شارەزایەکی کەشناسی ڕایدەگەیەنێت، هیچ مەترسییەکی دروستبوونی لافاو نییە، بەڵام لە سبەی نیوەڕۆوە بەفربارین دەگاتە سەنتەری بەشێک لە شارەکان و پلەکانی گەرما زۆر نزم دەبنەوە. محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئاشکرای کرد، سبەی (دووشەممە) لە کاتەکانی نیوەڕۆوە بەفربارین دێتە سەنتەری پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک، هەروەها قەزاکانی سۆران و مێرگەسوور و ئەو ناوچانەی 700 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزن. سەبارەت بە بڕی بارانبارینەکە، ئەو شارەزایە دڵنیایی دەدات کە "مەترسیی جددیی دروستبوونی لافاو لە هیچ شوێنێک نییە" و دۆخەکە تەنیا کەشێکی باراناویی ئاسایی زستانەیە. بەگوێرەی پێشبینییەکان، بەتایبەت دوای سەریساڵ پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزین بەخۆیانەوە دەبینن؛ بەجۆرێک لە پێنجوێن دەگاتە 15 پلەی ژێر سفر و لە سلێمانیش 7 پلەی ژێر سفر تۆمار دەکرێت.
بڕیارە سبەی لە شاری بەغدا، پڕۆسەی دادگاییكردنی دوو ئەفسەری باڵای رژێمی پێشوو بە پلەی لیوا دەستپێبکات، کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی تاوان دژی مرۆڤایەتی و تێوەگلان لە کۆمەڵکوژیی بارزانییەکان. ئەم دادگاییكردنە دوای ئەوە دێت کە هێزە ئەمنییەکان هەردوو تۆمەتبارەکەیان دەستگیر کردووە و یەکێکیان لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا دانی بە چۆنیەتی ئەنجامدانی تاوانەکاندا ناوە. بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامە فەرمیانەی لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق و سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ڕەسافەوە دەرچوون، هەردوو تۆمەتباری سەرەکی، بریتین لە لیوا شاکر تەها یەحیا غەفور ئەلدوری و لیوا سەعدون سەبری جەمیل ئەلقەیسی. دادگا بە فەرمی یاداشتی ئامادەبوونی بۆ دەرکردوون تاوەکو بەپێی ماددەکانی 12 و 15 لە یاسای دادگای باڵای تاوانەکان، کە تایبەتن بە تاوانە نێودەوڵەتییەکان و جینۆساید، دادگایی بکرێن. لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا، لیوا شاکر ئەلدوری بە وردی باسی لەو نەخشە و پیلانانە کردووە کە بۆ دەستگیرکردن و بێسەروشوێنکردنی بارزانییەکان پەیڕەو کراون، ئەم دانپیانانە وەک بەڵگەیەکی گرنگ لە دانیشتنی دادگای تاوانەکانی ڕەسافە دەخرێتە ڕوو. هاوکات تیمی پارێزەرانی دۆسیەی بارزانییەکان و نوێنەری کەسوکاری قوربانییان لە هۆڵی دادگا ئامادە دەبن بۆ چاودێریکردنی پڕۆسەکە و بەرگریکردن لە مافی یاسایی قوربانییان. بەڵگەنامەکان ئاماژە بەوە دەکەن، دادگا لیستی ناوی 35 سکاڵاکار و شایەتحاڵی ئامادە کردووە کە دانیشتووی ناوچەکانی بارزان، هەریر، سۆران، پیرمام، مەسیف و ناحیەی بەحرکەن، ئەم هاووڵاتیانە وەک لایەنی سکاڵاکار لە دۆسیەی ژمارە 9/ج/2025 بانگهێشت کراون تاوەکو گەواهییەکانی خۆیان لەسەر ئەو کارەساتانە بدەن کە لە سەردەمی رژێمی بەعسدا بەسەر کەسوکاریاندا هاتووە. جینۆسایدی بارزانییەکان یەکێکە لە برینە قووڵەکانی مێژووی گەلی کورد، کە تێیدا لە ساڵی 1983دا نزیکەی 8000 مرۆڤی بێتاوان لە تەمەنە جیاوازەکاندا، لە کۆمەڵگە زۆرەملێیەکانەوە ڕاپێچی بیابانەکانی باشووری عێراق کران و لەوێ بێسەروشوێن کران، ئەم دادگاییكردنەی ئێستا کە بڕیارە لە ڕێکەوتی 28/12/2025 بەڕێوە بچێت، بە هەنگاوێکی مێژوویی دادەنرێت بۆ سزادانی ئەو تاوانبارانەی کە هێشتا لە ژیاندا ماون و دەستیان لەو کۆمەڵکوژییەدا هەبووە.
