هاوڵاتی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، رێکخراوێکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەبێ بەرامبەر پارە دەداته پرۆژەکان بەمەبەستی فراوانکردنیان، بڕی پارەکەش بۆ هەر پرۆژەیەک، لە نێوان پێنج بۆ 30 هەزار دۆلار دەبێت. ئەمڕۆ یەکشەممە (11ی کانوونی یەکەمی 2022)، قائیمقامیەتی سلێمانی لە راگەیەندراوێکیدا ڕایگەیاند، بەمەبەستی فراوانکردنی پرۆژە و هاوکاریکردنی خاوەن پرۆژەکان، رێکخراوی (IOM)ی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان بڕێک پارەی دابینکردووە، بۆئەوەی لە سنووری سلێمانی بەبێ بەرامبەر بیدات بە خاوەنی پرۆژەکان بۆ فراوانکردنی پرۆژەکانیان. دەقی ڕاگەیەندراوەکەی قایمقمییەتی سلێمانی: بۆ هەر پرۆژەیەک (٥) هەزار بۆ (٣٠) هەزار دۆلار دەدات سلێمانی- نەتەوەیەکگرتووەکان بێ بەرامبەر دەستگیرۆیی فراوانکردنی پرۆژە دەکات بەمەبەستی فراوانکردنی پرۆژەو هاوکاریکردنی خاوەن پرۆژەکان، رێکخراوی (IOM)ی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان بڕێکی زۆر پارەی دابینکردووە لە سنوری سلێمانی بەبێ بەرامبەر بیدات بە خاوەنی پرۆژەکان بۆ فراوانکردنی پرۆژەکەی. بەپێی مەرجەکان بۆ وەرگرتنی ئەو بڕە هاوکارییە پێویستە تەمەنی پرۆژەکە ساڵێک کەمتر نەبێت و بەدەر لە خاوەنی کارەکە (٣-٥٠) کارمەندی هەبێت. پرۆژەکە لە سنوری سلێمانیدا بێت و لەکارکردن بەردەوام بێت و خاوەنی کارەکە عیراقی بێت. هەر بەپێی مەرجەکان پێویستە پرۆژەکان لەبواری پەرەپێدان و فراوانکردنی کەرتی کشتوکاڵی و مەڕوماڵاتدا بێت. هەرکەسێک خوازیارە سودمەند بێت لەم هاوکارییەی نەتەوەیەکگرتووەکان کە بێ بەرامبەرەو وەرناگیرێتەوە، هەتا رۆژی (٢٩/١٢/٢٠٢٢) سەردانی بینای مۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنەسورەکە بکات بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی داواکاری. رۆژانی یەک شەممە تاکو پێنج شەممە، لە کاتژمێر ٩ی بەیانی بۆ ٣ی پاشنیوەڕۆ. بۆ پەیوەندیکردن (٠٧٥١٠٥٩٧٠٠٣) (٠٧٧٢٥٤٧٠٨٤٠) راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی
سان سەرڤان لەڕێکخراوی ئینتەرنیوز یەکێک لەدەرئەنجامەکانی دوودڵی و رارایی ڤاکسین کە پرسیارگەلێکی لەگەڵ خۆیدا هێناوە لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و زۆر جاریش لەدەرەوەی هێڵەکانی پەیوەندی لەناو کۆمەڵگادا، پرسی پێکووتەکردنی منداڵانە بەڤاکسینەکانی کۆڤید-١٩. لەئێستادا ئەم پرسە گومانێکی گەورەی لای دایک و باوکان و بەخێوکەران جێهێشتووە، سەرباری بوونی ئەو گومانانەی کە گەورەکان رووبەڕووی خۆیان دەبێتەوە. هەر لەسەرەتای دەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید-١٩ کە لەمانگی نۆڤەمبەری ٢٠١٩ سەریهەڵدا، گەورەترین بارگرانی دەرئەنجامە تووندەکانی پەتاکە کاریگەریی گەورەی کردۆتەسەر کەسانی بەساڵاچوو هەروەها ئەو کەسانەی کە نەخۆشیی تریان هەیە. بۆیە بەئێستاشەوە ئەم تۆێژە لەکۆمەڵگا بوونەتە دەستەیەکی لاواز لەڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پەتا جیهانییەی کە بەرۆکی تێکڕای مرۆڤایەتی گرتووە. لەسەرەتادا پەتای کۆڤید-١٩ کەمترو ئاسانتر بوو لەناو منداڵ و هەرزەکاراندا بەبەراورد بەگەورەکان. بۆیە لەسەرەتای داهێنانی ڤاکسینەکانی کۆڤید-١٩ لەمانگی دیسەمبەری ٢٠٢٠دا، سەرنج خرابووە سەر پێکووتەکردنی بەساڵاچووان و ئەو کەسانەی کە نەخۆشن لەگەڵ گەورەساڵاندا. لەگەڵ بەرەوپێشچوونی پەتای کۆڤید-١٩، منداڵان بەڕێژەیەکی کەمتر لەگەورەساڵان و سووکتر پەتاکەیان دەگرت یان دەبوون بەهەڵگری ڤایرۆسەکە کە ئەمەش مایەی مەترسی بوو بۆ گواستنەوە و تووشکردنی گەورەکان بەڤایرۆسەکە، هەروەها ئەگەری کاریگەریی ڤایرۆسەکە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا زیاد دەکات. بەتێکڕا، ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی تاسەرەتای مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢ وا نیشانی دەدەن کە ٦٢٧،٥٧٣،٥٩٧ کەس لەسەرانسەری جیهاندا تووشبوون و ژمارەی پێوانەیی مردووان گەیشتووەتە ٦،٥٧٠،٣٦٣ کەس. هەروەها لەسەر ئاستی عێراق بەهەرێمی کوردستانیشەوە بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی -عێراق، ژمارەی تووشبووان هەر لەسەرەتاوە تاوەكو سەرەتای مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢ بریتی بوو لە ٢،٤٦١،٢٤٧ کەس و لەگەڵ ژمارەی ٢٥،٣٥٨ کەس کە گیانیان لەدەستەداوە، شایانی باسە ئەم ژمارانە تەنیا ئەو کەیسانە دەگرێتەوە کە بەفەرمی تۆمارکراون. ئەگەر بەشێوەیەکی خێرا سەیری ئەم داتایانەی خوارەوە بکەین کەڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تۆماری کردووە لەسەر منداڵان و هەرزەکاران ئەوا هەست بە گۆڕانکارییەکان و دەرئەنجامەکانی پەتای کۆڤید-١٩ دەکەین و هەروەک چۆن بەر کاریگەرییەکانیشی دەکەوین لەم هەرێمەی ئێمەو لەسەرانسەری جیهاندا. لەقۆناغی سەرەتایی پەتاکەدا لە ٣٠ مانگی دیسەمبەری ٢٠١٩ تا ٢٥ی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ داتاکان ئەوە دەردەخەن کەمنداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵ تەنها لە ٢٪ی پێکهاتەی تووشبوون لەسەر ئاستی جیهان نیشانداوە (١،٨٩٠،٧٥٦منداڵ) هەروەها بەڕێژەی ٠.