پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) پەیامی ڕێبەر ئاپۆی بەبۆنەی سەری ساڵەوە بڵاوکردەوە. لە پەیامەکەدا تیشک دەخرێتە سەر پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ڕێککەوتنی ١٠ـی ئاداری نێوان هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) و حکومەتی کاتیی سووریا. پەیامی ڕێبەر ئاپۆ بۆ سەری ساڵ بەم جۆرەیە: "با ساڵی نوێ ببێتە ساڵی ئاشتی، نەوەک ساڵی شەڕ پێ دەنێینە نێو ساڵێکی نوێوە، دیسانەوە ناچارین بەبیری خۆمانی بهێنینەوە، چۆن لە سەدەی ڕابردوودا، هێرشە ئیمپریالیستییەکان و پەرەسەندنی ناسیۆنالیزم، پێکەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستییان خستە نێو شەڕ و ئاژاوەی دژوارەوە. ئەم شەڕە ڕێگەی بۆ وێرانکاریی و داڕمانی کۆمەڵایەتی خۆشکرد. ئەو تایفەگەریی و ناسیۆنالیزمە نەژادییەی ئەمڕۆ هەرێمەکەی داگرتووەتەوە، ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەم مێژووە نزیک و پڕ ئازارە. بەداخەوە، ستراتیژی "پەرتکە و زاڵبە"ـی سیستەمی هەژموونخواز هێشتا بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوامە. ڕێک لەبەر ئەم هۆکارە، دیدگای ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە ئێمە پێشنیارمان کردووە، تەنها بژاردەیەک نییە، بەڵکوو ناچارییەکی مێژووییە. گەر تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنی باش بۆ ئەم دیدگایە هەبێت، ئیتر ڕێ لە شەڕ و پێکدادان دەگیرێت و هەموو نەتەوەکان دەتوانن بەشێوەیەکی یەکسان و ئازاد پێکەوە بژین. سەرهەڵدانی یەکێتیی گەلان، دەبێتە دژەژەهری شەڕ و پێکدادانەکان. لەم سەردەمەدا، بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی کەوتووەتە ئەستۆمان: پێویستە ڕێ لە شەڕ و پێکدادانەکان و ئاکامە کارەساتبارەکانی بگرین. قووڵبوونەوەی قەیران و ناکۆکییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەرئەنجامێکی حەتمییە بۆ گەیشتن بە بنبەستی شارستانییەتی دەوڵەتی زۆردار و دەسەڵاتخواز کە هەزاران ساڵە درێژەی بە خۆی داوە.   پرسی کورد چەقی ئەم قەیرانانەیە. چارەسەری ئەم پرسەش تەنها بە ئاشتییەکی کۆمەڵایەتی و ڕێککەوتنێکی دیموکراتیک دێتەدی. پرسەکە بە شەڕ و پێکدادان و ڕێبازی سەربازیی و ئەمنی چارە نابێ، بەڵکوو لەسەر زەمینەیەکی دیموکراتیک چارەسەر دەبێت کە ئیرادەی هەموو گەلان بەبنەما بگرێت، ڕوانینی لەم شێوەیە بۆ پرسەکە، گرنگییەکی ژیانیی هەیە. لەبیرمان نەچێت، تاوەکو ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگەش ئازاد نابێت، هەرگیز ڕێی تێ ناچێت. تا کێشەی زیهنیەتی پیاوسالاری چارەسەر نەکرێت، کەلتووری شەڕ کۆتایی نایەت و ئاشتی درێژە ناکێشێت. هەر بۆیە ئازادیی ژنان،  وەک بنیاتنەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک و پرەنسیپێکی حاشاهەڵنەگر دەبینم. ڕەوشێکی پڕ لە ئاژاوە سووریای گرتووەتەوە. ئەم ڕەوشە بە ڕوون و ڕەوان پێویستی بە چارەسەری دیموکراتیکە. ئەو زیهنیەتی حکومڕانییەی کە ساڵانێک لەسەر بنەمای پاوانخوازیی و فشار و نکۆڵیکردن لە ناسنامەکان بەردەوام بوو، چیتر ناتوانێت بەردەوام بێت؛ ئەمەش خواستی یەکسانی و ئازادیی کورد و عەرەب و عەلەوی و هەموو گەلانی بەهێزتر کردووە. ڕێککەوتنی ١٠ـی ئادار لەنێوان قەسەدە و حکومەتی دیمەشق واژۆکرا، ئەو داواکارییانەی لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنەدا خراونەتەڕوو، گوزارشتە لە مۆدێلێکی سیاسیی دیموکراتیک بۆ خۆبەڕێوەبردنی هەموو گەل و نەتەوەکان. هەروەها ئەم نزیکایەتییە دەبێتە بنەمایەک بۆ دانوستان لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی دەربارەی ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک. جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ـی ئادار ڕێخۆشکەرە بۆ خێراکردن و بەرەوپێشبردنی ئەم پرۆسەیە. زۆر گرنگە تورکیا لەم پرۆسەیەدا کارئاسانی و ڕێخۆشکەریی بکات بۆ بەرەوپێشچوونی دیالۆگ. ئەمە بۆ ئاشتیی هەرێمەکە و پتەوکردنی ئاشتیی ناوخۆییش چارەنووسسازە.   مێژووی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەزۆریی مێژووی "شۆڕشی نێگەتیڤ"ـە. مێژووی شەڕ و زۆرداری و نکۆڵی و وێرانکاریی... لە بەرانبەر ئەمەدا، ئێمە "شۆڕشی پۆزەتیڤ" پێشنیاردەکەین. واتە بنیاتنانەوەی کۆمەڵگە بە شێوازی دیموکراتیک و ئاشتییانە و ئەخلاقی. ئەو ئاشتییەی پێداگریی لەسەر دەکەین، دەرئەنجام نییە، بەڵکوو دەسپێکێکی نوێیە. تێکۆشانی ماف و دادپەروەریی و دیموکراسی لەنێو کەشوهەوای ئاشتییانەدا، دەبێتە مایەی سڕینەوەی ڕق و کینە و دوژمنایەتی و تووڕەیی، دەرگای ژیانێکی نوێ بەڕووی هەموواندا دەکاتەوە. بەم تێگەیشتنەوە، بەهیوام ساڵی نوێ لەبری شەڕ و وێرانکاری و دابەشبوون، ببێتە ساڵی لێکتێگەیشتنێکی دیموکراتیک و ئاشتییانە و ئیرادەی بنیاتنانی ئاییندەیەکی هاوبەش بۆ هەموو گەلان. ئومێدەوارم ساڵی نوێ ببێتە مایەی ئاشتی و ئازادی و ئاییندەیەکی دیموکراتیک لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان. سەری ساڵ لە گەلانی تێکۆشەر و هەموو دۆستان پیرۆزدەکەم. بەهیوام ساڵی نوێ ئاشتی و ژیانێکی شکۆمەند بۆ تەواوی گەلەکەمان بهێنێت، سڵاو و خۆشەویستی خۆم بۆ هەمووان دەنێرم. ئەم سەردەمە بە ئازادیی ژنان بەهێزتر دەبێت، گەلان لەنێو ئاشتییدا و بەشێوەیەکی دیموکراتیک یەکدەگرن. ٣٠ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ عەبدوڵا ئۆجالان ئیمراڵی".

