هەوراز حوسێن هاووڵاتی، سلێمانی لە کۆماری داگستانی رووسیا ژمارەیەک چەکدار لە چەند شوێنێکی جیاواز بە هەڕەمەکی تەقە لە خەڵک دەکات و لانیکەم 8 کەس دەکوژێت. هێرشەکە کراوەتە سەر کەنیسەیەکی ئۆرسۆدۆکس و پەرستگەیەکی جوو. ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 23-6-2024، وەزارەتی ناوخۆی کۆماری داگستان لە رووسیا رایگەیاند، ژمارەیەک چەکدار لە شارەکانی دێربێنت و مەخاکچکالا سێ هێرشیان کرد کە تێیدا 12 کەس برینداربوون و 6 ئەفسەری پۆلیس، پاسەوانێکی نیشتمانی و قەشەیەک کوژران و 12 هاووڵاتی دیکەش برینداربوون. هێرشی سەر کەنیسەکە و پەرستگای جووەکان لە شاری دێربێنت روویانداوە و هێرشی سەر بنکەی پۆلیسەکانیش لە شاری مەخاچکالا کراوە. بە گوێرەی ژمارەیەک شایەدحاڵ کە بە ئاژانسی رۆیتەرزیان گوتووە، پەرستگەی جووەکان و کەنیسەکەش ئاگریان گرتووە. میدیای فەرمی رووسیا رایگەیاندووە، چوار لە تەقەکەرەکان دەستبەجێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی رووسیاوە کوژراون. باس لەوەشکراوە، هێرشەکە لەلایەن رزیکخراوێکی نێودەوڵەتی تیرۆرستییەوە ئەنجامدراوە؛ گومان دەکرێت رێکخراوی داعش بێت. شاری دێربێنت کە پەرستگەی جووەکەی لێیە، دەکەوێتە باکووری هەرێمی قەفقاز لە رووسیا کە زۆرینە موسڵمانن، زۆرینەی جووەکانی داگستانیش لەو شارە نیشتەجێن.
هاواتی بە پێی هەواڵێک کە چالاکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردۆتەوە، کچێکی 18 ساڵ تەمەن بە ناوی "رەزییە رەحمانی" کچی شەکەر ڕەزا، خەڵکی نورئاوا لە پارێزگای خوڕەمئاوای رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی بەئەنقەستی پۆلیسی ئەو شارە کوژراوە. بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکای کورد، هێزەکانی بنکەی پۆلیسی " چشمە سفید" بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی رژاونەتە ماڵی "شەکەر رەزا رەحمانی" لە گوندی "گۆیژە"ی نوورئاوا لە پارێزگای خوڕەمئاوا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و یەکێک لە پۆلیسەکان فیشەکی ناوە بە سەر کچی ئەو ماڵەوەو کوشتوویەتی. بە وتەی یەکێک لە کەسە نزیکەکانی ئەم بنەماڵەیە، هێزەکانی پۆلیس بە بیانووی دۆزینەوەی ماددە سڕکەرەکان، بە بێ مۆڵەتی یاسایی و نامەی دادوەر، رژاونەتە ئەو ماڵەو دوای ئەوەی لە گەڵ خاوەن ماڵەکە بووە بە دەمەقڕەیان، یەکێک لە پۆلیسەکان دەمانچەکەی دەرهێناوەو فیشەکی ناوە بە سەر کچی ماڵەکەوە. جێگەی ئاماژەیە رێ و رەسمی ناشتنی ئەم کچە 18 ساڵەیە رۆژی شەممە22ی حوزەیران لە گۆڕستانی شەهیدانی لەک بەڕێوەچووە. زۆرجار پۆلیس و هێزەسەربازییەکان بە بیانووی جیاواز تەقە لە خەڵک ئەکەن و ئەیانکوژن. ماوەیەک لەوە پێش هێزە سەربازییەکان بە گومانی بوونی کاڵای قاچاخ تەقەیان لە ترۆمبیلێک کرد لە شاری مەریوان و کوڕێکی گەنج بە ناوی ئاژوان کیانی فیشەکی بەرکەوت و گیانی لە دەستدا.
