ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران 143 رۆژە دژی دەسەڵات بەردەوامە و لە کرماشان و تاران و دەیان شاری دیکە هێرشی شەوانە بۆسەر دامودەزگاکانی حکومەت و سوپای پاسداران درێژەی هەیە و میدیاکانی سەر بەدەسەڵات هێرشی توندیان کردە سەر سەرۆک کۆماری پێشوتری وڵاتەکە و لە شاری ورمێ 16 دەستگیرکراو تەنها لە پێنج خولەکدا دادگایی کران. تۆمەتی سیخوڕی بۆ دەستگیرکراوانی ورمێ رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردەوە؛ رۆژی دوشەممە یەکەم دانیشتی دادگای 16 کوڕ و کچی شاری ورمێ بەرێوچوە کە تەنها پێنج خولەکی خایاندوە و دادوەر رایگەیاندوە هەر یەکەیان بە دو ساڵ تا پێنج ساڵ زیندان سزا دەدرێن. ئەو 16 کەسە لە لایەن هێزە ئەمنیی و هەواڵگرییەکانی ئێرانەوە لە ناڕەزایەتییەکانی شاری ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون و تۆمەتی سیخوڕیی و ئەندامێتی لە رێکخراوێکی نایاسایی خراوەتە پاڵ. دۆسیەی سێجار سێدارە پارێزەری جەواد روحی، کە سزای سێ جار لەسێدراەدانی بەسەردا سەپێنراوە، رایگەیاند؛ دۆسیەی لەسێدراەدانی ئەو گەنجە رەوانەی دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران کراوە و بە پێی ئەو مەرجانەشی کە لە لێبوردنە گشتییەکەی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئاماژەی پێکراوە، لێخۆشبونەکان نایگرێتەوە. جەواد روحی کە تەمەنی 35 ساڵە و خەڵکی شاری ئامۆل-ە لە ناڕەزایەتییەکانی شاری نەوشەهر لە پارێزگای مازەندەرانی باکوری ئیڕان دەستگیر کراوە و تۆمەتی دژایەتیی خوادا دراوەتە پاڵی و بەهۆی ئەشکەنجەشەوە توانای قسەکردنی لەدەستداوە. دەستدرێژیی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر دەستگیرکراوان رۆژنامەیەکی بەریتانی دەستدرێژیی سێکسی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانی بەڕامبەر کوڕان و کچان و ژنانی دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵات و ئێران بڵاو دەکاتەوە. رۆژنامەی (گاردیەن)ی بەریتانیا راپۆرتێکی سەبارەت بە دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاو کردوەتەوە و لە زاری 11 ژن و کچ و کوڕی دەستگیرکراو زانیارییەکانی پشتڕاست کردوەتەوە. ژنێکی تەمەن 40 ساڵەی خەڵکی شاری سنە بە ناوی خوازراوی (سارا) بە رۆژنامەکەی راگەیاندوە؛ لە یەکەم شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراوە و روبەڕوی دەستدرێژیی سێکسیی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بوەتەوە.   هاوسەرەکی سەرۆک کۆماری ئێران دژی ناڕەزایەتییەکان هاتە دەنگ جەمیلە علمەلهودا، هاوسەری سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند؛ ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتە پلانی ئەمریکا بوە و بە وتەی ئەو سەرجەم ئە کەسانەی لە شەقامەکانی وڵاتەکە دژی دەسەڵات ناڕەزایەتییان دەربڕیوە "تیرۆریست" بون. میدکانی دەسەڵات هێرش دەکەنە سەر سەرۆک کۆماری پێشوتری ئێران دوای ئەوەی رۆژی رابردو محەمەد خاتەمەی، سەرۆک کۆماری پێشوتری ئێران لە بەیاننامەیەکدا رەخنەی لە دەسەڵاتدانی کۆماری ئیسلامی گرت و بێهیوابونی لە چاکسازیی راگەیاند، میدیاکانی سەر بە سوپای پاسداران و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی وەک داهۆڵ و بوکەڵە ناوزەدیان کرد و سەرۆک کۆماری پێشوتری وڵاتەکەیان بە مەترسیی بۆسەر ئیسلام و دەستوری ئێران لەقەڵەم دا. ئەوین یان ئازادیی وێنەی ئەو دڵداڕانەی گوللـە و گۆڕ دایبڕین لە ناو کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ژمارەیەک دڵدار و دەستگیران پێش ئەوەی پێکبگەن کوژران و ژمارەیەکیشان دوای تەمەنێکی کەم لە پێکەوەبون بەهۆی گوللـەی هێزە ئەمنییەکانەوە کوژران. وێنەی هەر یەکە لەو هاوژین و دڵدارانەی کە لە ناڕزایەتییەکاندا خۆشەویستەکانیان لەدەستداوە چیرۆکێکە لە قوربانیدان بۆ ئازادیی چونکە ئەوینی ئەوان بوەتە فیدای ئازادیی. وێنەی زانیار ئەبو بەکری(کوژراو) و دەستگیرانەکەی لە مەهاباد، یەحیا رەحیمی(کوژراو) و هاوژینە تازە پێکگەیشتوەکەی لە سنە  و حەنا کیا(کوژراو) و دەستگیرانەکەی لە شاری نەوشەهەر لە باکوری ئێران پڕن لە چیرۆکی ئەوینداریی. کوژرانی ئەوان و عەلی فتوحی و عەلیڕەزا خۆشاکار و بێنهام لایەقپور کە گیانیان بۆ ئازادیی بەخت کردوە خەمێکی قوڵیان بۆ خۆشەویست و دڵدارەکانیان جێهێشتوە.  

