ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند، داننان بە دەوڵەتی فەلەستین "تەنها ئەرکێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو داواکارییەکی سیاسییە" و پێویستە وڵاتانی ئەوروپا هەڵوێستەکانیان توندتربکەنەوە بەرامبەر بە ئیسرائیل، ئەگەر بەردەوامبێت لەو کارانەی بەرامبەر بە غەززە دەیکات. ئەمڕۆ هەینی لە میانی سەردانیکردنیدا بۆ وڵاتی سەنگافورە و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، رایگەیاند داننان بە دەوڵەتێکی فەلەستینی "ئەرکێکی ئەخلاقی" و "داواکارییەکی سیاسییە" و دەبێت وڵاتە ئەوروپییەکان هەڵوێستی توندتریان هەبێت بەرامبەر بە ئیسرائیل. بەپێی ڕاگەیاندراوێکی کۆشکی ئەلیزە، ماکرۆن ڕۆژی پێنجشەممە گەیشتە سەنگافورە، کە دوا وێستگەی گەشتەکەی بوو بۆ باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، کە پێشوتر سەردانی ڤێتنام و ئەندەنوسیاشی کرد بو. لە سەردانەکەیدا بۆ ئەندەنوسیا چوارشەممەی ڕابردو، ماکرۆن جەختی لەوە کردەوە کە فەرەنسا بەدوای چارەسەری دوو دەوڵەتیدا دەگەڕێت بۆ کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین، خواستی خۆی دەربڕی بۆ بینینی کۆتایی هاتنی ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین لە ڕێگەی چارەسەری دوو دەوڵەتییەوە و جەختی کردبوەوە لەوەی تەنها چارەسەری سیاسی دەبێتە هۆی گەڕاندنەوەی ئاشتی و کۆتایی هێنان بەو شەڕە نەخوازراوە.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا وتی: ئەم نووسراوەی وەزارەتی دارایی عێراق کە دژی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی دەری کردووە، شتێکی تازە نییە، کاری لەو شێوەیان دژی هاووڵاتییانی هەرێمەکە زۆر کردووە. وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، ئەم نووسراوەی وەزارەتی دارایی عێراق پێشیلی دەستوورە و، سەلمێنەری ئەوەشە کە وەزارەتەکە بڕوای بە دەستووری وڵاتەکە نییە و میزاجی خۆی کردووەتە بنەما بۆ بەڕێوەبردنی وەزارەتەکە. هاوکات ڕایگەیاند: سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، لە یەکەم ڕۆژی دەست بە کاربوونیەوە لەم کابینەیەوە، گوتووێتی "خۆم دەچم بۆ بەغدا بۆ چارەکردنی کێشەکان"، چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا کردووە بۆ مەبەستی چارەکردنی کێشەکان. جەختی لەوە کردەوە، لە قۆناغی زۆر قورستر و ئاڵۆزتر، سەرۆک وەزیران هەردەم لەگەڵ هاووڵاتییانی خۆی بووە، لەم قۆناغەش لەگەڵ هاووڵاتییان دەمێنێتەوە و بە دوای چارەسەردا دەگەڕێت. هەورامانی، هەر لەبارەی نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراقەوە، دەڵێت: ئەو کارە هەم فشارە، هەم پێشێلکردنی مافی هەرێمی کوردستانە، هەروەها بەرپرسانی بەغدا هەمیشە پێشێلی دەستووریان کردووە. سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، بەرپرسانی بەغدا هەمیشە رێز لە ڕێککەوتنەکان و واژۆکانیان ناگرن کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردوویانە، هەروەها هەمیشە ئەوەیان پشڕاست کردووەتەوە کە ڕێککەوتن و دەست لەناو دەست لەگەڵیان کاتیی دەبێت. گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەشڵێت: ئەگەر ئەم سیاسەتی برسیکردنەی عێراق بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، ئەوا تەنیا بە کشانەوەی نوێنەرانی کورد لە بەغدا کۆتایی نایەت، بەڵکو بە دڵنیاییەوە حکوومەت و سەرکردایەتی سیاسیی کورد هەرگیز قبووڵی ناکەن. لە درێژەی قسەکانیدا، هەورامانی، ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق لە ڕاستیدا بڕوای بە فیدراڵییەت نەماوە، تەنیا ماوە ئەو شتەمان بە ڕاستەوخۆ پێ بڵێن. ڕاشیگەیاند: بڕیارەکانی عێراق دژی هەرێمی کوردستان، بە دڵنیاییەوە دەستی دەرەکیشی تێدایە، ئەگەرنا عێراق هێندە بەهێز نییە بڕیارەکانی بە تەنیا بدات. لەبارەی کێشەکانی هەولێر و بەغدا، پێشەوا هەورامانی، گوتی: سەرکردایەتی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە ئاستی باڵا، دەستیان کردووە بە گفتوگۆ لەگەڵ بڕیاربەدەستدانی حکوومەتی فیدراڵ، بۆ چارەکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی. هەورامانی، لەبارەی مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: ئەگەر پێش جەژن وەک نییەتپاکی بەغدا مووچەی مانگی پێنج نەنێرێت، ئەوا ئەو کات سەرکردایەتی سیاسیی کورد بڕیاری خۆی دەدات.
