رۆژی سێشەممە، 10-2-2026، لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسی پێشوو و شارەزای دۆخی سووریا و ناوچەکە دانیشتنێکی لەنێو کۆنگرێسی ئەمریکادا رێکخست. کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی سووریا لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی نوێ بە سەرۆکایەتی ئەحمەد ئەلشەرع/جۆلانی، چەندین پەیامی هۆشیارکەرەوەی توند و زانیاری گرنگی تێدا بوو کە ڕاستەوخۆ ئاڕاستەی دیمەشق کران. لێرەدا بەکورتى و بە پوختى گرنگترین ئەو خاڵانە دەخەینەڕوو کە لە ناوەڕۆکی ڕێنماییەکانی کۆبونەوەکەی دوێنێى کۆنگرێسی ئەمریکا خرایە ڕوو: 🔴 پرسی کەمینەکان کۆنگرێسمانەکان جەختیان لەوە کردەوە کە شێوازی مامەڵەکردنی حکومەتی جۆلانی لەگەڵ کورد، دروز و عەلەوییەکان، تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی ئەو حکومەتەیە بۆ بەدەستهێنانی هەر جۆرە شەرعییەتێکی نێودەوڵەتی. پەیامەکە ڕوون بوو: ئەگەر سووریا ببێتە دەوڵەتێکی تائیفی کە تەنها سوننە تێیدا باڵادەست بێت و کەمینەکان بچەوسێنێتەوە، ئەمریکا وەک ڕژێمێکی تیرۆریستی مامەڵەی لەگەڵ دەکات. واتە پۆلێنکردنەوەی دەسەڵاتی ئێستای سوریا لە لیستی ئەو دەسەڵاتانەی دڵەڕاوکێی تایبەت بۆ ئەمریکا دروست دەکەن، هەتا ئەو کاتەی گۆڕانکاری کرداری لەهەڵس و کەوتەکانیدا ڕودەدات 🔴 هۆشداری توند سەبارەت بە گۆڕینی دیمۆگرافی. لە کۆبوونەوەکەدا هۆشداری درا بە حکومەتی نوێ کە هەر هەوڵێک بۆ دەرکردنی عەلەوییەکان لە ناوچە کەناراوەکان، یان هێرشکردنە سەر دروزەکان لە سوەیدا و کوردەکان لە باکوور، دەبێتە هۆی چالاککردنی خێرای یاسای پاراستنی کەمینەکان. کۆنگرێس ڕایگەیاند کە ڕێگە نادەن سووریا ببێتە مەیدانی پاکتاوی ڕەگەزی. 🔴 سەبارەت بە پرسی کورد و هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF) کۆنگرێس هۆشداری سەربازی دا بە جۆلانی کە هەر هێرشێکی سەربازی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد، بە هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دادەنرێت. گرتنەبەری میکانیزمی ڕون و تایبەت لە ژێر چاودێری کۆنگرێس بۆ چاودێریکردنی ڕێککەوتنەکەی نێوان هەسەدە و دەسەڵاتی کاتی سوریا. 🔴 سەبارەت بە زیندانیانی داعش ئەمریکا حکومەتی دیمەشق بە بەرپرسیار دەزانێت لە هەر ناسەقامگیرییەک کە ببێتە هۆی ڕاکردنی چەکدارانی داعش لەو زیندانیانەی لە ناوچە کوردییەکانن. 🔴 سزاکان و یاسای قەیسەر کۆنگرێس زانیاری ئەوەی درکاند کە هیچ پلانێک نییە بۆ لابردنی سزاکانی یاسای قەیسەر (Caesar Act). بەپێچەوانەوە، ئەگەر پێشێلکاری بەرامبەر دروز و عەلەوییەکان و کوردەکان بەردەوام بێت، سزا نوێیەکان کەرتە ئابوورییە گرنگەکانی حکومەتی نوێ ئیفلیج دەکەن. پەیامەکە ئەوە بوو پێدانی گەنم و نەوت بە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی جۆلانی بەستراوەتەوە بە پاراستنی مافی کەمینەکان. هەموارکرنەوەی دەستوری کاتی بە جۆرێک زەمانەتی هاوڵاتی بونی یەکسان و دادپەروەرانە مسۆگەر بکات. وەدەرنان و دەرکردنی سەرجەم چەکدارە بێگانەکان لە ڕیزەکانی هێزە چەکدارەکانی سوریا. 