هاوڵاتی ئەمریکا پێشوازی لە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات لەلایەن سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە. ئەمشەو چوارشەممە 27ی حوزەیرانی 2024، ماتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە، "ئێمە، پێشوازی لە راگەیاندنی 20ـی ئۆکتۆبەر وەک رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین". ئەوەشی وتوە، "هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان ئامرازێکی گرنگی پرۆسەی دیموکراسییە و ئێمە چاوەڕێ ئەوە دەکەین بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دڵنیابن لەوەی هەڵبژاردنەکان ئازاد و، شەفافانە دەبن بەبێ هیچ دواخستنێکی دیکە." وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشداوە، "وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ گەیاندنی لایەنە سیاسییەکان بە رێککەوتنێک لەبارەی هەڵبژاردن، بەرز دەنرخێنێت". ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی حوزەیرانی 2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 20ی تشرینی یەکەمی 2024ی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.

هاوڵاتی بە مەبەستی جێبەجێ کردنی قۆناغی کۆتایی پڕۆژەی یەکتربڕی ئارام لە شاری سلێمانی بۆ ماوەی نزیکەی هەفتەیەک شەقامی مەلیک مەحمود دادەخرێت. ئەمشەو چوارشەممە 26ی حوزەیرانی 2024، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاگاداری شۆفێران و هاوڵاتییانی کردەوە، کە لە سبەینێ پێنجشەممە 27ی حوزەیرانی 2024 لە کاتژمێر 9:00ی بەیانییەوە بۆ ماوەی نزیکەی هەفتەیەک شەقامی مەلیک مەحمود لە ئاستی پڕۆژەی یەکتربڕی ئارام-دا بە هەردوو ئاراستە بەربەست دەکرێت بە مەبەستی جێبەجێکردنی قۆناخی کۆتایی پڕۆژەی یەکتربڕی ئارام. شارەوانیی سلێمانی ئاماژەی بەوەداوە، شۆفێران دەتوانن شەقامەکانی دەوروبەرو بەشێک لە شەقامی خزمەتگوزاری مەلیک مەحمود بەکاربهێنن وەک شەقامی جێگرەوە.

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد لە ماوەی دوو هەفتەدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی نرخی هەرسێ جۆرەکەی بەنزین 50 دینار بەرزبوونەتەوە، شارەزایەکی بواری نەوتیش دەڵێت، "ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتریش هەیە". ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی حوزەیرانی 2024، بەهجەت ئەحمەد، شارەزا لە بواری نەوت لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بە هاوڵاتی راگەیاند، "ئەگەر هەیە نرخی بەنزین لە هەفتەی داهاتووەوە زیاتر بەرزبێتەوە، ئەگەر ئیدارەی سلێمانی رێکاری جدی نەگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین". ئەو شارەزایە وتی، "دەبێت ئیدارەی سلێمانی کار ئاسانی زیاتر بکات بۆ کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی بەنزین لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق، هەروەها هاوردەکردنی بەنزین لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان". پێشی وایە، دەبێت پاڵاوگەکانی سنووری سلێمانی ئاستی بەرهەمهێنانی بەنزین زیاتر بکەن، بە تایبەتی لە ئێستادا کە نەوتی خاو زۆرە. ئەو شارەزایەی بواری نەوت هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینی بۆ کەمبوونی بەنزین لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان گەڕاندەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە رۆژانی جەژندا گەشتیارێکی زۆر لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاتبوونە هەرێمی کوردستان. وتیشی، "هۆکارێکی دیکە ئەوەیە لە ئێستادا وەرزی گەشت لە عێراق دەستیپێکردووە و جوڵەی هاوڵاتییان زیاتر بووە و خواست لەسەر بەنزین زیادیکردووە، بەڵام لە عێراق بەهۆی نرخی پاڵپشتیکراوەوە نرخی بەنزین بەرزنابێتەوە".

هاوڵاتی پیاوێکی تەمەن 33 ساڵ لە شاری سلێمانی کە پیشەی ئاژەڵدارییە تووشی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون بووە. ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ی حوزەیرانی 2024، دکتۆر سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، توشبوویەکی دیکەی تای خوێنبەربوون لە سلێمانی تۆمارکراوە و تووشبووەکەش پیاوێکی تەمەن 33 ساڵە کە پیشەی ئاژەڵداری بووە. ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە و دۆخی تەندروستیی جێگیرە. جێگای ئاماژەیە، ئەمە چوارەم حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوونە کە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و یەکێکیان گیانیلەدەستداوە.

مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی سەنتەری ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا 38 هەزار بازرگان و بەکاربەری ماددەی هۆشبەر لە عێراق دەستگیرکراون؛ زۆرترین بازرگانیکردنیش بە ماددەی هۆشبەری کریستاڵە و دواتر کاپتاگۆن دێت. ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی حوزەیرانی 2024، فازڵ غەراوی سەرۆکی سەنتەری ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ماوەی سێ ساڵدا 38 هەزار بازرگان و بەکاربەری ماددە هۆشبەرەکانی دەستگیر کردووە. سەبارەت بە ئاماری دەستگیرکراوان و کەرەستە دەستبەسەردا گیراوەکان، جۆرەکەی ئاماژەی بەوەدا، ساڵی 2022، 17 هەزار بازرگان و بەکاربەری ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراوە کە 123 کەسییان بیانی بوون، هەروەها بڕی ئەو کەرەستەیەی دەستی بەسەرداگیراوە نیو تۆن لە هەموو جۆرەکانی ماددەی هۆشبەر بووە، لەگەڵ 18 ملیۆن حەب. ئەوەشی خستەڕوو، ساڵی 2023، 7 هەزار بازرگان و بەکاربەری ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون و 12 تۆن ماددەی هۆشبەریش دەستی بەسەردا گیراوە. ئامارەکە بۆ ساڵی 2024 بەم جۆرەیە، 7 هەزار بازرگان و بەکاربەری ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون، هەروەها 12 تۆن ماددەی هۆشبەر و مادەی دەروونی دەستی بەسەردا گیراوە. سەرۆکی سەنتەری ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ باسی لەوەکرد، رێژەی مامەڵەکردنی خراپ لە ناوچە هەژار نشینەکاندا گەیشتووەتە 17% و تەمەنی تۆمەتباران لە نێوان 15-30 ساڵی بووە. زۆرترین ماددەی خراپی هۆشبەری بەکارهێنراو لە عێراق بریتی بووە لە کریستاڵ کە 37.3%، بووە، هەروەها کاپتاگۆن 34.35% و جۆرەکانی دیکە 28.35% بووە. ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵی 2022دا، 5 هەزار تۆن ماددەی هۆشبەر و ماددە دەروونییەکان و 54 ملیۆن حەبی هۆشبەر و 31 هەزار دەرزی و 9 هەزار بوتڵی ماددەی هۆشبەر لەناوبراون. فازڵ غەراوی جەختی کردەوە، لە ساڵی 2023دا بڕی دوو تۆن و 118 کیلۆگرام و 396 گرام ماددەی هۆشبەر، هەروەها چوار ملیۆن و 934 هەزار و 132 حەبە هۆشبەرەکان لەناوبراون. سەبارەت بە ساڵی 2024، سەرۆکی سەنتەری ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەوەی خستەڕوو، بڕی 42 کیلۆ و 322 گرام و 380 میلیگرام ماددەی هۆشبەر لەناو براون، هەروەها 772 حەبیش لەناوبراوە. لە کۆتایی قسەکانیدا غەراوی داوای لە حکوومەت کرد رۆژی 26ی حوزەیرانی هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی نیشتمانی بۆ خۆپاراستن لە مەترسیی ماددە هۆشبەرەکان دیاری بکات. ئەوەشی گوت، هەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ رێگریکردن لە مەترسی ماددە هۆشبەرەکان دەست پێبکات، هەروەها بەهێزکردنی هاوکاری نێودەوڵەتی لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و یاسای ماددە هۆشبەرەکانیش هەموار بکرێتەوە.  

