وەزیری ناوخۆ دووپاتی دەکاتەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری جیددی لەسەر نەهێشتن و وشکردنی سەرچاوەکانی ماددە هۆشبەرەکانی کردووە. دەشڵێت: بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بە شێوەیەکی ترسناک زیادی کردووە. پێنجشەممە، 29-05-2025، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە بە نوێنەرایەتیی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، بەشداریی لە هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی کرد، لە گوتارێکدا باسی لە مەترسییەکانی بڵاوبوونەوە و بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکان کرد.  وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەشێکی گوتارەکەیدا گوتی: "ماددەی هۆشبەر یەکێکە لە کێشە هەرە ترسناکەکان کە بەرۆکی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی گرتووە. کێشەیەکە لە هەموو جیهاندا، ڕیشەیەکی مێژوویی هەیە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی هەموو وڵاتان. ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان، تەحەددایەکی جیددین و کاریگەرییەکەیان کەمتر نییە لە تیرۆر، شەڕی ئەمڕۆمان هەر لەگەڵ هەر تیرۆر و تیرۆریستان نییە؛ بەڵکوو هاوکات جەنگێکی تریش هەیە کە بەرەنگاربوونەوەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانە." بە گوتەی ڕێبەر ئەحمەد: "لەم ساڵانەی دواییدا لەسەرتاسەری جیهاندا، ڕێژەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بە شێوەیەکی ترسناک زیادی کردووە، بەتایبەتی لەنێو گەنجان و هەرزەکاراندا. هەروەها بازاڕی ئەم ماددانە بووەتە هۆی گەشەسەندنی دارایی بۆ دەستە تاوانکارییەکان، ئەمەش گرفتەکەی چەند بەرانبەر کردووە." وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەش دا "بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی (UNODC) نزیکەی 275 ملیۆن کەس لە ساڵی 2022، لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی جیهاندا ماددە هۆشبەرەکانیان بەکار هێناوە. ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیش لە ڕێخکراوی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە، ساڵانە نزیکەی 500 هەزار کەس بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە گیان لە دەست دەدەن و بە دەیان هەزار کەسی تریش تووشێ نەخۆشی و گیروگرفتی دەروونی و جەستەیی دەبن." وەکوو ئەوەی ڕێبەر ئەحمەد باسی کرد "بەداخەوە بە هۆی ڕەوشی ناوچەکە و ناسەقامگیریی سیاسی، ئابووری و سەربازی، عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستانیش لەم دەردە کوشندەیە بەدەر نەبوونە. بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی هەرێمی کوردستان کــە کەوتووەتە ناوەڕاستی وڵاتانی بەرهەمهێنان و دروستکردنی ماددە هۆشبەرەکان، ڕێگەکانی گواستنەوە بۆ وڵاتە جۆراوجۆرەکان؛ بۆیە، هەرێمی کوردستانیش بەرکەوتەی ڕاستەوخۆی ماددە هۆشبەرەکانە." وەزیری ناوخۆ جەختیشی کردەوە "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پلانێکی ستراتیجی و بەرنامەی تۆکمە، کاری جیددی لەسەر نەهێشتن و وشکردنی سەرچاوەکانی ماددە هۆشبەرەکانی کردووە. وەزارەتە تایبەتەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش، هەماهەنگی و کاری باشیان ئەنجام داوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییە، بەڵام هێشتاش پێویستی بە کاری زیاترە. لەم ڕووەشەوە، هەماهەنگیی باش و ئۆپەراسیۆنی هاوبەش، لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵدا هەیە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پەیوەندی، هەماهەنگی و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان هەیە."

  نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا هۆشداریدا لە گەیشتنی کاندیدە لاوازەکان بۆ پەرلەمانی داهاتوو، تا ئەنجومەنی نوێنەران لەم دۆخەی ئێستادا نەمێنێتەوە، كە جێی بەزەییە. دەشڵێت: ئەو پارە زۆرەی ئەمڕۆ دەیبینێت، هەر گیز لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا نەیبینیوەو، وڵاتێک دەناسێت کە دەیەوێت (100) کورسی بکڕێت و بۆ هەر پەرلەمانتارێك یەک ملیۆن دۆلار دەدات. مالیكی، لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی حزبەكەی وتی:  ئومێدم بە هاوڵاتیانە کە دەنگەکانیان بە (٥٠) یان (١٠٠) دۆلار نەفرۆشن، هیوادارم خاوەن لیستەکان خۆیان لەم شێوازەی جەمسەرگیرییە بەدوور بگرن، چونکە بەو کارە تاکی لاواز دەهێننە ناو پێگەی سەرکردایەتیكردنی میللەتەوە، ئەمە بە شەرع قەدەغەیەو ئەو پارەیەش بە ناڕەوا بە دەستهاتووە. وتیشی: دەمانەوێت ئەوانەی دەگەنە پەرلەمان، لەوە تێبگەن کە ئەنجومەنی نوێنەران دامەزراوەیەکی چاودێری یاساییە، نەک دامەزراوەیەکی سیاسی جێبەجێکار،  ئەوەش بۆ ئەوەی جارێکی تر پەرلەمان نەگاتە ئەو دۆخەى ئەمڕۆ پێی گەیشتووەو جێى بەزییە، چونکە ئەوانەی تێیدا خزمەتیان کردووە پێیان وابوو رکابەری دەسەڵاتی جێبەجێکردنن. مالیكی، لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئاماژەی بەوەكرد: وڵاتێکی دیاریکراو دەناسم کە پەیوەندی بە هێزێکی سیاسییەوە کردووە و، رێنمایی کردون کە هەر پەرلەمانتارێك بە یەک ملیۆن دۆلار بکڕن،  بە (١٠٠) ملیۆن دۆلار  (١٠٠) پەرلەمانتار بکڕن، بەم کارە ئیرادەی میللەت دەکڕن، هەموو وڵاتێک هەوڵی کۆنترۆڵکردنی پەرلەمان دەدات چونکە گیانی پڕۆسەی سیاسییە.  جەختیشكرد لەوەی، هەڵبژاردنی داهاتوو بە پارە كۆنتڕۆڵ دەكرێت، کێبڕکێەكەش دارایی دەبێت، کە بە درێژایی هەموو هەڵبژاردنەکانی پێشووهەرگیز شاهیدی ئەوە نەبووین پارەیەکی وەها گەورە بۆ کاندیدەکان دابین بکرێت، لەوانەیە ئەم پارەیە لە گەندەڵی یان پارەی دەرەکی بێت. باسى لەوەشكرد: ئیرادەی ئەوانەی نایانەوێت یاسای هەڵبژاردن بگۆڕێت،  یەكیگرت لەگەڵ ئیرادەی ئەوانەی نایانەوێت یاسای حەشدی شەعبی پەسەند بكرێت، ئەنجامەکەی پەکخستنی دانیشتنەکانی پەرلەمان بوو، بە ئاشکرا بایکۆتی دانیشتنەکانیان کرد، نەدەبوو ئیدارەی پەرلەمان ملکەچی ئەم فشارە بێت، چونکە بەرژەوەندی گشتی پێسپێردراوە، سەرۆکایەتی پەرلەمان بەرپرسیارێتی پەککەوتنەکەی لە ئەستۆیە، لەگەڵ ئەو هێزە سیاسییانەی کە بەرپرسن لە شكاندنی نیسابی یاسایی.

  لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، هۆشداری دەداتە دامەزراوە و دەزگا حکومییەکان لە پێشخستنی هەر جۆرە مامەڵەیەكی خانەنشینی پێش ئەوەی فەرمانبەر تەمەنی شەست ساڵی تەواوبكات، جەختیشیدەكاتەوە، هەر سەرپێچییەک لەو تەمەنەدا، پێشێلکارییەکی یاسایی روونە و پێویست بە لێپرسینەوە دەکات. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەكە بە رۆژنامەی "الصباح"ی راگەیاندووە: تەمەنی یاسایی بۆ خانەنشینكردن بەپێی یاسای کارپێکراو، تەواوكردنی شەست ساڵە، هیچ لایەك مافی ئەوەی نییە پێش ئەم بەروارە فەرمانبەر رەوانەی خانەنشینی بكات، کە بە وردی لەڕووی رۆژ و مانگ و ساڵەوە هەژمار دەکرێت. ئاماژەی بەوەشکرد: هەندێک لە دەزگاکانی حکومەت تەمەنی خانەنشینی لەخۆیانەوە شرۆڤە دەكەن، ئەوەش دەبێتە هۆی شێواندنی کارگێڕی و وەزیفی لەناو دامەزراوەکاندا.  داواشیكرد بە توند پابەندبون بە یاسا و مافەکانی فەرمانبەران بە تەواوی زامن بكەن. جەمال كۆچەر، جەختی لە گرنگی توندکردنەوەی چاودێریکردنی جێبەجێکردنی رێنماییەکانی خانەنشینی کردەوە، بۆ دڵنیابون لە جێبەجێکردنی یاساکە بە شێوەیەکی دادپەروەرانەو، بەفیڕۆنەدانی مافی فەرمانبەران یان دامەزراوەکان روبەڕوی لێپرسینەوەی یاسایی بكەن.

