هاوڵاتی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێم ئەمڕۆ چوارشەممە لە راگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، دەرگای پێشکەشکردنی داواکاری بۆ 12 پۆست لە زانکۆى پۆلیتەکینکى دهۆک دەکەنەوە و بۆ پۆستەکانیش مەرجە خوازیاران هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا یان ماستەر بن. دەقی راگەیەنراوەکە: وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ژمارەیەک پۆست لە زانکۆى پۆلیتەکینکى دهۆک بۆ جارى دووەم ڕادەگەێنێت. پۆستەکان: هارێکارێ سەرۆکی زانکۆیی بۆ کاروبارێن قوتابیان هاریکارێ سەرۆکی زانکۆیێ بۆ کاروبارێن زانستی و خواندنا بلند هارێکارێ سەرۆکی زانکۆیی بۆ کاروبارێن کارگێڕى و دارایى راگرێ کولیژا تەکنیکی ئەندازیارى راگرێ کولیژا تەکنیکی کارگێڕى دهۆک راگرێ پەیمانگەها تەکنیکی دهۆک راگرێ پەیمانگەها تەکنیکی شێخان راگرێ پەیمانگەها تەکنیکی ئامێدی راگرێ پەیمانگەها تەکنیکی زاخۆ راگرێ پەیمانگەها تەکنیکی شەنگال راگرێ پەیمانگەها تەکنیکی کارگێڕى دهۆک بەڕیوەبەری گشتى سەنتەری توێژینەوە مەرجەکان بۆ  پۆستى هاریکارێ سەرۆک زانکۆ و ڕاگرێ کۆلێژ و بەڕێوەبەرى گشتى سێنتەرى توێژینەوە: 1. هەڵگرى بڕوانامەى دکتۆرا بێت . 2. ناونیشانى زانستى لە پرۆفیسۆرى یاریدەدەر کەمتر نەبێت. 3. خزمەتى زانکۆیی لە (10) ساڵ کەمتر نەبێت. مەرجەکان بۆ  پۆستى  ڕاگرێ  پەیمانگەها: 1. بڕوانامەکەى لە ماستەر کەمتر نەبێت.  2. ناونیشانى زانستى لە مامۆستا کەمتر نەبێت. 3. خزمەتى زانکۆیی لە (10) ساڵ کەمتر نەبێت. تێبینیەکان: • ئەو بەڕێزەى داواکاری پێشکەش دەکات، باشترە دید و بۆچوون و بەرنامەى کاری خۆى پێشکەش بکات بۆ بەرەوپێشبردنى زانکۆ بۆ ئەو چوار ساڵەى کە پۆستەکە وەردەگرێت. • زانینی زمانى ئینگلیزى و شارەزایی لە بەکارهێنانى تەکنەلۆجیاى بوارى خوێندن و فێرکردن و کارایی بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى زانستى، هەلى زیاتر بۆ پێشکەشکار دەڕەخسێنیت. • پێشکەشکار پێویستە: (سى ڤى) ، (پوختەى ڕاژە) ، (یەکەمین فەرمانى زانکۆیی بەدەستهێنانى نازناوى زانستى) ، (لیستى ناو و ناونیشانى توێژینەوە زانستیە بڵاوکراوەکان) ، (وێنەیەک لە کارتى نیشتمانى یاخود ڕەگەزنامە) پێشکەش بکات. • دوا کات بۆ پێشکەشکردنى داواکارییەکە رۆژى شەمە ڕێکەوتى (2022/12/24) لە ڕێگەى ئەم بەستەرەى خوارەوە (https://forms.gle/XepNFZ11bWLusrpx7) دەبێت. • پێشکەشکار پێویستە پوختەى ڕاژەى لەلایەن سەرۆکایەتیی زانکۆ پەسند کرابێت.

89 رۆژ بەسەر کاردانەوەکانی مەرگی ژینا ئەمینی و کوژرانی دەیان خۆپیشاندەر و لەسێدارەدانی گەنجانی ناڕازیی تێدەپەڕێت، ناڕەزایەتییەکانیش لە ئاستی ناوخۆی نێودەوڵەتی دژی دەسەڵاتی ئێران بەردەوامە. ئەمڕۆ لە شاری سنە گەنجێک وەک دەبڕینی ناڕەزایەتی بۆیاخی سوری  بە نیشانەی رژانی خوێنی خەڵک و خۆپیشاندەران کرد بە پەیکەری هێمای ئازادیی لە مەیدانی ئێقباڵ لەو شارە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تەقەی لێکرا و بە برینداری دەستگیر کرا. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردەوە؛ سۆنیا شەریفی کچە خوێندکارێکی شاری ئاودانان لە ئیلام کە تەمەنی 17 ساڵە لە لایەن دادگایەکی ئێرانەوە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان و دژایەتیی خودا دراوەتە پاڵی و سزای سێدارە ئەو کچە کوردە دەگرێتەوە کە زیاتر لە دو مانگە دەستبەسەرە. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چالاکوانانی مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان هۆشداراییان دابو کە کەسوکاری فەرهاد و فەرزاد ئاگادارکراونەتەوە کە سزای سێدارەکەیان جێبەجێ دەکرێت بەڵام لە ژێر فشاری نێودەوڵەتی و هۆشداریی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان سزاکانی سێدارەی ئەو دو برایە و چەند گەنجێکی دیکە راگیراوە. سەرۆکی داواکاری گشتیی پارێزگای ورمێ رایگەیاند؛ سزای سێدارە بۆ فەرزاد و فەرهاد تەهازادە لە شاری شنو لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە و راشیگەیاندوە هیچ سزایەکی سێدارە بۆ گەنجانی شاری شنۆ نەبڕاوەتەوە، لێدوانی ئەو بەرپرسە لە کاتێکدایە هاوکات لە فەرزاد و فەرهاد کە بران سزای سێدارە بەسەر چوار گەنجی دیکەی ئەو شارەدا سەپێنرا و کەسوکار و پارێزەرانی ئەو گەنجانەش هەواڵەکەیان پشتڕاست کردبوەوە. حەسن عەبدۆلیان‌پور سەرۆکی ناوندی پارێزەرانی دەزگای داد لە ئێران رایگەیاند؛ بەکارهێنانی هەر جۆرە چەک و چەقۆیەک بە مەبەستی ترساندنی هێزی ئەمنی و خەڵک بە تاوانی موحاربە یان (دژایەتی خودا) لەقەڵەم دەدرێت. لێدوانی سەرۆکی پارێزەرانی دەزگای دادی ئێران لە کاتێکدایە تا ئێستا دو خۆپیشاندەری گەنج لە