ئەمڕۆ 30 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی هۆتێل مادیماکدا تێپەڕی کە لە شاری سێواسی باکوری کوردستان ئەنجامدرا.  لە زۆربەی شار و شاروچکەکانی باکوری کوردستان و تورکیا، رێکخراوەکانی کوردانی عەلەوی و رێکخستنی پارتە کوردیەکان چالاکیان ئەنجامدا و یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژی مادیماکیان کردەوە. لە 2ی تەمووزی ساڵی 1993دا لە هۆتێل مادیماکی شاری سێواسی باکوری کوردستان، کۆبونەوەیەک بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ فیستیڤاڵی پیر سوڵتان عەبدال رێکخرابوو، بەڵام ئیسلامییە توندڕەوەکان ئاگریان لە هۆتێلەکە بەردا، لە رووداوەکەدا 37 کەس کە زۆربەیان نووسەر، هونەرمەند و کەسایەتی کوردانی عەلەوی بوون، گیانیان لەدەستدا. دووان لەو کەسانەی کە لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستدا ئەو کەسانە بوون کە هێرشەکەیان ئەنجام دابوو. ئەم هێرشە لە نێو خەڵکی تورکیا و باکوری کوردستاندا کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە و وەک کۆمەڵکوژی سێواس یاخود کۆمەڵکوژی مادیماک دەناسرێت. پارتی و لایەنە سیاسیەکانی باکوری کوردستان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی داوا دەکەن دووبارە دۆسیەکە بکرێتەوە و لێکۆلینەوە بکرێت. لەگەڵ ئەوەی 30 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کەس دەستگیر نەکراوە. دۆسیەکە لە 13ی ئازاری 2021 داخرابوو و  ئەگەرێکی زۆر هەیە کە دۆسیەکە بۆ هەتا هەتایە دابخرێت، لەبەرئەوەی 30 ساڵ بەسەر رووداوەکە تێپەڕیوە و بەگوێرەی یاساکانی تورکیا هەر رووداوێک 30 ساڵ بەسەریدا تێپەڕ ببێت، بە تەواوی دادەخرێت. دانیشتووانی شاری سێواسی باکوری کوردستان زۆربەیان کوردی عەلەوی مەزهەبن.

هاوڵاتی نێچيرڤان بارزانى فه‌رمانى هه‌رێمى بۆ دامه‌زراندنى 45 دادوه‌ر ده‌ركرد كه‌ ده‌رچووى خولى چواره‌مى په‌يمانگه‌ى دادوه‌رين و له‌ ماوه‌ى دوو ساڵدا له رووى زاستى و پراكتيكييه‌وه‌ بۆ پرۆسه‌ى دادبينى، ئاماده ‌كراون. دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا کە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاند، دواى گه‌يشتنى داواكاريى ئه‌نجوومه‌نى دادوه‌ری بۆ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان به‌ دامه‌زراندنيان، دادوه‌ران له‌ رۆژى ده‌رچوونى فه‌رمانى هه‌رێمى و واژۆكردنييه‌وه‌ له‌لايه‌ن سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، داده‌مه‌زرێن و دواى سوێندخواردنى ياسايى، له‌ دامو‌ده‌زگاكانى دادوه‌رى له‌ هه‌رێمى كوردستان، ده‌ستبه‌كار ده‌بن. هەر لەو چوارچێوەیەدا، 15 جێگرى داواكارى گشتى له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ستبه‌كار ده‌بن كه‌ پێشتر فه‌رمانى دامه‌زرانديان له‌لايه‌ن سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ بۆ واژۆ كراوه‌، ئەمە بەگوێرەی راگەیێندراوەکە. دڵشاد شەهاب دەڵێت، "دامه‌زراندنى دادوه‌ران و جێگرانى داواكارى گشتى وه‌ک پێويستييه‌كى له‌پێش دێت بۆ پڕكردنه‌وه‌ى بۆشايى له‌و بواره‌دا و خزمه‌تكردن و ئاسانكارى بۆ هاووڵاتييان له‌ بوارى دادبينيدا به‌تايبه‌تى له‌ شوێنه‌ دووره‌كان و له‌ سنوورى ئه‌و ناوچانه‌ى ئيداره‌ى تازه‌يان تێدا دامه‌زاروه‌ وه‌ك پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ و ئيداره‌ سه‌ربه‌خۆكان له‌ هه‌رێمى كوردستان." لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەر ئه‌مڕۆ یەکشەممە، نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فه‌رمانى هه‌رێمى بۆ كردنى شارۆچكه‌ى خه‌ليفان به‌ قه‌زا و كردنى گوندى سرێشمه‌ به‌ ناحيه‌ واژۆ كرد و له ئە‌مڕۆوه‌ فه‌رمانه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌. 

