هاوڵاتی بڕیارە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بەهۆی قەیرانەکانییەوە 5٪ رێژەی کارمەندانی کەم بکاتەوە بەوەش دەبێتە دووەمین کۆمپانیای گەورەی جیهان کە کارمەندەکانی کەم دەکاتەوە. پێگەی (بیزنس ئینسایدەر) بڵاوی کردەوە؛ ماوەی زیاتر لە مانگێکە زۆربەی بەشەکانی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت کارمەندی نوێ وەرناگرن و بڕیارە لانیکەم 11 هەزار کارمەندی ئەو کۆمپانیایە دوربخرێنەوە . کۆمپانیاکە تا مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردودا 221 هەزار کارمەندی بوە کە لەو ژمارەیە 122 هەزار کەسیان لە وڵاتی ئەمریکا و 99 هەزار کەسیان لە وڵاتانی دەرەوە بون. پێشتر مایکرۆسۆفت رایگەیاندبو؛ تەنها بۆ ماوەیەکی کاتی لە مانگی حوزەیراندا کارمەندەکانی کەم کردوەتەوە بەڵام جارێکی دیکە ژمارەی کارمەندانی زیاد دەکاتەوە. مایکرۆسۆفت خاوەنی زیاتر لە 301 ملیارد دۆلار و 118 ملیارد پشکە و پوختە داهاتی ساڵی 2021ی گەیشتوەتە 60 ملیارد دۆلار. بڕیارە لەگەل دورخستنەوەی ئەو 11 هەزار کارمەندە، کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ئامار و داتا ئابورییەکانی لە 24ی ئەم مانگەدا بڵاو بکاتەوە. پێش مایکرۆسۆفت کۆمپانیای ئامازۆن ئاشکرای کردبو بەهۆی بەرزبونەوەی خەرجییەکان و کەمبونەوەی داهات نزیکەی 18 هەزار کارمەندی خۆی دەردەکات.
ڕێکخراوی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا رایگهیاند، لە ماوەی 8 ساڵی ڕابردوودا 135 ههزار كهس لە هەرێمی کوردستان کۆچیان کردووە بۆ دەرەوە و لە ئەو ژمارهیهش 19 ههزار و 200 كهس لە ساڵی 2022دا بووە. ئەمرؤ چوار شەممە 18ی کانونی دووەمی 2023 ڕێکخراوی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا ڕایگهیاندوه: "لە ئەو ژمارەیەی کە لە ساڵی 2014وە کۆچیان کردووە، 366 کەس بونەتە قوربانی بەدەر لەو کەسانەی کە بێ سەروشوێنن، دەڤەری ڕاپەڕینیش پشکی شێری بەرکەوتووە لە ڕێژەی کۆچبەران و قوربانیان کە ژمارەیان 29 ههزار و 100 كۆچبهره و لە نێویاندا 94 کەس گیانیان لەدەستداوە". ئەبوبەکر عەلی، ڕێکخراوی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند: "کە ئامارەکانیان دەریدەخات زۆربەی کۆچبەران گەنجن و بێکاری و خراپی دۆخی هاوڵاتیانیش هۆکاری سەرەکی کۆچە لە هەرێمی کوردستاندا". ئاماژهی بهوهشكرد، بێکاری وای لە گەنج کردووە کە کۆچ بکات یاخود قەڵاچۆ بکات، نەتوانێت لەم نیشتیمانە بمێنێتەوە، بەداخەوە ڕۆژگار وایە لەبەر خراپی باری ژیان لەبەر خراپی گوزەران وایکردوە کە هیچ هیواو ئومێدێک لە بەردەم گەنجدا نەمێنێت و تاکە بژاردەی ڕۆشتن بێت لەم نیشتیمانە بۆ وڵاتێکی تر، لانیکەم بۆ ئەوەی وەک مرۆڤ بژی. ڕێکخراوی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا وتیشی: "هۆکاری تریش هەیە وەک نادادی، کە دەبینین نادادی زۆر هەیە، لە ڕوی چێنایەتیەوە بۆتە دوو چین، چینێکیان دەوڵەمەندی هەڵتۆقی و کە بە ماوەیەکی کەم بۆتە خاوەن سەروەت و سامانێکی زۆر ئەوانەش، ئەو چینە دەگرێتەوە". ئامارەکان دەریدەخەن کە بەهۆی باشتربونی دۆخی هەرێمی کوردستان لە نێوان ساڵی 2011 تا 2014 کۆچی پێچەوانە بۆ هەرێمی کوردستان هەبووە، بە شێوەیەک کە نزیکەی 37،000 کەس گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام سەرهەڵدانی داعش و دروستبونی چەندین قەیران لە هەرێم دا ئەم هاوکێشەیەی پێچەوانە کردەوە. لە ناو کۆچبەراندا لاسەنگیەکی گەورەی ڕەگەزی هەیە و بەشێکی زۆری کۆچبەران لە ڕەگەزی نێرن کە لە داهاتوودا شیانی هەیە ببێتە یەکێک لەو کێشانەی ڕوبەڕوی هاوڵاتیانی هەرێم دەبێتەوە. لەو بارەیەوە ئەبوبەر عەلی دهڵێت: "دەبینین ئەوەی کە ڕۆشتوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا لە 90%ی ڕەگەزی نێرن، ئێمە داتایەکمان لەبەردەستدایە هی ساڵی 2022 لە زانکۆی ڕاپەڕین بەرواوردکاریەکمان کردووە، کە تەنیا بەس لە یەک زانکۆ کە زانکۆی ڕاپەڕینە، ڕێژەکە بەم جۆرەیە،( 1884) ڕەگەزی نێری تێدایە و بەرامبەر بە( 3888) ڕەگەزی مێ، کە دەبێت حکومەت هەڵوێستەی لەسەر بکات". ڕێکخراوەکە ئاماژە بە ئەوەشدەکات، کە لە پێشتر چەند پڕۆژە یاسا و پێشنیارێکیان پێشکەش بە پەرلەمانی هەرێم کردووە سەبارەت بە هۆکارەکانی کۆچ و دۆزینەوەی میکانیزم بۆ بنەبڕ کردنی ئەم دیاردەیە، بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئەنجام ماوەتەوە. سەرۆکی ڕێکخراوەکە ڕەخنە لە کونسوڵخانەی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان دەگرێت و دەڵێت: "پێنەدانی ڤیزا بە هاوڵاتیانی هەرێم هۆکارێکە بۆ کۆچی نا یاسایی کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان هاوڵاتی کورد".
ناڕەزایەتییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامە و دوای 123 رۆژ دەستگیرکردنی گەنجان بە بیانوی خۆپیشاندان لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و بەهۆی سزای سێدارەشەوە وڵاتانی ئەوروپا باڵیۆزەکانی ئێران بانگهێشت دەکەن و ئامادەکاریی دەکرێت بۆ سەپاندنی سزا دژی دەسەڵاتی تاران و سوپای پاسدران. راپرسیی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان زانکۆی باکوری تەکساس لە ئەمریکا لە رێگەی وێبسایتی فەرمی زانکۆکەوە راپرسییەکی بۆ خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان داناوە لەسەر تێڕوانیان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و پرسی کورد و زمانەکەی لەو بەشەی کوردستان. زانکۆکە چەند پرسیارێکی سەبارەت بە چۆنیەتی دەسەڵاتی داهاتوی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی کردوە و ئاماژە بە ئازادی ئایین و مەزهەب و پرسی ژنان لە داهاتوی رۆژهەڵاتدا کردوە. دەستگیرکردنی هاوڵاتییەکی دیکەی ئەڵمانیا لە ئێران ئێران دەستگیرکردنی هاوڵاتییەکی ئەڵمانیای راگەیاند و بەوەش لە ماوەی چوار مانگی رابردودا و لە کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانەوە سێ هاوڵاتیی ئەڵمانی- ئێرانی دەستگیرکراون. میدیاکانی سەر بە دەسەڵاتی ئێران بڵاویان کردوەتەوە ئەو هاوڵاتییە ئەڵمانیا لە کاتی وێنەگرتن لە دامەزراوە و پاڵاوگەیەکی نەوت لە ناوچەی ئۆمیدیە لە پارێزگای خوزستان دەستگیر کراوە. لە ماوەی رابردودا ناکۆکییەکانی بەرلین و تاران سەربارەت بە پێشێلکارییەکانی دەسەڵاتی ئێران بەرامبەر خۆپیشاندەران قوڵبونەتەوە و رۆژی رابردوش بۆ دوەمجار ئەڵمانیا باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە وڵاتەکەی بانگهێشت کردوە هۆشداریی دا لە دوبارەکردنەوە و جێبەجێکردنی سزای سێدارە. دەستگیرکردنی گەنجان و لاوان لە رۆژهەڵات بەردەوامە ئەمڕۆش لە گوندی تەنگیسەر سەر بەشاری سنە و لە شاری قوروە و مەهاباد و جوانڕۆ و شنۆ و چەند شارێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکران و تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان (kurdistanhumanrights.org) بڵاوی کردوەتەوە تەنها لە شاری مەهاباد شەش گەنج و لاو دەستگیرکراون. ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردەوە؛ لە 15 رۆژی ئەم مانگەدا 96 گەنج و لاو لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیر کراون. 