رۆژنامەیەکی بەریتانی دەستدرێژیی سێکسی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانی بەڕامبەر کوڕان و کچان و ژنانی دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵات و ئێران بڵاو دەکاتەوە. رۆژنامەی (گاردیەن)ی بەریتانیا راپۆرتێکی سەبارەت بە دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاو کردوەتەوە و لە زاری 11 ژن و کچ و کوڕی دەستگیرکراو زانیارییەکانی پشتڕاست کردوەتەوە. لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەکراوە، ژمارەیەکی زۆر لە دەستگیرکراونی ناڕەزایەتییەکان لە رەگەزی مێینە و نێریینە روبەڕوی ئەشکەنجە بونەتەوە و بە هەڕەشەی دەستدرێژیی سێکسی ناچار بە دانپێدانان کراون و لە دەیان حاڵەتیشدا دەستدرێژیی کراوەتە سەر کوڕان و کچانی دەستگیرکراو. ژنێکی تەمەن 40 ساڵەی خەڵکی شاری سنە بە ناوی خوازراوی (سارا) بە رۆژنامەکەی راگەیاندوە؛ لە یەکەم شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراوە و روبەڕوی دەستدرێژیی سێکسیی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بوەتەوە. هەر لە راپۆرتی گاردیاندا باس لەوە کراوە؛ ؛ دوای ئەوەی ژمارەیەک کوڕ و کچ لە ئۆتۆمبێلێکدا لە شاری گیلان لە باکوری ئێران دەستگیر دەکرێن و لە پشکنینی ئۆتۆمبێلەکەیاندا بۆیاخی سپرا دەدۆزرێتەوە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە ئامێر و کەلوپەلی وەک شوشە و دار و ئاسن دەسترێژیی سێکسی کراوەتەوە سەریان. پەرستارێکی ژن لە شاری گیلان بە رۆژنامەکەی راگەیاندوە؛ تەنها لە شارە پێنج ژنی تەمەن سەروی 30 ساڵ پەنایان بۆ هێناوە بۆ چارەسەریی تەندروستیی کە بەهۆی دەستدرێژیی سێکسی و توندوتیژییەوە (زێ و مێزەڵدانیان) توشی هەوکردن بوە . راپۆرتەکەی گاردیەن لە کاتێکدایە پێشتر تەلەڤیزیۆنی (سی ئێن ئێن)ی ئەمریکا و رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی ژمارەیەک بەڵگەیان لەسەر دەستدرێژیی سێکسی بۆسەر دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاو کردبوەوە و لە لایەکی دیکەوە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتیش ئاشکرایان کردبو کە دەیان کوڕ و کچ لە کاتی دەستبەسەر کردن لە ناوەندە ئەمنیی و هەواڵگرییەکانی کۆماری ئیسلامی روبەڕوی دەستدرێژیی بونەتەوە بەڵام بەهۆی باری کۆمەڵایەتی و مەترسیی بۆسەر ژیانیان بێدەنگیان لەو روداوانە کردوە.

هاوڵاتی بەگوێرەی نوێترین ئاماری فەرمی، لە بومەلەرزەکەی باکوری کوردستان و تورکیادا، زیاتر لە 10 هەزار کەس بریندار بوون و گیانیان لەدەستداوە. فوئاد ئوکتای یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا ئاماری نوێی گیانلەدەستدان و بریندارانی بومەلەرزەکەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆی بڵاوکردەوە کە ناوەندەکەی چیای نورحەقی شاری دیلۆکی باکوری کوردستان بوو و بە گوڕی 7.7 پلەی ریختەر روویدا. ئوکتای رایگەیاند، تاوەکو ئێستا تەرمی هەزار و 541 کەس لەژێر دار و پەردووی باڵەخانەکاندا دەرهێنراون، هەروەها نۆ هەزار و 733 کەسیش بریندار بوون و وتی، بە تەنیا لە شاری هاتای 520 کەس گیانیان لەدەستداوە. بەگوێرەی قسەکانی فوئاد ئوکتای، سێ هەزار و ٤٧١ باڵەخانە زیانیان بەرکەوتووە. بەگوێرەی ژمارەیەک دیمەنی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوبوونەتەوە، هاوڵاتیان دەڵێن، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان تاوەکو ئێستا لەژێر باڵەخانە داڕماوەکاندان و پیشبینی دەکرێت، ژمارەی قوربانیانی بومەلەرزەکە زیاتر ببێت.

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ئه‌مڕۆ  راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێدا هاتووه‌: محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، سه‌ره‌خۆشی و هاوخه‌می بۆ كه‌سوكاری قوربانییانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆی باشووری توركیا و باكووری سووریا ده‌ربڕی. سوودانی به‌ناوی حكومه‌ت و گه‌لی عێراقه‌وه‌ پرسه‌ وسه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی كه‌سوكاری قوربانییان كرد و داوایكرد به‌شێوه‌یه‌كی خێرا ژماره‌یه‌ك ‌تیمی فریاكه‌وتن بۆ قوربانییان و زیانلێكه‌وتووانی ئه‌م كاره‌ساته‌ ره‌وانه‌بكرێت. بەپێی ڕاگەیاندراوی نوسینگەی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق: سودانی ڕێنمایی ده‌ركرد، به‌په‌له‌ ژماره‌یه‌ك تیمی به‌رگری شارستانی، تیمی فریاگوزاری و كه‌ره‌سته‌ی پزیشكی فریاگوزاری، فریاگوزاری سه‌ره‌تایی، شوێنی حه‌وانه‌وه‌ و كه‌لوپه‌ل و پێداویستی، هه‌روه‌ها بڕی سه‌به‌ته‌ی خۆراك و سوته‌مه‌نی، بۆ به‌شداریكردن له‌و كاره‌ساته‌، ره‌وانه‌ی قوربانییه‌كان و ئه‌و كه‌سانه‌ بكرێت كه‌ زیانیان به‌ركه‌وتوه‌". سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق فه‌رمانیكردوه‌، دۆخی ئاماده‌یی و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خێرا بۆ كاره‌ساته‌ سروشتییه‌كان له‌ وڵات به‌رزبكرێته‌وه‌. جێی باسە ئەمڕۆ ،دووشەممە 6ی2ی2023 زنجیرەیەک بومەلەرزەی بەهێز، باکور و ڕۆژئاوای کوردستان گرتەوەو ژمارەیەک زۆر قوربانی لێکەوتەوە، بوومەرزەکە لەباشوری کوردستان لەشاری دهۆک و هەولێریش هەستی پێکرا.

