لە فڕۆكەخانەی هەولێر بڕیاری فرۆشتنی 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار كەوتەبواری جێبەجێكردنەوە هەروەها فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیش ڕایگەیاند: له داهاتوییەکی نزیک بڕیاری 100دۆلار بە 132هەزار جێبەجێدەکەین . ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ڕایگەیاند، بانكی ناوەندی عێراق رەزامەندیدا كە لە ئەمڕۆوە فڕۆكەخانەی هەولێر 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار لە رێگەی ئاڕتی بانكەوە بە گەشتیاران بفرۆشێت. وتیشی، هەر گەشتیارێك دەتوانێت 7000 دۆلار لە فڕۆكەخانەی هەولێر بگۆڕێتەوە و بڕیارەكەش تەنها بۆ ئەو گەشتیارانەیە كە لە هەرێمەوە بۆ دەرەوە گەشت دەكەن و ئەو كەسانە ناگرێتەوە كە لە دەرەوەی وڵاتەوە دێنە هەرێم. لای خۆشییەوە دانا محەمەد بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی راگەیاند، هەموو ئامادەكارییەك كراوە بۆ كردنەوەی لقی ئەو بانكانەی كە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە رێگەپێدراون باسی ئەوەشی کرد، دوای تەواوبوونی رێكارە كارگێڕی و دارایی و یاساییەكان لە فڕۆكەخانەی سلێمانیش لە داهاتوویەکی نزیکدا بڕیارەكە جێبەجێ دەكرێت. لەماوەی ڕابردوو بەهۆی بەرزبونەوەی، بەرچاوی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار بانکی ناوەندی عێراق و حکومەتی عێراق کۆمەڵێک بڕیار و ڕێکارییان ، گرتۆبەر بۆ دابەزاندن و جێگیرکردنی نرخی دۆلار، ئەم هەنگاوەی فڕۆکەخانەکانیش ، لە چوارچێوەی ئەو ڕێکارانە دێت.
هاوڵاتی وهزارهتی ناوخۆی حكومهتی ههرێمی كوردستان له راگهیهندراوێكدا ئامژاهی بهوهكردووه، ئێوارهی رۆژی ههینی (17ـی شوبات 2023)، كهمپینی كۆكردنهوهی كۆمهك و هاوكاری بۆ لێقهوماوانی بوومهلهرزهكهی توركیا، باكووری كوردستان، سووریا و رۆژئاوای كوردستان كۆتایی دێت. راگهیهندراوهكهی وهزارهتی ناوخۆی حكومهتی ههرێمی كوردستان ئهمڕۆ دووشهممه (13ـی شوبات/فێبرایهری 2023) دهرچووه و تێیدا هاتووه، بۆ ئەوەی پرۆسەی گەیاندنی کۆمەک و هاوكارییهكان بە لێقەوماوانی بوومهلهرزهكهی توركیا، باكووری كوردستان، سووریا و رۆژئاوای كوردستان بە خێرایی بەڕێوە بچێت، کەمپەینە لە ئێوارەی رۆژی هەینی 17ی شوباتی 2023 کۆتایی دێت. له راگهیهندراوهكهدا ئهوهش خراوهتهڕوو، ئەو کۆمەکانەی کۆکراونەتەوە، لە لایەن تیمەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و خۆبەخشەکان پۆڵێن و ئامادە دەکرێن و رۆژانە بۆ هاوکاری لێقەوماوان رەوانەی تورکیا و سووریا دەکرێن. وهزارهتی ناوخۆ سوپاسی هاووڵاتییانی ههرێمی كوردستان دهكات و دهڵێت، "سوپاس و پێزانینی زۆرمان بۆ کوردستانیانی ئازیز هەیە کە وەکو هەمیشە بەشدارییەکی کاراییان لەو کەمپەینە کردووە و ماڵ و کەلوپەلی خۆیان و سەروەتیان لەگەڵ لێقەوماوان بەش کردووە." دهقی راگهیهندراوهكهی وهزارهتی ناوخۆی حكومهتی ههرێمی كوردستان: دوای فەرمانی جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی بومەلەرزە لە تورکیا و سوریا و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ ڕاسپاردنی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بە سەرپەرشتیکردنی کەمپەینی هاونیشتیمانیانی کوردستان بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک، سوپاس و پێزانینی زۆرمان بۆ کوردستانیانی ئازیز هەیە کە وەکو هەمیشە بەشدارییەکی کاراییان لەو کەمپەینە کردووە و ماڵ و کەلوپەلی خۆیان و سەروەتیان لە گەڵ لێقەوماوان بەش کردووە. ئەو کۆمەکانەی کۆکراونەتەوە، لە لایەن تیمەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و خۆبەخشەکان پۆڵێن و ئامادە دەکرێن و ڕۆژانە بۆ هاوکاری لێقەوماوان ڕەوانەی تورکیا و سوریا دەکرێن. بۆ ئەوەی پرۆسەی گەیاندنی کۆمەک بە لێقەوماوان بە خێرایی بەڕێوە بچێت، ئەو کەمپەینە لە ئێوارەی هەینی ١٧ی شوباتی ٢٠٢٣ کۆتایی دێت.
هاوڵاتی پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لە سەرەتای بومەلەرزەکەی ٦ی شوباتەوە لە شارە زیانلێکەوتووەکان چاودێری دۆخی هاوڵاتیان و هەڵمەتی رزگاکردن دەکەن رایاگەیاند، دەسەڵات هیچ سیاسەتێکی بۆ رزگاکردنی هاوڵاتیان نییە و رێگری لە هاوکاریەکان دەکات و هەوڵی راگواستانی هاوڵاتیە کوردەکان دەدات. موراد ساریساچ پەرلەمانتاری هەدەپەی شاری وان کە سەردانی مەرەش، ئەلبیستان، بازارجخ، ئەنتالیا و ئەسکەندەرۆنی کردووە بۆ میدیاکانی باکوری کوردستان قسەی کرد و وتی، " دەسەڵات لە بازارجخ، ئەلبیستان و مەرەش هەوڵی رزگارکردنی هاوڵاتیان نادات. دوو رۆژی سەرەتای بومەلەرزە زۆر گرنگە. بەڵام دەسەڵات لەو دوو رۆژەدا هیچ هەوڵێکی نەدا. هاوڵاتیان خۆیان هەوڵی رزگارکردنی کەسوکاریان ددەن." ساریساچ باسی ئەوەشی کرد کە دەسەڵات هیچ سیاسەتێکی بۆ خاوەنداریکردن لە هاوڵاتیان نییە. بە تەنیا سیاسەتی شەڕی هەیە. زیانێکی زۆری ماددی و گیانی هەیە، لە ئیستاشدا هاوڵاتیان بێ پەناگە لە کەشێکی زۆر سارددا ژیان بەسەر دەبەن. موئەزەز ئۆرهان پەرلەمانتاری هەدەپە کە لە شاری ئیسلاحیەی دیلۆکە بۆ میدیاکان باسی دۆخی ئەو شارەی کرد لەدوای بومەلەرزەکەوە. موئەزەز ئۆرهان وتی، " ٧٠٪ی خانوو و باڵەخانەکانی ئیسلاحیە رووخاون. ئەوانەی دیکەش زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە. بەگوێرەی ئامارە فەرمیەکان ٨٣٠ کەس گیانیان لەدەستداوە لەم شارەدا، بەڵام زۆر کەسی دیکە هێشتا نەدۆزراونەتەوە. ئورهان دەشڵێت، دوێنێ سێ کەس بە زیندوویی لەژێر خانووە رووخاوەکاندا دەرهێنراون، تاوەکو ئێستاش هیوایەک هەیە، بەڵام دەسەڵاتی ئاکەپە لە سەرەتای بومەلەزەکەدا دەستبەجێ کاری نەکرد. بەڵام بەداخەوە بەهۆی کەموکورتیەکان بە هەزاران کەس گیانیان لەدەستدا.
