هاوڵاتی پارتی یەكێتی دیموكرات پەیەدە دەڵێت: رژێمی سوریا قایلە توركیا هێرش بكاتە سەر ناوچەكانی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان و بەڕێوەبەری كامپی هۆل-یش لە پارێزگای حەسەكە ئاماژە بۆ ئەوەدەكات: فشارەكانی توركیا توانای چاودێریكردنی كامپی هۆل لاواز دەكات. سەبارەت بە لێكنزیكبوونەوەی ئەنقەرە و دیمەشق و مەرجەكانی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوانیان، پەیەدە دەڵێت: دەسەڵاتی سوریا تونای هێرشكردنەسەر ناوچەكانی خۆبەڕێوەبەری نیە، بەڵام قایلە بەتۆپباران و بۆردومانكردنی ناوچەكە لەلایەن توركیاوە، لەبەرئەوەی دیمەشق رێككەوتنی ئەمنی نهێنی لەگەڵ ئەنقەرەدا كردووە. ئەحمەد خوجە، ئەندامی ئەنجومەنی گشتی پەیەدە رایگەیاند: دەوڵەتی توركیا "توشی فۆبیای وشەی گەلی كورد بووە" و رای وایە كە ئەنقەرە ئامادەیە دەستبەرداری هەموو داواكارییەكانی بێت و تەنانەت كودەتا بەسەر هاوپەیمانەكانی خۆیشیدا بكات تەنها لە پێناو لێدان و سڕینەوەی پرۆژەی دیموكراتی كە كورد رێبەرایەتی دەكات لە ناوچەكەدا. ئەو وتی: سەرەڕای ئەوەی روسیا و ئێران تەئكیدیانكردەوە كە رێگە بە داگیركاری توركیا بۆ سەر خاكی باكوری رۆژهەڵاتی سوریا نادەن، بەڵام واپێدەچێت روسیا رێگەی بە توركیا داوە بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و فڕۆكەی جەنگی و تۆپخانەكانی هێرشبكاتە سەر ناوچەكانی خۆبەڕێوەبەری، رونیشیكردەوە: زیادبوونی هێرشەكان ئاماژە بە رازیبوونی پوتین (سەرۆكی ڕوسیا) و پێدانی گڵۆپی سەوز بە ئەردۆغان (سەرۆك كۆماری توركیا) دەكات بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە هێرشانە بە ئامانجی فشارخستنە سەر هێزەكانی سوریای دیموكرات و ناوچەی خۆبەڕێوەبەری. هێرشەكانی توركیاو مەترسی سەر كامپی هۆل كامپی هۆل دەكەوێتە سنوری پارێزگای حەسەكە و لە لایەن هەسەدەوە بەڕێوەدەبرێت و بوەتە بارگرانییەكی درێژخایەن بەسەر شانی هەسەدە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر كە لە ئێستادا نزیكەی 56 هەزار كەس لە كامپەكەدان و زۆربەیان هاوڵاتی سوری و عیراقین، كە هەموویان كەسوكاری چەكدارانی پێشووی داعشن، هێرشەكانی توركیاش بۆسەر ناوچەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان مەترسی بۆ سەر پاراستنی كەمپەكە دروستكردووە. جیهان حەنان، بەڕێوەبەری كامپی هۆل لە پارێزگای حەسەكە دەڵێت: هێرشەكانی توركیا توانای سەرپەرشتیاری بۆ پاراستنی كەرتەكانی كامپەكە لاواز دەكات، و وتیشی: هەزاران خێزانی داعش لەكەمپی هۆل و لەبەندیخانەكانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و هێزە سەربازییەكانیدان و ئەمانە چاوەڕوانی دەرفەتی گونجاون بۆ دووبارە دروستكردنەوەی خانەكانی رێكخراوی داعش، و ئەو جەختیكردەوە: كە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكە ئاژاوە دروست دەكات، ئەمەش یارمەتی داعش دەدات بۆ ئەوەی جارێكی تر خۆی لە سوریا نوێ بكاتەوە. هاوكات حكومەتی عێراق مەترسی خۆی لە بوونی ئەو ژمارە زۆرە لە كەسوكاری چەكدارانی داعش لە كەمپی هۆل نەشاردوەتەوە،و بەها ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە زۆر بۆنەداو لەگەڵا باڵیۆز و نوێنەری دیبلۆماسیەكانی وڵاتانی بیانی لەعێراق تەئكیدیكردوەتەوە كە بوونی ئەو ژمارە زۆرە لەكەمپی هۆل مەترسیەكی جدیە بۆ سەر ئاسایشی عێراق و گرنگە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مەترسی ئەو كەمپە لەبەرچاو بگرێت.