هاوڵاتی کەشناسێکی کورد پێش کەشناسە هۆڵندییەکە پێشبینی بومەلەرزەکەی تورکیای کردبوو. سیروان ساڵح عەلی شارەزایەکی کەشناسی لە 26/1/2023 دوانزە ڕۆژ پێش ڕودانی بومەلەرزەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ کە ١٠ پارێزگای تورکیا وسوریای هەژاند پێشبینی ئەو بومەلەرزەیەی کردبوو. ئەو شارەزای کەشناسییە کوردە لە پۆستێکی فەیسبوکدا دوانزە ڕۆژ پێش ڕوداوەکە دەڵێت: بەهۆی گواستنەوەی پلیتی ئەنادۆڵ لەم چەند ناوچەیەی خوارەوە ئەگەر هەیە بومەلەرزەی سەرو پلە ٤ یان زیاتر تۆمار بکرێت تەواوی پلێتەکانی ئێران بە زۆری پلێتەکانی سنوری خۆرئاوای ئێران و خۆرهەڵات و خۆرهەڵاتی هەرێمی کوردستان و باکوری ئێران. پلێتەکانی دەوروبەری دەوروبەری شاری وان هەتا شاری مەڵاتییە لە باکوری کوردستان پلێتەکانی سنوری نێوان سوریا و تورکیا تا ئیسرائیل و فەڵەستین و ئوردن هاوکات فرانک هوگەربیتس، توێژەر و پسپۆڕی بواری زەمینلەرزە، رۆژی 3ی دووی 2023، لە تویتێکدا پێشبینی روودانی بوومەلەرزەکانی ئەمڕۆی ناوچەکەی کردووە. فرانک هوگەربیتس کە بەرەچەڵەک هۆڵەندیە، لە تویتەکەیدا نووسیویەتی: "زوو یان درەنگ بومەلەرزەیەک بەگوڕی 7.5 پلەی رێختەر لە ناوچەکانی (باشووری ناوەڕاستی تورکیا، ئوردن، سوریا، لوبنان) روودەدات. جێگەیباسە  بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوبەرایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا ناسراو بە ئافاد بڵاویکردەوە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 پلەی رێختەر شاری مەرەشی باکووری کوردستانی هەژاند. بوومەلەرزەکە زۆربەی ناوچەکەی گرتەوە. بەگوێرەی ئاماری ئافاد، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لە باکووری کوردستان و تورکیا بۆ 1014 کەس بەرزبووەوە.  هەروەها لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا 371 کەس گیانیان لەدەستداوە و 1089 کەسی دیکەش بریندار بوون.

دوای بوومەلەرزەکەی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان کەجەکە ڕایدەگەنێت: دەبێت هەموان بە گیانێکی بەرزی پشتیوانییەوە بجوڵێنەوە و هەموو تواناکانیان بخەنەکار. گەلەکەمان بە بێ ئەوەی چاوەڕێی دەوڵەت بکات لە هەموو شوێنێک دەبێت تواناکانی خۆی بەکاربهێنێ و بۆ خۆی برینەکانی خۆی ساڕێژ بکات. پاش زنجیرە بوومەلەرزەکانی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان، کە ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێکەوتەوە، کۆماجڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی: راگەیەندراوی هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەم جۆرەیە: "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەکی بەهێز روویدا کە ناوەندەکەی پازارجخی مەرەشە و بەتایبەتی زۆر شاری باکور، کاریگەریشی کردە سەر زۆر ناوچەی دیکە. سەرەتا سەرەخۆشی لە گەلانی باکوری کوردستان و تورکیا دەکەین، خودا لەو کەسانە خۆشبێت کە گیانیان لەدەستداوە و هیوای چابوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین. هاوبەشی ئازارەکانی گەلەکەمان و هەموو ئەوانەی دیکەین کە بە هۆی بومەلەرزەوە زیانیان بەرکەوتووە. بە گوێرەی زانیارییەکان بومەلەرزەکە کاریگەریشی کردووەتە سەر زۆر شاری رۆژئاوا و سوریاش و چەندین کەس ژیانیان لەدەستداوە لەهەمان کاتدا هەستی خۆمان بۆ گەلەکەمان لە رۆژئاوا و گەلانی سوریاش دەردەبڕین. هۆکاری ئەوەی بومەلەرزەکە ئەو هەموو زیانەی لێکەوتووەتەوە دەوڵەت و دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپەیە کە دەوڵەت بەڕێوەدەبەن. دەوڵەتی ئاکەپە-مەهەپە