هاوڵاتى وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم ئاماری 24 كاتژمێری ڕابردوی تایبه‌ت به‌كۆرۆنای بڵاوكرده‌وه‌و ئاشكرایكردوه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌زارو 360 توشبوى نوێ تۆماركراوه‌و 20 كه‌سیش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. ئەمرۆ یەکشەممە، 26ی ئەیلوولی 2021، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم ئاماری 24 كاتژمێری ڕابردوی تایبه‌ت به‌كۆرۆنای بڵاوكرده‌وه‌و ئاشكرایكردوه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌زارو 360 توشبوى نوێ تۆماركراوه‌و 20 كه‌سیش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. ئاماری گشتی: کەرەنتین هاوڵاتی 21871 پشکنین 3082224      تووشبوون 325072           چاکبوون 290880        لەژێر چارەسەر  28408 مردن 5784

هاوڵاتى وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، "بەهۆی كەمبوونەوەی بڕە بەنزینی پێویست، رۆژانەی بڕی یەک ملیۆن لیتر بەنزین هەناردەی هەرێمی کوردستان دەکەین" دەشڵێت، "هەرێم دەبێت مانگانە بە بەهای 250هەزار بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ رادەستی حكومەتی فیدڕاڵی بكات". ئەمرۆ یەکشەممە، 26ی ئەیلوول، ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لە بارەی رێكارەكانی هەناردەكردنی بڕە نەوتی مانگانەی هەرێم بە ئاژانسی فەرمی حکومەتی عێراقی راگەیاندووە، "دەبێت هەرێم مانگانە بە بەهای 250هەزار بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ رادەستی حكومەتی فیدڕاڵی بكات". ئاماژەی بەوەشکردووە، لەپاش ڕادەستکردنی ئەو بڕە نەوتە، دواتر كۆمپانیای سۆمۆ كۆی دۆسیە و بەڵگەنامەكان رەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵی عێراق دەكات بۆ تۆماركردنی ئەو بڕە داهاتانەی كە هەرێم بەدەستیهێناوە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، بەهۆی كەمبوونەوەی بڕە بەنزینی پێویستی رۆژانەی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ كەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێم گەیشتوونەتە رێككەوتن لەسەر هەناردەكردنی بڕی یەك ملیۆن لیتر بەنزینی رۆژانە بۆ هەرێمی كوردستان، ئەو بەنزینەی كە رەوانەی هەرێمی كوردستانی دەكەین لە جۆری نۆرماڵە. رۆژی 8ی تەمموزی 2021، وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کۆبونەوە، پاشتر لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا، کەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ بەغدا رێککەوتووین، کە رۆژانە یەک ملیۆن لیتر بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان بنێرن.

  هاوڵاتى  هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی رایگەیاند: " به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌ی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 26ی ئه‌یلوولی 2021، بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی  لە دەباشان پێشوازیکرد لە خانەوادەی زیندانیکراوەکانی بادینان. ئه‌وه‌ش هاتووه‌: لە دیدارێکدا گوێبیستی خواست و داواکاری کەسوکاری رۆژنامەنووس و چالاكوان و مامۆستا و زیندانیکراوانی بادینان بوو، روونیانکردەوە کە بەبێ ھیچ بەڵگەیەکی یاسایی بڕیاریان لەسەر دراوە و بەناوی