هاوڵاتی بەرپرسی پێشووی ژووری بازرگانی ئێران رایگەیاند، لە ماوەی ساڵانی 2011 بۆ 2023 و لە ماوەی 12 ساڵدا، بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە یەک تریلیۆن و 200 ملیار دۆلار زیان بە ئابووری ئێران گەیشتووە. رۆژی دووشەممە 24ی حوزەیرانی 2024، حسێن سەلاح وەرزی، بەرپرسی پێشووی ژووری بازرگانی ئێران لە بابەتێکدا کە لە رۆژنامەی شەرق بڵاوکراوەتەوە نووسیویەتی، "گەمارۆکان زیانی گەورەی بە ئابووری ئێران گەیاندووەو زۆر هەلی ئابووری بە هۆی گەمارۆکانەوە لەدەستچوون". ئەم وتانەی بەرپرسی پێشووی ژووری بازرگانی ئێران لە کاتێکدایە کە چوار رۆژی ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری و بە ئەگەری زۆر ئەگەر یەکێک لە پاڵێوراوەکانی سەر بە کۆنسێرڤاتەکان براوەبن، گەمارۆ ئابوورییەکان لە سەر ئێران تووندتر دەبێتەوە. لە شەش پاڵێوراوی سەرۆک کۆماری تەنها مەسعود پزیشکیان لەلایەن باڵی رێفۆرمخوازەوە پشتیوانی دەکرێت، بەڵام پزیشکیانیش رایگەیاندووە، "جێبەجێکاری سیاسەتە گشتییەکانی دەسەڵات دەبێت کە لە لایەن عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامییەوە دیاری دەکرێت". بەرپرسی پێشووی ژووری بازرگانی رایگەیاند، "بەراورد ئەکرێت، داهاتی لەدەستچووی هەر هاوڵاتییەکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە لە ماوەی ئەو 12 ساڵەدا، نزیک 14 هەزار دۆلار بێت. بە مانایەکیتر بەپێی ئەم بەراوردکارییە، لە ماوەی ئەم 12 ساڵەدا، هەر تاکێکی ئێرانی هەزار و 202 دۆلاری بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە لەدەستداوە". سەلاح وەرزی وتی، "ئەوەی کە بەرهەمهێنانی ئێران بەهۆی گەمارۆکانەوە بە ناچار کەمبووەتەوە، زیانی گەورەی بە پیشەسازی نەوتی ئێران و ئابووری ئێران گەیاندووە". بەهۆی سیاسەتەکانی ئێرانەوە لە چەند ساڵی رابردووداو بەتایبەت سووربووی لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم، لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاواییەوە گەمارۆی ئابووری خراوەتە سەر ئێران و زیانی گەورەی بە ئابووری ئێران گەیاندووەو بەهای تمەن رۆژ لە دوای رۆژ روو لە دابەزینە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی جەنەراڵێکی پلە باڵای ئەمریکا رایدەگەیێنیت، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان مەترسی دروستبوونی جەنگێکی فراوانتر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە نێوان ئێران و میلیشیاکانی دروستدەکات، بەتایبەت ئەگەر بوونی حیزبوڵا لە لوبنان دەکەوێتە مەترسییەوە. رۆژی یەکشەممە 23-6-2024، سی کیو براون، جەنەراڵی هێزی ئاسمانی ئەمریکا گوتوویەتی، نازانێت هەنگاوەکانی داهاتووی ئیسرائیل بە ئاڕاستەی لوبنان چییە، بەڵام هۆشداری دەدات هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان "دەکرێت جەنگەکە بۆ رووبەرێکی گەورەتر فراوانبکات". براون دەڵێت، بەشێوەیەکی گشتی حیزبوڵا لە حەماس بەهێزترە بەتایبەت لە ژمارەی مووشەک؛ دەشڵێت ئەو وای دەبینێت ئێران خواستی هاوکاریکردنی حیزبوڵای زیاتر بێت بەراورد بە حەماس. ئەو جەنەراڵە ئەمریکییە باس لەوە دەکات، لەو