فەرماندەى ناوەندى ئەمریکا سێنتکۆم رایگەیاند، کە بەهۆى گرژییەکانى ناوچەکە، سێ سەربازیان کوژراوە و ژمارەیەکى دیکەش بریندارن، کە برینى پێنجیان سەختە. سێنتکۆم لە تۆڕى ئێکس بڵاوى کردۆتەوە کە لە کاتژمێر 09:30 بەکاتى بەیانى رۆژهەڵاتى ئەمریکا، لە رۆژى 1ى ئایار، سێ سەربازیان لە کاتى ئەرکدا کوژراون و پێنجى دیکەش بەسەختى بریندارن، کە وەک بەشێک لە ئۆپراسیۆنى ئەپیک فیورى بەشداربوونە. لە راگەیەندراوەکەى سێنتکۆمدا هاتووە کە چەند سەربازێکى دیکەیان بە سوکى برینداربوونە بەهۆى پارچەى تەقەمەنى و لەرزەى مێشک، کە بەهۆى دەنگى بەرزەوە برینداربوونە. سێنتۆم دەڵێت، ئێستا ئەوان لە پڕۆسەى چارەسەرکردنى بریندارەکاندان و وەڵامیشیان بۆ هێرشەکە دەبێت. هەروەها لەراگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بۆ رێزگرتن لە خێزانى کوژراوەکان زانیارى زیاتر بڵاوناکەنەوە و لە 24 کاتژمێرى داهاتوو ناسنامەى کوژراوەکان ئاشکرا دەکرێن، پاش ئەوەى خێزانەکانیان ئاگادار دەکرێنەوە.

وەزیری بەرگری بەریتانیا دەڵێت، بنکە سەربازییەکانمان لە قوبرس لەلایەن دوو مووشەکی ئێرانییەوە کراوەنەتە ئامانج. جۆن هێلی، وەزیری بەرگری بەریتانیا رایگەیاند، دوو مووشەکی ئێران روەو قوبرس ئاڕاست کراون، هەزاران سەربازی بەریتانی لەو بنکەیە جێگیر کراون. وەزیری بەرگری بەریتانیا ئاماژەی بەوەشدا، وڵاتەکەی هەموو ئامادەکارییەکی سەربازی کردووە، سیستمی بەرگریان لە ناوچەکە بەهێز کردووە، داواش لە تاران دەکات بگەڕێتەوە بۆ دانوستان. ئەم هێرشەی ئێران لە کاتێکدایە، رۆژی شەممە 28ی شوباتی 2026، کیەر ستامەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەی " لە ئاسمان بوون وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنی بەرگریی هاوبەش لە ناوچەکە" لە دژی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران ئۆپەراسیۆنیان کردووە.  سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا راشیگەیاندووە، ئەوە "بۆ پاراستنی گەلەکەمان، بەرژەوەندییەکانمان و هاوپەیمانەکانمان"ـە.

عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە یەکەم دەرکەوتنیدا دوای کوژرانی عەلی خامنەیی ڕایگەیاند کە بژاردەی بەرگرییان هەڵبژاردووە و بە تووندی وەڵامی ئەمریکا و ئیسرائیل دەدەنەوە؛ جەختیشی کردەوە کە وڵاتەکە بە کۆچی دوایی ڕێبەرەکەیان ناڕووخێت و گەلی ئێران پیلانی دابەشبوونی وڵاتەکەیان شکست پێهێناوە. عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە یەکەمین دەرکەوتنی فەرمیی خۆیدا دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕوو لە بەرپرسانی واشنتن و تەلئەڤیڤ ڕایگەیاند، "ئەمریکا و ئیسرائیل دڵی گەلی ئێرانیان سووتاند، ئێمەش بە هەمان شێوە دڵی ئەوان دەسووتێنین". لاریجانی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم کردەوەیە بێ وەڵامێکی کوشندە تێناپەڕێت. لاریجانی ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتانی "ئیستعمارگەر" کاتێک دەچنە تەنیشت وڵاتێکەوە، مەبەستی سەرەکییان تاڵانکردنی ژێرخان و سەرخانی ئەو وڵاتەیە. ناوبراو ڕایگەیاند، ئەمریکا و ئیسرائیل تەنیا مەبەستیان لێدانی ڕێبەرایەتی نییە، بەڵکو بە دوای دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی ئێرانەوەن تاوەکو وڵاتەکە بەرەو هەڵوەشاندنەوە ببەن. لاریجانی جەختی لەوە کردەوە کە لە نێوان دوو بژاردەی "خۆبەدەستەوەدان" و "بەرگری"، کۆماری ئیسلامیی ئێران بژاردەی بەرگریی هەڵبژاردووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە تاران ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی درێژخایەن تاوەکو پارێزگاری لە سەروەریی خاکەکەی بکات و ڕێگری لە هەر جۆرە دەستوەردانێکی بیانی بگرێت.   لاریجانی ڕەخنەی لەو لایەنانە گرت کە پێیان وایە بە کوژرانی عەلی خامنەیی، کۆماری ئیسلامیی ئێران تووشی داڕووخان دەبێت. ناوبراو ڕایگەیاند، "هەر کەسێک پێی وابێت بە مردنی ڕێبەر، ئێران دەکەوێت، بە هەڵەدا چووە". هەروەها جەختی کردەوە کە گەلی ئێران پێشتریش توانیویەتی پیلانی بیانییەکان بۆ دابەشبوونی وڵاتەکەیان شکست پێبهێنێت و ئێستاش یەکگرتووترن لە جاران.