ئاسایشی نیشتمانییەوە دادگایی کراون. به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، بافڵ تاڵەبانی وێڕای دەربڕینی ھاوسۆزی بۆ کەسوکاری زیندانیکراوانی بادینان کە لەبەرامبەر وتنی راستی و داکۆکی لە مافی گشتی زیندانیکراون، روونیکردەوە لە دەڤەری بادینان ئازادییە گشتییەکان بەرتەسککراوەتەوە و چالاکوانان و رۆژنامەنووسان و نووسەران و مامۆستایان و لایەنگرانی دەرەوەی پارتی لەسەر دەربڕینی بیروبۆچونەکانیان، وتنی راستی و داواکردنی مافەکانیان زیندانی دەکرێن و بڕیاری پێشوەختەیان لەسەر دەدرێت، کە ئەمە بوه‌تە ھۆی ئەوەی لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ وێنایەکی خراپ لەسەر ھەرێم بەتایبەت ناوچەی بادینان دروست ببێت و بەئاشکرا رەخنەمان لێبگیرێت. به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌ی بافڵ تاڵه‌بانی، بە راشکاوی ھەڵوێستی روونی یەکێتی خستەڕوو رایگەیاندووه‌، یەکێتی باوەڕیی تەواوی بە ئازادی رادەربڕین و رەخساندنی زەمینەی لەبار بووە تا رۆژنامەنووسان پیشەییانە و پابەند بە بنەمای کاری راگەیاندن ئەرکەکانیان رابپەڕێنن، سنووری ئازادییە کەسییەکان نەبەزێنن و زەمینەیان بۆ بڕەخسێنرێت تا ئازادانە و ئازایانە کاری میدیایی بکەن و مافیشیان پارێزراوبێت. بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "یەکێتی لە دۆخی ئازادی رادەڕبڕین و کاری میدیایی لە دەڤەری بادینان نیگەرانە و لەگەڵ ئەوەدانین کە رۆژنامەنووس لەسەر وتنی راستی، خاوەن قەڵەمە بوێرەکان لەسەر داکۆکی لە مافی گشتی، چالاكوانان لەبەرامبەر پێشڕەویکردنی مافی خەڵک، مامۆستایان لەسەر داوای قوتی ماڵ و منداڵیان و کەسانێکیش لەسەر ئازادی سیاسی و بیروڕای جیاواز زیندانی بکرێن. ئەم رەفتارانە ھی حیزبە تاکرەو و خۆسەپێنەکانە، کە لەگەڵ ئەزموونی دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە ھەرێم یەکناگرێتەوە، بۆیە داوامانکردووە کۆتایی بەم بارودۆخە نائاساییەی بادینان بھێنرێت و رێگە لەوەبگیرێت دادگاکان تێکەڵ بە ململانێی سیاسی بکرێن و حیزب بڕیار لەسەر ئەم کەیسانە بدات". بافڵ تاڵەبانی ھەر پەیوەست بە داواکاری کەسوکاری زیندانیانی بادینان وتی: "ئازادی و رەخنە زیانی بۆ دیموکراسی و ناوبانگی ھەرێمەکان نابێت، بەڵکو ئەوەی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان لەکەدار دەکات زیندانیکردن و کپکردنی بیروڕای جیاواز و دەستوەردانە لە دەسەڵاتی دادوەری و دروستکردنی سیناریۆ و تۆمەت دروستکردنە بەناوی دادگاکانەوە". ھەر لەدیدارەکەدا ھاوسەرۆکی یه‌ێكتی پێی راگەیاندن، "بەھیچ شێوەیەک ئەو دۆخەی لە بادینان دروستکراوە جێگای قبوڵکردن نییە و رێنادەن یاسا بکرێتە سێبەری داپۆشینی ئەو پێشێلکاریانە چونکە لە ھیچ یاسایەکی دونیادا نییە زیندانی بێ ئەوەی دادگایی کرابێت، ساڵی زیندانییەکەی و مانەوەی لەزیندان دیاریکرابێت کە ئەمە دەستوەردانی ئاشکرایە لەکاروباری سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و دژی مافی مرۆڤیشە". وتیشی: "دڵنیابن یەکێتی پەیوەستە بەڕێبازی مامەوە، بۆ دابینکردنی نان و ئازادی بێ مەرج بۆ نووسەر، رۆژنامەنووس و ئازادیخوازان، لەپێناو ھێشتنەوەی ئەو بەھا باڵایانە داکۆکیکەر و پارێزەری ئەو رێبازە دەبین و نابێت رێگەبدەین بەناوی دەسەڵاتی دادوەرییەوە ئازادییەکان بۆ ویستی سیاسی بەرتەسک بکرێنەوە".