بۆ یەکەمجار داعش هێرشیکردە سەر حکومەتی نوێی سوریا و بەهۆیەوە کوژرا و برینداری لێکەوتەوە و دواتر بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکەش راگەیاند. روانگەی سوری بڵاویکردەوە، لە پارێزگای سوەیدا لەڕێی بۆمبێکی چێندراوەوە داعش ئەندامانی فیرقەی 70ـی سوپای سوریای بەئامانج گرت و بەهۆیەوە كەسێک کە یاوەری هێزەکەی کردوە کوژراوە و سێ ئەندامی هێزەکەی سوپاش بریندار بوون. روانگەی سوری دەشڵێ، ئەوەش یەکەم هێرشی داعشە بەرامبەر حکومەتی نوێی سوریا. لە چەند رۆژی رابردوودا حکومەتی سوریا رایگەیاند، لە نزیک دیمەشق ئەندامانی شانەیەکی داعشیان دەستگیرکردووە کە ئامادەکارییان بۆ هێرش دەکرد. لەدوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەدەوە، بەهۆی بوونی بۆشایی ئەمنی لە ناوچەکانی سوریا داعش چالاکییەکیان دەستپێکردوەتەوە و چەند جارێک هێرشکردوەتە سەر هێزەکانی هەسەدە و ئاسایشی ناوخۆی رۆژاڤا و بەئامانجگرتنی هاووڵاتیانی مەدەنی.
وەزارەتى دارایی عێراق دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بە رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی، هەروەها نەوتی کێڵگەکانی رادەست و هەناردە نەکردووەتەوە، هەر بۆیە چیدی ناتوانن پارە بۆ مووچەی مانگەکانی دیکەی ئەم ساڵ بنێرن. وەزارەتى دارایی عێراق ئەوەی لە وەڵامی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راگەیاندووە کە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بڕیارەکەی تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵی بۆ نەناردنی مووچە بە "پێچەوانەی دەستوور" ناوبرد. وەزارەتى دارایی عێراق دەڵێت، بەگوێرەى یاسای بودجە و بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵى، دەبێ هەرێمى کوردستان داهاتى نەوتى و نانەوتى رادەستى حکومەتى فیدراڵى بکات، تاوەکو وەزارەتى دارایی پارەى مووچە بدات، "وەزارەتى دارایی پابەند بووە بە یاسا و بڕیارى دادگەى فیدراڵى، بەڵام حکومەتى هەرێمى کوردستان پابەند نەبووە". بە گوتەى وەزارەتى دارایی عێراق، هەردوو دیوانى چاودێریى دارایی فیدراڵ و هەرێمى کوردستان بەگوێرەى یاسا راپۆرتیان لەبارەى ژمێرەى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئامادە کردووە و دەرکەوتووە کە "داهاتى نەوتی و نانەوتى هەیە رادەستى حکومەتى فیدراڵیان نەکردووە"، ئاماژەى بەوەشداوە، سەرەڕاى ئەوەى ناردنى پارەى مووچە لەلایەن وەزارەتى داراییەوە بەپێى پشکى هەرێمى کوردستان لە یاساى بودجە بووە، بەڵام ئەو بڕە داهاتە نەوتى و نانەوتییەى حکومەتى هەرێمى کوردستان رادەستى نەکردووە، وای کردووە تێپەڕبێت لەو پشکەى کە لە بودجەدا هەیەتى. وەزارەتى دارایی فیدراڵ رایگەیاندووە، ئەو تێپەڕاندنەى لە پشکى بودجەى هەرێمى کوردستان روویداوە وەزارەتەکەى ناچار کردووە رێوشوێنە یاساییە کارپێکراوەکان بگرێتەبەر بەگوێرەى یاسای بودجە و بڕیارەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵى. لە بەشێکى دیکەى روونکردنەوەکەدا وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ، حکومەتى هەرێمى کوردستان تۆمەتبار دەکات بە پابەند نەبوون بە بەجێکردنى مووچەى فەرمانبەران بە گوێرەى یاسا و بڕیارى دادگەى فیدراڵى، "سەرەڕاى ئەوەى ماوەیەکى زۆر تێپەڕبووە"، هەروەها حکومەتى هەرێمى کوردستان بە بەرپرسیار دەزانێت بەهۆى ئەوەى گوایە پێشێلکاریى بڕیارى دادگەى فیدراڵى کردووە لە بارەى مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینان و تۆڕى کۆمەڵایەتى بەوەى پابەند نەبووە بە رادەستکردنى داهات. وەزارەتى دارایی فیدراڵ رایگەیاندووە، "پابەند نەبوونى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە رادەستکردنى نەوتى کێڵگەکانى بە کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) کە لە یاساى بودجەى گشتى هاتووە و دەستپێنەکردنەوە بە هەناردەى نەوت لە دواى هەموارى یاسای بودجە واى کردووە بە بەهاى چەندین ترلیۆن دینار زیان بەر گەنجینەى گشتى بکەوێت، ئەوەش بە گوێرەى راپۆرتى هاوبەشی هەردوو دیوانى چاودێریى دارایی عێراق و هەرێمى کوردستان".
