دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان، هەیبەت حەلبووسی وەک سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا و دەنگدان بۆ جێگرانی سەرۆکی پەرلەمان دەستپێدەکات. هەیبەت حەلبوسی بە زۆرینەی دەنگ وەک سەرۆکی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا. لەکۆی 309 دەنگ، هەیبەت حەلبوسی توانی 208 دەنگ بەدەستبهێنێت. دووشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەرچاوەیەکى ئاگادار لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، هەیبەت حەلبووسی کاندیدی حزبی تەقەدووم بە زۆرینەی دەنگ بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا. هەیبەت حەلبووسی لە خولی چوارەم و پێنجەمی پەرلەمان سەرۆکی لیژنەی نەوت و وزە بووە. هەروەها هەر یەکێکە لە سالم عیساوی 66 دەنگی بەدەستهێنا و عامر عەبدولجەبار 9 دەنگ و 26 دەنگیش پووچەڵ بوون. کاتژمێر 01:15 خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 292 ئەندامی دەرچوو، دەستیپێکرد. عامر فایز کە وەک بەتەمەنترین پەرلەمانتاری دەرچوو؛ سەرۆکایەتیی یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق کرد؛ دوای خوێندنەوەی ناوی دەرچووانی پەرلەمان و سوێندخواردنی پەرلەمانتارانی دەرچوو، دەرگای خۆکاندیدکردنی بۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردەوە.

لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر حەشارگەیەکی ڕێکخراوی داعش لە پارێزگای یالۆڤا لە باکووری ڕۆژئاوای تورکیا، سێ پۆلیس گیانیان لەدەستدا و شەش چەکداری داعشیش کوژران. دووشەممە 29ی کانوونی یەکەمی 2025، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، هێزەکانی پۆلیس لە گەڕەکی عیسمەت پاشا لە ناوەندی یالۆڤا، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵێک کە چەکدارانی داعشی تێدا بووە، بەڵام لە کاتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەدا چەکدارەکان تەقەیان لە هێزە ئەمنییەکان کردووە. یەرلیکایا لەبارەی زیانەکانەوە ئاماژەی دا: "بەهۆی هێرشەکەوە، سێ پۆلیس گیانیان لەدەستداوە، هەروەها هەشت پۆلیس و پاسەوانێکی گەڕەکەکە بریندار بوون. بەهۆی هەبوونی ژن و منداڵ لەناو ماڵەکەدا، ئۆپەراسیۆنەکە بە وردی و هەستیارییەکی زۆرەوە بەڕێوەچوو، توانرا پێنج ئافرەت و شەش منداڵ بە سەلامەتی ڕزگار بکرێن." وەزیری ناوخۆی تورکیا جەختی لەوەشکردەوە، هەر شەش چەکدارە کوژراوەکە "هاووڵاتیی تورکیان" و ئۆپەراسیۆنەکە کاتژمێر 09:40ـی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە کۆتایی هاتووە. هەروەها ئاماژەیداوە، تەنیا لە مانگی ڕابردوودا لە ئۆپەراسیۆنە جیاوازەکاندا 137 گومانلێکراوی داعش دەستگیرکراون، هاوکات بەرەبەیانی ئەمڕۆش  لە 15 پارێزگای تورکیا، 108ئۆپەراسیۆن لە  شوێنی جیاواز بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی سەر بە داعش ئەنجامدراوە. ئەمە لە کاتێکدایە بەرەبەیانی ئەمڕۆ، میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردبووەوە لەو ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەی شاری یالۆڤا، حەوت ئەفسەری هێزی پۆلیسی تورکیا لە کاتی بەرەنگاربوونەوەی شانەیەکی نووستووی داعش برینداربوون. هەفتەی ڕابردوو فەرماندەیی جەندەرمەی تورکیا هۆشداری لە ئەگەری هێرشی داعش لە شوێنە گشتیی و قەرەباڵغەکانی تورکیا ڕاگەیاندبوو، هەر لە هۆشدارییەکەدا ئاماژەیداوە، کە ڕێکخراوی داعش لە پلانیدایە لە ئاهەنگەکانی پێشوازی ساڵی نوێی 2026، هێرشی تیرۆریستی ئەنجام بدات.

فەرماندەی قەسەدە و یەپەژە سۆزدار حەجی ئاماژەی بەوەدا، داوی ڕووخانی ڕژێمی بەعس هاوسەنگییەکانی سووریا گۆڕاون و دەڵێت، ڕێککەوتنی ١٠ـی ئادار وەڵامگۆی داواکانی گەلانە، بەڵام هەندێک خاڵی جێبەجێ نەکراوە. ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) سۆزدار حەجی کە لە هەمانکاتدا ئەندامی شاندی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە بۆ دانوستان لەگەڵ دیمەشق، دۆخ و ئەو ڕووداوانەی لە ماوەی ساڵێکدا لە سووریا ڕوویانداوە بۆ ئاژانسی هەواڵیی فورات (ANF) هەڵسەنگاند. سۆزدار حەجی ئاماژەی بەوەدا لە سووریا لە ماوەی ساڵێک چەندین ڕووداوی خێرا ڕوویداوە و گوتی: "سیستەمی ڕژێمی بەعس کە زیاتر لە ٦٠ ساڵ حوکمڕانی سووریای کرد، ڕووخا. ئەمەش تەواوی هاوسەنگییەکەی گۆڕی. سووریا لە ڕووی جوگرافییەوە شوێنێکی ستراتیژییە و دراوسێی چەندین دەوڵەتە. هەربۆیە ئەم گۆڕانکارییە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هەرێمەکە هەبوو. دەوڵەتانی دراوسێ هەمیشە دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ئەو سیستەمەدا سەپاندووە. ڕووخانی سیستەمی ئێستا سوودێکی زۆری بۆ گەلان هەبوو، بەڵام ئەوەی جێگەی گرتەوە ئەگەر سیستەمێکی دیموکراتیک بوایە، ئەوا شتگەلێکی باش درووست دەبوو. لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەک هێز و سیستەم کارە سیاسی و ئیدارییەکانمان لەسەر بنەمای دیموکراسی کۆمەڵایەتی بەڕێوە دەبەین. زیاتر لە ١٠ ساڵە لەسەر ئەم سیستەمە دەڕۆین. گۆڕانکارییەکان کاریگەری لەسەر ئێمە و لەسەر پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا هەبوو. ئێران و ڕووسیا پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ سووریا هەبوو. بە تایبەت ڕووسیا کە تا ئێستاش پەیوەندیی لەگەڵ سووریا هەیە، بەڵام دوای ڕووخانی ئەو سیستەمەی ئێستا و ئەو سیستەمەی جێگەی گرتەوە، هیچ گۆڕانکارییەک لە ئایدۆلۆژیای بەعسییەکاندا ڕووینەداوە. ئەم گۆڕانکارییانە بۆ سووریا و هەموو هەرێمەکە گۆڕانکاریی مێژوویین". ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە بەردەوامی قسەکانییدا سۆزدار حەجی باسی لە پڕۆسەی ڕووخانی ڕژێمی بەعس و کاریگەرییەکانی لەسەر سووریا و هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد و گوتی: "لە ٢٧ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ ئۆپەراسیۆنێک لە سووریا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەتەشەوە دەستی پێ کرد. ئەمە لە سەرەتادا وەک پلانێکی بەرفراوان نەدەهاتە بەرچاو، بەڵام دواتر ئەوە ڕوون بووەوە کە لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنەی کە هەتەشە دواتر باسیشی کرد، ڕێگە بۆ هەیئەی تەحریر ئەل شام کرابووەوە کە دەست بەسەر هەموو سووریادا بگرێت. ئەمەش بەو مانایە دێت ئیدی لەگەڵ ڕژێمی بەعسدا نین و بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی ئەنجامیان دا ڕژێمی بەعس خزمەتی دەوڵەتە گەورەکان و دروسێکانی نەدەکرد، بەڵام ڕووخانی دەوڵەتێکی وەها ڕەگداکوتاو، خاوەن سوپا و ڕێکخراو لە ماوەی ١٢ ڕۆژدا کاری هێزە دەرەکییەکانە، نەک هێزە ناوخۆییەکان. یەکێک لەو گرووپانەی کە هێرشەکەیان ئەنجامدا هەتەشە بوو، کە گەشتنە دیمەشق، لە حەلەبەوە تا دیمەشق شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە ڕووینەدا و دەستیان بەسەر دیمەشقدا گرت". هێرشەکان لەسەر حەلەب، تەل ڕەفعەت و شەهبا سۆزدار حەجی ڕایگەیاند، ئەو هەرێمانەی کە ئەوانی تێدان و هەرێمی شەهبا کە خەڵکی عەفرین پەنایان بردووە، هاوشان لەگەڵ حەلەب، کەوتۆتە بەر هێرشی قورسی گرووپە چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک و گوتی: "وەک هەنگاوی دەستپێک هێرش کرایە سەر تەل ڕەفعەت، شەهبا و تەنانەت لەسەر هەردوو گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب، کە تا ئێستاش هەرکاتێک دەرفەتیان بۆ ڕەخسا هێرش دەکەنە سەریان. لە ناوچەکانی شێراوا، تەل ڕەفعەت و هەرێمی شەهبا بەرخۆدانێکی بێهاوتا لە بەرانبەر ئەو گرووپانە ئەنجام درا. بەوپێیەی گەلەکەمان بە کۆمەڵکوژییدا تێپەڕیبوو، وەک فەرماندەکانی قەسەدە و یەپەژە دۆخەکەمان هەڵسەنگاند و ئەو ڕاستییەی باسمان کرد زۆر ڕوون بوو. هەربۆیە پێش ئەوەی ئەو گرووپانە دەست بە هێرشەکانیان بکەن، پێویستمان بە جێگیرکردنی درووست هەبوو، بۆ ئەوەی گەل بپارێزین، تاوەکو بڕیارێکی دیکە دەدرێت". بەرخۆدانی گەل و منداڵان لە بەنداوی تشرین فەرماندە سۆزدار حەجی باسی لە بەرخۆدانی هێڵی بەنداوی تشرین و قەرەقۆزاق کرد و گوتی: "دوای ئەوە شەڕەکە لە مەنبەج، قەرەقۆزاق، بەنداوی تشرین و تەنانەت دێر حافر بڵاوبووەوە. لەو هێڵانەدا شەڕ و بەرخۆدانێکی زۆر بەرفراوان ئەنجام درا. هەروەها بەرخۆدان لەو هەرێمانەی کە پێشتر دەمانویست لە سیستەمی بەعس ڕزگاریان بکەین و گەلان لە گرووپە چەتەکان و داعش بپارێزین بڵاوبووەوە. ئێمە خۆمان لە دژی گرووپە چەتەکان لە دێر حافر و گوندی مەسکەنە، هێڵی ئەسریا و تا دێرەزوور جێگیرکرد. چونکە نزیکایەتی ئەو گرووپانە لە دژی ئێمە هەمان ئەو نزیکایەتییەیە کە ساڵانێک ئەنجام دەدرا. چونکە زیهنیەتی ئەوان بۆ ڕزگارکردنی سووریا لە ڕژێمی بەعس و شۆڕشێکی ئازادیی نەبوو کە گەلان ڕزگار بکات. شەڕی ئەوان دژی سیستەمی دیموکراسی و خۆبەڕێوەبەری بوو. ئەو هێرشانەی کە بۆ سەر هێزەکانمان ئەنجامدرا هەموویان بە تەکنەلۆژیا و هاوکاری دەوڵەتی دووەمی ناتۆ بوو، بەڵام لە بەرانبەردا گەنجانی هەرێمەکە لە هەموو پێکهاتەکانەوە بە تاکتیکی شەڕی ئەو قۆناغە، بەرخۆدانێکی بێهاوتایان پەرەپێدا. لەم لایەنەوە لە بەنداوی تشرین گەل و منداڵانی گەل، بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بۆ ماوەی چەند مانگێک بەرخۆدانێکیان بۆ پاراستنی بەنداوەکە ئەنجامدا و گوزارشتیان لە کۆمەڵگەی دیموکراتیک کرد کە چۆن خۆیان و شەڕڤانەکانیان بپارێزن". 