بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لەگەڵ کۆمەڵێک سەرکردەی عەرەبی کۆببێتەوە. ئەم کۆبونەوەیەش لەکاتێکدایە تەنها چەند ڕۆژێک پێش کۆبوونەوەی بڕیارە لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی لە ٢٩ی ئەیلولدا دێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە شەپۆلێکی دانپێدانان بە دەوڵەتێکی فەلەستین و هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ لکاندنی کەناری ڕۆژئاوا . بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکانی ئەمریکا، کۆبوونەوەکان تیشک دەخەنە سەر ڕێگاکانی کۆتاییهێنان بە شەڕی کەرتی غەززە و پەرەپێدانی دیدگایەک بۆ ڕۆژی دواتر. هەروەها سەرچاوەکان پشتڕاستیان کردەوە کە کۆشکی سپی پێشتر بانگهێشتنامەی بۆ کۆبوونەوەکە ناردووە، بەپێی ئاکسیۆس. هاوکات ئیدارەی ترەمپ هەوڵدەدات وڵاتانی عەرەبی پاڵپشتی هەوڵەکانی ئەمریکا بکەن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و بەشداریکردن لە پلانی "ڕۆژی دوای"، لەگەڵ ئەگەری ناردنی هێز بۆ سەقامگیری سەقامگیری و جێگرتنەوەی سوپای ئیسرائیل، بەپێی سەرچاوەکان. هاوکات سەرچاوەکان پێشبینیان دەکرد سەرکردەکانی عەرەبی داوا لە ترەمپ بکەن فشار بخاتە سەر نەتانیاهۆ بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕی غەززە بهێنێت و دووربکەوێتەوە لە هەنگاوەکانی لکاندنی کەرتی ڕۆژئاوا. دوێنێ ناتانیاهۆ سوێندی خوارد "بەردەوام بێت لە شەڕ بۆ پاراستنی سنوورەکانی وڵاتەکەی" و ڕێگری لە "دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین" بکات. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل هێرشەکانی چڕتر دەکاتەوە و ئۆپەراسیۆنە زەمینیەکانی فراوانتر دەکات کە ئامانجی دەستبەسەرداگرتنی تەواوی کەرتی غەززەیە، کە پێشتر نزیکەی ٧٠%ی ناوچەی وێرانکراوی فەلەستینی داگیرکردووە.
دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە راگرتنی هەناردەکردن لە ڕێگەی بۆری کەرکوک – جەیهانەوە، بەغداد نزیکە لە دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا، ئەوەش دوای لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێم و کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییەکان. سەباح سوبحی ، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: رێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بەردەوامن و نزیکە، هەروەها رێککەوتنێکی سیاسی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هەیە کە ڕێگە خۆشدەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە زووترین کاتدا. سەباح سوبحی، بە رۆژنامەی "العربي الجدید"ی وتووە: دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە زۆر نزیکە، لە هەنگاوێکدا كە رەنگە کۆتایی بە گرێیەك بهێنێت دوو ساڵە و نیو لە نێوان بەغدادو هەولێر بەردەوامبوو، کە گەورەترین بەربەستی بەردەم ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بوو. رونیشیکردووەتەوە: حکومەت نەرمییەکی روونی نیشانداوە لە جێبەجێکردنی داواکاریی کۆمپانیا نەوتییەکان، بە دابینکردنی گەرەنتی یاسایی و دارایی پێویست بۆ پاراستنی مافەکانیان، ئەمەش رێژەی لێکتێگەیشتنەکانی بۆ زیاتر لە (90%) بەرزکردووەتەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە: دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، لانیکەم (230) هەزار بەرمیلی رۆژانە دەگەڕێنێتەوە بۆ بازاڕەكان، ئەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر دۆخی دارایی عێراق و هەرێم دەبێت، بەشداریش دەبێت لە بەهێزكردنی سەقامگیری ئابوری و پاڵپشتیکردنی بودجەی گشتی.
