ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی تاقیکردنەوە گشتییەکانی خولی یەکەمی پۆلی 12ی ئامادەیی خوێندنی ساڵی 2024-2025 بەڕێوە دەچێت، زیاتر لە 115 هەزار قوتابی لە بەشەکانی وێژەیی، زانستی، پیشەیی بەشداریی تاقیکردنەوەکان دەبن.  ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2025،  لە هەر چوار پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان 115هەزار و 787 قوتابی بەسەر دوو هەزار و17 هۆڵی تاقیکردنەوە دابەشکراون و بەشداری تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلە کۆتاکان دەبن. بە گوێرەی خشتەی تاقیکردنەوەکان، کە وەزارەتی پەروەردە بڵاوی کردووەتەوە، هەفتەی دوو ڕۆژ تاقیکردنەوە دەکرێت. هەروەها بەهۆی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە، کە دەکەوێتەی حوزەیرانی 2025، تاقیکردنەوەکان ڕادەگیرێن و دوای ڕۆژانی پشووی  جەژن، تاقیکردنەوەکان دەست پێ دەکەنەوە. ساڵی ڕابردوو 87 هەزار و 307 قوتابیی زانستی، 33 هەزار و 195 قوتابیی وێژەیی،  دوو هەزار و 513 قوتابیی پیشەیی بەشداریی تاقیکردنەوەکانی پۆلە کۆتاکانی ساڵی خوێندنی 2023- 2024یان کرد. ئەمڕۆ یەكشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2025، کاتژمێر 4:30 خولەکی بەرەبەیان، بە ئامادەبوونی مامۆستا نەژاد عەبدوڵلا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی و لیژنەی تاقیکردنەوەکانی پارێزگای سلێمانی ڕایانگەیاند "دەست کراوە بە دابەشکردنی پرسیارەکانی یەکەم ڕۆژی تاقیکردنەوە گشتییەکانی خولی یەکەمی قۆناغی 12ـی ئامادەیی بە هەموو بەشەكانی." لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، لە تاقیکردنەوە گشتییەکانی خولی یەکەمی قۆناغی 12ـی ئامادەیی بەشی زانستی 19779 قوتابی و خوێندکار بەسەر 277 هۆڵی تاقیکردنەوە دابەش کراون و بەشی وێژەیی 5337 قوتابی و خوێندکار بەسەر 81 هۆڵی تاقیکردنەوە دابەش کراون و بەشی پیشەیی 1099 قوتابی و خوێندکار بەسەر 27 هۆڵی تاقیکردنەوە دابەش کراون. هەروەها كۆی گشتیی دەكاتە 62215 قوتابی و خوێندکار کە بەسەر 385 هۆڵی تاقیکردنەوە دابەش کراون لە زۆربەی ناوچەکانی سنووری پارێزگاکە بەشداریی دەکەن؛ كە بە سەرپەرشتی 3081 سەرپەرشتیار و بەرێوەبەر و یاریدەدەر و چاودێر و كارگوزار هەروەها پێداوستییەکان بۆ تاقیکردنەوەکان دابین کراون.

  ئاژانسی ئەتۆمی ئێران ڕایدەگەیەنێت بەپێی فتوای رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی، چەكی ئەتۆمی بەهیچ جۆرێك لەناو باوەڕی بەرگریی ئێراندا بوونی نییە.  وەڵامی وەزارەتی دەرەوەو ئاژانسی ئەتۆمی ئێران سەبارەت بە راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم كە باسلەوە دەكات ئێران چالاكی شاراوەی ئەتۆمیی هەیەو زیاد لەبڕی پێویست بۆ دروستكردنی بۆمب، یۆرانیۆمی پیتێنراوی هەیە: بەپێی فتوای رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی، چەكی ئەتۆمی بەهیچ جۆرێك لەناو باوەڕی بەرگریی ئێراندا بوونی نییە.  هەروەها دەڵێن بەگوێرەی بنەما سەرەكییەكانی یاسای نێودەوڵەتیی، هیچ بەربەست یاخود سنورداركردنێك نییە بۆ بەهرەمەندبوون لە وزەی ئەتۆم بۆ مەبەستی ئاشتیانە.  سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ئاشكرایدەكات؛ لەدانوستانە ناڕاستەوخۆكانی نێوان وڵاتەكەی لەگەڵ ئەمەریكا پێشكەوتن بەدیهاتوە هەروەها ئامادەكارییان بۆ دامەزراندنی دو وێستگەی نوێ كردوە كە توانای بەرهەمهێنانی (20) هەزار مێگاوات كارەبایان هەیە. وتیشی: ئێران بەرنامە ئەتۆمییەكەی لەبواری ئاشتیدا بەكاردەهێنێت، یەكێك لەو وێستگانەش لە بوشێهرە كە توانای بەرهەمێهانی هەزار مێگاوات كارەبای هەیە و لە ساڵی رابردودا (7.3) ملیار کیلۆ وات کارەبای بەرهەمهێناوە. رونیكردوەتەوە، زەویان بۆ دامەزراندنی دو وێستگەی دیكەی ئەتۆمی تەرخان كردوە كە لەسەر بنەمای رێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێرانی ئامادەكاری بۆ بەرهەمهێنانی (20) هەزار مێگاوات كارەبا دەكەن، بۆیە تاران ناتوانێت گوێ لە ئەو پێشنازانە بگرێت كە لەسەر راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم دەخرێنەرو. سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، رێکخراوەکەیان لە پەرەپێدانی پلازما، لەیزەر و چارەسەری کوانتەمدا، پێشکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە هەروەها توانیوانە دەرمانی تیشکی كە بەرهەمهێنراوی ناوخۆیە لە چارەسەرکردن و دەستنیشانکردنی زۆربەی نەخۆشیەکاندا بەکاربهێنن.

  سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووە و گفتوگۆیان لەبارەی پابەندییە داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم کردوە. هەریەکە لە د. لەتیف رەشید و محەمەد شیاع سودانی دوپاتیان کردەوە، کە پێویستە چارەسەری ریشەیی بۆ پابەندییە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد بدۆزرێتەوە لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا. ئەمڕۆ شەممە 31ی ئایاری 2025، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لە عەبدول لەتیف جەمال ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق کرد، لە کۆبوونەوەیەکدا کە تیایدا باس لە دیارترین پرسە سیاسی و ئابوورییەکانی ئێستا و پێشکەوتنی جێبەجێکردنی بەرنامەکانی حکومەت کرا.   نوسینگەی سەرۆك كۆمار دەڵێ لەبارەی ئەم بابەتانە گفتوگۆ كراوە، دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی لەچوارچێوەی دەستورو یاسا سەبارەت بە پابەندییە داراییەكان لەنێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم بەپێی ئەوەی لە بڕیاری دادگای فیدراڵیدا هاتووە.  هەروەها باس لە گرنگی دەركردنی یاسای نەوت و غاز، ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنی ئایندەی پەرلەمان کراوە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگی یەکخستنی ڕیزە نیشتمانییەکان بۆ بەرزکردنەوەی سەقامگیری ئەمنی و کۆمەڵایەتی لە سەرتاسەری وڵات کرایەوە.

  ئیسرائیل ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند: دوایین ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەریخست کە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران ئاشتیانە نییەو تاران تا ئێستاش بەنیازی تەواوکردنی بەرنامەی چەکی ئەتۆمی خۆی ماوەتەوە. نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت لە ئێستاوە هەنگاو بنێت بۆ ئەوەی ئێران بوەستێنێت"، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ئاستەی پیتاندنی یۆرانیۆم پێی گەیشتووە "تەنها لەو وڵاتانەدا دەبینرێت کە چالاکانە بەدوای چەکی ئەتۆمیدا دەگەڕێن، و هیچ پاساوێکی مەدەنی بە هیچ شێوەیەک نییە". ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز دوو ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی بە دەست گەیشتووە کە باس لەوە دەکەن، ئێران ئێستا دەتوانێت نۆ بۆمبای ئەتۆمیی دروست بکات، ئەمەش وڵاتانی ڕۆژاوای نیگەران کردووە. شەممە 31ـی ئایاری 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، ڕاپۆرتێکیان لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە دەست گەیشتووە کە بۆ ئەندامانی خۆی ناردووە و تێیدا هاتووە "ئێران بە نهێنی لە سێ بنکەی ئەتۆمی دەستی بە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی کردووە." ئەو ئاژانسە ئاماژەشی داوە "35 ئەندامانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە نێوانیاندا بەریتانیا، ئەمەریکا، فەرەنسا و ئەڵمانیا داوا دەکەن لە کۆبوونەوەی داهاتوودا بە فەرمی بڵاوی بکەنەوە کە ئێران، پێشێلکاری یاسا و ڕێککەوتنەکانی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمی کردووە." پێشتر عەباس عراقچی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، " ئێران سازش دەربارەی پیتاندنی یۆرانیۆم ناکات، ئەمەش جۆرێکە لە سەپاندنی هەژموون"، ئاماژەی بەوەش دا، "سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەسەر بنەمای ملکەچنەبوونە بۆ هیچ هەژموونێکی دەرەکی". گوتیشی: مافی پیتاندنی یۆرانیۆم، یەکێکە لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی وڵات و پەیوەستە بە هەڵوێستی ئێران لە دژی هەژموونی دەرەکی، باسی لەوەش کرد، هیچ کات قبووڵ ناکەین پێمان بڵێن مافی پیتاندنی یۆرانیۆمتان نییە، ئەمە بە تەواوی قبوڵکراو نییە. وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕوونیشی کردەوە، پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم هەمیشە لە پێشینەی کارەکانی ئێران بووە، چ لە دانوستانەکانی ئێستا و چ لە دانوستانەکانی پێشوودا.

