هاوڵاتی لەسەر داوای ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 19 کەناڵی لەشفرۆشی لە تێلیگرام داخران کە خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراقی تێدا بووە. ئەمڕۆ هەینی 28ی حوزەیرانی 2024، سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردەوە، لەسەر داواکارییەکی ئەو ئەندام پەرلەمانە کە ئاڕاستەی وەزیری پەیوەندیی عێراقی کردووە 19 کەناڵی لەشفرۆشی لە تێلیگرام داخران کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان سەرچاوەی لەشفرۆشی بوون. وەک ئەو ئەندام پەرلەمانی ئاماژەی پێکردووە، لەو کەناڵانە وێنەی هەزاران ژنی شارەکانی کورد و عەرەبی تێدابوو بەکاردەهێنران بۆ بانگەشەی لەشفرۆشی.

هاوڵاتی بەهۆی بۆردومانی تورکیاوە گوندێک لە سنوری ئامێدی چۆڵکرا و ئاگر لە گوندێکی تریش کەوتەوە، ھێزێکی زۆری سوپای تورکیاش لە ناوچەکە بڵاوەیانپێکراوە. دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، 28ی حوزەیرانی 2024، جارێکی دیکە فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا، زنجیرە چیای مەتینایان لە سنوور ئامێدی بۆردومانکرد و بەھۆیەوە، بناری چیای گوندی دەرگەلێ چۆڵکرا و ئاگر لە گوندی نھێلێیش کەوتەوە. لە چوارچێوەی لەشکرکێشییەکانی تورکیا بۆ سەر ئامێدی، ھێزێکی زۆری سوپای تورکیا لە سنووری زنجیرە چیای مەتینا بڵاوەیپێکراوە. جێگای ئاماژەیە، ئەو گوندەی چۆڵکراوە، چوار خێزانی تێدابووە و لەئێستادا روویان لە گوندەکانی دیکەی ناوچەکە کردووە.  

هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی 28ی حوزەیرانی 2024، لە قەزای كۆیە باوكێک بە هەڵە بە ئۆتۆمبێلەکەی بەسەر کچە سێ ساڵانەکەی دا دەڕوات، بەهۆیەوە کچەکە گیان لە دەست دەدات.  جێگای ئاماژەیە، روەداوەکە لە گەڕەکی شەوگێڕی سەنتەری قەزای کۆیە روویداوە. لە کاتێکدا باوکەکە بە ئۆتۆمبێلەکەی گەڕاوەتەوە دواوە و ئاگاداری ئەوە نەبووە، کە کچەکەی لە دواوەی ئۆتۆمبێلەکەیەتی.   ‎ لەم بارەیەوە هاوکار عەلی گوتەبێژی تەندروستی كۆیە، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی  راگەیاندووە، "منداڵەكە تاوەكو گەیێندراوەتە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە".   ‎ كچەکە ناوی بریا سۆران باوەدینە و تەمەنی سێ ساڵە، تەرمەكەی براوەتە پزیشكیی دادی كۆیە.

هاوڵاتی ساڵح حەسناوی دەڵێت، 16 نەخۆشخانەی تر لە عێراق دروستدەکەین و ئامانجیشمان زیادکردنی خزمەتگوزارییەکانە بۆ هاوڵاتییان. ئەمڕۆ هەینی 28ی حوزەیرانی 2024، ساڵح حەسناوی وەزیری تەندروستیی عێراق لە لێدوانێکیدا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، 16 نەخۆشخانە لە عێراق دروست دەکەین و ئامانجمان کوالیتی و زیادکردنی خزمەتگوزارییەکانە بۆ هاوڵاتییان'. دەشڵێت، چەند نەخۆشخانەیەکی نوێمان هەیە کە بەشێکیان لە کۆتایی ئەمساڵدا و هەندێکیشیان لە ساڵی داهاتوودا دەخرێنە بواری خزمەتەوە، بەوەش توانای کلینیکی نەخۆشخانەکانمان زیاددەکات و ئەنجامەکە لە کوالیتی و زیادبوونی خزمەتگوزارییەکان رەنگ دەداتەوە کە پێشکەش بە هاوڵاتییان دەکرێت. ئاماژەی بەوەشدا، کە وەزارەتەکەی بەردەوام دەبێت لەسەر ئەو پڕۆژانە و پلانی داهاتووشی هەیە و دەڵێت، ''ئێستا لە پرۆسەی ناردنی بانگهێشتی راستەوخۆداین بۆ کۆمپانیاکان بەمەبەستی دروستکردنی 16 نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی لە 16 پارێزگادا''.

