هاوڵاتی دابینیکردنی غاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنان راگیرا و کارەبای گشتیی هەرێمی کوردستان کوژایەوە.  ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ی حوزەیرانی 2024، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژى وەزارەتى کارەبا رایگەیاند، لە کۆمپانیاى دانەغازەوە دابینکردنى سووتەمەنى بۆ وێستگەکانى کارەبا وەستاوە. ئاماژەى بەوەشکردووە، بەهۆى ئەوەوە کارەباى گشتیى هەرێمى کوردستان کوژاوەتەوە و نزیکەى سێ هەزار مێگاوات کارەبا کەمیکردووە. وتیشی، نزیکەی سێ هەزار وات کارەبا لە هەرێمی کوردستان کەم بووەتەوە.  

مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی نرخی نه‌وتی خاوی ئه‌مریكا و نه‌وتی برێنت به‌راورد به‌ دوێنێ دابه‌زینی به‌خۆیه‌وه‌ بینی، بەشێوەیەک نرخی‌ یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی خاوی برێنت به‌ 84 دۆلار و 66 سه‌نته. ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه،‌‌‌ 26ی حوزه‌یرانی 2024، نرخی‌ یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی خاوی برێنت به‌ 84 دۆلار و 66 سه‌نته‌ له‌كاتێكدا دوێنێ به‌ 85 دۆلار و 27 سه‌نت ده‌فرۆشرا. نرخی نه‌وتی خاوی ئه‌مریكاش یه‌ك به‌رمیلی به‌ 81 دۆلار و 31 سه‌نته‌، له‌كاتێكدا دوێنێ به‌ 81 دۆلار و 74 سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كرا.

هاوڵاتی وەزارەتی دارایی ئەمریکا نزیکەی 50 کەس و دامەزراوەی خستە لیستی گەمارۆکانەوە کە یارمەتی سوپای پاسدارانیان داوە و پارەی نەوتی ئێرانیان بۆ دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران سپی کردووەتەوە. بەپێی راگەیەندراوێک کە رۆژی سێشەممە، 25ی حوزەیرانی 2024، لە ماڵپەڕی وەزارەتی دارایی ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە، ئەو کەس و دامەزراوانەی خراونەتە لیستی گەمارۆکانەوە، لە وڵاتانی جیاوازن کە بە دروستکردنی "تۆڕی بانکی شاراوە" لە لایەن وەزارەتی بەرگری ئێران و بە  پشتیوانی هێزە چەکدارەکان و هەروەها سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، یارمەتیدەربوون بۆ دابینکردنی چەندین ملیار دۆلار سەرچاوەی ئابووری بۆ گەشەپێدانی بواری سەربازی لە ئێران. ڤاڵی ئادیمۆ، جێگری وەزارەتی دارایی ئەمریکا لەم بارەوە وتوویەتی، ئەو تۆڕە لە ساڵی 2020ەوە  یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران دەستیان بە تۆڕی ئابووری نێودەوڵەتی بگات بۆ سپیکردنەوەی چەندین ملیار دۆلار سەرچاوەی نەوتی و داهاتە نایاساییەکانی دیکەی ئێران.  گەمارۆکانی رۆژی سێشەممە تۆڕێکی بەربڵاو لە کەس و دامەزراوەکانی جێگیر لە هۆنگ کۆنگ، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، دوورگەکانی مارشاڵ، ئێران و تورکیای خستووەتە لیستی ڕەشەوە. بەپێی ئەم بڕیارە نوێیە، دەست بە سەر دارایی ئەم کەس و کۆمپانیایانە دەگیردرێت لە ئەمریکا و بە گشتی قەدەغەی ئەکات ئەمریکاییەکان بازرگانی لەگەڵ ئەو کەس و دامەزراوانە بکەن. هەر کەسێکیش لە گەڵیان مامەڵە بکات دەکریتە لیستی گەمارۆ پلە دووەکانەوە.