راگەیێندراوی هاوبەشی کۆبوونەوەی پارت و لایەنە سسیاسییەکانی کوردستان لە پیرمام بڵاوکرایەوە کە 43 لایەن تێیدا بەشدار بوون.    لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "گفتوگۆ و دانوستاندن بە باشترین چارەسەر دەزانین بۆ ئەم قۆناخە."  هاوکات جەخت لەسەر ئەوەدەکەنەوە، لەهەمان کاتدا گشت بژاردەکان بە کراوەیى دەبینین لەبەردەممان لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانى هەرێمى کوردستان. دەقی راگەیێندراوەکە:    رێکەوتى 31-5-2025 لە مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان لە پیرمام، هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان کۆبوونەوەیەکى هاوبەشمان ئەنجامدا بەمەبەسىتى تاوتوێکردنى دۆخى سیاسى کوردستان و عێڕاق و، کێشە و گرفتەکانى نێوان هەرێم و حکومەتى فیدراڵ، بەتایبەتى دوا بریارى نادەستوورى و نایاسایی وەزارەتى دارایى حکومەتى فیدراڵ و ڕاگرتن و نەناردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان، دواى گفتوگۆکردن و ڕاگوڕینەوەى پێویست لەسەر ئەم بابەتە، هەموو لایەنەکان هاوڕابووین لەوەى کە ئەم بڕیارە بڕیارێکى سیاسییە دژ بە ئیرادەى گەلى کوردستان و قەوارەى سیاسى و یاسایى هەرێمى کوردستان. بەپێى دەستوورى هەمیشەیى عێراق و بڕیارى دادگاى فیدراڵى و یاساى فەرمانبەران و مووچەخۆرانى عێراق و ڕێککەوتنەکانى نێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى فیدراڵ، پێویستە حکومەتى فیدراڵى پابەندبێت بەئەرک و ئیلتیزاماتى خۆى بەرامبەر بە خەڵکى هەرێمى کوردستان و، مافى مووچەخۆرانى هەرێم تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکان نەکرێت، هەروەها حکومەتى فیدراڵ دوربکەوێتەوە لە سیاسەتى برسیکردن و فشارخستنە سەر هەرێمى کوردستان، لەبەرئەوەى ئەم سیاسەتە جگە لە قوڵکردنەوەى گرفتەکان، نادیدەگرتنى گۆڕانکارییە زۆر و خێراکانى ناوچەکەشە بۆیە لەبەرژەوەندى هێچلایەکدا نابێت. ئێمە وەکو هێز و لایەنە سیاسییەکانى گشت پێکهاتەکانى کوردستان وێڕاى سوپاس و پێزانینمان بۆ خۆڕاگرى مووچەخۆران و فەرمانبەر و پێشمەرگە و  مامۆستایان و گەلى سەربەرزى کوردستان بەگشتى، دووپاتى دەکەینەوە کە هەڵوێست و بڕیار و هەنگاوەکانمان بە ئاراستەى بەرژەوەندى هاوڵاتیان و هەرێمى کوردستان دەبێت و بژاردەى گفتوگۆ و دانوستاندن بە بە باشترین ڕێگە چارە دەزاین بۆ ئەم قۆناغە، لەهەمان کاتدا گشت بژاردەکان بە کراوەیى دەبینین لەبەردەممان لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانى هەرێمى کوردستان.   حزب و لایەنە کوردستانییەکان: 1. یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان. 2. بزووتنەوەى گۆڕان. 3. پارتى سۆسیالست دیموکراتى کوردستان. 4. بزووتنەوەى ئیسلامى کوردستان. 5. حزبى شیوعى کوردستان. 6. بزووتنەوەى پەیوەندى ئیسلامى کوردستان. 7. حزبى زەحمەتکێشانى کوردستان. 8. پارتى ڕەنجدەرانى کوردستان. 9. پارتى پارێزگارانى کوردستان. 10. یەکێتیى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان. 11. بزووتنەوەى دیموکراتى گەلى کوردستان. 12. پارتى نەتەوەیى کوردستان 13. بزووتنەوەى ڕزگارى دیموکراتى کوردستان. 14. حزبى پێشکەوتنخوازى دیموکراتى کوردستان. 15. پارتى بنیادى دیموکراتى کوردستان. 16. بزووتنەوەى ئاشتیخوازانى کوردستان. 17. هاوپەیمانى نیشتمانى. 18. حزبى ڕزگارى کوردستان_دەستەى سەرۆکایەتى. 19. پارتى دیموکراتى تورکمان. 20. پارتى نیشتمانى تورکمان. 21. پارتى ڕزگارى نەتەوەیى تورکمان. 22. پارتى یەکگرتووى تورکمان. 23. بزووتنەوەى تورکمانى بێلایەن. 24. پارتى گەشەپێدانى تورکمان. 25. پارتى چاکسازى تورکمان. 26. پارتى گەلى تورکمانى عێراق. 27. بەرەى تورکمانى. 28. بزووتنەوەى دیموکراتى تورکمان. 29. پارتى گەزەنگى تورکمان. 30. پارتى ئیرادەى نیشتمانى تورکمان. 31. پارتى تورکمان ئیللى. 32. لیستى میللەت. 33. لیبراڵى تورکمانى. 34. پارتى یەکێتى دیموکراتى کلدانى. 35. پارتى ئەنجوومەنى نەتەوەیى کلدانى. 36. حزبى دیموکراتى بێت نەهرێن. 37. پارتى ئەنجوومەنى میللى کلدانى سریانى ئاشوورى. 38. ڕەوتى شلاما. 39. پارتى بزووتنەوەى گردبوونەوەى سریانى. 40. کۆمەڵەى ڕۆشنبیرى ئەرمەن. 41. دەستەى کارگێڕى بەڕێوەبردنى طائیفەى ئەرمەن. 42. ڕابیتەى کلدانى جیهانى. 43. پارتى دیموکراتى کوردستان.