  هاوڵاتى وەزیری دارایی هەرێم ڕایگەیاند: "ئومێدمان ئەوەیە کە 200 ملیار دینارەکەی بەغدا دێت". دەشڵێت، "لە 7ی مانگەوە بە فەرمی نووسراومان ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە، بەگوێرەی زانیارییەکان تائێستا تەمویلیان نەکردووە". ئەمرۆ یەکشەممە 26ی ئەیلوولی2021، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی، "بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کە دوو جار ئەو بڕیارەی دەرکردووە، ئومێدمان ئەوەیە کە 200 ملیار دینارەکەی بەغدا دێت". ئەو تیشی، "بەڵام هەموومان ئەزموونی پێشووی عێراق دەزانین و دۆخی عێراق لە ئان و سات دایە بە ئەرێنی یان نەرێنی، بەڵام ئەوەی کە گرنگە حکومەتی هەرێم هیچ کەمتەرخەمی نەکردووە و نایکات بۆ دابینکردنی مووچەی هاوڵاتییان، هیواداریشین عێراق لەسەر ئەم سیاسەتەی ئێستای بەردەوام بێت". وەزیری دارایی هەرێم، وتیشی، "لە 7ی مانگەوە بە فەرمی نووسراومان ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە، بەگوێرەی زانیارییەکان تائێستا تەمویلیان نەکردووە". دوێنێ شەممە، وەزارەتی‌ دارایی‌ و ئابوری‌ حکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان دەستپێکردنی‌ دابەشکردنی‌ موچەی‌ مانگی‌ ئەیلوولی‌ راگەیاند و فەرمانبەرانی وەزارەتی ته‌ندروستی مووچەیان وەرگرت. هەرچەندە وەزارەتی‌ دارایی‌ لە راگەیەندراوەکەدا ناوی‌ ئەو وەزارەتانەی‌ ئاشکرا نەکردووە کە لەپاش وەزارەتی‌ تەندروستی‌ مووچە وەردەگرن، بەڵام بە گوێرەی‌ لیستی‌ مانگی‌ پێشوو بێت دەبێت مووچەی‌ دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواكان و دواتر مووچەی‌ وەزارەتی‌ پەروەردە دابەش بکرێت.

    هاوڵاتى سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادەیی هەرێمى کوردستانى بۆ پێشکەشکردنى هەموو ئاسانکارییەکى پێویست بۆ سەرمایەگوزارى و بازرگانی تورکیا لەگەڵ هەرێمى کوردستان و عێراق نیشان دا ئەمڕۆ یەکشه‌ممه‌ 26ی ئه‌یلوولی 2021، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مەهمەت مووش، وەزیری بازرگانی تورکیا، كۆبووەوە و  بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، "جەختیان لە خواستى برەودان بە پەیوەندییە بازرگانى و ئابوورییەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق لەگەڵ تورکیا کردەوە و هاوڕا بوون کە پێویستە هەموو گرفتەکانى بەردەم فراوانکردنى بوارەکانى بازرگانى و ئابوورى لەنێوان هەردوولادا چارەسەر بکرێن." نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە، ستراتیژ و بیرکردنەوەیەکى تازەى تورکیا بۆ چۆنیەتیى فراوانکردنى بوارەکانى بازرگانى و چالاکیى ئابوورى و وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان و عێراق پێویستە قورسایى بخاتە سەر وەبەرهێنان زیاتر لە بازرگانی. پەیوەندییە ئابوورى و بازرگانییەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ تورکیا، وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ کردووە، "گرنگ و ستراتیژى"ـن دەشڵێت، "یاساى وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان یاسایەکى دۆستانەیە کە هانى سەرمایەگوزاریى بیانى دەدات، هەروەها ئامادەیی هەرێمى کوردستانى بۆ پێشکەشکردنى هەموو ئاسانکارییەکى پێویست بۆ سەرمایەگوزارى و بازرگانیى تورکیا لەگەڵ هەرێمى کوردستان و عێراق نیشان دا." وەزیرى بازرگانی تورکیاش خواستى وڵاتەکەى بۆ برەودان بە پەیوەندیى بازرگانی و فراوانکردنى چالاکییە ئابوورییەکانى لە هەرێمى کوردستان دووپات کردەوە و ئاماژەى بە چەند "نموونەیەکى سەرکەوتووى" وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریى تورکی لە وڵاتانى ناوچەکە کرد کە بە هەمان شێوە لە هەرێمى کوردستان دووبارە بکرێنەوە، لەوێشەوە بەرەو هەموو ناوچەکانى دیکەى عێراق فراوان بکرێن. لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک لە وەزیر و لایەنە پەیوەندیدارەکانى هەرێمى کوردستان و باڵیۆزى تورکیا و شاندێکى تورکى ئامادەبوون. بەپێی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، کاریگەرییەکانى پەتاى کۆرۆنا لەسەر بازرگانى و چالاکیى ئابوورى، رێژەى بازرگانی و هاوردەکردنى تورکیا لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان، سیستمى بانکدارى و ناردن و گواستنەوەى پارە، دادگەى بازرگانى، گەشتیارى و چەند پرسێکى دیکە، تاوتوێکران.

