چەمچەماڵ، ئەو شارەی کە ساڵانێکە نازناوی "شاری تینوو"ـی هەڵگرتووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دیمەنێکی پێچەوانەی پێشاندا. لەبری وشکی، ئاو شەقام و ماڵەکانی گرتەوە. ئەم ڕاپۆرتە لە سێ بەشی سەرەکیدا وردەکاریی ئەم ڕووداوە و هۆکارەکانی دەخاتەڕوو. جوگرافیا و خاک؛ بۆچی زەوییەکە ئاوەکە هەڵنامژێت؟ بۆ تێگەیشتن لە لافاو، سەرەتا دەبێت لەو زەوییە تێبگەین کە ئاوەکەی بەسەردا دەڕوات. قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری (بە تایبەت ناحیەی شۆڕش و تەکیە) خاوەنی تایبەتمەندییەکی جوگرافیی هەستیارن کە لەم خاڵانەدا کورتیان دەکەینەوە: ١. تۆپۆگرافیای نیمچە دۆڵی: چەمچەماڵ لە ڕووی جوگرافییەوە وەک "ناوچەیەکی نزم" یان "دۆڵ" دەکەوێتە نێوان زنجیرە چیاکانی سەگرمە و ناوچە بەرزەکانی کەرکوک و بازیان. کاتێک باران لە چیاکانی دەوروبەر دەبارێت، ئاڕاستەی ئاوەکە بە شێوەیەکی سروشتی بەرەو نزماییەکانی چەمچەماڵ و شۆڕش شۆڕ دەبێتەوە. ٢. پێکهاتەی خاک (جیۆلۆجی): خاکی ناوچەکە بە زۆری لە جۆری "قوڕین و تێکەڵەی سیڵت"ـە. ئەم جۆرە خاکە کاتێک وشک دەبێت (وەک ئەوەی لە وەرزی هاوین و پایزدا هەیە) ڕەق دەبێت، کاتێکیش بارانی بەخوڕ دەبارێت، زەوییەکە توانای مژینی کەمە. واتە لەبری ئەوەی ئاوەکە بچێتە ناخی زەوی، بەسەر ڕووی خاکەکەدا دەخلیسکێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی لێشاوی خێرا و لافاو. ٣. دۆڵ و شیوەکان: چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش لەسەر یان لە نزیک چەندین "شیو" و ڕێڕەوی ئاوی وەرزیی دروستکراون. ئەم شیوانە لە کاتی ئاساییدا وشکن، بەڵام سروشتیان وایە لە کاتی بارانی بەخوڕدا دەبنە ڕووباری هار. ئاسمانی تووڕە و زەویی تێرنەبوو هاوکات بە گرنگیی تێگەیشتن لە تایبەتمەندیی تۆپۆگرافی، زانینی تایبەتمەندیی سروشتیی و ژینگەیی ناوچەکەش گرنگە، بەتایبەتیش دەستنیشانکردنی ئەو گۆڕانکارییانەی لەم بوارەدا درووست بوون، وەک: ١. گۆڕانی شێوازی باران: بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم، شێوازی بارانبارین لە ساڵانی ڕابردوودا گۆڕانی بەسەردا هاتووە. پێشتر باران بە هێواشی و بۆ ماوەیەکی درێژ دەباری، بەڵام ئێستا دیاردەی "بارانی چڕ و کورتخایەن" ڕوودەدات. واتە بڕی بارانی مانگێک لە ماوەی ٣ کاتژمێردا دەبارێت. ٢. ئامارەکانی بارانبارین: تێکڕای بارانبارینی ساڵانە لە چەمچەماڵ لە نێوان (٣٠٠ بۆ ٤٥٠ ملم)ـە. بەڵام لە شەپۆلەکەی ئەم دواییەدا، ڕێژەیەکی زۆر بەرز لە ماوەیەکی کەمدا تۆمار کراوە کە نزیکە لە نیوەی تێکڕای دابارینی ساڵانە. ئەمەش فشارێکی گەورە دەخاتە سەر ژێرخانی ئاوەڕۆکان کە بۆ ئەو بڕە زۆرە دیزاین نەکراون. ٣. وشکەساڵی و لافاو: توێژینەوەکان دەریدەخەن کە چەمچەماڵ یەکێکە لەو ناوچانەی زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە. وشکەساڵیی بەردەوام ڕووەکی سروشتیی لەناوبردووە؛ نەبوونی ڕووەک و پووش و پاوان وا دەکات هیچ بەربەستێک لەبەردەم ئاوی باراندا نەبێت و خێراییەکەی دوو هێندە زیاد بکات. خەڵک و حکومەت؛ دەستی مرۆڤ لە کارەساتەکەدا؟ لێرەدا پرسیارێکی تر دێتە ئاراوە: ئایا ئەمەی ڕوویدا تەنها سروشت بوو یان دەستی مرۆڤی تێدابوو؟ سەرچاوە ڕۆژنامەوانیی و زانستییەکان، پەیوەست بەم بوارەوە ئاماژە بە چەند هۆکارێک دەدەن، لەوانە: ١. تەجاوز بۆ سەر ڕێڕەوی ئاو: بەپێی بەدواداچوونەکان، لە ناحیەی شۆڕش و بەشێک لە گەڕەکەکانی چەمچەماڵ و تەکیە، خانووبەرە و پرۆژەی نیشتەجێبوون لەسەر یان زۆر نزیک لە "دۆڵ و شیوە سروشتییەکان" دروستکراون. کاتێک ئاو دێت، ڕێڕەوە سروشتییەکەی گیراوە، بۆیە دەچێتە ناو ماڵەکانەوە. ٢. کەمتەرخەمیی حکومی و لاوازیی ژێرخان: سیستەمی ئاوەڕۆی ناوچەکە کۆنە و توانای وەرگرتنی ئاوی بارانی بەخوڕی نییە. زۆربەی مەنهۆڵ و ئاودەرە و پردەکان بچووکن و بە خاشاک و پاشماوە گیراون، کە ئەمەش ڕێگە لە ڕۆیشتنی ئاو دەگرێت. ٣. نەبوونی پۆند و بەنداوی بچووک: ئاوی بارانەکە لە بەرزاییەکانەوە بە بێ هیچ بەربەستێک دێتە خوارەوە. ئەگەر پۆند و بەنداوی بچووک لە دەوروبەری شارەکە هەبوایە، هەم لافاوەکە کۆنترۆڵ دەکرا و هەم ئاوەکە بۆ هاوین گل دەدرایەوە. دەرسێک بۆ داهاتوو ناوچەکە مێژوویەکی دوور و درێژی لەگەڵ لافاوی لەناکاودا هەیە، بەڵام بەهۆی فراوانبوونی شار بە شێوەی هەڕەمەکی، زیانەکان لە ساڵانی کۆتاییدا زۆر زیاتر بوون. شارەزایان پێیانوایە دەتوانرێت بە گرتنەبەری هەندێک رێکار، ئەگەری دووبارە بوونەوەی کارەساتەکە کەم و لاواز بکرێت، لەنمونەی: لادانی زیادەڕۆیی: دەبێت بەپەلە ئەو خانوو و بەربەستانەی لەسەر ڕێڕەوی دۆڵەکان دروستکراون لاببرێن یان ڕێڕەوەکە فراوان