هاوڵاتی بڕیاربوو پاییزی ئەمساڵ رێزان و محەممەد ئاهەنگی گواستنەوەیان بکەن کە هەشت مانگ بوو ئەڵقەی هاوسەرگیرییان گۆڕیبووەوە، بەڵام محەممەد بەهۆی بۆردوومانی ئێران بۆسەر بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە گیانی لەدەستدا. کهناڵی رووداو لهزاری رێزان حەسەن، دەستگیرانی محەممەد بڵاویکردۆتهوه : "ئەوەندەم خۆش دەوێت نازانم چی بڵێم! ئەوە ژیانی من نەبوو ئەوەم بەسەر بێت، کۆلێک هیوا و ئاواتمان هەبوو. لەبری ئەوەی جلی سپیی بووکێنی لەبەر بکەم، ئەو کفنی لەبەرکرد. ماڵی من بووەتە سەر قەبران و منی رەشپۆش کرد." محەممەد و رێزان هەموو پێداویستییەکانی ژیانیان ئامادەکردبوو و، چاوەڕوانی وەرگرتنی خانوو بوون لە کەمپی ئامرییەی کۆیە. بڕیاریان دابوو ئاهەنگێکی گەورە بەشێوەیەکی فۆلکلۆری ئەنجام بدەن. حەسەن ئیسماعیل، باوکی رێزان دەڵێت: "دەهۆڵ و زووڕنام ئامادەکردبوو، هەمووشتێکم ئامادەکردبوو بۆ ئەوەی زەماوەندێکی فۆلکلۆریی کوردەواری بکەین تاوەکو لە هەموو دونیا دەنگ بداتەوە." 02-02-2022، رۆژی ئاهەنگی ئەلقەگۆڕینەوەی رێزانی تەمەن 22 ساڵ و محەممەدی تەمەن 25 ساڵان بوو، هەردووکیان تاقانەن. ئامینە یوسفی، خەسووی محەممەد باس لەوە دەکات: "کچەکەم لە تیمارکردنی بریندارەکان دەگەڕایەوە، قەڵا تۆپباران کرا و گوتی دایە محەممەد لە قەڵایە؟ گوتم نا لەوێ نییە. گوتی: با بابم ئیجازەم بدات لەوێیە، بە بابم بڵێ تەلەفۆنی بکات. پەیوەندیمان کرد هاوڕێیەکی وەڵامی دایەوە، گوتم کوا محەممەد؟ گوتی: ئۆتۆمبێل لێدەخوڕێت. ئێ گوتم جا چییە بۆ وەڵام ناداتەوە، گوتی: بریندارە." محەممەد خەلیلی لە 2017ـەوە لە باشووری کوردستان نیشتەجێ بوو و، لە ریزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە پێشمەرگە بوو. ئەو جگە لەوەی پێشمەرگە بووە، یاریزانی تۆپی پێش بووە و بڕیار بوو لە یانەی کۆیە یاری بکات، بەڵام لە کاتی ئەرکی رۆژانەیدا لەگەڵ شەش کەسی دیکە، لە بۆردوومانەکانی قەڵای حدکا لە کۆیە گیانی لەدەستدا.
هاوڵاتی لە بازاڕی قەیسەری شاری ھەولێر، جگە لە ژمارەیەکی زۆر لە فرۆشگاکانی زێڕینگەری، ھەروەها ژمارەیەک شوێنکاری تایبەت بە تواندنەوە و دروستکردنی زێڕ ھەیە کە بەپێی خواستی ھاووڵاتییان شێوە و بابەتەکانی زێڕ دروست دەکەن و پیشەکەیان مێژوویەکی درێژی ھەیە. لە شوێنکارەکاندا ئاگردان، ترشی گۆگردیک و پاودەری سۆدیۆم بۆڕەکس و چەند ئامێرێکی تایبەت بە توانەوە و لە قاڵبدانی زێڕ بەکاردەهێنرێت و بە گشتی خاوەنی شوێنکارەکانی زێڕ لە شارەکە تەمەنێکی زۆریان لە پیشەکەیاندا بەسەربردووە و درێژەیان بەکارەکەیانداوە. بە گشتی زێڕینگەران سەرەتا زێڕی شکاو دەکڕنەوە یان ھاوردەی دەکەن، دواتر دەیدەن بەو شوێنکارانە، لەوێش لە رێگای گەرمکردنەوە زێڕەکە دەتوێندرێتەوە و دواتر دەکرێتە قاڵب، ئینجا دواتر شێوەی قاڵبەکە دەگۆڕدرێت بۆ ئەو نەخش و بابەتەی کە خواستی هاووڵاتییانی لەسەرە، هاوکات چونکە زێڕەکە بەهۆی گەرمکردن یان تواندنەوە رەنگەکەی بۆ خۆڵەمێشی گۆڕدراوە، ئەوا دەخرێتە ناو ترشی گۆگردیک بۆ ئەوەی رەنگە خۆڵەمێشییەکەی لێ ببێتەوە و رەنگی زێڕ وەرگرێتەوە، دواتر دەخرێتە ناو پاودەری سۆدیۆم و ئینجا دەخرێتە ناو ئامێرێک پێی دەڵێن "هەلاشە" و لەوێیەوە لە رێگای شووشتنەوە لە هەموو ماددە پیسەکان پاکدەبێتەوە. کەرخی عەبدولقادر کە ماوەی زیاتر لە ٥٠ ساڵە پیشەکەی زێڕەنگەرییە و ئێستاش سەرپەرشتی ئەو شوێنکارە دەکات کە منداڵەکانی تیایدا درێژە بە پیشەکەی باوکیان دەدەن و وەک خۆی دەڵێت، ئەو سەردەمە کارەکانی ئەو هەمووی کاری دەستی بوون و ئێستاش بەهۆی زۆربوونی ئامێرەکانەوە کارەکان ئاسانتر بوون. کەرخی عەبدولقادر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "یەکەمجار ساڵی ١٩٧٣ هاتمە بازاڕ و لەلای وەستا رەمزی دەستم بەکار کرد کە کاری توانەوە و لە قاڵبدانی زێڕی دەکرد و ماوەی ١٨ ساڵ لەلای ئەو کارم کرد، دواتر دوکانی خۆم دانا و لە پیشەکەم بەردەوام بووم، ئەو سەردەمە هەموو کارەکان کاری دەستی بوون، ئێستا بووەتە ئامێر و کارەکە ئاسانتر بووە". کەرخی عەبدولقادر دەشڵێت: "ئەو سەردەمەی پێشوو، جۆرەکانی زێڕ جیاوازبوون و خەڵک خواستی لەسەر گۆبەرۆک زۆر بوو ئەوانیش چەند جۆرێکیان هەبوو کە گوزارشتیان لە هەولێر و رەواندز و چەند ناوچەیەکی دیکە دەکرد و شێوازی دروستکردنیان جیاواز بوو، دوای ماندووبوون و هەڵکشانی تەمەنم، ئێستا دوای خۆم دوو کوڕ و دوو برازام فێری پیشەکە کردووە و ئەوان رۆژانە لە شوێنکارەکە کاری خۆیان دەکەن و پێویستییان بە من نییە". ئەحمەد کەرخی عەبدولقادر کە لە تەمەنی شەش ساڵییەوە لەلای باوکی دەستی بەکارکردن کردووە و ئێستا درێژە بە پیشەکەی باوکی دەدات لەبارەی پیشەکەیانەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە تەمەنی شەش ساڵییەوە لەلای باوکم فێری پیشەکە بووم، ئەو شتانەی کاتی خۆی لە ھەولێر دروستدەکرا وەک گۆبەرۆک و میگڵاد و جۆرەکانی دیکەبوون، ئەوکات بەدەستی دروست دەکرا، بەڵام ئێستا کارەکان خێراتر و ئاسانتر بووە بەهۆی بوونی چەندین ئامێری پێشکەوتوو". ئەحمەد کەرخی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە قۆناغەکانی