دەنگدان بۆ جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق چووە گەڕی دووەم و هیچ یەکێک لە شاخەوان عەبدوڵڵا و رێبوار کەریم نەیانتوانی 166 دەنگ بۆ دەرچوون بەدەستبهێنن. رێبوار کەریم 153 دەنگ و شاخەوان عەبدوڵڵا 119 دەنگیان بەدەستهێنا، بڕیارە هەر ئەمشەو گەڕی دووەمی دەنگدانەکە بەڕێوەبچێت. دانەر عەبدولغەفار، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەوبارەیەوە ڕایدەگەیەنێت: نابێت لایەنێکی دیکە دەرەوەی کورد پۆستێکی کورد یەکلایبکاتەوە، ئەوەی لە دەنگدانی خولی یەکەمی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان روویدا پێشهاتێکی مەترسیدرە. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو ئەو یارییانە ترسناکن چونکە پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و عێراقمان لە پێشە. ئەمڕۆ دووشەممە، دەنگدان بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە یەک گەڕدا یەکلایی بووەوە و هەیبەت حەلبووسی وەک بەربژێری ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان لەکۆی 309 پەرلەمانتاری ئامادەبوو 208 دەنگی بەدەستهێنا. پاش ئەویش، ئەندامانى خولى نوێى پەرلەمانى عێراق بە 177 دەنگ، عەدنان فەیحانیان وەک جێگرى یەکەمى سەرۆکى پەرلەمان هەڵبژارد کە سەر بە بزوتنەوەى عەسائیبی ئەهلی حەقە.
هاتوچۆی سلێمانی داوا لە شۆفێران دەکات بە هیچ شێوەیەک ئاراستەی شاخی گۆیژە بەکارنەهێن بەهۆی داخرانی ڕێگەکە. ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی شۆفێران و دانیشتوانی شاری سلێمانی ئاگادار دەکاتەوە، بەهیچ شێوەیەک بە ئاراستەی (شاخی گۆیژە ، دۆڵە میران ،ئەزمر ) نەڕۆن ، بەهۆی ئەوەی ڕێگەکە داخراوە ڕێگەی ڕۆیشتن تاوەکوو فلکەی کوردسات کراوەیە لەوە بە دواوە سەرکەوتن بەرە و دۆڵە میران بەرەو شاخی گۆیژە. بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی، ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی ئەوەی ئاستەنگێکی زۆری هاتوچۆ دروستبووە، بۆیە داوا لە شۆفێران و هاووڵاتییان دەکەین بە ئاراستەی ئەو سنوورە نەڕۆن و هەروەها تونێلی پێشرەو داخراوە. هاوکات هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی دەڵێت: هەموو هاووڵاتیانی بەڕێز ئاگاداردەکەینەوە، کە سبەینێ پلەی گەرما تائاستێکی زۆر دادەبەزێت و گرفت بۆ ڕێگاوبانەکان و ئاستەنگ بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان دروستدەکات، لە پێناوی سەلامەتیی و تەندروستیی هەموواندا، داواتان لێدەکەین؛پابەندی تەواوی ڕێنمایی یەکەکارگێڕییەکان و هاتوچۆو بەرگریی شارستانیی و شارەوانییەکان بن. پارێزگاری سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژە بەوەشدەكات: هەموو یەکەکارگێڕیی و فەرمانگا پەیوەندیدارەکان وەک هەمیشە؛ لە خزمەتی هاووڵاتیاندا دەبن. پێویستە دامەزراوەکانی کەرتی تایبەتیش زامنی سەلامەتیی و تەندروستیی و هاتوچۆی تەواوی دامەزراوەو کارمەندەکانیان؛ بکەن.
بەهۆی شەپۆلێکی بەفربارینەوە، ئاستەنگیی هاتووچۆ لە زۆربەی رێگە سەرەکییەکانی نێوان شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دروست بووە و چەندین رێگەی سەرەکی داخراون. بە سەدان هاوڵاتى، کە ژن و منداڵیان لەگەڵدایە، لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیاندا گیریان خواردووە و داوای بەهاناوەچوون دەکەن بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ھەولێر هۆشداری دەدات لە تەواوی سنووری پارێزگای هەولێر، بەهۆی ئەم شەپۆڵە چڕەی بەفربارین و دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ ئاستی زۆر نزم، ڕێگاکان دەبنە بەستەڵەک و شەختە، سەرەڕای ڕژاندنی خوێ لە ڕێگاکان، بەڵام هاتووچۆ بۆ ئۆتۆمبێلەکان ئەستەمە و داوا لە هاونیشتمانیان دەکات "تا دەتوانن لە ڕێگا شاخاوییەکان نزیک مەکەونەوە"، دڵنیاییش دەدات کە تیمەکان بەردەوام دەبن لە ڕاماڵین و ئێشکگر دەبن. ئەحمەد تەیب، هاونیشتمانییەکی گیرخواردوو، بە رووداوی گوت: "نزیکەی 200 ئۆتۆمبێلین، لە پشت حاجیاوا لە چیای ماکۆک گیرمانخواردووە و ئۆتۆمبێلەکانیش دەخلیسکێن. خێزان و منداڵ لە نێو ئۆتۆمبێلەکاندان و داوای بەهاناوەچوون دەکەین". رێگەی هەولێر - کۆیە بەهۆی بەفربارینەوە داخراوە و کۆمەڵێک ئۆتۆمبێل لەسەر ئەو رێگەیەش گیریانخواردووە. عەبدوڵڵا شەمۆ، بە رووداوی گوت: "بەفرێکی زۆر لەسەر شەقامەکەیە و تەنیا ئۆتۆمبێلی بەرز و دەبڵ دەردەچن. 