هاوڵاتی دوای زیاتر لە چوار کاتژمێر لە دروستبوونی کێشە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، هەر ئەمڕۆ دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.   ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای زیاتر لە چوار کاتژمێر لە دروستبوونی کێشە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، هەر ئەمڕۆ دۆخەکە ئاسایی دەبیتەوە. دەشڵێت، بەهۆی پەستانی گازەوە لە کێڵگەی کۆرمۆر ناچار بووین یەکە یەکە، یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بکوژێنینەوە لە ئێستادا دەست بە گواستنەوەی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ وێستگەکانی کارەبا کراوە و لە ماوەی دوو کاتژمێری داهاتوودا، دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە.   ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی کێشە تەنیکییەکەی کێڵگەی کۆرمۆرەوە، دوو هەزار مێگاوات بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان کەمبووەتەوە، ئەگەر کێشەکان لەلایەن تیمی دانەگازەوە زوو چارەسەر نەکرێن 70%ی کارەبای هەرێمی کوردستان دەکوژێتەوە. جێگەی ئاماژەیە، 30ی تشرینی دووەمی 2023، کارەبای نیشتمانیی سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کوژایەوە و رۆژی دواتر وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، "بەهۆی گرفتێکی تەکنیکییەوە، کوژانەوەی گشتی لە سیستمی کارەبای هەرێمی کوردستان روویدا.

هاوڵاتی وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، “پارتیمان دەستدەکات بە ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمان". دەشڵیت، "هیوادارین هەڵبژاردنێکى دیموکراسیانە و پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت کە ئاکامەکەى لە بەرژەوەندیى خەڵکى کوردستان دابێت". دوای ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 20ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، مەحمود محەمەد، وتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "پارتیمان دەستدەکات بە ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمان". پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت، دواى راگەیاندنى وادەى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لەلایەن سەرۆکى هەرێمى کوردستان، دەستدەکات بە ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمان. دەقی راگەیێندراوی پارتی دیموکراتی کوردستان: لە ساڵى 2022 پارتیمان زۆر هەوڵى دا کە پێش تەواوبوونى وادەى یاسایى پەرلەمانى کوردستان ڕێکارەکانى پێویست بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان دەست پێبکرێت، بەڵام بەداخەوە زۆر ئاستەنگ دروستکران، کە ئەو ئاستەنگانە بە زیانى پرۆسەى سیاسى و یاسایى بۆ هەرێمى کوردستان شکانەوە و رەنگدانەوەى خراپیان بەرامبەر دەسەڵات و مافەکانى هەرێمى کوردستان بەدواى خۆدا هێنا. لە دواى ئەوەش هەوڵماندا ئەو پێشنیارانەى هەبوون، بۆ پەرلەمانى هەڵبژێردراو جێبێڵین بۆ چارەسەرکردنیان بە شێوەیەکى یاسایى کە ئەمەش ڕێگرى لێکرا. بۆیە لە 18ی 3ی 2024 پارتیمان هەڵوێستى خۆى بۆ جەماوەرى تێکۆشەرى کوردستان ڕاگەیاند لەگەڵ دیاریکردن و ئاماژەدان بەو کەموکوڕى و نا دادپەروەریانەى کە هەبوون چ لە مافى پێکهاتەکان هەتا کێشەى پەنجەمۆر و هەوڵى بێبەشکردنى سەدان هەزار کەس لە دەنگدان. ئەمانە و چەندین بابەتى دیکەى پەیوەندار بە رێکارەکانى پرۆسەى هەڵبژاردنەوە، کە دواى ئەم هەڵوێستەى پارتیمان بەشێک لەو تێبینى و کەموکوڕیانە چارەسەرکران و بەشێکیشیان لە چارەسەرکردن دان، هەرچەندە هەموو چارەسەریەکان لەسەدا سەد نەبوون بەڵام بەشێک لە مافەکان بۆ پێکهاتەکانى کوردستان گەڕایەوە و، بابەتەکانى دیکەش بەشێکی باشیان چارەسەرکراون، بۆیە دواى ڕاگەیاندنى وادەى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لەلایەن بەرێز سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پارتیمان دەستدەکات بە ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمان. هیوادارین هەڵبژاردنێکى دیموکراسیانە و پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت کە ئاکامەکەى لە بەرژەوەندیى خەڵکى کوردستان دابێت. مەحموود محەممەد گوتەبێژى پارتى دیموکراتى کوردستان 26-6-2024

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی رۆژی پێنجشەممە 27ی ئەم مانگە، کاتژمێر 4:00ی سەر لەبەیانی بەکاتی هەولێر، یەکەم دیبەیتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رووبەڕووی یەک دەبنەوە. دیبەیتەکەیان 90 خولەک دەخایێنێت و بە یەکێک لە گرنگترین و هەستیارترین دیبەیتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا دادەنرێت. ترەمپی تەمەن 78 ساڵ و بایدنی تەمەن 81 ساڵ دووان لە پیرترین بەربژێرانی سەرۆکایەتی ئەمریکان و بایدن پیرترینە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا. چاوەڕواندەکرێت لە دیبەیتەکەدا رووبەڕووبوونەوەی قورس و قسەی رەق و نافەرمی زۆر بەکاربێت. دۆناڵد ترەمپ لەو چوار ساڵەی کۆشکی سپی جێهێشتووە، زۆرترین هێرشی کردووەتە سەر جۆ بایدن. هەردوو بەربژێر بۆ کاتژمێر و نیوێک دیبەیت لەبارەی ئابووری، جەنگ، کۆچ و داهاتووی دیموکراسیی ئەمریکا دەکەن. ئێستا لە راپرسییەکاندا ترەمپ و بایدن بە نزیکەیی وەک یەک وان، یەک هەڵەی بچووک یان دەربڕینێکی ناجۆر دەکرێت کاریگەریی گەورەی لەسەر تێڕوانینی گەلی ئەمریکا بەرامبەر ئەو دوو بەربژێرە هەبێت. دۆناڵد ترەمپ و لایەنگرانی رەخنەی توند لە تەمەنی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەگرن و باس لەوە دەکەن بایدن ناتوانێت جارێکی دیکە ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا، بەڵام ئەگەر دۆناڵد ترەمپ هەڵبژێرێتەوە بە سەرۆکی ئەو وڵاتە، ریکۆردەکەی جۆ بایدن وەک پیرترین سەرۆکی ئەمریکا دەشکێنێت. بە گوێرەی راپرسییەکی هاوبەشی نیویۆرک تایمز و سیەنا کۆلێج، 73٪ی دەنگدەرانی ئەمریکا لایان وایە بایدن زۆر پیرە بۆ بوونەوە بە سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە. هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ تەنیا 3 ساڵ لە بایدن منداڵترە، بەڵام تەنیا 43٪ی دەنگدەران لایان وایە باش نییە ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا. مایکرۆفۆنی بەردەم هەریەک لە بەربژێرەکان لە کار دەخرێت ئەگەر نۆرەی خۆیان نەبوو بۆ قسەکردن، هەروەها لە ستۆدیۆکەدا هیچ ئامادەبوویەکی لێ نابێت تاوەکو دەنگە دەنگ و هەرا و هوریا بکەن لە دوای قسەکانی بایدن و ترەمپ. دوایین جار ئەو دوو بەربژێرە لە دیبەیتێکدا رووبەڕووی یەکدی بووبنەوە 29ی ئەیلوولی 2020 بوو لە شاری ناشڤێڵی ویلایەتی تێنیسی.

هاوڵاتی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشوازی لە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات و دەڵێت، کاتەکە زۆر گونجاوە. ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ی حوزەیرانی 2024، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەنووسی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق رایگەیاند، راگۆڕینەوە لەنێوان کۆمیسیۆن و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەبووە بۆ دیاریکردنی رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان. دەشڵێت، لە ئەمڕۆوە دەست بە کارەکانمان دەکەین بۆ ئەوەی لەو وادەیە هەڵبژاردن بکرێت. جێگای ئاماژەیە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ی حوزەیرانی 2024، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکایەتیی هەرێم 20ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنیی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی دوو راوێژکاریی سەرەکیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمساڵی ئەمریکا پلانێکیان پێشکێشی ترەمپ کردووە، کە دوای بوونەوەی بە سەرۆکی ئەمریکا گوشار لە ئۆکراینا بکات گفتووگۆی ئاشتی لەگەڵ رووسیا دەستپێبکات و ئەگەر وانەکات ئەمریکا چەکی بۆ نانێرێت. کێز کێڵۆگ، جەنەراڵی خانەنشینی ئەمریکا و راوێژکاریی ترەمپ بۆ بواری ئاسایش لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت، ئەگەر ترەمپ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بباتەوە، دەیکات بە مەرج لەسەر ئۆکراینا، کە ئەگەر چەکی ئەمریکای بوێت، دەبێت بچێتە ناو گفتووگۆی ئاشتییەوە لەگەڵ رووسیا. ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەمریکا هۆشداری دەداتە رووسیاش، کە ئەگەر ئەو گفتووگۆ ئاشتانە رەتبکەنەوە، ئەمریکا هاریکارییەکانی بۆ ئۆکراینا زیاددەکات. پلانەکە کێڵۆگ و فرێد فڵێتز، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا داویانەتە ترەمپ و فلێتز دەڵێت، پلانەکە بەو جۆرەیە، لەکاتی گفتووگۆکانی ئاشتیدا ئاگربەست لە جەنگەکەد ادەکرێت. فلێتز دەڵێت، وەڵامی ترەمپ بۆ پلانەکە ئەرێنی بووە و باس لەوە دەکات، "نازانم رازی بوو بە پلانەکە یان رازی بوو بە وشە بە وشەی، بەڵام دڵخۆشین بەو وەڵامەی وەرمانگرتووە". 5ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت و دوو بەربژێری سەرەکیش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمریکان. کرێملن لەبارەی پلانەکەوە دەڵێت، هەر پێشنیازێکی ئاشتی لەلایەن ئەمریکاوە بکرێت دەبێت رەنگدانەوەی جەنگەکە بێت و ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیاش هەمیشە بۆ گفتووگۆی ئاشتی کراوەیە. ئەگەر دۆناڵد ترەمپ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بباتەوە، پێشبینی دەکرێت وەچەرخانێکی گەورە لە ئاڕاستەی جەنگی ئۆکراینا رووبدات و زۆرینەی ئەگەرەکانیش ئەوەن کە جەنگەکە بەرەو ئاشتی هەنگاو دەنێت.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، ئەگەر جەنگ لە نێوان حیزبوڵای لوبنان و ئیسرائیل هەڵگیرسێت ئەنجامەکەی (کارەساتبار) دەبێت. ئەمە لەکاتێکدایە لە چەند هەفتەی رابردوودا مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان حیزبوڵا و ئیسرائیل گەیشتۆتە لوتکە. لە ئەنجامی ئەو ترسە و تۆپباران و بۆردومانکردنی ناوچە سنوورییەکانی هەردوولا بۆ سەر یەکتر، دەیان هەزار هاووڵاتی لە هەردوو وڵات ئاوارەبوون. ئێوارەی رۆژی سێشەممە 25-6-2024، ڵۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، سەرقاڵی گفتووگۆی دیپلۆماسین لەگەڵ حیزبوڵا و بەرپرسانی ئیسرائیل تاوەکو مەترسی هەڵگیرسانی جەنگ کەمبکەنەوە و رێگە بۆ خەڵک خۆشبکەن بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان. گوتەکانی ئۆستن لەکاتێکدایە، یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل سەردانی ئەمریکای کرد و لەلایەن وەزیری بەرگریی ئەمریکاوە پێشوازی لێکرا. ئۆستن گوتی، "دنەدانەکانی حیزبوڵا هەڕەشە لە پەلکێشکردنی ئیسرائیل و خەڵکی لوبنان بۆ ناو جەنگێک دەکات کە خۆیان نایانەوێت". یواڤ گالانت رایگەیاندووە، "ئیسرائیل سوورە لەسەر بەهێزکردنی ئاسایشی وڵاتەکەی لە باکوورەوە، ئەوەش بۆ ئامادەبوون بۆ هەر سیناریۆیەک کە ئەگەری روودانی هەیە. گالانت ئەوەشی بە ئۆستن گوتووە، پێویستە ئەمریکا کار لەسەر ئەوە بکات، هەژموونی هەرێمیی ئێران کەمبکاتەوە و رێگە نەدات ئەو کۆمارە ئیسلامییە دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات. پاتریک ئێس رایدەر، جەنەراڵی ئەمریکیش لەبارەی هاریکاریی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل رایگەیاند، هاریکاریمان "پۆڵایینە".

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى کارەباى سلێمانى ئاشکرایکرد، بەهۆى کوژانەوەى گشتى، ناتوانن بەرنامەى دابەشکردنى کارەبا جێبەجێ بکەن و لە ئێستادا فیدەرەکان کوژاونەتەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ی حوزەیرانی 2024، غالب مارف بەرێوەبەری كۆنترۆڵی كارەبای سلێمانی رایگەیاند، كاتژمێر 9:00ی بەیانی ئەمڕۆ لەكۆمپانیای دانە گاز بەهۆكارێكی نادیار كوژاندنەوەی گشتی بەهۆی دابەزینی پەستانی گاز روویداوە و بەو هۆیەشەوە بەرهەمهێنانی كارەبا كەمبووەتەوە و ناتوانرێرت بەرنامەی دابەشكردنی كارەبا جێبەجێ بكەن. ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا زۆربەی فیدرەكان كوژاونەتەوە بە هۆڵەكانی تاقیكردنەوەشەوە تا ئەوكاتەی كێشەی دانە گاز چارەسەردەبێت و بەرهەمهێنانی كارەبا ئاسایی دەبێتەوە

مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی حكومەتی عێراق, دەنگۆی گواستنەوەی بارەگای سەركردایەتی بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی بۆ بەغدای پایتەخت رەتدەكاتەوە، كە ماوەیەكە لە میدیا ناوخۆیی و جیهانیەكان باس دەكرێت. ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ی حوزەیرانی 2024، فادی شەمەری, راوێژكاری سیاسی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە لێدوانێكدا بە رۆژنامەی شەرقل ئەوسەتی رایگەیاند، هیچ نوسینگە و بارەگایەكی حەماس لە بەغدا نەكراوەتەوە و سەرجەم ئەو دەنگۆیانەش رەتدەکەیەنەوە کە باس لە کردنەوەی بارەگای حەماس دەکەن لە عێراق. هاوكات سەرچاوەیەكی تری نزیك لە حكومەتی عێراق بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، گواستنەوەی سەركردەكانی حەماس خالید میشعەل و ئیسماعیل هەنیە بۆ بەغدا زۆر دوورە لە راستییەوە. ئەمە لەكاتێكدایە، دوێنێ سێشەممە، 25ی حوزەیرانی 2024، رۆژنامەی زە ناشناڵی ئەمریكی لە راپۆڕتێكدا ئاماژەی بەوەكردبوو، مانگی رابردوو ئیسماعیل هەنیە، سەرۆكی بزوتنەوەی حەماس و نوێنەرانی هەردوو حكومەتی عێراق و ئێران، گفتوگۆیان لەبارەی گواستنەوەی بارەگاو سەركردەكانی ئەو بزوتنەوەیە بۆ بەغدا کردووە. هاوكات هەندێك میدیای عێراقیش بڵاویانكردووەتەوە، نوسینگەی پەیوەندییەكان و راگەیاندنی بزوتنەوەی حەماس لە بەغدادی پایتەختی عێراق, بە رەزامەندی فەرمی حكومەتی عێراق كراوەتەوە.

هاوڵاتی دابینیکردنی غاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنان راگیرا و کارەبای گشتیی هەرێمی کوردستان کوژایەوە.  ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ی حوزەیرانی 2024، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژى وەزارەتى کارەبا رایگەیاند، لە کۆمپانیاى دانەغازەوە دابینکردنى سووتەمەنى بۆ وێستگەکانى کارەبا وەستاوە. ئاماژەى بەوەشکردووە، بەهۆى ئەوەوە کارەباى گشتیى هەرێمى کوردستان کوژاوەتەوە و نزیکەى سێ هەزار مێگاوات کارەبا کەمیکردووە. وتیشی، نزیکەی سێ هەزار وات کارەبا لە هەرێمی کوردستان کەم بووەتەوە.  

مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی نرخی نه‌وتی خاوی ئه‌مریكا و نه‌وتی برێنت به‌راورد به‌ دوێنێ دابه‌زینی به‌خۆیه‌وه‌ بینی، بەشێوەیەک نرخی‌ یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی خاوی برێنت به‌ 84 دۆلار و 66 سه‌نته. ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه،‌‌‌ 26ی حوزه‌یرانی 2024، نرخی‌ یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی خاوی برێنت به‌ 84 دۆلار و 66 سه‌نته‌ له‌كاتێكدا دوێنێ به‌ 85 دۆلار و 27 سه‌نت ده‌فرۆشرا. نرخی نه‌وتی خاوی ئه‌مریكاش یه‌ك به‌رمیلی به‌ 81 دۆلار و 31 سه‌نته‌، له‌كاتێكدا دوێنێ به‌ 81 دۆلار و 74 سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كرا.