حەیدەر مەلا، سەرکردە لە هاوپەیمانی عەزم ئاشکرای دەكات: ئەنجومەنی نیشتمانی سوننەكان بە نیازە سبەی یەکشەممە کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدات، بۆ بڕیاردان لەسەر یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان. حەیدەر مەلا، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی "ئەلجبال"ی راگەیاندووە: كۆبونەوەی سبەینێ دوا هەوڵە بۆ یەكلاكردنەوەی دۆسییەی سەرۆکی پەرلەمان و رێککەوتن لەسەر کاندید بۆ ئەو پۆستە، ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، بە زیاتر لە کاندیدێک دەچینە دانیشتنەكەوە، پرسەكەش بۆ نوێنەرانی چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزە کوردییەکان جێدەهێڵین. لەلایەکی دیکەوە، موهەنەد خەزرەجی، ئەندامی هاوپەیمانی سەروەری رایگەیاند: تا ئێستا کاندیدەکانی ئەنجومەنی سیاسی بۆ سەرۆکی پەرلەمان محەمەد حەلبوسی و موسەننا سەمەڕائی_ن. وتیشی:کۆبونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی سیاسی، هەوڵی کۆتایی دەبێت بۆ رێککەوتن لەسەر یەک کاندید، كە هەموو لایەك پشتیوانی بكەن، هەرچەندە قورسە ئەمە رووبدات، بەهۆی پێداگریی سەمەڕائی و حەلبوسی لەسەر کاندیدبونیان. ئاماژەی بەوەشکردووە: تا ئێستا هیچ ڤیتۆیەکی فەرمی لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی سەبارەت بە کاندیدکردنی كەسیایەتیەكی دیاریکراویان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان پێنەگەیشتووە، ئەوەی لەبارەیەوە دەیبیستن لەڕێگەی میدیاكانەوە یان لە سەرچاوە نافەرمیەکانەوەیە. لەلایەکی دیکەوە، هەندێك سەرچاوەی تر باسیان لە ئەگەری ئەوە کردووە، هیبەت حەلبوسی، سەرکردە لە حزبی تەقەدوم، کاندیدبونی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان رابگەیەنێت، ئەوەش لە پێشهاتێكی نوێدا، كە ئاماژەیە بۆ لێكترازان لەناو حزبەکەدا. جەمال کەربولی، سەرۆکی حزبە حەل، لە سەكۆی "ئێكس" ئاماژەی بە ئەگەری کودەتاو دابەشبون لەناو حزبی تەقەدوم کردووەو رایگەیاندووە، ئەگەرى گۆڕانكاری ریشەی و ئاوەژووبونەوەی دۆخەكە هەیە.
بەهۆی بەفربارینەوە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە هاوردەکردنی کاڵا، هاتوچۆی بازرگانی و گەشتیاری لە دەروازەى کێلێ ڕاگیراوە، بارهەڵگرێکیش خلیسکا و وەرگەڕا، لە ئەنجامدا گڕی گرت شۆفێرەکەی بریندار بوو. لە دەروازەى کێلێ تاوەکو ئێوارەى ئەمڕۆ 20 بۆ 30 سانتیمەتر بەفرباریوە. خدر سەیدا، جێگرى بەڕێوەبەری گومرگی ڕاپەڕین بە کەناڵ8ـى گوت "لە هەردوو دیوى ڕۆژهەڵات و باشوورى هاتوچۆ لە دەروازەکە داخراوە و لەگەڵ ئەوەى تیمەکان سەرقاڵى پاککردنەوەى ڕێگاکەن، بەڵام ڕێژەى دابارین زۆرە و فریا ناکەون بەتەواوى ڕێگەکە پاکبکەنەوە". جێگرى بەڕێوەبەری گومرگی ڕاپەڕین ڕاشیگەیاند، ژمارەیەک شۆفێری بارهەڵگری دەروازەى کێلی لەسەر سنوور گیریان خواردووە تیمەکان هەوڵدەدەن لە زوووترین کات بگەنە لایان. هەر بە کاریگەرى بەفربارینەکە، ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لە ڕێگای دەروازەى کێلێ کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە وەرگەڕاوە پاشان گڕى گرت و شۆفێرەکەى بریندار بوو. د. ئازاد ئەحمەد بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى فێرکارى قەڵادزێ بە کەناڵ8ى گوت، شۆفێرى ئۆتۆمبێلەکە خەڵکى قەڵادزێیە و لە نەخۆشخانەى فریاکەوتنى شارەکە چارەسەر وەردەگرێت و تەندروستى جێگیرە. دەروازەى کێلێ دەکەوێتە باکووری ڕۆژھەڵاتی قەڵادزێ و هاوسنووری شاری سەردەشتى ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، دەروازەکە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لێوەدەکرێت و ساڵانە سەدان گەشتیار لەو ڕێگەیەوە ھاتوچۆ دەکەن. شەپۆلی بارینی بەفر و باران زۆرینەى ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و کەشناسى پێشبینى کردووە لەم شەپۆلەدا بەفر لە ناوەندى چەند شار و شارۆچکەیەک ببارێت.
