دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گەشتی هاووڵاتییانی 12 وڵاتی بۆ ئەمریكا قەدەغەكرد، هەروەها گەشتی هاووڵاتییانی حەوت وڵاتی دیكەشی سنوورداركرد. بەگوێرەی بڕیارەکەی ترەمپ لە رۆژی 9ـی ئەم مانگەوە هاووڵاتییانی ئەفغانستان، بۆرما، چاد، كۆماری كۆنگۆ، گینا، ئەریتریا، ئێران، لیبیا، سوماڵ، سودان و یەمەن ناتوانن گەشت بۆ ئەمریكا بكەن، هەروەها گەشتی هاووڵاتیانی بۆرۆندی، كوبا، لاوس، سیرلۆن، تۆگۆ، توركمانستان و فەنزوێلاش بۆ ئەمریكا سنوردارکرد. بڕیارەكە لەچوارچێوەی سیاسەتی ترەمپ دژی کۆچبەران و نەبوونی حكومەتێكی كاریگەر لەو وڵاتانە دەگەرێتەوە. یەکێکی دیکەش لە هۆکارەکەیان ئەوەیە، كاتێك هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانە سەردانی کاتیی بۆ ئەمریكا دەكەن، دوای تەوابوونی ڤیزاكانیان لەوێ دەمێننەوە و ناگەڕێنەوە، بەڵام ئێران بە تۆمەتی پشتیوانیی تیرۆر، خراوەتە لیستەکەوە. بڕیارەكەی ئەمریكا بۆ ئەو وڵاتانە، یاریزانانی تۆپی پێ ناگرێتەوە كە بۆ بەشداریكردن لە جامی جیهانی 2026 دەچنە ئەمریكا. ترەمپ لەبارەی بڕیارەكەی بۆ قەدەغەكردنی گەشتی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتانە بۆ ئەمریكا دەڵێت، ئەوەی لە وڵاتانی ئەوروپا روویدا نایانەوێت لە ئەمریكا رووبدات و كێشەی ئەمنی بۆ وڵاتەكەیان دروستبێت. ترەمپ باسی لەوەش کرد، “دواین هێرشە تیرۆرستییەکەی شاری بۆڵدەریی کۆلۆرادۆ ئەو مەترسییە گەورەیە پشتراستدەکاتەوە کە لەسەر وڵاتەکەمان هەیە بە هاتنی هاووڵاتییانی دەرەوە کە بەشێوەیەکی رێکوپێک وردبینییان بۆ نەکراوە، رێگە بەو کەسانە نادەین بێنە نێو وڵاتەکەمانەوە کە دەیانەوێت زیانمان پێ بگەیەنن و هیچ شتێک نامانوەستێنێت لەوەی ئەمریکا بپارێزین.” رۆژی یەکشەممەی رابردوو تۆمەتبارێک بەناوی محەمەد سلێمان کە بەرەچەڵەک میسرییە هێرشی کردەسەر کۆبوونەوەیەکی جووەکان لە شاری بۆڵدەر لە ویلایەتی کۆلۆرادۆی ئەمریکا و بەهۆیەوە 12 کەس برینداربوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە لە ستۆکهۆڵم دادگاییکردنی کەسێک بەناوى ئوسامە کەریم چەکدار کە بە تاوانی هێرشەکانی پاریس و برۆکسل لە ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٦دا سزا درابوو، دەستیپێکرد. کەریم بە تۆمەتی "تاوانی جەنگ و تیرۆر" تۆمەتبار کراوە بەهۆی ڕۆڵی لە کوشتنی دڕندانەی فڕۆکەوانی ئوردنی مەعاز کەساس کە لە سوریا لەلایەن داعشەوە بە زیندووی سووتێنرا. ئەمە یەکەم دادگاییکردنی تۆمەتبارێکە لە کوشتنی دڕندانەی فڕۆکەوانە ئوردنییەکە لە ساڵی ٢٠١٥ کە بووە هۆی شەرمەزارکردنی سەرتاسەری جیهان، بەگوێرەی دەزگای داواکاری گشتی سوید. کوژرانی ئەو فڕۆکەوانە ئوردنی تووشی شۆک کرد، کە بەشداری لە هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا بۆ سەر پێگەکانی داعش لە سووریا دەکرد. داواکاری گشتی ڕێنا دەڤگون لە کاتی دەستپێکردنی دادگاییکردنەکە لە ستۆکهۆڵم وتی: ئوسامە کەریم بە هەماهەنگی و ڕێککەوتن لەگەڵ تاوانبارانی دیکە، ئەندامانی داعش، مەعازکەساسیان کوشت. لەم چوارچێوەیەدا ئوسامە لەشوێنى سزادانەکە ئامادەبووەو جل و بەرگى داعشى لەبەردابووەو چەکێکی هەڵگرتبوو، پاسەوانی قوربانییەکە کردوەو بردویەتیەییە ناو قەفەسە کانزاییەکە و دواتر لەوێ دەستبەسەرکرا، دواتر یەکێک لە تاوانباران ئاگری لە مەعازبەردا، کە هیچ ئامرازێکی نەبوو بۆ بەرگریکردن لە خۆی یان داوای هاوکاری بکات. لە ئوردنهوه باوکی فڕۆکەوانەکە سافی کەساس بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندوە "هیوادارین ئەم تاوانبارە توندترین سزا وەربگرێت، هاوتا لەگەڵ گەورەیی تاوانەکە. ئەمە ئەوەیە کە چاوەڕێی یاسایەکی ڕێزدار و دادپەروەرانە دەکەین، دادگاییکردنەکە لە هۆڵێکدا بەڕێوەچووە کە ڕێوشوێنی ئەمنی توندی تێدا گیراوەتەبەر. داواکاری گشتی کە لەدادگاییەکەدا ئامادەبووە ڕایگەیاند، سەرەتا ئوسامە کەریم بەهۆی پەڵەیەکەوە لە ئاستی برۆیدابووە ناسراوەتەوە کە بووەتە هۆی کردنەوەی دۆسیەیەکى لێکۆڵینەوە لەسەرى. بەڵگەکانی دیکە بریتین لە پەیامەکانی فەیسبووکى کە تۆمەتبارەکە لە خزمێکی دەپرسێت ئایا ڤیدیۆیەکی نوێی بینیوە "کە تێیدا پیاوێک دەسوتێنرێت"، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان کە ئاژانسی فرانس پرێس بینیویەتی. کەریم لە پەیامەکەدا نووسیویەتی "لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوم"و کاتی دیمەنەکەی ڕوونکردووەتەوە و تیشکی خستۆتە سەر ڕووخساری ئامۆزاکەی لە وەڵامدا دەڵێت بەڵێ برۆکەتم بینی. پارێزەری تۆمەتبارەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، موەکیلەکەی دانی بەوەداناوە کە لە شوێنی ڕووداوەکە بووە لەکاتى سوتانى ئەو فرۆکەوانەدا، بەڵام سەرجەم تۆمەتەکانى سەرى ڕەتدەکاتەوە. ئوسامە کەریم، تەمەن ٣٢ ساڵ، دوای لێکۆڵینەوەی لەلایەن دادگای سویدەوە، دەرکەوتووە تێوەگلاوە لە تاوانی سوتاندنی فرۆکەوانە ئوردونییەکە. باسیان لەوەشکردووە، ئوسامە کەریم بە تۆمەتی تێوەگلان لە هێرشەکانی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٥ و ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە سوریا و بەشداریکردن لە هێرشەکانی مانگی ئازاری ٢٠١٦ی بەلجیکا لێکۆلێنەوەی لەگەڵکراوە. ماڵپەڕی لومۆندی فەڕەنسی بڵاویکردەوە، ئوسامە کەریم لە خێزانێکی فەڵەستینی لەدایكبووە و گەورەبووە و لەساڵی ٢٠١٤ روویکردوەتەوە سوریا و دوای ماوەیەك وەکو پەنابەر گەڕاوەتەوە ئەوروپا و لەساڵی ٢٠١٦ لە بەلجیکا دەستبەسەرکراوە. مەعاز یوسف کەساسبە، پلە سەربازییەکەی ملازمی یەکەمە و تەمەنی تەنیا 26 ساڵ بووە ئەوکاتەى دەستگیرکرا، ماوەی شەش ساڵ وەک فڕۆکەوانی جەنگی پەیوەندی بە هێزى سوپاوە کردبوو. فڕۆکەوانە ئوردنیەکە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٤ دوای ئەوەی فڕۆکەکەی بەسەر شاری ڕەقە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کەوتە خوارەوە، لەلایەن داعشەوە دەستگیرکرا، داعش لە ٣ی شوباتی ٢٠١٥ لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە بڵاویکردەوە، لە سێدارەدانیدا بە سووتاندنی و کوشتنی ڕاگەیاند. لە سێدارەدانەکە وێنەگیراوە و دواتر لە ٣ی شوباتی ٢٠١٥ لە ڤیدیۆ کلیپێکی ٢٢ خولەکیدا و لەگەڵ سروودێکی تایبەتدا بڵاوکرایەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕوسیا، هێرشەکانی ئەم دواییەی ئۆکرانیا بۆ سەر ڕوسیا و پێشهاتەکانی پەیوەست بە ئێران تاوتوێ کرد. رۆژی چوارشەممە 04-06-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ترووس سۆشیەل رایگەیاند: "کەمێک لەمەوبەر لەگەڵ سەرۆک ڤلادیمیر پووتینی رووسیا قسەم کرد؛ پەیوەندییەکە نزیکەی کاژێرێک و 15 خولەکی خایاند." سەبارەت بە نێوەڕۆکی گفتوگۆکە لەبارەی ئۆکراینا، ترەمپ نووسی: "باسی هێرشی سەر فڕۆکەکانی رووسیامان لەلایەن ئۆکرایناوە کرد؛ هەروەها باسی هێرشە جۆراوجۆرەکانی دیکەشمان کرد کە لەلایەن هەردوولاوە دەکرێن. گفتوگۆیەکی باش بوو، بەڵام گفتوگۆیەک نەبوو کە راستەوخۆ ببێتەهۆی بەدیهێنانی ئاشتی." ترەمپ ئاماژەی بەوەشکردووە: "سەرۆک پووتین بە پێداگرییەوە گوتی، ناچارە وەڵامی هێرشەکەی ئەم دواییەی سەر فڕۆکەخانەکان بداتەوە." لەبارەی ئێرانەوە، سەرۆکی ئەمریکا نووسیویەتی: "باسمان لە ئێران کرد؛ کات لەبەردەم بڕیاری ئێران سەبارەت بە چەکی ئەتۆمی کەمە و پێویستە بە خێرایی بڕیار بدرێت! بە سەرۆک پووتینم راگەیاند، ئێران ناتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی؛ پێم وایە لەسەر ئەمە هاوڕابووین." ترەمپ گوتی، پووتین پێشنیازی کرد یارمەتیدەر بێت لەم پرسەدا و دەنووسێت: "سەرۆک پووتین پێشنیازی کرد کە بەشداری لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ ئێران بکات و رەنگە یارمەتیدەر بێت لە گەیشتن بە ئەنجامێکی خێرا." ترەمپ لە کۆتاییدا نووسیویەتی: "ئێران بڕیارەکەی تایبەت ئەم بابەتە زۆر گرنگە، دواخستووە و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا پێویستمان بە وەڵامێکی یەکلاییکەرەوە دەبێت." هاوكات پرسی ئێرانی لەگەڵ پوتین تاوتوێکردووە، جەختی لەوە کردەوەتەوە کات تەواو دەبێت بۆ ئەوەی تاران بڕیاری کۆتایی بدات، لەبارەی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی. دەشڵێت: بە روونی بە پوتینم وتووە ئێران هەرگیز ناتوانێت ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، پوتینیش لەسەر ئەم خاڵە هاوڕا بووە لەگەڵم. ترەمپ لە 20-01-2025 گەڕایەوە کۆشکی سپی، لەوکاتەوە چەند جارێ بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ پووتین کردووە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژه بهوه دهكات، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەتوانێت پرسی مووچەی خەڵکی