پۆلیسی تورکیا لە شاری سەمسور 5 گەنجی کوردی دەستگیرکرد و ئەشکەنجەی دان، کە بە خۆبەخش لە ئامەدەوە بە مەبەستی رزگارکردنی هاوڵاتیان چوونەتە ئەو شارە. رەجەب تانریڤەردی، ئایدن تانریڤەردی، یوسف ئاباتای، ئیبراهیم تانریڤەردی و ئەرهان تانریڤەردی کە لە قایمقامی ناوچەی چناری ئامەد مۆڵەتیان وەرگرتبوو، کە بە شێوەیەکی خۆبەخش بەشداری لە هەڵمەتی رزگارکردنی لێقەوماوانی بومەلەرزەکە بکەن، لە سەمسور لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران. ئاژانسی میزۆپۆتامیا رایگەیاند، ئەو گەنجانە دوێنێ تەرمێکیان لەژێر باڵەخانە رووخاوەکاندا دەرهێنابوو، بەڵام لەکاتی گەڕانەوەیاندا بۆ رزگارکردنی هاوڵاتیانی دیکە لەلایەن جەندرمەکانەوە وەک کەسانی گۆماناوی دەستگیرکران. جەندرمەکان ئەو 5 کەسیان رادەستی پۆلیس کرد. گەنجەکان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس ئەشکەنجەدران و دواتر بەبێ جلوبەرگ و بە رووتی لە شاری سەمسور دەرکران.
ناڕەزایەتییەکان 149 رۆژە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامە و رۆژنامەیەکیش 15 پلانی دەسەڵات بۆ زیادکردنی کۆتوبەند لەسەر دانیشتوانی وڵاتەکە ئاشکرا دەکات و لە جوانڕۆ لاوێکی 17 ساڵان بە بیانویی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان لە لایەن دادگاوە سزای زیندانیکردن و لێدانی قامچیی بەسەردا سەپێنرا و چەند چالاکوانێکی کورد و مامۆستایی ئایینیی بە دانانی بارمتە ئازادکران. دوو مامۆستای ئایینیی شاری پیرانشار ئازاد کران و لە لایەن خەڵکی ناوچەکەوە پێشوازییان لێکرا. ئەمڕۆ شەریف مەحمودپور و سلێمان ئەحمەدی دوای زیاتر لە 20 رۆژ دەستبەسەرکردن بە شێوەیەکی کاتی و بە دانانی بارمتەی 11 هەزار دۆلار تا رۆژی دادگایکردنیان ، ئازاد کران. لاوێکی تەمەن 17 ساڵی شاری جوانڕۆ بە ناوی کیانوش ئەعزەمی لە لایەن دادگاوە بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان سزای 10 مانگ زیندانیی لێدانی 74 قامچی بەسەردا سەپێنرا. کوردێکی خەڵکی شارۆچکەی بەهار لە هەمەدان بە ناوی قوباد یاریی بە بیانوی بونی 23 کتێبی کوردی لە مۆبایلەکەیدا 91 رۆژ زیندانیی بەسەردا سەپێنراوە. لە لایەکی دیکەشەوە جەمال عەلیزادە، خەڵکی شاری نەغەدە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە دانانی بارمتەی 66 هەزار دۆلار تا بەڕێوچونی دادگا لە زیندان ئازادکرا. لێوردنی 100 هەزار کەس و ئازادکردنی تەنها 395 کەس رۆژنامەی (شەرق) لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە تا ئێستا 395 زیندانیی بەهۆی لێبوردنە گشتییەکەوە ئازاد کراون لە کاتێکدا بڕیارە ئەو لێبوردنە 100 هەزار زیندانیی بگرێتەوە. داواکاری گشتی ئێران رایگەیاندوە؛ ئەو کەسانەی دەستیان لە بڵاوکردنەوە و راگەیاندنی ژمارەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان هەبوە لێبوردنی گشتیی نایانگرێتەوە. عەلی خامنەی، رێبەری کۆماری ئیسلامی وەک هەمو ساڵیادەکانی دیکەی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی لە ئێران، لێبوردنێکی گشتیی دەرکرد کە بڕیارە 100 هەزار دەستگیرکراو و بەندکراوی وڵاتەکە و رۆژهەڵاتی کوردستان بگرێتەوە. ئەو رۆژنامەیە ئاشکراشی کردوە لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی مەرگی ژینا ئەمینی ، پەرلەمان و کابینەی حکومەت 15 پلانیان بۆ سنوردارکردن و سەپاندنی سەرپۆش و کۆنتڕۆڵی زیاتری کۆمەڵگا خستوەتەڕو کە هەوڵی جێبەجێکردنی دەدەن. تمەن بەردەوامە لە دابەزین جارێکی دیکە بەهای تەمەن بەرامبەر دۆلار دابەزیی و میدیاکانی سەر بە دەسەڵاتی ئێرانیش بەهای جیاواز و کەمتر لە نرخی راستەقینەی دۆلار بڵاو دەکەنەوە. ئەمڕۆ بەهای یەک دۆلار لە بازاڕەکانی ئێران گەیشتە زیاتر لە 46 هەزار و 50 تمەن و ئەوەش بە ژمارەیەکی پێوانەیی بەهای دۆلار لەو وڵاتە ئەژمار دەکرێت. بەهای یەک یۆرۆ لە 50 هەزار تمەن نزیک بوەوە و هەر پاوەندێکی بەریتانی بۆ زیاتر لە 55 هەزار تمەن بەرزبوەوە. لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی تەسنیم سەر بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بڵاوی کردەوە کە بەهای یەک دۆلار لە بازاڕەکاندا بۆ 42 هەزار و 987 تمەن دابەزیوە. دابەزینی بەها لە بەرامبەر تەمەندا تەنها رۆژێک دوای بەڕێوچونی ساڵیادی 44 ساڵەی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئێران رویدا کە دەیان بەرپرسی باڵا لە ساڵیادەکەدا بەڵێنی باشترکردنی دۆخی ئابوریی وڵاتەکە و بژێویی خەڵکیان دا. داوا دەکرێت سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆری ئەوروپا ئەمڕۆ یەکشەممە ژمارەیەک لە چالاکوانانی کورد و ئێران بە دانانی وێنەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە گۆڕەپانی سەرەکیی شاری پاریس داوایان کرد سوپای پاسداران کە بکوژی زۆربەی ئەو کەسانەیە بخرێتە لیستی تیرۆری ئەوروپا. سەرۆک کۆماری ئێران جەخت لەسەر پۆش دەکاتەوە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆبونەوەی کابینەی حکومەتەکەی رایگەیاند؛ جێبەجێکردنی سەرپۆش بۆ کۆماری ئیسلامی بناغەی سەرەکییە و دەبێت سەرجەم دامودەزگاکان هەوڵ بدەن بۆ رازیکردنی کۆمەڵگە لە پێناو جێبەجێکردنی سەرپۆش. لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی، کە بە بیانوی نەگونجابونی سەرپۆش دەستگیرکرا و دوای سێ رۆژ بێهۆشبون گیانی لەدەستدا ئەوە یەکەمجارە دوای پێنج مانگ ناڕەزایەتیی دژی کۆماری ئیسلامی، ئیبراهیم رەئیسی جەخت لە جێبەجێکردنی سەرپۆشی زۆرەملێ دەکاتەوە. ئێران چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلی ژنان جیا دەکاتەوە شادی مەلەکی، بەڕێوبەری ناوەندنی تاقیکردنەوەی ئۆتۆمبێل لە تاران رایگەیاند؛ بۆ یەکەمجار شوێنێکی تایبەت بە چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلی خانمان لە تاران دامەزراوە کە سەرجەم وەستا و کارمەندەکانی لە ژنان و کچان پێکهاتون. مەلەکی ئاماژەی بەوەکردوە ئەو شوێنە کە تایبەتە بەو خانمانەی کە خاوەنی ئۆتۆمبێلن یان شۆفێریی دەکەن، رۆژانە توانای تاقیکردنەوەی 700 ئۆتۆمبێلی لەسەر دەستی خانمان هەیە و دەیان ئۆتۆمبێلیش کە کێشەیان هەیە لە لایەن ئەو خانمانەوە چاک دەکرێنەوە.