تاران و مەشهەد بە پێی ئەو یاسایە لەسێدارە دراون و لانیکەم 50 خۆپیشاندەری دیکەش هەر لەسەر بنەمای ئەو یاسایە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە. سزای سێدارەی خۆپیشاندەرێک هەڵوەشایەوە و عەباس موسەوی پارێزەری ماهان سەدرات کە بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرابو ئاشکرای کرد ئەو سزایە دوای راگرتنی بۆ ماوەی 48 کاتژمێر دواجار بە پێداچونەوەی دادوەرەکان سزای سێدارە بە تەواوی هەڵوەشایەوە. فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەنوسان (International Federation of Journalists) ئاشکرای کرد لە ماوەی نزیکەی سێ مانگی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران لانیکەم 58 رۆژنامەنوس بە بیانوی روماڵی ناڕەزایەتییەکان دەستگیر کراون و تەنها 30 لەو رۆژنامەنوسانە بە دانانی بارمتە و بە شێویەکی کاتی ئازاد کراون. رۆژی چوارشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئۆسترالیا محەمەد پورنەجەف، ئەرکداری باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە کانبێرا-ی پایتەختی ئەو وڵاتە بۆ شەشەم جار لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵات و ئێران بانگهێشت کرد. لیندا تۆماس گرینفێڵد، نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتوەکان لە کاتی کۆبونەوەی کۆمیسیۆنی ژنانی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند؛ دوای کوژرانی ژینا ئەمینی و کوشتنی دەیان خۆپیشاندەر و خەڵکی ناڕازیی لەو وڵاتە بونی نوێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆمیسیۆنی ژنانی نەتەوەیەکگرتوەکان پەڵەیەکی ڕەشە. دوای ئەوەی ئەمریکا پێشنیاری کرد نوێنەرایەتیی ئێران لە کۆمیسیۆنی ژنانی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان دور بخرێتەوە شەوی چوارشەممە ئەو کۆمیسیۆنە لە کۆبونەوەی خۆیدا بە ئامادەبونی نوێنەری 45 وڵات دەرکردنی نوێنەری ئێرانی خستە دەنگدانەوە و 29 وڵاتیش دەنگیان بە دەرکردنی دا.     وەزارەتی دەرەوەی ئۆسترالیا بڵاوی کردوەتەوە هۆشداریی دراوەتە کۆماری ئیسلامی ئێران کە لەسێدارەدان و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە و نیگەرانیی قوڵی وڵاتەکەمان گەیاندوەتە بەرپرسانی تاران.  

سەركۆ جەمال كێشەی وەسڵی لیژنەی «موشتەریات» واتە كڕین و فرۆشتنی ناحیەی قادركەرەم سەر بەقەزای چەمچەماڵ سەردەكێشێتە دادگا، یەكێك لەفەرمانبەرانی ناحیەكە دەڵێت بەناوی ئەوەوە وەسڵ واژۆ كراوە، بەڕێوەبەری ناحیەكەش دەڵێت هاوسەری ئەو فەرمانبەرە هەڕەشەی لێكردوە و رووداوەكەش بەناڕاست ناودەبات. پەیمان سەعدوڵا فەرمانبەر لەناحیەی قادر كەرەم  بەهاوڵاتی وت:»لە 26-1-2022 ەوە ئەندام بووم لەلیژنەی كڕینی ناحیەی قادركەرەم تاوەكو 31-8-2022، بەڵام ئەو شتانەی لەناو ناحیەكە كڕدراوە هیچ كەسێك لەلیژنەكە لەسەرۆكەوە تاهەردوو ئەندامەكە كەهەریەك لە (شەیدا عەبدولكەریم سەرۆكی لیژنە، پەیمان سەعدوڵا ئەندامی لیژنە، ئاواز سەید جەبار ئەندامی لیژنە)، ئاگاداری نەبووین». وتیشی:»هەر شتێك كەكڕدراوە لەدینارێكەوە تا 10 ملیۆن دینار ئێمە ئاگاداری نەبووین و كەسێك بەناوی ئێمەوە ئیمزای كردووە لەسەر وەسڵەكان كە لەناحیەكە دەوام دەكات، دوای سكاڵاكەش ئەو وەسڵانە هیچیان لەناو فەرمانگە نەماون». بەوتەی ئەو فەرمانبەرە «لەكاتێكدا لیژنەی كڕین نابێت لەسێ بۆ شەش مانگ زیاتر ئەندامەكانی بمێننەوە، بەڵام لەلیژنەكەدا ناوی خێزانی لێپرسراوی كارگێڕی ناحیەی بەردەوام تێدایە». هاوكات عەدنان ساڵەیی، هاوسەری فەرمانبەرەكەی ناحیەی قادركەرەم، كە ئەویش سكاڵای لەسەر بەڕێوەبەری ناحیەی قادركەرەم تۆماركردووە، بەهاولڵاتی وت:»هاوسەرەكەم لەناحیەی قادركەرەم دەوام دەكات، بەناوی ئەوەوە واژۆ كراوەو شت كڕدراوەو نەیزانیوە چییان كڕیوە». وتیشی:»كاتێك بەڕێوەبەری ناحیەی قادركەرەممان ئاگاداركردەوە وتی ئاگادارنیم، بەڵام ئێمە وتمان سكاڵا تۆماردەكەین، ئیتر لەمە ترسان و دەستپێشخەرییان كردو بەڕێوەبەری ناحیەو ژمارەیەك كارمەندی ناحیەو قایمقامیەتی چەمچەماڵ سكاڵایان لەسەر تۆماركردم و لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركرام». ئەو هاووڵاتییە دەڵێت:» كەچوومە لای دادوەر وتیان تۆ بوویت بەمافیاو رۆژی 31-9-2022 هەڕەشەت كردووە، بەڵام ئەو رۆژە من لەوكاتەدا لەستۆدیۆی كەناڵێك لەبەرنامەدا بووم، دواتر كە بەڵگەكانم خستەڕوو بەكەفالەت ئازادكرام، لەدوای سێ مانگ و هەشت رۆژ لەچەمچەماڵ دۆسیەكەمان گواسترایەوە بۆ پیرەمەگرون، دوای پەیوەندیكردن بەدادگای پیرەمەگرون وتەیان لێوەرگرتین». بەڵام سدیق محەمەد بەڕێوەبەری ناحیەی قادركەرەم لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» من سكاڵام