سەرچاوەکانی بزووتنەوەی حەماس سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە پشتڕاستیان کردەوە کە وەڵامی خۆیان پێشکەشی نێوەندگرەکان کردووە سەبارەت بەو پێشنیازە کە لەلایەن ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمریکای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەبارەت بە ئاگربەستی ٦٠ ڕۆژە پێشکەشیان کردووە. پێشنیازەکەی ئەمریکا پێکدێت لە ئازادکردنی نۆ بارمتەی زیندوو و گەڕانەوەی تەرمی 18 بارمتە بۆ ئیسرائیل، لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل پابەند دەبێت بە راگرتنی شەڕ بۆ ماوەی 60 رۆژ و لەو ماوەیەشدا دانوستانەکان بۆ وەستاندنی یەکجاریی شەڕەکە دەستپێدەکات. سەرچاوەکان بە ئەشەرق ئەلئەوسەتیان ڕاگەیاندووە کە حەماس پەیوەندی و دیدارێکی بەرفراوانی لەگەڵ سەرکردەی گروپە فەلەستینییەکان لە قەتەر و پایتەختەکانی دیکە لەوان بەیروت بە ئامانجی داڕشتنی هەڵوێستی یەکگرتووی فەلەستینی ئەنجامداوە. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە دەکرێت وەڵامدانەوەکە لەلایەن سەرکردایەتی بزووتنەوەی حەماس و گروپەکانى ترەوە بە ئەرێنی وەسف بکرێت، هەرچەندە هەندێک تێبینی لەخۆگرتبوو کە دەبێت دیدێکی لەگەڵدا بێت بۆ جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی، سەرەڕای هەموو لایەنە نەرێنییەکانی ئەو پێشنیازە، لەوانەش لایەنگرییەکی ڕوونی بەرامبەر داگیرکاری ئیسرائیل. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە هەموو ئەو تێبینیانەی لەسەر ئەو پێشنیازە خراونەتەڕوو، بە کۆی دەنگ لەلایەن فراکسیۆنەکانەوە قبوڵکراون، ئەمەش ئەوە پیشان دەدات کە ئەگەر ئیرادەیەکی ڕاستەقینەی ئەمریکی هەبێت بۆ فشارخستنە سەر ئیسرائیل، ئەوا پێدەچێت قبوڵ بکرێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێک لە تێبینییەکانی وەڵامدانەوەکە ئامانجیەتی ڕێگری بکات لە ڕادەستکردنی ڕفێنراوانی ئیسرائیل لە ماوەی تەنها دوو ڕۆژدا لە هەفتەی یەکەمدا، وەک لە ڕۆژنامەی ویتکۆفدا هاتووە، بەڵکو بە قۆناغ بە قۆناغ دەبێت. یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە ئۆپراسیۆنەکانی لە کەرتى غەززە و تاوانبارانی حەماس ئێستا دەبێت لەنێوان، پێشنیازى ستیڤ ویتکۆف، نێردەى ئەمریکا، بۆ ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان یاخود لەناوچوون یەکێکیان هەڵبژێرن.  دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکاش لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا لە کۆشکى سپى رایگەیاند، رێککەوتنى ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە زۆر نزیکە و پێدەچێت رۆژى شەممە رابگەیەندرێت. هەروەها کۆشکی سپی رایگەیاند، ئیسرائیل رازی بووە بە پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ ئاگربەست لە کەرتی غەززە و پێشنیازەکەیان داوە بە حەماس و چاوەڕێی وەڵامیان دەکەن. کارۆلاین لیڤیت، سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، پاش رازیبوونى ئیسرائیل، پێشنیازی ئاگربەستی ناردووە بۆ حەماس و دانوستانەکان لەگەڵیان بەردەوامن و چاوەڕێی وەڵامیان دەکەن، هیوایخواست ئاگربەست لە غەززە جێبەجێ بکرێت و بارمتەکان ئازاد بکرێن. پێشتر بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، تاوتوێی پێشنیازە نوێیەکەی ئەمریکا دەکەن، کە لەلایەن ویتکۆفەوە پێشکەشکراوە. گوتەبێژەکەی کۆشکی سپی ئەو راپۆرتە رۆژنامەوانییانەی پشتڕاست نەکردەوە، کە باس لە گەیشتنی هەردوولا دەکەن بە رێککەوتنی ئاگربەست بۆ ماوەی 60 رۆژ، لیڤیت گوتی "هەرکاتێک راگەیاندنێکی لەوجۆرە هەبێت، بە فەرمی ئاشکرای دەکەن".

  شاندێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەرەو دیمەشق بەڕێکەوت و بڕیارە ئەمشەو لەگەڵ بەرپرسانی سووریا کۆببێتەوە.   شاندەکە لە حەوت کەس پێکدێت و فۆزا یوسف، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە سەرۆکایەتیی دەکات. لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکانی ڕێکەوتنی ١٠ی ئازار کە لە نێوان سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و دەسەڵاتدارانی دیمەشق واژۆکرابوو، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندێکی ئیدارەی خۆسەر بەرەو دیمەشق بەرەو دیمەشق بەڕێکەوتن و لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەى سوریا بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکا ن و گفتوگۆکردن کۆدەبنەوە. بە گوێرەی زانیارییەکان، شاندەکە پێکهاتووە لە ئەندامانی ئەو لیژنەیەی کە لە 12ی نیسان پێکهێنراوە: فەوزە یوسف، عەبدولحەمید ئەلمەهباش، ئەحمەد یوسف، سەنحەریب بەرسووم، و سوزدار حاجی. وتەبێژی لیژنەکە بریتین لە مەریەم ئیبراهیم و یاسر سلێمان. ئەم سەردانە دوابەدوای سێ کۆبوونەوەی هەماهەنگی دێت کە لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەچوو- یەکەمیان لە ١٩ی ئازار، دووەمیان لە ١٢ی نیسان و کۆتایی هەفتەی ڕابردوو- لە کاتێکدا لایەنەکان هەوڵدەدەن گفتوگۆکان بەهێزتر بکەن و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار بەدەستبهێنن. بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ شاندی ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق وتووێژ بکەن.

  بەهۆی تەقینەوەی مین لە ناوچەیەکی سنووریی شاری مەریوان، دوو سەربازی پاسەوانی سنووری ئێران کوژران و دوو سەربازی دیکەش بریندار بوون.   پەیوەندییە گشتییەکانی پارێزگای سنە، ئەمڕۆ شەممە 31ی ئایاری 2025 پەیامی ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنەی بەبۆنەی گیانلەدەستدانی دوو ئەندامی هێزەکانی پاسەوانی سنوور بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "رووداوەکە ئێوارەی رۆژی هەینی، 30ی ئایاری 2025، لە ناوچەیەکی سنووریی شاری مەریوان بووە."   پارێزگاری سنە لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "ئەو سەربازانە لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکی ئاسایی خۆیان و چاودێریکردنی سنوور، لە رووداوێکی تەقینەوەی میندا گیانیان لەدەستداوە."   فەرەج رۆستەمی، فەرماندەی پاسەوانی سنووریی پارێزگای سنەش لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "مینێکی بەجێماوی سەردەمی شەڕی ئێران-عێراق لە ناوچەی دەرە ناخیی مەریوان تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە دوو ئەندامی هێزەکانی پاسەوانی سنوور گیانیان لەدەستدا و ئەفسەرێک و سەربازێکی دیکەش بریندار بوون."   بەپێی راگەیێندراوەکە، هەردوو کوژراوەکە و بریندارێکی رووداوەکەی تەقینەوەی مین لە مەریوان، کورد و خەڵکی پارێزگای سنەن.   فەرماندەی پاسەوانی سنووریی سنە، ناسنامەی کوژراو و بریندارانی رووداوەکە ئاشکرا دەکات و دەڵێت، "لە رووداوەکەدا محەممەدڕەزا حورییەتپەسەند، خەڵکی شاری قوروە، سوهەیب عەزیزی، خەڵکی شاری بانە گیانیان لەدەستدا و ئەمانوڵڵا عەبدوڵڵاهی (ئەفسەر بە پلەی موقەدەم)، خەڵکی شاری خومەین لە پارێزگای مەرکەزی و سۆران شەریفی، خەڵکی شاری بانە بریندار بوون."