🔴 سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکان هۆشیاری درا کە نابێت گەڕانەوەی ئاوارەکان بە زۆرەملێ بێت یان بۆ مەبەستی تێکدانی هاوسەنگیی ناوچە کوردی و نیشتەجێبوونی کەمینەکان بەکاربهێنرێت. کۆنگرێس داوای کرد کە دەبێت نوێنەری کورد و دروز و عەلەوییەکان لە نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریادا دەسەڵاتی ڤیتۆیان هەبێت. داوا لە دەسەڵاتی کاتی دمیشق بکرێت ئابڵوقەی سەر کۆبانێ و سوەیدا هەڵبگرێ. 🔴 پەیام بۆ دروز و عەلەوییەکان کۆنگرێس ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان چاودێری وردی دۆخی سوەیدا و گوندەکانی عەلەوییەکان دەکەن. ڕایانگەیاند کە ئەگەر حکومەتی ناوەندی نەتوانێت ئاسایشیان بپارێزێت، ئەوا ئەمریکا پشتگیری لە خۆبەڕێوەبەریی ناوچەیی بۆ ئەو پێکهاتانە دەکات وەک تاکە ڕێگە بۆ پاراستنیان لە تۆڵەسەندنەوە. 🔴 کورتەی کۆبوونەوەکە کۆنگرێسی ئەمریکا بە حکومەتەکەی جۆلانی دەڵێت ئێمە بە قسە بڕوات پێ ناکەین کە دەڵێیت گۆڕاویت ئێمە سەیری چۆنیەتی مامەڵەت لەگەڵ کورد و دروز و عەلەوییەکان دەکەین. ئەگەر ئەوان پارێزراو نەبن، حکومەتەکەت تەمەنی کورت دەبێت و سزای توند چاوەڕێتان دەکات. هەر هەنگاوێکی دەسەڵاتی کاتی سوریا لە ژێر چاودێری و فشاری بەردەوامدا دەبێ بۆ ڕێگریکردن لە خلیسکان و لادان.
براین ماست، سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كۆنگرێسی ئەمریكا، لەمیانی كۆبونەوەی لیژنەكە لەبارەی بارودۆخی سوریا رایگەیاند: لەماوەی رابردوودا چەندین رووداومان بینوە لە دژی چەندین كەمینەی ئاینی و نەتەوەیی و چەندین ئاڵنگاری هەن لەسوریا بۆ ئەوەی بگەنە حوكمڕانیەكی باش. ماست وتیشی: لەگەڵ سەرۆكی سوریا كۆبونەوەم كرد، باسی چەندین پرس و ئاڵنگاریمان كرد، بەتایبەت چەكدارە بیانیەكان كە لەلایەن توركیاوە پشتیوانی دەكرێن، هەروەها ئەو هێرشانەی كرانە سەر هەسەدە كە هاوپەیمانی ئێمەن قبوڵنەكراوە، چەندین هەنگاو هەن كە لە دژی هەسەدە نراون و لە دژی ئەو زیندانانی كە چەكدارانی داعشی تیادایە، ئەمە جێگەی نیگەرانیە. سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە دەزانین كە سەرۆكی سوریا پێشتر چەكداری ئەلقاعیدە بووە، شەرع پێیویتن ئەو دەیەوێت خۆی لە رابردووی خۆی رزگاربكات و بە دوای ئەوەیە كار بۆ گەلەكەی بكات، بەڵام ئێستا سوریا هیچ نزیكى لەو شوێنەی كە پێویستە لێی بێت، ئەمریكا ئاسودە نییە بەوەی لە سوریا روودەدات، بۆ دواوە دەچێت، ئەوەى لە دژی كوردو عەلەوی و دروز كراوە مەلەكردنی پێچەوانەیە. ماست جەختیشكرد لەوەی، سەرۆك شەرع هیچ چەكێكی سپی (شیك علی البیاض) لە ئەمریكاوە پێنەدراوە، سزاكانمان لەسەر سوریا لاداوە بۆ ئەوەی كاری باش بۆ وڵاتەكەی بكات، بەڵام پێمانوتووە كە مەرجەكان جێبەجێبكات، لەوانەش تێكەڵكردنەوەی هێزەكان و پاراستنی كەمینە ئاینی و نەتەوەییەكان . ئەو رێككەوتنەكەی مانگی پێشوو لەنێوان ئەحمەد شەرع و جەنەڕاڵ مەزڵوم كرا من بینم، هەنگاوێكی باشبوو، بەڵام ئەمریكا چاوەڕێی كردارە نەك قسە.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی زیاتر لە931 ملیار دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەم خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکەیان، هاوکات ئاشکرای کرد کە بەغدا بڕی 36 ملیار دیناری لە کۆی پارەکە بڕیوە کە تایبەت بووە بە شایستەی خانەنشینان. ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی شوباتی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەندراوێکدا وردەکاریی گەیشتنی تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی خستە روو. بە پێی ڕاگەیەندراوەکە، دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ بڕی 931 ملیار و 257 ملیۆن دینار، وەک تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەم خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. دوا نیوەڕۆی ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی ( ١٠ ی شوباتی ٢٠٢٦ ) بڕی ( ٩٣١،٢٥٧،٠٠٠،٠٠٠) نۆ سەدو سی و یەک ملیارو دووسەدو پەنجاو حەوت ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. تێبیبی؛ لەچوارچێوەی ئەو سیاسەتەی ماوەی چەند ساڵێکە حکومەتی فیدراڵ لە دژی هەرێمی کوردستان پەیڕەوی دەکات و ئەو کێشەو گیرو گرفت و بیانوانەی مانگانە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان دروستی دەکات، بۆ مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بڕی ( ٣٦،٣٦٠،٨٦٤،٠٠٠ ) سی و شەش ملیارو سێ سەدو شەست ملیۆن و هەشت سەدو شەست و چوار هەزار دیناری لەکۆی تەمویلی مووچە نەناردووە کە بریتییە لەشایستەی چەند مانگی ڕابردووی زیاتر لە هەشت هەزار خانەنشینی سەربازی و شارستانی کە لەساڵی ڕابردودا خانەنشین کراون و دوای پەسەندکردن و تەواوکردنی دۆسیەکانیان لە مانگی کانوونی دووەم داخڵی لیستی مووچە کراونەتەوە،( واتە ئەو خانەنشینانەی کە لەمانگی یەک داخڵی لیستی مووچە کرابونەوەو پێویست بوو چەند مووچەیەک پێکەوە وەرگرن، لەبەغداوە تەنها یەک مووچەیان بۆ هاتووە کە مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵە، لەو بارەیەوە تیمەکانمان لەسەر هێڵن و لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەپەیوەندی بەردەوامدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەو خەرجکردنەوەی ئەو شایستانە لە نزیکترین کاتدا) . ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوری
فەرهاد شامی بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە بۆ کەناڵی ڕۆناهی: * ئێمە بەتەواوەتى پابەندین بە ڕێککەوتنەکە تا هەموو بڕگەکانی وەکخۆى جێبەجێ دەکرێن. * ئەگەر ئەو گەمارۆیەی بەسەر کۆبانی سەپێنراوە هەڵنەگیرێت، ڕێککەوتنەکە شکست دەهێنێت. * بۆ گەیشتن بە پلانەکانیان، شاندەکانی حکومەتی دیمەشق پێداگرییان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی هێزەکانمان دەکرد. * سوپاس بۆ قوربانیدانی شەهیدانمان ڕێککەوتنی کۆتایی کرا، بێ ئەوان ناوی کوردی و ڕۆژاڤا بوونی نەدەبوو. * هەوڵ و ئیستفزازی لەلایەن گروپەکانەوە هەیە بۆ تێکدانی ڕێککەوتنەکە. * یەپەژە ناسنامەی خۆی دەپارێزێت * هەندێک لە هەڤاڵانی ژن فەرماندەیی لیواکە دەکەن * زۆر لایەن و گروپ دەیانویست شەڕ لە نێوان کورد و عەرەب دەستپێبکەن * هەزاران شەهیدی عەرەبمان هەیە * ناوی کاندیدەکانمان بۆ پۆستە حکومییەکان پێشکەش کراوە. * ئەو لیژنەی کە پێکهێنرا تاوتوێی ژمارەی لیواکان دەکات *گرووپەکانی سەر بە تورکیا ئاستەنگ دروست دەکەن * یەکێک لە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە هەڵگرتنی گەمارۆی سەر کۆبانییە * هەنگاو بۆ عەفرین و سەرێکانیێ دەگیرێتەبەر، دەبێت گەل بگەڕێتەوە