وەرگرتن و تواندنەوەی زێڕ کرد و گوتی: "زێڕینگەران سەرەتا زێڕەکە دەھێننە لای ئێمە و لێرە زێڕەکە دەتوێنینەوە، دواتر ئەو جۆرەی دروست دەکەین کە خواستی هاووڵاتییانی لەسەرە، جگە لەوەش هەندێک بابەتی دیکە هەیە خواستی بەردەوامی هاووڵاتییانی لەسەرە بۆ نموونە لیرە کە ئەویش چەندین جۆری وەک روبعە لیرە و نیو لیرە، یەک لیرە و موخەمەس و ئەو جۆرانەی هەیە و دروستان دەکەین". زێڕ چەند عەیارێکی هەیە و بەپێی ناوچەکانیش خواست لەسەر عەیارەکانی زێڕ هەیە و لەمبارەیەوە ئەحمەد کەرخی عەبدولقادر گوتی: "زێڕ جۆری زۆرە، زێڕی خەلیجی، تورکی و عێراقی ھەمووی عەیار ٢١ن، بەڵام بابەتەکانییان جیاوازە، بە گشتی ھەولێر ھەمووی لەسەر عەیار ٢١ کار دەکات، سلێمانی و کەرکووک کار لەسەر عەیار ١٨ دەکەن، دھۆک و زاخۆ کار لەسەر زێڕی ٢٤ دەکەن". بە گشتی ئەو زێڕانەی کە دەتوێندرێتەوە یان کاری لەسەر دەکرێت هەندێک لە کێشی کەم دەکات و لەبارەی قەرەبووکردنەوەی خاوەن زێڕەکەش، ئەحمەد کەرخی گوتی: "دوو جۆر کەمکردن ھەیە، کاتێک لە میانی تواندنەوەدا، بڕێک لە زێڕەکە کەم دەکات و ئەوە ناگەڕێتەوە، بەڵام جۆرێکی دیکەی کەمکردن ھەیە بەھۆی کارکردنمانەوەیە کە پارچەیەک دەکەوێتە خوارەوە یان سمپارەی لێدەدەین، لەم حاڵەتەدا ئەوەی کەم دەکات لە بەشی ئێمە دەڕوات، چونکە دواتر ئەوەی دەکەوێتە سەر زەوی ھەڵیدەگرینەوە، ھەر بۆیەش ساڵێ جارێک خۆڵی ناو دوکانەکە ھەڵدەگرینەوە و دەیبەینە کارگە و لەوێ لە رێگای ئامێرێک زێڕەکەی لە خۆڵ و خاشاکەکە جیا دەکاتەوە و ئەوەی دەمێنێتەوە سادە زێڕە، بۆیە ئەو زێڕەی کە کێشەکەی کەم دەکات، ئەوا لە ئێمە کەم دەبێتەوە و ئێمە ھەمان کێشی خۆی دەدەینەوە خاوەنەکەی". لە شوێنکارەکەی کەرخی عەبدولقادردا چەندین ئامێری تایبەت بەرچاو دەکەوێت و لەسەر زەوییەکەش ماددەیەکی پلاستیکی کە پێنج سانتیمەتر بەرزە تەواوی زەوییەکەی داپۆشیووە، ئەم پارچە پلاستیکە بۆ ئەوە راخراوە کە ئەو وردە زێڕانەی لە میانی کارکردن دەپەڕێتە سەر زەوی، نەکەوێتە ژێر پێیان و لەژێر ئەو پلاستیکەدا بمێنێتەوە، وەک خاوەنی شوێنکارەکە ئاماژەی پێی کرد، ساڵی جارێک هەموو خۆڵ و خاشاکی سەر زەوییەکە کۆدەکەنەوە و لە کارگەیەکی تایبەت لە رێگای سووتاندنەوە، پاشماوەکان لە زێڕەکە جیادەکرێتەوە و زێرە پوختەکەی دەمینێتەوە. سهرچاوه: ئاژانسی ئانادۆڵۆ
هاوڵاتی مەزڵۆم کۆبانی هۆشداری دەدات کە ئەگەر تورکیا دەرفەتێکی دیکەی دەست کەوێت بەبێ کوشتنی کات هێرش دەکات. مەزڵۆم کۆبانی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە گفتوگۆ لەگەڵ گۆڤاری لۆمۆندی فەرەنسی، ڕاگەیاند ئەگەری هێرشی تورکیای بۆ سەر ناوچەکانی لە ژێر کۆنترۆڵی کوردانی سووریا لە ئارادایە. ناوبراو لەم گفتوگۆیەدا باسی لە شکستهێنانی تورکیا لە بەدەست هێنانی گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و ڕووسیا کرد بۆ هێرشکردنە سەر کوردەکانی سووریا، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ئەم دوو وڵاتە هیچ گەرەنتییەکیان بە کورد نەداوە کە هێرشەکەی تورکیا ئەنجام نەدرێت. مەزلۆم کۆبانی جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانی کورد-عەرەبی ئاشووری لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ئامادەن ڕووبەڕووی ئەگەری هێرشی تورکیا ببنەوە. فهرماندهی گشتیی هێزهکانی سووریای دیموکرات جهختی کردهوه که پێویسته داڵغەی سەرەکیی ههموو لایهک مامهڵهکردن بێت لهگهڵ شانه نووستووەکانی داعش. مهزلۆم عهبدی راشیگهیاند که تورکیا بەردەوان هەوڵی ئەوە دەدات کە شوێنێکی لهم وڵاتهدا ههبێت بۆ ئهوهی ژیانی کورد له سووریا لهناو ببات
هاوڵاتی ئەمریکا کوژرانی ھاووڵاتییەکی وڵاتەکەی لە ھێرشەکەی ئێران بۆ سەر ھەرێمی کوردستان پشت راستکردەوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری ڤیدانت پاتێڵ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، لە ھێرشە مووشەکییەکەی رۆژی چوارشەممەی ئێران بۆ سەر ھەرێمی کوردستان ھاووڵاتیەکی وڵاتەکەی کوژراوە . عومەر مەحمود زادە کە هاووڵاتییەکی کوردی رۆژهەڵاتە و هەڵگری رەگەزنامەی ئەمهریکییە تەمەن 59 ساڵە و لە ساڵانی نەوەدەکانەوە لە ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمهریکا دەژی و بەهۆی هێرشەکانی رۆژی سێشەممەی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان گیانی لەدەستداوە. ئەمەش لە کاتیکدایە پێشتریش کونسوڵخانەی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، ھێشتا رێنماییەکانی گەشتکردن لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ عێراق لە ئاستی چواردایە، کە داوا لە ھاوڵاتیانی ئەمریکا دەکات، گەشت بۆ عێراق نەکەن، بەھۆی تیرۆر و رفاندن و ململانێی چەکداری و مانگرتنی مەدەنی. کونسوڵخانەی ئەمریکا داواشی لە ھاوڵاتیانی وڵاتەکەی کردبوو، لە ناوچە بەئامانجگیراوەکانی وەک پردی و کۆیە و زڕگوێز و ناوچە سنوورییە کێشە لەسەرەکان دوور بکەونەوە. جێگەی باسە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێراندا ٥٨ کەس برینداربوون کە زۆربەیان هاوڵاتی مەدەنیبوون و چەندین منداڵیش لەنێو برینداراکاندا هەن.