'قەسەدە ڕێگەی لە سەرهەڵدانەوەی داعش گرت' فەرماندە سۆزدار حەجی ئاماژەی بەوەشدا، قەسەدە ڕێگەی لە سەرهەڵدانەوەی داعش گرتووە، گوتی: "بەهۆی ئەم شەڕەەوە بۆشاییەکی ئەمنی دروست بوو و داعش جارێکی دیکە ویستی سوود لەم زەمینە وەربگرێت و بەشێوەیەکی بەهێز بگەڕێتەوە هەرێمەکە. دەربازبوونی هێزەکانی قەسەدە بۆ شارەکانی دێرەزوور، مەیادین و بو کەمال ڕێگری لەمە کرد. هەروەها پێشتر لەو هەرێمانە، لە بەرانبەر ئێمە و هەرێمەکەمان، هێرشەکانیان بە ناوی دیفاع ئەل وەتانی و هۆزەکان کە دۆستایەتی ڕژێمی بەعسیان دەکرد لە ڕێگەی داعشەوە ئەنجامیان دا. ئەو هەنگاوەی قەسەدە لە دێرەزوو گریتەبەر، ڕێگری لە خەون و خەیاڵەکانی داعش کرد. دەربازبوونی قەسەدە بۆ ئەو هەرێمانە بە شێوەیەکی سەلامەت بوو. هەروەها بە شێوەیەکی سەلامەت هەرێمەکە ڕادەستی حکومەتی ڕاگوزەر کرا. ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی ئێمە گوزارشت لە هەمان وڵات دەکەین و تەماحێکی جیاوازمان نییە. بەم شێوەیە هەنگاوی زۆر سەرکەوتوو لە بەرانبەر داعش نرا. داعش ئێستا دەیەوێت هەرکاتێک دەرفەتی بۆ ڕەخسا خۆی لە هەرێمەکەدا جێگیر بکات. دەیان هێرش هەبووە کە داعش ویستویەتی لە ماوەی ئەمساڵدا لە دژی ئێمە ئەنجامی بدات، لە بەرانبەر ئەوەشدا ئۆپەراسیۆنەکانی قەسەدە بە هاوکاری هاوپەیمانانی نێونەتەوەیی لە دژی داعش ئەنجام درا و سەرکەوتووبوون". 'بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ لە کات و شوێنی خۆیدا بوو' سۆزدار حەجی لەسەر کاریگەریی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا، ئەم بانگەوازە کاریگەری ئەرێنی و گەورەی لەسەر سووریا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەبووە و گوتی: "لە ماوەی ئەمساڵدا بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام درا. ئەم بانگەوازە وەک دەرمانێک بوو بۆ ڕاگرتنی شەڕەکان. لە پڕۆسەیەکدا کە تێیدا کوشتنی یەکتر و سەپاندنی دەسەڵات بەسەر هەموو بەهاکانی کۆمەڵگە و بەتایبەتی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کە هەمیشە ئێمەی وەک هەڕەشەیەک دەبینی، ئەم بانگەوازە کرا. ئەم بانگەوازە لە کاتی خۆیدا بوو. ڕێبەر ئاپۆ لە پڕۆسەیەکی هێندە هەستیاردا بانگەوازی ڕاگرتنی شەڕی کرد کە پرسەکان لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێن. پێویستە ئەم دانوستانانە بە شێوەیەکی ئازاد و دیموکراتیک بن. بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ کاریگەریی لەسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و لەسەر تەواوی سووریا هەبوو. داوای بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ هاوپەیمانێتییەک درووستکرا. هەربۆیە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ لە کات و شوێنی خۆیدا بوو. چونکە متمانەیەکی زۆر بەم بانگەوازە هەیە". 'ڕێککەوتنی ١٠ـی ئادار ڕێگەی لە قڕکردنی کۆمەڵگە گرت' لە کۆتایی قسەکانییدا سۆزدار حەجی باسی لە ڕێککەوتنەکەی ١٠ـی ئاداری کرد لە نێوان قەسەدە و حکومەتی ڕاگوزەری سووریا واژۆکرا و گوتی: "لە ١٠ـی ئاداری ٢٠٢٥ ڕێککەوتنێک واژۆ کرا. ڕێککەوتنێکی بەجێ بوو و وەڵامگۆی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بوو. ڕێککەوتنی ١٠ـی ئادار ڕێگری لە قڕکردنی کۆمەڵگە گرت و دەرفەتێکی بۆ هەموو هێزەکان ڕەخساند کە چۆن بتوانن دانوستاندن لەگەڵ یەکتردا بکەن. خاڵەکانی ڕێکەوتنەکەش گرنگن و پێویستە پابەندی بن بۆ ئەوەی گەل لەناونەبرێت و ئەو ڕووداوانەی لە ڕابردوودا ڕوویانداوە دووبارە نەبنەوە. چونکە ئێمە بە ئامانجی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەی دیموکراتیک، ئیکۆلۆژی و ئازادی ژن تێکۆشانمان ئەنجام داوە و هەزاران شەهیدمان داوە. هەربۆیە ناتوانین وەک پێشتر بژین. ئەم ڕێککەوتنە کە واژۆ کرا،  ڕووداو و ئەوشتانەی پێشتر ئەنجام دراوە پەسەند ناکات. وەڵامێک بۆ هەموو پێکهاتەکان و بەتایبەت بۆ گەلی کورد بوو. گەلی کورد لەم ڕێککەوتنەدا مافی خۆیەتی وەک هاووڵاتی هەموو وڵاتان بژی و خزمەت بە وڵاتەکەی بکات. پێویستە هەموو پێکهاتەکان بە ناسنامە، زمان و کەلتووری خۆیان بژین. تا ئێستا هیچ کام لە خاڵەکانی ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکراون. تاکە خاڵێک کە جێبەجێ کراوە، نەبوونی شەڕە و سەرەڕای ئەوەش هەمیشە شەڕ لە سەرتاسەری سووریادا هەبووە".

شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران روو لە کوردستان دەکات و کەشەکە بەتەواوەتی دەیبەستێ، بەجۆرێک لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان پلەی گەرما دەچێتە ژێر سفر پلەی سیلیزی و زیاتریش. کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ دوو شەممە   29-12-2025 کەش / ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت لەکاتەکانی بەیانی شەپۆڵێکی تری بەفر و باران هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە بەجۆرێک لەکاتەکانی بەیانی سەرەتا لەناوچە سنوورییەکانی رۆژئاوای پارێزگای دهۆک دەست پێ دەکات پاشان بۆ کاتەکانی دوایی نیوەڕۆ تەواوی ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە, لەزۆربەی ناوچە شاخاووییەکان  وە هەروەها سەنتەری پارێزگاکانی (دهۆک , سلێمانی, هەڵەبجە ) وە دەوروبەری سەنتەری پارێزگاکانی ( هەولێر و کەرکوکیش) دەگرێتەوە لەگەڵ نمە باران لەناوچە نزمەکانی هەرێم. پاشان بۆ کاتەکانی شەو کاریگەری لاواز دەبێت ناوچە شاخاوییەکان نەبێ دابارینی کرێوە بەردەوامی دەبێت. سەبارەت بە بری دابارین بۆ ناوچە شاخاوییە بەرزەکان پێشبینی (15-30 ) سم وە بۆ ناوچە نیمچە شاخاوییەکان (5-15 ) سم دەکرێت.   خێراى با / مام ناوەند  ( 10 – 25 ) کم/ک. لەزۆربەی کاتەکان بە چالاکی دەمینێتەوە لەهەندی کات زیاد دەبێت بۆ سەرووی 35 کم/ک بەتایبەتی بۆ کاتەکانی نیوەڕۆ.  ئاراستەی با /  باشووری خۆرهەڵات دەبێت. پلەکانی گەرما /  بەشێوەیەکی بەرچاو نزم دەبنەوە بە ( 5- 8 ) پلە  بە جۆرێک لەزۆربەی ناوچەکان لەسفری سلییزی نزیک  دەبنەوە وە ناوچە شاخاوییەکان لەژێر سفر دەبن مەوداى بینین /  لەنێوان ( 6 – 8 ) کم دەبێت لەکات و وشوێنی دابارین ( 3-5 ) پلە دەبێت سبەى سێ شەممە 30-12-2025 کەش/ ئاسمان نیمچە هەور دەبێت بەڵام لەناوچە شاخاوییەکان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی بەفرێکی کەم لەناوچە شاخاوییەکان زیاتر لەناوچە سنووریەکانی رۆژهەڵات پاشان بۆ کاتەکانی نیوەرۆ کەش سەقامگیر دەبێتەوە.   خێراى با / لەسەرخۆ- مام ناوەند   ( 10 – 20 ) کم/ک ئاراستەی با /باکووری خۆرئاوا بۆ باکووری خۆرهەڵات دەگۆرێت. پلەکانی گەرما / بەگشتی بەنزمی دەمینێتەوە  وە نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ  تەنها ناوچە نزمەکان نەبێ کەمێک بەرز دەبنەوە بە ( 1-2 )پلە بەراورد بە  تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە. مەوداى بینین / لەکاتی بەیانی ( 5 – 6) کم دەبێت. پاشان بۆ ( 7 – 9 ) زیاد دەبێت  بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 5 پلەی سیلیزی سلێمانی : سفر پلەی سیلیزی دهۆک : 1-  پلەی سیلیزی زاخۆ  : 2-  پلەی سیلیزی کەرکوک : 6 پلەی سیلیزی  هەڵەبجە : 2 پلەی سیلیزی سۆران: 1- پلەی سیلیزی ئاکرێ : 1-  پلەی سیلیزی ئامێدی: 4-  پلەی سیلیزی گەرمیان : 7 پلەی سیلیزی

پارتی، شاخەوان عەبدوڵڵای وەک کاندید بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دیاری کرد؛ هاوکات فەرهاد ئەتروشی کردە سەرۆکی فراکسیۆن.  سیپان شێروانی، ئەندامی دەرچووی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2025ـی فراکسیۆنی پارتی، بە سەرۆکایەتیی ئامینە زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی؛ شاخەوان عەبدوڵڵا وەک کاندیدی پارتی بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دیاری کرا، هاوکات فەرهاد ئەتروشی وەک سەرۆکی فراکسیۆنی حزبەکە دەستنیشان کرا.  ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی پەرلەمان، لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان و فراکسیۆنەکانی دیکەی پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ دەکەن، بۆ ئەوەی دەنگی پێویست بۆ سەرخستنی کاندیدی پارتی بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان کۆبکەنەوە.  شێروانی ڕوونیشی کردەوە "چاوەڕێ دەکەین لە نێو ماڵی کوردی و لایەنە سیاسییەکانی دیکەشدا کۆدەنگییەک هەبێت بۆ سەرخستنی کاندیدی پارتی، چونکە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، پێویستی بە ڕێککەوتنی سیاسی و زۆرینەی ڕەهای 50%+1 هەیە." شاخەوان عەبدوڵڵا بۆ جاری دووەمە بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان کاندید دەکرێت، بەوپێیەی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراقیش، ئەو پۆستەی وەرگرتبوو.  بڕیار بوو کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 29ی کانوونی یەکەمی 2025، یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت؛ بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ کاترمێر 01:00ـی نیوەڕۆ دواخراوە.  لە سەرەتای کۆبوونەوەکە، سەرجەم ئەندامانی دەرچووی پەرلەمانی عێراق کە ژمارەیان 329 کەسە، سوێندی دەستووری دەخۆن. دواتر  دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و دواتر بۆ هەردوو جێگرەکەی دەکرێتەوە. هەڵبژاردنەکە بە شێوەی دەنگدانی نهێنی و ڕاستەوخۆ بەڕێوەدەچێت.

بەهۆی ئەو زیانانەی لافاوەوە، کە بەر بەشێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی کەوتووە، جێگری پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند کە لەسەر بڕیاری جێگری سەرۆکوەزیران، هەنگاوی بەپەلە بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان دەنرێت و شوێنی مانەوەیان بۆ دابین دەکرێت.  شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی لە میانەی بەسەرکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان بە کەناڵ8ی ڕایگەیاند، ئەو ماڵانەی بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە یان مەترسییان لەسەرە، لەسەر ڕاسپاردەی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ڕەزامەندی دراوە لەسەر تەرخانکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆیان. ئەم بڕیارە وەک چارەسەرێکی کاتی بۆ ماوەی چەند مانگێک دەبێت تاوەکو گرفتە سەرەکییەکەیان بۆ چارەسەر دەکرێت، چونکە بەلای حکومەتەوە سەلامەتیی هاونیشتمانییان لە هەموو شتێک گرنگترە.  جێگری پارێزگار پردی گەڕەکی خەلیفاوای بەسەرکردەوە، کە بەهۆی شەپۆلی لافاوەکەوە زیانی بەرکەوتووە گوتی، تیمەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵدەدەن چارەسەرێکی خێرا بۆ چاککردنەوەی پردەکە بدۆزنەوە بۆ ئەوەی هاتوچۆی هاووڵاتییان ئاسایی ببێتەوە.   سەبارەت بە کێشەی ژێرخانی گەڕەکی خەلیفاوا، شاهۆ عوسمان گرنگترین پرسی بە پڕۆژەی ئاوەڕۆی گەڕەکەکە دانا و ئاماژەی بەوە کرد کە پڕۆژەکە بە بەڵێندەرێک سپێردراوە بەڵام کارەکانی تەواو نەکردووە. جێگری پارێزگار لە ڕێگەی کەناڵ8ـەوە بە فەرمی هۆشداری دایە بەڵێندەرەکە کە دەستبەجێ دەست بە کارەکانی بکاتەوە، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێتەوە.