کەمێک لەمەوبەر شاخەوان عەبدوڵا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لەناو پەرلەمانى عێراقەوە ڕایگەیاند:  گرنگ ئەوەیە كوردێكی باش و پارتییەكی باش سەركەوێت. هەروەها ئەوەشىوت:  ئیتر قەزیەو كوردایەتیە، بابەتەكە دژایەتی نیەو گرنگ ئەوەیە ئەو پۆستە بۆ كورد بمێنێت، دواى پرۆسەکە قسەم دەبێت. ئەمەش لەکاتێکدایە پارتی شاخەوان عەبدوڵای لە کاندیدی بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان کشاندەوە و فەرهاد ئەتروشی بۆ پۆستەکە کاندید کرد، بەڵام رێبوار کەریم دەڵێت، لە کاندیدی ناکشێمەوە و بەردەوام دەبم.  لەلایەکى دیکەوە سەرچاوەیەک لە پەرلەمان بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، رێککەوتنێک هەیە لەنێوان لایەنە سیاسییە عێراقییەکان دەنگ بە فەرهاد ئەترووشی، کاندیدە نوێیەکەی پارتی، بدەن. رۆژی دووشەممە، سەرۆکی پەرلەمان و جێگری یەکەمی هەڵبژێردران. دواتر دوو گەڕی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان کران و کەسیان دەرنەچوون. شاخەوان عەبدوڵڵا لە پارتی و رێبوار کەریم لە رەوتی هەڵوێست بەربژێر بوون، لە گەڕی دووەم رێبوار کەریم 156 دەنگ و شاخەوان عەبدوڵڵا 102 دەنگی بەدەستهێنا.   دوای دەنگۆی کشاندنەوەی شاخەوان عەبدوڵڵا باسی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی گەڕی سێیەمی دەنگدانەکە دەکرێت. 

عەلی شەمخانی، راوێژكاری رابەری باڵای ئێران، دەڵسَت: هەر دوژمنكارییەك روبەڕوی وەڵامێكی توند دەبێتەوە، توانا موشەکی و بەرگرییەكانی ئێران لەناونابرێن و پێویستمان به مۆڵەت و رێگه پێدانیش نییە. ئەو لێدوانەی شەمخانی داوای ئەوەهات، دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: بیستومە ئێران هەوڵی بونیادنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەكانی دەدات، ئەگەر ئەوەبكەن جارێكی تر لەناوی دەبەینەوە. هاوكات وتیشی: ئەمریکا کراوەیە بۆ دانوستان بەتایبەت دوای لەناوبردنی شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران. پێشتریش ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا رایگەیاند: وڵاتەکەی چاودێری جموجۆڵەکانی ئیسرائیل دەکات و ئامادەیی خۆی بەهێزتر دەکات. ئاماژەی بەوەشکرد: هەر سەركێشەیەكی نوێ روبەڕوی وەڵامێکی زۆر توندتر لە جەنگی دوانزە رۆژە دەبێتەوە.  ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، ئسیرائیلیەكان پێشبینی دەكەن ناتانیاهۆ هەوڵی رازیکردنی ترەمپ بدات هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئەنجام بدەن بە مەبەستی لەناوبردنی بەرنامە موشەکییەكەی.

ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشدەکەنەوە سەر ئێران؟ ترەمپ وەڵام دەداتەوە.  

دەنگدان بۆ جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق چووە گەڕی دووەم و هیچ یەکێک لە شاخەوان عەبدوڵڵا و رێبوار کەریم نەیانتوانی 166 دەنگ بۆ دەرچوون بەدەستبهێنن.   رێبوار کەریم 153 دەنگ و شاخەوان عەبدوڵڵا 119 دەنگیان بەدەستهێنا، بڕیارە هەر ئەمشەو گەڕی دووەمی دەنگدانەکە بەڕێوەبچێت. دانەر عەبدولغەفار، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەوبارەیەوە ڕایدەگەیەنێت: نابێت لایەنێکی دیکە دەرەوەی کورد پۆستێکی کورد یەکلایبکاتەوە،  ئەوەی لە دەنگدانی خولی یەکەمی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان روویدا پێشهاتێکی مەترسیدرە. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو ئەو یارییانە ترسناکن چونکە پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و عێراقمان لە پێشە. ئەمڕۆ دووشەممە، دەنگدان بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە یەک گەڕدا یەکلایی بووەوە و هەیبەت حەلبووسی وەک بەربژێری ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان لەکۆی 309 پەرلەمانتاری ئامادەبوو 208 دەنگی بەدەستهێنا.   پاش ئەویش، ئەندامانى خولى نوێى پەرلەمانى عێراق بە 177 دەنگ، عەدنان فەیحانیان وەک جێگرى یەکەمى سەرۆکى پەرلەمان هەڵبژارد کە سەر بە بزوتنەوەى عەسائیبی ئەهلی حەقە.