هاوڵاتی جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکرد، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای کردووە بەغدا مووچەی دوو مانگی هێزە ئەمنییەکان پێکەوە بنێرێت. ئەمڕۆ سێشەممە، 25ی حوزەیرانی 2024، ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە رووداوی راگەیاندووە، "وەزارەتی دارایی عێراق بە هەمان میکانیزمی مانگەکانی رابردوو، مووچەی هێزە ئەمنییەکان خەرج دەکات". لەمیانەی لێدوانەلەیدا دلێمی ئاماژەی بەوەداوە، "حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای کردووە مووچەی مانگەکانی 5 و 6ـی هێزە ئەمنییەکان بەیەکەوە خەرج بکرێن". ئەم داواکارییەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە بەغدا مووچەی مانگی پێنجی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی خەرجکردووە، بەڵام تائێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ وادەیەکی بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنجی هێزە ئەمنییەکان دیارینەکردووە.

هاوڵاتی هێزی كۆماندۆی كوردستان ئۆپەراسیۆنێكیان بۆ سنووری گەرمیان ئەنجامدا و ژمارەیەك حەشارگەی داعشیان لەو ناوچانە خاپوور كرد. ئەمڕۆ سێشەممە، 25ی حوزەیرانی 2024، هێزی کۆماندۆی کوردستان رایگەیاند، "بەپشت بەستن بە زانیارییەكانی تۆڕی هەواڵگریی سەر بە فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان و پشتیوانی هاوپەیمانان بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەند تیمێكی شەڕكەری کۆماندۆ لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنێكیان بۆ سەر ژمارەیەك حەشارگەی داعش لە ناوچەی تاوێرکەوە لە سنووری گەرمیان ئەنجام دا". بەپێی راگەیەندراوەکەی هێزی کۆماندۆ بێت، لە کاتژمێر 2:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ڕێگەی تیمێكی یەكەی هاوەنی هێزەکانیان ژمارەیەك حەشارگەی داعشیان خاپوور كردووە. ئەوەشخراوەتەڕوو، هێزەکانیان دەستیان بە كێوماڵ كردنی ناوچەكە كردووە، كە تیرۆریستان ناو بەناو وەك شوێنی كۆبوونەوە و دانانی پیلانی هێرشكردن بەكاریان دەهێنا، كە ئامانجی سەرەكی ئۆپراسیۆنەكەش خاپووركردنی ئەو شوێنانە بوو. هێزی کۆماندۆ بۆمبێکی چێنراوی تیرۆرستانی لەلایەن تیمێكی (E.O.D)ی كۆماندۆی كوردستانەوە پۆچەڵكردووەتەوە، ئۆپەراسیۆنەكەش لە کاتژمێر 10:00ی بەیانی کۆتایی هاتووە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی جولیان ئاسانج، دامەزرێنەر و خاوەنی ماڵپەڕی ویکی لیکس، کە ماڵپەڕێکی تایبەت بە بڵاوکردنەوەی دۆسیە و زانیاریی دزەپێکراوی وڵاتانە رادەستی ئەمریکا کرایەوە. ئەمڕۆ سێشەممە 25-6-2024، لە لاپەڕەی تایبەتی ماڵپەڕی ویکی لیکس بڵاوکرایەوە، جولیان ئاسانج لە دوای پێنج ساڵ دەستبەسەربوون لە زیندانێکی لەندەن ئازادکرا. هەرچەندە باس لە ئازادکردنی دەکرێت، بەڵام ئاسانج رادەستی حکومەتی ئەمریکا کراوەتەوە و بڕیارە لە دورگەی ماریانای باکوور لە زەریای ئارام دادگایی بکرێت. گەوایە ئاسانج رۆژی چوارشەممە دادگایی دەکرێت و پێشبینی دەکرێت دادگە ئەمریکییەکەش 5 ساڵ زیندانیکردن بەسەر ئاسانجدا بسەپێنێت. بڕیارە دوای زیندانیکردنەکەی ئیدی بە تەواوی ئازادبکرێت و بگەڕێتەوە ئوسترالیا کە خۆی هاووڵاتی ئەوێیە. ئەوە 14 ساڵە کەیسەکەی ئاسانج بە جیهان ئاشنایە کە زانیاریی نهێنی کە لای زۆرێک وەک هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا لێکدەدرێتەوە بڵاوکردووەتەوە. جولیان ئاسانج تەمەنی 52 ساڵە و یەکێکە لە داواکراوانی حکومەتی ئەمریکا. لە ساڵی 2010دا هەزاران بەڵگەنامەی نهێنیی ئەمریکای پەیوەست بە ناوەندە سەربازی و دیپلۆماسییەکانەوە بڵاوکردەوە.

