کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکانیی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت رایگەیاند، ئەو رێککەوتنانەی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە واشنتن واژۆکراون بەهاکەیان زیاترە لە 100 ملیار دۆلار و بۆ پەرەپێدانی کەرتی نەوت و غازی هەرێمی کوردستانە. کەمال محەمەد لەبارەی رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن ئینێرجی و وێسترن زاگرۆس، باسی لەوە کرد راوێژیان بە وەزارەتی نەوتی عێراق نەکردووە، بەڵام گرێبەستەکان “گرنگن” و سوود بە حکومەتی عێراقیش دەگەیەنن. لەبارەی وردەکاری گرێبەستەکانەوە، کەمال محەمەد گوتی، کێشەی کارەبا چارەسەر دەکەن و کارەباش دەدەن بە عێراق چونکە رێککەوتنەکان بەشێکیان لەبواری پەرەپێدانی غازن بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا. گرێبەستی یەکەم لە بواری غازدا لەگەڵ کۆمپانیای میران ئێنیرجی، کە پێکهاتوون لە کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن ئێنرجی و گروپی ئۆنێکس واژۆکراوە، بەگوتەی وەزیری سامانە سروشتییەکان، ئامانج لێی ئەوەیە کێڵگەی غاز لە ژێرخانی هەرێمی کوردستاندابەکاربهێندرێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، بەو کارەبایەشی بۆ عێراق دەچێت، بۆیە دەتوانم بڵێم هەرێمی کوردستان و عێراقیش لێی سوودمەند دەبن.” بە گوتەی کەمال محەمەد، گرێبەستەکەی دیکە کە لەگەڵ وێسترن زاگرۆس واژۆکراوە، بۆ پەرەپێدانی زیاتری کێڵگەی تۆپخانە و کێڵگەی کوردەمیرە تاوەکو بەرهەمی نەوت و غازیان زیاتر بێت و پێشتریش ئەم کۆمپانیایە لە کێڵگەی کوردەمیر کاری کردووە.
دۆناڵد ترەمپ ئێوارەى ئەمرۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی روسیا ئەنجام دا، وەک بەشێک لە هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی لە ساڵی 2022 هەڵگیرسا. بەڵام دمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی کرملین رایگەیاند سەرۆک پوتن هیچ نیازێکی نییەلە ئێستادا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ هاوتا ئەمریکییەکەی کۆببێتەوەدانەنراوە، ئەمەش بەپێی ئاژانسی هەواڵی ڕوسیا RIA ئێوارەى ئەمڕۆ دووشەمە بڵاویکردەوە. ماوەیەکی کەم بەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەی دی ڤانس بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، واشنتۆن درکی بەوە کرد کە ڕێگای کۆتاییهێنان بە شەڕەکە وەستاوەو چەقى بەستووە، ئەگەر مۆسکۆ ئامادە نەبێت بەشداری بکات، ئەوا ئەمریکا لە کۆتاییدا ناچار دەبێت بڵێت ئەوە شەڕی ئەو نییە. ترەمپ لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتییدا لە ئەمریکا بەڵێنی دا لە دوای وەرگرتنی پۆستەکەی، "زۆر بە زوویی" کۆتایی بە ململانێیەکە بهێنێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هەوڵە دیپلۆماسییەکانی پێشکەوتنێکی کەمیان بەخۆوە بینیوە. سەرەڕای ئەوەی ئۆکرانیا رایگەیاندووە، رووسیا لە کۆتایی هەفتەدا هێرشێکی "رێکۆردشکێن"ـی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەنجام دا، مۆسکۆ رۆژی دووشەممە رایگەیاند، پێی باشترە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە کۆتایی بە ململانێیەکە بهێنێت و پەیوەندییە چاوەڕوانکراوەکەی بە "گرنگ" ناوبرد. دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرملین، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند: "بێگومان، پێمان باشترە لە رێگەی ئامرازە سیاسی و دیپلۆماسییەکانەوە بگەینە ئامانجەکانمان،" گوتیشی، رووسیا هەوڵەکانی واشنتۆن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بەرز دەنرخێنێت. ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، پێش پەیوەندییەکە، داواکارییەکەی بۆ "ئاگربەستێکی تەواو و بێمەرج" نوێکردەوە. شاندەکانی رووسیا و ئۆکرانیا رۆژی هەینی لە ئەستەنبووڵ بۆ یەکەمجار لە ماوەی سێ ساڵدا دانوستاندنی راستەوخۆیان ئەنجامدا، بەڵام گفتوگۆکان بەبێ پابەندبوون بە ئاگربەست کۆتاییان هات. دوای دانوستانەکان، ترەمپ رایگەیاند کە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی روسیا ئەنجام دەدات، لە هەوڵێکدا بۆ کۆتاییهێنان بە "خوێنڕشتن" لە ئۆکرانیا، کە شەڕەکە بەشێکی زۆری وڵاتەکەی وێران کردووە و ملیۆنان کەسی ئاوارە کردووە.
دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامى مەکتەبى سیاسیی یەکێتی دەڵێت، لە کابینەی هەشتەمەوە 50 بە 50 لە پێکهێنانی حکومەتدا نەماوە، بەڵام هەموو پۆستێک نرخی خۆی هەیە و پێوستە لەسەر بنەمای شایستەی هەڵبژاردن پۆستەکان یەکلابکرێنەوە. لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ وتى: لەگەڵ پارتى لە گفتوگۆى بەردەوامدان، بەڵام تائێستا هیچ پۆستێکی کابینەی دەیەمیان یەکلانەکردووەتەوە. ئەو وتیشى: لە 2013وە حكومەتی 50 بە 50 نەماوە، كابینەی هەشت و نۆ بنكە فراوان بوو، هیچ پۆستێك یەكلایی نەبووەتەوە. (لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ دەبێت بە سەرۆكی پەرلەمان). پێنجشەممەى ڕابردوو، 15-05-2025، لە کۆنگرەی یەکگرتنەوەی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیان، مەسعود بارزانی ڕایگەیاند جەخت لەبنەمای یەك حكومەت و هەرێم و یەك پەرلەمان و یەك پێشمەرگە دەكەمەوە، حكومەتێك پێكناهێنرێت لەسەر بنەمای (پەنجا بە پەنجا). بارزانى وتیشى: هەوڵێكی زۆر درا هەڵبژاردنێك بكرێت كە پێشتر ئەنجامەكەی دیاریكرابوو خۆشبەختانە رێگەمان نەدا، بەرێگەی جیاوازی هەوڵی تریاندا. دوا بەدواى ئەوە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەدوای كۆڕبەندی دێلفی لەشاری سلێمانی لەپرێس كۆنفرانسێكدا وتی: رێزم هەیە بۆ مەسعود بارزانی زۆر دەمێكە حكومەتی 50 بە 50 پێكنەهێنراوە ئیتر نازانم بۆچی ئەم بابەتە هەر باس دەكرێتەوە، نایەتەوە بیرم كە كۆتا حكومەت پێكهێنرابێت 50 بە 50 بوبێت.
جەمیل بایک ڕایگەیاند، نەک تەنها ئەرکەکان بەڵكو پێویستە مەترسییەکانیش ببینین و بە جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتیمان مەترسییەکان ببینین و لەناویان ببەین، ئەگەر ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا ڕێزێک بۆ کوردان هەیە، ئەمە ئەنجامی ئەو تێکۆشانەیە کە ڕێبەر ئاپۆ پەرەی پێداوە و دەستوەردانی تێداکردووە. دوازدەهەمین کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ٥ تا ٧ـی ئایار لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو، بڕیارەکانی کۆنگرە لە ١٢ـی ئایار بۆ ڕای گشتی بڵاو کرایەوە، لە کۆنگرەکەدا جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، هەڵسەنگاندنی کرد. هەڵسەنگاندنەکانی جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەرێوەبەری کەجەکە بەم شێوەیەیە: سەرەتا گرێدراوبوون و ڕێزی خۆم بۆ ڕێبەر ئاپۆ پێشکەش دەکەم و هەروەها لە کەسایەتی هەڤاڵ فوئاد و ڕەزا دا یادی هەموو شەهیدانی پەکەکە و شەهیدانی ئازادیی و دێموکراسی بەڕز ڕادەگرم و ڕێز و حورمەتی خۆمیان پێشکەش دەکەم. ئەگەر ئەمڕۆ سیاسەتەکانی رێبەر ئاپۆ لە جیهاندا شوێنی خۆی گرتووتەوە هەموو ئەنجامی مانیفێستی یەکەمە، کێشەی بنەڕەتی ئێمە لە ئێستادا بێ گومان تێگەیشتنە، رێبەر ئاپۆ بە دەست پێکردنی کۆنگرەوە مانیفێستێکی پێشکەش کردین، سەرەڕای هەموو کەموکورتی و هەڵەکان، ئەو مانیفێستەمان بەرەو پێشەوە برد و ئەنجامێکی زۆمان بەدەستهێنا، ئەمە ڕاستییەکە کە کەس ناتوانێت نکۆڵی لێ بکات، هەموو کەسێکی هۆشیار دەزانێت کە تێکۆشانی رێبەر ئاپۆ نەک هەر بۆ گەلی کورد و ژنانی کورد بەڵکو بۆ هەموو مرۆڤایەتی و ژنانی جیهان ئەنجامێکی وەهای بەدەست هێناوە و زۆر گرنگن. لەو هەلومەرجەدا و بەو مانیفێستەوە پەکەکە دامەزرا و تێکۆشان دەستیپێکرد و ئەوەش ڕاست بوو، ئەم ڕووداوە مێژووییە بۆ گەلی کورد و ژنانی کورد بوو بە شوناسێک، ئەگەر ئەمڕۆ گەلی کورد، ژنانی کورد و ڕێبەر ئاپۆ و سیاسەتەکانی ڕێبەر ئاپۆ لە جیهاندا بڵاو بووەتەوە و هەموو لایەک ئیلهامی لێ وەردەگرن و بە هیواوە سەیری دەکەن، ئەوا ئەنجامی ئەو مانیفێستەیە و له ڕاپۆرتی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکەدا هاتووە. ئەم بزووتنەوەیە لە کات و سەردەمێکدا کە دامەزرا بە دروستی دامەزرا و تێکۆشانی دەستپێکرد، بێگومان کەموکوڕی و هەڵەکان ناشارمەوە ئەمە بابەتێکی جیاوازە، بەڵام ئێمە مێژوویەکی پر لە سەربەرزیمان هەیە، ئەم مێژووە بە هەموو کەموکورتی و هەڵەکانییەوە بۆ گەلی کورد و مرۆڤایەتی موعجیزە و بەهایەکی گەورەی خوڵقاند ئەمە ڕاستییەکە دەبێت هەموو کەس ئەمە بزانێت. ئێستا هەموو تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ چی بوو؟ بۆ ئەوە بوو گەڵیک لە هەموو هەلومەرجێکدا خاوەندارێتی لە ئازادیی خۆی بکات، تێکۆشان بکات، ڕێبەر ئاپۆ بە قوربانیدانی مەزن، بە ئازاریی مەزن، بە تێگەشتنە مەزنەکانی پەکەکە ئەمە بە دی هات، بۆ ئەوەی پرسی کورد و ڕاستی گەلی کورد لە هەموو لایەکەوە بخاتە پێش هەمووکەسێک، ویستی لەسەر ئەم بنەمایە پرسی کورد لە ڕێگەی سیاسەت و دیموکراتیکەوە چارەسەر بکات، بۆ ئەمەش پەرەی بە چەندین هەنگاودا، بەڵام هەم لە ناوخۆی پەکەکە و دەرەوەی پەکەکەدا بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوانەی نراون پێشنەکەون زۆر دەستوەردان کرا. کاتێک ڕێبەر ئاپۆ لە دژی هەڵە، کەم و کورتی و تاوان وەستا، هەندێک زیاتر لە ناو پەکەکەدا وەستا، تێکۆشانی بنەڕەتی لە ناو پەکەکەدا پەرەپێدا، لەبەر ئەوەی کۆمەڵگەی کورد، مرۆڤی کورد، داگیرکەرانی پشت ئەم سیتەمی سەرمایەدارییە، ناتۆ کۆمەڵگەیەکی چۆن، مرۆڤێکی چۆنیان دروست کرد باش تێگەشتن، ڕێبەر ئاپۆ ئەمەی دیاریکرد لەسەر ئەو بنەمایە، تیۆر، فەلسەفە، ئایدولۆژی، ڕێکخستن، جەنگاوەری ئەم کۆمەڵگەی پەرەپێدا تاوەکو بتوانێت لە شوێنێکی وەک کوردستان تێکۆشانی ئازادیی و دیموکراسی پەرەپێبدات. بۆ ئەمەش پێویست بوو لە کۆمەڵگەی کورد و مرۆڤی کورددا گۆڕانکاری دروست ببێت، ئەگەر لە زیهنیەت و کەسایەتی کۆمەڵگەدا گۆڕانکاری دروست نەبوایە، مەحاڵە دەبوو تێکۆشانی ئازادیی و دیموکراسییەکی وەها پەرەی پێبدرێت و ئەم تەڤگەرە هەم بۆ گەلی کورد و هەم بۆ مرۆڤایەتی بوو بە هیوا، بۆ ئەمەش هەر لە سەرەتاوە فیدایی و ئیرادەی بە بنەما گرت، لەسەر ئەم بنەمایە ئەم تێکۆشانە پەرەی سەند، لە ئەنقەرەوە تاوەکو ئیمراڵی لەسەر ئەم بنەمایە ڕێبەر ئاپۆ تێکۆشان بەڕێوەدەبات، لە ئیمراڵییش وتی، تەنها لە هەلومەرجی مندا گۆڕانکاری بکەن، وەکتر دەرفەتی تیۆری و پراکتیکم هەیە بتوانم ئەم پرسە لەسەر زەمینەی ئاشتیی چارەسەر بکەم. ئەم تەڤگەرە تەڤگەرێکی ئیرادە و فیداییە، بە تەواوەتی خۆی خستۆتە خزمەتی ڕێبەر ئاپۆ و بەشدار بوون لەسەر ئەم بنەمایە دروست دەبێت، لەبەر ئەوەی ئێمە بەوجۆرە بەشداری ئەم تەڤگەرە بووین، بەشداربوونمان بەشداربوونە لە ڕێبەر ئاپۆ، مادام بەشداری ڕێبەر ئاپۆ بووین، پێویستە نەک لە هەندێک لایەنی ئەمەوە لە هەموو لایەنێکەوە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ یەکێتی بونیاتبنێین. ئێستا ئەرک لە پێشمانە، چۆن بتوانین ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو لایەنێکەوە بگەیەنینە جیهان؟، بە تێگەشتنی ڕێبەر ئاپۆ سۆسیالیزم لە جیهان پێش دەخەین، چونکە ئەو ئاستەی ڕێبەر ئاپۆ پەرەی پێداوە نەک تەنها لە مانیفێستۆی یەکەمدا پەرەی پێداوە، بەڵکو لەگەڵ مانیفێستۆی دووەمدا ئیدی دەبێت بە گەردونی، پێویستە ئەمە زۆر باش تێبگەین، ڕێبەر ئاپۆ هەمیشە پرسەکانی ناو بزوتنەوەکە و ناو کۆمەڵگەی وەک پرسی خۆی دەبینێت، دەیخستە ئەستۆی خۆی کە چۆن ئەم پرسانە چارەسەر بکات، لە خۆییدا ئەوشتانەی چارەسەر کرد. دووژمن چەندە ویستی ڕێبەر ئاپۆ ڕەش بکات، ئەگەرچی نەیتوانی ئەوە بکات و بەڵکوو تا دێت خۆشەویستی بۆ ڕێبەر ئاپۆ زیاتر دەبێت، کە ئەمڕۆ لە جیهان بڵاوبووتەوە، ئەو پڕۆسەی کە ڕێبەر ئاپۆ خستیەپێشمان، چۆن ڕاست پەرەی پێبدەین من لەسەر ئەمە دوەستم، ئەگەر