ئێران لە ساڵێکدا نزیکەی یەک ملیۆن و 700 هەزار تۆن کاڵای هەناردەی دو مەرز لە هەرێمی کوردستان کردوە و پارێزگای سنە زیاترین بەربومی کشتوکاڵی هەناردە کردوە. خەلیل حەیدەری، چاودێری گومرگی پارێزگای سنە رایگەیاند؛ لە ساڵی رابردودا بڕی یەک ملیۆن و 670 هەزار و 294 تۆن کاڵا و بەروبومی رەوانەی هەرێمی کوردستان کراوە کە 986 هەزار 791 تۆنی لە رێگەی مەرزەکانی باشماخ و سەیرانبەن-ەوە بوە. ئاماژەی بەوە کردوە تەنها لە رێگای گومرگی پارێزگای سنە لەو دوو مەرزەی هەرێمی کوردستان بڕی 986 هەزار و 791 تۆن بە بەهای  443 ملیۆن و 810 هەزار دۆلار کاڵا هەناردە کراوە و لە رێگای ژمارەیەک گومرگی پارێزگاکانی ئێران بڕی 683 و 503 تۆن کاڵا بە بەهای 398 ملیۆن و 911 هەزار دۆلار کاڵا هەناردەی باشماخ و سەیرانبەن کراوە. حەیدەری رونی کردوەتەوە؛ لە کۆی ئەو کاڵا و بارانەی لە پارێزگای سنەوە هەناردەی هەرێم کراوە 52%ی بەروبومی کشتوکاڵی بوە.

هاوڵاتی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند، هاوكاری له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی عێراق و بانكی ناوه‌ندی هه‌یه‌، به‌مه‌به‌ستی كردنه‌وه‌ی لقه‌كانی له‌ هه‌رێم، بۆ دابینكردنی دراوی بیانی بۆ بازرگانه‌كان و ئه‌وانه‌ی كار ده‌كه‌ن له‌ هه‌رێم، هه‌روه‌ها بۆ هاوڵاتیان به‌پێی مه‌رجه‌كان، ده‌شڵێت، "ئه‌ركی حكومه‌تی فیدڕاڵه‌ موچه‌كانی فه‌رمانبه‌ران له‌ هه‌رێم یان له‌هه‌ر پارێزگایه‌كی دیكه‌ خه‌رج بكات". سودانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ژمارەیەک میدیاکار ئاماژەی بە دوا پێشھاتەکانی رەوشی سیاسی و ئەمنی و ئابوری عێراق کرد و سەبارەت بە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، رێککەوتنی ٤ی نیسان رێککەوتنێکی گرنگە بۆ رێکخستنی پەیوەندییەکان و لە پرۆژەیاسای بودجەدا جێگیرکراوە. سەبارەت بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمیش سودانی رایگەیاند، کەمبوونەوەی ھەناردەی ٤٧٥ ھەزار بەرمیلی رۆژانە ژمارەیەکی گەورەیە و زیان بە ھەموو لایەک دەگەیەنێت، لەچەند رۆژی داھاتووشدا کۆمپانیای سۆمۆ و کۆمپانیاکانی دەرھێنانی نەوت رێککەوتن ئیمزا دەکەن و داوا لە تورکیا دەکەن ھەناردەی نەوتی ھەرێم دەستپێبکاتەوە. سودانی جەختیشیکردەوە، دابینکردنی مووچە بۆ فەرمانبەرانی ھەرێم و ھەموو پارێزگاکانی عێراق ئەرکی حکومەتەو خەڵات نییە، وتیشی، پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەدا بە لەسەدا ١٢.٦٧ جێگیرکراوە و گۆڕانکاری تێدا نەکراوە. له‌باره‌ی ئاڵوگۆڕ له‌ نرخی به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر به‌دینار له‌ ساڵانی رابردودا، رونیكرده‌وه‌، "هه‌مو ئالوگۆڕه‌كانی نرخی دۆلار له‌ئه‌نجامی جێبه‌جێنه‌كردنی رێكه‌وتنی واژۆكراوی نێوان حكومه‌ت و بانكی ناوه‌ندی له‌گه‌ڵ فیدڕاڵی ئه‌مریكی بو له‌ماوه‌ی رابڕدو، ماوه‌ی رێكه‌وتنه‌كه‌ دو ساڵه‌ و له‌15ی ته‌شرینی دوه‌می 2022 كۆتایی هاتوه‌، كه‌واته‌ كه‌متر له‌ مانگێك له‌پێش ده‌ستپێكردنمان".  هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، "بڕیارماندا پێگیری به‌سیسته‌می بانكی جیهانی بكه‌ین و رێكاری زۆرمان له‌بانكی ناوه‌ندی و حكومه‌ت و كه‌رتی تایبه‌ت ئه‌نجامماندا، خه‌می ئێمه‌ پاراستنی نرخی كه‌ل وپه‌لی خۆراك بو، له‌گه‌ڵ تێپه‌ربونی كات پێگیربون به‌پێوه‌ره‌كانی بانكی زیاتر بوه‌ و هه‌موو بازرگانه‌كان ده‌ست به‌كارهێنانی په‌نچه‌ری ئه‌لیكترۆنی كردوه‌ و یارمه‌تیمان داون بۆ به‌ده‌ستخستنی دراوی بیانی به‌نرخی فه‌رمی له‌جێگای راهاتن له‌سه‌ر ‌بازرگانیكردنێكی ناشه‌رعی".  محەممەد شیاع سوودانی ئەوەشی خستەڕوو "دیناری عێراقی بەهێزە و وڵات لە باشترین دۆخی دارایی دایە، بەهای هەر دۆلارێک بەرامبەر بە دینار بۆ 1320 دینار دابەزێت".    

هەدەپە تیرۆرکردنی حسێن تورەلی هاوڵاتی باکوری کوردستان شاری دهۆک ئیدانە کرد و وتی، " رووڕەشیەکی گەورەیە کە هەرێمی کوردستان بووەتە ناوەندی کۆمەڵکوژیەکان." لیژنەی بەڕێوەبەری ناوەندی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) راگەیەندراوێکی لەبارەی تیرۆرکردنی حسێن تورەلی هاوڵاتیەکی شاری باتمانی باکوری کوردستان لە شاری دهۆک بڵاوکردەوە. هەدەپە دەڵێت، " دوێنێ شەو، لە پارێزگای دهۆکی هەرێمی کوردستان کارسازێک بە ناوی حسێن تورەلی تیرۆرکرا. حسێن تورەلی هاوڵاتی تورکیا بوو و بەهۆی فشارەکانی سەر کورد بە ناچاری کۆچی کردووەتە هەرێمی کوردستان. ئەو هێزانەی تورئەلیان تیرۆر کرد بیانی نەبوون. ئەو هێزانە پێشتر بە هەمان شێوە، رۆژنامەنووس و ئەکادیمی ناگیهان ئاکارسەل، یاسین بوڵوت، محەمەد زەکی چەلەبی و زۆر سیاسەتمەداری دیکەیان شەهید کرد. باش دەزانین کە ئەو هێزانەی ئەم تیرۆرە دەکەن، بە هەمان شێوە هێرش دەکەنە سەر کەمپی مەخمور کە دانیشتووانەکەی لە نەوەتەکانی سەدەی رابردوودا بەهۆی سووتان و وێرانکردنی گوندەکانیان ناچار بوون کۆچ بکەن. هەدەپەش راشیگەیاند، ئەو هێزانەی ئەم کۆمەڵکوژیە دەکەن، بە شێوەیەکی ئاشکرا بە کورد دەڵێن، " لەم جیهانە هیچ شوێنێک بۆ ئێوە ئارام نییە و لە هیچ شوێنێک رێگە نادەین ئێوە بژین'. رووڕەشیەکی گەورەیە کە هەرێمی کوردستان بووەتە ناوەندی کۆمەڵکوژیەکان! هەدەپە لە کۆتاییدا کەشتنی ئەو هاوڵاتیەی باکوری کوردستان بە توندی شەرمەزار کرد و وتی، " باش دەزانین ئەو هێزانەی نەوەتەکانەوە تاوەکو ئێستا کوشتن و کۆمەڵکوژی دژی کورد دەکەن، لە چی دۆخێکداین. چارەنوسی ئەو هێزانەی ئەمڕۆش هێرش دەکەنە سەر کورد، وەک هێزەکانی پێشوو دەبێت. پێشتریش سەرمان دانەنەواند و ئەمڕۆش داینانەوێنین. بانگەوازی لە گەلی کورد و هەموو هێزە شۆڕشگێرەکان و دیموکراتەکانی تورکیا دەکەین: لە بەرامبەر ئەو هێرشانە بێدەنگ نەبن و هەڵوێست پیشان بدەن."

