سەرۆک کۆماری ئێران دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی "بەرگری لە مافە ئەتۆمییەکانی دەکات و ملکەچی گوشارەکان نابێت". ڕۆژی یەکشەممە لە وتارێکدا لەکۆڕبەندی دیالۆگی تاران مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران وتی: بە پێی پەیمانی قەدەغەی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی، مافی خۆمانە کە تەکنۆلۆژیای ناوەکی ئاشتیانە بۆ مەبەستی جۆراوجۆر لەوان تەندروستی، کشتوکاڵ، پیشەسازی و بوارە گرنگەکانی دیکە کەڵک وەربگرین. ئەم قسانەى سەرۆک کۆمار هاوکاتە لەگەڵ ئاماژەکانی ئەمەریکا کە تاران ڕێگە بە پیتاندنی یۆرانیۆم نادرێت لە ناوخۆدا. پزیشکیان زیادی کرد: عەقیدەی ئایینی ڕێگە بە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نادات، کە دەتوانێت مرۆڤایەتی بسڕێتەوە و جگە لە بەربەرییەت و ماڵوێرانی هیچی تر بۆ داهاتووی زەوی نەهێنێت. سەرۆک کۆمارى ئێران ڕایدەگەیەنێت ترەمپ دەڵێت پێویستە لەوە تێبگەین کە ئێران چەکی ئەتۆمی نییە، با هەرچۆنێک بیانەوێت پشتڕاستی بکەنەوە. ئێمە هیچ فشارو هێزێک قبوڵ ناکەین، ئێمە لە هیچ بارودۆخێکدا دەستبەرداری پرسی ئەتۆمی نابین. ئەو جەختى لەسەر ئەوەشکردەوە کە هەموو مرۆڤەکان مافی ئەوەیان هەیە لەم جیهانەدا بژین و ئەگەر ئێمە ئەو مافە قبوڵ بکەین، دەبێ ڕێز لە یەکتر بگرین. ئەگەر ڕێزگرتن لە مافی یەکتری هەبێت، شەڕ و شەڕ ڕوونادات. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوەی ئەمڕۆ ئیسرائیل دەیکات، دەرکردنی خەڵکە لە ماڵەکانیان و کوشتنیان و تەنانەت باسی مرۆڤایەتیش دەکات. هەموو بوونەوەرێکی زیندوو جێگەی خۆی هەیە و نابێت پشتگوێ بخرێت؛ ئەگەرنا کاریگەرییەکەی دەگەڕێتەوە و هێرش دەکاتە سەرمان. سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا: "هیوادارم بتوانین برایەتی و دۆستایەتی و خۆشەویستی لە نێوان یەکتردا دامەزرێنین." هەروەها بەم ڕوانگەیەوە لەگەڵ دراوسێ و وڵاتەکانمان هاوبەشى دەکەین. هەروەها ڕایگەیاندووە کە "پێداگری لەسەر تۆمەتبارکردنی ئێران بە هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی، لە دووبارەکردنەوەی تۆمەتی درۆ زیاتر نییە". گوتیشی "تەنانەت دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاش گوتی نابێ ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت، باشە با لێکۆڵینەوە بکەن، چونکە ئێمە هیچ شتێکمان نییە بیشارینەوە".
رۆژی هەینی، 19ـی 5ـی 2017، لە بیری هەموماندا نەخشێنراوە وەک رۆژی کۆستی نەتەوەیەک بۆ کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا. دەگمەنن ئەو سەرکردانەی لە مێژودا وەک نەوشیروان مستەفا شێوەیان بەخشیوە بە چەندین قۆناغ لە ژیانی سیاسی، مێژویی، هزری، رۆژنامەوانی و کۆمەڵناسی نەتەوەکانیان. کورد نەتەوەیەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاوشانی نەتەوەکانی دیکە بۆ سەدان ساڵە هەیە. ژێردەستە بوە بەس سەری نەوی نەکردوە. لە سەدەی بیستەمدا تێکۆشانی کورد بازی مەزنیدا بە ئامانجی سەلماندنی بونی خۆی وەك نەتەوەیەکی یەکسان لەگەڵ نەتەوە درواسێکانی لەلایەك و بەدەستهێنانی رزگاری خاک و خەڵک، لەلایەکی ترەوە. نەوشیروان مستەفا سوارچاکی ئەم تێکۆشانەی کوردە بۆ رزگاری. چەند خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژوی نوێی کورددا هەن، نەوشیروان مستەفا رۆڵی یەکلاکەرەوەی تێدا هەبوە. لە شۆڕشی نوێ، سەرکردایەتی راپەڕینی 1991، نوسینەوەی دەستوری هەمیشەیی عێراق و چەسپاندنی فیدراڵیزم، ئەندازیاری گۆڕانکاری، رچەشکێن و سەرکردەی یەکەم بو. پاش ئەو هەموان هەست بەبێ کەسی ئەکەین. باشترین بەڵگە ئەوەیە، لە رۆژی کۆچی دوایی ئەوەوە بڕیاربەدەستەکان کارەسات بە کارەسات ئەسپێرن. لەم ساڵیادەدا ئەتوانین بە هەمان رۆحیەت لە روی زوڵم و ستەم، نادادی، گەندەڵی، پێشێلکاری و دەستدرێژی بۆ سەر ئازادی خەڵک، رۆژنامەنوسان و چالاکوانان، تۆقاندن و ترس، بوەستین. نەوشیروان مستەفا هەمو ژیانی تەرخان کرد بۆ رزگاری کوردستان و بنیاتنانی دەوڵەتی قانون و حوکمڕانی دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دژایەتی گەندەڵی. ئێمەش پێویستە سیاسەت لەسەر بنەمای پرەنسیپ بکەین نەک سیاسەتی راگوزەر. ساڵ دوای ساڵ زیاتر یار و نەریار دەگەن بەو باوەڕەی کە بەرنامە و پاکێجەکانى چارەسەرێکى بنەڕەتین بۆ کوردستان. رێگەی رزگاربون لە بازنەی قەیران و ناکۆکی و گەندەڵی و نادیموکراتی سیستەمی سیاسی هەر ئەو بەرنامەیە. ئەمڕۆ خواستی گۆڕانکاری سیاسی وسەربازی و ئابوری و بنیاتنانی دامەزراوەی نیشتیمانی بووە بە خواستی دەوڵەتە دیموکراتییە دۆستەکانی هەرێمی کوردستان. نەوشیروان مستەفا دونیابینیەکى فراوانى هەبو بۆ خەباتى گەلى کورد لە هەر چوار پارچەکەى کوردستان. بۆیە سەرکردەکانی پارچەکانى تر لە کاتی سەخت و ئاڵنگاریدا پشتیان بە نەخشەڕێگا و پشتیوانی ڕەوانشاد قایم بو. ڕۆڵ و پێگەی مێژویی ڕەوانشاد تەنها لە حیزب و بزوتنەوەیەکی سیاسیی و یەک پارچەی کوردستان سنوردار ناکرێ، بەڵکو وەک موڵکی خەڵک و خاکی کوردستان دەمێنێتەوە. وانەی ژیانی نەوشیروان مستەفا ئەوەیە کە ئەتوانین لە ناو ئەم هەمو تاریکییەدا بە ئومێدی و ئیرادەبین تاکو جارێکی تر هێزی خەڵک ئەبێتەوە بە یەکلاکەرەوەی رێڕەوی سیاسی، چونکە ئەوەی ئەگۆرێت و نامێنێ حیزب و سیاسییەکان و ئەوەی نەگۆڕە و ئەمێنێتەوە، خەڵکە. ساڵیادی نەوشیروان مستەفا رۆژێکە بۆ رێزگرتن لەم سەرکردە مەزنەی کورد. رۆژێک نیە بۆ ناکۆکی و ململانێ. بۆ ئامانجی گەورەی هاوبەشمان، هەمو ئەو گۆڕانخوازانەی پێکەوە کارمان کردوە، لەم ساڵیادەدا دەستی برایەتی و کاری پێکەوەی درێژ ئەکەین. لێبوردەیی و یەکتر قبوڵ کردن بنەمای بیر و باوەڕی نەگۆڕی ئێمەیە. لەم رۆژەدا بە دڵی شکاو و پڕ ئازارەوە یادی کۆچی دوایی رێبەری کورد نەوشیروان مستەفا ئەکەینەوە. بزوتنەوەی گۆڕان 18ـی 5ـی 2025 سلێمانی، مەکۆی سەرەکی گردی زەرگەتە