هاوڵاتی لەسەر سکاڵاکەی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، کە لە دژی هەرێم تۆماری کردووە یەکشەممەی داهاتوو دادگەی فیدراڵی بڕیار دەدات. یەکشەممەى داهاتوو 30ى حوزەیران دادگاى فيدراڵیى عێراق دانیشتنێکى دیکە لەبارەى ئەو سکاڵایەوە دەکات کە ئیڤان فایەق، وەزیرى کۆچ و کۆچبەران تۆماریکردووە، لەسەر هەریەکە لە سەرۆکی هەرێمى کوردستان و سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆ. ئیڤان فایەق، داوایکردووە سکاڵا لێکراوان پەیوەست بکرێن بە داخستنى کەمپى ئاوارەکان و پێکهێنانى لیژنەیەک لە نێوان بەغدا و هەولێر بۆ جێبەجێکردنى بڕیارى ژمارە 24007ى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە بارەى داخستنى کەمپى ئاوارەکان. لەم بارەیەشەوە، عەلى جیهانگیر، وتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران رایگەیاند، دوو بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق هەن بۆ داخستنى کەمپەکان، یەکەمیان 30ى حوزەیرانى دیاریکردبوو، بەڵام بڕیارى دواتر کە تایبەت بوو بە میکانیزمى داخستنیان وادەکەى بۆ 30ى تەممووز درێژکردەوە. سەبارەت بە یەکلایکردنەوەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی وتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران، دەڵێت، بەگوێرەى ئەوەى پێمانگەیشتووە، ئەو دانیشتنەى دادگەى فیدراڵى لە 30ى حوەزیران یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ دۆسیەکە.  

هاوڵاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ كه‌شناسی‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ هه‌رێم‌ رایگه‌یاند كه‌ ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێ‌ ئاسمان ساماڵ ده‌بێت له‌گه‌ڵ بوونی تۆزێكی سووك، پله‌كانی‌ گه‌رما به‌رزتر ده‌بێته‌وه‌. ئەمڕۆ هەینی 28ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات، ئەمڕۆ پلەکانی گەرمی بەرزدەبنەوە. لەبارەی کەشوهەوای ئەمڕۆوە کەشناسیی هەرێم دەڵێت، ''ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ بوونی تۆزێکی کەم بەڵام لە باشووری هەرێم رێژەی تۆزەکە زیاتر دەبێت، هاوکات پلەکانی گەرمی بە شێوەیەکی گشتی کەمێک بەرزتر دەبنەوە بەڕێژەی یەک بۆ دوو پلە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ''. سەبارەت بە کەشوهەوای سبەینێ ئاماژەی بەوە کردووە، ''ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ بەردەوام بوونی تۆزێکی کەم بە گشتی لە شارەکانی هەرێم و پلەکانی گەرمیش نزیک دەبنەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ''. راشیگه‌یاند كه‌ به‌رزترین پله‌كانی گه‌رمای پێشبینیكراو به‌ پله‌ی سیلیزی‌ به‌مشێوه‌یه‌ ده‌بێت: هه‌ولێر : 43 سلێمانی : 40 دهۆك : 39 كه‌ركوك : 44 هه‌ڵه‌بجه‌ : 40 زاخۆ : 40 سۆران : 40 حاجی ئۆمه‌ران : 26 گه‌رمیان : 46

هاوڵاتی بەپێی راپرسیەکی ئەوانەی بینەری دیبەیەتەکەبوون دەڵێن، " ترەمپ باشتر بووە لە بایدن". بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی دیبەیتی سەرۆکایەتی ئەمریکا لەنێوان دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن بەڕێوەچوو، دیبەیتەکە لە ستۆدیۆی کەناڵی CNN بەڕێوەچوو، 90 خولەکی خایاند. دوای تەواوبوونی دیبەیتەکە کەناڵی CNN راپرسیەکی دانا بۆ وەرگرتنی رای ئەوانەی دیبەیتەکەیان بینیوە لە راپرسییەکدا 67٪ی ئەوانەی بینەری دیبەیتەکە بوون دەنگیان بە سەرکەوتنی ترەمپ داوە و ٪33 یش گوتوویانە بایدن باشتر بووە.  

هاوڵاتی سایتی شەفافیەت، داهاتی یەك هەفتەی سلێمانی لە رۆژی 22ی حوزیرانی 2024 تا 28ی حوزەیرانی 2024، بڕی 16 ملیار و 668 ملیۆن و 540 هەزار و 670 دینار بووە. ئەمڕۆ هەینی، 28ی حوزەیرانی 2024، سایتی شەفافیەت بۆ چاودێری و رێكخستنی داهاتە نانەوتییەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان داهاتی یەك هەفتەی راگەیاند، بەشێوەیەك بڕی 16 ملیار و 668 ملیۆن و 540 هەزار و 670 دینار بووە. ئاماژەی بەوەشکردوە، كە 91%ی داهاتەکە بەشێوەی نەختینەیە و 9%ی داهاتەکە بەشێوەی چەکە.