هاوڵاتی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل-ههپهگه دەڵێت: 9 سەربازی سوپای توركیامان كورشتووە. ههپهگه، لەبارەی ئەنجامی چەند چالاکیەکی گەریلا ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو دەڵێت: سوپای تورکیا سهرباری ههموو توانا تهكنیكیهكانی نهیتوانی پێشڕهوی بكات، له بهرامبهر گهریلاكانی ئازادی كوردستان كه به ئیرادهیهكی گهورهوه شهڕ دهكهن. راشیگەیاند: لە ئەنجامی جەند چالاکیەکی گەریلادا، له ڕێگهی بهكارهێنانی تاكتیكی گهریلا، ٩ سهربازی توركیا كوژران و یەك سەنگەر و ٢ كامێرای حهراری تێكشكان. ڕونیشیکردەوە: سوپای توركیا ٢٩ جار به بۆمبی ئهتۆمی تاكتیكی و چهكی كیمیایی، ١٠ جار به فڕۆكهی شهڕ، ٨ جار به ههلیكۆپتهری هێرشبهر، بهدهیان جاریش به تانك، چهكی قورس و هاوهن گۆڕهپانهكانی بهرخودانی بۆردومان كرد.
هاوڵاتی لهلێدوانێکی ڕۆژنامهنوسیدا هاوسهرۆکی پارتی یهکێتی دیموکرات ڕایدهگهیهنێت تورکیا و سوریا دەیانەوێت خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژھەڵاتی سوریا لەناوببەن، ئاماژهشی بهوهکرد شتێک نەماوە بەناوی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئەوەی ھەیە ھەمووی سەر بە سوپای تورکیان. ساڵح موسلیم ھاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکرات "پەیەدە" لە میانی بەشداریکردنی بهکهناڵی (کوردسات نیوز) ڕاگەیاندووه: لەسەرەتای سەرھەڵدانی قەیرانی سوریاوە، کورد لەگەڵ دانوستان بووە بۆ چارەسەری کێشەکان، بەڵام حکومەتی دیمەشق ھاوشێوەی ئەنقەرە دەوێت خۆبەڕێوەبەری باکور و خۆرھەڵاتی سوریا لەناوببات. ئاشکراشیکرد، شتێک نەماوە بەناوی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئەوەی ھەیە ھەمووی سەر بە سوپای تورکیان. هەروەها باسی لەوە کرد کە تورکیا بەشێوەی ناڕاستەوخۆ ھێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان چڕکردووەتەوە و تەنھا ئەوە ماوە لە ڕێگەی وشکانییەوە ھێرشەکانی دەستپێبکات. موسلیم وتیشی، سوپای تورکیا بە تۆپ و درۆن ھێرش دەکاتەسەر ڕۆژئاوای کوردستان و لەو ھێرشانەشدا ھاوڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی، هاوکات ڕەخنەی توندیشی لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی گرت کە لە کاتی ھێرشەکانی تورکیا، بێ دەنگی ھەڵدەبژێرن و بیانوی ئەوە دەھێننەوە، تەنھا بۆ شەڕی تیرۆر ھێزیان لە ناوچەکە ھەیە. هاوسهرۆکی پهیهده ئاماژەی بەوەشکرد، بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر ھێرشەکانی تورکیا، بەمانای پیلانگیڕییەک دێت دژی گەلی کورد و وڵاتانی جیھانیش کورد لە بەرژەوەندی خۆیان بەکار دەھێنن.