کوردستان چارە بکات؛ دهشڵێت: هەوڵەکانمان بۆ چارەکردنی کێشەی مووچە بهردهوام دهبێت. چوارشهممه، 4ـی حوزهیرانی 2025، ڤیان سهبری، پەیامی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق, پهیامێكی بڵاو كردهوه و ڕایگهیاندووه "لە کاتێکدا هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەشداریی سەرەکی ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراقن کە چەندین ساڵ بوو خەڵکی عێراقی سەرکوت دەکرد و دەیچەوساندنەوە، لەو پێناوەشدا شەهید و برینداری بەخشی، دوای ئەوەش بۆ حکوومەتی نوێی عێراق و دەستوورەکەی، سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و بەتایبەت سەرۆک بارزانی، ڕۆڵی کاریگەرییان بینی لە پێناو بونیاتنانی عێراقێکی نوێ کە مافی تەواوی نەتەوە و پێکهاتە و ئایینەکانی تێیدا پارێزراو بێت، ئێمە لەسەر ئەو بنەمایانە کارمان کرد و هەموو هەوڵێکمان لەپێناو یەکڕیزی و یەکسانی و دادپەروەری بوو کە پرەنسیپەکانی هاوسهنگی، سازان و هاوبهشیی تێیدا پارێزراو بن، بەڵام ئەو خواستانەی کورد بۆ عێراقێکی نوێ کە مافی هەمووان تێیدا پارێزراو بێت، نەهاتە دی بە هۆكاری ناوخۆیی و دەرەکی." ڤیان سهبری گوتووشیهتی: لە ساڵی 2014 بەدواوە، حکوومەتی عێراقی بە بیانووی جۆراوجۆر، مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، هەر بەوەندەش نەوەستا، هەناردەکردنی نەوتی کوردستانیشی وەستاند. ئامانج لەو ڕەفتارانەی حکوومەتی عێراقی تەنیا وەستاندنی گەشەسەندن و پێشکەوتنەکانی کوردستان بوون کە وایکردبوو کوردستان جیا بێت لە هەموو ناوچەکانی عێراق لە ڕووی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانییەوە. کە هێرشی تانک و زریپۆشەکانی عێراق بۆ سەر کوردستان ئامانجەکانی نەپێکا، بۆیە ناچار بوون لە بێدەسەڵاتیدا، دەست بۆ قووتی خەڵک ببەن لە کاتێکدا پێشێلکردنی ڕوونی دەستوورە کە زۆرینەی خەڵکی عێراق دەنگیان بۆی داوە، بەڵام ئێمە وەک نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، هاوتا لەگەڵ نوێنەرانی دیکەی کورد لە پارت و لایەنە سیاسییەکانی دیکە لە پەرلەمانی عێراق، پێداگر دەبین لە دەستخستنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دهشڵێت: دەمانەوێت ئەوە بە ڕای گشتی کوردستان بڵێین: "محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەپێی ماددەی 60 لە یاسای بودجەدا، دەسەڵاتی زیادکردنی تەرخانکردنی دارایی هەیە بۆ پرکردنەوەی کورتهێنان لە پارەی قەرەبووکردنەوەی فەرمانبەران و پێداویستییەکانی کارەبا و پێداویستییەکانی کەلوپەلی خۆراک، بۆیە دەیتوانی لە پێش جەژندا مووچەی خەڵکی لەو پارەیە بنێرێت تا دوای جەژن کێشەکان چارە دەکرێن، سەرۆک وەزیران ئەو دەسەڵاتەی لەپێناو خەڵکی کوردستان، بەکار نەهێنا." ڤیان سهبری، ئاماژهی بهوهش كردووه "ئەوەی دەمانەوێت لێرە دووپاتی بکەینەوە، ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە یەکڕیزی و تەبایی هەیە لە هەرێمی کوردستان، پێویستمان بە یەکدەنگی و هێزی هەمووان هەیە لە بەغدا. پێویستمان بەوە هەیە هێزەکانی کورد یەک بخرێت بەڵکوو بتوانین کاریگەرییەکی بەهێز لەسەر بەغدا دروست بکەین." سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، جارێکی دیکە بۆ خەڵکی کوردستان رایگهیاندووه، بە تەواوی ڕێکارە دەستووری و یاسایی و دیپلۆماتییەکان بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ چارەکردنی کێشەی مووچە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، راگرتنی مووچەی فەرمانبەران "نادەستووری و نایاساییە" و "گەمارۆ دەخاتە سەر هەرێم و ئەم بڕیارە سزادانی بەکۆمەڵی سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێمە." هاوکات داوای کرد ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، پێداچوونەوەی پێویست بەم بڕیارەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بکات لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی، بۆ ئەوەی مووچەخۆرانی هەرێم بێبەش نەبن لە شایستەکانی خۆیان. ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە. دەقی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان: ەمڕۆ چوارشەممە ٤ی حوزەیرانی 2025، بە سەرپەرشتيی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە بەدواداچوونی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، سەرەتا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران باسی لەوە کرد کە هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردووە وشەفافانە سەرجەم داتا و زانیاریەکانی دارایی بۆ تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵ وهەرێم خستووەتەڕوو و لە سەرەتای ساڵی دارایی 2025 ڕێککەوتنی هاوبەش لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ وهەرێم ئیمزاکرا بۆ دابینکردنی تەواوی مووچەی مانگەکانی ئەمساڵ ئەویش پشتبەست بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵیی کە ڕێگە نادات ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو حکومەت لەسەر جێبەجێکردنی یاسای بودجە، هۆکار بێت بۆ ڕاگرتنی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، ئەمە سەرەڕای ئەوەی دەستووری عێراق بنەمای یەکسانی لە نێوان سەرجەم عێراقییەکان جێگیرکردووە و دادگای فیدڕاڵیش جەختی کردۆتەوە لەسەر مامەڵەکردنی مووچەخۆرانی هەرێم وەک هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵیی، بۆیە نابێت لە ژێر هیچ پاساو وبیانوویەک، قوتی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ هەشت مانگی داهاتوو رابگیرێت بە تایبەتیش کە چەند ڕۆژێکی کەمی ماوە بۆ جەژنی پیرۆزی قوربان، بۆیە حکومەتی فیدڕاڵ بەم بڕیارە سیاسیەی؛ گەمارۆ دەخاتە سەر هەرێم و ئەم بڕیارە سزادانی بەکۆمەڵی سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێمە. هەر لەوبارەیەوە، ئەنجومەنی وەزیران؛ بڕیاری راگرتنی مووچەی هەرێمی کوردستان بە نا دەستووریی و نایاسایی دەزانێت و داوای کرد ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، پێداچوونەوەی پێویست بەم بڕیارەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بکات لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی، بۆ ئەوەی مووچەخۆرانی هەرێم بێبەش نەبن لە شایستەکانی خۆیان وکار بە دوا ڕێککەوتنی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ وهەرێم بکرێت. هەروەها بڕیاریشدرا نامەیەکی فەرمی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نوێنەری وڵاتان بکرێت کە تێیدا لایەنە دەستووریی و یاسایی و داراییەکان ڕوونبکرێتەوە و داوای هاوئاهەنگیی و پشتیوانیی چارەسەر کردنی گرفتی مووچەی هەرێم بکرێت لە چوارچێوەی دەستوور. بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی نووسراوی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کە پێشنیاریان کردووە لێخۆشبوون بۆ کوڕو کچی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی بکرێت لە پێشینەی هاوسەرگیری لەسەر بنەمای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 158 لە 2025-3-12 بۆ ئەوانەی کە سوودمەند نەبوون لە منحە و دیاریی هاوسەرگیریی، پاش خستنەڕووی ڕاپۆرتێک لەلایەن عەبدوڵلای حاجی مەحموود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان. ئەنجومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ ڕەزامەندی لەسەر پێشنیارەکە دا. بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە خستنەڕووی بابەتی کارمەندانی گرێبەست لەسەر بودجەی پەرەپێدان و داهات و پێشینەی بەردەوام و کرێی رۆژانە. پاش گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای پشتیوانی بۆ ڕەوایەتی داواکاری ئەو کارمەندانە لەسەرجەم دامەزراوەکانی هەرێم، بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی ئەم بابەتە بە بڕیارێکی گشتگیر بۆ سەرجەم وەزارەتەکان، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری کە ئامادەکاری باشتری بۆ بکرێت لە ڕووی یەکخستنی ژمارە و ئامارەکان لەسەر ئاستی سەرجەم وەزارەتەکان وسەرەڕای هەڵسەنگاندنی ئیداریی و دارایی بابەتەکە، تا لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری یەکلاییکەرەوەی لەسەر بدرێت. لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران پیرۆزبایی جەژنی قوربانی لە سەرجەم موسڵمانان و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کرد و بەو بۆنەیەوە، بڕیاردرا لە ڕۆژی هەینی 2025/6/6 تا رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو 2025/6/9 ڕۆژانی پشووی جەژنی قوربان بێت و ڕۆژی سێشەممە 2025/6/10 دەوامی فەرمیی دەستپێدەکاتەوە.