ئاژانسى رۆیتەرز لە زارى چەند بەرپرسێکى ئیسرائیلى ئاشکرای کردووە، کاتێک هێرش بۆ سەر ئێران دەستی پێکردووە، عەلى خامنەیى، رێبەرى باڵاى ئێران لە کۆبوونەوەدا بووە، لەگەڵ کەسە نزیکەکانى و ئەو کاتە بەدەرفەت زانراوە، تاوەکو هێڕشەکە ئەنجام بدرێت. ئاژانسى رۆیتەرز، رونیکردۆتەوە، دەسەڵاتدارانى ئیسرائیل، ئاگادارى کۆبوونەوەى عەلى خامنەیى رێبەرى باڵاى ئێران بوون، لەگەڵ کەسە نزیک و گەورە یاریدە دەرەکانى، لە شوێنی مانەوەی لە تاران لە گەڕەکی پاستۆر، بۆیە ئەو دەرفەتەیان قۆستوەتەوەو بەخێرایى هێرشکەیان ئەنجامداوە. ئاماژەى بەوەشکردووە، خامنەیى لەکاتى هێرشەکەدا، لەگەڵ ژمارەیەک لە گەورە یاریدەدەرانى گوژراوە، لەوانە عەلى شەمخانى، ئەمیندارى پێشووى ئەنجومەنى باڵاى ئاسایشى نەتەوەیى ئێران و محه‌مه‌د پاکپوور، فه‌رمانده‌ی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران. رۆیتەرز ئەوەشى خستۆتەڕوو، رۆژى شەممە 28ى شوباتى 2026، کەمێک پێش هێرشەکە، عەلى خامنەیى رێبەرى باڵاى ئێران، لەگەڵ هەریەک لە عەلى لاریجانى، ئەمیندارى ئەنجومەنى باڵاى ئاسایشى نەتەوەیى ئێران و عەلى شەمخانى بۆ ماوەیەکى زۆر کورت کۆبووەتەوە. بەرەبەیانى رۆژى یەکشەممە 1ـی ئاداری 2026، ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێرانی، بە فەرمی کوژرانی عەلى خامنەیى، رێبەرى باڵاى ئێران و سێ ئەندامی نزیکی خێزانەکەى لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران پشتڕاست کردەوە، بەگوێرەی ئاژانسەکە، کچێکی خامنەیی و نەوەیەکی و زاوایەکی لەو بۆردوومانانەدا گیانیان لەدەستداوە.  پێشتریش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا، بە فەرمى کوژرانى عەلى خامنەیى رابەرى باڵاى ئێرانى لە هێرەشەکاندا پشت راستکردەوەو لە نوسینێکدا لە هەژمارى تایبەتى خۆی لە تۆڕى "تروس سۆشیال " دەڵێت: "خامنەیى دیارترین کەسایەتییە شەڕانگێزەکان لە مێژوودا، مرد. "

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، رژێمی ئێران خوێنی ئێمەیان رشتووە، نابێت ئەو وڵاتە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.    هەروەها دەڵێت سوپای ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر بنکەکانی سوپای پاسداران، بەسیج و شوێنەکانی هەڵگرتنی مووشەکی بالیستی کە هەڕەشەن بۆ سەر ئیسرائیل و هێزەکانی ئەمریکا.   نەتەنیاهوو بە گەلی ئێران دەڵێت: "ئێوە دوژمنی ئێمە نین، ئێمە دووژمنی یەکتر نین. دووژمنی هاوبەشمان هەیە کە ئەویش رژێمی ستەمکاری ئایەتوڵاکانە." ئەو ئاماژە بە پێکهاتە جیاوازەکانی ناو ئێران دەکات، لەوانە: فارس، کورد، ئازەری، بەلوچ و ئەهوازییەکان، و داوایان لێدەکات کە ئەمە هەلیانە بۆ ئەوەی داهاتووی خۆیان بەدەست بهێنن و وڵاتەکەیان ڕزگار بکەن.   بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەوتەیەكدا: 🔹دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی سەربازی هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا دژی ئێران رادەگەیەنین. 🔹بە گەلی ئێران دەڵێم ئەمە چانسی ئێوەیە بۆ ئازادی. 🔹هەرکەسێک چەک دابنێت، تەنانەت ئەگەر بەشێکیش بێت لە رژێم، پارێزبەندی پێدەدرێت. 🔹ملیۆنان ئێرانی رژانە سەر شەقامەکان، ئێستاش دەرفەتیان پێدراوە چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن. 🔹ئەم ئۆپەراسیۆنە زۆر بەهێزترە لە ئۆپەراسیۆنی پێشوومان. 🔹رژێمی ئێران چەکی ئەتۆمی لە ژێر زەویدا شاردۆتەوە و دەبێ لە ئێستادا رابگیرێت. 🔹سوپاسی سەرۆکی ئەمریکا دەکەین بۆ پاڵپشتی و سەرکردایەتییەکەی. 🔹ئێران هەڕەشەیەکی وجودی و رژێمێکی تیرۆریستییە. 🔹نابێت ڕێگە بە ئێران بدرێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت. 🔹ئۆپراسیۆنی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەو هەلومەرجە دەخوڵقێنێت کە گەلی ئێران بتوانێت بڕیار لە چارەنوسی خۆی بکات. 🔹رژێمی ئێران نابێت خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت. 🔹هەموو ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی مەترسی هەڵدەگرێت، بەڵام مەترسی ئەنجامنەدانی ئەم ئۆپەراسیۆنە زیاترە. 