2 کاژێرە وەستاوین و ژن و منداڵمان لەگەڵ هەن. بەشێکی ئۆتۆمبێلەکان بەنزینیان نەماوە و کوژاندوویانەوەتەوە. وەرن بەهانامان. تەلفۆن بۆ بەرگریی شارستانیی هەولێر دەکەین، دەڵێن، ناوچەکەتان لە سنووری کاری ئێمە نییە." رێگەی هەولێر-شەقڵاوە، سایدی چوون و هاتن داخراوە. هونەر ئەکرەم، هاونیشتمانییەکی گیرخواردووە لەسەر ئەو رێگەیە، بە رووداوی گوت: "تونێلی پیرمام بە هەردوو سایدی چوون و هاتن داخراوە و بە سەتان ئۆتۆمبێل کە خێزان، ژن و منداڵ لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیان ماونەتەوە. من سێ کاژێرە لەنێو ئۆتۆمبێلم، بەبێ ئەوەی بتوانم بڕۆم." لە چەند بەشێکی شەقامی نوێی هەولێر-گۆمەسپان بەهۆی بەفرباینەوە ئاستەنگی دروستبووەو هاونیشتمانییان داوای بەهاناوەچوون دەکەن. هەریەک لە هەردی ئیسماعیل و بڕوا فارس و بەدرەدین محەممەد، سێ هاونیشتمانیی گیرخواردوون، بە رووداویان راگەیاند: "رێگەکە یەک سایدە و تەواوی شەقامەکە داخراوە و خەڵک لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیان ماونەتەوە لە نزیک گوندی باخچەی گەورە. پێنج کاژێرە لەنیو ئۆتۆمبێلین. زیاتر لە هەزار ئۆتۆمبێل دەبن." رێگەی سماقووڵی بەرەو رانیەش داخراوە. سەرکەوت محەممەد، هاونیشتمانیی گیرخواردوو، بە رووداوی گوت: "لە هەورازێکدا سێ ئۆتۆمبێل سەرنەکەوتن و تەواوی ئۆتۆمبێلەکانی دیکە مانەوە و بەفر زیاتر باری و رێگەکە داخرا. زیاتر لە 300 ئۆتۆمبێلین و تەنانەت ئۆتۆمبێلی دەبڵیش دەرناچێت. هیچ تیمێکی بەرگریی شارستانی لەوێ نین." لە تونێلی ماوەرانیش ئاستەنگیی هاتووچۆ دروستبووە. محەممەد عومەر، شۆفێری بارهەڵگرە، بە رووداوی گوت: "شەقامەکە بەستوویەتی و هاتن و چوون نییە. زیاتر لە 3 کاژێرە لەسەر ئەو رێگەین، رێگەکە زیاتر بۆ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و بچووک زەحمەتترە و سەتان ئۆتۆمبێل ئیستا لەسەر شەقامەکە گیریان خواردووە و بەشێکیشیان ژن و منداڵیان لەگەڵ دان."
ئەنها ئەمڕۆ 33 توشبووی نوێی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی تۆمارکراوە، زیاتر لە 170 نەخۆشیش چارەسەری کیمیاییان بۆ کراوە، بۆ یەکەمجار لە کاتی پشوودا دوو چاندنی مۆخی ئێسک بە سەرکەووتویی لە نەخۆشخانەی هیوا ئەنجامدراوە، سەرەڕای دەیان پشکنینی جۆراو و جۆر و بینینی نەخۆش لەلایەن پزیشکەکانەوە. بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بڵاوی کردەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەمڕۆ پشووی فەرمی بوو لە سەرجەم فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام لە نەخۆشخانەی هیوا دەوامی فەرمی کراوە بۆ ئەوەی زۆرترین خزمەت بە تووشبوانی شێرپەنجە لە ئاستێکی باڵادا پێشکەش بکرێت. بەپێی ئەو ئامارەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بڵاوی کردووەتەوە، تەنها ئەمڕۆ 33 نەخۆشی نوێ تۆمارکراون، 367 نەخۆش سەردانی پزیشکانی نەخۆشخانەی هیوایان کردووە، 2000 پشکنیکی تاقیگەی جۆراوجۆر بۆ نەخۆشەکان ئەنجامدراوە، 195 نەخۆش سەردانی بەشی راکێشانی خوێنیان کردووە. لە ئامارەکەدا هاتووە، 628 نەخۆش سەردانی دەرمانخانەی نەخۆشخانەی هیوایان کردووە و دەرمان و چارەسەری پێویستیان وەرگرتووە، 107 نەخۆش پشکنینی تیشک و سۆنەر و دێکسا سکان و ئیکۆیان بۆ کراوە، 170 نەخۆش چارەسەری کیمیاییان وەرگرتووە، 52 نەخۆش چارەسەری رۆژانەیان وەرگرتووە، 100 نەخۆش لە بەشی فریاکەوتنی خێرا داخڵ کراون، 222 نەخۆش لە هۆڵ و قاوشە جیاجیاکانی نەخۆشخانەی هیوا داخڵکراون و چارەسەری پێویستیان وەرگرتووە. هەر ئەمڕۆ 210 نەخۆش ڤایتاڵیان بۆکراوە، 35 نەخۆش چارسەری سروشتیان بۆکراوە لەگەڵ 14 چارەسەری دەرونی و کۆمەڵایەتی بۆ سەردانیکاران. تەندروستی سلێمانی بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، 9 نەخۆشی پشکنینی مۆخی ئێسکیان بۆ کراوە، 5 نەخۆش سەردانی سەنتەری چاندنی مۆخی ئێسکیان کردووە، بۆ یەکەم جار لە کاتی پشووی فەرمیدا دوو چاندنی مۆخی ئێسک بە سەرکەووتویی لە نەخۆشخانەی هیوا ئەنجامدراوە .