هاوڵاتى  سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان رایگەیاند: " هاوپەیمانێتی یەکێتى و گۆڕان تەنیا بۆ هەڵبژاردن نیە، بەڵکو دوای هەلبژاردنیش بەردەوام دەبێت".  ​ئەمڕۆ یەکشه‌ممه‌ 26ی ئه‌یلوولی 2021، قوباد تاڵەبانی سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان سەردانی قەزای پێنجوێنی کرد و بەشداری کرد لە ناساندنی کاندیدەکانی هاوپەیمانی کوردستان و لە وتەیەکدا رایگەیاند، هاوپەیمانێتی یەکێتى و گۆڕان تەنیا بۆ هەڵبژاردن نیە، بەڵکو دوای هەلبژاردنیش بەردەوام دەبێت. لەو کۆبوونەوە جەماوەرییەدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، بەرەو هەڵبژاردنێکی چارەنوسساز هەنگاو دەنێین تا بتوانین باشترین و بەهێزترین نوێنەری هاوپەیمانی کوردستان بنێرینە بەغدا تا بەرگری لەمافەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکەن. سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان وتیشى" نەهاتووم پەردەپۆشی هیچ کەم و کورتییەکی حوکمڕانی بکەم، بەڵام هاتووم ئەوەتان بۆ روون بکەمەوە بۆچی گرنگە بەشداری هەڵبژاردن بکەین". قوباد تاڵەبانی وتیشی : کوردستان لەم چوارساڵەی ئایندە توشی رکابەری زیاتر دەبێتەوە لەرووی ئابوری و دارایی و ئەمنی و سەربازیشەوە، جەختیشی کردەوە کە ئاراستەیەک هەیە بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و سنوردارکردنی مافەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەگۆڕینی دەستوری عێراقی، بۆیە پێویستە رووبەرووی ئەمە ببینەوە و ئەم شەڕە لەبەغداد بکەین بەناردنی نوێنەری باشی ئێوە بۆ پارلەمانی عێراق، تا پارێزگاری لەقەوارەی هەرێمی کوردستان بکەین. سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان وتیشی جاران رکابەرییەکی ناوخۆیی هەبوو بۆیە دەنگەکانی خۆمان پەرت و بڵاوکردبوو، بەڵام بۆمان دەرکەوت کە تا پەرت و بڵاوبین لاوازین، کەلاواز بووین ناوچەکانمان دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە بۆیە بریارمان داوە ئەمجارە لەژێر چەتری هاوپەیمانی کوردستان بەیەکەوەبین، بەیەکەوە باشتر ئەتوانین بەرگری لە‌ مافەکانی کورد بکەین. لەدرێژەی وتەکانیدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند ئەم هاوپەیمانێتییە تەنیا بۆ ئەم هەڵبژاردنە نیە، بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقامگیرییە بۆ ناو کۆمەڵگەی ئێمە، یەکێک لەئامانجەکانیشی پاراستنی یەکڕیزییە، گەڕانەوەی سەقامگیری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییە، بەم شێوەیە کوردستان ئەپارێزین و گەشەی پێ ئەدەین. ەکۆتایی وتەکانیدا سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان جەختیکردەوە کەهەموو ئەو ئامانجانە بەوە دەکرێت کە رۆژی 10 ی 10 خۆمان و دۆستەکانمان و ئەو کەسانەش کۆبکەینەوە کەبەهەر هۆکارێک بێ دوورکەوتبنەوە، و بەیەک دەنگی و بەیەک دەستی بچینە سەر سندوقەکانی دەنگدان و کاندیدەکانی هاوپەیمانی کوردستان هەڵبژێرین و بیکەینە جێ متمانەی خۆمان، دڵنیام سەردەکەوین لەم قۆناغە سەختە و بەرەو سەرکەوتنی تر هەنگاو دەنێین و خزمەتگوزاریی زیاتر دەبێ و ئارامی زیاتر بەدەست دێت.

  هاوڵاتى وەزارەتی دارایی ھەرێم، رایگەیاند:" رۆژی دووشەممە موچەی وەزارەتی دارایی و ئابووری، موچەی یەکەکانی ۷۰ و ٨۰ دابەشدەکرێت". ​ئەمڕۆ یەکشه‌ممه‌ 26ی ئه‌یلوولی 2021، وەزارەتی دارایی ھەرێم، رایگەیاند:" سبەینێ‌ دووشەممە موچەی وەزارەتی دارایی و ئابوری و یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ دابەشدەکرێت". راشیگەیاندووە:"بڕیارە ڕۆژی سێشەممە موچە ھەریەکە لە وەزارەتی ناوخۆ و فەرماندەی پێشمەرگەی زێرەڤانی و بەرگری فریاکەوتن و لیوای نەوت و ڕەگەزنامە دابەشدەکرێت". دوێنێ شەممە، دابەشکردنی موچەی مانگی ئەیلول دەستیپێکردو ئەمڕۆش موچەی دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکان دابەشدەکرێت.  

