هاوڵاتی ئەمڕۆ لە کۆماری ئیسلامی ئێران سەرۆک کۆمارێکی نوێ هەڵدەبژێردرێت و 61 ملیۆن و 452 هەزار و 321 کەسیش بەشداری ئەو پڕۆسەیە دەکەن. ئەمڕۆ هەینی، 28ی حوزەیرانی 2024، 14ھەمین خولی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران، کە سێھەمین ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پێشوەختەیە بەڕێوەدەچێت، چوار کاندیدیش کێبڕکێ لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری وڵاتەکە دەکەن. لە کاتژمێر 7:30 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ بەمەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ وڵاتەکەیان، پڕۆسەی دەنگدان لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیپێکرد و بڕیاریشە ئەو پڕۆسەیە بۆ ماوەی 10 کاتژمێر بەردەوامبێت. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی ئێران سەبارەت بە ژمارەی دەنگدەران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ”بۆ ئەم هەڵبژاردنە 61 ملیۆن و 452 هەزار و 321 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و لە سەرەتاسەری ئێران زیاتر لە 58 هەزار بنکەی دەنگدان دانراوە”. جێگای ئاماژەیە، لە خولی سیانزەھەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران ئیبراھیم رەئیسی توانی 63.7%ی دەنگەکان بەدەست بھێنێت و ببێتە ھەشتەمین سەرۆک کۆماری ئێران، لەو خولەدا 59 ملیۆن و 310 ھەزار و 307 کەس مافی دەنگدانیان ھەبوو، رێژەی بەشداری 48%بوو. رەئیسی پێش ساڵێک و دوو مانگ لە کۆتایی ھاتنی وادەی سەرۆکایەتییەکەی و لە 19ی ئایاری ئەمساڵ بەھۆی کەوتنەخوارەوەی ھێلیکۆپتەرەکەی لەباکوری خۆرئاوای ئێران گیانیلەدەستدا.  

هاوڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت، لە مانگى ئایارى رابردوودا وەزارەتى نەوت زیاتر لە 104 ملیۆن بەرمیل نەوتى لە کێڵگەکانى ناوەڕاست و باشوورەوە هەناردە کردووە. ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئامارى هەناردەى نەوتى بۆ مانگى ئایارى رابردووى بڵاوکردەوە، لەو مانگەدا 104 ملیۆن و 130 هەزار و 292 بەرمیل نەوت هەناردە کراوە لە کێڵگەکانى ناوەڕاست و باشووری عێراق. بەپێی راگەیێندراوەکەدا وەزارەتی نەوتی عێراق بێت، لە مانگی ئایاردا نەوت لە کێڵگەى گەیارەى موسڵ و کێڵگەکانى کەرکوکەوە هەناردە نەکراوە، بەڵام لە مانگەکانی رابردوودا لەو کێڵگانەوە نەوت هەناردە دەکرا. لە مانگى نیسانى ئەمساڵدا، عێراق 100 ملیۆن و 921 هەزار و 250 بەرمیل نەوتى هەناردە کردووە زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیلی لە کێڵگەى گەیارە و 448 هەزار و 606 بەرمیلى لە کەرکوکەوە هەناردە کراوە. 

