هاوڵاتی پەیمانگای توێژینەوەی واشنتن: حوکمەتەکەی سودانی هۆشداریەکانی فەرامۆش کردووە و لەبیری کردووە کە چی چاوەڕێی ئەو وڵاتە ئەکات دوای تێپەڕبوونی ١٠٠ ڕۆژ بەسەر دەستبەکاربوونی حوکمەتی نوێی عێراق، پەیمانگای واشنتنی ئەمریکی حوکمەتەکی سودانی بەمجۆرە هەڵسەنگاند،" حکومەتی عێراق هۆشداریەکانی فەرامۆش کردووە و لەبیری کردووە چی چاوەڕێی ئەو وڵاتە ئەکات. لە ڕاپۆرتێکیدا پەیمانگای واشنتنی ئەمریکی بۆ توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبارەی شێوازی حوکمڕانی حکومەتە نوێیەکەی عێراق و بەڵێنەکانی شیاع سودانیەوە دەڵێت، لەماوەی ١٠٠ رۆژی یەکەمیدا حکومەت بەرژەوەندیی لایەنگرانی خستووەتە پێش بەرژەوەندییە گشتىیهكان، ئاماژەش بەوە ئەدات سودانی زۆرینەی بەڵێنەکانی خۆی بەجێ نەگەیاندووە بەمەش زیانی گەیاندووە بە ئابوری و ئاسایش و سەروەری مافی مرۆڤ لە عێراق. لەبارەی هەموارکردنەوەی یاساکانی هەڵبژاردنەوە لەلایەن حوکمەتەکەی سودانیەوە، ڕاپۆرتەکەی پەیمانگای واشنتن جەختی لەوە کردۆتەوە کە لەگەڵ ئەوەی حوکمەت بڕیاریدابوو لەماوەی سێ مانگدا یاسای هەڵبژاردن هەموار بکاتەوە، بەڵام حوکمەتەکە بۆماوەی چوار ساڵ درێژکرایەوە، چونکە وادیاربوو چوارچێوەی هاوئاهەنگی مەیلی هەڵبژاردنی نیە. هاوکات لەبارەی کارەکانی حوکمەتەوە بۆ بەهێزکردنی بەرگری و ئاسایش وسەروەری عێراق، ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش داوە، بەرگری وکارەکانی هێزە چەکدارەکان شکستی هێناوە بۆ کەمکردنەوەی هێرش ودەستتێوەردانەکانی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت تورکیا و ئێران بۆسەر عێراق، بەتایبەتیش هەرێمیی کوردستان. هەروەها دەڵێت بەرگری حوکمەت لە ئیدانەکردنێک وناڕەزایەتی دەربڕینێک زیاتر نەبووە، هەروەها باسیشی لەوەکردووە لەبری پاراستنی سنورەکان ودانانی سنورێک بۆ ئەو وڵاتانە سودانی دوای چەند ڕۆژێک لە هێرشە درۆنیەکانی سەر هەرێمی کوردستان چۆتە ئێران و دەستخۆشی ڕۆڵی ئێرانی کردووە لەپاراستنی سنورەکان. لەبارەی چاکسازیەکانی حکومەت و فرەجۆرکردنی سەرچاوەی داهاتەوە کە دەبێتە هۆی ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر، حوکمەتەکی سودانی بەپێچەوانەوە خەرجییهكانی بۆ مووچەی کەرتی گشتی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بە بەهای ٢٠ تریلیۆن دیناری دیکە زیاد کرد ئەمەش بەهۆی دامهزراندنی ٦٦ ههزار دهرچووی زانكۆ و ٣٦٠ ههزار گرێبهستی كاتی ، کە ئهمه كێشهی وڵاتێكی وهك عێراق چارهسهر ناكات کە ژمارهی دانیشتوانی به ٤٢ ملیۆن كهس دەخەمڵێنرێت.