هاوڵاتی هەپەگە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند لە ئەنجامی ٧ چالاكی هێزهكانیاندا ١٢ سەربازی تورکیایان کوشتووە وسێ سهنگهر و چهكێكی ئهی – فۆر تێكشكێنراون. ڕاشیگەیاند سوپای توركیا گۆڕهپانهكانی شهڕی ١٤ جار به بۆمبی قهدهغهكراو و چهكی كیمیایی، ١١ جار به فڕۆكهی شهڕ، ٤٤ جار به ههلیكۆپتهری هێرشبهر و به دهیان جاریش به كاتیوشا و هاوهن بۆردومان كردووه. دەقی ڕاگەیەندراوەکە : ئاماری چالاکیەکانی گەریلا: لهچوارچێوهی ههڵمهتی شۆڕشگێڕیی ههڵۆكانی زاگرۆس له ههرێمی زاپ: له ٢٨ی ئهیلول كاتژمێر ١٧:٤٠ به چهكی قورس له داگیركهران له دهوروبهری سهنگهرهكانی شهڕی شههید ئاگر له گۆڕهپانی بهرخودانی سیدا وهشێنرا. لهو چالاكیهدا ٢ سهنگهر و چهكێكی ئهی- فۆڕ تێكشكێنران، ٢ داگیركهریش سزادران. له ٢٨ی ئهیلول كاتژمێر ١٩:٤٠ تیمه گهڕۆكانی یهژهئاستارمان به چهكی قورس له داگیركهران له گۆڕهپانی بهرخودانی ساجایاندا. له ٢٨ی ئهیلول كاتژمێر ٢٢:٠٠ و ٠٠:٠٠ داگیركهران كاتێك ویستیان له دهوروبهری سهنگهرهكانی شهڕی شههید فهلاتی گۆڕهپانی بهرخودانی سیدا سیستمی كامێرای حهراری دابنێن، به چهكی سوك كرانه ئامانج. له ٢٩ی ئهیلول كاتژمێر ٠٦:٢٠ تیمه گهڕۆكهكانی یهژهئاستارمان داگیركهرانیان له گۆڕهپانی بهرخودانی چهمچۆ خسته ژێر چاودێرییهوه و به نیشانشكێن له داگیركهرانیاندا و لهوێ داگیركهرێك سزادرا. له چوارچێوهی ههڵمهتی شۆڕشگێڕی ههڵۆكانی زاگرۆس له ههرێمی خواكورك: له ٢٨ی ئهیلول تیمه گهڕۆكهكانمان به چهكی قورس له داگیركهران له گۆڕهپانی بهرخودانی شاخی شههید ئاخین له خواكوركیاندا. لهو چالاكیهدا سهنگهرێك لهناوبرا، ٢ داگیركهر سزادران. داگیركهران ههوڵیاندا كاتژمێر ١٠:٣٠ دهستوهردان له گۆڕهپانی چالاكییهكهدا بكهن، بهڵام به چهكی قورس لهوان درا. لهو چالاكیهشدا ٤ داگیركهر سزاران. له چوارچێوهی ههڵمهتی شۆڕشگێڕی جهنگی خابوری شههید ساڤاش مهرعهشدا: له ٢٧ی ئهیلول هێزهكانمان یهكینهیهكی شاراوهی داگیركهران له شاخی شههید پڵنگیان له گۆڕهپانی بهرخودانی شاخی ههكاری خسته ژێر چاودێرییهوه. هێزهكانمان دوای ئهوهی داگیركهرانیان خسته ژێر چاودێرییهوه كاتژمێر ٠٩:٠٠ به نارنجۆك و چهكی سوك له داگیركهرانیاندا. لهو چالاكیهدا ٣ داگیركهر كه یهكیان پلهداربوو سزادران. هێرشهكانی سوپای توركی داگیركهر به بۆمبی قهدهغه و چهكی كیمیایی: له ٢٨ی ئهیلول سهنگهرهكانی شهڕی گۆڕهپانی بهرخودانی شاخی جودی، سهنگهرهكانی شهڕی شههید باهۆز له گۆڕهپانی بهرخودانی چهمچۆ و سهنگهرهكانی شهڕی شههید فهلات له گۆڕهپانی بهرخودانی سیدا به بۆمبی قهدهغهكراو و چهكی كیمیایی ١٣ جار بۆردومان كران. له ٢٨ی ئهیلول سهنگهرهكانی شهڕ له گۆڕهپانی بهرخودانی ئهشكهوتی برینداران به بۆمبی قهدهغهی بههێز بۆردومان كران. هێرشهكانی سوپای توركی داگیركهر: له ٢٨ی ئهیلول گۆڕهپانی گوندی شی له گاره، گۆڕهپانهكانی گۆلكا، شاخی چارچهل و گوندی شێلازێی مهتینا و گۆڕهپانی بهرخودانی چهمچۆ ١١ جار به فڕۆكهی شهڕ بۆردومان كران. له ٢٩ی ئهیلول گۆڕهپانی بهرخودانی چهمچۆ، كوڕهژارۆ، ئهشكهوتی برینداران، ساجا، كاركهر، شاخی ههكاری، شاخی ئێف ئێم، شاخی جودی و شاخی ئامێدی به ههلیكۆپتهری هێرشبهر ٤٤ جار بۆردومان كران. له ٢٧ و ٢٨ی ئهیلول گۆڕهپانهكانی بهرخودانی چهمچۆ، شاخی ههكاری و شاخی ئێف ئێم به كاتیوشا و هاوهن به دهیان جار بۆردومان كران. له ٢٨ی ئهیلول درۆن بهسهر گۆڕهپانهكانی بهرخودانی چهمچۆ، ساجا و شاخی جودیدا سوڕایهوه”.
هاوڵاتی ھەریەک لە کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژھەڵاتی کوردستان-کۆدار ،کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژھەڵاتی کوردستان-کژاروپارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک،لە بانگەوازێکی ھاوبەشدا داوای مانگرتنی سەرتاسەرییان کرد لە بانگەوازێکی هاوبەشدا کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژھەڵاتی کوردستان-کۆدار ،کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژھەڵاتی کوردستان-کژاروپارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک ،داوایان لە گەڵانی ئێران وڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد لە دژی هێرش و سەرکوتکارییەکانی ڕژێمی ئێران بەشداری مانگرتنی سەرتاسەری بکەن لە بانگەوازەکەدا هاتووە بزوتنەوەی ژن ژیان ئازادی بە بەشداری تەواوی گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە هەوێنی گەورەترین شۆڕشی ئازادی ژن و گەلان کە ئێستا گەیشتۆتە ئاستێک کە دەتوانێت دەسکەوتی گەورە مسۆگەربکات و بەرەو بونیادنانی نەتەوەیەکی دیموکرات . ئەوەش باسکراوە کە ئەم سەرهەڵدانە سەرهەڵدانی یەکێتی گەلانە کە بە پێشەنگایەتی ژنان لە ئارادایە لە بانگەوازەکەدا هۆکاری سەرکوتکردن وهێرش و پەلامارەکانی ئەم ڕۆژانەی ڕژێمی ئێران بۆ سەر خەڵک ولایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بۆ بێچارەی ئەو ڕژێمە لە بەرامبەر یەک ڕیزی گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران گەڕێندراوەتەوە. لەو سۆنگەشەوە جەخت لە سەر پاراستنی ئەو یەکڕیزییەو تێکۆشانی هاوبەش وەک تاکە ڕێگەی ڕزگاری لە ستەم و زۆرداری ئەو ڕژێمە کراوەتەوە. لەم چوارجێوەیەدا داوایان لە سەرجەم چین و توێژەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وئێران کردووە بەشداری ئەو مانگرتنە سەرتاسەرییە ببن کە بڕیارە لە ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەزبەر(١/١٠/٢٠٢٢) بەڕێوە بچێت.