بارەگای بارزانی پەیامێکی سەرۆک بارزانی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار بڵاوکردەوە و سێ پێشنیازی خستووەتەڕوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی عێراق. سەرۆک بارزانی دەڵێت، پێویستە هەموو لایەنە كوردستانییەکان ئەو بڕوایەیان هەبێت ئەم پۆستە پشکی كوردە و بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیی راستەقینەی گەلی كوردستان بكات، دەبێ میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماریش گۆڕانكاریی بەسەردا بێت و چیتر لایەنێک ئەو پۆستە بە موڵكی تایبەتی خۆی نەزانێت. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان لەبارەی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق، پێویستە هەموو لایەنە كوردستانییەکان ئەو قەناعەتەیان هەبێت كە ئەم پۆستە پشکی كوردە و بۆ ئەوەی سەرۆككۆمار نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بكات، دەبێ میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماریش گۆڕانكاریی بەسەردا بێت و چیتر لایەنێك ئەو پۆستە بە موڵكی تایبەتی خۆی نەزانێت. میكانیزمەكەش بەمشێوەیە بێت كە: یان لە پەرلەمانی كوردستان كەسێك وەك نوێنەری كورد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار دیاری بكرێت، یان تێكڕای لایەنە كوردستانییەكان كۆ ببنەوە و بۆ ئەو پۆستە لەسەر كەسێك ڕێك بكەون، یانیش نوێنەران و فراكسیۆنە كوردییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كەسێك بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دیاری بكەن. مەرجیش نیە ئەو كەسەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار دیاری دەكرێت پارتی بێت یان یەكێتی بێت، دەكرێ لە لایەنێكی تر بێت یانیش بێلایەن بێت. گرنگ ئەوەیە  ئەو كەسە كۆدەنگیی كوردی لەسەر بێت و نوێنەرایەتیی گەلی كوردستان بكات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق. مسعود بارزانی 29ی كانوونی یەكەمی 2025

کێ باڵادەست دەبێت و کێ دەیباتەوە؟ ئامادەکردنى هاوڵاتى ئیسرائیل و تورکیا هەردووکیان سوپای بەهێزیان هەیە کە بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە نوێترین تەکنەلۆجیا دەبەستن، بەڵام ئەگەر دژی یەک شەڕ بکەن، چەند هۆکارێک دەبێتە هۆی دۆڕان یان بردنەوەی هەر لایەکیان.  من گریمانەی ئەوە دەخەمەڕوو کە کێ براوەی جەنگ دەبێت.  سەرەتا دەبێت لە هێزی وشکانی، ئاسمانی و دەریایی هەر یەکێکیانەوە دەستپێبکەین، بەڵام لەگەڵم بمێننەوە چونکە بابەتەکەتان دواتر بۆ یەکلاییدەکەمەوە.  لەرووی ژماری سەربازییەوە، تورکیا باڵادەستە چونکە زیاتر لە 355 هەزار سەربازی ئامادەی هەیە، لەکاتێکدا ئیسرائیل تەنها خاوەنی 170 هەزارە، بەڵام لە ژمارەی سەربازی یەدەگ، ئیسرائیل زیاتری هەیە و 465 هەزار بەرامبەر 378 هەزار سەربازە. لە رووی هێزی ئاسمانییەوە، ئیسرائیل باڵادەستییەکی گەورەی هەیە چونکە خاوەنی فڕۆکەی زۆر پێشکەوتووە. یەکێک لەوانە ئێف-35ـی تۆقێنەرە کە وەک تارمایی وایە و سیستمە بەرگرییەکان هەستی پێناکەن. ئیسرائیل تاکە وڵاتە بە ئارەزووی خۆی ئەو فرۆکەیەی دەستکاری کردووە و بەپێی خواستی خۆی شتی بۆ زیاد کردووە.  هەرچەندە لە 20 ساڵی رابردوودا، تورکیا پێشکەوتنێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە لە رووی هێزی ئاسمانییەوە، بەڵام هێشتا ناگاتەوە بە هێزی ئیسرائیل. بەگشتی، ئیسرائیل 611 فڕۆکە و هێلیکۆپتەری جەنگی هەیە، بەڵام تورکیا خاوەنی زیاتر لە هەزار فڕۆکە و هێلیکۆپتەرە.  بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت زۆری و بۆری گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە ئاستی پێشکەوتوویی فڕۆکەکانە. تورکیا لەبەرامبەر ئێف-35ـە تۆقێنەرەکەی ئیسرائیل ئێف-16ـی هەیە کە لەرووی تەکنەلۆجییەوە زۆر لێکەوە دوورن. لەم چەند ساڵەی کۆتاییدا تاکتیکی جەنگ بەتەواوی گۆڕاوە و ئێستا درۆن بەشێوەیەکی بەرچاو بەکاردەهێنرێت، هەر بۆیە تورکیا لەم دوو دەیەیەدا پشتی بەستووە بە توانستی ناوخۆ بۆ بەرهەمهێنانی بەلێشاوی درۆن، کە دیارترینیان بایرەکتار TB2ـە. ئەم درۆنە درۆنێکی پراکتیکییە چونکە تێچووەکەی هەرزانە و تورکیا دەتوانێت لەکاتی جەنگدا بەلێشاو دروستی بکات. ئەم درۆنە لە شەڕی ئۆکراین و روسیا و جەنگی قەرەباغ بە سەرکەوتووی بەرکارهێنراوە.  