هەریەک لە کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ و بۆردی هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ بڕیارە سبەى یەکشەممە کۆببنەوە، بۆ بڕیاردان لەسەر قۆناغی داهاتووی هاوکاری زیان لێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ. کۆبوونەوەی کۆمیسیۆن و بۆردی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کە 16 کەسن، کاتژمێر 10 کۆبونەوەکەیان ئەنجامدەدەن، بۆ بڕیاردان لەسەر پرسی، سکاڵای ئەو کەسانەی کە لیژنەکان سەردانی نەکردوون یاخود داوایانکردووە ئەو هاوکارییەی پێیاندراوە زیاد بکرێت. بەگوێرەی زانیارییەکانى کەناڵ8، سکاڵای ئەو زیانلێکەوتووانەی لافاوەکەی چەمچەماڵ داخڵی سیستم دەکرێت و لیژنەکە پێداوچوونەوەی پێدا دەکات و بڕیاردەدەن لەسەر سکاڵاکان. هەر لە کۆبوونەوەکە لیژنەکە بڕیاردەدات لەسەر میکانیزم و چۆنیەتی قەرەبووکردنەوەی ئۆتۆمبێل و دووکانەکان، بەوپێیەی 700 ئۆتۆمبێل و 200 شوێنی بازرگانی زیانیان بەرکەتبوو، هەروەها رۆژى هاوکارییەکەش دیاریدەکرێت کە زیانلێکەوتوان بتوانن چەکى بانکییەکانیان وەربگرن و قەرەبوو بکرێنەوە. پێشتر کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ دڵنیایی تەواوى بە سەرجەم زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ داوە کە لەو بڕە پارەیەی کۆکراوەتەوە، هاوکاری دەکرێن و قەرەبوو دەکرێنەوە. ڕۆژی 9ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەهۆی بارانێکی بەخوڕەوە لافاو لە شارۆچکەی چەمچەماڵ، شۆڕش و تەکیە و چەند ناوچەیەکی دەورووبەری دروستبوو، بەهۆیەوە زیانێکی زۆر بەر ماڵی هاونیشتمانیان، فەرمانگەی حکومی و بازاڕ و شوێنە گشتییەکان کەوت. بۆ هاوکاری و قەرەبووکردنەوەی زیان لێکەوتووانی لافاوەکە، قوباد تاڵەبانی شوێنی بازرگانی، نووسینگەکەی ڕاسپارد بۆ پێکهێنانی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ بە سەرۆکایەتی عەتا محەممەد پێکهێنرا، لەڕێگەی ئەو کۆمیسیۆنەوە لیژنە پێکهێنرا بۆ سەردانی ماڵ و ئەو شوێنانەی زیانیان بەرکەوتووە و لەڕێگەیەوە زیانەکان خەمڵێنران، هەروەها بڕی 13 ملیار دینار لەڕێگەی کۆمیسیۆنەکەوە کۆکرایەوە بۆ هاوکاری کردنی زیانلێکەوتووان. لە لافاوەکەی چەمچەماڵدا زیاد لە هەزار و 300 خانوو، زیاد لە 700 ئۆتۆمبێل و 200 شوێنی بازرگانی و شەش فەرمانگەی حکومی زیانیان بەرکەوت، لە سەرەتادا بڕی هاوکاری لە 25 هەزارەوە تاوەکو شەش ملیۆن دیناربوو، بەڵام دواتر کۆمیسیۆنەکە بڕیاریدا 500 هەزار وەک کەمترین بڕ دیاریبکرێت بۆ ئەو هاوکارییەی دەدرێتە زیانلێکەتووان.
دوای هێرشەکەی شەوی ڕابردووی ڕووسیا بۆ سەر کیێڤ، زێلێنسکی ڕایگەیاند، "ڕووسیا نایەوێت کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت". شەممە 27ـی کانوونی یەکەمی 2025، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، پێش رۆیشتنی بۆ گفتوگۆ کردن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە بارەی پلانی ئاشتی ئۆکرانیا، ڕایگەیاند، دوایین هێرشی ڕووسیا بۆ سەر کیێڤ دەریدەخات کە ڕووسیا نایەوێت کۆتایی بە شەڕ بهێنێت. زێلێنسکی دوای هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی بالیستی ڕووسیا کە بە هۆیەوە لانیکەم کەسێک کوژرا، گوتی،"ئەوان هەوڵدەدەن هەموو دەرفەتێک بقۆزنەوە بۆ ئەوەی ئازاری زیاتر بە ئۆکرانیا بگەێنن و فشارەکانیان لەسەر وڵاتانی دیکە لە سەرانسەری جیهان زیاد بکەن". زێلێنسکی ئاماژەی بەوەکردووە، ڕووسیا لە شەوێکدا بە نزیکەی 500 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و 40 مووشەک هێرشی کردووەتە سەر ئۆکرانیا و کەرتی وزە و ژێرخانی مەدەنی ئۆکرانیا کراوەتە ئامانج. سەرۆکی ئۆکرانیا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" نووسیویەتی: "ئەگەر ڕووسیا تەنانەت ماوەی کریسمس و سەری ساڵیشی کردبێتە سەردەمی وێرانبوونی خانوو و شوقە سووتاو و وێستگە داڕماوەکانی کارەبا، ئەوا پێویستە بە ڕێوشوێنی بەهێزی ڕاستەقینە ڕووبەڕووی ببینەوە، هاوکات داوای لە ئەمریکا و ئەوروپا کردووە فشارەکانیان بۆ سەر ڕووسیا لە بارەی ڕاگرتنی هێرشەکانەوە زیاتر بکەن. ئەم قسانەی زێلێنسکی لە کاتێکدایە کە وابڕیارە یەکشەممە 28ـی کانوونی یەکەم، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، کۆبوونەوەیەک لە بارەی پلانی ئاشتی لە ئۆکرانیا ئەنجام بدەن. لەمبارەیەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، لە چاوپێکەوتنێکی ماڵپەڕی "پۆلەتیکۆ" سەبارەت بە لووتکەی ڕۆژی یەکشەممەی مار ئالاگۆ گوتی: " سەرۆکی ئۆکرانیا هیچی نییە بۆ ئەوەی من پەسەندی بکەم، بۆیە دەبینن چی دەبێت". ترەمپ جەختی کردەوە ئەو "بڕیاردەری کۆتاییە" لە هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتیی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، و ئاماژەی بەوەش کرد هەر دەستپێشخەرییەک بەبێ ڕەزامەندی ئەو "بێ بەهایە". بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی "ڕۆیتەرز" و "فرانس پرێس"، کۆبوونەوەکە تیشک دەخاتە سەر پرسە خاکییەکان کە گەورەترین بەربەستن لەبەردەم کۆتاییهێنان بە جەنگ. پلانە پێشنیازکراوەکەی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان ئەمانە لەخۆ دەگرێت: ڕاگرتنی جەنگ لەو شوێنەی ئێستا هێزەکانی تێدایە. هەروەها فشارخستنە سەر ئۆکرانیا بۆ کشانەوە لە بەشەکانی دیکەی ناوچەی دۆنێتسک کە نزیکەی %20ـی خاکەکەی پێکدەهێنێت، بەگوێرەی داواکارییەکانی ڕووسیا. لەگەڵ پێشنیازی بەڕێوەبردنی هاوبەش لەنێوان (ئەمەریکا، ڕووسیا و ئۆکرانیا) بۆ گەورەترین وێستگەی ئەتۆمی ئەوروپا. ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە زێلێنسکی پێشتر پلانە نوێکراوەکەی ئەمەریکای ڕەتکردووەتەوە. لە بەرامبەردا ڕووسیا ڕەخنەی لە هەڵوێستەکەی کیێڤ گرتووە و تۆمەتباری کردووە بەوەی هەوڵی پەکخستنی دانوستانەکان دەدات.