🔹ئیسرائیل و ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ نەهێشتنی ئەو مەترسییە وجودییەی کە لە لایەن رژێمی ئێرانەوە دروست بووە دەست پێکردووە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی گەورەی لە ناوخۆی ئێران ڕاگەیاند و ئامانجی هێرشەکەش بۆ لەناوبردنی "هەڕەشە دەستبەجێکان" و پاراستنی گەلی ئەمریکا دەگەڕێنێتەوە. ئەم ڕاگەیاندنەی ترەمپ لە کاتێکدایە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆردوومانی چڕیان بۆ سەر تاران دەستپێکردووە.   دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند: پێش ماوەیەکی کەم، سوپای ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی گەورەی لە ناو خاکی ئێران دەستپێکرد؛ ئامانجمان پاراستنی گەلی ئەمریکایە لە ڕێگەی لەناوبردنی ئەو هەڕەشە دەستبەجێیانەی لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە دروست دەبن.  ئێمە مووشەکەکانی ئێران تێکدەشکێنین، پیشەسازیی مووشەکییان لەگەڵ زەوی تەخت دەکەین و هێزی دەریاییەکەشیان بەتەواوی لەناو دەبەین. ترەمپ دەشڵێت: ئەوان گرووپێکی دڕندەی کەسانی زۆر توند و خراپن، چالاکییە هەڕەشەئامێزەکانیان مەترسیی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئەمریکا، سەربازەکانمان، بنکەکانمان لە دەرەوەی وڵات و هاوپەیمانەکانمان لە سەرانسەری جیهان.  ئەم ڕژێمە تیرۆریستە نابێت هەرگیز ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، دووبارەی دەکەمەوە: هەرگیز ڕێگە نادەین چەکی ئەتۆمییان دەستبکەوێت. ترەمپ لەبارەی ئێرانەوە: مووشەکەکانیان تێکدەشکێنین و پیشەسازیی مووشەکییان لەگەڵ زەوی تەخت دەکەین؛ هەمووی بەتەواوی لەناودەبرێت و دەسڕێتەوە. ترەمپ لەبارەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران: ڕەنگە قوربانیمان هەبێت، ئەوە لە جەنگدا زۆر ڕوودەدات، بەڵام ئێمە ئەمە لە پێناو ئایندەدا ئەوە دەکەین. ترەمپ هۆشداریی کۆتایی دەداتە هێزە چەکدارەکانی ئێران: پەیامم بۆ ئەندامانی سوپای پاسداران، هێزە چەکدارەکان و پۆلیس ئەوەیە؛ یان دەبێت چەکەکانتان دابنێن و پارێزبەندیی تەواوتان هەبێت، یان ڕووبەڕووی مردنی مسۆگەر ببنەوە. ترەمپ پەیامێک ئاڕاستەی گەلی ئێران دەکات: کاتێک کارەکانمان تەواو دەکەین، دەست بەسەر حکومەتەکەتاندا بگرن، چونکە ئەو کاتە دەسەڵات هی خۆتان دەبێت. ئەمە ڕەنگە تەنها دەرفەتتان بێت بۆ چەندین نەوەی داهاتوو.  

بەیانى ئەمڕۆ شەممە هێزەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل لەڕێگەى چەند هێرشێکى ئاسمانیەوە چەند ئامانجێکى جیاوازیان لەشارەکانى ئێران کردە ئامانج و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا و وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێن هێرشیان بۆ ئێران دەستپێکردووە. سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: "کەمێک پێش ئێستا هێرشمان کردە سەر ئێران، هێرشەکان بۆ بەرگریکردنە لە هاووڵاتییانی ئەمریکی دژی گرووپێکی مەترسیدار و دڵڕەق."   لەبارەی گرووپە چەکدارەکانەوە لە ناوچەکە، ترەمپ گوتی: ئەوانە تیرۆریستی راستەقینەن.  بە گوێرەی میدیای ئەمریکا، هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیانپێکردووە و واشنتن لەگەڵ ئیسرائیل بەشداری لە لێدانی ئامانجەکان لە نێو ئێران دەکات.   رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ئێستا لە ئارادان و دەستیانپێکردووە.   هاوکات، ئاژانسی "ئەسۆشیەیتد پرێس"پشتڕاستی کردەوە کە ئەمریکا بە شێوەیەکی کردەیی بەشداری لەو هێرشانەدا دەکات کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکرێنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران.  میدیای ئێران بڵاویکردەوە:" دەنگی چەند تەقینەوەیەکی گەورە لە تاران بیستراوە".   میدیای نزیک لە سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، چەند مووشەکێک لە شەقامی زانکۆ و دەوروبەری شەقامی جمهوری کەوتوونەتە خوارەوە.   هاوکات ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاویکردەوە، دوو مووشەک لە ناوچەی سەید خەندانی تاران کەوتوونەتە خوارەوە بەرپرسێکی باڵای سەربازیی ئیسرائیل دەڵێ، ئەو هێرشانەی ئێستا لە ئارادان بە هاوئاهەنگی واشنتن و تەلئەڤیڤ دەکرێن. فەرماندەیی ناوخۆی ئیسرائیلیش رێنماییە ئەمنییەکانی بۆ هاووڵاتییان نوێکردەوە. سوپای ئیسرائیل دەڵێ، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە سەرانسەری وڵات لێدراوە و هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی لە ئەگەری هێرشی مووشەکی لەلایەن ئێرانەوە؛ داواش دەکات خەڵک بچنە پەناگەکان.