هاوڵاتی ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دوایی وردبینی کردنی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، عێراق مووچەی مانگی حوزەیران دەنێرێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی حوزەیرانی 2024، غەریب ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی حوزەیران رەوانەی بەغداد بكرێت وەزارەتی دارایی عێراق وردبینی تێدا دەكات و هەر كات وردبینییەكە بە كۆتای هات راستەوخۆ مووچەی مانگی حوزەیران دەنێردرێت. جێی ئاماژەیە، ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند مووچەی مانگی پێنجی هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانی خەرج دەکات.
هاوڵاتی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرایکرد تاکو ئێستا 12 حزب و دوو هاوپەیمانێتی ناوی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە. ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی حوزەیرانی 2024، جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 12 حیزب و دوو هاوپەیمانێتی و 77 بەربژێر بەشێوەی سەربەخۆ ناوی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە. دەشڵێت، ئەوکەسانەی بەشێوەی سەربەخۆ ناوی خۆیان تۆمارکردووە ژمارەیان 77 بەربژێرە و ژمارەکەش بەردەوام لە زیادبوونە. جێگای ئاماژەیە، بەگوێرەى کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی 24ی حوزەیرانی 2024، دوایین وادەی تۆمارکردنی لیست و هاوپەیمانییەکانە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
هاوڵاتی رۆژنامەی بەریتانیایی تێلەگراف، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی تایبەت بە خۆیەوە بڵاوی کردۆتەوە، حزبوڵڵای لوبنان، بڕێکی زۆر چەک و چۆڵ و مووشەک و تەقەمەنی دروستکراوی ئێرانی لە فڕۆکەخانەی مەدەنی بەیرووت شاردۆتەوە. ئەم رۆژنامەیە رۆژی یەکشەممە 23ی حوزەیرانی 2024 بڵاوی کردەوە لەم کۆگایەدا مووشەکانی فەلەق دروستکراوی ئێران، مووشەکی کورت مەودای فاتح-110 و مووشەکی بالستیکی و مووشەکی M_600 حەشار دراون. هەروەها لەم فڕۆکەخانەیەدا مووشەکی کۆنتڕۆڵکراوی دژە تانکۆ کۆرێنت، بڕێکی زۆر مووشەکی بالستیکی بورکان، ماددەی تەقینەوەی RDX، تۆزێکی سپی ژەهراوی بە ناوی سیکلۆنێت حەشار دراون. بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە ئەو نیگەرانییەی لای دەسەڵاتدارانی لوبنان دروستکردووە، کە فڕۆکەخانەی رەفیق حەریری لە بەیرووت بکرێت بە ئامانجی سەربازی. ئەم فڕۆکەخانەیە تەنها 4 مایل لە ناوەندی شاری بەیرووتەوە دوورە. یەکێک لە کرێکارەکانی ئەم فڕۆکەخانەیە کە نەیویستووە ناوی ببرێت بە رۆژنامەی تێلەگرافی وتووە،" دۆخەکە زۆر جیدییە، سندووقی گەورەی گومانئاوی کە راستەوخۆ لە تارانەوە دێن، دەرخەری خراپتربوونی دۆخەکەن. ئەم کرێکارە وتوویەتی ،" کە ئەوان گەیشتنە فڕۆکەخانەکە، من و هاوڕێکانم ترساین لەبەر ئەوەی ئەمانزانی رووداوێکی سەیر بەڕێوەیە". ئەم کرێکارە نیگەران بوو لەوە هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەکە یان تەقینەوە لەوێ، زیانی گەورەی لێ بکەوێتەوە. ساڵی 2020 تەقینەوەیەک لە بەندەری بەیرتووت روویدا و بەشێکی گەورە لە ناوەندی شاری بەیرووت زیانی پێگەیشت. ئەم کرێکارە لای وایە ئەگەر وەها شتێک رووبدات، کە پەیوەستە بە کاتەوە روودانەکەی، پەیوەندی بەیرووت لەگەڵ دونیا ئەپچڕێت. حزبوڵڵای لوبنان بەوە تۆمەتبار ئەکرێت کە فڕۆکەخانە مەدەنییەکان وەک شۆێنێک بۆ کۆگاکردنی چەکەکان بەکار ئەهێنێت، بەلآم بە پێی راپۆرتەکەی تێلەگراف، لە گەڵ دەستپێکی جەنگی غەزە لە تشرینی یەکەمی 2023، شاردنەوەی چەک و چۆڵ لە فڕۆکەخانەی بەیرتووت زیاتر بووە. ئەو کرێکارەی فڕۆکەخانەی بەیرتووت بە تێلەگرافی وتووە، لە مانگی تشرینی دووهەمدا " سندووقی گەورەو نائاسایی" بە شێوەی راستەوخۆ لە ئێرانەوە گەیشتە ئەم فڕۆکەخانەیە، ئەم رووداوە ئەو کاتە روویدا کە لە لوبنان باسی جەنگ گەرم بوو. سەرچاوەیەکیتر بەم رۆژنامەیەی راگەیاندووە،" بۆ چەند ساڵ ئەچێت چاودێری جم و جووڵەکانی حزبوڵڵا ئەکەم لە فڕۆکەخانەی بەیرووت، بەڵام کاتێک ئەم کارە لەم کاتی جەنگەدا ئەنجام ئەدەن، بەو مانایە فڕۆکەخانەکە ئەکەن بە ئامانجێک بۆ سوپای ئیسرائیل". لەگەڵ دەستپێکی جەنگی غەزە لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، حزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل لە سنوورەکانی باشووری لوبنان بەردەوام هێرش ئەکەنە سەر بنکە و شوێنەکانی یەکتر.