13 کەس لەو دەستگیرکراوانە تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمتر بوە و چارەنوسی زۆربەی ئەو دەستگیرکراوانە و 50 دەستگیرکراوی شاری جوانڕۆ نادیارە. دوو خانمە ئەکتەری ناودا باگهێشتی دادگا دەکرێن داواکاری گشتیی ئێران بانگهێشتی مەهاتب کەرامەتی و ئازادە سەمەدی دوو خانمە ئەکتەری ناوداری ئێران دەکات و تۆمەتی ئەوە خراوەتە پاڵیان کە دەستیان لە هاندانی خەڵک بۆ بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان هەبوە. ئەنجومەنی ماڵی سینەما لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە زیاتر لە 170 ئەکتەر و سینەماکاری وڵاتەکە تۆمەتبار کراون بە بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان و هاندانی خەڵک کە نزیکەی 30 کەسیان تا ئێستاش لە زیندانەکاندان و چاوەڕێی سزا دەکەن. زیاترین دروشم دژی خامنەیی وتراوەتەوە رۆژنامەی (کەیهان) کە زمانحاڵی باڵی توندڕەوی محافزکارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە ژمارەی ئەمڕۆ سێشەممەیدا بڵاوی کردوەتەوە کە ئامانجی سەرەکیی ناڕەزایەتییەکان عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی بوە و لە زۆربەی دروشمەکاندا داژایەتیی لوتکەی دەسەڵاتی وڵاتەکە کراوە. کەیهان جەختی لەوە کردوەتەوە لە چوار مانگ ناڕەزایەتیدا دروشمەکانی دژی عەلی خامنەیی سەرەکیترین دروشمی خۆپیشاندانەکان بون دروشم دژی هیچ بەرپرس و کەسایەتییەکی دیکە نەوتراوەتەوە. ئێران بە کامێرای هاتوچۆ چاودێریی سەرپۆشی ژنان دەکات رۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات ئێران لە رێگەی کامێراوە چاودێریی شێوازی جلوبەرگی ژنان دەکات و سزایان بۆ دەبڕێتەوە. رۆژنامەی (وۆڵستریت جۆرناڵ) بڵاوی کردوەتەوە: کۆماری ئیسلامی ئێران لە جیاتی (پۆلیسی ئەخلاق) لە شەقامەکان بە کامێرا چاودێریی سەرپۆش و باڵاپۆشیی کچان و ژنان دەکات و لە رێگەی کورتەنامەی مۆبایلەوە ئاگاداریان دەکات و سزایان بۆ دەبڕێتەوە. بە پێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە؛ داواکاری گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران داوای لە پۆلیسی وڵاتەکەی کردوە ئەو ژن و کچانە دەستگیر نەکەن کە سرپۆشیان نییە و لە چوارچێوەی یاساکاندا رەچاوی باڵاپۆشیان نەکردوە لە بەرامبەردا لە رێگەی کامێراکانەوە ناسنامەی کەسانی سەرپێچیکار ئاشکرا بکرێت و سزا بدرێن. ئەوروپا ئامادەکاریی دەکات بۆ سەپاندی سزا نوێ دژی سوپای پاسدران و ئێران ئورزولا فۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆڕبەندی داڤۆس لە وڵاتی سویسرا رایگەیاند؛ پشتیوانیی دەکات لەوەی کە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلای ئێران بخرێتە لیستی تیرۆر لە یەکێتی ئەوروپا. ئەو لە پەراوێزی کۆڕبەندەکە بە رۆژنامەوانانی راگەیاند؛ کاردانەوەی ئێران بۆ خۆپیشاندەران و خەڵکی وڵاتەکە دڕندانە و مەترسیدار بوە و مافەکانی مرۆڤی پێشێل کردوە، بۆیە ئەوروپا هەوڵی سەپاندنی سزای نوێ بەسەر کۆماری ئیسلامیدا دەدات. باڵیۆزی ئێران لە هۆڵەندا بانگهێشت کرا لە چوارچێوەی کاردانەوە و دەربڕینی ناڕەزایەتیی دژی جێبەجێکردنی سزای سێدراە عەلیڕەزا ئەکبەری بەرپرسی پێشوتری کۆماری ئیسلامی ئێران و هاوڵاتیی بەریتانیا، رۆژی سێشەممە وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا بڵاوی کردەوە کە باڵیۆزی ئێران لە وڵاتەکەی بانگهێشت کردوە و هۆشداریی دراوە بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە لەسێدارەدانی ئەو هاوڵاتییە و دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکان. برای عەلیڕەزا ئەکبەر رایگەیاندوە؛ تا ئێستا ئاگادار چۆنیەتی تۆمەتبارکردنی براکەیان و شێوزا و کاتی لەسێدارەدانی براکەی نەبون و تەنانەت نازانرێت تەرمەکەشی لە چ شوێنێک نێژراوە.