بکرێت. پاککردنەوەی وەرزانە: پێش دەستپێکی وەرزی باران، دەبێت شارەوانییەکان سەرجەم ئاوەڕۆ و پردەکان لە خاشاک پاک بکەنەوە. دروستکردنی پشتێنەی سەوز و بەنداو: چاندنی دار لە دەوروبەری شار و دروستکردنی پۆند و بەنداوی بچووک بۆ شکاندنی تەوژمی ئاوەکە، باشترین چارەسەری درێژخایەنە. گۆڕینی ژێرخانی ئاوەڕۆ دەبێت ژێرخانی ئاوەڕۆ بەهێزبکرێت و بەشێوەیەک دیزاین بکرێت کە توانای گرتنەخۆی ئاوی لافاوی زۆریشی هەبێت. دواجار ئەم کارەساتە وانەیەکی تاڵ بوو. وانەیەک پێمان دەڵێت: سروشت ڕەحم ناکات کاتێک دەستکاریی یاساکانی دەکەین. سەرەڕێگرتن لە دۆڵەکان، گیرانی ئاوەڕۆکان، بایەخنەدان بە ژێرخانی شار لە سەوزکردن و کۆگاکردنی ئاو و لەهەمویشی گرنگتر: بێباکی بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوا، باجەکەی قورسە؛ بەداخەوە ئەم باجەش زۆربەی کات هەژارەکان دەیدەن!
ئیێتا شەڕەکەیان لەسەر فڕۆکە ترسناکەکەی ئەمریکایە ئامادەکردنی هاوڵاتی فڕۆکەی ئێف-35 ئیسرائیلی تووشی دوودڵییەکی گەورە کردووە. بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بەنهێنی خەریکی لۆبیکردنە و دەیەوێت بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ رازی بکات ئەو فڕۆکەیە هەرگیز نەدرێتە دەست رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا. پێگەی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی لە راپۆرتێکیدا دەڵێت، رۆژی یەکی ئەم مانگە، نەتانیاهۆ لەگەڵ فرانک سەینت جۆن، بەرێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای لۆکهید مارتن کۆبووەتەوە، کە ئەو کۆمپانیایە بەرپرسە لە دروستکردنی فڕۆکە تۆقێنەرەکەی ئەمریکا. نەتانیاهۆ لە کۆبوونەوەکەدا باسی لەوە کردووە چۆن بتوانرێت باڵادەستی ئیسرائیل لە فڕۆکەکەدا بهێڵرێتەوە ئەگەر هاتوو ترەمپ فرۆکەی ئێف-35ـی دایە دەست سعودیە و تورکیا. ئەلمۆنیتەر دەڵێت، نەتانیاهۆ ترسێکی گەورەی لێنیشتووە، بەڵام نایەوێت رووبەرووی ترەمپ بێتەوە و دژایەتی بکات. مانگی رابردوو ترەمپ رایگەیاند فڕۆکەی ئێف-35 بە سعودیە دەفرۆشن. میدیای ئەمریکا ئاشکرایکرد، ئەو فڕۆکەیەی دەدرێت بە سعودیە وەشانێکی ئاست نزمترە بەراورد بەوەی لەژێر دەستی ئەمریکا و ئیسرائیل هەیە. بەڵام دوودڵی نەتانیاهۆ زیاتر لەسەر فرۆشتنی فڕۆکەکەیە بە تورکیا. ئەلمۆنیتەر باس لەوە دەکات بەرپرسانی ئیسرائیل زیاتر لە قسەیەکی ئەردۆغان نیگەرانن کە وادەریدەخات بیەوێت رووبەرووی ئیسرائیل بێتەوە. ئەو گوتارەی باسی دەکەن لە تەمووزی 2024 بوو کاتێک ئەردۆغان گوتی، دەبێت ئەوەندە بەهێزبین ئیسرائیل نەتوانێت کاری گەمژانە بەرامبەر فەڵەستین بکات، هەروەک چۆن چووینە قەرەباخ و لیبیاوە، رەنگە هەمان شت بەرامبەر ئەوان بکەین. لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپ، ئەمریکا تورکیای لە پرۆگرامی بەرهەمهێنانی فڕۆکەکە دەرکرد دوای ئەوەی ئەنقەرە سیستمی بەرگری ئێس-400ـی لە روسیا کڕی و چەند سزایەکی بەسەردا سەپاند. بەڵام لەمدواییانە پەیوەندییەکانی ترەمپ و ئەردۆغان باشبوون و جارێکی دیکە واشنتن خەریکە رازیدەبێت فڕۆکەکە بدات بە ئەنقەرە. تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا هەفتەی رابردوو گوتی واشنتن و ئەقەرە کار لەسەر کێشەکانیان دەکەن سەبارت بە ئێف-35 بەڵام چەند بەربەستێک ماون. تورکیا لە ساڵی 2019 بەنیازبوو 100 فڕۆکەی ئێف-35 لە ئەمریکا بکرێت، بەڵام دەرکردنی ئەنقەرە لە پرۆگرامەکە، ئەمریکا دەڵێت، هەتاوەکو خاوەنی سیستمی ئێس-400 بیت، ئێف-35 وەرناگریت، بەرپرسانی تورکیاش رەتیدەکەنەوە واز لە سیستمی ئێس-400ـی رووسی بهێنن. بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئەلمۆنیتەر، لەنێو سوپای ئیسرائیل باس لە مەترسی پێدانی فڕۆکەی ئێف-35 دەکرێت بە وڵاتانی دیکە لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی تورکیا، هەروەها دزەکردنی زانیارییە تەکنەلۆجییەکانی فڕۆکەکە بۆ چین. بەرپرسێکی باڵای سوپای ئیسرائیل دەڵێت: بابەتی سەرەکی ئیف-35 توانستە نهێنییەکانیەتی کە دەتوانێت خۆی بدزێتەوە لە رادار و سیستمی بەرگری، ئەمەش لە هەموو مۆدێلەکانی فڕۆکەکە هەیە و دەدرێتە سعودی و تورکەکان، جگە لەوەی سیستمی کۆنتڕۆلکردنی هەیە کە دەتوانرێت سەربەخۆ کاری پێبکرێت و نەگەڕێتەوە بۆ تاوەڕی سەرپەرشتی. ئەو بەرپرسە سەربازییە باس لەوەش دەکات، "ئێف-35ـەکانی ئێمە توانییان ئێرانییەکان تووشی سەرسوڕمان بکەن و بە یەکجار سیستمی بەرگریمان تێکشکاندن بەبێ ئەوەی زیانمان بەربکەوێت. ئەم توانایە رەنگە لەدژی ئیسرائیل بەکاربهێنرێت کە وڵاتێکی بچووک و بەرتەسکە و پێویستی بە ئاگاداری پێشوەختە هەیە پێش ئەوەی چەکی دوژمن ئاسمانەکەی ببەزێنیت. بەرپرسە سەربازییەکەی ئیسرائیل ترسی ئەوەی هەیە، لەپڕێکدا هێرش بکرێتە سەر ئیسرائیل و بە یەکجار هەموو ناوچە گرنگەکانی لەدەست بدات بۆیە دەڵێت، سەرجەم ئامانجە سەربازی و سڤیلییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەیەکی بچووکی چڕدا کۆبوونەتەوە، ئەگەر فڕۆکەی ئێف-35 لە ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەڵبستێت و لەپرێکدا لە ئاسمانی ئیسرائیل دەربکەوێت دۆخێک دروست دەبێت ئیسرائیل ناتوانێت بەرگەی بگرێت و بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەری دەخاتە سەر توانای بەرگریکردن لە خۆی.
بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، محەمەد شیاع سودانی لیژنەیەکی ڕەوانەی قەزای چەمچەماڵ کردووە، ئامانج لە ناردنی لیژنەکە بۆ ئەو شارۆچکەیە خەمڵاندنی زەرەر و زیانەکانی سێشەمەی ڕابردوە کە بەهۆی لافاوەوە دروست بوو. لیژنەکە لە ئێستادا لە قەزای چەمچەماڵن و دوور لە چاوی میدیاکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن و پێدەچێت سبەینێش بەردەوام بن لە کارەکانیان. ڕۆژی سێشەمەی ڕابردوو، دوای بارینی بارێکی زۆر بەشێک لە قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش ژێر ئاو کەوتن و زیانێکی زۆریش بەر موڵک و ماڵی هاوڵاتیان کەوت، جگە لەزیانی مادیش، بەهۆی لافاوەکەوە ژمارەیەک هاوڵاتی بوون بە قوربانی. پێشتریش سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ناوەندی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەساتەکانی سەربە وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپارد، بۆ ئەوەی ھاوکاری و پاڵپشتی بەو ھاووڵاتییانەی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان بکەن کە بەھۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە. نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ناوەندی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەساتەکان سەربە وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەلایەن محەمەد شەیاع سوودانییەوە ڕاسپێردراون، بۆ ئەوەی ھاوکاری و پاڵپشتی بەو ھاووڵاتییانەی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان بکەن کە بەھۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە. ھەروەھا ڕاشیگەیاندووە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزارەتی دارایی ڕاسپاردووە کە بە خێرایی بوودجەیەک بە ئامانجی دابینکردنی ھەموو پێدوایستییەکی فریاگوازری پێویست بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان، تەرخان بکات، ئەمەش دوای ئەو کەشوھەوا سەختییەی کە شارو شارۆچکەکانی ھەرێمی گرتووەتەوە.
فكر دادگایی ناكرێت سلێمانی، 13ی كانوونی یەكەمی 2025: تۆڕی هاوپەیمانی 19 پشتیوانی خۆی بۆ د.یونس راوی رادەگەیەنێت، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات هەوڵی فیكریی رۆشنبیران ڕێزی لێ بگیرێت و نەبێتە مایەی هەڕەشە بۆ خۆی و كەسوكاری و رێگە نەدات دەنگی داهێنەرانمان كۆتوبەند بكرێت، جەختدەكەینەوە فكر بە فكر وەڵام دەدرێتەوە نەك بە دادگایی كردنی. د.یونس ڕاوی، نووسەر و پسپۆری یاسایی و ئەكادیمییە لە بواری شەریعە و فەلسەفە، رەخنەگرێكی دیارە لە هەڵوێست و بیكردنەوەی ئیسلامی سیاسی، شەوی 11ی كانوونی یەكەمی 2025، لە رێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووك، نامەیەكی كراوەی بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران نارد. دەڵێت "ماوەی 7 ساڵە لە رێگەی دامودەزگای ئەمنی هۆشداری دەدرێت و كەسوكارم سەغڵەت دەكرێت لەسەر نوسینەكانم، هەراسانكردن و بەرتەسكردنەوەی ئازادی بیركردنەوە لەسەر نوسینەكانم بەسە كە مافێكی نێودەوڵەتیە و دەستوری عێراقیش ئەم مافەی پاراستووە" تۆڕی هاوپەیمانی 19 كە سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات پەیوەندی بە د.یونس ڕاوی كرد، لە بارەی جۆری هەراسان و هەرەشەكان پرسیاری لێكرد، باسی لەوەكرد كە لە هەولێر و دهۆكەوە ئاگاداركراوەتەوە كە داوای یاسایی لەسەرە تەنانەت كاتێك سەردانی بەرێوبەرایەتی كارتی نیشتمانی هەولێری كردووە، پێیان راگەیاندووە كە داواكراوە پاشان دوو كەس بە بەرگی مەدەنییەوە ویستویانە دەستگیری بكەن. گووتی" ئێستا لە پۆلیسی دهۆكەوە بە پێی مادەی 372 و داواكراوم بچمە بەردەم دادوەر تەنانەت فەرمانی دەستگیركردنیشم بۆ دەرچووە" پرسیاری كرد، "بۆ لە دهۆكەوە؟ تێناگەم "جەختیكردەوە"، تەنانەت پەیوەندی بە ماڵی باوكم كراوە، بێزاركراوە پێی دەڵێن كوڕەكەت فەرمانی دەستگیركردنی هەیە و دێین ماڵەكەتان دەپشكنین" د.یونس ڕاوی دەپرسێت بەرتەسکكردنەوەی ئازادییەكانی لە لایەن حكومەتی هەرێمەوە چیمان پێ دەڵێت؟ وڵات جێبهێڵین بۆ ئیرهابی فكری و خورافە؟ لە ماددەی 372 ماوەی سێ ساڵ سزا یان غەرامەكردن بۆ ئەو كەسانە داندراوە كە بە ئاشكرا سوكایەتی بە بیروباوەڕی ئایینی دەكەن یان ڕێوڕەسمەكانی بێزراو دەكەن. هەروەها گووتی، "ئەوەی ئاگاداری بیركردنەوەی فەلسەفی و ئەدەبی و قانونی و ئاینی من بێت دەزانێت من لە رەخنەكانمدا كەلێنێكی یاساییم جێنەهێشتووە و دەزانم چی دەڵێم و نابێ رەخنەگرتن وەك ناوزڕاندن تەماشا بكرێت" تۆڕی 19 جەختدەكاتەوە كە ئازادی ڕادەربڕین و بیركردنەوە و داهێنان لە ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان، وەك جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤ، ئەم ئازادییانە وەك مافی بنەڕەتی چەسپاندووە و تەماشا دەكرێن. كاتێك ئەم ئازادییانە پارێزراو بن ئەدەب و زانست و هونەر و فەلسەفە گەشە دەکەن. داهێنان دەبێتە پردێك بۆ گفتوگۆ، بیركردنەوە دەبێتە ئامرازێك بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەزانی و دواكەوتوویی. دەبێت دەنگی داهێنەرانمان ببیسترێت و كۆتوبەند نەكرێت و هەوڵی فیكریی بیرمەند ڕێزی لێ بگیرێت و نەبێتە مایەی هەڕەشە بۆ خۆی و كەسوكاری. تۆڕی 19 لە لایەن كۆمەڵێك رێكخراو داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ دامەزراوە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرنیسپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵتەییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان.
سامان بهرزنجی، وهزیری تهندروستیی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، به سهردانێكی مهیدانی چووه چهمچهماڵ و له نزیكهوه نهخۆش و بریندارهكانی لافاوهكهی چهمچهماڵ، شۆڕش و تهكیهی بهسهركردهوه. وەزیری تەندروستی، له لێدوانێكی تایبهتدا به كوردستان24ـی ڕاگهیاند، "لە یەکەم ڕۆژی ڕووداوەکەوە لەگەڵ بەرپرسانی تەندروستیی چەمچەماڵ و سلێمانی لەسەر هێڵ بووین. هەموو بریندارەکان بە سەلامەتی گەیەنرانە نەخۆشخانە و کاری پێویستیان بۆ کراوە، هەندێکیشیان نەشتەرگەرییان بۆ ئەنجام دراوە." سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوەش کرد، پاڵەپەستۆیەکی زۆر لەسەر دامودەزگاکانی تەندروستیی سنوورەکە هەیە بەهۆی وەرزی سەرما و نەخۆشییە وەرزییەکان. گوتیشی: "لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بڕێکی زۆر باش دەرمان و پێداویستیی پزیشکیمان گەیاندە نەخۆشخانەی گشتیی چەمچەماڵ. هاوکارییەکان نزیکەی 25 تۆن دەبن و دەرمانی فریاکەوتن، نەخۆشییە درێژخایەنەکان، پێداویستیی نەشتەرگەری و تاقیگە لەخۆدەگرن." ناوبراو باسی لەوەش کرد، بینای نەخۆشخانەی ناحیەی شۆڕش کۆنە و پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە. هەروەها هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دابینکردنی بودجە بۆ کڕینی دەرمان لە پارێزگای سلێمانی، تاوەکو پاڵپشتییەکان بۆ سنوورەکە بەردەوام بن. ئەمە لە کاتێکدایە، بەهۆی ئەو شەپۆلەی بارانبارینەی چەند ڕۆژێکە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لافاو لە سەنتەری قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری ڕوویدا و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لە دەستدا و 12 کەسیش بریندار بوون. هاوکات زیان بە زیاتر لە 500 خانوو و دەیان فەرمانگە و قوتابخانەی سنوورەکە کەوت.
وتەبێژی حكومەتی ئێران رایگەیاند، ئەمڕۆ نرخی بەنزینی پاڵپشتیكراو بۆ سەرجەم بەكاربەران بەرزكراوەتەوە. ئەم هەنگاوە لەچوارچێوەی هەوڵەكانی تاراندایە وەكو ئەندامێكی رێكخراوی (ئۆپێك) بۆ كۆنترۆڵكردنی زیادبوونی خواست لەسەر سوتەمەنی، بەبێ ئەوەی توڕەیی شەقام بوروژێنرێت. حكومەتی ئێران بەهۆی ترسی لە دووبارەبوونەوەی ناڕەزایەتییەكانی ساڵی 2019، تائێستا چەندجارێك بڕیاری زیادكردنی نرخی بەنزینی دواخستووە. فاتمە موهاجەرانی وتەبێژی حكومەت وتی: زۆرینەی ئۆتۆمبیلەكان- جگە لە ئەمبوڵانسەكان- لەمەودوا بەنزین بە نرخی 50 هەزار ریال بۆ هەر لیترێك دەكڕن. ئەم نرخە نوێیە بەگوێرەی نرخی بازاڕی ئازاد، هاوتایە لەگەڵ نزیكەی 4 سەنتی ئەمریكی. نرخە نوێیەكەی بەنزین لەسەر ئەو بەكاربەرانە پەیڕەو دەكرێت؛ كە مانگانە پێویستیان بە زیاتر لە 160 لیتر سوتەمەنی هەیە. هێشتاش بەكاربەرانی تر دەتوانن بڕی 60 لیتر بەنزین بە نرخی 15 هەزار ریال بۆ هەر لیترێك و، 100 لیتر بە نرخی 30 هەزار ریال بۆ لیترێك بكڕن. ئامانج لە زیادكردنی نرخی بەنزین كۆنترۆڵكردنی بەكابردنی سوتەمەنی و روبەڕووبوونەوەی بەقاچاخبردنیەتی. حكومەت جەخت لەسەر ئەوە دەكات پشكی تاكسییەكان وەكو خۆی ماوەتەوەو گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە.
