هاوڵاتی بڕیارە سبەینێ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان کۆببێتەوە و لەسەر سێ بڕگە گفتوگۆ بکات. بڕیارە سبەینێ چوارشەممە، 26ی حوزەیرانی 2024، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە و لەسەر سێ بڕگە گفتوگۆ بكات، ئەوانیش پرسی مووچەی مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان و خزمەتگوزارییەکانی كارەبا و رەوشی حاجییانن. لە بڕگەی یەكەمدا رەوشی خزمەتگوزاری كارەبا لە هەرێمی كوردستان و پێشنیازی داشكاندنی رێژەی %50ی پارەی كەڵەكەبووی كارەبا لای هاوڵاتییان گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت. لە بڕگەی دووەمدا خستنەرووی راپۆرتی وەزارەتی ئەوقاف سەبارەت بە رەوشی حاجییان گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت. بڕگەی سێیەمیش بریتییە لە بابەتی پەیوەندیدار بە لیستی مووچە و بە بانكیكردنی مووچە و هاوكاری هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە.
هاوڵاتی تاوەکو ئێستا کێشەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان چارەسەر نەکراوە و لە چەند رۆژی داهاتووشدا لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانەی بەغدا دەکرێت. ئەمڕۆ سێشەممە 25ی حوزەیرانی 2024، سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ 8ی راگەیاند، تاوەکو ئێستا کێشەى مووچەى هێزە ئەمنییەکان چارەسەر نەکراوە. دەشڵێت، لیستى مووچەى مانگى شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئامادەکراوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا رەوانەى بەغدا دەکرێت. لەبارەى مووچەى مانگى حوزەیرانى هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان ئەوەی خستۆتەڕوو، تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی ئایاریش نەنێردراوە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی ئەمڕۆ کاتژمێر هەشتی ئێوارە بە کاتی هەولێر پەخشی کەناڵی زووم دەستپێدەکات. بەڕێوبەری تۆڕە میدیاییەکە بە هاوڵاتی گوت، ئەوان کەناڵێکی بێلایەن نین و لایەنگری خەڵکن. رۆژی سێشەممە 25-6-2024، تۆڕی میدیای زووم دەست بە پەخشی تەلەفزیۆنی دەکات و بارەگای سەرەکیی تۆڕەکە لە گەڕەکی کەڕادەی بەغدا دەبێت. هەروەها لە هەولێر و سلێمانیش نوسینگە و ستۆدیۆیان دەبێت. هێمن مەحمود، بەڕێوبەریی گشتی تۆڕی میدیای زووم بە هاوڵاتی گوت، زووم کەناڵێکی ئاسمانیی هەواڵی دەبێت، بەڵام جگە لەوەش، لایەنەکانی کلتوور، ئابووری، وەرزش و تەندروستی بەشێک لە بەرنامە و کارەکانی کەناڵەکە پێکدەهێنن. بە گوێرەی بەڕێوبەری گشتیی زووم، رۆژانە پەخشی راستەوخۆی کەناڵە ئاسمانییەکە لە 8:00ی بەیانییەوە دەستپێدەکات و تاوەکو 12:00ی شەو بەردەوام دەبێت. لە شەویشەوە تاوەکو بەیانی بەرنامەکانیان دووبارە دەکرێتەوە، واتە 16 کاتژمێر پەخشی