لەسەر ئەو تۆماركردووە، مەسەلەی وەسڵەكانیش كەدەوترێت بەناوی ئەوەوە واژۆكراوە راست نییەو خۆی ئاگادارە، گواستنەوەی دۆسیەكەش لەچەمچەماڵەوە بۆ پیرەمەگرون لەسەر داوای ئێمە بووە، چونكە خێزانم حاكمە لەدادگای چەمچەماڵ تا وابیرنەكرێتەوە كە لایەنگری تێدا دەبێت هاوسەرەكەی و ئەو فەرمانبەرەش سكاڵای تۆماركردووەو دادگا دۆسیەكە یەكلایی دەكاتەوە». وتیشی:»كەیسەكە یەكەمجار گواسترایەوە بۆ سلێمانی و لەوێش گواسترایەوە بۆ پیرەمەگرون، لەبەر ئەوەی سكاڵام لەسەر تۆماركردووە، ئەویش چووە سكاڵای تۆماركردووە، لەكاتی دەوامی فەرمیدا لەناو ناحیەكە هەڕەشەی كردووەو وتوویەتی بۆ دەوامی خێزانەكەم زیادكراوە». سدیق محەمەد دەڵێت:»سێ كەس ئەو رۆژە كارێكیان هەبوو لەناحیەكەو دواتر نێردران بۆ ئاسایش، بەڵام كە هاتنەوە بۆ ناحیەكە دەوام كاتێكی كەمی مابوو خێزانەكەی پێی وتووە نایەڵن بڕۆمەوە لەكاتێكدا دەبوو كاروباری ئەو سێ كەسە رایی بكات، ئەویش هاتووە هەڕەشەی كردووە لەناو ناحیەكە جگە لەوەش چەند جارێك بەئۆتۆمبێل دەوام كەوتووەو هەڕەشەی كردووە». «مەسەلەی وەسڵەكان ئەو كارمەندە خۆشی ئاگادارەو خۆی بەو كەسەی وتووە واژۆی بكە، هیچ گەندەڵییەكی تێدا نییە، چونكە نەسریەی ناحیەكە لە 500 هەزار كەمترەو هی ئەوە نیە گەندەڵی تێدا بكرێت، جگە لەوەی وەسڵەكان دەچێتەوە قایمقامیەت، ئێستاش خێزانی لەناحیەكە دەوام دەكات، بەڵام لەلیژنەی كڕین نەماوە، چونكە دەوام كەم دەكات». بەڕێوەبەری ناحیەی قادر كەرەم وادەڵێت. لەبەرامبەر وتەكانی بەڕێوەبەری ناحیەی قادركەرەم، عەدنان ساڵەیی دەڵێت:»یەكەمجار لەچەمچەماڵ بەهۆی ئەوەی خێزانی بەڕێوەبەری ناحیەی قادركەرەم لەدادگای چەمچەماڵا دەوام دەكات سكاڵایان لێوەرنەگرتم، بۆیە كاتێك بانگ كرام بۆ دادگای پیرەمەگرون سكاڵام تۆماركرد». وتیشی:»ئەوەی كەدەڵێت خێزانم دەوامی نەكردووە، راست نییەو تەنانەت دەوامی زیادیشی پێكراوە، تەنانەت چەند جارێكیش پاسی دەوام جێیهێشتووە بەهۆی ئەوەی بەڕێوەبەری ناحیە خێزانەكەمی زیاتر لەدەوام هێشتووەتەوە».

هاوڵاتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، ئەندامی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، بە پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند، کە بابەتی نەوت، بوودجە و پشکی هەرێم لە بەشەبوودجەی ٢٠٢٣ـی عێراق، لەو بابەتانەن کە بۆی هاتوون. لەبارەی ناردنی پشکی هەرێم گوتی "وەزارەتی دارایی عێراق، لە تەواوی ساڵی ٢٠٢٢دا، تەنیا دوو مانگ پارەی بۆ هەرێمی کوردستان خەرجکردووە". وەزیری دارایی و ئابووری، گوتیشی:''بەشێکی سەردانەکەمان تایبەت بوو بە داکۆکیکردن لە بەشەبوودجەی هەرێم، هەروەها ئەو کێشانەی کە پێشتر لەنێوان هەولێر و بەغدادا هەبوون، هەروەها کێشەی میلاکاتی فەرمانبەران، بابەتی خەرجی و داهاتمان بەتەواوەتی چارەسەر کرد.'' لەو سەردانەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، بابەتێکی دیکە کە گفتوگۆی لەسەر کراوە، بابەتی نەوتە، کە بووەتە کێشەیەکی هەڵپەسێرداوی نێوان هەولێر و بەغدا، ئاوات شێخ جەناب، ئاماژەی بەوەدا کە لە کۆبوونەوەکانیان گفتوگۆیان لەبارەی نەوتەوە کردووە و هەنگاوی زۆر باشیان ناوە و تاڕادەیەک لێکتێگەیشتن لەنێوانیان هەیە. لەبارەی درەنجامی کۆبوونەوەکایشەوە گوتی "کۆکبووین لەسەر ئەوەی کە لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێكکەوتنی سیاسی و بەرنامەی وەزاری حکومەتی نوێی عێراق، چارەسەر بۆ ئەو بابەتانە بدۆزینەوە". وەزیری دارایی و ئابووری ئەوەشی گوت:''وەکو وەزارەتی دارایی و ئابووری، بە فەرمی داوامان ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە، بۆ خەرجکردنی پشکی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی ئابووریش باسمان لەوە کردووە و بەڵێنیان پێداین، کە لە ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری بکەن.دوای هەوڵەکانی شاندەکەش، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا کە پارەی دوو مانگی هەرێم بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.'' وەزیری دارایی و ئابووری، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمجارە بەراورد بە جارەکانی دیکە، تاڕادەیەکی زۆر گەشبینترن و دەرئەنجامی گفتوگۆیەکان بە دڵی هاووڵاتییان دەبن، هەوڵی زۆریشیان داوە بابەتی بوودجە و پشکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مسۆگەر بکەن، بەشێوەیەک کە نەکەوێتە ناو کێشمەکێشی سیاسی و قۆزتنەوەی سیاسیش دژی هەرێمی کوردستان بکرێت. لەبارەی کەشی کۆبوونەوەکانەوە، ئاوات شێخ جەناب کە ئەندامێکی شاندەکەی هەرێمە بۆ بەغدا، گوتی: دەرئەنجامی کۆبوونەوەکان ئەرێنین و وەکو چۆن سێ ڕۆژە ئێمە بە ئەرێنی بینوویمانە.

هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا چڕتر بونەتەوە و شەوی رابردو چەند گوندێکی گرێسپی و شێراوا و سنوری کۆبانێ بەچڕی تۆپباران کران.  سەرچاوەکانی هەواڵ بڵاویان کردوەتەوە تورکیا دەستی لە هێزەکانی رژێمی سوریا نەپاراستوە و چەند بنکەیەکی سەربازانی ئەو وڵاتەی بۆردومان کردوە. میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان بڵاویان کردەوە، شەوی رابردو سوپای تورکیا بەچڕی هەریەک لە گوندەکانی ئەبو سەرۆ، رێگای ئیم فۆڕ و عەین عیسای تۆپباران کردوە. ئاماژەی بەوەشکردوە هەریەک لە ناوچەکانی شێراوا، گوندی زەرێ، تەپەخانێ، خانێ و  قەران لە ناوچەی عەین عیسا و تل تەمر و تل لەبەن بەچەکی قورس کراونەتە ئامانج. میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان، ئەوەشیان خستوەتە رو کە لە هەمانکاتدا خاڵە سەربازییەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق لە گوندی کۆر عەلی کۆبانێ لەلایەن سوپای تورکیاوە تۆپباران کراوە  بەڵام لە بارەی زیانەکانەوە هیچ زانیارییەک ئاشکرا نەکراوە.

پاتریک ڕیدەر وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند، دەورییە هاوبەشەکانی نێوان هاوپەیمانان و هەسەدە "بەتەواوی" دەستیپێکردووەتەوە کە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیاوە راگیرابوون. ڕیدەر لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە دۆخی هێزەکانی هاوپەیمانان لە سوریا و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ هەسەدە کرد و وتی، " بەناوی هێزەکانی ئەمریکاوە دەتوانم بڵێم، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانمان لەگەڵ هەسەدە، دژی داعش دەستی پێکردووتەوە." وتەبێژی پنتاگۆن باسی ئەوەشی کرد کە هێزەکانی ئەمریکا بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە، راستەوخۆ رووبەرووی مەترسی ببوونەوە، بەڵام دۆخەکە ئاساییە و لە ئێستادا هیچ مەترسیەکی دیکە لەسەر هێزەکانیان دروست نەبووە. لە وڵامی پرسیارێکدا لەبارەی  ئەوەی، ئایا تورکیا سوورە لەسەر هێرشی زەمینی بۆسەر باکوری سوریا یان نا؟ پاتریک ڕیدەر وتی، نامەوێت لەبری تورکیا قسە بکەم، بەڵام بەناوی ئەمریکاوە دەڵێم کە لەگەڵ هەسەدە چالاکیەکانمان بە تەواوی دەست پێکردووەتەوە و دەوریەکانمان پێکەوە لە نۆی مانگەوە ئۆپراسیۆن ئەنجام دەدەن. بەهۆی هێرشی دەوڵەتی تورکیاوە کە شەوی ١٩ی تشرینی دووەم دەستی پێکرد، هێزەکانی سوریای دیموکراتی لە ٢٣ی ئەو مانگەدا رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانەوە، هەموو چالاکی و ئۆپراسیۆنێکیان لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان راگرتووە و خۆیان بۆ وڵامدانەوەی هێرشەکانی تورکیا ئامادە دەکەن.

ناوەندی هەرانا رایگەیاند، ژمارەی کوژراوەکانی خۆپیشاندانە سەرتاسەریەکەی ئێران بۆ نزیکەی ٥٠٠ کەس بەرزبوەوەتەوە. ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران (هەرانا)، ئامارێکی نوێی لەبارەی کوژراوەکانی خۆپیشاندانە سەرتاسەریەکەی ئێران بڵاوکردەوە کە لە 16ی ئەیلولەوە، دوای کوشتنی ژینا ئەمینی کچە کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە تاران لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە، دەستی پێکرد. بەگوێرەی ئاماری هەرانا، تاوەکو ئێستا ٤٩٣ کەس کوژراون و خۆپیشاندانەکانیش لە ١٦١ پارێزگا و شاروچکە بەردەوامن. هەرانا دەڵێت: لەنێو کوژراوەکاندا، ٦٨ منداڵ و نەوجەوان و ٦٢ کەس لە هێزە ئەمنیەکان هەن. هەروەها تاوەکو ئێستا ١٨ هەزار و ٤٢٤ کەس دەستگیرکراون کە ٦٣٢ کەسیان خوێندکارن. خۆپیشاندانەکانی سەرتاسەری ئێران ٨٨ رۆژە بەردەوامە و رۆژهەڵاتی کوردستان پێشەنگایەتی خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکان دەکات. بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تەنیا لە رۆژهەڵاتی کوردستان نزیکەی ١٢٥ هاوڵاتی کورد کوژراون.