  ئیلۆن مەسک، ملیاردێری ئەمەریکی دەستی لە پۆستی ئیدارەی ترەمپ کێشایەوە، کە سەرۆکایەتیی وەزارەتێکی دەکرد، بە ناوی 'کۆمیسیۆنی کارایی حکوومەت'، ئامانج لێی کەمکردنەوەی خەرجییە فیدراڵیەکان بوو. لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا سوپاسی ترەمپی کرد، گوتی: ماوەی کارکردنی وەک کارمەندێکی تایبەتی حکوومەت نزیک بوو لە کۆتایی. بۆیە پێویستە دەست لە کار بکشێنمەوە. نووسیویەتی "لە کاتێکدا ماوەی کارکردنم وەک کارمەندێکی تایبەتی حکوومەت نزیک دەبێتەوە لە کۆتایی، دەمەوێت سوپاسی سەرۆک ترەمپ بکەم بۆ ئەو دەرفەتەی بەشداری پێکردم لە کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان." ئاماژەی بەوەش کرد "ئەرکی کۆمیسیۆنی کارایی حکوومەت تەنیا بە تێپەڕبوونی کات بەهێزتر دەبێت، دەبێتە شێوازێکی ژیان لە سەرانسەری حکوومەتدا". ئەرکی ماسک وەک فەرمانبەرێکی حکوومەت لە کۆتایی مانگی ئایاری ساڵی داهاتوو کۆتایی دێت. ترەمپ ئەرکی هاوپەیمانی خۆی بە ماسکی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکانی تێسلا و سپەیس ئێکسی سپارد، تاکوو سەرکردایەتیی هەوڵەکانی کۆمیسیۆنی کارایی حکوومەت بکات، بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکوومەت و دووبارە دارشتنی حکوومەتی فیدراڵی. ناڕەزایی لە سەرانسەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا زۆر بوو، ئەوەش لەدوای شێوازی بێبەزەییانەی ماسک بۆ دەرکردنی دەیان هەزار کرێکاری حکوومەت. بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، نزیکەی 200 هەزار کارمەند لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و بڕیارە کۆتایی بە کارەکانیان بهێنن، یان یەکلاییکردنەوەی خانەنشینییان قبوڵ کردووە. یاسادانەرانی کۆمارییەکان لە کۆبوونەوە و گردبوونەوە گشتییەکاندا ڕووبەڕووی توڕەیی دەنگدەران بوونەتەوە و هەوڵی زۆر بۆ بەڕێوەبردنی کارایی حکوومەت، بووە بابەتی ناکۆکی یاسایی.

  نوری مالکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێ، پەیوەندی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان بە ئاڵۆزیدا تێپەڕیوە، هیچ بناغەیەکی دروست بۆ ئەو پەیوەندییە دانەنراوە، دەشڵێت، دەبێت کێشەی لامەرکەزی و دابەشکردنی سامانەکان چارەسەربکرێت. نوری مالکی لە نوێترین چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەناڵی ئاسمانیی ئافاق باسی لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق کرد و گوتی، هەڵبژاردن لە تێگەیشتنە نیشتمانییەکەیدا وێستگەیەکە لە وێستگەکانی یەکگرتن و لێکنزیکبوونەوەی نێوان پێکهاتەکان. جەختی لەوەشکردەوە، رازی نابن بەهیچ کاندیدێک کە باوەڕی بە گرنگیی یاسا و پابەندبوون بە یاساوە نەبێت، هەر کەسیش پێشێلی یاسا بکات لای ئەوان جێگای نابێتەوە. مالکی راشیگەیاند، حکومەت بەرپرسیارە لە لێپرسینەوە لەو کەسانەی پارەی گشتی بە سودی خۆیان و کۆکردنەوەی دەنگ بەکاردەهێنن، دەشڵێ، ناکۆکییەکان لەسەر یاسای ئێستای هەڵبژاردن هۆکارێک بوو بۆ پەکخستنی دانیشتنەکانی پەرلەمان.

  نێچیرڤان بارزانی و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەیان کرد. سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "پێشهاتەکانی کوردستان، عێراق  ناوچەکەمان تاوتوێ کرد."   نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەڵێت، "پێزانینم هەیە بۆ پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئەمشەوی وەزیر روبیۆ".   سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی نێوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەوە دەڵێت، "پابەندبوونی هاوبەشم بۆ ئاشتی، سەقامگیری و هاوبەشیی بەهێز لەنێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکان دووپات کردەوە."   دەقی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە:    ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2025-5-28 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنى له‌ به‌ڕێز مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکاوه‌ پێگه‌یشت.   له‌ په‌يوه‌ندييه‌كه‌دا هه‌ردوولا جەختیان له‌ بره‌ودان به‌ پەیوەنديی ستراتیژيی ئەمه‌ریکا و هەرێمی کوردستان کردەوە، هەروەها باسيان له‌ هاريكاريى بوارى ئابوورى، وزه‌ و گرنگيی بەردەوامبوونی هەماهەنگیى نێوانيان کرد بۆ پشتگيريى سەقامگیری و ئارامى لە عێراق، سووریا و ناوچەکە به‌گشتی.   به‌ڕێز وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا سوپاسی سەرۆک نێچيرڤان بارزانی کرد بۆ رۆڵ و هەوڵەکانی لە چارەسەرکردنی کێشەكانى نێوان حکومەتی عێراقى فيدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی لێكگه‌یشتن و گفتوگۆی بنیاتنەرانه‌وە.   به‌ڕێز رۆبيۆ جەختی لەوە کردەوە کە پشتگيريی ئەمه‌ریکا بۆ هەرێمی کوردستان، به‌ بنەمایەکی سەرەکيی پەیوەنديی ستراتيژيى ئەمه‌ریکا لەگەڵ عێراقدا دەمێنێتەوە. له‌ به‌رامبه‌ردا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانينى بۆ پشتگيريى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