سەرما هەڕەشە لە لێقەوامانی بومەلەرزەکەی شاری خۆی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و ژن و پیاوێکیش بەهۆی بەکارهێنانی خەڵوز لە خێمەیەکدا گیانیان لەدەستدا. ئاژانسی هەواڵی خوێندکارانی ئێران بڵاوی کردەوە ؛ ژن و پیاوێک لە شاری خۆی بەهۆی سەرماوە ناچاربون خەڵوز بەکابهێنن و غازی خەڵوزەکە بوەتە هۆی گیانیان لەدەستدانیان. ژنەکە کە تەمەنی 80 ساڵ بوە دایکی ئەو پیاوە تەمەن 55 ساڵ بوە کە پێکەوە لە ناو خێمەکەیان گیانیان لەدەستداوە. بەهۆی بومەلەرزەکەی رۆژی شەممەی هەفتەی رابردو لە شاری خۆی زیاتر لە 12 هەزار 200 خانو زیانی پێگەیشتوە و زیاتر لە 100 هەزار کەس لە خێمە و کامپەکاندا دەمێننەوە. دابین نەکردنی سوتەمەنی و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان بوەتە کێشەی خەڵکی ناوچەکە و چالاکوانیا و خێرخوازانی شارەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیان کردوە بە هەڵمەتێک بۆ کۆکردنەوەی خۆراک و پێداویستییەکان. پێدەچێت بەهۆی سەرمای ناوچەکەوە و مانەوەی زۆرینەی خەڵک لە خێمەدا، ژمارەی قوربانییانی بومەلەرزەکەی خۆی بەرز ببێتەوە.
بەرپرسێکی باڵا ئێران رایدەگەیەنێت؛ زیاترین فشاری نێودەوڵەی لەسەر کۆماری ئیسلامی هەیە و ناڕەزایەتییەکانیش کۆتاییان نەهاتوە. محەمەدڕەزا باهونەر، ئەندامی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند؛ ئەگەرچی خۆپیشاندانی بەرفراوان لەسەر شەقامەکان نەماوە بەڵام ناڕەزایەتییەکان بەردەوامە و کاردانەوە نێودەوڵەتییەکانیش دژی کۆماری ئیسلامی لە مێژودا هاوشێوەی نەبوە. باهونەر وتویەتی: هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکان مەرگی ژینا ئەمنیی نەبوە بەڵکو بونی گەندەڵی لە ئاستی ئابوریی و سیاسی و دیپلۆماسی وای کرد مەرگی ئەو کچە ببێتە بریسکەیەک بۆ هەڵگیرسانی ناڕەزایەتییەکان. ئەو بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی کردوەتەوە؛ هەڵەیە ئەگەر بەرپرسان پێیان وابێت ناڕەزایەتییەکان کۆتایی هاتوە چونکە کێشەکان چارەسەر نەکراون و لە ئان و ساتدا ئەگەری سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەکان هەیە. بە وتەی باهونەر لە ئێستادا زیاترین فشاری نێودەوڵەتیی لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە کە لە رابردودا هاوشێوەی نەبوە.
هاوڵاتی کۆمیتهی داکۆکی لهماف و ئازادییهکان له ههرێمی کوردستانی عێراق پیرۆزبایی له پارێزهری زیندانییانی بادینان (بهشدار حهسهن) دهكات. کۆمیتهی داکۆکی لهماف و ئازادییهکان له ههرێمی کوردستانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ هاوڵاتی ناردوە دەڵێت: سهرهڕای ئهو ههموو فشار و هێنان و بردنهی دادگای ههولێر، سهرهڕای بڕیاره ناڕهوا و نایاسایی و نادادوهرییهکانی، سهرهڕای بێبهڵگهیی و ناپیشهیی دادوهر و دادگاکان، دواجار له سهر ئاستی وهزارهتی دهرهوهی وڵاته یهکگرتوهکانی ئهمریکا مهدالیای دهستخۆشی، شکۆ و شانازی درایه سهرۆکی گروپی پارێزهرانی داکۆکیکهرانی زیندانییانی بادینان کاک (بهشدار حهسهن). ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە: ئەم خەڵاتە جیھانییە، نیشانەی شکستی کابینە پۆلیسیەکەی نۆیەمە لەپرۆسەی ئازادی و دیموکراسی. هەر لە بەیاننامەكەدا هاتوە؛ كە ئەمە پەیامێکە بۆ ئازادیخوازان و بەرەی ناڕازی، کە ئەمریکا و جیھان پشتگیریتان دەکات، چۆن پێش مانگێکیش خەڵاتی جیھانی رۆژنامەنوسی ئازاد بە خاتون نیاز عەبدوڵا بەخشرا، واتە دەسەڵاتی ھەرێم مەترسییە بۆ سەر پرۆسەی دیموکراسی، ئەمەش نمونەی ئەو ڕژێمانەمان لەبیر دێنێت کە پێش کەوتنیان کەسایەتی ئۆپۆزسیۆن و یاخییەکانیان خەڵات دەکرێن. ئاشكراشیكردوە: ئێمه وهک کۆمیتهی داکۆکی له ماف و ئازادییهکانی باشوری کوردستان، وهک گروپێک، که بهشدارییهکی کهم یان زۆرمان له له قاودانی بڕیارهکانی دادگاکه، ناڕهزایی دهربڕین بهرامبهر پرۆسه نادادپهوهرهییهکانی دانیشتنهکانی داگاکاندا ههبوه، به پێویستی دهزانین له لێرهوه پیرۆزبایی گهرمی خۆمان به بهشدار حهسهن و تهواوی ئهندامانی گروپی پارێزهرانی داکۆکیکهرانی زیندانییانی بادینان بکهین. ههر خودی ئهم مهدالی پێدان و بانگهێشتهی وڵاته یهکگرتوهکانی ئهمریکا بۆ ناوبراو، گهواهیدهری ئهوهیه، که ئهو بڕیار و پرۆسهیهی داگاکانی ههولێر، نادادپهروهریانه و ناپیشهییانه بوون و هیچ هێزێکی یاسایی و دادوهرییان تێدا نییه، ههروهها هیچ بههایهکی ڕهوایی و دادگهرییان تێدا ڕهچاو نهکراوه.