تەڤگەر جارێکی دیکە هەڵە و کەم و کورتی ژیان نەکات، بە تایبەت من و هەڤاڵان کە بەشداری کۆنگرەکە بووین، تەواوی ئێمە دامەزرێنەری پڕۆسەی نوێین، پێویستە ئەرک و بەرپرسیارێتیمان نەک وەک خۆمان وەک ڕێبەر ئاپۆ پێی داوین تێبگەین و لەسەر ئەمە پراکتیزە بکەین، بۆ پراکتیکی ئەمەی لە پێشمانە بە ڕاستی زۆر گرنگە، وەک دامەزرێنەرانی کۆنگرەی یەکەمین نییە، واتە ئەرکی زیاتر لە پێشمان دایە. مەترسیش هەیە، نابێت تەنها ئەرکەکان ببینین، پێویستە مەترسیەکانیش ببینین، ئەم مەترسییانە بە جێبەجێکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتیمان دەتوانین ببینین و لە ناوی ببەین، ئەگەر ئەمە نەبێت، ئامانجی دووژمن ئەوەیە کە پەکەکە بە ناوی کورد و کوردستان چیکردوە بە تەواوی لە ناوی دەبات، ئێستا ئەم تەڤگەرەی ڕێبەر ئاپۆ قازانجی بە کورد دا، ئەگەر ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بۆ کوردان ڕێزێک هەیە، ئەمە ئەنجامی ئەو تێکۆشانەیە کە ڕێبەر ئاپۆ پەرەی پێداوە و دەستوەردانی تێداکردوە. ئێستا لەسەر ئەو دەستوەردانە مێژووییە، دەستوەردنێکی مێژووی مەزنتر و قوڵتر پەرەپێدەدات، بەو پارادایم و مانیفێتسۆی کە دەستمان پێکرد، ویستی کە پرسی کورد نیشانبدات و هەمووکەسێک تێبگەیەنێت، لەسەر ئەم بنەمایە چارەسەری پەرەپێبدات، دەتوانم بڵێم هەموو ئەو کەم و کورتیانەی دروستبوون، ئێستا ڕێبەر ئاپۆ بە پارادایمی نوێ و مانیفێستۆی دووەم دەیەوێت پرسی مرۆڤایەتی ئازادیی و دیموکراسی چارەسەر بکات، هەربۆیە ئەرک و بەرپرسیارێتیمان زۆر مەزنبوون، پێویستە بۆ ئەوەش ببینە وەڵامگۆ، ئەو بانگەوازەی ڕێبەر ئاپۆ کردی، لەسەر ئەم بنەمایە بۆ کۆنگرە سەرکەوتن دەخوازم.
بەلەمێکی کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیز، بە 63 سەرنشینەوە ژێرئاوکەوت و یەکێک لە کۆچبەرەکان گیانی لەدەستدا. بەپێى زانیاریەکان لە نزیک کەناراوەکانی سور مێر لە باکووری فەڕەنسا بەلەمێکی کۆچبەران لە کاتی رۆیشتنی بەرەو کەناڵی ئینگلیز ژێرئاوکەوت، کۆچبەرێک گیانی لەدەستدا و 62 کۆچبەری دیکە لە خنکان رزگارکران. بەگوێرەی زانیارییەکان، دایک و مندالێک بەهۆی خراپیی تەندروستیانەوە بە فڕۆکە گواستراونەتەوە نەخۆشخانە، سەرجەم کۆچبەرەکانی دیکەش گەیەندراونەتەوە بۆ کەناری شاری بۆلۆن سور مێر. ئامارەکانی ئەم دواییە دەریدەخەن ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کەناڵی ئینگلیز دەبڕن بەردەوام لەبەرزبوونەوەدایە، هەفتەی رابردوو ژمارەی هاتنی کۆچبەران لە کەناڵی ئینگلیزەوە 12 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاشکرایکرد، سوپای وڵاتەکەی لە ئۆپەراسیۆنێکی گەورەدا هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی کەرتی غەززە دەدات، دەشڵێت: هەوڵ دەدرێت لەرێگەی دیپلۆماسییەوە بەر بە برسێتی و قەیرانی مرۆیی لە غەززە بگیرێت. بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کەناڵی تێلێگرامی خۆی بڵاویکردەوە، جەنگێکی قورس و سەخت لە غەززە لە ئارادایە، بەڵام بەرەوپێشچونی گەورە بەدەست هاتوە. دەشڵێت: سوپای وڵاتەکەی هەڵمەتێکی بەرفراوانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی کەرتی غەززە دەست پێکردوە و وتیشی: سەرکەوتنی کۆتایی پێویستی بە پیداگری و ملنەدان هەیە. نەتانیاهۆ ئاماژەى بەوەش کردوە، پێویستە لە ڕێگەی گرتنەبەری ڕێکاری دیپلۆماسی، بەر بە برسێتی و قەیرانی مرۆیی لە غەززە بگیرێت. لێدوانەکەی نەتەنیاهۆ لە کاتێکدایە، کە بڕیاری کۆنترۆڵکردنەوەی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە، شەپۆلێکی نیگەرانی لەناو کۆمەڵگەی جیهانی و ولاتانی ناوچەکە لێکەوتوەتەوە و سکرتێری نەتەوە یەکگرتوەکانیش هۆشداریی لە سەرهەڵدانی قەیرانێکی گەورە مرۆیی و کۆمەڵکوژیی لەو ناوچەیە دەدات...
پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمرالی، كە دوێنی سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلان، رابەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستانی كرد دەڵێت: ئۆجەلان دڵخۆشە بەو پێشکەوتنانەی لە پرۆسەکەدا بەدەست هاتوون، هیچ كێشەیەك لە ئارادانیەو کۆبونەوەکەمان زۆر باش بوو. بوڵدان، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: پشتگیری لە پێشنیازی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست دەکەن، بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک لە ئەنجومەنی نیشتمانی گەورەی تورکیا، بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە، ئەم لیژنەیە هەنگاوی یەکەم دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە لە پەرلەمان، باشترە پێش کۆتایی ساڵی یاسادانانی ئێستا پێکبهێنرێت. باخچەلی داوای کردووە لیژنەکە لە ئەندامانی ئەو (١٦)پارتە سیاسییە پێكبهێنرێت، کە نوێنەرایەتیان لە پەرلەمان هەیەو لە (١٠٠) ئەندام لە خۆبگرێت. پەروین بوڵدان راشیگەیاندووە: باخچەلی روونی کردەوە کە پێویستە چی بکەین، لیژنەکە هەنگاوی یەکەم دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە لە پەرلەمان، چونکە دەبێت ئەم بابەتە لە پەرلەمان بە جددی گفتوگۆی لەسەر بکرێت، لیژنەکە تەنها بەم شێوەیە کاردەکات، دەبێت پێش کۆتایی ئەم ساڵی یاسادانانە پێکبهێنرێت. لەبارەی بانگەوازەكەی باخچەلی بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگاش كە زمانی بەرپرسیارانە بەکاربهێنن، بوڵدان وتی: ئێمەش وەک بەڕێز باخچەلی بیر دەکەینەوە، پێویستە هەموو کەسێک وریا بێت لەو زمانەی بەكاریدەهێنێت، پێویستە خۆمان بەدوور بگرین لەهەر دەربڕینێک کە هێرشبەرانە یان سووکایەتیکردن بێت، نابێت ئەو وشانە بەکاربهێنرێن کە ئەم مانایەیان هەیە، کەش و هەوایەکی نوێ و پرۆسەیەکی نوێ لە ئارادایە ئێستا.
یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان بەرەو سعوودییە بەڕێ کەوت. وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیش دووپاتی دەکاتەوە، ڕێکارەکانمان توند کردووە و کەس ناتوانێت حەجی نایاسایی بکات. بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 19-05-2025، یەکەم کاروانی حاجییان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەددەی عەرەبستانی سعوودییە بەڕێ کەوت کە 144 کەس بوون. هەر ئەمڕۆ دووشەممە، 19-05-2025، کاروانێکی دیکەی حاجییان کە ژمارەیان 144 کەسە، لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە بەرەو سعوودییە بەڕێ دەکەوێت. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی توندکردنی ڕێکارەکانی حەج، بە ئەحمەد عەبدولسەمەد، ڕاگەیاند "ساڵی ڕابردوو لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێک هێنرا و ئەمساڵ هیچ کەسێک ناتوانێت بە شێوەیەکی نایاسایی حەج بکات. هاوکات حکوومەتی سعوودییەش ڕێکارەکانی بۆ ڕێگریی لە حەجی نایاسایی توندتر کردووە." وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئاماژەی بەوەش دا "ساڵی ڕابردوو ژمارەیەک کەس دوور لە ڕێنماییەکانمان حەجی نایاساییان کرد؛ بەداخەوە زەحمەتییان بینی و هەندێکیان گیانیان سپارد. هیوادارین ئەمساڵ هاووڵاتییان پابەندی ڕێنماییەکانمان بن و کەس بە نایاسایی حەج نەکات." لەبارەی پاڵپشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرۆسەی حەج، پشتیوان سادق باسی لەوە کرد "ئەمساڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی نزیکەی چوار ملیار دیناری بۆ پاڵپشتیی پرۆسەی حەج تەرخان کردووە و بڕی