ماوەیەکە بڵاوبونەوەی دراوی ساختە لە بازارەکانی هەرێمی کوردستان زیادی کردوە بۆیە داوا لە هاوڵاتیان دەکەن زیاتر چاوکراوە بن لە کاتی مامەڵەکردن . وەزارەتى دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەک شەممە 12ی2 لە هۆشداری نامەیەکدا ڕایگەیاند، ماوەیەکە بڵاوبونەوەی دراوی ساختە لە بازارەکانی هەرێمی کوردستان زیادی کردوەو وەزارەتی دارایی و ئابوریش داوا لە هاوڵاتیان دەکات زیاتر چاو کراوە بن لە کاتی مامەڵەکردن بە جۆرەکانی دراو تا توشی زیان نەبن. باسی ئەوەشی کردووه، لەو چوارچێوەیەشدا بەڕێوبەرایەتی بانکی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی خولی هۆشیاری بۆ خەزنەداری بانکەکان کردۆتەوە تا زیاتر چاو کراوە بن لەکاتی مامەڵەکردن بەدراوەکان، بڕیاریشە خولی هۆشیاری بۆ فەرمانگەکان و نوسینگەو کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو بکرێتەوە تا هەموان زیاتر بەئاگا بن لە بڵاوبونەوەی دراوی ساختەو مەترسیەکانی. وەزارەتەکەی حکومەتی هەرێم دەڵێت، لەماوەی ڕابردوشدا لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەست بەسەر بڕێکی زۆر دراوی عێراقی ساختە لە جۆری 25 هەزاری و 50 هەزاری و دۆلاری ئەمریکی ساختە لەجۆری 50 دۆلاری و 100 دۆلاریدا گیراوەو ڕێکاری یاسایی پێویست لەوبارەیەوە ئەنجام دراوە. وەزارەتی دارایی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هۆشدارییەکە، وێنەی دراوەساختەکان کە دەستیبەسەر گیراوە بڵاوکردەوه.
هاوڵاتی پەکەکە رایگەیاند، دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپەیە بە راگەیاندنی 'باری نائاسایی' هەوڵی سیاسیکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەدات و لەسەر ئەو بنەمایە تەمەنی حکومەتەکەی درێژ بکاتەوە. کۆمیتەی بەڕێوەبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) راگەیەندراوێکی لەبارەی بومەلەرزەکەی ٦ی ئەم مانگە لە باکور و تورکیا – رۆژئاوا و سوریا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دەسەڵاتی تورکیا دەیەوێت لە رێگەی ئەم کارەساتەوە تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە. پەکەکە وتی، " ئاشکرایە کە لە بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، زیانێکی زۆری بە گەلی کورد و گەلانی تورکیا و سوریا گەیاند. وەک گەلی کورد، وەک گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی، زیانەکانمان زۆر قورسن، ئازارەکانمان زۆر گەورەن. هاوبەشی خۆمان بۆ ئازاری هەموو ئەو کەسانەی کە بەهۆی ئەم بومەلەرزەوە زیانیان بەرکەوتووە نیشان دەدەین. خوای گەورە ڕەحم بەو کەسانە بکات کە لەم کارەساتە گەورەیەدا گیانیان لەدەستدا. هەروەها هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو کەسانە دەکەین کە گیانیان لەدەستداوە، هاوخەمی خۆمان بۆ گەلەکەمان، بۆ گەلی تورکیا و سوریا، بۆ مرۆڤایەتی دەرببڕن." پەکەکە باسی لە هەڵوێستی دەسەڵاتی تورکیا لەم کاتەدا کرد و ئەوەی خستەڕوو، " بێ گومان بومەلەرزە کارەساتێکی سروشتییە کە لە ژێر زەویدا ڕوودەدات. دۆخی سەر زەوی تا چ رادەیەک کاریگەری لەسەر ئەمە هەیە تا ئێستا بە باشی نازانرێت. بەڵام مرۆڤایەتی باش دەزانێت کام ناوچە ناوچەی بوومەلەرزەن. دەزانرێت کە هێڵی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات کە شاری مەرەش بوو ناوچەیەکی گرنگی بوومەلەرزە. جگە لەوەش پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لەبەرامبەر بومەلەرزەکە گونجاو نەبوون، هیچ ڕێوشوێنێکی جددی بەرامبەر بومەلەرزەکە نەگیراوەتەبەر و ئەمەش هۆکاری سەرەکی ئەو ڕووداوانە بووە کە لە کاتی بومەلەرزەکەدا ڕوویانداوە. بە ڕوونی دەبینرێت ساڵانێکە دەیان ملیار دۆلار لەنێو کۆمەڵگادا کۆکراوەتەوە کە دەگوترێت بۆ رووداوی بوومەلەرزەیە، بەڵام بۆ ئەو مەبەستە بەکارنەهێنراوە، پێشکەش بە لایەنگرانی ئاکەپە-مەهەپە کراوە و کۆتایی بەو پارەیە هێنراوە." لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی پەکەکەدا هاتووە، " دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە لە تورکیا، هیچ رێوشوێنێکی بەرامبەر بومەلەرزە نەگرتووەتەبەر. ئەو باجەی بەناوی بومەلەرزەوە لە هاوڵاتیان وەرگیراوە، خەرج کراوە. لە ئێستاشدا دەیەوێت دۆخی بومەلەرزە بۆ هەڵبژاردن بەکار بهێنێت و لەلایەکی دیکەوە تەمەنی دەسەڵاتەکەی درێژ بکاتەوە کە پێویستە گەلانی تورکیا رێگە بەوە نەدەن."