درۆنی ئاکنجییش درۆنێکی بەهێزتر و گەورەترە لە بایرەکتار و بۆ هێرشی چڕتر بەکاردەهێرێت، بەڵام ئەوەی داهاتووی هێزی ئاسمانی تورکیا یەکلادەکاتەوە فڕۆکەی جەنگی بێ فڕۆکەوانی کیزلێلمایە، کە مانگی رابردوو بەسەرکەوتوویی یەکەم تاقیکردنەوەی خۆی ئەنجامدا و لەداهاتوودا رەنگە پێگەی بەو فڕۆکانە لێژ بکات کە بە فڕۆکەوان هەڵدەفڕن. ئیسرائیلیش بەدەر نییە لە پێشکەوتنی درۆن و خاوەنی کۆمەڵێک لە درۆنە هەرە پێشکەوتووەکانە، وەک: هێرۆن، هێرمس 900 و هارۆپە. درۆنی هارۆپ خۆکوژییە و دووانەکەی دیکەش توانایان هەیە بۆ ئاستێکی بەرز بفڕن و لە ئاسمان بمێننەوە، ئەمە جگە لەوەی هەڵگری چەکی قورسیشن.  ئەوەی دەمێنیتەوە هێزی ئاسمانییە، کە لەمەیاندا تورکیا خاوەنی کەشتیگەلێکی گەورەیە لە رووبەرێکی ئاویی فراواندا بەپشت بەستن بەشوێنە جوگرافییەکەی، بەڵام ئیسرائیل خاوەنی گەشتیەگلێکی جەنگی بچووکترە و زیاتر بۆ مەبەستی بەرگری دروستکراون وەک بۆ ئامانجی هێرشبردن. بە گشتی ئیسرائیل خاوەنی 62 کەشتی جەنگی جۆراوجۆرە کە پێنج دانەیان ژێردەریایین، لەکاتێکدا تورکیا 182 کەشتی جەنگی هەیە و 13 دانەیان ژێردەریایین. ئێستا کاتی وەڵامدانەوەی پرسیارە گرنگەکەیە کە کامیان براوە دەبێت لە جەنگدا. ئەم دوو وڵاتە سنوورییان بەیەکەوە نییە، بۆیە هەر جەنگێک لەنێوانیان رووبدات یان دەبێت لەسەر خاکی وڵاتێکی دیکە بێت، یان دەبێت ناراستەوخۆ بێت لە رێگەی هێزی ئاسمانی یان دەریاییەوە.  بەهێزترین چەکی ئیسرائیل لە جەنگدا هێزی ئاسمانییەتی کە باڵادەستییەکی گەورە و تۆکمەی هەیە لەگەڵ سیستمی بەرگرییەکەی کە بە چوار سیستمی جیاواز ئیسرائیل دەپارێزێت. تورکیاش بەهێزترین چەک بەدەستییەوە درۆنە پێشکەوتووەکانییەتی لەگەڵ هێزی دەریایی و تارادەیەکیش هێزی وشکانی. بۆیە وەڵامی ئەوەی کێ براوە دەبێت لەم جەنگەدا، ئەگەر ئەمریکا دەستوەردان نەکات و یارمەتی ئیسرائیل نەدات، ئەمەیە: ئەگەر جەنگەکە کورتخایەن بێت، بەشێوەیەکی سەرەکی لە هێزی ئاسمانیدا چڕببێتەوە و لەو ماوە کورتەدا شەڕێکی سەخت رووبدات، ئەوا ئیسرائیل باڵادەست دەبێت و دەتوانێت زاڵ ببێت بەسەر تورکیا، چونکە ئەم جۆرە جەنگە پشت بە هێرشی ورد، خێرایی، زانیاریی هەواڵگری، جەنگی ئەلیکترۆنی دەبەستێت کە ئیسرائیل لە هەموویاندا کارامەیە.  بەڵام ئەگەر جەنگەکە درێژخایەن بێت و لەمەودایەکی فراواندا رووبدات، ئەوا تورکیا باڵادەستی خۆی دەسەلمێنێت، چونکە ئەم جۆرە جەنگە پشت دەبەستێت بە ئۆپەراسیۆنی لۆجیستی بۆ هێزی وشکانی، شەڕی درۆن و ئۆپەراسیۆنی دەریایی کە تورکیا لە سەرجەمیاندا لێزانە و دەتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر بەرگە بگرێت.

لە نێو هۆتاف و چەپڵەی هەزاران لە هاندەرانی ئاماد سپۆر و وتنەوەی دروشمی "لەیلا زانا شانازیمانە و بژی لەیلا زانا"، ئەمڕۆ ژنە سیاستەمەداری دیاری كورد لەیلا زانا چووە  ناو یاریگا بۆ بینینی یارییەکەی ئامەدسپۆر و ئێگدیرسپۆر لە دیاربەکر. بانگهێشتكردنی لەیلا زانا بۆ یاریگاكە لەلایەن ئامادسپۆرەوە دوای ئەوەهات، لە میانەی یارییەکەی هەفتەی رابردوی نێوان سوماسپۆر و بورساسپۆر لە خولی پلە دووی تورکیا، هاندەرانی تیپی بورساسپۆر بە دروشمی نەشیاو و  رەگەزپەرستانە لەیلا زانایان کردە ئامانج، ئەوەش كاردانەوەیەكی فراوانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بەدوای خۆیدا هێنا، دوای ئەوەی ڤیدیۆکان بە شێوەی ئۆنلاین بڵاوبووەوە. رۆژی هەینی رابردوو، ناهیت ئێرن سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆر پەیوەندی بە لەیلا زاناوە کردو بانگهێشتی کرد بۆ ئەوەی بەشداری یاریی نێوان ئامەدسپۆر و ئێگدیرسپۆر بکات. زانا خۆشحاڵی خۆی بە بانگهێشتنامەکە دەربڕی و لە وەڵامدا وتی: با پێکەوە بیر لەوە بکەینەوە، با پێکەوە بڕیار بدەین.  