پاڵپشتییەکە لە ساڵی ڕابردوو زیاترە. ئەمساڵ شوێنی مانەوەی حاجییانی کوردستان لە کەعبە نزیکترە و پێویستییان بەوە نابێت بە پاس یان ئۆتۆمبێل بچنە حەرەم، هەر بە پێ دەچن. لە کاتێکدا حاجییانی عێراق دەبێت بە پاس بچن." بە گوتەی پشتیوان سادق "تیمێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی مانگێک لەگەڵ حاجییان دەبن؛ شوێنی نیشتەجێبوون، خواردن و خواردنەوە و هەموو پێدوایستییەکانیان بۆ دابین دەکەن و شەو و ڕۆژ لە خزمەتیاندا دەبن. سوودمان لە کەموکوڕییەکانی ساڵی ڕابردوو وەرگرتووە و دڵنیام لە ڕووی ئامادەکارییەوە، پرۆسەی حەجی کوردستان لە بەشێکی زۆری وڵاتان باشتر دەبێت." پشکی هەرێمی کوردستان بۆ حەجی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادی کردووە؛ ئەمساڵ پێنج هەزار و 136 هاووڵاتیی لە هەر چوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە دەتوانن حەج بکەن.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتار ئەمڕۆ دووشەممە 19ی ئایار سەردانی چیای گابار لە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان دەکات، پێشبینی دەکرێت لەبارەی پرۆسەی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە پەیامێک بڵاوبکاتەوە. بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، وەزارەتی وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان لە 19ی ئایاری 2025 کە یادی ئەتاتورک و جەژنی وەرزش و لاوانە لە تورکیا، لە کێڵگەی نەوتی چیای گابار بەرنامەیەکی تایبەت رێکدەخات. لەسەر بانگهێشتی ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان؛ نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بەشداری لە بەرنامەکەدا دەکات و لەگەڵ گەنجان کۆدەبێتەوە. کورتوڵموش و نزیکەی 50 پەرلەمانتاری دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن بەشداری لە بەرنامەکەدا دەکەن و پێشبینی دەکرێت کورتولموش دەربارەی ئەو پرۆسەیەی بەڕێوەدەچێت پەیام بدات. لە ساڵی 2021 لە چیای گابار نەوت دۆزرایەوە و ئێستا رۆژانە زیاتر لە 80 هەزار بەرمیل نەوت لەو کێڵگەیە بەرهەم دەهێنرێت.
پەرلەمانتارێکی عێراق ڕایدەگەیەنێت، 120 پرۆژەیاسای گرنگ ماون لە پەرلەمان دەنگیان لەسەر بدرێت و دەکەونە خولی داهاتوو. محەممەد عەنوز، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هیچ هیوایەک بۆ کارابوونی پەرلەمان لە چەند مانگی داهاتوودا نییە، بەڵکوو ئەو پرۆژەیاسانەی ماون و دەنگیان لەسەر نەدراوە، دەکەونە خولی داهاتوو. ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی ئاماژەی بەوەش داوە، نزیکەی 120 پرۆژەیاسای گرنگ لە پەرلەمان ماون دەنگیان لەسەر بدرێت، لەم خولەدا تێناپەڕێنرێن و خراونەتە خولی داهاتوو. محەممەد عەنوز ڕاشیگەیاندووە، پەرلەمان لە سەرەتای ئەم ساڵەوە لە ڕووی سیاسییەوە مردووە، ئەوەش بەهۆی ناکۆکی و جیاوازییەکانەوە. پێشتریش مەزهەر ساعیدی، سەرۆکی ڕوانگەی کاری پەرلەمانی ڕایگەیاندبوو، لەم خولەی پەرلەمانی عێراق بە تێکڕا 200 پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنەکانی پەرلەمان نەبوون، هەروەها لەم خولەدا تەنها 10 پرۆژەیاسا لەلایەن پەرلەمانەوە پێشکەش کراون. ساعیدی باسی لەوەش کردووە، لە کۆی 32 کۆبوونەوەی ئەم وەرزەی پەرلەمان، تەنیا 10 کۆبوونەوە کراون، هەروەها سەرۆکایەتیی پەرلەمان ناوی ئامادەبووانی کۆبوونەوەکان و ئامادەنەبووانی بڵاو نەکردووەتەوە، ئەمەش پێشێلکاری یاساییە. ئەمە لە کاتێکدایە، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق 11ى تشرینى دووەمى 2025ى دیاری کردووە وەکو ڕۆژى هەڵبژاردنى پەرلەمان.