هاوڵاتى  سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیارانی عێراق رایگەیاند: "حکومەت بڕە پارەیەک بۆ هەر دەنگدەرێک تەرخان دەکات ئەگەر کارتە ئەلیکرۆنییەکەی دەنگدانی وەربگرێتەوە بۆ ئەوەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکات". جەلیل عەدنان سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیارانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند:" حکومەتی عێراق بڕە پارەیەک دابین دەکات بۆ هەر دەنگدەرێک، کە بچێت کارتە ئەلیکترۆنییەکەی دەنگدانی وەربگرێتەوە و بەشداری لە هەڵبژاردنەدا بکات". خه‌ڵه‌ف بڕی پاداشته‌كه‌ی دیاری نه‌كردوه‌ كه‌ چه‌نده‌ و رایگه‌یاندوه‌ كه‌ حكومه‌ت ئه‌و پاره‌یه‌ی دابینكردوه‌، ئه‌وه‌ش وه‌ك هاندانێك بۆ په‌له‌كردن له‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی كارته‌كان تا نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ نوسینگه‌ی نیشتمانیی كۆمسیۆن و هاوڵاتی له‌ مافی ده‌نگدان بێبه‌ش نه‌بێت. دەشڵێت، کاتی وەرگرتنەوەی کارتەکانی دەنگدان بەرەو کۆتایی نزیکبووەتەوە و پێویستە هاوڵاتییان کارتەکانی دەنگدان وەربگرنەوە و بەشداری لەهەڵبژاردنەکەدا بکەن. ئەمە لەکاتێکدایە، بڕیارە لە رۆژی ١٠ تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بەڕێوەبچێت و تیایدا، هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق دڵنیایی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە لەکاتی خۆیدا دەکەن.  

    هاوڵاتى  سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی سەرکردایەتی یە‌كگرتوو رایگەیاند:" نەدەبوو کێشە و ئاڵۆزی تر بۆ ھەرێم زیاد بکرێت. هادی عەلی، سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی سەرکردایەتی یە‌كگرتوو لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی، "گرێدانی کۆنگرەی ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل لە ھەولێر لەم بارودۆخەدا کە لە چەندین لاوە ھەڕەشە و کێشەی نەخوزراو ڕویکردوەتە ھەرێمی کوردستان، کارێکی زۆر خراپ بوو".  بە ئاماژەدان بە داوای کۆنگرەکە دەشنوسێت، "نەدەبوو کێشە و ئاڵۆزی تر بۆ ھەرێم زیاد بکرێت". رۆژی 24ی ئەیلوول، کۆنگرەی "السلام والاسترداد" لەلایەن ناوەندی پەیوەندییەکانی ئاشتییەوە لە شاری هەولێر بەسترا، لە کۆنگرەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی هۆزەکانی عێراق بەشداربوون، لە کۆنگرەکە داواکرا عێڕاق پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە.

هاوڵاتى  سەرپەرشتیاری كۆنگرەكەی هەولێر داوای لێبوردنی كرد و ڕایگەیاند:"بەیاننامەیەكم خوێندنەوە نەمزانی باسی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی تێدایە لەگەڵ ئیسرائیل". ویسام حەردان، سەرپەرشتیاری كۆنگرەكەی هەولێر تەنیا بە نوسینێکى کورت رونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوەو داوای لێبوردنی كرد و ڕایگەیاند"بەیاننامەیەكم خوێندنەوە نەمزانی باسی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی تێدایە لەگەڵ ئیسرائیل". هاوكات ئەمرۆ یەک شەممە بەشداربووانی کۆنگرەکەی ھەولێر کە داوای ئاساییکردنەوەى پەیوەندیەکانى عێراق و ئسیرائیلیان کردبوو فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچوو. ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق رایگەیاند:"فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سێ لە بەشداربووانی کۆنگرەی (ئاشتی و گێڕانەوە) دەرکرد، کە رۆژی هەینی لە شاری هەولێر کرابوو و تێیدا داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل کرابوو. ڕۆژی هەینی ڕابردوو، کۆنگرەیەک بە بەشداری نزیکەى 300 کەسایەتی عەشایەری سونە و شیعەی عێراق لە شارى هەولێر کۆنگرەیەکیان بەناونیشانى "کۆنگرەی ئاشتی و چاکبوونەوە"ئەنجامدا، بەڵام لە راگەیەنراوی کۆتایی کۆنگرەکەدا ئەو کەسایەتیانە داوای ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانی عێراق و ئیسرائیل کرا وەک ژمارەیەک وڵاتی دیکەى عەرەبی کە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاساییکردوەتەوە. ئەم کۆنگرەیە کاردانەوەى ناوخۆیی زۆری بەدوای خۆیدا هێناو سەرۆکایەتى کۆمارو ئەنجومەنى وەزیران و لایەنە شیعەکان هاتنە دەنگ و داواى روونکردنەوەیان کرد.بەیاننامەى ئەو کۆنگرەیە سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیلیشى هێنایە سەر خەت و نەفتالی بینیت سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە رایگەیاند"کۆنگرەیەکی شیعەو سوونەکان داوای ئاشتى دەکەن و دانیان بەو زوڵمەدا ناوە کە لە جووەکانى عێراق کراوە، ئێمە لەبەرامبەر ئەمەدا دەستى ئاشتى درێژ دەکەین بۆ ئەو کەسانە".  