هاوڵاتی ئەمڕۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەغدا کۆبونەوە و باسیان لە رەشنوسی یاسای نەوت و غازی حکومەتی فیدراڵ کرد، لەکۆبونەوەکەدا شاندی هەرێم داوایکرد یاساکە لە چوارچێوەی دەستور و لە خزمەت هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان دا بێت. دوای کۆتاییهاتنی کۆبونەوەکەی شاندی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ، حکومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، "لە کۆبونەوەکەدا ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندەکە، دید و تێڕوانینی حکومەتی هەرێمی کوردستانی سەبارەت بە رەشنوسی یاسای نەوت و غازی حکومەتی فیدراڵ خستەڕو". دەقی ڕاگەیەندراوەکە: رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٢ی شوباتی ٢٠٢٣، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندەکە، دید و تێڕوانینی حکومەتی هەرێمی کوردستانی سەبارەت بە رەشنووسی یاسای نەوت و غازی حکومەتی فیدراڵ خستەڕوو. ئاوات جەناب نووری ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامانجیەتی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بگاتە ڕێکەوتن بۆ داڕشتنی یاسایەک کە لە چوارچێوەی دەستوور و لە خزمەت هەموو پێکهاتە و هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان دا بێت. هەر لە کۆبوونەوەکەدا کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، وردەکاری تێڕوانینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە بارەی رەشنووسی پرۆژە یاساکەوە خستەڕوو. دواتر د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، هەبوونی یاسای نەوت و گازی لە عێراق بە گرنگ وەسف کرد و ئاماژەی بە روئیای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر کۆی پرۆژە یاساکە کرد. بەمەبەستی بەردەوامیدان بە دانووستانەکان و گفتوگۆ کردن لەسەر بابەتە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، ئێوارەی دوێنێ شەممە ١١ی شوباتی ٢٠٢٣، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامێتی کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، د.جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خالد هادی چاوشلی، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و ستافی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی دارایی و ئابووری سەردانی بەغدایان کرد. لەو سەردانەدا شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامی دەدات بە گفتوگۆکانی سەردانی رابردووی کە لەسەر بابەتی رەشنووسی یاسای بودجە و یاسای نەوت و گاز و ماددەی ١٤٠ و قەرەبوو کردنەوەی خەڵکی هەرێمی کوردستان کە بەهۆی پەیڕەو کردنی سیاسەتەکانی رژێمی پێشووی عێراقەوە زیانیان پێگەشتبوو. فەرمانگەی میدیا و زانیاری ١٢ی شوباتی ٢٠٢٣ هاوکات وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لەیس شاهر، بریکار وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. ژمارەیەک بەرپرسی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتی نەوت ئامادە بوون. وەزارەتی نەوت دەڵێت، سەردانەکە لە چوارچێوەی زنجیرە دیدار و کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی نەوت، بە مەبەستی تاوتوێکردن و پێداچوونەوە بە پرسە هاوبەشەکان بەتایبەتی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆسەی نەوت و گاز. لە کۆبوونەوەکەدا "وەزارەتی نەوتی عێراق پابەندبوونی خۆی دووپاتکردەوە بە بەڕێوەبەردنی سامانی نیشتمانی و پەرەپێدان و پاراستنی، بەپێی دەستوور و یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکان، بەشێوەیەک سوودی بۆ گەلی عێراق هەبێت بە هەموو پێکهاتەکانییەوە".
سزادان و دەستگیرکردنی چالاکوانان و گەنجانی کورد بەردەوامە و لە یەک رۆژدا سێ کاسبار و کۆڵبەر کوژران و ناڕەزایەتیی و کاردانەوەکان دژی کۆماری ئیسلامی لە پێنج مانگ نزیک دەبێتەوە و لە دەیان وڵاتی جیهان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دژی دەسەڵاتی ئێران بەڕێوەچو و فەڕەنسا دوای ئازادکردنی هاوڵاتییەکی داوای ئازادکردنی ژمارەیەکی دیکە لە هاوڵاتییانی زیندانیکراوی لە ئێران دەکات. کوشتن و سزادان لە رۆژهەڵات بەردەوامە سەڵاح ئازادیی، مامۆستا لە شاری مەریوان بە تۆمەتی بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەن لقی یەکی دادگای ئەو شارەوە سزای یەک ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا. لە شاری بۆکان گەنجێک بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان هەشت مانگ زیندانیی و لێدانی 30 قامچیی بەسەردا سەپێنرا. تەنها لە یەک رۆژدا کۆڵبەرێک و سێ کاسبکاری کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون. پێگەی کۆڵبەرنیوز و مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان بڵاویان کردوەتەوە؛ رۆژی هەینی (10/2/2023) لە شاری کامیاران دو گەنجی کەسبکاری کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تەقەیان لێکراوە و گیانیان لەدەستداوە و هاوکات لە ناوچەی رەبەت سەر بە شاری سەردەشت بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانەوە کۆڵبەرێک بەناوی حسێن محەمەدی کە باوکی دو منداڵ بوە، گیانی لەدەست داوە. لە دەیان شاری وڵاتانی جیهان خۆپیشاندان دژی کۆماری ئیسلامی بەڕێوەچو رۆژی شەممە لە پاریس، ئەڵمانیا، ئۆسترالیا، ئەمریکا، کۆریای باشور، سوید، بەریتانیا، نەرویج، ئیتاڵیا، قوربرس، دانیمارک، نەمسا، بولگاریا، نیوزلەندا، ئیسپانیا جگە لە پایتەختی ئەو وڵاتانە لە زۆربەی شارە گەوەرەکانی دیکەشدا گردبونەوە و خۆپیشاندان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەچو. خۆپیشاندانەکانی چالاکوانانی کورد و ئێران لەو وڵاتانە هاوکات بو لەگەڵ یادی 44 ساڵەی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی. وتارەکی سەرۆک کۆماری ئێران هاککرا گروپێکی هاککەر بە ناوی (عەدالەتی عەلی) ئەمڕۆ و لە کاتی وتاردانی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران، پەخشی راستەوخۆی تەلەڤیزیۆنی ئەو وڵاتەیان هاک کرد و داوایان لە