هاوڵاتی داواکاری گشتی ئێران داوای لە پۆلیسی کردوە کچان و ژنانی بێسەرپۆش دەستگیر نەکەن رۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات ئێران لە رێگەی کامێراوە چاودێریی شێوازی جلوبەرگی ژنان دەکات و سزایان بۆ دەبڕێتەوە. رۆژنامەی (وۆڵستریت جۆرناڵ) بڵاوی کردوەتەوە: کۆماری ئیسلامی ئێران لە جیاتی (پۆلیسی ئەخلاق) لە شەقامەکان بە کامێرا چاودێریی سەرپۆش و باڵاپۆشیی کچان و ژنان دەکات و لە رێگەی کورتەنامەی مۆبایلەوە ئاگاداریان دەکات و سزایان بۆ دەبڕێتەوە. بە پێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە؛ داواکاری گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران داوای لە پۆلیسی وڵاتەکەی کردوە ئەو ژن و کچانە دەستگیر نەکەن کە سرپۆشیان نییە و لە چوارچێوەی یاساکاندا رەچاوی باڵاپۆشیان نەکردوە لە بەرامبەردا لە رێگەی کامێراکانەوە ناسنامەی کەسانی سەرپێچیکار ئاشکرا بکرێت و سزا بدرێن. وۆڵستریت جۆرناڵ ئاماژەی بەوە کردوە؛ بە ئامانجی چاودێریی باڵاپۆشبونی ژنان و کچان سود لە کامێرکانی پۆلیسی هاتوچۆش وەردەگیرێت چونکە ئەو کامێرایانەی هاتوچۆ توانای ئاشکراکردنی وێنە و ناسنامەی هەر کەسێکی هەیە. بڵاوبونەوەی ئەو هەواڵە لە کاتێکدایە لە مانگی رابردوەوە پۆلیسی ئێران دەستی کردوە بە ئاگادارکردنەوەی خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە ژن و کچی بێ سەرپۆشی تێدابوە یان گواستویاننەوە.
هاوڵاتی مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، پەکەکە لە هەرێمی کوردستان نەک تەنیا لە شەنگال هەیە، بەڵکو لە دەڤەری سلێمانیش هەیە و ئەمە هەڕەشەیە بۆ سەر تورکیا و ئێران. مەولود جاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا دوای کۆبونەوەی لەگەڵ حسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان هاوتا ئێرانیەکەی لە کۆنفڕانسێکی هاوبەشی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە کورد لە ناوچەکە و جیهان کرد. چاوشئۆغلۆ لە قسەکانیدا هەڕەشەی لە پەکەکە و رۆژئاوای کوردستان کردەوە و دەڵێت، لە هەموو شوێنێک هەوڵی خۆڕیکخستنەوە دەدەن. یەپەگە لە تەل رەفعەت، منبج، واتە لە رۆژئاوای روباری فورات هەوڵی زیاتر خۆرێکخستنەوە دەدات. جگە لەوەش لە هەرێمی کوردستان کە وەک باکوری عێراق ناوی هێناوە، پەکەکە هەیە. نە تەنیا لە شەنگال بەڵکو لە دەڤەری سلێمانیش پەکەکە هەیە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئێران و تورکیا و وتی، " پێویستە پاکبکرێنەوە." وەزیری دەرەوەی تورکیا سەبارەی بە خۆپیشاندانێکی کوردان لە سوید کە بوکەڵەیەکی هاوشێوەی ئەردۆغانیان بە قاچ هەڵواسیبوو ئاماژەی بەوەکرد، سوید باسی رەگەزپەرستی دەکات، ئایا ئەوە رەگەزپەرستی نییە کە کاری بەو شێوەیە بکرێت. بە بیدەنگی سوید ناتوانێت ئێمە فریو بدات. ئێمە پابەندی رێککەوتنەکان دەبین. پێویستە سوید خۆی یەکلایی بکاتەوە. چاوشئۆغلۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، رەخنەی لە روسیا و ئەمریکاش گرت کە بەڵێنەکانیان لەدژی رۆژئاوای کوردستان جێبەجێ نەکردووە و وتی، " بەو هۆیەوە یەپەگە خۆی لە رۆژئاوای روباری فورات بەهێز دەکات."
هاوڵاتی بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار جارێکی دیکە رو لە دابەزین دەکات و نرخی یەک دۆلار لە ئێران بۆ نزیکەی 42 هەزار تمەن بەرزبوە و یەک مەتر زەوی لە پایتەختی وڵاتەکە 500 دۆلار گران دەبێت. زیاتر لە دو هەفتەیە بەهای هەر دۆلارێک لە ئێران لە سەروی 40 هەزار تمەنەوەیە و ئەمڕۆ سێ شەممەش بەهای یەک دۆلار لە کاتی داخستنی بازاڕەکان بۆ 41 هەزار و 700 تمەن بەرز بوەوە. بەهای یەک یۆرۆ لە ئێران گەیشتە 45 هەزار و 175 تمەن و یەک پاوەن-ی بەریتانیا بۆ 51 هەزار و 115 تمەن بەرز بوەوە. لەگەڵ بەرزبونەوەی دۆلار بەرامبەر تمەن نرخی یەک لیرەی ئاڵتون لە وڵاتە بۆ 22 ملیۆن و 150 هەزار تمەن بەرز بوەوە و نیولیرە-ش نرخی 12 ملیۆن و 950 هەزار تمەنی تۆمار کرد. لە ماوەی 15 رۆژی رابردودا ئێران بەهەموشێویەک هەوڵی داوە رێگریی لە بەرزبونەوەی بەهای دۆلار لە بەرامبەر تمەن بکات و لەو چوارچێوەیەشدا پارێزگاری بانکی ناوەندیی وڵاتە گۆڕدرا بەڵام هەوڵەکان بۆ بەرزکردنەوەی بەهای تمەن سەرکەوتو نەبوە بە تایبەت کە دەسەڵاتی تاران بەهۆی سەرکوت و سێدارەی خۆپیشاندەران کەوتوەتە ژێر فشارە نێودەوڵەتییەکانەوە. هاوکات عەبدوڵڵا ئۆتادی ، ئەندامی ئەنجومەنی روێژکارانی خانوبەرە لە تاران رایگەیاند؛ بەرزبونەوەی بەهای دۆلار لە دو مانگی رابردودا نرخی یەک مەتر زەویی لە تاران لە نێوان پێنج ملیۆن بۆ 20 ملیۆن تمەن بەرز کردوەتەوە.