هاوڵاتى - عەمارعەزیز برای یهکێک لهزیندانیانی بادینان ڕایدهگهیهنێت براکهی و زیندانانی دیکه ٢٨ ڕۆژه مانیان لهخواردن گرتووهو دۆخی تهندروستیان خراپه، داواش لە هەموو لایەک دەکات رێگە بەهیچ کەسێک نەدەن چیتر دەستى دەستى بە زیندانیانى بادینان بکرێت و بە زووترین کات ئازاد بکرێن. لهلێدوانێکیدا بۆ (هاوڵاتی) زێدان برایى گۆهدار زێبارى که یهکێکه لهزیندانیانی بادینان ووتى " بەپێى بڕیارەکەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێش سێ رۆژ ماوەکەیان کۆتایى هاتووە و دەبێت ئازاد بکرێن ، بەپێى زانیاریەکانم ئەگەر دادگا سەروەر بێت و دەستى حزبى تیادا نەبێت رۆژى یەکشەم کە دەکاتە 21ى ئاب گۆهدار و هاوڕێیەکانى لەگەڵ زیندانیانى شیلادزێ ئازاد دەکرێن، ئێمەش چاوەرێ دەکەین تا ئەو کات بزانین چ بڕیارێک دەردەچێت ". وتیشی" ماوەى 28 رۆژە مانیانگرتووە لە خواردن دۆخى تەندروستى یان خراپە ، بەووتەى پارێزەرانى دۆسیەکە بەشێک لە زیندانیان توشى خوێن بەربوون بوون، چاوەکانیان کز بوونە ، گورچیلە و لەشى ئەوان زۆر لاواز و بێتاقەت بوونە، سەڕەراى هەموو ئەمانە ئیرادەیان زۆر بەهێزە و هەموو کاتێک دەڵێن ئێمە لەسەر تۆمەتى نا دروست زیندانکراوین و لەسەر هەڵویستەکانیان بەردەوامن، ئەوان بەردەوام دەبن لەسەر مانگرتنى خۆیان درۆشمیان یان مردن یان ئازادى". زێدان ووتیشى " داوا لە هەموو لایەک دەکەین رێگە بەهیچ کەسێک نەدەن چیتر دەستى دەستى بە زیندانیانى بادینان نەکرێت و بە زووترین کات ئازاد بکرێن چونکە بەپێى هەموو پێوەرێک ماوەکەى خۆیان لە زیندان تەواوکردوە " زیندانیانى بادینان لەمانگى ئەیلول و تشرینى یەکەمى 2020 لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکران ، نزیکەى 24 مانگە لە زیندان دان و تا ئێستا بەدەل بەروارى و ئۆمێد بەرۆشکى ئازاد کراون. ئەو پێنج چاڵاکوان و رۆژنامەنووسەى بادینان لە 16ى شوباتى 2021لەلایەن دادگاى تاوانەکانى دووى هەولێرە بە "تاوانى تێکدانى ئاسایشى نیشتیمانى" هەریەکەیان بە سزاى شەش ساڵ زیندانکردنیان بەسەردا سەپێنرا و ئەو بڕیارەش کاردانەوەى ناوخۆیى و بیانى لێکەوتەوە. سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە شوباتى 2022 بەمەرسومێک لەسەدا 60ى سزاى پێنج چالاکوان و رۆژنامەنوسە سزادراوەکەى بادینانى کەمکردەوە ، بەوتەى کەسۆکارى یەکێک لە زیندانیانى بادینان سێ رۆژ بەسەر وادەکە تێپەریووە و هێشتا لە زیندانن .