هاوڵاتی ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی حوزەیرانی 2024، محەمەد عەلی بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەكان و راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی عێراق رایگەیاند، كار بۆ ئەوە دەكەن سیستمێكی هاتوچۆی یەكگرتوو لە نێوان هەرێم و عێراق دابنێن. محەمەد عەلی ئاماژەی بەوەشدا، هەماهەنگیی راستەوخۆ لە نێوان حكومەتی عێراق و هەرێم سەبارەت بە سیستمی هاتوچۆی یەكگرتوو هەیە. سەبارەت بە کارکردن لەسەر ئەم سیستەمە وتی، وەفدێك لە هەرێمەوە سەردانی بەغدادیان كردووە، بەمەبەستی ئامادەكردنی سیستمێكی هاتوچۆی یەكگرتوو كە لەڕێگایەوە داتا و زانیاری ئاڵوگۆڕ دەكرێت. ئەوەشی خستۆتەڕوو، "سیستمەكە بریتییە لە وەرگرتنی غەرامە دەستبەجێ لە ئۆتۆمبێلی سەرپێچیكار لە هەرێم كە تابلۆی بەغدادی لەسەربێت، بە جۆرێك شۆفێرەكە دەتوانێت غەرامە لە هەرێم بدات، بە پێچەوانەشەوە". محەمەد عەلی دەربارەی لەیەک چوونی هاتووچۆی هەرێم بەغداش دەڵێت، "یاسای هاتوچۆی نێوان بەغداد و هەرێم زۆر لەیەك دەچن، بەڵام لە بڕی غەرامەكاندا جیاوازن".
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی شازادە ویلیام، شازادەی جێنشینی بەریتانیا ئاهەنگی لەدایکبوونەکەی لە کۆنسێرتێکی تایلەر سویفتدا لە لەندەن کرد. شازادە ویلیام لەگەڵ خۆیدا دوو منداڵە گەورەکەشی بردووە. رۆژی شەممە 22-6-2024، شازادە ویلیام، شازادە جۆرجی کوڕی و شازادە چارلۆتی کچی لە یادی لەدایکبوونی 42 ساڵەی شازادە ویلیامدا بەشدارییان لە کۆنسێرتی تایلەر سویفت لە یاریگەی وێمبلی لە لەندەن کرد. هەر دوای ئاهەنگەکە، تایلەر سویفت و سێ ئەندامەکەی خێزانی شاهانەی بەریتانیا سێڵفییەکیان بەیەکەوە چرکاند. ویلیام لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، "سوپاس تایلەر سویفت بۆ ئەو ئێوارە گەورەیە". وێنە سێڵفییەکە لەلایەن تایلەر سویفتەوە گیراوە و سێ شازادەکەش لە دواوە سەیری کامێراکە دەکەن. تایلەر سویفت لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی وێنەکەی بڵاوکردووەتەوە و نوسیویەتی، "لەدایکبوونت پیرۆز ئێم 8 ". بە گوێرەی کۆشکی کێنزنگتن، وێنەکان پێش کۆنسێرتەکە گیراون و شازادە کاسرین، هاوژینی شازادە ویلیام کە لە ژێر چارەسەری شێرپەنجەدایە ئامادەنەبووە و لەگەڵ منداڵە بچووکەکەیان لە ماڵەوە بوون. لە ڤیدیۆیەکدا کە لەلایەن ئامادەبووێکی کۆنسێرتەکەوە گیراوە، شازادە ویلیام دەردەکەوێت کە بە توندی سەما لەگەڵ گۆرانی "شەیک ئت ئۆف"ی تایلەر سویفتدا دەکات.