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بە پێشنیازەکەی نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەبارەی ئاگربەستی غەززە ڕازی بووە. پێنجشەممە 29ـی ئایاری 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، بە پشبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاندووە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بە پێشنیازی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە تایبەتە بە ڕاگەیاندنی ئاگربەسێکی کاتیی لە غەززە و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانییە فەڵەستینییەکان ڕازی بووە. هاوکات کەناڵی 12 و 13ـی ئیسرائیلیش ئەم هەواڵەیان پشتڕاست کردەوە. لای خۆیەوە بزووتنەوەی حەماس، لە کەناڵی خۆی لە تەلەگرام ڕایگەیاندووە: پێشنیازەکەی ویتکۆفمان لەبارەی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە بەدەست گەیشتووە، بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دەکەین، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان بکات. ئەمەش لە کاتێکدایە. ئەمڕۆ مێدیا ئیسرائیلییەکان، بڵاویان کردەوە، ئەو پێشنیازیەی کە شەوی ڕابردوو ویتکۆف خستیتییە بەردەم ئیسرائیل، قۆناغی یەکەم، بریتییە لە؛ ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی 60 ڕۆژی لە کەرتی غەززە، کە لەو ماوەیەدا 9 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەکرێت و 18 تەرمیش بۆ وڵاتەکە دەنێردرێنەوە. بە گوێرەی پێشنیازەکەی ویتکۆف، ئیسرائیل لە ڕۆژی یەکەمدا لەو ناوچانە دەکشێتەوە کە بەم دواییە لە باکووری ڕێڕەوی نەتساریمەوە داگیری کردبوو، هەروەها لە ڕۆژی حەوتەمدا، لەو ناوچانەی کە لە باشووری ڕێڕەوی نەتساریم داگیری کردبوو دەکشێتەوە. مێدیا ئیسرائیلییەکان، وردەکاری پلانی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ چارەکردنی دۆخی غەززە و وەستانی شەڕ لە کەرتەکەدا ئاشکرا کرد. ئەو پێشنیازیەی کە شەوی ڕابردوو خراوەتە بەردەم ئیسرائیل، قۆناغی یەکەم، بریتییە لە؛ ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی 60 ڕۆژی لە کەرتی غەززە، کە لەو ماوەیەدا 9 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەکرێت و 18 تەرمیش بۆ وڵاتەکە دەنێردرێنەوە. بەگوێرەی پێشنیازەکە، ئیسرائیل لە ڕۆژی یەکەمدا لەو ناوچانە دەکشێتەوە کە بەم دواییە لە باکووری ڕێڕەوی نەتساریمەوە داگیری کردبوو، هەروەها لە ڕۆژی حەوتەمدا لەو خاکانەی کە لە باشووری ڕێڕەوی نەتساریم داگیری کردبوو دەکشێتەوە. هەروەها بە بەشداری نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژانە هاوکاریە مرۆییەکان لە کەرتی غەززە دابەش دەکرێت، بەڵام بەپێی پێشنیازەکەی ویتکۆف، دوای تەواوبوونی قۆناغی یەکەمی ئاگربەست، ئەگەر هیچ ڕێكکەوتنێک لەنێوان ئیسرائیل و حەماس نەکرێت، ئەوا ئیسرائیل دەتوانێت شەڕ دەست پێ بکاتەوە. ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێشتر ڕایگەیاندبوو، تێڕوانینێکی زۆر باشی هەیە سەبارەت بە ئەگەری گەیشتن بە ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە. ئاماژەی بەوەش کردبوو، زۆر گەشبینە بە ئەگەری کارکردن لەسەر دوو خاڵ: یەکەمیان؛ ئاگربەستێکی کاتی، دووەمیان؛ ڕێککەوتنێکی درێژخایەن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ.
سهرۆكی توركیا هۆشداریی دهداته هێزهكانی سووریای دیموكرات کە هێشتا بەردەوامن لەسەر تاکتیکەکانی کاتکوشتن، پێویستە دەستبەرداری ئەمە بن سستی له جێبهجێكردنی ڕێككهوتنهكهی لهگهڵ دیمهشق نهكات بۆ تێكهڵاوبوونی به هێزی فهرمی سووریا. لە وتەیەكیدا لەناو فڕۆكەدا بۆ رۆژنامەنوسان لەكاتی گەڕانەوەیدا لە ئازەربایجان، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا وتى: پێویستە یەکپارچەیی خاکی سوریا، پێکهاتەی یەکگرتوویی و یەکێتیی نیشتمانییەکەی بپارێزرێت. پێشتر ڕامانگەیاندبوو بە ئەرێنی پێشوازی لەو ڕێککەوتنە دەکەین کە کراوە، بەڵام دەبینین هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) هێشتا بەردەوامن لەسەر تاکتیکەکانی کاتکوشتن. پێویستە دەستبەرداری ئەمە بن. زۆر لە نزیکەوە چاودێریی جێبەجێ کردنی ئەو بڕیارانە دەکەین کە دەرکراون. ئەوەی گرنگە بەڵێنەکان بەپێی ئەو خشتەی کاتییەی لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە، جێبەجێ بکرێن. گفتوگۆکانمان لەگەڵ سەرکۆماری سوریا، بەڕێز ئەحمەد شەرع لەم چوارچێوەیەدا بوون. سەرۆک کۆمارى تورکیا ئەوەشى خستەڕوو سوپاس بۆ خودا کێشە و گرفت لە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆردا بەدی ناکرێت (مەبەستی لە پرۆسەی ئاشتییە لەگەڵ كورد). پێشهاتەکان باش و لە ئاڕاستەیەکی ئەرێنییدا بەردەوامن. سەرەڕای چەند دەنگێکی ناشاز ئەو پەیامانای دەدرێن زۆر شیاو، ئەرێنی و بنیاتنەرن. بێگومان لە هەر قۆناغێکی نوێدا، لەگەڵ هیواکانماندا ئەرکیشمان زیاد دەکات. ڕهجهب تهیب ئهردۆغان ههروهها ڕایگهیاندووه، دەستورێکی نوێ و مەدەنی بەڵێنێکە و بە گەلەکەمانمان داوە. پاشەکشە کردن لەمە نییە، دەمانەوێت دەقێک بێت کە خاڵی بێت لە شوێنەواری وەسایەت، رەوایەتیی دیموکراسی بەهێز بکات، ماف و ئازادییەکان بپارێزێت. لێرەدا بەدوای فراوانترین ڕێککەوتندا دەگەڕێین. بەداخەوە جەهەپە لەم پرسەشدا هەڵوێستی هەمیشەیی خۆی کە دەڵێت 'ئێمە نامانەوێت' نیشاندا. ئەگەر جەهەپەش هەڵوێستێکی ئاشتەواییانە بەیان بکات، ئێمە بۆچی لەگەڵیان کار نەکەین، کاردەکەین، بەڵام بەداخەوە هەڵوێستێکی لەو جۆرە جێگەی باس نییە. ئێمە دەستووری نوێمان بۆ 86 ملیۆن هاووڵاتی دەوێت نەک بۆ تەیب ئەردۆغان