ئەمڕۆ شەممە، محەمەد حەسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەفەرمی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی "نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق" (یۆنامی)ـی ڕاگەیاند. بەگوێرەی بڕیارەکە، ٣١ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ وادەی کۆتایی مانەوەی تیمەکەیان دەبێت و سەرجەم ئەندامانی نێردەکە عێراق بەجێدەهێڵن. هەر ئەمڕؤ محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گوتێرس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغدا کۆبوویەوە سەردانەکەی گوتێرس بەمەبەستی راگەیاندنی کۆتاییهێنان بە ئەرکی نێردهی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی)یە. ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هاوبەشیدا لەگەڵ سودانی لە بەغداد؛ بەبۆنەی تەواوبوونی ئەركی نێردەی نەتەوە یەكگرتووە لە عێراق. 🔹عێراق ئەمڕۆ وڵاتێکی جیاوازە، ئەمن و ئاسایشە. 🔹پیرۆزبایی لە عێراق دەکەین بەبۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی. 🔹شاهیدی بوێری و خۆڕاگری و ئیرادەی عێراق بووین لە زاڵبوون بەسەر تیرۆردا. 🔹لەگەڵ سەرۆک وەزیران باسمان لە بارودۆخی غەززە و ڕێزگرتن لە ئاگربەست کرد. 🔹ئامانجمان پشتیوانی عێراق و حکومەتەکەی بوو. نەتەوە یەکگرتووەکان شانازی دەکات کە ڕۆڵی لە عێراقدا هەبووە. 🔹ئێمە پابەندبوونی عێراق بەرز دەنرخێنین بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی لە کەمپی ئەلهول. 🔹عێراق ئێستا وڵاتێکی ئاساییە، پێویستە جیهان لەوە تێبگات. عێراق وڵاتێکی سەقامگیرە.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە و هەرکاتێک بەغدا بڕیاری خەرجکردنی مووچە بدات، لە ماوەی 24 کاژێردا 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ دەخەنە سەر هەژماریان. هێشتا مووچەی مانگی 10ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق پارەکەی نەناردووە. ئەمڕۆ شەممە 13-12-2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند: "هەموو ئامادەکارییەکانمان کردووە، هەرکات لە بەغدا بڕیاردرا مووچە خەرج بکرێت، راستەوخۆ و لە ماوەی 24 کاژێردا 120 ملیار دینارەکە دەخەینە سەر هەژماری گەنجینەی وەزارەتی دارایی عێراق." بەپێی زانیارییەکان، پرۆسەی وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی 10 کۆتایی هاتووە، کە رۆژی 25ی تشرینی دووەم لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی بەغدا کرابوو؛ ئێستا تەنیا ماوە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق واژۆ لەسەر خەرجکردنی پارەکە بکات و ئاراستەی فەرمانگەی ژمێریاریی بکات. بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، بۆ ئەوەی مووچەی مانگانە لەلایەن عێراقەوە خەرج بکرێت، دوو مەرج جێبەجێ کراون کە بریتین لە رادەستکردنی نەوت و ناردنی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتیی مانگانە بۆ بەغدا.
نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق، دوای تەوابوونی ئەرکەکانی خۆی و نێردەکەی رایگەیاند: خۆزگەم دەخواست بە کوردی قسە بکەم تا خەڵکی هەرێمی کوردستانن گوێم لێ بگرن. بەڕاستی ناوچەیەکی جوانە، ئامۆژگاری هەموو لایەک دەکەم سەردانی عێراق بکەن بە کوردستانیشەوە. محەمەد حەسان، نێردەی تایبەتی سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق (یۆنامی) رایگەیاند: عێراق لەوە شەرەفمەندتر و شکۆمەندترە و گەلەکەی دەسەڵاتی گۆڕینی دۆخی مافی مرۆڤیان. ژنان پێگەیەکی ناوەندیان لە کۆمەڵگای عێراقدا هەیە. ووتیشی: "من یەکێکم لەوانەی کە بە عەرەبی وتم خۆزگەم دەخواست بە کوردی قسە بکەم تا خەڵکی عێراق و بە تایبەت ئەوانەی لە هەرێمی کوردستانن گوێم لێ بگرن. بەڕاستی ناوچەیەکی جوانە، ئامۆژگاری هەموو لایەک دەکەم سەردانی عێراق بکەن بە کوردستانیشەوە. ژنان لە کوردستان بەهێزن. دوای تەوابوونی ئەرکەکانی نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، محەمەد حەسان لە لێدوانێکی فەرمیدا کە سایتی فەرمی نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاوی کردوەتەوە، رایگەیاند: ئێزیدییەکان گەورەترین قوربانیین لە عێراق. کاتی ئەوە هاتووە خەڵکی ئاوارە لە کامپەکان بگەڕێنەوە، بەتایبەتی منداڵانی ئێزیدی کە لەو ناوچە و کەمپانەدان کە پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک قوتابخانە و نەخۆشخانە و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی دیکەیان نییە. کاتی ئەوە هاتووە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بەتایبەت لە شەنگال. من تەنها باسی ئێزیدیەکان ناکەم، بەڵکو باسی هەموو عێراقییەکانی دیکە دەکەم، بەبێ گوێدانە پێشینەیان. بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە، دوای 20 ساڵ کارکردنیان لە عێراق، ئەرکەکانی یۆنامی لە عێراق کۆتایی پێبێت، بەوتەی محەمەد حەسان نێردەکە لەسەر داواکاریی عێراقییەکان چووەتە ئەو وڵاتە و لەسەر داواکاریی ئەوانیش کۆتایی بە ئەرکەکان دەهێنن. نەتەوەیەکگرتووەکان بەردەوام رێزی خواستی وڵاتان دەگرێت کە میوانداریی ئەو نێردانە دەکەن. بەوتەی محەمەد حەسان، ئەرکەکانیان بە سەرکەوتویی کۆتایی هاتووە، سێ دۆسیە ماوەتەوە کاریان لەسەر بکرێت، ئەوانیش دۆسیەی بێسەروشوێنانی کوەیت و وڵاتانی دیکە لە سەردەمی شەڕ و داگیرکردنی کوەیت، دۆسیەی ماڵ و سامانی کوەیتییەکان و ئەرشیفی نیشتیمانی کوەیت. ئاماژەی بەوکردووە، عێراق ماوەیەکی زۆرە لە ژێر بەندی حەوتەمی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرچووە، ئێستا دۆخی هاوشێوەی سەرجەم وڵاتانی دیکەی ئەندامی نەتەوەیەکگرتووەکانە لە رووی سیاسی و سەروەرییەوە. سەبارەت بە فیکری تیرۆر کە عێراق و زۆرینەی وڵاتانی دیکەی وێران کرد، محەمەد حەسان رایگەیاندووە: چیتر فیکری تیرۆر لە عێراقدا نەماوە، هیچ وڵاتێکیش ناتوانێت بچێتە قۆناغێکی نوێوە ئەگەر سەقامگیری نەبێت، خۆشبەختانە عێراقیش گەیشتووەتە ئەو قۆناغە.