  وه‌زاره‌تی دارایی عێراق بۆ حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت رێژەی (12.67)ـی تەرخانكراوی پشكی هەرێم بۆ بودجەی سێ ساڵی (2023، 2024 و 2025) كۆتایی هاتوە و ناتوانن موچەی مانگی پێنجیان بۆ بنێرن. ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش دەڵێت: داهاتی نه‌وت نادیاره‌ و داهاتی ناوخۆش موچه‌ی هەشت مانگی ساڵی (2025)ـی موچەخۆرانی هەرێمی خستوەتە بەردەم مەترسییەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە، سۆران عومه‌ر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردوەتەوە؛ لەڕێگەی نوسراوی ژمارە (14502)ـوە وه‌زاره‌تی دارایی عێراق، حكومەتی هەرێمی كوردستانی دەربارەی موچەی مانگی پێنج  ئاگاداركردوەتەوە كە رێژەی (12.67)ـی تەرخانكراوی پشكی هەرێم بۆ بودجەی سێ ساڵی (2023، 2024 و 2025) كۆتایی هاتوە. رونیكردوەتەوە، وەزارەتی دارایی سەرجەم داهاتی نه‌وتی و نانه‌وتی هه‌رێمی بۆ بودجی هەرسێ ساڵەكەی له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕە پارەی بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێمی ناردوە، هەژمار كردوە، كەئەمەش پێشهاتێكی نوێیە و ساڵی رابردو بۆ بودجه‌ی (2024/10) رویدا. ئەندامەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، ئه‌م بابه‌ته‌ پێویستی به‌هه‌ڵوێسته‌، چونكە داهاتی نه‌وت كه‌ هه‌رێم بردویه‌تی نادیاره‌، داهاتی ناوخۆش كه‌ (1/5)ـی بۆ بەغداد گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه‌ موچه‌ی هەشت مانگی ساڵی (2025)ـی موچەخۆرانی هەرێمی خستوەتە بەردەم مەترسییەوە.

  بەپێى خاڵێکى ڕێککەوتننامەکەى نێوان ئەنجومەنی گشتیی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق، دەبووایە ئەمڕۆ قۆناغى دووەمى دیلەکانى نێوانیان لەدواى ٥٥ڕؤژ دواخستنى ئاڵوگؤربکەن، بەڵام بە هۆکارێکی نادیار ئاڵوگۆڕەکە دواخرا. دوای پەنجا و پێنج ڕۆژ لە ئازادکردنی وەجبەی یەکەم، ئەمڕۆ هەردوولا گەیشتنە فۆرمولێک کە ڕێگەی بۆ جێبەجێکردنی وەجبەی دووەمی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان خۆشکرد.  شوێنی ئاڵوگۆڕەکە بۆ دەروازەی ئەلجەزیرە دانرابوو، کە دەکەوێتە لێواری باشووری گەڕەکی شێخ مەقسوود و بەرەو باقی شاری حەلەب دەڕوات. بەڵام بە هۆکارێکی نادیار ئاڵوگۆڕەکە دواخرا. ئەم دواخستنە لە کاتێکدایە کە چاوەڕوانییەکی زۆر لەلایەن کەسوکاری زیندانییەکان و کەسوکارەکانیانەوە کراوە، کە بە هیوای گەڕانەوەی ئازیزانیان لەم ڕۆژەدا بوون. هەر لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەکەدا، سێی نیسانى ڕابدوو، بڕگەی ئازادکردنی بەندکراوانی هەردوولا جێبەجێ کرا و 146 بەندکراوی هێزە کوردییەکان و 97 بەندکراوی سەر بە دەسەڵاتی دیمەشق ئازاد کران. ڕۆژی 1ی نیسانی 2025 ڕێککەوتنێک سەبارەت بە گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە، لەنێوان ئەنجوومەنی گشتی گەڕەکەکان و دەسەڵاتدارانی دیمەشق واژۆ کرا. ڕێککەوتنەکە 14 بڕگەی سەرەکی لەخۆدەگرێت کە بریتین لە پەرەپێدانی پێکەوەژیان و پاراستنی دانیشتوان و ڕێگریکردن لە دەرکەوتنی چەکداری و ڕێکخستنی ئاسایشی ناوخۆ. هەروەها ڕێککەوتنەکە پێکهێنانی لیژنە بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکان و ئاسانکاری هاتووچۆ و هاتووچۆ لەخۆ دەگرێت. لە مادەی دوازدەهەمی ڕێککەوتنەکەدا هاتووە "هەردوولا بەندیخانەکانی پارێزگای حەلەب پاک دەکەنەوە و هەموو ئەو زیندانیانەی دوای ڕزگاربوونیان بەدیل گیراون، ئاڵوگۆڕی پێدەکەن". گەڕەکی شێخ مەقسوود لە شاری حەلەب زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردن؛ ئەوەش وایکردووە ‌ئەو گەڕەکە لەبەردەم پەلامار و هێرشی بەردەوامی گروپە تیرۆریستی و میلیشیاییە جیاوازەکانی سوریادا بێت. لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریاوە گەڕەکی شیخ مەقسوود لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ەوە کۆنترۆڵکراوە. بەپێی ئامارە نافەرمییەکان ژمارەی دانیشتوانی شێخ مەقسوود بە 30 هەزار کەس دەخەمڵێنرێت کە زۆرینەیان کوردن.  جوگرافیای شێخ مەقسوود جیاوازە لە ناوچە کوردنشینەکانی دیکەی سوریا، چونکە ناوچەیەکی دابڕاوە لە ناوچە کوردییەکانی دیکە؛ واتە بە پێکهاتەکانی جگە لە کورد دەورە دراوە، ئەوەش هۆکار بووە بۆ ئەوەی بەردەوام دۆخی شێخ مەقسوود قورس و ناسەقامگیربێت.