راستەوخۆیان هەیە و 8 کاتژمێریش پەخشی ئاسایی دەکەن. هاوڵاتی لەبارەی پۆرتاڵی تۆڕی زوومەوە پرسیاری لە هێمن مەحمود، کرد. پێی راگەیاندین، ماڵپەڕی زووم بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و کوردی بەردەست دەبێت بۆ خوێنەران و لە ماوەیەکی نزیکدا بەشی عەرەبیش دەکەنەوە. لەبارەی تۆڕی پەیامنێرانی زوومەوە هێمن مەحمود، گوتی، "ئێمە پەیامنێرمان لە سلێمانی، هەولێر، کەرکوک، دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین هەیە". لەبارەی بەشەکانی دیکەی کوردستانەوە گوتی، لە رۆژئاوای کوردستان لە هەریەک لە شارەکانی قامیشلۆ و کۆبانی پەیامنێریان هەیە. هەر لەبارەی تۆڕی پەیامنێرانی تەلەفزیۆنی زوومەوە هێمن مەحمود، گوتی، لە پلانیاندایە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، باکووری کوردستان، ئێران و تورکیاش پەیامنێر دابنێن. هەروەها باسی لەوەکرد، لە ئەمریکا و ئەوروپا و ژمارەیەک شوێنی دیکەی جیهانیش لە داهاتوودا پەیامنێر دادەنێن و کاریان لەسەری کردووە. ئەو بەڕێوبەرەی زووم بە هاوڵاتی گوت، ئەوان لەلایەن کەرتی تایبەتەوە هاریکاریی داراییان دەکرێت و یەکێک لەو کۆمپانیا سەرەکیانەش کە هاریکاریانە کۆمپانیای مەعادل زەهەبییە. هاوڵاتی لەبارەی لایەنگیری کەناڵەکەوە بۆ پارتە کوردستانییەکان پرسیاری لە هێمن مەحمود، کرد و لە وەڵامدا گوتی، ئەوان سەر بە هیچ پارتێکی سیاسی دیاریکراو نین. زیاتر روونیکردەوە و گوتی، "ئەگەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، ئەوان ئامادەن رێکلام بۆ هەر بەربژێرێکی پەرلەمان و لیستێک بکەن کە خواستی رێکلامکردنی لە زووم هەبێت". لەبارەی بڵاوکراوەی کەناڵەکەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەڕێوبەری گشتیی زووم گوتی، لە تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتییە باوەکانی هەرێمی کوردستان لاپەڕەی تایبەتییان دەبێت و پێشتریش هەر هەیانبووە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە 25ی حوزەیرانی 2024، دادگای سلێمانی بڕیاری زیندانی کردنی بۆ بکوژی خواناس وریا دەرکرد. بکوژی خواناس وریا، کە بەهۆی جیاوازی بیروڕای ئاینییەوە خواناسی کوشت، ئەمڕۆ لە لایەن دادگای سلێمانی بڕیاری زیندانکردنی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا. جێگای ئاماژەیە، خواناس وریا گلی، هونەرمەندێکی شانۆکار، نیگارکێش و ڕەخنەگر، لە دایکبووی ساڵی 2001بوو، ڕۆژی 22حوزەیرانی 2023 لە ناو بازاری شاری چەمچەماڵ، بە هۆی جیاوازی بیروڕای ئاینییەوە درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و گیانی لە دەستدا. دوای 24 کاتژمێر بکوژ خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەکان کرد و دانی نا بە تاوانەکەیدا و رایگەیاند، کە بەهۆی جیاوازی بیروڕای ئاینییەوە هونەرمەند خواناسی کوشتووە.