هاوڵاتی دوێنێ دووشەممە لەناو بازاڕی فامیلی مۆڵ لە شاری دهۆک هاوڵاتییەک بە ناوی  حسێن تۆرەلی بە حەوت گولە بە سەختی بریندار کرا، دوای گواستنەوەشی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. تەقەکەرەکەش تائێستا دەستگیر نەکراوە.  بە پێی ئەو زانیارییانەی هاوڵاتی لە سەرچاوەیەکەوە دەستی کەوتووە، ئەو هاوڵاتییە ناوی حسێن تۆرەلی یە و خاوەنی خواردنگەی 'ئاسڵی بۆرەک'ە لە ناو فاملی مۆڵی دهۆک و ئەوە دووەم جاریشە تەقەی لێدەکرێت. ئەو سەرچاوەیە ڕاشیگەیاند، "مانگی ئایاری ساڵی رابردووش هێرشی چەکداری کرابووە سەری و بریندار ببوو". وتیشی ،" دەزگای میتی تورکی لە پشتی ئەم کارەوەن ."

هاوڵاتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە کۆبووەوە و بە کۆی دەنگ بڕیاری دا کە بودجەیەک بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت کە بڕەکەی 400 ملیار دینارە. فارس عیسا، سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا ڕایگەیاندووە، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆیدا به‌ كۆی ده‌نگ بڕیاریداوه‌ گوژمه‌یه‌ك پاره‌ بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بنێرێت كه‌ بڕه‌كه‌ی 400 ملیار دیناره‌. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووە، جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ كۆمه‌ڵێك رێوشوێنی ئیداری پێویسته‌ و دواتر ره‌وانه‌ ده‌كرێته‌ سه‌ر هه‌ژماری بانكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. ئەمەشلەکاتێکدایە فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا پێشنیازی کرد کە بەهۆی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، حکومەت بودجەیەک بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت بۆ دابینکردنی مووچە، بۆیە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەو پێشنازەی خستووەتە دەنگدانەوە و بەکۆی دەنگ پەسند کرا.  ئەو بڕە پارەیەی کە بڕیارە حکومەتی عێراق بینێرێت، 400 ملیار دینارە و بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە.  

هاوڵاتی کەمال کلچدارئۆغلۆ رکابەری سەرسەختی ئەردۆغان رایگەیاند، کەی دەسەڵاتی تورکیا (ئاکەپە – مەهەپە) بزانێت، لە هەڵبژاردنەکاندا دەدۆڕێت، روو دەکاتە کوردەکان و وەک تیرۆریست بەناویان دەکات. کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا و سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دیمەنێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بە بەتیرۆرناساندنی کوردان کرد لەلایەن حکومەتی تورکیا و ئەردۆغانەوە. لە ڤیدیۆکەدا کەمال کلچدارۆغلۆ دەڵێت، " گەلی خۆشەویستم، لەم ساڵانەی دواییدا، کەی هەڵبژاردن نزیک دەبێتەوە و کۆشک (کۆشکەکەی ئەردۆغان) هەست بەوە دەکات کە لە هەڵبژاردنەکاندا دەدۆڕێت، روودەکاتە کورد و کوردەکان وەک تیرۆریست لەقەڵەم دەدات. شەرمەزاریە و بە راستی دۆخێکی شەرمەزاریە." کلچدارئۆغلۆ لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی، " لە ئێستادا مامەڵەی 'تیرۆریست' لەگەڵ ملیۆنان کورد دەکرێت. هەموو رژێک بیوەستان، ملیۆنان لیرە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا خەرج دەکەن. بۆ ئەوەی سووکایەتی بە من بکەن و کورد وەک تیرۆریست بەناو بکەن. هاوڵاتیەکانمان لە دەوڵەت دووردەخەنەوە. بۆچی؟ بۆئەوەی چوار – پێنج دەنگ بەدەست بهێنن. شەرم ناکەنەوە. بە راستی شەرم ناکەنەوە." کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا و سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) هەروەها داوا لە هاوڵاتیەکانی تورکیا دەکات، گوێ لە بانگەشەکانی دەسەڵات نەگرن و وتی، " برایەتی لەبیر مەکەن. قەدەرێک هەیە کە کورد و تورکی کردووەتە برا و خوشکی یەکدی. هیچ خۆشەویستیەک وەک خۆشەویستی خوشک و برایەتی نییە. سەد ساڵە پێکەوەین و پێکەوە ژیاوین. بە تەنیا رێگەمان نەبڕێوە و نەمانتوانیوە رێگەکە ببڕین. رێگە نادەین بۆ کۆکردنەوەی چوار – پێنج دەنگ، ئەم برایەتیە لەناو بچێت. زۆر نەماوە! " پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەم هەڵبژاردنەدا، کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا ئاشکرا نەکرد و هەرچەندە بە فەرمی راینەگەیاندووە کە دەنگ بە کەمال کلچدارئۆغلۆ دەدەن، بەڵام هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە لایەنگرانی هەدەپەش کلچدارئۆغلۆ هەڵدەبژێرن. ئەم پیشهاتەش، ئەردۆغان و بەرپرسانی حکومەتی تورکیای تووڕە کردووە و کەمال کلچدارئۆغلۆ بەوە تۆمەتبار دەکەن کە لەگەڵ هەدەپە، ئەجێندانی پەکەکە جێبەجێ دەکەن.

هاوڵاتی چوار سەرچاوە ڕۆژی دووشەممە بە ڕۆیتەرزیان وتوە حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کێشە تەکنیکییەکانیان چارەسەر کردووە کە گرنگن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە بەندەری جیهانی تورکیاوە بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان. ئاژانسى هەواڵى رۆیتەرز لە چەند چاوگێکى ئاگادارەوە باسى لەوە کردووە، بەغدا و هەولێر گفتوگۆكانیان لەبارەی پرسە تەكنیكیەكان بەردەوام بوو، بەر لەوەی لەگەڵ توركیا قسەبكەن، کە دیارترین ئەو پرسانەی گفتوگۆیان لەبارەوە كردووە، فرۆشتن و نرخ و ئەو ئاڕاستەیە بووە كە نەوتەكەی بۆ ڕەوانە دەكرێت. ئەو سەرچاوانە بە ئاژانسەکەیان گوتووە، بەگوێرەی ڕێككەوتنەكە، كۆمپانیای سۆمۆ گرێبەست لەگەڵ بازرگانەكان واژۆ دەكات بەپێی بریكارنامەیەكی فەرمی، هەرێمیش پابەند دەكرێت بە فرۆشتنی نەوتەكەی بە وڵاتانى ئاسیا و نرخەكەشی هاوشێوەی نرخی فەرمی نەوتی كەركوك دەبێت. هاوکات دوو سەرچاوەی جیاواز بە ڕۆیتەرزیان وتوە کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان بانگهێشتکراون بۆ هەولێر بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بەیانی سێشەممە. سەرچاوەکە ئەوەشی ڕونکردۆتەوە ،گفتوگۆکان تیشک دەخەنە سەر ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن و مەرجەکان بۆ نرخی فرۆشتنی نەوتی خاو لە ڕێگەی SOMO، میکانیزمی پێشنیارکراو بۆ پارەدانی قەرزەکانی کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان و بەشی فرۆشتنیان لە داهاتوودا. ڕۆیتەرز باسلەوەشدەکات کە هێشتا کاتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق ڕوون نییە. تورکیا لە 25ی مانگی سێدا 450 هەزار بەرمیل هەناردەی نەوتی هەرێمی  ڕاگرت دوای ئەوەی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی بڕیاریدا کە  تورکیا بڕی 1.5 ملیار دۆلار قەرەبوو بە بەغدا بدات بەهۆی هەناردەکردنی ڕێگەپێنەدراوی نەوتیی هەرێمی کوردستان لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2018. هاوکات سەرچاوەکان پێشتر بە ڕۆیتەرزیان وتووە تورکیا هەوڵدەدات گفتوگۆی تایبەت لەگەڵ بەغدا بکات سەبارەت بەو 1.5 ملیار دۆلارەی کە فەرمانی پێکراوە بۆ ئەوەی عێراق بدات لە دۆسییەی دادگاییکردنەکەدا. هەروەها تورکیا دەیەوێت کەیسی دووەمی دادوەری چارەسەر بکات سەبارەت بە لێشاوی ڕێگەپێنەدراو لە ساڵی 2018 ەوە پێش ئەوەی هاناردەکردنی نەوتەکە  دەستپێبکاتەوە.