عەبدوڵا ئۆجەلان لە دیدگا بەرفراوانەکانییدا، کە بۆ کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە ناردبوو سەرنجی خستووەتە سەر چوار خاڵی بنەڕەتی، هەر چوار خاڵەکە لە ڕۆژنامەی سەرخۆبوون بڵاوکرایەوە. دوای 44 ساڵ كاركردن، رۆژنامەی (سەرخۆبوون)ی زمانحاڵی پارتی كرێكارانی كوردستان (پە*كە*كە) ئەمڕۆ دواین ژمارەی خۆی بڵاوكردەوەو كۆتایی بەكاركردنی هێنا. لەدوا ژمارەیدا، رۆژنامەی (سەرخۆبوون) دەقی ئەو نامەیەی بڵاوكردەوە كە عەبدوڵا ئۆجەلان ئاڕاستەی كۆنگرەی 12ی پارتی كرێكارانی كردو داوای لێكردن خۆیان هەڵبوەشێننەوە. 🔹دەقی نامەكە “هەڤاڵانی هێژا! دوای ٥٢ ساڵ، مانگ و هەفتەیەک لە مێژوویی تێکۆشانمان، بە شێوەیەکی فەرمی سەردەمێکی مێژوویی لەدوای خۆمان جێ دەهێڵین، بە مانەیەکی کۆنکرێتی دیكە، دەمانەوێت لەو سۆسیالیزمەوە، کە ئامانجی دەوڵەت-نەتەوەیە، تێپەڕین بەرەو قۆناغێکی مێژوویی و سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک. هەروەک چۆن هەمووشتێک سەرەتا و کۆتایی هەیە. سەردەمێک، لەبەر چوار هۆکاری بنەڕەتی دەبێت تێپەڕنرێت ١- لەبەر ئەوەی پەکەکە لە ڕووی جەوهەرییەوە گەیشتووە بە تەمەنی سرووشتی خۆی، پێویستە بە فەرمی کۆتایی بەو کارانە بێنێت، کە بە ناوییەوە کراون، مەبەست لەمەش کۆتایهاتنی سۆسیالیزمی بوونیادنراوە بە هۆکاری ناوخۆی، پێویست بە کردنەوەی ڕێگەیەکی نوێی سۆسیالیزم، بارودۆخی داننان و پێکهاتنی ناسنامەی کوردە. ٢- تێکۆشانی چەکداری وابەستەی ستراتیژێکە، کە ئامانجەکەی دەوڵەت-نەتەوەیە، بۆ دەرچوون و تێپەڕاندنی ئەم ئامانجە لەناو بەرنامەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا دەبێت خۆی بسپێرێتە یاسا و سیاسەتی دیموکراتیک، بۆیە پێویست بەوەدەکات دەستبەرداری تێکۆشانی چەکداری ببێت، پاداشت و وەڵامدانەوەی ئەمەش دانپێدانانی مافی سیاسەتی دیموکراتیکی و گەرەنتییەکەی یاسایی یەکگرتووی بەهێزە. ٣- لەبەرئەوەی کۆبوونەوە و دیالۆگ لەگەڵ دەوڵەتدا لەژێر فەرمییەتی پەکەکەدا قبوڵ ناکرێت، پێویستی بە کۆتایهێنان بەوکارانە هەیە، کە بە ناوی پەکەکەوە دەکرێت، کە وەک توخمێکی گرنگ بووە بە ڕۆژەڤ، ئەمەش وەک ئەنجامێک دەتوانرێت لە ڕای گشتییدا ببینرێت. ٤- لە پێناو سەردەمێکی نوێدا، پەڕینەوە بۆ ناو قۆناغی ‘ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک’ پێویستییە، هەم لە ڕووی ناوەڕۆکەوە هەمیش لە ڕووی فۆرمەوە ئەمە وەک ئەڵتەرناتیڤی سەردەمی دەستپێک، لەو باوەڕەدام بڕیارەکانی کۆنگرە دەربارەی کۆتایهێنان بە کار و خەباتەکانی، کە بە ناوییەوە دەکران، کۆمەڵگەی دیموکراتیک، سیاسەت و یاسایی، مێژوویی دەبن و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم. سوربوون لەسەر مرۆڤایەتی سوربوونە لەسەر سۆسیالیزم. سۆسیالیزمی دەوڵەت-نەتەوە کۆتایی هاتووە، سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک سەرکەوتووە. ٢٧ـی نیسانی ٢٠٢٥ عەبدوڵا ئۆجالان.”
پنتاگۆن رایگەیاند، هیچ گۆڕانكارییەك لە پلانی كشانەوەی هێزەكانیاندا نییە لە عیراقدا، لە كاتی خۆیدا جێبەجێدەكرێت. وەزارەتی بەرگری ئەمریكا پنتاگۆن لە راگەیەنراوێكدا پشتڕاستی كردەوە كە پلانی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق لە چوارچێوەی ئەوە رێككەوتنە دەبێت كە لە ئەیلوولی 2024دا لەگەڵ حكومەتی عیراق ئیمزاكراوە، وتیشی ئەو رێككەوتنە هەر وەك خۆی ماوەتەوە و هەروەها رەتیكردەوە هیچ گۆڕانكارییەك یان دواكەوتنێك بەهۆی پێشهاتە سیاسی یان ناوچەییەكانی ئەم دواییە كاریەگەری لەسەر ئەو رێككەوتنە هەبێت. ئەو قسانەی پنتاگۆن لە كاتێكدایە كە گفتوگۆكان لە چوارچێوەی لیژنەی باڵای سەربازی هاوبەشی نێوان بەغداد و واشنتۆن بەردەوامە، بۆ تاوتوێكردنی داهاتووی مانەوەی سەربازانی ئەمریكا لە عیراق ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق بە نزیكەی دوو هەزار 500 سەرباز مەزەندە دەكرێن، كە بەسەر بنكەكانی عەین ئەسەد لە ئەنبار و بنكەی هەریر لە هەولێر دابەشكراون.
