ململانێكانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل درێژبووەوە بۆ كیشوەری ئەفریقا، دوای ئەوەی ئیسرائیل بووە یەکەم وڵات کە دان بە كۆمارى سۆمالیلانددا بنێت، ئەوەش دوای چەند رۆژێك دێت لە لوتكەی سێ قۆڵی نێوان ئیسرائیل و یۆنان و قوبرس، كە وەك هەڕەشەیەكی راستەوخۆ دەبینرێت بۆ سەر توركیا لە دەریای ناوەڕاست. شەوی رابردوو، نوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە، تیایدا ناتانیاهۆ قسەی لەگەڵ محەمەد عەبدوڵا، سەرۆک کۆماری سۆماڵیلەند كردو رێککەوتننامەی دانپێدانانی یەکتریان واژۆکرد. ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل بە تایبەتی بۆ ئەنكەرە گرنگە بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندی نزیک و تایبەتی نێوان تورکیا و سۆماڵ، بوونی تورکیا لە سۆماڵ تەنیا دیپلۆماسی و ئابوری نییە، بەڵکو سەربازیشە. پەیوەندییەکانی تورکیا و سۆماڵ، هاوپەیمانییەکی سەربازییە کە لێكنزیكی دیپلۆماسی تێپەڕاندووەو پەیوەندییەكی بەهێزیان هەیە، توركیا یەكێكە لەو وڵاتانەی لەماوەی (10) ساڵی رابردوودا زۆرترین وەبەرهێنانی لە سۆماڵدا كردووەو خاوەنی گەورەترین بنكەی سەربازییە لەو وڵاتە، ئەوەش وایكردووە، ئەو جوڵە نوێیەی ئیسرائیل بەلای توركیاوە بایەخی تایبەتی هەبێت. • توركیا گەورەترین بنكەی مەشقی سەربازی لە دەرەوەی وڵات لە مەقادیشۆی پایەتەخی سۆماڵ دامەزراندووە. • رۆڵێکی سەرەکی گێڕاوە لە راهێنان و رێكسختنەوەی سوپای سۆماڵدا. • هاوکاری سەربازی و ئەمنی و هەواڵگری لەگەڵ سۆماڵ بەهێزتر کردووە. بنکەی مەشقی سەربازی تورکسۆمى توركى لە ساڵی (2017) لەسەر داوای حکومەتی سۆماڵ کراتەوەو رۆڵێکی یەكلاكەرەوەی بینیوە لە پێکهێنانی بڕبڕەی پشتی هێزە چەکدارەکانی سۆماڵدا، سۆماڵ بە تاکە وڵاتی ئەفریقا دادەنرێت کە رێگەی بە بنکەیەکی سەربازیی بە تورکیا داوە، بۆیە ئەنكەرە داننان بە سۆمالیلاند تەنها وەک بابەتی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سۆماڵ نابینێت، بەڵکو وەک ئاڵنگارییەك بۆ سەروەری هاوپەیمانێکی راستەوخۆی تەماشای دەكات. حکومەتی مەقادیشۆ سۆمالیلاند بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت، سەرەڕای هەبوونی حکومەتێک کە پایتەختەكەی "هیرجیسا"یە و خاوەنی پەرلەمان و هێزە ئەمنییە، بەڵام تا ئێستا لەلایەن هیچ وڵاتێکی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دان بە سۆماڵیلانددا نەنراوە وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ. سۆمالیلاند زۆرینەی دانیشتوانەكەی موسڵمانان، ئیسلام ئاینی فەرمییە لە دەستورەکەیدا، حکومەتی سۆماڵ جیابونەوەی بەتوندی رەتدەکاتەوە، ئەمەش هەڵوێستێکە کە زۆرێک لە وڵاتان هاوبەشن تیادا، بەتایبەت تورکیا. میدیاكانی توركیا دەڵێن: ئەو هەنگاوەی ئیسرائیل قەیرانی نێوان ئەسیوپیاو سۆماڵيش دەهێنێتەوە پێشەوە، کە ساڵی رابردوو سەریهەڵدا، دوای ئەوەی ئەسیوپیا رێککەوتنێکی لەگەڵ سۆمالیلاند واژۆ کرد، کە دانپێدانانی خاکەکەی لەخۆگرتبوو، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ دەستڕاگەیشتن بە دەریا، کە کاردانەوەی توندی لە مەقادیشۆی لێکەوتەوەو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، توانی کۆتایی بە قەیرانەکە بهێنێت، كە لە ئەنجامی هەوڵەکانی نێوەندگیری لە ئەنكەرە، پلانی ئەسیوپیا بۆ دانپێدانانی سۆمالیلاند هەڵپەسێردرا. سۆمالیلاند لە ساڵی 1991دا جیابوونەوەی لە سۆمال راگەیاند، لەگەڵ داڕمانی دەوڵەت، دوای روخانی رژێمی سۆماڵ بە سەرۆكایەتی سیاد بەری. لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ، بزووتنەوەی نیشتمانی سۆماڵ لە باکور سەربەخۆیی سۆمالیلاندی رایگەیاندو هەرجیسا وەك پایتەختی وڵاتەكە دەستنیشانكرا.
مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبردنی کۆما جڤاکێن کوردستان "کەجەکە" ڕایگەیاند، دەسەڵات بەگوێرەی پێویست لە پرۆسەکە نزیک نابێتەوە. سیاسەتی تورکیا لەبارەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاست نییە، چونکە لەلایەک داوای ئاشتی بۆ غەززە دەکات و لەلایەک هەڕەشەی دەستوەردان لە سووریا دەکات و شەڕی بۆ کورد دەوێت. هەڵسەنگاندنی قەرەسوو بەم شێوەیەیە: لە ٢٣ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ کۆمەڵکوژی دووەمی پاریس ڕوویدا، دەربارەی کۆمەڵکوژییەکە چی دەڵێن؟ پێش هەموو شتێک بە ڕێزدارییەوە یادی ئەڤین گۆیی، عەبدولڕەحمان کزل و میر پەروەر دەکەمەوە. کۆمەڵکوژییەکە جاری دووەمە لە پاریس ڕووبدات و بەم شێوەیە هاوڕێیانی ژن و وڵاتپارێزانی تێدا تیرۆر دەکرێت، بێگومان جێگەی ڕاوەستەکردنە لەسەری. ڕوودانی کۆمەڵکوژییەکە لە پاریس هەروا بەڕێککەوت نییە، بەڵام شتەکە ڕوونیشە. ئەو وڵاتەی دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی وڵاتپارێزمانی لێیە ئەڵمانیایە، بەڵام کەچی هەردوو کۆمەڵکوژییەکە لە پاریس ڕوویدا، ڕەنگە لە ئەڵمانیا پلانڕێژی بۆ کرابێت، بەڵام لە پاریس ئەنجام درا، مرۆڤ دەبێت بەم شێوەیە لێکیبداتەوە. ساڵانێک لەگەڵ ئەڤین گۆیی کارمان کرد، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریمان بوو، لە ڕۆژئاوا کاری دەکرد، هێرشەکە بە مەبەست ئەنجام درا و وەک ئەندامێکی بەرێوەبەریمان کرایە ئامانج. هەرخۆی پێشتریش بەرانبەر هەڤاڵانی ژنمان هێرش ئەنجام درابوو، هاوڕێیانمان سارا، ڕۆژبین و ڕۆناهی. بەڕاستی دەبێت بە سەرنجەوە ئەم بابەتە هەڵسێنگێندرێت. هێرشەکە بە گشتی بۆسەر تەڤگەری ئازادی کوردستان بوو، بەڵام ژنان کران بە ئامانج!، ئەمەش زیاتر ئەو نیگەرانییانە پشتڕاستەکاتەوە کە بکەری پشتەوەی هێرشەکان تورکیایە. هەرخۆی لە تیرۆرکردنی هاوڕێ سارا و هەڤاڵانییدا زۆر بە ئاشکرا پەیوەندی میت بە ڕووداوەکە دەرکەوت. لەبەرئەوەی ژنان پێشەنگی شۆڕش و تەڤگەرمانن بۆیە هەمیشە ئامانجی یەکەمی دەوڵەتی تورک و هەموو ئەو هێزانەن کە خواستیان قڕکردنی کوردانە، هەردوو کۆمەڵکوژییەکەی پاریس دەرخەری ئەم ڕاستییە تاڵەیە. بەڵام بەڕاستی هەڵوێستی فەرەنسا جێگەی قبوڵکردن نیە، لای خۆی دەوڵەتی یاسا و دیموکراسییە، بەڵام لە هەردوو کۆمەڵکوژییەکەدا هیچ هەنگاوێکی نەنا. خۆ کۆمەڵکوژی یەکەمیان بەڕۆژی ڕووناک لە لایەن میتەوە ئەنجام درا، بەڵام کەچی بەرانبەر دەوڵەتی تورک هیچ هەڵوێستێکی نیشان نەدا. خۆی کپ و کڕ کرد و نەیتوانی بە تورکیا بڵێت، 'تۆ بە چی مافێک لەسەر خاکی من کۆمەڵکوژییەکی ئاوا دەکەی؟'. خۆ ڕەنگە لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە شتێکی گوتبێت، بەڵام ڕووداوێکی ئاوا شتێک نییە بە پەیوەندی دیپلۆماسی تێپەڕ بکرێت، لە ناوجەرگەی دەسەڵاتی دەوڵەتێکدا تیرۆکردنێکی ئاوا دەکرێت، دەرخەری ئەوەیە فەرەنسا لە ئاست ئەم شەڕە قێزەنەدا چاوی خۆی دادەخات و هەرچی یاسا و ڕێسای وڵاتەکەی هەیە پشتگوێ دەخات. بۆ دووەم کۆمەڵکوژی پاریش دەڵێت 'کەسێکی نەژادپەرست' کردوویەتی. دەی بۆچی ئەم کەسە کوردان دەکاتە ئامانج؟ پێشینە و ڕاستینەی کوردان شتێک نییە کۆمەڵگەی فەرەنسا نیگەران بکات. گەر هێرشەکە نەژادپەرستی بوایە ئەوا ئامانجەکە جیاواز دەبوو، ڕاستییەکە نازانین بەڵام بەم پێودانگەبێت دەبوایە لە بری کوردان ئامانجەکە شتێکی دیکە بوایە. نیشاندانی کۆمەڵکوژییەکە وەک 'هێرشی نەژادپەرستی' بەڕاستی سیاسەتی ونکردن و پەردەپۆشکردنی تاوانەکەیە. ئاشکرایە گەلێک هەیە، ڕێکخستنێکی ئەو گەلە هەیە و ڕۆڵەکانی ئەو گەلە هەیە و هێرشەکە لە دژی ئەوانە ئەنجام دراوە. کێ ئەمە دەکات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت فەرەنسا بیداتەوە. بەڕاستی دۆخی هەردوو کۆمەڵکوژییەکە یەک شتە. ڕەنگە بکوژی کۆمەڵکوژی دووەم بە پارە کرابێت و بە شێوەیەک کوردانی بۆ دەستنیشان کرابێت. نیشاندانی هێرشەکە وەک هێرشێکی نەژادپەرستی و دابڕاندنی لە دژایەتیکردنی کوردان و مەرامی سیاسی جێگەی قبوڵ کردن نییە. بۆیە گەلی کورد و ژنانی کوردیش ئەم کۆمەڵکوژییە پشتگوێ ناخات و بەدڵناییەوە تا ڕوونکردنەوەی هەردوو کۆمەڵکوژییەکە تێکۆشان بەردەوام دەبێت. ئەمە زۆر گرنگە، گەر وانەبێت ئەوا ئەگەری کۆمەڵکوژییەکان هەمیشە زیندوو دەبێت، بۆیە ژنانی کورد و گەلی کورد تێکۆشانێکی ئاوا بەڕێوەدەبەن و سڵاو لە تێکۆشانیان دەکەین. چیتر گەلی کورد کۆمەڵکوژکردنی قبوڵ ناکات و دا کۆتایی بە دواداچوون بۆ کریاری کۆمەڵکوژییەکە و لێپرسینەوە لێیان دەکات و گەشبینین بەمە. لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی مەرەشداین کە بە سەختی لەسەر کوردانی عەلەوی لە ڕۆژئاوای فورات ئەنجام درا، ئامانجی کۆمەڵکوژییەکە چی بوو؟ بەڵی بێگومان ڕاستە کۆمەڵکوژییەکە لە مەرەش ئەنجام درا، بەڵام ئامانج کوردانی ڕۆژئاوای فورات بوو، کە خواستەکەش داماڵینی ناوچەکە بوو لە کوردان، کە لە پلانی ڕیفۆڕمی شەرقی [ئیسڵاح شەرقی] و دەستووری ١٩٢٤ی دەوڵەتدا پلانڕێژی داماڵین و قڕکردنی کوردان بوو لە ڕۆژئاوای فورات. بەڕاستی ئیسڵاح شەرقی بە تەواوەتی پلانڕێژی قڕکاری بوو، کە لەو سەردەمەدا دەوڵەت بە ئاشکرا پەیڕەوی دەکرد. دەوڵەتێکی هەڵگری پلانڕێژی لەم شێوەیە دەکرێت لە دادگای نێونەتەوەییدا بە دەوڵەتی قڕکەر دادگای بکرێت، چونکە زۆر بەڕوونی قڕکردنی چاند و ناسنامەی کوردان لە پلانەکەدا ڕەنگی داوەتەوە و ڕوونە. بابەتەکە بابەتێکی ئاسایی نییە، لە ڕۆژئاوای فوارت دیلۆک، سەمسوور، مەرەش، مەلەتی و سێواسیش هەیە، لە گۆڕەپانێکی ئاوا بەرفراوان کورد کرا بە ئامانج، کە لە باشووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستانش بەرفراوانترە. ئەم گۆڕەپانە بە ئێستایشەوە لەژێر هێرشی قرکردندایە. خۆ قرکردن تەنها جەستەیی نییە، بەڵکو دەکرێت چاندیش بێت. یانی دەمەوێت بڵێم پێناسەی 'کۆمەڵکوژی' لە پێڕەوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا تەنها لە ناوبردنی جەستەیی نییە، بەڵکو هاوکات قرکردنی چاند، ناسنامە، زمان و گۆڕانی دیمۆگرافیش دەگرێتەوە. هەنگاو بە هەنگاو داماڵینی کورد بە هەموو شێوازەکانییەوە لە ڕۆژئاوای فورات پەیڕەو کرا و بە کۆمەڵکوژی مەرەش گەیشت بە لوتکە. چونکە بە کۆمەڵکوژی مەرەش و دواتر دیکتاتۆرییەتی کودەتای ١٢ـی ئەیلوول کوردان ناچار بە کۆچی زۆرە ملێی و گرتنەبەری هەندەران کران. شتەکە وای لێکەوتەوە لە گوندە ئاوەدانەکانی کوردستاندا تەنها چەند کوێرە ماڵێک بە چەند پیروپەککەوتەیەکەوە بمنێتەو. ئەم دیاردەیە پەیوەندی بە ئابوورییەوە نییە وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرێت، بەڵکو ئەم خاکەیان بۆ کوردان گۆڕی بۆ دەڤەرێک کە نەتوانن تێیدا بژین. لەم دوایانەیشدا بە بومەلەرزەکەی ٦ـی شووبات، سیاسەتی 'تەنیاجێهێشتنی کوردان' لە ڕۆژئاوای فورات، کە درێژکراوەی ئیسڵاح شەرقی و کۆمەڵکوژی ١٩٧٨ـی مەرەشە گەیشت بە ئاستێکی باڵاتری مەترسیدار. بەڕاستی دۆخێکی ئازار بەخشە، بۆیە دەبێت کاتێک باس لە کۆمەڵکوژییەکانی ڕۆژئاوای فورات دەکرێت، دەبێت درک بە کۆدەکانی بکرێت و هەڵویستی توڕەی و ناڕەزایەتیمان بێت. توڕەی و ناڕەزایەتی چییە؟ بێگومان گەڕانەوەیە بۆ ئەم خاکە و سەرلەنوێ بکرێتەوە بە خاکی ئاوەدانی کوردان. بۆیە نابێت مرۆڤ کۆمەڵکوژییەکان قبوڵ بکات، وەک ئەوەی هەندێک بە تەواوەتی قبوڵیان کردووە. نابێت مرۆڤ ملکەچ بێت و بڵێت ئیدی ئەو دەڤەرە بۆ کورد بوونی نەماوە. باو و باپیرانمان لە مێژەوە لەوێ بوون. بەرپرسیارێتمانە خاوەنداری لەو خاکە بکەین. بۆیە کۆمەڵکوژی مەرەش برینێکی زیندووی بە ئازارە. پێویستە خەڵکانی نیشتەجێی ڕەسەنی ئەو دەڤەرە زۆر بە باشی بیری لێبکەنەوە و پێویستە بە گەڕانەوە و ئاوەدان کردنەوەی هەیە. گەر ئەمە بکرێت ئەوا هەڵوێستەیەکەی درووست لە بەرانبەر کۆمەڵکوژییەکە دەگیرێتەبەر، کە خاوەنداریکردن و گەڕانەوەیە بۆ ئەو خاکە. لە ئێستادا هەندێک گەڕانەوە هەیە و خانوو درووستەکرێت کە بەشێکی بۆ گەشت و ئەو بابەتانەیە، یانی بە گشتی هەندێک خاوەنداریکردن هەیە، بەڵام پێویست بە خاوەنداریکردنی بەهێز هەیە. لە کۆمەڵکوژییەکەدا نزیکەی ٢٠٠ کەس لە هەموو چین و توێژەکان کۆمەڵکوژ کران، ئازارێکی سەختە. بەڕێزدارییەوە یادیان دەکەینەوە و هەمیشە زیندوو دەبن لامان و لە کوردستانی ئازاد و تورکیایەکی دیموکراتیکدا یادیان دەکەینەوە. دەربارەی پرۆسەکە سەرەڕای ئەوەی ساڵێک بەسەر پرۆسەکەدا تێپەڕیوە و وەکو تەڤگەری ئازادی هەنگاوی زۆرتان نا، لە مژاری 'مافی هیوا'دا بۆ ڕێبەر ئاپۆ هیچ هەنگاوێک نەنراوە. هێشتا گۆشەگیری بەردەوامە. لە قۆناغێکی وا مێژووییدا گۆشەگیری چ کاریگەرییەکی لەسەر پرۆسەکە دەبێت؟ پار مانگی تشرینی یەکەم دەوڵەت باخچەلی بانگەوازێکی کرد. گوتی، با بێت لە پەرلەمان قسە بکات، کۆتایی بە هەموو کار و چالاکییەکی ڕێکخستن بهێنێت و سوود لە مافی هیوا وەربگرێت. ئەم قسانە تۆمارکراوە. ڕێبەر ئاپۆش گوتی، من دەتوانم ئەم پرسە، پرسی کورد، پرسی شەڕی ٥٠ ساڵە ببەمە سەر زەمینەی یاسایی و سیاسی. ٢٧ـی شوباتیش بانگەوازێکی کرد. بانگەوازی ٢٧ـی شوبات لەلایەن دەسەڵاتی ئاکەپە، دەوڵەت باخچەلی و زۆر لایەنەوە بەئەرێنی بینرا. بەڵام ئەم بانگەوازە ڕوحێکی هەیە. گرنگترین قسەی ئەم بانگەوازە ئەوەیە کە پارێزەری هێژای ئاشتی و ئازادی سری سورەییا ئۆندەر ئاماژەی پێکرد و گوتی، بۆ جێبەجێکردنی بانگەوازی ٢٧ـی شوبات، پێویستە زەمینەی یاسایی و سیاسی بڕەخسێنرێت. ئەم پرۆسەیە بەم شێوەیەیە. کارەکتەرەکەی ئەمەیە. ئەگەر پرۆسەیەکی لەم شێوەیە هەبێت و بەم پێیە مامەڵە بکرێت، پێویستە ئەمە بکرێت. بانگەوازی ٢٧ شوبات و قسەکانی سری سورەییا ئۆندەر، ئاکەپە، دەوڵەت باخچەلی و مەهەپەش بەئەرێنی بینیان. پارتەکانی تریش، چەند پارتێکی فاشیست نەبێت، هەمووان هەڵوێستیان ئەرێنی بوو. پێویستە بەردەنگی ڕێبەر ئاپۆ قبوڵ بکرێت؛ گۆشەگیری زیانگەیاندنە بە پرۆسەکە و مافی هیوا مەرجە ئەگەر پرۆسەیەکی لەم شێوەیە زۆر گرنگ بێت، تەمەنی کۆماری تورکیا ١٠٠ ساڵە، ئەگەر مەبەست ئەوە بێت پرسێکی پەیوەندیدار بە ٥٠ ساڵ، بە نیوەی تەمەنی تورکیاوە چارەسەر بکرێت و ئامانجیش لێی هێنانەدیی خوشک-برایەتیی کورد