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند سەرجەم ئەو 91 درۆنەی ئۆکرانیایان تێک شکاندوون کە بۆ هێرشکردنە سەر کۆشکی پووتین ڕەوانە کرابوون. لای خۆیەوە ئۆکرانیا تۆمەتەکان ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت ڕووسیا بە دوای پاساودا دەگەڕێت بۆ هێرشکردنە سەر کیێڤ. ئەم ڕووداوە گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی گەیاندووەتە ئاستێکی نوێ. هەڕەشە ڕاستەوخۆکەی لاڤرۆڤ بۆ تۆڵەسەندنەوە، نیشانەی ئەوەیە ڕەنگە ڕووسیا هێرشێکی فراوانتر ئەنجام بدات. لە هەمان کاتدا ڕەتکردنەوەی ئۆکرانیا و تۆمەتبارکردنی ڕووسیا، ئەگەری گفتوگۆکانی ئاشتی لاوازتر دەکات. سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا جەخت لەوە دەکاتەوە کردەوەی نابەرپرسانەی لەم جۆرە، بێوەڵام نامێنێتەوە و دەڵێت: ئەمە 'تیرۆری دەوڵەتی'یە و ئامانجەکانمان بۆ تۆڵەسەندنەوە دیاری کردووە. لاڤرۆڤ جەختی لەوەش کردەوە کە ڕووسیا لە گفتوگۆکان ناکشێتەوە، بەڵام دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ هەڵوێستی مۆسکۆ دەکەنەوە. لای خۆیەوە ڤلۆدیمێر زێلێنسکی،سەرۆکی ئۆکرانیا تۆمەتەکان ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: مۆسکۆ بەم قسانە پاساو دەهێنێتەوە بۆ هێرشکردنە سەر باڵەخانە حکومییەکان لە کیێڤ. ڕووداوەکە لە ڕۆژانی 28-29ی کانوونی یەکەمدا بووە و ئامانج لێی کۆشکی سەرۆکایەتی بووە لە ناوچەی نۆڤگۆرۆد. تا ئێستا ڕوون نییە کە لە کاتی هێرشەکەدا پووتین لە کۆشکەکەدا بووە یان نا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە ڕایگەیاند: گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق پێشێلکارییەکی نوێی ڕێککەوتنی ئاگربەستیان ئەنجامداوە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ناوچەیەکی نیشتەجێبوونیان لە دەوروبەری بەنداوی تشرین کردووەتە ئامانج. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی هێزەکانی سووریای دیموکرات، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 29ی کانوونی یەکەمی 2025، یەکەکانی چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق بە چەکی قورس و تۆپخانە، دەوروبەری یەکەکانی نیشتەجێبوونیان لە بەنداوی تشرین تۆپباران کردووە ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستدایە، بەڵام هەسەدە جەخت دەکاتەوە، ئەم کردەوانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای ڕێککەوتنەکان و تێکدانی سەقامگیری ناوچەکەیە. بەنداوی تشرین کە دەکەوێتە سەر ڕووباری فورات، یەکێکە لە گرنگترین وێستگە ستراتیژییەکانی دابینکردنی وزەی کارەبا و ئاو بۆ ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەم ناوچەیە لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار بووەتە گۆڕەپانی گرژییەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و لایەنە چەکدارەکانی دیکە، هێرشکردنە سەر دەوروبەری بەنداوەکە و ناوچە نیشتەجێبووەکان، مەترسییەکی جددی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیانی سڤیل و کارمەندانی وێستگەکە دروست دەکات و دەبێتە هۆی پەککەوتنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە ناوچەکەدا.
دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان، هەیبەت حەلبووسی وەک سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا و دەنگدان بۆ جێگرانی سەرۆکی پەرلەمان دەستپێدەکات. هەیبەت حەلبوسی بە زۆرینەی دەنگ وەک سەرۆکی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا. لەکۆی 309 دەنگ، هەیبەت حەلبوسی توانی 208 دەنگ بەدەستبهێنێت. دووشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەرچاوەیەکى ئاگادار لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، هەیبەت حەلبووسی کاندیدی حزبی تەقەدووم بە زۆرینەی دەنگ بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا. هەیبەت حەلبووسی لە خولی چوارەم و پێنجەمی پەرلەمان سەرۆکی لیژنەی نەوت و وزە بووە. هەروەها هەر یەکێکە لە سالم عیساوی 66 دەنگی بەدەستهێنا و عامر عەبدولجەبار 9 دەنگ و 26 دەنگیش پووچەڵ بوون. کاتژمێر 01:15 خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 292 ئەندامی دەرچوو، دەستیپێکرد. عامر فایز کە وەک بەتەمەنترین پەرلەمانتاری دەرچوو؛ سەرۆکایەتیی یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق کرد؛ دوای خوێندنەوەی ناوی دەرچووانی پەرلەمان و سوێندخواردنی پەرلەمانتارانی دەرچوو، دەرگای خۆکاندیدکردنی بۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردەوە.
لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر حەشارگەیەکی ڕێکخراوی داعش لە پارێزگای یالۆڤا لە باکووری ڕۆژئاوای تورکیا، سێ پۆلیس گیانیان لەدەستدا و شەش چەکداری داعشیش کوژران. دووشەممە 29ی کانوونی یەکەمی 2025، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، هێزەکانی پۆلیس لە گەڕەکی عیسمەت پاشا لە ناوەندی یالۆڤا، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵێک کە چەکدارانی داعشی تێدا بووە، بەڵام لە کاتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەدا چەکدارەکان تەقەیان لە هێزە ئەمنییەکان کردووە. یەرلیکایا لەبارەی زیانەکانەوە ئاماژەی دا: "بەهۆی هێرشەکەوە، سێ پۆلیس گیانیان لەدەستداوە، هەروەها هەشت پۆلیس و پاسەوانێکی گەڕەکەکە بریندار بوون. بەهۆی هەبوونی ژن و منداڵ لەناو ماڵەکەدا، ئۆپەراسیۆنەکە بە وردی و هەستیارییەکی زۆرەوە بەڕێوەچوو، توانرا پێنج ئافرەت و شەش منداڵ بە سەلامەتی ڕزگار بکرێن." وەزیری ناوخۆی تورکیا جەختی لەوەشکردەوە، هەر شەش چەکدارە کوژراوەکە "هاووڵاتیی تورکیان" و ئۆپەراسیۆنەکە کاتژمێر 09:40ـی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە کۆتایی هاتووە. هەروەها ئاماژەیداوە، تەنیا لە مانگی ڕابردوودا لە ئۆپەراسیۆنە جیاوازەکاندا 137 گومانلێکراوی داعش دەستگیرکراون، هاوکات بەرەبەیانی ئەمڕۆش لە 15 پارێزگای تورکیا، 108ئۆپەراسیۆن لە شوێنی جیاواز بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی سەر بە داعش ئەنجامدراوە. ئەمە لە کاتێکدایە بەرەبەیانی ئەمڕۆ، میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردبووەوە لەو ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەی شاری یالۆڤا، حەوت ئەفسەری هێزی پۆلیسی تورکیا لە کاتی بەرەنگاربوونەوەی شانەیەکی نووستووی داعش برینداربوون. هەفتەی ڕابردوو فەرماندەیی جەندەرمەی تورکیا هۆشداری لە ئەگەری هێرشی داعش لە شوێنە گشتیی و قەرەباڵغەکانی تورکیا ڕاگەیاندبوو، هەر لە هۆشدارییەکەدا ئاماژەیداوە، کە ڕێکخراوی داعش لە پلانیدایە لە ئاهەنگەکانی پێشوازی ساڵی نوێی 2026، هێرشی تیرۆریستی ئەنجام بدات.