  حەماس ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف نوێنەری ئەمەریکا گەیشتوونەتە ڕێککەوتن "لەبارەی چوارچێوەیەکی گشتی بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی"، کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، بەردەوامى هاوکارییەکان و دانانی لیژنەیەکی پیشەیی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری کەرتی غەززە ڕاستەوخۆ دوای ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکە. لە بەیاننامەیەکدا هاتووە: ڕێککەوتنەکە ئازادکردنی 10 زیندانی ئیسرائیلی و ژمارەیەک تەرم لەخۆدەگرێت، لەبەرامبەر ئازادکردنی ژمارەیەک لە زیندانییە فەلەستینییە ڕێککەوتووەکان، لەگەڵ گەرەنتی نێوەندگیری. بزووتنەوەى حەماس جەختى کردەوە کە لەگەڵ نوێنەرى ئەمریکا گەیشتووینەتە رێککەوتن لەسەر چوارچێوەیەکی گشتی بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی لە غەزە و چاوەڕێی وەڵامی ئیسرائیلین، ئەو دووپاتیکردەوە کە چاوەڕێی "وەڵامی کۆتاییە لەسەر ئەم چوارچێوەیە". لەبەرامبەردا کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل لێدوانەکەی حەماسی بە شتێکی نوێ نەزانی و ئیسرائیل بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە ئەو مەرجانەی ڕەتدەکاتەوە. هەفتەی ڕابردوو بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل شاندی دانوستانکاری خۆی لە دۆحە کشاندەوە، سەرەڕای ڕەخنەی هەزاران ئیسرائیلی، دیارترینیان کۆڕبەندی بنەماڵەی بارمتەکان کە لە غەززە بەڕێوەچوو، ئاگربەست و دانوستانەکانی ئاڵوگۆڕی دیلەکانی ڕاگرت. سەرچاوەیەکی حەماس دووشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە بزووتنەوەکە ڕازی بووە بە پێشنیاری ئاگربەست کە لەلایەن ویتکۆفەوە پێشکەش کراوە.  لە پێشنیازەکەدا مەرجی ئازادکردنی 10 زیندانی ئیسرائیلی لە بەرامبەر ئاگربەستێک کە لە نێوان 60 بۆ 70 ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لەگەڵ گەرەنتی ئەمریکا کە باس لە ئاگربەستی هەمیشەیی دەکرێت و ئیسرائیل لە تەواوی کەرتی غەززە دەکشێتەوە.

