هاوڵاتی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا رایگەیاند، بۆ ساڵی تازە سەرنج دەخەنەسەر فراوان کردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆسەری کوردستان کۆبوونەوەی ساڵانەی خۆی ئەنجامدا و لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت: جەخت دەکاتەوە لەسەر گرنگیی کاری دیپلۆماسی بەجۆرێک بگونجێت لەگەڵ خواستەکانی گەلان و پڕۆژەی ئیدارەی خۆسەری وەک پڕۆژەیەکی سیاسی و بەردەوامی پێدانی، لەو چوارچێوەیەشدا کاردەکەن بۆ ئەوەی داننان بە ئیدارەی خۆسەری لەئاستی نێودەوڵەتی زیاتر بکرێت. ئەوەشی خستوەتەڕوو، کۆتایی هێنان بە بوونی هێزەکانی تورکیا، برەودان بە پەیوەندی لەگەڵ هێزە دیموکراسییەکان، کارکردن لەگەڵ حکوومەت و لایەنە دیموکراسیخوازەکانی وڵاتانی عەرەبی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەپێشینەی کاری ئەمساڵیان دەبێت. دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆسەری دەڵێت، چڕکردنەوەی هەڵەکان دژی داعش، دروست کردنی دادگایەکی نێودەوڵەتی بۆ دادگایی کردنی چەکدارانی داعش و زیادکردنی هەوڵەکان بە ئاڕاستەی پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە، بەشێکی دیکەن لە ناوەڕۆکی کارەکانیان بۆ ساڵی 2023.

هاوڵاتی ساڵانە لە لە مانگی 10 تاوەکو مانگی شەشی ساڵی دواتر وەرزی گلدانەوەی ئاوە و لە هەرێمی کوردستانیش دەستی پێکردووە و نزیکەی سێ ملیار و 28 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە دوو گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستان گلدراوەتەوە. نامیق مستەفا، جێگری بەڕێوەبەری بەشی هایدرۆلۆژیی بەنداوی دەربەندیخان دەڵێت، "بەراورد بە ساڵانی پێشوو داهاتی ئاومان زۆر کەمیکردووە، لەبەر ئەوەی سێ بەنداو لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی بەنداوەکە دروستکراون." هەربۆیە لە ئێستادا بەنداوی دەربەندیخان 31%ی توانای خۆی ئاوی تێدایە . هاوکات بەپێی ئامارێکی بەنداوی دەربەندیخان،لە سێ مانگی یەکەمی وەرزی گلدانەوەی ئاوی ساڵی 2021دا، لە هەر چرکەیەکدا 17 مەتر سێجا ئاو رژاوەتە نێو بەنداوەکەوە، بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی 2022دا بۆ 15 مەتر سێجا کەم بووەتەوە. ئەمەشلەکاتێکدایە لە هەمان ماوەی ساڵی 2021دا لە هەر چرکەیەکدا 87 مەتر سێجا ئاو بەردراوەتەوە، بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی 2022 کەمکراوەتەوە بۆ 81 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا. سەبارەت بە بەنداوی دوکانیش،سەلام نەجم، بەڕێوەبەری بەشی هایدرۆلۆژیی بەنداوی دووکان دەڵێت، "ئێستا بەردەوامین لە دابەزینی ئاستی ئاوەکە، لەبەر ئەوەی داهاتی ئاو کەمترە لە ئاوی رۆیشتوو." ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بەپێی ئامارێکی بەنداوی دووکان، لە سێ مانگی یەکەمی وەرزی گلدانەوەی ئاوی ساڵی 2021، لە هەر چرکەیەکدا 23 مەتر سێجا ئاو رژاوەتە نێو بەنداوەکە، بەڵام لەو ماوەیەی ساڵی 2022دا بەرزبووەتەوە بۆ 31 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا. لە هەمان ماوەی ساڵی 2021دا لە هەر چرکەیەکدا 70 مەتر سێجا ئاو بەردراوەتەوە، بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی 2022دا کەمکراوەتەوە بۆ 58 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا. هەموو ئەم گۆڕانکارییانە وایانکردووە،بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان  30 سانتیمەتر دابەزێت.

هاوڵاتی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لەمافی رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت، بەراورد بە ساڵی 2021، ساڵی رابردو ئاماری پێشێلکارییەکان بەرامبەر رۆژنامەنوسان زیادیکردوە. سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان ئەمڕۆ دوشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا بە ڕاپۆرتێک بە ناونیشانی "پارێزەرانی یاسا لە ئەرکەکانیان هەڵدەگەڕینەوە، زەبر و زەنگی هێزە ئەمنییەکان، یاسای رۆژنامەگەری پەکدەخات" ئاماری ساڵی 2022ـی پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنوسانی خستەڕوو.  رەحمان غەریب ڕێکخەری سەنتەری میترۆ ڕایگەیاند، "ساڵی 2022 رەفتاری هێزە ئەمنییەکان بەرامبەر رۆژنامەنووسان لە کاتی رووماڵکردنی رووداوەکاندا، گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، لە زۆربەی ئەو رووداوانەی بەهای هەواڵییان هەیە، ئاستەنگ بۆ رۆژنامەنووسان دروستکراوە، دەستبەسەرکردن بە بێ فەرمانی دادگا، توندوتیژی و شەق وەشاندن، پەلاماردانی راگەیاندن و توندکردنیان لە بنکەکانی هێشتنەوەی پۆلیس و زنیدانی ئاسایش، هەڕەشەکردن و تۆقاندن، جیاکاری و پێنەدانی زانیاری، تەنانەت هەندێک رۆژنامەنووس پێش چوون بۆ رووماڵی خۆپیشاندان، لە بەردەم ماڵەکانیان دەستگیرکراون". وتیشی،"گرێبەستی چەوساندنەوەی میدیاکاران، کەمی و پێنەدانی موچەی چەند مانگەیان بوە بە دیاردە، لە باشترین حاڵەتیشدا موچەکانیان دوادەکەوێت، ئەوە جگەلەوەی جیاکاری زەقیش لە موچەی نێوان خانمانی میدیاکار و هاوکارەکانیان هەیە". بە گوێرەی ئامارەکانی سەنتەری میترۆ پێشێلکارییەکان بەم شێوەیە بوون: "ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان، 431 پێشێلکاری بەرامبەر 301 رۆژنامەنووس و دامەزراوەی میدیایی کراوە"  کە بەمشێوازە دابەشبوون:  (رێگری 195، زەوتکردن و شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەوانی 68، هێرش و هەڕەشە و سوکایەتی 46، دەستبەسەرکردن بەبێ بڕیاری دادگا 64، دەستگیرکردن بە بڕیاری دادگا 4، لێدان و برینداربوون 26، داخستنی نوسینگەی کەناڵ 1، هێرشی مووشەکی 2، هەڵکوتانە سەر ماڵی رۆژنامەنووس 3، هێرشی ئەلیکترۆنی 6، پڕکردنەوەی بەڵێننامە 16 حاڵەت)"  

هاوڵاتی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە دوو مانگی داهاتوودا سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکات. ئەمڕۆ دووشەممە 16-01-2023 فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "هەوڵی بەردەوام هەیە بۆ کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی. هیوادارین ناکۆکییەکان زیانیان بۆ سەقامگیریی هەرێمی کوردستان نەبێت و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەمیشە چەترێک بووە بۆ کۆکردنەوەی هەموو لایەک و ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر ئەم ئەرکە". وتیشی، ""ئەرکی یاسایی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستنیشانکردنی رۆژی هەڵبژاردنە، دەبێت ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت، لە دوو مانگی داهاتوودا سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەو رۆژە دیاری دەکات." سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە سەردانەکەی برێت مەکگۆرکیش وتی،"جارێ نازانین بەنیازی چییە، بەڵام ئەمشەو لە بەغداوە دێت بۆ هەرێمی کوردستان و بەپێی زانیارییەکانی ئێمە لەگەڵ سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی یەکێتی کۆدەبێتەوە."

