هاوڵاتی  دژەتیرۆری کوردستان-پارتی رایگەیاند هیچ هێرشیکی درۆنی نەکراوەتە سەر فرۆکەخانەی هەریر و دەڵێت، ئەو هەواڵەی بڵاوکراوەتەوە لەسەر ئەو بابەتە "بێبنەما و ناراستە." بەیانی ئەمڕۆ شەممە 11ی تشرینی دووەمی 2023، چەند میدیایەکی پارتی بڵاویانکردەوە کە بە درۆن هێرشکراوەتەسەر سەر فرۆکەخانەکە و تەقینەوە رویداوە، لەئەنجامدا زیان بە هۆڵێکی فرۆکەخانەکە گەیشتووە. لەسەر بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە دژەتیرۆری کوردستان-پارتی دەڵێت، "بە دەزگە میدیاییەکانی ڕادەگەیەنین دەنگی هەر تەقینەوەیەک مەرج نییە هێرش و بۆردومان بێت، دەشێ مەشق و ڕاهێنان یاخود ڕێکاری تایبەت بێت." دەقی راگەیاندراوەکەی دژەتیرۆری کوردستان-پارتی: ڕاگەیەندراوێک لە دژەتیرۆری کوردستانەوە ئەمڕۆ شەممە 11ی تشرینی دووەمی 2023 لە چەند دەزگەیەکی میدیایی هەواڵێک بڵاو کرایەوە، کە گوایە نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی هەریر. لای خۆمانەوە ڕایدەگەیەنین کە ئەم هەواڵە بێبنەما و ناڕاستە و هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر شوێنی ئاماژە پێ کراو. بە دەزگە میدیاییەکانیش ڕادەگەیەنین دەنگی هەر تەقینەوەیەک مەرج نییە هێرش و بۆردومان بێت، دەشێ مەشق و ڕاهێنان یاخود ڕێکاری تایبەت بێت. لە کۆتاییدا داواکارین لە دەزگە میدیاییەکان و میدیاکاران، بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ هەر جۆرە ڕووداوێکدا بکەن و نەبنە هۆکاری دڵەڕاوکێ لە لای هاووڵاتییان. دژەتیرۆری کوردستان

هاوڵاتی  وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، سبەینێ یەکشەممە وەزیری نەوتی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات بەمەبەستی چارەسەرکردنی دۆسیەی نەوتی هەرێم. پیشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت، هاتنی حه‌ییان عه‌بدولغه‌نی، وه‌زیری نه‌وتی عێراق و تیمێکی وەزارەتەکە بۆ هەرێمی کوردستان "لە سەر رێککەوتنی هەردوو سەرۆکوەزیران" مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سودانی بووە. ئەمڕۆ شەممە وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، ئامادەکارییان دەستپێکردووە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەرێی بەندەری جەیهانی تورکیاوە. وتەبێژی حکومەتی هەرێم دەڵێت، حەییان عەبدولغەنی و تیمەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە "تا دۆسیەی نەوتی هەرێم و کێشەکانی تر پێکەوە چارەسەر بکەن." هاوکات پێشەوا هەورامانی باس لەوە دەکات، "بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکان کێشەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت و رێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمەو بۆ ئەم پرسە دوو بۆ سێ ڕۆژ دەمێننەوە."

هاوڵاتی  لەکاتی داخستنی بازاری دراو لە سلێمانی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزبوویەوە بەراورد بە کاتی مامەڵەکردن لەکاتی کردنەوەی بازاڕی دراو.  ئەمڕۆ شەممە 11ی تشرینی یەکەمی 2023، لەکاتی داخستنی بازاڕی دراو لە سلێمانی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزبوویەوە و 100 دۆلار بەرامبەر 162,750 دینار جێگیر بوو.  لەناوەراستی ئەمڕۆ و لەدەوروبەری کاتژمێر یەک بۆ دووی دوانیوەڕۆ 100 دۆلار بەرامبەر 163,500 دینار مامەڵەی پێوە دەکرا.  هاوکات هەر ئەمڕۆ  لەکاتی کردنەوەی بازاڕی دراوی سلێمانی و لە پێشنیوەڕۆدا، 100 دۆلار 164,750 دینار کڕین و فرۆشتنی پێوە کرا.  ماوەی دوو هەفتەیە بەهای دینار ناجێگیرییەکی زۆر بەخۆیەوە بینییوە و چەندین جار لە رۆژێکدا بەرز و نزم دەکات و بانکی ناوەندی لە هەوڵی ئەوەدایە بەهای دینار جێگیر بکات، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیووە.  بانکی ناوەندی رۆژانی دەوام نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕەوە بە نرخی فەرمی کە 132,000 بۆ هەر 100 دۆلارێک، بەڵام بەپێی وتەی بەشێک لە ئاڵوگۆڕکارانی دراو کە بۆ هاوڵاتی قسەیان کردووە، ئەو بڕە پارەیە ناخرێتە ناو بازاڕەکانی دراوەوە و ئەو ژمارەیە "راست نییە."

هاوڵاتی  لە رێی درۆنێکی بۆمب رێژکراوەوە جارێکی تر هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی هەریر و بەپێی زانیارییەکان تەقینەوە دروست بووە.  سەرچاوەیەکی ئەمنی بە میدیای پارتی راگەیاندووە، هێرشەکە لەکاتژمێر 12:35 خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ روویداوە و بەهۆی هێرشەکەوە، "تەقینەوە دروستبوە زیان بە هۆڵێکی فڕۆکەخانەکە گەیشتوە و لە ئێستادا چۆڵکراوە." ئەمە سێیەم جارە هێرشی درۆنی دەکرێتەسەر فڕۆکەخانەی هەریر کە بنکەیەکی سەربازییە. پێشتر لە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، واتە دوو رۆژ لەمەوبەر، هێرشێکی هاوشێوە ئەنجامدراوە دژەتیرۆری کوردستان-پارتی رایگەیاند،  بە سێ درۆن و لە دوو کاتی جیاوازدا ئەنجامدرا هێرشەکە ئەنجامدراوە.  پێشتریش لە هەفتەی رابردوودا هێرشێکی درۆنی کرایە سەر هەمان فرۆکەخانە و گروپی چەکداری "مقاوەمە (بەرەنگاری) ئیسلامی لە عێراق" ئەنجامدانی ئەو هێرشەی لەئەستۆ گرت.     