هاوڵاتی لە نزیک گوندی شاخۆرانی سنووری پارێزگای هەولێر ئێوارەی ئەمڕۆ دەستڕێژی گولـلە لە تاکسییەک کرا و کەسێک کوژرا و کەسێکی دیکەش برینداربوو. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ی حوزەیرانی 2024، لە نزیک گوندی شاخۆرانی سنووری پارێزگای هەولێر دەستڕێژی گولـلە لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری تاکسی کراوە شۆفێرەکە کوژراوە و ژنێکیش بریندارە کە سەرنشینی تاکسییەکە بووە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە. تائێستا هێزە ئەمنییەکانی شاری هەولێر هیچ زانیارییەکیان لەبارەی رووداوەکەوە بڵاونەکردووەتەوە، هاوڵاتی بۆ زانیاری زیاتر چەندجارێک پەیوەندیی بە وتەبێژی پۆلیسی هەولێرەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نەبوو.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند بە تۆمەتی ئەوەی ویستوویەتی ماست و شیرەمەنی ماوەبەسەرچوو بە هاووڵاتیان بفرۆشێت. ئەمشەو 27ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، "لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامییەتی قەزای سەیدسادق و بەهاوكاری بنكەی پۆلیسی سەیدسادقی سەر بە بەشی پۆلیسی سەیدسادق تۆمەتبارێك دەستگیركرا و دەستگیرا بەسەر بڕی زیاتر لە سێ هەزار و 500 سەتـڵ ماست و سێ تۆن شیر و زیاتر لە 300 كیلۆگـرام بەرهـەمی شیرەمـەنی ماوە بەسەرچوو خراپبوودا لەناو كارگەیەکی دروستكردنی ماسـتدا لە گونـدی كانی پانكە كە تۆمەتبار ئامادەی كردبوو بەمەبەستی فرۆشتن و ساغكردنەوەی لەناو بازاڕەكاندا". پۆلسی سلێمانی دەڵێت، لەئێستادا تۆمەتبار هـ، س، ف لەدایكبووی 1989 بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 240 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە.  

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی ناسا کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئیڵۆن مەسکی راسپاردووە وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان لەناوبەرێت. ئەمە لەکاتێکدایە وردە وردە تەمەنی ئەو وێستگەیە بەرەو کۆتا دەچێت. کۆمپانیای سپەیس ئێکس رایەگەیاندووە، کە ئامێرێک دروست دەکات توانای هەیە وێستگە ئاسمانییەکە کە کێشی 480 تۆنە بەربداتەوە ناو زەریای هێمن. رۆژی چوارشەممە 26ی ئەم مانگە ناسا رایگەیاند، بە بڕی 843 ملیۆن دۆلار رێککەوتنێکیان لەگەڵ سپەیس ئێکس بۆ ئەو مەبەستە کردووە. وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان لە ساڵی 1998 دەست بە ناردنی بۆ بۆشایی ئاسمان کرا و لە ساڵی 2000 کارەکانی تەواوبوو. هەموو 90 خولەک جارێک لە بەرزی 400 کیلۆمەتر لە ئاستی دەریاوە بە دەوری زەویدا دەسوڕێتەوە. لەو کاتەوە هەڵدراوەتە بۆشایی ئاسمان بەردەوام مرۆڤی تێدا نیشتەجێبووە و بووەتە لانکەی هەزاران لێکۆڵینەوە و تاقیکردنەوە و دۆزینەوەی نوێ. هەرچەندە بەهۆی زیادبوونی تەمەنییەوە بەبێ کاری مرۆڤیش بەردەبێتەوە سەر زەوی، بەڵام ئەوە مەترسی گەورە دروست دەکات بەتایبەت ئەگەر بە ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی مرۆڤدا بدات. ناسا تاوەکو ئێستا چەندین رێگەی بۆ لەناوبردنی وێستگە ئاسمانییە پیرەکە لێکداوەتەوە، بەڵام هیچیان سەری نەگرتووە. لەم دواییەدا بڕیاری داوە بیداتە کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئیڵۆن مەسک.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی دەستگیرکردنی 11 تۆمەتباری راگەیاند، بە تۆمەتی گزیکردن لەڕێگەی بیستۆکەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری لە سنووری قەزای چەمچەماڵ رۆژی 26ی حوزەیرانی 2024 توانرا 11 تۆمەتبار لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش دەستگیربکەن. وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، تۆمەتباران بەشێوەی ئۆنلاین ئامێری گزیکردنیان کڕیوە و ویستویانە بۆ تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی بەکاریبهێنن، سەرجەمیان لەلایەن هێزەکانی ئاسایش دەستگیرکران. ئاسایشی سلێمانی ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەئێستادا تۆمەتباران بەپێی مادەی 240 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکانیان بەردەوامە.