کاردانەوە و ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان دژی دەسەڵاتی ئێران 141 رۆژە بەردەوامە و ژمارەیەک گەنجی دیکەی کورد دەستگیر کران و مەرگی فەرماندەیەکی پۆلیس لە کرماشان راگەیەنرا و سەرکردەیەکی ریفۆرمخوازان داوای گوڕینی حوکمڕانی و دەستوری کۆماری ئیسلامیی دەکات. لە شارەکانی ئاودانان و سنە و ئیلام دەستگیرکردنی گەنجان و لاوان و چالاکوانان بەردەوامە و بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان تەنها لە شاری ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام 11 کەس دەستگیر کراون. فەرماندەیەکی پۆلیس لە رۆژهەڵات کوژرا فەرماندەیەکی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری جوانڕۆ کوژراو و چالاکوانانی رۆژهەڵاتیش ئاماژە بەوە دەکەن ئەو فەرماندەیە دەستی لە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی شارەکەدا هەبوە. ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی کردوەتەوە؛ عەقید شەهرام حەیدەری، سەرۆکی بەشی زانیاریی پۆلیسی ئێران لە شاری جوانڕۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراوە. ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردوە؛ ئەو عەقیدە لە پێکدادانێک لەگەڵ کاسبکارانی سەر سنوری رۆژهەڵاتی کوردستان برینداربوە و بە برینداری گەیەنراوەتە نەخۆشخانەیەک لە شاری کرماشان بەڵام بەهۆی سەختی برینەکانیەوە دوای 45 رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە ئەمڕۆ شەممە مەرگی راگەیەنراوە. کۆماری ئیسلامی لە ئێران رەت دەکرێتەوە ناوەندی توێژینەوە بۆ راپرسیی لە ئێران (Gamaan) بڵاوی کردوەتەوە؛ بە پێی نوێترین راپرسی 81%ی دانیشتوانی ناوخۆ و 90%ی هاوڵاتییانی ئێرانیی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات، دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانن و ئەگەر ریفراندۆم بکرێت دەنگ بە دەسەڵاتی ئێستا نادەن . بە پێی راپرسییەکە 67%ی بەشداربوانی ناوخۆی ئێران پێیان وایە ناڕەزایەتییەکانی ماوەی رابردو ئەنجامی دەبێت و 90%ی هاوڵاتییانی ئێرانیی لە دەرەوە گەشبینن بە ئەنجامەکانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە بەرامبەردا تەنها 9%ی خەڵک پێیان وایەوە سەرهەڵدان و ناڕەزیەتییەکان ئەنجامی نابێت. سەرکردەیەکی کۆماری ئیسلامی داوای هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی ئێستای ئێران دەکات یەکێک لە سەرکردەکانی باڵی ریفۆرمی کۆماری ئیسلامی رایگەیاند؛ خەڵکی ئێران بڕوای بە چاکسازیی لە سیستمی ئێستای حوکمڕانیدا نەماوە و وڵاتەکە بەرەو گۆڕانکاریی گەورە هەنگاو دەنێت کە پێویستی بە ریفراندۆمە. پێگەی کەلیمە (کلمە)ی سەر بە بزوتنەوەی سەوز لە ئێران، ئەمڕۆ شەممە بەیاننامەیەکی میرحسێن موسەوی، یەکێک لە سەرکردەکانی باڵی ریفۆرمخوازی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بڵاو کردەوە کە جەختی لە نوسینەوەی دەستور و گۆڕانکاریی ریشەیی لە دەسەڵات و حوکمڕانیی وڵاتەکە کردوەتەوە. موسەوی لەو بەیاننامەیەدا داوای کردوە؛ رەشنوسێکی نوێ بە رەچاوکردنی سەرجەم مافەکانی خەڵک لە لایەن نوێنەرانی سەرجەم پێکهاتە نەتەویی و سیاسیی و بیروباوەڕە