هاوڵاتی بهپێی ههواڵێکی ئاژانسی کورد پرێس، گۆڤاری سیاسی (بی ئێن ئهى) که له ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا بڵاودهکرێتهوه هۆشداری داوە لهوهی که درێژە کێشانی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ناوچە کوردنشینەکانی سووریا دەتوانێت لێکەوتەی مەترسیداری ببێت لەوانه هێرشە بەردەوامەکانی هێزە کوردەکانی سووریا لەناو خاکی تورکیا. ئهم گۆڤاره ئاماژهی بهوه كردووه كه هێرشهكانی هێزهكانی سووریای دیموكرات به سهرۆكایهتیی كوردانی سووریا له سێ پارێزگای جیاوازی توركیا ئهنجام دراوه و هۆشداری داوه كه ئهم بابهته دهتوانێت له كۆتاییدا ببێته مۆتەکە بۆ توركیا. ئەم گۆڤارە ئاماژەی بەوە داوە کە ڕووسیا دژایەتیی ئۆپەراسیۆنی دووبارەی سەربازیی تورکیای کردووە بۆ سەر کوردەکانی سووریا و دەنووسێت: ئێستا تورکیا ڕووبەڕووی چەند کێشەی گەورە بووەتەوە لەوان، هێرشی هێزە کوردەکانی سووریا بۆسەر خاکی وڵاتەکەی، لەمپەڕ نانەوە بۆ گەڕانەوەی ئاوارە سوورییەکانی دانیشتووی تورکیا و نیشتەجێ کردنیان لە ناوچە کوردنشینەکانی سووریا، ناڕەزایی دەربڕینی هاوپەیمانە سوورییەکانی تورکیا بە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی سووریا، لاواز بوونی پێگەی ڕەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا لە هەڵبژاردنەکانی بەردەمدا. لە کۆتاییدا ئەم گۆڤارە وای بۆ دەچێت کە ئەم جۆرە ڕووداوانە دەتوانن لە داهاتوودا ببنە مۆتەکەیەکی جدی بۆ تورکیا. جێگای ئاماژهیه چهند ڕۆژێک لهمهوبهر لە ئێستا ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند کە لە سێ "ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوەی ڕەوا" لە دژی پێگەکانی سوپای تورکیا لە خاکی ئەو وڵاتە بە گشتی ٧ سەرباز کوژراون.
هاوڵاتی وەزیری پێشووتری ژینگەی حكومهتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەەفیزیۆنیدا ئاماژە بە مەترسییەکانی پیس بونی ژینگە دەکات و ڕایدهگهیهنێت خواردنەوەی ئاوی بوتڵ کارەساتە. دارا محهمهد ئهمین وەزیری پێشوی ژینگەی هەرێمی کوردستان لهو چاوپێکهوتنهدا که لهگهڵ کهناڵی ڕووداو ئهنجامی داوه ئاماژە بەوەشدەکات کە یەکێک لە هۆکارەکانی بڵاو بونەوەی زۆری شێرپەنجە پیسبونی ژینگەو هەڵمژینی هەوای پیسە کە دەبێت بە زوترین کات کاری لەسەر بکرێت. هاوکات باس لە زۆربونی ژمارەی کارگەکانی کوردستان دەکات کە بە پێی پێویست لە ژێر چاودێریدا نین و چەندەها موادی خراپ دەکەنە ژینگەوەو پیسی دەکەن. ههروهها ئهوهشی خستهڕوو کە لە وڵاتە گەورەکان هەموو کارگەکانیان لەژێر چاودێریدان و ئەبێت فیلتەریان هەبیت، تیمەکانی ژینگە پارێزی بەردەوام سەردانیان ئەکەن، دهبێت مەرجەکانی ژینگە پارێزی بگرنە بەر و پانتای سەوزای دەوری کارگەکانیان مەرجێکی زۆر گرنگە کە ئەبێت