کاتەدا ئیسرائیل دەکەوێتە دۆخێکی ئاڵۆزەوە و دەبێت لە خەمی ئەوەدابێت لە یەک کاتدا لە باکوور و باشووری وڵاتەکەوە بەرگری بکات، هەروەها شەڕەکە پریشک بۆ رووبەرێکی فراوانتری ناوچەکە دەهاوێت. قسەکانی جەنەراڵە ئەمریکییەکە لەکاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە 23-6-2024، بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، قۆناخی شەڕی سەخت لە غەززە کۆتاییهاتووە و ئەمەش رێگەیان بۆ خۆشدەکات هێزی زیاتر ببەنە سنووری لوبنان. لە سەرەتای شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە، حیزبوڵا دەستی بە مووشەکباران کردنی ئیسرائیل کردووە و رایگەیاندووە، هێرشەکان راناگرێت تاوەکو ئاگربەست لە غەززە نەکرێت. براون لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت، ئەم جارە ئەمریکا توانای کەمتر دەبێت لە پاراستنی ئیسرائیل لە هێرشەکانی حیزبوڵا.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی رۆژی یەکشەممە، سێ گورگ لە باخچەیەکی ئاژەڵانی فەرەنسا پەلاماری ژنێک دەدەن و بە سەختی برینداری دەکەن. بە گوێرەی بەرپرسانی باخچەکە ژنەکە سەرقاڵی وەرزشکردن بووە و نەیزانیوە کە چووەتە شوێنی ئازادی ئاژەڵەکان. ماریڤۆن کایلیبۆت، بەڕێوبەری پۆلیسی ڤێرسای پاریس رایگەیاندووە، ژیانی ژنەکە لە مەترسیدایە و تاوەکو ئێستا نازانن هۆکاری کەوتنە ناو شوێنی گورگەکانەوە هەڵەی خۆی بووە یان نیشانەکانی ناو باخچەکە روون نەبوون. ئەو ژنەی پەلاماردراوە بەدەم راکردن و وەرزشکردنەوە کەوتووەتە ناو شوێنی گورگەکانەوە و لە پڕ سێ گورگ پەلاماریانداوە. گورگەکان گازیان لە مل، پووز و پشتی ژنەکە گرتووە. باخچەی ئاژەڵانی سۆیری دەکەوێتە 40 کیلۆمەتر رۆژئاوای پاریس، یەکێک لەو خزمەتگوزارییانەی پێشکێشی دەکات، شوێنی مانەوەی شەوانە کە لە پەنجەرەی ژوورەکەتەوە ئاژەڵەکان ببینیت. نرخی یەک شەو مانەوە لە ژوورەکانی ئەو باجچە ئاژەڵانە لە نێوان 220 بۆ 760 یۆرۆدایە. تیمی فریاکەوتن هەر زوو دەگەنە شوێنی رووداوەکە و ژنەکە رزگاردەکەن و گورگەکان دووردەخەنەوە. لە دواتردا ژنەکە دەگەیێننە نەخۆشخانە بۆ چارەسەرکردن.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند، کە رێگریی لە کچێک کردووە و هێرشی کردووەتە سەر و مۆبایل و پارەکەی لێ دزیوە. ئەمڕۆ دووشەممە 24ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، "ماتۆڕسوارێك رێگریی لەكچێك کردووە، هێرشیکردووەتە سەر، پارە و مۆبایلەكەی لێسەندووە و دواتر تۆمەتبار بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتووە". پۆلیس دەڵێت دوای ئەوەی ئاگادارکراونەتەوە، دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کردووە و توانیویانە تۆمەتبار دەستگیربکەن. تۆمەتبارەکە لەدایکبووی ساڵی 2005ـە و لەلایەن نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی گەڕەکی راپەڕینەوە دۆزراوەتەوە و دەستگیرکراوە. پۆلیس ئاماژەی بەوەشکردووە، لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبار (م، ئ، ح)، توانراوە دەست بەسەر ماتۆڕسکیلەکەی و مۆبایل و پارەکەی کە بردبووی بگیرێت. پۆلیس ئەوەشی روونکردووەتەوە، تۆمەتبار دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و ئێستا نە بڕیاری دادوەر بە گوێرەی مادەی 443ی یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوەی کارگەیەکی بەرهەمهێنان و کۆگەکردنی پاتری لە کۆریای باشوور 20 کەس گیانیان لەدەستدا. ئاگرەکە بەهۆی تەقینەوەی چەند پاترییەکەوە کەوتووەتەوە. رۆژی دووشەممە 23-6-2024، ئاگرێک لە کارگەی بەرهەمهێنانی پاتریی کۆمپانیای ئاریسێڵ لە هواسیۆنگ کەوتووەتەوە، کیم جین یۆنگ، بەرپرسی فەرمانگەی ئاگرکوژێنەوەی ئەو ناوچەیە رایگەیاندووە، زۆربەی ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکردووە. هەرێمی هواسیۆنگ دەکەوێتە باشووری سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوورەوە. بە گوێرەی یۆنگ، ئاگرەکە دوای ئەوە دەستپێکردووە، ژمارەیەک پاتری لە کۆگەکەدا تەقیونەتەوە، کە 35 هەزار پاتریی لیسیۆمی تێدابووە و سەرجەمیان بەهۆی تەقینەوەکەوە لەناوچوون و سووتاون. بە گوێرەی میدیای کۆریای باشوور، تاوەکو ئێستا 20 جەستە لە پاشماوەی ئاگرەکەدا دۆزراونەتەوە و ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییەکان هەیە.
وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، نزیكەی 15 هەزار كەس بە رێگەی نافەرمی چوونەتە حەج، ئاماژەی بەوەشکرد، 30 حاجی کورد گیانیان لەدەستداوە. ئەمڕۆ دووشەممە 24ی حوزەیرانی 2024، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینیی هەرێمی كوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لە هەرێمی كوردستانەوە چوار هەزار و 685 كەس بە رێگەی فەرمی گەشتی سعودیەیان كردووە بۆ بەجێهێنانی حەج، نزیكەی 15 هەزار كەسیش بە رێگەی نافەرمی [بۆ حەجکردن] چوونەتە سعودیە". ئاماژەی بەوەشکرد، "بەشێوەیەكی گشتی 30 حاجی هەرێمی كوردستان لە سعودیە گیانیانلەدەستداوە، تەنیا یەكێكیان بەرێگەی فەرمی رۆیشتووە و 29 كەسەكەی دیكە بە رێگەی نافەرمی رۆیشتوون، هەموو هەوڵێكماندا لە رێگەی كونسوڵخانەی عێراق لە جەددە بۆ دۆزینەوەیان و هەر ئەوەندەمان پێكرا بەهۆی زۆری ژمارەیانەوە". وەزیری ئەوقاف وتیشی، "لە رێگەی داواكاری گشتی و نوێنەری وەزارەتەكانی ناوخۆ و بازرگانی، لێكۆڵینەوەی یاسایی توند لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانە دەكرێت كە بەڵێنیان بە خەڵك داوە ئاسانكارییان بۆ بكەن و پرۆسەی حەجیان بۆ ئەنجامبدەن، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە ئەو بابەتە دووبارە نەبێتەوە". بەپێی ئامارێکی وڵاتی سعودیە، ساڵی رابردوو لە مەراسیمی حەجدا 200 حاجی گیانیان لەدەستدا بوو کە زۆربەیان خەڵکی ئەندەنوزیا بوون، بەڵام ئەمساڵ زیاتر لە هەزار حاجی گیانیان لەدەستداوە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ بڕیارە گفتووگۆکان بۆ بە ئەندامبوونی ئۆکراینا لە یەکێتی ئەوروپا دەستپێبکەن، ئەمە لە کاتێکدایە ئۆکراینا 18٪ی خاکەکەی لەلایەن رووسیاوە کۆنترۆڵکراوە. رۆژی سێشەممە 25-6-2024، نوێنەرانی ئۆکراینا و یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بۆ گفتووگۆی وەرگرتنی ئۆکراینا لە یەکێتیی ئەوروپا کۆدەبنەوە. هەر لە سبەینێشەوە