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد شارەزایەکی کەشناسی رایدەگەیەنێت، لە ئەمڕۆوە پلەی گەرما نزمبوونەوە و بۆ ماوەی سێ رۆژ کەشوهەوا بە فێنکی دەمێنێتەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی حوزەیرانی 2024، پشتیوان ئیبراهیم، شارەزای کەشناسی بە هاوڵاتی راگەیاند، "لە ئەمڕۆوە بەهۆی دابەزینی بارستە هەوایەک بۆسەر دەریایی سپی ناوەراست و گەیشتنی هەندێک شێ لە ناوچە عەرەبەیەکان ئەگەری بارانی کورتخایەن هەیە لەگەڵ هەورەتریشقە لە ناوچەشاخاوییەکانی هەرێم و هەندێ لە ناوسەنتەری شارەکانیش بە دیاری نەکراوی بگڕێتەوە، هەروەها بای باشووری رۆژئاوایش چالاک دەبێت". ئاماژەی بەوەشکرد، "لە رۆژی دووشەممە 24/6/2024 پلەکانی گەرمی 3 بۆ 5 پلە لەسەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان نزم دەبێتەوە ئەم نزم بونەوە بۆماوەی 72 کاتژمێر بەردەوام دەبێت زیاتر کاریگەری بۆ ناوچە شاخاوییەکان دەبێت".
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی سۆزانییەکان لە بەلجیکا لەمەودوا دەتوانن وەک هەر خاوەن کارێکی دیکە گرێبەستی کاریان هەبێت و لەلایەن حکومەتەوە وەکو کارمەندێکی فەرمی سەیردەکرێن. دوای ئەوەی بڕیارێک لەلایەن حکومەتی وڵاتەکەوە لە ئایاری ئەمساڵدا دەرکرا، سۆزانییەکان بەم زوانە دەتوانن گرێبەستی کار بکەن و وەک هەر کارمەندێکی سێکتەرەکانی دیکەی کارکردن مافیان دەبێت لە خزمەتگوزارییەکانی حکومەت، لەوانە خانەنشینی. لە پێشووتردا، سەماکەر و ئەوانەی مەساجیان بۆ خەڵک دەکرد لە بەلجیکا بە یاسایی کاریان دەکرد، بەڵام سۆزانییەکان وەک شاگرد گرێبەستی کارکردنیان بۆ دەکرا. بە گوێرەی ئەو کەسانەی پاڵپشتی یاسا نوێیەکە دەکەن، بەو جۆرە دەستدرێژی و ئازاردانی سۆزانییەکان فراوانتر بووە. ئالێکساندرا مۆریلس، خاوەنی ناوەندێکی لەشفرۆشییە و دەڵێت، لە پێشووتردا نەیاندەزانی چی بکەین و چییان بەرامبەر بکرێت یاساییە و چی یاسایی نییە، بەڵام هەستێکی خۆشە کە ئێستا مافی یاسایی خۆیان هەیە. بە گوێرەی یاسا نوێیەکە، ئەوانەی سۆزانی دادەمەزرێنن، پێویستە بە تۆماری تاوانی رابردووی سۆزانییەکەدا بچنەوە و بە رەسمی دەستبەکاربوونیان بە حکومەت رابگەیێنن. سۆزانییەکانیش مافی خۆیانە هەر میوانێک کە بە دڵیان نەبوو رەتیبکەنەوە. لە هەر کاتێکیش خواستیان نەما دەست لە سێکسکردن هەڵگرن. بڕیارەکەی برۆکسل کاردانەوەی جیاوازی لەلایەن هاووڵاتیان و چالاکڤانانی مافی ژنانەوە لێکەوتووەتەوە، بەشێک لە داکۆکیکارانی مافی ژنان دەڵێن، ئەمە خزمەت بە باندەکانی بازرگانی کردن بە مرۆڤ و "گەوادەکان" دەکات تا زیاتر کچانی قوربانی ئەو سێکتەرە هەراسان بکەن و خۆیان بێتاوان دەربکەن. بەشێکی دیکەشیان دەڵێن، بڕیارەکە باشترین مامەڵەیە لەگەڵ ئەو سێکتەرەدا، چونکە ئەگەر بە یاسایی دان بە هەبوونیدا نەنرێت، بە نایاسایی هەر دەمێنێت و هەیە.
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد چەکی بانکی مووچەی مانگی پێنج و ئەو هاوکارییەی کە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لیوا هاوبەشەکانی دیاریکردووە درایە ژمێریارەکان. ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی حوزەیرانی 2024، سەرچاوەیەک کە نەیوست ناوی ئاشکرا بکرێت لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە هاوڵاتی راگەیاند، "ئەمڕۆ بانکەکان چەکی مانگی پێنج و ئەو هاوکارییەی کە هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ لیوا هاوبەشەکانی دیاریکردووە دراوە بە ژمێریارەکان". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمڕۆ تەنها چەک وەردەگیرێت و سبەینێ مووچەی لیوا هاوبەشەکان و هاوكارییەکەش پێکەوە دابەشدەکرێت". وتیشی، "هەر ئەفسەر و پێشمەرگەیەکی لیوا هاوبەشەکان 432 هەزار دینار وەک پاداشت پێدەدرێت کە ئەم پارەیە لە چوارچێوەی هاوکارییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانانە بۆ پێشمەرگە".
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی زیاتر لە 150 هەزار کەس لە تەل ئەڤیڤی پایتەختی ئیسرائیل خۆپێشاندان لە دژی حکومەتی وڵاتەکە دەکەن و داوای دەستلەکارکێشانەوەی بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەکەن. بەشێکی دیکە لە داواکارییەکانیان گێڕانەوەی بارمتەکانی دەست حەماسە لە غەززە. رۆژی شەممە 23-6-2024، هاووڵاتیانی ئیسرائیل لە تەل ئەڤیڤی پایتەختی وڵاتەکە خۆپێشاندانی فراوانیان کرد و داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە و گێڕانەوەی بارمتەکانی ژێر دەستی حەماسیان کرد. ئەم خۆپێشاندانانە دوای پەلامارەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل هەفتانە دەکرێت. بە گوێرەی رێکخراوی هۆفشی دژە حکومەتی ئیسرائیل، زیاتر لە 150 هەزار کەس بەشدارییان لە خۆپێشاندانەکان کردووە. خۆپێشاندەران دەڵێن، بەرپرسانی ئیسرائیل توانای پاراستنی هاووڵاتیانی ئیسرائیلیان نییە و دەبێت حکومەتێکی بەهێزتر و باشتر بهێنرێتە سەر دەسەڵات. هەروەها بەشێکیان دەڵێن، حکومەتەکەی بنیامین ناتانیاهو دیموکراسی نییە و هەڕەشەیە لەسەر گیان و ئازادی خەڵک. بەشێکی دیکە لە خۆپێشاندەران رەخنەی توند لە حکومەتە راستڕۆکە و بەشێک لە وەزیرانی حکومەتەکە وەک ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی ئیسرائیل دەگرن و دەڵێن بوونەتە هۆکاری درێژبوونەوەی شەڕەکە و مەترسی خستنە سەر ژیانی بارمتەکان. لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، چەکدارانی حەماس پەلاماری ئیسرائیلیاندا و نزیکەی 1200 هاووڵاتی سڤیلیان کوشت و 250 کەسیشیان بە بارمتە گرت. لە بەرامبەردا ئیسرائیل جەنگی دژی حەماس لە غەززە دەستپێکرد و تاوەکو ئێستا 37 هەزار و 400 هاووڵاتی فەڵەستینی لە جەنگەکەدا کوژراون.