هاتوچۆی سلێمانی داوا لە شۆفێران دەکات بە هیچ شێوەیەک ئاراستەی شاخی گۆیژە بەکارنەهێن بەهۆی داخرانی ڕێگەکە. ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی شۆفێران و دانیشتوانی شاری سلێمانی  ئاگادار دەکاتەوە، بەهیچ شێوەیەک بە ئاراستەی (شاخی گۆیژە ، دۆڵە میران ،ئەزمر ) نەڕۆن ، بەهۆی ئەوەی ڕێگەکە داخراوە ڕێگەی ڕۆیشتن تاوەکوو فلکەی کوردسات کراوەیە لەوە بە دواوە سەرکەوتن بەرە و دۆڵە میران بەرەو شاخی گۆیژە. بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی، ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی ئەوەی ئاستەنگێکی زۆری هاتوچۆ دروستبووە، بۆیە داوا لە شۆفێران و هاووڵاتییان دەکەین بە ئاراستەی ئەو سنوورە نەڕۆن و هەروەها تونێلی پێشرەو داخراوە. هاوکات  هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی دەڵێت: هەموو هاووڵاتیانی بەڕێز ئاگاداردەکەینەوە، کە سبەینێ پلەی گەرما تائاستێکی زۆر دادەبەزێت و گرفت بۆ ڕێگاوبانەکان و ئاستەنگ بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان دروستدەکات، لە پێناوی سەلامەتیی و تەندروستیی هەموواندا، داواتان لێدەکەین؛پابەندی تەواوی ڕێنمایی یەکەکارگێڕییەکان و هاتوچۆو بەرگریی شارستانیی و شارەوانییەکان بن. پارێزگاری سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژە بەوەشدەكات: هەموو یەکەکارگێڕیی و فەرمانگا پەیوەندیدارەکان وەک هەمیشە؛ لە خزمەتی هاووڵاتیاندا دەبن. پێویستە دامەزراوەکانی کەرتی تایبەتیش زامنی سەلامەتیی و تەندروستیی و هاتوچۆی تەواوی دامەزراوەو کارمەندەکانیان؛ بکەن.

بەهۆی شەپۆلێکی بەفربارینەوە، ئاستەنگیی هاتووچۆ لە زۆربەی رێگە سەرەکییەکانی نێوان شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دروست بووە و چەندین رێگەی سەرەکی داخراون. بە سەدان هاوڵاتى، کە ژن و منداڵیان لەگەڵدایە، لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیاندا گیریان خواردووە و داوای بەهاناوەچوون دەکەن  بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ھەولێر هۆشداری دەدات لە تەواوی سنووری پارێزگای هەولێر، بەهۆی ئەم شەپۆڵە چڕەی بەفربارین و دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ ئاستی زۆر نزم، ڕێگاکان دەبنە بەستەڵەک و شەختە، سەرەڕای ڕژاندنی خوێ لە ڕێگاکان، بەڵام هاتووچۆ بۆ ئۆتۆمبێلەکان ئەستەمە و داوا لە هاونیشتمانیان دەکات "تا دەتوانن لە ڕێگا شاخاوییەکان نزیک مەکەونەوە"، دڵنیاییش دەدات کە تیمەکان بەردەوام دەبن لە ڕاماڵین و ئێشکگر دەبن. ئەحمەد تەیب، هاونیشتمانییەکی گیرخواردوو، بە رووداوی گوت: "نزیکەی 200 ئۆتۆمبێلین، لە پشت حاجیاوا لە چیای ماکۆک گیرمانخواردووە و ئۆتۆمبێلەکانیش دەخلیسکێن. خێزان و منداڵ لە نێو ئۆتۆمبێلەکاندان و داوای بەهاناوەچوون دەکەین".   رێگەی هەولێر - کۆیە بەهۆی بەفربارینەوە داخراوە و کۆمەڵێک ئۆتۆمبێل لەسەر ئەو رێگەیەش گیریانخواردووە. عەبدوڵڵا شەمۆ، بە رووداوی گوت: "بەفرێکی زۆر لەسەر شەقامەکەیە و تەنیا ئۆتۆمبێلی بەرز و دەبڵ دەردەچن. 2 کاژێرە وەستاوین و ژن و منداڵمان لەگەڵ هەن. بەشێکی ئۆتۆمبێلەکان بەنزینیان نەماوە و کوژاندوویانەوەتەوە. وەرن بەهانامان. تەلفۆن بۆ بەرگریی شارستانیی هەولێر دەکەین، دەڵێن، ناوچەکەتان لە سنووری کاری ئێمە نییە."    رێگەی هەولێر-شەقڵاوە، سایدی چوون و هاتن داخراوە. هونەر ئەکرەم، هاونیشتمانییەکی گیرخواردووە لەسەر ئەو رێگەیە، بە رووداوی گوت: "تونێلی پیرمام بە هەردوو سایدی چوون و هاتن داخراوە و بە سەتان ئۆتۆمبێل کە خێزان، ژن و منداڵ لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیان ماونەتەوە. من سێ کاژێرە لەنێو ئۆتۆمبێلم، بەبێ ئەوەی بتوانم بڕۆم." لە چەند بەشێکی شەقامی نوێی هەولێر-گۆمەسپان بەهۆی بەفرباینەوە ئاستەنگی دروستبووەو هاونیشتمانییان داوای بەهاناوەچوون دەکەن. هەریەک لە هەردی ئیسماعیل و بڕوا فارس و بەدرەدین محەممەد، سێ هاونیشتمانیی گیرخواردوون، بە رووداویان راگەیاند: "رێگەکە یەک سایدە و تەواوی شەقامەکە داخراوە و خەڵک لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیان ماونەتەوە لە نزیک گوندی باخچەی گەورە. پێنج کاژێرە لەنیو ئۆتۆمبێلین. زیاتر لە هەزار ئۆتۆمبێل دەبن."   رێگەی سماقووڵی بەرەو رانیەش داخراوە. سەرکەوت محەممەد، هاونیشتمانیی گیرخواردوو، بە رووداوی گوت: "لە هەورازێکدا سێ ئۆتۆمبێل سەرنەکەوتن و تەواوی ئۆتۆمبێلەکانی دیکە مانەوە و بەفر زیاتر باری و رێگەکە داخرا. زیاتر لە 300 ئۆتۆمبێلین و تەنانەت ئۆتۆمبێلی دەبڵیش دەرناچێت. هیچ تیمێکی بەرگریی شارستانی لەوێ نین."   لە تونێلی ماوەرانیش ئاستەنگیی هاتووچۆ دروستبووە. محەممەد عومەر، شۆفێری بارهەڵگرە، بە رووداوی گوت: "شەقامەکە بەستوویەتی و هاتن و چوون نییە. زیاتر لە 3 کاژێرە لەسەر ئەو رێگەین، رێگەکە زیاتر بۆ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و بچووک زەحمەتترە و سەتان ئۆتۆمبێل ئیستا لەسەر شەقامەکە گیریان خواردووە و بەشێکیشیان ژن و منداڵیان لەگەڵ دان."