هاوڵاتی لەسەر بڵاوبونەوەى هەواڵێک، پۆلیسى سلێمانى رونکردنەوە دەدات و دەڵێت: هیچ گرژییەک لە نێوان پۆلیس و هێزێکى کۆماندۆ روینەداوە. دواى ئەوەى لە سۆشیال میدیا و چەند پێگەیەک بڵاوکرایەوە کە گرژى لە نێوان هێزێکى کۆماندۆ و مەفرەزەیەکى پۆلیسى سلێمانى دروستبووە، پۆلیسى سلێمانى رەتیدەکاتەوە و دەڵێ: چەند پەیج و سایتێكی ئاژاوەگێرو بەمەبەست بۆ ناشرینكردنی شاری سلێمانی هەواڵێكى ئاوایان بڵاوکردووەتەوە، جەختیش دەکاتەوە کە ئەو هەواڵە دورە لە راستى و هیچ گرژییەک روینەداوە. لەبارەى دروستى هەواڵەکەوە پۆلیس لە رونکردنەوەکەیدا رونیکردووەتەوە کە ،" ڕوداوەكە بەجۆرێك بووە کە مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی ڕاپەڕین سەرقاڵی دەستگیرکردنى تۆمەتبارێك بوون و لەوێ‌ كارمەندێكی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان ئامادەیی هەبووە و هاوكاری هێزەكانی پۆلیسی كردووە، دواتر دوو مەفرەزەی هێزەكانی كۆماندۆ بۆ هاوكاریكردنی هێزەكانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی ڕوداوەكە، سەرەنجام توانراوە دەستبگیرێت بەسەر چەكێك و ئۆتۆمبێلێكدا كە بە تۆمەتبار بووە".

هاوڵاتی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ هاوڵاتی نێردراوە دەڵێت، " ماوەی پێنج ساڵە  دوو گەنجی کوردی باکوری کوردستان بە ناوەکانی مەزلۆم داغ و عبدالرحمن ئەر بە تۆمەتی کوشتنی سیخۆڕێکی میت لە هەولێر زیندانی کراون"، و لە ئێستادا مانیان لە خواردن گرتووەو باری تەندروستییان ناجێگیرە. کەجەکە سەبارەت بەو دوو هاوڵاتییەی باکوری کوردستان باسلەوەدەکات، کە ئەو دوو هاوڵاتییە سزای لەسێدارەدانیان سەپێنراوە بەسەردا کە ئەمەش "دوورە لە هەموو پێوانێکی کوردەواری، نیشتمانی و مرۆڤایەتیدا". دەشڵێت، "وەک بڵێی سزای سێدارە بۆ ئەو دوو گەنجەی کورد بەس نەبێت، هەردوویان خستۆتە ژێر دژوارترین ئەشکەنجە و گوشاری جەستەیی و دەروونییەوە. ئەم ئەشکەنجە و گوشارەش هەمان شێوازی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیایە کە لە بەرامبەر گیراوانی کورددا بە کاری دەهێنێت". لە ڕاگەیەندراوەکەی کەجەکەشدا ئەوە هاتووە کە ماوەی 44 ڕۆژە ئەو دوو زیندانییە مانیان لە خواردن گرتووەو باری تەندروستیان ناجێگیرە، هاوکات مەزڵۆم داغ و عبدالرحمن ئەر ئەمە جاری سێهەمە کە دەستیان بە چالاکی مانگرتن لە خواردن کردووە. کەجەکە دەڵێت، "دوو جاری پێشوو بە هۆی ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی پارتی بەڵێنی جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان دابوو، دەستیان لە مانگرتن هەڵگرتبوو. بەڵام پارتی بە پێچەوانەی بەڵێنەکانیان هەڵسوکەوتیان کرد و نەک هەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرد، بەڵکۆ گوشارەکانیان زیاتر کرد."   دەقی ڕاگەیەندراوەکەی کەجەکە: بۆ رای گشتی ماوەی پێنج ساڵە کە دوو گەنجی کوردی باکوری کوردستان بە ناوەکانی مەزلۆم داغ و عبدالرحمن ئەر بە تۆمەتی کوشتنی سیخۆڕێکی میت لە هەولێر زیندانی کراون. دەسەڵاتێک کە خۆی وەک دەسەڵاتێکی کوردی پێناسە دەکات، تەنیا لە پێناو جێبەجێکردنی داخوازییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا سزای لە سێدارەدانی بۆ ئەم دوو گەنجە نیشتمانپەروەرە دەرکردووە. تاوانی ئەم دوو گەنجە ئەوەیە کە بۆ تۆڵەسەندنەوە لە تیرۆر و کوشتاری دەوڵەتی داگیرکەر لە باشوری کوردستان یەكێک لە سەرچەتەکانی تۆڕی تیرۆری تورکیایان سزاداوە. سەپاندنی سزای سێدارە بە سەر ئەم دوو گەنجە کوردەدا دوورە لە هەموو پێوانێکی کوردەواری، نیشتمانی و مرۆڤایەتیدا. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو سیخوڕانەی میت کە تا ئێستا بوونەتە هۆی شەهادەتی بە دەیان شۆڕشگێڕی کوردی هەموو بەشەکانی کوردستان لە خاکی باشوردا، بە بێ ئەوەی کە بگیردرێن یان بچووکترین لێپرسینەوەیەکیان لە گەڵ بکرێت بە ئاسانی لە ناو شار و گوندەکانی باشوری کوردستاندا تەراتێن دەکەن. شارەکانی باشوری کوردستان پڕن لە کامێرای چاودێری و هەموو جموجۆڵێک تۆمار دەکرێت، بەڵام سیخۆڕی میت بە رۆژی رۆشنا و بە بێباکانە شۆڕشگێڕان لە سەر شەقام و لە ناو مۆڵەکان تیرۆر دەکەن و دڵنیا لەوەی کە دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم نایانگرن بە ئاسانی بۆی دەردەچن. وادیارە کە پارتی دیمۆکراتی کوردستان رژاندنی خوێنی کورد بە دەستی دەزگا سیخوڕییەکانی دەوڵەتی تورکیا حەڵال دەبینێت، بەڵام سزادانی سیخوڕێک لە لایەن چەن گەنجێکی نیشتمانپەروەر و خاوەن هەڵوێستەوە پێ قبووڵ ناکرێت و دەتوانێت لە ناو چەند حەفتەیەکدا سزای سێدارەشیان بۆ دەربکات. ئەگەر بڕیار بێت سزای سێدارەدان دەربچێت، پێویستە بۆ ئەو کۆنە بەعسی و داعشی و موستەشارانە دەربچێت کە دەستیان بە خوێنی سەدان هەزار کوردی بێتاوان رەنگین بووە. بەڵام ئەمانە لە جیاتی ئەوەی لە سێدارەبدرێن, لە لایەن پەدەکەوە دەپارێزێن و لە گرانبەهاترین شوێنەکانی باشوردا بە هەزاران دۆنم زەوییان پێدەبەخشرێت تا بۆ خۆێان پرۆژەی تێدا بکەن و هەموو رۆژێک گاڵتە بە بیرەوری مێژوویی گەلەکەمان بکەن. وەک بڵێی سزای سێدارە بۆ ئەو دوو گەنجەی کورد بەس نەبێت، هەردوویان خستۆتە ژێر دژوارترین ئەشکەنجە و گوشاری جەستەیی و دەروونییەوە. ئەم ئەشکەنجە و گوشارەش هەمان شێوازی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیایە کە لە بەرامبەر گیراوانی کورددا بە کاری دەهێنێت. هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا لە بەرامبەر زیندانیانی کورد ئەشکەنجەدان، شکاندنی ئیرادە، شکاندنی کەسایەتی، کوشتن و سێدارە بووە. لووتکەی ئەم سیاسەتە سەرتاکانی ساڵانی ١٩٨٠ بوو لە زیندانی ئامەد کە زیندانیانی کورد و ئازادیخوازان بە دڕندانەترین شێوە ئازار و ئەشکەنجە دران. لە بەرامبەر ئەمەشدا بە پێشەنگایەتی مەزلۆم دۆغان، کەمال پیر و سەکینە جانسز خۆڕاگرییەکی بێ وێنە ئەنجامدرا. زیندانی دیاربەکر هەم ئەشکەنجەکانی لە مێژوودا بێ وێنەن، هەمیش خۆڕاگری و قارەمانێتییەکەی نموونەیان نییە. بێگومان لە زیندانی خەلان و رایاتەوە بگرە تا زیندانی ئاکرێ و ئێستاش زیندانی هەولێر، پەدەکە بە هەمان زیهنییەت و سیاسەتەوە لەگەڵ شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەران هەڵسوکەوت دەکات و پەیڕەوی و لاسایی دەوڵەتی تورکیا دەکاتەوە. لە ئەشکەنجە دان و کوشتنی سەعید ئەلچیەوە بگرە تا سلێمان موعینی و سەدان نموونەی دی پەدەکە سەلماندوویەتی کە داگیرکەران چییان بوێت وا هەڵسوکەوت دەکات. ئەمڕۆش لە سەر داوای دەوڵەتی تورکیا هەمان سیاسەتی گوشار و ئەشکەنجە لە بەرامبەر مەزڵۆم داغ و عبدالرحمن ئەر پەیڕەو دەکرێت و بە فەرمانی تورکیاش پەدەکە سزای لە سێدارەدانی بەسەریاندا سەپاندووە. هەربۆیە مەزڵۆم داغ و عبدالرحمن ئەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم گوشارانە ئەمە جاری سێهەمە کە دەستیان بە چالاکی مانگرتن لە خواردن کردووە. دوو جاری پێشوو بە هۆی ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی پەدەکە بەڵێنی جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان دابوو، دەستیان لە مانگرتن هەڵگرتبوو. بەڵام پەدەکە بە پێچەوانەی بەڵێنەکانیان هەڵسوکەوتیان کرد و نەک هەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرد، بەڵکۆ گوشارەکانیان زیاتر کرد. هەربۆیە ئەوە بۆ ماوەی ٤٤ رۆژە کە دەستیان بە چالاکی مانگرتن لە خواردن کردووە و بەو هۆیەوە تا دێت دۆخی ژیان و تەندروستییان خراپترو خراپتر دەبێت. وێرای هەموو بانگەوازییەکان، بەتایبەتی بانگەوازی بنەماڵەکانی هەر دوو گەنجی زیندانی، پەدەکە سوورە لە سەر سیاسەتی گوشار و بەو هۆیەوە مەترسی جیددی لە سەر ژیانی هەر دووکیان هەیە. لێرەدا رایدەگەیەنین کە پەدەکە لە بەرامبەر تەندروستی و ژیانی مەزڵۆم داغ و عەبدولرەحمان ئەر بەرپرسیارە و پێویست دەکات بەرلەوەی هەر دۆخێکی نەخوازراو بێتە ئاراوە، دەست لە سیاسەتی گوشار و سەپاندنی داواکارییەکانی تورکیا بە سەر ئەو دوو گەنجە هەڵبگرێت. هەروەها بانگەوازی دەکەین لە هەموو دەزگاکانی مافی مرۆڤ لە سەر ئاستی نێودەولەتی و عێراق و کوردستان، رۆشنبیران و کەسایەتی سیاسی و نیشتمانی و هەروەها هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کە بکەونە ناو هەوڵدانەوە و لەبەرامبەر ئەم سیاسەتەی پەدەکە هەڵوێست وەربگرن. کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٣