هاوڵاتی شاندێكی باڵای هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ شاندێكی سه‌ربازی هاوپەیمانان كۆبوه‌وه‌ و تاوتوێی رێكخستنەوە و چاكسازی لە هێزی پێشمەرگەدا كرا و هەڵسەنگاندن بۆ قۆناغەكانی جێبەجێكردنی ئەو پلانە كرا كە لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریكادایه‌. به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوشەممە بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كۆبونەوەیەكی فراوان لە نێوان شاندێكی باڵای هێزی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتیی جەنەرال ماپیو مكفارلن، فەرماندەی هاوبەشی هێزی هاوپەیمان لە عێراق و سوریا و وەزارەتی پێشمەرگە و دەزگا پەیوەندیدارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچو. لە كۆبوونەوەكەدا هەروەها كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان ئامادە بوو. بەپێی راگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بابەتی کۆبوونەوەکە گفتوگۆ بووە لەبارەی رێكخستنەوە و چاكسازی لە هێزی پێشمەرگە و هەڵسەنگاندن بۆ قۆناخەكانی جێبەجێكردنی ئەو پلانە كە لە چوارچێوەی رێككەوتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا هەیە. بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە باسکردنی ئەو ئاستەنگ و ئاڵنگارییانە كە دێنە بەردەم پرۆسەی یەكگرتنەوەی پێشمەرگە و رێكخستنەوەیان بە شێوەیەكی سەردەمیانە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە. له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، جەنەڕاڵ مكفارلن بەردەوامیی پشتگیری و هاوكارییەكانی هاوپەیمانانی بۆ پێشمەرگە لە بوارە جیاوازەكاندا و جێبەجێكردنی هەنگاوەكانی ڕێكخستنەوەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا بەشێوەیەك هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەن هێزێكی نیشتمانیی یەكگرتو، دوپاتكردەوە.  

هاوڵاتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دیدارێکیدا لەگەڵ ژمارەیەک دەزگای راگەیاندنی عێراقی رایدەگەیەنێت، ئەم ھەفتەیە ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە، پێشبینیش دەکات بەھای دینار زیاتر بەرزببێتەوە. سودانی ڕشیگەیاند سبەینێ حکومەتی ھەرێم و کۆمپانیاکانی نەوت کۆدەبنەوە بەمەبەستی ئامادەکاریی بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت، سودانیش دەڵێت ئەم ھەفتەیە ھەناردەی نەوتی ھەرێم دەستپێدەکاتەوە و پابەندن بە دابینکردنی موچەی فەرمانبەران. بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە سبەینێ حکومەتی ھەرێم و کۆمپانیاکانی نەوت کۆبنەوە بەمەبەستی ئامادەکاریی بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت. ھاوکات، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ن ئاماژەی بەوەکرد، پرسی نەوت تەنھا بابەتی تەکنیکی ماوە و ئەم ھەفتەیە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە و لەبارەی دەستپێکردنەوەی نەوت پەیامیان بۆ حکومەتی تورکیا ناردووە. وتیشی، دابینکردنی مووچەی ھەرێمی کوردستان ئەرکی ئەوانە و پابەندن بە دابینکردنی. سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی بەھای دیناریشەوە وتی، لەچەند هەفتەی داهاتوودا بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزدەبێتەوە.  