١٪ لەمنداڵی تووشبوو بەکۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهان مردوون (١،٧٩٧ منداڵ). لەهەمان کاتدا، منداڵانی تازەپێگەیشتوو و هەرزەکاران (٥-١٤ ساڵ) لە ٧٪ (٧،٠٥٨،٧٤٨ منداڵ) لەسەر ئاستی جیهاندا تووشبوون کە ٠.١٪ (١،٣٢٨ منداڵ) تۆماری مردنیان بۆ کراوە. بەجیاوازیی لەو هەرزەکارانەی ١٥-٢٤ ساڵن لە ١٥٪ یان (١٤،٨١٩،٣٢٠ هەرزەکار) تووشی کۆرۆنا بوون کە ٠.٤٪ (٧،٠٢٣ هەرزەکار) تۆماری مردنیان بۆ کراوە لەسەر ئاستی جیهان. مردنی گەنجانی خوار تەمەنی ٢٥ ساڵ بەپەتای کۆڤید-١٩، کەمتر لە ٠.٥٪ ی ئاستی مردنی جیهانیی پێکهێناوە. رەنگە تائێستا بەهۆی هەبوونی نیشانەی سووك یان دەرنەکەوتنی نیشانەکانی کۆڤید-١٩ وای لەئێمە کردبێت کەمتر سەرنج بخەینە سەر کەیسی منداڵان و هەرزەکاران هەروەها کەمتر چاودێریمان کردبێتن و لەمیدیادا گرینگییەکی ئەوتۆمان پێنەدابێت. رەنگە لەبنەڕەتدا کەیسی منداڵان و هەرزەکاران کەمتر راپۆرت کرابن و برابێتنە نەخۆشخانەو سەنتەرەکانی پشکنینی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ لەلایەن دایك و باوکانەوە، بەهۆی ئەوەی نیشانەکانی وەك نیشانەکانی ئەنفلووەنزا دەرکەوتبێتن. بەڵام راستییەکی سەلمێندراو هەیە کەکەیسەکانی کۆڤید-١٩ لەمنداڵاندا لەکاتی جۆری ئۆمیکرۆندا بەشێوەیەکی زۆر زەق و دراماتیکی بەرزبووەتەوە. ئەمەش لەو کاتەدا بوو کەوڵاتان رێکارەکانی خۆپاراستنیان بەجۆرێک شل کردەوە وەک ئەوەی کاریگەریی و مەترسیی کۆڤید-١٩ کەمیکردبێت. بۆ نموونە لەولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تامانگی تەممووز ٢٠٢٢ (١٤،٠٠٣،٤٩٧) کەیسی منداڵ تۆمارکرا کەئەمەش رێژەی ١٨.٦٪ی تێکڕای کەیسە تۆمارکراوەکانی کۆڤید-١٩ پێکدەهێنێت. لەسەر ئاستی جیهانیشدا تا ٢٤ی مانگی تەممووزی ٢٠٢٢ منداڵانی خوار پێنج ساڵان لە ٢.٤٧٪و ئەو منداڵانەی کە ٥-١٤ ساڵن لە ١٠.٤٤٪ ی کەیسی تووشبووانی کۆرۆنا پێکدەهێنن. کەیسی هەرزەکاران و گەنجان لە ١٥-٢٥ ساڵان لە ١٣.٩١٪ی تێکڕای کەیسی تووشبووانیان تۆمارکردبوو. منداڵانی خوار پێنج ساڵ لە ٠.١١٪ی ئەژماری تێکڕای مردووەکانی جیهان پێکدەهێنن لەکاتێکدا منداڵانی ٥-١٤ ساڵ لە ٠.٩٨٪ی تێکڕای مردووانی کەیسی کۆرۆنا پێکدەهێنن هەروەک چۆن ئەم رێژەیە لەناو هەرزەکاران و گەنجاندا ٠.٣٧٪ پێکدێنێت. لێرەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە کەئایا گۆڕانکارییە بەرچاوەکانی ناو ئەم داتایانەی سەرەوە ئاماژە بەهیچ مەترسییەك و دڵەڕاوکێیەك دەکەن؟ ئایا تاچەند میدیای کوردی و ناوچەیی و عێراقی ئەم کێشەیەیان بەرجەستە کردووەو پرسی تەوەری منداڵ و کۆڤید -١٩و ڤاکسینەکانیان وروژاندووە؟ لەڕاستیدا سەرجەم میدیا کوردی و عێراقییەکان زۆر بەدەگمەن یان هەر رووماڵی ئەو بابەتەیان نەکردووەو هیچ شیکارێك و بەرچاوڕوونیان نەخستۆتە بەردەم خوێنەران، لەگەڵ ئەوەی ئەم تەوەرە پرسیارگەلێکی زۆری دایکان و باوکان و بەخێوکەرانە لەپلاتفۆرماکانی سۆشیال میدیادا. لەسەر میدیا پێویستە هەموو بەڵگە زانستی و پشتڕاستکراوەکان بخاتە بەردەم بەخێوکەران تاخۆیان بڕیاری چارەنووسازانە بدەن لەسەر تەندروستیی منداڵەکانیان. لەدوای هاتنی ئۆمیکرۆنەوە وەك پێشتر ئاماژەمان پێدا، کە نیشانەکانی کەمتر تووندە بەگشتی جۆرێك خاوبوونەوە بەدیدەکرێت لەوەرگرتنی پێکووتەدا لەسەرتاسەری عێراق بەڵام ئەم نیشانە هێواشانەی ئۆمیکرۆن کاریگەرییە ترسناکەکانی کۆڤید کەمناکەنەوەو مانای ئەوە نییە کە کۆڤید-١٩ بنبڕ بووە. ئامارەکانی وەرگرتنی پێکووتەی کۆڤید-١٩ لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا وا ئاماژە دەکەن کە ١١،٢٣٤،٣٤٧هاوڵاتی ژەمە ڤاکسینی یەکەمی وەرگرتووەو ٧،٨٩٩،٣١٥ هاووڵاتیش دووەم پێکووتەیان وەرگرتووەو ٢٦٠،٣٨٨ هاووڵاتیش بووستەریان وەرگرتووە. بەڵام ئایا چەند منداڵ و هەرزەکار پێکووتەیان وەرگرتووە؟ نزیکەی ١٧٠ هەزار منداڵی تەمەن ١٢-١٧ ساڵ لەسێ پارێزگاکەی KRI کوتانی دژی کۆڤید١٩ کران. پشتبەستن بەزانیارییەکی خەمڵێنراوی رێکخراوی یونیسێف UNICEF، لەهەرێمی کوردستان و لەسێ پارێزگاکەی هەرێمەکەدا، بۆ گرووپی منداڵی تەمەن ١٢-١٧ ساڵان نزیکەی ١٧٠،٠٠٠ منداڵ ڤاکسینی دژە کۆڤید-١٩یان وەرگرتووە. زۆر سەخت بوو ژمارەی منداڵان و هەرزەکارانی عێراق بەتێکڕا وەربگرین بەڵام بە نموونە شارێکی وەک سلێمانی وەربگرین کەژمارەی دانیشتوانەکەی خۆی لە ١،٨٧٨،٨٠٠ کەس دەدات. لەکۆی گشتی تەنها ٨٣٨،٣١٥ هاووڵاتی ڤاکسینی وەرگرتووە (کەزۆرینەی ژەمە ڤاکسینی یەکەم و دووەمە)، لەو ژمارەیەدا گرووپی مناڵان و هەرزەکاران (١٢-١٧ ساڵان) تەنها ١٥،٠٤٨ کەس ڤاکسینی وەرگرتووە ئەویش سێ ئەسترازینیکا و ١٤،٩٧٨ فایزەرو سینوفارم ٢٦١ منداڵ بووە. ئەم داتا فەرمییەی بەڕێوەبەرێتی گشتی تەندروستیی سلێمانی پێماندەڵێت کەهێشتا ژمارەی وەرگرتنی پێکووتەی کۆڤید-١٩ بۆ منداڵان و هەرزەکاران رێژەیەکی بەرچاو نییەو کەلێنێکی گەورە هەیە لەوەرگرتنی پێکووتەی کۆڤید-١٩. هیچ داتایەکی تری فەرمی ئاماژە بەتۆماری تەمەنەکانی تری منداڵان نادات. لە چ تەمەنێکەوە منداڵان دەتوانن پێکووتەی کۆڤید-١٩ وەربگرن؟ بەپێی رێنماییەکانی سەنتەرەکانی کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لەنەخۆشیەکان (CDC) پێویستە هەموو منداڵانی تەمەن شەش مانگ و بەرەو ژوور ڤاکسینی کۆڤید-١٩ وەربگرن ئەمە دوابەدوای ئەو تاقیکردنەوە کلینیکیانە بوو کەزاناکان ئەنجامیانداو بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA) دیاریکرد کە ڤاکسینی کۆڤید-19 سەلامەتەو کاریگەرە بۆ هەموو کەسێک کە تەمەنی شەش مانگ و سەرووترە. رێنمایی بۆ دایکان و باوکان ئەوەیە کە پێش کوتان هەرچی زانیاری تەواو هەیە دەربارەی منداڵەکەت و لەئەگەری بوونی هەر هەستیارییەکی منداڵەکەت دەبێتە بخرێتەڕوو - هەروەک چۆن بەو پرۆسەیەدا دەڕۆیت کاتێك کە ڤاکسینە رۆتینییەکانی تر وەردەگرێت. هەروەها بەپێی رێنماییەکانی سەنتەرەکانی کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لەنەخۆشیەکان (CDC) واباشترە خۆپارێزی و رێگری (ڤاکسینی کۆڤید-١٩) بۆ منداڵەکەت ئەنجام بدەیت پێش ئەوەی تووشی دەرئەنجامە سەختەکانی پەتاکە ببن. هەموو کەسێک لەتەمەنی پێنج ساڵ بۆ سەرەوە دەتوانن بووستەر وەربگرن. هەندێك منداڵ کەتەمەنیان ١٢ ساڵ بەرە ژوورە پێویستە دوو پێکووتەی بووستەر وەربگرن. ئەوەی پێویستە بزانیت لەسەر کاریگەریە لاوەکیەکانی وەرگرتنی ڤاکسینی کۆڤید-١٩ هەمیشە نیشانەکان لەدوای وەرگرتنی ڤاکسینی کۆڤید-١٩ لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت. هەندێک کەس هەست بەکەمێک ناڕەحەتی دەکەن و دەتوانن بەردەوام بن لەکاری رۆژانەیان. بەپێچەوانەوە رەنگە هەندێکی تریان کاریگەری لاوەکییان تێدا دروست ببێت و کاربکاتە سەر ئەنجامدانی چالاکییەکانی رۆژانەیان. بەڵام بەگشتی کاریگەرییە لاوەکییەکان لەچەندڕۆژێکدا نامێنن. تەنانەت ئەگەر تووشی هیچ کاریگەریەکی لاوەکی نەبیت، بەڵام جەستەت لەناوەوە خەریکی دروستکردنی پارێزبەندییە لەڤایرۆسی کۆڤید-١٩ . دەرئەنجامە نەرێنییەکانی ڤاکسینەکە دەگمەنن بەڵام دەبنەهۆی کێشەی تەندروستی درێژخایەن، بەزۆری لەماوەی شەش هەفتەدا دوای وەرگرتنی ڤاکسین روودەدەن. کاریگەرییە لاوەکییە باوەکان بۆ تەمەنی ٦ مانگ تا ٣ ساڵ: رەنگە بریتی بن لە : ئازار لەقاچ یان قۆڵی ئەو شوێنەی کەدەرزی لێدراوە ئاوسانی گرێ لیمفاوییەکان، توڕەبوون یان گریان خەواڵوویی لەدەستدانی ئارەزووی خواردن. کاریگەرییە لاوەکییەکانی بۆ منداڵانی ٤-١٧ ساڵ: دوای ژەمی دووەم زیاتر روودەدەن و دەشێت بریتیبن لە:ئازار و ئاوسان و سووربوونەوە لەقۆڵی ئەو شوێنەی کەدەرزی لێدراوە، ماندووبوون، ژانەسەر، ئازاری ماسولکە یان جومگەکان، لەرزین، ئاوسانی لیمفە گرێکان. ئایا هەمان ڤاکسینی کۆڤید-١٩ کە بۆ گەورە فەراهەم کراوە هەمان ئەو ڤاکسینەیە کە بۆ منداڵان و هەرزەکارانیش بەکار دەهێنرێت، یان جیاوازە؟ ئەو پێکووتەیەی کەگەورەکان وەریدەگرن ٣٠ مایکرۆگرام RNA یە، لەکاتێکدا ئەو پێکووتەیەی کە بۆ منداڵان دەستنیشانکراوە تەنها ١٠ مایکرۆگرامە. لەوانەیە تەنانەت منداڵانی بچووکتریش هەمان ڤاکسین وەربگرن بە بڕێکی کەمتر بەپێی زانیارییەکانی فایزەر، ژەمی کەمتر هەڵبژێردراوە بۆ کەمکردنەوەی ئەو کاریگەرییە لاوەکیانەی کە دەرکەوتووە لەلایەن پێکووتەکەوە بەڵام هێشتا بەرگرییەکی بەهێز دابین دەکات. سەنتەرەکانی کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لەنەخۆشیەکان CDC ڤاکسینی کۆڤید-١٩ی کۆمپانیای فایزەر بۆ منداڵانی تەمەن پێنج بۆ ١١ ساڵ پەسەند دەکات و بەپێی شارازایانی نەخۆشییەکانی بواری منداڵان، رەنگە بڕەکەی وابەستە بێت بەئەگەری بەکارهێنانی ئەنتیبایۆتیك یان هەر چارەسەرێکی کیمیایی دیکەو کێشی منداڵەکەوە . ئایا ئەو منداڵانەی کەتووشی کۆڤید-١٩ بوون، پێویست دەکات پێکووتە وەربگرن؟ وەرگرتنی ڤاکسین یان پێکووتەی کۆڤید ١٩ خۆی لەخۆیدا بەدەستهینانی پاریزگاریی زیاترە بەرامبەر بەڤایرۆسەکە ئەمەش لەسەر بنەمای هەموو ئەو بەڵگە زانستییانەی کە تائێستا خراونەتەڕوو. ئەم پرۆسەیە بۆ منداڵانیش وەک گەورە وایە، کەواتە، تەنانەت ئەگەر منداڵێک تووشی کۆڤید-١٩ بووبێت، هەر پێویستە کوتانی بۆ بکرێت. بۆ ئەو منداڵانەی کەتووشی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ بوون، دەتوانرێت ژەمی داهاتوویان دوابخرێت بۆ دوای سێ مانگ لەکاتی دەستپێکردنی نیشانەکانی یان ئەگەر نیشانەکانیان نەبووە، کاتێک پشکنینی پۆزەتیڤیان بۆ کراوە. (٤) هەمیشە دوودڵی ڤاکسین پرسیارێك ئاڕاستە دەکات ئەویش ئەوەیە کە هەست ناکەیت بەکارهێنانی ڤاکسین رێگەچارەیەکی گونجاوبێت بۆ بەرگرتن لەم گۆڕانکارییە بەلێشاوانەدا؟ پێویستە میدیای چیی رێنماییەك بدات بەدایك و باوکان لەسەر وەرگرتنی ڤاکسینی کۆڤید-١٩ بۆ منداڵەکانیان؟ بەگشتی پرنسیپ و ئەرك و کاری میدیایی بریتییە لەئامادەگییەکی تەواو لەکاتی بڵاوبوونەوەی پەتاو قەیرانە تەندروستییەکان، ئەویش ئەوەیە کەدەرئەنجامە زانستییە سەلمێنراوەکان و سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان بەشێوەیەك بخاتە بەر دەمی بینەورو خوێنەر، بەگشت ڕەهەندەکانییەوە (گومان و گۆشە و دیدی جیاواز) و بیروبۆچوونەکان تا خەڵك بەرچاوڕوونییەکی تەواویان هەبێت، خۆیان ببنە خاوەن بڕیار لە پارێزگاری و چارەسەری فەرهەمکراو. هەرەها ڕێزگرتن لە بڕیارەکانیان مافی سەرەتایی خۆیانە و شیکردنەوەی دوودڵی و راڕایی ڤاکسین پرۆسەیەکی زۆر ئاساییە کەپێویستە خەڵك خۆی تیادا بدۆزێتەوە و وابەستەی دەرئەنجامەکەشی ببێت. سەرچاوەکان: 1.WHO Coronavirus (COVID-19) Dashboard | WHO Coronavirus (COVID-19) Dashboard With Vaccination Data 2.WHO Dashboard COVID-19 cases and deaths: https://app.powerbi.com/view?r=eyJrIjoiYWRiZWVkNWUtNmM0Ni00MDAwLTljYWMtN2EwNTM3YjQzYmRmIiwidCI6ImY2MTBjMGI3LWJkMjQtNGIzOS04MTBiLTNkYzI4MGFmYjU5MCIsImMiOjh9. 3.Possible Side Effects After Getting a COVID-19 Vaccine | CDC 4.Covid-19 Vaccines for Children and Teens-July 20, 2022 (cdc.gov)
هاوڵاتی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین فۆڕمی دامەزراندنی بە شێوەی گرێبەست بۆ چەند پسپۆڕییەک راگەیاند و دەڵێت، کێبڕکێکە بەپێی خاڵبەندییە. بەپێی راگەیەندراوێکی ئیدارەی راپەڕین پسپۆڕییەکان بریتیین لە: ئەندازیاری شارستانی (چوار کەس)، ئەندازیاری میکانیکی (سێ کەس)، ئەندازیاری کارەبایی (دوو کەس)، ئەندازیاری تەلارساز (یەک کەس)، ئەندازیاری پلانسازی شار (یەک کەس)، ئەندازیاری جیۆلۆجی (یەک کەس)، ژمێریاری هەڵگری بەکالۆریۆس بێت (چوار کەس)، کارگێڕی کار کە هەڵگری بەکالۆریۆس بێت (دوو کەس)، روپێوی کار هەڵگری دیبلۆم (سێ کەس)، ژمێریاری هەڵگری دیبلۆم (چوار کەس) و کارگێڕی کار کە هەڵگری دیبلۆم بێت (چوار کەس). راشیگەیاندووە، فۆڕمەکە بەپێی خاڵبەندییە و کێ زۆرترین خاڵ کۆبکاتەوە چانسی دامەزراندن بۆ ئەو کەسە دەبێت و فۆڕمەکەش بۆ ماوەی یەک هەفتە بەردەست دەبێت. مەرجەکان: ١- هەر کەسێک لە کەرتی گشتی کاری کردبێت دەبێت بە نوسراوی فەرمی لایەنی پەیوەندیدار پشتڕاستی بکاتەوە کە کاری کردووە. ٢- هەر کەسێک لە کەرتی تایبەت کاری کردبێت دەبێت بە نوسراوی فەرمی لایەنی پەیوەندیدار پشتڕاستی بکاتەوە کە کاری کردووە. ٣- دەبێت لایەنی پەیوەندیدار لە کەرتی تایبەت بە بەڵێننامەی فەرمانگەی دادنوس پشتڕاستی بکاتەوە کە خوازیار چەند ساڵ کاری کردووە لەو کەرتە کاری کردووە بە ڕاست و دروستی . ٤- لایەنی پەیوەدیدار بە (کەرتی گشتی بە کەرتی تایبەت ) بەرپرس دەبێت لە راست و دروستی نوسراوی فەرمی بۆ خوازیارو رێکاری یاسایی بەرانبەری دەگیرێتە بەر لە ئەگەری نادروستی پشتگیریکردن. لینکی پڕکردنەوەی فۆڕمەکە
هاوڵاتی بهڕێوهبهرایهتی كهشناسی و بومهلهرزهزانی ههرێمی كوردستان رایگهیاند، ئهمڕۆ ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و لە هەندێك ناوچە دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور، سبهی دوشهممهش ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و لە شەو درەنگدا دەگۆڕێت بۆ هەورى تەواو بەگوێرەی راپۆرتی پێشبینییەکانی کەشناسی، لە بەرەبەیانى رۆژى سێ شەممە کاریگەرى نزمە پاڵەپەستۆى دەریاى ناوەڕاست روو لە ناوچەکە دەکات، بارانبارین بە شێوەى نمە باران لە ناوچەى جیا جیا دەستپێدەکات، لەگەڵ بارانبارین بارستە هەوایەکى ساردیش روو لە ناوچەکە دەکات، ئاستى باران مامناوەند دەبێت و هەروەها لەگەڵ بارانبارین لەسەر لووتکەی شاخە بەرزەکان بەفریش دەبارێت . بهڕێوهبهرایهتی كهشناسی و بومهلهرزهزانی دهڵێت، "کاریگەرى ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەکەمان بەشێوەى نمە باران و بارانى مامناوەند دەبێت بە گشتى و کاریگەرى ئەم شەپۆلە ڕۆژى پێنجشەممە کۆتایی دێت".
بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان دوو برا لە شاری شنۆ سزای سێدارەیان بەسەردا دەسەپێت و رێکخراوێکیش ئاشکرای دەکات زیاتر لە هەشت دەستگیرکراوی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژراون. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە و فەرها و فەرزاد تەهازادە دانیشتوی شاری شنۆ لە دادگایەکی ئێران لە شاری ورمێ سزای سێدارەیان بۆ بڕاوەتەوە. تۆمەتی ئەو دوو برایە بەشداریی بوە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و تا ئێستا تەنها لە شاری شنۆ پێنج گەنج بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان لە لایەن دادگاکانی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە. لە لایەکی دیکەوە ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردوەتەوە لە سەرەتای خۆپیشاندانەکان و دەستگیرکردنی گەنجانی ناڕزایی، زیاتر لە هەشت گەنجی کورد لەژێر ئەشکەنجەی ناوەندە ئەمنییەکان و لە زیندان گیانیان لەدەستداوە. لە ماوەی 85 رۆژی رابردوی ناڕەزایەتییەکاندا نزیکەی 130 گەنج و لاوی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و بە گشتیش لە سەرتاسەریی ئێران 485 کەس کوژراون.
85 رۆژە ناڕەزایەتییەکان بەردەوامە و سەرەڕای هۆشدارییەکانی وڵاتانی جیهان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، دەسەڵاتی ئێران پێداگریی لە سێدارەدانی خۆپیشاندەران دەکات و هاوکات هەڕەشەی ئەوە دەکرێت کە یاساکانی باڵاپۆشی و سەرپۆش دوبارە جێبەجێ دەکرێنەوە. رۆژی شەممە لە سنە و تاران و کەرەج و گیلان و چەند شارێکی دیکە گردبونەوە و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی بەڕێوچو و هێزە ئەمنییەکان لە تاران و سنە هێرشیان کردە سەر خەڵک و گازی فرمێسکڕێژیان بۆ بڵاوەپێکردنی ناڕەزایەتییەکان بەکارهێنا. ئەنجومەنی باڵای شۆڕی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند؛ لە چەند رۆژی داهاتودا یاسا و رێساکانی تایبەت بە باڵاپۆشی و سەرپۆش بە توندی جێبەجێ دەکرێتەوە و "زۆرینەی خەڵکی وڵاتەکە موسوڵمانن". ئەمڕۆ بۆ پێنجەم رۆژ لەسەر یەک زۆربەی دوکان و بازاڕەکانی شاری سنە وەک دەبڕینی ناڕەزایەتیی نەکرانە و تا ئێستا نزیکەی 800 دوکان و کاسبکاری ئەو شارە بە بیانوی بەشداریی لە مانگرتنە سەرتاسەرییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سزا دراون. هەر ئەمڕۆ لە زۆربەی زانکۆکانی تاران و شارەکانی دیکەی ئێران گردبونەوە و بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن بەردەوامبو و خوێندکارانی زانکۆی کوردستان لە شاری سنە رێپێوانیان کرد و لە چەند شەقامێکی ئەو شارە دروشمیان دژی دەسەڵاتی وڵاتەکە وتەوە. هەر لە زانکۆی تاران بنکە و نوسینگەی هێزەکانی (بەسیج)ی سەر بە سوپای پاسداران سوتێنرا و بە شەویش لە چەند شەقامێکی سەرەکیی وەک سەتتارخان و نارمەک و نازی ئاباد خۆپیشاندان و دروشم وتنەوە دژی دەسەڵاتی ئێران بەڕێوەچو. گەنجێک بە ناوی ماهان سەدرات تەمەن 23 ساڵ ئەمڕۆ شەممە بە تۆمەتی خۆپیشاندان و بەشداریی لە کوشتنی ئەندامێکی سوپای پاسداران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا و پارێزەرەکەشی رایگەیاند؛ سزاکەی رەوانەی بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێران کراوە. چالاکوانانی مەدەنی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشدارییان داوە کە ماهان مەترسیی سێدارەی لەسەرە و رەنگە سزاکەی لە زوترین کاتدا جێبەجێ بکرێت. لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە لانیکەم پێنج گەنجی شاری شنۆ بە بیانویی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن دەزگای دادی ئێرانەوە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی و دژایەتی خودا خراوەتە پاڵیان بۆ ئەوەی سزای سێدارەیان بەسەردا بسەپێنرێت و لەسێدارە بدرێن. ناوەندەکانی مافەکانی مرۆڤ ئاماژەیان بەوە کردوە لە رۆژی هەینی و شەممە زیاتر لە 30 گەنج و لاوی دیکەی چەند شارێکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کرماشان و پاوە و سنە و سەقز دەستگیرکراون و چارەنوسیان دیار نییە. رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەی ئاشکرای کرد بەڵگەکانی کوژرانی 44 منداڵ و لاوی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی تۆمار کردوە کە زۆربەیان تەمەنیان لە نێوان 9 بۆ 17 ساڵ بوە و زۆرینەیان بە چەک و گوللـەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون و دەسەڵاتی ئێران فشاری لە خانەوادە و بنەماڵەکانیان کردوە تەرمەکانیان لە گوندەکان دورەدەستەکان و بە بێ رێوڕەسمی جەماوەریی بەخاک بسپێرن. بە پێی راپۆرتی لێبوردنی نێودەوڵەتی 20%ی ئەو منداڵ و لاوانە کورد بون و 40%ی لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان کوژراون. پەرلەمانتارنی ئەڵمانیا هەوڵی رزگارکردنی ئەو خۆپیشاندەرە دەستگیرکراونە دەدەن کە سزای سێدارە دەیان گرێتەوە. سێ پەرلەمانتاری پەرلەمانی ئەوروپا رایانگەیاند ئامادەن کەفالەتی سیاسیی سێ دەستگیرکراوی خۆپیشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بگرنە ئەستۆ کە مەترسیی سێدارەدانیان لەسەر. کارلۆس کاسپەر، پەرلەمانتاری ئەڵمانیا رایگەیاندوە ئامادەیە کەفالەتی سامان یاسین ، هونەرمەندی شاری کرماشان بکات کە لە لایەن دەزگای دادی ئێران تۆمەتبار کراوە بە دژایەتیی خودا و تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی کە سزای سێدارە دەیگرێتەوە دو پەرلەمانی دیکەش ئامادەییان دەربڕیوە کەفالەتی محەمەد بروغنی و توماج ساڵحی بکەن کە بە پێی ئەو تۆمەتانەی روبەڕویان بوتەوە سزای سێدارە دەیانگرێتەوە. رێکخراوی پزیشکانی جیهان لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی بڕینەوەی سزای سێدارە بۆ پزیشکێکی ئێران کرد و داوایان لە دەسەڵاتی ئەو وڵاتەکرد کۆتایی بە سزای سێدارە بنێت. حەمید قەرەحەسەنلو، پزیشکی رادیۆلۆژی لە ئێران بە تۆمەتی بەشداریی لە چلەی مەرگی حەدیس نەجەفی و کوژرانی ئەندامێکی سوپای پاسداران لەو رێوڕەسمەدا سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە، قەرەحەسەنلو زیاتر لە 30 ساڵ ئەزمونی کاری پزیشکیی هەیە و یەکێک بوە لەو کەسانەی هەوڵی دروستکردنی خوێندنگەی لە ناوچە دورەدەست و هەژارەکانی ئێران داوە و هاوکاریی بۆ منداڵان کۆکردوەتەوە. لە وڵاتانی دەرەوە دژی دەسەڵاتی ئێران خۆپیشاندان بەڕێوەچو لە شارەکانی کۆڵن، فرانکۆفۆرد و بەرلین لە وڵاتی ئەڵمانیا خۆپیشاندان و رێپێوان و گردبونەوەی ناڕەزایەتیی دژی دەسەڵاتی ئێران و سزای سێدارە بەڕێوەچو. لە شاری لەندەن لە بەریتانیا و لە شاری کۆپنهاگ لە دانیمارک و تۆکیۆ لە ژاپۆن و بوداپێست لە هەنگاریا و تورین و رۆما لە ئیتاڵیا و ئیستانبوڵ لە تورکیا و برۆکسێل لە بەلجیکا و پێرس و سیدنی لە ئۆسترالیا گردبونەوە و ناڕەزایەتیی دژی دەسەڵاتی ئێران بەڕێوەچو.