خەڵک کرد بەشێوەیەکی فراون بژێنەوە سەر شەقامەکان و کۆتایی بە نادادپەروەریی و گەندەڵیی کۆماری ئیسلامی بهێنن. هاککردنی پەخشی راستەوخۆی ئەو تەلەڤیزیۆنە هاوکات بو لەگەڵ بەڕێوچونی یادی 44 ساڵەی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی لە ئێران. ئەڵمانیا 160 سیخوڕی ئێران دەستگیر دەکات رۆژنامەیەکی ئەڵمانی ئاشکرای دەکات دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکە ژمارەیەک سیخوڕی کۆماری ئیسلامیی لە ئەڵمانیا دەستگیر کردوە کە زانیارییان لەسەر ئەو هاوڵاتییانە کۆکردوەتەوە کە بە رەگەزنامە خەڵکی ئێرانن. رۆژنامەی وێڵ ئەم سۆناتگ(Welt am Sonntag)ی ئەڵمانیا بڵاوی کردوەتەوە؛ بە پێی ئەو زانیارییانەی دەزگای هەواڵگریی ناوخۆی وڵاتەکە بە رۆژنامەکەی راگەیەنادوە، سیخوڕی و کاری هەواڵگریی کۆماری ئیسلامی لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو لە ئەڵمانیا زیادی کردوە. بە پێی زانیارییەکانی دەزگای هەواڵگریی ناوخۆی ئەڵمانیا؛ کۆماری ئیسلامی لە رێگەی دەیان کەسەوە هەوڵی کۆکردنەوەی زانیاریی داوە لەسەر ناسنامە و شوێن و پیشەی ئەو کەسانەی نەیاری دەسەڵاتی ئێرانن و بە دیاریکراوی زانیاریی لەسەر ئەو کەسانە کۆکردوەتەوە کە خەڵکی ئێران و نیشتەجێی ئەڵمانیان. مامۆستایەکی کورد و پزیشکێکی چالاکوان ئازاد کران مامۆستایەکی کورد و پزێشکێکی چالاکوانێکی ئێران دوای نزیکەی 300 رۆژ مانگرتن و پێنج ساڵ زیندانیی ئازاد کرا . زارا محەمەدی، مامۆستای زمانی کوردی و خەڵکی شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاندوە؛ دوای زیاتر لە ساڵێک زیندانیی بە بێ ئاگادارکردنەوەی پارێزەرەکەی ئێوارەی هەینی ئازدا کراوە. محەمەدی کە سەرۆکی رێکخراوی (نۆژین)-ە بۆ چالاکی مەدەنی و کەلتورییەکان پێشتر بە تۆمەتی دروستکردنی رێکخراوی نایاسایی سزایی پێنج ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرابو کە دوای تێپەڕێنی زیاتر لە ساڵێک لە سزاکەی. ئازادکراوە. لە لایەکی دیکەوە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاویان کردەوە؛ فەرهاد مەیسەمی، پزیشک و چالاکوانی مەدەنی کە بەهۆی ناڕەزایەتیی سیاسی و مرۆیی زیاتر لە شەش ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرابو، لە چواچێوەی لێبوردنێکی گشتیی لە ئێران ئازاد کرا. فەرهاد مەیسەمی تەمەن 53 ساڵ کە پزیشک بوە، بە تۆمەتی چالاکیی مەدەنی و دژایەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران نزیکەی پێنج ساڵ زیندانیی کراوە و زیاتر لە نۆ مانگ بو دژی لەسێدارەدان لەو وڵاتە مانی لە خواردن گرتبو. جەستەی پاڵەوانێک دوای زیندانیکردن لە ئێران رۆژی شەممە وێنەی خالید پیرزادە، خەڵکی شاری ئەهواز لە باشوری ئێران بڵاو کرایەوە کە دوای پێنج ساڵ زیندانیکردن ئازاد کراوە بەڵام وێنەی ئەو پاڵەوانە دەری دەخات دۆخی زیندان و ئەشکەنجەدانی تا چ ئاستێک کاریگەریی لەسەر جەستەی هەبوە. پیرزادە بە تۆمەتی بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەندامێتی لە رێکخراوێکی نەیار بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە زیندانەکانی ئێراندا بوە و لەو ماوەیەدا بەهۆی ئەشکەنجەدان و دەربڕینی ناڕەزایەتیی و مانگرتن روبەڕوی کێشەی تەندروستیی بوەتەوە. فەڕەنسا داوای ئازدکردنی هاوڵاتییانی وڵاتەکەی لە ئێران دەکات فەڕەنسا رایگەیاند؛ هاوڵاتییەکی زیندانیکراوی لە ئێران ئازاد کراوە و باڵیۆزەکەشی لە تاران داوای ئازدکردنی هاوڵاتییانی دیکەی وڵاتەکەی کردوە. ئاژانسی فڕانس پرێس بڵاوی کردوەتەوە؛شەوی شەممە فەریبا عادلخا ، خەڵکی ئێران کە هەڵگری رەزگەزنامەی فەڕەنسایە دوای سێ ساڵ لە زیندان ئازادکراوە. سەرچاوەیەک لە کەسوکاری ئەو زیندانییە رایگەیاندوە؛ رون نییە ئەو عادلخا دەتوانێت گەشتی دەرەوە بکات یان نا.. چونکە پێشتر سزای پێنج ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنراوە و سێ ساڵی لە زیندان ماوەتەوە فەریبا عەدالخا، توێژەری سیاسیی هاوڵاتیی فەڕەنسا ساڵی 2019 دوای گەشت بۆ ئێران دەستگیرکرا و تۆمەتی سیخوڕیی خرایە پاڵی و لە لایەن دادگایەی تاران سزای پێنج ساڵ زیندانیی بەسەردا سەرپێنرا. پێشتر وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا رایگەیاندبو، باڵیۆزی نوێ ئەو وڵاتە لە تاران داوای لە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران کردوە کە حەوت هاوڵاتی فەڕەنسی-ئێرانیی ئازاد بکات کە بە تۆمەتی ناڕاست دەستگیرکراون و لە زیندانەکانی ئێراندان.
هاوڵاتی هەپەگە رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی بەهۆی بومەلەرزەکەی باکور و تورکیا شەڕیان راگرتووە، بەڵام سوپای تورکیا بە بەردەوامی هێرش دەکاتە سەر هێزەکانیان و گەریلایەک شەهید بووە. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) باڵی سەربازی پەکەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە بەردەوامی هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر گەریلاکانیان کرد. هەپەگە دەڵێت، " بۆ ئەوەی گەلانی کوردستان و تورکیا برینەکانیان سارێژ بکەن کە بەهۆی بومەلەرزەوە ئازاری زۆریان پێگەیشتووە، تەڤگەرەکەمان شەڕی راگرت و کەوتە دۆخی پاراستنی رەوا، بەڵام سوپای تورکیا بە بۆمبی قەدەغەکراو و تانک و چەکی قورس هێرش دەکات سەر سەنگەرەکانی بەرخۆدانمان." لە راگەیەندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە، " سوپای تورکیا رۆژی ٩ی شوبات بە چەکی قورس هێرشی کردە سەر سەنگەرەکانی گەریلاکان لە نزیک گوندی سیدای سەربە ناحیەی شێلادزێی ئامێدی و بەوهۆیەوە هاوڕێمان مەزلۆم شەهید بوو. ناسنامەی هاوڕێ شەهیدەکەمان مەزلۆم دواتر بۆ گەل و رای گشتی ئاشکرا دەکرێت." هەروەها باسی ئەوەشی کرد کە هێزەکانیان لەدژی هێرشی سوپای تورکیا ناچاربوون خۆیان بپارێزن و وتی، " لە ئەنجامی وڵامی هێزەکانماندا سەربازێک کوژراوە و گورز لە هەلیکۆپتەرێکی جەنگی وەشێنراوە." جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوای لە هەموو هێزەکانی سەر بە پەکەکە کردبوو کە بەهۆی ئەوەی بتوانرێت هاوکاری لێقەوماوانی بومەلەرزەکەی باکوری کوردستان و تورکیا بکرێت، شەڕ رابگرن.