هاوڵاتی به‌بڕیاری وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی هه‌رێمی كوردستان، په‌خشی 16 كه‌ناڵی ناوخۆی راده‌گیرێت. به‌گوێره‌ی نووسراوێكه كه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه  16ی2ی2023 ده‌رچووه‌ ، په‌خشی 16 كه‌ناڵی ناوخۆیی (لۆكاڵی) له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی نوێنه‌كردنه‌وه‌ی مۆڵه‌ته‌كانیان راده‌گیرێت و بڕیارەکە لەکاتی دەرچونی بڕیارەکەوە جێبەجێ دەکرێت. بەبڕیاری وەزارەتی ڕۆشبیری په‌خشی ئه‌و كه‌ناڵاله‌ تا ئه‌و كاته‌ی مۆڵه‌ته‌كانیان نوێده‌كرێنه‌وه‌ راده‌گیرێت. ناوی کەناڵاکان: جوودی یەکگرتووUTV HAWLER گرووپی نیگا ئاسمان منارە لاوان ئاسۆ سپۆرت کازیوە جیهان ئێفێکت ئای مۆڤیس ژیار سروشت بەیبی پاندا

هاوڵاتی لەلێدوانێکدا گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، توانای بەرهەمهێنانی کارەبا گەیشتووەتە سێ هەزار و 900 مێگاوات و بەهۆی زۆری خواستی کارەبا لەلایەن هاوبەشانەوە لە ئێستادا کاتەکانی بوونی کارەبا بۆ هاووڵاتیان بە تێکڕای دەگاتە 12 کاتژمێر.  ئومێد ئه‌حمه‌د، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ پێگه‌ی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی راگه‌یاند، لە ئێستادا لە تەواوی وێستگەکاندا توانای بەرهەمهێنانی كاره‌با نزیک بووەتەوە لە  سێ هه‌زار و 900 مێگاوات کارەبا، لە کاتێکدا خواست لەسەر کارەبا بۆ هاوبەشان حه‌فت هه‌زار مێگاواتە. به‌گوته‌ی گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاره‌با، بەهۆی زۆری خواستی کارەبا لەلایەن هاوبەشانەوە لە ئێستادا کاتەکانی بوونی کارەبا بۆ هاووڵاتیان بە تێکڕای دەگاتە 12 کاتژمێر، بەڵام لە ناوچە ساردەکان نزیکەی 10 بۆ 11 کاتژمێرە و بۆ ناوچە گەرمەکانیش 12 بۆ 13 کاتژمێرە، واتە لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیكه‌ جیاوازە. پێگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، "حكومه‌تی هەرێمی کوردستان لە رێگەی وەزارەتی کارەباوە لە هەوڵی بەردەوامدایە پڕۆژەکانی کارەبا بەرەو پێش ببات و بەرهەمهێنان زیاد بکات تاوەکو بەرهەم و خواست وەکو یەکیان لێ بێت".

هاوڵاتی دوای ئەوەی دوێنی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپەیامێکدا ڕایگەیاند: پێوستە وەزیر و تیمیە وزارییەکان جێبەجێکاری ئەجێنداو کاروبەرنامەی حکومەت بن، هەرکێشە و ئاڵۆزییەکی سیاسی هەیه لەدەرەوەی حکومەت چارەسەبکرێت نەهێنرێته ناو کاروباری حکومەت، پاشان تیمی وزاری یەکێتی وەڵامیان دایەوە ڕایانگەند: نیگەرانین لە  شێوازی بەڕێوەبردن و ئەدای حکومەت. ئەمڕۆ  دوشەممە 16ی1ی2023 سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، "وەزیرەكانی یەكێتی ‏بەردەوامن لە كاری خۆیان ‌و لەپێناو ڕای کردنی كاروباری خەڵكی ‏لە وەزارەتەكان، رۆژانە دەوامی ئاسایی خۆیان ‏دەكەن." وتەبێژەکەی قوباد تاڵەبانی وتیشی: وەزیرەکان کارەکان رایی دەکەن، بەڵام بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران ناکەن و هەروەها کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتەکان ناکرێت. هەورامی پشتڕاستی کردەوە کەدوێنی پاش پەیامەکەی سەرۆکی حکومەت وەزیرەکانی یەکێتی لە گرووپی وەتسئەپی ئەنجوومەنی وەزیران دەرچوون.

هاوڵاتی وابڕیارە ئەمڕۆ برێت مەکگۆرک، هاوئاهەنگیکاری کۆشکی سپی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا، سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.   لەوبارەیەوە سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتنی برێت مەکگۆرکی بۆ هەولێر پشتڕاست کردۆتەوە.   وابڕیارە برێت مەگکۆرک، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.

