لیژنەیەکی باڵا بۆ ئامادەکاریی یەکەمین دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق پێکهێنراوە و عامر فائز، کاندیدی دەرچووی پەرلەمان لە بازنەی بەسڕە بەتەمەنترین کاندیدی دەرچووە و سەرۆکایەتی یەکەمین دانیشتنی پەرلەمان دەکات. ئەمڕۆ د. لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق داوای لە خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق کرد 29ی ئەم مانگە یەکەمین دانیشتنی خۆی ساز بکات. سەفوان گەرگەری، ئەمینداری گشتیی پەرلەمان بە میدیای فەرمی عێراقی ڕاگەیاند، ئەمیندارییەتی گشتیی پەرلەمان لیژنەیەکی پێکهێناوە کە من سەرۆکایەتی دەکەم و نوێنەری سەرجەم فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی تێدایە.  -ئەرکی لیژنەکە ئامادەکارییە بۆ یەکەمین دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمان، بۆیەش داوا لە سەرجەم فەرمانگەکانی پەرلەمان کراوە ئامادەکارییە تەکنیکییەکان دەستپێبکەن.  -لیژنە باڵاکەی پەرلەمان هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەکانی بۆ ئامادەکاریی بۆ یەکەمین دانیشتنی پەرلەمان لە 29ی ئەم مانگەدا دەست پێ دەکات، فەرمانگەکانی ڕاگەیاندن، پەیوەندییەکان، دەنگ و ئامادەکارییەکان ئەمنییەکانیش بەباشترین شێوە دەست بە کارەکانیان دەکەن.   ئەمینداری گشتیی پەرلەمان دەشڵێت، عامر فایز کاندیدی دەرچووی هاوپەیمانیی تەسمیم لە پارێزگای بەسڕە، بەتەمەنترین کاندیدی دەرچووی خولی تازەی پەرلەمانە و سەرۆکایەتیی یەکەمین دانیشتن دەکات، ناوبراو لە دایکبووی ساڵی 1948 ـە و ئێستا تەمەنی 77 ساڵە.

سەرۆک بارزانی، پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و خەڵکی زاخۆ و هاندەرانی یانەی وەرزشی زاخۆ دەکات.  ڕۆژی سێشەممە 16ی کانوونی یەکەمی 2025 سەرۆك مەسعود بارزانی لە ڕێی تەلەفۆنەوە لەگەڵ گۆهدار شێخۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی، پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و خەڵکی زاخۆ و هاندەرانی یانەی وەرزشی زاخۆ کرد بەبۆنەی بەدەستهێنانی نازناوی باشترین هاندەری وەرزشی لەسەر ئاستی جیهان کە لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی جیهانی FIFA بۆ ساڵی 2025 بە هاندەرانی یانەی وەرزشی زاخۆ بەخشرا.  سەرۆک بارزانی ئەو نازناوەی بە مێژوویی وەسفکرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ یاریزانان و یانەی وەرزشیی زاخۆ خواست.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، گۆڕانکاری بەسەر کەشوهەوادا دێت و لە بەشێک لە ناوچەکان بەفر و باران دەبارێت. بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی کەشناسی، ئەمڕۆ سێشەممە 16-12-2025، لە هەندێک ناوچە تەمێکی چڕ دروست دەبێت کە کاریگەرییەکەی تا کاتەکانی نیوەڕۆ دەمێنێتەوە، بەتایبەت لە سنووری پارێزگای هەولێر. هاوکات لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکان ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ نمەباران و بارینی بەفر لەسەر لووتکەی شاخە بەرزەکان. کەشناسی ئاماژەی بەوەشکردووە، کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆکە لەسەر بەشێک لە قەزای شنگال و شاخی شنگال لە بەرزی 1400 مەتر دەردەکەوێت و ئەگەری بەفربارین هەیە، ئەم دۆخەش تا کاتەکانی شەو بەردەوام دەبێت. سەبارەت بە پلەکانی گەرماش، پێشبینی دەکرێت بەراورد بە دوێنێ کەمێک دابەزین بەخۆیەوە ببینێت. پێشبینیش دەکات کەشوهەوای سبەی چوارشەممە 17-12-2025، ئاسمان بەگشتی نیمچە هەور بێت و لە بەیانی زوودا ئەگەری دروستبوونی تەم لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە، هەروەها لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان ئەگەری کەمێک بەفربارین هەیە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ بە پلەی سیلیزی هەولێر: 13 پلەی سیلیزی سلێمانی: 12 پلەی سیلیزی دهۆک: 12 پلەی سیلیزی زاخۆ: 13 پلەی سیلیزی کەرکوک: 15 پلەی سیلیزی هەڵەبجە: 14 پلەی سیلیزی سۆران: 9 پلەی سیلیزی

لیستی مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا.   رۆژی سێشەممە، 16ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئامادەکارییەکانی لیستی مووچەی مانگی کانوونی یەکەم تەواو کرا؛ ئەمڕۆ لیستی مووچەی ئەو مانگەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە رادەستی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا." جگە لە لیستی مووچەی مانگی 12، رۆژی 7-12-2025، لیستی مووچەی مانگی 11ـیش رادەستی بەغدا کرا؛ هەروەها رۆژی 25-11-2025 لیستی مووچەی مانگی 10ـیش رادەستی بەغدا کرا، بەڵام فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا مووچەی ئەو سێ مانگەیان وەرنەگرتووە. بە گوتەی سەرچاوەکەی رووداو: "هەموو رێکارەکانی تایبەت بە مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئێمەوە تەواوکراون و 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتیی ئەو مانگەش ئامادەیە، بەڵام بۆ ناردنی، چاوەڕێی بڕیاری خەرجکردنی مووچەین لەلایەن بەغداوە." ئەو بەپرسەی وەزارەتی دارایی گوتی: "پڕۆسەی وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی 10 تەواو بووە؛ ئێستا تەنیا ماوە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، واژۆ لەسەر خەرجکردنی پارەکە بکات و ئاراستەی فەرمانگەی ژمێریاریی بکات." دوایینجار رۆژی شەممە، 29ی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی بڵاوکردەوە و رۆژی دواتر و لە ماوەی سێ رۆژدا مووچەکەی دابەش کرد. بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، بۆ ئەوەی مووچەی مانگانە لەلایەن عێراقەوە خەرج بکرێت، دوو مەرج جێبەجێ کراون کە بریتین لە رادەستکردنی نەوت و ناردنی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتیی مانگانە بۆ بەغدا.