ڕێگریكردن لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكان لە هەولێرو سلێمانی، بەبێ پاساوێكی یاسایی ڕوون، پێشێلكردنی ئازادی ڕادەربڕینە، داوا دەكەین مەرجی بوونی مۆڵەت بۆ كۆنگرەی رۆژنامەگەری لە شوێنی كراوەو داخراودا لاببرێت و رێكخراوەكان ئازادانە و بێ سەركوتكردن كاری خۆیان ئەنجامبدەن. بەیانی رۆژی شەممە 20ی ئەیلولی 2025، بڕیاربوو رێكخراوی پیشەیی مامۆستایان، دەستەی باڵای مامۆستایانی پێشەنگ، دەستەی داكۆكیكردن لە مافی مامۆستایانی،لە باخچەیەك لە بەرامبەر پەرلەمانی كوردستان كۆنگرەیەكی رۆژنامەگەری رێكبخەن، یاداشتێك بخوێننەوە كە داخوازی پیشەیی مامۆستانی لە خۆ گرتوە، هێزە ئەمنییەكان رێگریان لێكردن. مەغدید حاجی لە رێكخراوی پیشەیی مامۆستایان بە تۆڕی 19ی راگەیاند" هێزی ئەمنی بڵاوەی پێكرابوو نەیانهێشت كۆنگرەكە بكەین و رێگەیشیان نەدەدا رۆژنامەنووسان لێمان نزیكببنەوە"ووتی" كۆنگرە رۆژنامەگەرییەكەمان بردە شوێنێكی ترو یاداشتەكەمان خوێندەوە" هەروەها لە 9ی ئەیلولی 2025، بڕیاربوو ڕێكخراوی كوردستانی كۆنگرەی ئازادی و گۆڕانكاری، لە پاركی نالی شاری سلێمانی، كۆنگرەیەكی رۆژنامەگەری ببەستن، هێزە ئەمنییەكان بە پاساوی نەبوونی مۆڵەت، رێگەیان نەدا چالاكییەكەیان ئەنجامبدەن. بەها عومەر بە تۆڕی 19ی ووت "ئامانجمان داكۆكیكردن لە ئازادی و ئەمنیەتی ئەم شارە هەستكردنتان بە بەرپەسیاریەتی و هەلوێست نیشاندانتان بۆ بەرگری كردن لە ئازادی بەڵام رێگەیان نەداین و چوینە شوێنێكی كۆنگرەكەمان ئەنجامدا" ئەو دوو چالاكییە گردبوونەوەی گشتی نەبوون بە مەبەستی خۆپیشاندان، مانگرتن، پەناگیری، وەك لە ماددەی یەكی یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2010، رێكخستنی خۆپیشاندان هاتووە تا رێكخەرانی داوای مۆڵەت لە لایەنی پەیوەندیدار بكەن، ئەوانیش قبوڵ یان رەتیبكەنەوە، بەڵكو كۆنگرەی رۆژنامەگەری بوون بە ئامانجی گەیاندنی پەیامی كۆمەڵی هاوڵاتی بوون بۆ بەرپرسانی حكومەتی هەرێم. یاسای ژمارە (11)ی ساڵی 2010 بۆ ڕێكخستنی خۆپیشاندان، تیشك دەخاتە سەر خۆپیشاندان و ڕێپێوان و كۆبوونەوە لە شوێنە گشتیەكان، بەڵام باسی لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكان نەكردوە، كەچی ئێستا لە زۆربەی شارەكانی هەرێمی كوردستان، نەك لە شوێنی كراوەدا بەڵكو لە هۆڵی داخراویشدا دەزگانی ئاسایش داوای مۆڵەت دەكەن، دەیخەنە چوارچێوەی ئەو یاسایەوە. تۆڕی هاوپەیمانی19 رایدەگەیەنێت: ڕێگریكردن لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكان لە هەولێرو سلێمانی، بەبێ پاساوێكی یاسایی ڕوون، پێشێلكردنی ئازادی ڕادەربڕینە، داوا دەكەین مەرجی بوونی مۆڵەت بۆ كۆنگرەی رۆژنامەگەری لە شوێنی كراوەو داخراودا لاببرێت و رێكخراوەكان ئازادانە و بێ سەركوتكردن كاری خۆیان ئەنجامبدەن. تۆڕی 19 لە لایەن كۆمەڵێك رێكخراو داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ دامەزراوە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرنیسپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵتەییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەڵێت: شاندێکی باڵای دەستەكە سەردانی گرتوخانەی کانی گۆمی و ئوتێلی لالەزاریان کرد. بە گوێرەی راگەیەندراوێكی دەستەكە، ڕۆژی یەکشەممە ٢١/٩ شاندێکی باڵای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەسەرۆکایەتی دکتۆرە مونا یاقۆ سەرۆکی دەستە سەردانی گرتوخانەی کانی گۆمەیان کرد لەشاری سلێمانی. شاندەکه بەجیا سەردانی هەریەک لەلاهور شێخ جنگی و پۆڵاد شێخ جەنگیان کرد کە هەریەکەیان بەتەنیا لەژووریک زیندانین، دواتر سەردانی زیندانیانی تری شەڕەکەی لالەزاریان کرد. دەقى ڕاگەیەندراوەکە,, شاندێکی باڵای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەردانی گرتوخانەی کانی گۆمی و ئوتێلی لالەزاریان کرد. ڕۆژی یەکشەممە ٢١/٩ شاندێکی باڵای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەسەرۆکایەتی دکتۆرە مونا یاقۆ سەرۆکی دەستە سەردانی گرتوخانەی کانی گۆمەیان کرد لەشاری سلێمانی. شاندەکه بەجیا سەردانی هەریەک لەلاهور شێخ جنگی و پۆڵاد شێخ جەنگیان کرد کە هەریەکەیان بەتەنیا لەژووریک زیندانین، دواتر سەردانی زیندانیانی تری شەڕەکەی لالەزاریان کرد. تیمی دەستە بەدوا داچونیان کرد بۆ ڕەوشی تەندروستی و شوێنی مانەوەی زیندانیان بەگشتی تەندروستی سەرجەم زیندانیان باشەو کەس و کاریان سەردانیان دەکەن و ئەوانەی داوای پارێزەریان کردووە بۆیان دابین کراوە وە ئەوەی داوای نەکردوە بەئارەزووی خۆی ڕەتی کردۆتەوەو هەروەها ڕێگە بەتلفۆن کردنیش دراوە بۆیان بەکەس و کاریان. جێگای ئاماژەیە ئەو زیندانیانەی لەڕووداوەکانی لالەزار دەستگیرکرابوون کەپێشتر لەدژە تیرۆر بوون گوازراونەتەوە