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد رایگەیاند، هەولێر چۆک دانادات و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی، کۆمەڵێک کارتی فشار و رێگەچارەی هەیە. لە بڵاوکراوەیەکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد رایگەیاندووە، بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان، لەوانە قەیرانی دارایی و چارەسەری کێشەکان، هەرێمی کوردستان ئەو لاوازە نییە وەک ئەوەی هەندێک پێیانوایە. فارس عیسا دەڵیت، هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک کارتی فشار و رێگەچارەی هەیە، لەوانە رێگەچارەی یاسایی و دەستووری، جگە لە هاوپەیمانەکانیان لەناوخۆی وڵاتەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. فارس عیسا لە کۆتایی پۆستەکەیدا نوسیوویەتی، "هەولێر چۆک دانادات" . ئەمە لەکاتێکدایە، مووچەی مانگی ئایار بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەشنەکرا و حکومەتی فیدراڵ رایگەیاندووە، مووچە نانێرن بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا تەواوبووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە “مینا” حاجیانی ماڵی خودا لەخۆدەگرێت بۆ بەجێهێنانی رۆژی تەروییە، کە یەکێکە لە ئەرکەکانی بەجێهێنانی حەج. حاجیان بۆ ماڵی خودا دەستیان کرد بە گەیشتنیان بۆ مینا بۆ بەسەربردنی ڕۆژی تەروییە، ئەمڕۆ (چوارشەممە)، هەشتەمی زولحیجەی ساڵی ٢٠٢٥، تەلبییە دەخوێنن، شکۆمەندی و ستایشی خودا دەکەن، کە نزیکەی لەسەدا ٦٤ی حاجیان ئەمڕۆ ئامادەن. لەکاتێکدا لەسەدا ٣٦ ڕاستەوخۆ بەرەو عەرەفات (وەستانی گەورە) دەڕۆن، پاشان لە دوای ڕۆشتنیان دەگەڕێنەوە بۆ مینا عەرەفات و بەسەربردنی شەو لە موزدەلیفە، بۆ بەسەربردنی ڕۆژەکانی (١٠، ١١، ١٢ و ١٣)، و بۆ فڕێدانی سێ جەمارات و جەماراتی عەقەبە و جەمارات ولوستا و جەماراتی سوغرە. جگە لەوانەی کە پەلە دەکەن. مینا دەکەوێتە نێوان مەککە و موزدەلیفە و حەوت کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی مزگەوتی گەورەوە دوورە. بەشێکە لە ناوچەی حەرام، لە باکوور و باشوورەوە بە شاخ دەورە دراوە. تەنها لە وەرزی حەجدا نیشتەجێیە. لە باکوورەوە هاوسنوورە لەگەڵ جەمارات ئەلعەقەبە، لە باشووریشەوە لەگەڵ موزدەلیفە، لەگەڵ وادی موحسار. مینا بە گرنگییەکی گەورەی مێژوویی و ئایینی دادەنرێت. لێرەدایە کە پێغەمبەری خودا ئیبراهیم صلی الله علیه وسلم، جەماراتی بەردباران کرد و بەرخی قوربانی بۆ ئیسماعیل سەربڕی سەلامی خوای لەسەر بێت. پاشان پێغەمبەری هیدایەت و سەلامی خوای لەسەر بێت، ئەم کارەی پشتڕاست کردەوە لە کاتی حاجی ماڵئاواییدا، موسڵمانانیش بە فڕێدانی جەمارات و سەربڕینی ئاژەڵە قوربانیەکانیان و سەر تاشینیان لە نمونەی ئەودا گرت. مینا بە زۆر رووداوی مێژوویی و ئایینیەوە بەستراوەتەوە، ئەو شوێنەیە کە پێغەمبەر ئیبراهیم بڕیاریدا ئیسماعیلی کوڕی لەوێ بکات بە قوربانی، هەروەها ئەو شوێنەیە کە تێیدا پێغەمبەری ئیسلام رەجمی شەیتانی کرد، هەروەها لە حەجی ماڵئاواییدا لەم شوێنەدا قوربانی کرا، هەر بۆیە موسڵمانان لە “مینا” قوربانی دەکەن و رەجمی شەیتان دەکەن. مینا بە ژمارە روبەری مەزەندەکراوی مینا نزیکەی 7.82 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. لوتکەکانی مینا نزیکەی 500 مەتر بەرزترە لە ئاستی دۆڵەکە. مینا 15 هەزار یەکەی فێنککەرەوە و هەواگۆڕكێی تێدایە. 30 هەزار ئاو پرژێنی لێیە بۆ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە خێمەکان. زیاد لە 3 هەزار کامێرای چاودێری و 12 هەزار بڵندگۆ هەیە بۆ رێنوێنی و ئاگاداریی. 97 بنکەی فریاگوزاری و 320 ئوتومبێلی فریاکەوتن و 6 فرۆکەی فریاکەوتن و 9 ماتۆڕی فریاکەوتن بوونیان هەیە، لەگەڵ ئوتومبێلی گۆڵف و عەرەبانەی گواستنەوە. مینا رۆژانە 700 هەزار مەتر چوارگۆشە ئاوی بۆ دابین دەکرێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، دابەشکردنی هاوکاری هاوپەیمانان بۆ مانگی پێنج بە بڕیاری بەرپرسانی باڵای وەزارەت راگیراوە، لە کاتێکدا دوێنێ هاوپەیمانان پارەکەیان خستووەتە سەر هەژماری وەزارەت. بەگوتەى سەرچاوەکە، بڕیار بوو ئەمڕۆ دەستبکرێت بە دابەشکردنى هاوکارییەکە، بەڵام دواخراوە بۆ چوارشەممەى دواى جەژن، واتە 12ـى ئەم مانگە. دەڵێت، ئەم بڕیارە بۆ بەشێک فەرماندە و بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە چاوەڕواننەکراوبووە و نیگەرانی کردوون. ئەو دەڵێت، بڕوونى هۆکاری راگرتنی دابەشکردنی هاوکاری هاوپەیمانان نەخراوەتەڕوو، بەڵام بە ئەگەرێکی زۆر پەیوەندی بە دابەشنەکردنی مووچە هەیە، کە ناتواندرێت بەر لە جەژن دابەش بکرێت. ڕاگرتنى ئەو مووچەیە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم لەسەر پرسى مووچە کۆبوویەوە، بەڵام بەپێى زانیاریەکان کۆبوونەوەکە بێ ئەنجام بووە. هاوکات لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم هیچ بڕیارێک لەبارەی مووچە نەدراوە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی بەشداری کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی نەکرد. لەلایەکى دیکەوە عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان وتى: هەموو رێکارێکی دێپلۆماسی دەگیرێتەبەر لە ناوەوە و دەرەوەی عێراقیش و روونکردنەوە دەدرێ کە "ئێمە میلـلەتێکین سزا دەدرێین".