هەموو جارێک کە بوومەلەرزە روودەدات هەندێک هەوڵی فریودەرانە ئەنجام دەدات و بەم جۆرە هەوڵ دەدات وانیشانی بدات کە هاوکاری گەل دەکات. ئەو هەوڵانە هەمووی بۆ شاردنەوەی تاوانەکانیەتی. دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە لە بەرامبەر بومەلەرەدا هیچ رێوشوێنێک ناگرێتەبەر، سەرچاوەکانی وڵاتی خستووەتە خزمەت لایەنگرانی خۆیەوە و بۆ شەڕ دژی گەلی کورد بەکاریان دەهێنێت. ئەگەر لە بەرامبەر بومەلەرزە رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر، دەتوانرێت رێگریی لە زیانەکانی بومەلەرزە بکرێت، بەڵام ئاکەپە کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە دەسەڵاتدایە تائێستا هیج رێوشوێنێکی نەگرتووەتەبەر و هەموو بومەلەرزەیەک بووەتە هۆکاری زیانی گیانی و ماددی زۆر. لە جوگرافیای تورکیا و کوردستان کە هێڵی رۆچوونی تێدایە و بەهۆی ئەوەی ئاستی مەترسی بومەلەرزە لەو هەرێمەدا زۆر بەرزە، بینا و سیستمی بیناسازی دەبێت بە گوێرەی ئەوە بێت. بەڵام دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە کە حکومەتی شەڕ و گەندەڵییەنەک هەر رێکار بەرامبەر بە بومەلەرزە ناگرێتەبەر، بەڵکوو ئەو بودجەیەش کە بۆ بومەلەرزە دادەنرێت دەیخوات و بۆ سیاسەتە شەڕانگێزیەکانی بەکاریان دەهێنێت. هەربۆیە ئۆباڵی زیانە گیانی و مادییەکان لە ئەستۆی ئاکەپە-مەهەپەیە کە بەرپرسە لە گرتنەبەری رێوشوێن، کەچی هیچ رێوشوێنێکی نەگرتووەتەبەر. لەبارەی بوومەلەرزەکەوە ئەم بانگەوازە رادەگەیەنین؛ بەتایبەتی گەلی باکوری کوردستان دەبێت هەموو کەس بە گیانێکی بەرزی پستیوانییەوە بچوڵێنەوە و هەموو تواناکانی خۆیان بخەنەکار. گەلەکەمان بە بێ ئەوەی چاوەڕێی دەوڵەت بکات، لەهەموو شوێنێک دەبێت دەرفەت و تواناکانی خۆی بەکاربهێنێت و بۆ خۆی برینی خۆی ساڕێژ بکات. هاوکات لەگەڵ کارەکانی رزگارکردن، بەهۆی هەلومەرجی زستانەوە دەبێت ماڵ و تواناکانیان لەگەڵ ئەو کەسانەی ماڵەکانیان وێران بووە هاوبەشی پێبکەن. دەزگا و دامەزراوە دیموکراتیکەکانیش دەبێت پاڵپستی لەگەل بکەن، خۆیان بگەیەننە ئەو مرۆڤانەی پێویستیان بە هاوکاری هەیە و یارمەتیان بدەن. گەلی کوردستان لە دەرەوەی وڵاتیش دەبێت بە هۆی بومەلەرزەکەوە پشتیوانی ناوخۆی وڵات بکات. ئەو بومەلەرزەیەی زیانی گیانی و ماددی زۆری لێکەوتەوە، بە پشتیوانی گەل و دامەزراوە دیموکراتیکەکانی، بە هاوبەشی کردن بە تواناکان و پاڵپشتی کردن لە یەکتر دەتوانرێت تێپەڕێنرێت. ئێمە جاڕێکیتر بە هۆی زیانە گیانییەکان لە باکوری کوردستان، تورکیا، رۆژئاوا، سوریا و ناوچەکانی دیکە سەرەخۆشی خۆمان رادەگەیەنین، هیوای چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین. رایدەگەیەنین کە پشتیوانی لە هەموو کەس دەکەین کە بوومەلەرزەکە کاریگەری کردووەتەسەریان، هاوبەشی ئازار و هەستەکانیانین. لەو بڕوایەداین کە وەک گەل بە هاوبەشی کردن بە تواناکانمان و بە پستیوانی دەتوانین ئەم قۆناغە دژوار و بەئازارە تێپەڕێنین".

بەهۆی بوومەلەرزەکەی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان هەناردەکردندنی نەوتی هەرێم ڕاگیرا لەم بارەیەوە، وەزارەتی سامانەسروشییەکان لە روونكردنەودا ڕایگەیاند: بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی توركیا و سوریای گرتەوە، بەمەبەستی دڵنیابوون لە سەلامەتی هەناردەكردنی نەوت و خۆپارێزی لەهەر ئەگەرێكی نەخوازراو ؛ بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەناردەكردنی نەوت لە بۆری هەرێم – توركیا راگیراو بڕیارە دوای تەواوبوونی كارەكانی پشكنین  پرۆسەی هەناردەكردن دەست پێ بكاتەوە.

هاوڵاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ناوچەکە بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی  شەپۆلێکی سەرما روی تێدەکات، کە بۆماوەی هەفتەیەک لەبەیانی رۆژی سێشەممە دەستپێدەکات تاکو چوارشەممەی داهاتو، کاریگەری بەردەوام دەبێت،پلەکانی گەرما بەشێوەیەک نزم دەبێتەوە لەزۆربەی ناوچەکان لەکاتەکانی شەودا بۆ ژێر سفری سیلیزی نزم دەبێتەوە بە سەنتەری شارەکانێشدا. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئەمڕۆ دوشەممە ئاسمانى هەرێم بەگشتى هەور دەبێت، نمەباران لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم دەبارێت لەهەندێك کاتى جیا وە بەفر لەناوچە شاخاویە بەرزەکان لەکاتەکانی دوایی نیوەڕۆ بۆ ئێوارە، لەهەندێك ناوچە شێوازى دابارین بە تایبەت لە  باشور و رۆژئاوای هەرێم بۆ تاوە باران و بروسکە دەگۆڕێت، نمەباران بەردەوامی ده‌بێت تاکو کاتەکانی بەیانی رۆژی سێشەممە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سلیزی: به‌گوێره‌ی كه‌شناسی، سبەی سێشەممە ئاسمان بەگشتی هەور دەبێت لەگەڵ نمەباران لەزۆربەی ناوچەکانی هەرێم بەتایبەتی لەکاتەکانی دوایی نیوەڕۆ، هەروها بەفربارین لەناوچەشاخاویەکاندا، لەکاتەکانی درەنگدا رێژەی دابارین کەمدەبێتەوە و لەناوچە شاخاویەکان بەشێوەی نمەباران و بەفر بەردەوامی دەبێت، لەکاتەکانی بەیانی زو ئەگەری بەرزبونەوەی تۆز هەیە لەناوچە کانی باشورو ناوەڕاستى هەڕێم. پلەکانی گەرما / نزم بوونەوەیەکی بەرچاو بە (4-5) پلە نزم دەبێتەوە بە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ . بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر : 9 پلەى سیلیزى سلێمانی : 5 پلەى سیلیزى دهۆک : 5 پلەى سیلیزى کەرکوک : 10 پلەى سیلیزى هەڵەبجە : 8 پلەى سیلیزى زاخۆ : 5 پلەى سیلیزى سۆران : 3 پلەى سیلیزى گەرمیان : 11 پلەى سیلیزى هاوکات،كه‌شناسی هۆشداری ده‌دات له‌وه‌ی كه‌ ناوچەکە بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی شەپۆلێکی سەرما روی تێدەکات، کە بۆماوەی هەفتەیەک لەبەیانی رۆژی سێشەممە بەروار 7-2-2023 دەستپێدەکات تاکو چوارشەممەی داهاتو، کاریگەری بەردەوام دەبێت، پلەکانی گەرما بەشێوەیەک نزم دەبێتەوە لەزۆربەی ناوچەکان لەکاتەکانی شەودا بۆ ژێر سفری سیلیزی نزم دەبێتەوە بە سەنتەری شارەکانێشدا.  

هاوڵاتی پاش روودانی زنجیرە بومەلەرزەیەک لە سنوری نێوان تورکیا و سوریا، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێم، چەند رێنماییەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کۆتایی هاتنی بوومەلەرزەکە بە مانای کۆتایی هاتنی مەترسییەکە نییە. بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، ‎  کۆتایی هاتنی بوومەلەرزەکە بە مانای کۆتایی هاتنی مەترسییەکە نییە، بەو پێیەی دواتر بوومەلەرزەی پاشماوەی بە توندی کەمتر بەدوای خۆیدا هێنا، یان رەنگە ئەم بوومەلەرزە بوومەلەرزە سەرەکییە وێرانکەرە نەبێت کە لە کاتێکی دواتردا دێت، ئەمەش باشترین هۆیە کە پابەند بیت بە رێنماییەکانی دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان و ئارامگرتن و ڕێگەدان بە تیمەکانی بەرگری شارستانی بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست. رێنماییەکانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بۆ کاتی روودانی بومەلەرزە، لە باڵەخانەکاندا: 1- کاتێک هەست بە بوومەلەرزە دەکەیت لەکاتێکدا لەناو ژوورێک یان باڵەخانەیەکی بەرزدایت، پەنا ببە بۆ ژێر پارچە مۆبیلیاتێکی ئەستوور یان پتەو. 2- ئەگەر ناتوانی خۆت بشاریتەوە، خۆت لە گۆشەیەکی ژوورەکەدا بچەسپێنە و هەوڵبدە لە پەنجەرەکان دوور بکەویتەوە. ‎ 3- ئاگاداری کەوتنی سەقف و هەڵواسینی دیوار بن. ‎ 4- ئاگاداری ئەو شتابەبن کە لە رەفە بەرزەکاندا دانراون و رەنگە بکەونە خوارەوە. ‎ 5. ئاگاداری داڕمانی سەقفی لاوەکی بن. ‎ 6- هەوڵبدە هەندێک شتی پارێزەر بخەیتە سەر سەرت. ‎ 7- ئاگاداری رۆیشتن بن لەسەر پردە هەڵواسراوەکان کە بیناکان بەیەکەوە دەبەستنەوە. ‎ 8- خۆبەدوورگرتن لە بەکارهێنانی بەرزکەرەوە و باشترە قادرمە بەکاربهێنرێت لە پرۆسەی چۆڵکردندا. ‎ 9- نەگەڕانەوە بۆ ناو باڵەخانەکان دوای تێپەڕبوونی بوومەلەرزەکە، مەگەر دوای دڵنیابوون لە سەلامەتی باڵەخانەکان. ‎رێنماییەکانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بۆ کاتی روودانی بومەلەرزە، لە ماڵەکاندا: ‎ 1- لە ماڵەوە دەربچن. ‎ 2- ئەگەر ناتوانی بچیتە دەرەوە هەوڵبدە بە پارچە مۆبیلیاتە گەورە و بەهێزەکان خۆت داپۆشیت. ‎ 3- بە گۆشەیەکی ژوورەکە یان دیوارەکانەوە خۆت بپارێزە و هەوڵبدە لە پەنجەرەکان دوور بکەویتەوە. ‎ 4- دوور بکەوەرەوە لە کەوتنی سەقف وکەلوپەل. 5- دوور بکەوەرەوە لە کەوتنە خوارەوەی کەرەستە لە ڕەفەکان. ‎ 6- ئاگاداری کەوتنی سەقفی لاوەکی بن. ‎ 7- هەوڵبدە هەندێک شتی پارێزەر بخەیتە سەر سەرت . ‎ 8- نەگەڕانەوە بۆ ناو باڵەخانەکان دوای تێپەڕبوونی بوومەلەرزەکە، مەگەر دوای دڵنیابوون لە سەلامەتی باڵەخانەکان. ‎بەرە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 6ـی شوباتی 2023، بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.8 پلەی رێختەر 10 شاری تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند، دواتریش نزیکەی 50 پاشلەرزە روویانداو بومەلەرزەکە سوریاشی گرتەوەو لە ئەنجامدا  ژمارەیەکی زۆرگیانلەدەستدان و برینداربونی لێکەوتەوە