هاوڵاتی  وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، ئامادەکارییان دەستپێکردووە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەرێی بەندەری جەیهانی تورکیاوە. حه‌ییان عه‌بدولغه‌نی، وه‌زیری نه‌وتی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "پرسەکە تەکنیکییە، ئێمەش ئامادەین و هەندێک ئامادەکاریش كراوه‌ بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە." لە 25ی ئازاری ئەمساڵەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیاوە راگیراوە و زیانەکان بۆ هەرێمی کوردستان بە شەش ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت. راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دوای بڕیارەکەی دەستەی ناوبژیوانی پاریس دێت کە بڕیاریدا دەبێت تورکیا 1.9 ملیار دۆلار وەک قەرەبوو بداتە عێراق بەهۆی ئەوەی لەساڵانی 2014-2018 نەوتی هەرێمی کوردستانی بە ناسایی گواستووەتەوە. هاوکات وەزیری نەوتی عێراق باسی لە پرۆژەی خۆبژێوی عێراق کرد و وتی، پڕۆژەیان هەیە بۆ وەبەرهێنانی غازی دەرهێنراو لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بە پارێزگاکانی باکووریشەوە، لەگەڵ تەواوبوونی ئەو پڕۆژانە سووتانی غاز دەوەستێت و "حكومه‌ت پابه‌نده‌ به‌ رێككه‌وتنه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌باره‌ی راگرتنی سووتانی غاز تاكو‌ پێش ساڵی 2030 كراون." رۆژی چوارشەممە 8ی تشرینی دووەمی 2023، محەممەد شیاع سودانی سەرۆکایەتی حەوتەمین کۆبونەوەی ئاسایی باڵیۆزانی عێراقی کرد کە پێکهاتوون لە باڵیۆزانی عێراق لە وڵاتە جیاوازەکان و هەروەها نێردە و باڵیۆزانی وڵاتانی عەرەبی و بیانی لە عێراق و لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا سودانی باسی لەو "دەستکەوتانە" کرد لە بەرنامەی کابینەکەیدا بەدەست هاتوون و وتی، دەرفەتێکی ئومێدبەخش هەیە کە حکومەتی عێراق وەبەرهێنانی تێدا دەکات لە کەرتی نەوت و پیشەسازی ستراتیژی و غازدا، "عێراق دەچێتە بازاڕی غازی جیهانییەوە لە ماوەی 3-5 ساڵدا خۆبژێوی بەدەست دەهێنێت."

هاوڵاتی  دامەزراوەی جیۆفیزیکی زانکۆی تاران رایگەیاند ئێوارەی هەیینی بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.١ رێختەر، لە شاری موورموور سەر بە پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان رویداوە. ئەم بوومەلەرزەیە لە شارەکانی ئابدانان،  دەرەشارە، دێهڵوڕان و تەنانەت پولدوختەر لە پارێزگای لوڕستان هەستی پێکراوە. هاوکات رێکخراوی بوومەلەرزەزانی ئەمریکا رایگەیاند ئەم بوومەلەرزەیە بە گوڕی ٥.٢ ریختەر بووە. محەممەد رەحمانی، قایممقامی ئیلام رایگەیاندووە کە بوومەلەرزەکە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە. پێشتر لە مانگی ئابی ٢٠١٤ بوومەلەرزەییەک بە گوڕی ٦.٢ ریختەر ئەم ناوچەیەی گرتەوە کە چەند کەس بریندار بوون و زیانی گەورەی ماددی لێکەوتەوە.

هاوڵاتی  بەرێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر رایگەیاند، لە روداوێکی ئاگرکەوتنەوەکەدا لە ماڵێک لە گەڕەکی فەرمانبەران کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ %98ی جەستەی سووتا. بەرگری شارستانی هەولیر دەڵێت، کاتژمێر یەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ئاگادارکراونەتەو لە روودانی رووداوەکە هەرچەندە رووداوەکە کاتژمێر 10:30 خولەکی شەوی رابردوو رویداوە بۆیە "زۆر درەنگ هەواڵ بە ژووری کۆنترۆڵی بەرێوەبەرایەتیمانیان دراوە." بەرگری شارستانی هەولێر باس لەوەش دەکات، "بەپێی لێکۆڵینەوە لە ئاگرەکە هۆکارەکەی شێوەیەک سووتانی بەشێک لە ژووری چێشتخانە لە نهۆمی سەرەوەو دەرگاو رایەخێک و تەباغی خواردن ئامادەکردن بووە، کە ئەو کچە تەنها لە ماڵی مامی لەو خانووە لە نهۆمی سەرەوە ژیانی کردووە." هاوکات ئاماژە بەوەشکراوە کە بەهۆی زۆری سووتانی جەستەیەوە، کچەکە رەوانەی نەخۆشخانەی ئیمیرجنسی هەولێر کراوە و دۆخی تەندروستی ناجێگیرە. لەکۆتاییدا بەرگری شارستانی هەولێر رایگەیاندووە، راپۆرتییان لەسەر رووداوەکە پیشکەش کردووە و لێکۆلێنەوەی وردتر دەمێنیتەوە بۆ پۆلیسی هەولێر لەسەر راستی روودانی رووداوەکە. 