هاندەرانی یانەی زاخۆ زۆرترین دەنگی لەسەر ئاستی جیهان بەدەستهێنا و بوونە براوەی فیفا بۆ باشترین هاندەری ساڵی 2025. بە فەرمی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان ناسراو بە فیفا ئەنجامی دەنگدانی بۆ باشترین هاندەری ساڵ راگەیاند و هاندەرانی زاخۆ پێش ركابەرە ئەرجەنتینی و ئیسپانییەكە كەوتەوە و بوونە یەكەمین هاندەر لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەراست ئەم خەڵاتە بباتەوە. بڕیارە ئەمشەو کاتژمێر 08:00 بە کاتی هەولێر، رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکانی زەبێست بە ئامادەبوونی نزیکەی 800 کەس لە هۆڵی هۆڵی فایرمۆنت کاتارا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوە بچێت، باشترینەكان لەسەر ئاستی پیاوان و خانمان خەڵات دەكرێن، بەڵام فیفا پێش ڕێورەسمەكە براوەی خەڵاتی باشترین هاندەری ساڵی ئاشكرا كرد كە تێیدا هاندەرانی زاخۆ بە زۆرترین دەنگ بوونە براوەی خەڵاتەكە. بڕیارە ئەمشەو نوێنەری زاخۆ بەشێوەی ئۆنلاین بەشداریی لە رێورەسمەكەی فیفا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بكات و لە لایەن سەرۆكی فیفا پیرۆزبایی لێ دەكرێت. هاندەرانی یانەی زاخۆ لە رۆژی یاری یانەکەیان بەرامبەر یانەی حدود لە وەرزی رابردووی خولی ئەستێرەکانی عێراق، وەکو وەفایەک بەرامبەر ئەو منداڵانەی تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون، هەزاران بوکەڵەیان فرێدایە ناو یاریگا، هەر ئەمەش وایکرد فیفا ئەو هەڵوێستەی هاندەرانی یانەکە بەرز بنرخێنێت و بۆ خەڵاتی زە بێست بەربژێر بکرێن.

رۆژنامەی "هائارێتز"ی ئیسرائيلی دەڵێت: بە گوێرەی ئەو لیستەی دەستیكەتووە لە سەرچاوەیەكی دیپلۆماسییەوە، بانگهێشتی توركیا نەكراوە بۆ ئەو كۆنگرەیەی ئەمڕۆ فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریكا (سنتكۆم) رێكیدەخات، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی كە بڕیارە پێكبهێنرێت و لە غەززە بڵاوەی پێبكرێت. رۆژنامەكە ئەوەشی ئاشكراكردووە، بەوتەی بەرپرسانی ئیسرائیلی، توركیا لەسەر بنەمای ڤیتۆی وڵاتەكەیان لە لوتکە سەربازییەكەی دەوحە دورخراوەتەوە، كە  بە سەرۆکایەتی ئەمریکا رێكدەخرێت. نوێنەرانی زیاتر لە (٤٥) وڵات بانگهێشت کراون بۆ ئەو کۆبونەوەیەی کە بە کۆبونەوەیەکی سەرەتایی ناودەبرێت، چاوەڕوان ناكرێت هیچ بڕیارێکی کۆتایی تیادا بدرێت، سەرچاوەیەکی عەرەبی نزیک لە حکومەتی تورکیاو قەتەر رایگەیاندووە: دۆحەو ئەنكەرە لە ئێستادا فشار لە واشنتۆن دەکەن بۆ بانگهێشتکردنی تورکیا بۆ کۆنفرانسەکە.

گۆڤاری فۆربس ئاشکرایکرد، ئیلیۆن مەسک بووە یەکەم کەس لە مێژوودا کە سامانەکەی سنوری 600 ملیار دۆلاری تێپەڕاندبێت، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی پێشبینییەکان بۆ خستنەڕووی پشکەکانی کۆمپانیای "سپەیس ئێکس" لە بازاڕی بۆرسەدا. ئەم پێشهاتە نوێیە رەنگدانەوەی بەرزبوونەوەی بەهای بازاڕی کۆمپانیاکانی مەسکە لە بوارەکانی بۆشایی ئاسمان، ئۆتۆمبێلی کارەبایی و هۆشمەندی دەستکرد. بەپێی راپۆرتەکەی فۆربس، پێشبینی دەکرێت بەهای بازاڕی کۆمپانیای "سپەیس ئێکس" لە کاتی خستنەڕووی پشکەکانیدا بگاتە 800 ملیار دۆلار، ئەمەش راستەوخۆ سامانەکەی مەسک بە بڕی 168 ملیار دۆلار زیاد دەکات، بەو پێیەی ناوبراو خاوەنی نزیکەی لەسەدا 42ی پشکەکانی ئەو کۆمپانیایە. بەمەش پێشبینی دەکرێت کۆی سامانەکەی بگاتە 677 ملیار دۆلار. مەسک کە لە مانگی ئۆکتۆبەری رابردوودا بۆ یەکەمجار سامانەکەی 500 ملیار دۆلاری تێپەڕاندبوو، بەردەوامە لە تۆمارکردنی ژمارەی پێوانەیی. هاوکات کۆمپانیای تێسلا رۆڵێکی کاریگەری لەم هەڵکشانەدا هەبووە، سەرەڕای دابەزینی فرۆشی ئۆتۆمبێل، بەڵام پشکەکانی تێسلا لە سەرەتای ئەمساڵەوە لەسەدا 13 بەرزبوونەتەوە. مەسک خاوەنی لەسەدا 12ی پشکەکانی تێسلاینە و دوای ئەوەی کۆمپانیاکە تاقیکردنەوەی ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێری (بەبێ شاشەی چاودێری) راگەیاند، پشکەکانی بە رێژەی لەسەدا 4ی دیکەش بەرزبوونەوە. لەلایەکی دیکەوە، کۆمپانیای (xAI)ـی تایبەت بە زیرەکی دەستکرد کە مەسک خاوەندارێتی دەکات، لە گفتوگۆی پێشکەوتوودایە بۆ کۆکردنەوەی 15 ملیار دۆلار، کە دەکرێت بەهای کۆمپانیاکە بگەیەنێتە 230 ملیار دۆلار و پێگەی مەسک لە کێبڕکێی جیهانیی زیرەکی دەستکرددا بەهێزتر بکات.