هاوڵاتی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، لە ناوچەی جەرابلوس کە لەژێر کۆنتڕۆڵی تورکیادایە، بە هەلیکۆپتەر ئۆپراسیۆنێکی ئەنجامدا و بەرپرسێک و دوو تیرۆریستی داعش لە ئۆپراسیۆنەکەدا کوژران. فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سەنتکۆم) لەم بارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، لە کاتژمێرەکانی سەرلەبەیانی ئەمڕۆدا، هێزەکانیان بە هەلیکۆپتەر هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگایەکی داعش لە نزیک سنورەکانی تورکیا. سەنتکۆم رایگەیاند، لە هێرشێکدا بۆسەر بارەگاکەی داعش، بەرپرسێکی باڵای داعش و دوو تیرۆریستی دیکە کوژراون. باسی ئەوەشی کرد، ئەو بەرپرسە باڵایەی داعش کە کوژراوە، پلانداڕێژەری ئۆپەراسیۆنەکانی داعش بووە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا. لەلایەکی دیکەوە ماڵپەڕی ئەلمونیتەری ئەمریکی رایگەیاند، ئۆپراسیۆنەکەی هێزەکانی ئەمریکا لە گوندی ئەلغەندۆرەی سەر بە ناوچەی جەرابلوس ئەنجامدراوە کە ناوچەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی سەربازانی تورکیا و چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتەدایە و باسی ئەوەشی کرد، دوای بۆردومانەکە، سەربازانی ئەمریکا چوونەتە نێو بارەگاکەی داعش.

هاوڵاتی سێ وه‌زیری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌ت سه‌ردانی  قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران ده‌كه‌ن و له‌باره‌ی نیگه‌رانییه‌كانی و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران گفتوگۆ ده‌كه‌ن. ئەمڕۆ شاندێکی وەزاری لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە شاری هەولێر لەگەڵ قوباد تاڵەبانی کۆدەبێتەوە و ئامانجەکەش ئەوەیە جێگری سەرۆکوەزیران رازی بکەن بگەڕێتەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران. ئەو شاندەی سەردانی جێگری سەرۆکوەزیران دەکەن لە عەبدوڵلا حاجی مەحموود، وەزیری شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراون، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە پێکدێن.  هه‌رچه‌نده‌ تائێستا دیارنیه‌ قوباد تاڵەبانی بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌دات یاخود نا، به‌ڵام روداوه‌كانی هه‌فته‌ی رابردوی سلێمانی جارێكی دیكه‌ په‌یوه‌ندی تیمی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ پارتی تێكدا و ئاسۆی نزیكبونه‌وه‌ی هه‌ردو حزبی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ مێزی گفتوگۆ دورخستنه‌وه‌. بەهۆی ناکۆکییەکانیان لەگەڵ پارتی و مەسرور بارزانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 26ـی ئۆکتۆبەری 2022ـەوە بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی نەکردووە، وەزیرەکانی یەکێتیش لە رۆژی 22-12-2022ـەوە بایکۆتی کۆبوونەوەکانیان کردووە.  

هاوڵاتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رایگەیاند، هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) لە ئۆپراسۆنێکدا لە دێرەزۆر، سەرکردەیەکی داعشی بەناوی مەحمود سەعید دەستگیر کردووە. هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئەوەی خستەڕوو، هەسەدە بە پشتگیری هێزەکانیان، پلانێکی سەرکەوتووانەی بەڕێوەبردووە و مەحمود سەعید سەرکردەی داعشی دەستگیرکردووە کە شانەیەکی شاراوەی داعشی لەژێر دەستددا بووە. هاپەیمانی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەکرد کە ئەو شانەیەی داعش، چەک و تەقەمەنی بۆ چەکدارانی رێکخراوەکە ناردووە و لەنێو خەڵکیدا پارەی کۆکردووەتەوە. لەبارەی ئۆپراسیۆنەکەوە جۆناسان فیریر وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ عێراق و سوریا رایگەیاند، سەرکەوتنی ئەم ئۆپراسیۆنە، رێگری لە بەدەستهێنانی چەک و تەقەمەنی لەلایەن تیرۆریستانی داعش دەکات و وتی، " هێزەکانی سوریای دیموکراتی، بۆ ئێمە وەک هاوکارێکی گرنگی داعش دەمێنێتەوە.

ئێران ئاماری بێکاریی لە وڵاتەکە بڵاو دەکاتەوە و پارێزگاکانی سنە و کرماشان زیاترین پشکی رێژەی بێکارییان بەردەکەوێت. ناوەندی ئاماری ئێران بڵاوی کردەوە؛ رێژەی گشتی بێکاریی لە وڵاتەکە گەیشتوەتەوە 9.7 % و پارێزگای سنە بە 20.5% زیاترین رێژەی بێکاریی لە نێوان 31 پارێزگا لەو وڵاتە تۆمار کردوە. دوای پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان پارێزگای کرماشان بە تۆمارکردنی 15.1% زیاترین رێژەی بێکاریی تۆمار کردوە و بەوەش دووەم  پارێزگا بوە کە زیاترین رێژەی بێکاریی هەیە. بەرزبونەوەی نرخی بێکاریی لەو دوو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتێکدایە نزیکەی 300 هەزار کەس کە زۆربەیان گەنج و لاون ناچارن کاری کۆڵبەریی بکەن. ناوەندی ئاماری ئێران ئاماژەی بەوە کردوە کە رێژەی بێکاریی لە ساڵی 2022 لە ئێران بەراورد بە ساڵی رابردو کەمی کردوە و گەیشتوەتە 9.7% بەڵام بە پێی ئامارە نافەرمییەکان و زانیاریی شارەزایان رێژەی بێکاریی لە 13% زیاترە و ئەو ئامارانەی حکومەت ناڕاستن چونکە هەڵاوسانی ئابوریی لە وڵاتەکە بەرز بوەتەوە.

هاوڵاتی ئاسایشی هەولێر راگەیێندراوێکی لە بارەی هێرشکردنە سەر پارێزەر محەممەد یابە سۆفی بڵاوکردەوە و دەڵێت، سێ کەس لەسەر هێرشکردنە سەر پارێزەرەکە دەستگیر کراون. ئاسایشی هەولێر دەڵێت ، دوابەدوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لە لایەن چەند کەسێکەوە لە شاری هەولێر هێرش کرایە سەر پارێزەر (محەممەد یابە سۆفی) و دەستدرێژیی کرایە سەر، دوای ئاگادارکردنەوەمان، دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد  3 تۆمەتباری سەرەکیی ڕووداوەکە دەستگیر کران. ڕاشیگەیاند، " لێکۆڵینەوەی زیاتریش لەو بارەوە بەردەوامیی دەبێت. " هەواڵی رفاندن و ئەشکەنجەدانی پاریزەرێک لە شاری هەولێرئەمڕۆ شەممە  لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیا بڵاوبووەوە کە شەوی رابردوو لە ماڵەکەی خۆی رفێندرا و دوای سێ کاژێر لە ئەشکەنجەدان، ئازاد کراوە. ئەو پارێزەرە بە گوتەی خۆی بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەڵێت، بە چوار کەس لێیانداوە کە  یەکێکیان دەمامکدار بووە لەم بارەیەوەئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباری بەو ڕوداوە ڕاگەیاند. دەقی راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێرەوە دوابەدوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لە لایەن چەند کەسێکەوە لە شاری هەولێر هێرش کرایە سەر پارێزەر (محەممەد یابە سۆفی) و دەستدرێژیی کرایە سەر، دوای ئاگادارکردنەوەمان، دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە و بەڕێز وەزیری ناوخۆ 3 تۆمەتباری سەرەکیی رووداوەکە دەستگیرکران و لێکۆڵینەوەی زیاتریش لەو بارەوە بەردەوامیی دەبێت. هاووڵاتییانی بەڕێز دڵنیا دەکەینەوە، پاراستنی ئارامی و ئاسایشی شاری هەولێر و هاوشارییانمان ئەرکێکە و بەزاندنیان هێڵی سوورە و تۆمەتباران و تاوانباران لە هەر شوێنێک بن دەستگیر دەکرێن و ڕاپێچی بەردەم دادگایان دەکەین. بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر  15ی نیسانی 2023

هاوڵاتی ساڵح موسلیم رایگەیاند، پێویستە کورد بەرابمەر بە کۆبوونەوی نێوان روسیا، ئێران، ئەنقەرە و دیمەشق وریابن و هەوڵ دەدرێت هێزێکی هاوبەشی تورکیا و سوریا و چەکدارەکان دژی کورد دروست بکرێت. ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە)، لەبارەی وتووێژەکانی نێوان ئەنقەرە، دیمەشق، تاران و مۆسکۆ، مەرجەکانی دیمەشق بۆ ئەنقەرە بۆ ئاژانسی فورات قسەی کرد. موسلیم دەڵێت، " ڕژێمی سوریا دوژمنی کوردە. تورکیاش دوژمنی ستراتیژیی کوردە، لە کۆنەوە هەڵوێستی ئێران بۆ پرسی کورد روون بووەتەوە. روسیا دەیەوێت هەموو ئەمانە بۆ بەرژەوەندی خۆی کۆبکاتەوە. لەبارەی لەناوبردنی کوردەکان لە سوریا کۆدەبنەوە. هەموو کێشەکانیان کوردە. لێرەدا ئامانج هەڵوەشاندنەوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەیە، کە پارێزگاری لە مافەکانی هەموو گەلان دەکات،" باسی ئەوەشی کرد، ئەگەر روسیا بەڕاستی پشتیوانی لە چارەسەرکردنی کێشەکان بکات، ئەوا لە ساڵی ٢٠١٢ەوە پەیوەندیمان هەیە، دەیتوانی لەگەڵ رژێم کێشەکە چارەسەر بکات، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ئەوەی نەکردووە. بە شێوەیەکی پراگماتیست نزیک دەبێتەوە و دەڵێت، 'من چۆن دەتوانم سوود لە لایەنەکان ورەبگرم؟' لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەکان، دەیانەوێت گەورەتریان بکەن. ئێمە هیوادارین لەو هەڵەیەیان بکشێنەوە". ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە) ئەوەی خستەڕوو، کێشەکانی نێوان رژێمی دیمەشق و ئەنقەرە زۆر قووڵن و راشیگەیاند، "ئێمە باسی کۆچی ملیۆنان کەس دەکەین، باسی سەدان هەزار کەس دەکەین، کە گیانیان لەدەستداوە. ئێمە قسە لەسەر وێرانکردنی سەدا ٧٠ی گوندەکان، شارەکان و ژێرخانەکانی سوریا دەکەین. هۆکاری هەموو ئەمانە تورکیایە. لە عەفرینەوە بۆ ئیدلب و گرێ سپی، چەندین ناوچەی داگیرکردووە و لە قاعیدەوە تاوەکو گروپەکانی تر ژمارەیەکی زۆر چەتەی بەو ناوچانەدا بڵاوکردووەتەوە و تا ئێستا پشتگیرییان کردووە. سەرباز و چەتەکانی خۆی پێکەوە لەو ناوچانەدا جیگیرکردووە. ئەمانە هەمووی پیلانگێڕانە لە دژی کورد و بەرێوەبەریی خۆسەر. لەسەر پرسی کورد ڕێککەوتوون. ئەی ئەوان لەسەر شتەکانی تر چۆن رێککەوتوون؟ ئەوان پلانیان ئەوەیە هێزێکی هاوبەش لەگەڵ دیمەشق، تورکیا و چەتەکان دژی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دروست بکەن".