ڤانە باهیر لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی لە سەرەتای ئەمساڵدا دەستیانگرتووە بەسەر "دووسەد و هەشت هەزار و ٧٠٨ تەن" کەلوپەلی بەسەرچوو، پشکی شێریش بەر بازیان و بەکرەجۆ و عەربەت کەوتووە. بەپێی دواین ئاماری لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی پارێزگای سلێمانی کە دەست هاوڵاتی کەوتووە تەنها لە ماوەی چوار مانگی ساڵی ٢٠٢٣دا دەستیان بەسەر "دووسەد و بیست وهەشت هەزار و حەوت سەد" تەن کەلوپەل و بەرهەمی ماوەبەسەرچوودا گرتووە، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت پێویستە هاوڵاتیان خۆیان هۆشیاریان هەبێت چونکە ئەوان یەک رۆژیشی مابێت ناتوانین دەستی بەسەردا بگرین بەپێی یاسا. هەر بەپێی ئامارەکە لەکۆی ئەو کەلوپەلە خۆراکیانەی دەستی بەسەردا گیراوە، بەشێکی زۆریان خۆراکی خراپ وماوە بەسەرچوو بووە کە نزیکەی ١٧١ هەزار و ٥٣١ تەن خۆراک بووە کە لەناویاندا توتنی جگەرە و نێرگەلەش هەبووە، ئەمەش دەکاتە نزیکەی سێ یەکی بڕی ئەو کەلوپەلە بەسەرچوانەی دەستی بەسەرداگیراوە. ڕێکان جەمال سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی بەهاوڵاتی وت: دواین بەرنامەی لیژنە هاوبەشەکانمان بۆ چاودێریکردنی کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو بەدواداچوونە بۆ کەرەستە بیناسازیەکانی وەک شیش و چیمەنتۆ و کەرەستەکانی دیکە، باسیشی لەوەکرد ئەم لیژنانە زیاتر لەدوای ڕوودانی بومەلەرزە بەهێزەکەی تورکیا و سوریاوە چالاک بوون، وتیشی لیژنەکانمان لە ڕۆژانی پشوشدا چاودێری شوینە گشتیەکان و بازاڕ دەکەن. ڕێکان جەمال، دەشڵێت: هەموو خواردنەکان مەرج نیە کە ماوەیان بەسەرچووش بێت، بەڵکو هەندێکیان لەبەرئەوەی بەخراپی هەڵدەگیرێن و بەپێی مەرجە تەندروستیەکان مامەڵەیان لەگەڵ نەکردووە. سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو: دوابەدوای دەست بەسەرداگرتنی کەلوپەلە بەسەرچووەکان ئەو شوێنە دادەخرێت بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ، ئەو خواردن وکەلوپەلانەشی کە ساختەکاری لە بەروارەکانیاندا دەکرێت لەلایەن بازرگانەکانەوە دێتە ناوەوە دەدرێن بە دادگا بۆ لیکۆڵینەوە و بەدواداچوون.

بەهۆی تەقەکردنی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە پارێزگای لوڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەیەک کاسبکار بریندار دەبن و سەرچاوەکانی هەواڵیش کوژرانی بریندارێکیان بڵاو کردەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە بە بیانوی دەستبەسەرداگرتنی ئامێری کارەبایی نایاسایی هێزە ئەمنییەکانی ئێران روبەڕوی دوکاندار و کاسبکارانی ناوچەی تەلوری لە شاری خورەماوا-ی لوڕستان بونەتەوە و پێکدادان رویدا. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەیان بەوە کردوە؛ هاوکات لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، هێزەکانی سوپای پاسداران بۆ روبەڕوبونەوەی کاسبکاران تەقەیان کردوە و بەهۆی تەقەکردنەوە 15 کاسبکار برینداربون کە کەسێکیان بەهۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لەدەستداوە. باس لەوە کراوە کە هەر لەو روداوەدا سێ دوکاندار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون و کاسبکاران و دانیشتوانی ناوچەکەش بە بەرد بەرەنگاری هێزە ئەمنییەکان بونەتەوە.