کەمێک لەمەوبەر لە پیرمام، کۆبوونەوەی باڵای نێوان وەفدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان دەستیپێکرد، کە ئامانج لێی گەیشتنە بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ قۆناغی داهاتوو. بەپێی زانیارییەکان، وەفدی یەکێتی پێکهاتوون لە قوباد تاڵەبانی، رێواز فایەق و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران. لە بەرامبەردا وەفدی پارتی لەلایەن هۆشیار زێباری و پشتیوان سادق، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و دڵشاد شەهاب، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندییەوە نوێنەرایەتی دەکرێن. تەوەرەی سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە گفتوگۆکردن لەسەر هەنگاوە کردەییەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و داڕشتنەوەی بەرنامەی حکومەت، هاوکات پرسی یەکخستنی هەڵوێستی کورد لە بەغداد و پرسە هەنووکەییەکانی دیکە بەشێکی گرنگی گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا دەبن.

بەگوێرەی هەواڵێکی پێگەی ئەکسیۆس، کۆشکی سپی بە ئاگاداری ترەمپ نامەیەکی بۆ ئیدارەی نەتانیاهۆ ناردووە و نیگەرانی تووندی خۆیان بە کوژرانی رەئد سەعد، جێگری فەرماندەی باڵی سەربازی ح،ە،م،ا،س دەربڕیوە بە پێشێلکاری ئاگربەست ناویان بردووە. لە نامەکەدا بە نەتانیاهۆ گوتراوە، ئەگەر تۆ خەمی ئابڕووی خۆتت نییە، ئێمە خەمی ئابڕووی سەرۆکی ترەمپمانە. هەروەها لەسەر دۆخی سوریاش دەڵێت: سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام هەوڵی سەقامگیرکردنی حکومەتەکەی شەرع دەدات، بەڵام، نەتانیاهۆ بەردەوام پێشێلکاری دەکات و سنوور دەبەزنێت. رۆژی شەممە (13ـی كانوونی یەكەمی 2025)، سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست، سوپای ئیسرائیل لە هێرشێكدا رائید سەعد، جێگری پێشووی فەرماندەی باڵی سەربازیی حەماسی كوشت، ئەوەش ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكای نیگەران كردووە. بەپێی راپۆرتێكی پێگەی ئاكسیۆس کە لە دوو سەرچاوەی فەرمی ئەمەریکییەوە وەریگرتووە، كۆشكی سپی پەیامێكی تایبەتیان بۆ بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ناردووە و بە شكاندنی ئاگربەست تۆمەتباریان كردووە. بەپێی وتەی دوو سەرچاوە فەرمییەكەی كۆشكی سپی، ماركۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە، ستیڤ ویتكۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریكا و جارید كوشنەر، راوێژكاری ترەمپ زۆر نیگەرانن لە كوشتنی رائید سەعد لەلایەن ئیسرائیلەوە. سەبارەت بە هێرشەكە دوێنێ دووشەممە (15ـی كانوونی یەكەمی 2025)، ترەمپ رایگەیاند، ئەمەریكا لێكۆڵینەوە دەكات لەسەر ئەوەی ئایا ئیسرائیل ئاگربەستی غەززە پێشێل كردووە یاخود نا، بەڵام جەختی كردەوە پەیوەندییەكانی لەگەڵ نەتەنیاهۆدا زۆر باشە. بەپێی راپۆرتەكەی ئاكسیۆس لە پەیامەكەی كۆشكی سپیدا بۆ نەتەنیاهۆ هاتووە: "ئازادیت لەوەی كە دەتەوێت ناوبانگی خۆت لەكەدار بكەیت و پیشانی بدەیت پابەندی رێككەوتنەكان نابیت، بەڵام ئێمە رێگەت پێنادەین ناوبانگی سەرۆك ترەمپ لەكەدار بكەیت دوای ئەوەی رێككەوتنی غەززەی ئەنجامداوە." وەك لە راپۆرتەكەی ئاكسیۆسدا هاتووە، بەپێی سەرچاوە فەرمییەكانی ئەمەریكا، لای كۆشكی سپی بە كوشتنی رائید سەعد، ئیسرائیل ئاگربەستی پێشێل كردووە، بەڵام حكومەتی ئیسرائیل بە ئیدارەی ترەمپیان راگەیاندووە، حەماس بە هێرشكردنە سەر سەربازانی ئیسرائیل و بە قاچاغبردنی چەك رێككەوتنی پێشێل كردووە.