لەمیانەى گفتوگۆکانی ئەم دواییەى نێوان ئەمریکا و ئێران لەبارەى مەسەلەى پیتاندنی یۆرانیۆم، مەجید تەخت ڕوانچى، جێگرى وەزیرى دەرەوەى ئێران دووپاتی کردەوە که وتووێژە ناوەکییەکان لەگەڵ ئەمریکا شکست دەهێنن ئەگەر ئەمریکا پێداگری لەسەر ڕاگرتنی ته واوی پیتاندنی یۆرانیۆم بکات. لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆی دووشەممەدا ئەو بەرپرسەى ئێران ئەوەشی خستەڕوو کە ئەگەر واشنتن پێداگری بکات لەسەر ئەو مەرجەی بەتەواوی پیتاندنی یۆرانیۆم لەناو ئێراندا ڕابگرێت، ئەو دانوستانانە سەرکەوتوو نابن. هاوکات دوێنێ عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران پشتڕاستی کردەوە کە پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران بەردەوام دەبێت و ناوەستێت، جا ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمەریکا بکرێت یان نا، لە وەڵامی لێدوانەکانی ستیڤ ویتکۆف نوێنەری ئەمەریکا، لە ئەکاونتی X ی خۆیدا بڕگەیەکی کتێبی "دانوستاندن"ی بڵاوکردەوە. رۆژی هەینی، دیپلۆماتە باڵاکانی ئێران لەگەڵ هاوتاکانیان لە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، کۆبوونەوە. تاران چوار خولی دانوستانی ئەتۆمیی لەگەڵ واشنتن ئەنجامداوە، کە بەرزترین ئاستی پەیوەندیی نێوان ئەو دوو نەیارە بووە لەوکاتەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 کشایەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە ساڵی 2018 لە ماوەی یەکەمین خولی سەرۆکایەتییەکەیدا، ، بە کشانەوەی تاکلایەنە و دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر هەناردەی نەوت و کەرتی بانکیی ئێراندا، رێککەوتنەکەی پووچەڵکردەوە. سێ زلهێزە ئەورووپییەکە، کە لە رێککەوتنەکەی 2015 بەشداربوون، تاوتوێی ئەوە دەکەن کە ئاخۆ میکانیزمی "سناپباک" (گەڕانەوەی خێرا) کارا بکەن یان نا.
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە، سەرۆککوەزیرانی ئیسرائیل فەرمانی دەستپێکردنەوەی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانی بۆ ناو کەرتی غەزە دەرکرد. میدیاکانی ئیسرائیل، سەبارەت بە ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەزە لەلایەن بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە بەم شێوەیە زانیارییان بڵاوکردەوە. میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە، بەهۆی فشارە بەردەوامەکانی ئەمریکاوە بۆ سەر ئیسرائیل سەرۆک کوەزیرانی ئیسرائیل فەرمانی دەستپێکردنەوەی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانی بۆ ناو کەرتی غەزە دەرکرد. دەشڵێن: ئەو فشارانەی ئەمریکا دەیخستە سەر ئیسرائیل، بووە هۆی کۆتاییهێنان بە گەمارۆکانی سەر کەرتی غەزە، کە ماوەی دوو مانگ و نیوە بەردەوامە. ئاماژە بەوەشکراوە، ڕێگە بە چوونە ژوورەوەی بڕێکی سنووردار لە خۆراک دەدرێت بۆ هاووڵاتیانی غەزە، ئەمەش بۆ ئەوە ڕێگریی لە قەیرانی برسییەتی بگیرێت. هاوکات، ڕێگەدان بە ناردنی هاوکارییە سەرەتاییەکان بۆ کەرتی غەزە لەلایەن ناتانیاهۆوە ناڕەزایەتی زۆری بەشێک لە ئیسرائیلییەکانی بەدوای خۆیدا هێناوە. جێگای ئاماژەیە، لە بەرەبەیانی ٧ـی مانگی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٣ ـەوە چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشەكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، دواتر ئیسرائیل هێرشی پێچەوانەی بۆ سەر غەزە دەستپێكرد، بەو هۆیەوە هەزاران كەس بوونە قوربانیی و ئاوارە بوون.
لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق دڵنیایی دەداتە مووچەخۆران و دەڵێت، هیچ مەترسییەک لەسەر مووچەی مووچەخۆران نییە و بەتەواوەتى مسۆگەرکراوە. حسێن موئنیس، ئەندامی لیژنەی دارایی بە رۆژنامەى سەباحی گوتووە، دۆخی دارایی عێراق لەژێر کۆنتڕۆڵدایە، چونکە حکومەت چەندین بژاردەی لەبەردەمدایە و توانای تێپەڕاندنی قەیرانەکانى ئێستای هەیە، دۆخی ئێستاش جێگەی مەترسی نییە و مووچەش مسۆگەرکراوە. دەشڵێت، ئەوان نیگەرانن لە دواکەوتنی ناردنى خشتەی بودجە لەلایەن حکومەتەوە بۆ پەرلەمان، چونکە نەناردنى خشتەی بودجە ئاماژەیەکى خراپە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو گۆڕانکارییە ئابوورییانەى بەرۆکى جیهانی گرتووە، بەتایبەت دابەزینی نرخی نەوت. ئەو ئەندامەى لیژنەى دارایی ئاماژەی بەوەشکردووە، هێشتنەوەی نرخی بەرمیلێک نەوت بە 70 دۆلار لەچوارچێوەی بودجەدا، شتێکی ناڕاستە و دەبێت بەپشتبەستن بە بۆچوونى پسپۆڕان دەستکاری ئەو نرخە بکرێت. گوتیشی، لیژنەی دارایی هەوڵێکی راستەقینەی هەیە بۆ چارەسەری کورتهێنان و هەموارکردنەوەی خشتەکان، چونکە کورتهێنانی بودجەی ئێستا گەیشتووەتە 63 ترلیۆن دینار.