هاوڵاتی بەراورد بەمانگی نۆی ساڵی رابردوو نرخی بەرمیلێك نەوتی سپی 155 هەزار دینار زیادیكردووەو لەئێستادا نرخی بەرمدلێک نەوت لەسەرووی 285 هەزار دینارەوەیەو چاوەڕوان دەكرێت بۆ وەرزی زستان نرخەكەی بەرزتر ببێتەوە، نەوت فرۆشێك دەڵێت: بەهۆی زۆری نرخەكەیەوە فرۆشی نەوت زۆر كەمبووەتەوە، هاوڵاتی هۆكارەكانی گرانی نرخی نەوت لەهەرێمی كوردستان بڵاودەكاتەوە. كەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم بەوەكالەت دەڵێت: دابەشكردنی نەوتی سپی دەستپێدەكاتەوەو لەقۆناغی یەكەمدا 320 هەزار خێزان سوودمەند دەبن. بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی كە لەوەزارەتی سامانە سروشتییەكان وەریگرتووە، پلانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ دابەشكردنی نەوتی سپی بەمشێوەیەیە: مانگی 10 لەناوچە شاخاوییەكان و مانگی 11 لەدەوروبەری شارەكان و مانگی 12 نەوت لەسەنتەری شارەكان دابەشدەكرێت. جەلال محەمەد، نەوتفرۆشێكی شاری سلێمانییە، بە هاوڵاتی وت:» بەردەوام رۆژانە كڕیارەكان پەیوەندیم پێوەدەكەن، دەیانەوێت بۆ وەرزی زستان نەوت بكڕن، بەڵام كاتێك نرخەكەیان پێدەڵێم پەشیمان دەبنەوە». وتیشی:» ساڵانی رابردوو لەم كاتانەدا فرۆشی نەوت زۆر باشبوو، بەڵام ئەمساڵ چەند بەرمیلێك نەوتم فرۆشتووە، ئەوانەشی هەواڵی نرخی نەوت دەپرسن، زۆریان دەڵێن ئەوەنە گرانە مەگەر بەدەبە بیكڕین، هەندێكیشیان دەڵێن مەگەر چیلكەو دار بسوتێنین». جەلال محەمەد نایشارێتەوە كەهۆكاری سەرەكی گرانی نرخی نەوت جگە لەوەی حكومەتی هەرێم دابەشی ناكات، تێكەڵی گازوایل دەكرێت و دەفرۆشرێت، ئەو دەڵێت:» بەشێك لەو نەوتەی دێتە هەرێمی كوردستان بەقاچاغ دەهێنرێت، ئەمەش هۆكارێكی تری گرانی نرخەكەیەتی». بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی سپی ماڵان بۆ سەروو 285 هەزار لەكاتێكدایە، مانگی 12ی ساڵی رابردوو نرخی بەرمیلێك نەوتی سپی، گەیشتە 160 هەزار دینارو پێشتریش واتە رێك لەمانگی نۆی ساڵی رابردوو كەدەكاتە ساڵێك لەمەوبەر نرخەكەی 130 هەزار دیناربوو، بەوەش بەراورد بەساڵی رابردوو نرخی نەوت زیاتر لەدوو هێندەیەو تائێستا نرخی بەرمیلێك نەوتی سپی لەهەرێمی كوردستان نەگەیشتووەتە ئەو نرخە. نافز مستەفا سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتیەكان لەئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە هاوڵاتی وت:»نرخی نەوتی سپی لەهەولێر 280 هەزار دینارەو بڕیاریشە لەگەڵ بەرهەمە نەوتیەكانی هەولێر سەبارەت بەگرانبوونی نرخی نەوتی سپی كۆببینەوە». هاوكات عەبدولسەمەد تیلی، سەرۆكی لیژنەی سوتەمەنی لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بە هاوڵاتی وت:»هاووڵاتیان لەدهۆك بەرمیلێك نەوت بە 290 هەزار دینار دەكڕن، ماوەی حەوت ساڵیشە نەوت بەتەواوی بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش نەكراوە». وتیشی:»هەموو ساڵێك دەڵێن لەناوچە شاخاویەكانەوە دەستپێدەكەین، لەبەرئەوەی ئەو ناوچانە دانیشتوانیان كەمە، لەكاتێكدا ئەو ناوچانە خەڵكیان لێ نەماوەو زۆربەیان لەزستانان دێنە ناوشارەكان، پرۆسەی دابەشكردنەكە خاوەو تاسەرەی ناوشارەكان دێت ئیتر سەرما نامێنێت، تائێستاش كەساڵی شەشەمە 70%ی خەڵكی دهۆك نەوتیان وەرنەگرتووە». هەر سەبارەت بەو پرسە عەلی حەمەساڵح سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان لەپەرلەمانی كوردستان بە هاوڵاتی وت:»كۆمەڵێك هۆكار هەیە بۆ گرانبوونی نرخی نەوت، یەكەم تائێستا حكومەتی هەرێم نەوتی دابەش نەكردووە، دووەم كاتێك پاڵاوتن لەناوخۆدا نییە نەوتی سپی لەدەرەوە دەهێنرێت و ئەمەش كاریگەری لەسەر نرخی نەوت هەیە، هۆكارێكی دیكەی گرانبوونی نرخی نەوتی سپی ماڵان ئەوەیە ئەو گازوایلەی كوالێتیەكەی باشەو پاڵاوگەكان بەرهەمی دەهێنن دەبرێتە دەرەوە بەنایاسایی و بەبێ مۆڵەتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، بۆ گازوایلی ناوخۆی ئەم شوێنانە وەك مۆلیدەكان و شوێنەكانی دیكە نەوتی سپی و پاشماوەی رۆنی رەشی ئۆتۆمبێل و مەوادی دیكە تێكەڵ دەكرێت، بەوەش خواست زیاتر دەبێت و نرخیش گرانتر دەبێت».