بۆ زیندانی ئاسایشی کانی گۆمە کەژمارەیان ئێستا زیاترە لە ٢٠٠ زیندانی . لەدوای ڕووداوەکانی شەڕی لالەزارەوە تا ئێستا کەیسەکان یەکلا نەکراوەتنەوە بۆیە زیندانیان داوای یەکلاییکردنەوەی و جیاکردنەوەی کەیسەکانیان دەکەن بەڕێگای دادگا ولەکاتێکی دیاری کراودا. دەستەی مافی مرۆڤ بەئەرکی خۆی دەزانێ بەدواداچون بۆ هەرکەیس و بابەتێک بکات لەهەر شوێنێک بێت و لەنزیکەوەش چاودێری ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ و زیندانیان دەکات بەگشتی وە پشتگیری لە زوو یەکلایی کردنەوەی دۆسیەی ئەو زیندانیانە دەکات لەچوارچێوەی ڕێکارە یاساییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤ . دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان
لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی سوریا، وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەل (پەرلەمان)ی لە بازنەكانی هەڵبژاردنی پارێزگاكان راگەیاند. یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی دوای كەوتنی رژێمی بەشار ئەسەد، بەپێی ئەوەی لیژنەكە بڕیاری لێداوە رۆژی 5ی ئۆكتۆبەری ئایندە بەڕێوەدەچێت. لیژنەی هەڵبژاردنەكانی سوریا وەكو خۆی دەڵێ پشتبەست بە حوكمەكانی (راگەیاندنی دەستوری)و (مەرسومی ژمارە 66ی ساڵی 2025و مەرسومی ژمارە 143ی ساڵی 2025) وادەی هەڵبژاردنەكەی دیاریكردووە. یەكەم هەڵبژاردنی دوای كەوتنی ئەسەد، ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی كورد لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریاو پارێزگای سوەیدای (دروزنشین) ناگرێتەوە، بەبەهانەی ئەوەی ئەم ناوچانە نائارامن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، ئەمەش لەكاتێكدایە هێشتا گفتوگۆی كوردو دەسەڵاتی نوێی سوریا لە دیمەشق نەگەیشتوەتە چارەسەری بنەڕەتی. پێشتر لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا رایگەیاندبوو بەهۆی "ئاڵنگاریی ئەمنی"، هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنەکەیان لە پارێزگەکانی حەسەکە، رەقە و سوەیدا دواخستووە. بڕیارە پێنجى مانگی ئۆکتۆبەر سووریا بە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ناڕاستەوخۆ، ئەندامانی نوێی پەرلەمانەکەی هەڵبژێرێت. سێیەکی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەرەوە دەستنیشان دەکرێن. کۆی گشتیی ئەندامان 210 کەسە و بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەکرێن. پارێزگای سوەیدا کە زۆرینەی دانیشتووانی دروزن، مانگی تەممووز، تووندوتیژیی خوێناویی بەخۆیەوە بینی؛ بەگوێرەی دوایین ئاماری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، زیاتر لە هەزار و 600 کەسی تێدا کوژران، کە زۆرینەیان دروز بوون. سەرەڕای راوەستانی تووندوتیژییەکان، دۆخی ئەمنی لە پارێزگاکەدا هێشتا ئاڵۆزە. شەڕەکەی تەممووز بە پێکدادانی نێوان چەکدارانی دروز و چەکدارانی هۆزە دەشتەکییەکان دەستیپێکرد، دواتر هێزەکانی حکومەت دەستوەردانیان کرد و پەرەیسەند بۆ پێکدادانی خوێناوی. پارێزگاکانی رەققە و حەسەکە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردان. بەڕێوەبەرایەتییەکە پەیوەندییەکی ئاڵۆزی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشقدا هەیە، سەرەڕای ئەوەی لە 10ی ئاداردا رێککەوتنێکیان بۆ یەکخستنی دامەزراوە سڤیل و سەربازییەکان واژۆ کرد، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی نێوانیانەوە، هێشتا بڕگەکانی جێبەجێ نەکراون.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هاوکات لەگەڵ کردنەوەی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریی بەشی دووەمی کۆڕنیشی زاخۆی کردەوە. سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە چوارەم ساڵیادی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، چەند پڕۆژەیەکی گرنگی خزمەتگوزاریی بۆ خزمەتی هاونیشتمانیان کردەوە لەوانەش؛ کردنەوەی نەخۆشخانەی منداڵانی زاخۆ و کردنەوەی بەشی دووەمی کۆڕنیشی زاخۆ و کردنەوەی یەکەم پێشانگای نێودەوڵەتیی بوو لەو شارە. لە درێژەی گەشەپێدانی پرۆژە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان، بەشی دووەمی پرۆژەی کۆڕنیشی زاخۆ بە گوژمەی شەش ملیار دینار تەواو کراوە، ئەم قۆناغە درێژییەکەی سێ کیلۆمەترە و سێ بەنداوێکی بچووکیش لەخۆدەگرێت. لەم قۆناغەدا زیاتر لە 50% ـی پڕۆژەکە سەوزایی لەخۆ دەگرێت، سێ بەنداوی بچووک و شوێنی یاریی منداڵان و شوێنی وەرزشکردن جێبەجێکراوە، جگە لەوەی پیادەی هاتووچۆ بە درێژایی هەشت مەتر بۆ هەر لایەک دروست کراوە، خواردنگە، کافتریا و بەلەمی گەشتیاری لە پرۆژەکەدا هەن؛ بە تەواوبوونی پرۆژەکەش ژمارەی گەشتیاران بۆ زاخۆ زیاتر دەبێت.
کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بە فەرمی دانپێدانانی بە دەوڵەتی فەڵەستیندا راگەیاند، کەنەدا و ئوستراڵیاش هەمان بڕیاریاندا و ئەم هەنگاوەیان وەکو فشارێک بۆسەر ئیسرائیل لێکدایەوە، بۆ راگرتنی شەڕ لە غەززە. سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، بۆ زیندووکردنەوەی ئاشتی لەنێوان فەڵەستین و ئیسرائیل، ئەمڕۆ بەفەرمی دانمان نا بە دەوڵەتی فەلەستیندا و کاردەکەین بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و زیندوو هێشتنەوەی چارەسەری دوو دەوڵەتی، گوتیشی، " ئەمڕۆ ئێمەش دەنگمان دەخەینە پاڵ ئەو 150 وڵاتەی دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە". ستارمەر لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا، کە لە تۆڕی ئێکس بڵاوکرایەوە، جەختی لەوەکردەوە، پێویستە حەماس لە داهاتوودا هیچ رۆڵێکی نەبێت، نە ئیداری نە ئەمنی، هاوکات سزای نوێی بەسەر بزووتنەوەی حەماسدا سەپاند و سزاکەش لە داهاتووی نزیکدا جێبەجێدەکرێن، گوتیشی، پێویستە حەماس دەستبەجێ بارمتەکان ئازاد بکات و بەردەوامدەبن لە هەوڵەکانیان بۆ ئازادکردنیان. سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتی، ئیسرائیلی و فەڵەستینییەکان دەیانەوێت بەبێ توندوتیژی و ئازاردان، بە ئاشتی بژین و گەلی بەریتانیاش دەیەوێت ئەو ویستەیان بەدی بێت. هاوکات حکومەتی ئوستراڵیاش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە ئەوان دان بە خواستی رەوای گەلی فەڵەستین دەنێن، بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی تایبەت بە خۆیان، بەو مەرجەی حەماس هیچ رۆڵێکی لە داهاتوودا نەبێت. مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەداش داننانی بە دەوڵەتی فەڵەستیندا راگەیاند و جەختی لە چارەسەری دوو دەوڵەتی و داهاتوویەکی ئاشتییانە بۆ دۆزی فەڵەستین کردەوە.
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندووە، هەر هێرشێک لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لەلایەن هێزەکانیانەوە وەڵامی توندی دەبێت و جەختی لەوەشکردووەتەوە کە ئامانجی دوژمنەکانیان پوچەڵکردووەتەوە. سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ی ئەیلولی 2025، بە بۆنەی دەستپێکردنەوەی "هەفتەی بەرگریی پیرۆز"، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە، کە پڕۆسەی بەهێزکردنی هێزە چەکدارەکان لە بوارە جیاجیاکاندا ناوەستێت. ئاماژەی بەوەشدا لە ئەگەری هەر هەڵە یان دەستدرێژییەکی نوێ لەلایەن دوژمنەکانیانەوە، ئێران دەستی باڵای دەبێت لە بەرەکانی جەنگدا و وەڵامی توند و کوشندەی دەبێت. سوپای پاسدارانی ئێران دەشڵێت، ئەزموونی جەنگی سەپێنراوی ئەم دواییە دەریخست کە تەنانەت لە سەختترین کاتی گەمارۆ و فشارە ئابوورییەکاندا، هێزە چەکدارەکانیان توانیویانە بە پشتبەستن بە زانست و توانای ناوخۆیی، ئامانجەکانی دوژمن پوچەڵبکەنەوە. لە راگەیەندراوەکەیدا سوپای پاسداران جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێزە چەکدارەکانی ئێران ئامادەن بۆ هەر هێرش و بەرگرییەک، هێزە وشکانی، ئاسمانی و دەریاییەکانیان ئامادەن و هەروەها لە رووی تەکنەلۆجیا و مووشەکەوە لە بەرزترین ئاستی ئامادەباشیدان. 22ی ئەیلولی هەموو ساڵێک بە "هەفتەی بەرگریی پیرۆز" لە ئێران ناسراوە، کە تێیدا لە ساڵی 1980 عێراق لەو رۆژەدا هێرشی کردە سەر ئێران و سەرەتای ئەو هەفتەیە بە "هەفتەی بەرگریی پیرۆز" لای ئێرانییەکان ناودەبرێت. لەو هەفتەیەدا چەندین چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت و ئێران بە یادێکی نیشتمانی دایدەنێت. جێی باسە، لە 13ـی حوزەیرانی 2025 ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و لە 24ـی هەمان مانگ ئاگربەست راگەیەندرا. بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی وڵاتەکە، بەهۆی ئەو هێرشانەوە هەزار و 62 کەس کوژراون و نزیکەی 5 هەزار برینداربوون. هەروەها نزیکەی هەشت هەزار باڵەخانەی نیشتەجێبوون، 219 یەکەی پیشەسازی، 7 نەخۆشخانە و 11 ئۆتۆمبێلی فریاگوزاریی کرانە ئامانج.