هاوڵاتی وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا دوو حاڵەتی پشتڕاستکراوەی تای خوێنبەربوونیان تۆمارکردووە و یەکێک لە تووشبووەکانیش گیانی لەدەستداوە. ئەمڕۆ هەینی 28ی حوزەیرانی 2024، سامان بەرزنجى وەزیرى تەندروستیى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، لە سەرەتاى دەستپێکردنى وەرزى گەرما، زیاتر چاودێری حاڵەتەکانی تای خوێنبەربوون دەکەن. ئەوەشی خستۆتەڕوو، تاوەکو ئێستاش تەنیا دوو حاڵەتى پشتڕاستکراوەیان هەبووە و یەکێکیان گیانیلەدەستداوە. دەشڵێت، بەراورد بە پارێزگاکانى عێراق ژمارەی تووشبووان  لە هەرێمى کوردستان زۆر کەمە، لە عێراق ژمارەى تووشبوون و مردن یەکجار زۆرە.  

هاوڵاتی ئەمڕۆ لە کۆماری ئیسلامی ئێران سەرۆک کۆمارێکی نوێ هەڵدەبژێردرێت و 61 ملیۆن و 452 هەزار و 321 کەسیش بەشداری ئەو پڕۆسەیە دەکەن. ئەمڕۆ هەینی، 28ی حوزەیرانی 2024، 14ھەمین خولی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران، کە سێھەمین ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پێشوەختەیە بەڕێوەدەچێت، چوار کاندیدیش کێبڕکێ لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری وڵاتەکە دەکەن. لە کاتژمێر 7:30 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ بەمەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ وڵاتەکەیان، پڕۆسەی دەنگدان لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیپێکرد و بڕیاریشە ئەو پڕۆسەیە بۆ ماوەی 10 کاتژمێر بەردەوامبێت. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی ئێران سەبارەت بە ژمارەی دەنگدەران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ”بۆ ئەم هەڵبژاردنە 61 ملیۆن و 452 هەزار و 321 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و لە سەرەتاسەری ئێران زیاتر لە 58 هەزار بنکەی دەنگدان دانراوە”. جێگای ئاماژەیە، لە خولی سیانزەھەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران ئیبراھیم رەئیسی توانی 63.7%ی دەنگەکان بەدەست بھێنێت و ببێتە ھەشتەمین سەرۆک کۆماری ئێران، لەو خولەدا 59 ملیۆن و 310 ھەزار و 307 کەس مافی دەنگدانیان ھەبوو، رێژەی بەشداری 48%بوو. رەئیسی پێش ساڵێک و دوو مانگ لە کۆتایی ھاتنی وادەی سەرۆکایەتییەکەی و لە 19ی ئایاری ئەمساڵ بەھۆی کەوتنەخوارەوەی ھێلیکۆپتەرەکەی لەباکوری خۆرئاوای ئێران گیانیلەدەستدا.  

هاوڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت، لە مانگى ئایارى رابردوودا وەزارەتى نەوت زیاتر لە 104 ملیۆن بەرمیل نەوتى لە کێڵگەکانى ناوەڕاست و باشوورەوە هەناردە کردووە. ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئامارى هەناردەى نەوتى بۆ مانگى ئایارى رابردووى بڵاوکردەوە، لەو مانگەدا 104 ملیۆن و 130 هەزار و 292 بەرمیل نەوت هەناردە کراوە لە کێڵگەکانى ناوەڕاست و باشووری عێراق. بەپێی راگەیێندراوەکەدا وەزارەتی نەوتی عێراق بێت، لە مانگی ئایاردا نەوت لە کێڵگەى گەیارەى موسڵ و کێڵگەکانى کەرکوکەوە هەناردە نەکراوە، بەڵام لە مانگەکانی رابردوودا لەو کێڵگانەوە نەوت هەناردە دەکرا. لە مانگى نیسانى ئەمساڵدا، عێراق 100 ملیۆن و 921 هەزار و 250 بەرمیل نەوتى هەناردە کردووە زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیلی لە کێڵگەى گەیارە و 448 هەزار و 606 بەرمیلى لە کەرکوکەوە هەناردە کراوە. 

