هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی زانایان لاشەی بەستووی گورگێکیان لە سبیریا دۆزیوەتەوە کە تەمەنی 44 هەزار ساڵە. گورگەکە لە زانکۆی فیدراڵی باکووری رۆژهەڵات لە شاری ئاکوتسکی رووسیا لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت. گورگەکە لە ساڵی 2021دا لە لایەن دانیشتوویەکی یاکوتیاوە دۆزراوەتەوە. ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەو ناوچەیەدا بەردەوام زەوییەکە بەستوویەتی، بەڵام ئێستا بەهۆی گەرمبوونی زەوییەوە لە چەند ناوچەیەک بەفر دەتوێتەوە. بەهۆی بەستووییەوە، گورگەکە شێوەی خۆی لەدەست نەداوە و ئەندامەکانی جەستەی و شێوەی گشتیی لاشەکەی و مووەکەی گیانی بە تەواوی ماونەتەوە. زاناکان هەوڵی ئەوە دەدەن لە رێگەی ئەو گورگەوە لە سیستمی خۆراکیی سروشت تێبگەن لەو ماوەیەدا. هەروەها دەیانەوێت ڤایرۆس و بەکتریای نوێ لە جەستەی گورگەکەدا بدۆزنەوە، ئەوەش چونکە بەشێک لە بەکتریا و ڤایرۆس بۆ هەزاران ساڵ لە کەشی سارددا دەژین. رۆبێرت لۆزی، لێکۆڵەری ئاژەڵ و مرۆڤی دێرین لە زانکۆی ئەلبێرتا کە بەشێک لە تاقیکردنەوەکە پێکدەهێنێت لەبارەی گورگەکەوە دەڵێت، "بەڕاستی جێگەی شۆکە". ئاماژە بەوەشدەکات، "ئەمە تەنیا ئاژەڵی چاخی پلایستۆسینە کە دۆزرابێتەوە". لە دوای لێکۆڵینەوە لە ددانێکی گورگەکە، زانایان بۆیان دەرکەوتووە گورگەکە نێر بووە و تەمەنی گەورە بووە کە لە ناوچەیەکی سارد و تەختدا راویکردووە. هەروەها لەوانەیە پاشماوەی بەشێک لەو ئاژڵانەی گورگەکە خواردوونی لە نێوان ددانەکانی و گەدەیدا مابێتەوە، بۆیە دەتوانن لێکۆڵینەوە لە پێکهاتەی ئەوانیش بکەن. زاناکان ئاماژەیان بەوەشداوە، ئەگەر هەر کامێک لەو زیندەوەرە بچووکانەی لە لاشەی گورگەکە دەدۆزرێنەوە نوێ بن بۆ زانست، دەکرێت لە داهاتوودا دۆزینەوەی نوێ لە زانستی پزیشکیدا بەرهەمبێنن. 13:41                  

هاوڵاتی هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ داوا دەکەن جیهان بە زووترین کات ئەو "برسیکردنە بە ئەنقەستەی" سوودا بووەستێنن. باس لەوە دەکەن برسێتییەکی کارەساتبار رووی لە سوودان کردووە 40 ساڵە نەبینراوە. بە گوێرەی راپۆرتێکی نەتەوەیەکگرتووەکان، 755 هەزار کەس لە سوودان لەسەر لێواری لە برسا مردندان و رێکخراوی ئاسایشی خۆراکی یەکگرتوو دەڵێت، 26 ملیۆن کەس بە سەختی دووچاری بۆ خۆراکی بوونەتەوە. بارێت ئەلیکساندەر، سەرۆکی بەرنامەی سەربازانی بەزەیی لە سوودان دەڵێت، هێشتا ئەو ئامارە کەمە و چاوەڕوان دەکرێت بەهۆی راوەدوونانی جوتیارانەوە لەلایەن هێزە چەکدارییەکانەوە لە ناوچە کشتووکاڵییەکان، برسێتی زیاتر ببێت. ئیعتیزاز یوسف، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەهاناوەچوونی نێودەوڵەتی دەڵێت، لە سوودان خەڵک دەستیان بە خواردنی گیا کردووە و بە زووترین کات دەبینین کە خەڵک لە برسا دەمرن. نەتەوەیەکگرتووەکان داوای کردووە 2 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار هاریکاریی مرۆیی بگەیێنرێتە دەست خەڵکی سوودان، بەڵام تاوەکو ئێستا 17٪ی ئەو بڕە دراوە. شەڕی ناوخۆی سوودان هێشتا بەردەوامە و وڵاتەکانی دراوسێی بەوە تۆمەتباردەکرێن کە بە پێدانی جەنگ بە هێزە چەکدارییەکان ئاگر بە شەڕەکەدا دەکەن. ئیمارات چەک دەدات بە هێزی پشتیوانی خێرا، بەرامبەر ئەوەی لە یەمەن هاریکاریی ئەبو زەبی دەکات.