ئەنها ئەمڕۆ 33 توشبووی نوێی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی تۆمارکراوە، زیاتر لە 170 نەخۆشیش چارەسەری کیمیاییان بۆ کراوە، بۆ یەکەمجار لە کاتی پشوودا دوو چاندنی مۆخی ئێسک بە سەرکەووتویی لە نەخۆشخانەی هیوا ئەنجامدراوە، سەرەڕای دەیان پشکنینی جۆراو و جۆر و بینینی نەخۆش لەلایەن پزیشکەکانەوە. بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بڵاوی کردەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەمڕۆ پشووی فەرمی بوو لە سەرجەم فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام لە نەخۆشخانەی هیوا دەوامی فەرمی کراوە بۆ ئەوەی زۆرترین خزمەت بە تووشبوانی شێرپەنجە لە ئاستێکی باڵادا پێشکەش بکرێت. بەپێی ئەو ئامارەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بڵاوی کردووەتەوە، تەنها ئەمڕۆ 33 نەخۆشی نوێ تۆمارکراون، 367 نەخۆش سەردانی پزیشکانی نەخۆشخانەی هیوایان کردووە، 2000 پشکنیکی تاقیگەی جۆراوجۆر بۆ نەخۆشەکان ئەنجامدراوە، 195 نەخۆش سەردانی بەشی راکێشانی خوێنیان کردووە. لە ئامارەکەدا هاتووە، 628 نەخۆش سەردانی دەرمانخانەی نەخۆشخانەی هیوایان کردووە و دەرمان و چارەسەری پێویستیان وەرگرتووە، 107 نەخۆش پشکنینی تیشک و سۆنەر و دێکسا سکان و ئیکۆیان بۆ کراوە، 170 نەخۆش چارەسەری کیمیاییان وەرگرتووە، 52 نەخۆش چارەسەری رۆژانەیان وەرگرتووە، 100 نەخۆش لە بەشی فریاکەوتنی خێرا داخڵ کراون، 222 نەخۆش لە هۆڵ و قاوشە جیاجیاکانی نەخۆشخانەی هیوا داخڵکراون و چارەسەری پێویستیان وەرگرتووە. هەر ئەمڕۆ 210 نەخۆش ڤایتاڵیان بۆکراوە، 35 نەخۆش چارسەری سروشتیان بۆکراوە لەگەڵ 14 چارەسەری دەرونی و کۆمەڵایەتی بۆ سەردانیکاران. تەندروستی سلێمانی بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، 9 نەخۆشی پشکنینی مۆخی ئێسکیان بۆ کراوە، 5 نەخۆش سەردانی سەنتەری چاندنی مۆخی ئێسکیان کردووە، بۆ یەکەم جار لە کاتی پشووی فەرمیدا دوو چاندنی مۆخی ئێسک بە سەرکەووتویی لە نەخۆشخانەی هیوا ئەنجامدراوە .

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند سەرجەم ئەو 91 درۆنەی ئۆکرانیایان تێک شکاندوون کە بۆ هێرشکردنە سەر کۆشکی پووتین ڕەوانە کرابوون. لای خۆیەوە ئۆکرانیا تۆمەتەکان ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت ڕووسیا بە دوای پاساودا دەگەڕێت بۆ هێرشکردنە سەر کیێڤ.   ئەم ڕووداوە گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی گەیاندووەتە ئاستێکی نوێ. هەڕەشە ڕاستەوخۆکەی لاڤرۆڤ بۆ تۆڵەسەندنەوە، نیشانەی ئەوەیە ڕەنگە ڕووسیا هێرشێکی فراوانتر ئەنجام بدات. لە هەمان کاتدا ڕەتکردنەوەی ئۆکرانیا و تۆمەتبارکردنی ڕووسیا، ئەگەری گفتوگۆکانی ئاشتی لاوازتر دەکات.  سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا جەخت لەوە دەکاتەوە کردەوەی نابەرپرسانەی لەم جۆرە، بێوەڵام نامێنێتەوە و دەڵێت: ئەمە 'تیرۆری دەوڵەتی'یە و ئامانجەکانمان بۆ تۆڵەسەندنەوە دیاری کردووە.  لاڤرۆڤ جەختی لەوەش کردەوە کە ڕووسیا لە گفتوگۆکان ناکشێتەوە، بەڵام دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ هەڵوێستی مۆسکۆ دەکەنەوە. لای خۆیەوە ڤلۆدیمێر زێلێنسکی،سەرۆکی ئۆکرانیا تۆمەتەکان ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: مۆسکۆ بەم قسانە پاساو دەهێنێتەوە بۆ هێرشکردنە سەر باڵەخانە حکومییەکان لە کیێڤ.  ڕووداوەکە لە ڕۆژانی 28-29ی کانوونی یەکەمدا بووە و ئامانج لێی کۆشکی سەرۆکایەتی بووە لە ناوچەی نۆڤگۆرۆد. تا ئێستا ڕوون نییە کە لە کاتی هێرشەکەدا پووتین لە کۆشکەکەدا بووە یان نا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە ڕایگەیاند: گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق پێشێلکارییەکی نوێی ڕێککەوتنی ئاگربەستیان ئەنجامداوە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ناوچەیەکی نیشتەجێبوونیان لە دەوروبەری بەنداوی تشرین کردووەتە ئامانج. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی هێزەکانی سووریای دیموکرات، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 29ی کانوونی یەکەمی 2025، یەکەکانی چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق بە چەکی قورس و تۆپخانە، دەوروبەری یەکەکانی نیشتەجێبوونیان لە بەنداوی تشرین تۆپباران کردووە ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستدایە، بەڵام هەسەدە جەخت دەکاتەوە، ئەم کردەوانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای ڕێککەوتنەکان و تێکدانی سەقامگیری ناوچەکەیە. بەنداوی تشرین کە دەکەوێتە سەر ڕووباری فورات، یەکێکە لە گرنگترین وێستگە ستراتیژییەکانی دابینکردنی وزەی کارەبا و ئاو بۆ ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەم ناوچەیە لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار بووەتە گۆڕەپانی گرژییەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و لایەنە چەکدارەکانی دیکە، هێرشکردنە سەر دەوروبەری بەنداوەکە و ناوچە نیشتەجێبووەکان، مەترسییەکی جددی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیانی سڤیل و کارمەندانی وێستگەکە دروست دەکات و دەبێتە هۆی پەککەوتنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە ناوچەکەدا.

دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان، هەیبەت حەلبووسی وەک سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا و دەنگدان بۆ جێگرانی سەرۆکی پەرلەمان دەستپێدەکات. هەیبەت حەلبوسی بە زۆرینەی دەنگ وەک سەرۆکی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا. لەکۆی 309 دەنگ، هەیبەت حەلبوسی توانی 208 دەنگ بەدەستبهێنێت. دووشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەرچاوەیەکى ئاگادار لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، هەیبەت حەلبووسی کاندیدی حزبی تەقەدووم بە زۆرینەی دەنگ بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا. هەیبەت حەلبووسی لە خولی چوارەم و پێنجەمی پەرلەمان سەرۆکی لیژنەی نەوت و وزە بووە. هەروەها هەر یەکێکە لە سالم عیساوی 66 دەنگی بەدەستهێنا و عامر عەبدولجەبار 9 دەنگ و 26 دەنگیش پووچەڵ بوون. کاتژمێر 01:15 خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 292 ئەندامی دەرچوو، دەستیپێکرد. عامر فایز کە وەک بەتەمەنترین پەرلەمانتاری دەرچوو؛ سەرۆکایەتیی یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق کرد؛ دوای خوێندنەوەی ناوی دەرچووانی پەرلەمان و سوێندخواردنی پەرلەمانتارانی دەرچوو، دەرگای خۆکاندیدکردنی بۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردەوە.

لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر حەشارگەیەکی ڕێکخراوی داعش لە پارێزگای یالۆڤا لە باکووری ڕۆژئاوای تورکیا، سێ پۆلیس گیانیان لەدەستدا و شەش چەکداری داعشیش کوژران. دووشەممە 29ی کانوونی یەکەمی 2025، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، هێزەکانی پۆلیس لە گەڕەکی عیسمەت پاشا لە ناوەندی یالۆڤا، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵێک کە چەکدارانی داعشی تێدا بووە، بەڵام لە کاتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەدا چەکدارەکان تەقەیان لە هێزە ئەمنییەکان کردووە. یەرلیکایا لەبارەی زیانەکانەوە ئاماژەی دا: "بەهۆی هێرشەکەوە، سێ پۆلیس گیانیان لەدەستداوە، هەروەها هەشت پۆلیس و پاسەوانێکی گەڕەکەکە بریندار بوون. بەهۆی هەبوونی ژن و منداڵ لەناو ماڵەکەدا، ئۆپەراسیۆنەکە بە وردی و هەستیارییەکی زۆرەوە بەڕێوەچوو، توانرا پێنج ئافرەت و شەش منداڵ بە سەلامەتی ڕزگار بکرێن." وەزیری ناوخۆی تورکیا جەختی لەوەشکردەوە، هەر شەش چەکدارە کوژراوەکە "هاووڵاتیی تورکیان" و ئۆپەراسیۆنەکە کاتژمێر 09:40ـی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە کۆتایی هاتووە. هەروەها ئاماژەیداوە، تەنیا لە مانگی ڕابردوودا لە ئۆپەراسیۆنە جیاوازەکاندا 137 گومانلێکراوی داعش دەستگیرکراون، هاوکات بەرەبەیانی ئەمڕۆش  لە 15 پارێزگای تورکیا، 108ئۆپەراسیۆن لە  شوێنی جیاواز بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی سەر بە داعش ئەنجامدراوە. ئەمە لە کاتێکدایە بەرەبەیانی ئەمڕۆ، میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردبووەوە لەو ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەی شاری یالۆڤا، حەوت ئەفسەری هێزی پۆلیسی تورکیا لە کاتی بەرەنگاربوونەوەی شانەیەکی نووستووی داعش برینداربوون. هەفتەی ڕابردوو فەرماندەیی جەندەرمەی تورکیا هۆشداری لە ئەگەری هێرشی داعش لە شوێنە گشتیی و قەرەباڵغەکانی تورکیا ڕاگەیاندبوو، هەر لە هۆشدارییەکەدا ئاماژەیداوە، کە ڕێکخراوی داعش لە پلانیدایە لە ئاهەنگەکانی پێشوازی ساڵی نوێی 2026، هێرشی تیرۆریستی ئەنجام بدات.