دەزگای دژەتیرۆری عێراق، ڕایگەیاند: بەهاوکاری دەزگای گشتی دژە تیرۆر چەند داواکارێکیان دەستگیرکردوە ئەمڕۆدەزگای دژەتیرۆری عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، بەیانی ئەمڕۆ لە پارێزگای کەرکوک هێزەکانیان "تیرۆرستێکیان" دەستگیرکردوە. لە سلێمانی داواکراوێک دەستگیرکراوە ئاماژەی بەوەشکردوە، لەلایەکی دیکەشەوە بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر (CTG)، هێزەکانیان داواکراوێکی دیکەیان بە تۆمەتی "تیرۆر" لە سنوری پارێزگای سلێمانی دەستگیرکردوە. جێی ئامەژەیە 13ی ئەم مانگەش دەزگای دژەتیرۆری عێراق رایگەیاند، هێزەکانیان بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر (CTG) لە قەزاکانی کەلار و بازیان لە سنوری پارێزگای سلێمانی، دو چەکداری داعشیان دەستگیرکردوە کە لەلایەن دادگای عێراقەوە داواکراو بون.
دکتۆر بڕیار ڕەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەردانی مەحمود تەمیمی سەرۆکی ئەنجومەنی ڕاژەیی حکومەتی عێراقی کرد و گفتوگۆیان کرد سەبارەت بە دامەزراندنی یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگە حکومیەکان و هەڵگرانی بڕوانی باڵا. پەرلەمانتارەکەی عێراق ڕاگەیاندوە: ئەنجومەنی ڕاژە نوسراوێکیان بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق کردوه، ئەوانیش ناردویانە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم، وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمیش ناوەکانی ناردوەتەوە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵای فیدڕاڵ. بەوتەی پەرلەمەنتار بڕیار ڕەشید: خوێندکارانی هەرێم کە خوێندنیان تەواو کردوە لە زانکۆ پەیمانگای حکومی داددەزرێن ، پاش ئەوەی هەفتەی ئایندە ناوەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجوومەنی گستی ڕاژەی حکومەتی فیدڕاڵ.
هاوڵاتی بەڕێوبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی لەبەیاننامەیەکدا، دەستپێکردنی دەیان پڕۆژە نوێی ڕاگەیاند. بەڕێوبەرایەتیەکە ئاماژەی بەوەکردوە، کە پڕۆژەکان لەسەر پارەی بوردجەی داهاتی بەڕێوبەراتیەکە جێبەجێدەکرێت. ئەمڕۆ سێ شەممە 17ی1ی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەى پڕۆژەکانى بەڕێوەبەرایەتیی گشتی كارەبای سلێمانی و بە سەرپەرشتى بەڕێوەبەرایەتیى دابەشکردنى کارەباى سلێمانی و لەسەر بودجەی داهاتی 8% ی کارەبا، بەبڕى زیاتر لە 170 ملیۆن دینار چهند پرۆژهیهكی كارهبا لهسلێمانی جێبهجێدهكرێت. باس لەوشکراوە، پرۆژهكان بریتین له چارهسهركردن و دانانی محاویله بۆ فیدهری 144 لهسهرچنار، دانانی محاویله بۆ گهڕهكی مهلا داود فیدهری 373 تاڤگه ، روناككردنهوهی شهقامی هێزهكانی 70 بهشی 2 راپهرین، دانانی محاویلهی مساعد بۆ گهڕهكی قولهرهیسی خواروو فیدهری 73.