ئۆکراینا قۆناخێکی دیکەی چاکسازیکردن لە سیستمی حوکمڕانییەکەیدا دەستپێدەکات، تاوەکو دڵی بەرپرسانی برۆکسل رازی بکات. هەر چوار رۆژ دوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا و لە 28ی شوباتی 2022، ئۆکراینا داواکاریی بۆ بە ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپا بەرزکردەوە، ئەوەش وەک دانانی قەڵخانێکی دیپلۆماسی لەبەردەم هەڕەشەی هێرشەکانی رووسیادا. رۆژی هەینی 21ی ئەم مانگە، ڤۆلۆدێمیر زیلنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لەبارەی دەستپێکردنی گفتووگۆکانەوە رایگەیاند، "ئۆکراینا دەگەڕێتەوە ئەوروپا، بۆ ئەو شوێنەی سەدان ساڵە بەشێک بووە لێی، وەک ئەندامێکی تەواوەتی کۆمەڵگەی ئەوروپا". کیێڤ لە کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووەوە دەستپێکردنی گفتووگۆی وەرگرتنی لە یەکێتی ئەوروپا هێناوەتە بەرباس، ئەوەش دوای ماوەیەکی زۆر لە دژوەستانەوەی گەندەڵی و چاکسازیکردن لە سیستمی دادوەری وڵاتەکەیدا. ئێستا ئۆکراینا دەبێت نەخشەسازییەکی ورد بۆ داهاتووی وڵاتەکەی دابنێت و بۆ بەرپرسانی برۆکسلی بخاتەڕوو چۆن رووبەڕووی گەندەڵی لە ئۆکراینا دەبێتەوە و هەنگاوەکانی بەرەوپێشچوونی چین.
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد لایەنەکان لە چاوەڕوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانن بۆ ئەوەی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشنیازی مانگی ئەیلولی ئەمساڵی کردووە، لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش دەڵێت، "هیچ بیانوویەک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نییە". ئەمڕۆ دووشەممە 24ی حوزەیرانی 2024، رزگار حاجی حەمە، لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند، "لەسەر پرسی دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تائێستا هیچ وادەیەکی نوێ دیارینەکراوە و چاوەڕێی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکەین". ئاماژەی بەوەکرد، "کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەموو ئامادەکارییەکی کردووە و پێشنیازی کردووە لە 5ی ئەیلولی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت و هیچ بیانوویەک نییە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن دوابخرێت". لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وتیشی، "یەکێتی و زۆرینەی لایەنەکانی دیکە لەگەڵ ئەوەین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی خۆیدا بکرێت، چونکە لەرووی هونەری و دارایی و یاساوە کۆمسیۆن سەرجەم ئامادەکارییەکانی کردووە، بۆیە هیچ بیانووێک نییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان". لەلایەن سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە چوار جار بە فەرمی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە هەر چوار جارەکە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دواخراوە، لەئێستاشدا چاوەڕێی دیاریکردنی وادەیەکی نوێ دەکرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشنیازی 5ی ئەیلولی ئەمساڵی کردووە.