جیاوازەکان لە ئێران ئامادە بکرێت و بخرێتە دەنگدانەوە. پێنج ساڵ زیندانیی لە پێناوی ئەوەی تەقەی لە خۆپیشاندەران نەکرد! کەمال عەبدوڵڵازادە ئەو سەربازە کوردەی خەڵکی شاری سەقز لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکاندا وێنەی خۆی بڵاو کردوە و رایگەیاند "لەگەڵ خەڵکم و تەقە لە کەس ناکەم" سزای پێنج ساڵ و هەشت مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا. کاتێک زمان دەوەستێت مۆسیقا دێتە گۆ داوای کۆتایی هێنان بە مانگرتنی زیندانییەک دەکرێت.. کەیهان کەڵهوڕ میوزیکژەنی ناوداری کورد پارچەیەک لە ئاوزای خۆی و کەمانچەکەی پێشکەشی فەرهاد مەیسەمی، پزیشک و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ دەکات کە لە پێناو راگرتنی سێدارە و ئازادیی زیندانیانی سیاسیی و مەدەنیی و دژی سەرپۆشی زۆرەملێ 289 رۆژە مانی لەخواردن گرتوە. کەلهوڕ لە ئەژماری ئینیستاگرامی خۆی نوسیویەتی" ئەم پارچە لە ئاوازی ئەبوعەتا (بەیات) پێشکەش بە تۆ براکەم لە رۆژانی ئازاری ناو ئازاردا. نزیکەی 400 چالاکوان داوایان لە فەرهاد مەیسەمی کردوە مانگرتنەکەی بشکێنێت وەک ئەوان لە نامەکەدا نوسیویانە پێویستە مەیسەمی زیندوی بمێنێتەوە چونکە ژیان بەرخۆدانە. مەیسەمی بەهۆی ئەو مانگرتنە لە زیندان نزیکەی 30 کیلۆگران لە کێشی لەدەستداوە و کێشی بۆ کەمتر لە 50 کیلۆگرام دابەزیوە لە کاتێکدا لە دۆخی ئاساییدا نابێت کێشی لە 78 کیلۆگرام کەمتر بێت. کورد یارمەتیی بۆ خۆی کۆدەکاتەوە وێنە؛ خەڵکی شارەکەی ژینا ئەمینی (سەقز) پێداوایستی و هاوکاریی بۆ خەڵکی شاری خۆی کۆدەکەنەوە کە دانیشتوانەکەی کوردی کورمانج و تورکن.
هاوڵاتی کۆنفڕانسی کۆماری دیموکراتیک لە لایەن هەدەپەوە بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرسی"کورد چیان دەوێت، تورکیا چۆن دەبێت" لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەدەچێت. کۆنفڕانسی کۆماری دیموکراتیکی پارتی دیموکراتی گەلان لە ناوەندی کەلتوری جەم کاراجا لە ناوچەی باکرکۆی ئەستەنبوڵ بەڕێوەدەچێت، ژمارەیەک نوسەر، رۆشنبیر، سیاسەتمەدار، ئەکادیمی، رۆژنامەوان و هاوسەرۆک و ئەندامانی هەدەپە و پارتەکانی هاوپەیمانی هەدەپە بەشداریان کرد. لە سەرەتای کۆنفڕانسەکەدا میدحاد سانجار و پەروین بوڵدان هاوسەرۆکانی هەدەپە قسەیان کرد. میدحاد سانجار هاوسەرۆکی هەدەپە سەرەتادا رایگەیاند، تورکیا لە قۆناغێکی هەستیاردایە و بەشێکی زۆری کۆمەڵگا گیرۆدەی قەیرانێکی گەورەیە، وتی، " بە مەبەستی چارەسەری هاوبەش کۆنفڕانسەکەمان رێکخستووە و لە سەدساڵی نوێی کۆماردا دیموکراسی و ئازادی دەستەبەر دەکەین و لەپێناو ئەم ئامانجەدا کار دەکەین." دواتر پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە قسەی کرد و رایگەیاند، کۆمەڵگا و گەلانی تورکیا لە قەیرانی زۆر گەورەدان کە سەرچاوەی قەیرانەکەش سیستمی تاکڕەوییە و هەژموونی تاکپەرستی هەوڵ دەدات مێشکێک دروست بکات کە کورد، عەلەوی، ئەرمەنی، ئایین، ناسنامە، کولتور، زمان، رەنگ، ژنان، گەنجان و رەنجدەران لە یەک داببڕێت و هۆکاری هەموو شکستە مێژوویی و سیاسییەکان تاکپەرستیە. کۆنفڕانسەکە بە قسەی نووسەر، ئەکادیمی، سیاسی و کەسایەتیەکان سبەینێش بەردەوام دەبێت.