هاوڵاتی کۆمەڵی دادگەری کوردستان پەیامێک سەبارەت بە گرژییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بڵاودەکاتەوە وتهبێژی كۆمهڵی دادگهریی كوردستان لهپهیامێكدا سهبارهت به ناكۆكیهكانی نێوان یهكێتی و پارتی رایگهیاند، " بە نیگەرانییەوە دەڕوانینە گرژییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی کە پێکهێنەری سەرەکی حکومەتن، پێمانوایە ئەم گرژییە ناپێویستە". باسی لەوەشکرد، "ھاوڵاتیان زەرەرمەند دەبن و مەترسی و دڵەڕاوکێیان زیاتر دەبێت و کاریگەری خراپ دەکاتە سەر جوڵەی بازار، بەتایبەت لەسلیمانی و هەلەبجەو ئیدارەسەربەخۆکانی راپەرین و گەرمیان". دەقی پەیامەکەی کۆمەڵی دادگەری کوردستان : ئێمە لە کۆمەڵی دادگەریی كوردستان بە نیگەرانییەوە دەڕوانینە گرژییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی کە پێکهێنەری سەرەکی حکومەتن، پێمانوایە ئەم گرژییە ناپێویستە، کۆمەڵێك دەرھاویشتە جێدەھێڵێێت و کاریگەری لەسەر بەڕێوەبردنی کاروباری رۆژانەی حکومەت دەبێ، بەمەش ھاوڵاتیان زەرەرمەند دەبن و مەترسی و دڵەڕاوکێیان زیاتر دەبێت و کاریگەری خراپ دەکاتە سەر جوڵەی بازار، بەتایبەت لەسلیمانی و هەلەبجەو ادارەسەربەخۆکانی راپەرین و گەرمیان، کە لە بنەڕەتدا کۆمەڵێك کێشەی تر یەخەی ئەوسنورانەی گرتووە، دۆخی نێوان ئەم دوو حزبە دەسەلاتدارە دەبێتە ھۆکارێکی تر بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنەکان و درێژەدان بە تەمەنی بە سەرچوی ھەرسێ دامەزراوەکان. ئەوەی جێی مەترسییە دۆخەکە سەر بكێشێت بۆ رەسمیەتدان بەو دوو ئیدارەییەی کە لە واقعدا ھەیە. ئێمە وێڕای بوونی ڕەخنەی جدی لە سەر کۆی پرۆسەی حکومڕانی و ئەو هەموو گەندەڵی و ناشەفافی و نا عەدالەتیەی کە هەیە و ھەردوو حزب لێی بەرپرسن، بەڵام راوچی خراپ نین تاکو خوازیاری ئاوی لێڵ بین. هەربۆیە دەخوازین لە جێی وەڵامدانەوەی یەکدی و ئەو دۆخە ئاڵۆزە بێزارکەرەی دروستان کردووە لە هەستیاری دۆخەکە تێبگەن و پێکەوە کێشەکانتان بە قازانجی خەڵکی کوردستان چارەسەر بكەن و لە بری ململانێی ناتەندروست کار لەسەر زامنکردنی موچەی فەرمانبەران و ئیستیحقاقاتی هەرێم بکەن لە بودجەی ٢٠٢٣ی عێراق. لە بەر ئەوەی پارتی زۆرترین بەرپرسیارێتی دامەزراوە فەرمییەکانی لایە، دەبێت بەرپرسانەتر مامەڵە بکات و پەرۆشتر بێت بۆ گەشتن بە چارەسەر.
هاوڵاتی تەنها لە دوو ڕۆژی کاراکردنی لینکی پڕکردنەوەی فۆڕمی دامەزراندن لە پاسەوانی سنوور، نزیکەی 12 ملیۆن کەس لینکەکەیان کردووەتەوە و سەردانی ماڵپەڕەکەیان کردووە ئەمڕۆ سێشەممە 17-1-2023، کاروان خۆشناو، گوتەبێژی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور لە چاوپێکەوتنێکدا بە تۆڕی میدیای ڕوداوی ڕایگەیاند ، سبەی چوارشەممە کاژێر 12:00 لینکی پڕکردنەوەی فۆڕم بۆ دامەزراندن لە پاسەوانی سنوور دادەخرێت. وتیشی،"لەو ژمارەیەی لینکی فۆڕمەکەیان کردووەتەوە نزیکەی 2 ملیۆن کەسیان داوای دامەزراندنیان کردووە و فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە". ئەو گوتەبێژە باسی لەوەشکرد،"بۆ هەموو عێراق تەنها 6000 کەس دادەمەزرێن،لەو ژمارەیە 2600 یان بۆ هەرێمی کوردستان دەبن." ئەمەشلەکاتێکدایە لە کەمتر لە 40 کاژێری کردنەوەی ماڵپەڕەکە 11 ملیۆن و 981 هەزار و 671 جار لینکی پڕکردنەوەی فۆڕمەکە کراوەتەوە. هاوکات دامەزراندنەکە تەنیا بۆ رەگەزی نێرە، بە گوتەی کاروان خۆشناو، لە دەرچووی ناوەندییەوە ئەگەری وەرگیرانی هەیە بەو مەرجەی تەمەنی لە نێوان 17 بۆ 35 ساڵ بێت و لە دایک و باوکێکی عێراقی بێت.