لەلایەن سوپای تورکەوە ٢٧ جار بە تەقەمەنی قەدەغەکراو، حەوت جار بە گازی کیمیایی و چەکی قورس هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بۆردوومان کراوە. گەریلاکانی ئازادی کوردستانیش لە چوارچێوەی پاراستنی ڕەوادا وەڵامی هێرشەکانی داوەتەوە. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی دەربارەی بەردەوامی هێرشەکانی سوپای تورک ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا گوتی: "لەلایەن سوپای تورک ٢٧ جار بە تەقەمەنی قەدەغەکراو، حەوت جار بە گازی کیمیایی و چەکی قورس بە سەختی سەنگەرەکانی گەریلا لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بۆردوومان کراوە. لە ڕاگەیاندراوی پێشووماندا زانیاریمان بڵاوکردبووەوە لە ئەنجامی هێرشەکاندا هاوڕێمان شیار جزیرە لە مەتینا و هاوڕێمان باران چیا لە زاپ گەیشتن بە کاروانی شەهیدان. لە دژی هێرشە بەردەوامەکانی سوپای تورک، لە چوارچێوەی پاراستنی ڕەوادا گەریلاکانی ئازادی کوردستان وەڵام دەدەنەوە." درێژەی ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیە: "هێرشەکانی سوپای تورک؛ لە ٢١ و ٢٧ی ئایار تونێلەکانمان لە گۆرەپانی بەرخۆدانی شێلازێی هەرێمی مەتینا ١٦ جار، تونێلەکانمان لە گۆرەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ ١١ جار بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردوومان کران. لە نێوان ٢١ و ٢٦ی ئایار تونێلەکانمان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدیی هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ ٧ جار بە گازی کیمیایی بۆردوومان کران. لە نێوان ٢٠ و ٢٧ی ئایار تونێلەکانمان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدیی هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ ١٤ جار، تونێلەکانمان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شێلازێی هەرێمی مەتینا ٦ جار لەلایەن سوپای تورکەوە بە حەفارە کرانە ئامانج و هەڵی داڕوخاندنیان درا. لە نێوان ٢٠ و ٢٨ی ئایار تونێلەکانمان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی بەرێ زینێی هەرێمی خواکوڕک، گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی زەنگل، دێڕەشە، گرگاشێ، سپیندرێ، مژێ، گردی ڕەشید، یەکمالێ، زێڤکێ، حەفتەباخ، کانێ ساركێ، گردی کون و شەهید دلگەشی هەرێمی گارە، گۆڕەپانەکانی بێشیلی، دەرگەلێ، شێلازێ، سەری مەتینایی هەرێمی مەتینا، گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی و گردی بەهاری هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ بە شێوەیەکی سەخت بە چەکی قورس و هاوەن بۆردوومان کران. گەریلاکانی ئازادی کوردستان لە چوارچێوەی پاراستنی ڕەوادا وەڵامی هێرشەکانیان دایەوە. وردەکاری چالاکی هێزەکانمان بەم شێوەیە: ٢٠ی ئایار کاتژمێر ٠٦:٥٠ لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدیی هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ بەچەکی قورس گورز لە ئامانجێک درا کە لە ئامادەکاری هێرشکردندا بوو، وە حەشارگەیەک خاپوورکرا. ٢٠ی ئایار کاتژمێر ١٤:١١ لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدیی هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ گورز لە حەفارەیەک درا کە لە هێرشکردنەسەر تونێلەکانماندا بوو. ٢١ی ئایار کاتژمێر ١٢:٤٠ لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدیی هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ بە چەکی قورس گورز لە ئامانجێک درا کە لە ئامادەکاری هێرشکردندا بوو، وە گورز لە ئۆتۆمبیلێکی زرێپۆش درا. ٢١ی ئایار کاتژمێر ١٤:٠٥ لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدیی هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ لەلایەن هێزەکانی یەژا ستارمانەوە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو تێکشێکندرا کە بۆ هێرشی سەر تونێلەکانمان نێردرا بوو. ٢٢ی ئایار کاتژمێر٢١:٢٠ لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدیی هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ بە چەکی تەکنینکی ئامانجێک تێکشکێندرا کە لە هەوڵی هێرشکردندا بوو، وە گورز لە کۆنتێنەرێک درا. ٢٣ی ئایار کاتژمێر ٢١:٤٠ لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدیی هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ بە چەکی تەکنیکی حەفارەیەک تێکشکێندرا کە لە هێرشی سەر تونێلەکانماندا بوو. ٢٤ی ئایار کاتژمێر ١١:٢٠ لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدیی هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ درۆنێکی بۆمبڕێژکراوە خرایەخوارەوە کە بۆ هێرشکردنەسەر تونێلەکانمان نێردرا بوو. ٢٤ی ئایار کاتژمێر ١٣:٤٠ و ١٧:٠٠ لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدیی هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ بەچەکی حەشارگەیەک تێکشێکندرا کە لە ئامادەکاری هێرشکردندا بوو. حەشارگەیەکی چەکی قورسی A4 تێکدرا و گورز لە حەشارگەیەکی دیکەش درا. ٢٥ی ئایار کاتژمێر ١٤:٢٠ لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدیی هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ بە چەکی تەکنیکی تانکێک تێکشێندرا کە لە هێرشکردنەسەر تونێلەکانماندا بوو. ٢٥ی ئایار کاتژمێر ١٦:٢٠ و ١٦:٤٥ لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدیی هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ بە چەکی قورس وەڵامی ئامانجێک درایەوە کە لە هێرشکردنەسەر تونێلەکانمان دا بوو."