هاوڵاتی تەندروستی دهۆک ڕایگەیاند لە ڕۆژانی جەژندا پێنج هەزار و267 کەس سەرەدانی نەخۆشخانەکانیان کردووە و 206منداڵ لەدایکبوون.  حەمزە رەزیکی، ووتەبێژی تەندروستی دهۆک لە لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتی  وتی " لە رۆژانی جەژن دا206 منداڵ لە دایک بوونە و پێنج هەزار و267 کەس سەرەدانی نەخۆشخانەکانیان کردووە" وتیشی لەو ژمارەیە " 513 کەس داغڵکراون  لە نەخۆشخانەکاندا و 52 نەشتەرگەری کراوە، کە هەشت نەشتەرگەرییان  خێرا بووە" . حەمزە رەزیکی باسیلەوەشکرد " لە ڕۆژانی جەژندا شەش  حاڵەتی مردن هەبوون کە دوانیان بەهۆی تەزوی کارەباوە بووەو حەوت کەسیان بەهۆی ڕوداوی جۆراوجۆری دیکەوە بووە " سەبارەت بە پاراستنی تەندروستیش ڕایگەیاند ، "تیمەکانمان سەرەدانی98 شوێنیان کردووەو لە ناویاندا هۆشداری دراوەتە  32 شوێن و دوانزەی دیکەش داخراون، هاوکات بەراورد بە جەژنەکانی رابوردوو رێژەی مردن و ڕوداوەکان کەمتر بوون".  

هاوڵاتی هەپەگە باڵی سەربازی پەکەکە رایگەیاند، لە مانگی حوزەیراندا 44 سەربازی تورکیا کوژراون و 10 گەریلاش شەهید بوون. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) باڵی سەربازی پەکەکە ئاماری شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان گەریلاکان و سوپای تورکیای بڵاوکردەوە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سوپای تورکیا لە باکوری کوردستان لە رێگەی ئۆپراسیۆنی بەرفراوانەوە هێرش ئەنجام دەدات. لە هەرێمەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی گەریلاکانیش لە هەرێمی کوردستان، بەردەوام لە زەوی و ئاسمانەوە بۆردومان دەکات. لە ماوەی مانگی حوزەیراندا لە باکوری کوردستان و هەرێمی کوردستان 127 جار بە فڕۆکەی شەڕ، 40 جار بە هەلیکۆپتەری هێرشبەر، دوو هەزار و 148 جار بە کاتیوشا، تانک و چەکی قورس بۆردومان ئەنجام دراون. لە دژی سەنگەرەکانی گەریلا 26 جار بۆمبی قەدەغە و چەکی کیمیایی بەکارهێنراون. هەروەها دەشڵێت، " هێزەکانمان کە لە دۆخی خۆپاراستنی رەوادابوون، لە 13ی حوزەیران بەدواوە پێیاننایەوە بۆ دۆخی چالاکی کارا و گورزی قورسیان لە سوپای تورکیا وەشاند. لە دژی هێرشەکان هێزەکانمان لە ماوەی مانگی حوزەیراندا 45 چالاکییان ئەنجامدا، لە ئەنجامی ئەو چالاکییانەدا 44 داگیرکەر سزادران. هەروەها ئۆتۆمبێلێکی جۆری ریۆ، سیستمێکی کامێرای حەراری و سیستمێکی رادار تێکشکێندران." هەپەگە لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا ئاشکرای کردووە کە لە ماوەی مانگی حوزەیراندا 10 گەریلا شەهید بوون.

هاوڵاتی بڕیارێکی دادگەی فیدراڵیی عێراق، پەرلەمانی کوردستانی لە کۆبوونەوەکانی راگرت و بڕیارە مامەڵەی خانەنشینبوون بۆ پەرلەمانتارانی پەرلەمانی کوردستان بکرێت رۆژی 30-5-2023، دادگەی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نادەستووری و نایاساییە و "هەرشتێک لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەرچووە دوای ئەو ماوە یاساییە لە رووی دەستوورییەوە پووچەڵە". لە دوای بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵییەوە پەرلەمانی کوردستان تەواوی کۆبوونەوەکانی راگرتووە. پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا رۆژی 09-10-2022 تەمەنی خۆی بۆ 31-12-2023 درێژکردەوە، لەکاتێکدا 6-11-2022 خولەکە کۆتایی دەهات، ئەوەش ناڕەزایی بەشێکی فراکسیۆنەکانی لێکەوتەوە، کە داوایان دەکرد تەمەنی خولەکە درێژ نەکرێتەوە؛ ئەوانەشی دەنگیان بە درێژکردنەوەکەدا کە یەکێتی و پارتی، بەشێکی گۆڕان و پێکهاتەکان بوون، رایانگەیاند؛ تەمەنی پەرلەمانی کوردستانیان درێژکردووەتەوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان نەکەوێتە بۆشایی یاساییەوە. بەهۆی بڕیاری پەرلەمانی کوردستانەوە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی، پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکانی کۆمەڵ و یەکگرتوو، هەروەها چەند پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی گۆڕان دەستیان