هاوڵاتی بەشێک لە شۆفێرانی پاسی چەند گەڕەکێکی سلێمانی مانیانگرت، چونکە خراونەتە سەر چەند هێڵێکی دیکەی گواستنەوە و رێگری لە کارکردنیان دەکرێت. ئەمڕۆ سێشەممە (17ی کانوونی دووەم 2023)، ژمارەیەک شۆفێری پاسەکانی گەڕەکەکانی بەختیاری کۆن، تازە، بەرانان و مەجیدبەگی شاری سلێمانی مانیانگرت. شۆفێرانی هێڵی رزگاری باس لەوەدەکەن، لە ئێستا ٤٤ خەتی رزگاری دراوە بە شەکرەکە و ١١ خەتیان دراوەتێ لە بەرامبەردا، لە ئێستاشدا پێیان دەڵێن مەیەنە شەکرەکە و قولەرەیسییەوە دەنا رووبەڕووی گرفت دەبنەوە. باس لەوەشدەکەن، لە ئێستادا ئەوان سەرنشینەکانیشیان نەماوە، جگە لەوەی کرێی گواستنەوەیان لە سەرجەم پاسەکانی دیکە کەمترە و ٥٠٠ دینارە. هاوکات، یەکێک لە شۆفێرەکان بە دەزگاکانی ڕاگەیەندنی گوتووە، پاش چەند کاتژمێرێک لە مانگرتنەکەیان ئاگادارکراونەتەوە، بچنەوە سەر کارەکانیان و لایەنی ئەمنی و ئیداری قسەیان لەگەڵ شۆفێری پاسەکانی هێڵی شەکرەکە و قلیاسان کردووە، کێشەیان بۆ دروست نەکەن.
مەزلۆم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی رایگەیاند، پێشبینی دەکات تورکیا مانگی شوبات هێرش بکاتە سەر کۆبانێ و هەڕەشەکەش بە جددی وەردەگرن. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی رایگەیاند، پێشبینی هێرشی تورکیا دەکات لە مانگی شوباتدا، هەروەها رایگەیاند، ئەنقەرە نابێت سزای کوردەکانی سوریا بدات بەهۆی شکستی خۆی لە چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکاندا. لە وڵامی پرسیاری، لەم مانگەدا جارێکی دیکە بەرپرسانی تورکیا هەڕەشەی ئۆپراسیۆنی زەمینیان کردووە، ئێوە هەڕەشەکان بە جددی وەردەگرن؟ مەزلۆم کۆبانێ دەڵێت، " ئێمە هەڕەشەکانی تورکیا بە جددی وەردەگرین. پێشبینی دەکەین لە مانگی شوباتدا هێرش بکاتە سەر کۆبانێ کە رەمزی کوردە. تورکیا بەرەو هەڵبژاردن دەڕوات، ئێمەش ئاگادارین ئەردۆغان دەیەوێت پشتیوانی ناسیۆنالیستەکان بەدەست بهێنێت، پێدەچێت جارێکی دیکە بە هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان هەوڵی کۆکردنەوەی دەنگی ناسیۆنالیستەکان بدات. مەزلۆم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) رایگەیاند، ئەوان هەڕەشە نین بۆ سەر، گەل، سنور و ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا و وتی، " چەندین جار ئەمەمان راگەیاندووە، ئاماژەمان پێداوە کە ئێمە وەک کوردانی سوریا، دەمانەوێت پەیوەندی ئاشتیانەمان لەگەڵ تورکیادا هەبێت. ئێمە هەرگیز هێرشمان نەکردووەتە سەر سنورەکانی تورکیا، لە کاتی شەڕدا هەموو کاتێک لەنیو سنورەکانماندا بەرگری رەوامان لە خۆمان کردووە. ئێمە نە لە ئێستا و نە لە داهاتوودا نیازی دوژمنایەتیکردنمان لەگەڵ تورکیادا نییە. کۆبانێ ئاشکرا کرد کە لە رووی سەربازی و دیپلۆماسیدا دیدار و گفتوگۆیان لەگەڵ تورکیادا هەبوو و بەم شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانیدا، " کاتێک حکومەتی تورکیا بڕیاریدا پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لەگەڵ پەکەکە و پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، کۆتایی پێبهێنێت و لە ساڵی ٢٠١٥دا شەڕ دژی پەکەکە دەستپێبکاتەوە، دوژمنایەتی بەرامبەر ئێمەش گەورە کرد و دەستی بە هێرشی زەمینی بۆ سەر جەرابلوس، پاشان عەفرین و سەریکانی و گرێ سپی کرد و بیانوی ئەوە دەهێنێتەوە کە ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ پەکەکە هەیە، بەڵام ئەمە راست نییە و ئێمە رەتیدەکەینەوە. مەزلۆم کۆبانێ فەرماندەی هەسەدە لە وڵامی پرسیاری، 'ئێوە ماوەیەک لەنێو پەکەکەدا چالاک بوون و لە کەسایەتیە باڵانی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان بوون؟' دەڵێت، ' ١٢ ساڵ بەسەر دەستپێکردنی راپەرینی سوریادا