و تورک بێت، ئەوا پێویستە بەردەنگیی ڕێبەر ئاپۆ قبووڵ بکرێت. بۆئەوەی بتوانێت لەم پرۆسەیەدا بە ڕۆڵێکی کاریگەر هەڵستێت، پێویستە هەلومەرجەکانی ژیان و کارکردنی ئازادی بۆ ئامادە بکرێت. ئەوەی پێی دەگوترێت 'مافی هیوا'، پێویستە بخرێتە بەرنامەی کارەوە. هەرخۆی ئەم مژارە یاساییە. لەلایەن دەستووری بنەڕەتیی ئەوانەوە قبووڵکراوە. دەوڵەت باخچەلیش گوتی، جێبەجێ دەکرێت. سەرەڕای ئەوە ڕاگرتنی ڕێبەر ئاپۆ لەناو هەلومەرجی گۆشەگیریدا بەمانای مامەڵەیەکی کەموکورت دێت لەگەڵ پرۆسەکە. بە مانای مامەڵەیەکی هەڵە دێت لەگەڵ پرۆسەکە. بەڵێ، ڕێبەر ئاپۆ زۆر هەوڵدەدات، هەنگاوی گەورەی نا. مامەڵەیەکی نادروست لەگەڵ ڕێبەرێکی لەو شێوەیە، بە مانای مامەڵەیەکی نادروست لەگەڵ پرۆسەکە دێت. باسی پرۆسەکە دەکرێت. دەڵێن 'تورکیای بێ تیرۆر'، بێگومان ئێمە بەو شێوەیە قبووڵمان نییە. پرۆسەی خوشک-برایەتییە نەک 'تورکیایی بێ تیرۆر' ئێمە وەکو پرۆسەیەک دەیبینین کە تێیدا خوشک-برایەتیی کورد و تورک دێتەدی، کورد و دەوڵەتی تورک ڕێکدەکەون کە سەدساڵە شەڕی یەکتر دەکەن، ئەنتێگراسیۆنێکی دیموکراتیک، واتا مسۆگەرکردنی مافەکانی کورد لە چوارچێوەیەکی یاساییدا دێتەدی. هەربۆیە ئەم مامەڵەیە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ پێویستە گۆڕانکاری بەسەردا بێت. پێویستە هەمووان هەڵوێستی خۆیان بگۆڕن. دەوڵەت باخچەلی گوتی، ڕێبەری دامەزرێنەر. دەسەڵاتی ئاکەپەش و دەوڵەت باخچەلیش هەنگاوەکانی ڕێبەرێتی بەئەرێنی دەبینن. مادام وایە، ئایا مامەڵەیەکی لەم شێوەیە دەگونجێت؟ هەربۆیە بەردەوامیی گۆشەگیری، ڕاگرتنی بەردەنگێک کە پرسی ٥٠ ساڵە چارەسەردەکات لەناو ئەم دۆخەدا، نیشانەی مامەڵەیەکی نادروستە لەگەڵ پرۆسەکە. سەرەتا دەوڵەت باخچەلی بانگەوازی کرد، باسی مافی هیوای کرد. مادام وایە پێویستە پێویستییەکانی جێبەجێ بکرێن. گوتی، با بێت و کۆتایی بە هەموو کار و چالاکییەکانی ڕێکخستنەکەی بهێنێت، با بێت لە پەرلەمان قسە بکات. ڕێبەر ئاپۆ لە قسەکانی دەوڵەت باخچەلی زیاتر هەنگاوی نا، وایکرد هەنگاو بنرێت. باشە، مادام وایە بۆچی پێویستییەکانی جێبەجێ ناکرێن. ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە ئاکەپە و مەهەپە، ئەوانەی کە بەردەنگی پرۆسەکەن، ئیرادەیەکی ڕوونیان نییە بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە. نیشاندەری ئەوەیە کە دوودڵن. کوردان نیگەرانن لە نەڕەخساندنی مافی هیوا لە مژاری مافی هیوادا هیچ هەنگاوێک نەنرا، لە مژاری گۆشەگیریدا پێشکەوتنێک ڕووینەدا. بێگومان هەندێک دیدار دەکرێن، شاندەکان دەچن و دێن. بەڵام ئەمە بەس نییە. لەم مژارەدا بێگومان کۆمەڵگەی کورد نیگەرانە. کۆمەڵگەی کورد دەڵێت، ئەگەر پرۆسەیەکی لەم شێوەیە هەبێت، پێویستە ڕێبەر ئاپۆ لەناو هەلومەرجی ئازاددا ئەم پرۆسەیە بەڕێوەبەرێت. باسی مافی هیوا دەکات. هەربۆیە لە ٤ـی کانوونی دووەمدا گەلی کورد بە داخوازیی مافی هیوا و ڕەخساندنی هەلومەرجی ئازادی کارکردن و ژیان بۆ ڕێبەر ئاپۆ هەڵوێستێک، ئیرادەیەک نیشاندەدات. گردبوونەوەیەک ڕێکدەخات. ئەمەش گرنگە. لەبەرئەوە گرنگە؛ پێویستە ئیرادەی گەلی کوردیش لەبەرچاو بگیرێت. ئێمە باسی خوشک و برایەتیی کورد و تورک دەکەین، هەربۆیە گەلی کورد ئیرادەی هەیە. کێ نوێنەرایەتیی ئیرادەی گەلی کورد دەکات؟ ئێمە لەو باوەڕەداین کە گردبوونەوەیەکی لەم شێوەیە ئیرادەی گەلی کورد نیشاندەدات. لەسەر ئەو بنەمایە باوەڕمان وایە کە بە گردبوونەوەیەکی بەهێز بۆ ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ و جێبەجێکردنی مافی هیوا هەڵوێست، ئیرادە نیشاندەدات. دوای ئەوەی کۆمیسیۆنی پەرلەمان چووە ئیمراڵی و لەگەڵ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالاندا دیداری کرد، پارتەکان ڕاپۆرتی خۆیان ئامادەکرد و پێشکەشی پەرلەمانیان کرد. ئێوە ڕاپۆرتی پارتەکانتان لە ڕووی ناوەڕۆکەوە چۆن بینی؟ ئێمە بەفراوانی بە دواداچوونمان کرد. بەش بە بەش لە ڕاگەیاندن بڵاودەکرێنەوە. هی جەهەپە، هی ئاکەپە بڵاودەکرێتەوە. هی دەم پارتی کەمێک بە فراوانتر بڵاوکرایەوە. بێگومان دەم پارتی ڕاستییەکان دەخاتە بەر چاو. ڕاپۆرتی بنەڕەتی پێویستە ڕاپۆرتێکی لەم شێوەیە بێت. ئەو هەموو دیدارە کران، ئەو هەموو گفتوگۆیە کران، بۆچوونی سەرۆکانی پەرلەمان وەرگیرا. دوای وەرگرتنی ئەو هەموو بۆچوونانە، مژارەکە خۆی پرسی کوردە، هەمووان دەزانن، پرسی دیموکراسییە. هەرخۆی کۆمیسیۆنی دیموکراسی، خوشک-برایەتی و پشتیوانیی نەتەوەییە. مادام وایە پێویستە بە پێی ناوەکەی مامەڵە بکات. لە ئێستادا شتێکی وا بوونی نییە. بەتایبەتی گەلی کورد، هێزە دیموکراسییەکان ڕەخنەیان هەیە. ئەو هەموو دیدارەیان کرد، دیداریان لەگەڵ هەموو کەسێک کرد، بۆچوونیان وەرگرتن. سەرۆکانی پەرلەمانی ٥٠ ساڵی ڕابردوو هەموویان بۆچوونی ئەرێنییان دەربڕی. پەرلەمانی تورکیا چەندە نوێنەرایەتیی گەلی تورکیا دەکات یان ناکات، ئەوە مژارێکی جیاوازی گفتوگۆیە. بەڵام بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە پەرلەمان نوێنەرایەتیی خەڵک دەکات. سەرۆکانی پەرلەمانیش بە شێوەیەکی ئاشکرا گوتیان، ناوی پرسەکە، پرسی کوردە. هەربۆیە ڕاپۆرتەکان زۆر گشتگیرن. ئایا بەم شێوەیە دەبێت؟ کۆمیسیۆنێکی وەها، کۆمیسیۆنی هەموو پارتەکان بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ پرسەکە دەکات؟ قورسایی خۆیان لەدەستدەدەن. ئەم مامەڵەیە، نەک تەنها لە مژاری پرسی کورد و دیموکراسیدا، نیشاندەری ئەوەیە کە لە مژاری جیاوازیشدا ناتوانن چارەسەر بۆ کێشەی خەڵک بدۆزنەوە. واتا نیگەرانییەکی وەها لای خەڵک دروستدەبێت. مامەڵەی جەهەپە بە ڕاستی زۆر دواکەوتووانەیە جەهەپە؛ خۆی نەچووە ئیمراڵی، باسی دیموکراسی دەکرد. مەگەر دیموکراسی بەبێ کورد دەبێت؟ باس لەوە دەکرێت کە دواتر لە ڕاپۆرتی جەهەپەدا مامەڵەیەکی لەو شێوەیە کراوە. لە لایەکی ترەوە، ئۆزگور ئۆزەل ئەو هەمووە دەیگوت پرسی کورد هەیە، لە کوردستان گەڕا. گوتی، ئەگەر کورد دەڵێت ئەم کێشەیە هەیە، ئەوا پێویستە چارەسەر بکرێت. زۆر شتی گوت. بۆچی ئەمانە نیشان نادرێن؟ ئەمە مامەڵەی پارتە سیاسییەکانە بە گوێرەی ڕووداوەکانی ڕۆژانە. یاخود بەرنامە، ڕێسانامەی پارتەکەی بە گوێرەی هەندێک پارتی تر ڕێکدەخات. پارتێک، تەڤگەرێک بێ ئەوەی چاو لە مامەڵەی پارتێکی تر بکات، پێویستە هەڵوێستی خۆی نیشان بدات. هەربۆیە مامەڵەی جەهەپە بە ڕاستی زۆر دواکەوتووانەیە. ڕەخنەی لە ئاکەپە و مەهەپە دەگرت، دەرکەوت ئەو ڕەخنانە هیچ مانایەکیان نییە. ئەو هەموو ڕەخنەیە بگریت، باسی دیموکراسی بکەیت، دواتریش لەسەر سەرەکیترین پرسی تورکیا ڕاپۆرتێک ئامادە بکرێت، باسی نەکەیت. ئەمە خەمساردییە. ڕاپۆرتێکی هاوبەش چۆن دەبێت، ئێمە نازانین. ئێمە لە ئێستاوە هیچ شتێکی نەرێنی ناڵێین، بەڵام ناتوانین بڵێین کە یەک بە یەکی ڕاپۆرتەکان ئەرێنین. ڕێبەر ئاپۆ ئاماژەی بەوە کرد کە پرۆسەکە چووەتە قۆناغی دووەمەوە. لەم قۆناغەدا ئێوە چاوەڕێی چ ڕۆڵێکن لە پەرلەمان؟ کۆمیسیۆنی پەرلەمان گرنگە. کۆمیسیۆنی پەرلەمان دامەزرا، ئێمە بە گرنگمان بینی. مێژووی تورکیا بەم شێوەیەیە؛ بەڵێ، پەرلەمان هەیە بەڵام لە مێژووی تورکیادا پەرلەمان بە کێشە سەرەکییەکانەوە سەرقاڵ نەبووە. پارتەکانیش پێیەوە سەرقاڵ نەبوون. ئەگەر پەیوەندی بە ئابوورییەوە هەبووبێت، کەمێک پەیوەندی بە تەندروستییەوە، بە فڵان شتەوە هەبووبێت، پێوەی سەرقاڵ بووە. کاتێک باسەکە هاتووەتە سەر پرسە ستراتیژییەکان، پرسە سەرەکییەکانی تورکیا، پرسی کورد، پرسی عەلەوییەکان، پرسە سەرەکییەکانی تر، پەرلەمان خۆی بێدەنگ کردووە. مێژووی تورکیا نیشانیدا کە پەرلەمانی تورکیا لە پرسە سەرەکییەکاندا خاوەن ئیرادە نییە. لەبری ئەوە باسی دەوڵەتی قووڵ دەکرێت، باس لە دەوڵەتی دەرەوەی نۆرم دەکرێت؛ ئەم لایەنانە لەم مژارانەدا بوونە خاوەن قسە. هەرچەندە دەبووایە سیاسەت ببووایە بە خاوەن قسە. دەبووایە سیاسەت چارەسەری بۆ هەموو کێشەکانی تورکیا پەیدا بکردایە. تا ئێستا پەرلەمان ئەم مامەڵەیەی نیشان نەداوە. پەرلەمان تەنها وەکو ڕووکارێک مایەوە. سەرقاڵی ئەو مژارانە دەبێت کە بۆ ئەوانی تر سەرەکین، با بڵێین ئابووری، پەروەردە کە سنوورەکەشی دیارە. کۆمیسیۆن دامەزرا، گفتوگۆی فراوان دروستبوون، ئاخۆ پەرلەمان ئیرادەی چارەسەرکردنی کێشەکانی تورکیا دەستنیشان دەکات. سیاسەت ئەمە دەستنیشان دەکات؟ یاخود کێشە سەرەکییەکانی تورکیا جارێکی تر بۆ هێزەکانی دەرەوەی سیاسەت، بۆ دەوڵەتی دەرەوەی نۆرم، بۆ دەوڵەتی قووڵ جێدەهێڵدرێت؟ ئیرادەی ئەم لایەنانە جارێکی تر سەروەر دەبێت؟ تورکیا جارێکی تر بەم شێوەیە بەڕێوەدەبرێت؟ ژینگەیەک کە تێیدا پارتەکان بێکاریگەرن، بەم شێوەیە دەبێت؟ کاتێک سەرۆکوەزیر، سەرۆککۆمار دەچنە ناو پرسە سەرەکییەکانەوە، بۆ نموونە ئۆزالیان خستە چ حاڵێکەوە، یاخود ئەربەکان، ئەوانی تر. ڕێبەر ئاپۆ بە دیدگای قوڵی سۆسۆلۆژیی و مێژوویی پرۆسەکەی دەستپێکردووە بۆیە کاتێک دێتە سەر پرسە سەرەکییەکانی تورکیا وەکو پرسی کورد، پرسی عەلەوییەکان سەرۆکوەزیر و سەرۆککۆماریش کاریگەرییان نییە. ناتوانن کاریگەرییەکی وا دروست بکەن. ئێستا ڕێبەرێتی گوتی قۆناغی دووەم. کۆمیسیۆن دیداری لەگەڵ کرد. ڕێبەر ئاپۆ پرسە سەرەکییەکانی تورکیای خستە ڕوو. ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە گەلی کورد و تورک ببنە خوشک-برا. ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا بە پشتبەستن بەم مێژووە دەتوانێت بوونی خۆی بپارێزێت. هاوکات چاوەڕێی هەڵوێستی سیاسییەکانی کرد. تورکیا دیالەکتیکێکی هەیە، مێژووی تورکیاش دیالەکتیکێکە. سۆسیۆلۆژیایەکی مێژوویی هەیە. ڕاستییەکی دەوڵەتی تورک، ڕاستیی تورکیا هەیە کە لە مێژوو دانابڕێت. هەر لەبەر ئەوەیە کە ڕێبەرێتی بەردەوام پەیوەندییەکانی تورک و کورد دەخاتە ڕوو. ئاماژە بەوە دەکات کە بوونی تورکیا، داهاتووەکەی تەنها بە خوشک-برایەتیی تورک و کورد دەبێت. وا باشە سیاسەتمەداران و پارتەکان خاوەندارێتی لەم ڕاستییە مێژووییە بکەن، یاخود نکۆڵیکردن لە کورد بەردەوام دەبێت؟ گوایە کورد هەیە، بەڵام لە یاسادا ڕەچاو ناکرێت. هەربۆیە سیاسەت، پارتەکانی تورکیا لە ئەزموونێکی مێژووییدان. ئایا دەڵێن، 'ئێمە پارتی سیاسین، ئێمە چارەسەر بۆ کێشەکانی تورکیا دەدۆزینەوە، چارەسەرییەک دەخوڵقێنین' یاخود وەکو سەدساڵی ڕابردوو لەم مژارانەدا بێئەوەی هیچ بڵێن، تەنها بە کێشە لاوەکییەکانی ترەوە سەرقاڵ دەبن و خۆیان وەکو سیاسەتمەدار و پارتی نیشاندەدەن. سیاسەتمەداری بەم شێوەیە نابێت. پارتبوونیش بەم شێوەیە نابێت. نەکەوتنەناو کێشە سەرەکییەکانی تورکیاوە، جگە لە چەواشەکردنی کۆمەڵگەی تورکیا لە ڕێی ئەم سیاسەتمەدار و پارتانەوە، هیچ مانایەکی تری نییە. ئێمە لە پرۆسەیەکداین کە کەوتووەتە دووەم ساڵییەوە. بە دەستپێشخەریی ڕێبەری گەلان عەبدوڵا ئۆجالان وەکو تەڤگەر ئێوە هەنگاوی مێژووییشتان نا. بەڵام دەسەڵاتی ئاکەپە سەرەڕای هەنگاونەنان پەیوەست بە پرۆسەکەوە، سیاسەتەکانی خۆی لە زیندانەکانیش بە هەمان شێوە درێژەپێدەدات. نموونەی ئاشکراش ئەوانەن کە زیاتر لە ٣٠ ساڵە لە زیندانن، ئازاد ناکرێن. پێویستە ئەو مامەڵەیەی زیندانەکان چۆن لێکبدرێتەوە؟ ڕێکارەکانی گەریلا لە پێناو بەرەوپێشچوونی پرۆسەکەدایە ئەو پرۆسەیە کە تێیدا باسی دیموکراسی، پشتیوانیی نەتەوەیی و خوشک و برایەتی دەکرێت، چۆن دەبێت؟ هەنگاو نران. چەکەکان سووتێنران، هێزەکانی ناو سنووری تورکیا کشانەوە، لەو شوێنانەی کە مەترسیی شەڕی لێیە، گەریلا کشاوەتەوە بۆئەوەی ڕێ لە شەڕ بگرن، بۆئەوەی پرۆسەکە بەڕێوەبچێت. هەندێک گۆڕەپانیان چۆڵکرد. لەناو تورکیاش لە ئاستێکی گرنگدا کشانەوە ڕوویدا. باشە وەڵامێکی چۆنی ئەمە دەدرێتەوە؟ دەڵێن 'بێچەکبوون'، 'کۆتاییهێنان بە تیرۆر'. دەبووایە سیاسەتی دیموکراتیک پەیڕەو بکرایە. محەممەد ئاگار خۆی گوتبووی، با لە دەشت سیاسەت بکەن. هێشتا لە تورکیا هەزاران زیندانی هەن. هێشتا یاسای تیرۆر هەیە. باسی کورد و کوردستان بکە، دەتخەنە زیندان. واتا دەرفەتی سیاسەتی دیموکراتیک بوونی نییە. باشە ئەوە چۆن دەبێت؟ دەڵێن با بێن. چۆن بێن؟ ئایا گۆڕەپانی سیاسەتی دیموکراتیک دەبێت؟ ئازادانە دەشێت سیاسەتی دیموکراتیک بکرێت؟ یاخود کاتێک کەسێک باسی کوردایەتی، دیموکراسی بکات و هەندێک ڕەخنە بگرێت، زیندانی دەکرێت؟ شتیوا دەبێت؟ ٣٠ ساڵە لە زیندانە، پەڕاوەکەی دەسووتێنن و ئازادی ناکەن. ٣٠ ساڵە لە زیندانە، هێشتا زیاتر لە زیندان دەهێڵدرێتەوە. هەندێک لە ناچاری ئازاد دەکرێن. بابەتی زیندانیانی سیاسیی مشتومڕ هەڵناگرێت؛ ئازادکردن هاندانی پرۆسەکەیە واتا ناچار دەبن ئازادی بکەن. سێ دەیە تێپەڕیوە. با بڵێین ساڵێک درێژدەکاتەوە، دوو ساڵ درێژدەکاتەوە، ئازادی دەکات. ماوەی ڕابردوو بەشێک لەو زیندانیانەی ٣٠ ساڵ بوو لە زیندان بوون، ئازادکران. هەندێک لە میدیاکان دەڵێن، 'چۆن ئازاد دەکرێن؟' ئەوەی ٣٠ ساڵ زیندانی بووە، ٣٠ ساڵ. پێشتر ١٠ ساڵ جارێک، ١٥ ساڵ جارێک لێخۆشبوون ڕادەگەیەندرا، زیندانییە سیاسییەکان ئازاددەکران. ئێستا هەندێک هەڵدەستن گوایە خۆیان وەکو لایەنگری دیموکراسی نیشاندەدەن، دێن دژایەتیی ئازادکردنی زیندانییەک دەکەن، کە ٣٠ ساڵە لە زیندانە. ئەوانە فاشیستی ڕەش و تاریکن. دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە بەشێکیانی ئازادکرد، بەڵام هێشتا زۆر زیندانیی ٣٠ ساڵە ئازاد ناکرێن. ئەمە هیچ شرۆڤەیەک هەڵناگرێت. بەم شێوەیە پرۆسەکە چۆن پێشدەکەوێت؟ بەڵێ، ڕێبەر ئاپۆش بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە هەوڵدەدات، ئێمەش هەوڵدەدەین. هیچ نەبێت ئێمە بەم شێوەیە مامەڵە دەکەین؛ ئەگەر نییەتێک هەبێت دەڵێین فەرموو، کاری ئەوان ئاسان دەکەین. بەڵام ئازادنەکردنی زیندانییانی ٣٠ ساڵە، بابەتێک نییە کە جێی مشتومڕ بێت و قسەی لەسەر بکرێت. هەم باسی پرۆسەیەکی لەم شێوەیە دەکرێت، هەم دەڵێن با چەکەکانیان دانێن و بێن؛ بەڵام ئەوانەی ٣٠ ساڵە لە زیندانن، ئازاد ناکرێن. وەکو ئەحمەد کایا دەیگوت، ئەمە چ ناکۆکییەکی گەورەیە. دەتوانم ئەمە بڵێم. دۆخی سیاسیی سووریا و دەستەوەردانی تورکیا بەشێک لە دەسەڵاتدارانی تورک هەڕەشەی توند لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەن. هاکان فیدان، یاشار گولەر و ئیبراهیم کاڵن ڕۆشتنە سووریا. ئەو ڕۆژە هێرش کرایە سەر گەڕەکی شێخ مەقسوود لە شاری حەلەب. زۆرێک لە بازنەکان هەوڵی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ـی ئادار دەدەن، بەڵام دەوڵەتی تورک پیداگری لە هەڕەشەکردن دەکات. ئەمە مانای چییە؟ ڕێککەوتنی ١٠ـی ئادار ڕێککەوتنێکە لە نێوان شەرع و مەزلووم عەبدی واژۆکرا. ئەوەندەی ئێمە بزانین ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نێوەنگیرە، بەڵام لەم ڕێککەوتننامەی ١٠ـی ئادار شڕۆڤەی جیاواز هەیە. دیمەشق بەپێی خۆی شڕۆڤە دەکات. هەروەها دەوڵەتی تورک کاریگەری نەرێنی لەسەر شڕۆڤەی ڕێککەوتننامەی ١٠ـی ئادار هەیە. ئەو شڕۆڤانە بەربەستێکە لە بەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ـی ئادار. بە واتایەکی تر ڕۆژئاوا، بەڕێوەبەرانی ئەوێش خاوەندارێتی لێ دەکەن، بەڵام دەڵێن، دەبێت کرۆک، ناوەڕۆکەکەی و پێداویستییەکانی جێبەجێ بکرێت. لە مامەڵەکانی ئەم دواییەی تورکیا تێناگەین. ئایا کورد بەشێک نییە لە تورکیا؟ ئایا زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی کورد لە تورکیا نییە؟ کەسوکاریان لە سووریان، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریان. لە شوێنێکی تر کە باسەکە دەبێتە تورکمانەکان خاوەندارێتی لێ دەکەن، وەک بەشێک لە تورکیا دەبینرێن، ماف و یاساکانیان پارێزراون، کولتوور، زمان و ناسنامەیان دەپارێزرێن. بۆچی کاتێک باس لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکرێت، وەک ئەوە وایە کوردەکانی ئەوێ، خەڵکی ئەوێ، بێگانە بن بۆ تورکیا. ئەم جۆرە نزیکایەتییە بەڕاستی نابێت. دەبێت تورکیا خاوەندارێتی و داننان بە کورد بکات. ئەگەر کورد بڕیارە لەوێ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی خۆی هەبێت، دەیانەوێت بە ناسنامە و کەلتووری خۆیان بژین، بۆچی تورکیا خاوەندارێتی لێ ناکات؟ ئایا کورد لە دوای تورک زۆرترین ڕێژەی دانیشتووانی تورکیا پێک ناهێنێت؟ ئایا ئەوان بەشێک نین لە تورکیا؟ ئێستا کەسوکاری کورد لێرەن. ئایا بەم شێوەیە نزیکایەتی خۆیان نیشان دەدەن؟ ئایا دەوڵەتێک بەم شێوەیە لە کەسوکاری هاووڵاتیانی خۆی نزیک دەبێتەوە؟ هیچ ڕوونکردنەوەیەک بۆ ئەمە نییە. کەس وەڵامی ئەمە ناداتەوە. بۆچی ئەمە دەکەن؟ نەک هەر کورد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، نەک هەر ئەو کوردانەی دەنگ بە دەم پارتی دەدەن، بەڵکوو ئەو کوردانەشی دەنگیان بە ئاکەپە داوە، لەمە تێناگەن، هەموو کورد لەم نزیکایەتییە تێناگەن. بۆچی تورکیا ئەم کارە دەکات؟ هەربۆیە ئەم نزیکایەتییەی دەوڵەتی تورک ڕاست نییە. دەبێت تورکیا کۆتایی بە مامەڵە ئاژاوەگێڕییەکانی لە سووریادا بهێنێت ئایا تورکیا ناڵێت بۆچی ئەم شەڕە لە غەززە ڕوودەدات؟ بۆچی ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر لوبنان، بۆچی ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر فڵانە ناوچە؟ لە بەرانبەر هێرش دەوەستێتەوە، دەڵێت با ئاشتی هەبێت، بەڵام ئێستا هەڵدەستێت و دەڵێت، ئەگەر بەم شێوەیە ببێت، دەستوەردان لەو شوێنە دەکەین. ئەمە چ ئەقڵێکە؟ ئایا تورکیا لە کۆتاییدا ئەو گۆڕەپانە دەکاتە ناوچەی جەنگ؟ ئاشتیانە بوو؟ لە غەززە ئاشتی دەوێت، لە لوبنان ئاشتی دەوێت، لە سووریا ئاشتی دەوێت، بەڵام لە بەرانبەر کورد شەڕی دەوێت. لەوێ کورد و حکومەتی دیمەشق دەتوانن پرسەکانیان چارەسەر بکەن. دەتوانن گفتوگۆی چارەسەری بکەن. پرسی ناوخۆیی سووریایە. کورد ناڵێت با دابەشی بکەین، سووریا دابەش بکەین. نزیکایەتییەکی وەها نییە. بێگومان زۆر هێز تێوەگلاون. بەڵێ هێزی جیاواز هەیە. تەنها تورکیا نییە، هێزە جیاوازەکانیش لە سووریا پشێویی درووست دەکەن. ڕاستترین شت بەدیهێنانی سەقامگیرییە بۆ سووریا. سەقامگیرییش بەم شێوەیە بەدی نایەت. چۆن دەتوانرێت ئاشتی بە شەڕکردن و وەستانەوە لە بەرانبەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەدی بهێنرێت؟ هەربۆیە دەبێت دەوڵەتی تورکیا سیاسەتی خۆی بگۆڕێت. هەوڵ دەدات لە ڕێگەی فشار و هەڕەشەوە هەنگاو بنێت. ئەمە ڕێبازێکی درووست نییە. بەکارهێنانی ئەم ڕێبازە هەمووکات لە دژی کورد ڕاست نییە. بەتایبەت لە تورکیا ئێستا شەڕ نییە، پڕۆسەیەک هەیە. هێشتا ئەمە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بۆ کوێ دەڕوات. لە قۆناغێکی وادا دەبێت لە سووریا، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاش نزیکایەتییەکانی بگۆڕێت. تورکیا دەبێت ستراتیژیتر بیربکاتەوە. تورکیا بیری ستراتیژی ناکاتەوە. بەهۆی ئەم نیگەرانییانە ناتوانێت ستراتیژی بیر بکاتەوە. ئەم نزیکایەتییە کورتخایەنانە تا چەند سوودی بۆ تورکیا دەبێت، جێگەی گومانە. لە ئەستەنبوڵ کۆنفڕانسی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی نێونەتەوەیی بەڕێوەچوو. لەسەر ئەم کۆنفڕانسە چی دەڵێن؟ لە ئەستەنبوڵ کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەڕێوەچوو. ئەم کۆنفڕانسەمان بە گرنگ بینی. زۆرێک لە لایەنەکان بەشداربوون، لە نێویاندا هێزەکانی دیموکراسی تورکیاش بەشداربوون. بە واتایەکی تر هەوڵدرا پەیوەندییەک لە نێوان دیموکراسی و ئاشتیدا درووست بکرێت. بیرۆکەی ئەوەی کە پرسەکان بە دیموکراتیزەبوون چارەسەر دەکرێن، تا ڕادەیەکی بەرچاو لە تورکیادا ئامادەیە. ئەمڕۆ لە تورکیادا بەڕاستی خواست و پۆتانسێلی چارەسەرکردنی پرسەکان لەسەر بنەمای دیموکراسی هەیە، بەڵام سەرکوت دەکرێت، بێدەنگ دەکرێت. یان بە وشەی وەک "مانەوە"، "وڵات-میللەت-ساکاریا"... نیشان دەدرێت کە دیموکراتیزەبوون تورکیا دابەش دەکات. ترسەکانی وەک "ئەگەر تورکیا دیموکراتیزە ببێت، ئەگەر کورد بە مافەکانی خۆی بگات، تورکیا ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە" ڕێگە نادات ئەم ئەزموونە ئەرێنییەی تورکیا سەرهەڵبدات. ئەمە بەڕاستی هێزێکی تورکیایە، پەرەسەندنێکی ئەرێنییە. تورکیا هێزێکی وای هەیە، بەڵام ئەم هێزە بەکارناهێنێت. دەڵێن "هێزی نەرم" و هتد... لە ڕاستیدا زۆر شت هەیە سەبارەت بە تورکیا لەم لایەنەوە، بەڵام کاتێک ئەمە هەڵبژاردن نییە؛ کاتێک هەڵبژاردنەکە سەرکوتکردن و بێدەنگکردنە، بێگومان ئەم ئەزموونە دیموکراتیکە، ئەو ئارەزووەی کە لەو کۆنفڕانسەدا بینرا و پێشهاتی ئاشکرا، دەرفەتی ئەوە نابینێت کە کاریگەرییەکی گەورەی لە تورکیادا هەبێت، بەڵام زەمینەیەکی لەو شێوەیە لە تورکیادا هەیە. لە تورکیا تێکۆشانێک هەیە بۆ دیموکراسی کە لەسەر بنەمای دەیان ساڵ، تەنانەت سەدەیەک و ئەزموونێک هەیە کە خۆی درووستی کردووە. بە واتایەکی تر ئەم ئەزموونە بە دڵنیاییەوە ڕێگایەک بۆ خۆی لە تورکیادا دەدۆزێتەوە. بەم بۆنەیەوە پیرۆزبای لەو کەسانە دەکەم کە ئەم کارەیان ئەنجامدا.