نێچيرڤان بارزانى لە کۆڕبەندی "تاران بۆ گفتوگۆ" دەڵێت، "عێراق وڵاتێکی زۆر گرنگە و دەتوانێت لە داهاتوودا رۆڵێکی زۆر گرنگ ببینێت." نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئێوارەی دوێنێ شەممە، بە سەردانێکی فەرمیی بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی "تاران بۆ گفتوگۆ" گەیشە ئێران. نێچیرڤان بارزانی باس لەوە دەکات، "عێراق چووەتە قۆناخێکەوە دەتوانێت یارمەتی سەقامگیرکردنی ناوچەکە بدات." سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیدارەکەدا لەبارەی مامەڵەی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بەغدا لە چوارچێوەی دەستوور هەڵسوکەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان دا ناکات. بەغدا دەبێت پرسی فیدراڵی لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات." نێچیرڤان بارزانی لەبارەی پەیوەندی هەرێمی کوردستان و ئێرانیش رایگەیاند، "پەیوەندییەکی مێژووییمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە. ئەم پەیوەندییانە رۆژ دوای رۆژ گەشە دەکەن." هەروەها" ئێران یەکەم وڵات بوو لە کاتی شەڕی داعش یارمەتیی هەرێمی کوردستانی کرد." کۆڕبەندەکە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە 18-5-2025 و 19-5-2025 لە تاران بەڕێوەدەچێت. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی سەردانەکەوە دەڵێت، بەشداریکردنی نێچیرڤان بارزانی لە ديدارەکەدا، "دووپاتکردنەوەی پشتگیريی هەرێمی کوردستانه بۆ هەوڵەکانی گفتوگۆ و بەهێزکردنی هاوکاريی بنیاتنەرى نێوان وڵاتان و گەلانی ناوچهكه، لهپێناو ئارامى و سەقامگیری، يهكترتەواوكردنی ئابووری و پێکەوەژیانی ئاشتییانهدا." لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، نێچیرڤان بارزانی "له مێزگردێكدا، تیشک دەخاتە سەر دیدگای هەرێمی کوردستان بۆ داهاتووی ناوچەکە و جهخت له هاوبەشی لەسەر بنەمای رێزلهيهكگرتن و بەرژەوەندیيە هاوبەشەکان، دهكاتهوه." سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ سهركرده و بهرپرسانى باڵاى كۆمارى ئيسلاميى ئێران كۆدهبێتهوه و پهیوهندییهکانی ئێران لهگهڵ عێراق، ههرێمی کوردستان و دۆخی ناوچهکه بهگشتی تاوتوێ دهکهن.
سەرۆکایەتی کۆماری سوریا فەرمانێکی بۆ پێکھێنانی دەستەی دادپەروەری ڕاگوزەر دەرکرد، کە بەرپرس دەبێت لە ئاشکراکردنی ڕاستییەکان سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی ڕژێمی ئەسەد و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ڕژێمەکە و ھەروەھا قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتوان. ئاژانسی ھەواڵی فەرمی سوریا "سانا"، بڵاویکردەوە سەرکۆماری وڵاتەکە، فەرمانێکی بە ئامانجی پێکھێنانی دەستەیەکی سەربەخۆ بەناوی "دەستەی نیشتمانی بۆ دادپەروەری ڕاگوزەر"، واژۆ کردوە. ئاماژەی بەوەشداوە کە ئامانج لە پێکھێنانی دەستەکە، بەدیھێنانی دادپەروەری ڕاگوزەرە وەک کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی لەپێناو بنیاتنانی دەوڵەتێکی یاسایی و دەستەبەرکردنی مافەکانی قوربانیان، ھەروەھا بەدیھێنانی ئاشتەوایی نیشتمانی گشتگیر دەبێت. ئەوەشی خستووەتەڕوو کە دەستەکە بەرپرس دەبێت لە ئاشکراکردنی ڕاستییەکان سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی ڕژێمی بەشار ئەسەد و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی سەردەمی ڕژێم، ھەروەھا قەرەبوکردنەوەی ئەو کەسانەی کە لە سەردەمی ڕژێمی ڕووخاودا، زیانیان بەرکەوتوە. یەکێک لە ئەنجامەکانی کۆنگرەی نیشتمانی سوریا کە لە مانگی شوباتی ڕابردودا ئەنجامدرا، جەختکردنەوە بو لەسەر گرنگی پێکھێنانی دەستەیەکی دادپەروەری ڕاگوزەر، ھەروەھا لێپرسینەوە لەو بەرپرسانەی سەردەمی ڕژێمی ڕوخاوی بەشار ئەسەد کە تێوەگڵاون لە ئەنجامدانی تاوان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ. دەستوورە نوێیەکەی سووریا بۆ پێنج ساڵە، لە خاڵێکیدا هاتووە، "دەستەی دادی قۆناخی راگوزەر" دادەمەزرێت، بەمەبەستی "دیاریکردنی میکانیزمەکانی لێپرسینەوە، سەلماندنی راستییەکان و دابینکردنی دادپەروەری بۆ قوربانییان و رزگاربووانی کردەوە خراپەکانی حکومەتی پێشوو". بەگوێرەی کۆمیتەی نێودەوڵەتی بۆ کەسانی بێسەروشوێنکراو؛ لەدوای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی سووریا لە ئایاری 2011، زیاتر لە 130 هەزار کەس لە سووریا بێسەروشوێن بوون، بەڵام بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا، ئەو ژمارەیە دەگاتە 155 هەزار کەس.