هەبێت کە هیچکام لەمانە لێرە جێبەجێ ناکرێت. ئهو وهزیره یەکێک لە هۆکارەکانی تری گەراندەوە بۆ زۆربونی ژمارەی دانیشتوان و ئەو ئوتومبێلە زۆرەی بەکاردەهێنرێت، کە هۆکاری بەکارهێنانی ئەم ژمارە زۆرەی ئوتومبێلیشی بۆ نەبونی هۆکاری گواستنەوەی گشتی پێویست گەڕاندەوە. ئهو وهزیره ئاماژەشی بەوە کرد هۆشیاری هاوڵاتیانیش زۆر گرنگە هەموو هاوڵاتییەک دەتوانێت لە ماڵەکەی خۆیەوە دەست پێبکات بە چاندنی درەخت و سەوز کردنی بەردەم ماڵەکانیان نەک تەنها لەبەر جوانییەکەی بەڵکوو چونکە ئۆکسجینی پێویست دابین دەکات بۆ خاوەن ماڵەکە ، ووتیشی کە هاوڵاتیان دەبێت وشیار بن لە بەکارهێنانی بەرهەمە پلاستیکیەکان وەک بەکارهێنانی ژمارەیەکی زۆرى عهلاگە و و بەتایبەت بتڵی ئاو خواردنەوە کە تەندروست نیە و لە هەندێک وڵاتانی جیهان قەدەخەیە.
هاوڵاتی لهڕاگهیهندراوێکدا هەپەگە شههیدبوونی دوو گەریلای لە تەندورەک ڕاگهیاندو ئاماژهی بهوهکردووه کە تاوەکو گوللـەی کۆتایی شەڕیان کردووە، لهو ڕاگهیهندراوهدا که ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەكانی پاراستنی گەل-هەپەگە بڵاویکردۆتهوه تێیدا هاتووە: سوپای داگیرکەری تورک ڕۆژی ١٦ی ئابی ٢٠٢٢ لە هەرێمی تەندورەکی سەرحەد دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی داگیرکەریی کرد، لەنێوان سوپای داگیرکەری تورک و هێزەکانماندا شەڕێکی سەخت ڕوویدا، هاوڕێکانمان ئەڤیندار و ئەیلەم، کە لە شەڕەکەدا گورزی گەورەیان لە داگیرکەراندا و بە شێوەیەکی فیدایی بەرخۆدانیان کرد، تاوەکو گوللـەی کۆتایی شەڕیان کرد و شەهید بوون. ئەوەش خراوەتەڕوو، “ئەو هاوڕێ قاڕەمانانەمان کە چەندین ساڵ لە سەرحەد تێکۆشانیان کرد، بە هەڵوێستی ڕوونی خۆیان لەسەر هێڵی ئازادیی ژنان، ڕەنجێکی زۆریاندا و بوون بە میلیتانی نمونەیی یەژاستار، بەڵێن دەدەین کە میراسی تێکۆشانی هاوڕێ شەهیدەکانمان، کە هاوڕێیەتی پەکەکەیان لە دڵەوە هۆناندەوە، بپارێزین و گەورەی بکەین”. ناسنامەی شەهیدەکانمان بەم شێوەیەیە: ناسناو: ئەڤیندار کەڤۆک ناو و پاشناو: تۆغبا تامباخچەجی شوێنی لەدایکبوون: وان دایک و باوک: خاتوون – محەمەد ئەمین کات و شوێنی شەهیدبوون: ١٦ی ئابی ٢٠٢٢ / سەرحەد ناسناو: ئەیلەم سیپان ناو و پاشناو: دەوڵەت تاشر شوێنی لەدایکبوون: وان دایک و باوک: فاتیمە – ئەنوەر کات و شوێنی شەهیدبوون: ١٦ی ئابی ٢٠٢٢/ سەرحەد لەو ڕاگەیەندراوەدا، هەپەگە سەڕەرای ئەوەی باسی لە تێکۆشانی هەردوو شەهیدەکە لەنێو ڕیزەکانی گەریلاکانی ئازادیی کوردستاندا کرد، هەروەها دەڵێت: هاوڕێکانمان ئەیلەم و ئەڤیندار بە هەڵوێستی فیداییان لەدژی داگیرکەریی، بەرخۆدانیەکی مێژووییان لە سەرحەد پیشاندا و داستانی قاڕەمانییان خوڵقاند، سەرەخۆشیی لە خانەوادەی بەڕێزی شەهیدان، خەڵکی وان و گەلی وڵاتپارێزی کوردستان دەکەین.