سەركۆ جەمال پرۆژە پێشنیازی هەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان و ئافرەت لەهەرێمی كوردستان زۆرترین مشتومڕی لەناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان لێكەوتەوە، هەرچەندە 32 پەرلەمانتار واژۆیان لەسەر پێشنیازە یاساكە كردووە، بەڵام ئێستا سەرجەم فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان خۆیانی لێ بێبەری دەكەن. لە 21-6-2011، پەرلەمانی كوردستان یاسای «بەرەنگاربوونەوەی خێزان لەتووندوتیژیی لەهەرێمی كوردستان - عێراق»ی پەسەند كرد كە لە 10 ماددە پێكهاتووە، زیاتر لەساڵێكە پەرلەمانی كوردستان دەیەوێت هەمواری بكاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش چوارشەممەی رابردوو 21-9-2022 خوێندنەوەی دووەمی بۆ كرد كەدواتر كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە. لەناوەڕۆكی پڕۆژەی هەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی خێزاندا كە 31-3-2021 رەوانەی لیژنەی یاسایی كراوە، بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی، لەكاتی خوێندنەوەی دووەمدا گۆڕانكارییەكی كەمی تێدا كراوە، لەپڕۆژە پێشنیاركراوەكەی هەموارەكەدا چەند خاڵێكی تێدایە كە بووە بەجێگەی گفتۆگۆو كاردانەوەی زۆرو جیاواز. لەناوەڕۆكی پڕۆژەی هەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی خێزاندا، 17 خاڵ وەكو تاوانی تووندوتیژیی دژ بەخێزان و ئافرەت دانراون. یەكێك لەو خاڵانەی كاردانەوەی لێكەوتووەتەوە بابەتی هەواڵدەرە، لەیەكێك لەماددەكاندا هاتووە: هەركەسێك بە روودانی تاوانێكی تووندوتیژیی بزانێت، بۆی هەیە هەواڵ بداتە دادوەری لێكۆڵینەوە یان لێكۆڵەر، یان داواكاری گشتی، یان بەرپرس لەبنكەی پۆلیس، یان ئەندامێكی بەرزەفتەیی دادگەریی. هاوكات لەماددەیەكی پێشنیازە یاساكەدا بۆ هەمواركردنەوە، هاتووە: 1-دادگای لێكۆڵینەوە یان دادگای تایبەتمەند بۆی هەیە فەرمانێكی خۆپارێزی دەربكات، بەدوورخستنەوەی ئەو كەسەی تووندوتیژیی خێزانی ئەنجامداوە و لەماڵی خێزانەكەو رێگەنەدانی بەپەیوەندیدكردن بەكەسی قوربانی، تاوەكو پرسەكە یەكلایی دەكرێتەوە، لەگەڵ بەردەوامبوونی پێدانی تێچووەكانی خێزان ئەگەر بەخێوكەربێت. 2-ئەوكەسەی توندوتیژی خێزانی ئەنجامداوەو لەخێزان دوورخراوەتەوە، بۆی نییە پەیوەندی بكات بەتاكەكانی خێزانی، تەنیا بەڕەزامەندیی ئەوان یان رەزامەندیی نوێنەری یاسایی تاكەكانی خێزانی نەبێت، ئەگەر تەمەنی 18 ساڵیان تەواو نەكردبێت و قوربانییەكە بێ لێهاتوویی بێت، چاوپێكەوتنەكەش لەشوێنێك دەكرێت، كەدادوەری لێكۆڵینەوە یان دادگای تایبەتمەند دیاری دەكات، بەسەرپەرشتی توێژەری كۆمەڵایەتی لەنوسینگەكانی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژ بەئافرەت بەئامادەبوونی ئەفسەری بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی. یەكێك لەو پەرلەمانتارانەی واژۆی پرۆژەكەیان نەكردووە، رووپاك ئەحمەد، ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەریی كوردستانە، كەئەندامە لەلیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان لەوبارەیەوە بەهاوڵاتی وت :»یاسای پێشووی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی خۆی خراپ بوو، ئێستا دەبوو هەمواربكرێتەوە بۆ باشتربوون نەوەكو خراپتر بكرێت، ئێمە یاسا بۆ كۆمەڵگا دەردەكەین و دەبێت بەگوێرەی عورفەكانی كۆمەڵگەو ئایینی پیرۆزی ئیسلام بێت، نەك پێچەوانە بێت». رووپاك ئەحمەد دەشڵێت :»یەكێكی دیكە لەو خاڵانەی تێبینیمان هەیە، دوورخستنەوەی ئەندامانی خێزانە، هەرچەند ئەوە لەیاساكەی ساڵی 2011شدا هەبووە، ئەوەی رابردوو خراپ بووە، بۆیە هەڵوەشاندنەوەی خێزانەكانیش زۆر بووە، یاسا كۆنەكە هەواڵدەریشی تێدابوو، بەڵام هەندێك بڕگەی بۆ زیاتركراوە، بۆنموونە كە دەوترێت داواكاری گشتی ناچار دەبێت داواكە بجووڵێنێت، بابەتی هەواڵدەری لەهەندێك شار لەماوەكانی رابردووشدا جێبەجێ كراوە». هەر لەو بارەیەوە سەرچنار ئەحمەد، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت : «پڕۆژەكە خۆی هەموارە، یاسا كۆنەكە 10 ماددەیە، ئێستا كراوە بە 14 كە لەجیهاندا نەبووە هەموار زیاتر بێت لەیاساكە، دەبێت كۆی پڕۆسەكە رەتبكرێتەوە و ئەوەی پێشتر هەبووە كێشەیەكی ئەوتۆی نەبووە». وتیشی: «بابەتی هەواڵدەر ناكرێت تێكەڵی تایبەتمەندیی خێزان بكرێت، تووندوتیژیی خێزانی ناكرێت كەسی دیكە دەستوەردانی تێدابكات». ئەو پەرلەمانتارەی یەكگرتوو رایگەیاند: «مافی گشتی و تایبەت تێكەڵكراوە، لەبابەتی هەواڵدەردا دەڵێت ئەگەر دوو هاوسەر لەماڵدا كێشەو شەڕیان هەبێت، هاوسێكەیان دەتوانێت سكاڵا بكات و بڵێ پیاوەكە لەژنەكەی داوە یان بەپێچەوانەوە، ئەگەر خۆشیان ئاگایان لێنەبێت و دوای پێنج خولەك ئاشتببنەوە، هەر دەبێت بچنە دادگاو داواكاری گشتیش ناچاركراوە سكاڵایان دژ تۆماربكات كە بەگوێرەی یاساش داواكاری گشتی مافی سكاڵای تایبەتی نییە». هەر سەبارەت بەیاساكە شاخەوان رەئووف بەگ، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت: «ئێمە لەگەڵ پڕۆژەیاساكەدا نین، چونكە رەنگە بە رووكەش پڕۆژەیاساكە شتێكی باش بێت، یان خەڵك واتێگەیشتبێت لێی، بەڵام لەناوەڕۆكدا پێچەوانەی عورف و كلتووری كۆمەڵایەتی و شەرعی و دینیی كۆمەڵگەی ئێمەیە». هاوڵاتی پەیوەندیكرد بە زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان تا رای فراكسیۆنەكە لەو بارەیەوە بزانێت، بەڵام جەختیكردەوە ئەو راگەیەندراوەی هەیان بووە رای هەموو فراكسیۆنی یەكێتییە. فراكسیۆنی یەكێتی لەڕاگەیەندراوەكەیدا نووسیویەتی «سوورین لەسەر رێگریكردن لەتووندوتیژی دژی ژنان و مرۆڤایەتی بەهەموو شێوەیەك و دژی ژن كوشتنین، لەگەڵ ئەوەشدا بڕوای تەواومان بەپاراستنی ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیریی خێزانی هەیەو لەپرەنسیپە بنەڕەتیەكانمانەو خەباتیشی لەپێناودا دەكەین». بەڵام پێشەوا هەورامی، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان، بەهاوڵاتی وت: «پارتی و مێژووی پارتی پڕە لەهەڵوێست لەبەرگری لەهەموو ئایینەكان و ئایینی ئیسلام كەئایینی زۆرینەی خەڵكی هەرێمی كوردستانەو لەسەر رێچكەو رێبازی بارزانی نەمر لانادەین و دڵنیایی دەدەین كە رێگەنادەین یەك وشەش بە پاڵپشتیی ئێمە تێپەڕببێت كە هەستی موسڵمانان بریندار بكات». هەروەها لوقمان وەردی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی لەپەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت:» زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان كۆكبوون لەسەر ئەوەی نابێت ئەو یاسایە بەشێوەیەك تێپەڕێت دژی بنەماكانی ئایینی ئیسلام بێت». هاوكات عەبدوڵڵا شێركاوەیی، بەرپرسی راگەیاندن مەكتەبی جێبەجێكاری یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان بەهاوڵاتی راگەیاند: «دوای خوێندنەوەو هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون بۆمان دەركەوتووە، كەئەم پرۆژەیاسایە لەگەڵ بنەماكانی شەریعەتی ئیسلام ناگونجێ و پێچەوانەی نەریت و واقعی كۆمەڵگەی كوردی و ئاشتی كۆمەڵایەتییەو ئەگەری لێكەوتەی خراپی بۆ سەر شیرازەی خێزان هەیە، داواكارین لەپەرلەمانی كوردستان پرۆژەی ناواقعی و نەگونجاو بەكلتورو واقعی میللەتەكەمان نەخاتە بەرنامەی كارو هەوڵی بەیاساكردنی نەدات، چونكە دەركردنی یاسا بۆ خزمەت و بەرژەوەندی هاووڵاتیان و كۆمەڵگەیە نەك زیاتركردنی كێشە». هاوكات شێركۆ جەودەت، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت:» هەموو فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان رێككەوتووین لەسەر ئەوەی پرۆژەیاساكە دەبێت هەموار بكرێتەوەو هیچ دەقێكی تێدا نەبێت پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلام بێت». هاوشێوەی ناو پەرلەمان، لەدەرەوەی پەرلەمانیش راو بۆچوونەكان سەبارەت بەیاساكە دابەشبوون، لەوبارەیەوە هاوژین زیبا ژنە فێمینیست و چالاكی ژنان بەهاوڵاتی وت:»پرۆژە یاساكە بەگشتی باشە لەگەڵ ئەوەی كەپێویستەو ئەم باسانە وا دەردەكەون كە نوێ بن بۆ بەشێك لەپەرلەمانتاران كە دەبوو زۆر ئاگایانەتر مامەڵە لەگەڵ پرسەكاندا بكەن، توندوتیژی بەرامبەر بەژنان لەدنیادا یاسا كۆنترۆڵی كردووەو پێویستە لێرەش یاسا بەرقەراربێت بۆ نەهێشتنی توندوتیژیی». هاوكات شۆخان ئەحمەد رەشید پارێزەری راوێژكارو سەرۆكی رێكخراوی هاریكاری یاسایی ژنان كەئامادەی كۆبوونەوەكەی پەرلەمان بوو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»بەڕاستی ئێمە لەم رۆژە دەترساین كەئەم یاسایە بەسەلامەتی لەم خولە دەرناچێت، ئەمەش هۆكاری خۆی هەیە، لەگەڵ رێزم بۆ هەندێك لەپەرلەمانتاران، زۆربەیان باكگراوندی مەعریفیو یاساییان نییەو بەشی هەرە زۆریشیان وامان هەستكرد، ئێست یاساكە دەبینن، بۆیە زۆر بەتوندی دژی بوون». وتیشی:» لە2015وە ئێمە هەمواری یاساكەمان ئامادەیەو حەزمان دەكرد بیدەین بەپەرلەمان، بەڵام بەڕاستی وەكو وتم لەم خولەدا بەهۆی كەم ئەزمونی پەرلەمانتاران پەیوەست بەپرسە یاساییەكان، نەمانوێرا ئەوەبكەین، چونكە شارەزاییان نییە». بەوتەی شۆخان ئەحمەد «زۆربەی زۆری پەرلەمانتاران لەگەڵ ئەوەبوون ئەم یاسایە رەتبكرێتەوە بەو هۆیەشەوە گرژیو ئاڵۆزیی دروستبوو، ئێمەش وەك پارێزەرانو رێكخراوەكان پێمانوایە ئەگەر رەتبكرێتەوە باشترە لەهەمواركردنەوەی بەمشێوەیەی ئێستا، بۆیە رایدەگەیەنین شوكرین بەوەی پێشترو ئێستا دەستكاریی نەكرێت».
كونسوڵخانهی گشتی ئهمهریكا له ههولێر رایگهیاندوه، بهردهوامین له وهرگرتنی ڕاپۆرتی میدیای سهرچاوهی كراوه سهبارهت به هێرشی فڕۆكهی بێفڕۆكهوانی و ڕۆكێتی بهردهوام لهلایهن سوپای پاسدارانی ئێرانهوه له دژی گهلی كورد له تهواوی ههرێمی كوردستان. ئهوهشدهخاتهڕوو: حكومهتی ئهمریكا ناتوانێت هیچ دڵنیاییهك بدات كه ئهم هێرشانه كۆتایی هاتووه، بۆیه داوا دهكهین له ناوچه بهئامانجكراوهكان دووربكهونهوه:، وهك پردێ (نزیك كهركوك)، كۆیه (45كم له ههولێر) و زرگوێز/رانیه (ڕۆژههڵاتی سلێمانی.