تەرمی محەممەد سینوار، برای یەحیا سینوار، لەگەڵ 10 لە هاوکارەکانی لەناو تونێلێکدا لە خان یونس، لە باشووری کەرتی غەززە دۆزرانەوە. یەکشەممە، 18ـی ئایاری 2025، میدیا عەرەبییەکان بڵاویان کردەوە، محەممەد سینوار، فەرماندەی لیوای خان یونس، چەند ڕۆژ لەمەوبەر لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دەوروبەری نەخۆشخانەی ئەورووپی لە ڕۆژهەڵاتی خان یونس، کوژراوە. ئاماژەیان بەوەش کردووە، محەممەد شەبانە، فەرماندەی لیوای ڕەفەح، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا لەگەڵ محەممەد سینوار کوژراوە. ئیسرائیل گرتە ڤیدیۆی ئەو ساتەی هێرشی ئاسمانیان کردووەتە سەر براکەی یەحیا سینوار لە باشووری کەرتی غەززە بڵاو کردووەتەوە. گرتە ڤیدیۆییەکە، کە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لەلایەن دەزگای پەخشی ئیسرائیلەوە بڵاو کرایەوە، ئەو ساتە دەردەخات کە هێرش دەکەنە سەر حەشارگەی ژێر نەخۆشخانەی ئەورووپی لە خان یونس. دوای ئەوەی ئیسرائیل لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو یەحیا سینواری کوشت، براکەی محەممەد سینوار بووە فەرماندەی باڵی سەربازیی حەماس.
ڕوانگەری سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایکردوە، فڕۆکەیەکی بارهەڵگری سەربازیی سەر بەهاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لەبنکەی کێڵگەی نەوتیی عومەر بەرەو بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەپارێزگای حەسەکە فڕیوە، ئەم هەنگاوەش بەشێکە لەپلانێکی ئەمریکا بۆ دوبارە بڵاوکردنەوەو ڕێکخستنەوەی ئامادەیی سەربازیی لەڕۆژئاوای کوردستان. ڕوانگەکە ئاشکرایکردوە، ئەم هەنگاوانە بەشێکە لەستراتیژێکی ئەمریکا کە ئامانجی بەهێزکردنی هەندێک بنکەی سەربازییەو کەمکردنەوەی بونیان لەهەندێکی تردا، لەڕێگەی گواستنەوەی کەرەستەی سەربازییو لۆجستی لەنێوان شوێنە جیاوازەکاندا. هاوکات سەرچاوەکانی ناو ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەو ڕاپۆرتانەیان ڕەتکردەوە کە باسیان لهکشانەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەکێڵگەی نەوتیی عومەرو ڕادەستکردنی پێگەکانیان بەبەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتیی حکومەتی دیمەشق دەکرد. سەرچاوەکان پشتڕاستیانکردەوە، کۆنترۆڵی کێڵگەکە هێشتا بەهاوبەشی لەنێوان هاوپەیمانی نێودەوڵەتییو هێزەکانی سوریای دیموکرات (ههسهده)دا ماوەتەوە. هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بەردەوامە لەئامادەبونی خۆی لەبنکەی کێڵگەی نەوتیی عومەر لەگوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر کە مەشقو ڕاهێنانی بەردەوام بۆ کارمەندانی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکاتەوە لەچوارچێوەی هاوکاریی ئەمنییو سەربازیی نێوان هەردولا ئەنجامدەدرێت.
هیشام عەلەوی، بریكاری وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت: چاوەڕوانی ئامادەنەبونی بەشێک لە سەرکردە عەرەبییەکان بووین، بەڵام سەرمان سوڕما لە ئامادەنەبونی هەندێکی دیکەیان. عەلەوی لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا، ئاماژەی بەوەكرد: ئێمە چاوەڕوانی ئامادەنەبونی شا عەبدوڵای ئوردنمان نەدەکرد، بەو پێیەی رێککەوتن هەبوو لەسەر ئەنجامدانی لوتکەی سێ قۆڵی، هەروەها چاوەڕوانی ئامادەنەبونی شای بەحرەینمان نەدەکرد، چونکە بە شێوەیەکی پرۆتۆکۆڵ وا گریمانە دەکرێت پۆستی سەرۆکایەتی لوتکەی رادەستی عێراق بكات. بریكاری وەزیری دەرەوەی عێراق راشیگەیاند: رێککەوتن هەبووە کە تێیدا ئامادەبونی پاشاکانی بەحرەین و ئوردن دیاریکرابوو، بەڵام نازانین هۆکاری ئامادەنەبونی سەرکردە و سەرۆکەکان لە لوتکەی بەغدا چییە، بەشێک لە شاندەکانیش وتارەکانیان رادەست كردو ئارەزوی پێشکەشکردنی وتارەکانیان نەکرد، پێویستمان بە کات هەیە بۆ ئەوەی لە هۆکارەکانی ئەم کارە تێبگەین. وتیشی: رەنگە رێککەوتنی خۆر عەبدوڵا کاریگەری هەبووبێت لەسەر ئاستی گشتی ئامادەبون لە لوتکەکەدا، بەڵام ئامادەنەبونی سەرکردەکان شتێكی سەیربوو بەلامانەوە. هەردوو لووتکەکە دوێنێ شەممە، لە بەغدای پایتەختی عێراق بەڕێوەچوون؛ سەرۆک، سەرکردە و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی تێیدا بەشداربوون.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، ڕووسیا و ئۆکرانیا یاریمان پێ دەکەن، ئێمە هەوڵ دەدەین هۆکارەکەی بزانین. ڕوبیۆ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێس، جەختی لەوە کردەوە، تاکە ڕێگە بۆ پێشکەوتن لەم دانوستانانەدا ئەوەیە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ چاوی بە ڤلادیمێر پوتن، هاوتا ڕووسییەکەی بکەوێت و گفتوگۆش لەگەڵ زێلێنسکی بکات. گوتیشی: ترەمپ بە ئاشکرا پێشنیازی کرد کۆبوونەوەیەکی جیا بە جیا بکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد، ئێمە بەدوای ئاشتی و کۆتاییهێنان بە شەڕێکی خوێناوییەوەین، بۆیە پێویستمان بە هەندێک ئارامی هەیە. گوتیشی: کاتمان نییە بۆ بەفیڕۆدان، زۆر شتی دیکە لە جیهاندا ڕوو دەدەن، دەبێت بەهەمان شێوە بایەخیان پێ بدەین. لیدوانەکەی ڕوبیۆ، دوای گفتۆگۆیەک بە تەلەفۆن لەگەڵ هاوتا ڕووسەکەی سێرگی لاڤرۆڤ هات، بۆ ئەوەی لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی گفتوگۆکانەوە ئاگاداری بکاتەوە. لە وەڵامدا لاڤرۆڤ گوتی: کاتمان بەفیڕۆ نەداوە. ترەمپ، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند "سبەی دووشەممە پەیوەندیی بە پوتنەوە دەکات، دواتر بە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا." مۆسکۆ و کیێڤ هەینی ڕابردوو نوێنەریان نارد بۆ ئیستانبوڵ بۆ یەکەم دانوستان لە ماوەی نزیکەی سێ ساڵدا، دوای ئەوەی زێلێنسکی پێشنیازی کرد ڕاستەوخۆ لەگەڵ پوتن کۆ ببێتەوە. بەڵام سەرۆکی ڕووسیا پێشنیازی ئۆکرانیای ڕەت کردەوە و لەبری ئەوە، شاندێکی دیپلۆماسی نارد. ئەو خولەی دانوستانەکان بووە هۆی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو شاندەکە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی نزیکەی هەزار زیندانی لە نێوانیاندا.
سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتووەتە ئەمریکا و بەشداری لە گفتوگۆیەکی تایبەتی کۆڕبەندی وزە لە واشنتن دەکات، کە بە ناونیشانی داهاتووی وزە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت. فەرمانگەى میدیا و زانیاریى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، رۆژى 17ـى ئایار، مەسرور بارزانی و شاندى یاوەرى بە سەردانێکی فەرمی و لەسەر بانگێشتی حکومەتی ئەمریکا، گەیشتنە واشنتن و بڕیارە، سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیران زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئەمریکا و کۆنگرێس ئەنجام بدات، هەروەها لەگەڵ وەبەرهێنەران و خاوەنکارانی ئەمریکی گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانییەوە دەکات. بەگوێرەى راگەیەندراوى فەرمانگەى میدیا و زانیارى، تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆکانی مەسرور بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا، تایبەتە بە پتەوکردن و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی و هاوبەشیی ستراتیجیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا و تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە. هەروەها بەشداری لە گفتوگۆیەکی تایبەتی کۆڕبەندی وزە لە واشنتن دەکات، بە ناونیشانی داهاتووی وزە لە هەرێمی کوردستان، کە دیدگای هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی کەرتی وزە دەخاتەڕوو و تیشک دەخاتە سەر دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لەو کەرتەدا. سەردانەکەى مەسرور بارزانى بۆ ئەمریکا لە کاتێکدایە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی بەشداریکردن لە خولى چوارەمى لوتکەی تاران، لە ئێرانە و بڕیارە لهگهڵ سهركرده و بهرپرسانى باڵاى كۆمارى ئيسلاميى ئێران كۆببێتەوە و پهیوهندییهکانی ئێران لهگهڵ عێراق و ههرێمی کوردستان و دۆخی ناوچهکه بهگشتی، تاوتوێ بکات.
میدیاکانی ئیسرائیل ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە بڵاویانکردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕاوێژکاری سەبارەت بە بەردەوامی دانوستان لەگەڵ حەماس یان گەڕانەوە بۆ شەڕ لە غەززە ئەنجام دەدەن. بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە کۆمپانیای پەخشی ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە، "ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەماوەی چەند ڕۆژێکدا هەیە" بۆ ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکردنی زیندانیانی ئیسرائیلی کە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرن. دەسەڵاتی پەخشی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ئەو پێشنیازەی ئێستا کە لە ژێر دانوستاندایە داوای گەڕانەوەی ١٠ زیندانی دەکات لە بەرامبەر ئاگربەستی دوو مانگ لە غەززە، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم پێشنیازە داوای ئاگربەستی خێرا دەکات. ئەمڕۆ کاتز ڕایگەیاندبوو کە حەماس ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ دانوستانەکانی ئاگربەست. کاتز لە بەیاننامەیەکدا وتی: شاندی بزووتنەوەی حەماس لە دۆحە گەڕانەوەی بۆ دانوستانەکانی سەبارەت بە ڕێککەوتنێک سەبارەت بە زیندانییەکان ڕاگەیاند، لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی گیدئۆن لە کەرتی غەززە، کە سوپا بە هێزێکی زۆرەوە ئەنجامی دەدات. لەلایەکى دیکەوە تاهیر نونو، راوێژکاری راگەیاندنی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس بەئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: بەمەبەستی كۆتایی هێنان بەجەنگی غەززە ئەمڕۆ شەممە خولێکی نوێی دانوستانی بێ مەرجیان بەشێوەی ناڕاستەوخۆ و بەنێوەندگیری میسر و قەتەر لە دەوحە دەستیپێکردوە. یەكێكی دیكە لە بەرپرسانی باڵای بزوتنەوەی حەماس جەختیكردوەتەوەكە؛ لەسەر كۆتایی هێنان بە جەنگی غەززە، حەماس گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکادا دەکات و دەشڵێت: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەتوانێت تاڕادەیەكی زۆر حەماس و ئیسرائیل لەیەكتری نزیك بكاتەوە. لای خۆشیەوە، باسم نەعیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس و بەرپرسی بەشی سیاسی رایگەیاند: لەڕێگەی میسر و قەتەر و لەگەڵ هەندێک کەسایەتیی ئیدارەی كۆشكی سپی، كە نێوەندگیری دەكەن رێککەوتنی پێشنیازکراوی خۆی خستۆتەڕو. ئاماژەی بەوەشکرد، دواكارییەكانی بزوتنەوەی حەماس لە ئاڵوگۆڕی دیلەکان، کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئیسرائیل، كردنەوەی رێگاكانی گەیشتن بە هاوكارییەكان بۆ ناو غەززە و ئاوەدانکردنەوەی کەرتەكە بەبێ کۆچی زۆرەملێ پێكهاتوە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایدەکات، تاکۆتایی ئەم هەفتەیە لیستى مووچەى مانگى پێنجى فەرمانبەران ئامادەدەکرێت و دەنێرێت بۆ بەغدا. ماڵپەرى بەغدا ئەلیوەم لەزارى سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە داوا لەهەموو وەزارەتەکان کراوە، بەزوویی لیستى موچە ئامادەبکەن بۆ ئەوەى ڕەوانەى بەغداد بکرێتـ بۆ ئەوەى تا پێش جەچن پارەى موچە رەوانە بکرێت و بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکرێت. هەروەها سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردوە: وەزارەتی دارایی فیدراڵی بەڵێنی داوە پێش جەژنی قوربان مووچەی فەرمانبەران بنێرێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت خەرج بکرێت. ڕۆژی چوارشەممە 14ی ئایاری 2025، وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیکردوە بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی بۆ مانگی نیسان و سبەینێ یەکشمە کۆتایی دێت بەدابەشکردنى. لەلایەکى دیکەوە دوینێ نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عیراق جەختى لەوەدەکردەوە؛ بەر لەهاتنی جەژنی قوربان موچەی سەرجەم فەرمانبەرانی عیراق بەهەرێمی کوردستانیشەوە دابەش دەکرێت. کەناڵی شەرقییە، لەسەر زرای نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بڵاویکردەوە: بەر لە جەژنی قوربان، موچەی مانگی پێنجی سەرجەم فەرمانبەرانی عێراق بەهەرێمی کوردستانیشەوە، دابەش دەکرێت. لە بارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، نوسینگەکەی سودانی ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، سەرۆك وەزیرانی عێراق فەرمانی داوە، بە گەیشتنی لیستی موچەی مانگی (5ـی 2025)ـی هەرێم، دەستبەجێ پارە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم و پێش جەژنی قوربان موچەکەیان بۆ رەوانەبكرێت. ١٣ى ئەم مانگە بڕی 959 ملیار و 514 ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی مانگى چوارى فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. رۆژی سێـی شوباتی 2025 وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: دوای 15 رۆژ كاری بەردەوام لەنێوان شاندە تەكنیكیەكانی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەركردنی كێشە تەكنیكیەكان و جێبەجێكردنی داواكاریەكان و ئامادەكردنی خشتەكان لەبارەی لیستی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و هێزە سەربازی و ئەمنیەكان و سوودمەندانی چاودێری كۆمەڵایەتی، دواجار توانرا هەردوولا لەسەر شایستەكانی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2025 بگەنە ڕێككەوتنی كۆتایی. دواتریش ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەغداد بۆ چارەسەری كێشەی موچەی فەرمانبەران راگەیاند و جەختیكردەوە "بەپێی رێككەوتنیان لەگەڵ بەغداد بۆ ساڵی 2025 كێشەی موچەخۆران چارەسەركرا و كۆتایی هات".
دەقی ئەنجامنامەکە کە لەلایەن نووبەهار موستەفا، ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرە، خوێندرایەوە بەمشێوەیەیە: “بۆ ڕای گشتی لە ناو ئەم گۆڕانکارییە گەرمانەی نێودەوڵەتی و هەرێمی، کە گۆڕانکاری گەورەی لەگەڵ خۆیدا هێناوە لەسەر هەموو ئاستەکان، بەتایبەتی دۆخی ژنان، لە ڕووی کاریگەرییە کارەساتبارەکان و سیاسەت و ڕەفتارە نادادپەروەرییەکان، لەگەڵ دەرفەتە گەورەکان کە هاوشانن لەگەڵ قەبارەی ئاستەنگەکان. هاوپەیمانی نەدا (هاوپەیمانی ژنانی دیموکراتی هەرێمی) کۆنفرانسی دوای دامەزراندنی خۆی بە درووشمی “بەرەو کۆمەڵگایەکی دیموکراتی لەسەر بنەمای شۆڕشی ژنان” لە بەرواری ١٥ تا ١٧ـی ئایاری ٢٠٢٥، لە شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق بەست، بە بەشداری سەدان چالاکوان و ڕێکخراو و دامەزراوەی ژنان لە وڵاتانی جیاوازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا (فەلەستین، لوبنان، ئوردن، میسر، تونس، مەغریب، سۆماڵ، سودان، یەمەن، مۆریتانیا، عێراق و هەرێمی کوردستان، تورکیا، ئێران، سوریا، و ئەفغانستان) بە بەشداریکردنی هەمەچەشنی گەلان و پێکهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، ژنانی عەرەب، کورد، سریان، ئاشوور، ئەرمەن، ئەمازیغ، فارس، ئەفغان، و ئێزدی. ئەمەش نوێنەرایەتی یەکگرتوویی ژنان لە فرەچەشنی کەلتووری مەزنی ناوچەکە دەکات. چەقی دانیشتنەکانی کۆنفرانسەکە لەسەر تەوەرە تیۆرییە سەرەکییەکان بوو کە پەیوەندییان بە ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە و ئەو پەراوێزخستن و نادادپەروەرییانەی کە لەسەر هەموو ئاستەکان تووشی دەبێت بەهۆی پێشهاتەکانەوە. ئەو جەنگی جیهانی سێیەمەی کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدات، جینۆسایدێکی شاراوەی دژی ژنانە، لە کوشتن، ئاوارەکردن، ڕفاندن و بەکارهێنانیان وەک ئامرازی جەنگی پیس وەک کۆیلەکردن و دەستدرێژی، هەروەک ئەوەی لە شنگال (عێراق) دژی ژنانی ئێزدی لە ساڵی ٢٠١٤ بینیمان و لە فەڵەستین بەتایبەتی لە ساڵ و نیوی ڕابردوودا و لە سوودان و یەمەن. ئەم جەنگە ترسناکانە بەرهەمی دەوڵەت-نەتەوەکانن کە دیموکراسییان تێدا نییە، هەروەها لە ئەنجامی حوکمی دینی سیاسییەوە هاتوون کە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی سەرمایەداری جیهانی و بەکرێگیراوەکانیان لە ناوچەکە دەکات. ئەوەتا ئێمە ئێستا دەرئەنجام و بەرهەمە ژەهراوییەکانیمان بەردەکەوێت کە دەبنە هۆی پاشەکشەی دۆخی ژنان لە ناوچەکەدا، بەهۆی یاسا و دەستوورەکانی کە لەسەر بنەمای چەمکی پیاوسالاری دانراون، لەگەڵ پەرتەوازەبوونی کۆمەڵایەتی بە بەهای کۆنەپەرستی بێ کەڵک. هەروەها کۆنفرانسەکە باسی لە میراتی تێکۆشانی ژنان لە ماوەی چەندین دەیەی ڕابردوودا کرد و تێكۆشانی مەزنی ژنان لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا لەناو ئاژاوە و قەیرانە خنکێنەرەکاندا، بۆ پاراستنی میراتی کەلتووری و کۆمەڵایەتیان کە بەشداری کردووە لە بونیادنانی یەکەمین بەردی شارستانییەتی مرۆڤایەتی. ژنان هەرگیز نەوەستاون و تۆزقاڵێک پاشەکشەیان لە تێكۆشانیان نەکردووە، بەڵکو پەیوەندیان لە نێوان ڕابردووی دێرینی کەلتووری ژن و کۆمەڵگای دایکسالاری و ئامانجەکانیان لە قۆناغی ئێستادا دروستکردووە و ئێمە شایەتی شۆڕشی ژنانی هاوچەرخ بووین وەک شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوا و سوودان و یەمەن و تونس و وەک شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئاماژەیان بە گرنگی بونیادنانی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای ئازادی ژن و بونیادنانی ژیانی هاوبەشی یەکسان لە نێوان پیاو و ژندا کرد، لەسەر ئەم بنەمایە، بەشداربووان بە درێژی لەسەر ئاستی تێکۆشانی ژنان هەڵوەستەیان کرد، ئاستەنگ و بەربەستەکانیان دیاری کرد، لەگەڵ هەڵسەنگاندنی دەرفەتە بەردەستەکان. لە قووڵایی گفتوگۆ و ئەنجامەکاندا، بەشداربووان جەختیان لەسەر پێویستی بەکارهێنانی ئەو توانا و دەرفەتە مێژووییانەی بەردەستدا کردەوە، بە بەرزکردنەوەی ڕۆڵی ڕێکخراو و بزووتنەوە ژنانەکان لە چەسپاندنی ئاشتی و بونیادنانی کۆمەڵگەی دیموکراتی لەسەر بنەمای شۆڕشی ژنان، لەگەڵ گرنگی بەهێزکردنی هاوپەیمانییە فێمێنیستییەکان لەسەر ئاستی هەرێمی لە ڕووبەڕووبوونەوەی نیولیبراڵیزم و هاوپەیمانییە باوکسالارییە زاڵبووەکان کە دژی ژنانن و گرنگی کاری هاوبەشی ژنان بە بونیادنانی هاوپەیمانییەکان بە تێڕوانینی کۆنفیدراڵییەتی دیموکراتی ژنان. لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پێویستی خاوەندارێتی ژن بۆ میکانیزمی پاراستن و بەرگری لە خۆی لە ڕووی یاسایی و دەستووری و ئەمنی (پاراستن) لە ژێر سایەی ململانێ و جەنگە توندەکان لە وڵاتدا. کۆنفرانسەکە جەختی لەسەر ئاسۆکانی چارەسەری لە بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتەکانی جەنگی جیهانی سێیەمدا کردەوە، بە پەرەپێدانی دەستپێکردنی سیاسی ژنان بە دیدێکی یەکگرتوو و بەردەوامبوونی میراتی ژنانی نێونەتەوەیی بە بنیاتنانی تۆڕەکانی ژنانی نێونەتەوەیی و گرنگیدان بە ڕۆڵی هاوپەیمانی نەدا لە بەهێزکردنی کۆنفیدراڵییەتی دیموکراتی ژنانی جیهانی، بۆ بەردەوامبوونی شۆڕشی داگیرساوی ژنان بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” وەک وەڵامێک بۆ کێشە هاوچەرخەکان و پێشکەشکردنی چارەسەری ڕیشەیی بۆیان، تاکو ژن ئاڵای ڕابەرایەتی هەڵبگرێت و پێگەی خۆی لە پێشەنگییدا وەربگرێت بەرەو کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی کە ئاشتی تێیدا زاڵە. لەسەر بنەمای ڕۆڵی ستراتیژی هاوپەیمانی نەدا، کۆنفرانسەکە لە ڕۆژی سێیەمدا جەختی لەسەر چالاکییەکانی هاوپەیمانی کە بەسەرچوون و هەڵسەنگاندنی کارایی کردەوە و لەسەر ئامانجە ستراتیژییەکان و پێکهێنانی حەوت لیژنەی تایبەتمەند بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی هاوپەیمانی ڕێککەوتن. بەشداربووان کۆک بوون لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە: ١- بەهێزکردنی هاوپەیمانی نەدا وەک هاوپەیمانییەکی گشتگیر بە دیدێکی ژنانەی هەمەلایەنە، کە بنەماکەی سەرچاوە جیهانییەکانی مافەکانی مرۆڤە و پەسەندکردنی ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی جیاکاری دژی ژنان و ڕێککەوتننامەی ئەستەنبوڵ و بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش ١٣٢٥ سەبارەت بە ژنان و ئاسایش و ئاشتی و پرۆتۆکۆلە هەرێمییەکان. ٢- پەسەندکردنی بەڵگەنامەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی ژنانی جیهانی و بەڵگەنامەی شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ هاوپەیمانیی نەدا بۆ پەرەپێدانی نێونەتەوەییبوون بە دیدێکی ژنانە و بونیادنانی هاوپەیمانی شۆڕشگێڕی ژنان. ٣- بەهێزکردنی ڕێکخستنی ژنان و تێكۆشانیان بە ئامانجی بونیادنانی کۆمەڵگایەک لەسەر بنەمای ئازادی و ژیانی هاوبەشی یەکسان لە نێوان پیاو و ژن و دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی. ٤- تێکۆشان بۆ چەسپاندنی ئاشتیی و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی لەسەر بنەمای تاکی ئازاد، دوور لە توندڕەوی و دەمارگیری نەتەوەیی یان ئاینی یان مەزهەبی و ئەو مەیلانەی کە یەکگرتوویی کۆمەڵگاکان پەرتەوازە دەکەن و مافەکانی ژنان پێشێل دەکەن. ٥- پشتگیریکردنی دەستپێشخەری ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، کە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان خستویەتییەڕوو؛ وەک دەستپێشخەرییەک کە پەیوەندی بە ئازادی ژنانەوە هەیە. ٦- داواکردنی ئازادکردنی دیل و زیندانییە سیاسییە ژنەکان لە زیندانەکانی داگیرکەران و دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکاندان. ٧- هاوپشتیکردن لەگەڵ کێشەی ژنانی ئێزدی و پشتگیریکردنی بەرخۆدانیان. ٨- بەهێزکردنی هاوپشتی و یەکگرتوویی لەسەر ئاستی نیشتیمانی و نێونەتەوەیی، بۆ پشتگیریکردنی تێکۆشانی ژن و کێشەکانی لە هەر شوێنێک بێت، بەبێ پەراوێزخستنی هیچ کێشەیەک، لە کوشتن لە ململانێ و جینۆسایدەکان و جەنگەکانی داگیرکاری و ململانێکانی دەسەڵاتخوازی و سیاسەتی ئاوارەکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و توندوتیژی سێکسی (فەڵەستین، سوودان، سووریا و یەمەن)، لەگەڵ کێشە کۆمەڵایەتی و ئابووری و یاساییەکان. ٩- بەهێزکردنی تۆڕبەندی لە نێوان ڕێکخراوەکانی ژنان و ئاڵوگۆڕکردنی بیر و دید و شارەزایی و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی پشتگیریکردن، چونکە کێشەی ژنان کێشەیەکی مرۆییە کە سنوورەکان تێدەپەڕێنێت. ١٠- بەتواناکردنی ژنان بۆ بەشداریکردنی کارا و وەرگرتنی پێگەیان لە داڕشتنی سیاسەتەکان و ناوەندەکانی بڕیاردان، لە ڕێگەی پەرەپێدانی قووڵی بیری و تیۆری و کۆمەڵایەتییان و بونیادنانی تواناکان. ١١- بەهێزکردنی کاری هاوپەیمانی نەدا لە وڵاتەکان لەلایەن لیژنە نیشتیمانی ناوخۆییەکانییەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی چالاکی و بۆنە هاوبەشە ناوخۆییەکان، لەگەڵ بۆنە هاوبەشەکان لەسەر ئاستی هەرێمی لە ڕێگەی چالاککردنی حەوت لیژنەکەیەوە. ١٢- بەرەنگاربوونەوەی کێشەکانی ژنان لە ڕێگەی ڕاگەیاندنێکی فێمێنیستی ئازاد کە دژی وێنەی کلێشەیی ژنە لە ڕاگەیاندنی پیاوسالاری زاڵدا. بژی تێکۆشانی ژنی ئازاد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا. بژی شۆڕشی ژنان (ژن، ژیان، ئازادی) (JIN JIYAN AZADÎ) هاوپەیمانیی ژنانی دیموکراتیکی هەرێمی (هاوپەیمانی نەدا) ١٧ـی ئایاری ٢٠٢٥” لە ١٥ـی ئایار، لە هۆتێل هایکرست لە شاری سلێمانی، بە دەستپێشخەریی ڕێکخراوی یەکێتی ژنانی کوردستان، بە درووشمی “لەسەر بنەمای شۆڕشی ژنان، بەرەو کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک” یەکەمین کۆنگرەی دوای دامەزراندنی هاوپەیمانی نەدا (هاوپەیمانی ژنانی دیموکراتیکی هەرێمی) دەستی پێکرد. هاوپەیمانیی نەدا (هاوپەیمانیی ژنانی دیموکراتیکی هەرێمی)، تۆڕێکی هەرێمی ژنانە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، زیاتر لە ٢٠٠ ڕێکخراو و تۆڕ و کەسایەتی ژنان لە ١٨ وڵاتی جیاواز لەخۆ دەگرێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممەى داهاتوو کاتژمێر 10ی بەیانی بەکاتى ڕۆژهەڵات لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا قسە دەکات. لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروت سۆشیال وتی "بابەتەکانی گفتوگۆو قسەکانمان، وەستاندنی ئەو شەڕەیە بە بە تێکڕا زیاتر لە 5000 سەربازی ڕووسیا و ئۆکراینی لە هەفتەیەکدا دەکوژێت. ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوە لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و ئەندامانی جۆربەجۆری ناتۆ قسە دەکەن. هەروەها نووسیویەتی: هیوادارم ڕۆژێکی بەرهەمدار بێت، ئاگربەستێک ڕووبدات و ئەم شەڕە زۆر توندوتیژەیە، شەڕێک کە هەرگیز نەدەبوو ڕووبدات، کۆتایی پێبێت. ئەم ڕاگەیاندنەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ماوەی سێ ساڵدا یەکەمین گفتوگۆی ڕووبەڕوویان ئەنجامدا. گفتوگۆکان کە کەمتر لە دوو کاتژمێری خایاند، بە ئاگربەست کۆتایی نەهات بەڵکو لە ئەنجامدا هەردوولا هەریەکەیان ڕێککەوتن لەسەر ئازادکردنی هەزار دیلی جەنگ. بەگوێرەی زانیارییەکان، دانوستانکارانی ڕوسیا داوایان لە کێڤ کرد سەربازەکانی لە هەموو ئەو ناوچانەی ئۆکرانیا بکشێنێتەوە کە مۆسکۆ بانگەشەی بۆ دەکات، پێش ئەوەی ڕازی بن بە ئاگربەست. کۆشکی سەرۆکایەتیی روسیا کرملین رایگەیاند، دیداری نێوان ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا و ڤۆلۆدیمێر زێلینسکی سەرۆکی ئۆکراین تەنها دوای رێککەوتن روودەدات. دیمیتری پێسکۆڤ گوتەبێژی کرملین بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، لەئێستادا پێویستە کار لەسەر ئەو خاڵانە بکەن کە شاندەکانیان لە تورکیا لەسەریان رێککەوتوون، لەپێش هەموویانەوە تەواوکردنی ئاڵوگۆڕی هەزار بارمتە بە هەزار بارمتەیە. پێسکۆڤ دەشڵێ، سەرەتا پێویستە بارمتەکانی جەنگ ئاڵوگۆڕبکەن و هەردوولا تێڕوانینیان بۆ ئاگربەست ئاشکرابکەن پێش دیاریکردنی گەڕی دووەمی دانوستانەکان. لەبارەی ئەگەری دیداری نێوان پوتن و زێلینسکی، پێسکۆڤ باسی لەوەکرد، ئەگەری هەیە ئەو دیدارە رووبدات، بەڵام تەنها دوای ئەوەی هەردوولا کاریان لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە کرد. سەرچاوەیەکی ئۆکراینی ڕایگەیاند، داواکارییەکانی دیکە لە مەرجەکانی ڕەشنووسی ڕێککەوتنی ئاشتی تێپەڕیون کە ئەمریکا مانگی ڕابردوو دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ مۆسکۆ پێشنیاری کردبوو. تەنها چەند کاتژمێرێک دوای کۆتایی هاتنی دانوستانەکان، بەڕێز زێلێنسکی مۆسکۆی بە "کوشتنی بە ئەنقەست هاوڵاتیانی مەدەنی" ئیدانە کرد، دوای ئەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ڕووسیا بۆ سەر مینی پاسێک لە ناوچەی سومی باکووری ئۆکرانیا نۆ کوژراو و چوار برینداری لێکەوتەوە.
بەیاننامەی کۆتایی لوتکەی عەرەبی کە ڕۆژی شەممە بە میوانداری بەغدای پایتەختی عێراق بەڕێوەچوو، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد فشار بخەنە سەر بۆ کۆتایی هێنان بە ڕژانی خوێن لە غەززە و ڕەتکردنەوەی ڕەهای خۆیان بۆ ئاوارەبوونی گەلی فەلەستین دووپات کردەوە. ڕاگەیەندراوی کۆتایی لوتکەی عەرەبی بڵاو کرایەوە، تێیدا هاتووە، بە توندی ڕاگواستنی دانیشتوانی غەززە ڕەت دەکەینەوە، هەروەها پێویستە یارمەتی مرۆیی بگەیندرێتە کەرتەکە. شەممە 17ـی ئایاری 2025، لوتکەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا، بە ئامادەبوونی بەشێک لە سەرۆک و نێردەی وڵاتانی عەرەبی نێودەوڵەتی بەڕێوە چوو. ئامادەبووان سەرنج و پێشنیازی خۆیان لەبارەی دۆخی غەززە، لوبنان، سووریا و سوودان خستە ڕوو. دوای پێشکەشکردنی گوتاری ئامادەبووان، ڕاگەیەندراوی کۆتایی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا ڕاگەیەندرا و تێیدا هاتووە، داوا لە کۆمەڵگەی عەرەبی دەکەین گوشار بکەن بۆ ڕاگەرتنی خوێنڕشتن لە غەززە. لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بەوە کراوە، بە توندی ڕاگواستنی دانیشتووانی غەززە ڕەت دەکەینەوە، هەروەها پێویستە یارمەتی مرۆیی بگەیندرێتە غەززە. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئامانجی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا، یەکخستنی هەوڵەکان و بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەکە. لە ڕاگەیەندراوەکەی لوتکەی عەرەبی ئەوەش خراوەتە ڕوو، بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا دەکەین، هەروەها بۆ دۆخی سوودانیش داوای دۆزینەوەی چارەیەکی سیاسی دەکەین بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان. میوانداریی 34ـهمین کۆبوونەوەی لوتكهی عەرەبی لەلایەن بەغداوه، لە کاتێکدایە گرژییەکان لە غەززە، پەرەسەندن و دابەشبوونی عەرەبی لەسەر ئاساییکردنەوە و دانوستانە ڕانەگەیەندراوەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی کەنداو درێژهی ههیه، ههروهها دانوستانهكانی نێوان تاران و ئهمەریكاش لهسهر دۆسیهی ئهتۆمی بهردهوامن. هاوکات لە 34ەمین کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی ئەمڕۆ شەممە لە بەغدای پایتەختی عێراق بە سەرۆکایەتی د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق و بە بەشداری ژمارەیەک سەرکردەی عەرەبی، هەروەها نوێنەری چەندین دەزگا و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی، دەستی پێکرد. لوتکەی عەرەبی لە بەغدا.. دیارترین لێدوانی سەرکردە و سەرۆکەکان بەحرەین سەرۆکایەتی خولی ٣٤ـی لوتکەی عەرەبی رادەستی عیراق کرد، هەروەها وەزیری دەرەوەی بەحرەین عەبدولەتیف بن راشد ئەلزیانی، لە وتەکەیدا رایگەیاند، پشتگیری "پلانی دووبارە بونیادنانەوەی غەززە و وەستاندنی جەنگ و ناردنی یارمەتی دەکەین". هەروەها ئەلزیانی پێشوازی کردنی خۆی "لە هەنگاوی هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر سوریا" راگەیاند. عیراق جەخت لە رەتکردنەوەی دەستدرێژی بەردەوام بۆ سەر غەززە دەکاتەوە: د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق رایگەیاند؛ عیراق سیاسەتی سەپاندن و دەستێوەردانی دەرەکی کە بەرژەوەندی و سەروەری و ئاسایشی وڵاتانی عەرەبی پێشێل دەکات، رەت دەکاتەوە. د. لەتیف رەشید، وتیشی، کە گەلی فەلەستین روبەروی پڕۆسەی پاکتاوکردنی رێکخراو بۆتەوە کە ئامانجی لەناوبردنی بوونی فەلەستینە لە خاکی خۆیاندا. سەرۆک وەزیرانی عیراق محەمەد شیاع سودانی، جەختی لەسەر رەتکردنەوەی "دەستدرێژی بەردەوام لەسەر غەززە" کردەوە، هەموو شێوەکانی راگواستنی زۆرەملێی گەلی فەلەستینی مەحکووم کرد. سودانی بەردەوامی پێشێلکاریەکانی سەروەری لوبنانی مەحکووم کرد و پێشوازی لە هەڵگرتنی سزاکان لەسەر سوریا کرد، هەروەها پشتگیری عیراقی بۆ یەمەن و یەکێتیەکەی دووپات کردەوە. سودانی جەختی لەسەر پێشوازی وڵاتەکەی لە دانوستانە بەردەوامەکان لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران کرد و ئاماژەی بەوە کرد "هەر هێرشێک بۆ سەر خاکی سوریا رەت دەکەینەوە و پشتگیری لە پڕۆسەیەکی گواستنەوە دەکەین کە مافی هەموو سوریەکان بپارێزێت". سکرتێری کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی: هەڵگرتنی سزاکان لەسەر سوریا یارمەتیدەر ئەبێت بۆ گەلەکەی. لە وتەکەیدا لە میانەی لوتکەکەدا، سکرتێری گشتی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی ئەحمەد ئەبولغەیت رایگەیاند: - هەڵگرتنی سزاکان لەسەر سوریا یارمەتی گەلەکەی دەدات بۆ بینینی داهاتوویەکی باشتر. - چەمکی ئاسایشی نەتەوەیی عەرەبی هێشتا "لە بەدیهاتن دوورە" بەهۆی دەستێوەردان و چاوتێبڕین. - حوسییەکان سوورن لەسەر دەستبەسەرداگرتنی تواناکانی یەمەن. - دابەشبوونە بەردەوامەکانی لیبیا هەڕەشەن بۆ سەر یەکێتی ئەو وڵاتە. - لوبنان تێپەڕ دەبێت بە تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدا کە بریتییە لە سنووردارکردنی چەک بەتەنیا بۆ دەستی دەوڵەت. کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەفریقا: لوتکەی بەغدا دەرفەتێکە بۆ چالاککردنی هاوبەشییەکان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی. محەمەد عەلی یوسف، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەفریقا، لوتکەی بەغدادی بە ب"دەرفەتێک بۆ چالاککردنی هاوبەشییەکان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی" دانا. لە وتەکەیدا، عەلی یوسف "پاکتاوکردنی بەکۆمەڵ"ی گەلی فەلەستینی لە غەززە مەحکووم کرد. لەلایەکی ترەوە، سکرتێری گشتی رێکخراوی هاوکاری ئیسلامی حسێن ئیبراهیم تەها وتی: "هیواخوازین هەموو هەوڵەکان چالاک بکرێن بۆ دڵنیابوون لە مافی گەلی فەلەستین لە دامەزراندنی دەوڵەتەکەی". ئیسپانیا داوای وەستاندنی "بازنەی توندوتیژی" دەکات: پیدرۆ سانچێز، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا ، ئەمڕۆ شەممە، داوای وەستاندنی بازنەی توندوتیژی و کۆتاییهێنان بە قەیرانی مرۆیی لە غەززە کرد. لە بەشداریکردنی لە لوتکەی عەرەبیدا، سانچێز وتی: "پێویستە فشارەکان لەسەر ئیسرائیل زیاد بکرێن بۆ وەستاندنی هێرشەکان لەسەر غەززە"، وتیشی: "ئیسپانیا هەموو توانای خۆی بەکار دێنێت لە کۆبوونەوەی گروپی مەدرید بۆ وەستاندنی هێرش لەسەر غەززە و بونیادنانی ئاشتییەکی بەردەوام". هاوکات ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا، کە بە نوێنەرایەتی ئەحمەد شەرع لە لوتکەکە ئامادەبوو، رایگەیاند: گەلی سوریا پابەندە بە ناسنامەی عەرەبی خۆیەوە، جیهانی عەرەبیش پەناگەی ئەوانە. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا وتی؛ هەڵگرتنی سزاکان لەلایەن ترەمپەوە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو بوژانەوە و ئاوەدانکردنەوە و سوپاسی دەوڵەتی قەتەر دەکەین بۆ پاڵپشتی بەردەوام و هەڵوێستی پتەوی بەرامبەر گەلی سوریا. وتیشی؛ سوپاسی ئیمارات و هەموو وڵاتانی عەرەبی دەکەین کە لەگەڵ گەلی سوریا وەستان.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ڕایدەگەیەنێت دانوستانمان لەگەڵ هاوتاکانمان لەوڵاتانى دراوسێ هەیە بەتایبەتى حکومەتى بەغداو هەولێر سبارەت بە چۆنیەتی گەیاندنی ئەو چەکانەى لە دەرەوەی سنوورەکانمان. لە کاتی گەڕانەوەی لە ئەلبانیا رۆژی شەممە، 17ی ئایاری 2025، لەنێو فڕۆکە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەبارەت بە چەند پرسێک قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد، لەبارەی میکانیزمی چەک دانانی پەکەکە دەڵێت، قسە لەگەڵ هەولێر و بەغدا دەکەن. ئەو وتى: لەمەودوا چۆنیەتى هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێکخراوە و گەیاندنی چەک لەژێر چاودێری یەکە ئەمنییەکانی دەوڵەتەکەماندایە، هەروەها دانوستان لەگەڵ هاوتاکانمان لە دراوسێکانمان دەکرێت سەبارەت بە چۆنیەتی گەیاندنی چەکی تیرۆریستان لە دەرەوەی سنوورەکانمان. ئەردۆغان ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، کە پلان هەیە لەسەر چۆنیەتی بەشداریکردنی ئیدارەی بەغدا و هەولێر لەم پرۆسەیەدا. کاتێک چەکەکان تەسلیم بکرێن و ڕێکخراوەکە بەتەواوی تەسفیە بکرێت، تیرۆر بە تەواوی لە ئەجێندای تورکیە دوور دەخرێتەوە. ئەوجەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە کە ئەم هەنگاوەش خزمەت بە ئاشتی و گەشەسەندن و سەقامگیری عێراق و سوریاش دەکات. وتیشى: لە ئێستادا پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ ئیدارەی سوریا هەیە. ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سوریا دوو جار هاتە تورکیا. کۆبوونەوەی لەڕادەبەدەر بەرهەمدارمان هەبوو، پەیوەندیەکانمان بەردەوامن. بەهیوای ئەوەی بگەینە ئەو شتەی کە هیوای بۆ دەخوازین. ئەردۆغان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری رایگەیاند: ''ئامانجی کۆتایی تورکیایەکی بی تیرۆر روونە؛ دەبێت چەکەکان بنێژرێن. دەبێت رێکخراوی تیرۆریستی بەتەواوی چەکەکانی دابنێت و بڕیاری خۆهەڵوەشاندەوە جێبەجێ بکات''. سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە گوتی: ''یەکەکانی ئاسایشی وڵاتمان، لەمەودوا چاودێری کار و چالاکییەکانی پەیوەست بە خۆهەڵوەشاندنەوە و رادەستکردنی چەکەکانی رێکخراوەکە (پەکەکە) دەکەن''. ئەردۆغان دەشلێت: ئامانجی کۆتایی تورکیەیەکی بێ تیرۆر ڕوونە. ناشتنی چەکەکان. زۆر گرنگە کە ڕێکخراوی تیرۆریستی بە تەواوی چەک داماڵێت و بڕیاری هەڵوەشاندنەوە بە تەواوی جێبەجێ بکرێت و نایاسایی واز لێبهێنرێت. ئێمە زۆر لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە دەکەین کە دراون. تورکیایەکی دوور لە تیرۆر بەدەست دەهێنین.