لەکارکێشایەوە چەند بەربژێرێکی پێشووی هەڵبژاردن سوێندی یاساییان خوارد و چوونە جێگەیان. بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، پەرلەمانتاربوونی ئەوانیش رەتدەکرێتەوە و ئەوانەی دەستیان لەکارکێشاوەتەوە، ئەگەر خۆیان بیانەوێت مامەڵەی خانەنشینبوونیان بۆ دەکرێت. سەرچاوەیەکیش لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ نوسراوی خانەنشینی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و تەواوی پەرلەمانتارانی کوردستان رەوانەی وەزارەتی دارایی و دەزگای خانەنشینی دەکرێت و بەپێ خزمەت و تەمەنیان بەڕێژەی 25% بۆ 50%ی موچەکانیان خانەنشین دەکرێن.   ئاماژەی بەوەشکرد، خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی پێهاتوە و سەرجەم پەرلەمانتاران و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان خانەنشین دەبن، جگە لە 7 پەرلەمانتار نەبێت کە پێشتر داوایان بۆ خانەنشینەبون پێشکەش کردبو. هاوکات پەرلەمانتارە نوێکان کە لەدوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان لە 6ی 11ی 2022 دەستبەکاربون و سوێندی یاساییان خوارد لەنێو لیستەکەدا نابن و خانەنشین ناکرێن، بەڵام تەواوی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکانی دیکە لەنێ لیستی خانەنشینیدا دەبن  خانەنشینی دەستەی سەرۆکایەتی و پەرلەمانتاران بەپێی ماددەی 7ی بڕگەی دوەمی یاسای خانەنشین دەبێت، موچەی خانەنشینی بەپێی ساڵانی خزمەت و تەمەنی پەرلەمانتاران دەگۆڕێت کە لە نێوان 25% بۆ 50%ی کۆی موچەی خانەنشینی دەبێت، کە لەنێوان دو ملیۆن دینار بۆ 4 ملیۆن دینار بێت.

هاوڵاتی ئاسایش دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی ڕاگەیاند و دەڵێت ئەو تۆمەتبارە بازرگانى ماددەى هۆشبەر بوە و لە زیندانى پۆلیسى خانەقین هەڵاتوە. بەپێى ئەو راگەیەنراوەى دەزگاى ئاسایشى هەرێم بڵاویکردوەتەوە: دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی شاری خانەقین زانیاریان پێداین لەسەر هەڵهاتنی تۆمەتبارێک بەناوی (ح،خ،م) لە زیندانی پۆلیسی خانەقین، لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، هێزەکانی ئاسایش دوای بەدەستخستنی زانیاری ورد و بەدواداچون توانرا شوێنی خۆحەشاردانی تۆمەتبار دەستنیشان بکرێت. ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە  بەکەمتر لە (24) کاتژمێر دوای روبەڕوبونەوە لەگەڵ هێزەکانیان توانراوە تۆمەتبارەکە بە برینداری دەستگیربکرێت. ئاسایشى هەرێم دەشڵێت: لە ئێستادا تۆمەتبار لەسەر فەرمانی دادوەر راگیراوە و پاش تەواوبونی ڕێکارە یاساییەکان، ڕادەستی لایەنی پەیوەندیدار دەکرێتەوە.

هاوڵاتی بەیانی ئەمڕۆ دانیشتوانی 11 گوند خۆپیشاندانیان دەستپێکرد و داوای چاککردنی رێگەی گوندەکانیان دەکەن و دەڵێن، سێ ساڵە کۆمپانیایەک رێگەی گوندەکانیان تێکداوە و چاکی ناکاتەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە دانیشتوانی 11 گوند خۆپیشاندانیان لەسەر رێگەی نوێی هەڵەبجە- سلێمانی دەستپێکرد و رێگریان لە هاتوچۆی هاوڵاتیان کرد و دەڵێن، ماوەی سێ ساڵە مەودوای دو کیلۆمەتر رێگەی گوندەکەیان بۆ قیر نەکراوە. بە گوتەی یەکێک لە جوتیارە ناڕازییەکان،  ئەوان جوتیارن و کاریان لەو رێگایەدایە، خراپی دۆخی ئەو رێگایە زیانی زۆری پێگەیاندوون. لەو بارەیەشەوە قائیمقامی سەیدسادق باسی لەوەکرد، درێژی شەقامەکە دوو کیلۆمەترە و ئەرکی زۆری لەسەرە و جوتیاران هاتوچۆی لێوەدەکەن. هاوکات خۆپیشاندەران دەڵێن، "ئەو کۆمپانیایەی کە رێگەکەی تێکداوە ماوەی سێ ساڵە سەرقاڵی رێگەکەیە و تائێستا چاکی نەکردوە، پێشتریش چەندجارێک وەکو ئەنجومەنی گوندەکان چونەتە لای پارێزگاری هەڵەبجە و قائیمقامی سەیدسادق بەڵام بەڵێنەکەیان جێبەجێ نەکردوە". هەروەها ئەوەشیان خستەڕو، ساڵی رابردو دوایینجار کۆمپانیاکە بەڵێنیدا کە کارەکانی رێگاکە تەواوبکات بەڵام تائێستا تەواونەکراوە، ئەوانیش خاوەنی رەز و باخن و تۆز و خۆڵ زیانی زۆری پێگەیاندون و لە زستانیشدا بەهۆی بونی قوڕەوە هاتوچۆکردن تیایدا ئاسان نیە.  