هاوڵاتی بە پێی هەواڵی ماڵپەڕە فەرمییەکانی ئێران، کاتژمێر 9:45 ی پێش نیوەڕۆی رۆژی شەممە 29ی حوزەیران، 19 میلیۆن و 69 هەزار و 713 کەس بەشداری هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێرانیان کردووە. دوای 45 خولەک و کاتژمێر 10:30 بە کاتی ئێران لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی ئێرانەوە ژمارەی دەنگەکان زۆر زیاتر راگەیەندرا. بە پێی دوایین راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی ئێران 24 میلیۆن و 535 هەزار و 185 کەس بەشداری هەڵبژاردن بوون. لە هەواڵەکانی کاتژمیر 9:45خولەکدا راگەیەندرا 8 میلیۆن و 302 هەزار و 577 دەنگی هێناوەو سەعید جەلیلی 7 میلیۆن و 189 هەزار و 756 دەنگی هێناوە. بەڵام دواتر راگەیەندرا مەسعوود پزیشکیان 10 میلیۆن و 415 هەزار و 191 دەنگی هێناوەو سەعید جەلیلی 9 میلیۆن و 473 هەزار و 298 دەنگی هێناوە. بە پێی ئامارەکانی کاتژمێر 9:45خولەک بە کاتی ئێران نزیک بە 31% خەڵک بەشداری هەڵبژاردن بوون، بەڵام لە دوایین ئاماردا کە 45 خولەک دواتر راگەیەندرا 40% خەڵک بەشدار بوون.  

هاوڵاتی ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی ناوخۆی کۆماری ئیسلامی رایگەیاند، هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران کەوتۆتەگەڕی دووهەم. بە پێی راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی کۆماری ئیسلامی، گەڕی دووهەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە نێوان مەسعوود پزیشکیان و سەعید جەلیلی بەڕێوە ئەچێت. لە کۆی 24 میلیۆن و 535 هەزار و 185 کەس کە بەشداری دەنگدانیان کردووە، مەسعوود پزیشکیان 10 میلیۆن و 415 هەزار و 991 دەنگی هێناوە و سەعید جەلیلی 9 میلیۆن و 473 هەزار و 298 دەنگی هێناوەو لە دەوری دووهەمی هەڵبژاردنەکاندا بەشدار ئەبن بۆ ئەوەی سەرۆککۆماری داهاتووی ئێران دیاری بکرێت. مەسعوود پزیشکیان لە لایەن ریفۆرمخوازەکانەوە پشتیوانی ئەکرێت و سەعید جەلیلی سەر بە ڕەوتی بناژۆخوازی توندڕەوە. بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی ئێران 40% خەڵی ئێران بەشداری هەڵبژاردنەکان بوون و دەنگیان داوەو پارێزگای سنە کەمترین بەشداری بووە بە 23% بەشدارییەوە.

هاوڵاتی ماڵی سەید ئەحمەدی خانەقا لە شاری كەركوك ئەو ماڵەی سرودی ئەی رەقیبی تێدا تۆماركرا روخێنرا، کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە 300 ساڵ دەگەڕێتەوە. دەستەی داكۆكیكار لە شاری كەركوك لەسەر روخانی خانوەكە هاتنە دەنگ و داوا دەكەن لێكۆڵینەوەی لە هۆكاری روخانی خانووەكە بكرێت، چونكە شوێنەواری شارەكە ماڵەكەی كڕیبویەوە بۆ ئەوەی نۆژەنی بكاتەوە و تابلۆیەكی لەسەر خانوەكە هەڵواسیبوو، كە نابێت هیچ كەسێك دەستكاری بكات، بەڵام روخێنراوە. هاووڵاتیانی كوردی شارەكە داوا دەكەن بە زووتریت كات خانوەكە چاكبكرێتەوە و بكرێتە مۆزەخانە، چونكە ناسنامەی كورد و شارەكەیە. جێگەی ئاماژەیە، ئەم خانووە، لە چلەکانی سەدەی رابردوو لەلایەن هەریەک لە دڵداری شاعیر و شێخ حسێن بەرزنجی ئاوازی سرودی نیشتمانی ئەی رەقیبی تێدا دانراوە.

هاوڵاتی ئەمڕۆ شەممە 29ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی زاخۆ رایگەیاند، كاتژمێر 11:30 خولەكی شەوی رابردوو لە رێگەی سەرەكیی باتیڤا و لە نزیك كامپی بێرسڤێ دوو ئۆتۆمبێل لە جۆرەكانی تۆیۆتا و كرۆلا و كیا و سیراتۆ پێكیاندادا. ئەوەشی خستۆتەڕوو، بەهۆی رووداوەكەوە دوو كەس گیانیان لەدەستدا و هەشت كەسی دیكەش برینداربوون، زیانی ماددی زۆریش بە هەردوو ئۆتۆمبێلەكە گەیشت.  هاتووچۆی زاخۆ  دەشڵێت، دووان لەو كەسانەی گیانیان لەدەستداوە باوك و كوڕن. بە پێی زانیارییەکان، ژمارەی قوربانییانی رووداوەکە بۆ سێ کەس بەرزبۆتەوە.

هاوڵاتی ئەمڕۆ شەممە 29ی حوزەیرانی 2024، ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی رایگەیاند، یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەڵێت، ئیسرائیل نایەوێت شەڕ دژی حیزبوڵا لە لوبنان بکات، بەڵام سوپای ئیسرائیل ئامادەیە بۆ شەڕ. یوئاڤ گالانت لە سەردانەکەی دوێنێیدا بۆ لای هێزەکانی نزیک سنووری باکووری ئیسرائیل و لوبنان رایگەیاند، "ئێمە کار لەسەر چارەیەکی سیاسی دەکەین ، ئەمە هەمیشە باشترین بژاردەیە، ئێمە بەدوای شەڕدا ناگەڕێین، بەڵام ئامادەین بۆ شەڕ". ئەوەشی خستۆتەڕوو، "ئەگەر حیزبوڵا شەڕ هەڵبژێرێت، ئێمە دەزانین چی دەکەین، ئەگەر ئەوان ئاشتی هەڵبژێرن، ئێمە وەڵامی گونجاو دەدەینەوە". لە سەرەتای شەڕی غەززەوە ڕۆژانە پێکدادان لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵا لە سەر سنووری ئیسرائیل و لوبنان ڕوودەدات. نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ شەممە لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس، هۆشداریی دا کە ئەگەر ئیسرائیل دەستدرێژیی سەربازی بەرفراوان دەست پێ بکات، ئەمە دەبێتە هۆی هەڵگیرساندنی شەڕێکی وێرانکەر.

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، حاڵەتێکی دیکەی تای خوێنبەربوون لە سنووری پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە. ئەمشەو هەینی 28ی حوزەیرانی 2024، د. سەرکار سورچی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند، "حاڵەتێکی دیکەی تای خوێنبەربوون لە سنووری پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە". ئەوەشی وت، "تووشبووەکە گەنجێکە تەمەنی 18 ساڵە و خەڵکی قەزای رانیە-یە و پیشەی قەسابە، لەئێستادا لە نەخۆشخانەی شار لە پارێزگای سلێمانی خەوێندراوە و چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت و دۆخی تەندروستی جێگیرە". بەپێی ئەو ئامارەبێت کە د.سەرکار سورچی خستیەڕوو، ئەمە پێنجەم حاڵەتی نەخۆشی تای خوێنبەربوونە لە ئەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان تۆماردەکرێت، کە دوو حاڵەتیان لە سنووری پارێزگای دهۆک و سێ حاڵەتیش لە سنووری پاریزگای سلێمانی تۆمارکراون. 