ڕونكردنەوەی ئەنجومەنی دەوڵەت رەوانەی ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كرا، وەڵامەکەی ئەنجومەنی دەوڵەت بریتیە لە ١٧ لاپەرەیەو وەڵامەکە یەکلاکەرەوە نیەو بەشێوەیەکی لاستیکی و شیکردنەوەی دوورو درێژ نوسراوە. هاوکات رێکارەکان بۆ رێککەوتنی سێ قۆڵی نێوان هەولێر، بەغداد و کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کۆتاییهاتووە، ئەندامێکى ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش راگەیاند، رەشنووسی رێككەوتنەكە ئامادەیە و تەنها ئیمزای سێ لایەنەكەی ماوە. ئەمڕۆ یەکشەممە ئەنجومەنى دەوڵەت بەبێ ئامادەبوونى نوێنەرانى هەرێمى کوردستان، کۆتایی هێنا بە کۆبوونەوەکانى بۆ ئامادەکردنى بۆچوونى یاسایی خۆى لەبارەى ناکۆکییەکانى هەرێم و بەغداد لەسەر داهاتى نانەوتى، بەو پێیەى بەغداد داواى نیوەى سەرجەم داهاتەکە دەکات و هەرێمیش ئامادەیە تەنها نیوەى داهاتە فیدراڵییەکان بداتە بەغداد. کاروان یاروەیس ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، وەڵامەکەی ئەنجومەنی دەوڵەت بریتیە لە ١٧ لاپەرەو بەنوسراوی فەرمى درایە نووسینگەی سەرۆکی حکومەت و ئەمینداری ئەنجومەنی وەزیران. وەڵامەکە یەکلاکەرەوە نیەو بەشێوەیەکی لاستیکی و شیکردنەوەی دوورو درێژ نوسراوە. ئامادەکردنى بۆچوونەکە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەى هەرێم و بەغداد لە واژۆکردنى کۆتایی رێککەوتنى سێ قۆڵى بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان. بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق راگەیاند، هەموو رێکارەکان بۆ ئەنجامدانی رێکەوتنی سێ قوڵی لە نێوان هەرێم و بەغدا و کۆمپانیا نەوتییەکان، بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کۆتاییهاتووە. وتیشی، رەشنوسی رێکەوتنەکەش ئامادەیە، تەنها ئیمزاکردنی هەر سێ لایەنەکەی ماوە، چاوەڕوانیش دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا رێکەوتنەکە لە بەغدا ئیمزا بکرێت. کاروان یاروەیس ئاماژەی بەوەشکرد، گرفتی کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ حکومەتی عیراق یەکلایی بوەتەوە، دەربارەی دیاریکردنی دادگایەک بۆ یەکلایی کردنەوەی سکاڵاکان، لە نێوان دادگای بەریتانیا و دادگای عیراق، هەردوولا لەسەر دادگای پاریسی نێودەوڵەتی رێکەوتون. ناوبراو وتى "ئەگەر تا سێ شەممە رێکەوتنە سێ قۆڵییەکەی نێوان هەرێم و بەغدادو کۆمپانیاکان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم ئیمزا بکرێت، کێشەی داهاتی نانەوتی چارەسەرکردنی ئاسان دەبێت، چونکە کێشە سەرەکیيەکە نەوتە". لە کۆبوونەوەى رۆژى سێشەممەی رابردوو (9ـی ئەیلولی 2025) ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق گفتوگۆی لەسەر دوو راپۆرتى جیاجیاى هەرێم و بەغداد لەبارەى داهاتى نانەوتى، کە تێیدا هەردوولا جەختیان لەسەر هەڵوێستەکانیان کردووەتەوە، دوای نەگەیشتنە رێککەوتن بڕیاردرا دۆسیەکە ئاڕاستەی ئەنجومەنی دەوڵەت بکرێت. شاخەوان عەبدوڵا جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق بە میدیاى عێراقى راگەیاند، ئەنجومەنى دەوڵەت لە داواکارییەکانى هەرێم تێگەیشتووە و گەیشتووە بە دەرەنجامى ئەوەى کە داواکارییەکانى هەرێم یاساییە و لە چوارچێوەى دەستوردایە. رونیشیکردووەتەوە، ئەمیندارێتى گشتى ئەنجومەنى وەزیران وەڵامەکەى ئەنجومەنى دەوڵەت دەخاتە ناو کارنامەى کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنى وەزیرانەوە