بەمزوانە دۆناڵد ترەمپ سوریا وەكو دەوڵەتێك دەناسێنێت كە پشتیوانی لە تیرۆر ناكات، ئەمەش بەمەبەستی بەهێزكردنی حكومەتی ئێستای سوریایە. تۆماس باراك نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ سوریا، لە كۆشكی گەل لە دیمەشق چاوی بە ئەحمەد شەرع سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریا كەوت. باراك كە هاوكات باڵیۆزی ئەمریكاشە لە توركیا، بەر لە سەردانەكەی بۆلای شەرع، لە دیمەشق بەشداری كرد لە كردنەوەی باڵەخانەی تایبەت لە كاری باڵیۆزی ئەمریكاو بە رۆژنامەنوسانی وت: بەمزوانە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ سوریا وەكو دەوڵەتێك دەناسێنێت كە پشتیوانی لە تیرۆر ناكات، ئەمەبە بەمەبەستی بەهێزكردنی حكومەتی ئێستای سوریایە. نێردەی ئەمریكا باسی لەوەشكرد، كە ئەركی هێزەكانیان لە سوریا لەناوبردنی داعشەو واشنتۆن هانی بازرگانیی لە سوریا دەدات بەمەبەستی سڕینەوەی ئاسەواری سزاكان. هەر ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی سوریا، ئەسعەد شەیبانی و تۆماس باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا، شوێنی نیشتەجێبوونی باڵیۆزی ئەمریکایان لە دیمەشق کردەوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە تۆماس باراك، نوێنەری ئەمریکا گەیشتە شوێنی نیشتەجێبوونی باڵیۆزەکە لە دیمەشق، ئەمەش یەکەم سەردانی فەرمی بوو لە دوای داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٢، ئەمەش دوای ساڵێک لە سەرهەڵدانی شەڕ لەو وڵاتە. باراک لە هەژماری ئێکسی خۆیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، "کارەساتی سوریا لە دابەشبوون لەدایک بووە، دووبارە لەدایکبوونەوەی سوریا دەبێت لەڕێگەی کەرامەت و یەکێتی و وەبەرهێنان لە خەڵکدا بێت". نێردەی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە کە ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا دەرگای ئاشتی کردۆتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵگرتنی سزاکان "دەرگای خۆشگوزەرانی و ئاسایش" بۆ گەلی سوریا دەکاتەوە. بەپێی ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، باراک دامەزرێنەر و سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری خانەنشینکراوی کۆمپانیای کۆڵۆنی کاپیتال ئێڵ ئێڵ سییە کە بنکەکەی لە لۆس ئەنجلۆسە، کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیا تایبەتەکانی وەبەرهێنانی خانووبەرە لە جیهاندا (ئێستا بە دیجیتاڵ بریج ناسراوە) و لە 19 وڵاتدا کاردەکات.
سەرۆککۆماری ئێران مەسعود پزشکیان رایگەیاند، وڵاتەکەی نایەوێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی نابێت و بۆ مەبەستی ئاشتیانە بەکاری دەهێنێت. پزشکیان لە لێدوانێکدا بە تەلەفزیۆنی فەرمی عومانی گوتووە، ئێران لەسەر باوەڕی خۆی و فەتوای رێبەری باڵای وڵاتەکە، هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نادات و دژی ئەو هەنگاوەیە، ئامادەشن لەوبارەیەوە دڵنیایی بدەنە ناوچەکە و جیهان، بەڵام ئێران هەرگیز دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی نابێت لە بوارەکانی پزیشکی و پیشەسازی و کشتوکاڵ، کە ئەوەش یاسا نێودەوڵەتییەکان رێگەیان پێداوە. مەسعود پزیشکیان جەختی لەوەشکردەوە، لە هیچ بارودۆخێکدا پیتاندنی یۆرانیۆم راناگرن و بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران، شانازی وڵاتەکەیە. وڵاتە رۆژئاواییەکان، بەتایبەتی ئەمریکا لە پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران نیگەرانن. وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئەگەر هەڵوێستی رۆژئاواییەکان جەختکردنەوە بێ لەسەر راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە لایەن ئێرانەوە، ئەو کاتە ''لەگەڵ ئەوان هیچ قسەیەکمان نامێنێت؛ پێویستە هەڵوێستی خۆیان روون بکەنەوە.'' دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری بە ئێران داوە کە ئەگەر بە رێککەوتن بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار نەکات، ئەوا هێرشی سەربازی دەکاتە سەر. تاران رەتیکردووەتەوە ئامانجی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بێت، بەڵام بەرزکردنەوەی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم گومانی لای رۆژئاواییەکان دروستکردووە. لە 12ی نیسانی 2025ـەوە پێنج گەڕی دانوستاندن لە نێوان شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە نێوبژیوانی عومان بەڕێوەچوون.