فەرمانداری یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) لە ڕاگەیەندراوێکدا ناسنامەی سێ گەریلای شەهیدی بڵاوکردەوە کە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە چیای ئاسۆس لە بۆردومانی سوپای تورکیادا شەهید بوون. ناوەندی ڕاگەیاندی ئەو هیزە ڕایگەیاندووە: لە کاتێکدا کە ناوچە توشی ئاڵۆزی و قەیران بووە و سەرهەڵدان و شۆرش لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئیران پەرەری سەندووە و مافی گەلی کورد بۆتە رۆژەڤی هەموو جیهان و تەڤگەری ئێمە هیوا دەداتە هەموو شۆرشگێر و ئازادیخوازەکان، ئەو هێرشانەی کە لە دژی هیزەکانی ئێمەش بەڕێوەدەچن زیاتر بووە. ڕونیکردووەتەوە “لە دەسپێکی شۆرشی ژن، ژیان و ئازادی بەو لاوە، هێرش لە دژی هێزەکانی ئێمە زیاتر بووە و ئەو هێرشانە بە دەستی دەوڵەتی تورکیا و لە رێگای هێرشی هەوایی پێکدێ. ئامادەکاری و فیداکاری هێزەکانی ئێمە بۆتە هۆی نەگەیشتنی دوژمن بە ئامانجەکانی”. ڕونیکردووەتەوە: لەو هێرشانەی دوژمن لە ٢٩ی تشرینی یەکەمەی ٢٠٢٢ لە چیاکانی ئاسۆس ئەنجامیدا، هەڤاڵانمان دلۆڤان و باگەر و هۆگر دەلیل بونە ئامانج و شەهید بون. ئێمە پێشتر ناوی دو هەڤاڵمان راگەیاندبوو و ئێستا ناسنامەی سێ هەڤاڵی شەهیدمان رادەگەیەنیین. یەرەکە ویڕای سەرەخۆشی لە خۆیان و کەسوکاری شەهیدەکان باسی لەرۆڵ و کەسایەتی ئەو شەهیدانە کردووە و بەگرنگیەوە باسی لە کەسایەتی و پێگەی ئەوان لە ژیانی شۆڕشگێڕێتیدا کردووە. یەرەکە دەشلێت: لە گەڵ خەمگینی قوڵی خۆمان بۆ شەهادەتی هەڤاڵانمان، هێزێک کە لەوان دەگرین دەبێتە هۆی ئەوەی کە بە ئێرادەیەکی گەورەتر تێکۆشان بکەین و لەسەر بنەمای رێبازی رێبەرمان و ئازادی گەلمان کار و خەباتی  خۆمان بەردەوام بکەین. ناسنامەی شەهیدەکان: ناو: هادی رەحمانی نازناو: هۆگر دەلیل ناوی دایک و باوک: نازدار، مەحەمەد لەداییک بوی: گوندی سەبەتڵو ساڵی بەشداربوون: ٢٠١٧   رۆژی شەهید بوون: ٢٩ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە چیای ئاسۆس   ناو: محەمەد ئاک بابا نازناو: دلۆڤان جیلۆ ناوی دایک و باوک: خانم، مەحمود لەدایک بوی: شاری مەڵاتییە ساڵی بەشدار بوون:  ٢٠١٥ رۆژی شەهید بوون: ٢٩ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە چیای ئاسۆس ناو: بێنیامین ئاکسۆ نازناو: باگەڕ بسمل ناوی دایک و باوک: رەدیفە، ئەحمەد لەداییک بوی: شاری بسمل ساڵی بەشداربوون: ٢٠١٣  رۆژی شەهید بوون: ٢٩ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە چیای ئاسۆس                      

ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران 121 رۆژی تێپەڕاند و دەستگیرکردنی گەنجان و چالاکوانان بەردەوامە و یەکێتی ئەوروپاش هۆشداریی دەداتە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کە دەبێت سزای سێدارە راگرێت. ناوەندی هەرانا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بڵاوی کردەوەتەوە تا ئێستا 522 کەس لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کوژراون کە چوارکەسیان بە پەتی سێدراە بوە. لە دوای مەرگی ژینا 74 ژن و کچ لە ناڕەزایەتییەکاندا کوژراون ناوەندی مافەکانی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردەوە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران 74 کچ و ژن کوژراون. ناوەندەکە وێنە و ناسنامەی ئەو کوژراوانەی بڵاو کردوەتەوە و زۆرینەی کچان و ژنانی کوژراوی ناڕەزیەتییەکان تەمانی 17 ساڵ بۆ 30 ساڵ بوە. ئەمرۆ چالاکوانێکی ژن بە ناوی زوهرە رەحمانی لە شاری بانە بە دانانی بارمتە و بەشێوەیەکی کاتی ئازاد کرا و لە شاری کامیاران و جوانڕۆ و مەهاباد و چەند شارێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەیەکی دیکە لە گەنجان و لاوانی ئەو بەشە لە کوردستان دەستگیرکران. لە لایەن دادگایەکی ئێرانەوە بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان سزای پێنج ساڵ و هەشت مانگ زیندانیی بەسەر ئەهورا کەرەمی خەڵکی شاری کرماشاندا سەپێنرا.   66 رۆژە کچێکی کورد بێهۆشە هەستی حسێن پەناهی تەمەن 16 ساڵ و خەڵکی شاری دێوڵان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی لێدانی بە داری پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە لە رێکەوتی (10/11/2022) بێهۆش بو و دواتر بە هێلی کۆپتەر گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی کەوسەر لە شاری سنە بەڵام هەستی تا ئێستا و دوای 66 رۆژ بێهۆشە.   لە دەستدانی چاو بۆ ئازادیی سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرایان کرد فەریدە سەڵەواتی پور کە بەهۆی گوللـەی ساچمەیی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ناڕەزایەتییەکانی شاری سنە بریندارببو هەر دوو چاوی لەدەستداوە. ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کردوە کەسێکی خۆبەخش ئامادەیی خۆی دەربڕییوە بۆ بەخشینی چاوێک بۆ فەریدە و پێدەچێت بە بڕیاری پزیشکی پسپۆڕ، نەشتەرگەریی وەرگرتن و چاندنەوەی چاو بۆ گەڕانەوەی بینایی ئەو خانمە ئەنجام بدرێت. تا ئێستا نزیکەی 600 کەس لە ناڕەزایەتییەکاندا بەهۆی بەکارهێنانی گوللـەی ساچمەیی چاوێک یان هەردوو چاویان لەدەستداوە.   دوای ئەوەی لە لایەن دادگاوە مەولەوی محەمەد حسێن، پێشنوێژی سوننەکانی گالیکەش لە پارێزگای گوڵستان لە باکوری ئێران بانگهێشت کرا ، جەماوەرێکی زۆر لە بەردەم ماڵی ئەو مامۆستا ئاینییە کۆبونەوە و رێگرییان کرد بچێتە بەردەم دادگا. مەولەوی محەمەد حسێن  ماوەی ساڵێکە بە بڕیاری نوێنەری عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە پێشنوێژیی و پێشەوایەتیی سوننەکانی پارێزگای گوڵستان دور خراوەتەوە و لە لایەن مەولەوی عەبدولحەمید، پێشنوێژی سوننەکانی شاری زاهیدان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان پشتیوانیی لێدەکرێت.   یەکێتی ئەوروپا ئیدانەی سزای سێدارەی لە ئێران  دەکات و داوای لە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە کرد جێبەجێکردنی سیدارە بەهەموشێوەک رابگرێت. ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا رۆژی یەکشەممە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، رایگەیاند؛ ئەوروپا لەسێدراەدانی هەر کەسێک بە هەرشێوازێک بو توندی لە ئێران ئیدانە دەکات و لەسێدرادانی هاوڵاتییەکی ئەوروپاش بە توندترین شێوە ئیدانە دەکەن. لە کۆتایی بەیاننامەکەی یەکێتی ئەوروپادا هاتوە: دەبێت دەسەڵاتی ئێران خۆی بەدور بگرێت لە جێبەجێکردنی هەر جۆرە بڕیارێکی دیکەی سێدارە و رێوشوێن و سیاسەتی نوێ بگرێتەبەر لە چوارچێوەی هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی سزای سێدارە لە وڵاتەکەی. لەسێدارەدانی ئەکبەری پێشتر لە لایەن ئەمریکا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا، ئیدانە کرا و بەریتانیا باڵیۆزەکەی لە تاران کشاندەوە بە مەبەستی راوێژ لەسەر بابەتی سزادانی کۆماری ئیسلامی ئێران. عەلیڕەزا ئەکبەری، جێگری وەزیری بەرگریی پێشوتری ئێران و هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا ( (MI6، لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لەسێدارە درا و ئەوەش کاردانەوەی نێودەوڵەتیی زۆری لێکەوتەوە.  

سەرۆکایەتی و تیمی وزاری یەکێتی لە کابینەی نۆیەم ڕاگەێندراوێکی بڵاو کردەوە ودەڵێت: بە‌داخه‌وه سه‌ره‌ڕاى بوونى دنیایه‌ك كێشه‌و قه‌یران و قووڵبوونه‌وه‌ى زیاترى ناكۆكییه‌كان، چاوه‌ڕوان بووین بۆ یه‌ك جار سه‌رۆكى حكومه‌ت وه‌ك سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم قسه‌ بكات، چاوه‌ڕوان بووین په‌یامه‌كه‌ى ده‌ستپێشخه‌رى بێت بۆ چاككردنى دۆخى ژیانى هاووڵاتیان و كۆتایی هێنان به‌ كێشه‌كانى نێوان هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی ناو حکومەت بێت، به‌داخه‌وه‌ وانه‌بوو، ئێمە چاوەڕیی هەڵوێستێک بووین کە هەوڵێک بێت بۆ نزیکبوونەوەی لایەنەکان بەتایبەت یەکێتی و پارتی کە ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی چارەنوسساز لەنێوانیادا. دەقی ڕاگەێندراوەکە: بە‌داخه‌وه سه‌ره‌ڕاى بوونى دنیایه‌ك كێشه‌و قه‌یران و قووڵبوونه‌وه‌ى زیاترى ناكۆكییه‌كان، چاوه‌ڕوان بووین بۆ یه‌ك جار سه‌رۆكى حكومه‌ت وه‌ك سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم قسه‌ بكات، چاوه‌ڕوان بووین په‌یامه‌كه‌ى ده‌ستپێشخه‌رى بێت بۆ چاككردنى دۆخى ژیانى هاووڵاتیان و كۆتایی هێنان به‌ كێشه‌كانى نێوان هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی ناو حکومەت بێت، به‌داخه‌وه‌ وانه‌بوو، ئێمە چاوەڕیی هەڵوێستێک بووین کە هەوڵێک بێت بۆ نزیکبوونەوەی لایەنەکان بەتایبەت یەکێتی و پارتی کە ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی چارەنوسساز لەنێوانیادا. ئێمە گلەیی و هەڵوێستمان هەبووە لەکردەوە و شێوازی ئیدارەدانی ئەم کابینەیە کە مەسرور بارزانی سەرۆکیەتی. گلەییەکانیشمان هی خەڵکن. پەیوەندییان بە شێوازی حوکمڕانیە، پەیوەندییان بە خراپی خزمەتگوزاریە. پەیوەندییان بە نا دادپەروەرییە لە نێوان شارێک بۆ شارکی ترە. گلەییەکانیشمان گەیاندووە لەڕێی نوسراوێکەوە نەک لەمیدیا بڵاوی بکەینەوە بۆ موزایەدە کردن و چارەسەرەکانیشمان داڕشتووە لەپیناو پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکانی هەرێمەکەمان، بەڵام لەبری ئەوەی دەستی چارەسەر درێژ بکەنەوە، یاخود سەرۆکی حکومەت راستەوخۆ لێمان بپرسێت ئەرێ کێشەتان چیە؟ راگەیەندراوێکی لەو جۆرە بڵاو دەکاتەوە.  لەبارەی شه‌هیدكردنى عه‌قید هاوكار جاف سەرۆکی حکومەت دەیەوێت به‌زۆری زۆردارى یه‌كێتیی و چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌ك له‌ناو یه‌كێتی تۆمه‌تبار بکات، بیریان چووه‌ له‌ سه‌ره‌تاى رووداوه‌كه‌وه‌ ئه‌وه‌ یه‌كێتی بوو داواى لێكۆڵینه‌وه‌ى هاوبه‌شی كردو داواشی كرد لایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌شداربن له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان، كه‌چی ده‌زگا ئه‌منییه‌كه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت هه‌ر زوو سیناریۆكه‌ى خۆیان بڵاوكرده‌وه‌و ده‌یانه‌وێ بیكه‌نه‌ ئه‌مری واقیع، تازه‌ به‌تازه‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت قسه‌ى یه‌كێتی دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێ با لایه‌نى نێوده‌وڵه‌تى بێنه‌ ناو لێكۆڵینه‌وه‌كان، پاش چی! دواى ئه‌وه‌ى سیناریۆكانتان بڵاوكردۆته‌وه‌، و تەواوی بودجەی هێزێکی نیشتمانی قارەمانی وەک دژە تێرۆرتان بڕی، و هەوڵی بڕینی قووتی سەدان قارەمانی ئەم نیشتیمانەتان داوە، تازه‌ش بیرتان كه‌وتۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌م رووداوه‌ له‌ جه‌رگه‌ى پایته‌ختى هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجامدراوه‌، پێده‌چێت سه‌رۆكى حكومه‌ت ئاگاى لێ نه‌بێ یان نه‌یه‌وێت ئاگاى لێبێت هه‌ر له‌و جه‌رگه‌ى هەولێرە هێزێكى یاخى و له‌یاسا ده‌رچوو هەڕەشەی چوونه‌ سه‌ر ماڵی جێگری سه‌رۆكى حكومه‌ت کرد و هه‌ر له‌و جه‌رگه‌ى پایته‌خته‌ش رۆژنامه‌نووس و دەیان و سەدان کەسیش تیرۆر ده‌كرێ و تاوانبار داڵده‌ ده‌درێ و فه‌وجىشی بۆ ده‌كرێته‌وە. ئینجا سه‌رۆكى حكومه‌ت له‌ راگه‌یه‌نراوه‌ پڕ له‌ چه‌واشه‌كارییه‌كه‌ى ده‌ڵێت؛ یه‌كێتی به‌رپرسه‌ له‌و دۆخه‌ى له‌ سلێمانى، هه‌ڵه‌بجه‌، راپه‌ڕین و گه‌رمیان دروست بووه‌، چاوه‌ڕوان بووین سه‌رۆكى حكومه‌ت بڵێ بڕیارمدا به‌شێوه‌یه‌كى مه‌یدانى خۆم سه‌ردانى سلێمانى و ده‌ڤه‌ره‌كه‌ بكه‌م و له‌ كێشه‌كان بكۆڵمه‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ وەک کاری هەمیشەیی تۆمەتی بەخشیوەتەوە، به‌م هه‌نگاوه‌شی سه‌لماندى کە نایەوێت سه‌رۆكى حكومه‌تى هەموو هه‌رێمى كوردستان بێت و ‌ ده‌بێ خه‌ڵكى خۆڕاگرو خۆشه‌ویستى سلێمانى بپرسن: كه‌ ئه‌و سه‌رۆك حكومه‌ته‌ له‌ماوه‌ى نزیکەی چوار ساڵدا چەند جار ‌هاتۆته‌ ئه‌و سنووره؟ هه‌ر جارێكیش هاتبێ بۆ قردێله‌ بڕینێك هاتووه‌و خێرا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.. بەڵێ ئابڵوقە خراوەتە سەر سلێمانی، ئەی ئابڵوقە لای ئێوە چی ئەگەیەنێت؟ نەدانی شایستە داراییەکانی سلێمانی چی ناو دەنێن؟ دواکەوتنی مووچە لە سلێمانی و دابەشکردنی لەهەولێر چی ناو دەنێن؟ پیلانی کەمکردنەوەی داهاتی سلێمانی بۆ نانەوەی ئاژاوە نەبێت چیی پێدەڵێن؟ لەوەیان تەنها سیاسەتی چەوت کەڵکی نییە، ئێمە دەتوانین بەزمانی داتا و ژمارە پێتان بڵێین: بەڵێ بە پیلان ئابڵوقەتان خستۆتە سەر سلێمانی. هەمووان دەزانن كێشه‌ى سه‌ره‌كى و گه‌وره‌ى كوردستان داهاتى نه‌وته‌ نه‌ك تەنها داهاتى ناوخۆ، ئه‌وه‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت و سیاسەتە داراییەکەیەتی کە هەرێمەکەمانی كردۆته‌ قوربانى سیاسه‌تى ناڕوون و نا شه‌فافی داهاتى نه‌وت! له‌بری نیعمه‌ت، نه‌وتیان كردۆته‌ نه‌عله‌ت! له‌ داهاتى ناوخۆش، ئه‌رێ بێ زه‌حمه‌ت پێمان بڵێن كێ ده‌زانێ داهاتى ئیبراهیم خه‌لیل چه‌نده‌؟ ئه‌و لیژنانه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت باسیان ده‌كات بۆ ناچن كۆنتڕۆڵی داهاتى ئیبراهیم خه‌لیل و حاجى ئۆمه‌ران و خاڵه‌ سنوورییه‌كانى تر بكه‌ن؟  كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ چوارچێوه‌ى رێككه‌وتنى سیاسی پێكهات، ئێمەی یەکێتی لە گفتۆگۆکانمان وتمان زیاتر لە کابینەکانی پێشوو دەبێت کار لەسەر نەهێشتنی ئاسەواری دوو ئیدارەیی بکەین، ئێمە ئەوکات کە ئەو داوایەمان هەبوو لەخەمی ئەوە بووین کە غەدر لە سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان نەکرێت، کە بەداخەوە وەک پێشبینیمان کرد، غەدرەکە کرا وبەسەروزیادەوە، ئەوەش یەکێک بووە لە نیگەرانییەکانمان لە خودی سەرۆک حکومەت.   هه‌رزوو ئه‌م رێككه‌وتنەی حکومەتی پێ پێکهێنرا شكێنرا، بەڵام هەر دانمان به‌خۆماندا گرت و گوتمان به‌ڵكو باشتر بن و ورده‌ ورده‌ فێربن کە حوكمڕانى بەو ‌ عه‌قڵیه‌تە ناکرێت!  