بەرپرسێکی ئیسرائیلی رایگەیاند، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە بەرەو ئەمریکا بەڕێدەکەوێت و رۆژێک دواتر لە فلۆریدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبێتەوە. ئەوە دەبێتە پێنجەمین سەردانی نەتەنیاهوو بۆ لای ترەمپ لە ئەمریکا لە ئەمساڵدا. سەردانەکە لە کاتێکدایە ئیدارەی ترەمپ و نێوەندگیرە هەرێمییەکان گوشار دەکەن بۆ ئەوەی قۆناخی دووەمی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە دەستپێبکات. نێوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەم، ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاندبوو رەنگە نەتەنیاهوو لە پشووی کریسمسدا لە فلۆریدا سەردانی بکات. پێش ئەوەی بەرەو هاوینەهەواری 'مارالاگۆ' بەڕێبکەوێت، ترەمپ گوتی: "ئەو دەیەوێت بمبینێت. بە فەرمی کاتەکەمان دیاری نەکردووە، بەڵام دەیەوێت بمبینێت." رۆژنامەی یەدیعوت ئەحرەنوتی ئیسرائیلی رۆژی چوارشەممە بڵاویکردەوە، چاوەڕوان دەکرێت کۆمەڵێک پرسی فراوانی هەرێمی گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت، لەوانەش دۆسیەی ئێران، گفتوگۆکان بۆ رێککەوتنی ئەمنی نێوان ئیسرائیل و سووریا، ئاگربەست لەگەڵ حیزبوڵڵا لە لوبنان و قۆناخەکانی داهاتووی رێککەوتنی غەززە. پێشڤەچوونەکان بۆ گواستنەوە بۆ قۆناخی دووەمی ئاگربەستی غەززە کە لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو بە نێوەندگیریی واشنتن و هاوپەیمانە هەرێمییەکانی کرابوو، تاوەکو ئێستا بە خاوی بەڕێوەدەچن. ئاگربەستەکەش هێشتا ناسکە و هەردوولا یەکدی بە پێشێلکردنی تۆمەتبار دەکەن. نێوەندگیرەکانیش ترسیان هەیە ئیسرائیل و حەماس کات بکوژن. بەگوێرەی قۆناخی دووەم، دەبێت ئیسرائیل لە پێگەکانی لە غەززە بکشێتەوە و دەسەڵاتێکی کاتی لە شوێنی حەماس کەرتەکە بەڕێوەببات، هەروەها هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ئاسایشی کەرتەکە بڵاوبکرێتەوە. خاڵێکی دیکەی رێککەوتنەکە ئەوەیە بزووتنەوەی حەماس چەک دابنێت، کە ئەمەیان خاڵێکی سەرەکیی ناکۆکییەکانە. رۆژی هەینی، ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەی نەتەنیاهوو و ترەمپ کلیلی بەرەوپێشبردنی هەنگاوەکانی داهاتووی رێککەوتنەکەیە. ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسانی کۆشکی سپییەوە رایگەیاندووە، ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت بەزووترین کات حکومەتە تەکنۆکراتەکەی غەززە و هێزە نێودەوڵەتییەکە رابگەیێنێت. ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ترەمپ "تا دێت زیاتر بێزار دەبن، چونکە نەتەنیاهوو هەنگاوی بۆ لاوازکردنی ئاگربەستە ناسکەکە و پەکخستنی پرۆسەی ئاشتی ناوە."