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی لە میسر دەیان کۆمپانیای حەجکردن سزادران بەهۆی ئەوەی حاجیانیان بە قاچاخ بردووەتە مەککە. ئەمەش دوای ئەوەی نزیکەی 700 حاجیی ئەو وڵاتە لە مەراسیمی حەجدا گیانیان لەدەستداوە. رۆژی شەممە 22-6-2024، حکومەتی میسر راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "سەرۆکوەزیران فەرمانی داوە ئەو کۆمپانیایانە رێگەپێدانەکانیان لێوەربگیرێتەوە، بەڕێوبەرەکانیان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت و خێزانی حاجییەکانیش قەرەبووبکرێنەوە". بڕیارەکەی مستەفا مەدبوولی، سەرۆکوەزیرانی میسر دوای ئەوە هات، تاوەکو ئێستا نزیکەی هەزار و 100 حاجی لە مەککە و شوێنەکانی دیکەی بەڕێوەچوونی مەراسیمی حەجکردن لە تەواوی جیهان گیانیان لەدەستداوە. لەو ژمارەیە 658 حاجییان خەڵکی میسر بوون و 630 کەسیان بە نایاسایی چوونەتە سعودیە. بڕیارەکەی حکومەت 16 کۆمپانیای حەجکردن لەو وڵاتە دەگرێتەوە. بەرپرسانی میسر رایانگەیاندووە، هۆکاری گیان لەدەستدانی ئەو ژمارە زۆرەی حاجیان رێکخستنی گەشتی حەجە بە ڤیزای گەشتکردن بۆ سعودیە؛ بەو جۆرەش حاجییان رێگەیان نەدراوە بچنە مەککەوە و بەشێکیان گیانیان لەدەستداوە. مەراسیمی حەج بە یانسیب بۆ حاجیان لە سەرتاسەری جیهان دەردەچێت و تێچوویەکی زۆری هەیە. لە ساڵی 2019ـەوە چوونە حەج بە رێگەی قاچاخ روو لە زیادبوون بووە و حاجییان لەو رێگەیەوە بڕە پارەیەکی زۆریان بۆ دەگەڕێتەوە. لە 2019دا سعودیە پێدانی ڤیزایەکی گەشتکردنی راگەیاند، ئەوەش چوونە ناو سعودیەی بۆ هاووڵاتیان بە تایبەت حاجییان ئاسانتر کرد. تەنیا لە رۆژی عەرەفەدا، کە حاجیان لە ژێر گەرمای سەختی هاویندا دەچنە سەر کێوی عەرەفە لە مەککە، بەرپرسانی سعودیە 577 گیانلەدەستدانیان پشتڕاستکردووەتەوە. حەج یەکێک لە پێنج پایەکەی ئیسلامە و لەسەر هەموو پەیڕەوکارێکی ئەو ئاینە ئەرکە بیکات. سعودیە دەڵێت، لە مەراسیمەکەی ئەمساڵدا 1 ملیۆن و 800 هەزار حاجی بەشدارییان کردووە و 1 ملیۆن و 600 هەزار کەس خەڵکی بیانی بوون.
هاوڵاتی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هیچ کەسێک نابوورن کە یاری بە هەستی قوتابیان و خوێندکاران بکەن. ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی حوزەیرانی 2024، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "كۆی ئهو قوتابییانهی بهشداری تاقیكردنهوه گشتییهكانن بریتین لە 122،015 قوتابین و بهسهر دوو ههزار و 115 هۆڵدا دابهش كراون". ئاماژەی بەوەشکرد، "پێش تاقیکردنەوەکان هیچ حاڵەتێکی گزیکردن نەبووە و دوای ئەوەی پرۆسەی تاقیکردنەوەکان دەس تپێ دەکات، هەر حاڵەتێک هەبووبێت کە هەر باندێک ویستبێتی قوتابیان فریو بدات، لە دووساڵی ڕابردوو بە پێی پلانێکی ورد لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان، لە ئاسایشی سلێمانی و هەولێر و دهۆک، لە هەموو ئیدارە سەربەخۆکانیش، هاوکاری وەزارەتی پەروەردە بوون". وتی، "بە بەردەوامی هەماهەنگی لەگەڵ دەزگاکانی ئەمنییەکان هەیە، هەر کەسێک هەر کارێک بکات، ئێمە تیمێکی چاودێرمان هەیە لە وەزارەتی پەروەردە، ئەو تیمە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایش، تەواوی ئەو پێگە و تۆڕە کۆمەڵایەتییانەی ئەوان هەیانە، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت وهەر کەسێکیش دزە بە پرسیارەکان بکات، دەدرێت بە ئاسایش و وەزارەتی پەروەردەش بەفەرمی سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمار دەکات". ئەوەشی خستە ڕوو، "پێش تاقیکردنەوەکان و لەناو هۆڵی تاقیکردنەوەکان رێکارەکان دەگیرێتەبەر، ئێمە لە هیچ کەسێک نابوورین کە یاری بە هەستی قوتابیان