  لەسەر داوای پارتی دیموکراتی کوردستان، ژمارەیەک لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ راگرتنی مووچەی مانگی ئایاری هەرێمی کوردستان لە پیرمام لە کۆبوونەوەدان. بەشداربووانی کۆبوونەوەکە : ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبى سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەکە بەشدارن سالار سەرحەد و مەجید حەمەدەمین ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی بەشدارن محەمەد حاجی مەحمود سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکرات لە کۆبوونەوەکە بەشدارە دانای ئەحمەد مەجید رێکخەری گشتیی گۆڕان- گەڕەکى کوردسات بەشداریی کۆبوونەوەکەیە کاوە مەحمود سکرتێری حیزبی شیوعى لە کۆبوونەوەکە بەشدارە بێکەس قادر ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی زەحمەتکێشان بەشدارە محەمەد بازیانی لە بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی بەشدارە محەمەد سەعدەدین لە پارتی گەشەپێدانى تورکمانى بەشدارە مونا قاوەچی لە پارتی چاکسازیی تورکمان لە کۆبوونەوەکە بەشدارە ئایدن مەعروف لە بەرەی تورکمانی بەشداری کۆبوونەوەکەیە هەریەکە لە لایەنەکانى (بەرەى گەل، کۆمەڵى دادگەرى، یەکگرتووى ئیسلامى، ڕەوتى هەڵوێست، جوڵانەوەى نەوەى نوێ) بەشدارى کۆبوونەوەکەى پیرمام ناکەن و قسەى جیاوازیان هەیە لەسەرى. بەرەی گەل لەڕاگەیەندراوێکدا دەأێن: بەهەموو لایەکی رادەگەیەنین کە ئێمە پەرلەمانی کوردستان وەک ئیرادەی خەڵکی کوردستان بەشوێنی کۆبونەوە و بڕیاردان لەپرسە چارەنووسسازەکان دەزانین. هەر بۆیە سەبارەت بە پرسی موچەو کۆی کێشەکان لەرۆژانی داهاتوو قسەی یەکلاکەرەوەمان دەبێت. کۆمەڵی دادگەری کوردستان، ڕایدەگەیەنن بەشداریی ئەو كۆبوونەوەیە کە پارتی دیموكراتی كوردستان بانگهێشتی كردووین

  فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، تایبەت بە پرسى مووچە داواى کۆبوونەوەیان لە محەمەد شیاع سودانى کردووە و چاوەڕوانن ئەمڕۆ وەڵام بدرێنەوە. هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتی لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ڕاگەیاند، رۆژى پێنجشەممەى رابردوو داواکاریى کۆبوونەوەیان ئاڕاستەى سەرۆکوەزیرانى عێراق کردووە و چاوەڕوان ئەمڕۆ شەممە وەڵام بدرێنەوە. گوتیشى "داواکاریى سەرەکییان ئەوەیە پێش جەژنى قوربان بەهەر جۆرێک بووە، مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان دابەشبکرێت". 29ـى ئەم مانگە، شاخەوان عەبدڵا جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، رایگەیاندبوو پاش گفتوگۆیەک لەگەڵ سەرۆکی فراکسیونە کوردستانییەکان، بڕیاردراوە نووسراوێک ئاڕاستەى سەرۆکوەزیرانى عێراق بکرێت، بەگوتەى ئەو لەسەر ئەو "پێشێلکارییانەی بەرامبەر بەفەرمانبەرانی هەرێمى کوردستان دەکرێت چووەتە خانەی برسیکردنەوە". گوتیشى، داوایان لە سودانى کردووە ئەو پێشێلکارییانە رابگرێت و مووچە رەوانە بکات و کێشەکان لە بنەرەتەوە چارەسەر بکرێت و چیتر مووچە وەکو کارتی سیاسی بەکارنەهێنرێت. رۆژى 28ـى ئایارى 2025، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و تيايدا هاتووە، بەگوێرەى یاساى بودجەى ساڵەکانى 2023، 2024، 2025، هەرێمى کوردستان لە 12.67%ـی پشکی خۆی لە بودجە وەرگرتووە و هیچ تەرخانێکی دارایی بۆ مووچە نەماوە. تەیف سامى لە نووسراوەکەى جەختدەکاتەوە، بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی ناتوانن بەردەوامبن لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان، بەو پێیەى تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بە تەوتینی مووچەی مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان.

  وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئێران لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم یەک ڕێگە پەیرەو دەکات ئەویش ڕەتکردنەوەی "هەژموونی دەرەکییە." شەممە، 31ـی ئایاری 2025، عەباس عراقچی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، " ئێران سازش دەربارەی پیتاندنی یۆرانیۆم ناکات، ئەمەش جۆرێکە لە سەپاندنی هەژموون"، ئاماژەی بەوەش دا، "سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەسەر بنەمای ملکەچنەبوونە بۆ هیچ هەژموونێکی دەرەکی". گوتیشی: مافی پیتاندنی یۆرانیۆم، یەکێکە لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی وڵات و پەیوەستە بە هەڵوێستی ئێران لە دژی هەژموونی دەرەکی، باسی لەوەش کرد، هیچ کات قبووڵ ناکەین پێمان بڵێن مافی پیتاندنی یۆرانیۆمتان نییە، ئەمە بە تەواوی قبوڵکراو نییە. وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕوونیشی کردەوە، پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم هەمیشە لە پێشینەی کارەکانی ئێران بووە، چ لە دانوستانەکانی ئێستا و چ لە دانوستانەکانی پێشوودا. هەروەها عراقچی جەختی لە نەبوونی چەکی ئەتۆمی کردەوە، بەڵام ئاماژەی بەوەدا، لایەنی بەرامبەر ئەرکەکانی خۆی بەپێی پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی جێبەجێ نەکردووە. عراقچی گوتیشی: هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە، تەنها لەبەر ئەوەی هەست بە نیگەرانی دەکات، ڕێگری لە گەلەکەمان بکات مافەکەی بەکاربهێنێت، کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دانپێدانراوە.

  جارێكی دیکە ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی بۆ سەر سوریا ئەنجامدا، ئاژانسی هەواڵی فەرمی سوریاش دەڵێت: لەو بۆردومانەدا هاوڵاتییەكی مەدەنی كوژراوە. شەوی ڕابردو فڕۆكە جەنگیەكانی ئیسرائیل بۆردومانی رۆژئاوای سوریایان كرد، هێرشەكە دامەزراوەیەكی سەربازیی لەناوچەی لازقیە کردە ئامانج و ئەوەش یەكەم هێرشی ئیسرائیلە بۆسەر ئەو وڵاتە لەماوەی ئەم مانگەدا. سوپای ئیسرائیل لەڕاگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، بۆردومانی ئەمبارێكی چەك و تەقەمەنی كردوە كە موشەكی زەمینی-دەریایی تێدا بوە و وەك هەڕەشەیەك بوە بۆ سەر ئازادی هاتوچۆی دەریاوانی نێودەوڵەتی و ئازادی هاتوچۆی دەریاوانی وڵاتەكەی لەناوچەی لازقیە. ئاژانسی هەواڵی فەرمی سوریا سانا بڵاویكردەوە: فڕۆكە جەنگیەكانی ئیسرائیل بۆردومانی چەند پێگەیەكیان لەنزیك گوندی زاما لە لازقیە كردوە و بەهۆیەوە هاوڵاتیەكی مەدەنی كوژراوە. لای خۆشیەوە، ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە: هێرشە ئاسمانیەكانی ئیسرائیل پێگە سەربازییەكان و سەربازگەكانی لە تەڕتوس و لازقیە گرتوەتەوە.

  یت هێگسێت، وەزیریی بەرگری ئەمەریکا هۆشداریدا لەوەی هێزە سەربازییەکانی چین، مەشق و ڕاهێنان دەکەن بۆ ئەرکێکی گرنگ، کە ڕەنگە خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر تایوان ئامادە بکەن. هێگسێت لە میانی کۆڕبەندی ئاسایشی شانگریلا لە سەنگافورە گوتی: "ئەوە زانراوە، کە شیجینپینگ، سەرۆکی چین فەرمانی بە سەربازەکانی کردووە تا ساڵی 2027، هێرش بکەنە سەر تایوان، هەروەها سوپایەکی سەربازی بۆ ئەو کارە دروست دەکات، و ڕۆژانە مەشق و ڕاهێنان دەکەن بۆ ئەو ئەرکە." هێگسێت داوای لە هاوپەیمانە ئاسیاییەکانی واشنتن کرد کە بە خێرایی خەرجییە سەربازییەکانیان لە بەرامبەر هەڕەشەکانی چین زیاد بکەن. وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ساڵانەی ئاسایش لە سەنگافورەدا داوای لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ئاسیا کرد خەرجییەکانی بەرگرییان زیاد بکەن. ئەو گوتى، هەڕەشەی چین راستەقینەیە و رەنگە نزیک بێت لەبەرئەوەی پەکین هیوادارە زاڵ بێت بەسەر ئاسیادا و هێزە سەربازییەکانی چین تواناکانی خۆیان بۆ داگیرکردنی تایوان پەرەپێدەدەن و رۆژانە بۆ ئەرکی راستەقینە مەشق دەکەن، بۆیە پێویستە وڵاتانی ئاسیا هاوشێوەی وڵاتانی ئەوروپی خەرجییە سەربازییەکانیان زیاد بکەن. چین تایوان بە خاکی خۆی دەزانێت و بەڵێنی داوە، بیکاتەوە یەک پارچە لە خاکی خۆی، فشارە سەربازی و سیاسییەکانی خۆی بۆ پابەندبوون بە بەڵێنەکانی زیاد کردووە. حکوومەتی تایوانیش قسەکانی پەکین ڕەتدەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە خەڵکی تایوان بە تەنیا دەتوانن بڕیار لە داهاتوویان بدەن.

  مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، لە پەیوەندیی راستەوخۆدان لەگەڵ تورکیا، دژی کۆبوونەوەش نییە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا. مەزڵوم عەبدی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی شەمس، ئاماژەی بەوەکردووە، ئامادەن لە چوارچێوەی لامەرکەزیی سیاسییدا گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق بکەن، چارەسەری خێرا و رووکەشیش رەتدەکەنەوە و پێیان وایە چارەی پرسی کورد ناکات. دەشڵێت، تێکەڵکردنی هەسەدە لەگەڵ دامەزراوە سەربازییەکانی سوریا چەند ساڵێک دەخایەنێت، دەیانەوێ شێوازێکی پەسەندکراو بۆ جێکردنەوەی هەسەدە لە چوارچێوەی سوپای سوریا بدۆزنەوە. مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت: هەزاران چەکداری بیانی لە سوریا ئامادەییان هەیەو، بوونەتە کێشەو دەبێت چارەسەر بکرێت. فەرماندەی گشتی هەسەدە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "شەمس" وتی: نامانەوێت بگەڕێینەوە بۆ شەڕ، بەڵام بۆ بەرگریکردن لە خۆمان ئەو کارە دەکەین. عەبدی ئاماژەی بەوەشدا: دیدارەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع،  سەرۆک کۆماری سوریا ئەرێنی بووە، جەختی لەسەر ئەگەری تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان لەگەڵ دیمەشق و گەیشتن بە چارەسەری هەمیشەیی کردەوە. هۆشداریدا لەوەی، داعش خۆی لە شارە گەورەکاندا رێکدەخاتەوە و سودی لەو بۆشاییە ئەمنییەی ئێستای سوریای وەرگرتووە. راشیگەیاند: ئەمریکا و هاوپەیمانانی تر لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هاوکاریی هێزەکانی سوریای دیموکراتی کوردستان دەکەن لە دانوستان لەگەڵ دیمەشق. لەبارەی ئامادەیشی بۆ دیداری لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، وتی: هیچ كێشەك نیە لەوەداو ئێمە کراوەین بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ تورکیا، بەشێوەیەكی راستەوخۆو و لە ڕێگەی نێوەندگیرانەوە پەیوەندیمان لەگەڵ توركیا هەیەو، هیوادارین ئەم پەیوەندییە گەشە بکات.  فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، جەختی لەسەر پێویستی بوونی یەک سوپاو یەکگرتنەوەی دامەزراوە سەربازییەکانی سوریا كردەوە بە هێزەکانی سوریای دیموکراتیشەوە، رەتیشیکردەوە هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت و وتی: ئێمە پشتگیری لە دراوسێیەتی باش لەگەڵ هەمووان دەکەین.

  سوپای توركیا بەردەوامە لە هێرشەكانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان و لە ماوەی هەفتەیەكدا زیاتر لە 120 جار بۆردومانی ئامێدی كردووە. كامەران عوسمان، ئەندامی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی رایگەیاندووە، لە رۆژی 24ی ئەم مانگەوە، سوپای توركیا 83 جار هێرشی كردوەتە سەر چیای نزاركێ لە سنوری ناحیەی شیلادزێ لە قەزای ئامێدی. دەشڵێت، تەواوی هێرشەكان بۆ سەر یەك شوێنی دیاریكراوبوون و هەموو رۆژێك لە رێگەی تۆپخانەكانیەوە، سوپای توركیا ئەو شوێنەی تۆپباران كردووە، لە هەمان كاتیشدا، بە تەنیا لە ماوەی یەك هەفتەی رابردوودا، سوپای توركیا 45 جار تۆپبارانی گوندەكانی بەری گارێی لە سنوری ناحیەی دێرەلوك لە قەزای ئامێدی كردووە. بەمەش لە ماوەی یەك هەفتەی ڕابردوودا، هێرشەكانی سوپای توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە 128 هێرش و هەمووشی تۆپباران بووە. بەوتەی كامەران عوسمان، هیچ هاووڵاتییەكی مەدەنی لەو بۆردومانانەدا نەبووەتە قوربانی، بەڵام بەردەوامی هێرشەكان بوونەتە مایەی ترس و دڵەڕاوكێ بۆ دانیشتووانی سنوری قەزای ئامێدی.