لێره‌دا به‌ پێویستى ده‌زانین بڵێین؛  ئه‌گه‌ر سه‌رۆكى حكومه‌ت ئه‌وه‌نده‌ چاكسازى خوازه‌، چه‌ند ساڵه‌ بۆ پڕۆژە یاسای بودجه‌ نا نێرێتە‌ په‌رله‌مان؟ تیمى یه‌كێتی رێگربوون؟. بەڕێز سەرۆکی حکومەت، لە جیاتی خۆ دزینەوە لە بەرپرسیارەتی کەرەستەی حکومەت بخەرە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی كێشه‌كانى سووته‌مه‌نى، كاره‌با، نه‌وتى سپی ماڵان، غاز، گرانى بازاڕ و دابین کردنی دەرمان بۆ هاوڵاتیان. ئاشکرایە کە داهاتی کوردستان بەشی تەواوی مووچە دەکات، دەبا وەک چۆن لەو نامەیەی کە بۆمان ناردویت نوسیبوومان؛ داهاتی کوردستان یەک بخە و مووچە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان وەک خەرجی سیادی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت دوور لە فەلسەفەی دوو ئیدارەیی تاکو هەموو هاوڵاتیانی کوردستان سودمەند بن. له‌كۆتاییدا به‌وپه‌ڕی راشكاوییه‌وه‌ ده‌ڵێین: یه‌كێتی هیچ كات له‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن نه‌ترساوه‌و ئاماده‌ین بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنێكى پاك و بێگه‌رد، به‌ یاسایه‌كى هه‌مواركراوو لیستێكى پاكى تۆمارى ده‌نگده‌ران و زامنكردن و پاراستنى مافی پێكهاته‌و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كانى هه‌رێمى كوردستان. پێشمان وایه‌: راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى ئه‌مڕۆی سه‌رۆكى حكومه‌ت باشترین وه‌ڵامه‌ بۆ پرسیارى خه‌ڵكى كوردستان كه‌ ده‌ڵێن؛ بۆ تیمى یه‌كێتیی ناچنه‌ كۆبوونه‌وەکانی ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران؟. بە داخەوە ئەم کابینەیە خراپترین کابینە بووە لە مێژووی حوکمڕانی کوردستان. سەرۆک و تیمی وەزاری یەکێتی لەکابینەی نۆیەم

هاوڵاتی ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەبێ ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران و تیمی وەزاری یەکێتی کۆبوەوە و دوایین سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا، دابەشکردنی نەوتی سپی و پلانی درێژخایەنی کوردستانی بۆ مافەکانی مرۆڤ تاوتوێکرد و رایگەیاند، هەولێر و بەغدا لەسەر دۆسییە هەڵپەسێردراوەکان گەیشتونەتە لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی. ئەمڕۆ  یەکشەممە 15ی کانوونی دووەمی 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 100مین کۆبوونەوەی خۆی بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران ئەنجامدا.  حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ‎لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی دوا سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و شاندی دانوستانی حکومەتی فیدراڵ لە 11-01-2023 تاوتوێ کرا.  سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە داوە، کە لە کۆبونەوەکاندا لە بەغدا "هەستمان بەوە کرد کەشێکی ئەرێنی و دەرفەتێکی باش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستور و لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت و کارنامەی وەزاری پەسەندکراو لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە." شاندەکەی هەرێمی کوردستان لەسەر بابەتەکانی، پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی 2023، پڕۆژەیاسای نەوت و گازی فیدراڵ، ماف و شایستەکانی پێشمەرگە، جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستوور و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و "دەرچوونی میلیشیا و هێزە چەکدارە نایاساییەکان و چەندین بابەتی دیکە گفتوگۆیان کردووە، مەسرور بارزانی دەڵێت، لەسەر ئەو بابەتانە "گەیشتووینەتە چەند لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان." پەیوەست بە دابەشکردنی نەوتی سپیش لە راگەیەنراوەکەدا هاتوە، "بڕگەی دوەمی کۆوونەوەکە، تایبەت بو بە خستنەڕوی ڕاپۆرتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان سەبارەت بە دابینکردنی نەوتی سپی و دوا بەرەوپێشچونی ڕێککەوتنی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لە کاتی سەردانی شاندی باڵای هەرێم بەسەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران لە 2023/1/11 بۆ بەغدا سەبارەت بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ناردنی بەشە نەوتی سپی بۆ هەرێم، کە لە لایەن کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت خرایەڕو". راگەیێندراوەکە ئەوەی تێدا هاتووە، لە بڕگەی سێیەمدا، دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دوایین هەنگاو و بەرەوپێشچوونەکانی میکانیزمی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ بۆ ساڵی یەکەم خستەڕوو.

هاوڵاتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە هەندێک شوێن "بەداخەوە، رێگری کراوە و کۆسپ بۆ حکومەتی هەرێم دروست کراوە، کە ئەمەش زیانی بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیيانمان گەیاندووە." مەسرور بارزانی دەڵێت، "دەبێت لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە حکومەت، وەک حیزب، پاڵپشتی حکومەتی هەرێم بن و نابێت لە ناو حکومەت بن و ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن ببینن. هەروەها باسلەوەشدەکات، "ماوەیەکە لە لایەن دامودەزگاکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانەوە، کە هاوبەشێکی سەرەکیی ئەم کابینەیەن، واباس دەکرێت کە ئابڵوقە لە سەر سنووری سلێمانی هەیە، هەمو شارەزایانی دۆخی دارایی هەرێم دەزانن کە داهاتی نەوت و هەروەها ئەو بەشە بودجەیەی ناوە ناوە لە بەغدا هاتووە، بە شێوەیەکی یەکسان دابەشکراوە و مووچەی کارمەندانی پێدراوە، ئەوەی کە جێگەی هەڵوەستە بوە، داهاتی نانەوتیی ناوخۆی هەرێم بوە کە بەشێکی زۆریشی داهاتی دەروازە سنوورییەکانە، بەڵام ڕێگە نەدراوە ئەم بوارە لە سنووری سلێمانی و گەرمیان و هەلەبجە و ڕاپەرین ڕێک بخرێتەوە". دەقی راگەیێندراوەکەی مەسرور بارزانی: هاووڵاتییانی خۆشەویست، من و کابینەکەم لە بەردەم پەرلەمانی کوردستان و ئێوەی خۆشەویست سوێندمان خواردووە کە کار بکەین بۆ بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نیشتمان و پاراستنی کیانی دەستووریی هەرێمی کوردستان، هەربۆیە لە سەرەتای ئەم کابینەیەوە، وا ڕێککەوتین کە شوێنەواری دوو ئیدارەیی بسڕێتەوە و بڕیارەکانی حکومەت، لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، بە یەک شێوە جێبەجێ بکرێن. نابێت لە هیچ بەشێکی هەرێمی کوردستاندا، بڕیاری حیزبی یان تاکەکەسی، ڕێگە لە جێبەجێکردنی کار و بەرنامەی حکومەت بگرێت. من بە یەکسانی، سەیری سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەکەم و خۆم بە بەرپرسیار دەزانم بەرامبەر هەموو هاووڵاتیانی هەرێم لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا. بەڵام بەداخەوە، ڕێگری کراوە و کۆسپ بۆ حکومەتی هەرێم دروست کراوە، کە ئەمەش زیانی بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیيانمان گەیاندووە. نزیکەی دوو ساڵە، کێشەی کۆکردنەوەی داهات و نەمانی پارە لە بانکەکانی سنووری سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و ڕاپەڕین هەیە. بەدواداچوونی ئەم کێشەیەمان کردووە و لێژنەیەک لە وەزارەتی دارایی و ناوخۆ، بۆ بەدواداچوونی ئەم کێشەیە پێکهێنرا، بەڵام کرۆکی ئەم کێشەیە ئەوەیە، کە هەندێک کەس و لایەن لە پێناو بەرژەوەندیی خۆیان، دەست دەخەنە ناو پرۆسەی کۆکردنەوەی داهاتی ئەو سنوورانە، بۆیە هەر ئەو کەس و لایەنانە بەرپرسیارن لە بەرامبەر ئەو زیانانەی بە هاووڵاتییان و دامودەزگاکانی حکومەت دەگات. شەفافییەت ئەوەیە کە حکومەت، خۆی چاودێری لە سەر کۆی پرۆسەی کۆکردنەوەی داهاتەکانی بکات، نەک بە تەنیا ئاگاداری ئەو بەشە بێت کە بۆ حکومەت جیا دەکرێتەوە. لە سەرەتای ئەم کابینەیە، هەوڵمان داوە داهاتەکانی هەرێم ڕێکبخەینەوە و تا ئاستێکی باشیش سەرکەوتوو بووین و هەر بەو هۆیەوە، توانیمان قۆناغی سەختی بێ داهاتیی لە سەرەتای دەرکەوتنی پەتای کۆرۆنادا تێپەڕێنین.    هاووڵاتییانی بەڕێز، ماوەیەکە لە لایەن دامودەزگاکانی یەکێتيی نیشتیمانيی کوردستانەوە، کە هاوبەشێکی سەرەکیی ئەم کابینەیەن، وا باس دەکرێت کە ئابڵوقە لە سەر سنووری سلێمانی هەیە، هەموو شارەزایانی دۆخی دارایی هەرێم دەزانن کە داهاتی نەوت و هەروەها ئەو بەشە بودجەیەی ناوە ناوە لە بەغدا هاتووە، بە شێوەیەکی یەکسان دابەشکراوە و مووچەی کارمەندانی پێ دراوە، ئەوەی کە جێگەی هەڵوەستە بووە، داهاتی نانەوتیی ناوخۆی هەرێم بووە کە بەشێکی زۆریشی داهاتی دەروازە سنوورییەکانە، بەڵام بەداخەوە، ڕێگە نەدراوە ئەم بوارە لە سنووری سلێمانی و گەرمیان و هەلەبجە و ڕاپەرین ڕێک بخرێتەوە، بۆیە سەرکردایەتی یەکێتی، بەرپرسیارن بەرامبەر بەو دۆخەی لەو دەڤەرانە دروست بووە.  ئەگەر بەرژەوەندیی هاووڵاتییانمان، لە سەرووی بەرژەوەندیی حیزبی دابنرێت، ئەوا چارەسەریی ئەم دۆخەش ئاسانە و پلان و بەرنامەی کارامان هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و هەنگاوی باشیشمان نابوو بۆ چارەسەری، بەڵام بەداخەوە ڕێگری کرا لە جێبەجێکردنی و دواتریش کردەوەی تیرۆرکردنی هاوکار جاف ئەو پرۆسانەی بە تەواوی پەک خست. کێشە داراییەکان و بابەتی کۆکردنەوەی داهات، نزیکەی دوو ساڵە هەیە و دەیان کۆبوونەوە لە سەر ئەم بابەتە کراون و بەرچاوڕوونیی باش هەبووە بۆ چارەسەری. بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانیش هەیە بۆ ناردنی هێزی هاوبەش بۆ دەروازە سنووریەکان، بەڵام یەکێتی نیشتیمانی ڕێگر بوو و هەڕەشەی ئەوەیان کرد کە ئەگەر ئەوە بکرێت شەڕی ناوخۆ ڕوو دەدات، بۆیە لەم کاتەدا، زەقکردنەوەی ئەم بابەتە، تەنیا بۆ ئەوە بووە تیشک نەخرێتە سەر بابەتی تیرۆرکردنی هاوکار جاف لە جەرگەی پایتەختی هەرێمی کوردستان. هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە، هێمای ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر و تۆقاندن بوونە و ناکرێت لە ناوخۆی هەرێم، کەسانێک بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان دەست بۆ تیرۆر ببەن. لەم کەیسەدا، هیچ لایەنێکمان تۆمەتبار نەکردووە، تەنیا ناوی چەند کەسێکی تۆمەتبار هەیە کە دەبێت ڕادەستی دادگا بکرێن و بۆ ئەم مەبەستەش، بە فەرمی نووسراو ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار لە سلێمانی کراوە. هەر لە سەرەتاوە، گوتوومانە با لێژنەی لێکۆڵینەوەی هاوبەش هەبێت و با لایەنی سێێەم، تەنانەت لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا، بەشداری لە لێکۆلینەوەکە بکەن، بەڵام بەداخەوە، تا ئێستا وەڵامێک بۆ ئەم داواکارییە نیە. کەواتە کێشە داهات و دۆخی دارایی سلێمانی نیە، ئەوەی کە هەیە ئەوەیە، داوامان لێ دەکرێت کەیسی تیرۆری هاوکار جاف کپ بکرێت کە ئەمەشیان داواکارییەکی ناڕەوایە و نابێت هاووڵاتیيانی هەرێم  قبولی بکەن. دۆخی ناوچەکە لێمان دەخوازێت کە کێشەکانمان چارەسەر بکەین و بەهێزەوە بەرەو داهاتوو هەنگاو بنێین . لێرەدا لە پیناو بەرژەوەندیی گشتی و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە، ئەم چەند خاڵەی خوارەوە، دەخەمە بەردەم ڕای گشتی و هەموو لایەنەکان:   یەکەم: لە بارەی کەیسی تیرۆرکردنی هاوکار جاف کە هۆکاری سەرەکیی ئەو دۆخە ئاڵۆزەیە، داوا دەکەم، سەرەتا تۆمەتباران ڕادەستی دادگا بکرێن و ئینجا با لێژنەیەکی هاوبەش لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بە ئامادەبوونی لایەنی نێودەوڵەتی و نوێنەرانی پەرلەمانی کوردستان و یان هەر وڵاتێکی دۆست کە بخوازێت بەشدار ببێت، پێک بهێنرێت، تاکو هەرچی زووتر لیکۆڵینەوە لەگەڵیان دەست پێ بکرێت و ئەنجامەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێن.   دووەم: لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، داوا دەکرا بابەتی لامەرکەزییەت و شۆڕکردنەوەی دەسەڵات لە داهات و خەرجی جێبەجێ بکرێت، بۆیە ئەو دەسەڵاتە شۆڕکرایەوە. ئێستا لە لایەن تیمی وزاریی یەکێتيی نیشتمانيی كوردستانەوە، داوا دەکرێت خەرجییەکان بکرێتەوە مەرکەزی، ئەگەر ئەمە داوا دەکرێت، پێویستە کۆکردنەوەی داهاتیش بکرێتەوە مەرکەزی و پرۆسەی کۆکردنەوەی داهات بە تایبەت لە خاڵە سنووریەکان، لە ژێر سەرپەرشتی و چاودێری چڕی مەرکەزی بێت. بۆ ئەم مەبەستەش، پێویستە هاوئاهەنگیی لە نێوان وەزارەتەکانی دارایی و ناوخۆ و پێشمەرگە هەبێت تاکو ڕێگە لە قاچاخچێتی و دەستبردن بۆ داهاتی دەروازە سنووریەکان بگیرێت و پێکهێنانی هێزێکی هاوبەش بۆ ئەم مەبەستە زۆر پێویستە.   سێیەم: پێویستە کۆسپ بۆ پرۆسەی چاکسازی و یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە دروست نەکرێت. لەم کابینەیەدا، بە کردەوە هەنگاومان بۆ چاکسازی لە هێزی پێشمەرگە و یەکگرتنەوەیان ناوە و دەبێت هێزی پێشمەرگە، ببێت بە هێزێکی نیشتیمانیی بەهێز بۆ بەرگری لە کیانی دەستووریی هەرێم و دوورخستنەوەی هەڕەشەکان، دوور لە ئەجێندای حیزبی و تاکەکەسی.    چوارەم: لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی و پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێم، پێویستە هەرچی زووتر، پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی خۆی ساز بکات بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەلبژاردن ، تاکو بە کردەوە، هەنگاو بۆ سازدانی هەڵبژاردن بنرێت و پێویستە ئەمساڵ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەرێوەبچێت و ئێمە لە حکومەتی هەرێم، ئامادەین هەموو پێداویستیيەکانی هەڵبژاردن، لە زووترین کاتدا دابین بکەین.   پێنجەم: دەبێت لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە حکومەت، وەک حیزب، پاڵپشتی حکومەتی هەرێم بن و نابێت لە ناو حکومەت بن و ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن ببینن. پێویستە وەزیر و تیمە وەزارییەکانیش، جێبەجێکاری ئەجێندای حکومی بن و نابێت کێشە و ئاڵۆزییە سیاسییەکان بگوازنە ناو حکومەت. دەبێت کێشە سیاسییەکان، لە دەرەوەی حکومەت هەوڵی چارەسەرکردنیان بدرێت نەک کاری حکومەت پەک بخەن.   مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 2023/1/15

کەشناسی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی کەشو هەوای بۆ ئەمڕۆ و سبەی ڕاگەیاند.   لەڕاگەیاندراوەکە هاتوه: ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵە ھەور دەبێت ھەندێ ناوچە نیمچە ھەور دەبێت ، پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبێتەوە. کەشناسیی ھەرێم زانیاری داوە، سبەینێ دووشەممە، ئاسمان نیمچە ھەور دەبێت، پلەکانی گەرماش  کەمێک  بەرز دەبێتەوە  بە بەراوورد بە  تۆمارەکانی ئەمڕۆ. کەشناسی بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بەمشێوەیه ڕاگەیاند: بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : ھەولێر : ١٧ پلەی سیلیزی سلێمانی : ١٣  پلەی سیلیزی دھۆک  : ١٦ پلەی سیلیزی کەرکوک : ١٨ پلەی سیلیزی ھەڵەبجە : ١٤پلەی سیلیزی زاخۆ : ١٤ پلەی سیلیزی سۆران :١٣  پلەی سیلیزی گەرمیان : ١٧ پلەی سیلیزی

هاوڵاتی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم ڕایگەند: ئەمڕۆ یەکشەممە، بەرواری 15ی1ی2023، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەسەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، کۆدەبێتەوە. سەبارەت بەکارنامەی کۆبونەوەکە لە ڕاگەیاندراوەکە هاتوە: کۆبوونەوەکە چەند بڕگەیەک لەخۆ دەگرێت و بڕگەی یەکەمی تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی دەرئەنجامی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بەغدا لە ڕۆژی 11 ی 1ی2023. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە لە بەشێکی تری کۆبونەوەکە ، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان راپۆرتێک سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیران، تایبەت بە دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، دەخاتەڕوو. هەروەها بەشێکی تری کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە پێشکەشکردنی راپۆرتێک سەبارەت بە بەرەوپێشچوونەکانی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ لەلایەن رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان.