهۆی کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەکان و پابەندنەبوون بە ڕێکارە یاساییەکان (نەبوونی تێگەیاندنی تۆمەت بنەمای دەرچوونی سزای سێدارە لە قۆناغەکانی دادڕەسیدا)، سزای دەرچووی لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران هەڵوەشێنرایەوە و دۆسیەکە دووبارە بۆ لێکۆڵینەوە بۆ هەمان لق بەڕێکرایەوە". ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی ڕەزبەر ی ساڵی ڕابردوو(١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) و هاوکات لەگەڵ “ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی سزای سێدارەدان” لە ناڕەزایەتی بە دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای سێدارەدان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ماوەی ٢٠ ڕۆژ مانی لە خواردن گرت. وەریشە مرادی، خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی ئەبوولقاسم سەلەواتی بە تۆمەتی بەغی لە ڕێگەی ئەندامبوون لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پژاک سزای سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو. دوایین دانیشتنی لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی وەریشە مرادی لە ڕێکەوتی ١٤ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو بەڕێوەچوو و پارێزەرەکانی ناوبراو لە درێژەی یەکەمین دانیشتنی دادگا (٢٧ی جۆزەردان) و دووەمین دانیشتنیشدا، مافی خوێندنەوەی دۆسیەکەیان پێنەدرا. هەروەها، وەریشە مرادی لە مافی بەرگریکردن لە خۆی لە درێژەی دادگاکەدا بێبەش کرا. ناوبراو، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، لە ڕێگەی مەریوان بۆ سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ڕفێنرابوو. هەروەها لە کاتی ڕفاندندا بە توندی لێی درا و بەبێ چارەسەری پزیشکی بۆ گرتووخانە گوازرایەوە.
بەڕێوەبەری بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لە 48 کاژێری رابردوودا، ئاوی بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخان زیاتر لە 100 ملیۆن مەتر سێجا زیادیان کردووە." ئەمڕۆ چوارشەممە 10-12-2025 رەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان 57 سانتیمەتر و بەنداوی دەربەندیخانیش 150 سانتیمەر بەرزبوونەتەوە، هەموو بەنداوە بچووک و پۆندەکانیش پڕ بوون یانیش سەرڕێژ بوون، بەتایبەتی ئەوانەی دەکەونە سنووری پارێزگای سلێمانی بە ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕینەوە. کەشناسیی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی زۆرترین بڕی بارانبارین لە 24 کاژێری رابردوودا لە وێستگە و ناوچە جیاوازەکان بڵاوکردەوە. بەنداوی دووکان توانای گلدانەوەی 7 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، بەنداوی دەربەندیخانیش دووەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و توانای گلدانەوەی 3 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە و بەنداوی دهۆک بەراورد بە دوو بەنداوەکەی دیکە بچووکە، بەڵام سێیەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و توانای گلدانەوەی 52 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە. کەشناسیی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیەی خوارەوە، زۆرترین بڕی بارانبارینی لە ناوچە جیاوازەکان راگەیاندووە: چوارتا (سلێمانی) 201 ملـلیمەتر، یاخسەمەر (سلێمانی) 154.2 ملـلیمەتر، بەرزنجە (سلێمانی) 206.5 ملـلیمەتر قەرەداخ (سلێمانی) 103.6 ملـلیمەتر، قڕگە (سلێمانی) 107.6 ملـلیمەتر، تەکیە (سلێمانی) 173.5 ملـلیمەتر سلێمانی 122.7 ملـلیمەتر، چەمچەماڵ (سلێمانی) 127.1 ملـلیمەتر، ماوەت (سلێمانی) 112.1 ملـلیمەتر دەربەندیخان (سلێمانی) 143.6 ملـلیمەتر، ئاخجەلەر (سلێمانی) 126 ملـلیمەتر.
دوای ئەوەی بە مەیدانی سەردانی قەزای چەمچەماڵی کرد، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ هۆکارەکانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و لێکۆڵینەوە لە کەمتەرخەمییەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان، قوباد تاڵيبانی رایگەیاند، ئەمڕۆ رۆژی تۆمەتبەخشینەوە نییە و رۆژی ئەوەیە هەموومان چەمچەماڵی بین، جەختیکردەوە کاری لەپێشینەیان پاراستنی ژیانی خەڵکی چەمچەماڵە و دواتر یارمەتیدانی ئەو کەسانەی زیانیان پێگەیشتوە. ئەمرۆ چوارشەممە، لە کۆنفرانسکی رۆژنامەوانیدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، هاوخەمی کەسوکاری قوربانیانن و بەڵێن بەخەڵکی چەمچەماڵ دەدەن لەگەڵیاندان و ناهێڵن لەوە زیاتر توشی نارەحەتیی ببنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش یەکەیەکی فریاگوزاری خێرایان پێکهێناوە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی چەمچەماڵ. قوباد تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، دوو لیژنەیان پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لە روداوەکە، یەکیان بۆ فریاگوزاری خێرا و لیژنەیەکیش بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری روداوەکە و دوپاتیکردەوە هەرکەسێک کەمتەرخەم بووبێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت و بە کاتیش شوێنی گونجاو بۆ مانەوەی ئەو کەسانە دابین دەکەن، کە زیان بە ماڵەکانیان گەیشتووە. ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ پرسی خوێندنیش، لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە لەسەر هێڵن تا زیانەکان کاریگەریی لەسەر خوێندکاران دروست نەکات، جەختیشیکردەوە. جەختیشیکردەوە سندوقێکی هاوکاریی بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ دروست دەکەن، چونکە روبەڕوبوونەوەی ئەم جۆرە روداوانە پێویستی بەکاری هەرەوەزییە. لە کۆتاییشدا قاوباد تاڵەبانی وپاسی هێزە ئەمنییەکان و تیمە فریاگوزاریەکانی کردو رایگەیاند هەر ئەو کارانە لەوان چاوەروان دەکرێت و سواپای هەموو ئەو لایەنانەی کرد کە دەستی هاوکارییان بۆ چەمچەماڵ درێژ کردوە.