  ماڵپەڕی ئاكسیۆسی نزیك لە ئیسرائیل بڵاوی كردەوە، دوای ئەوەی ترەمپ پلانێكی ئیسرائیل بۆ هێرشكردنە سەر ئێران پێدەگات، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ناتانیاهۆ ئەنجامدا، تێیدا ترەمپ بە توندی ناتانیاهۆی ئاگادار كردەوە لە دەستوەردان لە كاروباری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، هەروەها نوێنەری خۆ نارد بۆ ئیسرائیل . ماڵپەڕی ئاكسیۆسی نزیك لە ئیسرائیل سەبارەت بە وردەكاری پەیوەندییەكی تەلەفۆنی نێوان دۆناڵد ترمپ سەرۆكی ئەمریكا و بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ڕاپۆرتێكی بڵاوكردەوە. سەرچاوەیەك لە ناو كۆشكی سپییەوە، كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت بە ماڵپەڕەكەی ڕاگەیاندووە، ترەمپ دوای ئەوەی هەواڵی پلانی ئیسرائیلی پێگەیشتووە بۆ بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران، پەیوەندی بە نەتانیاهۆوە كردووە، بە توندی ئیسرائیلی لە دەستوەردان  لە دانوستانەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران ئاگادار كردووەتەوە. ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەم كارەی ترەمپ دوای ئەوە هات، كە زانیاری لەسەر نیازی ئیسرائیل بۆ بە ئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران پێگەشت، كە ئەگەری هەبوو ببێتە هۆی تێكچوونی ئەو دانوستانە ئەتۆمییانەی، كە ئێستا لە نێوان واشنتۆن و تاراندا بەڕێوەدەچێت. ئەوەش خراوەتەڕوو، دوای هەواڵەكە سەرۆكی ئەمریكا كریستی نوام وەزیری ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەكەی ڕەوانەی تەلئەبیب كرد و لەوێ لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل كۆبووەوە و پێی ڕاگەیاندوون ئەمریكا دژی هەر هەوڵێكی ئیسرائیلە، كە ببێتە هۆی تێكدانی دانوستانەكان.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ و دانوستانە بەردەوامەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە چوارچێوەی دەستوور. ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی ئایاری 2025، بە سەرپەرشتيی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. بڕگەی سەرەکی و کارنامەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی ئەنجامی سەردانی فەرميی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتيی سەرۆک وەزیران بۆ واشنتنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە حەفتەی ڕابردوودا. لە سەرەتای کۆبوونەوەکە، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە گرنگیی سەردانەکە کرد و ڕوونیکردەوە کە ويلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی سەرەکی دەڕوانێت، سەرۆک وەزیران هەروەها پشتیوانی واشنتنی بۆ قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی بە گرنگ وەسف کرد بە ئاراستەی پتەوکردنی سیستمی فیدڕاڵی و پارێزگاریکردن لە قەوارەی دەستووریی هەرێم. پاشان سەرۆک وەزیران پوختەی دیدار و کۆبوونەوەکانی شاندەکەی لە واشنتن لە گەڵ کۆنگرێس و ئیدارەی نوێی ئەمەریکا خستەڕوو. لە سەرجەم کۆبوونەوەکاندا، هەردوو لایەن جەختیان لە بەهێزترکردنی پەیوەندی هاوبەشی نێوانیان کردەوە بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و هەرێمێکی کوردستانی بەهێز لە چوارچێوەی سیستمی فیدڕاڵیی دانپێدانراو لە دەستووری هەمیشەیی عێراق. سەبارەت بەکۆبوونەوەی شاندەکە لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، سەرۆک وەزیران ستایشی لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی کرد تایبەت بە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان کە پابەندبوونی ئەمەریکای بە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و سەقامگیر لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا دووپات کردەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە وەزیری دەرەوە، ئامادەیی ئەمریکای دووپات کردەوە بۆ پشتگیریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاجیاکاندا و دابینکردنی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی هەرێم، کە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو. سەرۆک وەزیران ئاماژەی دا بە ستایشی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ میوانداریکردنی هەرێمی کوردستان لە پەنابەر و ئاوارەکان و پاراستنی مافەکانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیە جیاوازەکان. دواتر هەریەک لە ئەندامانی شاندەکە بە پێی تایبەتمەندیی خۆیان، وردەکاریی زیاتری کۆبوونەوە و دیدارەکانیان بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو. لە دوای گفتوگۆ و تاوتوێکردنی ئەنجامەکانی سەردانەکە، ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لە هەڵوێستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کرد و ڕێز و پێزانینی هەیە بۆ پشتیوانییەکەی لە قەوارەی دەستووریی هەرێم و زامنکردنی پیادەکردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوور. ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ و دانوستانە بەردەوامەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە چوارچێوەی دەستوور، بە تایبەتیش بابەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆ، کە ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە زیادکردنی داهاتی بودجەی گشتی فیدڕاڵیی و برەودان بە وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گاز بە گوێرەی دەستوور و خستنەوەگەڕی داهاتەکەی بۆ خێر و بەرژەوەندی هەمووان، کە بەداخەوە بەهۆی ڕاگرتنی پرۆسەکە لە مانگی ئاداری ساڵی 2023 ەوە زیانی چەندین ملیار دۆلار بەر خەزێنەی گشتی کەوتووە. 