عەمار عەزیز لەساڵی‌ 2006ەوە تائێستا حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بەڵێن بەخەڵك دەدەن كەپاڵاوگە نایاساییەكانی ناوچەی كواشێ‌ سەر بەقەزای سێمێل دابخرێن بەڵام تائێستا لەکارکردن بەردەوامن، جگە لەزیانە تەندروستییەکانی، ژینگەی قەزاكەشی تێكداوە . پاڵاوگە نایاساییەكان دەكەونە ناوچەی كواشێ‌ سەر قەزای سێمێل، تاپێش ساڵێك ژمارەیان 45 پاڵاوگە بوو، ئێستا تەنها 16 پاڵاوگە ئیش دەكەن، لەسەر ئاستی باڵا چەندینجار بڕیاری داخستنیان بۆ دەركراوە، بەڵام نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە . ساڵح رەمەزان، موختاری كۆمەڵگای باستكێ‌-یە كەتەنها چوار كێلومەتر دوورە لەناوچەی كواشێ،‌ بەهاوڵاتی وت، «17 ساڵی رێكە ئەم كێشەیەمان بۆ چارەسەرنەكراوەو تازە لێی راهاتووین، رۆژانە دوكەڵی پیس و رەش و بۆنی ناخۆش هەڵدەكێشین، ژمارەیان نازانم بەڵام دڵنیام زۆر كەس تووشی نەخۆشی رەبۆو سییەكان بوونەتەوە بەهۆی ئەم پاڵاوگانە، هەر ماوە ماوە بڕیاری تازە دەردەكەن و جێبەجێ‌ ناكرێت، ئەوەی زیانی پێدەگات تەنها خەڵكی ئاساییە». دوو  هەزارو 500 كەس لەكۆمەڵگای باستكی دەژین. لەساڵی 2010 خەڵكی قەزای سێمێل و دەوروبەری بەنوێنەرایەتی هەموو خەڵكی قەزا 500 ئیمزا كۆكرانەوە، دواتر رادەستی ئیدارەی پارێزگای دهۆك كرا، سەرباری چەندین هەوڵی دیكەش تا لەم كێشەیە رزگاربین بەڵام هەر سوودی نەبووە . ساڵح رەمەزان دەڵێت، «ئەگەر ئەوانە نایاسایی نەبن ئەی بۆچی بەشەو زیاترو قاچاغی ئیش دەكەن، ماوەیەك هەندێك پاسەوانیان لەسەر رێگای گشتی ناوچەی كواشێ دانا تاڕێگری لەو تەنكەرانە بكەن كەنەوتی خاو دەگوازنەوە بۆ ئەو پاڵاوگانە بەڵام ئێستا پاسەوانەكانیش لەوێ‌ نەماون، خاوەنی ئەو پاڵاوگانە حساب بۆ لایەنی پەیوەندیدارو حکومەت ناكەن». « هیچ خۆشیمان نیە، بەهاوینان ناتوانین موبەریدەو پانكە دابگیرسێنین بەهۆی بۆنی ناخۆش و دوكەڵ، لەزستانیش بەهەمانشێوە دوكەڵ و بۆنێكی پیس و بۆگەن بەناوچەكەدا بڵاودەبێتەوە، بۆنەكەی ئەوەندە ناخۆشە ناتوانم وەسفی بكەم، جگە لەزیانە تەندروستییەكان هاوكات زیانی زۆر گەیاندووەتەوە ژینگەی قەزاكە، هەروەها زیانی زۆری بۆ جووتیارانی ناوچەكە هەیە « ساڵح رەمەزان وای وت . پیسكردنی ژینگەو ئاووهەوای كوردستان بەپێی یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2008ی پاراستن و چاككردنی ژینگە سزای قورسیشی بۆ دانراوە، كەزیندانی  و غەرامەی تا 200 ملیۆن دیناری تێدایە، ئەوەش بەپێی جۆرو شێوازی سەرپێچی دەگۆڕێت . شەڕی یاسایی و بڕیاری نێوان حكومەت و پاڵاوگەكان نوێ‌ نییە، لەساڵی 2010وە چەندینجار دووبارە بووەتەوە، هەر جارەو زنجیرەیەك رێوشوێن دەركراوە بەڵام پاڵاوگەكان هێشتا لەكاردان. عەبدولسەمەد تێلی، سەرۆكی لیژنەی وزەو پیشەسازی لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی وت، «لەكابینەی پێشووی حكومەتی هەرێم و لەم كابینەیەشدا، بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكانی ناوچەی كواشی دەركردووە، هاوكات پێشتر لەوەزارەتی ناوخۆو ئێدارەی پارێزگای دهۆكیش بڕیاری داخستنیان دەركردووە، بەڵام تائێستاش بەشێكیان ئیش دەكەن، دوای دەرچوونی هەر بڕیارێك بەماوەیەكی كەم دووبارە ئیشیان كردووە. عەبدولسەمەد تێلی دەشڵێت: چارەسەركردنی ئەم كێشەیە زۆر ئاسانە، تەنیا بەڕێگریكردن لەو تەنكەرانەی نەوتی خاویان بۆ دابین دەكەن، ئەگەر نەوتی خاویان پێنەگات ناتوانن ئیش بكەن و بەناچاری خۆیان وازدەهێنن، بەڵام ئەمە نەكراوە تائەم ساتەش نەوتی خاویان بۆ دەڕوات و ئیش دەكەن». نزیكەی 45 پاڵاوگە لەسنوری كواشێ‌ بەشەوو رۆژ كاریاندەكرد، بەڵام بەهۆی تێكدانی ژینگەو ناڕەزایی خەڵك ئیدارەی پارێزگای دهۆك لە 25ی ئابی 2021دا بڕیاریدا بەداخستنی هەموو پاڵاوگەكان، لەئێستادا 16 پاڵاوگە ئیش دەكەن و دۆسیەی ژمارەیەك پاڵاوگە لەدادگان و یەكلایی نەكراونەتەوە. لەبارەی رێكارەكانی ئیدارەی پارێزگای دهۆك و قایمقامیەتی قەزای سێمێل بۆ داخستنی پاڵاوگەكان، خەلیل مەحمود، قایمقامی قەزای سێمێل بەهاوڵاتی وت: گوڕانكاری و رێكاری ئیداری بەرامبەر پاڵاوگە نایاساییەكانی ناوچەی كواشێ‌ كراوە، یەکەم ژمارەی پاڵاوگەكان پێشترنزیكەی 45 پاڵاوگە بووە، ئێستا ئەوانەی ئیش دەكەن ژمارەیان 11 بۆ 12 پاڵاوگەن، دووەم ئەوانەی ئێستا ئیش دەكەن لەژێر چاودێری وردی لایەنە پەیوەندیدارەكانن كەكۆمەڵێك مەرج و رێنماییان بۆ دانراوە كەدەبێت جێبەجێی‌ بكەن، بەپێچەوانەوە دادەخرێن «. خەلیل مەحمود دەشڵێت: بەپێی بەداواداچوونەكانمان ئەو پاڵاوگانەی ئێستا ئیش دەكەن بەشی زۆری رێنمایی و مەرجەكانیان جێبەجێ‌ كردووە، بۆ داخستنی یەكجارەكی كاری ئەو پاڵاوگانەش پێویستی بەبڕیاری حكومەتە «.