هەمواری یاسای سزاکان کە پێشبینی دەکرا پێش جەژنی قوربان ببرێتە پەرلەمان و پەسەند بکرێت، بەهۆی ڕێکنەکەوتنی ئاکەپە و دەمپارتی بۆ وەرزی یاسادانانی نوێ دوادەخرێت. لە کۆبونەوەی نێوان ئاکەپە و دەمپارتی لە سەر وردەکاری پڕۆژە یاسای سزاکان نەیانتوانی بگەنە ڕێککەوتن، هەمواری یاساکە وەک ئەوەی دەمپارتی پێشنیازی کردبو، 400 هەزار زیندانی لە سەرتاسەری تورکیادا لێی سودمەند دەبون و نزیکەی 60 هەزار زیندانی دۆسیەی کوردیش ئازاد دەکران. هەرچەندە دوای کۆبونەوەکە هەردولا بە ئەرێنی وەسفیان کرد، بەڵام سەزای تەمەلی ئەندامی شاندەکە ڕایگەیاند، گفتوگۆی هەمەلایەنەیان لەسەر پاکێجی دادوەری و کاری کۆمیسیۆن و پرۆسەی دیموکراتیکردنی تورکیا ئەنجامداوە و کۆبونەوەکەش لە کەشێکی دۆستانەدا بوە. بە گوێرەی زانیارییەکان، ئاک پارتی دژی ئەو بەندەی هەمواریی یاساکەیە کە سزاکان بۆ تاوانی ڕێکخراو سوک دەکات، بەهانەی بۆ ئەوەش ئەوەیە کە سزادراوانی گولەنییەکان لێی سودمەند دەبن. سەزای تەمەلی، سەبارەت بە یاسای سزاکان وتی، بەشێک لە گۆڕانکارییەکانی یاسای سزاکان کە جەماوەر پێشبینیان دەکرد ڕوویان نەدا. حکومەتیش دەڵێت: هیچ شیکارییەکی کاریگەر نەکراوە و بەو هۆیەوە گۆڕانکارییەکان تا وەرزی یاسادانانی پایز دوادەکەون.
وەزیری ناوخۆ دووپاتی دەکاتەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری جیددی لەسەر نەهێشتن و وشکردنی سەرچاوەکانی ماددە هۆشبەرەکانی کردووە. دەشڵێت: بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بە شێوەیەکی ترسناک زیادی کردووە. پێنجشەممە، 29-05-2025، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە بە نوێنەرایەتیی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، بەشداریی لە هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی کرد، لە گوتارێکدا باسی لە مەترسییەکانی بڵاوبوونەوە و بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکان کرد. وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەشێکی گوتارەکەیدا گوتی: "ماددەی هۆشبەر یەکێکە لە کێشە هەرە ترسناکەکان کە بەرۆکی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی گرتووە. کێشەیەکە لە هەموو جیهاندا، ڕیشەیەکی مێژوویی هەیە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی هەموو وڵاتان. ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان، تەحەددایەکی جیددین و کاریگەرییەکەیان کەمتر نییە لە تیرۆر، شەڕی ئەمڕۆمان هەر لەگەڵ هەر تیرۆر و تیرۆریستان نییە؛ بەڵکوو هاوکات جەنگێکی تریش هەیە کە بەرەنگاربوونەوەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانە." بە گوتەی ڕێبەر ئەحمەد: "لەم ساڵانەی دواییدا لەسەرتاسەری جیهاندا، ڕێژەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بە شێوەیەکی ترسناک زیادی کردووە، بەتایبەتی لەنێو گەنجان و هەرزەکاراندا. هەروەها بازاڕی ئەم ماددانە بووەتە هۆی گەشەسەندنی دارایی بۆ دەستە تاوانکارییەکان، ئەمەش گرفتەکەی چەند بەرانبەر کردووە." وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەش دا "بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی (UNODC) نزیکەی 275 ملیۆن کەس لە ساڵی 2022، لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی جیهاندا ماددە هۆشبەرەکانیان بەکار هێناوە. ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیش لە ڕێخکراوی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە، ساڵانە نزیکەی 500 هەزار کەس بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە گیان لە دەست دەدەن و بە دەیان هەزار کەسی تریش تووشێ نەخۆشی و گیروگرفتی دەروونی و جەستەیی دەبن." وەکوو ئەوەی ڕێبەر ئەحمەد باسی کرد "بەداخەوە بە هۆی ڕەوشی ناوچەکە و ناسەقامگیریی سیاسی، ئابووری و سەربازی، عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستانیش لەم دەردە کوشندەیە بەدەر نەبوونە. بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی هەرێمی کوردستان کــە کەوتووەتە ناوەڕاستی وڵاتانی بەرهەمهێنان و دروستکردنی ماددە هۆشبەرەکان، ڕێگەکانی گواستنەوە بۆ وڵاتە جۆراوجۆرەکان؛ بۆیە، هەرێمی کوردستانیش بەرکەوتەی ڕاستەوخۆی ماددە هۆشبەرەکانە." وەزیری ناوخۆ جەختیشی کردەوە "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پلانێکی ستراتیجی و بەرنامەی تۆکمە، کاری جیددی لەسەر نەهێشتن و وشکردنی سەرچاوەکانی ماددە هۆشبەرەکانی کردووە. وەزارەتە تایبەتەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش، هەماهەنگی و کاری باشیان ئەنجام داوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییە، بەڵام هێشتاش پێویستی بە کاری زیاترە. لەم ڕووەشەوە، هەماهەنگیی باش و ئۆپەراسیۆنی هاوبەش، لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵدا هەیە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پەیوەندی، هەماهەنگی و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان هەیە."
نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا هۆشداریدا لە گەیشتنی کاندیدە لاوازەکان بۆ پەرلەمانی داهاتوو، تا ئەنجومەنی نوێنەران لەم دۆخەی ئێستادا نەمێنێتەوە، كە جێی بەزەییە. دەشڵێت: ئەو پارە زۆرەی ئەمڕۆ دەیبینێت، هەر گیز لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا نەیبینیوەو، وڵاتێک دەناسێت کە دەیەوێت (100) کورسی بکڕێت و بۆ هەر پەرلەمانتارێك یەک ملیۆن دۆلار دەدات. مالیكی، لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی حزبەكەی وتی: ئومێدم بە هاوڵاتیانە کە دەنگەکانیان بە (٥٠) یان (١٠٠) دۆلار نەفرۆشن، هیوادارم خاوەن لیستەکان خۆیان لەم شێوازەی جەمسەرگیرییە بەدوور بگرن، چونکە بەو کارە تاکی لاواز دەهێننە ناو پێگەی سەرکردایەتیكردنی میللەتەوە، ئەمە بە شەرع قەدەغەیەو ئەو پارەیەش بە ناڕەوا بە دەستهاتووە. وتیشی: دەمانەوێت ئەوانەی دەگەنە پەرلەمان، لەوە تێبگەن کە ئەنجومەنی نوێنەران دامەزراوەیەکی چاودێری یاساییە، نەک دامەزراوەیەکی سیاسی جێبەجێکار، ئەوەش بۆ ئەوەی جارێکی تر پەرلەمان نەگاتە ئەو دۆخەى ئەمڕۆ پێی گەیشتووەو جێى بەزییە، چونکە ئەوانەی تێیدا خزمەتیان کردووە پێیان وابوو رکابەری دەسەڵاتی جێبەجێکردنن. مالیكی، لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئاماژەی بەوەكرد: وڵاتێکی دیاریکراو دەناسم کە پەیوەندی بە هێزێکی سیاسییەوە کردووە و، رێنمایی کردون کە هەر پەرلەمانتارێك بە یەک ملیۆن دۆلار بکڕن، بە (١٠٠) ملیۆن دۆلار (١٠٠) پەرلەمانتار بکڕن، بەم کارە ئیرادەی میللەت دەکڕن، هەموو وڵاتێک هەوڵی کۆنترۆڵکردنی پەرلەمان دەدات چونکە گیانی پڕۆسەی سیاسییە. جەختیشكرد لەوەی، هەڵبژاردنی داهاتوو بە پارە كۆنتڕۆڵ دەكرێت، کێبڕکێەكەش دارایی دەبێت، کە بە درێژایی هەموو هەڵبژاردنەکانی پێشووهەرگیز شاهیدی ئەوە نەبووین پارەیەکی وەها گەورە بۆ کاندیدەکان دابین بکرێت، لەوانەیە ئەم پارەیە لە گەندەڵی یان پارەی دەرەکی بێت. باسى لەوەشكرد: ئیرادەی ئەوانەی نایانەوێت یاسای هەڵبژاردن بگۆڕێت، یەكیگرت لەگەڵ ئیرادەی ئەوانەی نایانەوێت یاسای حەشدی شەعبی پەسەند بكرێت، ئەنجامەکەی پەکخستنی دانیشتنەکانی پەرلەمان بوو، بە ئاشکرا بایکۆتی دانیشتنەکانیان کرد، نەدەبوو ئیدارەی پەرلەمان ملکەچی ئەم فشارە بێت، چونکە بەرژەوەندی گشتی پێسپێردراوە، سەرۆکایەتی پەرلەمان بەرپرسیارێتی پەککەوتنەکەی لە ئەستۆیە، لەگەڵ ئەو هێزە سیاسییانەی کە بەرپرسن لە شكاندنی نیسابی یاسایی.