فەرماندەی قەسەدە و یەپەژە سۆزدار حەجی ئاماژەی بەوەدا، داوی ڕووخانی ڕژێمی بەعس هاوسەنگییەکانی سووریا گۆڕاون و دەڵێت، ڕێککەوتنی ١٠ـی ئادار وەڵامگۆی داواکانی گەلانە، بەڵام هەندێک خاڵی جێبەجێ نەکراوە. ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) سۆزدار حەجی کە لە هەمانکاتدا ئەندامی شاندی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە بۆ دانوستان لەگەڵ دیمەشق، دۆخ و ئەو ڕووداوانەی لە ماوەی ساڵێکدا لە سووریا ڕوویانداوە بۆ ئاژانسی هەواڵیی فورات (ANF) هەڵسەنگاند. سۆزدار حەجی ئاماژەی بەوەدا لە سووریا لە ماوەی ساڵێک چەندین ڕووداوی خێرا ڕوویداوە و گوتی: "سیستەمی ڕژێمی بەعس کە زیاتر لە ٦٠ ساڵ حوکمڕانی سووریای کرد، ڕووخا. ئەمەش تەواوی هاوسەنگییەکەی گۆڕی. سووریا لە ڕووی جوگرافییەوە شوێنێکی ستراتیژییە و دراوسێی چەندین دەوڵەتە. هەربۆیە ئەم گۆڕانکارییە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هەرێمەکە هەبوو. دەوڵەتانی دراوسێ هەمیشە دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ئەو سیستەمەدا سەپاندووە. ڕووخانی سیستەمی ئێستا سوودێکی زۆری بۆ گەلان هەبوو، بەڵام ئەوەی جێگەی گرتەوە ئەگەر سیستەمێکی دیموکراتیک بوایە، ئەوا شتگەلێکی باش درووست دەبوو. لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەک هێز و سیستەم کارە سیاسی و ئیدارییەکانمان لەسەر بنەمای دیموکراسی کۆمەڵایەتی بەڕێوە دەبەین. زیاتر لە ١٠ ساڵە لەسەر ئەم سیستەمە دەڕۆین. گۆڕانکارییەکان کاریگەری لەسەر ئێمە و لەسەر پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا هەبوو. ئێران و ڕووسیا پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ سووریا هەبوو. بە تایبەت ڕووسیا کە تا ئێستاش پەیوەندیی لەگەڵ سووریا هەیە، بەڵام دوای ڕووخانی ئەو سیستەمەی ئێستا و ئەو سیستەمەی جێگەی گرتەوە، هیچ گۆڕانکارییەک لە ئایدۆلۆژیای بەعسییەکاندا ڕووینەداوە. ئەم گۆڕانکارییانە بۆ سووریا و هەموو هەرێمەکە گۆڕانکاریی مێژوویین". ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە بەردەوامی قسەکانییدا سۆزدار حەجی باسی لە پڕۆسەی ڕووخانی ڕژێمی بەعس و کاریگەرییەکانی لەسەر سووریا و هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد و گوتی: "لە ٢٧ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ ئۆپەراسیۆنێک لە سووریا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەتەشەوە دەستی پێ کرد. ئەمە لە سەرەتادا وەک پلانێکی بەرفراوان نەدەهاتە بەرچاو، بەڵام دواتر ئەوە ڕوون بووەوە کە لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنەی کە هەتەشە دواتر باسیشی کرد، ڕێگە بۆ هەیئەی تەحریر ئەل شام کرابووەوە کە دەست بەسەر هەموو سووریادا بگرێت. ئەمەش بەو مانایە دێت ئیدی لەگەڵ ڕژێمی بەعسدا نین و بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی ئەنجامیان دا ڕژێمی بەعس خزمەتی دەوڵەتە گەورەکان و دروسێکانی نەدەکرد، بەڵام ڕووخانی دەوڵەتێکی وەها ڕەگداکوتاو، خاوەن سوپا و ڕێکخراو لە ماوەی ١٢ ڕۆژدا کاری هێزە دەرەکییەکانە، نەک هێزە ناوخۆییەکان. یەکێک لەو گرووپانەی کە هێرشەکەیان ئەنجامدا هەتەشە بوو، کە گەشتنە دیمەشق، لە حەلەبەوە تا دیمەشق شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە ڕووینەدا و دەستیان بەسەر دیمەشقدا گرت". هێرشەکان لەسەر حەلەب، تەل ڕەفعەت و شەهبا سۆزدار حەجی ڕایگەیاند، ئەو هەرێمانەی کە ئەوانی تێدان و هەرێمی شەهبا کە خەڵکی عەفرین پەنایان بردووە، هاوشان لەگەڵ حەلەب، کەوتۆتە بەر هێرشی قورسی گرووپە چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک و گوتی: "وەک هەنگاوی دەستپێک هێرش کرایە سەر تەل ڕەفعەت، شەهبا و تەنانەت لەسەر هەردوو گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب، کە تا ئێستاش هەرکاتێک دەرفەتیان بۆ ڕەخسا هێرش دەکەنە سەریان. لە ناوچەکانی شێراوا، تەل ڕەفعەت و هەرێمی شەهبا بەرخۆدانێکی بێهاوتا لە بەرانبەر ئەو گرووپانە ئەنجام درا. بەوپێیەی گەلەکەمان بە کۆمەڵکوژییدا تێپەڕیبوو، وەک فەرماندەکانی قەسەدە و یەپەژە دۆخەکەمان هەڵسەنگاند و ئەو ڕاستییەی باسمان کرد زۆر ڕوون بوو. هەربۆیە پێش ئەوەی ئەو گرووپانە دەست بە هێرشەکانیان بکەن، پێویستمان بە جێگیرکردنی درووست هەبوو، بۆ ئەوەی گەل بپارێزین، تاوەکو بڕیارێکی دیکە دەدرێت". بەرخۆدانی گەل و منداڵان لە بەنداوی تشرین فەرماندە سۆزدار حەجی باسی لە بەرخۆدانی هێڵی بەنداوی تشرین و قەرەقۆزاق کرد و گوتی: "دوای ئەوە شەڕەکە لە مەنبەج، قەرەقۆزاق، بەنداوی تشرین و تەنانەت دێر حافر بڵاوبووەوە. لەو هێڵانەدا شەڕ و بەرخۆدانێکی زۆر بەرفراوان ئەنجام درا. هەروەها بەرخۆدان لەو هەرێمانەی کە پێشتر دەمانویست لە سیستەمی بەعس ڕزگاریان بکەین و گەلان لە گرووپە چەتەکان و داعش بپارێزین بڵاوبووەوە. ئێمە خۆمان لە دژی گرووپە چەتەکان لە دێر حافر و گوندی مەسکەنە، هێڵی ئەسریا و تا دێرەزوور جێگیرکرد. چونکە نزیکایەتی ئەو گرووپانە لە دژی ئێمە هەمان ئەو نزیکایەتییەیە کە ساڵانێک ئەنجام دەدرا. چونکە زیهنیەتی ئەوان بۆ ڕزگارکردنی سووریا لە ڕژێمی بەعس و شۆڕشێکی ئازادیی نەبوو کە گەلان ڕزگار بکات. شەڕی ئەوان دژی سیستەمی دیموکراسی و خۆبەڕێوەبەری بوو. ئەو هێرشانەی کە بۆ سەر هێزەکانمان ئەنجامدرا هەموویان بە تەکنەلۆژیا و هاوکاری دەوڵەتی دووەمی ناتۆ بوو، بەڵام لە بەرانبەردا گەنجانی هەرێمەکە لە هەموو پێکهاتەکانەوە بە تاکتیکی شەڕی ئەو قۆناغە، بەرخۆدانێکی بێهاوتایان پەرەپێدا. لەم لایەنەوە لە بەنداوی تشرین گەل و منداڵانی گەل، بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بۆ ماوەی چەند مانگێک بەرخۆدانێکیان بۆ پاراستنی بەنداوەکە ئەنجامدا و گوزارشتیان لە کۆمەڵگەی دیموکراتیک کرد کە چۆن خۆیان و شەڕڤانەکانیان بپارێزن". 