هاوڵاتی لەتەمەنی 19 ساڵیدا دەستگیركراو دوای 30 ساڵ و لەتەمەنی 49 ساڵیدا ئازادكرا، بەڵام زیندان خەونەكانی ئەوی بۆ ئازادی لەناو نەبردووە و هێشتا بەگڕو تینەوە داوای ئازادی بۆ كورد دەكات، لەكاتی ئازادبوونیدا دەیان كەس لەخزم و كەسوكارو چالاكوانانی ئامەد چوونە پێشوازی. ئەو ناوی مزگین روناكەو نازناوی «ئایدن»ە، چالاكوان و نووسەرە، دوای ئەوەی 30 ساڵ لەتەمەنی خۆی لەبەندیخانەكانی توركیا تێپەڕاند ئازاد بوو. ئایدن خەڵكی ئامەدە، لەساڵی 1992و لەتەمەنی نۆزدە ساڵیدا دەستبەسەركراو دوای 30 ساڵ ئازادكرا، مزگین ئایدن لەڕۆژی ئازادبوونیدا، ساتەوەختە خۆشەكانی خۆی بەسرودی نەتەوەیی ئەی رەقیب و بیرەوەریە مێژووییەكانی نەتەوەی كورد بیری خەڵكی كوردستان هێنایەوە. ئەو دەڵێت سمكۆی شكاك و قازی محەمەدو دەیان شۆڕشگێڕی دیكە لەبەر خاتری نەتەوەی كورد گیانیان بەخت كردو گیان بەختكردنی لەڕێگای نەتەوەی كورد بەسەربەرزی ناوبرد. ئایدن دەڵێت كیمیابارانی هەڵەبجەو بینینی وێنەكانی ئەو جینۆسایدە كاریگەری زۆری هەبووە لەسەر ئەوەی بڕیاربدات بۆ ئازادی كوردستان تێبكۆشێت. رایگەیاند: دوای ئەوەی دیمەنەكانی كیمیابارانی هەڵەبجەم بینی زیاتر لەبارەیەوە هەوڵمدا بخوێنمەوەو زانیاری وەربگرم، بۆیە بڕیارمدا بۆ ئازادی گەلەكەم زیاتر تێبكۆشم، بۆیە بەلامەوە گرنگ نەبوو كە كەوتمە زیندان چونكە مرۆڤی ئازاد لەزیندانەكاندایە. بەوتەی ئایدن ئەو لەزیندان تەنیا جەستەی زیندانیكراوبوو، ئەگەرنا ئاگرێك لەناخیدا هەبووەو بەو تینەوە توانیویەتی 30 ساڵی زیندان تێپەڕێنێت. ئایدن لەلایەن دادگای ئاسایشی دەوڵەتی توركیاوە لەئامەد بەتۆمەتی «ئەندامبوون لەڕێكخستندا سزای ٣٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراو 12ی ئەم مانگە لەگرتووخانەی داخراوی ژنان لەگەبزەی ئامەد ئازاد كرا، لەماوەی مانەوەیدا لەزیندان كاری ئەدەبی و كولتووری كردووەو دەیان وتارو شەش كتێبێكی بڵاوكردووەتەوە. ئایدن لەكاتی ئازادكردنیدا وتی: تا ئەوكاتەی یەك كەس لەهاوڕێیانم لەزیندان بێت ئازادی بەدەست نایەت و هیوام ئەوەیە هەموو زیندانییەكانی كورد ئازاد بكرێن. مزگین دووەم ژنی زیندانییە، كە دوای 30ساڵ لەباكووری كوردستان ئازاد دەكرێت و لەماوەی زیندانیشیدا بەشداری زۆرێك لەچالاكییەكانی مانگرتن لەخواردن كردووەو تووشی چەندین كێشەی تەندروستی بووەتەوە و لەئێستاشدا چارەسەری شێرپەنجەی مەمك وەردەگرێت، جگە لەوە تووشی نەخۆشی گورچیلەش بووە. رۆزا مەتینا هاوڕێی مزگینە، دەڵێت لەوكاتەی لەزیندان بووە خزمەتێكی زۆری بەزمانی كوردی كردووەو زیندانییەكانی فێری زمانی كوردی كردووە.