هاوڵاتی لە رۆژانی ئایندەدا پلەی گەرما گۆڕانکاری بەسەردا دێت و بەرزترین پلەی گەرما لە گەرمیان تۆماردەکرێت. وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم کەشی پێشبینی کراوی ڕۆژانی ئایندەی راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، بەرزترین پلەی گەرما لە گەرمیان تۆماردەکرێت. ئەمڕۆ سێشەممە 25ی حوزەیرانی 2024، ، بەشی پێشبینی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم لەبارەی کەشوهەوای 48 کاتژمێری ئایندەوە رایگەیاند، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەوردەبێت، خێرای با مامناوەند دەبێت و سبەینێ پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ. دەشڵيت، بەرزترین پلەی گەرما لە گەرمیان دەبێت و دەگاتە 45 پلەی سیلیزی، نزمترین پلەش لە حاجی ئۆمەران دەبێت و دەگاتە 29 پلەی سلیزی. بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سلیزی: هەولێر : 43 سلێمانی : 41 دهۆک : 41 کەرکووک : 44 هەڵەبجە : 42 زاخۆ : 43 سۆران : 41 حاجی ئۆمەران : 29 گەرمیان : 45
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی لە هێرشێکی سوپای ئیسرائیلدا بۆ سەر کەمپی شەتی لە رۆژئاوای غەززە، 15 فەڵەستینی کوژران و لە نێویاندا خوشکێکی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی بزوتنەوەی حەماس و 9 ئەندامی دیکەی خێزانەکەی هەبوون. بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 25-6-2024، ئیسرائیل بۆردومانی کەمپی شەتیی لە رۆژئاوای غەززە کرد و 15 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژران. میدیای ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، لە نێو ئەوانەدا کە کوژراون خوشکێکی ئیسماعیل هەنیە و 9 ئەندامی دیکەی خێزانەکەی کوژراون. لە دوای پەلاماری حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل و دەستپێکی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس تاوەکو ئێستا 38 هەزار و 179 فەڵەستینی کوژراون.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی گۆڤاری زە ناشناڵ بڵاویکردووەتەوە، بارەگای سەرەکیی بزوتنەوەی حەماس لە دۆحەی پایتەختی قەتەرەوە دەگوازرێتەوە بۆ بەغدا. ئەوەش بە هۆکاری ئەو گوشارە زۆرەی واشنتن و دۆحە دەیخەنە سەر بزوتنەوەکە بۆ دانوستان. گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی عێراق مانگی رابردوو داواکارییەکەی حەماسی قبوڵکردووە. دوای ئەوەی حەماس دەچێتە بەخدا، حکومەت ناچاردەبێت چەکداران و سەرکردەکانی حەماس بپارێزێت. زە ناشناڵ دەڵێت، ئەندام پەرلەمانێکی عێراق کە نزیکە لە هێزێکی میلیشیای سەر بە ئێرانەوە گوتوویەتی، ئیسماعیل هەنییە و محەممەد شیاع سوودانی بە تەلەفۆن ئەم بابەتەیان گفتووگۆکردووە و لەسەری رێککەوتوون. هەروەها ئیسماعیل هەنییە و نوێنەرانی بزوتنەوەکە لە عێراق و ئێرانیش گفتووگۆیان لەو بارەیەوە کردووە. بە گوێرەی ئەو ئەندام پەرلەمانەی زە ناشناڵ قسەی لەگەڵکردووە، لایەنەکانی دیکەی عێراق وەک کورد و سوننەکان ناڕازین لە گواستنەوەی حەماس بۆ عێراق، ئەوەش لەبەر مەترسی دروستکردنی جیاوازی زیاتر لەگەڵ ئەمریکا. لەم مانگەدا حەماس بە سەرۆکایەتی محەمەد حافی نوسینگەی خۆی لە بەخدا کردەوە و بڕیارە ناوەندی میدیاییش بکاتەوە. گواستنەوەی حەماس بۆ عێراق دوای ئەوە دێت، ئەمریکا و قەتەر گوشاری گەورەیان کردووەتە سەر بزوتنەوەکە بۆ ئاگربەست، حەماسیش تاوەکو ئێستا پێشنیازەکانی ئاگربەستی رەتکردووەتەوە یان بە مەرجەکانی رازی نەبووە، بەتایبەت ئاگربەستەکەی کۆتایی مانگی ئاداری جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا. ئەگەر حەماس بچێتە عێراق ئەگەری هەیە گفتووگۆی ئاگربەست سەختتر بێت، ئەوەش لەبەرئەوەی دەسەڵاتی بەرپرسانی دۆحە لەسەر بزوتنەوەکە کەمدەبێتەوە.
مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی حەیان عەبدولغەنی دەڵێت، بەردەوامین لە جێبەجێکردنی 8 پڕۆژەی گەورە بۆ وەبەرهێنانی گاز و یەکێک لەو پڕۆژانەش پڕۆژەی وێستگەی وزەی خۆرە لە عێراق. رۆژی سێشەممە 25-6-2024، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، گازی هاوردەکراو بەشی کارپێکردنی سەرجەم وێستگەکانی کارەبا ناکات، بەڵام گازی ئێران سەرچاوەیەکی سەرەکییە لە دابینکردنی سوتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا. دەشڵێت، بەرهەمهێنانی گازی پوخت لە عێراق دوو ملیار پێ سێجای تێپەڕاندووە و لەماوەی ئەمساڵدا ژمارەی پێوانەیی لە بەرهەمهێنانی گاز تۆمارکراوە. سەبارەت بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی گاز ئەوەی خستەڕوو، بەردەوامین لە جێبەجێکردنی 8 پڕۆژەی گەورە بۆ بەرهەمهێنانی گاز و قۆناخی یەکەمی پڕۆژەی وێستگەی وزەی خۆر لە ساڵی داهاتوودا تەواو دەبێت. ئاماژەی بەوەشکرد، قۆناخی یەکەمی پڕۆژەی وزەی خۆر دابینکردنی 250 مێگاوات لەخۆدەگرێت. باسی لەوەشکرد، کۆمەڵێک رێککەوتنیان ئەنجامداوە بۆ بەرهەمهێنانی گاز لە پەستانی نزمیشدا.
هاوڵاتی بە بڕیاری دکتۆر لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق، 12 هەزار زیندانیکراو کە وادەی سزاکانیان تەواوبووە یان سزاکانیان هەڵوەشاوەتەوە ئازاد دەکرێن. ئەمڕۆ سێشەممە 25ی حوزەیرانی 2024، نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق رایگەیاند، بەمەبەستی دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی پێوەرەکانی مافی مرۆڤ لە ناوەندەکانی گرتن و دەستبەسەرکردن و بە ئامانجی خێراکردنی تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ راگیراوان و جێبەجێکردنی پێوەرەکانی دادپەروەری و بەدواداچوون بۆ دۆسیەکانی تۆمەتباران و دوای وەرگرتنی چەندین سکاڵا، سەرۆکایەتی کۆمار لە ژێر رێنمایی راستەوخۆی سەرۆك کۆمار، لیژنەیەکی پێکهێنا، کە نوێنەرانی سەرۆکایەتی کۆمار و وەزارەتەکانی ناوخۆ و داد و ئەنجومەنی باڵای دادوەری و راوێژکارێتی ئاسایشی نەتەوەیی لەخۆدەگرێت. ئەوەشی خستۆتەڕوو، لیژنەی پەیوەندیدار چەندین کۆبونەوەی ئەنجامدا و کارەکانی بوەهۆی ئازادکردنی زیاتر لە 12 هەزار دەستگیرکراو و راگیراو، کە ماوەی سزاکانیان تەواوببوو یاخود لەلایەن دادگای تێهەڵچونەوەوە، هەڵوەشابوونەوە.
هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ لە دیوانی پارێزگا، كۆبوونەوەیەكی تایبەت لە بارەی كێشەی كەم ئاوی لە بەشێك لە گەڕەكەكانی شاری هەولێر ئەنجامدرا. ئەمڕۆ دووشەممە 24ی حوزەیرانی 2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە دیوانی پارێزگار کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەبارەی کێشەیی کەم ئاوی بەشێک لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر ئەنجامدا و تێیدا، بڕیاردرا بە دابینکردنی بڕی یەك ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ چارەسەری گرفتی كەم ئاویی هەولێر. ئاماژە بەوەشكراوە، جگە لە تەرخانكردنی بڕی یەك ملیار و 500 ملیۆن دینار، وەك فریاگوزاریی بۆ دابینكردنی پێداویستی و چارەسەركردنی كەموكوڕی و گرفتەكانی كەم ئاوی، چەند بڕیارێكی دیكە دران، لەوانە بەردەوامبوونی بڕینی سەرپێچی و زیادەڕۆییەكانی سەرتۆڕەكانی ئاوی خواردنەوەی ماڵان. ئەوەش خراوەتەڕوو، بڕیاردرا بە لێدانی بیری ئاوی خواردنەوەی بەدیل و نوێ لە هەولێر و دەوروبەری و نۆژەنكردنەوە و چاككردنەوەی كەموكوڕییە تەكنیكییەكانی بیرەكانی هەموو ئەو شوێن و جێگایانەی لە گەڕەكەكان دەبنە هۆكاری دروستبوونی كەم ئاوی و بەستنەوەیان بە كارەبای 24 كاتژمێری نیشتمانی و مۆلیدەكان كە بۆ 247 بیر لە ناوشاری هەولێر دابینكراوە.