فەرماندەی قەسەدە و یەپەژە سۆزدار حەجی ئاماژەی بەوەدا، داوی ڕووخانی ڕژێمی بەعس هاوسەنگییەکانی سووریا گۆڕاون و دەڵێت، ڕێککەوتنی ١٠ـی ئادار وەڵامگۆی داواکانی گەلانە، بەڵام هەندێک خاڵی جێبەجێ نەکراوە. ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) سۆزدار حەجی کە لە هەمانکاتدا ئەندامی شاندی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە بۆ دانوستان لەگەڵ دیمەشق، دۆخ و ئەو ڕووداوانەی لە ماوەی ساڵێکدا لە سووریا ڕوویانداوە بۆ ئاژانسی هەواڵیی فورات (ANF) هەڵسەنگاند. سۆزدار حەجی ئاماژەی بەوەدا لە سووریا لە ماوەی ساڵێک چەندین ڕووداوی خێرا ڕوویداوە و گوتی: "سیستەمی ڕژێمی بەعس کە زیاتر لە ٦٠ ساڵ حوکمڕانی سووریای کرد، ڕووخا. ئەمەش تەواوی هاوسەنگییەکەی گۆڕی. سووریا لە ڕووی جوگرافییەوە شوێنێکی ستراتیژییە و دراوسێی چەندین دەوڵەتە. هەربۆیە ئەم گۆڕانکارییە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هەرێمەکە هەبوو. دەوڵەتانی دراوسێ هەمیشە دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ئەو سیستەمەدا سەپاندووە. ڕووخانی سیستەمی ئێستا سوودێکی زۆری بۆ گەلان هەبوو، بەڵام ئەوەی جێگەی گرتەوە ئەگەر سیستەمێکی دیموکراتیک بوایە، ئەوا شتگەلێکی باش درووست دەبوو. لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەک هێز و سیستەم کارە سیاسی و ئیدارییەکانمان لەسەر بنەمای دیموکراسی کۆمەڵایەتی بەڕێوە دەبەین. زیاتر لە ١٠ ساڵە لەسەر ئەم سیستەمە دەڕۆین. گۆڕانکارییەکان کاریگەری لەسەر ئێمە و لەسەر پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا هەبوو. ئێران و ڕووسیا پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ سووریا هەبوو. بە تایبەت ڕووسیا کە تا ئێستاش پەیوەندیی لەگەڵ سووریا هەیە، بەڵام دوای ڕووخانی ئەو سیستەمەی ئێستا و ئەو سیستەمەی جێگەی گرتەوە، هیچ گۆڕانکارییەک لە ئایدۆلۆژیای بەعسییەکاندا ڕووینەداوە. ئەم گۆڕانکارییانە بۆ سووریا و هەموو هەرێمەکە گۆڕانکاریی مێژوویین". ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە بەردەوامی قسەکانییدا سۆزدار حەجی باسی لە پڕۆسەی ڕووخانی ڕژێمی بەعس و کاریگەرییەکانی لەسەر سووریا و هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد و گوتی: "لە ٢٧ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ ئۆپەراسیۆنێک لە سووریا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەتەشەوە دەستی پێ کرد. ئەمە لە سەرەتادا وەک پلانێکی بەرفراوان نەدەهاتە بەرچاو، بەڵام دواتر ئەوە ڕوون بووەوە کە لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنەی کە هەتەشە دواتر باسیشی کرد، ڕێگە بۆ هەیئەی تەحریر ئەل شام کرابووەوە کە دەست بەسەر هەموو سووریادا بگرێت. ئەمەش بەو مانایە دێت ئیدی لەگەڵ ڕژێمی بەعسدا نین و بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی ئەنجامیان دا ڕژێمی بەعس خزمەتی دەوڵەتە گەورەکان و دروسێکانی نەدەکرد، بەڵام ڕووخانی دەوڵەتێکی وەها ڕەگداکوتاو، خاوەن سوپا و ڕێکخراو لە ماوەی ١٢ ڕۆژدا کاری هێزە دەرەکییەکانە، نەک هێزە ناوخۆییەکان. یەکێک لەو گرووپانەی کە هێرشەکەیان ئەنجامدا هەتەشە بوو، کە گەشتنە دیمەشق، لە حەلەبەوە تا دیمەشق شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە ڕووینەدا و دەستیان بەسەر دیمەشقدا گرت". هێرشەکان لەسەر حەلەب، تەل ڕەفعەت و شەهبا سۆزدار حەجی ڕایگەیاند، ئەو هەرێمانەی کە ئەوانی تێدان و هەرێمی شەهبا کە خەڵکی عەفرین پەنایان بردووە، هاوشان لەگەڵ حەلەب، کەوتۆتە بەر هێرشی قورسی گرووپە چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک و گوتی: "وەک هەنگاوی دەستپێک هێرش کرایە سەر تەل ڕەفعەت، شەهبا و تەنانەت لەسەر هەردوو گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب، کە تا ئێستاش هەرکاتێک دەرفەتیان بۆ ڕەخسا هێرش دەکەنە سەریان. لە ناوچەکانی شێراوا، تەل ڕەفعەت و هەرێمی شەهبا بەرخۆدانێکی بێهاوتا لە بەرانبەر ئەو گرووپانە ئەنجام درا. بەوپێیەی گەلەکەمان بە کۆمەڵکوژییدا تێپەڕیبوو، وەک فەرماندەکانی قەسەدە و یەپەژە دۆخەکەمان هەڵسەنگاند و ئەو ڕاستییەی باسمان کرد زۆر ڕوون بوو. هەربۆیە پێش ئەوەی ئەو گرووپانە دەست بە هێرشەکانیان بکەن، پێویستمان بە جێگیرکردنی درووست هەبوو، بۆ ئەوەی گەل بپارێزین، تاوەکو بڕیارێکی دیکە دەدرێت". بەرخۆدانی گەل و منداڵان لە بەنداوی تشرین فەرماندە سۆزدار حەجی باسی لە بەرخۆدانی هێڵی بەنداوی تشرین و قەرەقۆزاق کرد و گوتی: "دوای ئەوە شەڕەکە لە مەنبەج، قەرەقۆزاق، بەنداوی تشرین و تەنانەت دێر حافر بڵاوبووەوە. لەو هێڵانەدا شەڕ و بەرخۆدانێکی زۆر بەرفراوان ئەنجام درا. هەروەها بەرخۆدان لەو هەرێمانەی کە پێشتر دەمانویست لە سیستەمی بەعس ڕزگاریان بکەین و گەلان لە گرووپە چەتەکان و داعش بپارێزین بڵاوبووەوە. ئێمە خۆمان لە دژی گرووپە چەتەکان لە دێر حافر و گوندی مەسکەنە، هێڵی ئەسریا و تا دێرەزوور جێگیرکرد. چونکە نزیکایەتی ئەو گرووپانە لە دژی ئێمە هەمان ئەو نزیکایەتییەیە کە ساڵانێک ئەنجام دەدرا. چونکە زیهنیەتی ئەوان بۆ ڕزگارکردنی سووریا لە ڕژێمی بەعس و شۆڕشێکی ئازادیی نەبوو کە گەلان ڕزگار بکات. شەڕی ئەوان دژی سیستەمی دیموکراسی و خۆبەڕێوەبەری بوو. ئەو هێرشانەی کە بۆ سەر هێزەکانمان ئەنجامدرا هەموویان بە تەکنەلۆژیا و هاوکاری دەوڵەتی دووەمی ناتۆ بوو، بەڵام لە بەرانبەردا گەنجانی هەرێمەکە لە هەموو پێکهاتەکانەوە بە تاکتیکی شەڕی ئەو قۆناغە، بەرخۆدانێکی بێهاوتایان پەرەپێدا. لەم لایەنەوە لە بەنداوی تشرین گەل و منداڵانی گەل، بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بۆ ماوەی چەند مانگێک بەرخۆدانێکیان بۆ پاراستنی بەنداوەکە ئەنجامدا و گوزارشتیان لە کۆمەڵگەی دیموکراتیک کرد کە چۆن خۆیان و شەڕڤانەکانیان بپارێزن". 