هاوڵاتی کۆشکی سپی :ئەمریکا بەهۆی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سووریاوە "زۆر نیگەران بووە. ئامادەین هەر هاوکارییەکیان پێ بگەیێنین." رۆژی دووشەممە 6ی شووباتی 2023 کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمریکا بەهۆی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سووریاوە "زۆر نیگەران بووە. ئامادەین هەر هاوکارییەکیان پێ بگەیێنین." کۆشکی سپی دەشڵێت، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ئاژانسی ئەمریکای بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی USAID و هاوبەشەکانی دیکەی فیدراڵی راسپاردووە بۆئەوەی هاوکاریی ئەو کەسانە بکەن کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە. لای خۆیەوە جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە تویتێکدا نووسیویەتی، "ئەمریکا بەهۆی بوومەلەرزەکەی سووریا و تورکیاوە زۆر نیگەران بووە." دەشڵێت، لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لەسەر هێڵە و ئامادەیی ئەمریکای پێ راگەیاندوون کە "هەر هاوکارییەکیان پێویست بوو پێیان بگەیێنین." راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەشڵێت، "بەردەوام دەبین لەوەی لە نزیکەوە بە هاوئاهەنگیی تورکیا چاودێریی دۆخەکە بکەین."

هاوڵاتی سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا (ئافاد) رایگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە 10 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا، 76 کەس گیانیان لەدەستداوە و 440 کەسی دیکەش بریندارن. بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 06-02-2023 بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.4 پلەی رێختەر باکووری کوردستانی هەژاند و لە باشووری کوردستان و چەند وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە هەستی پێکرا. جگە لە هەرێمی کوردستان، بومەلەرزەکە لە سووریا، میسر، لوبنان و عێراق هەستی پێکراوە. بومەلەرزەکە لە 10 شاری تورکیا و باکووری کوردستان روویداوە، دواتریش چەندین پاشلەرزە روویانداوە، کە بەهۆیانەوە دەیان باڵەخانە داڕماون. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، تاوەکو ئێستا لە 10 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا 76 کەس لە تورکیا و باکووری کوردستان گیانیان لەدەستداوە، چەندین کەسیش لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا ماون. بوومەلەرزەکە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاش زیانی گیانی و ماددیی لێکەوتووەتەوە، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان تائێستا 99 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 330 کەسیش بریندارن.

دوای کۆتایی هاتنی کۆبونەوەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕاگەیانداوێکیان بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی هاتووە، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ نوسینگه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی به‌ ئاماده‌بونی محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیران چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجامدا و تاوتوێی پێشهاته‌كانی بواری سیاسی و ئه‌منیه‌كانی كرد، جگه‌ له‌ تاوتوێكردنی دۆسیه‌ی بودجه‌. ئاماژە بەوە کراوە ، سه‌رۆك وه‌زیران ڕونكردنه‌وه‌یه‌كی وردی له‌باره‌ی ئه‌و میكانیزمانه‌ خسته‌ڕو كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای بودجه‌ی فیدڕاڵی داڕێژراون و هه‌وڵی گونجانی له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی حكومه‌تدا داوه‌، هه‌روه‌ها رونكردنه‌وه‌ی له‌باره‌ی ئه‌و گفتوگۆیانه‌دا كه‌ بانكی ناوه‌ندی عێراق دو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر له‌گه‌ڵ بانكی فیدڕاڵی ئه‌مریكا له‌ ئیستانبوڵ ئه‌نجامیدا. محمد شیاع سودانی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردوه‌، "ئه‌و چاره‌سه‌رانه‌ی بانكی ناوه‌ندی پێشكه‌شیان ده‌كات له‌ چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی چاكسازی دارایی و بانكیدا دێنه‌ ئاراوه‌". رێوشوێنه‌ حكومییه‌كان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی هه‌ڵاوسانی به‌های دراو له‌سه‌ر چینه‌ هه‌ژار و په‌راوێزخراوه‌كان، هه‌روه‌ها سه‌ردانی داهاتوی شاندی عێراقی بۆ واشنتن به‌ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ بۆ ته‌واوكردنی كۆبونه‌وه‌كانی ئەستەنبوڵ، بەشێکی تری تەوەری کۆبونەوەکە بووە.