هەنگاوەکانیان سەرەتای ئامادەکاری جەنگێکی درێژخایەنە ئامادەکردنی هاوڵاتی تەنها لەم هەفتەیەدا ئیسرائیل و تورکیا جموجوڵی سەربازیی جیاوازیان دەستپێکردووە و خۆیان بۆ رووبەرووبونەوەی سەربازیی ئامادە دەکەن، تەنانەت وای لێهاتووە، هەردوولا یەکتری بە مەترسیدارترین هەڕەشە دەبینن بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیان. لەم هەفتەیە چی روویدا؟ رۆژی دووشەممەی رابردوو ئیسرائیل لەگەڵ یۆنان و قوبرس رێککەوتنێکی هەماهەنگی سەربازیی واژۆکرد بۆ راهێنانی یەکەی سەربازیی ئۆپەراسیۆنی تایبەت و ئاڵۆگۆڕی زانیاریی لەسەر هەڕەشە نوێیەکان لە دەریای سپی ناوەڕاست، بەتایبەتی چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی دۆرنی پێشکەوتوو. هەر لەکاتی ئەم رێککەوتنەدا نەتانیاهۆ پەیامێکی بۆ ئەردۆغان نارد و لەتەنیشت هەردوو بەرپرسی یەکەمی یۆنان و قوبرس گوتی: بۆ ئەوانەی خەون بە بنیادنانەوەی ئیمپراتۆرییەت دەبینن و بیانەوێت خواستەکانیان بەسەرماندا زاڵ بکەن، پێیان دەڵێم: ئەوە روونادات و هەر بیریشی لێمەکەنەوە. ئەم هەماهەنگییە سێ قۆڵییەی یۆنان و قوبرس و ئیسرائیل، لە تورکیا هەرای ناوەتەوە و رۆژنامەی یەنی شەفەق کە زمانحاڵی حکومەتی تورکیایە، دەڵێت، ئیتر دەبێت لەدوای ئەم هەماهەنگییە، تورکیا، ئیسرائیل بخاتە لیستی مەترسیدارترین وڵاتەوە کە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی. یەنی شەفەق دەڵێت، ئێستا سەرجەم دامودەزگا ئەمنییەکانی تورکیا، ئیسرائیل وەک سەرەکیترین هەڕەشە پێناسە دەکەن بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی وڵات، لەوانە وەزارەتی بەرگریی تورکیا، وەزارەتی دەرەوە و دەزگای هەواڵگریی کە بە میت ناسراوە. ئالۆن لایڵ، بەرپرسێکی پێشووی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل بە رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆتی ئیسیرائیلی گوتووە، ئەنقەرە لەدوای رێککەوتنەکەی ئیسرائیل لەگەڵ یۆنان و قوبرس کەوتووەتە حاڵەتێکی شڵەژانەوە و خۆی بۆ جەنگ دژی ئیسرائیل ئامادە دەکات، هەموو سیناریۆکانی رووبەڕووبوونەوەکەشی لەبەرچاوگرتووە و بەهەند وەریان دەگرێت. لایڵ باسی لەوەشکرد، ئەنقەرە هێزی ئاسمانی بەهێز کردووە و پێگە بەرگرییەکانی تۆکمەتر کردووە، بودجەیەکی زەبەلاحیشی تەرخانکردووە بۆ بەرەوپێشبردنی سوپاکەی، ئەمە جگە لەوەی بەرەوپێشچوونی بەرچاوی لە بەرهەمهێنانی درۆنی پێشکەوتوو بەخۆیەوە بینیوە. رۆژی یەکشەممەی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بە ئاماژەیەکی ناراستەوخۆ پێش رێککەوتنە سێ قۆڵییەکەی ئیسرائیل و قوبرس و یۆنان گوتی: هیچ ململانێیەکمان لەگەڵ وڵاتان ناوێت، تەنها ئاشتیمان دەوێت، بەڵام دەستدرێژیش لە کەس قبوڵ ناکەین. تەنها رۆژێک دوای رێککەوتنەکەی ئیسرائیل، خێرا محەممەد عەلی حەداد، سوپاسالاری لیبیا گەیشتە ئەنقەرە و لەگەڵ یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا کۆبوویەوە. کۆبوونەوەکە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە سەربازییەکانی هەردوو وڵات بوو، بەڵام حەداد نەگەڕایەوە بۆ لیبیا و لە ئەنقەرە فرۆکە تایبەتەکەی تێکشکا و لەگەڵ حەوت سەرنشینی دیکە گیانی لەدەستدا. هەر لە هەمان رۆژی رێککەوتنەکەی ئیسرائیل، پەرلەمانی تورکیا ماوەی مانەوەی سەربازانی تورکیای لە لیبیا درێژکردەوە کە لە ساڵی 2019ـەوە لە وڵاتەکە جێگیرکراون. ئیسرائیلیش بەهەمان شێوە، تورکیا بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر وڵاتەکەی دەبینێت. لە نوێترین راپرسی پەیمانگەی سیاسەتی گشتی گەلی جوو، تورکیا هاتووەتە ریزبەندی دووەم لەو وڵاتانەی خەڵکی ئیسرائیل پێیانوایە گەورەترین هەڕەشەن بۆ سەر وڵاتەکەیان. رێکخەرانی راپرسییەکە دەڵێن، پۆلێن بەندییەکە لەسەر سێ ئاستە: بەرهەمهێنانی درۆن، سیستمی مووشەکی و توانای هێزی دەریایی کە تورکیا لەم سێ ئاستەدا پێشکەوتنێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و لە وڵاتێکی هەرێمییەوە گەیشتووەتە ئاستی "رکابەرێکی سەربازیی بەهێز"ـی ئیسرائیل. رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت دەڵێت، بە ئەگەری زۆرەوە مەیدانی رووبەڕووبوونەوەی ئەو دوو وڵاتە سەرەتا لەسەر خاکی سوریا دەبێت، چونکە هەردوو وڵات لە سوریا ناکۆکییەکی گەورەیان هەیە. میدیای تورکیاش لە خۆشکردنی ئاگرەکە سڵی نەکردووەتەوە و دەیەوێت هەسەدە پەلکیشی ململانێکە بکات، چونکە دەڵێن گرژییەکانی ئەم هەفتەیەی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب رێککەوت نەبووە، بەڵکو ئاماژەی نەتانیاهۆ بووە و ئیسرائیل دەستی هەبووە لە جوڵاندنی هێزەکانی هەسەدە بۆ شەڕ و ململانێ، لەکاتێکدا هەسەدە و چەند رێکخراوێکی سەربەخۆ ئاشکرایان کرد، گروپەکانی سەر بە دیمەشق دەستپێشخەری شەڕەکە بوون. تەنانەت قسەی میدیاکانی تورکیا لە گوتەکانی هاکان فیدان رەنگیدایەوە کاتێک رۆژی سێشەممەی رابردوو سەردانی دیمەشقی کرد و گوتی: هیچ پەرۆشییەک لە هەسەدەدا نابینین بۆ تێکەڵبوونی بە سوپای سوریا و کاری هاوبەشیان لەگەڵ ئیسرائیل بووەتە بەربەست لەبەردەم پڕۆسەکەدا.
کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ هەینی 26-12-2025 کەش/ ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت , ئەگەری بارینی کەمێک نمە باران هەیە لەناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم (پارێزگای هەلەبجە و هەندێک ناوچەی پارێزگای سلێمانی ) لەگەڵ ئەگەری بارینی بەفرێکی کەم لەناوچە شاخاویە سنووریەکاندا , پاشان لە کاتەکانی شەودا کاریگەری دابارین درێژ دەبێتوە بۆ سەر ناوچەکانی سنووری پارێزگای دهۆک . خێراى با / لەسەرخۆ ( 05 – 15 ) کم/ک. ئاراستەی با / باکووری خۆرهەڵات دەبێت پلەکانی گەرما / کەمێک نزمتر دەبێت بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە. مەوداى بینین / 7 – 9 کم دەبێت سبەى شەممە 27-12-2025 کەش/ بە گشتی ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت . نمە باران و بارانی مامناوەند لە زۆربەی ناوچەکان دەبارێت. هەروەها لە ناوچە سنوریەکان و ناوچە شاخاوییەکان بە تایبەت ناوچە شاخاوییە بەرزەکان بەفر بارین دەبێت . پێشبینی دەکرێت لە ناوچە نیمچە بەرزەکان تێکەڵی باران و وردە بەفر ( کڕێوە ) ببارێت . کاریگەری ئەم شەپۆڵە بۆ ڕۆژانی دواتر بەردەوامی دەبێت. خێرا خێراى با / لەسەرخۆ- مامناوەند ( 15 – 25 ) کم/ک. ئاراستەی با / باکووری خۆرهەڵات دەبێت پلەکانی گەرما / بە نزیکی 2 تـــــا 4 پلە نزمتر دەبێت بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە. مەوداى بینین / 6 – 8 کم دەبێت. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 12 پلەی سیلیزی سلێمانی : 8 پلەی سیلیزی دهۆک : 9 پلەی سیلیزی زاخۆ : 9 پلەی سیلیزی کەرکوک : 12 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 7 پلەی سیلیزی سۆران : 6 پلەی سیلیزی گەرمیان : 13 پلەی سیلیزی
سەرۆكی بزووتنەوەی ئیرادە ئاشكرای كردووە، لە كۆبوونەوەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی خەریكی شێلم و نۆكاو خواردنین و هیچ گۆڕانكارییەك لە ئارادا نییە. حەنان فەتلاوی، سەرۆكی بزووتنەوەی ئیرادە لە دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی چوار رایگەیاند، "دانیشتووین لە كۆبوونەوەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی نۆكاو و شێلم دەخۆین و كۆبوونەوە دوای كۆبوونەوە دەكرێت و هیچ گۆڕانكارییەك نییە، لە كۆبوونەوەی داهاتوو چەوەندەر دێنین و لیمۆی پیاداد دەكەین مەگەر ئەمە گۆڕانكارییەكە بێت". وتیشی، "هیچ میكانزمێك نییە لە چوارچێوەی هەماهەنگی، لەبەر ئەوە كۆبوونەوە دوای كۆبوونەوە راگەیندراو بڵاودەكرێتەوە و تەنها وشەیەك یان دوو وشە لە راگەیندراوەكە دەگۆڕن" بەوتەی حەنان فەتلاوی، "راگەیەندراوەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەلایەن كەسێكەوە بڵاودەكرێتەوە هەر ئاگای لە كۆبوونەوەكانیش نییە و ئامادەی نەبووە و پێدەچێت بە ژیری دەستكرد بڵاوبكرێتەوە چونكە تەنها وشەیەك یان دووانی گۆڕانكاری بەسەردا دێت".
وەزارەتی جەنگی ئەمریكا، پەیامێكی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بڵاوكردووەتەوەو تیایدا دەڵێت: ئەمشەو، بە فەرمانی من وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، ئەمریکا هێرشێکی بەهێز و کوشندەی لە دژی گەندەكانی داعشی تیرۆرست لە باکوری رۆژئاوای نەیجیریا ئەنجامدا، کە بە شێوەیەکی دڕندانە مەسیحییە بێتاوانەکان دەکەنە ئامانج و دەیانکوژن بەشێوەیەك کە ساڵانێکی زۆرە، بگرە چەندین سەدەیە نەبینراوە!. پێشتر هۆشداریم دا بەو تیرۆریستانە ئەگەر واز لە سەربڕینی مەسیحییەکان نەهێنن باجێکی قورس دەدەن و ئەمشەو بە كرداری ئەوە روویدا، وەزارەتی جەنگ گورزێكی وردی وەشاند، كە تەنها ئەمریکا دەتوانێت ئەنجامیبدات. ترەمپ ئاماژەی بەوەشكردووە: لەژێر سەرکردایەتی مندا وڵاتەکەمان رێگە نادات تیرۆری ئیسلامی توندڕەو گەشە بکات، خوای گەورە سوپاكەمان بپارێزێت و جەژنی کریسمس لە هەمووان پیرۆز بێت، بە تیرۆریستە مردووەکانیشەوە، ئەوانەشی كە ژمارەیان زیاد دەکات ئەگەر کۆمەڵکوژیەکانیان دژی مەسیحییەکان بەردەوام بێت.
بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات، ئاشکرایدەکات پێش كۆتایی ئەمساڵ ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی سەردانی دیمەشق دەكات، بە ئامادەبوونی ئەمریكاو فەرەنساو بەریتانیاو هەندێك وڵاتی عەرەبی. فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە لێدوانیکیدا بۆ كەناڵی (العربیە) ئەوە دەخاتەڕوو، ئەگەر پەیوەندیمان لەگەڵ ئیسرائیل هەبوایە توركیا جورئەتی ئەوەی نەدەكرد پەرلامارمان بدات. هەروەها وتیشى: تۆمەتباركردنمان لەلایەن توركیاوە بەوەی پەیوەندیمان هەیە لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، پاساوە بۆ دەستوەردان لە دۆسیەی سوریا. وتەبێژەکەى هەسەدە باس لەوەشدەکات کە لەبارەی دەستدرێژییەكانی ئیسرائیل لەناو خاكی سوریا، دەبێت ئەو پرسیارە دیمەشق وەڵامی بداتەوە، كە جۆلانی لە نەخشەی سوریادا سڕیوەتەوە، وتیشى: لەناو هێزەكانی سوریای دیموكراتدا ئەندامی بیانی نییە. فەرهاد شامى دەڵێت: داواكاری ئێمە تەنها نا ناوەندی نییە بەڵكو شێوازی حوكمڕانی و بەشداری هەموو سورییەكانە لە ئیدارەدانی وڵاتەكەیان، لەگەڵ دیمەشق باسی ناناوەندێتیمان كردووەو پێویستە هاوڵاتیانی سوریا ناوچەكانی خۆیان بەڕێوەببەن.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێ، رۆژی پێنجشەممە گفتوگۆی "زۆر باشی" لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر، نێردراوانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هەبووە و وەک خۆی دەڵێ، سەرنجیان خستووەتە سەر کۆتاییهێنان بە "جەنگی دڕندانەی رووسیا". زیلینسکی لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەڵێ: "گفتوگۆمان لەسەر وردەکاریی گرنگی کارە بەردەوامەکان کرد." هەروەها دەڵێت: "بیرۆکەی باش هەن کە دەتوانن خزمەت بە ئەنجامێکی هاوبەش و ئاشتییەکی بەردەوام بکەن." سەرۆکی ئۆکراینا سوپاسی دوو نێردراوەکەی کرد بۆ "کارە بونیادنەرەکەیان، کارە چڕوپڕەکان و وشە جوانەکانیان." زیلینسکی گوتی: "بەڕاستی شەو و رۆژ کار دەکەین بۆ نزیککردنەوەی کۆتایی ئەم جەنگە دڕندانەیەی رووسیا دژی ئۆکراینا و بۆ دڵنیابوون لەوەی هەموو بەڵگەنامە و هەنگاوەکان راستەقینە، کاریگەر و جێگەی متمانەن." هەروەها لە گفتوگۆکەدا رێککەوتن کە رۆستەم عومەرۆڤ، دانوستاندنکاری ئۆکراینا رۆژی پێنجشەممە جارێکی دیکە لەگەڵ دوو نێردراوەکە قسە بکاتەوە. پۆستەکەی زیلینسکی رۆژێک دوای ئەوە دێت کە رایگەیاند، ئۆکراینا هەندێک "سازشی سنوورداری" لە نوێترین وەشانی رەشنووسی پلانی ئەمریکادا بەدەستهێناوە. پلانە 20 خاڵییەکە کە لەلایەن دانوستاندنکارانی ئەمەریکا و ئۆکرایناوە لەسەری رێککەوتوون، ئێستا لەلایەن مۆسکۆوە پێداچوونەوەی بۆ دەکرێ. بەڵام کرێملین پێشتر ئامادەیی نیشان نەداوە دەستبەرداری داواکارییەکانی بێت بۆ کشانەوەی تەواوەتی لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا. زیلینسکی رۆژی چوارشەممە دانی بەوەدا نا کە هەندێک خاڵ لە بەڵگەنامەکەدا هەن کە بەدڵی نین، بەڵام گوتی، کیێڤ سەرکەوتوو بووە لە لابردنی مەرجی کشانەوەی ئۆکراینا لە هەرێمی دۆنێتسک، یان داننان بەو خاکەی لەلایەن سوپای مۆسکۆوە دەستی بەسەردا گیراوە.
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت: تا ئێستا 70%ـی هەرێمی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێری پرۆژەی ڕووناکی پێگەیشتووە، ڕاشیدەگەیەنێت، دوایین وەرزی زستان دەبێت لە کوردستان کە تێیدا کارەبا بپچڕێت. ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ـی کانوونی یەکەمی 2025، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا، وێڕای سوپاسی خەڵکی کوردستانی کردووە بۆ پشوو درێژی و هاوکاریی بەردەوامییان لەگەڵ دۆخی کارەبا و وەزارەتی کارەبادا. وەزارەتی کارەبا هاووڵاتییانی ئاگادارکردووەتەوە، چالاکییەکانی زیادکردنی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی و کارەبا و سازدانەوە لە تۆڕی کارەبای نیشتمانی لەپێناو دابینکردنی کارەبا بە باشترین شێوە، بەردەوام دەبێت. لە ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم چالاکییانە كێشەی 30 ساڵەی کارەبا بەیەکجاری بنبڕ دەکەن و دەڵێت: ئەمە دوایین وەرزی زستان دەبێت کەوا کێشەی پچڕانی کارەبا ڕووبدات. وەزارەتەکە وەک ئامارێک ئاشکرای کردووە، ئێستا %70ـی هەرێمی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێری پرۆژەی ڕووناکییان پێگەیشتووە و تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو هەموو هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کارەبای نیشتمانی بەردەوامییان پێدەگات. ئەم ڕاگەیەندراوەی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، پێنجشەممە، 25ـی کانوونی یەکەمی 2025، وەزارەتی کارەبا لە ڕاگەیەنراوێکی پێشووی ئاگاداری هاوبەشانی کردەوە: بەهۆی گرفتێکی تەکنیکییەوە لە کێڵگەی کۆرمۆر بڕی 250 ملیۆن پێ سێجا گاز کەمی کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بڕی 1000 مێگاوات کارەبا. هاوکات دڵنیایی دا، کە هەردوو وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، لەگەڵ تیمەکانی داناگاز لە هەوڵدان بۆ چارەکردنی گرفتەکە و ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە.
بەگوتەی بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق، ناردنی پارە لەلایەن بەغدا بۆ مووچەی مانگی 10 کەوتە هەفتەی داهاتوو، دابەشکردنی مووچەش دەکەوێتە ساڵی داهاتوو. تاوەکوو ئێستا حکومەتی عێراق دەستی بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی خۆی نەکردووە، بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەستپێبکات. دوای دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی خۆی ئەوکات دەست بە ڕێکارەکانی خەرجکردنی پارەی مووچەخۆرانی کوردستانیش دەکرێت. لەبارەی کاتی ڕەوانەکردنی مووچەی مانگی10، بەرپرسە باڵاکەی حکومەتی عێراق بە ئاڤای ڕاگەیاند: پێشبینی دەکەم چوارشەممەی داهاتوو 31ی مانگ پارە بنێردرێت. -لەبارەی دواکەوتنی مووچە، بەرپرسەکەی حکومەتی عێراق وتی: لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی قسەم کرد، دەڵێ: "کێشەی پارەمان هەیە و پارەمان لەبەردەست نییە، هەندێک پارە هەبووە، ئەویش هەفتەی ڕابردوو بەڵێندەر خۆپێشاندانیان کردووە و داوای خەرجکردنی پارەی پڕۆژەکانیان کردووە، ناچار ئەو پارەیەی هەبووە بەوانیان داوە". چونکە حکومەتی عێراق 50 تریلۆن دینار پارەی بەڵێندەر قەرزارە. بەرپرسەی عێراق لەبارەى ئەوەى بەردەوام دەوترێت لقی هەولێری بانکی ناوەندی سێ تریلۆن دیناری تێدایە بەشی سێ مووچەی خەڵکی کوردستان دەکات، بۆ ئەو پارەیە خەرج ناکرێت؟ بەرپرسەکەی عێراق وتی: ئەو پارەیە هی بانکی ناوەندییە، پارەی پڕۆژەکان و پارەی یەدەگە، وەزارەتی دارایی عێراق ناتوانێت هەر لەخۆیەوە بۆ مووچە خەرجی بکات. ئەگەر چوارشەممە پارە بنێردرێت ئەوا دابەشکردنی مووچە دەکەوێتە ساڵی داهاتوو. پێنجشەممەی داهاتوو دەکاتە یەکی مانگ پشووە لە عێراق، ئیتر هەینی و شەممەیشی بەسەردا دێت. هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردۆتەوە ئەگەر پارە نێردرا ئەوا لە ڕۆژانی پشوو مووچە دابەش دەکرێت، بۆ کاش کێشە نابێت، دەتوانن دابەشی بکەن. بەڵام کێشەکە بۆ دابەشکردنی مووچە لەڕێگەی هەژماری من دروست دەبێت کە ئەم مانگە زیاتر لە 600 هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی هەژماری من وەری دەگرن. بانکەکانی بەشدار لە هەژماری من بە سیستەمی بانکی ناوەندیی عێراق کار دەکەن، لە ڕۆژانی پشووش بانکەکە دەوامیان نییە و سیستەمەکە کار ناکات.
ئێوارەی ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانیی بزوونتەوەی گۆڕان [گردەکە] راگەیەنداروێکیان لەبارەی پیرۆزبایەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێن: سەرۆکی هەرێم، پێویست بوو ئاگادار بێت، کە ئەو کەسە [دانا ئەحمەد مەجید] رێکخەری بزووتنەوەی گۆران نییە لە 13ـی چواری 2025 وە ماوەکەی تەواو بووە، پێشتر بەهۆی ویستی دەستبەسەردا گرتن و دوور لە بنەماکەکانی دیمواکرسی کەسێک[ دانا ئەحمەد مەجید] لە ساڵی رابردوو بۆ ماوەی شەش مانگ کرا بە رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بەڵام ئێستا کاتەکەی تەواو بووە، خۆشی چەند جارێک ئەمەی باسکردووە. هەروەها دەڵێن، پێویست بوو بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاگادار بێت، کە لە رێکەوتی 13ی 4ی 2025 لەسەر بنەمای یاسا و بڕیاری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسییەکان، ئەو کەسانە هیچ سیفەتێکی قانونی و رێکخراوەییان لە بزوتنەوەی گۆڕاندا نییە و نوێنەرایەتی گۆڕان ناکەن. تەنانەت خۆیان لە بەردەم هەموو کەناڵەکاندا بە ئاشکرا گوتیان تا ئەنجامدانی کۆنفرانسی نیشتمانی رێکخەر نین. هەر لە راگەیندراوەکەدا دەشڵێن: سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبێت رێز لە یاسا بگرێت و دەستێوەردان نەکات، بەڵام بەو پیرۆزباییەی سەلماندی دەستوەردان لە کاروباری گۆڕاندا دەکات. دوێنێنێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک نەریتی ساڵانەی خۆی، نامەی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم حزب و لایەنەکان کرد، لە پرۆزباییەکەی بۆ ساڵی نوێ لە بزووتنەوەی گۆڕان [کوردسات] دانا ئەحمەد مەجیدی، وەک رێکخەری گشتیی بزوونتەوەی گۆڕان ناوهێنا.