'قەسەدە ڕێگەی لە سەرهەڵدانەوەی داعش گرت' فەرماندە سۆزدار حەجی ئاماژەی بەوەشدا، قەسەدە ڕێگەی لە سەرهەڵدانەوەی داعش گرتووە، گوتی: "بەهۆی ئەم شەڕەەوە بۆشاییەکی ئەمنی دروست بوو و داعش جارێکی دیکە ویستی سوود لەم زەمینە وەربگرێت و بەشێوەیەکی بەهێز بگەڕێتەوە هەرێمەکە. دەربازبوونی هێزەکانی قەسەدە بۆ شارەکانی دێرەزوور، مەیادین و بو کەمال ڕێگری لەمە کرد. هەروەها پێشتر لەو هەرێمانە، لە بەرانبەر ئێمە و هەرێمەکەمان، هێرشەکانیان بە ناوی دیفاع ئەل وەتانی و هۆزەکان کە دۆستایەتی ڕژێمی بەعسیان دەکرد لە ڕێگەی داعشەوە ئەنجامیان دا. ئەو هەنگاوەی قەسەدە لە دێرەزوو گریتەبەر، ڕێگری لە خەون و خەیاڵەکانی داعش کرد. دەربازبوونی قەسەدە بۆ ئەو هەرێمانە بە شێوەیەکی سەلامەت بوو. هەروەها بە شێوەیەکی سەلامەت هەرێمەکە ڕادەستی حکومەتی ڕاگوزەر کرا. ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی ئێمە گوزارشت لە هەمان وڵات دەکەین و تەماحێکی جیاوازمان نییە. بەم شێوەیە هەنگاوی زۆر سەرکەوتوو لە بەرانبەر داعش نرا. داعش ئێستا دەیەوێت هەرکاتێک دەرفەتی بۆ ڕەخسا خۆی لە هەرێمەکەدا جێگیر بکات. دەیان هێرش هەبووە کە داعش ویستویەتی لە ماوەی ئەمساڵدا لە دژی ئێمە ئەنجامی بدات، لە بەرانبەر ئەوەشدا ئۆپەراسیۆنەکانی قەسەدە بە هاوکاری هاوپەیمانانی نێونەتەوەیی لە دژی داعش ئەنجام درا و سەرکەوتووبوون". 'بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ لە کات و شوێنی خۆیدا بوو' سۆزدار حەجی لەسەر کاریگەریی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا، ئەم بانگەوازە کاریگەری ئەرێنی و گەورەی لەسەر سووریا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەبووە و گوتی: "لە ماوەی ئەمساڵدا بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام درا. ئەم بانگەوازە وەک دەرمانێک بوو بۆ ڕاگرتنی شەڕەکان. لە پڕۆسەیەکدا کە تێیدا کوشتنی یەکتر و سەپاندنی دەسەڵات بەسەر هەموو بەهاکانی کۆمەڵگە و بەتایبەتی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کە هەمیشە ئێمەی وەک هەڕەشەیەک دەبینی، ئەم بانگەوازە کرا. ئەم بانگەوازە لە کاتی خۆیدا بوو. ڕێبەر ئاپۆ لە پڕۆسەیەکی هێندە هەستیاردا بانگەوازی ڕاگرتنی شەڕی کرد کە پرسەکان لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێن. پێویستە ئەم دانوستانانە بە شێوەیەکی ئازاد و دیموکراتیک بن. بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ کاریگەریی لەسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و لەسەر تەواوی سووریا هەبوو. داوای بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ هاوپەیمانێتییەک درووستکرا. هەربۆیە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ لە کات و شوێنی خۆیدا بوو. چونکە متمانەیەکی زۆر بەم بانگەوازە هەیە". 'ڕێککەوتنی ١٠ـی ئادار ڕێگەی لە قڕکردنی کۆمەڵگە گرت' لە کۆتایی قسەکانییدا سۆزدار حەجی باسی لە ڕێککەوتنەکەی ١٠ـی ئاداری کرد لە نێوان قەسەدە و حکومەتی ڕاگوزەری سووریا واژۆکرا و گوتی: "لە ١٠ـی ئاداری ٢٠٢٥ ڕێککەوتنێک واژۆ کرا. ڕێککەوتنێکی بەجێ بوو و وەڵامگۆی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بوو. ڕێککەوتنی ١٠ـی ئادار ڕێگری لە قڕکردنی کۆمەڵگە گرت و دەرفەتێکی بۆ هەموو هێزەکان ڕەخساند کە چۆن بتوانن دانوستاندن لەگەڵ یەکتردا بکەن. خاڵەکانی ڕێکەوتنەکەش گرنگن و پێویستە پابەندی بن بۆ ئەوەی گەل لەناونەبرێت و ئەو ڕووداوانەی لە ڕابردوودا ڕوویانداوە دووبارە نەبنەوە. چونکە ئێمە بە ئامانجی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەی دیموکراتیک، ئیکۆلۆژی و ئازادی ژن تێکۆشانمان ئەنجام داوە و هەزاران شەهیدمان داوە. هەربۆیە ناتوانین وەک پێشتر بژین. ئەم ڕێککەوتنە کە واژۆ کرا، ڕووداو و ئەوشتانەی پێشتر ئەنجام دراوە پەسەند ناکات. وەڵامێک بۆ هەموو پێکهاتەکان و بەتایبەت بۆ گەلی کورد بوو. گەلی کورد لەم ڕێککەوتنەدا مافی خۆیەتی وەک هاووڵاتی هەموو وڵاتان بژی و خزمەت بە وڵاتەکەی بکات. پێویستە هەموو پێکهاتەکان بە ناسنامە، زمان و کەلتووری خۆیان بژین. تا ئێستا هیچ کام لە خاڵەکانی ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکراون. تاکە خاڵێک کە جێبەجێ کراوە، نەبوونی شەڕە و سەرەڕای ئەوەش هەمیشە شەڕ لە سەرتاسەری سووریادا هەبووە".
شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران روو لە کوردستان دەکات و کەشەکە بەتەواوەتی دەیبەستێ، بەجۆرێک لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان پلەی گەرما دەچێتە ژێر سفر پلەی سیلیزی و زیاتریش. کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ دوو شەممە 29-12-2025 کەش / ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت لەکاتەکانی بەیانی شەپۆڵێکی تری بەفر و باران هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە بەجۆرێک لەکاتەکانی بەیانی سەرەتا لەناوچە سنوورییەکانی رۆژئاوای پارێزگای دهۆک دەست پێ دەکات پاشان بۆ کاتەکانی دوایی نیوەڕۆ تەواوی ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە, لەزۆربەی ناوچە شاخاووییەکان وە هەروەها سەنتەری پارێزگاکانی (دهۆک , سلێمانی, هەڵەبجە ) وە دەوروبەری سەنتەری پارێزگاکانی ( هەولێر و کەرکوکیش) دەگرێتەوە لەگەڵ نمە باران لەناوچە نزمەکانی هەرێم. پاشان بۆ کاتەکانی شەو کاریگەری لاواز دەبێت ناوچە شاخاوییەکان نەبێ دابارینی کرێوە بەردەوامی دەبێت. سەبارەت بە بری دابارین بۆ ناوچە شاخاوییە بەرزەکان پێشبینی (15-30 ) سم وە بۆ ناوچە نیمچە شاخاوییەکان (5-15 ) سم دەکرێت. خێراى با / مام ناوەند ( 10 – 25 ) کم/ک. لەزۆربەی کاتەکان بە چالاکی دەمینێتەوە لەهەندی کات زیاد دەبێت بۆ سەرووی 35 کم/ک بەتایبەتی بۆ کاتەکانی نیوەڕۆ. ئاراستەی با / باشووری خۆرهەڵات دەبێت. پلەکانی گەرما / بەشێوەیەکی بەرچاو نزم دەبنەوە بە ( 5- 8 ) پلە بە جۆرێک لەزۆربەی ناوچەکان لەسفری سلییزی نزیک دەبنەوە وە ناوچە شاخاوییەکان لەژێر سفر دەبن مەوداى بینین / لەنێوان ( 6 – 8 ) کم دەبێت لەکات و وشوێنی دابارین ( 3-5 ) پلە دەبێت سبەى سێ شەممە 30-12-2025 کەش/ ئاسمان نیمچە هەور دەبێت بەڵام لەناوچە شاخاوییەکان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی بەفرێکی کەم لەناوچە شاخاوییەکان زیاتر لەناوچە سنووریەکانی رۆژهەڵات پاشان بۆ کاتەکانی نیوەرۆ کەش سەقامگیر دەبێتەوە. خێراى با / لەسەرخۆ- مام ناوەند ( 10 – 20 ) کم/ک ئاراستەی با /باکووری خۆرئاوا بۆ باکووری خۆرهەڵات دەگۆرێت. پلەکانی گەرما / بەگشتی بەنزمی دەمینێتەوە وە نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ تەنها ناوچە نزمەکان نەبێ کەمێک بەرز دەبنەوە بە ( 1-2 )پلە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە. مەوداى بینین / لەکاتی بەیانی ( 5 – 6) کم دەبێت. پاشان بۆ ( 7 – 9 ) زیاد دەبێت بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 5 پلەی سیلیزی سلێمانی : سفر پلەی سیلیزی دهۆک : 1- پلەی سیلیزی زاخۆ : 2- پلەی سیلیزی کەرکوک : 6 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 2 پلەی سیلیزی سۆران: 1- پلەی سیلیزی ئاکرێ : 1- پلەی سیلیزی ئامێدی: 4- پلەی سیلیزی گەرمیان : 7 پلەی سیلیزی
پارتی، شاخەوان عەبدوڵڵای وەک کاندید بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دیاری کرد؛ هاوکات فەرهاد ئەتروشی کردە سەرۆکی فراکسیۆن. سیپان شێروانی، ئەندامی دەرچووی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2025ـی فراکسیۆنی پارتی، بە سەرۆکایەتیی ئامینە زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی؛ شاخەوان عەبدوڵڵا وەک کاندیدی پارتی بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دیاری کرا، هاوکات فەرهاد ئەتروشی وەک سەرۆکی فراکسیۆنی حزبەکە دەستنیشان کرا. ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی پەرلەمان، لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان و فراکسیۆنەکانی دیکەی پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ دەکەن، بۆ ئەوەی دەنگی پێویست بۆ سەرخستنی کاندیدی پارتی بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان کۆبکەنەوە. شێروانی ڕوونیشی کردەوە "چاوەڕێ دەکەین لە نێو ماڵی کوردی و لایەنە سیاسییەکانی دیکەشدا کۆدەنگییەک هەبێت بۆ سەرخستنی کاندیدی پارتی، چونکە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، پێویستی بە ڕێککەوتنی سیاسی و زۆرینەی ڕەهای 50%+1 هەیە." شاخەوان عەبدوڵڵا بۆ جاری دووەمە بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان کاندید دەکرێت، بەوپێیەی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراقیش، ئەو پۆستەی وەرگرتبوو. بڕیار بوو کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 29ی کانوونی یەکەمی 2025، یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت؛ بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ کاترمێر 01:00ـی نیوەڕۆ دواخراوە. لە سەرەتای کۆبوونەوەکە، سەرجەم ئەندامانی دەرچووی پەرلەمانی عێراق کە ژمارەیان 329 کەسە، سوێندی دەستووری دەخۆن. دواتر دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و دواتر بۆ هەردوو جێگرەکەی دەکرێتەوە. هەڵبژاردنەکە بە شێوەی دەنگدانی نهێنی و ڕاستەوخۆ بەڕێوەدەچێت.