هاوڵاتی ئەو وادەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ تۆمارکردنی هاوپەیمانێتی و کاندیدانی پێکهاتەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردبوو ئەمڕۆ کۆتایی دێت و تائێستا بڕیار لە درێژکردنەوەی وادەکەی نەدراوە. ئەمڕۆ دووشەممە 24ی حوزەیرانی 2024، ئەو وادەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ تۆمارکردنی حزب، هاوپەیمانێتی و کاندیدانی پێکهاتەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردبوو ئەمڕۆ کۆتایی دێت. بەپێی دوایین ئامار، تاوەکو دوێنێ یەکشەممە 23ی حوزەیرانی 2024 پێشکەشکردنی داواکاری خۆ تۆمارکردنی پارت و کاندیدانی پێکهاتەکان بەم شێوەیە بووە: پارێزگای هەولێر - دوو هاوپەیمانی - نۆ کاندیدای تورکمان - حەوت کاندیدای کریستیان - نۆ کاندیدای تاک – گشتی - 10 کاندیدای پارتە سیاسییەکان - پێشکەشکردنی سێ داواکاری خواستی بەشداربوونی هەڵبژاردن لەلایەن پارتە سیاسییەکانەوە پارێزگای سلێمانی - هاوپەیمانی نییە - دوو پارتی سیاسی - هەشت کاندیدای تاک – گشتی - پێنج کاندیدای تورکمان - یەک کاندیدای کریستیان پارێزگای دهۆک - هاوپەیمانێتی نییە - چوار کاندیدای کریستیان - چوار کاندیدای تاک – گشتی - یەک کاندیدای حزبی بابلیون
هاوڵاتی لە چوارچێوەی پشتیوانییەکانی هاوپەیمانان، هاوکاری دارایی دەدرێتە پێشمەرگە و ئەمڕۆش دەست بە دابەشکردنی دەکرێت. ئەمڕۆ دووشەممە 24ی حوزەیرانی 2024، دەست دەکرێت بە دابەشکردنی هاوکاری دارایی بەسەر ئەفسەر و پێشمەرگەکانی لیوا هاوبەشەکان، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو پشتیوانییە داراییەیە کە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە دابین کراوە. بڕی ئەو هاوکارییە داراییەی کە دەدرێت بە پێشمەرگە 432 هەزار دینارە، وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، "ئەم بڕە پارەیە، لێرە بەدواوە وەک هاوکاری دەدرێت بە هێزی پێشمەرگە و هیچ پەیوەندیەکی بە مووچەوە نییە". هەروەها سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە هاوڵاتی راگەیاند، "بڕیارە هەر ئەمڕۆ دووشەممە مووچەی مانگی پێنجی لیوا هاوبەشەکان دابەشبکرێت".
هەوراز حوسێن هاووڵاتی، سلێمانی لە کۆماری داگستانی رووسیا ژمارەیەک چەکدار لە چەند شوێنێکی جیاواز بە هەڕەمەکی تەقە لە خەڵک دەکات و لانیکەم 8 کەس دەکوژێت. هێرشەکە کراوەتە سەر کەنیسەیەکی ئۆرسۆدۆکس و پەرستگەیەکی جوو. ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 23-6-2024، وەزارەتی ناوخۆی کۆماری داگستان لە رووسیا رایگەیاند، ژمارەیەک چەکدار لە شارەکانی دێربێنت و مەخاکچکالا سێ هێرشیان کرد کە تێیدا 12 کەس برینداربوون و 6 ئەفسەری پۆلیس، پاسەوانێکی نیشتمانی و قەشەیەک کوژران و 12 هاووڵاتی دیکەش برینداربوون. هێرشی سەر کەنیسەکە و پەرستگای جووەکان لە شاری دێربێنت روویانداوە و هێرشی سەر بنکەی پۆلیسەکانیش لە شاری مەخاچکالا کراوە. بە گوێرەی ژمارەیەک شایەدحاڵ کە بە ئاژانسی رۆیتەرزیان گوتووە، پەرستگەی جووەکان و کەنیسەکەش ئاگریان گرتووە. میدیای فەرمی رووسیا رایگەیاندووە، چوار لە تەقەکەرەکان دەستبەجێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی رووسیاوە کوژراون. باس لەوەشکراوە، هێرشەکە لەلایەن رزیکخراوێکی نێودەوڵەتی تیرۆرستییەوە ئەنجامدراوە؛ گومان دەکرێت رێکخراوی داعش بێت. شاری دێربێنت کە پەرستگەی جووەکەی لێیە، دەکەوێتە باکووری هەرێمی قەفقاز لە رووسیا کە زۆرینە موسڵمانن، زۆرینەی جووەکانی داگستانیش لەو شارە نیشتەجێن.