  هاوڵاتى ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندي یه‌كێتی ڕایگەیاند:" لە ئێستادا لایەنە کوردییەکان لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان بە یەکگرتووی نەچوونەتە پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە ئەمەش مانای ئەوەیە کە یەکگرتوو نین، بەڵام گرنگە دوای ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەکان بە یەک دەنگ و پێکەوە بچینە بەغداد". حاکم قادر حه‌مه‌جان، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندي یه‌كێتی ڕایگەیاند:" لە ئێستادا لایەنە کوردییەکان لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان بە یەکگرتووی نەچوونەتە پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە ئەمەش مانای ئەوەیە کە یەکگرتوو نین، بەڵام گرنگە دوای ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەکان بە یەک دەنگ و پێکەوە بچینە بەغداد". ‎حاكم قادر حه‌مه‌جان سەردانی یەکێتی نوسەرانی کورد و دەزگای ڕۆشنبیری جەمال عیرفانی کرد و ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەدەبی بەرگری لە شۆڕش و لە بواری خەباتی دیموکراسی و ئازادی و بیری ئازاددا بە پڕ بەها دەزانین و جەخت دەکەینەوە ئەدیبان هەمیشە خاوەن قەڵەمی بە بڕشت و بە هەڵوێستبوون وێڕای قوربانیدانیان بۆ گەلەکەمان." ئاماژەی بەوەشکردوە، داوا لە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان دەکەن، لە بایەخی زیاتر بە بواری ڕۆشنبیری و بنکە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکان بدەن، بە تایبەت گرنگی بە وەرگرتنی تێبینییەکان و ڕەخنە و سەرنجەکانی نوسەران بدەن لە پێناو بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگەی كوردەواری بە گشتی و شاری سلێمانی کە پایتەختی ڕۆشنبیری و کلتوریە بە تایبەتی. سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنیش حاکم قادر ئەوەی خستوەتەڕو، لە ئێستادا لایەنە کوردییەکان پێکەوە نەچوینەتە پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان ئەمەش مانای ئەوەیە کە یەکگرتوو نین، بەڵام گرنگە دوای ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە یەک دەنگ و پێکەوە بچنە بەغداد بۆ داکۆکیکردن لە ئازادی و دیموکراتی گەلانی عێراق و مافە یاسایی و دەستوورییەکانی گەلی کوردستان. باسی لەوەشکرد، "لەم هەڵبژاردنەدا هەر لایەن و پارتێکی کوردستانی دەنگبھێنێت، بە تایبەت لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان كارێكی گرنگە، چونکە دەتوانێت داکۆکی لە مافە دەستوریەکانی گەلی کوردستان و خەڵکی ئەو ناوچانە بکات."

هاوڵاتى  دوای تێپەڕبوونی ساڵێک و 10 مانگ بەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەجیهاندا، ئەمڕۆ یەکشەممە ژمارەی توشبووان و مردن بە پەتاکە لە 210 دەوڵەت و ناوچەی جیهان بەبەردەوامی تۆمار دەکرێن، لەم کاتەشدا 231.57 ملیۆن کەس توشی پەتاکە بوون و نزیکەی 5 ملیۆن توشبووی دیکەش گیانیان لەدەستداوە. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە چوار ملیۆن و 949 هەزار و 727 کەس بەهۆی توشبوونیان بەڤایرۆسی کۆرۆنا مردون، هەروەها لە 210 دەوڵەت و ناوچەی جیهاندا توشبووانی پەتاکە دەستنیشان کراون. لیستی ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین توشبوویان تێدا تۆمارکراوە بەم شێوەیەیە: ئەمریکا، هیندستان، بەڕازیل، بریتانیا و روسیا. هەروەها لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی عێراق بەرزترین ژمارەی توشبوون بەپەتاکەی تێدا تۆمارکراوە و ئوردن، ئیمارات و تونیسش لەریزبەندی ئەو وڵاتانەن کە زۆرترین ژمارەی توشبوانی پەتاکەیان تێدا تۆمارکراوە.