هاوڵاتی وەزیری بازرگانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 250 هەزار تۆن گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ی حوزەیرانی 2024، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانەوە رایگەیاند، "تائێستا پرۆسەکە بەردەوامە و بە باشی بەڕێوەدەچێت". بەپێی وتەی وەزیری بازرگانیی هەرێمی کوردستان بێت، 700 هەزار تۆن وەکو پشکی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دیاریکراوە، تاوەکو دوێنێ زیاتر لە 250 هەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە و ئاماژەی بەوەکرد، ''هێشتا ماوەیەکی زۆر ماوە، بۆیە ئەو بڕەی کە بۆمان دیاریکراوە، هەمووی وەردەگرین". لە 6ی حوزەیرانی 2024، لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان پرۆسەی گەنمی جوتیاران دەستیپێکردووە و ماوەی 45 رۆژ بەردەوام دەبێت، بۆ هەر تۆنێک گەنم حکومەتی عێراق 850 هەزار دینار دەداتە جوتیاران.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی مارین لوپێن دەڵێت، ئەگەر زۆرینەی پەرلەمانی وڵاتەکە لە هەڵبژاردنی کۆتایی ئەم مانگەدا بباتەوە، رێگە بە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا نادات چەکداری فەرەنسا بۆ ئۆکراینا بنێرێت. رۆژی پێنجشەممە 27-6-2024، مارین لوپێن، سەرۆکی پارتی بەرەی نیشتمانی دەڵێت، "سەرۆکی هێزە چەکدارەکان پۆستێکی رەمزییە بۆ سەرۆکی فەرەنسا، ئەوە سەرۆکوەزیرانە کە توانای کۆنترۆڵکردنی هەیە". ئەمە لە کاتێکدایە دواین راپرسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، پارتەکەی لوپێن دەتوانێت 36٪ی دەنگەکانی فەرەنسا بباتەوە. پارتەکەی ماکرۆن تا ئێستا تەنیا 19.5٪ی دەنگەکانی فەرەنسا دەباتەوە. رۆژی یەکشەممە 30-6-2024، یەکەم گەڕی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت. ئەوەش دوای ئەوە هات ماکرۆن لە سەرەتای ئەم مانگە بەهۆی دۆڕانی پارتەکەی لە هەڵبژاردنی یەکێتی ئەوروپا، داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی لە فەرەنسا کرد. ماکرۆن یەکێک لە بەهێزترین سەرکردە سەربازی  و دیپلۆماسییەکانی ئەوروپایە و لە سەرەتای جەنگی ئۆکرایناشەوە، گەورەترین بەرهەڵستیی رووسیای کردووە و بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە نابێت رووسیا جەنگەکە بباتەوە. لە دواین هەڵوێستیدا ماکرۆن گوتی، "ئەگەر رووسیا بڕیاری دابێت زیاتر بڕوات" ئەویش هێزی سەربازی بۆ ئۆکراینا دەنێرێت. لوپێن لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیای فەرەنسیدا رایگەیاندووە، ئەگەر جۆردان باردێڵا، بەربژێری جوڵەی نیشتمانی ببێتە سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا، ئەوا دەسەڵاتی ماکرۆن وەک سەرۆکی فەرەنسا کەمدەبێتەوە. دەڵێت، جۆردان خواستی وانییە دژایەتی ماکرۆن بکات، بەڵام ماکرۆن هێڵە سوورەکانی تێپەڕاندووە، چونکە سەرۆک ناتوانێت هێزی سەربازی بنێرێت بۆ ئۆکراینا. ئەگەر بەرەی نیشتمانی بیباتەوە، ماکرۆن ناچاردەبێت بەربژێری سەرۆکوەزیرانە 28 ساڵەکەی پارتەکەی لوپێن هەڵبژێرێت؛ ئەمەش یەکەم جارە لە دوای ساڵی 2002 کە سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا لە دوو پارتی جیاواز بن.