قەسەدە بڵاوی كردەوە، وەزارەتی بەرگری حکومەتی کاتی سووریا هەوڵی خۆدزینەوە دەدات لە بەرپرسیارێتی کۆمەڵکوژییەکەی شەوی ڕابردوو لە دێرحافر ڕاستییەکان دەشێوێنێت، خۆبەڕێوبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاش بە تووندی سەرکۆنەی ئەو کۆمەڵکوژییەی کرد وچەکدارانی سەربە حکومەتی کاتیی دیمەشقی تۆمەتبارکرد. ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات-قەسەدە لە ڕاگەیەندراوێكدا وەڵامی بانگەشەكانی وەزارەتی بەرگری حکومەتی کاتیی سووریا دەدەنەوە. لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەوەی لەلایەن بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی بەرگریی حكومەتی كاتی سوریاوە بڵاوکراوەتەوە، سەبارەت بەو تاوانەی کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانیان بەرانبەر بە هاوڵاتیانی مەدەنی لە گوندی ئوم تینە لە ناوچەی دێرحافر کراوە، جگە لە هەوڵێکی ئاشکرا بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی تاوانەکە شتێكی دیكە نییە. دەشڵێن، ئەم گێڕانەوە شێواو و ئینکارییەی ئەو وەزارەتە ڕەنگدانەوەی سەرلێشێواویی وەزارەتی بەرگرییە و تەنها گوزارشت لە هەڵمەتێكی میدیایی ناکات، بەڵکو بە مانای بێبایەخکردنی ئاشکرای ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی سووریا و شکستخواردنی ئەو وەزارەتەیە لە لێپرسینەوە لە چەکدارەکانی خۆی. هەروەها، لەلایەكی دیكەوە خۆبەڕێوبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە بەیاننامەیەکدا ئەو کۆمەڵکوژییەی بەتوندی سەرکۆنەکرد، کە چەکدارانی حکومەتی کاتی سوریا لە گوندەكانی دێرحافر ئەنجامیاندا و داوایانكرد ئەنجامدەرانی ئەو كۆمەڵكوژییە ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە و سزابدرێن. جێگای ئاماژەیە، درەنگانی شەوی ڕابردوو چەکدارانی سەر بە حکومەتی کاتیی سوریا و گرووپەکانی نزیک لە دەوڵەتی تورک لە دێرحافر کۆمەڵکووژییان ئەنجامدا، کە بوو بە هۆی شەهیدبوونی حەوت کەس و برینداربوونی چواری دیکە کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕێنمایی بۆ سوومەندانی پێشینە و قەرزی بانکەکانی سەر بەوەزارەتی دارایی دەرکرد و تاوەکوو کۆتایی ساڵیش بەردەوام دەبێت. یەکشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری لە نووسراوێکدا ڕایگەیاند، پاڵپشت بە بڕیاریی ئەنجوومەنی وەزیران، بەمەبەستی کارئاسانی بۆ هاووڵاتیانی سوودمەند لە پیشینە و قەرزەکانی بانکەکانی سەر بە وەزارەت بڕیار درا بە لێخۆشبوونی 15% بۆ گشت قەرز و پێشینەکانی 'خانووبەرە، نیشتەجێبوون، کشتوکاڵیی، پیشەسازیی و گەشتوگوزار'. وەزارەتی دارایی لە نووسراوەکەدا داوای لێخۆشبوون لە سوودی دواکەوتن بۆ سوودمەندان لە پێشینەکاندا کردووە و ڕێنماییەکەش تاوەکوو 31-12-2025 کاری پێدەکرێت.
سەرچاوەیەکى ئاگادار ئەمڕۆ یەکشەممە ڕاگەیاند، دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی سزاکەی سەر شاسوار عەبدولواحیدی پەسەندکرد و کەمینەکردەوە. ڕۆژی سێشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2025، لە دادگای سلێمانی، لە سێیەمین دانیشتنی دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جولانەوەی نەوەی نوێ، لەسەر کەیسی شادی نەوزاد سزای پێنج مانگ زیندانی بۆ تاوانبار دەرکرا. کێشەی یاسایی ئەم کەیسەی شاسوار عەبدولواحید بۆ ساڵی 2021 دەگەڕێتەوە، دوای ئەوەی شادی نەوزاد لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان جیا بووەوە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند، لەلایەن شاسوارەوە بە نامەی هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی ڕووتی لێکراوە و لەسەر ئەو هەڕەشانەشی لێیکراوە سکاڵای یاسایی تۆمارکرد. شاسوار عەبدولواحید لە شەوی 12ـی ئابی 2025، لەسەر سکاڵای شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان بە تۆمەتی "ناوزڕاندن و هەڕەشەکردن" دەستگیر کراوە، پێشووتریش چەندین جار سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ بەردەم دادگا بانگهێشت کراوە؛ بەڵام ئامادە نەبووە، بۆیە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووبوو. بەگوتەی سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، کە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند بوو، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە فەرمانی دادوەر و بە ماددەی 