هاوڵاتی هاوڵاتییەکی شاری مەڕەش گرتە ڤیدیۆیەکی چیایی کوشکای بڵاوکردەوە، لە ڤیدیۆکاندا دەبیندرێت دووکەڵ لە لووتکەکە بەرزدەبێتەوە هەربۆیە هاونیشتمانیانی ناوچەکە تووشی دڵەڕاوکێ بوون و بەشێکیشیان ماڵیان جێهێشتووە لە ترسی مەترسیی گڕکان و(ئافاد) لەم بارەیەوە ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە. لە دوای بوومەلەرزەکەی دووشەممەی رابردوو (6-2-2023) کە بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر روویدا و چەقەکەی لە مەرەشی باکووری کوردستان بوو، هاونیشتمانیان چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی چیای کوشکایان بڵاوکردەوە، لە ڤیدیۆکاندا دەبیندرێت دووکەڵ لە لووتکەکە بەرزدەبێتەوە بووە هۆی دروستبونی دڵەڕاوکێ . لەمبارەیەوە ئەمڕۆ (شەممە 11-2-2023) سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا (ئافاد) رایگەیاند "گرتەی ڤیدیۆیی گوندی کزلجکی گەورە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە و باس لە دروستبوونی گڕکان دەکرێت. بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، هێلیکۆپتەری جۆری سیکۆرسکیمان ناردووەتە ناوچەکە. خۆڵەمێشی گڕکانی و تەقینەوە لە ئارادا نییە و گازیش دەرنەچووە. ئەوەی هەیە شتێکی بچووکە". چیای کوشکایا دەکەوێتە شارۆچکەی گۆکسەن لە سنووری پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان.
هاوڵاتی سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند، لەسەر داوای مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان شاندێکی هەرێم ئەمڕۆ بە مەبەستی ڕیکەوتن وچارەسەری کێشەکانی نێوان هەریم وبەغدا بەرەو بەغدا بەڕێدەکەون. ئومێد سەباح ، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەریمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەوە ڕایگەیاند، ئەو سەردانە لەسەر داوا وڕاسپاردەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە و بەمەبەستی چارەسەر وڕێکەوتنی نێوان نێوان هەرێم وبەغدایە لەسەر پرسە گرنگەکانی " یاسای نەوت وگاز و بودجە وماف وشایستە داراییەکان". لەگەڵ ئەوەشدا، دوێنێ لە کۆبوونەوەی شاندەکەی بەغدا لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند کە پێویستە کێشەکانی نێوان هەرێم وبەغدا لەماوەی " ٦ " مانگدا بگاتە چارەسەر. هاوکات لەگەڵ ئەوەی دوێنێ شاندێکی عێراق لە واشنتن لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا لەسەر پرسی ئابوری وچاکسازی ئابوری ودارایی و کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەگەڵ یەک و پەیوەندیەکانی نیوان عێراق و ئەمریکا کۆبوونەوە، ئەمە یەکەم سەردانی وەفدی هەرێمی کوردستانە دوای ئەوەی کە دادگای باڵای فیدراڵی لەسەر پرسی بەنایاسایی ناساندنی درێژکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام درابێت.
هاوڵاتی بەدواداچوون بۆ ماكیاژی قاچاغ لەبازاڕەكاندا دەكات ساڵی رابردوو ١٥٠ تۆن دەرمانو بەرهەمی جوانكاری لەناوبراون ئیمان زەندی پیشەسازی ماكیاژ لەسەر بنەمای هەندێك لەماددە كیمیاییە شێرپەنجەییەكان دامەزراوە، كە نەبوونی زانیاری سەبارەت بەبەكارهێنانی زیانی بۆ كەسی بەكارهێنەر دەبێت، هاوڵاتی بەدواداچوون بۆ كوالێتی ماكیاژ لەكوردستان و هێنانی بەقاچاغ دەكات. د.باسڵ سیدۆ، پسپۆڕی پێست و جوانكاری و لێزەر بەهاوڵاتی وت: «ماكیاژ لەماددەی كیمیایی دروستدەكرێت بەمەش زیانی زۆر بۆ پێست هەیە، بەردەوام بەكارهێنانیشی دەبێتەهۆی چرچولۆچی و وشكبوونی پێست و دروستبوونی چینێكی كونیلەدار كەناهێڵێت ئۆكسجین بچێتە ژێر پێستەوەو زیپكەو هەوكردن دروستدەكات، ماكیاژ هەر رەنگێكیان و مادەیەكی كیمیاییە، ئەمەش وادەكات جوان دەربكەوێت لەسەر پێست بەتایبەت سوراو، سوراویش چینێكی رەش لەدەوری لێو دروستدەكات لەگەڵ وشكی، هەموو ئەم ماددانەش پێست هەڵیدەمژێت و دەچێتە خوێنەوەو لەوێشەوە بۆ گورچیلەو جگەر كە لەداهاتوودا نەخۆشی ترسناك دووچاری بەكارهێنەرەكەی دەكاتەوە»، ئاماژەی بەوەشكرد: «ماكیاژكردن بۆ دەرەوەو خۆر لێیبدات پێست دەخنكێنێت و كۆلاجینی لەناودەبات، چونكە عارەق لەگەڵ ماكیاژو تەپوتۆزی دەوروبەر تێكەڵ دەبێت، هەروەها بەوە دەزانین ماكیاژ كوالێتی خراپە خانمەكە هەستدەكات پێستی تێكچووە یان كاتێك بۆ ماوەیەك دوردەكەوێتەوە لێی گرفتەكانی پێستی كەمتر دەبێتەوە، سەبارەت بەبازاڕی ئۆنلاین بەڕاستی كارەساتە، چونكە هیچیان كوالێتیان باش نیەو براندی جیهانی نین، تەنانەت ئەوانەشی نرخیان گرانە، چونكە براندە جیهانییەكان بەو سیستەمە كارناكەن، بەڵكو دەبێت خۆمان بچین تێستی بكەین و بەكاریبهێنین». ناوبراو دەڵێت: «ئەو بەرهەمەی كەخانم كڕیویەتی پێویستە سەردانی وێبسایتی براندەكە بكات، چونكە راستەوخۆ دەڵێت ئەو بەرهەمە هەیە، دەبێت پاكکەرەوەی پێست پزیشك بۆی دیاری كردبێت و نابێت ئەوەش لەیاد بكرێت دوای ماكیاژكردن زۆرباش بەستەرەكەی دابخرێت، چونكە لەگەڵ هەوای دەرەوە كارلێكدەكات مەرەكەباتی كیمیایی دروستدەكات، خاڵی كۆتایی ئەوەیە كەپێویستە پێش نووستن بەتەواوی