عەمار عەزیز   بەڕێوەبەرایەتی گەشەپێدانی دهۆك بڕیاریداوە لەمەودوا هەركەسێك دایك و باوكی خۆی بەخێو نەكات، رووبەڕووی یاسا بكرێتەوە و سزا بدرێت، چونکە خانەی بەساڵاچووانی دهۆک توانای وەرگرتنی بەساڵاجووی تری نییەو شوێنەکەی بچووکە. شێرزاد حەمید، بەڕێوەبەری گشتی گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی دهۆك بەهاوڵاتی راگەیاند، «لەئێستادا دەستمان بەدانانی پرۆسەیەكی تازە كردووە بۆ وەرگرتنی كەسانی بەساڵاچوو، بڕیارێكی تازەمان دەركردووە لەمەودوا هەر منداڵێك نەتوانێت دایك و باوكی خۆی بەخێوبكات، سكاڵای یاسایی لەسەر تۆماردەكەین و رووبەڕووی دادگای دەكەینەوە، رێنمایی دیكەش هەن بۆ خانەی بەساڵاچووان كەپێویستە ژنان لەتەمەنی 55 ساڵیداو پیاوان لەتەمەنی 60 ساڵیدا وەربگیرێن». بەپێی یاسای سزادانی عێراق ژمارە 11ی ساڵی 1969 لەسەر منداڵەكانە دایك و باوكیان بەخێوبكەن. «هەركەسێك بیەوێت باوكی یان دایكی ببات بۆ خانەی بەساڵاچووان پێویستە لەڕێگای رێنماییە تازەكان بێت، هەروەها ناتوانین ئەو كەسانە وەربگرین كەنەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، وەك ئیفلیجی مێشك و سەرع  و بیركۆڵی» شێرزاد حەمید وای وت. بەهۆی بچووکی شوێنەکەوە، خانەی بەساڵاچووانی دهۆک ناتوانێت بەساڵاچووی تر وەربگرێت، بەڵام ئەگەر رێنماییەکان کەمبکرێنەوە ئەوا بەساڵاچووی زۆر دەهێندرێن بۆ خانەی بەساڵاچووان. بەهۆی بچووكی شوێنەكەو چەند هۆكارێكی تر لەدهۆك مەرجەكانی وەرگرتنی بەساڵاچووان قورسكراون . شێرزاد حەمید لەسەر وەرگرتنی بەساڵاچووی نوێ دەڵێت، «ئێمە تووشی ئیحراجی و كێشەیەكی گەورە بووینەتەوە لەسەر وەرگرتنی بەساڵاچوو، لەئێستادا توانای وەرگرتنی بەساڵاچوومان نەماوە، ئەوەش بەهۆی بچووكی شوێنەكە، ئەگەر دەرگای وەرگرتن بكەینەوە یاخود توزێك ئاسانكاری لەمەرجەكانی وەرگرتنیان بكەین ژمارەیەكی زۆر لەخەڵك داوادەكەن دایك و باوكیان وەربگرین». لەسنوری پارێزگای دهۆك تەنها یەك خانەی بەساڵاچووان هەیە، ئێستا 26 هاووڵاتی بەساڵاچوو لەخانەی بەساڵاچووانی دهۆك دەژین، كە 12 كەسیان ژن و 14شیان پیاون. سەعدی شەعبان، بەڕێوەبەری خانەی بەساڵاچووانی دهۆك بەوەكالەت بەهاوڵاتی راگەیاند، «لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا سێ بۆ چوار كەسمان وەرگرتووە، خەڵكێكی زۆر سەردانمان دەكەن، بەڵام ئێمە ناتوانین کەس وەربگرین، ئەوەش بەهۆی نەبوونی شوێن، لەئێستادا شوێنی باوکانمان نەماوەو تەنها توانای وەرگرتنی سێ  بۆ چوار ژنی ترمان هەیە». «رۆژانە سێ‌ ژەم خواردنیان بۆ دابیندەكرێت لەگەڵ كڕینی جلوبەرگ، هاوكات بەردەوام چاودێریی تەندروستییان بۆ دەكرێت و ئەگەر پێویستیش بكات بەئەمبوڵانس دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانە، ئەوانەی ئێستا وەرمانگرتوون نیوەیان رەگەزنامەیان پارێزگای موسڵەو بەشەكەی تر خەڵكی سنوری پارێزگای دهۆكن « سەعدی شەعبان وای وت. خزمەتگوزارییەکان تەنها لەلایەن حکومەتەوە دابین ناکرێت، بەڵکو بەشێکی لەلایەن خێرخوازانەوەیە. سەعدی شەعبان لەسەر خزمەتگوزارییەکان دەڵێت، «ئەو خزمەتگوزارییانەی رۆژانە بۆ بەساڵاچووان دابینی دەكەین لەسەدا 35 بۆ 40 خێرخوازان بۆمان دابیندەكەن ئەوەی تر حكومەت، ئەوەی لەتواناماندا بێت بۆیان دەكەین، چونكە هەموویان بەكەسوكاری خۆمان دەزانین، بەڵام وەرنەگرتنی ژمارەیەك بەساڵاچووی تر پەیوەندی بەبیناكەوە هەیە كەزۆر بچووكە». هەڵات حەسەن، پارێزەرێکە لەشاری دهۆك و باس لەوەدەکات بەپێی یاسا دەبێت دەوڵەت مافەکانی بەساڵاچووان دابین بکات. «بەپێی یاسای ژمارە 126ی ساڵی 1980 ئاماژە بەوەكراوە كەدەبێت دەوڵەت مافەكانی بەساڵاچوو و خزمەتگۆزارییەكانی ئابووری و پێداویستییەكان بگرێتەئەستوی خۆی، لەڕووی شەرعی ئایینی ئیسلامیش زۆر گرنگی بەم پرسە دراوە كەدەبێت منداڵەكان بەباشترین شێوە دایك و باوكی خۆیان بەخێوبكەن، بەپێچەوانەوە تووشی گوناهێكی گەورە دەبن «، هەڵات حەسەن وای وت. هەڵات حەسەن دەشڵێت، «تائێستا هیچ كەیسێكم بۆ نەهاتووە كەمنداڵ دایك یان باوكی خۆی بەخێونەكات، یان بەزۆر بیباتە خانەی بەساڵاچووان، چەند هۆكارێك هەن تاوەكو ئەو بە ساڵاچووانە پەنا بۆ خانەی بەساڵاچووان ببەن، یەكەم هەندێكیان لەبنەڕەتدا هیچ منداڵێكیان نیە یان بێ‌ كەسوكارن، دووەم هەندێكیان منداڵەكیان روویان لەدەرەوەی وڵات كردووەو بەتەنیا ماونەتەوە، سێیەم لەوانەیە خێزانی پیاوەكە باوكی یان دایكی هاوسەرەكەی خۆی بەخێونەكات، ئەمانەو چەند هۆكاری تر وادەكەن كەئەو بەساڵاچووانە لەو خانانە بژین «. سەبارەت بەدروستکردنی شوێنی گونجاوترو فراوانتر بۆ بەساڵاچووان شێرزاد حەمید دەڵێت، «پارچە زەویەكمان دابینكردووە بۆ دروستكردنی بینایەكی تازە بۆ بەساڵاچووان، چەند خێرخوازێك هاتوونەتە لای ئێمە تا خۆیان دروستی بكەن، بەڵام هێشتا نەگەیشتووینەتە رێككەوتن، زۆر پێویستمان بەبینایەكی تازەیە چونكە خەڵك بەردەوام سەردانمان دەكەن بۆ وەرگرتنی دایك و باوكیان «.  

هاوڵاتی مانگی رابردوو 16 هەزار و 345 منداڵ بردراونەتە نەخۆشخانەی منداڵانی فێرکاری د.جەمال ئەحمەد رەشید لە سلێمانی و دوو هەزار و 182یان هێڵدراونەوە، لەو رێژەیە بەرزترینی حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە بووە. تەندروستی سلێمانی ئامارێکی بڵاوکردوەتەوە و ئاماژەی بەوەکردوە، 818 حەڵەتی سکچوون و رشانەوە و وشکبوونەوە و 456 حاڵەتی هەناسەتوندی تۆمار كراوە و 217 منداڵ لە بەشی نەبەكام داخڵ كراون، 232 منداڵ لە بەشی بەدخۆراكی و 311 منداڵ لە بەشی تیشك و دەمار و 239 منداڵ لە بەشی هێنانەوەی چارەسەری خۆراك بینراون. بەپێی ئامارەكە، هەر لەو ماوەیەدا لەنەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵانی فێركاری 14.731 پشكنینی تاقیگەیی جۆراوجۆر و 230 پشكنینی گەشەی هۆرمۆن و 456 سۆنەر و 88 ئیكۆ ئەنجام دراوە و 378 تیشك گیراوە.    

هاوڵاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی پارێزگای كه‌ركوك، له‌نوسراوێكی نوێدا په‌شیمانبونه‌وه‌ی له‌ نوسراوه‌كه‌ی پێشتری ده‌ربڕی كه‌ بڕیاریدابو، پیتی كوردی له‌ نوسینی ناوی خوێندكاران به‌كاربهێندرێت. لە  9-11-2023 ناوەندى پشکنینى خوێندنى سەرەتایی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەى کەرکووک نووسراوێکی ئاراستەى قوتابخانە سەرەتاییەکانى ئەو شارە کرد و ئاماژەى بەوە داوە، بەم نزیکانە دەفتەرى ئەلیکترۆنى بۆ ساڵى خوێندنى 2023-2024 بڵاودەکەنەوە و بۆ ئەو مەبەستە چەند رێنوێنییەکی بۆ تۆمارکردنى ناوى قوتابییانى قۆناخى سەرەتایی ئاراستەکردوون کە جێبەجێى بکەن.  یەکێک لە رێنوێنییەکان ئەوە بوو کە پیتەکانى (پ، ژ، چ، گ، ۆ، ڵ، ڕ، ک) بەکارنەهێنن لە کاتى نووسینی ناوی قوتابییەکاندا و لەبری ئەوە پیتە هاوتاکانى لە زمانى عەرەبیدا بنووسرێت. ئەمڕۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك لە بڕیارەکەی پەشیمانبۆوەوە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویكرده‌وه‌، دوای په‌یوه‌ندی به‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، له‌سه‌ر ده‌فته‌ری تاقیكردنه‌وه‌ی قۆناغی سه‌ره‌تایی بڕیاردرا به‌ به‌كارهێنانی پیته‌كانی (پ، ژ، ڤ، چ، گ، ۆ، ڵ، ێ، ڕ، ك). پێشتر ئەو بڕیارەی  په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك بە لابردنی پیتە کوردییەکان، نیگه‌رانی زۆری لێكه‌وته‌وه‌ و به‌ پێشێلی رونی مافه‌كانی كورد و سوكایه‌تی به‌زمانی كوردی و ته‌عریبێكی وه‌سفكرا، هه‌روه‌ها به‌ هه‌نگاوێكیش دانرا بۆ پێشێلكردنی ده‌ستوری عێراق كه‌ زمانی كوردی هاوشێوه‌ی عه‌ره‌بی زمانێكی فه‌رمیه‌. هەربۆیە دوای رۆژێک لەو نووسراوە و دوای خستنەڕووی کێشەکە ، ئەمڕۆ هەینی، پەروەردەی کەرکووک بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە. بە گوێرەى بڕگەى یەکەمى مادەى چوارى دەستوورى عێراق، زمانى کوردى لە پاڵ عەرەبى زمانى فەرمیی دەوڵەتە و مافى تورکمان و سریان و ئەرمەنەکانیشە کە رۆڵەکانیان بەو زمانانە بخوێنن لە دامەزراوە پەروەردەییە فەرمییەکاندا بە گوێرەى رێنوێنییە پەروەردەییەکانن.

شەنای فاتیح لەگەڵ دەستپێكی وەرزی پایزدا، بارانبارین لەهەرێمی كوردستاندا دەستپێدەكات و هەندێكجاریش دەبێتەهۆی روودانی لافاو، بۆ ئەم مەبەستەش تیمەكانی بەرگری شارستانی هەرسێ پارێزگاكەی هەرێم لەئامادەباشیدان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر رووداوێكی نەخوازراو. كاروان میراودەلی، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ساڵانە لە ١٥ی ئەیلوولەوە بەنووسراوی فەرمی داوا لەشارەوانی و یەكە ئیدارییەكان دەكەین كەهەرچی زووە رێڕەوی ئاوو مەنهۆڵەكان خاوێن بكەنەوە، چونكە مەترسی گیربوون و پەنگخواردنەوە درووستدەبێت. وتیشی: «لەبارانبارینی رۆژی هەینی رابردوودا لەسنوری بەڕێوەبەرایەتیمان كەزیاتر لە نۆ شوێن كێشەی پەنگخواردنەوەی ئاو هەبووەو لەدوو شوێنیشدا بەئەندازەیەك لافاو دروستبوو مەترسی و گرفتی بۆ هاووڵاتیان درووستكرد، بۆ ئەم مەبەستە ١٣تیم لەحەوت بنكە لەبنكەكانی بەرگری شارستانیمان دەرچوون بۆ شوێنی رووداوەكان بەمەبەستی بەهاناوەچوون». «ساڵانی رابردوو بەهۆی لافاوەوە زیانێكی زۆری ماددی درووستبوو، هەروەها چەند زیانێكی گیانیش لەسنووری هەولێردا هەبوون كەبریتیبوون لە ١٢رووداوی خنكان، ئەمەش بووەهۆی درووستبوونی ئەركێكی قورس بۆ كارمەندان و ئەفسەرانمان لەگەڕان و دۆزینەوەی چارەنووسی دوو لەقوربانیەكان لەسنووری ناحیەی قوشتەپەو ناحیەی دارەتوو كە بۆ ماوەی ٥٤رۆژ پڕۆسەی گەڕان بەدوای تەرمەكان بەردەوام بوو»، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر وای وت.  هاوكات ئارام عەلی، وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «هەر لەسەرەتای هاتنی وەرزی پایزدا بەڕێوبەرایەتییەكەمان نووسراوێكی ئاڕاستەی پارێزگای سلێمانی كرد بەمەبەستی ئەوەی سەرۆكایەتی شارەوانی و سەرجەم شارەوانییەكان ئاگاداربكاتەوە كەهەستن بەپاككردنەوەی مەنهۆڵ و ئاوەڕۆی ئەو شوێنانەی كەئاویان كۆدەبێتەوە، جگە لەوەش سەرجەم تیمەكانمان لەئامادەباشیدان بۆ هەر رووداوێكی نەخوازراو «. وتیشی:» لەبارانبارینەكەی رۆژی هەینی رابردوو لەیەك دوو شوێن گرفتی لافاو دروستبوو، بەڵام خۆشبەختانە چارەسەرمان كرد، لەساڵانی رابردووشدا هیچ زیانێكی گیانی نەبووەو تەنها زیانی ماددی هەبووە». ساڵانە بەهۆی زۆر بارانبارینەوە لافاو لەچەند شارو شارۆچكەیەكی هەرێمی كوردستاندا دروستدەبێت بەتایبەت ئەو ناوچانەی كەشاخاوی نین، كۆتایی ساڵی ٢٠٢١ یەكێك لەگەورەترین لافاوەكان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان لەشاری هەولێر روویداو  12 كەس گیانیان لەدەستدا، نزیكەی 200 ماڵ و 