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە چەند سەرچاوەیەکەوە ڕایگەیاند: نووسینگەکەی عەلی سیستانی لە ناوچەی سەیدە زەینەب لە باشووری شاری دیمەشق هێرشی کراوەتەسەر و تاڵان کراوە. لە هێرشەکەدا دەرگا و ستوونەکانی نووسینگەکە شکێنراوە. هاوکات بڕێک پارە و کۆمپیوتەرێک دزراوە، ئەمە جگە لە شکاندنی وێنەیەکی سیستانی لە نووسینگەکە. گرووپێکی "توندڕەو"ـی چەکدار بە سەرۆکایەتی کەسێک بە ناوی "ئەبو عومەری لیبی" هەڵیانکوتایە سەر نووسینگەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعە مەزهەبەکان لە دیمەشق و جگە لە شکاندنی کەرەستەکانی شوێنەکە، بڕە پارەیەک دەبەن. سەرچاوەکان دووپاتیان کردووەتەوە، نووسینگەکە تەنیا کاری مرۆیی و کۆمەڵایەتی دەکات، دیارترینیان یارمەتیدانی منداڵانی بێ باوک و هاوکاریکردنی ئاوارەکانی شیعە و دوورە لە چالاکیی سەربازی یان سیاسی. دوای ڕووداوەکە بە نێوەندگیری هەندێک لایەن، ئەو گرووپە چەکدارەی هێرشەکەی کردووە، بڕە پارەکە و کەرەستە دزراوەکانیان گەڕاندووتەوە و دواتر بە فەرمی داوای لێبووردنیان کردووە.
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگ لەسەر ڕەشنووسی بڕیارنامەیەک بدات کە تێیدا داوای "ئاگربەستێکی دەستبەجێ و بێ مەرج و هەمیشەیی لە غەززە، دیپلۆماتکارانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایانگەیاند، پێدەچێت ئەمریکا ڤیتۆی لەسەر بکات. ئەم بڕیارنامەیە کە لە لایەن دە ئەندامی ناهەمیشەیی ئەنجومەنەوە داڕێژراوە و ماوەی دوو ساڵ بەسەر دەبەن، داواکاری خۆی بۆ ئازادکردنی سەرجەم ئەو زیندانیانەی کە لە لایەن حەماس و گروپەکانی دیکەوە دەستبەسەر کراون، دوای هێرشە لەناکاوەکەی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ لە باشووری ئیسرائیل دووپات دەکاتەوە. لە پڕۆژەبڕیارەکەدا دۆخی مرۆیی غەززە بە "کارەساتبار" وەسفکراوە و داوا دەکات ئیسرائیل دەستبەجێ رێگرییەکانی سەر گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتەکە هەڵبگرێت. لە ڕەشنووسی بڕیارنامەکەدا دۆخی مرۆیی غەززە بە "کارەساتبار" وەسف دەکات و هەروەها داوای "لابردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی هەموو سنووردارکردنەکانی هاتنە ناوەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو غەززە، و دەستەبەرکردنی دابەشکردنی سەلامەت و بێ سنوور و بەربڵاوی، لەوانەش بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشە مرۆییەکانی" دەکات. دەنگدانەکە کە بڕیارە درەنگانی پاشنیوەڕۆی چوارشەممە ئەنجام بدرێت، لە کاتێکدایە کە نزیکەی ڕۆژانە ڕووداوی بۆردومان ڕوودەدات دوای دامەزراندنی خاڵەکانی دابەشکردنی یارمەتییەکان لەناو ناوچە سەربازییەکانی ئیسرائیل، بە پشتیوانی ئەمریکا و ئیسرائیل، سیستەمێک کە هەردوولا دەڵێن بۆ دەربازبوون لە کۆنترۆڵی حەماس داڕێژراوە. ڕۆژەبڕیارەکە داوا دەکات بەگوێرەی بنەما و یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەموو خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ غەززە بگەڕێندرێنەوە. دەنگدانەکە لەکاتێکدایە، نزیکەی 2 ملیۆن دانیشتووی غەززە بە تەواوی پشت بە هاوکارییە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان دەبەستن، ئەوەش لەبەرئەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل نزیکەی هەموو تواناکانی بەرهەمهێنانی خۆراکی لەنێوخۆی غەززەی لەناوبردووە. ئیسرائیل لە 2ـی ئادار، گەمارۆی خستەسەر ناردنی هاوکارییەکان مرۆییەکان بۆ غەززە و لە مانگی رابردووەوە بە بڕێکی سنووردار رێگە بە گەیاندنی خۆراک بۆ غەززە دەدات. ستێفان دوژاریک، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی سێشەممە گوتی، پێداویستییەکانی غەززە زۆرن و ئەوەیشی کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەینێرێتە غەززە "تەنیا دڵۆپێکە." لە تشرینی دووەمی 2023وە، ئەنجوومەنی ئاسایش دەنگی لەسەر 14 بڕیاری پەیوەست بە غەززە داوە و چواریان پەسند کردووە. دوایین بڕیاریش لە 20ـی تشرینی دووەمی رابردوو دەنگی لەسەر درا، لەکۆی 15 ئەندامی ئەنجوومەنەکە، 14ـیان دەنگیان پێی دا، بەڵام ئەمریکا بەبیانووی ئەوەی کە پڕۆژەبڕیارەکە داوای دەستبەجێ ئازادکردنی بارمتەکان ناکات، رەتیکردەوە.