  هاوڵاتی رۆژنامەی هاوڵاتی بەدواداچوون دەكات بۆ ئەو دۆسیانەی لەسنووری بەڕێوەبەرایەتی تۆماركردنی خانووبەرەی چەمچەماڵ بردراون، وەزارەتی داد رایگەیاند: هێزێك سەرجەم دۆسییەكانی موڵكەكانی (قادر كەرەم)یان بەدۆڵابەكەوە بردووە، بەڵام سەرچاوەیەكی بەرپرس لەسنووری قەزای چەمچەماڵ دەڵێت: ئەو دۆسیەیانە نەبراون و نەڕفێنراون، گرنگ ئەوەیە لەشوێنێكی سەلامەتدان و وتیشی: لایەنێك بەنیازبوو ئەو دۆسیانە بەلایەكدا ببات  و بەكاریانبهێنێت، ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات: ئەو دۆسیانەی لەسنووری بەڕێوەبەرایەتی تۆماركردنی خانووبەرەی چەمچەماڵ بردراون، بەفەرمانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بووە. رۆژی هەشتی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٢ وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە: «رۆژی سێشەممە ٦ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٢،  هێزێك كە نزیكەی (٥٠) كەس بوون هەڵیانكوتایەسەر بەڕێوەبەرایەتی تۆماركردنی خانووبەرەی چەمچەماڵ و داوایان لەبەڕێوەبەری فەرمانگەكە كرد كەهەموو دۆسیەكانی ناوچەی (قادر كەرەم) كەنزیكەی (٣٥٠ تا ٤٠٠) دۆسیەیە رادەستیان بكات بەبێ ئەوەی هیچ نووسراوێكی فەرمیان لەلایەن دادگا یان لایەنێكی فەرمی رێپیدراو پێبێت». وەزارەتی داد ئەوەشی خستەڕوو:» دوای ئەوەی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ناوبراو گوێڕایەڵی داواكاریەكەیان نەبوو، هەستان بەشكاندنی قوفڵی ژووری دۆسییەكان و سەرجەم دۆسییەكانی موڵكەكانی (قادر كەرەم)یان بەدۆڵابەكەوە بردووە، هەروەها دیسكی كامێرای بەڕێوەبەرایەتی ئاماژەپێكراویان بردووە، ئێمە ئەم كردەوەیە بەشكاندنی سەروەری یاساو زێدەڕەوی لەسەر هەیبەتی دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم دەزانین و پێشێلكردنێكی زەقە لەسەر بەڵگەنامەو دۆكیومێنتی خاوەندارێتی هاووڵاتیانی ناوچەكە». رۆژنامەی هاوڵاتی بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە پەیوەندی بە نەریمان تاڵب وتەبێژی وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كرد، بەڵام ناوبراو رایگەیاند جگە لەو بەیاننامەیە هیچ قسەیەكی دیكەیان نییە. هاوكات رۆژنامەی هاوڵاتی پەیوەندیكرد بە هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند:»وەزارەتی داد لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری سنوورەكە سەرقاڵی بەدواداچوونە بۆ دۆسیەی بەڕێوەبەرایەتی تۆماركردنی خانووبەرەی چەمچەماڵ كەدەوترێت هێزێك هەڵیكوتاوەتەسەرو ژمارەیەك دۆسیەی بردووە». لەمیانی بەدواداچوونی زیاتر بۆ ئەو دۆسیەیە، رۆژنامەی هاوڵاتی قسەی لەگەڵ بەرپرسێكی پەیوەست بەدۆسیەكە كرد كەبەرپرسیارێتی هەیە لەسنووری قەزای چەمچەماڵ، ناوبراو رایگەیاند:»ئێمە لەهەوڵداین بۆ پاراستنی دۆسیەكان، گرنگ ئەوەیە لەشوێنێكی سەلامەتدان، دۆسیەكان نە براون نە رفێندراون، ترسێك هەبووە لەو دۆسیانە لەو شوێنەدا بەفەرمانی سەروو خۆمان (جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم) لەو شوێنە براون و هەموو دۆسیەكان وەكو خۆیانن». ئەو بەرپرسە وتیشی:» لایەنێك بەنیازبوو ئەو دۆسیانە بەلایەكدا ببات  و بەكاریانبهێنێت، ئەو دۆسیانەش پەیوەندیدارنین بەتاپۆی چەمچەماڵەوە، بەڵكو پەیوەستن بەو ناوچانەی غازیان تێدایە، تەنها شێوازی جێبەجێكردنەكەی بەدڵی من نەبووە ئەگەرنا رێكارێكی ئاسایی بووە، رەتیشیكردەوە بردنی دۆسیەكان پەیوەندی بەهیچ كەسێكەوە هەبێت». هاوڵاتی چەندینجار پەیوەندی بەبەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی تۆماركردنی خانووبەرەی چەمچەماڵەوە كرد، بەڵام ژمارەكەی داخرابوو، وەڵامی پەیامە دەنگیەكانیشی لەڕێگەی واتسئەپ و تیلیگرام نەدایەوە.  