431 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە، ماددەکە تایبەتە بە هەڕەشەکردن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2025، بارەگای بارزانی ڕایگەیاند، سەرۆک بارزانی، بەبۆنەی 55 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستانەوە پیرۆزبایی گەرم لە سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندیی یەكێتیی زانایان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە كوردستان دەكات. پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان بەبۆنەی پەنجا و پێنج ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستانەوە پیرۆزبایی گەرم لە سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندیی یەكێتیی زانایان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە كوردستان دەكەم. دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان لەسەر ڕاسپاردەی بارزانیی نەمر هەنگاوێكی مێژوویی بوو بە ئاراستەی بەهێزكردنی ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە شۆڕش و خەباتی گەلەكەمان. ئەم بڕیارە جەختكردنەوە بوو لەسەر پێگەی مامۆستایان و گەورەزانایانی كوردی ئایینی ئیسلام لە بڵاوكردنەوەی تێگەیشتنی نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری و پێكەوەژیان لەناو چینوتوێژەكانی كۆمەڵگە و ڕۆڵیان لە بەرەوپێشەوەبردنی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان لە گشت قۆناغەكاندا. لە یادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان هیوای سەركەوتن بۆ یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی بەڕێز دەخوازم و دەستخۆشی لە ماندووبوون و ئەركە پیرۆزەكەیان دەكەم. خودای گەورە پشت و پەنای هەموولایەكمان بێت. مسعود بارزانی 21ی ئەیلوولی 2025
بڕیاردەرى ڕەوتى هەڵوێست باس لەوەدەکات، ئەگەر کەفالت شمولى ئازادکردنى کاک شاسوار دەکات، حەزدەکەم ئێستا ئازاد بکرێت و مافى خەڵک بداتەوە، چونکە من بەرگرى لەمافى هاوڵاتیان دەکەم،. لەچاوپێکەوتنێکى رۆژنامەوانیدا عەلى حەمەساڵح بڕیاردەرى ڕەوتى هەڵوێست و ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لەسەر دەستگیرکردنى شاسوار عەبدولواحید دەڵێت: زۆر بەڕوونى بیڵێم ئەو بەشەى کە پەیوەندى بەمافى خەڵکەوەیە قسەى لەسەر بکەم ئەگەر کەفالت شمولى ئازادکردنى کاک شاسوار دەکات، حەزدەکەم ئێستا ئازاد بکرێت و مافى خەڵک بداتەوە، چونکە من بەرگرى لەمافى هاوڵاتیان دەکەم، بەڵام ئەگەر بەشێکى پەیوەندى بەسیاسەتەوەیە من دیفاع لەو دەکەم. هەروەها دەشڵێت: بەڵام کاک شاسوار ئەو هەڵەى خۆى بووە ئێستا واى بەسەرهاتووە، هەڵەیە تۆ پارتى و یەکێتى نەناسیت و پێت وابێت دوو هێزى دیموکراتن بەقەدەر قەتەر زەویت دەدەنێ و نزیکەى ٥٠ ملیار دینار قەرزیشت دەدەنێ هیچیشت لێوەرناگرنەوە، خەڵکیش بچێت بۆ دادگا سکاڵاکەى وەرنەگیرێت لەسەرت. سێشەممە 2ـی 9ـی 2025، دادگای سلێمانی لەسەر سکاڵای ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، شاسوار عەبدولواحیدی بە پێنج مانگ زیندانیکردن سزادا. ئەمە لەکاتێکدایە کە 10 دۆسیەی دیکە ماوە سەبارەت بە شاسوار عەبدولواحید یەکلایی ببنەوە. شەوی 12ـی 8ـی 2025، شاسوار عەبدولواحید بە فەرمانی دادوەر و بەپێی مادەی 431 لە یاسای سزادانی عیراقی دەستگیرکرا. دواتر لە رۆژانی 21 و 28ـی 8ـی ئەمساڵ دوو جار دانیشتنی دادگا بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی شاسوار عەبدولواحید دواخرا، ئەمرۆش سێهەم دانیشتنی دادگا ئەنجامدرا و شاسوار عەبدولواحید بە پێنج مانگ زیندانیکردن سزادرا. پێشتریش حاکم سەڵاح حەسەن وتەبێژی دادگای سلێمانی راگەیاندبوو: پڕۆسەی دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید بەپێی یاسای سزادانی عیراقی بەڕێوەدەچێت و هەموو مافێکی تۆمەتبار پارێزراوە، هەروەها جیاوازی لەنێوان هیچ تۆمەتبارێکدا نییە و دادگا بێلایەنی خۆی لەدەست نادات.