شارەزایانی کەشناسی ئاماژە بەوە دەکەن، ئەمشەو شەپۆلی بەفر و باران تاوەکو رادەیەک لاواز دەبێت. بەڵام لە سبەی دوای نیوەڕۆوە بەفر لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت و دەگاتە سەنتەری شارەکانی سلێمانی و دهۆکیش. رۆژی یەکشەممە، 28ـی کانوونی یەکەمی 2025، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەهۆی بەردەوامیی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای نێوەڕاست، ئەمڕۆ لە زۆربەی شارەکانی هەرێمی کوردستان باران باریوە و لە هەندێک شوێن ئاستی ئاو بەرزبووەتەوە، هاوکات لە ناوچە شاخاوییەکانی وەک پێنجوێن، کۆڕەک، سەفین، پیرمام، چۆمان و گۆیژە بەفرێکی زۆر باریوە. بەگوتەی ئەو شارەزایەی کەشناسی، "ئەم قۆناخی یەکەمەی بەفر و بارانە تاوەکو کاتژمێر 11ـی ئەمشەو بەردەوام دەبێت، پاشان کاریگەرییەکەی کۆتایی دێت و کەشوهەوا تاوەکو سبەی نیوەڕۆ ئاسایی دەبێتەوە." ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری پێشووی کەشناسیی سلێمانی بە رووداوی گوت: "ئەمشەو تاوەکو سبەی بەیانی شەپۆلەکە کەمێک لاواز دەبێت، بەڵام لە دوای نیوەڕۆی سبەی کاریگەرییەکان بە چڕی دەستپێدەکەنەوە. پێشبینی دەکەین بەفر بگاتە سەنتەری شارەکان و خێرایی باش کەم ببێتەوە، بەڵام سەرماکە توندتر دەبێت." محەممەد کەمال ئاماژە بەوە دەکات کە لە نیوەڕۆی سبەی دووشەممەوە، قۆناخی دووەمی شەپۆلەکە دەستپێدەکات و پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن. پێشبینی دەکرێت بەفر ئەم ناوچانە سپی پۆش بکات:"دهۆک، سلێمانی، رواندز، سۆران، پیرمام، مێرگەسۆر، باڵەکایەتی، قەڵادزێ، پێنجوێن، شارباژێڕ، ماوەت، قەرەداخ، پیرەمەگروون، بناری بەمۆ، بارزان، شیلادزێ، ئامێدی، بامەڕنی، سیدەکان، بازیان، بانی مەقان، سەنگاو، بیارە، تەوێڵە، شەقڵاوە، دۆڵی خۆشناوەتی، بالیسان، هیران و نازەنین". لەگەڵ تەواوی گوند و شاخەکانی دەوروبەریان. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە لە سەنتەری هەولێر و هەڵەبجە بەفر و باران بە تێکەڵ (تەرزە) دەبارێت، لە گەرمیان و کەرکووکیش بارانی مامناوەندی زستانە دەبارێت و شەپۆلەکە تا بەرەبەیانی سێشەممە بەردەوام دەبێت. هەردوو کەشناس هۆشداری دەدەن کە پلەکانی گەرما لە هەموو ناوچەکان لە کاتی رۆژدا نزیک دەبنەوە لە سفر و لە شەودا دەچنە ژێر سفری سیلیزی، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی شەختە و بەستنێکی زۆر. داوا لە هاووڵاتییان دەکرێت سبەی هۆشیار بن و سەردانی ناوچە شاخاوییە بەرزەکان نەکەن.

ئیدارەی خۆسەر لە سووریا، سەرکۆنەی بەکارهێنانی هێز لەلایەن هێزەکانی حکوومەتی ڕاگوزەری سووریاوە دژ بە خۆپیشاندەرانی مەدەنی دەکات.  ئیدارەی (خۆسەر)،  حکوومەتی ڕاگوزەر بە بەرپرسیاری سەرەکیی پەرەپێدانی گوتاری ڕقوکینە و هاندان دژ بە هاووڵاتیان دەزانێت و جەخت دەکاتەوە لەوەی ئەوەی ئێستا لە ناوچەکانی کەناراو و ناوخۆی سووریا بەرانبەر بە دەنگە ناڕازییەکان دەکرێت، هاوشێوەی ئەو سەرکوتکارییانەیە کە پێشتر لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ئەنجام دراون. لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، ئیدارەی خۆجێی(خۆسەر)، ئاماژەی بەوە کردووە، پەنابردنە بەر توندوتیژی بۆ بێدەنگکردنی ئەو هاووڵاتیانەی داوای مافە ڕەواکانی خۆیان دەکەن، پێشێلکارییەکی زەقە و دۆخی سیاسی و مرۆیی سووریا ئاڵۆزتر دەکات. بەیاننامەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، هێزەکانی سەر بە حکوومەتی ڕاگوزەر لەبری گرتنەبەری ڕێگەی دیالۆگ، ڕێگەی سەرکوتکردن و بەکارهێنانی چەکیان دژ بە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز هەڵبژاردووە، ئەمەش مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی دروست دەکات. هەروەها ئیدارەی خۆسەر هۆشداری داوە کە بڵاوکردنەوەی زمانی هاندان و ڕقوکینە لە ناوەندەکانی بڕیاری حکوومەتی ڕاگوزەرەوە، دەبێتە هۆی تێکدانی زیاتری شیرازەی کۆمەڵگەی سووریا و قووڵکردنەوەی قەیرانەکان، ئاماژە بەوەش کراوە کە پاراستنی مافی دەربڕینی ڕا و گردبوونەوەی ئاشتییانە، بنەمایەکی سەرەکییە بۆ هەر گۆڕانکارییەکی دیموکراتی، بەڵام ڕەفتارەکانی ئێستای هێزە ئەمنییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی سووریا، پێچەوانەی هەموو پرەنسیپە مرۆیی و نێودەوڵەتییەکانە. ئەم هەڵوێستەی ئیدارەی خۆسەر لە کاتێکدایە کە، لە کۆتایی ساڵی 2025دا، ناوچە جیاوازەکانی سووریا بە تایبەت ناوچەکانی کەناراو، شاهیدی شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانن دژ بە دۆخی گوزەران و سیاستە چەوسێنەرەکان، ئیدارەی خۆسەر کە مۆدێلێکی جیاوازی بەڕێوەبردن پەیڕەو دەکات، بەردەوام ڕەخنە لە سیاستەکانی حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا دەگرێت، بە تایبەت دوای ئەو ئەزموونە تاڵانەی کە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب بەهۆی گەمارۆ و توندوتیژییەوە چەشتیان، کە تێیدا دانیشتووانە کورد ڕووبەڕووی فشارێکی زۆری سیاسی و سەربازی بوونەوە.