50 دووكان ژێرئاو كەوتن و سەدان ئۆتۆمبێلیش زیانیان بەركەوت، یەكێك لەقوربانییەكانیش منداڵێكی تەمەن ١٠ مانگ بوو بەناوی دانەر نەبەز كەتەرمەكەی پاش دوو مانگ دۆزرایەوە. جەوهەر عەلی، قایمقامی  قەزای ناوەندی دهۆك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « ساڵانە لەكۆتایی وەرزی پایزداو دەستپێكی بارانباریندا پێشوەختە كۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییەكانی شارەوانی، رێگاوبان، ئاو، كارەبا، بەرگری شارستانی و بەڕێوبەرایەتی ئاوەڕۆ، ئەنجامدەدەین، هەر یەكێك لەمانە بەرنامەی خۆی هەیە بۆ وەرزی زستان و لەئێستاشدا زۆرجار لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی كەشناسییەوە ئاگادار دەكرێینەوە ئەگەربێت و بارانبارینێكی زۆر ببێت، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا هەندێكجار رووداوی لەناكاو روودەدات». وتیشی: «ئێمە لەدهۆك رووبارێكمان هەیە پێی دەڵێن هشكەڕۆ، ساڵانە بەڕێوەبەرایەتی ئاوەڕۆ رووبارەكە پاكدەكاتەوە، ئەمساڵیش پاككراوەتەوە بۆ ئەوەی بەرگەی لافاو بگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا سەرجەم ئاوەڕۆكان پاكدەكرێنەوە». «بەڕێوەبەراتی رێگاوبانیش تیمەكانیان لەئامادەباشیدان بۆ راماڵینی بەفر، هەروەها خەڵكیش هاوكارمانن داواكارین بەردەوام بن لەهاوكاریكردنمان و خۆبەخشیشمان هەیە، بارانبارینیش لەسەرەتادا بەدەگمەن دەبێتە لافاو  مەگەر لەو شوێنەدا ئاوەڕۆكان كارنەكەن یان رێڕەوەكان گیرابن، واتە دەستی مرۆڤی تێدابێت» قایمقامی قەزای ناوەندی دهۆك وای وت. بێوار عەبدولعەزیز، وتەبێژی بەرگری شارستانی دهۆك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «تیمەكانمان لەبەرگری شارستانی هەماهەنگن لەگەڵ تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی و ئاوو ئاوەڕۆ، هەر رووداوێكی لافاو رووبدات پێكەوە كاردەكەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی». وتیشی: «ئەمساڵ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەكان كۆبوونەوەیەكمان ئەنجامداوە بۆ هەماهەنگی زیاترو رووبەڕوبوونەوەی هەر رووداوێكی نەخوازراو هەروەها لەیەكی كانوونی دووەمی ئەمساڵەوە تائێستا ٦١ رووداوی لافاو لەسنووری پارێزگای دهۆكدا روویانداوە». لافاو دیاردەیەكی سروشتییەو بریتیە لەهاتن و داپۆشینی ناوچەیەك بەئاوێكی زۆرو بەگشتی بەخێرایی كەئەو بڕە ئاوە زیادە لەتوانای هەڵگرتن و تێپەڕبوونی سروشتی بەناوچەیەكدا زیاترە، كە لەوانەیە لەچەند سانتیمەترێك تاڕادەی داپۆشین و راماڵینی بیناكان بێت یاخود بریتیە لەنوقومبوونی ناوچەیەك بەئاو.

هاوڵاتی لێبرینی مووچە گەڕایەوە؛ دوای سێ مانگ لە دواکەوتنی ژینگە پارێزانی ئاکرێ مووچەکەیان بە لێبرینەوە وەرگرت، هەر ژینگە پارێزەک 40 بۆ50 هەزار لە مووچەکانیان بڕدراوە. ژینگە پارێزیک کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت بە هاوڵاتی وت: " بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانمان بۆماوەی پێنج رۆژ بایکۆتی دەواممان کرد، بەڵآم دوای سێ مانگ لە وەرنەگرتنی مووچەکانمان بەهۆی بایکۆتکردنمانەوە، 40 بۆ 50هەزار دینارمان لێبڕدراوە." وتیشی، " هەرچەندە بەرپرسانی کۆمپانیای MRF کە ئێمە بە  گرێبەستین لەگەڵیان کاردەکەین داوایان لێکردین گەر  بگەڕێینەوە بۆ دەوام مووچەمان دەدەنێ بەڵام  بەشێکیان لێبڕیبوو". ئەو ژینگەپارێزە ئەوەشی ڕونکردەوە ،" مووچەکەمان 410هەزارە بەڵام بۆئەم مانگە تەنها 375هەزار دیناریان حساب کردوین ، ئەمەش یەکەمجارنیە کە مووچە لەئێمە دەبردرێت " . کاری پاککردنەوەی شەقام و شوێنە گشتیەکان لە هەرسێ قەزای ئاکرێ، بەردەڕەش ، شێخان لەلایەن کۆمپانیای MRFوە بەرێوەدەبرێت

هاوڵاتی بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە فڕۆکەخانەی هەریر درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کەوتووەتە خوارەوە و تەقیوەتەوە. ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازیی هەریر و بەپێی زانیارییەکان، ئاگر لە ناوچەکە کەوتوەتەوە. بە گوێرەی زانیارییەکان ئاگرەکەی نێو فڕۆکەخانەی هەریر تا دێت گەورە دەبێت و کۆگەی سوتەمەنیی فڕۆکەخانەکە ئاگری گرتووە. ئەوە لە کاتێکدایە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 7/11/2023، لە ڕێگەی سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر؛ دوانیان لە ئاسماندا تەقێندرانەوە و ئەوەی دیکەشیان بەنەتەقیوی کەوتەخوارەوە.. پێشتریش ماڵپه‌ڕی "ئێن بی سی نیوز"ی ئه‌مریكی له‌ زاری چه‌ند به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا "پێنتاگۆن" بڵاویكرده‌وه‌، به‌هۆی هێرشی گروپه‌ چه‌كدارییه‌كانی عێراق له‌م دواییانه‌دا نزیكه‌ی 45 سه‌ربازی ئه‌مریكی برینداربون، برینی هه‌ندێكیشیان سه‌خته‌.