هاوڵاتى خانه‌واده‌ی نه‌جمه‌دین كه‌ریم له‌رونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: "به‌داخه‌وه‌  به‌ ئامانجی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن، كۆمه‌ڵێك بابه‌تی نادروست له‌سه‌ر شێوازی مردنی  نه‌جمه‌دین كه‌ریم بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، به‌وه‌ی گوایه‌ ژه‌هرخواردكراوه‌ له‌لایه‌ن حزبێكی دیاریكراوه‌وه‌". ​ئەمڕۆ شه‌ممه‌ 25ی ئه‌یلوولی 2021، خانه‌واده‌ی نه‌جمه‌دین كه‌ریم له‌رونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، "به‌داخه‌وه‌ له‌ چه‌ند په‌ره‌یه‌كی تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان كه‌ نه‌ناسراو و سێبه‌رن، به‌ ئامانجی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن، كۆمه‌ڵێك بابه‌تی نادروست له‌سه‌ر شێوازی مردنی دكتۆر نه‌جمه‌دین كه‌ریم بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، به‌وه‌ی گوایه‌ ژه‌هرخواردكراوه‌ له‌لایه‌ن حزبێكی دیاریكراوه‌وه‌". هه‌ر به‌گوێره‌ی رونكردنه‌وه‌كه‌، "ئێمه‌ وه‌ك خانه‌واده‌ی كۆچكردو دكتۆر نه‌جمه‌دین كه‌ریم، سه‌رله‌به‌ری ئه‌و هه‌واڵه‌ ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ و رایده‌گه‌یه‌نین، پێویسته‌ ململانێی هه‌ڵبژاردن له‌ چوارچێوه‌یه‌كی ئاكاری نیشتمانی بێت و به‌ دور بێت له‌ سیاسه‌تی ملشكاندنی یه‌كتر، به‌ تایبه‌ت له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، كه‌ پێویستی به‌ سیاسه‌تی راستگویی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی هه‌یه‌ نه‌ك چه‌واشه‌كردنی ده‌نگده‌ر، ئامانجی سه‌رخستنی لایه‌نێك یان ئاڕاسته‌یه‌كی ناو ئه‌و لایه‌نه‌". خانەوادەكەی  جەختیش لەوە دەكەنەوە:"وێڕای ره‌تكردنه‌وه‌ی سه‌رله‌به‌ری ئه‌و هه‌واڵه‌ هه‌ڵبه‌ستراوانه‌، هه‌روه‌ها داوا ده‌كه‌ین، هیچ لایه‌نێك كار و خزمه‌ت و ده‌ستكه‌وته‌كانی كۆچكردو دكتۆر نه‌جمه‌دین كه‌ریم، بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌كارنه‌هێنێت". نه‌جمه‌دین كه‌ریم له‌ کۆتایی ئازاری 2011دا ، وه‌ک پارێزگاری که‌رکوک له‌ پشکی کورد/ یه‌کێتیی  هه‌ڵبژێردرا و له‌ ئه‌یلولی 2017 به‌بڕیاری په‌رله‌مانی عێراق، له‌و پۆسته‌ دورخرایه‌وه‌. پۆلیسی ئینته‌رپول له‌سه‌ر داوای حکومه‌تی عێراق، لە 21ی ئایاری 2019 نەجمەدین کەریم-ی لە فڕۆکەخانەی رەفیق حەریریی نێودەوڵەتی له‌ به‌یروتی پایتەختی  لوبنان ده‌ستگیرکرد، کاتێک دەیویست گەشتی ئەمریکا بکات. دەستگیرکردنەکەی بە تۆمەتی "ئیختیلاس" بو، رۆژی دواتر بە مەرج ئازادکرا و خرایه‌ ژێر مانه‌وه‌ی به‌زۆر. دواتر له‌ژێر فشاردا ئازادکراو بۆ شاری هه‌ولێر گەڕێندرایەوە. لە 15ی ئەیلول، دەستەی نەزاهەی عێراق لە راگەیەنراوێکدا، گەشتی دەرەوەی لە هەریەکە لە نەجمەدین کەریم، راکان سەعید و 23ی فەرمانبەری تری پارێزگای کەرکوک قەدەغە کرد، ئەوەش بە تۆمەتی "گەندەڵی" لە پڕۆژەیەکی 57 ملیار دیناریدا و بۆ لێکۆڵینەوە بانگهێشتی دادگا کران. لەگەڵ ئەوەش نەجمەدین كەریم گەشتی دەرەوەی وڵاتی كردوەو چۆتە ئەمریكا هەر لەو وڵاتە بەنەخۆشی گیانی لەدەستدا.