بەهۆی ئەو زیانانەی لافاوەوە، کە بەر بەشێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی کەوتووە، جێگری پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند کە لەسەر بڕیاری جێگری سەرۆکوەزیران، هەنگاوی بەپەلە بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان دەنرێت و شوێنی مانەوەیان بۆ دابین دەکرێت. شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی لە میانەی بەسەرکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان بە کەناڵ8ی ڕایگەیاند، ئەو ماڵانەی بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە یان مەترسییان لەسەرە، لەسەر ڕاسپاردەی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ڕەزامەندی دراوە لەسەر تەرخانکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆیان. ئەم بڕیارە وەک چارەسەرێکی کاتی بۆ ماوەی چەند مانگێک دەبێت تاوەکو گرفتە سەرەکییەکەیان بۆ چارەسەر دەکرێت، چونکە بەلای حکومەتەوە سەلامەتیی هاونیشتمانییان لە هەموو شتێک گرنگترە. جێگری پارێزگار پردی گەڕەکی خەلیفاوای بەسەرکردەوە، کە بەهۆی شەپۆلی لافاوەکەوە زیانی بەرکەوتووە گوتی، تیمەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵدەدەن چارەسەرێکی خێرا بۆ چاککردنەوەی پردەکە بدۆزنەوە بۆ ئەوەی هاتوچۆی هاووڵاتییان ئاسایی ببێتەوە. سەبارەت بە کێشەی ژێرخانی گەڕەکی خەلیفاوا، شاهۆ عوسمان گرنگترین پرسی بە پڕۆژەی ئاوەڕۆی گەڕەکەکە دانا و ئاماژەی بەوە کرد کە پڕۆژەکە بە بەڵێندەرێک سپێردراوە بەڵام کارەکانی تەواو نەکردووە. جێگری پارێزگار لە ڕێگەی کەناڵ8ـەوە بە فەرمی هۆشداری دایە بەڵێندەرەکە کە دەستبەجێ دەست بە کارەکانی بکاتەوە، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێتەوە.
بارەگای بارزانی پەیامێکی سەرۆک بارزانی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار بڵاوکردەوە و سێ پێشنیازی خستووەتەڕوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی عێراق. سەرۆک بارزانی دەڵێت، پێویستە هەموو لایەنە كوردستانییەکان ئەو بڕوایەیان هەبێت ئەم پۆستە پشکی كوردە و بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیی راستەقینەی گەلی كوردستان بكات، دەبێ میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماریش گۆڕانكاریی بەسەردا بێت و چیتر لایەنێک ئەو پۆستە بە موڵكی تایبەتی خۆی نەزانێت. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان لەبارەی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق، پێویستە هەموو لایەنە كوردستانییەکان ئەو قەناعەتەیان هەبێت كە ئەم پۆستە پشکی كوردە و بۆ ئەوەی سەرۆككۆمار نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بكات، دەبێ میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماریش گۆڕانكاریی بەسەردا بێت و چیتر لایەنێك ئەو پۆستە بە موڵكی تایبەتی خۆی نەزانێت. میكانیزمەكەش بەمشێوەیە بێت كە: یان لە پەرلەمانی كوردستان كەسێك وەك نوێنەری كورد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار دیاری بكرێت، یان تێكڕای لایەنە كوردستانییەكان كۆ ببنەوە و بۆ ئەو پۆستە لەسەر كەسێك ڕێك بكەون، یانیش نوێنەران و فراكسیۆنە كوردییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كەسێك بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دیاری بكەن. مەرجیش نیە ئەو كەسەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار دیاری دەكرێت پارتی بێت یان یەكێتی بێت، دەكرێ لە لایەنێكی تر بێت یانیش بێلایەن بێت. گرنگ ئەوەیە ئەو كەسە كۆدەنگیی كوردی لەسەر بێت و نوێنەرایەتیی گەلی كوردستان بكات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق. مسعود بارزانی 29ی كانوونی یەكەمی 2025
کێ باڵادەست دەبێت و کێ دەیباتەوە؟ ئامادەکردنى هاوڵاتى ئیسرائیل و تورکیا هەردووکیان سوپای بەهێزیان هەیە کە بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە نوێترین تەکنەلۆجیا دەبەستن، بەڵام ئەگەر دژی یەک شەڕ بکەن، چەند هۆکارێک دەبێتە هۆی دۆڕان یان بردنەوەی هەر لایەکیان. من گریمانەی ئەوە دەخەمەڕوو کە کێ براوەی جەنگ دەبێت. سەرەتا دەبێت لە هێزی وشکانی، ئاسمانی و دەریایی هەر یەکێکیانەوە دەستپێبکەین، بەڵام لەگەڵم بمێننەوە چونکە بابەتەکەتان دواتر بۆ یەکلاییدەکەمەوە. لەرووی ژماری سەربازییەوە، تورکیا باڵادەستە چونکە زیاتر لە 355 هەزار سەربازی ئامادەی هەیە، لەکاتێکدا ئیسرائیل تەنها خاوەنی 170 هەزارە، بەڵام لە ژمارەی سەربازی یەدەگ، ئیسرائیل زیاتری هەیە و 465 هەزار بەرامبەر 378 هەزار سەربازە. لە رووی هێزی ئاسمانییەوە، ئیسرائیل باڵادەستییەکی گەورەی هەیە چونکە خاوەنی فڕۆکەی زۆر پێشکەوتووە. یەکێک لەوانە ئێف-35ـی تۆقێنەرە کە وەک تارمایی وایە و سیستمە بەرگرییەکان هەستی پێناکەن. ئیسرائیل تاکە وڵاتە بە ئارەزووی خۆی ئەو فرۆکەیەی دەستکاری کردووە