كاردیناڵ (لویس روفائیل ساكۆ) سەرۆكی كڵێسای كلدانی لە عێراق و جیهان؛ لە نامەیەكدا بۆ (موقتەدا سەدر)ی رێبەری رەوتی نیشتمانی شیعە دەڵێت: دڵتەنگم بەوەی وتارەكەم لە شەوی یادی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح لە 24ی ئەم مانگە، لەچوارچێوەی راستەقینەی خۆی دەرهێنراوە. لویس ساکۆ داوا لە موقتەدا سەدریش دەکات روونکردنەوەیەک بڵاوبکاتەوە بۆ "هێورکردنەوەی دۆخەکە"، ئەمەش دوای ئەو مشتومڕەی لەبارەی دەستەواژەی "ئاساییکردنەوە" لە گوتارێکی ساکۆدا دروستبوو. رۆژی شەممە، 27-12-2025، کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارکی کلدانەکان لە عێراق و جیهان لە نامەیەکدا کە ئاراستەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعەی کردووە دەڵێت، "بە داخەوە ئاگاداری ئەو دەنگۆیانە بووم لەسەر گوتارەکەم لە شەوی لەدایکبوونی مەسیح دروستکراون، زۆر نیگەرانم کە قسەکانم لە چوارچێوە راستەقینەکەی خۆیان دەرهێنراون." ساکۆ لە نامەکەیدا بۆ سەدر جەختی کردووەتەوە، "دەمەوێت بۆ جەنابتان و تەواوی گەلی عێراق دووپاتی بکەمەوە کە من بە هیچ شێوەیەک ئاماژەم بە هیچ جۆرە ئاساییکردنەوەیەکی سیاسی لەگەڵ قەوارەی زایۆنی نەکردووە، چونکە بە تەواوی درک بە هەستیاری و لێکەوتەکانی ئەم بابەتە دەکەم." پاتریارکی کلدانەکان داوای لە موقتەدا سەدر کردووە، لەپێناو یەکڕیزیی نیشتمانی و پاراستنی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی، روونکردنەوەیەک بدات بۆ ئەوەی "دەرفەت بەو کەسانە نەدرێت کە دەیانەوێت یاری بە ئاسایشی عێراقەوە بکەن." لویس ساکۆ ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکانی وەک ئەنجوومەنی ئاسایش و پەرلەمانی ئەورووپا هەمیشە بەرگری لە عێراق کردووە و جەختی کردووەتەوە "داعش نوێنەرایەتیی ئیسلام ناکات." هەروەها گوتیشی، "کەنیسە چەندین جار ئاهەنگەکانی خۆی هەڵوەشاندووەتەوە وەک رێزێک بۆ مانگی ڕەمزان و یادی عاشوورا." کێشەکە دوای گوتارەکەی ساکۆ لە قەداسی شەوی کریسمس لە کەنیسەی مار یوسف لە بەغدا دەستیپێکرد، کاتێک رووی دەمی کردە سوودانی و گوتی: "جەنابی سەرۆکوەزیران، قسە لەسەر ئاساییکردنەوە هەیە، من هیوادارم حکومەتی نوێ کار بکات بۆ ئەوەی ئاساییکردنەوە لەنێو عێراق و لەگەڵ عێراقدا بێت." دوای ئەو گوتارە، موقتەدا سەدر داوای لە لایەنە فەرمییەکان کرد "دەستبەجێ" ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و جەختی کردەوە کە ئاساییکردنەوە تاوانێکە و یاسای عێراقی سزای لەسەر داناوە. دواتر ساکۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "من داوای ئاساییکردنەوەی سیاسیم نەکردووە و هیچ رێککەوتنێکم لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ نەکردووە، بەڵکو داوای ئاساییکردنەوەم لەپێناو عێراقدا کردووە."
کامەران عوسمان ئەندامی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی ڕایدەگەیەنێت، ئێران دوای شەڕە 12 رۆژەکەی لەگەڵ ئیسرائیل سەرقاڵی دروستکردنی دیوارێکە لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو دیوارەکە بە درێژایی 600 کیلۆمەتر و قوڵایی دوو کیلۆمەترە لەنێو خاکی کوردستان، دیوارەکە لە چیای کێلەشینی سیدەکانەوە دەستپێدەکات تاوەکو گوندی (چەم چەقاڵ)ـی گەرمیان درێژدەبێتەوە. دەقى نوسینەکەى کامەران عوسمان- لە رێكخراوی (CPT) سوپای پاسدارانی ئێران، بەدرێژای نزیکەی (٦٠٠) کیلۆمەتر پەرژینی دیواربەندی هەستیار لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا دروستدەکات. لەدوای ٢٤ی حوزەیران ٢٠٢٥ و کۆتایی شەڕی دوازدە ڕۆژەی نێوان ئێران - ئیسرائیل، سوپای پاسدارانی ئێران دەستیکردووە بە دروستکردنی پەرژینی دیواربەندی هەستیار بە جۆرێک بەرزی دیوارەکە (٣) مەترە و ئامێری هەستیاری ئەمنی ئاگادارکردنەوە بە درێژایی دێوارەکە جێگیریکراون. ئەم پەرژینە بە قوڵایی نزیکەی (٢) کیلۆمەتر و بەدرێژایی نزیکەی (٦٠٠) کیلۆمەتر لە “چیای کێلەشین” لە سنوری قەزای سیدەکان تادەگات بە گوندی “چەم چەقەڵ” لە سنوری گەرمیان و لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا بنیاتدەندرێت و بەشێک لە کەرەستەی بیناسازی ئەو دیوارەش لە هەڵکۆڵینی شاخەکانی هەرێمی کوردستان دابیندەکرێت. لە ئێستادا، بەشێکی دیوارەکە لەسەر سنوری سەیران بەن و لە پشتی گوندەکانی بەهێ و شیوەگوێزان تادەگات بەگوندی مەران لەسەر سنوری پێنجوێن - ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەواو بووە و بەشێکی تری دیوارەکە لە سنوری قەزای پشدەر تەواو بووە و ڕۆژانە کارکردن تیایدا بەردەوامە. ئەمە لە کاتێکدا کە ئێران، (١٥١) بارەگای سەربازی لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا هەیە و بنیاتنانی ئەو دیوارە و بەستنەوەیان بە بارەگا سەربازییەکان، مەترسی بۆسەر گیانی گوندنشینان و جوتیاران و هاووڵاتیانی مەدەنی نیشتەجێی سەر سنورەکان دروست دەکات. داگیرکردنی چیا و پێدەشتەکانی پشتی ئەو دیواربەندە، بەتەواوی دەبێتە دیفاکتۆ و ئەو ناوچانە دەچنە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی دەوڵەتی ئێران. دەبێتە هۆی شەپۆلێکی تری کۆچکردن لە گوندەکانەوە بۆ ناو شارەکان و لاوازکردنی کەرتی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری. سەرباری هەموو ئەمانەش، پەیوەندی کۆمەڵایەتی نێوان کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشوری کوردستان ناهێڵێت و دەبێتە هۆی لێکهەڵبرانی کوردانی ئەم دوو پارچەیەی کوردستان.