شەوی رابردوو خەو لە چاوی خەڵکی ئەفغانستان و پاکستان زڕا، شەڕێکی چڕ و قورس لە هەندێک ناوچەی سنووری نێوان هەردوو وڵات روویدا، بەڵام ئەم شەڕە چۆن دەستیپێکرد؟ سەرەتا شەڕەکە بە هێرشی چەکدارانی تاڵیبان لە هەندێک ناوچەی سنووری دەستیپێکرد. چەکدارانی تاڵیبان هەڵیان کوتایە سەر چەند بنکە و بارەگایەکی پاکستان لەسەر سنوور. هەر زوو کابول بانگەشەی ئەوەی کرد، دەیان سەربازی پاکستانیان کوشتووە و دەیانی دیکەش بەدیل گیراون و چەند بنکەیەکیشیان کۆنترۆڵ کردووە. بەڵام ئسلامئاباد هەر زوو بە خەبەر هات و هاوکێشەکە گۆڕا. سوپای پاکستان هێرشی پێچەوانەی دەستپێکرد و لە چەند ناوچەیەکی سەر سنوور، چەندین بنکە و بارەگای تاڵیبانیان بەئامانج گرت، هاوکات توانییان چەند بنکەیەکیش کۆنتۆڵ بکەن و ئاڵای پاکستانی تێدا هەڵبکەن. هاوکات درەنگانی شەوی رابردوو بە فڕۆکەی جەنگی ناوجەرگەی هەر یەک لە کابول، قەندەهار و پاکتیای کردە ئامانج.  سیناریۆکان لەبارەی هەڵگیرسانی جەنگەکەوە جیاوازن. کەناڵی سی ئێن ئێن لە راپۆرتێکیدا ئاماژە بەوە دەکات، هۆکاری هێرشەکەی تاڵیبان بۆ ئەو هێرشانەی هەفتەی رابردووی پاکستان دەگەڕێتەوە کە کردبوویە سەر چەند کەمپ و بنکەیەکی چەکدارانی تاڵیبان و بەهۆیەوە لانیکەم 18 کەس کوژران.  بەڵام ئیسلامئاباد ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە. خواجە محەممەد ئاسیف، وەزیری بەرگریی پاکستان دەڵێت، چیتر سەبریان نەماوە و لە ئێستادا لە جەنگێکی کراوەدان لەگەڵ تاڵیبان. ئیسلامئاباد کابول بە ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆستی تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، تەنها لە ساڵی 2025 دا زیاتر لە 700 کردەوەی تیرۆرستییان لە پاکستان ئەنجام داوە و هاوکات داڵدەی ئەو گرووپە تیرۆرستییانە دەدات کە لەنێوخۆی پاکستاندا کردەوەی تیرۆرستی ئەنجام دەدەن.  پێدەچێت گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات وا بە ئاسانی چارەسەر نەبن، زمانی تووندی هەردوو وڵات بەرامبەر یەکدی گەیشتووەتە لوتکە، کابول لە وەڵامی هێرشە کوشندەکانی پاکستاندا دەڵێت، ئەگەر مەترسیی جدی بۆسەر ئەفغانستان دروست بکەن، ئاوا شەڕەکە دەبەینە ناوجەرگەی ئیسلامئاباد.

کەناڵی " ABC News"ی ئەمریكی ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، درەنگانی شەوی رابردوو، وردەكاری لەبارەی بژاردە سەربازییەكان دژی ئێران داوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا، ئەمەش لە کاتێکدایە گرژییەکان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمی و موشەکییەکانی ئێران پەرەدەسێنن. بەپێی سەرچاوەیەکی نزیک لە ترەمپ، کە قسەی بۆ کەناڵەكە کردووە، لە دیدارەكەدا جەنەڕاڵ دان کین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا، لەگەڵ راوێژکارە باڵاکانی دیکەی سەربازیش ئامادەی بوون. هاوكات كەناڵەكە، لە زاری دوو سەرچاوەوە بڵاویکردووەتەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەك لە کۆماریخواز و بەشێک لە بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ، بیرۆکەی ئەوەیان وروژاندووە، کە سەرەتا ئیسرائیل هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران ئەنجام بدات. بەگوێرەی سەرچاوەکانی ئەو کەناڵە ئەمریکییە، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی ئەمریکی و ئیسرائیل هێشتا لەسەر مێزی گفتوگۆیە، بەتایبەتی كە واشنتۆن بوونی خۆی لە ناوچەكە بەهێزكردووە بە جێگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە کەشتی و فڕۆکەی جەنگی نزیک لە ئێران.

لە شەوی رابردووە شەڕ و پێکدادانەکان لەسەر سنووری پاکستان و ئەفغانستان زیاتر پەرەی سەندووە  و هەردوولا زیانی گیانی زۆریان ڕاگەیاندووە و وەزیری بەرگری پاکستانیش دەڵێت: وڵاتەکەی لە "جەنگی ئاشکرادایە" لەگەڵ دراوسێکەی. بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، کە قەبارە و توانا سەربازییەکانی ئەو دوو وڵاتە بەراورد دەکات،  نیشاندانی دەدات کە لە رووی هێزی سەربازی و جبەخانەوە پاکستان باڵادەست ترە بەسەر ئەفغانستاندا. • ژمارەی هێزە چالاکەکانی ئەفغانستان کە سوپا و هێزی ئاسمانی و دەریایی لە خۆدەگرێت 660 هەزار کەسە، کە 560 هەزار لە سوپای زەمینی، 70 هەزار لە هێزی ئاسمانی و 30 هەزار لە هێزی دەریایییە. سوپای تاڵیبانی ئەفغانستان بچووکترە و تەنها 172 هەزار کەسی چالاکیان هەیە، بەڵام حکومەتی ئەفغانستان پلانی خۆی بۆ زیادکردنی هێزی چەکداری بۆ 200 هەزار ڕاگەیاندوە. • پاکستان زیاتر لە 6 هەزار ئۆتۆمبێلی شەڕکەری زرێپۆش و زیاتر لە 4600 تانکی  هەیە. لە بەرامبەردا هێزەکانی ئەفغانستان ئەو زرێپۆش و تانکانەی لەبەردەستە کە لە حکومەتی سوپای رژیمی پێشووی ئەفغانستان دەستی کەوتوە کە ژمارەیان  نادیارە. • لە رووی هێزی ئاسمانییەوە پاکستان خاوەنی 465 فڕۆکەی جەنگی لەوانە فڕۆکەی( JF-17) و زیاتر لە 260 هێلیکۆپتەرە، کە بریتین لە هەلیکۆپتەری فرە ئەرک و هێرشبەر و گواستنەوە. لە بەرامبەردا ئەفغانستان فڕۆکەی جەنگی نییە و هێزی ئاسمانی ڕاستەقینەی کەمی هەیە و بە گوێرەی راپۆرتەکە لانیکەم شەش فڕۆکەی هەیە کە هەندێکیان سەردەمی سۆڤیەتن و ٢٣ هێلیکۆپتەریشیان هەیە، بەڵام نازانرێت چەندیان ئامادەی فڕینن. • پاکستان خاوەنی چەکی ئەتۆمی و 170  سەری ئەتۆمییە، لە کاتێکدا ئەفغانستان جبەخانەی ئەتۆمی نییە و ئەمەش یەکێکە لە جیاوازییە بنەڕەتییە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو وڵات. • بودجەی سەربازیی پاکستان زۆر زیاترە لە بودجەی ئەفغانستان، هەروەها پیشەسازییەکی بەرگری بەرچاوی هەیە کە بەشێک لە ئامێرەکانی بەرهەم دەهێنێت یان بەرزی دەکاتەوە. • لەروی بودجەی سەربازییەوە لە نوێترین ئاماری فەرمی بودجەی ساڵی 2025 بۆ 26ی پاکستان، ئەو وڵاتە  نزیکەی 2.55 تریلیۆن ڕوپیەی پاکستانی بۆ خەرجییە سەربازییەکان تەرخان کردووە، ئەم بودجەیە بە نزیکەیی یەکسانە بە 9 ملیار دۆلاری ئەمریکیی، ئەم بڕە  بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو نزیکەی 20% زیادی کردووە، کە یەکێکە لە گەورەترین زیادبوونەکانی دەیەی ڕابردوو.  لە کاتێکدا  ئەفغانستان ئاماری فەرمی و شەفاف لەسەر بودجەی سەربازی خۆی بڵاوناکاتەوە، بەڵام بەپێی ڕاپۆرت و داتا نێودەوڵەتییەکانی بانکی نێودەوڵەتی و دامەزراوەکانی چاودێری: • لە نیوەی یەکەمی ساڵی دارایی (2025) هێزەکانی تاڵیبان نزیکەی 96.9 ملیار ئەفغانی واتە نزیکی 1.5  ملیارد دۆلاری ئەمریکییان  بۆ خەرجییە ئەمنی و سەربازییەکان خەرجکردووە، کە نزیکەی نیوەی کۆی خەرجییەکانی حکومەت لەو ماوەیەدا بووە.  ئەم ژمارەیە نوێنەرایەتی خەرجییە ڕاستەقینەکان دەکات لە یەک قۆناغدا، بەڵام لەبەر ئەوەی ئاماری ساڵانەی فەرمی بڵاوناکرێتەوە، بەزۆری کۆی بودجەی ساڵەکە زۆر کەمترە لە بودجەی پاکستان و وردبینی دارایی بەراوردکاری نییە.  • پاکستان و ئەفغانستان 2 هەزار و 574 کیلۆمەتر سنوری هاوبەشیان هەیە کە هەمووی شاخ و ناوچەی کوێستانییە.

ماڵپەڕێکی ئەمریکی ئاشکرای کردووە، لە میونشن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە مەرجی ئامادەبوونی فەرماندەی هەسەدە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەتەوە. پێگەی هەواڵی ئەلمۆنیتۆر لە راپۆرتێکدا نهێنییەکی گفتوگۆکانی نێوان مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریای لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشیی جیهانی میونشن ئاشکرا کردووە و بە گۆێرەی زانیارییەکان روبیۆ بە شەیبانی وتووە هیچ کۆبوونەوەیەک لەگەڵت ناکرێت لە میونشن ئەگەر مەزڵووم عەبدی فەرماندەی کورد لە کۆبوونەوەکە ئامادە نەبێت. رۆژنامەنووس ئەمبەرین زەمان راپۆرتەکەی ئەلمۆنیتۆری ئامادەکردووە و نووسیویەتی "مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە کۆبوونەوەکەی 13ی شوبات، لەگەڵ ئەسعەد شەيبانی وەزیری دەرەوەی سووریا ئامادە بێت. کە دیدارەکە لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بەڕێوەچوو. بەگوێرەی راپۆرتەکە، سەرچاوە ئاگادارەکان کە زانیاریی تەواویان لەسەر گفتوگۆکانی پێش کۆبوونەوەکە هەبووە، بە مەرجی مانەوەیان بە نهێنی بە  چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار کە زانیاریی تەواویان لەسەر ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەی پەراوێزی کۆنفرانسی میونشن هەبووە، بە مەرجی ئەوەی ناویان بڵاو نەکرێتەوە، بە ئەلمۆنیتۆریان راگەیاندووە؛ رۆبیۆ بە شەيبانی گوتووە ئەگەر سەرکردە سەربازییەکە کورد، مەزڵووم عەبدی لەناو شاندی سووریادا نەبێت، ئەوا کۆبوونەوەکە هەرگیز ناکرێت. هەربۆیە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سووریا، رێگەی بە شەیبانی داوە کە پابەند بێت. لە کۆتاییدا مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون، عەبدی لە تەنیشت شەیبانی دانیشت کە بەنزیکەی دەکەوتە بەرانبەر بە روبیۆ. ئەمبەرین زەمان لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت: ئەم ساتەوەختە لەلایەن کوردانی سەرتاسەری جیهانەوە وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی لە هەڵمەتی دەیان ساڵەیان بۆ بەدەستهێنانی شەرعییەتی نێودەوڵەتی ئاهەنگی بۆ گێڕا. تەنانەت بەئەزموونترین چاودێرانی کاروباری کوردیشی تووشی سەرسوڕمان کرد. هەروەها تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ سووریا، کە زۆرجار لەلایەن کوردەوە بە لایەنگری شەرع تۆمەتبار دەکرێت، وێنەیەکی کۆبوونەوەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "وێنەیەک بەرانبەر بە هەزار وشەیە. سەرەتایەکی نوێ". هەر بە بۆچوونی ئەو سەرچاوانەی زانیاریان بە ئەلمۆنیتۆر داوە، دەڵێن باوەش پێداکردنی رۆبیو بە عەبدی زیاتر بۆ رازیکردنی کۆنگرێسی ئەمریکا بووە نەک نیشانەیەک بێت بۆ گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە هەسەدە. بەگوتەی سەرچاوەکان، لەنێو کۆنگرێسی ئەمریکا ناڕەزایەتییەکان بەرانبەر بە ئەحمەد شەرع لە زیادبووندایە، بە تایبەت لەبارەی خراپ مامەڵە و رەفتاری لەگەڵ پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی ناو وڵاتەکەی. تەنیا لە ساڵی رابردوو، بەهۆی توندوتیژییەکانەوە زیاتر لە دوو هەزار کەس لە عەلەوی و درووزەکان کوژران، ئەمەش وای لە ئیسرائیل کرد، لە بەرژەوەندیی درووزەکان دەستێوەردانێکی بەهێزی سەربازیی لە سووریادا بکات. سەرەڕای ئەمەش، کۆنگرێس دەنگی دا بۆ هەڵگرتنی قورسترین سزا سەپیندراوەکانی سەر سووریا بۆ ئەوەی دەرفەتێک بە شەرع بدات تا وڵاتە وێرانبووەکەی بەهۆی جەنگەوە بنیادبنێتەوە. بەڵام هێرشی سوپای سووریا لە مانگی رابردوودا بۆ سەر هاوپەیمانە کوردەکانی پێنتاگۆن، هەنگاوێک بوو کە لە سنوور دەرچوون.  نادین مێنزە، هاوسەرۆکی مێزگردی ئازادیی ئایینیی نێودەوڵەتی و بەرپرسی پێشووی کۆمیسیۆنی ئەمریکا بۆ ئازادیی ئایینی نێودەوڵەتی، بە ئەلمۆنیتۆری راگەیاندووە "دوای ئەوەی هێزەکانی سووریا پێشتر تێوەگلاون لە تاوانەکانی دژی پێکهاتە عەلەوی و درووزەکان، دەرکەوتنیان لە چەند ڤیدیۆیەکدا، کە تاوانی هاوشێوەی داعش ئەنجام دەدەن و سەری شەڕڤانانی کورد، لەنێویاندا ژنان دەبڕن و هاووڵاتی کوردیان دەکوشت، ئەمەش زەنگی مەترسی لە کاپیتۆڵ هیل لێدا." بەڵام هێشتا بە تەواوی بەڵگەنامە ڤیدیۆییەکان پشتڕاست نەکراونەتەوە. توندوتیژییەکان لە 6ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا لەسەر هەردوو گەڕەکی کوردنشینی حەلەب دەستیان پێکرد. هەردوو لایەن یەکتریان بە هەڵگیرساندنی پێکدادانەکان تۆمەتبار کرد. بە هەردوو بارەکەدا، دەرەنجامەکەی ئەوە بوو کە هەسەدە زیاتر لە سەدا %80ی ئەو ناوچانەی لەدەستدا کە کۆنتڕۆڵی کردبوون، بەتایبەتی ناوچە دەوڵەمەندەکانی بە نەوت لە پارێزگای دێرەزوور کە زۆرینەیان عەرەبن  نشینن.  هێزەکانی حکوومەتی سووریا ئاگربەستی 9ی کانوونی دووەمی حەلەب، کە بە نێوەندگیریی ئەمریکا رێکخرابوو پشتگوێخست و بەرەو رۆژهەڵات بۆ ناوچە کوردییەکان پێشڕەوییان کرد و هێڵەکانی ئاگربەستیان بەزاند، کە رووباری فورات نێو بڕی هەسەدە و هێزەکانی دیمەشق بوو.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی دۆناڵد ترەمپ جەخت لەوەدەکاتەوە کە ئێران نایەوێت دانوستان لەسەر پرسی مووشەکی خۆی بکات و هەر ئەو پرسەش گرێ و کێشەیە لە دانوستانەکان. رۆژی پێنجشەممە 26ی 2ی 2026، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی نیوان ئێران وئەمریکا لە جنێڤ مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند" جگە لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، مووشەکی بالیستیکی وڵاتەکە و هێزی دەریایی وڵاتەکەی لە کەنداوی فارسیش هەڕەشەیەکی جیددییە بۆ سەر ئەمریکا". ناوبراو وتی: ئێران هەڕەشەیەکی زۆر جیددییە بۆ سەر ئەمریکا و ماوەیەکی زۆرە هەروا بووە، و نایەوێت لەسەر پرسی موشەکی خۆی دانوستان بکات وهەر ئەوەش گرێیەکی گەورەیە.  ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای ئەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان لەناوچوو، پێیان گوترا هەوڵی دەستپێکردنەوەی مەدەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا دەبینیت بەردەوام هەوڵی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی بەشەکانی دەدەن، ئەوان لە ئێستادا پیتاندن ناکەن، بەڵام هەوڵدەدەن بگەنە ئاستێک کە دواجار بتوانن ئەو کارە بکەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ پێنج شەممە هەر یەک لە لایەنی ئێران و ئەمریکا بۆ گەڕی سێیەمی دانوستانەکان بۆ گفتوگۆکردنی پرسی موشەکی و ئەتۆمی ئێران لە جنێڤن

تاران و واشنتن شیر و تیر لەیەکتر دەسوون، سەنگەریان لەیەکتر گرتووە و نمایشی هێز و بازوو دەکەن، لەلایەکی دیکەشەوە لەسەر مێزی دانوستانن، دەیانەوێت بەبێ شەڕ خواستی خۆیان بسەپێنن. سبەی گەڕێکی دیکەی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە جنێف دەبن. ئامانجی هەردوولا روونە، بەڵام دوو ئامانجی دژ بەیەک، کەسیشیان ئامادە نین سازش بکەن ئەمریکا، ئێرانێکی دەوێت بەبێ بوونی هیچ بەرنامەیەکی ئەتۆمی، ئێرانیش هەبوونی بەرنامەی ئەتۆمی ئاشتیانە بە مافی خۆی دەزانێت. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە نوێترین لێدوانیدا رایگەیاندووە، دانوستانەکەی سبەی لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنەکانی دانوستانی پێشوویان دەبێت، کە ئامانج لێی گەیشتنە بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە و تیایدا نە شیش بسوتێت، نە کەباب بە وتەی عێراقچی، ئەگەر ئەمریکا بیەوێت، رێککەوتن نزیکە، ئێران هەرگیز هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆم نادات، بەڵام دەستبەرداری پرۆگرامە ئەتۆمییە ئاشتیانەکەشی نابێت. لەلایەکی دیکەوە، کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشی سپی دەڵێت، ترەمپ رێگەی دیپلۆماسی بەگونجاو دەزانێت بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران، بەڵام سڵ لە بەکارهێنانی هێزیش ناکاتەوە، ئەگەر پێویست بکات. لەئەگەری شکستهێنانی دانوستانەکان، چاوەڕوانی هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەکرێت، بڕیاری کۆتایی لای ترەمپە و لە نێوان ئەو بژاردانەی خراونەتە بەردەستی یەکێکیان هەڵدەبژێرێت. ترەمپ جەنگی درێژخایەنی ناوێت، خواستی ئەوەیە بە گورزێکی کوشندە ئێران لە پەلوپۆ بخات، ئەوەش تا ئاستی گۆڕینی رژێمی کۆماری ئیسلامی یان ملکەچکردنی بۆ داواکارییەکانی واشنتن. ئاماژەکانی جەنگ لە ئاماژەکانی ئاشتی، زەقتر و بەهێزترن، سوپای پاسداران مەشق و راهێنانەکانی چڕکردووەتەوە و مووشەکی دژەکەشتی لە چین وەردەگرێت، سوپای ئەمریکاش کەشتییە جەنگییە زەبەلاحەکانی لە ئێران نزیک دەکاتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، سەرجەم قسەکانی ترەمپ لەبارەی بەرنامە مووشەکییەکانی ئێڕان و بەرنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکە و ژمارەی قوربانیانی خۆپیشاندانەکان، درۆیەکی گەورەیە. ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی شوباتی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە وڵامی قسەکانی سەرۆکی ئەمریکا کە لە کۆنگرێسی وڵاتەکە پێشکەشی کرد، لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی، ئەو بانگەشانەی سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، مووشەکی بالیستیی کێشوەربڕ و ژمارەی گیان لەدەستدراوانی نائارامییەکانی مانگی کانوونی دووەم دەکرێن، تەنیا دووبارەکردنەوەی زنجیرەیەک درۆی گەورەن. نابێت هیچ کەسێک بکەوێتە داوی ئەم جۆرە درۆیانەوە. بەقایی باس لەوەش دەکات، ئەم رێسایە ئێستا بە شێوەیەکی سیستماتیک لەلایەن حکوومەتی ئەمریکا و جەنگخوازانی دەوروبەریان، بەتایبەت ئیسرائیل، بۆ برەودان بە کەمپەینە شەیتانییەکەیان لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی درۆ و ساختە دژی نەتەوەی ئێران بەکار دەهێنرێت. ئەم قسانەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتاری ساڵانەی لە کۆنگرێس پێشکەش کرد و سەبارەت بە دۆخی دانوستان لەگەڵ ئێران گوتی: "ئێمە دەمانەوێت بە رێگەی دیپلۆماسی کێشەکە لەگەڵ تاران چارەسەربکەین و ئەوانیش رێککەوتنی دەوێت، بەڵام هەرگیز رێگەنادەن چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنن." ترەمپ گووتیشی؛ "مووشەکانی ئێران دەگەنە وڵاتانی ئەوروپا، ئێستا کار لەسەر دروستکردنی مووشەک دەکەن بۆ ئەوەی بگاتە ئەمریکا، لەگەڵ ئەوەی بەرنامەی ئەتۆمیان لەناوبرا، بەڵام دووبارە دەستیان بەدروستکردنی کردووەتەوە." سەرۆکی ئەمریکا لەبەردەم کۆنگرێس ئاماژەی بەوەدا؛ لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی رابردووی ئێران 32 هەزار کەس کوژران، ئەمریکا نەبوایە خەڵکی زیاتریش لەسێدارە دەدران.  

ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی شوباتی 2026، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، لە بەغدا پێشوازی لە باڵیۆز تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا و شاندی یاوەری کرد. لە دیدارەکەدا کۆمەڵێک دۆسیەی گرنگی پەیوەست بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، ئاسایشی ناوچەکە و بارودۆخی ناوخۆی عێراق خرانە بەرباس. لە سەرەتای دیدارەکەدا، هەردوولا پێداچوونەوەیان بۆ ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن کرد. جەخت کرایەوە لەسەر گرنگی بەردەوامی هەماهەنگییەکان لە قۆناغی داهاتوودا، بەتایبەتی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاشماوەکانی داعش بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە. نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا پێزانینی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ هەنگاوە بوێرەکانی حکوومەتی عێراق لە گواستنەوەی ئەندامانی داعش لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی دەرەوەی وڵات بۆ زیندانەکانی ناوخۆی عێراق. ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە بەهێزکردنی سەروەریی نیشتمانی و جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییە یاساییەکان هەژمار کرا. لە بەرامبەردا، وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوە کرد، عێراق لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ وڵاتانی جیهان بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییە تێوەگلاوەکانیان لە دۆسیەی تیرۆر، هەروەها سوپاسی حکوومەتی تورکیای کرد بۆ هاوکارییەکانی لە پێشوازیکردن لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی. بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ تاوتوێکردنی رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی کاتی سووریا. هەردوولا پاڵپشتی خۆیان بۆ ئەم رێککەوتنە دەربڕی و جەختیان کردەوە، پابەندبوون بە جێبەجێکردنی، کاریگەری ئەرێنی راستەوخۆی دەبێت لەسەر بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە سووریا و ناوچەکە. سەبارەت بە پەیوەندییەکانی تاران و واشنتن، فوئاد حوسێن ئاماژەی بە مەترسییەکانی هەر گرژییەکی سەربازی لە ناوچەکەدا کرد و دووپاتی کردەوە، عێراق پشتیوانی رێبازی ئاشتییانە دەکات. وەزیری دەرەوە ئاشکرای کرد، عێراق بە بایەخەوە دەڕوانێتە خولی داهاتووی دانوستانەکانی نێوان نوێنەرانی ئیدارەی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران، کە بڕیارە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو لە شاری جنێڤ بە ناوبژیوانی سوڵتانی عومان بەڕێوەبچێت. لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، پرسی ناوخۆیی عێراق و پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەت و کاندیدانی پۆستی سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار تاوتوێ کران. نێردەی ئەمریکا دیدگای وڵاتەکەی لەسەر ئەم پرسە خستەروو. لای خۆیەوە وەزیری دەرەوە جەختی کردەوە: "پێکهێنانی حکوومەت پرسێکی تەواو ناوخۆییە، بەڵام عێراق رەچاوی بۆچوونی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی دەکات، بەتایبەتی ئەمریکا وەک هاوپەیمانێکی سەرەکی، بە ئاراستەیەک کە حکوومەتی داهاتوو بتوانێت بە شێوەیەکی ئەرێنی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کار بکات." لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەردوولا لەسەر بەردەوامی پەیوەندییەکان و هەماهەنگی چڕ لە ماوەی داهاتوودا رێککەوتن، تا ئەو کاتەی پڕۆسەی سیاسی عێراق دەگاتە ئەنجامی کۆتایی.