هەمووان ستایشی دەکەن و بووەتە سەردێڕی میدیا جیهانییەکان ئامادەکردنی هاوڵاتی  ئێوارەی رۆژی یەکشەممە کاتژمیر 6:47 خولەک بە کاتی ئوسترالیا و کاتژمێر 10:47ـی خولەکی بەیانی بە کاتی کوردستان، دوو چەکدار، کە باوک و کوڕن، هێرشیان کردەسەر فێستیڤاڵێکی ساڵانەی جووەکان لە کەناراوی بۆندی لە شاری سیدنی ئوسترالیا. لە رووداوەکەدا 15 کەس کوژران و چەندانی دیکەش بریندار بوون. یەکێک لە چەکدارەکان بەناوی ساجید ئەکرەم کوژرا و کورەکەی بەناوی نەڤید ئەکرەم بریندارە. ئەمە رووداوەکە بوو، بەڵام ئەوەی چاوی میدیا جیهانییەکانی چووەتە سەر بوێری پیاوێکی سوری موسڵمانە، بەناوی ئەحمەد ئەلحمەد. لە کاتێکدا دوو چەکدارەکە چەند جووەیەکیان کوشتووە و بە تەقەوە هەوڵی دوورکەوتنەوە لە شوێنەکە دەدەن، بەڵام ئەحمەد لە پشتی ئۆتۆمبێلێکەوە خۆی شاردووەتەوە و لە پڕێکدا پەلاماری یەکێک لە تەقەرەکان دەدات کە پێدەچێت ساجد ئەکرەم بێت و چەکی دەکات.  هەرچەندە ئەحمەد بریندار دەبێت و دەگوزارێتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام ئەو دیمەنە میدیاکانی ئوسترالیا و جیهانی تەنی، بەجۆرێک بەرپرسانی وڵات و تەنانەت بنیامین نەتانیاهۆ و دۆناڵد ترەمپیش ستایشی رۆڵەکەیان کرد. کریس ماینس، سەرۆکوەزیرانی ویلایەتی نیو ساوز وەیڵز دەڵێت: هەتا ئێستا شتی وام نەدیوە، پیاوێک ژیانی خۆی بخاتەوە مەترسییەوە بۆ ئەوەی ژیانی چەندەها کەسی دیکە رزگار بکات، بۆیە دەڵیم ئەحمەد پاڵەوانە. ترەمپیش لەسەر رووداوەکە قسەی کرد و گوتی: ئەوە کارێکی رەگەزپەرستییە دژی جووەکان و لەبارەی ئەحمەدیش گوتی: کەسێکی زۆر ئازایە و ژیانی چەندین کەسی لە مردن رزگارکرد، ئێستا دۆخی تەندروستی باش نییە بەڵام من رێزێکی زۆرم بۆی هەیە. نەتانیاهۆش لەبارەی ئەحمەدەوە دەڵێت: ئەو کارە ئازایانەیەمان لەو پیاوە موسڵمانە بینی و رێگریی لە کوشتنی چەندین جووی بێتاوان کرد، من سڵاوی بۆ دەنێرم. ئەحمەد تەمەنی 43 ساڵە، خاوەنی دوکانێکی فرۆشتنی سەوزە و میوەیە لە سیدنی و دوو منداڵیشی هەیە. بەگوتەی ئامۆزایەکی، ئەحمەد فیشەک بەر قۆڵ و دەستی کەوتووە و دۆخی تەندروستی جێگیر نییە، نەشتەرگەرییەکی بۆ کراوە و پێویستی بە دوو نەشتەرگەری دیکەیە. ئەحمەد لەگەڵ هاوڕێیەکەی خەریکی قاوە خواردنەوە بووە کاتێک گوێی لە تەقە بووە. باوک و دایکی دەڵێن، کوڕەکەیان پاڵەوانە و بیری لەوە نەکردووەتەوە ئەو کەسانەی رزگاری دەکات چ ئایینێکیان هەیە. دەشڵێن، کوڕەکەمان جیاکاری لەنێوان نەتەوە جیاوازەکانیشدا ناکات.

ئەرکەکانی چی دەبێت و کەی دەستبەکاردەبێت؟ ئامادەکردنی، هاوڵاتی. رۆژی 12ـی ئەم مانگە ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح لەلایەن ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێریی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بۆ پۆستی سەرۆکی کۆمسیارانی باڵای پەنابەران لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستنیشانکراوە. پۆستەکە ماوەی 10 ساڵە لەلایەن فلیپۆ گراندی ئیتاڵییەوە بەڕێوەدەبرێت. نەتەوەیەگرتووەکان لە هەوڵی هێنانە پێشەوەی کەسێکی نوێ بوو، بۆیە دوای بەدواداچوونی ورد سکرتێری گشتیی بریاری لەسەر دکتۆر بەرهەم ساڵح داوە، بەڵام شێوازی دەستنیشانکردنی جیاواز بووە لە کاندیدەکانی پێشوو. پرۆسەی هەڵبژاردنەکە چۆن بوو؟ بەشێوەیەکی ئاسایی سەرەتا سکرتێری گشتیی نەتەوەیەگرتووەکان ناوێک پێشنیاز دەکات، دواتر ناوەکە لە لیژنەی بەڕێوەبردنی کۆمسیارانی باڵای پەنابەرانی رێکخراوەکە  گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، پاشان دەنێردرێت بۆ کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت. بەگوێرەی بەدواچوونەکانی هاوڵاتی و لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە د.بەرهەم، ئەو کۆبوونەوەیە لە سەرەتای ئەم مانگەوە ئەنجامدراوە و بڕیار لەوە دراوە پۆستەکە بدرێتە د. بەرهەم ساڵح. بڕیارە  لە رۆژی 2ـی مانگی داهاتوو پۆستەکە وەربگرێت و دەستبەکاربێت، بەڵام بۆ ئەوەی پۆستەکەی بەفەرمی بکرێت مانگی سێی ساڵی داهاتوو کۆبوونەوەکی دیکە دەکرێت بەمەبەستی دەنگدان لەسەر بەربژێرکردنی. بۆچی بەرهەم ساڵح دەستیشانکرا؟ نەتەوەیەکگرتووەکان چەند مەرجێکی هەیە بۆ کاندیدی پۆستی سەرۆکی کۆمیسیاری باڵای پەنابەران، ئەوانیش دەبێت کاندیدەکە ئەزموونی لە بواری پەنابەریدا هەبێت. د.بەرهەم ئەزموونێکی زۆری لە مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسی ئاوارەکان هەیە، بە تایبەتی ئاوارەکانی ئێزدی و موسڵ لەو کاتەی سەرۆککۆماری عێراق بوو. بەشێکی دیکەی هۆکاری دەستنیشانکردنەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە ماوەیەی لە دەرەوەی وڵات بووە و ئەزموونی پەنابەری وەک خوێندکارێک لە دەرەوەی وڵات کردووە. پۆستی سەرۆکی کۆمسیارانی باڵای پەنابەرانی نەتەوەیەگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی ئاوارە و کۆچبەرانە لە هەموو جیهاندا و ئەم ئەرکە سەرەکییانەی هەیە: پاراستنی مافی پەنابەران لەو وڵاتانەی تێیدا کۆچبەرن یان ئاوارەبوون، چارەسەرکردنی کێشە یاساییەکانیان، دابەشکردنی هاوکاریی مرۆیی بەسەریاندا، یارمەتییدانی مادی و جێگیرکردنی باری داراییان، هەماهەنگی لەگەڵ حکومەت و رێکخراوە جیهانییەکان، بەڕێوەبردنی هەڵمەتی زەبەلاح بۆ کاری مرۆڤدۆستی و هاوکاریکردنی کەسانی پەنابەر، لەگەڵ چەندین ئەرکی دیکەدا.

ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 15ی کانوونی یەکەمی 2025، ئاماری فەرمی زیانەکانی شەپۆلی ئەم دواییەی بارانبارین و لافاوی بڵاو کردەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، جگە لە گیانلەدەستدانی 5 هاووڵاتی و برینداربوونی 19ی دیکە، زیانی ماددی بە 2376 ماڵ و سەدان پرۆژەی کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵ گەیشتووە، کە پشکی شێری زیانەکان بەر پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان کەوتووە. ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان دەشڵێت: ئەم داتایانە ئەگەری گۆڕینانیان هەیە، چونکە پرۆسەی تۆمارکردنی زیانەکان کۆتایی پێ نەهاتووە. پارێزگای هەولێر: بڕی دابارینی باران لە پارێزگای هەولێر لە ڕێکەوتی (2025/12/8) لە سەنتەری شار (25,6) ملم باران بووە. ڕێژەی دابارین لە ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی (2025/12/9) لە پارێزگای هەولێر (14,1) ملم بووە. بە شێوەیەکی گشتی زیانێکی وا تۆمار نە کراوە، تەنیا ئاو لە چەند ناوچەیەک کۆبووەوە. لە گوندی قوشتەپە سەر بە ناحیەی شەمامک، (6) ماڵ ئاو چووەتە ناو ماڵەکانیان. بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی لێڵی ئاو، زۆربەی ئەو پرۆژانەی کە دەکەونە سەر زێی گەورە بەرهەمهێنانیان ڕاگیراوە، ئەم ڕاگرتنەش بۆ ماوەی (24 تاوەکوو 48) کاتژمێر بەردەوام دەبێت. بۆیە داوا لە هاووڵاتییان کراوە دەست بە ئاوەوە بگرن. بەهۆی هەورە بروسکەوە (6) پێشمەرگە لە سنووری بالیسان بریندار بوونە، کە برینەکانیان سووکن و (5) لە نەخۆشخانەی ڕانیە چارەسەریان وەرگرتووە و ئێستا گەڕێنراونەتەوە شوێنی خۆیان، و تەنیا یەکێکیان بۆ نەخۆشخانەی سلێمانی ڕەوانە کراوە بە مەبەستی چارەسەر. لە قەزای تەق تەق زیاتر لە (107) باخ و دانەوێڵەی هاووڵاتییان زیانی بەرکەوتووە و (87) بیری ئاو زیانی بەرکەوتووە، و (14) ماڵ لەو قەزایە زیانی بەرکەوتووە و (78) پرۆژەی ماسیش لەناوچوون کە (379،900) ماسی تێدا بووە، دوو تراکتۆری هاووڵاتیش زیانی پێگەیشتووە. پارێزگای سلێمانی: بە شێوەیەکی گشتی بڕی دابارینی باران لە ڕێکەوتی (2025/12/8) نزیکەی (61,3) ملم بووە. بەڵام هیچ زیانێک تۆمار نەکراوە لەو ڕۆژدا. لە ڕێکەوتی (2025/12/9) دوای نیوەڕۆ بارانێکی بەلێزمە هەمان پارێزگای گرتەوە کە تاوەکوو شەو بەردەوام بوو بڕی دابارین گەیشتە (122,7) ملم، کە بووە هۆی ئەوەی چەندین ماڵ و قوتابخانە لە گەڕەکی ڕاپەڕین ژێر ئاو بکەون، ئاو لە چەندین شەقامی سەرەکی کۆببێتەوە. بەڵام لە قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی تەکیەی و شۆڕش، ڕێژەی دابارینی باران بە شێوەیەکی زۆر بەلێزمە بووە لە ماوەی (4) کاتژمێر لە نێوان (11 نیوەڕۆ بۆ 2ی نیوەڕۆ)ی ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی (2025/12/9) بڕی (80) ملم بووە، کە تەنیا لەو ڕۆژەدا (127,1) ملم باران لە چەمچەماڵ و لە تەکیە (173,5) ملم باریووە، کە بووەتە هۆی دروستبوونی لافاوێکی بەهێز لەو ناوچانە. زیانە سەرەتاییەکان بەم شێوەیەن: دوو کەس گیانی لەدەستداوە. (12) کەس بریندار بووە. یەک کەس بێ سەر و شوێنە. (600) ماڵ لە قەزای چەمچەماڵ و (600) ماڵ لە شۆڕش و (400) ماڵ لە تەکیە زیانی بەرکەوتووە. و لە پارێزگای سلێمانی و بازیانیش چەندین ماڵ زیانیان بەرکەوتووە. زیاتر لە (100) دووکان و کۆگا ئاو چووەتە ناویان. و (5) فەرمانگەی حکومی ئاویان تێچووە. و کتێبخانەی چەمچەماڵ زیانێکی زۆری بەرکەوتووە. کارەبا لە قەزای چەمچەماڵ بڕاوە و هێڵەکانی ئینتەرنێت کێشەیان تێکەوتووە. و بنکەی کەشناسی قەزاکە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە. لە قەزای چەمچەماڵ زیان بە (8) قوتابخانە کەوتووە. تەنها لە قەزای چەمچەماڵ نزیکەی (200) ئۆتۆمبێل زیانیان پێکەوتووە. لە ناحیەی شوان بەهۆی لافاوەوە (400) حەوزی ماسی و پرۆژەی ئاوی خاڵخاڵان ژێرئاو کەوتوون. لە هەرێم کە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و قەزای شارەزوور و چەمچەماڵ و دووکان و شارباژێڕ و پێنجوێن، لە ناوەندەکانی خوێندن کراوە بە پشووی فەرمی بۆ ڕێکەوتی (2025/12/9). دیواری قوتابخانەیەک لە قەزای تەکیە ڕووخاو و زیانێکی زۆر بەر قوتابخانەکە کەوت. و تەواوی دۆسیەی قوتابخانەکە لە ناوچووە. لە ناحیەی پیرەمەگروون، زیان بە (118) ماڵ کەوتووە و هەروەها (46 دوکان و (12) مەخزەن ئاو چووتە ناوی، و (4) ئۆتۆمبێل و (1) تراکتۆر زیانی پێگەیشتووە. بینایی یانەی وەرزشی پیرەمەگروون ئاوی تێچوو، دیواری مزگەوتی مەلا مەحموود ڕووخاوە. لە قەزای دوکان (7) ماڵ و (15) دوکان و مارکێت و ڕێستۆرانت زیانیان بەرکەوتووە. نەخۆشخانەی شەهید غەریب هەڵەدنی و بنکەی پۆلیسی فریاکەوتن ئاویان تێچووە. بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی زێی بچووک، زیانی ماددی بە گوندەکانی کەپەنک و سماقە و جگیکە و قەرەناو کەوتووە. پردی مەڵەتەبە لە قەزای ماوەت بەهۆی زۆری ڕێژەی ئاو لەو ناوچەیە، هاتووچۆی ماوەت ئاگاداری هاووڵاتییان دەکاتەوە کە گونجاو نییە بۆ بەکارهێنان. لە ناحیەی تەکیە لە کێڵگەیەکی پەلەوەر زیاتر لە (15) هەزار جوچکە مرداربووەتەوە بەهۆی لافاوەوە. ناحیەی قەرەهەنجیر بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان زیاتر لە (10) گوند لە سنوورەکە زیانیان بەرکەوتووە، کە دیارترینینان گوندەکانی (باشبڵاخی سەروو و خواروو، شێخجری، تەییمەزاوا، شێرەدەرە و قەرەوەیس)ن. لە قەزای دوکان، پردی زەرزی لە نێوان گوندەکانی ناحیە کە سەیرانگەی چەمی ڕێزان ڕووخاوە. ڕێگەی سەرەکی بۆ گوندی شێخ زێنڵ دارماوە، و ڕێگەیەک لە ناو گوندی شاقوڵی تێکچووە. لە قەزای شارەزوور، (14) ماڵ زیانی بەرکەوتووە و (3) پردیش دارماوە و نەخۆشخانەی شەهید ڕەووف بەگ زیانی پێگەیشتووە لە بازیان، (91) یەک ماڵ زیانی بەرکەوتووە و (108) خانووی پلاستیکی بە تەواوەتی تێکشکاون و (66) خانووی پلاستیکی ئاو چووتە ناویان و زیانیان بەرکەوتووە لە قەزای بازیان، (12160) مریشک و (6) پڕۆژەی هەنگی و (33) عەلەشیش و (7) کۆتر و (6) مانگا و (65) سەر مەڕ و بزن خنکاون. پارێزگای دهۆک: بە شێوەیەکی گشتی ڕێژەی دابارینی باران لەو پارێزگایە (23,6) ملم بووە لە ڕێکەوتی (2025/12/8) و بارانێکی مامناوەند بووە و هیچ زیانێک تۆمار نەکراوە. و ڕێژەی دابارین لە ڕێکەوتی (2025/12/9) بە بڕی (1,8) ملم بووە. پارێزگای هەڵەبجە: بڕی دابارینی باران لەو پارێزگایە لە ڕێکەوتی (2025/12/8) نزیکەی (54) ملم بووە و سوپاس بۆ خوا جگە لە گیرانی چەند ڕێڕەوێکی ئاوی، هیچ زیانێک تۆمار نە کراوە. ڕێژەی دابارین لە ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی (2025/12/9) لە پارێزگای هەڵەبجە (92,5) ملم بووە، و لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکان پشووی فەرمی ڕاگەیەندراوە. (6) ماڵ لە ناوەندی هەڵەبجە زیانی بەرکەوتووە. کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەلامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای هەڵەبجە هاوکاری کراون. و خاوەن کێڵگەیەکش (8) سەر مەڕ و بزنی خنکاوە. ئاستی ئاوی ڕووباری سیروان بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕووی لە زیادبوون کردووە. پارێزگای کەرکووک: بڕی دابارین لەو پارێزگایە نزیکەی (26,7) ملم بووە لە ڕێکەوتی (2025/12/8)، و لە ڕێکەوتی (2025/12/9) لە پارێزگاکە (39,4) ملم باران باریووە. زیانەکان تا ئێستا بەم شێوەیەن:- ئاو لە یەکێک لە قوتابخانەکان لە گەڕەکی شۆراوە ئاو چووتە قوتابخانەکە، بەڵام لە ناحیەی لەیلان، گوندی بەیانلوو، یەکێک لە پردەکان ئاو بردوویەتی و لە ئێستادا ڕێگەی کەرکووک – لەیلان داخراوە. لە گوندەکانی سەر بە ناحیەی لەیلان نزیکەی (400) ماڵ زیانیان پێگەیشتووە. بەداخەوە منداڵێکی تەمەن (7) ساڵ لە گوندی فرقانی بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی خنکاوە و ئێستا تەرمەکەی لە نەخۆشخانەی لەیلانە. پردێکی ستراتیجی لە قەزای داقوق دارماوە بەهۆی ئەمەش هاتووچۆی نێوان کەرکووک و بەغدا نەماوە بەشی پزیشکی دادوەری لە نەخۆشخانەی ئازادی و نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە گەڕەکی شۆرجە ئاو چووەتە ناوی و زیانی بەو نەخۆشخانانە گەیاندووە. ئەمڕۆ ڕێکەوتی (2025/12/10) بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە گەڕەکی شۆراوە، ئافرەتێک گیانی لەدەستداوە بەهۆی تەزووی کارەبا. هەر ئەمڕۆ ڕێکەوتی (2025/12/10) کارمەندێکی شارەوانی لە کاتی کارکردن لە گەڕەکی ڕەحیماوا، کارەبا گرتوویەتی و بەسەختی بریندار بووە. نزیکەی (35) ماڵ لە گەڕەکی شۆراوە ئاو چووتە ماڵیان و زیانی ماددی زۆری پێگەیاندوون. ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان ڕێژەی دابارینی باران لەو ئیدارەیە نزیکەی (50) ملم بووە لە ڕێکەوتی (2025/12/8)، و خۆشبەختانە تەنیا ئاو لە چەند شوێنێکی ئیدارە کۆ بووەتەوە کە دەستبەجێ لە لایەن تیمەکانی فریاگوزاری چارەسەر کراوە و زیانێکی وەهای نەبووە. بەڵام ڕێژەی دابارین لە دوای نیوەڕۆی ڕێکەوتی (2025/12/9) زۆر بووە کە بە نزیکەیی (76,6) ملم بووە، کە بووەتە دروستبوونی لافاو لە ناحیەی ڕزگاری و کەلار و زیانێکی زۆر هەبووە. کە بەم شێوەی خوارەوە بووە:- لە ڕێکەوتی (2025/12/10) منداڵێک لەسەر پردێکی ناو کەلار کەوتە خوارەوە و لەناو ئاوی لافاودا خنکا. زیانێکی بەر بازاڕی قەزای ڕزگاری کەوتووە و و (5) دووکان زۆر زیانی پێگەیشتووە. ئاو چووتە ناو (167) ماڵ و زیانی ماددی بەر هاووڵاتییان کەوتووە. ڕێگەی نێوان هەر دوو قەزای کەلار و ڕزگاری پچڕاوە. ڕێگەی نێوان کەلار – کفری داخراوە. هاتووچۆی نێوان گەرمیان و سەرجەم ڕێگە سەرەکییەکان داخران، تەنیا بۆ حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت. لە گەڕەکی گۆران لە کەلار بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە پردی لە نێوان هەر دوو گەڕەکی بەری گۆران و بەری سەرکەوتن، چەندین ماڵ ئاو چووەتە ماڵەکانیان. (4) ئۆتۆمبێل ژێر ئاو کەوتن و زیانیان پێکەوتووە. بەشێکی پرۆژەی ئاو دێری سەلام، کە شادەماری ژیانی گەرمیانە، ئەو بەشەی لە هەوارە سوورەیە بەتەواوەتی ئاو بردوویەتی. پرۆژەی شێخ لەنگەر زیانێکی زۆری بەرکەوتووە. پرۆژەی باوەجۆ و سەرچاوەکانی بەتەواوەتی پڕ بووەتەوە. بەشێک لە ڕێگەوبانەکانی گەرمیان زیانیان بەرکەوتووە. زیانێکی بەرچاو بەر تۆڕی کارەبا کەوتووە. پردی پێکەوەبەستنی هەر دوو قەزای کفری و ڕزگاری لە ناحیەی سەرقەڵا دارووخاوە و ئاستەنگی هاتووچۆ دروست بووە.