  روسیا بەمەرجی راگرتنی فراوانبونی ناتۆ بەرەو رۆژهەڵات لەگەڵ هەڵگرتنی بەشێك لە سزاكانی سەر وڵاتەكەی ئامادەیە كۆتایی بەجەنگی ئۆكرانیا بهێنێت. ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری چەند بەرپرسێكی ئاگادار لە روسیا رایگەیاندوە: بەمەبەستی كۆتایی هێنان بە جەنگی ئۆكراینا، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا مەرجی ئەوەی داناوە کە سەرکردە رۆژئاواییەکان بەڵێنێکی نوسراو بدەن كە فراوانبونی ناتۆ بەرەو رۆژهەڵات رادەگرن لەگەڵ هەڵگرتنی هەندێک سزاکانی سەر وڵاتەكەی. دوای ئەوەی هەفتەی رابردو، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا بەتەلەفۆن بۆ ماوەی دو كاتژمێر قسەی كرد، پوتین رایگەیاند: بۆ كۆتایی هێنان و داڕشتنی ناوەڕۆكێكی ئاشتی، روسیا ئامادەیە كار لەگەڵ ئۆكراینا بكات كە تیایدا كاتی ئاگربەستیش دەخڕیتەڕو. بەبێ ئەوەی كاتی تەواوكردنی دیاریبكات، كۆشكی كرێملین رونیكردوەتەوە، روسیا سەرقاڵی ئامادەكردنی یاداشتێكەیە. لای خۆشیانەوە، کیێڤ و وڵاتانی ئەوروپا، مۆسکۆیان بە كاتبەڕێكردن تۆمەتبار كردوە لە كاتێكدا هێزەکانی ئەو وڵاتە لەڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بەردەوام لە پێشڕەویدان. یەكێكی دیكە لە داواكارییەكانی روسیا، مانەوەی ئۆكرانیایە وەك وڵاتێكی بێلایەن، هەروەها لەسەر پرسی بلۆككردنی سەروەت و سامانەكانی ئەو وڵاتە لەلایەن رۆژئاواوە چارەسەربكرێت، لەگەڵ ئەوشدا گرەنتی مافی ئەو كەسانە بكرێت بە زمانی روسی قسە دەكەن.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت: وردبینی و پێداچوونەوەی لیستی مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەواو بووەو تەنیا خەرجکردنی پارەکە ماوە. تیمی وردبینی وەزارەتی دارایی عێراق، دوای سێ ڕۆژ لە وردبینی و پێداچوونەوەی لیستی مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پرۆسەکە تەواوبوو. وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، "هیچ تێبینییەک لەسەر لیستی مووچە نەبووە." پێشەوا هەورامانی، وتیشی: "ئەو وردەکارییانەی پێشووتر دەبوونە هۆی وەستاندنی خەرجکردنی پارە، سەرجەمیان چارەسەر کراون، ئەگەر پارەی مووچە خەرج نەکرێت، هیچ هۆکارێکی تەکنیکی لە پشتەوە نییە." وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مانگی پێنج داوای 975 ملیار دیناری کردووە، ئەمە لەکاتێکدایە بۆ مووچەی مانگی چوار بەغدا 959 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان نارد. رۆژی سێشەممە 13ـی ئایاری 2025، وەزارەتی دارایی عێراق بڕی (959) ملیار و (514) ملیۆن دیناری وەك شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان خستەسەر هەژماری بانكیی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستان لە لقی هەولێری بانكی ناوەندیی عێراق. ئەوەش لەكاتێكدایە، رۆژی 22 ی نیسان هەرێمی كوردستان لیستی مووچەی مانگی نیسانی رەوانەی بەغداد كرد، بەڵام ناردنی پارەی مووچە لەلایەن بەغدادەوە دواكەوت بۆ رۆژی 13 ی ئایار.

  فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران هۆشدارى توند دەداتە بەرپرسانى باڵاى ئەمریکا و ئیسرائیل،  "ئێمە ئامادەین بۆ هەر سیناریۆیەک. دەستمان لەسەر پەلەپیتکەى چەکەکانمانە و ئامادەباشیداین. ئەگەر هەر گەمژەیییەک ئەنجام بدەن، وەڵامێکی لەبیرنەکراوتان پێدەگات. ڕۆژی چوارشەممە حسێن سەلامی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، لە میانەی دیدارەکەی لەگەڵ کارمەندانی سپای پاسداران لە پارێزگای هەمەدان ڕایگەیاندووە،  ئێران گەلێکی گەورەی هەیە کە دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ بارودۆخە سەختەکان بکات و کاریگەری لەسەر قووڵایی عەقڵی شەیتانپەرستی دوژمنانمان هەیە. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرزترین ئاستدایە"، وتیشى: ئێمە لە شەڕێکی هەمەلایەنەداین. ئێمە شاهیدی شەڕێکی ئابووری، سزاکان، فشارە سیاسییە جیهانییەکان، شەڕی میدیایی بەربڵاو، ئۆپەراسیۆنی میدیایی و پڕوپاگەندەی توندوتوندوتیژ، لەشکرکێشی فەرهەنگی و هەڕەشەی جۆراوجۆری دوژمنان کە لە نزیک و دوورەوە بەسەر ئەم نەتەوەیەدا سەپێنراون. حسێن سەلامی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، ئەوەشى باسکرد سەرەڕای ئەم هەموو هەڕەشە و گوڕەشەی دوژمنان، ئەم وڵاتە بە خۆڕاگری ماوەتەوە"، ئاماژەی بەوەشکرد، "کۆماری ئیسلامی ئێران بەشێوەیەکی جێگیر بەرەوپێش دەچێت، نەتەوەی ئێرانیش هەرگیز تەسلیمی ئیرادەی سیاسیی ئەوانی دیکە نابێت. ئێمە لە بواری بەرگریدا باڵادەستین، و هەمیشە هێزمان کۆکردۆتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەورەترین زلهێزەکانی جیهان". حسێن سەلامی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بە بەرپرسانی ئەمەریکاش دەڵێین کە ئێمە ئامادەین بۆ هەر سیناریۆیەک، وڵاتەکەمان هەرگیز تەسلیمی ئیرادەی سیاسی کەسانی دیکە نابێت، دەستمان لەسەر چەکە لە ئامادەباشیداین، ئەگەر هەر هەڵەیەک بکەن، ئەوا وەڵامێکی دەستبەجێتان پێدەگات کە وادەکات ڕابردووتان لەبیربچێت. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: زایۆنیستەکان درێژە بە کردەوەکانی خۆیان دژ بە وڵاتەکەمان دەدەن و هەڕەشە لە نەتەوەی ئێران دەکەن. لە بەرامبەردا دیسانەوە ئاگاداریان دەکەمەوە کە ئەگەر بەردەوام بن لە هەڵە و کردەوەی گەمژانە دەروازەکانی ئاگری بێسنوور بەسەریاندا دەکەینەوە. ئەو بەرپرسە باڵایە ڕوونیشیکردەوە، لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنێکدا دەبێت لە قووڵایی بیرکردنەوە و نیەتەکانیان تێبگەین"، ئاماژەی بەوەشکرد، "شەڕی مەعریفی دوژمن یەکێکە لەو شێوازانەی کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ چوونە ناو قووڵایی بیرکردنەوەی کۆمەڵگە بەکاریدەهێنن. هۆشیاری لەم بوارەدا زۆرجار ناتەواو نییە، بەڵام دەکرێت عەقڵ لە ڕێگەی جیهاد و کردەوەی هۆشیارانە لەم چوارچێوەیەدا ڕۆشنبیر بکرێت".

  ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕۆژی چوارشەممە، دەستپێکردنی هێرشێکی نوێی بۆ سەر پێگەکانی حوسییەکان لە یەمەن ڕاگەیاند و ئەوەى خستەڕوو فڕۆکەخانەی سەنعایان لە یەمەن بۆردومان کردووە. لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن وەزارەتی بەرگری ئیسرائیلەوە بڵاوکراوەتەوە ئاماژەی بەوەکردوە فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل ئامانجەکانی حوسییەکانیان لە فڕۆکەخانەی سەنعا داوە، هەروەها دوا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ماوەتەوە کە حوسییەکان وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنی گەوهەری زێڕین بەکاریان هێناوە، لەناوبردووە. ئەوەى باسکردووە ئەوەی ڕوویدا "پەیامێکی ڕوون و بەردەوامییەکی ڕاستەوخۆی ئەو سیاسەتە بوو کە ئیسرائیل دیاناوە کە هەرکەسێک هێرشى بکاتە سەر باجێکی قورس دەدات"، وەک ئەوەى بەیاننامەکەى وەزارەت دەڵێت. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە بەندەرەکانی یەمەن زیانی زۆریان پێدەگات، هەروەها فڕۆکەخانەی سەنعاش چەندین جارە کاول و وێران دەبێت، ژێرخانی ستراتیجی تری ناوچەکەش کە گروپى حوسی بەکاردەهێنن هێرشى کراوەتە سەر. هەر لەو پێوەندییەدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە سوپا بە پێی بنەمای "هەرکەسێک زیانمان پێ بگەیەنێت، ئێمە زیانیان پێدەگەیەنین" هێرشی کردووەتە سەر فڕۆکەخانەکە. حوسییەکانی بە تەنها قۆڵێکی ئێرانی زانی، کە وەک خۆی دەڵێت، بەرپرسە لەو دەستدرێژییەی لە یەمەنەوە دەستیپێکردووە. لەوکاتەوەی جەنگی غەززە لە ئۆکتۆبەری 2023 دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل هەڵگیرساوە، بزووتنەوە یەمەنییەکە چەندینجار مووشەک و درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە.   حووسییەکان کە هاوسۆزیی خۆیان بۆ حەماس و غەززە دەربڕیوە، لەماوەی ئاگربەستی دوو مانگەی غەززە کە لە مانگی ئادار کۆتایی هات، هێرشەکانیان راگرت، بەڵام دوای ئەوەی ئیسرائیل هەڵمەتەکەی لە ناوچە کەنارییەکان دەستپێکردەوە، ئەوانیش دەستیان پێکردەوە.   حووسییەکان بەم دواییانە هۆشدارییان دابوو کە "گەمارۆیەکی دەریایی" بەسەر بەندەری حەیفای ئیسرائیلیدا دەسەپێنن.