هاوڵاتی توركیا بەدرێژایی شەڕی ناوخۆی سوریا پشتیوانیی لەگروپە ئۆپۆزسیۆنە چەكدارە جیهادی و ناجیهادییەكان كردووە تاوەكو رژێمی بەشار ئەسەد بڕوخێنن و رژێمێكی نزیك لەخۆی لەسوریا دەسەڵات بگرێتەدەست. بۆ ئەوەش هاوكاریی لۆجستی، راگەیاندن، دیپلۆماسی و پێدانی چەك و پارەی بەگروپە چەكدارەكانی دژ بەڕژێمی سوریا خستبووە ریزبەندی سەرەوەی بەرنامەكانی حكومەتەكەی. بەرپرسە جۆراوجۆرەكانی ئەنقەرە بەبەردەوامی لێدوانی ئاگرینیان دەداو هەڕەشەیان دەكردو هەر جۆرە نزیكبونەوەو رێككەوتنێكیان لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد بەتاوان دەناساند. شەپۆلی رووداوەكانی بەهاری عەرەبی كاریگەریی بەجۆرێك دروستكردبوو، كەتوركیاو وڵاتانی سعودیەو ئیمارات و قەتەرو تەنانەت ئەمریكاو رۆژئاوا چاوەڕێیان دەكرد لەماوەیەكی كەمدا رژێمی سوریاش وەك تونس و میسرو لیبیا بڕوخێت و رژێمێكی نزیك لەخۆیان لەسوریا دروست بكەن. بۆ ئەوەش دەستیان بەپڕچەككردن و یارمەتیدانی گروپە چەكدارەكانی دژ بەڕژێمەكەی ئەسەد كرد. سی ئای ئەی ئەمریكی و وڵاتانی رۆژئاوایی هاوكاریی چەك و پارەیان بەزیاتر لە ١٧ گروپی چەكداری ناوخۆی سوریا دەكرد. بۆ زیاتر كاریگەربوونی گوشارەكان لەسەر رژێمی ئەسەد گۆڕەپانی سوریا بەسەر دوو بەرەی شەڕی سەرەكی دا دابەشكرا، باكوور تاوەكو ناوەڕاستی سوریا بۆ توركیاو ناوەڕاست تاوەكو باشووری سوریایش بۆ سعودیەو ئیمارات دانرابوو، كە هەریەكەیان شەڕی ئەو ناوچانە لەدژی رژێمی ئەسەد بەڕێوەببەن. لەدوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو ساڵ و بێئەنجامبوونی شەڕی گروپە چەكدارەكان و هاتنە ناوەوەی گروپە جیهادییە ئیسلامییە توندڕەوەكانی وەك بەرەی نووسرە (باڵی قاعیدە لەسوریا) و داعش و جەیشی ئیسلام و چەندین گروپی تر، ئەمریكا وردە وردە دەستبەرداری چەكدارەكانی دژ بەڕژێمی سوریا بوو، سعودیەو ئیمارایتیش لەبەری ناوەڕاست و باشوورەوە دۆخەكەیان لەسنوورێكدا راگرت و كشانەوە، بەڵام توركیا بەوپەڕی پێداگرییەوە كوانوی شەڕی گەرم دەكردو ئەو ناوچانەی بەتوركیا درابوون بەگشتی و بەبەراورد لەگەڵ ناوچەكانی تردا زۆرترین زیان و كاولكارییان بەركەوت. توركیا وەك رژێمی ئەسەد ئەوپەڕی توندوتیژیی بەكاردەهێناو پێكەوە شارو خاك و گوندو