سەركۆ جەمال چارەنووسی زیاتر لەحەوت ملیۆن بەشداربووی كۆڕەك تیلیكۆم كەكۆمپانیایەكی پەیوەندییە نادیارە، بەهۆی بڕیارێكی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندیەكانی عێراق، كۆمپانیاكەش لەیەككاتدا پەنا بۆ یاساو لایەنە سیاسییەكانیش دەبات بۆ چارەسەری ئەو قەرزانەی لەسەری كەڵەكە بووە. وەزارەتی پەیوەندییەكانی عێراق 22ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، بەهۆی قەرزداریی و بەسەرچوونی مۆڵەتەوە، لەدژی كۆمپانیای كۆڕەك چەند بڕیارێكی دەركرد، بەپێی یەكێك لەبڕیارەكان فرۆشتنی كارتی باڵانس و سیمكارتی ئەو كۆمپانیایە قەدەغە دەكرێت، هەروەها داوا لەهاووڵاتییان دەكەن هیچ سیمكارتێكی نوێی كۆڕەك نەكڕن، كۆڕەك تیلیكۆمیش بڕیارەكە بە نادادپەروەری وەسفدەكات و دەڵێت رێگای یاسایی دەگرنەبەر. كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم راگەیاندراوێكی بڵاوكردووەتەوەو تێیدا روونكردنەوەیەكی بۆ رای گشتی عێراقی، دەسەڵاتی دادوەری، پەرلەمان، حكومەت و مەرجەعە ئاینییەكان داوەو ئاماژەی بەوە كردووە، ئەوەی لەلایەن دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراقی بەرامبەری دەكرێت، نادادپەروەری و نایاساییە. رۆژی دووشەممە 23ـی تشرینی یەكەمی 2023) كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم راگەیاندراوێكی بڵاوكردە‌وەو تێیدا هاتووە:» بەردەوام بەهەموو بڕیارێكی دامەزراوە فەرمییەكان و یاساو رێنماییەكانی عێراق پابەندبووەو هیچ كەمتەرخەمییەكیان لەهەوڵەكانیان لەپێناو دانانی سنوورێك بۆ ئەو ناكۆكییانەی لەنێوان ئەوان و دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراقی هەیە نەكردووە». كۆڕەك تیلیكۆم هەروەها باس لەوەدەكات «سەرەڕای ئەو ستەمە نادادپەروەر و نایاساییەی لەلایەن دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراقییەوە بەرامبەریان دەكرێت، بەڵام بەردەوامن لەپێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان بەهاووڵاتیان، هاوكات بۆ بەرگریكردن لەمافەكانی پەنای بردووەتەوە بەر دادگا». كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم سەرنجی بۆ ئەوەش راكێشاوە، «‌هیچ لایەن و دامەزراوەیەك بۆی نییە بڕیار لەداخستنی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم بدات، چونكە خاوەنی زیاتر لەحەوت ملیۆن هاوبەشە، باوەڕی بەچارەسەركردنی هەر كێشەو ناكۆكییەك هەیە لەڕێگەی دەزگا فەرمی و دانوستانەكان بۆ گەیشتن بەچارەسەرییەك كەشیاوی جێبەجێكردن بێت، بۆ ئەو مەبەستەش باشترین بژاردە پەنابردنە بەر دادگایە، بەوپێیەی بێلایەن و جێی متمانەیەو پابەندە بەوەی دەیڵێت». كۆمپانیای كۆڕەك لەبەشێكی راگەیاندراوەكەیدا تیشكی خستووەتەسەر ئەوەی، «دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراقی وەكو پێویست پابەندی بڕیارو رێنماییەكانی دادگای عێراقی نەبووە، بەڵكو زێدەڕۆیی بەسەریاندا كردووەو بڕیاری نادادپەروەرانە دەردەكات و بەرامبەر بەكۆڕەك پیادەی هەڵسوكەوێتكی ستەمكارانە دەكات». هەروەها كۆڕەك تیلیكۆم جەخت دەكاتەوە «سەرەڕای ئەوەی لەلایەن دەستەی ناوبراوەوە بەرامبەری دەكرێت، بەڵام پابەندە بەپێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی بۆ سەرجەم هاووڵاتیانی عێراقی لەچوارچێوەو بەگوێرەی ئەو مۆڵەتەی بۆ كاركردن پێی دراوەو هەیەتی، كۆڕەك هەموو بەڵگەكانی پاراستووە، بەڵام كە بڵاوینەكردووەتەوە، بۆ ئەوە بووە بەخراپ بەكارنەهێندرێت و زیان بەبەرژەوەندییە گشتییەكان نەدات بەتایبەتی نەوەك بۆ سەر زمانە بیانییەكان وەربگێڕدرێت، تێڕوانین و سەرنجی وەبەرهێنەرانی بیانی لەسەر عێراق بەخراپ دەگۆڕێت». كۆڕەك تیلیكۆم لەكۆتاییدا رایگەیاندووە «بۆ ئەوەی چارەسەری هەموو ئەو كێشانە بكرێت كە لەلایەن دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراقی بەرامبەری دەكرێت، داوای لەسەرۆكوەزیرانی عێراق و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كردووە، بڕیاربدەن بۆ پێكهێنانی لیژنەیەكی بێلایەن بۆ ئەوەی بەپشتبەستن بەبەڵگەكان، بەدواداچوون بۆ راستییەكان بكات. رۆژی 8ـی ئایاری 2023، سیروان بارزانی خاوەنی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم، لەمیانەی كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، كۆمپانیای كۆڕەك یەكەم كۆمپانیای پەیوەندی بوو، كە لەساڵی 2000 دامەزرا. وتیشی: «لەدوای ئازادكردنی عێراق، بڕیاردرا سێ مۆڵەتی GSM بدرێتە سێ كۆمپانیای عێراقی، ئەوانیش كۆمپانیای ئەسیر، عێراقوناو ئاسیاسێل بوو». خاوەنی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم هەروەها راشیگەیاند»دوای ئەو سێ مۆڵەتە، كۆمپانیای (پرایس وەتەر هاوس كۆپەر)ـی بەریتانی، لەعەممانی پایتەختی ئوردن سەرپەرشتی تەندەرێكی كرد، كەكۆمپانیای كۆڕەك لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی لەو زیادكردنە ئاشكرایە بەشداربوون، كۆڕەك یەكێك لەمۆڵەتەكانی دانانی كۆمپانیای پەیوەندی بردەوە، وا بڕیاربوو ئەو كۆمپانیایەی كە لەو زیادكردنە ئاشكرایە دەرناچێت، بەشداربووەكان و كۆدەكانی بدرێتە كۆمپانیای براوە، كە كۆڕەك تیلیكۆم بوو». خاوەنی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم، ئەوەشی خستەڕوو: «بڕیاردرا فریكوێنسەكان و لەگەڵ سێ ملیۆن و 200 هەزار بەشداربووی كۆمپانیای عێراقونا بەكۆڕەك بدرێت و دەستبەكاربن، لەیەكەم رۆژەوە دەستەی پەیوەندییەكانی عێراقی فریكوێنسەكانی بۆ كۆڕەك دابین