هاوڵاتی بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەغداد دەڵێت: هەوڵی جددی هەیە رەوتی سەدر پەراوێز نەخرێن و بوونی ئەوان لەناو حكومەتدا پێویستیەو حكومەتەكە زیاتر سەقامگیرتر دەبێت، لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیش ئێمە نامانەوێت دابەشبوون هەبێ، بەڵام لەناو ئەوان دابەشبوون هەیە لەسەر زۆر بابەت كەپەیوەستە بەخۆیانەوە».. شوان محەمەد تەها بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەغداد لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ هاوڵاتی سەبارەت بەپرسی نەوت لەڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی، رایگەیاند: «لێکتێگەیشتن هەیەو ئەوان دەڵێن با بەپێی دەستوورو یاساو ئێمەش لەگەڵ ئەوەین و با یاسای نەوت و غاز دەربكرێت، ئەو پرسانە بە لێكتێگەیشتنی سیاسی چارەسەردەكرێن و من پێموانییە ئەگەر لێكتێگەیشتنی سیاسی هەبێت بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی ببێتە بەربەست». وتیشی: «خواستی ئێمە ئەوەیە لەگەڵ یەكێتی بگەینە رێككەوتن سەبارەت بەدانانی كوردێك بۆ پارێزگاری كەركوك، بەڵام ئەو بارودۆخەی لەكەركووك هەبووە ئیعتیرافمان پێنەكردووە، بۆیە نەچووینەتە ژێرباری ئەوەی پارێزگاری كەركوك كورد بێت یان كورد نەبێت». هاوڵاتی: مەرج و داواكاری سەرەكی ئێوە چیە بۆ رێككەوتن لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی؟ شوان محەمەد تەها: «داواكاری سەرەكی ئێمە داواكارییەكانی هەرێمی كوردستانەو تائێستا هیچ لایەنێكی سیاسی كوردی بەدیاریكراوی پارتی و یەكێتی شتێكی تاكلایەنەیان پێشنیارنەكردووەو تەنها ئەو بابەتانەن كە رەهەندی كوردستانیبوونیان هەیە وەك ناوچە جێناكۆكەكان و پرسەكانی هەرێم و پێشمەرگەو پرسی شەنگال». هاوڵاتی: سەبارەت بەپرسی نەوت لێكتێگەیشتن لەنێوانتاندا هەیەو گەیشتوون بەڕێككەوتن؟ شوان محەمەد تەها: «ئەوان دەڵێن با بەپێی دەستوورو یاسا بێت و ئێمەش دەڵێین بەڵێ بەپێی دەستوورو یاسا بێت و با یاسایەك بۆ نەوت و غاز دەربكرێت كەچەندین ساڵە دواخراوە، ئێمە دەمانەوێت یاساكە دەربكرێت». هاوڵاتی: لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر ئەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بەپرسی نەوتی هەرێمی كوردستان دەریكردوون لێكتێگەیشتنتان هەیە؟ شوان محەمەد تەها: «ئەو پرسانە بەلێكتێگەیشتنی سیاسی چارەسەردەكرێن و من پێموانییە ئەگەر لێكتێگەیشتنی سیاسی هەبێت دادگای فیدڕاڵی ببێتە بەربەست». هاوڵاتی: هەفتەی رابردوو هەواڵی ئەوە بڵاوكرایەوە كە محەمەد شیاع سودانی كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ سەرۆك وەزیران سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانی كردووەو بەڵێنی داوە ئەگەر ئەو ببێتە سەرۆك وەزیران رێگانادات پرسی نەوت ببێتە كێشە لەنێوان هەرێم و بەغداد، زانیاری تۆ لەم بارەیەوە چیە؟ شوان محەمەد تەها: «زانیاریم لەسەر ئەو سەردانە نییە». هاوڵاتی: لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا دابەشبوون و رای جیاواز هەیە سەبارەت بەداواكارییەكانی ئێوە؟ شوان محەمەد تەها: تائێستا نەخێر، ئێمە نامانەوێت دابەشبوون هەبێت، بەڵام لەناو ئەوان دابەشبوون هەیە لەسەر زۆر بابەت كەپەیوەستە بەخۆیانەوە». هاوڵاتی: لەسەر بابەتی سەرۆك كۆمار یەكێتی و پارتی لێكتێگەیشتنیان چۆنە؟ شوان محەمەد تەها: «تائێستا ماویەتی، لێکتێگەیشتن هەیە نەگەیشتووە بەرێككەوتن». هاوڵاتی: پارتی دیموكراتی كوردستان سوورە لەسەر كاندیدەكەی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار؟ شوان محەمەد تەها: «تائێستا رێبەر ئەحمەد كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار». هاوڵاتی: لەگریمانەی رێکكەوتنی پارتی لەگەڵا چوارچێوەی هەماهەنگی، پارتی دەگەڕێتەوە بۆ كەركوك؟ شوان محەمەد تەها: «بێگومان ئەوە یەكێكە لەبابەتەكانی ئێمە بۆ رێككەوتن لەگەڵا چوارچێوەی هەماهەنگی و بەپێی رێككەوتن دەمانەوێت ئاڵای كوردستان و پارتی لەكەركوك هەبێت و نامانەوێت لەبەردەم رەحمەتی كەسدا بین». هاوڵاتی: سەبارەت بەپارێزگاری كەركوك، لەگەڵا یەكێتی نیشتمانی كوردستان گفتوگۆتان هەیە بۆ ئەوەی كە پارێزگارێكی كورد دابنرێت؟ شوان محەمەد تەها:» ئەوە هەمیشە خواستی ئێمە بووەو نامانەوێت بگەڕێینەوە سەر چوارگۆشەی یەكەم، دیارە كێ هۆكاری ئەوە بووە بارودۆخی كەركوك بەچ ئاقارێكدا بكەوێت و ئێمە ئەو بارودۆخەی لەكەركوك هەبووە ئیعتیرافمان پێنەكردووە، بۆیە نەچووینەتە ژێرباری ئەوەی كورد بێت یان كورد نەبێت، بەقەد ئەوەی ئیعتیرافمان بەو واقیعەی كەركوكی ئێستا نەكردووەو ناشیكەین». هاوڵاتی: بەڵام رەخنەتان لێدەگیرێت كەپارتی دوای 16ی ئۆكتۆبەر گەڕاوەتەوە بۆ موسڵ و ناوچەكاتی تر بەڵام ناگەڕێتەوە بۆ كەركوك؟ شوان محەمەد تەها:» ئەوە رەخنە نییە ئەوە تەبریراتی نامەنتقییەو خەڵك دەزانێت بابەتی كەركوك بۆ ئێمە گرنگەو ئێمە نەمانوتووە موسڵ كوردستانەو نەشمانوتووە بەغدا كوردستانە، كێشەی ئێمە لەسەر ناوچە كوردستانییەكانەو هەڵوێستی نیشتیمانی لەسەر كوردستان دەبێت لەسەر شوێنەكانی دیكە نابێت». هاوڵاتی: دەمانەوێت رات بزانین لەسەر هەڵوێستی رەوتی سەدر، پێشبینی دەكەیت بۆ ئەو هاوپەیمانێتیەی لەنێوان یەكێتی و پارتی و سوننەكان و چوارچێوەی هەماهەنگی دروستدەكرێت، رەزامەندی سەدر وەربگیرێت، ئایا سەدر رەزامەندی دەبێت؟ شوان محەمەد تەها:» هەوڵی جددی هەیە رەوتی سەدر پەراوێز نەخرێن و بوونی ئەوان لەناو حكومەتدا پێویستییەكە حكومەتەكە زیاتر سەقامگیرتر دەبێت، ئێمە وەكو پارتی هەمیشە هەوڵمانداوە، كاتی خۆیشی كە لەگەڵ سەدر بووین هەوڵمانداوە لایەنەكان پەراوێز نەخرێن و لەسەر ئەو بۆچوونەی سەرەتا بەردەوامین تاوەكو ئێستاش». هاوڵاتی: پارتی ئێستا لەگەڵا چوارچێوەی هەماهەنگی لەگفتوگۆو هەوڵی رێككەوتندان، لەكاتێكدا پێشتر لەگەڵا رەوتی سەدر هاوپەیمانیتان هەبوو، ئەمە گرفتی بۆ دروستنەكردوون لەگەڵا هاوپەیمانە نوێیەكەتان (چوارچێوەی هەماهەنگی)؟ شوان محەمەد تەها:» ئێمە ئەوكاتەی لەگەڵ سەدریش بووین، بەربەستێكی ئەوتۆمان لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی نەبوو و تەنها كێشەكەی ئێمە لەسەر ئەو بابەتانە بوو كە پەیوەست بوون بەهەرێمی كوردستان و خەڵكی كوردستانەوە». هاوڵاتی: ئایا دوای رێككەوتنتان لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی وەكو لقی پارتی دەگەڕێنەوە بەغدادو بارەگاكەتان دەكەنەوە، لەكاتێكدا پێشتر وەكو ناڕەزاییەك دژی ئەو هێرشانەی كرایەسەرتان، بارەگەكەتان تەخت كرد؟ شوان محەمەد تەها:» من بەغدام جێنەهێشتووەو ئێمە ئیشی خۆمان هەر دەكەین، ئۆرگانەكانی پارتی وەك خۆیان لەبەغداو باشووری عێراق كاردەكەن. هاوڵاتی: واتە ئێستا بەرچاوتان روونە بۆ رێككەوتن لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی؟ شوان محەمەد تەها:» زۆر، چاوەڕێدەكەین پتەوتریش بێ». هاوڵاتی: سەركردەیەكی چوارچێوەی هەماهەنگی باسی دابەشكاری ژمارەی وەزارەتەكانی لەنێوان پێكهاتەكان كردووە، لە 22 وەزیر دەڵێت چوار وەزیر دەدرێت بەكورد، ئێوە ئەو پشكە بەكەم نازانن؟ شوان محەمەد تەها:»ئێمە مەسەلەی وەزارەتەكانمان زۆر بەلاوە گرنگ نییە بەقەد ئەوەی گرنگە ئەو بابەتانەی پەیوەستە بەهەرێمی كوردستانەوە جێبەجێبكرێن». هاوڵاتی: لەو هاوپەیمانێتیە نوێیەدا پرسی بودجەی هەرێم چارەسەركراوە؟ شوان محەمەد تەها:» بەڵێ ئەوەش یەكێكە لەو بابەتانە» هاوڵاتی: ئێوە داوای بودحە دەكەن، یان تەنیا بەهاتنی 200 ملیار دینار رازین؟ شوان محەمەد تەها:» نەخێر 200 ملیار بۆ كاتی قەیرانە، ئێمە داوای بودجەی هەرێمی كوردستان دەكەین».