هاوڵاتی لە شاری دهۆک گەنجێک بە تۆمەتی سووتانی خوشکەکەی دەستگیرکراوە کە ئاگری لە جەستەی خوشکەکەی بەردەواوە و لە %80ی سووتاوە. ئەمڕۆ سێشەممە 25ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دهۆک لە راگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند، کە لە خوشکەکەی داوە و ئاگری لە جەستەی بەرداوە، بەپێی راگەیەندراوەکەی پۆلیس بێت، "گەنجەکە دوای رووداوەکە رایکردووە". وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "دوای ئەوەی ئەو ژنەیان گەیاندووەتە نەخۆشخانە، دەست بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کراوە، پاش چوار کاژێر تۆمەتبارەکە لە ناحیەی چەمانکێی سەر بە قەزای ئامێدی دەستگیرکراوە". پۆلیسی دهۆک روونیکردووەتەوە، "ژنەکە 80%ی جەستەی سووتاوە و ئێستا لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدایە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە بۆئەوەی هۆکارەکەی ئاشکرا بکرێت". بەپێی راگەیەندراوەکەی پۆلیس بێت،  ئەو ژنەی کە سوتێنراوە دایکی سێ منداڵە.

مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دەستگیرکردنی چەند قاچاخچیەکی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، کە پەیوەندییان بەکەیسی ژێرئاوکەوتنی بەلەمی کەناراوەکانی ئیتاڵیاوە هەبووە، رادەگەیەنێت. ئەمڕۆ سێشەممە، 25ی حوزەیرانی 2024، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پاش بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ئەو تۆمەتبارانەی دەستیان هەبووە لەناردنی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بۆ سەر بەلەمە نوقمبووەکەی ئیتاڵیا، چوار قاچاخچیان دەستگیرکردووە. لە راگەیێنراوەکەی دەزگای ئاسایشدا هاتووە، بە فەرمانی بەڕێز دادوەری ئاسایش، توانراوە ئەمڕۆ چوار تۆمەتباری گەورە قاچاخچیی بازرگانیکردن بەمرۆڤەوە بەناوەکانی (ح،ح،ع)، (ب،س،م)، (م،ج،أ) و (د،ع،س) دەستگیربکەین. لە رووداوی نقومبوونی ئەو بەلەمەدا 64 کەس گیانیان لەدەستدا، کە بەشێکیان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون. راگەیێنراوەکە دەڵێت، دەزگای ئاسایشی هەرێم، دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، هەوڵ و بەدواداچوونەکانمان بەردەوامە و لەئەنجامی لێکۆڵینەوەکان هەر کەسێکیتر ناوی بێت و بەشداربێت لەتاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لە ناوخۆ یان لەدەرەوەی هەرێمی کوردستان، دەستگیردەکرێن و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.   ئاماژەش بەوەکراوە، ئێستا تۆمەتباران بەیاسای ژمارە 28ی ساڵی 2012، دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.

هاوڵاتی لەلایەن دەستەی دەستپاکیی عێراقەوە فەرمانی دەستگیکردن بۆ بەڕێوەبەری بانکێک دەرکرا کە زیانی پێنج ملیار دیناری بە بانکەکە گەیاندووە. ئەمڕۆ سێشەممە، 25ی حوزەیرانی 2024، دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، بەڕێوەبەری بانکی رافیدەین لقی سەقلاویە لە پارێزگای ئەنبار، قەرزێکی پێنج ملیار دیناریی لەسەر بنەمای راپۆرتێکی نا راست بە کەسێک داوە بە مەبەستی دروستکردنی زانکۆیەکی ئەهلی لە شاری فەلوجە، بەوەش ئەو بەڕێوەبەرە زیانی بە بەرژەوەندیی بانکەکە گەیاندووە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەو کەسەی ئەو بڕە پارەیەی وەرگرتووە ویستوویەتی لەسەر موڵکی گشتی ئەو زانکۆیە دروستبکات، هەر بۆیە ئەو بەڕێوەبەرە فەرمانی دەستگیرکردنی لەلایەن دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی ئەنبارەوە بۆ دەرکراوە.

مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق پێشبینی روودانی کودەتای سەربازی لە عێراق دەکات و خەڵک پێشوازی لێ دەکات. ئەمڕۆ سێشەممە 25ی حوزەیرانی 2024، حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی شەرقیە رایگەیاند، ئەگەری كودەتای سەربازی لە عێراق هەیە و رەنگە گەلیش پێشوازی لێبكات بەتایبەتی ئەگەر سەركردەی كوتلە سیاسییەكان بخرێنە زیندانەوە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، من پێموایە گروپە چەكدارەكان سەركەوتوو نابن لە هەوڵی ئەنجامدانی كودەتا، چونكە گروپێك دژی ئەوەی ترە، بەڵام ئەگەر فەرماندەیەكی سەربازیی بە پشتیوانی دامەزراوەی سەربازی كودەتا بكات سەركەوتوو دەبێت.

هاوڵاتی بڕیارە سبەینێ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان کۆببێتەوە و لەسەر سێ بڕگە گفتوگۆ بکات. بڕیارە سبەینێ چوارشەممە، 26ی حوزەیرانی 2024، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە و لەسەر سێ بڕگە گفتوگۆ بكات، ئەوانیش پرسی مووچەی مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان و خزمەتگوزارییەکانی كارەبا و رەوشی حاجییانن. لە بڕگەی یەكەمدا رەوشی خزمەتگوزاری كارەبا لە هەرێمی كوردستان و پێشنیازی داشكاندنی رێژەی %50ی پارەی كەڵەكەبووی كارەبا لای هاوڵاتییان گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت. لە بڕگەی دووەمدا خستنەرووی راپۆرتی وەزارەتی ئەوقاف سەبارەت بە رەوشی حاجییان گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت. بڕگەی سێیەمیش بریتییە لە بابەتی پەیوەندیدار بە لیستی مووچە و بە بانكیكردنی مووچە و هاوكاری هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە.  

هاوڵاتی تاوەکو ئێستا کێشەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان چارەسەر نەکراوە و لە چەند رۆژی داهاتووشدا لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانەی بەغدا دەکرێت. ئەمڕۆ سێشەممە 25ی حوزەیرانی 2024، سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ 8ی راگەیاند، تاوەکو ئێستا کێشەى مووچەى هێزە ئەمنییەکان چارەسەر نەکراوە. دەشڵێت، لیستى مووچەى مانگى شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئامادەکراوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا رەوانەى بەغدا دەکرێت. لەبارەى مووچەى مانگى حوزەیرانى هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان ئەوەی خستۆتەڕوو، تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی ئایاریش نەنێردراوە.    