لێپرسراوی مەڵبەندی سێی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت: پێشبینی دەکەین ڕۆژی سێشەممە، پارتی و یەکێتیی کۆ ببنەوە، کە ناوەرۆکی گفتۆگۆکانیش زیاتر پەیوەستە بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. مەجید حەمەدەمین، لێپرسراوی مەڵبەندی سێی یەکێتی، ئەمڕۆ شەممە، 13ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئیرادەیەک هەیە و دەبێت هەموو لایەنەکان کار بۆ سەرخستنی ئەم ئیرادەیە بکەن، گوتیشی: ئیرادەکە شلۆقە و ڕەنگە بە بچووکترین بوومەلەرز بڕووخێت. هەروا ئاماژەیدا: ئەگەر یەکێتی و پارتی ڕێکبکەون، بە دڵنیاییەوە پەرلەمان کارا دەکرێتەوە، دواتر سەرۆکی هەرێم هەڵدەبژێردرێت و کەسایەتییەک بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت ڕادەسپێردرێت. مەجید حەمەدەمین لە بارەی ناکۆکییەکان لەسەر پۆستی وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: تا ڕادەیەک لە نێوان پارتی و یەکێتی نەرمی نواندنێک هەیە.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە وتەیەكدا بە بۆنەی یادی (١٠) ساڵەی دامەزراندنی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، جەختى کردەوە کە دەبێت رێککەوتنی ١٠ی ئازار بناغەی سوریای نوێ بێت. هەروەها وتیشى: ئێمە وەک هێزەکانی سوریای دیموكرات و هێزە سەربازییەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سووریا، پابەندین بە رێککەوتنی ١٠ی ئازار. بەشێکى دیکەى پەیامەکە.. ــ کێشەکانمان لە سوریا لەچەند رۆژێکی كەمدا چارەسەر نابن. ــ وڵاتانی دراوسێ وەک جاران دوژمنایەتیمان ناکەن و گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. ــ کارکردن لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە حەسەکە، دێرزور و رەقە بەردەوامە، پێویستە ئەم شارانە بە پێی پرەنسیپی نا ناوەندی خۆیان بەڕێوەببەن. ــ ئەنجومەنی سوریای دیموکرات رۆڵێکی گرنگی هەیە لە سوریای نوێدا، بەو پێیەی چەتری سیاسی هێزەکانی سوریای دیموكراتە. ــ زۆر بابەتی تر هەیە کە کاری لەسەر دەکرێت، چ لە ڕووی ئیداری و چ لە ڕووی دیکەوە.
مارك ساڤایا، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ عێراق دەڵێت:سوپاسی ئەنتۆنیۆ گۆتێریش، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەم بۆ هەڵبژاردنی سەركردەی لێهاتوو و بیر تیژ، بەرهەم ساڵح، سەرۆكی پێشوی عێراق دەكەم، بۆ سەرۆكایەتیەكردنی كۆمیسياریای كاروباری پەنابەرانی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان. ساڤایا لە نتوسینێكدا لە سەكۆی "ئێكس"، وێڕای پیرۆزبایكردنی لە بەرهەم ساڵح، رایگەیاندووە: هیچ كەس لەو شایستە تر نییە بۆ وە رگرتنی بەرپرسیارێتیەو بەتایبەت كە ئەو ژیانی پەنابەری ئەزموون كردووە. دكتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری پێشوی عێراق پۆستی کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ کاروباری پەنابەران وەرگرت. پۆستی کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان یەکێکە لە پۆستە هەرە باڵا و کاریگەرەکان لە دوای سكرتێری گشتی لە رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان. لیژنەی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بە سەرۆکایەتی ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان چاوپێکەوتنی لەگەڵ کاندیدەكان كردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی کۆمیسیاری گشتیی بۆ کاروباری پەنابەران. پێشتر سەرچاوە دیپلۆماسییەکان لە نیویۆرک ئاشكرایان كرد، بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق بۆ پۆستی کۆمیسیاری باڵای كاروباری پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان کاندید کراوە، كە لەدوای پۆستی ئەمینداری گشتی، یەکێکە لە دیارترین پۆستەكانی ناو ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییەو، لە ماوەی حەوت دەیەی رابردوودا، هیچ کەسایەتییەک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەم پۆستەی وەرنەگرتووە. جگە لە "سەدرەدین ئاغاخان" کە بە ڕەچەڵەک ئێرانییەو، لە چوارچێوارچێوەی ئەرستۆکراتی ئەوروپی هەژماركراوە، لە ماوەی (٧٥) ساڵی رابردوودا هیچ کەسایەتییەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو پۆستەی وەرنەگرتووە، پێشتر ئەو پۆستە لەلایەن ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی ئێستای نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەڕێوەبراوە. بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەگان، ژمارەی کاندیدەکانی بۆ ئەو پۆستە زیاتر لە (10) کەس تێناپەڕێت، کە زۆرینەیان كەسایەتی ئەوروپی بوون.