دەوڵەتی تورکیا هێرشی کردە سەر ژمارەیەک ناوچەی رۆژئاوا و ناسنامەی دوو شەڕڤانی شەهید ئاشکرا کران. فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا ئەمڕۆ ناوچەی کامیکازی نێوان گوندی عاقیب و بێنێ کانتۆنی عەفرینی بۆردومان کرد. بەو هۆیەوە زیانێکی زۆر ماددی دروست بوو. میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان ئاماژەیان بەوەدا، گوندەکانی جیشان، کۆران و مەرج ئیسماعیلی رۆژهەڵاتی شاری کۆبانێش تۆپبارانکراون. هەروەها گوندی گوزەلی ناوچەی تەل تەمری کانتۆنی حەسەکەش بە کاتیۆشا موشەکباران کراوە. ئاژانسی هاوار نیوز باسی ئەوەی کرد کە بارەگاکانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر سنور ، رێگەی ئێم٤، کەمپی عەین عیسای رۆژئاوای ناوچەی عەین عیسایان بە هاوەن تۆپباران کردووە. باسی ئەوەش دەکرێت کە دەوڵەتی تورکیا گوندی سەمۆقای کانتۆنی شەهبای تۆپباران کردووە و تۆپێکیان بەر بارەگایەکی سوپای سوریا کەوتووە و سەربازێکی سوریا کوژراوە. بەگوێرەی ئامارێکی ئاژانسی هاوار، ئەمساڵ زیاتر لە ٥٢ سەربازی حکومەتی سوریا بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە کوژراون. لەلایەکی دیکەوە، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە)، لە راگەیەندراوێکدا، ناسنامەی دوو شەڕڤانی خۆی ئاشکرا کرد کە لە هێرشی ٣ی کانونی یەکەمدا لە شاروچکەی عامودێ شەهید بوون.
هاوڵاتی هەپەگە ناسنامەی چواری گەریلای شەهیدی ئاشكرا كرد، كە لە مانگەكانی حوزەیران و تەمووزی ئەمساڵ لە ناوچەی زاپ شەهید بوون . ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە لە ڕاگەیەنراوێكدا ناسنامەی چواری گەریلای بڵاوكردەوە، كە لە مانگەكانی حوزەیران و تەمووزی ئەمساڵ لە ناوچەی زاپ شەهیدبوون. لە ڕاگەیەنراوەكەی هەپەگە دا هاتووە، "هاوڕێیانمان بەرفین، عەلیشێر، نوعمان و كاركەر، كە بە پێشەنگایەتی هەڵمەتی هەڵۆكانی زاگرۆس ئەركە مێژووییەكەی خۆیان جێبەجێ كرد، بەشدارییان لە زۆر چالاكیدا كرد و لە كاتی جیاجیادا شەهید بوون." ئەوانیش: ناسناو: بەرفین بۆتان ناو و پاشناو: ڕیحان خەڵەف شوێنی لەدایكبوون: دربێسی ناوی دایك- باوك: ئەمشا- مەعسوم كات و شوێنی شەهیدبوون: ١١ حەوزەیرانی ٢٠٢٢/ زاپ ناسناو: عەلیشێر زاگرۆس ناو و پاشناو: ئوغور بەكتاش شوێنی لەدایكبوون: چەولیگ ناوی دایك- باوك: گوڵ- مەحمود كات و شوێنی شەهیدبوون: ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٢/ زاپ ناسناو: نومان ئامەد ناو و پاشناو: كیومەرس سادقی شوێنی لەدایكبوون: مەریوان ناوی دایك- باوك: گەلاوێژ- ئیبراهیم كات و شوێنی شەهیدبوون: ٣ی تەمووزی ٢٠٢٢/زاپ ناسناو: كاركەر عسیان ناو و پاشناو: ئورهان كونور شوێنی لەدایكبوون: شرناخ ناوی دایك- باوك: زڵێخا- عوسمان كات و شوێنی شەهیدبوون: ١٩ی تەمووزی ٢٠٢٢/ زاپ
تەنها لە ئەمساڵدا بەهۆی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان 113 کەس گیانیان لەدەستداوە. ئامارى قوربانیانى ئەمساڵى هێرشەکانى تورکیاى بۆسەر ناوچە جیاوازەکانى باکور و رۆژهەڵاتى سوریا بڵاو دەکرێتەوە کە بە پێی ئامارەکە 150 کەس کوژراون و ژمارەیەکیشیان سەربازی رژێمی سوریا بون. ناوەندى راگەیاندنى هێزەکانى سوریاى دیموکرات(هەسەدە)، بە میدیاکانى رۆژئاوای کوردستانی راگەیاندوە کە لە دێرک تا عەفرین بەهۆی هێرشەکانی سوپاى تورکیادا 113 کەس لەو بەشەی کوردستان گیانیان لەدەستداوە. لەو ژمارەیە 54 کەسیان شەرڤان و ئەندامى هەسەدە و ئاسایشى هێزەکانى دیکەى رۆژئاواى کوردستان بون و هاوکات 52 ئەندامى سوپاى سوریا لە ناوچەکانى باکور و رۆژهەڵاتى سوریا بەهۆى هێرشەکانى
ئەنجومەنی وەزیرانی کۆنسەی ئەوروپا داوای کرد، بە زوترین کات سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە ئازاد بکرێت. دوێنێ ئەنجومەنی وەزیرانی کۆنسەی ئەوروپا لەبارەی ژمارەیەک پرسی ناوخوی دەرەوە و ناوەوەی ئەوروپا کۆبووە. دوای کۆبونەوەکە، ماڵپەڕی کۆنسەی ئەوروپا ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەی ئاشکرا کرد کە لە بەشێکیدا، داوا دەکات سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە بە زوترین کات ئازاد بکرێت. لە داواکاری کۆنسەی ئەوروپادا هاتووە کە پێویستە دەوڵەتی تورکیا بڕیاری دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لەبارەی ئازادکردنی دەمیرتاش جێبەجێ بکات. لەلایەکی دیکەوە، رەمەزان دەمیر یەکێک لە پارێزەرانی دەمیرتاش لە تویتێکدا هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، کۆنسەی ئەوروپا داوای جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا دەکات. سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لە ٤ی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٦دا دەستگیرکرا و داواکاری گشتی تورکیا بە دەیان دۆسیەی لەدژیی جووڵاند و شەش ساڵە لە زینداندایە.