سەرۆکی بانکی ناوەندیی سووریا ئاشکرای کرد، لە دەسپێکی ساڵی نوێی 2026ـەوە، دراوی نوێی سووریا دەخرێتە بازاڕ، ڕاشیگەیاند، پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دراوی کۆن بە دراوێ نوێ لە سەرجەم بانکەکان دەستپێدەکات. پێنجشەممە 25ـی کانوونی یەکەمی 2025، عەبدولقادر ئەلحەسریە سەرۆکی بانکی ناوەندیی سووریا، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەیدا، لە 1ی کانوونی دووەمی 2026، دراوی نوێی سووریا دەخرێتە بازاڕەوە و پرۆسەی گۆڕینی دراوی کۆنیش دەستپێدەکات، ئاماژەی بەوەشکردووە، پرۆسەکە بە ئاسانی و ڕێکخراو دەبێت، میکانیزمەکانیشی بە ڕوونی و شەفافانە ڕوون دەکرێنەوە. لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەداوە "پێشوازی لە دەرکردنی فەرمانی ژمارە 293ـی ساڵی 2025 دەکەن، سەبارەت بە چاپکردنی دراوی نوێی سووریا کە ئەمە قۆناغێکی سەرەکی نیشتمانییە هەروەها ڕەنگدانەوەی دەستپێکی قۆناغێکی نوێی ئابووری و دراوییە بۆ حکوومەت و گەلی سووریا". باسی لەوەشکردووە، بە فەرمانی حکوومەتی سووریا دەسەڵاتی پێویست دراوە بە بانکی ناوەندی بۆ دیاریکردنی وادە و شوێنەکانی ئاڵوگۆڕکردن، بۆیە بە بڕیارێکی بانکی ناوەندی پەیڕەوی جێبەجێکردن دەردەچێت، بە گرنگیدانێکی بەهێز بە خزمەتکردنی هاووڵاتییان و ئاسانکاریی ڕێکارەکان لە سەرجەم ناوچەکان. ئەلحەسریە ڕوونیشیکردەوە، دراوی نوێی سووریا هێمای سەروەری دارایی دوای ڕزگاری وڵاتەکەی لەسەر دەبێت، ئەمەش قۆناغێکی نوێیە کە لە ڕێگەی هاریکاریی بەکۆمەڵەوە بنیات نراوە و لەلایەن بانکی ناوەندی سووریاوە بەڕێوەدەبرێت. بانکی ناوەندی سووریا، پێشتر لە 18ی کانوونی دووەمدا ڕوونیکردبووەوە کە لە کاتی خۆیدا سەرجەم وردەکارییەکانی دراوی نوێ ڕادەگەیەنێت، کاتێک هەموو ئامادەکاری و ڕێکخستنی پێویست تەواو بوو. هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرجەم مامەڵەکانی بانکی وەکو پێشووتر بەردەوام دەبێت، بە بێ ئەوەی هیچ کاریگەرییەک لە سەر ئەو خزمەتگوزارییانە دروست بکات کە پێشکەش بە هاووڵاتییان و وەبەرهێنەران دەکرێت.
پێشبینی دەکرێ لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێکی بەفر و باران هەرێمی کوردستان بگرێتەوە. سەرۆکی بەشی پێشبینیی کەشناسی لە دەستەی کەشناسیی عێراق پێشبینی دەکات، بڕێکی باش باران ببارێ و لە چەند ناوچەیەکیش بەفر ببارێ. رۆژی چوارشەممە، 25ی کانوونی یەکەمی 2025، مەحموود عەبدوللـەتیف، سەرۆکی بەشی پێشبینیی کەشناسی لە دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی کاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆیەکی دەریای نێوەڕاست، پێشبینی دەکرێ لە رۆژی شەممەوە شەپۆلێکی بەفر و باران روو لە هەرێمی کوردستان بکات و چەقی شەپۆلەکەش رۆژی یەکشەممە دەبێ. بە گوتەی سەرۆکی بەشی پێشبینیی کەشناسی، پێشبینی دەکرێ رۆژی یەکشەممە بارانبارین لە دهۆک و زاخۆ چڕ ببێتەوە و شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممەش، بەفربارین لە سنووری دهۆک و زاخۆ دەستپێبکات و پێشبینی دەکرێ بڕێکی باشی بەفریش لە حاجی ئۆمەران ببارێت. مەحموود عەبدوللـەتیف گوتیشی: "لە هەندێک ناوچەی دیکەش پێشبینی بەفربارین دەکرێ، بەڵام پێشبینییەکان لاوازن." ئەو کەشناسە ئاماژەی بەوەش کرد: "شەپۆلەکە تاوەکو رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێ. بڕێکی باش باران لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەبارێ، بەڵام مەترسیی دروستبوونی لافاو نییە، هەروەها پلەی گەرماش بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێ." هاوکات، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت: "بەپێی پێشبینییەکان رۆژی شەممە بارانبارین لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستپێدەکات و دواتر هەولێر، کەرکووک، سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان دەگرێتەوە. بڕی بارانبارینیش لە هەندێک ناوچە دەگاتە 70 ملم، بەڵام مەترسیی لافاو نییە." بە گوێرەی پێشبینییەکانی ئەو شارەزای کەشناسییە بڕی بارانی پێشبینیکراو بەم شێوەیە دەبێ: سۆران: 40 بۆ 70 ملم راپەڕین: 50 بۆ 66 ملم دهۆک: 55 بۆ 60 ملم هەولێر و سلێمانی: 45 بۆ 50 ملم کەرکووک و گەرمیان: 25 بۆ 40 ملم ئەوەی کە پەیوەندی بە بەفربارینەوە هەیە، محەممەد کەمال دەڵێ، شەپۆلی بەفربارین بە 3 قۆناخ دەبێت و بەم شێوەیە دەبێ: 1- قۆناخی یەکەم - شەممە: بەفربارین لە ئامێدی، شێلادزێ، کانی ماسی، حاجی ئۆمەران، چۆمان و سەفین دەستپێدەکات. 2- قۆناخی دووەم - دووشەممە: ئەو ناوچانەی 1000 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزن بەفریان لێ دەبارێ، لەوانە شەقڵاوە، پێنجوێن، قەرەداخ و سەنگاو. 3- قۆناخی سێیەم - چوارشەممە: بەهێزترین شەپۆلە و ئەو شوێنانە دەگرێتەوە کە بەرزییان 850 مەترە، ئەگەری بەفربارین لە گەڕەکە بەرزەکانی سلێمانی، گۆیژە، ماوەت و چوارتا هەیە. بەپێی پێشبینی ئەو کەشناسە، بڕی بەفر لە سەنتەری ناوچە شاخاوییەکان 1 بۆ 17 سانتیمەتر و لە چیاکانیش 70 بۆ 90 سانتیمەتر دەبێ.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند، گەیشتووینەتە لێگتێگەیشتنێکی هاوبەش بەمەبەستی رێککخستن و چوونەپاڵی هیزەکانمان بۆ نێو [سوپای سوریا.] عەبدی ئاماژەی بەوەشکرد، شێوازی سیستمەکە و بەشداری یەکە جیاوازەکان لە پایە سەرەکییەکانی لێکتێگەیشتنەکەن، ئەمەش پێویستی بە دیالۆگی قووڵتر هەیە تا بگەینە دەستوورێک کە رەنگدانەوەی خواستی هەموولایەک بێت. بەشێکى دیکە لە پەیامەکەى.. ــ گەیشتوینەتە لێكتێگەیشتنی هاوبەش سەبارەت بە یەكخستنی هێزە سەربازییەكان؛ بەوجۆرەی كە لەگەڵ بەرژەوەندی گشتیدا بگونجێت. ــ بابەتی دەستوری هەن كە پێویستیان بە كات هەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێك كە هەموو سوریا بگرێتەوە. ــ وای دەبینین چارەسەر لە سوریا دەبێت (لامەركەزی) بێت. ــ فۆرمی حوكمڕانی و بەشداری پێكهاتەكان لە پایە سەرەكییەكانەو، ئەمە پێویستی بە دیالۆگی قوڵتر هەیە بۆ گەیشتن بە دەستورێك كە رەنگدانەوەی هەموو خواستەكان بێت. ــ بەرەوپێشچوون هەیە لە دروستكردنی روانگەی هاوبەش سەبارەت بە رێڕەو و سنورەكان. ــ سامانی ژێرزەوی هی هەموو هاوڵاتیانی سوریایە. ــ نزیكبوونەوە لە بۆچوونەكاندا هەیە سەبارەت بە بابەتە سەرەكییەكان و، هیواخوازین لە ماوەی ئایندەدا بگەین بە هەموو رێككەوتنەكان. ــ دەمانەوێت رۆڵەكانی ناوچەكە لەچوارچێوەیەكی دەستوریدا خۆیان ناوچەكانی خۆیان بەرێوەببەن.
نووسراوێک بەناوی حکومەتی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، گوایە رێژەی 20% وەکو باج دەخاتە سەر نرخی کارتەکانی مۆبایل و ئینتەرنێت. سەرۆکی رێکخراوێکی گەیاندن دەڵێت، ئەگەر جێبەجێ بکرێت کارتێکی 10 هەزار دیناری دەبێتە 12 هەزار و 500 دینار. گوتەبێژی ئاسیاسێڵ و بەرپرسێک لە کۆڕەک تیلیکۆم دەڵێن: "هیچ بڕیارێکی فەرمیمان بۆ نەهاتووە". بەگوێرەی نووسراوێک کە میدیای عێراقیی وەکو ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی 16-12-2025ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، لە یەکێک لە خاڵەکانی بڕیارەکاندا هاتووە: "دەستپێکردنەوەی کارکردن بە سەپاندنی کرێی خزمەتگوزاری بە رێژەی 20% لەسەر پڕکردنەوەی باڵانسی مۆبایل و ئینتەرنێت، چ لە رێگەی کارتەکانەوە بێت یان لە رێگەی ئەپلیکەیشنە ئەلکترۆنییەکانەوە". زێرەڤان بەهادین، پارێزەری راوێژکار و شارەزای دادوەریی تیلیکۆم، کە هاوکات سەرۆکی رێکخراوی کوردستان کۆمیونکەیشنە بۆ تەکنەلۆژیای زانیاری و گەیاندن و ئاگاداری بڕیارەکەیە، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "چەند ساڵێک لەمەوپێش هەمان بڕیار پەیڕەو دەکرا و دواتر راگیرا، ئێستا ئەگەر ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت دووبارە نرخی کارت بەرز دەبێتەوە". تاوەکو ئەمڕۆ نرخی کارتەکانی مۆبایل و ئینتەرنێت بەرز نەبووەتەوە. زێرەڤان بەهادین گوتی: "دوای دەرکردنی رێنمایی لایەنە پەیوەندیدارەکان بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت و نرخی کارتێکی 10 هەزار دیناری دەبێتە 12 بۆ 12 هەزار و 500 دینار". عومەر فالح، گوتەبێژی کۆمپانیای ئاسیاسێل، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمەش لە میدیاکانەوە بڕیارەکەمان بینیوە، بەڵام هیچ بڕیار و نووسراوێکی فەرمیمان پێنەگەیشتووە، کە باس لە دانانی باج لەسەر کارتەکانی مۆبایل و بەرزبوونەوەی نرخ بکات". بەرپرسێکی باڵا لە کۆڕەک تیلیکۆم، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی کارت تاوەکو ئێستا وەکو خۆی وایە، ئەو بڕیارەی دراوە بە فەرمی بۆ ئێمە نەنێردراوە". ئەو بەرپرسەی کۆڕەک تیلیکۆم گوتیشی: "ئەو بڕیارە لە کاتێکدا دراوە، کە حکومەتی عێراق حکومەتێکی کاربەڕێکەرە، هەرکات بە فەرمی بگاتە دەستمان قسەی خۆمان دەبێت". تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی 16-12-2025دا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە فەرمی ئاماژەی بە گەڕاندنەوەی 20%ـی باجی سەر کارتەکانی مۆبایل و ئینتەرنێت نەکردووە.