نەكرد، شەش مانگ دوایخست و دواتر بەشێوەیەكی نایاسایی كۆدەكانی 0790 و 0779ی دا بەكۆمپانیای زەین و لەئەنجامدا بازاڕی پەیوەندییەكانی عێراقی بەیەكجاری شێواند». خاوەنی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم، روونیكردەوە «ئەو مۆڵەتەی كەكۆمپانیای كۆڕەك پارەی پێدابوو، بۆ خاتری ئەوەبوو كەئەو بەشداربووانەو  ئەو كۆدانەی پێبدرێت، بەڵام بەنایاسایی سەرۆكی ئەوكاتی دەستەی پەیوەندییەكانی حكومەتی عێراقی، چوو بۆ ئوردن بڕیاریدا بەپێدانی سەرجەم بەشداربووان و كۆدەكان بەكۆمپانیای زەین». سیروان بارزانی، لەدرێژەی قسەكانیشیدا، وتبووی: «لە 2014ـەوە كەمافی خۆمانە، ئەو سێ ملیۆن و 200 هەزار بەشداربووانە لەگەڵ كۆدی 0790 نەگەڕێتەوە بۆ كۆمپانیای كۆڕەك، ئەوا كۆڕەك پابەندنابێت بەوەی 370 ملیۆنی پشكەكان بداتەوە، دەستەی پەیوەندییەكانی حكومەتی عێراق، دوای 10 ساڵ بڕیارەكە جێبەجێ ناكات و مافمان نادەتەوە كەهەقی خۆمان بوو، هەروەها ئێمە چوینە دادگای عێراقی بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە، كەپێویست بوو جێبەجێبكرێت، بەڵام تائێستا جێبەجێیانن نەكردووە». سیروان بارزانی، باسی لەوەشكردبوو «ئەو 800 ملیۆن دۆلارە، شتێكی ناڕەواو نایاساییە لەسەر كۆمپانیای كۆڕەك سەپێندراوە، كۆمپانیای كۆڕەك لەڕێگەی دادگاو حكومەتەوە پەنای بۆ چارەسەری كێشەكان برد، بەڵام كێشەكانیان چارەسەرنەكراو مافەكان بۆ كۆڕەك نەگەڕایەوە». ‎لەبەرامبەردا وەزارەتی پەیوەندیەكانی عێراق لەڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت:»بەهۆی بەسەرچوونی مۆڵەتی كۆمپانیای كۆڕەك، لە 30ـی ئابی 2022ـەوە، هەروەها نەدانەوەی ئەو بڕە پارە زۆرەی كەقەرزە لەسەر كۆمپانیاكە تا ئەم ساتە، سەرەڕای ئەو هەموو دانوستان و دیالۆگانەی لەگەڵ كۆمپانیاكەدا ئەنجامدراوە، رای گشتی عێراق لەم چەند بڕیارەی خوارەوە ئاگادار دەكەینەوە. ‎یەكەم: كۆمسیۆنی پەیوەندییەكان و راگەیاندن لەوەزارەت رێنمایی دا، فرۆشتن و بازرگانی هەر سیمكارتێكی نوێی سەر بەكۆمپانیای پەیوەندییەكانی كۆڕەك رابگیرێت. ‎دووەم: داوا لەهاووڵاتیان دەكەن هیچ سیمكارتێكی نوێی كۆڕەك نەكڕن. ‎سێیەم: دەسەڵات دڵنیایی دەداتە بریكارەكان و خاڵەكانی فرۆشتن كەهیچ پشكێكی نوێی كۆمپانیاكە نەفرۆشن و بازرگانییان پێوە نەكەن، بەپێچەوانەوە لێپرسینەوەی یاساییان لەسەر دەبێت. ‎چوارەم: بۆ رای گشتی رادەگەیەنین كەكۆمسیۆنی پەیوەندییەكان و راگەیاندنی وەزارەت لەپرۆسەی پچڕاندنی پەیوەندی نێوان كۆڕەك تیلیكۆم و كۆمپانیاكانی پەیوەندی لەوڵاتدا كاردەكات، لەدوای دەرچوونی ئەم راگەیاندراوەوە ماوەی 10 رۆژ مۆڵەت دەدرێت بەكۆمپانیاكە بۆ دانەوەی قەرزەكانی. جێگەی ئاماژەیە، لەماوەی رابڕوودا پێگەی ئینتیڵیجێنت ئۆنلاین بڵاویكردبووەوە، دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی لەپاریس سكاڵایەكی لەسەر كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم یەكلایی كردەوەو بەپێی بڕیارەكەش، دەبێت هەرێم بڕی یەك ملیار و 650 ملیۆن دۆلار بداتەوە بەكوەیت لەبری قەرزەكانی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم. هاوكات سەرچاوەیەك لەكۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم بەهاوڵاتی وت:»بەهیچ شێوەیەك رێگەمان پێنادرێت لەبارەی ئەو قەرزانەوە لێدوان بدەین كەهاتووەتە سەر كۆمپانیاو تەنانەت ئێستا وتەبێژی فەرمی كۆمپانیاش وەڵامی پەیوەندییەكان ناداتەوە». وتیشی:»لەیەككاتدا كۆمپانیا لەڕێگەی یاسایی و سیاسیشەوە لەگەڵ لایەنەكان لەسەر هێڵە بۆ چارەسەری ئەو كێشەیەی سەریهەڵداوە» و ناکرێت ئەو کێشەیە هەروا بمێنێتەوە کە کۆمپانیایەک خاوەنی عەوت ملیۆن بەشداربووبێت و هێڵەکەی لەگەڵ کۆمپانیاکانی تر بپچڕێت. هاوڵاتی پەیوەندی بەچەندین بەرپرسی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆمەوە كرد، بەڵام بەهیچ شێوەیەك ئامادەنەبوون لەبارەی قەرزەكان و هەوڵی ناوبژیوانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان قسە بكەن.  دادگای ناوبژیوانی بەریتانیا كە  سەر بەژووری بازرگانی نێودەوڵەتیە، لەدۆسیەی ناوبژیوانیكردن لەنێوان كۆمپانیای «تیلیكۆم عێراق» كە كۆمپانیایەكی سەر بەكۆمپانیای «ئەجیلیتی»یەو داواكەی لەسەر كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم و سیروان سابر مستەفا بارزانی وەك پشكداری سەرەكی  كۆمپانیاكە تۆماركردووە، بڕیاریداوە (ملیارێك و 650 ملیۆن) دۆلار وەك قەرەبوو بدەن بەكۆمپانیاكە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵەكەش چەند میدیایەك ئەوەیان بڵاوكردەوە كەحكومەتی هەرێم لەساڵی 2007ەوە بووە بەكەفیلی كۆمپانیای كۆڕەك، بەڵام هاوڵاتی پەیوەندیكرد بە پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ناوبراو ئامادەنەبوو لەوبارەیەوە لێدوان بدات. لەبارەی ئەگەری زیانی كۆمپانیای ئاسیاسێڵ و كۆمپانیاكانی دیكە بەهۆی راگیرانی پەیوەندی كۆمپانیاكانی دیكە بەكۆڕەكەوە، سەرچاوەیەك لەكۆمپانیای ئاسیاسێڵ بەهاوڵاتی وت:»لەدەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكان نووسراومان بۆ هاتووەتەوە ئەركە لەسەرمان دەبێت فەرمانەكەیان جێبەجێبكەین هەر لەو رۆژەوە یەكسەر جێبەجێمان كرد، پەیوەندی كۆمپانیاكەمان لەگەڵ كۆڕەك پچڕاند». سەرچاوەكە رەتیشیكردەوە  كۆمپانیای ئاسیاسێڵ بەو هۆیەوە هیچ زیانێكی پێگەیشتبێت، لەبەرئەوەی بەشداربووەكانی «خۆمان لەوە زیانمەند نەبوون، لەڕووی بازرگانییەوە هیچ زیانێك بەئاسیا ناكەوێت.»