و خوێندکاران بکەن و هانی فریودانیان بدەن". له سهرجهم پهروهردهكانی پارێزگای ههولێر له بهشه جیاوازهكانی زانستی، وێژهیی و پیشهیی 39 ههزار و 547 قوتابی بهشداری تاقیكردنهوهكان دهكهن و بهسهر 680 هۆڵ دابهش كراون. ههروهها له پارێزگای سلێمانی 27 ههزار و 376 قوتابی له 423 هۆڵ، له پارێزگای دهۆك 28 ههزار و 285 قوتابی له 525 هۆڵ، له گهرمیان پێنج ههزار و 635 قوتابی له 98 هۆڵ، له ههڵهبجه ههزار و 794 قوتابی له 39 هۆڵ، له سۆران حهوت ههزار و 294 قوتابی له 130 هۆڵ، له ڕاپهڕین پێنج ههزار و 749 قوتابی له 105 هۆڵ و له زاخۆ شهش ههزار و 335 قوتابی له 115 هۆڵ بهشداری تاقیكردنهوهكان دهكەن.
هاوڵاتی رێکخراوێکی کاری نێودەوڵەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوا لە حکومەتی عێراق دەکات بەهۆی گەرماوە رەچاوی تەندروستیی کرێکاران بکات، لە چوارچێوەیەکی یاسایی دەستەبەری پارێزراویی و تەندروستیی بۆ کرێکاران دابنێت. ئەمڕۆ شەممە 22ی حوزەیرانی 2024، هەماهەنگی کاری ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ریگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە و پلەی گەرما تیایدا زۆر بەرزە، پێویستە حکوومەت چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ دەستەبەری پارێزراویی و تەندروستیی کرێکاران دابنێت. ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی ئاماژەشی بەوەداوە، لەسەر حکوومەتی عێراق ئەرکە زانیاری دەربارەی زیانەکانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بڵاوبکاتەوە و ڕێکاری تایبەت بۆ پاراستنی کرێکاران لە پلەی گەرمای بەرز بگرێتەبەر. جێگای ئاماژەیە، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕبردوودا، 11 شاری عێراق لیستی ئەو 15 شارەدا بوون کە بەرزترین پلەی گەرمایان لە جیهاندا تۆمارکردووە. بەپێی داتاکان کە بڵاوکراونەتەوە، ئەو 4 شارەی لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا بەرزترین ژمارەی پێوانەیی پلەکانی گەرمایان لەسەر ئاستی جیهان تۆمار کردووە، سەرجەمیان عێراقین. بەپێی ریزبەندییەکان، عەمارە پلەی یەکەمی ڕیزبەندییەکەی گرتووە بە پلەی گەرمی 50.8 پلەی سیلیزی، دوای ئەوە ناسریە بە پلەی دووەم دێت و لە پلەکانی سێیەم و چوارەم هەریەک لە بەسرا و کوت دێن.
هاوڵاتی ئالان حەمە سەعید، بۆ تاقیكردنەوە نیشتمانییەكانی قۆناغی 12ی ئامادەیی، هەماهەنگیمان لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكان و هەندێك وەزارەتدا كردووە و دەشڵێت، " كارەبای بەردەوام بۆ هۆڵی تاقیكردنەوەكان دابیندەكرێت". ئەمڕۆ شەممە 22ی حوزەیرانی 2024، د. ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی هەرێم لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، بۆ تاقیكردنەوە نیشتمانییەكانی قۆناغی 12ی ئامادەیی، هەماهەنگیمان لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكان و هەندێك لە وەزارەتەكاندا كردووە. ئاماژەی بەوەشکرد، بەر لە جەژنی قوربان وەزیری كارەبای هەرێم لە سەردانێكیدا ئامادەیی هەموو جۆرە هاوكارییەكی بۆ دابینكردنی كارەبا بۆ هۆڵی تاقیكردنەوەكان دەربڕی و كاركراوە كە كارەبای بەردەوام بۆ هۆڵی تاقیكردنەوە نیشتمانییەكانی قۆناغی 12ی ئامادەیی دابینبكرێت