لافاو بۆنەیەك نییە بۆ دەستكەوتی سیاسی سلێمانی، 12ی كانونی یەكەمی 2025: سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت، كارەساتی لافاوەكەی چەمچەماڵ و كەلار و ناوچەكانی تری گەرمیان، بۆنەیەك نیین بۆ دەخستنی رقی سیاسی و ململانێی نێوان هێزە سیاسییەكان، دەبێت میدیا جیاوازی بكات لە نێوان هاوپشتی لێقەماوان و بانگەشەی سیاسی و حزبی. كاری میدیا لەكاتی كارەسارەساتی وەك لافاو، پێدانی زانیاریییە لەسەر گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوای ناوچەكە، رێڕەوەكانی لافاوەو مەترسی سەرهەڵدانەوەی، هۆشیاركردنەوەی كردنەوەی هاوڵاتیان لە مەترسییەكانی هەروەها ئاسانكاری پەیوەندی نێوان هاوڵاتیان و دەزگای رەسمی و رێكخراوە خێرخوازەكان، دەستنیشانكردنی پێداویستییەكانی خەڵكی زیان لێكەوتوو، نەك گوتاری سیاسی بێزاركەرو دووبارەی سەردەمی بانگەشەكانی هەڵبژادن. سەنتەری میترۆ جەختدەكاتەوە بەكارهێنانی ئەم كارەساتە مرۆییە بۆ قازانجی حزبی یان ئەجیندای سیاسی، تەنیا پێشێلكردنی ئەخلاقی ڕۆژنامەوانی نییە، بەڵكو بێ بایەخكردنی ئازارەكانی خەڵكی لێقەوماوە كە قوڕو لیتەی لافاوەكە ژیانی گەمارۆ داون، شەرم بكەن. هەروەها داوا دەكەین حكومەت بە بەرپرسیارێتی تەواوی خۆی هەستێت، بە تایبەتیش كە پێشبینی شەپۆلی تری بارانی بەخوڕ دەكرێت، ئێستا كاتی خۆدیزنەوەو پاساو نییە، كاری موزایەداتی سیاسی نییە، كاتی كاری مەیدانی و هەماهەنگی كاریگەرە، بە تایبەتیش كارەساتەكە دەریخست توێژێكی پەراوێزخراوی بێ ماف چۆن ژیانیان بەسەر بردووە. سەنتەری میترۆ بەرێزەوە دەڕوانێتە كەمپین و هەوڵی رێكخراوە خێرخوازییەكان بۆ بەهاناوە چوونی لێقەماوان. سەنتەری میترۆ چاودێری كارەكانی كۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژانەوەی مرۆیی چەمچەماڵ دەكات، كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ كۆنترۆڵكردنی قەیران و قەرەبووكردنەوەی دەستنیشانكردنی كەموكوڕییەكان و لێپرسینەوە لە كەمتەرخەمییەكان، پێكهێناوە، داوا لە رۆژنامەنووسان دەكەین وەك سەرچاوەی رەسمی هەمئاهەنگی لەگەڵ بكەن.
پەروین بوڵدان، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی توركیا، دوای كۆبونەوەیەكەیان لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی پارتی نەتەوەپەرستی توركیا، لە لێداوانێكدا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند: ئەمڕۆ لێرەین بۆ دیدار لەگەڵ بەڕێز باخچەلی، بەناوی شاندەکەمانەوە سوپاسی باخچەلی و تیمەکەی دەکەم، جەختیش دەکەمەوە کە کۆبونەوەکەمان زۆر بەرهەمدار بوو، بەرێز باخچەلی و شاندەکەیمان ئاگادار كرد لەبارەی ئەو کۆبونەوەیەی کە لە رۆژی ٢ی کانوونی دووەم لە ئیمرالی ئەنجاممان دا و گفتوگۆکانی دواترمان خستەڕوو. باسمان لەو قۆناغە كرد پرۆسەکە پێیگەشیتووە، لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتوو بیروڕامان ئاڵوگۆڕ کرد، دەمەوێت جەخت لەسەر گرنگی و بەهای ئەم دیدارە بکەمەوە، بە لەبەرچاوگرتنی قۆناغی ئێستای پرۆسەکە، پێمان وایە زۆر گرنگە لەسەر بنەمایەکی نوێ، یان لە قۆناغێکی نوێدا بەرەو پێشەوە بچین، گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە چووینە قۆناغی دووەم. پەروین بوڵدان لە درێژەی قسەكایندا ئاماژەی بەوەشكرد: لە قۆناغی دووەمدا چوارچێوەی یاسایی پێویستە، ئەم چوارچێوەیە دەبێت "یاسای ئاشتی" بێت، ئێمە دەمانەوێت بە تایبەتی جەخت لەسەر ئەم خاڵە بکەینەوە. ئەو کارەی کە کۆمیسیۆن و لایەنە سیاسییەکان لەمەودوا ئەنجامی دەدەن، لەم ئاستەدا زۆر گرنگ دەبێت، بۆچوونەکانمان گەیاندووەتە بەڕێز باخچەلی و چاوەڕوانییەکانمان سەبارەت بە یاساکە روون کردووەتەوە، بەشدارییەکی بەرچاوی لەم پرۆسەیەدا کردووە و پێمان وایە بەردەوام دەبێت لەو کارە. دوابەدوای قسەكانی بوڵدان، باخچەلی وتی: پەروین خانم بە روونی هەڵوێستی خۆی راگەیاندووە؛ من پشتگیری لە هەموو وشەیەک دەکەم کە وتویەتی. ئەمڕۆ شاندێکی پارتی یەكسانی و دیموکراسی كە پێکهاتبون لە پەروین بوڵدان، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، میتحەت سانجار پەرلەمانتاری دەم پارتی و فایک ئۆزگور ئەرۆڵ، پارێزەر لە فەرمانگەی یاسایی ئەسرین، سەردانی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی توركیا (مەهەپە)یان لە پەرلەمان کرد.