لە خاکی سووریاوە بە هاوەن هێرشکرایە سەر ئیسرائیل و زەنگی ئاگادارکردنەوە لە چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتە لێدرا، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشەی وەڵامدانەوەی فراوان دەکات و دەڵێت، ئەحمەد شەرع بەرپرساری یەکەمی هێرشەکەیە. سوپای ئیسرائیلش دەڵێت، تۆپبارانی ئەو ناوچانەیان کردووە، کە هێرشەکەی لێوە ئەنجامدراوە. ئەمە یەکەمجارە لە پاش رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە، خاکی ئیسرائیل لە سووریاوە بەئامانج بگیرێت. یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاند، بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشە و سەرجەم ئەو هێرشانەی دەکرێنەسەر وڵاتەکەی، لە ئەستۆی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناغی راگوزەردایە. سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، دوو گولـلەهاوەن، کە لە سووریاوە هەڵدرابوون، لە چۆڵەوانییەکدا لەناو خاکی ئیسرائیل تەقینەوە بەبێئەوەی هیچ زیانێکی هەبێت، پاش هێرشەکەش زەنگی ئاگادارکردنەوە لە لە ناوچەکانی حەسبین و رمات مەگشیمیم لە بەرزاییەکانی جۆلان لێدرا. سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد، لە وەڵامی ئەو هێرشەدا تۆپخانەکانیان باشووری سووریایان کردووەتە ئامانج، دەشڵێت: هێزەکانیان بەردەوامدەبن لە ئۆپراسیۆنەکانیان لە باشووری سووریا، بە ئامانجی "هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی تیرۆریستی" و پاراستنی دانیشتووانی بەرزاییەکانی جۆلان. پاش رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، هێزەکانی ئیسرائیل ناوچەی داماڵڕاو لە چەکیان لە بەرزاییەکانی جۆلان پێکهێنا و دەیان هێرشی ئاسمانییان بۆسەر ئامانجە سەربازییەکان لە سووریا ئەنجامدا، کە بەگوتەی خۆیان، ئامانج لەو هێرشانە رێگریکردنە لەوەی چەکەکانی سەردەمی دەسەڵاتی ئەسەد بکەونە دەست دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا.
رێبەری باڵای ئێران پێشنیازی ئەمریکا سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی بە "دژ بە بنەماکانی هێزی ئێران" ناودەبات و دەڵێت، "دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابین." عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران رایگەیاند، "ئەمریکا دەیەوێت بەرنامە ئەتۆمییەکەمان هەڵبوەشێنێتەوە." دەشڵێت، "سەربەخۆیی واتای ئەوەیە چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و هاوشێوەکانی نەکەین." رێبەری باڵای ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە هێزی وڵاتەکەیان لە هەموو بوارەکاندا زیاد دەکەن، دەشڵێت، "پێشنیازەکەی ئەمریکا سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی، 100% دژ بە بنەمای هێزی ئێمەیە." خامنەیی دەشڵێت، "ئەمڕۆ دەتوانین سووتەمەنیی ئەتۆمی بەرهەم بهێنین." بەشێکى دیکەى قسەکانى عەلی خامنەیی، رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، لە رێوڕەسمی یادی (٣٦)ساڵەی کۆچی دوایی ئیمام خومەینی لە وتارێكدا: سیستەمی سیاسی ئێمە کە سوپاس بۆ خوا پێگەیشتوو و بەهێزە، بەرهەمی شۆڕشێکی گەورەیە. رابەری ئەم شۆڕشە پیاوێکی گەورە بوو، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە سی ساڵ بەسەر کۆچی دواییدا، هێشتا بوونی ئەو لە سەرانسەری جیهاندا هەستی پێدەکرێت. پاشەكشێی توندی پێگەی ئەمریکا لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی، لە شوێنەوارەكانی ئامادەیی ئەوە، هەروەها بوونی ئەو و ڕق و کینەی جیهان بەرامبەر زایۆنیزم هەیەتى، دەرئەنجامی شۆڕشەکەیەتی. بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بەبێ پیتاندن هیچ سودێکی نییە، پێشنیاری ئەتۆمی ئەمریکا (100%)لەگەڵ پرەنسیپی دەسەڵاتی ئێمە ناگونجێت. ئێوە کێن تا بە تاران بڵێن ئاخۆ دەتوانێت بەرنامەی ئەتۆمی هەبێت یان نا؟.
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغداد دەڵێت: ھەرێمی کوردستان پابەندی ھەموو رێککەوتنەکانە بەپێی دەستوور، بەڵام عێراق دەستور جێبەجێ ناکات، راگرتنی مووچەش لەلایەن بەغدادوە، بە هەنگاوێكی سیاسی ناودەبات بۆ لاوازكردنی ھەرێمی کوردستان لە رووی ئابورییەوە. سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاندووە: بەداخەوە عێراق ھیچ بڕوای بە رێککەوتن و ھاوبەشی و فیدراڵیەت نییە، ئەو كێشانەشی بۆ هەرێمی كوردستانی دروست دەكەن سیاسییە و دەیانەوێت ھەموو دەسەڵاتەکان مەرکەزی بن و، بەپێی پلانێکی داڕێژراو دەیانەوێت ئابوریی ھەرێمی کوردستان لاواز بکەن. ئاماژەی بەوەشكردووە: ھەرێمی کوردستان رێگای زۆری لەپێشە بیگرێتەبەر لە رووی یاساییەوە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ھەرێمیشەوە. وتوشەیەتی: ھەرێمی کوردستان زۆر لەوە بەھێزترە كە ئەوان پلانیان بۆ داناوە، ھەر بۆیە مووچە بیانووە و زیاتر مەبەستی سیاسییان ھەیە.