خۆپیشاندانەکان لە دژی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە شارەکانی ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان بەردەوامەو شهوی رابردوو بریندارێكی دیكهی خۆپیشاندانهكان لە پیرانشار گیانی لەدەستدا. رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، بریندارێکی تری خۆپیشاندانەکان لە شاری پیرانشار گیانی لەدەستدا، بەوەش ژمارەی ئەو کوردانەی لەو خۆپیشاندانانە گیانیان لەدەستداوە بۆ نزیکەی ٢٠ کەس بەرزبووەتەوە، تا ئێستاش کۆی گشتی گیان لەدەستدان ٧٦ کەسی تێپەڕاندووە. رێکخراوی ھەنگاو بڵاویشیکردەوە، لە رۆژی دووشەممەوە تا ئێستا ٧٠ ژن لە شارەکانی رۆژھەڵات دەستبەسەرکراون و ناسنامەی ٥٢یان ئاشکرا بووە.
سەركۆ جەمال بانكی رافیدەین و چەند بانكێكی دیكەی عێراق ئامادەییان نیشانداوە لەهەرێمی كوردستان لقی خۆیان بكەنەوەو هاووڵاتیانی هەرێم لەپێشینەكانیان سودمەند بن، بەڵام دەستبەسەرداگرتنی موڵكەكانیان لەهەرێمی كوردستان لەلایەن حزبەوە رێگری سەرەكییە لەكردنەوەی لقی بانكەكانیان، شارەزایەكی بانكیش دەڵێت ئەگەر ئەو بانكانە لقەكانیان لەهەرێم بكەنەوە بازاڕ دەبووژێتەوە. عێراق لەهەرێمی كوردستان ژمارەیەك لقی بانكی حكومی كردووەتەوە وەك لقی بانكی رەشید، ، تی بی ئای، لەگەڵ ژمارەیەك بانكی دیكەی ئەهلی، بەڵام لەكاتی پێدانی قەرز لەبانكەكانەوە كێشە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دروستدەكرێت، چونكە لەڕێگەی هەژماری كارتی بانكییەوە قەرزەكان دەدرێت، بەڵام لەهەرێم ئەو هەژمارە نییەو نادرێتە هاووڵاتیان تاوەكو هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عێراق هاووڵاتیانی هەرێمیش لەو خزمەتگوزارییە سوودمەند بن. بانكی رەشید بانكێكی حكومەتی عێراقییەو ساڵی 1988 دروستكراوە، بانكێكی بازرگانیەو 162 لقی لەناوخۆی عێراقدا هەیە، ئەو بانكە لەبوارەكانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پشتیوانی دارایی كاردەكات، لەئێستاشدا فەرمانبەرانی ئاگاداركردووەتەوە بەپێدانی 40 ملیۆن دیناری قەرز بۆ كڕین یان دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون. بەوتەی شارەزایانی ئابووری نەكردنەوەی لقی ئەو بانكانەش لەهەرێم كاریگەری لەسەر تاكی هەرێم دەبێت، چونكە بەكردنەوەیان دەتوانرێت قەرز وەربگیرێت و مامەڵە داراییەكانیان ئەنجامبدەن و بەوەش هەلی كاری زیاتر دەڕەخسێت و بازاڕیش جموجوڵی باشتری تێدەكەوێت. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی راگەیاند:» بانكی رافیدەینی حكومی، رۆژی یەكشەممەی رابردوو، لەسەر داوای ئەوان، نووسراوێكی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراق كرد بۆ ئەوەی لقەكانی لەهەرێم بكاتەوە تاهاووڵاتیانی هەرێمیش سودمەندبن لەقەرزو پێشینەكانی بانكەكە». وتیشی:» باس لەڕێكارە كارگێڕی و یاساییەكان كراوە كەپێویستە لەلایەن هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵەوە بۆ ئەو كارە ئەنجامبدرێن و بانكی رافیدەینیش بەنووسراو داواكارییەكی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ كردووە بۆ وەرگرتنی رەزامەندییان لەسەر دووبارە كردنەوەی لقەكانی بانكەكە لەپارێزگاكانی هەرێم و لەئایندەیەكی نزیكدا وەزارەتی دارایی عێراق وەڵامی نووسراوەكە دەداتەوە». سەبارەت بەكردنەوەی لقی بانكەكانی عێراق لەهەرێم، ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بەهاوڵاتی وت:» پێشتر بانكی رافیدەین زۆر ئامادەیی هەبوو بۆ كردنەوەی لقەكانی لەكوردستان تەنها مەرجەكەی ئەوەبوو لەسلێمانی هەشت موڵكی هەیە دەستی بەسەرداگیراوە دووانی بۆ بگەڕێننەوە، بەهەمانشێوە لەهەولێر هەشت و لەدهۆكیش پێنج موڵكی هەیە كەسەردەمی بەعس موڵكی بووە، بەڵام دوای راپەڕینی ساڵی 1991 حزبەكان دەستیان بەسەرداگرتوون و نایاندەنەوە». ئەو ئەندامەی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق وتیشی:» بانكەكانی عێراق هیچ گرەنتییان نییە لەهەرێم بۆیە هیچ بانكێكیان ئامادەنین لەهەرێم لق بكەنەوە، جگە لەوەی حكومەتی هەرێم دەستكاری 42 لقی بانكی عێراق و دەرەوەی عێراقیشی كردووەو بەوهۆیەشەوە بانكەكانی دیكە ئامادەنین لەهەرێم لق بكەنەوە، بەتایبەتیش بانكی رافیدەین و رەشید داوای گرەنتییان كردووە». وەك ئەحمەدی حاجی رەشید دەڵیت «بانكی زۆر هەن لەهەرێمی كوردستان بەڵام بەشێكی زۆریان بیانین، بەشێكیشیان بانكی ئەهلی عێراقین، بەڵام بانكە حكومیەكانی عێراق لەبەرئەوەی حكومەتی هەرێم گرەنتی بانكییان ناكات هاووڵاتیانی هەرێم بێبەش بوون لەخزمەتگوزارییەكانی ئەو بانكانە». گوڵاڵە سدیق شارەزای بانكی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»بانكی رافیدەین كە بانكێكی حكومی عێراقییە، ناوبەناو لەمژدەكانی بۆ خەڵكی عێراق بەردەوامەو هەر وەرزەو كۆمەڵێك مژدە دەدات بەهاووڵاتیانی عێراق، بەڵام مژدەكانی هاووڵاتیانی هەرێم ناگرێتەوە، لەوانە سلفەی 150 ملیۆنی و 100 ملیۆنی و 50 ملیۆنی، چەند مانگێك پێش ئێستا لە بەهاری 2022 نوسینگەی راگەیاندنی بانكی رافیدەینی عێراق ئاگادارییەكی بڵاوكردەوە كە تێیدا هاتبوو (10) ملیۆن دینار وەك سولفە دەداتە خوێندكارو مامۆستاو تووێژەران لەزانكۆكانی عێراق بە(حكومی و ناحكومی)ییەوە، پێشتریش، بانكی رافیدەین، رایگەیاندبوو بانكەكەیان قەرزی (60) ملیۆن دیناری دەدات بەفەرمانبەران و خانەنشینان بەمەبەستی كرینی ئۆتۆمبێل، بەزیادەی 4%ی كۆی قەرزەكە». وتیشی: «قەرزەكانی بانكی رافیدەین، فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، لەئەگەری كردنەوەی لقی بانكی رافیدەین لەكوردستان، بەپێی ئەو پێشینەو ئەزموونانەی خەڵكی كوردستان هەیەتی لەگەڵ حكومەتی هەرێم، لەو بڕوایەدا نین حكومەتی هەرێم رێگەبدات (هاوڵاتی و فەرمانبەر) لەم قەرزانە سودمەند بن، خۆ ئەگەر سودمەند ببن بێگومان خەڵكێكی زۆر سودی لێدەبینێت و بازاڕیش دەبووژێتەوە». پێش دوو هەفتە بانكی رافیدەینی حكوومی لەعێراق كە قەرزو پێشینە بەهاووڵاتیان دەدات، نووسراوێكی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراق كردووە بۆ ئەوەی لقەكانی بانكەكە لەهەرێمی كوردستان بكاتەوە. بانكی رافیدەین، چەندین ئۆفەری پێدانی قەرزو پێشینەی بۆ هاووڵاتیان هەیە، وەكو پێدانی 100 ملیۆن دینار پێشینەی خانووبەرە و 50 ملیۆن دینار قەرزی كارو قەرزی كڕینی ئۆتۆمبێل و پێشینەی هاوسەرگیری. هاوكات رێبوار ئەوڕەحمان ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند:»تەنها كێشەی ئەو بانكانەی عێراق كە لەهەرێمی كوردستان لق ناكەنەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەدیاریكراویش پارتی و یەكێتین، چونكە جگە لەزەوییەكانیان بیناكانیشیان دەستی بەسەرداگیراوە». وتیشی:»ئەو بانكانە بەئێمەیان وتووە هیچ مەعقول نییە ئێمە بینامان هەبێت لەهەرێمی كوردستان و دەستی بەسەرداگیرابێت بەڵام بچینە خانووی كرێوە». بەوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق «ئەگەر ئەو لقانە لەهەرێم بكرێنەوە 17 جۆر پێشینەو سلفە دەدەنە هاووڵاتیانی هەرێم و بووژانەوەی زۆر روو لەهەرێمی كوردستان دەكات، چونكە هاووڵاتیانی هەرێم دەتوانن بەڕێوشوێنەكانی ئەو بانكانە پارە رابكێشن». پێشتر وسام ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بانكی رافیدەین، رایگەیاندبوو: « بانكەكەمان لەتوانایدا هەیە پێشینەو قەرز بدات بەهاووڵاتیان و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی فەرمانبەرو هاووڵاتیانی دیكەی عیراق، هەر كاتێك لەلایەن حكومەتەوە فەرمانمان پێبكرێت و رێنمایی دەربچێت، ئامادەین لقەكانی خۆمان لەپارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بكەینەوەو دەست بکەین بەپێدانی سلفەو قەرز بەهاووڵاتیان و فەرمانبەران». ئەو بەرپرسەی بانكی رافیدەین، ئاماژەی بەوەشكردبوو « نەبوونی لقی بانكەكە لەشارەكانی هەرێم، هۆكاری پێنەدانی قەرزە بەفەرمانبەرو هاووڵاتیانی هەرێم و بۆ كردنەوەی لقی بانكی رافیدەین، پێویستە حكومەتی عێراق رەزامەندی دەرببڕێت». هاوڵاتی چەند جارێك بۆ وەرگرتنی رای حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیوەندی بەجوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم و چەند بەرپرسێكی دیكە لەئەنجومەنی وەزیران كرد، بەڵام پەیوەندیەكانیان بەردەست نەبوون.
هاوڵاتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سهرۆکی یهکێتی نیشتیمانی کوردستان لەبارەی هێرشەکانی ئەمڕۆی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، "ئەمە پێشهاتێكی ترسناك و مەترسیدارە كە قووڵایی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و داوای دەستبەجێ راگرتنی دەكەین". دهقی ڕاگهیهندراوهکه: بەنیگەرانییەكی زۆرەوە لە بۆردومانەكانی ئەمڕۆی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆسەر خاكی هەرێمی كوردستان دەڕوانین كە چەندین شەهید و برینداری لێكەوتووەتەوە و دەیان خێزانیش ئاوارەبوون. ئەمە پێشهاتێكی ترسناك و مەترسیدارە كە قووڵایی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و داوای دەستبەجێ راگرتنی دەكەین. هیچ پاساوێك بۆ ئەم سنووربەزاندنە نییە و مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر ئارامی و ئاسایشی هەرێم و عیراق. داواكارین خاكی هەرێمی كوردستان بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشە سیاسی و سەربازییەكان بەكارنەهێنرێت و هاووڵاتییان نەكرێنە قوربانیی ململانێكان. داواكارین هەموولایەك خۆڕاگربن و گفتوگۆ بكەنە بنەمای چارەسەركردنی كێشەكان. داوا لە حكومەتی عیراق دەكەین ئەرك و بەرپرسیارێتی خۆی لە پاراستنی خاكی عیراق و هەرێم جێبەجێ بكات. سەروەری وڵات بپارێزێت و رێگری لە پێشێلكاری و چەندبارەبوونەوەی هێرشەكان بكات. پرسە و هاوخەمی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی كەسوكاری شەهیدان دەكەین و هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازین. وەك ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆمان، هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەكانمان راسپاردووە بە دڵسۆزییەوە ئەركەكانیان رابپەڕێنن و لەخزمەت هەموواندا بن. لە كۆتاییشدا دەمەوێت هەموولایەك دڵنیابكەمەوە بەئامانجگرتنی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و تێكدانی سەقامگیری خاكەكەمان هەرگیز لەیادناكەین و خوێنی خەڵكەكەمان لەبیرناچێتەوە. بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ٢٨ی ئەیلولی ٢٠٢٢
هاوڵاتی سهرۆکایهتی ههرێمی کوردستان ئیدانهی هێرشهکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دهکات و جهختيش لهوه دهكاتهوه كه نابێت ههرێمى كوردستان بكرێته گۆڕهپانى يهكلاكردنهوهى ململانێكانى لايهنه ناكۆكهكان, ڕاگهيهنراوێك له سهرۆكايهتيى ههرێمى كوردستانهوه سهركۆنهى بۆمبارانكردنى هێزهكانى كۆمارى ئيسلاميى ئێران بۆ چهند ئامانجێك له ههرێمى كوردستان و كهوتنهوهى قوربانى لهناو خهڵكى سيڤيلدا دهكهين و چهندبارهبوونهوهى ئهم هێرشانه به تهواوى ڕهتدهكهينهوه. ههڵوێستى ههرێمى كوردستان ڕوونه كه ڕێگه نادات هيچ ههڕهشهيهكى ئهمنى بۆ سهر وڵاتانى دراوسێ له سنوورييهكانييهوه ڕووبدات، له ههمان كاتدا جهختيش لهوه دهكاتهوه كه نابێت ههرێمى كوردستان بكرێته گۆڕهپانى يهكلاكردنهوهى ململانێكانى لايهنه ناكۆكهكان. له كاتێكدا دووپاتى دهكهينهوه كه چهك و هێز كێشهكان چارهسهر ناكهن و تاكه ڕێگهچارهيهك له بهرژهوهنديى ههموولايهكدا بێت تهنيا گفتوگۆ و ئاشتييه، داوا له حكوومهتى فيدراڵيى عێراق دهكهين ئهركى خۆى جێبهجێ بكات و خاك و سهروهريى وڵات بپارێزێت. سهرۆكايهتيى ههرێمى كوردستان 2022/9/28
هاوڵاتی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ئیدانهی هێرشهکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دهکات بۆ سهر بنکهو بارهگاکانی حزبهکانی ڕۆژههڵاتی کوردستان و ڕایدهگهیهنێـ دوژمنانی گهلهکهمان بههێرشهکانیان دهیانهوێت ڕای گشتی لە شۆڕشی سەرتاسەریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەلاڕێدا ببەن لهڕاگهیهندراوێکدا پژاک دهڵێت: "هێرشی دوو ڕۆژی ڕابردووی ڕژیمی تورکیا بۆسەر بارەگاکانی گەریلاکانمان لە ئاسۆس و هێرشەکانی ئەمڕۆی ڕژیمی ئێران بۆسەر بارەگاکانی کۆمەڵە و دیموکرات، دەرخەری ئەم ڕاستییەیە کە دوژمنانی گەلەکەمان هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی ڕای گشتی لە شۆڕشی سەرتاسەریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەلاڕێدا ببەن. ڕژیمی ئێران دەیەوێت بەم هێرشانە ڕێگە بۆ سەرکوت و کۆمەڵکوژیی گەلانی ڕاپەڕیو خۆش بکات." پژاک لە بەشێکی تری ڕاگهیهندراوهکهیدا بە ئاماژەدان بەوەی کە ڕژیمە فاشیست و داگیرکەرەکانی کوردستان هەمیشە لە یەکێتیی نەتەوەیی گەلی کورد و یەکڕیزیی گەلان ترساون، ڕایگەیاندووە: "لەبەر ئەوەیە داگیرکەران بەردەوام هێرش دەکەنە سەر گەلەکەمان. حزب و ڕێکخراوەکان و چالاکانی مەدەنی بە ئامانج دەگرن و هەر چوار بەشی کوردستانیان کردووەتە گۆڕەپانی جەنگ." پژاک بە دیاریکراوی دەستنیشانی کردووە کە ڕژیمی ئێران بەم هێرشانەی دەیەوێ بە شەڕ و توندوتیژی وڵامی فەلسەفەی ڕزگاریدەری "ژن، ژیان، ئازادی" بداتەوە. هاوکات تەئکیدیشی کردۆتەوە کە ئەو هێرشانەی بێ ئەنجام دەبێت و ڕایگەیاندووە: ئێستا گەلی کورد لە هەموو کات بەهێزتر و دوژمن لە هەموو کاتێک لاوازترە." پژاک وێڕای پرسە و سەرەخۆشی لە شەهیدان و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارانی ئەو هێرشانە ڕایگەیاندووە: "هێرش و پەلاماری لەمچەشنە ورەی شۆڕشگێڕیی گەلەکەمان لاواز ناکات، بەڵکوو لەسەر درێژەدان بە تێکۆشان و سەرهەڵدانەکان تا سەرکەوتنی یەکجارەکی مکوڕتری دەکات." پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بە ئاماژەدان بەوەی کە تاکە دۆستی گەلی کورد چیا سەرکەشەکانی کوردستانە، ڕایگەیاندووە: "سەرکەتنمان لە یەکگرتنماندایە. لەسەر ئەم بنەمایە بانگەوازی یەکێتیی نەتەوەیی-دیموکراتیک ئاراستەی گەلەکەمان دەکەین."