هاوڵاتی تیمی وەزاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: ناردنی 400 ملیارەکە لەسەر بنچینەی رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانی نێو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە.  دەقی راگەیەنراوەکەی تیمی وەزاری یەکێتی: ‎‎ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەزۆرینەی دەنگ بریاریدا لەسەر خەرجکردنی ٤٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای برگەی ٢٣/ج لە رێککەوتنی سیاسیی لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەتی عێراق کە زۆربەی لایەنە سیاسیەکان ئیمزایان لەسەر کرد و بە ڕاگەیاندنی هاوپەیمانییەتییەک بەناوی ئیدارەی دەوڵەت و رێککەوتنەکە بووە کارنامەی کابینەی بەڕێز محەممەد شیاع سودانی و متمانەی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێنا و لە ئێستادا بڕگەکانی ئەو رێککەوتنە کەوتوونەتە بواری جێبەجێ کردنەوە و لەناویاندا پرسی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٢. ‎هەر دەستکەوتێک بۆ گەلەکەمان بێت، جێی شانازیی و پێزانینی زۆرە لەلای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئیدی هەرکەس ولایەنێک بەئەنجامی گەیاندبێت، و تیمە وەزارییەکەی یەکێتی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، هەمیشە داکۆکیکردن لە مافی هاوڵاتیان بە ئەرکی لەپێشینەی خۆی زانیوە، بۆیە بە گەرمی پێشوازی لە بڕیاری ناردنی ٤٠٠ ملیار بۆ هەرێمی کوردستان دەکەین. هەر بۆیە تیمی یەکێتی لەکابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بە پێویستی زانی هەندێک زانیاری دروست بڵاو بکاتەوە: ‎یەکەم: ‎شاندی دانووستانی حکومەتی هەرێم کە ئێستا لەبەغدادە، بە بریاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پێکهاتووە، وگەڕی یەکەمی دانووستانەکان بۆ ماوەی یەک هەفتە بە سەرۆکایەتی دکتۆر دارا رەشید وەزیری پلاندانان وئەندامیەتی دکتۆر ئامانج رەحیمی سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانە کە هەردووکیان لە تیمی یەکێتییە لەگەڵ بەڕێزەکانی تری وەفدەکە.  دووەم: ئەم ٤٠٠ ملیارە لەسەر بنەمای رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتە کە حکومەتی عێراقییان پێک هێنا بەسەرۆکایەتی بەڕێز محەممەد شیاع سودانی، بۆ وەبیرهێنانەوەش هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە چەند ڕۆژی رابردوو لەماڵی سەرۆک مام جەلال لە بەغداد کۆبوونەوە. ‎سێیەم: ‎دیاری کردنی بڕی ٤٠٠ ملیارەکەش بۆ مانگی ١١ و ١٢ی ٢٠٢٢، لەسەر بنەمای یاسای بودجەی ٢٠٢١ بووە کە ئەوکات شاندی حکومەتی هەرێم بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ حکومەت و پەرلەمانی عێراق رێککەوتن و لە یاسای بودجەی ئەو ساڵە جێگیر کرا و ئێستاش لەسەر ئەو بنەمایە ئەو پارەیە دیاری کرا لە رێککەوتنی لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەت و دواتر حکومەتی عێراقی خستییە بواری جێبەجێ کردنەوە وەک هەموو بڕگەکانیتری رێککەوتنەکە.   ‎لە کۆتاییدا دووپاتی دەکەینەوە کە؛ مایەی دڵخۆشی ئێمە و دەستخۆشییەکی زۆرە بۆ حکومەتی فیدراڵ و هەموو ئەو کەسانەی بەشدار بوون لە دەرچواندنی ئەم بڕیارە راست و درووستە، بەڵام کارێکی ناڕەوایە  بکرێتە دەستکەوتی تاکە کەس و لەم بابەتانەش وەک هەمیشە تاکڕەوەی بچەسپێندرێت بە پەراوێزخستنی راستییەکان.  ‎ ئێمە بەتوندی راگەیەندراوەکە کە بە ناو حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاو کراوەتەوە دەربارەی ٤٠٠ ملیار دینارەکە رەت دەکەینەوە، چونکە ئەوەی باس کراوە لەو راگەیەندراوە بێڕێزیە بەرامبەر تیمەکەمان.  ئێمە وەک بەشێکی سەرەکی ئەم حکومەتە رایدەگەیێنین کە؛ بە هیچ شێوەیەک ئەوە راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان نیە، بەڵکو دووبارە تەعبیرکردنە لە ڕای یەک حزبی ناو حکومەت. هەر ئەو جۆرە تاکڕەویەشە کە ئێمەی نیگەران کردووە و وای لێ کردووین هەڵوێستمان هەبێت. ‎تیمی وەزاری ‎یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

ئەمڕۆ 88 رۆژ بەسەر ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا تێدەپەڕێت و لە شاری مەشهەد رێگریی کرا لە بەڕێوچونی رێوڕەسمی جەماوەریی و پرسەی مەجیدڕەزا رەهنەوەرد کە رۆژی رابردو لەسێدارە درابو، هاوکات کەشی ئەمنیی و سەربازیی بەسەر شاری جوانڕۆدا سەپێنرا بەهۆی ناڕەزایەتیی خەڵکی ئەو شارە دژی دەستگیرکردنی مامۆستایەکی ئاینیی و سێ گەنجی کورد مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە. مەلا سەیفوڵڵا حسێنی بە تۆمەتی پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و شاری جوانڕۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە شەوی دوشەممە دەستگیر کراوە و ئەوەش توڕەیی خەڵکی شارەکەی لێکەوتەوە جەماوەرێکی زۆر تا بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە لەبەردەم قائیمقامیەتی جوانڕۆ کۆبونەوە و داوای ئازاکردنی ئەو مامۆستا ئاینییەیان کرد. دادگایەکی ئێران لە شاری ورمێ سزای سێدارەی بەسەر چوار گەنجی دیکەی شاری شنۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان سەپاندوە و بەوەش تا ئێستا شەش گەنجی ئەو شارە کە دوانیان بران بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە. سەرچاوەیەک لە کەسوکاری فەرهاد و فەرزاد تەهازادە کە بران و سزای سێدارەیان بۆ بڕاوەتەوە رایگەیاندوە؛ بڕیارە رۆژی چوارشەممە سزای سێدارەدانی ئەو دوو برایە جێبەجێ بکرێت. تا ئێستا زیاتر 15 گەنجی کورد لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و تاران و کەرەج سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە. رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا داوای راگرتنی سزای سێدارەی سامان