ناوەندێکی راپرسی ئاشکرای دەکات کە زۆرینەی دانیشتوانی ئێران دژی دەسەڵاتی وڵاتەکەن بەڵام 15%ی خەڵک دژی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیین. ناوەندی توێژینەوە بۆ راپرسیی لە ئێران (Gamaan) بڵاوی کردوەتەوە؛ بە پێی نوێترین راپرسی 81%ی دانیشتوانی ناوخۆ و 90%ی هاوڵاتییانی ئێرانیی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات، دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانن و ئەگەر ریفراندۆم بکرێت دەنگ بە دەسەڵاتی ئێستا نادەن . بە پێی راپرسییەکە 67%ی بەشداربوانی ناوخۆی ئێران پێیان وایە ناڕەزایەتییەکانی ماوەی رابردو ئەنجامی دەبێت و 90%ی هاوڵاتییانی ئێرانیی لە دەرەوە گەشبینن بە ئەنجامەکانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە بەرامبەردا تەنها 9%ی خەڵک پێیان وایەوە سەرهەڵدان و ناڕەزیەتییەکان ئەنجامی نابێت. نزیکەی 158 هەزار کەس لە ناوخۆیی ئێران بەشدارییان لە راپرسەییەکەدا کردوە و 42 هەزارکەسیش لە دەرەوە پرسیارەکانی ئەو راپرسییەیان وەڵام داوەتەوە و زۆرینەیان رایانگەیاندوە ئەگەر هاوشێوەی ساڵی (1/4/1979) ریفراندۆم بکرێت ئەوا دەنگ بە دەسەڵاتی ئێستا نادەن لە کاتێکدا بە پێی ئەو بانگەشەی دەسەڵات دەیکات 98%ی دانیشتوانی ئێران دژی سیستمی پاشایەتی دەنگیان بە کۆماری ئیسلامی داوە.
هاوڵاتی یەپەگە ناسنامەی ٥ شەڕڤانی ئاشکرا کرد کە لە کاتی جیاوازدا لە شۆڕشێ رۆژئاوادا شەهید بوون کە شەهیدێک بە ناوی ئاگر هەلەبجە (مەحەمەد مەهدی) خەڵکی هەلەبجەیە. ناوەندی راگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە راگەیەندراوێکدا شەهیدبوونی پێنج شەڕڤانیی راگەیاندن. هەگەپە رایگەیاند، : هاوڕێکانمان ئاگر، ئامانج، سمکۆ، سەرهەڵدان و تۆڵهەڵدان لەدژی داگیرکەری لە رۆژئاوای کوردستان شەڕیان کرد و بە خۆڕاگری شەهید بوون. هەپەگە سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەهیدان و خەڵکی کوردستان دەکات و دەڵێت، خاوەنداری لە میراسی شەهیداکانیان دەکەن و دەکەنە سەرکەوتنی هەمیشەیی. شەڕڤانێکی یەپەگە، ناوی ئاگر هەلەبجە (محەمەد مەهدی)ـە کە لە ساڵی ٢٠١٧دا چووەتە رۆژئاوای کوردستان و بەشداری لە شەڕی عەڤریندار کردووە و لە ٣ی ئازادی ٢٠١٩دا لە ناوچەی راجۆی عەفرین شەهید بووە. ناسنامەی شەهیدانی یەپەگە بەم شێوەیەیە: ناسناو: ئاگر هەلەبجە ناو و پاشناو: محەمەد مەهدی ناوی دایک و باوک: ئەلوان و مەهدی شوێن و کاتی شهەیدبوون: ٣ی ئازاری ٢٠١٨ * ناسناو: ئارمانج کەربۆران ناو و پاشناو: عەبدولرەحیم ئاکای ناوی دایک و باوک: حەلیمە و ئەمین شوێنو مێژووی شەهیدبوون: ٢٥ شوباتی ٢٠١٩ * ناسناو: سەرهەڵدان ساسۆن ناو و پاشناو: ئادەم ئیرەم ناوی دایک و باوک: زینەت و یاسین شوێن و مێژووی شەهیدبوون: ٣ی ئازاری ٢٠٢٠ * ناسناو: سمکۆ شکاکی ناو و پاشناو: خەلیل بیلەن ناوی دایک و باوک: ئالیە و موراد شوێن و مێژووی شەهیدبوون: ٢٠ی کانونی دووەمی ٢٠١٩ * ناسناو: تۆڵهەڵدان دەروێش ناو و پاشناو: فورکان سەزگین ناوی دایک و باوک: حەلیمە و رەمەزان شوێن و مێژووی شەهیدبوون: ٢٨ی کانونی دووەمی ٢٠١٩
هاوڵاتی بەرپرسی کۆنترۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 71 هەزار توشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون و باوترینیان شێرپەنجەی مەمکە. د. چنارعەلی بەرپرسی کۆنترۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی،ئەمڕۆ شەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تائێستا 71 هەزار و 74 تووشبووی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون. وتیشی، تەنیا لە ساڵی 2022دا نۆ هەزار و 61 تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون، کە زۆرترینیان لە هەولێرن لە دوای هەولێر، پارێزگای سلێمانی بە پلەی دووەم و دهۆکیش بە پلەی سێیەم لە رێژەی تووشبووانی شێرپەنجە. ئاماژەی بەوەشکرد، 10 جۆر شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان بڵاوبوونەتەوە، باوترین جۆریان شێرپەنجەی مەمکە و دواتریش شێرپەنجەی کۆڵۆن. هاوکات سەبارەت بەم ڕێژەیەی توشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان،سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شێرپەنجە ئەگەر یەک حاڵەتیش بێت جێی نیگەرانییە، بەڵام تائێستا ئەو رێژەی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە لە ژێر ستانداردی جیهانییە.
هاوڵاتی مێژووی موزیك ئەوەندەی خودی مرۆڤایەتی كۆنە. شوێنەوارناسان فلوتی سەرەتایییان دۆزیوەتەوە كە لەئێسك و عاج دروستكراون و مێژووەكەیان بۆ ٤٣ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە ، هەروەتر باوەڕوایە زۆرێك لەشێوازە موزیكە كۆنەكان لەنەریتە زارەكییەكاندا پارێزراوبن، بەڵام كاتێك باس لەگۆرانییە تایبەتەكان دەكرێت، كۆنترین نموونەی زانراو و دۆزراوە تاڕادەیەك مێژووەكەی تازەترە. زۆربەی مێژوونووسان، وەك كۆنترین پارچە موزیكی نووسراو لەمێژووی مرۆڤدا، ئاماژە بە «سروودی هۆریی ژمارە ٦- Hurrian Hymn no.6» دەكەن، كە سروودێكە بۆ مێخواوەند، نیكال كە بەشێوەی مێخی لەلایەن هۆرییەكانەوە لەدەوروبەری سەدەی ١٤ـی پێش زایین، واتە نزیكەی سێ هەزارو٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا دانراوە. ئەو تاتە گڵینانەی كە ئەو ئاوازەیان تێدایە لەساڵانی پەنجاكانی سەدەی رابردوو لەوێرانەكانی شاری ئۆگاریت لەسوریا دۆزراونەتەوە. هەروەها، لەسەر تاتە گڵینەكە، رێنمایی تایبەت هەیە بۆ چۆنیەتی لێدانی گۆرانییەكە لەسەر جۆرێك قیسارەی نۆ تاڵی. سروودی هۆری نیكال، كە سروودی پەرستەی هۆری ژمارە ٦ـیشی پێدەگوترێت، بەشێكە لە ٣٦ سروودی ئاینی كە بۆ نیكالی مێخواوەند نووسراون، بەكۆنترین میلۆدی لەجیهاندا دادەنرێت كەهەتاوەكوو ئێستا دۆزرابێتەوە. نیكال مێخواوەندی باخچەو سەوزایی بووە و لەزۆربەری ناوچەكانی میزۆپۆتامیا بەتایبەت میزۆپۆتامیای سەروو لەناوچەی حەران پەرستراوە. سەرەڕای هۆنراوەكە، لەسەر تاتە گڵینەكە، رێنماییش نووسراوە بۆ گۆرانیبێژو موزیكزانەكان كەچۆن ئاوازەكەی بژەنن و ئاماژە بەئەوەشكراوە كەدەبێت موزیكەكە لەسەر ئامێرێكی هاوشێوەی قیسارە بەناوی ساممون