هاوڵاتی کاتالین نۆڤاک، سەرۆکی هەنگاریا لەمیانی کردنەوەی قوتابخانەی مێلتۆن لە عەنکاوە گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، دەیانەوێ هاوکاریی زیاتر پێشکیشی هەرێمی کوردستان بکەن. گوتیشی، "ئێوە بە تەنیا نین." ئەمڕۆ شەممە، 10-12-2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و کاتالین نۆڤاک، سەرۆکی هەنگاریا لە عەنکاوە قوتابخانەی مێلتۆیان بە فەرمی کردەوە کە لەسەر ئەرکی حکومەتی هەنگاریا بە بەهای چوار ملیۆن و 500 هەزار دۆلار دروستکراوە. کاتالین نۆڤاک، سەرۆکی هەنگاریا رایگەیاند، هەرێمی کوردستان تەنیا نییە و ئەوان بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان. گوتیشی، "دەمانەوێت هاوکاریی زیاتر پێکێش بکەین." سەرۆکی هەنگاریا لە گوتارەکەیدا رووی لە ئامادەبووان کرد و گوتی، "پێموایە هەمووتان ئاشناییتان لەگەڵ ئاڵای هەنگاریا هەیە. ئاڵاکەمان هاوشێوەی ئاڵاکەتانە. ئەویش سوور، سپی و سەوزە، بەڵام بەداخەوە خۆری تێدا نییە. ئەوەش واتای ئەوەیە کە ئێستا ئێمە خۆرمان لە هەنگاریا نییە، بەڵام دەشتوانن ئاڵای هەنگاریا لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە بەشێکی زۆری شارەکان ببینن. جێگەی شانازیمانە کە دەبینین ئاڵای هەنگاریا لێرەیە، چونکە ئەوە نیازچاکیی گەلی هەنگاریا پیشاندەدات." هاوکات سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان وتارێکی پێشکەشکرد ورایگهیاند، دهیانهوێت گهلێكی پڕ له زانست دروستبكهن، بهرهوپێشچونی ئهكادیمی و گواستنهوه بهرهو زانست و بونیاتنان لهسهر زانست و لهسهر زیاتركردنی تواناكان دهبێته بنهمایهك بۆ بهرهپێشچون، ئهمه باشترین وهبهرهێنانه له گهنجهكان. ئاماژهی بهوهشكرد، سوپاسی حكومهتی ههنگاریا دهكات كه قوتابخانهیهكی له عهینكاوه دروستكردوه، ئهوان گرنگی بهوكاره دهدهن چونكه بڕبڕهی پشتی بهرهوپێشچونی كوردستانه و شانازی به كردنهوهی زانكۆی بریتانی- كوردستان له ههولێر دهكهن و پاڵپشتی تهواو لهو پڕۆژانه دهكهن.
كاوە ڕەش ڕۆژی هەینی ٩ی دیسەمبەر، دادگای شاهانە لەشاری مانچەستەری بەریتانیا، سزای ٢٤ ساڵ زیندانی بەسەر پێنج قاچاغچی كوردا سەپاند، بەتاوانی هێنانی كۆچبەری كورد لەڕێگای شاردنەوەیان لەپشتی لۆریی و بارهەڵگرەكانەوە بۆ بەریتانیا، و بەڕێوەبردنی تۆڕێكی قاچاخچێتیكردن بەكۆچبەرانەوە لەئەوروپا. ئەو باندە كوردە، پێك هاتوون لەپێنج قاچاخچی، كەسەرۆكەكەیان ناوی (ت، ن)، تەمەن ٤٥ ساڵ و دانیشتوی شارۆچكەی ئۆڵدهامە، لەنزیك مانچەستەر. دادگای شاهانەی مانچستەر، گوێبیستی كەیسی لێكۆڵینەوەو بەڵگەكانی ئەو گروپەی بوو كەكاری بەدواداچوونی لەسەر كراوە ”، لەساڵی ٢٠١٧وە لەلایەن ئەفسەرانی لێكۆڵینەوەی ئاژانسی بەرنگاربونەوەی تاوانی نیشتمانی بەریتانیا. (ت، ن) تۆڕێكی ئاڵۆزی قاچاخچێتی و پڕ قازانجی بەڕێوەدەبردوە كە كۆچبەرانی لە عێراق و ئێرانەوە گواستوەتەوەو پەیوەندی لەگەڵ چەندین قاچاخچی دیكەی دەرەوەی وڵات هەبووە. كارەكانی بەهاوكاری هەریەكە لە (ه، د) تەمەن ٣٩ ساڵ، دانیشتوی مانچستەرو (س، س)، تەمەن ٣٢ ساڵ دانیشتوی ستۆكۆنتری بوون، كەئەوان یارمەتیدەر بوون لەقۆناغی كارەكانی لەناو بەریتانیادا. (ه، ح) تەمەن 54 ساڵ دانیشتوی شاری ستۆك، ئەویش ڕۆڵ و ئەركی لەگواستنەوەی كۆچبەراندا گێڕاوە، و (ه، ع، ز) تەمەن 32 ساڵ، دانیشتوی شاری نۆتینگام، ئەو گەشتی كردوە بۆ وڵاتانی دیكەی ئەوروپا، تالەوێوە چاوساغی بكات بۆ هێنانی كۆچبەری نایاسای. ئەو باندە ڕێكخراوە، پەیوەندیان لەگەڵ چەندین شوفێری تورك و پۆڵۆنی هەبووە بۆ بەچاغبردنی دەیان كۆچبەر، لەتوركیاو وڵاتانی دیكەی ئەوروپاوە بۆ ناو خاكی بەریتانیا. بەپێی ئەو تۆمارانەی لەتەلەفۆنی (ت، ن) دۆزراونەتەوە، ئەوە دەردەخەن، كەڕەنگە لەماوەی ٥٠ ڕۆژدا لانیكەم ١٩٠٠ كۆچبەری لە وڵاتانی بەڵكانەوە بۆ فەرەنساو ئەڵمانیا گوستبێتەوە بەهاوكاری تۆڕەكەی كەبۆ هەر كۆچبەرێك نزیكەی ١٨٠٠ یۆرۆی وەرگرتوە. دواتریش ئەگەر كۆچبەرەكان بیانویستایە بێن بۆ بەریتانیا ئەوە پارەی زۆرتریان لێ وەرگرتوون. ئەو گروپە كارەكانیان دابەشكردوە بەشێكیان لەناو فەرەنساو بەلجیكاوە لەگەڵ ژمارەیەك شوفێری بارهەڵگر ڕێكەوتون كەكۆچبەرەكان لەناو كڵاوەی لۆری و هێندێك جاریش لەناو باری لۆریەكان بشارنەوە، تالەكۆنتڕۆڵ دەردەچن و دواتر لەناو بەریتانیا بەئۆتۆمبیل دەیان گوازنەوە شوێنی مەبەست. (ه، ح)، لەسەر ڕێگای ئێم ٢٦ لەلایەن ئەفسەرانی ئاژانسی بەرنگاربونەوەی تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا ڕاگیراوە كەلەپشتەوەی سەیارەكەی ئافرەتێكی كوردی عێڕاقی گواستۆتەوە كەلەدۆڤەر لەلۆری دابەزیوە. هەر هەمان ڕۆژیش (س، س) دەستگیركراوە كەپێكەوە ئەو ڕۆژە پەیوەندیان هەبووە. دواجار لە ئۆپەراسیۆنێكدا گروپەكەی (ت، ن) ، لەمانگی نیسانی ٢٠١٨ هەڵوەشایەوە، كاتێك ئەو و دوو كەسی تری گروپەكەی لەلایەن ئەفسەرانی ئاژانسی بەرنگاربونەوەی تاوانی نیشتیمانی دەستگیركران. ڕۆژی ٩ی دیسەمبەریش بە٢٣ساڵ و ١١مانگ زیندانی سزا دران. هەرچەندە لەڕۆژی دادگای كردندا (ت، ن)، ئامادەی دادگای كردنەكەی نەبوو، بەهۆی خۆشاردنەوە، بەڵام دادوەر بەغیابی سزاكەی بەسەردا سەپاندوە. ئاژانشی بەرەنگاربونەوەی تاوانی نیشتیمانی داوا دەكات، هەركەسێك زانیار لەسەر شوێنی خۆ حەشاردانی (ت، ن) هەیە پەیوەنیان پێوە بكات.