لەگەڵ پەرەسەندنی گفتوگۆکان سەبارەت بە ڕێککەوتنێکی نزیک لە نێوان ئیسرائیل و سوریا سەبارەت بە دۆخی باشووری سوریا، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ وەزیرە باڵاکان و بەرپرسانی ئەمنی ئەنجام دەدات بۆ تاوتوێکردنی ڕێککەوتنێکە. کەناڵى ئەلعەرەبیە ڕاپۆرتێکى بڵاوکردەوەو تیایدا ئەوەدەخاتە ڕوو بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل ڕایگەیاندوە، ئەمڕۆ ڕۆن دێرمر وەزیری کاروباری ستراتیجی، کورتەیەک سەبارەت بە دانوستانەکان لەگەڵ سوریا و ئەو ئیمتیازاتانەی کە ڕەنگە ئیسرائیل ناچار بێت لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئەمنیدا بیخاتە ڕوو بۆ ناتانیاهۆ و بەشداربووانی دیکەی دیدارەکە دەخاتە ڕوو. لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە ئیسرائیلییەکان باسیان لەوە کردووە کە ئەمریکا فشارى خستوەتە سەر هەردوولا تاوەکو ناکۆکیەکانى نێوانیان کەمبکەنەوەو دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان دیمەشق و تەلئەبیب بەرەو پێشەوە ببەن ئەمەش بەگوێرەی دەستەی پەخشی ئیسرائیل، ئاماژەی بەوەشکردووە، "فشاری ئەمریکا پێشکەوتنی لە دانوستانەکاندا بەدەستهێناوە، بەڵام ڕێککەوتنی ئەمنی هێشتا ماویەتى و پێنەگەیشتووە". سەرچاوە ئاگادارەکان ڕوونیان کردەوە کە ئەو ڕێککەوتنەی کە دانوستانى لەسەر دەکرێت ئیسرائیل ئامانجیەتی جێگەی ڕێککەوتنی جیاکردنەوەی هێزەکان لە ساڵی ١٩٧٤ بگرێتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئیسرائیل ڕەتیدەکاتەوە بگەڕێتەوە بۆ "رێککەوتنی جیابوونەوە" و پێشنیارێکی نووسراوی جیاوازی لە ڕێگەی تۆم باراک نوێنەری ئەمریکاوە پێشکەش کردووە. بەگوێرەی زانیارى سەرچاوەکان تەلئەبیب پابەندە بە مانەوە لە بنکەی چاودێری چیای حەرمون و پەراوێزی و فراوانکردنی ناوچەی پاراستن و دامەزراندنی سێ ناوچەی داماڵینی سەربازی و دامەزراندنی ڕێکخستنە ئەمنییەکان کە درێژدەبێتەوە بۆ ناوجەرگەی دیمەشق، لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی ئاسمانی لە باشوور. هەروەها لایەنی ئیسرائیلی داوای ڕێڕەوی ئاسمانی بۆ سنووری عێراق دەکات بۆ ئەوەی بگاتە ئێران، لە هەمان کاتدا ئامادەکاری بۆ هەندێک کشانەوە دەکرێت، ئەمە جگە لە دەستبەسەرداگرتنی تەواوەتی بەرزاییەکانی جۆلان. لە بەرامبەردا دیمەشق خوازیاری کاراکردنی ڕێککەوتننامەی جیابوونەوە لە ساڵی ١٩٧٤ و کشانەوەی ئیسرائیل لەو خاکانەی کە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو لە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ داگیری کردوە. هاوکات ئامادەیی خۆی بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی نوێی ئەمنی دەربڕی کە ئاسایشی ئیسرائیل و سەروەری سوریا لەبەرچاو بگرێت، هەروەها پەیوەندی نێوان ئاساییکردنەوە و پەیوەستبوون بە ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم و ئایندەی بەرزاییەکانی جۆلان. هەروەها سوریا پابەندبوونی خۆی بە ڕێزگرتن لە ئاسمانی سوریا دووپاتکردەوە و داوایکرد هێزی نێودەوڵەتی UNDOF چاودێری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە بکات. هاوکات بەرپرسێکی ئیسرائیلی جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل ڕازی نابێت بە کشانەوە لە دیوی سوریای چیای حەرمون، بەپێی کەناڵی 12ی ئیسرائیل، ئەو بەرپرسە دەڵێت "بەڕاستی متمانەمان بەم ڕژێمە سوریایە نییە، بەڵام ئەو ڕێککەوتنە دەتوانێت ڕێگری لە پەرەسەندن بکات و بەشداری بکات لە سەقامگیرکردنی دۆخی سنوورەکان". ئەم زانیاریانە دوای ئەوە هات کە دێرمێر ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لە لەندەن لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا و تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا کۆبووەوە. بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا ڕوونی کردەوە کە هەردوولا لەم دیدارەدا ڕێککەوتن لەسەر خێراکردنی دانوستانەکان بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتن لە هەفتەکانی داهاتوودا. هەروەها لە کاتێکدا بوو کە ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی سوریا دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی نزیکە لە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل سەبارەت بە چارەسەرکردنی دۆخی ئەمنی باشووری سوریا. سوریا و ئیسرائیل لە سەرەتای دامەزراندنی ئیسرائیلەوە لە ساڵی ١٩٤٨ەوە لە دۆخی شەڕدان، هەرچەندە ناوبەناو ماوەی ئارامی هەیە. ئیسرائیل دوای چەند مانگێک لە دەستدرێژی بۆ سەر ناوچەی داماڵراوی چەکداری، وازی لە ئاگربەستی ساڵی 1974 هێنا، کە لە 8ی کانونی یەکەمەوە دەستیپێکرد، دوای ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سوریای لە پۆستەکەی دوورخستەوە. هەروەها هێزەکانی ئیسرائیل سەروەت و سامانی سەربازی سوریایان بۆردومان کرد و هێزەکانیان گەیاندە 20 کیلۆمەتر لە دیمەشقەوە.