هاواتی بە پێی هەواڵێک کە چالاکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردۆتەوە، کچێکی 18 ساڵ تەمەن بە ناوی "رەزییە رەحمانی" کچی شەکەر ڕەزا، خەڵکی نورئاوا لە پارێزگای خوڕەمئاوای رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی بەئەنقەستی پۆلیسی ئەو شارە کوژراوە. بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکای کورد، هێزەکانی بنکەی پۆلیسی " چشمە سفید" بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی رژاونەتە ماڵی "شەکەر رەزا رەحمانی" لە گوندی "گۆیژە"ی نوورئاوا لە پارێزگای خوڕەمئاوا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و یەکێک لە پۆلیسەکان فیشەکی ناوە بە سەر کچی ئەو ماڵەوەو کوشتوویەتی. بە وتەی یەکێک لە کەسە نزیکەکانی ئەم بنەماڵەیە، هێزەکانی پۆلیس بە بیانووی دۆزینەوەی ماددە سڕکەرەکان، بە بێ مۆڵەتی یاسایی و نامەی دادوەر، رژاونەتە ئەو ماڵەو دوای ئەوەی لە گەڵ خاوەن ماڵەکە بووە بە دەمەقڕەیان، یەکێک لە پۆلیسەکان دەمانچەکەی دەرهێناوەو فیشەکی ناوە بە سەر کچی ماڵەکەوە. جێگەی ئاماژەیە رێ و رەسمی ناشتنی ئەم کچە 18 ساڵەیە رۆژی شەممە22ی حوزەیران لە گۆڕستانی شەهیدانی لەک بەڕێوەچووە. زۆرجار پۆلیس و هێزەسەربازییەکان بە بیانووی جیاواز تەقە لە خەڵک ئەکەن و ئەیانکوژن. ماوەیەک لەوە پێش هێزە سەربازییەکان بە گومانی بوونی کاڵای قاچاخ تەقەیان لە ترۆمبیلێک کرد لە شاری مەریوان و کوڕێکی گەنج بە ناوی ئاژوان کیانی فیشەکی بەرکەوت و گیانی لە دەستدا.
هاوڵاتی ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دوایی وردبینی کردنی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، عێراق مووچەی مانگی حوزەیران دەنێرێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی حوزەیرانی 2024، غەریب ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی حوزەیران رەوانەی بەغداد بكرێت وەزارەتی دارایی عێراق وردبینی تێدا دەكات و هەر كات وردبینییەكە بە كۆتای هات راستەوخۆ مووچەی مانگی حوزەیران دەنێردرێت. جێی ئاماژەیە، ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند مووچەی مانگی پێنجی هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانی خەرج دەکات.