مكیاج لێبكرێتەوە، لەزۆربەیاندا هەرجۆرێك لەماددەی كیمیایی تێدایە، هیچ راپۆرتێك نیە كەدەریبخات راستەوخۆ ماكیاژ بووبێتەهۆی دروستبوونی خانەی شێرپەنجەیی، بەڵام بەناڕاستەوخۆ كاریگەرییان هەیە». بەپێی ئەو داتاو زانیارییەی هاوڵاتی لەسەرۆكی گشتی یەكێتی هاوردەو ناردنكارانی كوردستان دەستیكەوتووە، زیاتر لە ١٠ هەزار كۆمپانیای ناوخۆیی كاردەكەن لەكوردستان و شمەك و كاڵا هاوردەو هەناردە دەكەن، ئەمە لەكاتێكدایە لەسەدا ٩٥٪ی هاوردەیەو لەسەدا ٥٪كەی دیكەی هەناردە، سنوری هاوردەكەش لە١٠٠ وڵاتەوەیە، هەربەپێی ئەو داتایە بۆ ساڵی ٢٠٢٢ زیاتر لەپانزدە ملیار دۆلار كاڵا مۆڵەتی پێدراوە بێتە هەرێمی كوردستان. مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆكی گشتی یەكێتی هاوردەو ناردنكارانی هەرێمی كوردستان لەبارەی ئەوەی تاچەند راستە بۆ كارتۆنێك بەرهەمی جوانكاری پەنجا هەزار قاچاغیەكەی بووە، بە هاوڵاتی راگەیاند: «كارەساتە گەربێت و بۆ كارتۆنێك ماكیاژ پەنجا هەزار قاچاغیەكەی بێت، ئەمەش گومانی تێدا نیە كوالێتیان زۆر خراپە هەرچەندە زانیاریم لەسەری نیە، بەڵام بەو جۆرە نەمبیستوە ماكیاژ بەقاچاغ بێت، چونكە جوانكاری بازرگانییەكی كراوەیە». وتیشی: «جلوبەرگ و بەرهەمی جوانكاری خانمان زیاتر دێت لەپیاوان، قەبارەی هاوردەكەش بەپلەی یەك لەتوركیا پاشان ئێران لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپاو ئاسیا هاوردەدەكرێن. د.جەلال عەبدوڵا حاجی، مامۆستای كیمیاییو ئەندام لەزانكۆی سەڵاحەدین بەوردی ئاماژەی بەماددە كیمیاییە ژەهراوییەكان كردو بۆ هاوڵاتی دواو وتی: «لەسەدەی بیست و یەكەمدا كەرەستەی جوانكاری بەشێوەیەكی بەرفراوان تەشەنەی كرد، بەرهەمەكانیش بریتین لەكرێم، پاودەر، بۆن، بۆیەی نینۆك، عەدەسە، بۆیەی قژ، خوێی حەمام، ...هتد، بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی رۆژانە خانمان نزیكەی ١٦٨ مادەی كیمیایی جیاواز لەماكیاژو جوانكارییەكانیاندا بەكاردەهێنن، تووێژینەوەكانیش هۆشداریدەدەن لەبوونی ماددەی شێرپەنجەیی و ژەهراوی لەناو ئەو پێكهاتانەدا»، وتیشی: «لێرەدا ئاماژە بەچەند جۆرێكیان دەدەم وەكو (فۆرماڵدیهاید، سیلیكۆن، تریكلۆسان، پۆلی ئیتیلێن گلایكۆڵ، ... هتد)، یان (ئیتانۆلامین) لەئەساس و ماسكاراو كرێمەكاندا هەیەو مادەی هەستیارین یاخود (ئۆكسیبێنزۆن) لەدژەخۆرو غسول و بەڵسی لێوو بۆندا هەیەو تێكدەری رژێنی دەرەقیین، هەروەها ماددەی (بوتیل و پرۆپیل و ئیتیلپارابێن) ماددەی پارێزەرن (حافیزە)ن»، ماركەكانی ماكیاژ زۆرن ئەمەش وادەكات دەرەفەتی فێڵكردن زۆربێت، بەڵام خانمان پێش كڕینی بەرهەمی ماركە پێویستە سەیری پاكەت و رەنگ و وشەی بەرهەمەكە بكەن یان لیبێڵ و زنجیرە ژمارەی كۆمپانیاكە، یاخود بۆنەكەی و نەرم بووەستێت لەسەر پێست، سەیری فڵچەكەشی بكرێت و نابێت موەكانی ناڕێك و قەبارە جیاواز بێت، گەر نرخی گونجاو بوو ئەوە ساختەیە. بەپێی ئامارێكی فەرمی لەبەڕێوەبەرایەتی كوالێتی كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان لەوەزارەتی تەندروستی كەنێردراوە بۆ رۆژنامەی هاوڵاتی بۆ ساڵی ٢٠٢٢ زیاتر لە١٥٠ تۆن دەرمان و بەرهەمی جوانكاری لەناوبراون، ئەمە لەكاتێكدایە ٦٤ كۆمپانیا داخراون لەگەڵ داخستنی ٦٧ كۆگای دەرمان، هەروەها نۆ كەیسی یاساییش لەدادگا هەن. د.گۆڤەند رەوەند، بەرپرسی چاودیری بازارو بازگەكانی دەرمان (كوردستان) بۆ هاوڵاتی دەڵێت: «سێ جۆر هاوردەكردن هەیە، جۆرێكیان جوانكارییە (كۆزمەتیك) كەبازرگان دەتوانێت لەڕێگای وەزارەتی بازرگانییەوە هاوردەی بكات یان لەماركێت و بازاڕەكان هاوردەی بكەن، دووەم جۆر بەرهەمی جوانكاری پزیشكییە لێرەدا پێویستی بەتۆماركردن و مۆڵەت هەیە لەوەزارەتی تەندروستی و بەكوالێتی كۆنتڕۆڵدا دێت و پشكنینیان بۆ دەكرێت، جۆری كۆتایی قاچاغیەكە لەڕێگەی ئۆنلاینەكانەوە ساغدەكرێتەوە، هەر شتێكیش مۆڵەتی كوالێتی كۆنتڕۆڵی نەبێت دەبێتە قاچاغ». شەنگە عوسمان، خاوەن براندی شەنە بیوتی ناچڕاڵ و خوێندكاری بەشی پزیشكی بۆ هاوڵاتی دواو وتی: «گەر ماددەی كیمیایی لەبەرهەمەكاندا نەبێت ئەو بەرهەمە دروستنابێت، بەڵام بەرهەمە سروشتییەكان لەسەدا ٩٠ بۆ ٩٥ـی لەزەیت و ئاو پێكدێت و ئەو رێژەیەی تری بۆ ماددەی كیمیاییە». وتیشی:»لەپۆلی ١٠ خولیای ئەم كارەم هەبووەو چاودێری چەند پزیشكێكی میسریم دەكردو كارەكانیانم دووبارە دەكردەوەو زۆر سوودم لێبینین، بۆ نزیكەی شەش بۆ حەوت ساڵە ئەو بەرهەمانە درووستدەكەم و ئەو بەرهەمانەشی دەیكەمە بازاڕەوە ئەزمونی حەوت ساڵی خوێندن و بەدواداچوونمە، چونكە رۆژ هەبووە ١٨ كاتژمێر چاودێریم كردووە یان بۆ بەرهەمێكم شەش كاتژمێر خوێندوەتەوە ، بەڵام گومانی تێدا نیە كەسانێك بە نائەكادیمی شت تێكەڵدەكات و بەناوی سابون و كرێم ساغیدەكاتەوە، من مۆڵەتی رێپێدانم هەیەو بەرهەمەكانم هەموویان كتابیان هەیەو پێش و پاش خستنە بازاڕ لەلایەن تەندروستییەوە پشكنینی بۆ دەكرێت». هاوكات د.