لێبدرێت، ئەمە لەكاتێكدایە كەناوی ئاوازدانەرەكە نەزانراوە. لەماوەی ساڵانی رابردوودا گۆرانییەكە لەلایەن موزیكزانان و تووێژەرانەوە داڕێژراوەتەوە و لەئێستادا بەچەندین شێوە گۆرانییەكە لەلایەن چەندین كەسەوە گوتراوەتەوەو هەركەسێك دەتوانێت لەڕێگەی ئۆنلاینەوە گوێبیستی گۆرانییەكە بێت. لەئێستادا تاتە گڵینەكە لەمۆزەخانەی نیشتمانی دیمەشقە. هۆنراوەی گۆرانییەكە: «من قوربانیم بۆ مێخواوەندەكە كردووە سا لەخۆشەویستیدا دڵی خۆی بكاتەوە جا لەگوناهەكانم خۆش بێت گۆزە زەیتی كونجی خۆش بۆن دڵی شادبكات تا بەمیهرەبانی چاوی لێمان بێت سا بەرهەمدارمان بكات وەك كێڵگە بەپیتەكانی دانەوێڵە سا ژنان لەگەڵ مێردەكانیاندا منداڵیان بێت جا ئەوانەی كەهێشتا پاكیزەن رۆژێك بەمنداڵ بەختەوەر بن» بەبڕوای مێژوونووسی گەورەی كورد، میهردادی ئێزدی، هۆرییەكان بەمەودایەكی فراوانی كەوانەیی زنجیرە چیاكانی زاگرۆس-تۆرۆسدا بڵاوبوونەتەوەو تەواوی جوگرافیای كوردستانییان گرتووەتەوە و بۆماوەی چوار هەزارو ٣٠٠ ساڵ كولتوورێكی بەهێزیان ئاواكردووە و لەژێر ناوی میتانی رێكخستنێكی سیاسیی بەهێزیان دامەزراندووە. هەروەها هۆرییەكان بۆ ماوەیەكیش دەستدرێژییان كردووەتەسەر دەشتەكانی دراوسێیان: میزۆپۆتامیا و دەشتاییەكانی ئێران. بەڵام، لەگەڵ ئەوەشدا هەرگیز زۆر دوور لەشاخەكان بڵاونەبوونەتەوە. ئابووری و پەیوەندییە سیاسییەكانی هۆرییەكان بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر لەسەر جوگرافییەكەیان یەكگرتوو و چڕبووە، واتە تاڕادەیەكی زۆر هاوتەریب لەگەڵ كەوانەی شاخەكانی زاگرۆس-تۆرۆس دەڕوات، هەروها بە لەبەرچاوگرتنی پاشماوە شوێنەوارییەكانی كاڵاو بنچینەییەكانیان، دەردەكەوێت ئاڵوگۆڕی ئابووری، لەنێوان چیاو دەشت لەگرنگیدا بەپلەی لاوەكی ماوەتەوە.
فەرماندەیەکی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری جوانڕۆ کوژراو و چالاکوانانی رۆژهەڵاتیش ئاماژە بەوە دەکەن ئەو فەرماندەیە دەستی لە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی شارەکەدا هەبوە. ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی کردوەتەوە؛ عەقید شەهرام حەیدەری، سەرۆکی بەشی زانیاریی پۆلیسی ئێران لە شاری جوانڕۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراوە. ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردوە؛ ئەو عەقیدە لە پێکدادانێک لەگەڵ کاسبکارانی سەر سنوری رۆژهەڵاتی کوردستان برینداربوە و بە برینداری گەیەنراوەتە نەخۆشخانەیەک لە شاری کرماشان بەڵام بەهۆی سەختی برینەکانیەوە دوای 45 رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە ئەمڕۆ شەممە مەرگی راگەیەنراوە. چالاکوانان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرایان کردوە عەقید شەهرام حەیدەری دەستی هەبوە لە سەرکوت و کوشتنی خۆپیشاندەران و خەڵکی شاری جوانڕۆ. لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی رابردوی شاری جوانڕۆ لانیکەم 10 کەس لەو شارە بە گوللـەی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان کوژراون.