تێپەڕیوە. ئێمە سەرقاڵی بنیاتنانی سیستمێکی فراوانن بە بەشداری عەرەب، مەسیحی، کورد و نەتەوە جیاوازەکانی دیکە. من کوردێکی سوریام. داهاتووی من لەم وڵاتەدایە. پەکەکە بە راستی هاوکارمان بووە لە شەڕی دژی داعشدا، بەڵام ئەمڕۆ پەکەکە هیچ رۆڵیکی لە خۆبەڕێوەبەری ئێمەدا نییە. ئێمە لقێکی پەکەکە نین وەک ئەوەی تورکیا بانگەشەی بۆدەکات، بەڵی عەبدوڵلا ئۆجالان بۆ ئێمە هێمایە، بەڵام ئێمە هیچ پلانێکمان بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان، واتە لە تورکیا، عێراق و ئێران نییە. ئێمە لە خەمی سوریا و داهاتووی گەلانی سوریاداین. تورکیا بەردەوام هێرش دەکاتە سەرمان، ژیرخانی مەدەنی دەکاتە ئامانج، تورکیا دەبێت دەست لە سزادانی گەلەکەمان هەڵبگرێت کە ناتوانێت لە رێگەی دیموکراسی و ئاشتیەوە کیشەی کوردەکانیی چارەسەر بکات. مەزلۆم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) هەروەها راشیگەیاند، پێویستە هەموو لایەنەکان بزانن کە ئەوان ئاشتیان دەوێت، بەڵام ئەگەر هێرش بکرێتە سەریان، بە هەموو هێزیانەوە شەڕ دەکەن و وتی، " ئێمە بڕیارمان داوە کە تاوەکو کۆتایی بەگری بکەین، ئەمجارە وەک عەفرین و سەرێکانی نابێت. مەزلۆم کۆبانێ باسی هەوڵەکانی تورکیا بۆ خۆنزیکردنەوە لە سوریاش کرد و وتی، " روسیا هەوڵدەدات کێشەکان لە سوریا چارەسەر بکات بە نزیککردنەوەی تورکیا و رژێمی سوریا، بەڵام باوەڕم بەوە نییە کە ئەم جۆرە هەوڵانە سەرکەوتوو بن. رژێمی سوریا هەرگیز سازش لەسەر داواکارییەکانی خۆی ناکات. سەرەکیترینیان ئەوەیە کە تورکیا هەموو سەربازەکانی لە خاکی سوریا بکشێنێتەوە و تورکیا دەست لە پشتیوانیکردنی چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوننە بکشێنێتەوە. بە هەمان شێوە باوەڕم بەوە نییە کە رژێمی سوریا ملکەچی داواکارییەکانی تورکیا بێت بۆ دژایەتیکردنی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا. نە دەتوانێت و نە بارودۆخیشی رێگەی پێدەدات."
لە 15 رۆژدا نزیکەی 100 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیر کرون و چارەنوسی دەستگیرکراوانی جوانڕۆ نادیارە. ناوەندنی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردەوە؛ لە 15 رۆژی ئەم مانگەدا 96 گەنج و لاو لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیر کراون. 13 کەس لەو دەستگیرکراوانە تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمتر بوە و چارەنوسی زۆربەی ئەو دەستگیرکراوانە و 50 دەستگیرکراوی شاری جوانڕۆ نادیارە. بە پێی زانیارییەکانی ئەو ناوەندە، لە کۆی ئەو 96 دەستگیرکراوە پێنج کەسیان خوێندکاری زانکۆ و چواریان مامۆستا و پێنج کەسیشیان ژن بون. بە پێی ئامارەکان لە ناڕەزایەتییەکانی سەرتاسەری ئێران زیاتر لە 19 هەزار کەس دەستگیرکراون و ژمارەی دەستگیرکراوانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەگاتە نزیکەی حەوت هەزار کەس.
هاوڵاتی ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە ڕایگەیاند سوپای تورکیا جارێکی دیکە لە زاپ چەکی کیمیایی لەدژی هێزەکانیان بەکار هێناوە. هەپەگە ڕایگەیاندووە سوپای تورکیا ١١ جار بە چەکی کیمیایی سەنگەرەکانی چەمچۆ و ٢ جاریش بە چەکی قەدەغەکراو هێرشی کردەسەر سەنگەرەکانی سیدا. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە سەبارەت بە چالاکی و هێرشەکان ئەم راگەیەندراوەی بڵاوکردەوە "لە ١٥ی کانونی دووەم سەنگەرەکانی گەریلا لە نزیک هەرێمی چەمچۆی سەربە ناوچەی شێلادزێیی ئامێدی لە کاتژمێرەکانی بەیانیەوە ١١ جار بە چەکی کیمیایی بۆردومان کران". هەروەها "لە ١٥ی کانوی دووەم کاتژمێر ١٤:٣٠ و ١٥:٣٠ سەنگەرەکانی گەریلا لە نزیک گوندی سیدای ناوچەی شێلادزێی ئامێدی ٢ جار بە چەکی قەدەغە بۆردوومان کران".