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێلی چین لە مەکسیک لقیان کردووەتەوە و دەستیان بە فرۆشتنی ئۆتۆمبێل کردووە. دەڵێن دەست بە ناردنی ئۆتۆمبێل بۆ ئەمریکا دەکەن، ئەمەش هەڕەشەی گەورەی لەسەر کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە ئەمریکا دروستکردووە بەهۆی کەمی نرخەکانیانەوە. لە ئەمریکا بە شێوەیەکی گشتی نرخی یەک ئۆتۆمبێلی کارەبایی دروستکراوی ئەو وڵاتە 55 هەزار دۆلاری ئەمریکییە. کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل لەو کاتەدا ناتوانن رکابەرییەکە بکەن و ئەگەری هەیە تووشی زیانی کارەساتبار بن. شیرۆد براون، سیناتۆری سەر بە دیموکراتەکانی ئەمریکا لە نامەیەکی بۆ سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، جار دوای جار چین کەلوپەلی هەرزان کە حکومەتی چین پارەی زیانەکەی دەدات بۆ تێکدانی بازاڕی ئەمریکا دەنێرێت. دەشڵێت، نابێت رێگە بدەین هەمان کار بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە ئەمریکا بکات. بە گوێرەی بەرپرسانی دیموکراتی ئەمریکا، چین رێککەوتنی ساڵی 2020ی ئیدارەی ترەمپ و چین بەکاردەهێنێت بۆ تێکدانی بازاڕی ئۆتۆمبێل لە ئەمریکا. رێککەوتنەکە وابوو، چین دەتوانێت ئۆتۆمبێلەکانی لە خاکی ئەمریکا بفرۆشێت بەو مەرجەی لە مەکسیک بیبەستێت. دۆناڵد ترەمپ بە گۆڤاری تایمی گوتووە، ئەگەر هەڵبژێردرێتەوە، 100٪ی بازرگانیی ئۆتۆمبێلی کارەبایی چین لە ئەمریکا قەدەخە دەکات، دەشڵێت "رێگە نادەم بازرگانییەکانی دیکەشمان بدزن". بە گوێرەی ماڵپەڕی گلۆبەڵ داتا، چین لە ساڵی 2023دا بە دروستکردنی 10 ملیۆن و 400 هەزار ئۆتۆمبێل، 62٪ی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی جیهانی دروستکردووە. ئەمریکا بە بەرهەمهێنانی نزیکەی 1 ملیۆن ئۆتۆمبێل تەنیا 10٪ی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی جیهانی دروستکردووە. کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی بی وای دی هەراکەی ناوەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی رایگەیاند کارگەیەکی ئۆتۆمبێل لە مەکسیک دەکاتەوە. ئۆتۆمبێلی جۆری سیگوڵی ئەو کۆمپانیایە لە چین تەنیا بە 12 هەزار دۆلار دەفرۆشرێت و نرخەکەی لە وڵاتانی ئەمریکای باشوور تەنیا 21 هەزار دۆلارە؛ ئەمە لەکاتێکدایە نرخی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی ئەمریکا بە گشتی لە 55 هەزار دۆلاردایە.

هاوڵاتی د. لەتیف رەشید خشتەکانى یاساى بودجەى 2024 و هەموارى یەکەمى یاساى قەدەخەکردنى هاوڕەگەزخوازى و گۆڕینى رەگەز و چەند یاسایەکی دیکەی پەسەندکرد. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ی حوزەیرانی 2024، سەرۆکایەتى کۆمارى عێراق راگەیێدراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "دکتۆر لەتیف رەشید خشتەکانى یاساى بودجەى 2024 و هەموارى یەکەمى یاساى قەدەخەکردنى هاوڕەگەزخوازى و گۆڕینى رەگەزى و درێژکردنەوەى تەمەنى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق و یاساى هەموارى یەکەمى رێکخستنى بەکرێدانى زەویى کشتوکاڵى، پەسەند کرد". رۆژى 3ى حوزەیرانى 2024، لەدانیشتنى پەرلەمانى عێراقدا بەئامادەبوونى 199 پەرلەمانتار دەنگ لەسەر خشتەکانى بودجە درا. جێگای ئاماژەیە، رۆژى شەممە 27ی نیسانى 2024، پەرلەمانى عێراق یاساى قەدەخەکردنى هاوڕەگەزخوازى و گۆڕینى رەگەزى پەسەندکرد و بەگوێرەى یاساکە، سزاى ئەو دوو جۆرە کارە بەندکردنە تاوەکو 15 ساڵ، ئەوەش پاش گۆڕانکاریى دێت لە دەقى یەکەمى یاساکە کە تێیدا سزاى ئەو کارانە لەسێدارەدان بوو.