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕاگرتنی جەنگی ئۆکرانیا، بە تەلەفۆن گفتوگۆ لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بکات، ئەمەش لە دوای بێ ئەنجامبوونی دانوستانی ڕاستەوخۆی ئاگربەستی جەنگ لە ئیستانبۆڵ، لە نێوان شاندی دانوستانکاری ڕووسیا و ئۆکرانیا. هەوڵەکانی ترەمپ بۆ کاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دەگەڕێتەوە، ئەو کات چەندین جار ڕایگەیاند، لەگەڵ دەستبەکاربوونی لە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، لە ماوەی 24 کاتژمێردا کۆتایی بە جەنگی ڕووسیا – ئۆکرانیا دەهێنێت، بەڵام لە دوای چوار مانگ لە دەستبەکاربوونی، تاوەکوو ئێستا هەوڵە دیبلۆماتییەکانی بە ئامانج نەگەیشتوون. دوای نزیکەی سێ ساڵ تێپەڕبوون بەسەر جەنگی نێوان هەردوو وڵات، هەینی 16ی ئەم مانگە شاندی دانوستانکاری ڕووسیا و ئۆکرانیا بە نێوەندگیری تورکیا لە ئیستانبۆڵ لەبارەی ئاگربەست و ڕاگرتنی جەنگ، گفتوگۆیان کرد، بەڵام دوای دانوستانەکان، ترەمپ ڕایگەیاند، دانوستانەکە مایە پووچ بووە و هیچی لێ بەرهەم نەهاتووە؛ هەر بۆیە بڕیاری دا جارێکی دیکە بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ پوتن بکاتەوە. بە گوتەی خۆی، ترەمپ ئەمڕۆ دووشەممە 19ی ئایاری 2025، جیا لە قسەکردن لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، بە هەمانشێوە قسە لەگەڵ ڤلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا چەند سەرکردەیەکی هاوپەیمانی ناتۆش دەکات، ئومێدە دەکات، ئەمڕۆکە ڕۆژێکی بەرهەمدار بێت بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگێک کە هەرگیز نەدەبوو ڕوو بدات. لە دانوستانە ڕاستەوخۆکەی ئیستانبۆڵ، شاندی ڕووسیا و ئۆکرانیا ڕێککەوتن هەر یەکێکیان هەزار دیل ئاڵوگۆڕ بکەن، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ پابەندبوونێک بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دیاری بکەن. دوای کۆبوونەوەکەش، ڕۆستەم ئومارۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا، کە سەرۆکایەتیی شاندی دانوستانکاری وڵاتەکەی دەکرد، ڕایگەیاند، هەنگاوی داهاتووی دانوستان، کۆبوونەوەی نێوان پوتن و زێلێنسکی دەبێت، بەڵام سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ڕووسیا ڕەتی کردەوە و بێ ئاگایی خۆیی لە داواکاریی و کۆبوونەوەیەکی وەها ڕاگەیاند.
نووسینگەی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رایگەیاند، شێرپەنجەی پرۆستات لە ئەنجامی پشکنینەکانی بایدن دەستنیشانکراوە و لە جۆرێکی کوشندەیە. نووسینگەکەی دەڵێت، نمونەیەک لە پرۆستاتی براوە بۆ پشکنین و لەوە دڵنیابوونەتەوە و لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا چەند جارێک کێشەی میزکردنی بۆ دروستبووە. ئەوەش هاتووە، رۆژی هەینی بایدن براوە بۆ پشکنین، روونبووەتەوە ئەو شێرپەنجەیەی تووشی بووە لە قۆناغی چوارەمە و وەرەمی پیسیشی لەناو ئێسکیدا دروستکردووە. ئەو جۆرە شێرپەنجانەی بەناو لەشدا بڵاودەبنەوە وەک ئاستی چوارەم رەچاو دەکرێن کە سەخترین قۆناغی سیرپەنجەیە. بەگوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و نەهێشتنی نەخۆشییەکان، لە کۆی زیاتر لە 236 هەزار کەیسی شێرپەنجەی پرۆستات لە 2021، 70%یان دەستنیشانکراون (پێیانزانراوە) پێش ئەوەی شێرپەنجەکە بڵاوببێتەوە. نووسینگەکەی بایدن دەڵێت، بەگوێرەی سیستمی گلیسۆن، شێرپەنجەکەی بایدن لە 10 نمرە نۆ نمرەی بۆ دانراوە، بەمەش دەردەکەوێت کە شێرپەنجەکەی زۆر سەختە. پزیشکێکی پسپۆر لە کۆمەڵگەی پزیشکی لانگۆنی نیویۆرک بە رۆیتەرزی راگەیانددوە، نمرەی نۆ “مەترسییەکی زۆر گەورەیە”، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی ئەو پیاوانەی تووشی شێرپەنجەی پرۆستات دەبن دەکرێت “پێنج بۆ 10 ساڵی دیکە یان زیاتر” لەگەڵ ئەو نەخۆشییە بژین. لەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی نەخۆشییەکەی، دۆناڵد ترەمپ کە رکابەرێکی سەختی بایدن بوو لە هەڵبژاردنەکانی 2024، لە پۆستێکدا لە تروس سۆشیاڵ نوسیوویەتی: من و مێلانیا خەمبارین بە بیستنی هەواڵی نەخۆشکەوتنی بایدن، هیوای زوو جاکبوونەوەی بۆ دەخوازین.