هاوڵاتی لە نزیک گوندی شاخۆرانی سنووری پارێزگای هەولێر ئێوارەی ئەمڕۆ دەستڕێژی گولـلە لە تاکسییەک کرا و کەسێک کوژرا و کەسێکی دیکەش برینداربوو. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ی حوزەیرانی 2024، لە نزیک گوندی شاخۆرانی سنووری پارێزگای هەولێر دەستڕێژی گولـلە لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری تاکسی کراوە شۆفێرەکە کوژراوە و ژنێکیش بریندارە کە سەرنشینی تاکسییەکە بووە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە. تائێستا هێزە ئەمنییەکانی شاری هەولێر هیچ زانیارییەکیان لەبارەی رووداوەکەوە بڵاونەکردووەتەوە، هاوڵاتی بۆ زانیاری زیاتر چەندجارێک پەیوەندیی بە وتەبێژی پۆلیسی هەولێرەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نەبوو.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند بە تۆمەتی ئەوەی ویستوویەتی ماست و شیرەمەنی ماوەبەسەرچوو بە هاووڵاتیان بفرۆشێت. ئەمشەو 27ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، "لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامییەتی قەزای سەیدسادق و بەهاوكاری بنكەی پۆلیسی سەیدسادقی سەر بە بەشی پۆلیسی سەیدسادق تۆمەتبارێك دەستگیركرا و دەستگیرا بەسەر بڕی زیاتر لە سێ هەزار و 500 سەتـڵ ماست و سێ تۆن شیر و زیاتر لە 300 كیلۆگـرام بەرهـەمی شیرەمـەنی ماوە بەسەرچوو خراپبوودا لەناو كارگەیەکی دروستكردنی ماسـتدا لە گونـدی كانی پانكە كە تۆمەتبار ئامادەی كردبوو بەمەبەستی فرۆشتن و ساغكردنەوەی لەناو بازاڕەكاندا". پۆلسی سلێمانی دەڵێت، لەئێستادا تۆمەتبار هـ، س، ف لەدایكبووی 1989 بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 240 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە.  

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی ناسا کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئیڵۆن مەسکی راسپاردووە وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان لەناوبەرێت. ئەمە لەکاتێکدایە وردە وردە تەمەنی ئەو وێستگەیە بەرەو کۆتا دەچێت. کۆمپانیای سپەیس ئێکس رایەگەیاندووە، کە ئامێرێک دروست دەکات توانای هەیە وێستگە ئاسمانییەکە کە کێشی 480 تۆنە بەربداتەوە ناو زەریای هێمن. رۆژی چوارشەممە 26ی ئەم مانگە ناسا رایگەیاند، بە بڕی 843 ملیۆن دۆلار رێککەوتنێکیان لەگەڵ سپەیس ئێکس بۆ ئەو مەبەستە کردووە. وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان لە ساڵی 1998 دەست بە ناردنی بۆ بۆشایی ئاسمان کرا و لە ساڵی 2000 کارەکانی تەواوبوو. هەموو 90 خولەک جارێک لە بەرزی 400 کیلۆمەتر لە ئاستی دەریاوە بە دەوری زەویدا دەسوڕێتەوە. لەو کاتەوە هەڵدراوەتە بۆشایی ئاسمان بەردەوام مرۆڤی تێدا نیشتەجێبووە و بووەتە لانکەی هەزاران لێکۆڵینەوە و تاقیکردنەوە و دۆزینەوەی نوێ. هەرچەندە بەهۆی زیادبوونی تەمەنییەوە بەبێ کاری مرۆڤیش بەردەبێتەوە سەر زەوی، بەڵام ئەوە مەترسی گەورە دروست دەکات بەتایبەت ئەگەر بە ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی مرۆڤدا بدات. ناسا تاوەکو ئێستا چەندین رێگەی بۆ لەناوبردنی وێستگە ئاسمانییە پیرەکە لێکداوەتەوە، بەڵام هیچیان سەری نەگرتووە. لەم دواییەدا بڕیاری داوە بیداتە کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئیڵۆن مەسک.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی دەستگیرکردنی 11 تۆمەتباری راگەیاند، بە تۆمەتی گزیکردن لەڕێگەی بیستۆکەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری لە سنووری قەزای چەمچەماڵ رۆژی 26ی حوزەیرانی 2024 توانرا 11 تۆمەتبار لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش دەستگیربکەن. وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، تۆمەتباران بەشێوەی ئۆنلاین ئامێری گزیکردنیان کڕیوە و ویستویانە بۆ تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی بەکاریبهێنن، سەرجەمیان لەلایەن هێزەکانی ئاسایش دەستگیرکران. ئاسایشی سلێمانی ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەئێستادا تۆمەتباران بەپێی مادەی 240 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکانیان بەردەوامە.