هاوڵاتی نرخی کارەباى مۆلیدەی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون بۆ مانگی حوزەیران دیاریکرا، بریتییە لە 254 دینار بۆ هەر کیلۆواتێک کە بەراورد بە مانگی رابردوو زیادی کردووە. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، لیژنەی باڵای دیاریکردنی نرخی کارەباى کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون (ستییەکان) کۆبوونەوەیەکی سازکرد و تیایدا نرخی کیلۆواتی کارەبای موەلیدەی بۆ مانگی حوزەیران دیاریکرد، کە بریتییە لە 254 دینار بۆ هەر کیلۆواتێک. دەشڵێت، بەگوێرەی نرخی گازوایل لە بازاڕ و ئەو توێژینەوەیەی بۆ خەرجی مۆلیدەی ستییەکان ئامادەکراوە، نرخی یەک کیلۆوات بۆ کاتژمێرێک کارەباى موەلیدەى پرۆژەکانی نیشتەجێبوون بۆ مانگی حوزەیران بریتییە لە 254 دینار. ئاماژەی بەوەشکرد، مانگى ئایار نرخى کیلۆواتێک کارەباى مۆلیدەی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون 250 دینار بووە. جەختی لەوەشکردەوە، پێویستە سەرجەم پرۆژەکانی نیشتەجێبوونی سنووری پارێزگای سلێمانی پابەندبن بە نرخەکەوە، بە پێچەوانەوە ئەگەر زیاتر لەو نرخە وەربگرن رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە.  

مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی پاش سێ ساڵ و چەندین دانیشتنی دادگە، دواجار دادوەر سزای زیندانی تاهەتایی بەسەر کەسێک بەناوی ڤیکتۆر میرسکۆی سەپاند، کە سێ ئەندامی خێزانێکی کوردی لە گوندی ڤەڵچانسکۆی پارێزگای ڤارۆنیژی رووسیا کوشت. بەگوێرەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە و دانپێدانانەکانی ڤیکتەر میرسکۆی بکوژی سێ هاوڵاتییە کوردەکە، کێشەکە لەسەر مانگایەک بووە، کە بکوژ ویستویەتی مانگاکە لەو خێزانە کوردە بکڕێت، بەڵام ئەوان پێیان نەفرۆشتووە و مانگاکەیان سەربڕیوە، بۆیە میرسکۆی لە بنکەی پۆلیسی ناوچەکە سکاڵا لە دژی یەکێک لە ئەندامانی خێزانە کوردەکە بەناوی گولیستان تۆمارکردووە، بەڵام پۆلیس لایەنی خێزانە کوردەکەی گرتووە. ڤیکتۆر میرسکۆی دوای کوشتنی سێ هاووڵاتییە کوردەکە، هێرش دەکاتە سەر بنکەی پۆلیسی ناوچەکە و کارمەندێکی پۆلیس بریندار دەکات. لە کاتی گەڕانی هێزە ئەمنییەکانی رووسیا بەدوای تۆمەتباردا، رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان دەبێتەوە، دواتر بەبرینداری دەستگیری دەکەن. هەروەها تاوانبار لە بەردەم دادوەر دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و پەشیمان نەبووەتەوە لە کوشتنیان، تەنیا گوتوویەتی، کوشتنی منداڵە تەمەن پێنج ساڵەکە بەڕێکەوت بووە. جێگای ئاماژەیە، شەوی 16 لەسەر 17ی ئەیلوولی 2021 لە گوندی ڤەڵچانسکۆی پارێزگای ڤارۆنیژی رووسیا، سێ ئەندامی خێزانێکی کوردی نیشتەجێی گوندی ڤەڵچانسکۆی پارێزگای ڤارۆنیژی رووسیا بەناوەکانی گولیستان ئیبراهیمۆڤای تەمەن 59 ساڵ، نادیر تەمەن 19 ساڵ و عەزیزی 5 ساڵان، کە سەرقاڵی بەخێوکردنی ئاژەڵبوون، لە لایەن کەسێکی بەڕەچەڵەک رووس، بەناوی ڤیکتەر میرسکۆی کوژران.  