بڕیارەكانی كۆبوونەوەی نائاسایی ئەمڕۆی (ئەنجومەنی وزاری بۆ ئابوری) بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق تایبەت بە (كەمكردنەوەی خەرجییەكانی حكومەت و زیادكردنی داهاتەكان): 🔹پێداچوونەوەی خێرا بكرێت بە دەرماڵەو موچەی سێ سەرۆكایەتییەكە (سەرۆكایەتی پەرلەمان- سەرۆكایەتی كۆمار- سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران)و، كاربكرێت بۆ یەكسانیی لە موچەو دەرماڵەی هەموو كارمەندانی سێ سەرۆكایەتییەكە.  🔹لیژنەی تایبەتمەند لە وەزارەتی پلاندانان نوێكردنەوەی پێویست بكات بۆ راپۆرتی تایبەت بە یەكخستنی پلە بۆ هەموو فەرمانبەران و، لەبەرچاوگرتنی ئەو راسپاردانەی لەوبارەیەوە بەرزكراونەتەوە.  🔹كەمكردنەوەی تەرخانكراوی تایبەت بە (ئیفاد)ی فەرمانبەرانی دەوڵەت بەرێژەی 90%و قەدەغەكردنی مەگەر بە مەرج و بە ڕەزامەندی وەزیر.  🔹كەمكردنەوەی رێژەی سەرپەرەشتی و چاودێری پرۆژە نوێیەكان، هەروەها دانان و كاراكردنی پرۆگرامێكی هاوردەی نیشتمانی كە تەنیا كاڵا بنەڕەتییەكان لەخۆبگرێت.  🔹بەرزكردنەوەی راسپاردە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بۆ چاوخشاندنەوە بە پاڵپشتی بەرهەمی گەنم، بەشێوەیەك كە زامنی پاڵپشتی حكومەت بكات بەرێژەی (170%)ی نرخی بۆرسەی جیهانیی. 🔹وەزیری بازرگانی راسپێردرا بە چاوخشاندنەوە بە كۆبۆنی خۆراك و چاكسازیكردن تێیدا، ئاڕاستەكردنی بۆ ئەو كەسانەی كە بەڕاستی شایستەن لە چینە لاوازەكانی كۆمەڵگا.  🔹لیژنەی وزاری پێكهێنراو بەگوێرەی بڕیاری (550) ئەنجومەنی وەزیران، راسپێردرا بەمەبەستی چاوخشاندنەوە بە ئەژماركردنی داهاتە نانەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان عێراق بە هەماهەنگیی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە لەئێستادا وەكو بڕە پارەیەكەی دیاریكراو دەخرێتە حسابی وەزارەتی دارایی. 🔹بەهێزكردنی كاركردن بە سیستەمی ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە لە دەستەی گومرگەكان بە هەماهەنگیی لەگەڵ بانكی ناوەندیی عێراق و پەرەپێدانی كۆكردنەوەی پارەی كارەباو چاوخشاندنەوە بە پێناسی ئێستاو پشتبەستن بە وەرگرتنی ئۆتۆماتیكی لە هەموو كەرتەكان؛ بەتایبەتیش كۆكردنەوەی پارەی كارەباو شارەوانی بەغدادو شارەوانییەكان لەسەرتاسەری وڵات، كە دەبێت پارەدان تەنیا بەشێوەی ئەلیكترۆنی بێت.

کەشناسی عیراق ئاشکرایکرد، لەسبەینێوە تەمێکی چڕ زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە. دەستەی کەشناسی عیراق رایگەیاند، لە کاتەکانی بەرەبەیانی سبەینێوە تەمێکی چڕ زۆربەی ناوچەکانی وڵات دەگرێتەوە و مەودایی بینین بە تەواوەتی کەمدەبێتەوە. کەشناسی هۆشدارییدا لە سەختی و مەترسی لە هاتوچۆکردن لەسەر رێگاوبانەکانی دەرەوە بەتایبەت لەکاتەکانی بەرەبەیاندا. ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاتەکەی نیوەڕۆ کاریگەری تەمەکە بەرەو لاوازبوون دەڕوات. هاوکات کەشناسی هەرێم رایگەیاندووە، ئەو تەم ومژەی ئێستا کە سەنتەری پارێزگای هەولێری گرتوەتەوە تاسبەی بەیانی سەعات 10 بەردەوامی دەبێت، هەروەها ئەمشەو کاریگەریەکەی زیاد دەبێت و بەگشتی مەودای بینین کەم دەبێتەوە بۆ یەک کم، لە هەندێک شوێن کەمتردەبێتەوە بۆ کەمتر لە 100 مەتر.

ئەمڕۆ دووشەممە، 15ی کانوونی یەکەمی 2025، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە شاری سلێمانی پێشوازیی لە شاندێکی باڵای ئیدارەی گەرمیان کرد کە پێکهاتبوون لە سەرپەرشتیاری ئیدارەکە و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییە پەیوەندیدارەکان. لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بە نیگەرانییەکی قووڵەوە ئاماژەی بە کارەساتی لافاوەکەی هەفتەی ڕابردووی سنووری گەرمیان کرد و خەم و دڵتەنگیی خۆی بۆ ئەو زیانە زۆرەی بەر ماڵ و موڵکی هاوڵاتیان کەوتووە دەربڕی. بەتایبەتی، هاوخەمیی خۆی بۆ گیانلەدەستدانی ئەو منداڵە نیشاندا کە لە شاری کەلار بەهۆی لافاوەکەوە گیانی سپارد. قوباد تاڵەبانی ئامادەیی تەواوی حکومەتی بۆ هاوکاریکردنی خێرای دامودەزگاکانی گەرمیان و چارەسەرکردنی بنەڕەتیی ئەو کێشە ژێرخانییانە دووپاتکردەوە کە هۆکاری دووبارەبوونەوەی لافاون. تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە گەشەپێدانی ئابووری و ئاوەدانی لە گەرمیان. لەمبارەیەوە، قوباد تاڵەبانی جەختی لەسەر پێویستیی پتەوکردنی ژێرخانی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر بۆ هاوڵاتیانی ناوچەکە کردەوە و داوایکرد گرنگیی تایبەت بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی پیشەسازی بدرێت. لەلایەن خۆیەوە، جەلال شێخ نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، پوختەیەکی لەسەر پلانی ئیدارەکەیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ئێستای سنوورەکە خستەڕوو. لە کۆتاییدا، شاندی ئیدارەی گەرمیان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کرد بۆ بەدەمەوەهاتنە بەردەوامەکانی.