و بەپێی خواستی خۆی شتی بۆ زیاد کردووە. هەرچەندە لە 20 ساڵی رابردوودا، تورکیا پێشکەوتنێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە لە رووی هێزی ئاسمانییەوە، بەڵام هێشتا ناگاتەوە بە هێزی ئیسرائیل. بەگشتی، ئیسرائیل 611 فڕۆکە و هێلیکۆپتەری جەنگی هەیە، بەڵام تورکیا خاوەنی زیاتر لە هەزار فڕۆکە و هێلیکۆپتەرە. بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت زۆری و بۆری گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە ئاستی پێشکەوتوویی فڕۆکەکانە. تورکیا لەبەرامبەر ئێف-35ـە تۆقێنەرەکەی ئیسرائیل ئێف-16ـی هەیە کە لەرووی تەکنەلۆجییەوە زۆر لێکەوە دوورن. لەم چەند ساڵەی کۆتاییدا تاکتیکی جەنگ بەتەواوی گۆڕاوە و ئێستا درۆن بەشێوەیەکی بەرچاو بەکاردەهێنرێت، هەر بۆیە تورکیا لەم دوو دەیەیەدا پشتی بەستووە بە توانستی ناوخۆ بۆ بەرهەمهێنانی بەلێشاوی درۆن، کە دیارترینیان بایرەکتار TB2ـە. ئەم درۆنە درۆنێکی پراکتیکییە چونکە تێچووەکەی هەرزانە و تورکیا دەتوانێت لەکاتی جەنگدا بەلێشاو دروستی بکات. ئەم درۆنە لە شەڕی ئۆکراین و روسیا و جەنگی قەرەباغ بە سەرکەوتووی بەرکارهێنراوە. درۆنی ئاکنجییش درۆنێکی بەهێزتر و گەورەترە لە بایرەکتار و بۆ هێرشی چڕتر بەکاردەهێرێت، بەڵام ئەوەی داهاتووی هێزی ئاسمانی تورکیا یەکلادەکاتەوە فڕۆکەی جەنگی بێ فڕۆکەوانی کیزلێلمایە، کە مانگی رابردوو بەسەرکەوتوویی یەکەم تاقیکردنەوەی خۆی ئەنجامدا و لەداهاتوودا رەنگە پێگەی بەو فڕۆکانە لێژ بکات کە بە فڕۆکەوان هەڵدەفڕن. ئیسرائیلیش بەدەر نییە لە پێشکەوتنی درۆن و خاوەنی کۆمەڵێک لە درۆنە هەرە پێشکەوتووەکانە، وەک: هێرۆن، هێرمس 900 و هارۆپە. درۆنی هارۆپ خۆکوژییە و دووانەکەی دیکەش توانایان هەیە بۆ ئاستێکی بەرز بفڕن و لە ئاسمان بمێننەوە، ئەمە جگە لەوەی هەڵگری چەکی قورسیشن. ئەوەی دەمێنیتەوە هێزی ئاسمانییە، کە لەمەیاندا تورکیا خاوەنی کەشتیگەلێکی گەورەیە لە رووبەرێکی ئاویی فراواندا بەپشت بەستن بەشوێنە جوگرافییەکەی، بەڵام ئیسرائیل خاوەنی گەشتیەگلێکی جەنگی بچووکترە و زیاتر بۆ مەبەستی بەرگری دروستکراون وەک بۆ ئامانجی هێرشبردن. بە گشتی ئیسرائیل خاوەنی 62 کەشتی جەنگی جۆراوجۆرە کە پێنج دانەیان ژێردەریایین، لەکاتێکدا تورکیا 182 کەشتی جەنگی هەیە و 13 دانەیان ژێردەریایین. ئێستا کاتی وەڵامدانەوەی پرسیارە گرنگەکەیە کە کامیان براوە دەبێت لە جەنگدا. ئەم دوو وڵاتە سنوورییان بەیەکەوە نییە، بۆیە هەر جەنگێک لەنێوانیان رووبدات یان دەبێت لەسەر خاکی وڵاتێکی دیکە بێت، یان دەبێت ناراستەوخۆ بێت لە رێگەی هێزی ئاسمانی یان دەریاییەوە. بەهێزترین چەکی ئیسرائیل لە جەنگدا هێزی ئاسمانییەتی کە باڵادەستییەکی گەورە و تۆکمەی هەیە لەگەڵ سیستمی بەرگرییەکەی کە بە چوار سیستمی جیاواز ئیسرائیل دەپارێزێت. تورکیاش بەهێزترین چەک بەدەستییەوە درۆنە پێشکەوتووەکانییەتی لەگەڵ هێزی دەریایی و تارادەیەکیش هێزی وشکانی. بۆیە وەڵامی ئەوەی کێ براوە دەبێت لەم جەنگەدا، ئەگەر ئەمریکا دەستوەردان نەکات و یارمەتی ئیسرائیل نەدات، ئەمەیە: ئەگەر جەنگەکە کورتخایەن بێت، بەشێوەیەکی سەرەکی لە هێزی ئاسمانیدا چڕببێتەوە و لەو ماوە کورتەدا شەڕێکی سەخت رووبدات، ئەوا ئیسرائیل باڵادەست دەبێت و دەتوانێت زاڵ ببێت بەسەر تورکیا، چونکە ئەم جۆرە جەنگە پشت بە هێرشی ورد، خێرایی، زانیاریی هەواڵگری، جەنگی ئەلیکترۆنی دەبەستێت کە ئیسرائیل لە هەموویاندا کارامەیە. بەڵام ئەگەر جەنگەکە درێژخایەن بێت و لەمەودایەکی فراواندا رووبدات، ئەوا تورکیا باڵادەستی خۆی دەسەلمێنێت، چونکە ئەم جۆرە جەنگە پشت دەبەستێت بە ئۆپەراسیۆنی لۆجیستی بۆ هێزی وشکانی، شەڕی درۆن و ئۆپەراسیۆنی دەریایی کە تورکیا لە سەرجەمیاندا لێزانە و دەتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر بەرگە بگرێت.
لە نێو هۆتاف و چەپڵەی هەزاران لە هاندەرانی ئاماد سپۆر و وتنەوەی دروشمی "لەیلا زانا شانازیمانە و بژی لەیلا زانا"، ئەمڕۆ ژنە سیاستەمەداری دیاری كورد لەیلا زانا چووە ناو یاریگا بۆ بینینی یارییەکەی ئامەدسپۆر و ئێگدیرسپۆر لە دیاربەکر. بانگهێشتكردنی لەیلا زانا بۆ یاریگاكە لەلایەن ئامادسپۆرەوە دوای ئەوەهات، لە میانەی یارییەکەی هەفتەی رابردوی نێوان سوماسپۆر و بورساسپۆر لە خولی پلە دووی تورکیا، هاندەرانی تیپی بورساسپۆر بە دروشمی نەشیاو و رەگەزپەرستانە لەیلا زانایان کردە ئامانج، ئەوەش كاردانەوەیەكی فراوانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بەدوای خۆیدا هێنا، دوای ئەوەی ڤیدیۆکان بە شێوەی ئۆنلاین بڵاوبووەوە. رۆژی هەینی رابردوو، ناهیت ئێرن سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆر پەیوەندی بە لەیلا زاناوە کردو بانگهێشتی کرد بۆ ئەوەی بەشداری یاریی نێوان ئامەدسپۆر و ئێگدیرسپۆر بکات. زانا خۆشحاڵی خۆی بە بانگهێشتنامەکە دەربڕی و لە وەڵامدا وتی: با پێکەوە بیر لەوە بکەینەوە، با پێکەوە بڕیار بدەین.