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوایین ئاماری زیانەکانی شەپۆلی باران و لافاوەکەی شار وشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە. شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و بەفر لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا شارەکانی هەرێمی کوردستان بە کەرکووکیشەوە گرتەوە، کە کاریگەرییەکەی لە ڕۆژانی (08 و 09 / 12 / 2025) گەیشتە لووتکە، بەپێی دواین ئامارەکان، لافاو لە سنووری سلێمانی و گەرمیان و کەرکووک زیانی گیانی و ماددی زۆری لێکەوتووەتەوە و سێ کەس گیانیان لەدەستداوە. سلێمانی و چەمچەماڵ؛ زۆرترین زیان ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان ڕایگەیاند، لە پارێزگای سلێمانی، دوای ئەوەی ڕۆژی سێشەممە، بارانێکی بەلێزمە باری و بڕەکەی گەیشتە 122.7 ملم، لافاو دروست بوو. قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی تەکیە زۆرترین بڕی بارانیان لێ باریوە کە لە تەکیە گەیشتە 173.5 ملم، ئەمەش بووە کارەساتی نایەوە. بەپێی ئامارەکان، لە سنووری سلێمانی و چەمچەماڵ دوو کەس گیانیان لەدەستداوە، 12 کەسیش برینداربوون و کەسێکیش بێسەروشوێنە، زیانە ماددییەکانیش بریتین لە، زیانگەیشتن بە 500 ماڵ، ژێرئاوکەوتنی زیاتر لە100 دوکان و کۆگا، و ڕاماڵینی دەیان ئۆتۆمبێل. هەروەها ڕێگە سەرەکییەکانی کەرکووک-چەمچەماڵ و سلێمانی-چەمچەماڵ بەهۆی لافاوەوە داخران. کەرکووک و داڕمانی پردی ستراتیژی لە پارێزگای کەرکووک، کە بڕی 39.4 ملم بارانی لێ باریوە، منداڵێکی تەمەن 7 ساڵ لە گوندی فرقانی ناحیەی لەیلان گیانی لەدەستدا. زیانێکی گەورەی دیکە بریتی بووە لە داڕمانی پردێکی ستراتیژی لە قەزای داقوق، کە بووە هۆی پچڕانی ڕێگەی سەرەکیی نێوان کەرکووک و بەغدا. ڕاگەیاندنی دۆخی نائاسایی لە گەرمیان ئیدارەی گەرمیان یەکێک بوو لەو ناوچانەی ڕووبەڕووی دۆخێکی سەخت بووەوە، دوای ئەوەی لە ماوەیەکی کەمدا 76.6 ملم باران باری. لافاوەکە بووە هۆی پچڕانی ڕێگەی نێوان کەلار-ڕزگاری و داڕمانی پردی نێوان کفری-ڕزگاری لە ناحیەی سەرقەڵا. زیانەکان لە گەرمیان بەرفراوان بوون؛ بەشێکی پڕۆژەی ئاودێریی سەلام (شادەماری ژیانی گەرمیان) بەتەواوی لەناوچوو، بازاڕی قەزای ڕزگاری و تۆڕەکانی کارەبا و پەیوەندی زیانی گەورەیان بەرکەوت و دەیان پڕۆژەی کشتوکاڵی و حەوزی ماسی تێکچوون. هەولێر و سۆران؛ برینداربوونی پێشمەرگە و بارینی بەفر لە پارێزگای هەولێر، دۆخەکە تا ڕادەیەک جێگیر بوو، بەڵام لە گوندی قەریەتاغ شەش ماڵ ئاویان تێچوو، لە ڕووداوێکی دیکەدا لە سنووری بالیسان، شەش پێشمەرگە بەهۆی هەورەبروسکەوە بریندار بوون. لە ئیدارەی سۆران و ناوچە شاخاوییەکان بەفرێکی زۆر باریوە، لە دەروازەکانی زێت و حاجی ئۆمەران ئاستەنگی هاتووچۆ دروست بوو. لە چەند گوندێکی وەک قەسرێ و خانەقا و سیدەکان، بەهۆی باران و داڕمانی زەوییەوە چەند خانووێک ڕووخان. هەڵەبجە و دهۆک و ڕاپەڕین لە پارێزگای هەڵەبجە بڕی 92.5 ملم باران باری و پشووی فەرمی ڕاگەیەندرا، ئاستی ئاوی سیروان بەرزبووەوە. لە دهۆک و زاخۆ دۆخەکە ئاساییتر بوو و زیانی گەورە تۆمار نەکراوە، تەنیا ئاستی ئاوی خابوور لە زاخۆ بۆ 205 سم بەرزبووەوە. لە ئیدارەی ڕاپەڕینیش بەهۆی بەفرەوە دەروازەی کێلی بەڕووی بازرگانیدا داخرا. لایەنە پەیوەندیدارەکان هۆشداری دەدەن کە بەهۆی لێڵبوونی ئاوەوە، بەشێک لە پڕۆژەکانی ئاو 24 بۆ 48 کاتژمێر ڕادەگیرێن و داوا لە هاووڵاتیان دەکەن دەست بە ئاوەوە بگرن.