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی ئەمڕۆ کاتژمێر هەشتی ئێوارە بە کاتی هەولێر پەخشی کەناڵی زووم دەستپێدەکات. بەڕێوبەری تۆڕە میدیاییەکە بە هاوڵاتی گوت، ئەوان کەناڵێکی بێلایەن نین و لایەنگری خەڵکن. رۆژی سێشەممە 25-6-2024، تۆڕی میدیای زووم دەست بە پەخشی تەلەفزیۆنی دەکات و بارەگای سەرەکیی تۆڕەکە لە گەڕەکی کەڕادەی بەغدا دەبێت. هەروەها لە هەولێر و سلێمانیش نوسینگە و ستۆدیۆیان دەبێت. هێمن مەحمود، بەڕێوبەریی گشتی تۆڕی میدیای زووم بە هاوڵاتی گوت، زووم کەناڵێکی ئاسمانیی هەواڵی دەبێت، بەڵام جگە لەوەش، لایەنەکانی کلتوور، ئابووری، وەرزش و تەندروستی بەشێک لە بەرنامە و کارەکانی کەناڵەکە پێکدەهێنن. بە گوێرەی بەڕێوبەری گشتیی زووم، رۆژانە پەخشی راستەوخۆی کەناڵە ئاسمانییەکە لە 8:00ی بەیانییەوە دەستپێدەکات و تاوەکو 12:00ی شەو بەردەوام دەبێت. لە شەویشەوە تاوەکو بەیانی بەرنامەکانیان دووبارە دەکرێتەوە، واتە 16 کاتژمێر پەخشی راستەوخۆیان هەیە و 8 کاتژمێریش پەخشی ئاسایی دەکەن. هاوڵاتی لەبارەی پۆرتاڵی تۆڕی زوومەوە پرسیاری لە هێمن مەحمود، کرد. پێی راگەیاندین، ماڵپەڕی زووم بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و کوردی بەردەست دەبێت بۆ خوێنەران و لە ماوەیەکی نزیکدا بەشی عەرەبیش دەکەنەوە. لەبارەی تۆڕی پەیامنێرانی زوومەوە هێمن مەحمود، گوتی، "ئێمە پەیامنێرمان لە سلێمانی، هەولێر، کەرکوک، دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین هەیە". لەبارەی بەشەکانی دیکەی کوردستانەوە گوتی، لە رۆژئاوای کوردستان لە هەریەک لە شارەکانی قامیشلۆ و کۆبانی پەیامنێریان هەیە. هەر لەبارەی تۆڕی پەیامنێرانی تەلەفزیۆنی زوومەوە هێمن مەحمود، گوتی، لە پلانیاندایە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، باکووری کوردستان، ئێران و تورکیاش پەیامنێر دابنێن. هەروەها باسی لەوەکرد، لە ئەمریکا و ئەوروپا و ژمارەیەک شوێنی دیکەی جیهانیش لە داهاتوودا پەیامنێر دادەنێن و کاریان لەسەری کردووە. ئەو بەڕێوبەرەی زووم بە هاوڵاتی گوت، ئەوان لەلایەن کەرتی تایبەتەوە هاریکاریی داراییان دەکرێت و یەکێک لەو کۆمپانیا سەرەکیانەش کە هاریکاریانە کۆمپانیای مەعادل زەهەبییە. هاوڵاتی لەبارەی لایەنگیری کەناڵەکەوە بۆ پارتە کوردستانییەکان پرسیاری لە هێمن مەحمود، کرد و لە وەڵامدا گوتی، ئەوان سەر بە هیچ پارتێکی سیاسی دیاریکراو نین. زیاتر روونیکردەوە و گوتی، "ئەگەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، ئەوان ئامادەن رێکلام بۆ هەر بەربژێرێکی پەرلەمان و لیستێک بکەن کە خواستی رێکلامکردنی لە زووم هەبێت". لەبارەی بڵاوکراوەی کەناڵەکەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەڕێوبەری گشتیی زووم گوتی، لە تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتییە باوەکانی هەرێمی کوردستان لاپەڕەی تایبەتییان دەبێت و پێشتریش هەر هەیانبووە.

هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە 25ی حوزەیرانی 2024، دادگای سلێمانی بڕیاری زیندانی کردنی بۆ بکوژی خواناس وریا دەرکرد. بکوژی خواناس وریا، کە بەهۆی جیاوازی بیروڕای ئاینییەوە خواناسی کوشت، ئەمڕۆ لە لایەن دادگای سلێمانی بڕیاری زیندانکردنی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا. جێگای ئاماژەیە، خواناس وریا گلی، هونەرمەندێکی شانۆکار، نیگارکێش و ڕەخنەگر، لە دایکبووی ساڵی 2001بوو، ڕۆژی 22حوزەیرانی 2023 لە ناو بازاری شاری چەمچەماڵ، بە هۆی جیاوازی بیروڕای ئاینییەوە درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و گیانی لە دەستدا. دوای 24 کاتژمێر بکوژ خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەکان کرد و دانی نا بە تاوانەکەیدا و رایگەیاند، کە بەهۆی جیاوازی بیروڕای ئاینییەوە هونەرمەند خواناسی کوشتووە.

هاوڵاتی لە رۆژانی ئایندەدا پلەی گەرما گۆڕانکاری بەسەردا دێت و بەرزترین پلەی گەرما لە گەرمیان تۆماردەکرێت. وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم کەشی پێشبینی کراوی ڕۆژانی ئایندەی راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، بەرزترین پلەی گەرما لە گەرمیان تۆماردەکرێت. ئەمڕۆ سێشەممە 25ی حوزەیرانی 2024، ، بەشی پێشبینی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم لەبارەی کەشوهەوای 48 کاتژمێری ئایندەوە رایگەیاند، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەوردەبێت، خێرای با مامناوەند دەبێت و سبەینێ پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ. دەشڵيت، بەرزترین پلەی گەرما لە گەرمیان دەبێت و دەگاتە 45 پلەی سیلیزی، نزمترین پلەش لە حاجی ئۆمەران دەبێت و دەگاتە 29 پلەی سلیزی. بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سلیزی: هەولێر : 43 سلێمانی : 41 دهۆک : 41 کەرکووک : 44 هەڵەبجە : 42 زاخۆ : 43 سۆران : 41 حاجی ئۆمەران : 29 گەرمیان : 45