ناڕەزایەتییەکان دژی دەسەڵات لە ئێران 142 رۆژە بەردەوامە و سەرکردەکانی باڵی ریفۆرمیش ناڕەزایەتیی دژی حوکمڕانیی دەردەبڕن و دەستگیرکردن و سزادانی خەڵک و رۆژنامەوانانی کورد کۆتایی نەهاتوە و رێکخراوی مافی مرۆڤیش لێبوردنە مەرجدارەکەی خامنەیی بۆ دەستگیرکراوان بە ناڕاست و فێڵاوی ناودەبات. ئەمڕۆش ژمارەیەک گەنج لە ئاودان و سنە دەستگیرکران و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش هۆشداریی دەدەن لەو هەڵمەتە رەشبگیریانەی کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ئیلام دەیکەن. رۆژی یەکشەممە پۆلیسی ئێران هێرشی کردە سەر بنەماڵە و کەسوکاری دەستگیرکراونی شاری ئاودانان کە لەبەردەم داواکاری گشتیی لەو شارە گردبونەوەی ناڕەزایەتییان رێکخستبو. لە چەند رۆژی رابردودا دەیان گەنج و لاوی شاری ئاودانان لە پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون و چارەنوسیشیان دیار نییە. رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران وەک کاردانەوەیەک بە لێبوردنە گشتییەکەی رێبەری کۆماری ئیسلامی، رایگەیاند؛ ئەو لێبوردنەی عەلی خامنەیی بۆ بانگەشەیە و هیچ راستییەکی تێدا نییە چونکە مەرجدارە لە کاتێکدا دەبوایە سەرجەم دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکان ئازاد بکرانەیە. ئەو رێکخراوەیە لە بەیاننامەیەکدا کە وەک کاردانەوە بە لێبوردنەکە بڵاوی کردوەتەوە؛ رایگەیاندو کە دەبێت سەرجەم خۆپیشاندەران و دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکان ئازاد بکرن و هاوکات وەک جێبەجێکردنی دادپەروەریی پێویستە سەرجەم ئەو کەسانە دادگایی بکرێن کە دەستیان لە سەرکوتەکاندا هەبوە کە ئەوەش مافی گشتییە و دەبێت جێبەجێ بکرێت. لە لایەکی دیکەوە غوڵام حوسێن موحسێنی ئێژەی، سەرۆکی دادی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە لێوبوردنەکەی خامنەیی رایگەیاند؛ دۆسیەی ئەو دەستگیرکراوانەی سزادراون دادەخرێت نابێتە پێشینە بۆیان. رۆژنامەوانێکی کورد 17 مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا رۆژنامەوانێکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە بیانوی بانگەشە دژی دەسەڵاتی ئێران لە ناڕەزایەتییەکان سزای یەک ساڵ و پێنج مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردەوە؛ مەسعود کوردپور، سەرنوسەری ئاژانسی هەواڵی موکریان بە تۆمەتی بانگەشە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و تێکدانی ئاسایشی گشتی لە لایەن دادگایەکی ئێران لە شاری بۆکان سزای 17 مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنراوە. بە پێی زانیارییەکان کوردپور بەهۆی ئەو سزایەوە لانیکەم دەبێت نۆ مانگ زیندانیی بکرێت.   سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی لە چاکسازیی بێهیوا دەبن محەمەدخاتەمی، یەکێک لە سەرکردەکانی بەرەی ریفۆرمخوازان لە ئێران و سەرۆک کۆماری پێشوتری وڵاتکە لە بەیاننامەیەکیدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوی کردەوە، دەڵێت: گەنجانی وڵاتەکە زۆر بێزار و ناڕازین و ئەو بێزاریەش نەوەی رابردوی گرتوەتەوە چونکە سەرکوت کراون و بەشێویەکی خراپ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. خاتەمی لە بەیاننامەکەیدا: روخانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی رەت کردوەتەوە و رایگەیاندوە؛ بە پێی ئەو توانا و هێز و ئامرازانەی کە دەسەڵات هەیەتی ، روخان و نەمانی لە روی میکانیکییەوە ئاستەمە و ناکرێت. بە بڕوای ئەو" چاکسازیی لە کۆماری ئێسلامی ئێران پەیوەندیی بە گۆڕانکاریی لە دەستور و چاککردنی یاساکاندا نییە بەڵکو پەیوەندیی بە گەڕانەوە بۆ جەوهەر و هەوێنی دەستورەی ئێستای وڵاتەکەوە هەیە". ئەو وتوشیەتی" هیچ ئاماژەیەک لە دەسەڵاتدا بەدی ناکرێت بە ئامانجی چاکسازیی و دورکەوتنەوە لە دوبارەکردنەوەی هەڵەکانی رابرد و ئێستای". خامنەیی لێبوردن دەردەکات رێبەری کۆماری ئیسلامی بڕیارى لێبوردنی گشتی و مەرجدار بۆ دەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکان  دەردەکات و لێبوردنەکە لە 11ی ئەم مانگە جیبەجی بکرێت. بەپێی پێشنیاری موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری وڵاتەکە بڕیار وایە 11ی ئەم مانگە هاوکات لەگەڵ ساڵرۆژی (شۆڕشی کۆماری ئیسلامی) لە ئێران، لێبوردنی گشتی بۆ دەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکان دەربکرێت. ئاژانسی هەواڵی ئیرنا بڵاوی کردوەتەوە؛ ئازادکردنی دەستگیرکراوان بە مەرج دەبێت، بەو پێیە دەبێت هیچ دەستگیرکراوێک تۆمەتی سیخوڕی لەسەر و  راستەوخۆ لەگەڵ دەزگاهەواڵگریە بیانیەکان پەیوەندیی نەبوبێت و تۆمەتی کوشتن و بریندارکردنی لەسەر نەبێت.   پێشبینی سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانی بەرفراوان لە ئێران دەکرێت محەمەدڕەزا باهونەر، ئەندامی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند؛ ئەگەرچی خۆپیشاندانی بەرفراوان لەسەر شەقامەکان نەماوە بەڵام ناڕەزایەتییەکان بەردەوامە و کاردانەوە نێودەوڵەتییەکانیش دژی کۆماری ئیسلامی لە مێژودا هاوشێوەی نەبوە. باهونەر وتویەتی: هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکان مەرگی ژینا ئەمنیی نەبوە بەڵکو بونی گەندەڵی لە ئاستی ئابوریی و سیاسی و دیپلۆماسی وای کرد مەرگی ئەو کچە ببێتە بریسکەیەک بۆ هەڵگیرسانی ناڕەزایەتییەکان. ئەو بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی کردوەتەوە؛ هەڵەیە ئەگەر بەرپرسان پێیان وابێت ناڕەزایەتییەکان کۆتایی هاتوە چونکە کێشەکان چارەسەر نەکراون و لە ئان و ساتدا ئەگەری سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەکان هەیە.

پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراقی و سەرۆكی ئەنجومەنی بانكەکان كۆبونەوە، بۆ باسکردنی ئەنجامدانی ڕێکاری پێویست بۆ پاکێجی یەکەمی ڕێگاکانی کۆنترۆڵکرنی ئاڵوگۆڕی دراو. ئەمڕۆ یەک شەممە 5ی2ی2023 عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق، لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەن و بەڕێوەبەرانی گشتی و بانکە ناوخۆییەکان کۆبۆوە بۆ ئەنجامدانی ڕێکاری پێویست بۆ پاکێجی یەکەمی ڕێکارەکانی کۆنترۆڵی ئاڵوگۆڕی دراو، بۆ ڕوونکردنەوە و ئاسانکردنی ڕێکارەکان بۆ بەدەستهێنانی ڕێژەیی و خێراترکردنی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی کڕینی دۆلار لەکۆبونەوەکە، پارێزگاری بانکی ناوەندی، جەختی لە توانای بانکی ناوەندی کردتەوە بۆ بەدیهێنانی هەموو داواکارییە یاساییەکان، ئاماژەی بەوەداوە کە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا دووەم پاکێجی سەرەکی بڵاو دەکرێتەوە. هەروەها عەلاق دووپاتی کردۆتەوە کە هیچ سنورێک، ناوخۆیی و دەرەکی نییە لە گواستنەوەی دەرەکی یان فرۆشتنی دۆلار بە پێچەوانەی ڕێککەوتنی دارایی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2008 لە ئەنجومەنی نوێنەران. پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق ئاماژەی بەوەدوە: کە نرخی ئاڵوگۆڕی دراو پەیوەندی بە ژیانی هاوڵاتیان و توانای کڕینەکانیانەوە هەیە، کە پێویستە لە ئاستی ئامانجداردا جێگیر بکرێت و هەوڵەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان چڕبکرێتەوە بۆ ڕێگریکردن لە زیان گەیاندن بە هاوڵاتیان.  هەروەها عەلی عەلاق، ئاماژە بە سنووردار نەکردنی داواکاریەکانی گواستنەوەی بیانی و پارەی کاش لە بەغدا و کاری خێرا بۆ وەرگرتنی لقی بانکی لە پارێزگاکان و راستەوخۆ ئاماژەی بە بانکی ناوەندی عێراق کرد بۆ کردنەوەی کەناڵی نوێی دەرەکی بۆ ئاسانکاری بۆ جێبەجێکردنی گواستنەوەی بیانی. ئاماژەی بەوەشکردوە کە بانکی ناوەندی رێکار و سزای توند بەرامبەر سەرپێچیکارەکان دەگرێتە بەر، هەروەها ستایشی رۆڵی هەندێک لە بانکەکان کرا لە پابەندبوون بە هەر شتێک کە ئامانجەکانی ئاماژەپێکراو بەدەستدەهێنن. لەکۆتای کۆبونەوەکە، بڕیاردرا بە پێکهێنانی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە نێوان بانکی ناوەندی و بانکەکان، کە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی پاکێجی یەکەمی ڕێکارەکان دەکرێت، چاودێری دیاردەکان و دەرئەنجامەکان و بەربەستەکان بکرێت و پێشنیاری گونجاویان لەبارەیانەوە پێشکەش بکرێت.

رۆژنامەوانێکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە بیانوی بانگەشە دژی دەسەڵاتی ئێران لە ناڕەزایەتییەکان سزای یەک ساڵ و پێنج مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردەوە؛ مەسعود کوردپور، سەرنوسەری ئاژانسی هەواڵی موکریان بە تۆمەتی بانگەشە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و تێکدانی ئاسایشی گشتی لە لایەن دادگایەکی ئێران لە شاری بۆکان سزای 17 مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنراوە. بە پێی زانیارییەکان کوردپور بەهۆی ئەو سزایەوە لانیکەم دەبێت نۆ مانگ زیندانیی بکرێت. مەسعود کوردپور لە رێکەوتی (20/9/2022) تەنها چوار رۆژ دوای مەرگی ژینا ئەمینی لە ماڵەکەی خۆی دەستگیر کرا و گوزرایەوە بۆ زیندانی ورمێ و دواتر بۆ زیندانی میاندواو و لە ئێستاشدا لە زیندانێکی شاری بۆکان بەند کراوە. ئەو رۆژنامەنوسە لە هەڵمەتی هێزە ئەمنییەکانی ئێران دژی رۆژنامەوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دوای مەرگی ژینا دەستگیرکرا و 138 رۆژە لە زیندان بەندکراوە .