'قەسەدە ڕێگەی لە سەرهەڵدانەوەی داعش گرت' فەرماندە سۆزدار حەجی ئاماژەی بەوەشدا، قەسەدە ڕێگەی لە سەرهەڵدانەوەی داعش گرتووە، گوتی: "بەهۆی ئەم شەڕەەوە بۆشاییەکی ئەمنی دروست بوو و داعش جارێکی دیکە ویستی سوود لەم زەمینە وەربگرێت و بەشێوەیەکی بەهێز بگەڕێتەوە هەرێمەکە. دەربازبوونی هێزەکانی قەسەدە بۆ شارەکانی دێرەزوور، مەیادین و بو کەمال ڕێگری لەمە کرد. هەروەها پێشتر لەو هەرێمانە، لە بەرانبەر ئێمە و هەرێمەکەمان، هێرشەکانیان بە ناوی دیفاع ئەل وەتانی و هۆزەکان کە دۆستایەتی ڕژێمی بەعسیان دەکرد لە ڕێگەی داعشەوە ئەنجامیان دا. ئەو هەنگاوەی قەسەدە لە دێرەزوو گریتەبەر، ڕێگری لە خەون و خەیاڵەکانی داعش کرد. دەربازبوونی قەسەدە بۆ ئەو هەرێمانە بە شێوەیەکی سەلامەت بوو. هەروەها بە شێوەیەکی سەلامەت هەرێمەکە ڕادەستی حکومەتی ڕاگوزەر کرا. ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی ئێمە گوزارشت لە هەمان وڵات دەکەین و تەماحێکی جیاوازمان نییە. بەم شێوەیە هەنگاوی زۆر سەرکەوتوو لە بەرانبەر داعش نرا. داعش ئێستا دەیەوێت هەرکاتێک دەرفەتی بۆ ڕەخسا خۆی لە هەرێمەکەدا جێگیر بکات. دەیان هێرش هەبووە کە داعش ویستویەتی لە ماوەی ئەمساڵدا لە دژی ئێمە ئەنجامی بدات، لە بەرانبەر ئەوەشدا ئۆپەراسیۆنەکانی قەسەدە بە هاوکاری هاوپەیمانانی نێونەتەوەیی لە دژی داعش ئەنجام درا و سەرکەوتووبوون". 'بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ لە کات و شوێنی خۆیدا بوو' سۆزدار حەجی لەسەر کاریگەریی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا، ئەم بانگەوازە کاریگەری ئەرێنی و گەورەی لەسەر سووریا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەبووە و گوتی: "لە ماوەی ئەمساڵدا بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام درا. ئەم بانگەوازە وەک دەرمانێک بوو بۆ ڕاگرتنی شەڕەکان. لە پڕۆسەیەکدا کە تێیدا کوشتنی یەکتر و سەپاندنی دەسەڵات بەسەر هەموو بەهاکانی کۆمەڵگە و بەتایبەتی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کە هەمیشە ئێمەی وەک هەڕەشەیەک دەبینی، ئەم بانگەوازە کرا. ئەم بانگەوازە لە کاتی خۆیدا بوو. ڕێبەر ئاپۆ لە پڕۆسەیەکی هێندە هەستیاردا بانگەوازی ڕاگرتنی شەڕی کرد کە پرسەکان لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێن. پێویستە ئەم دانوستانانە بە شێوەیەکی ئازاد و دیموکراتیک بن. بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ کاریگەریی لەسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و لەسەر تەواوی سووریا هەبوو. داوای بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ هاوپەیمانێتییەک درووستکرا. هەربۆیە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ لە کات و شوێنی خۆیدا بوو. چونکە متمانەیەکی زۆر بەم بانگەوازە هەیە". 'ڕێککەوتنی ١٠ـی ئادار ڕێگەی لە قڕکردنی کۆمەڵگە گرت' لە کۆتایی قسەکانییدا سۆزدار حەجی باسی لە ڕێککەوتنەکەی ١٠ـی ئاداری کرد لە نێوان قەسەدە و حکومەتی ڕاگوزەری سووریا واژۆکرا و گوتی: "لە ١٠ـی ئاداری ٢٠٢٥ ڕێککەوتنێک واژۆ کرا. ڕێککەوتنێکی بەجێ بوو و وەڵامگۆی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بوو. ڕێککەوتنی ١٠ـی ئادار ڕێگری لە قڕکردنی کۆمەڵگە گرت و دەرفەتێکی بۆ هەموو هێزەکان ڕەخساند کە چۆن بتوانن دانوستاندن لەگەڵ یەکتردا بکەن. خاڵەکانی ڕێکەوتنەکەش گرنگن و پێویستە پابەندی بن بۆ ئەوەی گەل لەناونەبرێت و ئەو ڕووداوانەی لە ڕابردوودا ڕوویانداوە دووبارە نەبنەوە. چونکە ئێمە بە ئامانجی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەی دیموکراتیک، ئیکۆلۆژی و ئازادی ژن تێکۆشانمان ئەنجام داوە و هەزاران شەهیدمان داوە. هەربۆیە ناتوانین وەک پێشتر بژین. ئەم ڕێککەوتنە کە واژۆ کرا،  ڕووداو و ئەوشتانەی پێشتر ئەنجام دراوە پەسەند ناکات. وەڵامێک بۆ هەموو پێکهاتەکان و بەتایبەت بۆ گەلی کورد بوو. گەلی کورد لەم ڕێککەوتنەدا مافی خۆیەتی وەک هاووڵاتی هەموو وڵاتان بژی و خزمەت بە وڵاتەکەی بکات. پێویستە هەموو پێکهاتەکان بە ناسنامە، زمان و کەلتووری خۆیان بژین. تا ئێستا هیچ کام لە خاڵەکانی ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکراون. تاکە خاڵێک کە جێبەجێ کراوە، نەبوونی شەڕە و سەرەڕای ئەوەش هەمیشە شەڕ لە سەرتاسەری سووریادا هەبووە".

شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران روو لە کوردستان دەکات و کەشەکە بەتەواوەتی دەیبەستێ، بەجۆرێک لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان پلەی گەرما دەچێتە ژێر سفر پلەی سیلیزی و زیاتریش. کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ دوو شەممە   29-12-2025 کەش / ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت لەکاتەکانی بەیانی شەپۆڵێکی تری بەفر و باران هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە بەجۆرێک لەکاتەکانی بەیانی سەرەتا لەناوچە سنوورییەکانی رۆژئاوای پارێزگای دهۆک دەست پێ دەکات پاشان بۆ کاتەکانی دوایی نیوەڕۆ تەواوی ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە, لەزۆربەی ناوچە شاخاووییەکان  وە هەروەها سەنتەری پارێزگاکانی (دهۆک , سلێمانی, هەڵەبجە ) وە دەوروبەری سەنتەری پارێزگاکانی ( هەولێر و کەرکوکیش) دەگرێتەوە لەگەڵ نمە باران لەناوچە نزمەکانی هەرێم. پاشان بۆ کاتەکانی شەو کاریگەری لاواز دەبێت ناوچە شاخاوییەکان نەبێ دابارینی کرێوە بەردەوامی دەبێت. سەبارەت بە بری دابارین بۆ ناوچە شاخاوییە بەرزەکان پێشبینی (15-30 ) سم وە بۆ ناوچە نیمچە شاخاوییەکان (5-15 ) سم دەکرێت.   خێراى با / مام ناوەند  ( 10 – 25 ) کم/ک. لەزۆربەی کاتەکان بە چالاکی دەمینێتەوە لەهەندی کات زیاد دەبێت بۆ سەرووی 35 کم/ک بەتایبەتی بۆ کاتەکانی نیوەڕۆ.  ئاراستەی با /  باشووری خۆرهەڵات دەبێت. پلەکانی گەرما /  بەشێوەیەکی بەرچاو نزم دەبنەوە بە ( 5- 8 ) پلە  بە جۆرێک لەزۆربەی ناوچەکان لەسفری سلییزی نزیک  دەبنەوە وە ناوچە شاخاوییەکان لەژێر سفر دەبن مەوداى بینین /  لەنێوان ( 6 – 8 ) کم دەبێت لەکات و وشوێنی دابارین ( 3-5 ) پلە دەبێت سبەى سێ شەممە 30-12-2025 کەش/ ئاسمان نیمچە هەور دەبێت بەڵام لەناوچە شاخاوییەکان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی بەفرێکی کەم لەناوچە شاخاوییەکان زیاتر لەناوچە سنووریەکانی رۆژهەڵات پاشان بۆ کاتەکانی نیوەرۆ کەش سەقامگیر دەبێتەوە.   خێراى با / لەسەرخۆ- مام ناوەند   ( 10 – 20 ) کم/ک ئاراستەی با /باکووری خۆرئاوا بۆ باکووری خۆرهەڵات دەگۆرێت. پلەکانی گەرما / بەگشتی بەنزمی دەمینێتەوە  وە نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ  تەنها ناوچە نزمەکان نەبێ کەمێک بەرز دەبنەوە بە ( 1-2 )پلە بەراورد بە  تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە. مەوداى بینین / لەکاتی بەیانی ( 5 – 6) کم دەبێت. پاشان بۆ ( 7 – 9 ) زیاد دەبێت  بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 5 پلەی سیلیزی سلێمانی : سفر پلەی سیلیزی دهۆک : 1-  پلەی سیلیزی زاخۆ  : 2-  پلەی سیلیزی کەرکوک : 6 پلەی سیلیزی  هەڵەبجە : 2 پلەی سیلیزی سۆران: 1- پلەی سیلیزی ئاکرێ : 1-  پلەی سیلیزی ئامێدی: 4-  پلەی سیلیزی گەرمیان : 7 پلەی سیلیزی

پارتی، شاخەوان عەبدوڵڵای وەک کاندید بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دیاری کرد؛ هاوکات فەرهاد ئەتروشی کردە سەرۆکی فراکسیۆن.  سیپان شێروانی، ئەندامی دەرچووی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2025ـی فراکسیۆنی پارتی، بە سەرۆکایەتیی ئامینە زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی؛ شاخەوان عەبدوڵڵا وەک کاندیدی پارتی بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دیاری کرا، هاوکات فەرهاد ئەتروشی وەک سەرۆکی فراکسیۆنی حزبەکە دەستنیشان کرا.  ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی پەرلەمان، لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان و فراکسیۆنەکانی دیکەی پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ دەکەن، بۆ ئەوەی دەنگی پێویست بۆ سەرخستنی کاندیدی پارتی بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان کۆبکەنەوە.  شێروانی ڕوونیشی کردەوە "چاوەڕێ دەکەین لە نێو ماڵی کوردی و لایەنە سیاسییەکانی دیکەشدا کۆدەنگییەک هەبێت بۆ سەرخستنی کاندیدی پارتی، چونکە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، پێویستی بە ڕێککەوتنی سیاسی و زۆرینەی ڕەهای 50%+1 هەیە." شاخەوان عەبدوڵڵا بۆ جاری دووەمە بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان کاندید دەکرێت، بەوپێیەی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراقیش، ئەو پۆستەی وەرگرتبوو.  بڕیار بوو کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 29ی کانوونی یەکەمی 2025، یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت؛ بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ کاترمێر 01:00ـی نیوەڕۆ دواخراوە.  لە سەرەتای کۆبوونەوەکە، سەرجەم ئەندامانی دەرچووی پەرلەمانی عێراق کە ژمارەیان 329 کەسە، سوێندی دەستووری دەخۆن. دواتر  دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و دواتر بۆ هەردوو جێگرەکەی دەکرێتەوە. هەڵبژاردنەکە بە شێوەی دەنگدانی نهێنی و ڕاستەوخۆ بەڕێوەدەچێت.