هاوڵاتی سەرۆکایەتیی شارەوانی دارەتوو رایدەگەیەنێت، سبەینێ درۆنێک بە ئاسمانی ناحیەکەدا دەسووڕێتەوە و پێویست بە دڵەڕاوکێی هاوڵاتییان ناکات. ئەمڕۆ هەینی 28ی حوزەیرانی 2024، لە راگەیێندراوێکدا سەرۆکایەتیی شارەوانیی دارەتوودا، داوا لە هاووڵاتیانی ناحیەی دارەتوو لە سنووری پارێزگای هەولێر دەکات هیچ کاردانەوەیەکیان نەبێت بەرامبەر ئەو درۆنەی سبەینێ لە ئاسمانی گوندی باغمرەشهاب دەبینرێت.  ئەوەشخراوەتەڕوو، درۆنەکە بە فەرمی مۆڵەتی فڕینی لە لایەنی ئەمنی وەرگرتووە، تەنها بۆ مەبەستی رووپێویکردن بەکاردەهێنرێت، بەپێچەوانەوە بەرامبەر هەر سەرپێچی کارێک کاردانەوەی یاسایی دەگیرینەبەر.

هاوڵاتی بەهۆی گومانکردن لە ژەهراویکردنی پرۆژەکانی ئاوی بەغدا لەلایەن داعشەوە هێزە ئەمنییەکان ئەو شارە کەوتونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. ئەمڕۆ هەینی 28ی حوزەیرانی 2024، ئاژانسی هەواڵی سۆمەریەنیوز لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویکردەوە، کە بەهۆی گومانکردن لە ژەهراویکردنی پرۆژەکانی ئاوی بەغدا لەلایەن داعشەوە هێزە ئەمنییەکان کەوتنەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و لە پرۆژەکانی ئاو بڵاوەیان پێکراوە. ئاماژە بەوەشکراوە، داعش پیلانی داناوە لەڕێگەی ژەهراویکردنی ئەو پرۆژانەوە زۆرترین هاوڵاتی بکەنە ئامانج. هەروەها، بەشی هەواڵگری و ئاسایشی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی بەغدا نووسراوی فەرمی ئاڕاستەی سەرجەم هێزە ئەمنییەکان کردووە و داوایکردووە، پاراستنی ئەمنی وێستگەکانی پاڵاوتنی ئاو توندتر بکرێت و کامێرای چاودێری لە وێستگە سەرەکییەکان دابنرێت، هاوکات جەختی لە بەدواداچوون و پێدانی زانیارییش کردووەتەوە.

هاوڵاتی لەسەر داوای ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 19 کەناڵی لەشفرۆشی لە تێلیگرام داخران کە خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراقی تێدا بووە. ئەمڕۆ هەینی 28ی حوزەیرانی 2024، سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردەوە، لەسەر داواکارییەکی ئەو ئەندام پەرلەمانە کە ئاڕاستەی وەزیری پەیوەندیی عێراقی کردووە 19 کەناڵی لەشفرۆشی لە تێلیگرام داخران کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان سەرچاوەی لەشفرۆشی بوون. وەک ئەو ئەندام پەرلەمانی ئاماژەی پێکردووە، لەو کەناڵانە وێنەی هەزاران ژنی شارەکانی کورد و عەرەبی تێدابوو بەکاردەهێنران بۆ بانگەشەی لەشفرۆشی.

هاوڵاتی بەهۆی بۆردومانی تورکیاوە گوندێک لە سنوری ئامێدی چۆڵکرا و ئاگر لە گوندێکی تریش کەوتەوە، ھێزێکی زۆری سوپای تورکیاش لە ناوچەکە بڵاوەیانپێکراوە. دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، 28ی حوزەیرانی 2024، جارێکی دیکە فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا، زنجیرە چیای مەتینایان لە سنوور ئامێدی بۆردومانکرد و بەھۆیەوە، بناری چیای گوندی دەرگەلێ چۆڵکرا و ئاگر لە گوندی نھێلێیش کەوتەوە. لە چوارچێوەی لەشکرکێشییەکانی تورکیا بۆ سەر ئامێدی، ھێزێکی زۆری سوپای تورکیا لە سنووری زنجیرە چیای مەتینا بڵاوەیپێکراوە. جێگای ئاماژەیە، ئەو گوندەی چۆڵکراوە، چوار خێزانی تێدابووە و لەئێستادا روویان لە گوندەکانی دیکەی ناوچەکە کردووە.  

هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی 28ی حوزەیرانی 2024، لە قەزای كۆیە باوكێک بە هەڵە بە ئۆتۆمبێلەکەی بەسەر کچە سێ ساڵانەکەی دا دەڕوات، بەهۆیەوە کچەکە گیان لە دەست دەدات.  جێگای ئاماژەیە، روەداوەکە لە گەڕەکی شەوگێڕی سەنتەری قەزای کۆیە روویداوە. لە کاتێکدا باوکەکە بە ئۆتۆمبێلەکەی گەڕاوەتەوە دواوە و ئاگاداری ئەوە نەبووە، کە کچەکەی لە دواوەی ئۆتۆمبێلەکەیەتی.   ‎ لەم بارەیەوە هاوکار عەلی گوتەبێژی تەندروستی كۆیە، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی  راگەیاندووە، "منداڵەكە تاوەكو گەیێندراوەتە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە".   ‎ كچەکە ناوی بریا سۆران باوەدینە و تەمەنی سێ ساڵە، تەرمەكەی براوەتە پزیشكیی دادی كۆیە.

هاوڵاتی ساڵح حەسناوی دەڵێت، 16 نەخۆشخانەی تر لە عێراق دروستدەکەین و ئامانجیشمان زیادکردنی خزمەتگوزارییەکانە بۆ هاوڵاتییان. ئەمڕۆ هەینی 28ی حوزەیرانی 2024، ساڵح حەسناوی وەزیری تەندروستیی عێراق لە لێدوانێکیدا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، 16 نەخۆشخانە لە عێراق دروست دەکەین و ئامانجمان کوالیتی و زیادکردنی خزمەتگوزارییەکانە بۆ هاوڵاتییان'. دەشڵێت، چەند نەخۆشخانەیەکی نوێمان هەیە کە بەشێکیان لە کۆتایی ئەمساڵدا و هەندێکیشیان لە ساڵی داهاتوودا دەخرێنە بواری خزمەتەوە، بەوەش توانای کلینیکی نەخۆشخانەکانمان زیاددەکات و ئەنجامەکە لە کوالیتی و زیادبوونی خزمەتگوزارییەکان رەنگ دەداتەوە کە پێشکەش بە هاوڵاتییان دەکرێت. ئاماژەی بەوەشدا، کە وەزارەتەکەی بەردەوام دەبێت لەسەر ئەو پڕۆژانە و پلانی داهاتووشی هەیە و دەڵێت، ''ئێستا لە پرۆسەی ناردنی بانگهێشتی راستەوخۆداین بۆ کۆمپانیاکان بەمەبەستی دروستکردنی 16 نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی لە 16 پارێزگادا''.

هاوڵاتی لەسەر سکاڵاکەی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، کە لە دژی هەرێم تۆماری کردووە یەکشەممەی داهاتوو دادگەی فیدراڵی بڕیار دەدات. یەکشەممەى داهاتوو 30ى حوزەیران دادگاى فيدراڵیى عێراق دانیشتنێکى دیکە لەبارەى ئەو سکاڵایەوە دەکات کە ئیڤان فایەق، وەزیرى کۆچ و کۆچبەران تۆماریکردووە، لەسەر هەریەکە لە سەرۆکی هەرێمى کوردستان و سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆ. ئیڤان فایەق، داوایکردووە سکاڵا لێکراوان پەیوەست بکرێن بە داخستنى کەمپى ئاوارەکان و پێکهێنانى لیژنەیەک لە نێوان بەغدا و هەولێر بۆ جێبەجێکردنى بڕیارى ژمارە 24007ى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە بارەى داخستنى کەمپى ئاوارەکان. لەم بارەیەشەوە، عەلى جیهانگیر، وتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران رایگەیاند، دوو بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق هەن بۆ داخستنى کەمپەکان، یەکەمیان 30ى حوزەیرانى دیاریکردبوو، بەڵام بڕیارى دواتر کە تایبەت بوو بە میکانیزمى داخستنیان وادەکەى بۆ 30ى تەممووز درێژکردەوە. سەبارەت بە یەکلایکردنەوەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی وتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران، دەڵێت، بەگوێرەى ئەوەى پێمانگەیشتووە، ئەو دانیشتنەى دادگەى فیدراڵى لە 30ى حوەزیران یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ دۆسیەکە.