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، هۆشداری دەداتە دامەزراوە و دەزگا حکومییەکان لە پێشخستنی هەر جۆرە مامەڵەیەكی خانەنشینی پێش ئەوەی فەرمانبەر تەمەنی شەست ساڵی تەواوبكات، جەختیشیدەكاتەوە، هەر سەرپێچییەک لەو تەمەنەدا، پێشێلکارییەکی یاسایی روونە و پێویست بە لێپرسینەوە دەکات. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەكە بە رۆژنامەی "الصباح"ی راگەیاندووە: تەمەنی یاسایی بۆ خانەنشینكردن بەپێی یاسای کارپێکراو، تەواوكردنی شەست ساڵە، هیچ لایەك مافی ئەوەی نییە پێش ئەم بەروارە فەرمانبەر رەوانەی خانەنشینی بكات، کە بە وردی لەڕووی رۆژ و مانگ و ساڵەوە هەژمار دەکرێت. ئاماژەی بەوەشکرد: هەندێک لە دەزگاکانی حکومەت تەمەنی خانەنشینی لەخۆیانەوە شرۆڤە دەكەن، ئەوەش دەبێتە هۆی شێواندنی کارگێڕی و وەزیفی لەناو دامەزراوەکاندا. داواشیكرد بە توند پابەندبون بە یاسا و مافەکانی فەرمانبەران بە تەواوی زامن بكەن. جەمال كۆچەر، جەختی لە گرنگی توندکردنەوەی چاودێریکردنی جێبەجێکردنی رێنماییەکانی خانەنشینی کردەوە، بۆ دڵنیابون لە جێبەجێکردنی یاساکە بە شێوەیەکی دادپەروەرانەو، بەفیڕۆنەدانی مافی فەرمانبەران یان دامەزراوەکان روبەڕوی لێپرسینەوەی یاسایی بكەن.
ئیلۆن مەسک، ملیاردێری ئەمەریکی دەستی لە پۆستی ئیدارەی ترەمپ کێشایەوە، کە سەرۆکایەتیی وەزارەتێکی دەکرد، بە ناوی 'کۆمیسیۆنی کارایی حکوومەت'، ئامانج لێی کەمکردنەوەی خەرجییە فیدراڵیەکان بوو. لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا سوپاسی ترەمپی کرد، گوتی: ماوەی کارکردنی وەک کارمەندێکی تایبەتی حکوومەت نزیک بوو لە کۆتایی. بۆیە پێویستە دەست لە کار بکشێنمەوە. نووسیویەتی "لە کاتێکدا ماوەی کارکردنم وەک کارمەندێکی تایبەتی حکوومەت نزیک دەبێتەوە لە کۆتایی، دەمەوێت سوپاسی سەرۆک ترەمپ بکەم بۆ ئەو دەرفەتەی بەشداری پێکردم لە کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان." ئاماژەی بەوەش کرد "ئەرکی کۆمیسیۆنی کارایی حکوومەت تەنیا بە تێپەڕبوونی کات بەهێزتر دەبێت، دەبێتە شێوازێکی ژیان لە سەرانسەری حکوومەتدا". ئەرکی ماسک وەک فەرمانبەرێکی حکوومەت لە کۆتایی مانگی ئایاری ساڵی داهاتوو کۆتایی دێت. ترەمپ ئەرکی هاوپەیمانی خۆی بە ماسکی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکانی تێسلا و سپەیس ئێکسی سپارد، تاکوو سەرکردایەتیی هەوڵەکانی کۆمیسیۆنی کارایی حکوومەت بکات، بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکوومەت و دووبارە دارشتنی حکوومەتی فیدراڵی. ناڕەزایی لە سەرانسەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا زۆر بوو، ئەوەش لەدوای شێوازی بێبەزەییانەی ماسک بۆ دەرکردنی دەیان هەزار کرێکاری حکوومەت. بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، نزیکەی 200 هەزار کارمەند لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و بڕیارە کۆتایی بە کارەکانیان بهێنن، یان یەکلاییکردنەوەی خانەنشینییان قبوڵ کردووە. یاسادانەرانی کۆمارییەکان لە کۆبوونەوە و گردبوونەوە گشتییەکاندا ڕووبەڕووی توڕەیی دەنگدەران بوونەتەوە و هەوڵی زۆر بۆ بەڕێوەبردنی کارایی حکوومەت، بووە بابەتی ناکۆکی یاسایی.
نوری مالکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێ، پەیوەندی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان بە ئاڵۆزیدا تێپەڕیوە، هیچ بناغەیەکی دروست بۆ ئەو پەیوەندییە دانەنراوە، دەشڵێت، دەبێت کێشەی لامەرکەزی و دابەشکردنی سامانەکان چارەسەربکرێت. نوری مالکی لە نوێترین چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەناڵی ئاسمانیی ئافاق باسی لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق کرد و گوتی، هەڵبژاردن لە تێگەیشتنە نیشتمانییەکەیدا وێستگەیەکە لە وێستگەکانی یەکگرتن و لێکنزیکبوونەوەی نێوان پێکهاتەکان. جەختی لەوەشکردەوە، رازی نابن بەهیچ کاندیدێک کە باوەڕی بە گرنگیی یاسا و پابەندبوون بە یاساوە نەبێت، هەر کەسیش پێشێلی یاسا بکات لای ئەوان جێگای نابێتەوە. مالکی راشیگەیاند، حکومەت بەرپرسیارە لە لێپرسینەوە لەو کەسانەی پارەی گشتی بە سودی خۆیان و کۆکردنەوەی دەنگ بەکاردەهێنن، دەشڵێ، ناکۆکییەکان لەسەر یاسای ئێستای هەڵبژاردن هۆکارێک بوو بۆ پەکخستنی دانیشتنەکانی پەرلەمان.