بەرپرسانی وڵاتەکە ترسیان لێنیشتووە و بە بودجەی زەبەلاح چەک دەکڕن خزمەتی سەربازی لە ئەڵمانیا دوای 14 ساڵ گەڕێنرایەوە ئامادەکردنی هاوڵاتی ئەڵمانیا بەتەواوی خۆی بۆ جەنگ ئامادە دەکات و بەرپرسانی وڵاتەکە بڕوایانوایە جەنگ لەگەڵ رووسیا بێگومان روودەدات. ئەو پیاوەی گەورەترین ترسی لێ نیشتووە لە ئەڵمانیا بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیایە کە چەندین جار هۆشداری داوە و گوتوویەتی: دەبێت تاوەکو 2029 خۆمان بۆ جەنگ ئامادەبکەین. هەنگاوەکانی ئەم دواییەی ئەڵمانیا بەتەواوی ئامادەکارییە بۆ جەنگێکی درێژخایەن، بەوپێیەی چەند رۆژێک لەمەوبەر سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئارۆی ئیسرائیلی جێگیرکرد، کە سیستمێکی زۆر پێشکەوتووە و لە جەنگی 12 رۆژەی ئیسرائیل و ئێراندا سیستمەکە تواناکانی خۆی سەلماند چونکە بەشێکی زۆری مووشەکەکانی ئێرانی لە دوورییەکی زۆرەوە خستەخوارەوە. ئەڵمانیا ئەم سیستمەی لە سێ ناوچەی باکور، باشور و ناوەراستی وڵاتەکە جێگرکرد بۆ ئەوەی ببێتە قەڵغانێکی تەواوەتی بەسەر وڵاتەکەیەوە دژی مووشەکە مامناوەند مەودا و دوور مەوداکانی رووسیا. تێچووی سیستمەکە چوار ملیار و 18 ملیۆن دۆلارە و بەوە ناسراوە کە دەتوانێت لە دووری هەزار کیلۆمەترەوە هەست بە هەر مووشەکێک بکات و بیخاتەخوارەوە، مەودای بڕینی مووشەکەکانی سیستمەکەش دوو هەزار 400 کیلۆمەترە. ئەوەی ئەڵمانیا خەریجیکردووە لەم سیستەمەدا بەشێکی زۆر کەمە، چونکە پەرلەمانی وڵاتەکە بەنیازە بە یەک گوژمە رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی 52 ملیار دۆلار بدات بۆ کڕینی چەک و پێداویستی جەنگ کە ئەمە زەبەلاحەترین بودجەیە پەرلەمانی ئەڵمانیا بە یەک جار رەزامەندی لەسەر بدات بۆ وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکە. هەر ئەمەش نییە، بۆریس پیستۆریۆس بەجۆرێک کەوتووەتە خۆی کە یەکێک بوو لەوانەی بەرگریی لە گەڕانەوەی خزمەتی سەربازی دەکرد، هەر بۆیە پەرلەمانی وڵاتەکە دوای 14 ساڵ، لە سەرەتای ئەم مانگەوە پرۆژەیاسای خزمەتی سەربازی خۆبەخشی پەسەندکرد و لەمەودوا هەر هاووڵاتییەکی ئەڵمانی سەروو 18 ساڵ بە رەزامەندی خۆی دەتوانیت خزمەت بکات. بەڵام حکومەتی ئەڵمانیا تاوەکو تەمووزی 2027 رێگە بەمە دەدات و ئەگەر بزانێت کەم کەس بەدەم داواکەوە هاتوون ئەوا کارەکە دەکاتە زۆرملێ و دەبێت هەموو کەسێکی سەروو 18 ساڵ پشکنین بۆ خزمەتی سەربازیی بکات بۆ ئەوەی ئەگەر جەنگ هەڵگیرسا راستەوخۆ بچنە سوپاوە و بەزۆرەملێ دەستبکەن بە خزمەتی سەربازی. سوپای ئەڵمانیا 182 هەزار کارمەند و سەربازی لەئێستادا هەیە و پیستۆریۆس چاوی لەوەیە تا ساڵی داهاتوو 20 هەزار سەرباز زیاد بکات و تاوەکو 2023ـیش ژمارەی سەربازانی وڵاتەکەی بگەیەنێتە 260 هەزار. چەند مانگێک لەمەوبەر ئەڵمانیا رەزامەندی یەکێتی ئەوروپای وەرگرت بۆ خەرجکردنی 500 ملیار یۆرۆ لە ژێرخانی بەرگریی لەماوەی چەند ساڵێکدا. بەرلین بەنیازە بودجەی بەرگرییەکەی بگەیەنێتە 108 ملیار یۆرۆ و تاوەکو ساڵی 2029ـش ئەو بڕە دەگەیەنێتە 150 ملیار یۆرۆ. ئەڵمانیا ئاسمانی وڵاتەکەشی لەبیرنەکردووە و داوای 15 فڕۆکەی ئێف-35ـی ئەمریکی کردووە، پێشتریش 35 فڕۆکەی جەنگی هەمان جۆری لە ئەمریکا داواکردبوو. ئەم خەرجییانە بەشێکی زۆری بە بە فشاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە، کە لە هاوپەیمانەکانی ناتۆ تووڕەیە و دەڵێت بودجەی بەرگرییان کەمە. ترەمپ هێندە لە ئەوروپییەکان تووڕەیە کە فەرامۆشی کردوون و لەنوێترین لێدوانیشدا گوتی، وڵاتە ئەوروپییەکان لە پوکانەوەدان و لاواز بوون. روسیا و ئەوروپییەکان یەکتری بەوە تۆمەتبار دەکەن کە دەیانەویت جەنگی ئۆکراین فراوانتر بکەن. ڤلادمیر پوتین، سەرۆکی روسیا، چەند رۆژێک لەمەوبەر لەسەر ئەو بابەتە هەڕەشەيەکی تووندی لە وڵاتە ئەوروپییەکان کرد و گوتی: ئێمە لە ئۆکراین بەوردییەوە مامەڵە دەکەین، ئەوەی دەیکەن جەنگێکی راستەوخۆ نییە، ئەگەر ئەوروپا بیەوێت جەنگ هەڵبگیرسێنێت ئەوا ئێمە ئامادەین و دۆخێک دێتەئاراوە کە کەس نەبێت دانوستانی لەگەڵ بکەین.