هاوڵاتی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرایکرد تاکو ئێستا 12 حزب و دوو هاوپەیمانێتی ناوی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە. ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی حوزەیرانی 2024، جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 12 حیزب و دوو هاوپەیمانێتی و 77 بەربژێر بەشێوەی سەربەخۆ ناوی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە. دەشڵێت، ئەوکەسانەی بەشێوەی سەربەخۆ ناوی خۆیان تۆمارکردووە ژمارەیان 77 بەربژێرە و ژمارەکەش بەردەوام لە زیادبوونە. جێگای ئاماژەیە، بەگوێرەى کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی 24ی حوزەیرانی 2024، دوایین وادەی تۆمارکردنی لیست و هاوپەیمانییەکانە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
هاوڵاتی رۆژنامەی بەریتانیایی تێلەگراف، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی تایبەت بە خۆیەوە بڵاوی کردۆتەوە، حزبوڵڵای لوبنان، بڕێکی زۆر چەک و چۆڵ و مووشەک و تەقەمەنی دروستکراوی ئێرانی لە فڕۆکەخانەی مەدەنی بەیرووت شاردۆتەوە. ئەم رۆژنامەیە رۆژی یەکشەممە 23ی حوزەیرانی 2024 بڵاوی کردەوە لەم کۆگایەدا مووشەکانی فەلەق دروستکراوی ئێران، مووشەکی کورت مەودای فاتح-110 و مووشەکی بالستیکی و مووشەکی M_600 حەشار دراون. هەروەها لەم فڕۆکەخانەیەدا مووشەکی کۆنتڕۆڵکراوی دژە تانکۆ کۆرێنت، بڕێکی زۆر مووشەکی بالستیکی بورکان، ماددەی تەقینەوەی RDX، تۆزێکی سپی ژەهراوی بە ناوی سیکلۆنێت حەشار دراون. بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە ئەو نیگەرانییەی لای دەسەڵاتدارانی لوبنان دروستکردووە، کە فڕۆکەخانەی رەفیق حەریری لە بەیرووت بکرێت بە ئامانجی سەربازی. ئەم فڕۆکەخانەیە تەنها 4 مایل لە ناوەندی شاری بەیرووتەوە دوورە. یەکێک لە کرێکارەکانی ئەم فڕۆکەخانەیە کە نەیویستووە ناوی ببرێت بە رۆژنامەی تێلەگرافی وتووە،" دۆخەکە زۆر جیدییە، سندووقی گەورەی گومانئاوی کە راستەوخۆ لە تارانەوە دێن، دەرخەری خراپتربوونی دۆخەکەن. ئەم کرێکارە وتوویەتی ،" کە ئەوان گەیشتنە فڕۆکەخانەکە، من و هاوڕێکانم ترساین لەبەر ئەوەی ئەمانزانی رووداوێکی سەیر بەڕێوەیە". ئەم کرێکارە نیگەران بوو لەوە هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەکە یان تەقینەوە لەوێ، زیانی گەورەی لێ بکەوێتەوە. ساڵی 2020 تەقینەوەیەک لە بەندەری بەیرتووت روویدا و بەشێکی گەورە لە ناوەندی شاری بەیرووت زیانی پێگەیشت. ئەم کرێکارە لای وایە ئەگەر وەها شتێک رووبدات، کە پەیوەستە بە کاتەوە روودانەکەی، پەیوەندی بەیرووت لەگەڵ دونیا ئەپچڕێت. حزبوڵڵای لوبنان بەوە تۆمەتبار ئەکرێت کە فڕۆکەخانە مەدەنییەکان وەک شۆێنێک بۆ کۆگاکردنی چەکەکان بەکار ئەهێنێت، بەلآم بە پێی راپۆرتەکەی تێلەگراف، لە گەڵ دەستپێکی جەنگی غەزە لە تشرینی یەکەمی 2023، شاردنەوەی چەک و چۆڵ لە فڕۆکەخانەی بەیرتووت زیاتر بووە. ئەو کرێکارەی فڕۆکەخانەی بەیرتووت بە تێلەگرافی وتووە، لە مانگی تشرینی دووهەمدا " سندووقی گەورەو نائاسایی" بە شێوەی راستەوخۆ لە ئێرانەوە گەیشتە ئەم فڕۆکەخانەیە، ئەم رووداوە ئەو کاتە روویدا کە لە لوبنان باسی جەنگ گەرم بوو. سەرچاوەیەکیتر بەم رۆژنامەیەی راگەیاندووە،" بۆ چەند ساڵ ئەچێت چاودێری جم و جووڵەکانی حزبوڵڵا ئەکەم لە فڕۆکەخانەی بەیرووت، بەڵام کاتێک ئەم کارە لەم کاتی جەنگەدا ئەنجام ئەدەن، بەو مانایە فڕۆکەخانەکە ئەکەن بە ئامانجێک بۆ سوپای ئیسرائیل". لەگەڵ دەستپێکی جەنگی غەزە لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، حزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل لە سنوورەکانی باشووری لوبنان بەردەوام هێرش ئەکەنە سەر بنکە و شوێنەکانی یەکتر.