هێزەکانى هەسەدە و حکومەتى سووریا ئامادەکارى دەکەن بۆ جێگیرکردنى هێزەکانیان لە خاڵى هاوبەش لەسەر ڕێگەى (ئێم 4) تاوەکو شارۆچکەى چەلەبی و هەڵگرتنى ئابڵوقەى سەر کۆبانێ. پەیامنێرى کەناڵ8 لە کۆبانێ گوتی، ئەمڕۆ شاندێکى هێزەکانی ئاسایشی کۆبانێ بە گوندى ئیتوێراند چووەنەتە دوایین خاڵى هێزەکانى سووپای عەرەبیی سووریا لە سنووری کۆبانێ. ئاماژەى بەوەشکرد، بڕیارە سبەى شاندەکەی ئاسایش لەگەڵ هێزەکانى حکومەتى سووریا کاربکەن بۆ دانانی چەند خاڵێکى هاوبەش بۆ جێگیرکردنی هێزەکانى هەردوولا لەسەر ڕێگەى ئێم 4 تاوەکو شارۆچکەى چەلەبی. بەگوتەى پەیامنێرى کەناڵ8، ئێستا دەستەى کارەباى کۆبانێ سەرقاڵى چارەسەرکردنى کێشەى کارەباى شارەکەیە، هەروەها ئامادەکارى دەکرێت بۆ گەڕانەوەى ئاوارەکان و ئاسایبوونەوەى دۆخەکە. زیاتر لە 20 ڕۆژە گەمارۆی سەر شاری کۆبانێ بەردەوامە و مەترسی لەسەر ژیانی نزیکەی 600 هەزار خەڵکی سڤیل لە دانیشتووان و ئاوارەکان دروستکردووە کە بەهۆی هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکانەوە ئاوارەی شارەکە بوون. ئێستا دانیشتووانی کۆبانێ لە دۆخێکی خراپی مرۆییدان ئەوەش بەهۆی کەمیی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی، هەروەها بەهۆی کەمبوونەوەی سووتەمەنی و نەمانی تەواوەتی کارەبا و ئینتەرنێت، ئەمەش کێشە و نەهامەتی سەر دانیشتووانەکەی زیاد کردووە و کاری کردووەتەوە سەر دامەزراوە خزمەتگوزاری و مرۆییەکان. سەرباری ئەوەی لە 29ـی کانوونی دووەمەوە ڕێککەوتن لەنێوان هەسەدە و حکومەتی دیمەشق واژۆکراوە و تیایدا جەختکراوەتەوە لەسەر هەڵگرتنی گەمارۆی سەر شاری کۆبانێ بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو خاڵەی ناو ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە. ئیدارەی کۆبانی هۆشداری داوە لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی بەردەوامبوونی گەمارۆی سەر شاری کۆبانێ و داوایکردووە حکومەت پابەندی ڕێککەوتنەکان بێت و بەخێرایی گەمارۆ هەڵبگرێت و بەبێ مەرج پێداویستییە بنەڕەتییەکان بۆ دانیشتووانەکانی دابین بکرێت.
روونکردنەوەیەک لەوەزارەتی کارەباوە: *وەزارەتی کارەبا هاووڵاتیان دڵنیا دەکاتەوە کە هیچ گۆڕانکارییەک لە نرخەکانی کارەبای ڕووناکی ڕووینەداوە، و هیچ کێشەیەک لە ژێرخانی پێوەرە زیرەکەکاندا نییە. *بە درێژایی کات، لە وەرزی زستاندا زۆرترین خواست لەسەر کارەبا هەبووە بەتایبەت لە مانگی یەک (کانوونی دووەم). *ئەمە یەکەم زستانە کە زۆربەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان خاوەنی کارەبای 24-کاتژمێرین. *بە دیاریکراوی ئەم زستانە بەکارهێنانی کارەبا بەراورد بە زستانەکانی پێشوو زیاتر بووە. ئەمەش بەهۆی کەشوهەوی ساردی نائاساییەوەیە. *بە شێوەیەکی نائاسایی، دوایین پارەدانی پسوولەکان ڕەنگدانەوەی خولێکی درێژترە کە بە تێکڕا پێکدێت لە 46 ڕۆژ. ئەمەش دەرەنجامی گواستنەوەیە لە سیستەمەکاندا، و دەبێت کەمتر ڕووبدات لە هەنگاونان بەرەو پێشەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، خولێکی درێژتر هیچ جیاوازییەکی نیە لەوەی کە هاوبەشانی کارەبا ڕۆژانە چەند پارە دەدەن. *لەگەڵ زیادبوونی بەکارهێنانی کارەبا بەهۆی سەرمای زۆرەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدواداچوون بۆ ڕێگاکانی کەمکردنەوەی بارگرانی دەکات.