هاوڵاتی بڕیارە لەم هەفتەیەدا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان وادەیەکی نوێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات. ئەمڕۆ دووشەممە 24ی حوزەیرانی 2024، دادوەر عومەر ئەحمەد سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کەناڵ 8ی راگەیاند، لەم هەفتەیەدا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان وادەی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکات. دەشڵێت، پەیوەندییان بە سەرۆکایەتی هەرێمەوە کردووە و دڵنیایان کردینەوە لەم هەفتەیەدا وادەی هەڵبژاردن دیاریدەکرێت. دادوەر عمر ئەحمەد وتیشی، دوو حزبی نوێ لە پارێزگای سلێمانی خۆیان تۆمارکردووە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن. ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا 21 کاندیدی سەربەخۆ خۆیان بەربژێر کردووە بۆئەوەی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمان بکەن و 14 کاندیدی تورکمان لە پارێزگای هەولێر و سلێمانی ناوی خۆیان لە کۆمیسیۆن تۆمارکردووە و 12 کاندیدی مەسیحی لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک ناوی خۆیان تۆمارکردووە.
هاوڵاتی بڕی چوار ملیۆن دینار وەک پاداشت بۆ هەر توێژەرێکی زانکۆ خەرج دەکرێت، کە توێژینەوەکەی لە گۆڤارە رەسەنە جیهانییەکاندا بڵاوبکاتەوە. ئەمڕۆ دووشەممە 24ی حوزەیرانی 2024، ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی راسپاردووە، هەماهەنگی بکات لەگەڵ وەزارەتی دارایی بۆ خەرجکردنی ئەو پاداشتە چوار ملیۆن دینارییە بۆ ئەو توێژەرانەی توێژینەوەکانیان لە یەکێک لە گۆڤارە رەسەنە جیهانییەکاندا بڵاودەکەنەوە. دەشڵێت، پاداشتەکە پشتبەست بە حوکمەکانی مادەی یەکی بڕگەی شەش لە یاسای خزمەتی زانکۆیی ژمارە 23ی ساڵی 2008 خەرج دەکرێت. جێگای ئاماژەیە، بە گوێرەی ریزبەندنی تایمزی جیهانی بۆ زانکۆکانی جیهان، لە کۆی 108 وڵات، عێراقی چووەتە ریزبەندی 37ەمین وڵات لە ریزبەندییەکەدا.