جەلال عەبدوڵا حاجی، مامۆستای كیمیایی و ئەندام لەزانكۆی سەڵاحەدین رایگەیاند: «هەر خانمێكی ئاسایی لەماوەی تەمەنیدا نزیكەی ٣٥٠ گرام سووراوی لێو دەخوات، سوراو بەڕێژەی ٦٠٪ قوڕقوشمی تێدایە كەكانزایەكی قورسی ژەهراوی دەمارییە و لەبەرهەمی ٢٠ ماركەدا دۆزاوەتەوە، كانزا قورسەكان خانمان دووچاری شێرپەنجە، تێكچوونی زاووزێ، گورچیلەو هەڵوەرینی قژ دکەوە». هەروەها د.شیروان سادق بەڕێوەبەری گشتی كوالێتی كۆنتڕۆڵی دەرمان لەوەزارەتی تەندروستی بەهاوڵاتی دەڵێت: «بەرهەمی جوانكاری دەبێت مۆڵەتی هاوردەكردنی لەكوالێتی كۆنترۆڵ وەرگرتبێت و مەرجە ناوی كارگەو براندی بەرهەمەكە تۆماركرابێت، پاشان بەپڕۆسەی پشكنین و هەڵسەنگاندن تێپەڕبووبێت ئەوكات مۆڵەتیان پێدەدرێت، جوانكاری دوو بابەتە ئەویش بەرهەمی پزیشكییە لەگەڵ ئاسایی، هەربۆیە لەو نێوەندەدا خەڵك دۆخەكەی ئیستغلال كردووەو ئەو بەرهەمانە لەعێراقدا بەكوالێتی كۆنتڕۆڵدا نایەت، بەڵكو بەمۆڵەتی هاوردەكردنی بازرگانی دەیهێنن و دابەشی دەكەن». وتیشی: «لەبەرئەوەی بازاڕەكەی كراوەیە لەوبڕوایەدا نین قاچاغی پێوە بكرێت چونكە وەكو دەرمان نیە رێكارەكانی توندە، هەروەها مۆڵەتی بازرگانییان ئاسان وەردەگیرێت و لەمەرزی ئیبراهیم خەلیل لەكۆنترۆڵی جۆری (نیو ستاندارد) بەپێی ستانداردی عێراقی پشكنینی ئەو بەرهەمانە دەكرێت، هەموو كاڵایەك پشكنینی بۆ ناكرێت لەكوالێتی كۆنترۆڵ چونكە لیژنەی هەڵسەنگاندن هەیە بەپێی كارگەو براندو بەڵگەنامەكان بڕیاردەدات چەند بابەت پشكنینی بۆ بكرێت، هەربۆیە هاوڵاتی پێیوایە هەرچی دێت دەبێت پشكنینی بۆ بكرێت». د.بەدر قادر سورچی، پسپۆڕو یاریدەدەر لەچارەسەری نەخۆشی بەگیادەرمان بۆ هاوڵاتی دواو وتی: «پڕۆسەی بەرهەمی سروشتی هێواشە، خانم ئارامی نیەو بیر لەئێستای دەكاتەوە نەك پەنجاساڵی داهاتوی، بەنموونە ئافرەت دەیەوێت لێوی سور بێت لەجیاتی سوراو با زەیتی گوێزهیندی یان تێكەڵەی ئاوی گوڵ و هەنگوین یاخود تێكەڵەی چەوەندەرو زەیت و هەنگوین شەوانە بەكاربهێنێت، یاخود تێكەڵەی دەنكە هەناری كوتاوو فازلین، یان گەڵای گوێزو بادەم، بەڵام كاتێك ئافرەت بیەوێت لێوی گەورە دەربخات، ئەمە دەچێتە خانەی دەستكاریكردن، بۆیە بەرهەمی سروشتی ئەوەیە كەمرۆڤ سروشتی بێت».
هاوڵاتی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لەبارەی هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی ئیسرائیلەوە ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە ودەڵێت، نەوتی هەرێمی کوردستان رەوانەی ئیسرائیل ناکرێت و لە رێگەی بۆری و لە ژێر وردبینی کۆمپانیای دیلۆیتەوە هەناردە دەکرێت. دەقی ڕونکردنەوەکە: دەقی روونکردنەوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان: لەم چەند رۆژەی دواییدا چەند كەسێك لە دەزگا میدیا عێراقییەكانەوە بانگەوازی ئەوە دەكەن گوایە نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی تانكەرەوە بە قاچاغ دەبرێتە دەرەوە و بە وڵاتی ئیسرائیل دەفرۆشرێت. ئێمە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بە تووندی ئەم بانگەوازە چەواشەكارییانە رەتدەكەینەوە و بە هەوڵی ناحەزانی سەقامگیری و رێکكەوتنی نێوان عێراق و كوردستان هەژماری دەكەین. هەموو ئەم لێدوان و بانگەوازانە هیچ بنەما و راستییەكی تێدا نییە، لەكاتێكدایە هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵ سەرقاڵی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانن، ئەم بانگەوازە چەواشەکارییانە تەنیا ئامانج لێی تێكدانی ئەو هەلە زێڕینەیە كە لەدوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق رەخساوە بۆ چارەسەركردنی بنەڕەتی كێشەكان. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دووپاتیدەکاتەوە کە نەوتی هەرێم بە تەواوی لە رێگەی بۆری و لە ژێر وردبینیی کۆمپانیای بێلایەنی (دیلۆیتی) نێودەوڵەتیی هەناردەی دەکات و هەموو کاتێک رێز لە دەستووری عێراقی فیدراڵ و یاساكان دەگرێت
هاوڵاتی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە تویتێکی دیکەی لەبارەی قسەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و دۆخی باکوری کوردستان و تورکیا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، زیاتر لە 100هەزار کەس تاوەکو ئێستا لەژیر داروپەردووی بالەخانە رووخاوەکاندا دەرنەهێنراون. دەمیرتاش لە تویتەکەیدا نووسیویەتی، " لە کاتێکدا کە هاوڵاتیان چاوەرێ دەکەن لەژێر باڵەخانە رووخاوەکاندا، دەنگێک لە کەسوکارەکانیان ببیسن، بەڵام ئەردۆغان باسی ئەوەی دەکات هەر خانەوادەیەک 10 هەزار لیرەی پێدەدرێت. ئەمە بە واتای ئەوە دێت کە هیچ ئەخلاقێکی نەماوە. دەمیرتاش دەشڵێت، "بەداخەوە تاوەکو ئێستا 100 هەزار کەس لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندان. لە ئیستادا تەرمی زیاتر لە 30 هەزار کەس دەرهێنراون. پێویستە هاوکاریەکان چڕتر بکرێنەوە. زۆر سەختە، پێویستە پێکەوە بین." ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەگوێرەی دوایین ئاماری فەرمی حکومەتی تورکیا، تاوەکو ئێستا تەرمی 20 هەزار و 665 کەس لەژێر باڵەخانە رووخاوەکاندا دەرهێنراون و زیاتر لە 80 هەزار کەسیش بریندار بوون.