پڕۆژەی هەژماری من، لە فراوانبووندایە و ئەوانەی خۆیان لە پڕۆژەکە تۆمار دەکەن ملیۆنێک مووچەخۆر تێدەپەڕێنێت و ئەم مانگەش 630 هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارەی پڕۆژەی "هەژماری من" مووچە وەردەگرن. ئەمڕۆ یەکشەممە 28-12-2025، لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 942 ملیار و 845 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی 10ی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. سبەی دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت. بۆ مووچەی ئەم مانگە 630 هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی هەژماری من مووچە وەردەگرن، کە 330 هەزار فەرمانبەری مەدەنی، 197 هەزار پێشمەرگە و ئاسایش، 88 هەزار خانەنشین و 11 هەزار کەسوکاری شەهید.   ئەو 630 هەزار مووچەخۆرە بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بوون:- هەولێر: 319 هەزار و 500 مووچەخۆر دهۆک: 164 هەزار و 300 مووچەخۆر سلێمانی: 144 هەزار مووچەخۆر  تا ئێستا نزیکەی ملیۆنێک مووچەخۆر خۆیان لە هەژماری من تۆمارکردووە، 660 هەزار کارت دابەشکراون، هاوکات 517 ئامێری ڕاکێشانی پارە ATM لە 200 شوێنی جیاوازی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دانراون، هەروەها بە گشتی مووچەخۆران لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 63 کەسە.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق، دان بەوەدا دەنێت لە رێگەی لایەنی سێیەمەوە هەڕەشەی ئیسرائیلیان پێگەیشتووە، دەشڵێت حكومەتەكەی بە هۆشدارییەوە مامەڵەی لەگەڵ كردووە تا بەدوور بێت لە ئاڵۆزی. سەرۆك وەزیرانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا، جەخت دەكاتەوە، بەغداد هەڕەشەی تەلئەبیی لە رێگەی لایەنی سێیەمەوە پێگەیشتووە، ئەمەش یەكەم دانپێدانانی فەرمیی عێراقە بەوەی لەلایەن ئیسرائیلەوە هەڕەشەی ئەوەكراوە هێرش دەكرێتەسەر گروپە چەكدارەكان، پاش ئەوەی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد، بەڵام دەزگای هەواڵگری عێراق رەتیكردەوە. سودانی رایگەیاند:"هەڕەشەكانی ئیسرائیل بەردەوامن و لە رێگەی لایەنی سێیەمەوە پێمان گەیشتووە". بەبێ ئەوەی باس لە ناوەڕۆكی هەڕەشەكە و لایەنی گوێزەرەوە بكات،  بەڵام ئاماژەی بەوەدا حكومەت بە هەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵ كردووە تا خۆی بەدوور بگرێت لە ئاڵۆزی زیاتر. هەشت رۆژ لەمەوبەر، رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" بڵاویكردەوە: حكومەتی عێراق و لایەنە سیاسییە چالاكەكان لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، پەیامی هۆشداری نائاساییان لە وڵاتانی عەرەبی و دەزگا هەواڵگرییە رۆژئاواییەكانەوە پێگەیشتووە، كە زانیاریی جددی تێدایە سەبارەت بە نزیكبوونەوەی گورزی سەربازیی فراوان لە عێراق، بەرپرسێكی عێراقی جەختیكردۆتەوە "دەوڵەتێكی دۆست" بەغدادی لە ناوەڕۆكی هەڕەشەكان ئاگادار كردۆتەوە پێش ئەوەی گروپە شیعیەكان پەلە بكەن لە سازش كردن.

مزەفەر کەرخی، ئەندامی هاوپەیمانیی عەزم: محەممەد حەلبووسی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کشاوەتەوە.  ئێستا ئەنجومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان، بۆ دیاریکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەکۆبونەوەدان. سەرکردەیەکی هاوپەیمانی عەزم رایگەیاند، هاوپەیمانییەتییەکەی مکوڕە لەسەر بەربژێرکردنی موسەننا سامەڕایی. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، بەگوێرەى زانیارییە دزە پێکراوەکان، "محەممەد حەلبووسی لە خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمان کشاوەتەوە و دوو پەرلەمانتاری دیکەى بەربژێر کردووە."   ئەمڕۆ یەکشەممە 28ى کانوونى یەکەمى 2025،  ئەنجوومەنى سیاسیى نیشتیمانى سوننە لە ماڵى خەمیس خەنجەر، سەرۆکى هاوپەیمانیى سەروەرى کۆبوونەوە بۆ یەکلاکردنەوەى پرسی بەربژێرى سەرۆکى پەرلەمان.      موزەفەر کەرخى، کە یەکێکە لە رێگەپێدراوانى هاوپەیمانى عەزم بۆ لێدوانی میدیایی، لەکاتی بەشداریکردنى لە بووڵتەنى کاژێر 17:00ى رووداو رایگەیاند: "کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی سوننە بۆ دیاریکردنی ئەوەیە کە ئایا یەک یان دوو بەربژێریان دەبێت."   موزەفەر کەرخى گوتى: "هاوپەیمانیی عەزم مکوڕە لەسەر بەربژێرکردنی موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانییەتییەکەى بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمان. بەپێى زانیارییە دزەپێکراوەکان کە پێمان گەیشتووە، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پارتى تەقەدووم کشاوەتەوە و ئەگەر هەیە دوو پەرلەمانتاری دیکە بەربژێر بکات، کە ئەوانیش هەیبەت حەلبووسی و محەممەد نوورین."   رۆژى دووشەممە 29ى کانوونى یەکەم، یەکەم کۆبوونەوەى خولى نوێى پەرلەمان دەکرێت و بڕیارە تێیدا سەرۆکى پەرلەمان و دوو جێگرەکەى هەڵبژێردێن.  موزەفەر کەرخى رایگەیاند، "سەرکردەکانی سوننە لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی ئەوە دەکەن کە موسەننا سامەڕایی بەتەنیا بەربژێریان بێت یان لەگەڵ کەسێکی دیکەی پارتی تەقەدووم بچنە کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ یەکلاکردنەوە و، پێشبینی دەکرێت بە دوو بەربژێرەوە بچنە کۆبوونەوەی پەرلەمان." ئەو سەرکردەیەى هاوپەیمانیی عەزم گوتى: "هاوپەیمانیی تەقەدووم مکوڕە لەسەر ئەوەی یەک بەربژێر هەبێت بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام لایەنەکانی دیکە لەگەڵ ئەوەن دوو بەربژێر هەبێت."

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ بەربژێرە سەرکەوتووەکانی یەکێتی بۆ پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە: ئەو بەڵێنانەی بە خەڵکە خۆشەویستەکەمان داوە کاری لەپێشینەمانە و جێبەجێی دەکەین. سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەربژێرە سەرکەوتووەکانی یەکێتی، ستراتیج و کارنامەی یەکێتی لە بەغداد تاوتوێدەکەن. بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماڵی مام لە بەغداد لەگەڵ بەربژێرە سەرکەوتووەکانی حیزبەکەی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا کە نزار ئامێدی، شێخ ئەحمەد حەمە کەریم و رزگار حاجی حەمە، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئامادەیبوون، ستراتیژ و کارنامەی یەکێتی لە بەغداد خرایەبەر باس. سەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاندووە، ئەو بەڵێنانەی بە خەڵکە خۆشەویستەکەمان داوە، کاری لەپێشینەمانە و جێبەجێی دەکەین، گوتوشیەتی، پێویستە نوێنەرەکانی یەکێتیش پارێزەری داوا و خواستەکانی هاوڵاتییان بن. بەگوێرەی ڕاگەیێنراوێکی نووسینگەکەی، بافڵ تاڵەبانی نوێنەرانی یەکێتیی راسپاردووە، لەسەر رێبازی سەرۆک مام جەلال لە بەغداد کارەکانیان بکەن و هەموو هەوڵەکانیان بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک بێت.