هاوڵاتى قوباد تاڵه‌بانى  ڕایگه‌یاند: "یەکێتی نایەوێت دەستبەرداری پۆستی سەرۆک کۆمار بێت، لەبەرامبەر هیچ پۆستێکی هەرێم دا". ​ئەمڕۆ شه‌ممه‌ 25ی ئه‌یلوولی 2021، قوباد تاڵه‌بانى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى كوردستان له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك ڕۆژنامه‌نوس‌و ڕۆشنبیر له‌شارى سلێمانى  چه‌ند پرسێكى وروژاندو  ڕایگه‌یاند:"یەکێتی نایەوێت دەستبەرداری پۆستی سەرۆک کۆمار بێت، لەبەرامبەر هیچ پۆستێکی هەرێم دا". قوباد تاڵەبانی نەیشاردەوە، مەترسی جدی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، بۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، وتی "هەندێک لە هێزە عێراقیەکان حەسادەتیان بەرامبەر هەرێم هەیە، گەر بە یەکدەنگی نەچینە بەغدا، هەوڵی گۆڕینی دەستور و چەندین جۆر پیلانگێڕی تر بەرامبەر هەرێم دەدرێت، دەبێت یەکدەنگ بین، تا ڕووبەڕووی مەترسیەکان ببینەوە." قوباد تاڵەبانی، دانی بەوەشدا نا، هێشتا هەرێمی کوردستان قۆناغی دوو ئیدارەیی تێنەپەڕاندووەو وتی "فەرهەنگ و شێوازی حوکمڕانی کفری تا دێگەڵە جیاوازترە وەک لە دێگەڵە تا زاخۆ."    

هاوڵاتى وه‌زاره‌تى دادى عێراق ڕایگه‌یاند، لەماوەیەکی نزیکی داهاتوودا بەشێک لە پارە بەقاچاخبراوەکانی عێراق لەچەند وڵاتێک ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لەگەڵ چەند وڵاتێک ڕێكه‌وتنكراوه‌و ئه‌وانه‌ى پارەیان بەقاچاخبراوە بەرەیەکیان درووستکردووە بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى پاره‌كانیان. حەنان مونزیر بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسایی لە وەزارەتی دادای عێراق لەلێدوانێکدا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقیی (واع)ی راگەیاندووە" کۆنگرەی نێودەوڵەتیی گێڕانەوەی پارە بەقاچاخبراوەکانی عێراق لەبەغدا ئەنجامی گرنگی لێکەوتەوە و میکانیزمی هاوکاریی و هەماهەنگیی نێوان وڵاتانی دانا، جگە لەوەی بەرەیەک لەو وڵاتانە درووستکردووە کە پارەیان لێ بەقاچاخبراوە و هەوڵی گێڕانەوەی لەو وڵاتانە دەدەن کە ئاستەنگ بۆ ڕێکارە یاساییە ئاڵۆزەکانی پرۆسەی گێڕانەوەیان درووستدەکەن. ئه‌وه‌شى خستۆته‌ڕوو،  ئەو بەرەیە گوشارێکی گەورە لەسەر ئەو وڵاتانە درووستدەکات بۆئەوەی بەگێرانەوەی پارە بەقاچاخبراوەکان رازیی بن. بە وتەی مونزیر چەند وڵاتێکی عەرەبیی لە دۆسیەی گێرانەوەی پارە بەقاچاخبراوەکانی عێراق هاوکار و هەماهەنگن، وەک لوبنان و ئوردن. ناوبراو جەختیشی کردۆتەوە، لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا پرۆسەی گێڕانەوەی پارەی بەقاچاخبراو لەبەرژەوەندی عێراق دەبینرێت. له‌م خوله‌ى په‌رله‌مانى عێراقدا د.به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق پرۆژه‌یاسایه‌كى به‌مه‌به‌ستى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى پاره‌ به‌قاچاخبراوه‌كانى عێراق پێشكه‌شى په‌رله‌مانى عێراق كردبوو.