كارنامەی یەكەم دانیشتنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوكرایەوە، كە رۆژی دوو شەممەی ئەم هەفتەیە بەڕێوەدەچێت. دوای سوێندخواردنی كاندیدە سەركەوتووەكان، بەگوێرەی بەرنامەی كار دەبێت سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی هەڵبژێردرێن. لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ (سەرۆكی تەمەن)؛ فایەق زەیدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق هۆشداریدا لەوەی بەگوێرەی دەستور نابێت دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان دوابخرێت یان درێژبكرێتەوەو دەبێت لەم دانیشتنەدا سەرۆك و جێگرانی سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردرێن، بەم هەنگاوەش بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی خشتەی زەمەنی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ لە عێراق دەستپێدەكات.
محەممەد حاجی مەحمود دەڵێت: ساڵی 2025 رۆشت و بەغدا سێ مووچەی بەناحەق بڕی، بەڵام هەر دەڵێین کورد و عەرەب بران، دڵنیابن هیچ کەس برامان نییە. ئەمڕۆ شەممە، 27ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە وتارێکیدا لە سێیەمین دیداری گوڵەخانە، محەممەدی حاجی مەحمود، سکتێری گشتیی پارتی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند؛ لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین ڕێککەوتنی سیاسی لەگەڵ بەغدا واژۆ کراون، بەڵام سەرجەمیان لەسەر حیسابی مافەکانی گەلی کورد بوون. ئاماژەی بەوە کرد؛ حکوومەتی ناوەندیی لە ماوەی ساڵی 2025دا، سێ مانگ مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی لە هەرێمی کوردستان دابین نەکردووە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ بەردەوامی کێشە داراییەکان، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە کێشەی سەرەکی لای بەغدایە کە نایەوێت گرفتەکانی لەگەڵ کورد چارەسەر بکات. حاجی مەحمود لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا باسی لە خۆڕاگری ئیرادەی گەلان کرد و گوتی واقیع ئەوەی سەلماندووە کە فشارەکان ناتوانن ئیرادەی گەل بشکێنن، وەک چۆن سەرەڕای هەموو هەوڵەکان کەس نەیتوانیوە حەماس لەناو ببات، ئەمەش بەڵگەیە بۆ ئەوەی ستراتیژە سەربازی و سیاسییەکان لە سەپاندنی واقیعی زۆرەملێدا سنووردارن. هاوکات سکرتێری پارتی سۆسیالیست ڕەخنەی لەو دروشمە سیاسییانە گرت کە باس لە برایەتی کورد و عەرەب دەکەن و ڕایگەیاند؛ ئەم جۆرە گوتارانە تەنیا دروشمی بێ ناوەڕۆکن و لە واقیعدا بە کردەیی جێبەجێ نەکراون، بۆیە داوای کرد خوێندنەوەیەکی واقیعیانە بۆ دیمەنی سیاسی عێراق بکرێت کە دوور بێت لە دروشمە بریقەدارەکان و ڕاستییەکان وەک خۆیان ببینرێن.
کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ شەممە 27-12-2025 کەش /ئاسمان بەگشتی هەوری باراناوی دەبێت، نمە باران و بارانی مامناوەند لە زۆربەی کاتەکاندا دەبارێت، لە ناوچە سنووریەکان و ناوچە شاخاویە بەرزەکان بەفر بارین بەردەوامی هەیە، پێشبینی دەکرێت لە ناوچە نیمچە بەرزەکان تێکەڵەی باران و وردە بەفر ( کڕێوە ) ببارێت. خێراى با / مامناوەند ( 15 – 25 ) کم/ک. ئاراستەی با / باشووری خۆرهەڵات. پلەکانی گەرما / بەگشتی نزم دەبێتەوە بە (2 - 5 ) پلە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ، وەک لەسەر نەخشەى خوارەوە ئاماژەى پێدراوە. مەوداى بینین / لە نێوان ( 7 – 9 ) کم دەبێت. لەکات و شوێنی دابارین ( 4 - 6 ) کم دەبێت سبەى یەک شەممە 28-12-2025 کەش/ ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت، بارانی مامناوەند لە هەموو ناوچەکاندا دەبارێت لە هەندێ کات و شوێن رێژەی دابارین زیاد دەکات بە تایبەت لە ناوچە شاخاویەکان و ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم، بەفر بارین بەردەوام دەبێت لە ناوچە سنووریەکان و ناوچە شاخاویە بەرزەکان، پێشبینی دەکرێت لە ناوچە نیمچە بەرزەکان تێکەڵی باران و وردە بەفر ( کڕێوە ) ببارێت، هەروەها لە کاتی باران باریندا خێرای با چاڵاک دەبێت بۆ سەرووی 35 کم/ک بە تایبەت لە ناوچەکانی گەرمیان و سلێمانی، لە کاتی ئێوارەدا باران بارین بە نمە بارانی پچڕ پچڕ لە هەندێ شوێن دەبێت. خێراى با / لەسەرخۆ- مامناوەند ( 15– 25) کم/ک. لە هەندێ ناوچەدا چاڵاک دەبێت بۆ سەرووی 35 کم/ک ئاراستەی با / باشووری خۆرهەڵات. پلەکانی گەرما / نزیک دەبێت لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە. مەوداى بینین / لەنێوان ( 7 – 9 ) کم دەبێت. لەکات و شوێنی دابارین ( 4 - 6 ) کم دەبێت بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 10 پلەی سیلیزی سلێمانی : 7 پلەی سیلیزی دهۆک : 9 پلەی سیلیزی زاخۆ :10 پلەی سیلیزی کەرکوک : 11 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 8 پلەی سیلیزی سۆران: 7 پلەی سیلیزی گەرمیان : 12 پلەی سیلیزی
بڕیارە سبەینێ یەکشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق، ڕێکارەکانی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکات. بەپێى زانیاریەکانى سەرچاوەیەکى ئاگادار لە بەغداوە ڕایگەیاند "هێشتا مووچەی زۆربەی وەزارەتەکانی حکوومەتی فیدراڵ دابەش نەکراوە، چونکە عێراق کێشەی کەمیی پارەی نەختینەی هەیە. ئەمەش کاریگەریی خستووەتە سەر دواکەوتنی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان" سەرچاوەکە ئەوەشى وت: بڕیارە سبەینێ یەکشەممە، 28ـی کانوونی یەکەم، ڕێکارەکانی ناردنی مووچە لە وەزارەتی دارایی عێراق دەست پێ بکەن و ئەگەر ڕێکارەکان تەواو بن، هەر سبەینێ مووچەکە دەنێردرێت. ئەگەر نا، دەکەوێتە ڕۆژی دووشەممە. هاوکات، موزهیر محەممەد ساڵەح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراق (واع)ـی گوت: داهاتیی گشتیی ئێستای عێراق بەشی پێداویستییە سەرەکییەکانی حکوومەت، لە سەرووی هەموویانەوە مووچە و چاودێرییە کۆمەڵایەتییەکان دەکات؛ کە مانگانە، دەکەنە نزیکەی هەشت تریلیۆن دیناری عێراقی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڕایگەیاند؛ ئێستا هیچ بەنیاز نییە دان بە سەربەخۆیی "سۆمالیلاند"دا بنێت. ئەم هەڵوێستەی ترەمپ دوای ئەوە دێت ئیسرائیل وەک یەکەم وڵات بە فەرمی دانی بەو دەوڵەتە تازە ڕاگەیەندراوەدا نا. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست"، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد؛ هەڵوێستەکەی لە هەڵوێستی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جیاوازە. کاتێک لەبارەی دانپێدانان بە سۆمالیلاند پرسیار لە ترەمپ کرا زۆر بە کورتی و بێ جۆش و خرۆش وەڵامی دایەوە و گوتی: "بە سادەیی: نەخێر، لەم کاتەدا نا". ترەمپ جەختی کردەوە ئەولەویەتی گفتوگۆکانی لەگەڵ ناتانیاهۆ لەسەر دۆخی غەززە و هەوڵەکانی ئاگربەست و ئاوەدانکردنەوە دەبێت. سەبارەت بەو پێشنیازەی سۆمالیلاند کە ئامادەیە میوانداری بنکەیەکی دەریایی ئەمەریکا بکات لە نزیک دەروازەی ستراتیژیی دەریای سوور، ترەمپ بایەخی پێشنیازەکەی کەمکردەوە و بە "هیچ شتێکی تایبەت" ناوی برد، هەرچەندە گوتیشی "هەموو شتێک لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە". ئەم ساردووسڕییەی ترەمپ لە کاتێکدایە لە ناوخۆی ئەمەریکا و لەناو کۆنگرێسدا، بەشێک لە هاوپەیمانە کۆمارییەکانی ترەمپ فشار دەکەن بۆ دانپێدانان بە سۆمالیلاند. چەند نوێنەرێکی کۆمارییەکان پڕۆژە یاسایەکیان ئامادە کردووە بە ناوی "یاسای سەربەخۆیی کۆماری سۆمالیلاند" بە مەبەستی ناچارکردنی واشنتن بۆ گۆڕینی هەڵوێستی بەرەو ئەو ناوچەیە. ناتانیاهۆ ڕۆژی هەینی ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی دان بە سۆمالیلاند دا دەنێت و بەڵێنیشی دابوو لە کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممەیدا لەگەڵ ترەمپ، داوای لێبکات هاوشێوەی ئەو پشتیوانی لەو دەوڵەتە بکات. ناتانیاهۆ پێشتر لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆییدا بە عەبدولرەحمان محەممەد عەبدوڵڵا، سەرۆکی سۆمالیلاندی ڕاگەیاندبوو؛ هەوڵ دەدات سۆمالیلاند بباتە ناو "ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم" و ئەم بابەتە لەگەڵ ترەمپ تاوتوێ دەکات.
ململانێكانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل درێژبووەوە بۆ كیشوەری ئەفریقا، دوای ئەوەی ئیسرائیل بووە یەکەم وڵات کە دان بە كۆمارى سۆمالیلانددا بنێت، ئەوەش دوای چەند رۆژێك دێت لە لوتكەی سێ قۆڵی نێوان ئیسرائیل و یۆنان و قوبرس، كە وەك هەڕەشەیەكی راستەوخۆ دەبینرێت بۆ سەر توركیا لە دەریای ناوەڕاست. شەوی رابردوو، نوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە، تیایدا ناتانیاهۆ قسەی لەگەڵ محەمەد عەبدوڵا، سەرۆک کۆماری سۆماڵیلەند كردو رێککەوتننامەی دانپێدانانی یەکتریان واژۆکرد. ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل بە تایبەتی بۆ ئەنكەرە گرنگە بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندی نزیک و تایبەتی نێوان تورکیا و سۆماڵ، بوونی تورکیا لە سۆماڵ تەنیا دیپلۆماسی و ئابوری نییە، بەڵکو سەربازیشە. پەیوەندییەکانی تورکیا و سۆماڵ، هاوپەیمانییەکی سەربازییە کە لێكنزیكی دیپلۆماسی تێپەڕاندووەو پەیوەندییەكی بەهێزیان هەیە، توركیا یەكێكە لەو وڵاتانەی لەماوەی (10) ساڵی رابردوودا زۆرترین وەبەرهێنانی لە سۆماڵدا كردووەو خاوەنی گەورەترین بنكەی سەربازییە لەو وڵاتە، ئەوەش وایكردووە، ئەو جوڵە نوێیەی ئیسرائیل بەلای توركیاوە بایەخی تایبەتی هەبێت. • توركیا گەورەترین بنكەی مەشقی سەربازی لە دەرەوەی وڵات لە مەقادیشۆی پایەتەخی سۆماڵ دامەزراندووە. • رۆڵێکی سەرەکی گێڕاوە لە راهێنان و رێكسختنەوەی سوپای سۆماڵدا. • هاوکاری سەربازی و ئەمنی و هەواڵگری لەگەڵ سۆماڵ بەهێزتر کردووە. بنکەی مەشقی سەربازی تورکسۆمى توركى لە ساڵی (2017) لەسەر داوای حکومەتی سۆماڵ کراتەوەو رۆڵێکی یەكلاكەرەوەی بینیوە لە پێکهێنانی بڕبڕەی پشتی هێزە چەکدارەکانی سۆماڵدا، سۆماڵ بە تاکە وڵاتی ئەفریقا دادەنرێت کە رێگەی بە بنکەیەکی سەربازیی بە تورکیا داوە، بۆیە ئەنكەرە داننان بە سۆمالیلاند تەنها وەک بابەتی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سۆماڵ نابینێت، بەڵکو وەک ئاڵنگارییەك بۆ سەروەری هاوپەیمانێکی راستەوخۆی تەماشای دەكات. حکومەتی مەقادیشۆ سۆمالیلاند بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت، سەرەڕای هەبوونی حکومەتێک کە پایتەختەكەی "هیرجیسا"یە و خاوەنی پەرلەمان و هێزە ئەمنییە، بەڵام تا ئێستا لەلایەن هیچ وڵاتێکی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دان بە سۆماڵیلانددا نەنراوە وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ. سۆمالیلاند زۆرینەی دانیشتوانەكەی موسڵمانان، ئیسلام ئاینی فەرمییە لە دەستورەکەیدا، حکومەتی سۆماڵ جیابونەوەی بەتوندی رەتدەکاتەوە، ئەمەش هەڵوێستێکە کە زۆرێک لە وڵاتان هاوبەشن تیادا، بەتایبەت تورکیا. میدیاكانی توركیا دەڵێن: ئەو هەنگاوەی ئیسرائیل قەیرانی نێوان ئەسیوپیاو سۆماڵيش دەهێنێتەوە پێشەوە، کە ساڵی رابردوو سەریهەڵدا، دوای ئەوەی ئەسیوپیا رێککەوتنێکی لەگەڵ سۆمالیلاند واژۆ کرد، کە دانپێدانانی خاکەکەی لەخۆگرتبوو، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ دەستڕاگەیشتن بە دەریا، کە کاردانەوەی توندی لە مەقادیشۆی لێکەوتەوەو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، توانی کۆتایی بە قەیرانەکە بهێنێت، كە لە ئەنجامی هەوڵەکانی نێوەندگیری لە ئەنكەرە، پلانی ئەسیوپیا بۆ دانپێدانانی سۆمالیلاند هەڵپەسێردرا. سۆمالیلاند لە ساڵی 1991دا جیابوونەوەی لە سۆمال راگەیاند، لەگەڵ داڕمانی دەوڵەت، دوای روخانی رژێمی سۆماڵ بە سەرۆكایەتی سیاد بەری. لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ، بزووتنەوەی نیشتمانی سۆماڵ لە باکور سەربەخۆیی سۆمالیلاندی رایگەیاندو هەرجیسا وەك پایتەختی وڵاتەكە دەستنیشانكرا.