مهزڵوم عهبدی، فهرماندهی گشتی ههسهده لەپەیامێکیدا جهختی كردهوه كه ئیدارهی خۆسهر لهچوارچێوهی دامهزراوهكانی دهوڵهتدا بهردهوام دهبن لهسهر كارهكانیان و دهستهكان دهكرێنه بهڕێوهبهرایهتی بهگوێرهی رێككهوتنهكه. ئهوهشی خستهڕو، ناوهندی دهروازهی سیمیلكا وهكو خۆی دهمێنێتهوهو لهوێ نوسینگهیهكی حكومهتی كاتیی سوریا دهكرێتهوه، لهبارهی یهكهكانی ههسهدهش وتی، لیوایهك له حهسهكه، لیوایهك له قامیشلۆ و لیوای سێیهمیش له شاری دێرك جێگیر دهكرێن. فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند: بەپێی رێککەوتنی نوێ لەگەڵ حکوومەتی کاتی، دامەزراوەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا تێکەڵ دەکرێن و گۆڕانکاریی پێکهاتەییان تێدا دەکرێت، هاوکات دڵنیایی دایە ئاوارەکانی عەفرین و سەرێکانی کە مافەکانیان دەپارێزرێت. مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا لەگەڵ خەڵکی حەسەکە و ئاوارەکانی ناوچەکانی سەرێکانی و عەفرین، وردەکارییەکانی رێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەمی لەگەڵ حکوومەتی کاتی تاووتوێ کرد. عەبدی روونی کردەوە، تەواوی ئەو دامەزراوانەی ئێستا سەر بە بەڕێوەبەریی خۆسەرن، لە کارەکانیان بەردەوام دەبن، بەڵام لە چوارچێوەی پڕۆسەیەکدا لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت تێکەڵ دەکرێن. بەپێی رێککەوتنەکە، ئەو وەزارەت و دەستانەی ئێستا هەن، پلەکەیان بۆ ئاستی بەڕێوەبەرایەتی دەگۆڕدرێت و رێکدەخرێنەوە. لەبارەی دەروازە سنوورییەکان، فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوە کرد، دەروازەی سێمالکا وەک خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام ئۆفیسێکی تایبەت بە حکوومەتی کاتی لێ دەکرێتەوە بۆ سەرپەرشتیکردنی کاروباری دەروازەکە. سەبارەت بە لایەنی سەربازی، عەبدی ئاشکرای کرد، وەک هەنگاوی یەکەم لیوایەکی سەربازیی هەسەدە لە شاری حەسەکە جێگیر دەکرێت و هێزەکانی دیکەش بەپێی پلانە نوێیەکان لە ناوچەکانی دیکە بڵاوەیان پێ دەکرێتەوە، ئەمەش وەک بەشێک لە ڕێککەوتنەکە بۆ رێکخستنەوەی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە. ڕێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەمی 2026 لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکوومەتی کاتی، وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی لە قەیرانی سووریادا دەبینرێت، ئەم لێکتێگەیشتنە دوای ساڵانێک لە ململانێ و جەنگی توند دێت و ئامانجی سەرەکیی یەکخستنی ئیدارە ناوخۆییەکان و رێگریکردنە لە دابەشبوونی زیاتری خاکی سووریا، جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە لەسەر زەمینی واقیع، بەتایبەت لە ناوچە جێناکۆکەکانی وەک حەسەکە و عەفرین، رووبەڕووی ئالنگاری گەورە دەبێتەوە، بەڵام لایەنەکان بە ئەرێنی سەیری هەنگاوەکان دەکەن بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەکە.
بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە 11-2-2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام بدات. کۆبوونەوەکە بۆ ماوەی 2 کاتژمێر دەبێت، لە کاتژمێر 10:00ـی بەیانی تاوەکو 12:00ـی نیوەڕۆ، کە تێیدا سێ تەوەری سەرەکی (پشکی بودجە بەپێی سەرژمێری، دۆسیەی زیندانیانی سیاسی و قەرزی پارەی بەشەخۆراک) گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت. تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکە لەسەر بەشە بودجەی ئەمساڵی هەرێمی کوردستانە لە بودجەی عێراق. گفتوگۆ دەکرێت لەسەر بەدواداچوونی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پابەندکردنی حکومەتی فیدراڵیی عێراق بە ئەنجامی سەرژمێرییەکەی کۆتایی ساڵی 2024، بە مەبەستی دەستنیشانکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان. ٠ ساڵانی ڕابردوو پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە بە 12.67% دیاری دەکرا، بەپێی سەرژمێریش ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 14.1%ـە، واتا دەبێت بەشە بودجەی کوردستان زیاد بکرێت. ٠ تەوەری دووەم تایبەتە بە زیندانیانی سیاسی؛ ئەنجوومەنی وەزیران کۆنووسێک پەسەند دەکات کە پێشتر لە نێوان وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان و دەزگای زیندانیانی سیاسی عێراق واژۆ کراوە، بۆ یەکخستن و گواستنەوەی دۆسیەی زیندانیان و گیراوانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بۆ سەر دەزگای زیندانیانی سیاسی عێراق. ٠ ئەنجوومەنی وەزیران لە تەوەری سێیەمدا بڕیار لەسەر پێشنیازی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دەدات لەبارەی پارەی بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان لە ساڵانی 2004 بۆ 2022. وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت لەو ساڵانەدا خەڵک 118 ملیار دینار قەرزارن؛ پێشنیاز کراوە لەمەودوا هەر هاووڵاتییەک مانگانە 250 دینار زیاتری لێ وەربگیرێت تاوەکو پارەکە ساف دەبێت. وەزارەتی بازرگانیی هەرێمیش دەڵێت ئەو پارەیەی پێشتر کۆکراوەتەوە، لە گواستنەوە و کۆگاکردنی خۆراک و نەسریەی فەرمانگەکان خەرج کراوە.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی رایگەیاند، سزای لە سێدارەدان بۆ سەعدون سەبری قەیسی بکوژی محەممەد باقر سەدر دەرچوو. ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی شوباتی 2026، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، دوای لێکۆڵینەوە هەواڵگرییەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، سزای لە سێدارەدان بۆ تاوانبار سەعدون سەبری قەیسی دەرچوو، ئاماژەی بەوەشداوە، سزای تاوانبار بەهەڵواسین دەبێت و دوای ڕێکارە یاساییەکان ئەنجام دەدەرێت. ئاسایشی نیشتمانی رایگەیاند، سەعدون سەبری قەیسی بە تاوانی قورس دژی مرۆڤایەتی سزا دراوە، ، لەوانە تیرۆرکردنی سەید محەممەد باقر سەدر کە دەکاتە باوی موقتەدا سەدر و چەند زانایەکی بنەماڵەی حەکیم و خەڵکی مەدەنی بێتاوان.
کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ دووشەممە 9-2- 2026 کەش /ئاسمان نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت لەگەل دابارینی نمە باران لەناوچە شاخاوییەکان بەتایبەتی لەناوچەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و راپەرین وە هەروەها بەفربارینێکی کەم لەناوچە سنووریەکانی باکووری خۆرهەڵات . خێراى با / مام ناوەند ( 10 – 25 ). لەناوچەکانی باشووری هەرێم ئەگەری چالاک بوونی هەیە بۆ سەروی 30 کم/ک تاکو کاتەکانی ئێوارە ئاراستەی با / باشووری خۆرهەڵات . مەوداى بینین / لە نێوان ( 7 – 9 ) کم دەبێت. لەکات و شوێنی دابارین لەنێوان ( 4 -6 ) کم دەبێت. پلەکانی گەرما / بەرزترین پلەکانی گەرما بەگشتی کەمێک بەرز دەبێتەوە بە ( 1-2 ) پلە تەنها ناوچە شاخاوییەکان نەبێ نزم دەبنەوە بە ( 1 -2 ) پلە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمرۆ: هەولێر 16 پلەی سیلیزی پیرمام 12 پلەی سیلیزی سۆران 7 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران 3 پلەی سیلیزی سلێمانی 14 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ 15 پلەی سیلیزی دهۆک 12 پلەی سیلیزی زاخۆ 12 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 17 پلەی سیلیزی گەرمیان : 19 پلەی سیلیزی سبەى سێ شەممە 10-2- 2026 کەش/ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەل بارینی نمە باران لەزۆربەی ناوچەکان لەگەڵ بەفر بارین لەناوچە شاخاوییە سنووریەکان شایانی باسە رێژەی دابارین لەناوچە شاخاوییەکان زیاتر دەبێت. خێراى با / لەسەر خۆ- مام ناوەند ( 10 – 20 ). ئاراستەی با / باشووری خۆرهەڵات. مەوداى بینین / لەنێوان ( 6– 8 ) کم/ک.لەکات و شوێنی دابارین ( 4 – 6 ) کم دەبێت. پلەکانی گەرما / بەرزترین پلەکانی گەرما بەگشتی نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 16 پلەی سیلیزی پیرمام: 11 پلەی سیلیزی سۆران: 9 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران: 2 پلەی سیلیزی سلێمانی: 12 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ: 14 پلەی سیلیزی دهۆک: 14 پلەی سیلیزی زاخۆ: 15 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 13 پلەی سیلیزی گەرمیان : 18 پلەی سیلیزی
ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات- مەسەدە لەبارەی ڕەوشی کۆبانێ ڕاگەیاندراوێکی بەپەلەی بڵاوکردەوە . لە ڕاگەیاندراوەکەی مەسەدەدا هاتووە: ماوەی سێ هەفتەیە گەمارۆیەکی تووند و خنکێنەر خراوەتە سەر کۆبانێ، ژیانی نیو ملیۆن هاونیشتمانی کردووەتە ئامانج. 🔴 مەسەدە: بڕینی ئاو، کارەبا و رێگری لە گەیشتنی خۆراک، سوتەمەنی، پێویستی پزیشکی و پێویستییە سەرەتاییەکانی دیکە بوونەتە هۆی تێکچوونی دۆخی مرۆیی 🔴مەسەدە: بەردەوامی ئەم واقیعە کارەساتبارە ژیانی خەڵکی مەدەنی خستووەتە مەترسییەکی گەورەوە 🔴مەسەدە: ژیانی هاونیشتمانیانی کۆبانێ بووەتە ململانێ لەنێوان ژیان و مردن و بە هەموو پێوەرەکان ئەوەی روودەدات تاوانی جەنگ و سزای بەکۆمەڵە 🔴مەسەدە: ئەو گەمارۆیە شەرمەزار دەکەین بەسەر کۆبانێ سەپێندراوە چونکە تاوانی دژی مرۆڤایەتی و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و