خوشکەزای رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بە هۆی رەخنە لە دەسەڵاتی وڵاتەکە سزای 15 ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت. فەریدە مورادخانی، چالاکی مەدەنی دوای ئەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە خوێنڕێژ و بکوژ ناوبرد دەستبەسەر کرا لە لایەن دادگاوە 15 ساڵ زیندایی بەسەردا سەپێنرا. پارێزەری مورادخانی رایگەیاندوە دوای پێداچونەوە بە دۆسیەکەی بڕیاری زیندانییەکەی لە 15 ساڵەوە بوە بە سێ ساڵ. فەریدە مورادخانی کە خوشکەزای عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان داوای لە وڵاتانی جیهان و نەتەوەیەکگرتوەکان کرد لە ئاست کوشتاری خەڵک و توندوتیژیی لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە بێدەنگ نەبن. پێشتر بەدریە خامنەیی، خوشکی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ بەهۆی توندوتیژیی دەسەڵاتی ئێران بە رێبەرایەتیی وڵاتەکەی بێبەریبونی لە عەلی خامنەیی راگەیاند.
هەدەپە لە پەرلەمانى تورکیا داواى لێکۆڵینەوە لەسەر بەکارهێنانى چەکى کیمیایی دەکات و وەزیرى بەرگریى وڵاتەکەش رایگەیان رێگە نادەن هیچ لێکۆڵینەوەیەک لەسەر ئەو بابەتە بکرێت. خلوسى ئاکار، وەزیرى بەرگریی تورکیا لە کاتى گفتوگۆ لەبارەى پشکی وەزارەتەکەى لە پڕۆژەیاساى بودجەى ساڵى 2023 لە پەرلەمانى تورکیا وتارێکى پێشکەش کردو و وەڵامى هەندێک لە پرسیارەکانی دایەوە. لە کۆبونەوەکەى پەرلەماندا و لەبارەى بەکارهێنانى چەکى کیمیاییەوە پەرلەمانتارانى هەدەپە بەڵگەى بەکارهێنانى چەکى کیمیاییان لە سنورەکانى هەرێمى کوردستان دژى گەریلاکانى پەکەکە خستە بەردەم وەزیرى بەرگریی تورکیا و داوایان کرد لەوبارەیەوە لێکۆڵینەوە ئەنجام بدرێت. لە وەڵامى پرسیار و داوکاریی هەدەپە، خلوسى ئاکار رایگەیاند؛ جگە لە گازى فرمێسکڕێژ هیچ جۆرە چەکێکى کیمیایی لەناو سوپاى تورکیادا نییە و وتیشى: دەوڵەتى تورکیا رێگە نادات هیچ لێکۆڵینەوەیەک لەوبارەیەوە ئەنجام بدرێت. ئەمەش لەکاتێکدایە، پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) رایگەیاندوە کە سوپاى تورکیا لە ئەمساڵدا هەزاران جار چەکى کیمیایی دژى هێزەکانیان بەکارهێناوە و وەک بەڵگەیەکیش چەندین وێنە و تۆماری ڤیدیۆییان بۆ رای گشتى بڵاو کردوەتەوە.
سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە دەزگای دادی ئێران مەرگی گەنجێکی شاری دێولان لە پارێزگای سنە دوای یەک رۆژ دەستبەسەریی راگەیاندوە. ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کردوە شادمان ئەحمەدی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رفێنراوە و لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە. هاوکات لانیکەم پێنج گەنجی شاری شنۆ بە بیانویی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن دەزگای دادی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە. تا ئێستا نزیکەی 10 گەنجی کورد بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکاندا سزای سێدارایان بەسەردا سەپێنراوە و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتیش ئاماژەیان بەوە کردوە لانیکەم شەش هەزار کەس لەو بەشەی کوردستان دەستگیر و دەستبەسەر کراون و مەترسیی لەسەر ژیانیان هەیە. وەزارەت دەرەوەی ئۆسترالیا رۆژی شەممە رایگەیاند وڵاتەکەی لە بەرامبەر سەرکوت و سێدارە، لە ئێران سزا بەسەر پۆلیسی ئەخلاق و 26 بەرپرسی کۆماری ئیسلامی ئێراندا سەپاندوە. رۆژی رابردوش، جۆزێپ بۆڕێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە پەیامێکدا بڵاوی کردەوە؛ لە رێگەی وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە داوا لە دەسەڵاتی ئێران کراوە سزای سێدارە و سەرکوتی خۆپیشاندەران رابگیرێت. بە پێی دوایین ئامار لە 84 رۆژی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لانیکەم 478 کەس کوژراون کە 125 کەسیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بون.