سەیدی ناسراو بە یاسین، هونەرمەند و راپەری شاری کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستانی کرد کە بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکانی شاری تاران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە و بە پێی بەیاننامەکەی ئەو رێکخراوەیە؛ سامان یاسین بە مەبەستی لەسێدارەدانی لە زیندانی ئێڤین لە تاران بۆ زیندانی رەجایی شار لە کەرەج گوازراوەتەوە و مەترسیی راستەقینە لەسەر ژیانی هەیە. ئەمڕۆ دوای رۆژێک لە سێدارەدانی مەجیدڕەزا رەهنەوەرد هێزە ئەمنییەکان رێگەیان نەدا رێوڕەسمی جەماوەریی و پرسە بۆ ئەو گەنجە لە شاری مەشهەد بەڕێوبچێت. رۆژی سێشەممە وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا ئەرکداری باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە پاریس بانگهێشت کرد و ناڕەزایەتیی وڵاتەکەی لەسەر سەرکوتی خۆپیشاندەران و فڕۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە روسیا ئاڕاستەی تاران کرد. فەڕەنسا داوای لە ئێران کردوە سزای سێدارە راگرێت و رەچاوی مافە رەواکانی خۆپیشاندەران و خەڵکی وڵاتەکەی بکات. تەنها لە تاران سزای زیندانیی دورودریژ بۆ 400 خۆپیشاندەری دەستگیرکراو بڕایەوە و سەرۆکی داواکاری گشتیی شاری تاران ئەمڕۆ ئاشکرای کرد لەو ژمارەیە 160 کەس پێنج ساڵ بۆ 10 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە و 80 کەسیشیان دو بۆ پێنج ساڵ زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە و 160 دەستگیرکاویشیان سزای دو ساڵ زیندانی و 70 دەستگیرکراوی دیکەیسزای مادییان بەسەردا سەپێنراوە. دژی لەسێدارەدانی دەستگیرکراوان ئەمڕۆ لە زانکۆی پزیشکی شاری تەبرێز رێپێوان بەڕێوەچو و خوێندکارانی ئەو زانکۆیە داوای راگرتنی سزای سێدارەیان کرد و لە تاران و شیراز و مەشهەد و کامیارانیش ناڕەزایەتیی دژی سزای سێدارە بەڕێوچو. ئەمڕۆ لە شاری فرانکفۆرت لە ئەڵمانیا مانگرتن و ناڕەزایەتیی دژی دەسەڵاتی ئێران و سزای سێدارە بەڕێوچو و لە شاری لەندەن و مانچستر لە وڵاتی بەریتانیا لەبەردەم نوسینگەی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی گردبونەوە دژی دەسەڵاتی ئێران و سزای سێدارە بەڕێوەچو. هاوکات لە شاری میلان و تورین لە وڵاتی یتاڵیا و ئۆکلاند لە نیوزلەندا و ئیستانبوڵ لە تورکیا و سیدنی لە ئۆسترالیا و گۆتێنێرگ لە سوید ناڕەزایەتیی و گردبونەوەی چالاکوانان دژی دەسەڵاتی ئێران و سزای سێدارە بۆ خۆپیشاندەران بەڕێوەچو. وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رۆژی سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند 12 بازرگانی روسیا و ژمارەیەک بازگانی ئێرانی سزا داوە و هاوکات لەو بەیاننامەیەدا جەختی لەوە کردوەتەوە کە ئێران بە رەفتار و هەڵسوکەوتەکانی سەرەڕای سەرکوت و ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی وڵاتەکە بوەتە هۆی ناسەقامگیریی و دروستکردنی مەترسیی بۆسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە لایەکی دیکەوە جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا رایگەیاند بەهۆی ئەو سەرکوت و سێدارانەی دەسەڵاتی ئێران دەیسەپێنێت، واشنتۆن هەوڵ دەدات زۆربەی ئەو بەرپرسانەی تاران سزا بدات کە دەستیان لە پێشلکردنی مافەکانی مرۆڤدا هەیە. ئەو وتیشی کۆشکی سپی بۆ سزادانی زیاتری کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەل وڵاتانی هاوپەیمانی بە هەماهەنگی کار دەکات بۆ ئەوەی روی راستەقینەی روداوەکان بۆ جیهان ئاشکرا بن و دەسەڵاتی تاران بخڕێتە بەر بەرپرسیارێتیی ئەو تاوان و پێشێلکارییانەی ئەنجام دەدات. بە پێی ئەو بەڵگانەی بڵاو کراونەتەوە سبەینی چوارشەممە کار دەکرێت بۆ ئەوەی مافی ئەندامێتیی ئێران لە کۆمیسیۆنی ژنانی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان بسەندرێتەوە و ئەمریکا پێشەنگایەتیی ئەو هەنگاوە دەکات.    

هاوڵاتی ئەمڕۆ سێ شەممە،  دانیشتنی هەشتەمی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی ئەنجام دراو حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرن.  دوای کۆبوونەوەکە نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "به‌پشت به‌ستن به‌ئه‌وه‌ی له‌ناو وه‌ره‌قه‌ی به‌رنامه‌ی ویزاری داهاتووه‌ و فراكسیۆنه‌ سیاسییه‌كانیش رێكه‌وتنی له‌سه‌ر كردووه‌ و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانیش به‌بڕیاری ژماره‌ ( 18 ی ساڵی 2022)، په‌سه‌ندی كردووه‌، گۆژمه‌كه‌ به‌نووسراوی ژماره‌ (1/9/د.خ/س.1/18) له‌رێكه‌وتی 27 ته‌شرینی یه‌كه‌می 2022 ئاماژه‌ پێكراوه‌، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بڕیاریدا: ـ وه‌زاره‌تی دارایی گۆژمی 400 ملیار دینار خه‌رج ده‌كات له‌پێناوی دابینكردنی شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان". هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە:  ئه‌م گۆژمه‌ له‌دوایی ته‌واوبوونی وردبینی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بۆ داتا و ژماره‌كانی په‌یوه‌ست به‌داهاته‌كانی نه‌وتی و نا نه‌وتی ته‌سویه‌ ده‌كرێت، به‌هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان خۆی ودیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم ووه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵیش داهاته‌كانی نه‌وتی به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی عێراق ته‌واو و هه‌ژمار ده‌كات". هاوکات،شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان  ماوەی سێ رۆژە لە بەغدایە و لەگەڵ وەزارەتی نەوت و دارایی عێراق كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجامداوه‌ بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسی بودجە و نەوت.  

هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) رایگەیاند، لە چەند شەڕ و پێکدادانێکدا، ١٨ چەکداری سەر بە دەوڵەتی تورکیا کوژراون. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەسەدە لەبارەی چالاکی شەڕڤانان، بەرامبەر گروپە چەکدارەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. هەسەدە دەڵێت، لە ٤، ٦، ٧ و ٨ی کانونی یەکەمدا، گروپە چەکدارەکان، هەوڵیانداوە لە تەل تەمر، سەریکانی و زرگانەوە، لە رووی زەمینیەوە پیشڕەوی بکەن، بەڵام شەڕڤانان چالاکیان ئەنجامداوە و گروپە چەکدارەکان پاشەکشێیان کردووە. هەسەدە ئاماژەی بەوەکرد کە لە چالاکیەکاندا بە گشتی ١٨ چەکداری سەر بە دەوڵەتی تورکیا کوژراون و دەست بەسەر ژمارەیەک چەکیشدا گیراوە. لە راگەیەندراوەکەدا باسی ئەوە دەکرێت کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا کە لە ١٩ی تشرینی دووەمەوە دەستیان پێکردووە، بە شێوەیەکی فراوان بەردەوامن و زیاتر هاوڵاتیانی مەدەنی و دەزگا ئابوری و خزمەتگوزاریەکان دەکرێنە ئامانج.

هاوڵاتی تیمی پارێزەرانی چالاکوان و ڕۆژنامەنوسانی بادینان رایگه‌یاند،  دو ڕۆژە پێنچ چالاکوانی شیلادزێ بەبڕیاری دادگا ئازادکراون،  بەڵام  تا ئەم ساتە لە زینداندان و ئازاد نەکراون.   ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌: بۆ ڕای گشتی .. بەڕێز سەرۆکی هەرێم .. بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان ..  بەرێز سەرۆکی حکومەتی هەرێم ..  بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری .. بەڕێز سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ .. بەڕێزان لە یۆنامی و نێردە دیپلۆماتیەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێزان رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ .. سڵاوو رێز .. دوو ڕۆژە پێنچ چالاکوانی شیلادزێ بەبڕیاری دادگا ئازادکراون، سەرەڕای ئەوەی بۆ ماوەی دوو ساڵە بەناحەق لە زیندانن و ئێستاش ماوەی حوکمەکانیان تەواو کردووە، بەم سەرماو سۆڵە لە بەیانییەوە کەس و کاریان کە ژن و منداڵیشیان لەگەڵدایە لەبەردەم ئاسایشی گشتی هەولێرن و لە چاوەروانی ئازادکردنی ڕۆڵەکانیانن بەڵام ئاسایش تا ئەو دەققەیە ئازادیان ناکەن ئەمە چ ویژدانێکە؟!  ئەم هێشتنەوەیان لە ئاسایش سەرپێچی یاسایە، داواکارین لەبەڕێزتان بێنە دەنگ و ئەم زوڵمەی لەم پێنچ چالاکوانە دەکرێت قبوڵی نەکەن و داواکارین دەستبەجێ ئازاد بکرێن. تیمی پارێزەرانی بەرگریکارلە چالاکوان و ڕۆژنامەنوسانی بادینان  ١٣/١٢/٢٠٢٢

هاوڵاتی رێگەوبانی سلێمانی رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە 18ی ئەم مانگە بە ئامادەبوونی وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تونێلی دەربەندیخان دەکرێتەوە.  رۆژی سێشەممە 13-12-2022، محەممەد جەمیل، بەڕێوەبەری رێگەوبانی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، کارەکانی نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان تەواو بووە، ئەوەی ماوەتەوە تەنیا هێڵەکانی هاتووچۆیە و ئەویش لەم دوو رۆژە تەواو دەبێت.  بەڕێوەبەری رێگەوبانی سلێمانی گوتیشی، رۆژی یەکشەممە 18ی ئەم مانگە تونێلی دەربەندیخان بە ئامادەبوونی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە و بڕیار هەر لەوێ وەزیری ئاوەدانکردنەوە کارکردن لە پڕۆژەیەکی نوێ رابگەیێنێت.  رۆژی 04-10-2022، دەست بە نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان کرا و بەهۆیەوە تائێستا تونێلەکە داخراوە.   

هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) رایگەیاند، لە سێ ئۆپراسیۆنی جیاوازدا، ئەمیرێک و دوو چەکداری داعش دەستگیرکراون. هەسەدە لە راگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەری تایبەتی خۆی بڵاوکردووتەوە ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، جموجووڵی داعشیش لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا زیادی کردووە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، داعش هێرشەکانی تورکیای وەک هەلێک قۆزتووەتەوە و پلانی بۆ چەندین هێرشی تیرۆریستی داڕشتووە. هەسەدە دەڵێت، یەکینەکانی دژە تیرۆر (یات)، بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لە چەند شار و ناوچەیەک دەستی بە چەند ئۆپراسیۆنێک لەدژی شانە شاراوەکانی داعش کردووە. راشیگەیاند، لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکاندا, ئەمیرێکی داعش و دوو بەرپرسی رێکخراوەکە کە بەرپرسی دابینکردنی چەک و پێداویستی سەربازی بوون، لە نزیک شاروچکەی هۆڵ، تەل حەمیس و دێرەزۆر دەستگیرکراون. هەروەها دەست بەسەر ژمارەیەک چەک و تەقەمەنیشدا گیراوە.