سەرجەم رێککەوتننامەکانی پاراستنی خەڵکی مەدەنییە لەکاتی ململانێدا 🔴مەسەدە: داوا دەکەین دیمەشق بەرپرسیارێتی بەرامبەر هاوڵاتییانی بگرێتە ئەستۆ و دەستبەجێ هەموو دەروازەکان بکاتەوە بۆ ئەوەی رێگە بدرێت بە هاتنە ژوورەوەی خۆراک، دەرمان، سووتەمەنی و هەر رێوشوێنێک شارەکە لە و گەمارۆیە دەرباز بکات 🔴مەسەدە: ئێمە لە ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات دووپاتی دەکەینەوە کە کەرامەتی خەڵکی کۆبانی جێگای گفتوگۆ نییە و ئیرادەی گەلەکەی کە داعشی تێکشکاند، بە گەمارۆ و برسێتی ناشکێت
مەسرور بارزانی بۆ دیلان یەشیلگۆز: پیرۆزبایت لێدەکەم و خوازیاری بەردەوامیی هەماهەنگی نێوانمانین مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە دیلان یەشیلگۆز کرد بە بۆنەی وەرگرتنی پۆستی وەزیری بەرگریی هۆڵەندا و جێگری سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە. مەسرور بارزانی دەشڵێت، "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هۆڵەندا بەرز دەنرخێنین و خوازیاری بەردەوامیی هەماهەنگی نێوانمانین." ئەمڕۆ دووشەممە، 09ـی شوباتی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" رایگەیاند "بە گەرمی پیرۆزبایی لە دیلان یەشیلگۆز دەکەم بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی هۆڵەندا." سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باسی لەوەش کردووە "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هۆڵەندا بەرز دەنرخێنین و خوازیاری بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوانمانین." رۆژی هەینی، 06ـی شوباتی 2026، دیلان یەشیلگۆز، خانمە سیاسەتمەداری کورد، وەک جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری لە حکوومەتی نوێی هۆڵەندا دیاری کرا. دوای دانوستانێکی چڕ لە نێوان پارتە سیاسییەکانی هۆڵەندا، هەرسێ پارتی (D66)، (CDA) و (VVD) گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی کەمینە. لەم دابەشکارییەدا، دیلان یەشیلگۆز وەک سەرۆکی پارتی (VVD) نەک تەنها پۆستی وەزیری بەرگری و جێگری سەرۆکوەزیرانی وەرگرت، بەڵکوو حزبەکەشی بەرپرسیارێتی شەش وەزارەتی گرنگی لە کابینە نوێیەکەدا بەرکەوت. بڕیارە لە 23ی شوباتی 2026 حکوومەتی نوێ بە فەرمی سوێندی یاسایی بخوات. لەم کابینەیەدا (رۆب جێتین) لە پارتی D66 دەبێتە سەرۆکوەزیران. پشکی وەزارەتەکانی پارتی VVD بەم شێوەیە دەبێت: - دیلان یەشیلگۆز: وەزیری بەرگری و جێگری سەرۆکوەزیران. - ئیلکۆ هاینین: وەزیری دارایی. - دەیڤد ڤان وێل: وەزیری داد و ئاسایش. - چەندین وەزارەتی تری وەک: کار، ژێرخان و تەندروستی. دیلان لە ساڵی 1977 لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا لە خێزانێکی کورد لەدایک بووە. لە تەمەنی منداڵیدا وەک پەنابەر روویان لە هۆڵەندا کردووە. دوای تەواوکردنی خوێندنی باڵا لە زانکۆی ئەمستەردام، پلە سیاسییەکانی بە خێرایی بڕی؛ لە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەوە بۆ پەرلەمانتار، دواتر وەک وەزیری وزە و وەزیری داد، تا دواجار بووە یەکەم ژن سەرۆکایەتی پارتی (VVD) بکات و ئێستا یەکێکە لە بەهێزترین کارەکتەرە سیاسییەکانی ئەوروپا.
یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رۆژنامەی "حورییەت"، هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە خاکی سووریا دەکەن. گولەر جەختی کردەوە، ئێستا هیچ بڕیار و ئەجێندایەک بۆ کشانەوە لەو ناوچانە لە ئارادا نییە. سەبارەت بە تێکەڵبوونەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە سوپای سووریا و کاریگەریی ئەمە لەسەر کۆتاییهاتنی یەپەگە و پەکەکە، وەزیری بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوە دا، ئەنقەرە پلانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو سیناریۆکان داناوە. ئەو گوتیشی: "هەرچەندە لە ئێستادا نیشانەیەک بۆ سەرهەڵدانەوەی تیرۆر بەدی ناکرێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە مەترسییەکان نەماون، بۆیە لە رێکارە ئەمنییەکانمان بەردەوام دەبین." رۆژنامەکە لە زاری گولەرەوە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، سەرەڕای بوونی زانیاری لەسەر واژۆکردنی رێککەوتنی یەکگرتن لە نێوان سوپای سووریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات، هێزەکانی تورکیا بەردەوام دەبن لە مانەوە. مەرجی سەرەکیی تورکیا بۆ کشانەوە بریتییە لە چوونەدەرەوەی تەواوەتیی گرووپە چەکدارە بیانییەکان و مسۆگەرکردنی سەقامگیریی تەواوەتی؛ تەنیا لەو کاتەدا تورکیا خۆی بڕیاری کشانەوە دەدات. دوای سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بووەتە باسێکی گەرم؛ ئەمەش وای کردووە جووڵە دیپلۆماسییەکان لە نێوان رووسیا، تورکیا و سووریا چڕتر ببنەوە بۆ پڕکردنەوەی هەر بۆشاییەک لە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکادا.
ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێکارەکانی لیستی مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەرانی کوردستان لە وەزارەتی دارایی عێراق تەواو بکرێت و دوای ئەو پرۆسەیە بڕیارە تەیف سامی واژۆ لەسەر خەرجکردنی مووچە بدات. ماوەی پێنج ڕۆژە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی مانگی یەکی خستووەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی عێراق، بەڵام تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی نەداوە، سەرەڕای ناردنی ڕاپۆرتی هەناردەکردنی نەوت. سەرچاوەیەکی باڵا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە ئاڤای ڕاگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ واژۆ لەسەر ناردنی مووچە بکرێت. بۆیە ڕێکارەکانی ناردنی یان دەکەوێتە کۆتایی دەوامی ئەمڕۆ یانیش سبەی سێشەممە لەگەڵ دەستپێکی دەوام پارەی مووچەی فەرمانبەران دەنێرێت، ئەگەر هیچ گرفتێکی نوێ دروست نەبێت. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی کوردستان بە ئاڤای ڕاگەیاند، هەموو ئامادەکارییەک کراوە ئەگەر ئەمڕۆ پارە بگات خشتەی مووچە بڵاودەکرێتەوە و سبەی دەست بە دابەشکردنی دەکرێت و لەماوەی سێ ڕۆژدا سەرجەم مووچەخۆران مووچەکانیان وەردەگرن.
ئەمڕۆ، سەرۆک بارزانی و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ترەمپ لە سوریا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا. لە پەیوەندییەکەدا باسی دۆخی ناوچەکە و گۆڕانکارییەکانی سوریا کرا، هەردوولا هاوڕابوون، کە دەبێت هەموو هەنگاوێک بگرێتەبەر بۆ ئەوەی ڕێگە لە پشێوی و ئاڵۆزی و شەڕ بگیرێت. دەقى راگەیەندراوەکە.. ناوەڕۆكی پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆك بارزانی و نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری سووریا ڕۆژی یەكشەممە 8ی شوباتی 2026 پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە نێوان سەرۆك مەسعود بارزانی و بەڕێز تۆم باراك نوێنەری سەرۆك ترامپ بۆ كاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمەریكا لە توركیا ئەنجام درا. لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە بە گشتی و دوایین پەرەسەندن و گۆڕانكارییەكانی سووریا ئاڵوگۆڕ كرا. هەردوولا هاوڕا بوون لە پێویستی بەردەوامی گرتنەبەری هەموو هەنگاوێك بۆ ئەوەی ڕێگە لە پشێوی و ئاڵۆزی و شەڕ بگیرێت و ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە جێگیر ببێت. هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا هەردوولا دەستخۆشیان لەیەكتری كرد بۆ ئەو ڕۆڵە كاریگەرەی كە لە بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا گێڕاویانە. هەروەها سەرۆك بارزانی وێڕای دەربڕینی پێزانین بۆ ڕۆڵی ئەمەریكا، جەختی لە بەردەوامیی هاوپەیمانێتی نێوان گەلی كوردستان و ئەمەریكا كردەوە.