هاوڵاتی عێراق ناوهندی نوێی ئۆپهراسیۆنی بۆ هێزی ئاسمانی كردووهتهوه و فهرماندهی هێزهكهش دهڵێت، ناوهندهكه دهتوانێت كۆنتڕۆڵی جموجۆڵی فڕۆكهی سهربازی و شارستانی و ههموو جۆره ئامانجێكی دیكه بكات و كۆنترۆڵی تهواوهتی و راستهقینهی ئاسمانی عێراق دهكات. ئەمڕۆ دووشەممە 24ی حوزەیرانی 2024، لیوای فڕۆكهوان موههنهد ئهسهدی فهرماندهی هێزی بهرگریی ئاسمانیی عێراق رایگەیاند، توانای بهرگریی ئاسمانی عێراق رۆژ به رۆژ بههێزتر دهبێت و بەشێوەیەک دەتوانین کۆنترۆڵی راستهقینهی ئاسمانى عێراق بکەین. ئەوەشی خستەڕوو، ناوهندی نوێی ئۆپهراسیۆنی هێزی ئاسمانی كه رۆژی شهممهی رابردوو محهمهد شیاع سوودانی فهرماندهی گشتیی هێزه چهكدارهكان كردییهوه، به ئاستێكی بهرز توانای كۆنترۆڵكردنی ئاسمانی عێراقی ههیه. ئاماژەی بەوەشکرد، ههموو ئهو چهكانهی بۆ فهرماندهیی بهرگریی ئاسمانی دابینكراون، له كاتی پێویستدا بهرپهرچی ههر هێرشێك دهدهینهوه، توانای بهرگریی ئاسمانی رۆژ به رۆژ بههێزتر دهبێت و فڕۆكهوانهكان بهشداریی خولی راهێنان دهكهین و مهشقی راستهقینه لهسهر جۆره جیاوازهكانی فڕۆكه دەکەین.
هاوڵاتی لەکاتی لەحیم کردنی تەنکەرێکی گواستنەوەی چیمەنتۆ، تانکەرەکە تەقیوەتەوە و بەھۆیەوە هاوڵاتییەک گیانی لە دەستدا. ئەمڕۆ دووشەممە 24ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ دوو شەممە لە قەزای کفری لەکاتی لەحیم کردنی تەنکی ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر بەهۆی کۆبونەوەی غاز تانکی ئۆتۆمبێلەکە تەقیەوە. دەشڵێت، لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا ئاسنگەرێک بەناوی(ماهر ڕەشید حمید) لەدایکبووی1987 دانیشتووی شاری کەرکوک گیانی لەدەستدا. ئەوەشخراوەتەڕوو، لەئێستادا بەمەبەستی تۆێکاری تەرمی ئەو هاوڵاتییە رەوانەی پزیشکی دادوەری قەزای کەلار کراوە.
هاوڵاتی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی، بە بەردەوامی سەردان و چاودێریی ئەو مۆلیدە ئەهلییانە دەکەین کە لەناو شاری سلێمانیدان و کارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین دەکەن. ئەمڕۆ دووشەممە 24ی حوزەیرانی 2024، قائیمقامیەتی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکان چاودێریی کاری مۆلیدەکان دەکات و رێگە نادات هیچ گەڕەک و ماڵێک بێ کارەبا بێت. قائیمقامیەتی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، "هەر هاوڵاتییەک گلەیی لە مۆلیدەی گەڕەکەکەی هەبوو دەتوانێت سکاڵا تۆماربکات". ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت لەرووی دەنگ و دوکەڵەوە مۆلیدەکە بێدەنگ بێت و هیچ دوکەڵێکی نەبێت، هاوکات ڤۆڵتییەی دەرچوو لە مۆلیدەکەوە دەبێت لە 400 زیاتر بێت و لەسەروو 200ەوە بگات بە هاوڵاتییان. سەرۆکی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکانیش لە قائیمقامیەتی سلێمانی وتی، دەبێت بەبەردەوامی لەگەڵ بچڕانی کارەبای حکومی مۆلیدەکان کاریان پێبکرێت، هەر مۆلیدەیەکیش لەکار بکەوێت دەبێت لەماوەی چەند کاتژمێرێکی کەمدا مۆلیدەی جێگرەوەی بۆ دابینبکرێت. جەختیشی لەوەکردەوە، بەردەوام سکاڵای هاوڵاتییان وەردەگرین و بەدواداچون بۆ سکاڵاو داواکانیان دەکەین، هەر هاوڵاتییەک سکاڵای لەخراپیی مۆلیدەی گەڕەکەکەی هەبوو دەتوانێت پەیوەندی بکات بە لیژنەی مۆلیدەوە لە لیژنە هاوبەشەکان.