بەرپرسانی پێشوی ئەمریکا و بەریتانیا و کەنەدا جەخت لە پشتیوانیی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران دەکەنەوە و رایدەگەیەنن کۆماری ئیسلامی بەهۆی شۆڕشی ژینا کەوتوەتە لاوازترین قۆناغی دەسەڵاتی خۆیەوە. مایک پێنس، جێگری سەرۆکی پێشوی ئەمریکا لە کۆبونەوەی ساڵانەی (ئەنجومەنی بەرگریی نیشتیمانی ئێران) سەر بە رێکخراوی موجاهیدنی خەلق لە شاری پاریس، وتی: کۆماری ئیسلامی هیچ کاتێک هێندەی ئەمڕۆ لاواز نەبوە و کوژرانی ژینا ئەمینی شۆڕشێکی گەورەی بۆ ئازادیی لە ئێران لێکەوتوەتەوە. هاوکات لیزا تراس، سەرۆک وەزیرانی پێشوی بەریتانیا و ستێڤان هارپێر، سەرۆک وەزیرانی پێشوی کەندا هەر لەو کۆبونەوەیەدا پشتیوانیان بۆ ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی دەربڕی. ئەو سێ بەرپرسەی پێشوی ئەمریکا و کەنەدا و بەریتانیا لە وتارەکانیاندا ئاماژەیان بە رێککەوتن و چاوپۆشیی وڵاتانی رۆژئاوا لە کۆماری ئیسلامی کرد و ئیدانەی ئەو چاوپۆشیانەیان کرد کە بوەتە هۆی سەرکوتی توندتری خەڵک و خۆپیشاندەران. وتەکانی ئەو بەرپرسانە لە کاتێکدایە دانوستانە نهێنی و ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمریکا و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئاشکرا بوە و هاوکات یەکێتی ئەوروپا تا ئێستا سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی نەخستوەتە لیستی تیرۆری ئەوروپا.

پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی ئێران رایدەگەیەنێت ژمارەیەکی بەرچاو لە گوندەکانی پارێزگای سنە کێشەی کەمیی ئاوی خواردنەوە و چۆنیەتی گەیاندنی ئاویان هەیە. بەهزاد رەحیمی، نوێنەری شارەکانی سەقز و بانە لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند؛ لە کۆی 205 گوند سەر بە شاری بانە لە پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لانیکەم 120 گوندی سەر بەو شارە روبەڕوی کێشەی کەمئاویی بونەتەوە و دەبێت کێشەی چۆنیەتی گەیاندن و دابەشکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ ئەو گوندانە چارەسەر بکرێت. بە وتەی رەحیمی: کێشەی کەمیی ئاوی خواردنەوە تا ئێستا 690 گوندی سەر بە پارێزگای سنەی گرتوەتەوە کە حکومەت بەڵێنی چارەسەرکردنی داوە. لێدوانی  نوێنەری سەقز و بانە بۆ کێشەکی کەمئاویی لە گوندەکانی رۆژهەڵات لە کاتێکدا رێژەی بارانبارینی ئەمساڵ بەراورد بە رابردو زیادی کردوە و ئەوەش بوەتە هۆی زۆربونی بەروبومە کشتوکاڵییەکان.

هاوڵاتی دایکانی شەممە لە گۆڕەپانی گالاتاسارای ئەستەنبوڵ کۆبونەوە و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، بەڵام رووبەرووی دەستوەردانی هێزە ئەمنیەکان بوونەوە و ٢٢ کەس دەستگیرکران. دایکانی شەممە لە ٩٥٣مین حەفتەدا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا کە داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو کەسانە دەکەن لە ماوەی نزیکەی ٣٠ ساڵی رابردوودا لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی تورکیاوە بێسەروشوێن کراون. دایکانی شەممە لە گۆڕەپانی گاڵاتاسارای ئەستەنبوڵ کۆبونەوە و لەگەڵ ئەوەی دادگای دەستوری تورکیا رێگەی بە چالاکی دایکان داوە، بەڵام پۆلیسی تورکیا رێگەی نەدا چالاکیەکە ئەنجام بدرێت. ئاژانسی میزۆپۆتامیا رایگەیاند، بەهۆی دەستوەردانی هێزە ئەمنیەکانەوە، ٢٢ ئەندامی دایکانی شەممە دەستگیرکراون کە ئەرەن کەسکین هاوسەرۆکی گشتی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤیشی تێدایە. دایکانی شەممە کێن؟ سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتی "تانسوو چیللەر" دەستی بە تیرۆرکرن و بیسەروشوێنکردنی سیاسەتمەداران و هونەرمەندان، لایەنگرانی پارتە کوردیەکان و چەپەکانى تورکیا و کەسایەتیە ڕیفۆرمخوازەکانی باکووری کوردستان و تورکیا کرد. بە پێی ئامارە فەرمیەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی تورکیا لەو هەڵمەتە ڕەشەدا نزیکەی ١٧ هەزار کەس تیرۆر و بێسەروشوێنکران کە زۆربەیان هاوڵاتیی کورد بوون، تا ئێستاش تەرمی زۆربەیان نەدۆزراوەتەوە. لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا کەسوکاری بێسەروشوێنکراوەکان دەستیانکرد بە لێپرسینەوە و گەڕان بەدوای کەسوکارەکانیاندا. لە ١٢ی ئازاری ١٩٩٥دا ژمارەیەک چەکدار کە دواتر ئاشکرا بوو سەر بە هەواڵگریی جەندرمەی تورکیان، هەڵیانکوتایە سەر چایخانەیەکی کوردە عەلەویەکانی گەڕەکی "گازی" شاری ئیستانبوڵ و ژمارەیەک هاوڵاتی کوردیان کوشت، دواتر شەڕ و ئاڵۆزی لە ناو چەند گەڕەکێکی ئەو شارەدا بڵاوبووەوە و بەهۆیانەوە ٢٢ کەس کوژران و سەدان کەس برینداربوون، حکومەتیش دەستی کرد بە دەستگیرکردنی هاوڵاتیانى کوردى شارەکە. دوای ڕووداوەکان، هێزەکانی پۆلیسی تورکیا گەنجێکی کوردیان بە ناوی "حەسەن ئۆجاک" بە تۆمەتی 'تیرۆر' دەستگیرکرد و دوای ٥٨ ڕۆژ تەرمەکەی لە ناو گۆڕستانی بێکەسەکان دۆزرایەوە. خانەوادەی "حەسەن ئۆجاک" دوای هەوڵێکی زۆر بۆ ئاشکراکردنی بکوژانی کوڕەکەیان، بەڵام هیچ ئەنجامێکیان بە دەست نەهێنا. دایکی "حەسەن ئۆجاک" و ژمارەیەک لە کەسوکارەکەی لە گۆڕەپانی گاڵاتاسارای لە ئیستانبوڵ دەستیان بە چالاکی دانیشتنکرد و ڕایانگەیاند، تا بکوژانی کوڕەکەیان نەدۆزرێتەوە دەست لە چالاکیەکانیان هەڵناگرن. چالاکی دانیشتنی خانەوادەی "حەسەن ئۆجاک" لەلایەن ژمارەیەک پارت و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە پشتگیری لێکرا و ڕۆژ بە ڕۆژ فراوان بوو، کەسوکاری ئەو کەسانەى لەلایەن حکومەتەوە بێسەروشوێنکرابوون چوونە پاڵ خانەوادەی "حەسەن ئۆجاک" و داوای ئاشکراکردنى بکوژانی کەسوکارەکانیان کرد. دوای فراوانبوونی چالاکیەکان، بە ئیلهاموەرگرتن لە گروپی "دایکانی پلازا دی مایۆی ئەرجەنتینی" گروپی "دایکانی شەممە" دامەزرێنرا و هەموو ڕۆژانی شەممە لە مەیدانگی گاڵاتاسارای ئیستانبوڵ دەستیان بە چالاکی کرد. دوای کودەتای سەربازی ساڵی ١٩٧٦ لە ئەرجەنتین و بێسەروشوێنبوونی نزیکی ٣٠ هەزار کەس. کۆمەڵێک ژن بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی ڕۆڵەکانیان لە مەیدانی "پلازا دی مایۆی" شاری بۆیننس ئایرسی پایتەخت کۆبوونەوە و داوای ئاشکراکردنی چارەنووسیان کرد و دایکانی شەممەش ئیلهامیان لە دایکانی " پلازا دی مایۆی" وەرگرت و کۆمەڵەکەیان دامەزراند.

هاوڵاتی شەپۆلێکی خۆڵبارین عێراق و ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە پلەکانی گەرما لە ئیدارەی گەرمیان دەگاتە 45 پلەی سلیزی. وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی ھەرێمی کوردستان، کەشی پێشبینیکراوی ٤٨ سەعاتی داھاتووی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت، بەڵام ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆزێکی سوک لە کاتەکانی ئێوارەدا ھەیە، ھەروەھا پلەکانی گەرما کەمێک بەرزدەبنەوە، راشیگەیاند، سبەینێ یەکشەممە پلەکانی گەرما بەبەرزیی دەمێننەوە، ھەروەھا پلەی گەرما لە ئیدارەی گەرمیان دەگاتە ٤٥ پلە و گەرمترین ناوچەی ھەرێمی کوردستان دەبێت. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 41 سلێمانی : 39 دهۆک : 38 کەرکوک : 43 هەڵەبجە : 41 زاخۆ : 41 سۆران :39 گەرمیان : 45 ھاوکات دەستەی کەشناسیی عێراق، پێشبینییەکانی بۆ کەشی چوار رۆژی داھاتوو بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە پلەکانی گەرما لە بەغداد دەگاتە ٤٤ پلە و لە پارێزگاکانی کەربەلا و نەجەف و میسان دەگەنە ٤٦ و لە بەسرەش دەگاتە ٤٧ پلە. دەشڵێت، رۆژانی دووشەممە و سێشەممە و چوارشەممە شەپۆلێکی کەمی خۆڵبارین ھەندێک لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەگرێتەوە و پلەکانی گەرماش بەبەرزیی دەمێننەوە.