هاوڵاتی له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێم لیستی مووچه‌ی مانگی شه‌شی فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆران ئاماده‌كراو ئه‌مڕۆ ره‌وانه‌ی به‌غدا ده‌كرێت. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ی حوزەیرانی 2024، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هه‌رێم رایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی شەشی  فەرمانبەران و مووچه‌خۆرانی هەرێم ئامادەکراوە و هەر ئەمڕۆ رەوانەی بەغدا دەکرێت. دەشڵێت، لیسته‌كه‌ به‌ هه‌ردوو شێوازی كاغه‌زی و سیدی ئاماده‌كراوه‌ و واژووی له‌سه‌ر كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ره‌وانه‌ی به‌غدا بكرێت.

هاوڵاتی تەڤگەری ئازادی، پەیامێک ئاراستەی لایەنە سیاسیەکان دەکات و کۆمەڵگە لە زەنگێکی مەترسیدار ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت، پێویستە کوردستانییان و گەلانی عێراق، لەبەرامبەر ئەو داگیرکارییەی سوپای تورکیا بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان، بێدەنگ نەبن. ئاماژەی بەوەشکردووە، "ھاتنەناوەوەی سەدان تانک و زرێپۆش و ھەزاران سەربازی سوپای تورکیا، بەبیانوی ھەبوونی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، لە رۆژانی 22 و 23 حوزەیران بۆ ناو خاکی ھەرێمی کورستان و عێراق، لە سنوری پارێزگای دھۆک، پێشھاتێکی مەترسییدارە و لە ناوەڕۆکدا پیلانێکە بۆ داگیرکاریی و دەستبەسەرداگرتنی خاکی باشوری کوردستان بەشێوەیەکی ھەمیشەیی". دەقی پەیامەکەی تەڤگەری ئازادی: تەڤگەری ئازادیی لایەنە سیاسییەكان و كۆمەڵگە لە زەنگێكی مەترسییدار ئاگادار دەكاتەوە پەرلەمانتاران، سەۆکی کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ، لەبەردەم تاقی کردنەوەیەکی گەورەدان، چۆن وەڵامی ئەو داگیرکاریی و دەست درێژەیەی سوپای تورکیا ئەدەنەوە؟ پێویستە کوردستانییان و گەلانی عێراق، لەبەرامبەر ئەو داگیرکارییەی سوپای تورکیا بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان، بێدەنگ نەبن و خاوەن ھەڵوێستی نیشتمانیی و ئەخلاقیی بن. لەمێژووی گەلانی عێراقدا، نەبووە داگیرکاریی قبوڵ بکرێت، ھاتنەناوەوەی سەدان تانک و زرێپۆش و ھەزاران سەربازی سوپای تورکیا، بەبیانوی ھەبوونی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، لە رۆژانی 22 و 23 حوزەیران بۆ ناو خاکی ھەرێمی کورستان و عێراق، لە سنوری پارێزگای دھۆک، پێشھاتێکی مەترسییدارە و لە ناوەڕۆکدا پیلانێکە بۆ داگیرکاریی و دەستبەسەرداگرتنی خاکی باشوری کوردستان بەشێوەیەکی ھەمیشەیی. ھێزە سیاسییە نیشتمانییەکان و گەلانی عێراق، دەبێت ئەو بێ ھەڵوێستییەی حکومەتی فیدراڵ و ھاوکارییەکانی «پارتی-بنەماڵەی بارزانیی» بۆ سوپای داگیرکەر رەتبکەنەوە و شەرمەزاری بکەن. ئەوەی رووئەدات، پێشێلکارییەکی تەواوی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراقە و ژیان و ئاسایشی ھاووڵاتییانی بەتەواوی خستووەتە ژێر ھەڕەشەو مەترسییەوە، پەرلەمانتارانی عێراق دەبێت خاوەنداریی لەو سوێند خواردن و بەڵێنە بکەن کە خوێندویانە داویانە بەگەلی عراق، چۆن و بەچ شێوەیەک بەرگریی لەخاک و سەروەریی وڵاتەکەیان و ھاووڵاتییانیان دەکەن؟ سەرۆکایەتیی کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیکەی حکومەتی عێراق، لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدان، چۆن وەڵامی ئەو دەستدرێژییە ئاشکرایەی دەوڵەتی تورکیا ئەدەنەوە، ئەو داگیرکارییەی سوپای تورک ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت. ئەوەی بەرەوروی ئەو داگیرکارییە وەستاوەتەوە و بەرگریی دەکات، ھێزی پاراستنی گەلانە، ھەر ئەو گەریلایانە بوون فریای شەنگال و ئێزدییەکان کەوتن و لە کۆمەڵکوژیی و لەناوبردنی یەکجاریی رزگاریانکردن. نابێت حکومەت و گەلانی عێراق، ئەو رۆژانەیان لە بیر بچێتەوە، کە حکومەتەکەی ئەردۆغان و تیرۆریستەکان و ھێزە وابەستەکانی بۆ پارچەکردنی خاک و گەلانی عێراق، ھاوکار و پشتیوانیی داعشیان دەکرد، بەسەدان ھەزار ھاووڵاتیی لەھەموو نەتەوە و پێکھاتەکانی گەلانی عێراقی کردنە قوربانیی؛ موسڵ و ئەنبارو نیوەی شار و شارۆچکەو خاکی عێراقیان پێ خاپورکرد. لە جیاتی ئەوەی حکومەتی فیدراڵ لە رێگەی رێوشوێنە یاساییە نێودەوڵەتییەکان، داوای یاسایی لەسەر دەوڵەتی تورکیا و ھاوکارەکانی و داعش تۆمار بکات، کە بەسەدان بەڵگە سەلمێنراوە، بە پێچەوانەوە بەو بێدەنگیی و بێ ھەڵوێستییەی دەبێتە بەشێک لەو وێرانیی و داگیرکارییە لەسەر خاکی خۆی! ئێمە وەک تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، وەک ئەرکێکی نیشتمانیی و ئەخلاقیی، وێڕای شەرمەزارکردنی بێ ھەڵوێستیی حکومەتی عێراق و ھاوکارییەکانی پارتی بۆ سوپای تورکیا، بە ئەرکی ئەخلاقیی و مێژوویی خۆمانی دەزانیین، لە ھەموو ئاستێکدا کار بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو داگیرکارییە بکەین. لەسەر ئەو بنەمایە، بانگەواز لە تەواوی ئەو لایەنانەدەکەین کە ناخوازن لەژێر سێبەر و رەحمەتی سوپای داگیرکەراندا بژین، دەبێت خاوەنداریی لە سەروەریی و شکۆی گەل بکەین و بەیەک ریز لەگەڵ گەلەکەمان بوەستین و داگیرکاریی و خیانەت تێک بشکێنیین. گەلی ئێمە بە کورد و عەرەب و تەواوی پێکھاتەکانیەوە، لەبەرامبەر داگیرکاریی و پێشێلکردنی سەروەرییە نیشتمانییەکانیی، ھەرگیز لایەن و ھێز و حکومەتێک پەسند ناکات کە بێھەڵوێست بێت. تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان 27/6/2024

هاوڵاتی ئەلینا رومانسكی دەڵێت، هەڵبژاردن بۆ چەندین جار دواخرا لەپێناو هەرێمی كوردستان و عێراقێكی دیموكراتی هیوادارین هیچ دواخستنێكی تر روونەدات. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ی حوزەیرانی 2024، ئەلینا رومانسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق، لە تۆڕی كۆمەلایەتی ئێكس نوسیوویەتی، پێشوازی لە راگەیاندنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەین لە 20ی تشرینی یەكەم. ئەوەشی خستۆتەڕوو، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین زامنی پاك و بێگەردی هەڵبژاردن و رۆشنی بكات. ئەلینا رومانسكی ئاماژەی بەوەشکردووە، "دەستخۆشی لە هەوڵەكانی سەرۆكی هەرێم دەكەم". دەشڵێت، هەڵبژاردن بۆ چەندین جار دواخرا لەپێناو هەرێمی كوردستان و عێراقێكی دیموكراتی هیوادارین هیچ دواخستنێكی تر روونەدات.