لە ساڵی 2016، بەبیانوی قەیرانی دارایی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەر و مامۆستایان ڕاگیرا، سەرەڕەی بەرزبونەوەی نرخی نەوت و باشبونی دۆخی دارایی، بەڵام تائێستا ئەو پڕۆسە دەستی پێنەکردۆتەوە، ئەمەش نیگەرانی دروستکردوه، لەمبارەیەوە، لەسەر داوای سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ههرێمی كوردستان لیژنەیەک بۆ دەستنیشانکردنی گرفتەکانی جێبەجێکردنی ڕێنمایی دارایی ژمارە 12ـی تایبەت بە پێداچونەوەی ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و هەژمارکردنى خزمەتیان لە چوارچێوەى جێبەجێکردنى یاساى چاکسازی پێکهێنرا. بهپێی راگهیهندراوێكی حكومهتی ههرێمی كوردستان، لیژنەکە لە یەکەمین هەنگاویدا، تیمەکانی دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی دەستپاکی و لیژنەیەکی تایبەت لە وەزارەتی دارایی و ئابوری بۆ پرسى میلاکات ڕاسپارد بە مەبەستی پێداچونەوە و وردبینی بە دۆسیەى فەرمانبەران. ئاماژه بهوهشكراوه، لە کۆی 32 دامەزراوەى هەر سێ دەسەڵاتی (دادوەرى و یاسادانان و جێبەجێکردن) پێداچونەوە بە 365 هەزار و 452 دۆسیە کرا کە 7 هەزار و 196 دۆسیە پلەى زیادەیان بۆ بەسترا بو و 15 هەزار و 614 دۆسیەشیان زیادە موچەیان هەبو، کە کۆى جیاوازى موچەکەیان دەکاتە ملیارێک و 360 ملیۆن و 808 هەزار دینار. هەر لەم چوارچێوەیەدا و بۆ یەکخستنەوەی دۆسیەی کەسیی ئەفسەر، پلەدار و پێشمەرگە، تا ئێستا لەکۆى 60 هەزار و 16 دۆسیە، 41 هەزار و 982 دۆسیە، بۆ پێداچونەوە ئامادە کراون و بڕیاروایە بە زویی دۆسیە نایاساییەکانیان لە ڕوی پلەبەرزکردنەوە و زیادە موچە، دەستنیشان بکرێن.
شەپۆلێکی دیکەی بەفر و بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە سەنتەری چەند شارێک بەفر دەبارێت. بەشی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان نیمچە هەور دەبێت لە دوای نیوەڕۆ دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو بارانبارین لە ناوچەکانی باکووری خۆرئاوا دەست پێدەکات، لە کاتەکانی شەودا رێژەی دابارین زیاد دەکات و زۆربەی ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە هەروەها بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییەکان و ئەگەری هەیە سەنتەری پارێزگای سلێمانی و دهۆک بگرێتەوە. کەشناسی بەم شێوەیه پێشبینی کەشوهەوای سبەی کردووە، رۆژی یەکشەممە ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت لە زۆربەی کاتەکاندا لەگەڵ بارینی بەفر لە ناوچەشاخاوییەکان. دەربارەی پلەکانی گەرما بەم جۆرە زانیاری داوە، پلەی گەرما نزم دەبێتەوە بە (1 تا 2) پلە بە بەراورد لە تۆمارکراوی رۆژی پێشوو. لەکۆتایدا کەشناسی، بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بەم شێوە ڕاگەیاند : هەولێر: 10 سلێمانی: 6 دهۆک: 7 کەرکوک: 13 هەڵەبجە: 8 زاخۆ : 8 سۆران: 4 گەرمیان: 16
راوێژكارێكى محمد شیاع سودانی رایگهیاند: کۆتای هاتنی دابهزینى نرخى دۆلار بهرامبهر به دینارى عێراقى وگهڕانهوهى بۆ نرخى پێشوو لە ماوهى دوو ههفتهى دیكه ڕوودەدات. فادی ئەلشهممهرى ئاماژهى بۆ سهركهوتنى كۆبوونهوهى ئەستەنبوڵ لهنێوان بانكى ناوهندى عێراق وگهنجینهى ئهمریكا كردو وتوێتی: بانكى ناوهندى عێراق كۆمهڵێك رێكارى نوێى بڵاوكردۆتهوه وئهمهش دهبێته هۆكارێك بۆ دابهزینى نرخى دۆلار وههروهها رێكاری دیكهشى گرتووتهبهر لهبهرامبهر ئهوانهى دۆلار دهبهنه دهرهوه و زیان بهنرخى دراو دهگهیهنن. شهممهرى گوتیشى: لهماوهى دوو ههفتهى دیكه دهبینین كهنرخى دراوهكان سهقامگیرى بهخۆیهوه دهبینێت ودهچێتهوه سهر نرخى پێشووترى. جێی باسە، دوای کۆبونەوەکەی ئەستەبوڵ لە نێوان بەرپرسانی بانکی ناوەندی عێراق و خەزێنەی ئەمریکا، لەماوەی چەند کاتژمێرێکی کەم نرخی دینار بەرامبەر دۆلار بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبۆیەوە، دواتریش بانکی ناوندی چەند بڕیارێکی تری دەکرد بۆ جێگێربون و زیاتر بەرزبونەوەی نرخی دینار، بەڵام نرخی دینار تا ئەم ساتە، جێگێر نیە و بەردەوام لەبەرزو نزمیی دایە،