هاووڵاتییانی سوریایان كردە سوتەمەنی، بۆ هیچیان گرنگ نەبوو كاولكاری و زیانی مرۆیی بەكوێ دەگات. توركیا بەناوی جۆراوجۆرەوە راهێنان و بانگەوازی ئیسلامییەوە گروپەكانی سوریای بەتەواوەتی خستە ژێر كۆنترۆڵی خۆی. لەدرعا، حەما، حومس، حەلەب و داریا مامەڵەی پێوەكردن و فرۆشتنی بەڕووسیاو رژێمی ئەسەدو پاشەكشەی پێكردن بەرەو ئیدلب، ئەوەش تەنها بۆ ئەوەی باب و عەفرین و ناوچەكانی تری رۆژئاوای كوردستان داگیربكات. هاوكات لەگەڵ گۆڕەپانی شەڕو بەكارهێنانی ئەوپەڕی توندوتیژی، لەكۆبوونەوەكانی جنێڤ و ئاستانا و سۆچی بەبەردەوامی كاری مامەڵەكردن بووە بەئۆپۆزسیۆنەوە و لەوەشدا سەركەوتوبوو، چونكە ئۆپۆزسیۆن ئیتر پارەو چەك، ئۆتێل و دیپلۆماسی، موچە و پلانی سیاسیان و ئامانج و خواستەكانیان لەلایەن توركیاوە دیاری دەكرا. گەرچی ئەوەی پێی دەوترێت ئۆپۆزسیۆن یەكجۆر و یەك شێوە نین، بەڵام لەئەنجامدا لەقاڵبی سیاسەتی توركیدان. حكومەتی ئەنقەرەش كاری بۆ ئەوە كردووە، هەركەس و گروپێك لەناو ئۆپۆزسیۆندا لەگەڵ سیاسەتەكانی نەبێت تیرۆریان بكات، یان بەدەستی گروپە نەیارەكانی تر بیانكوژێت، كەدیارترین و كاریگەرترین پاكتاوكاری، كەزیانی گەورەی لەبناغەی سوپای ئازاددا، كوشتنی حوسێن هەرموش یەكێك لەسەركردە زۆر كاریگەرو دیارەكانی ئەو سوپایە بوو لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە. هەروەها ژمارەیەك چالاكوان و رۆژنامەنووسی سوریاش لەتوركیا بەدەست گرپە چەكدارەكان كوژران. جگە لەوانەش هەر گروپێكی چەكدار لەپلانی توركیا دەرچووبێت، بەگروپی تری چەكدار هێرشی كردووەتەسەری و لەماوەكانی رابردودا سەدان هێرش و پێكدادان لەنێوان گروپە چەكدارەكانی بەناو ئۆپۆزسیۆنی سوریا لەخاكی سوریادا روویانداوە. توركیا لەدوای نزیكەی ١١ ساڵ لەشەڕ و ململانێ و كاولكاری لەسوریا ئیدی هیچ كارتێكی گرنگی بۆ بەدیهێنانی خواستەكانی، كە لەناوبردنی دەستكەوتەكانی كوردو رۆژئاوای كوردستانە، بەدەستەوە نەماوە. تەنانەت لەمدواییەدا ئەمریكاو روسیا رێگایان لەئۆپراسیۆنێكی تری سەربازیی توركیا گرت بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان. توركیا بۆ ئەوەی رێگە لەشۆڕشی كوردو مافەكانی كورد بگرێت، ئامادەیە ئەمجارە راستەوخۆ گروپە چەكدارەكان بباتەوە ژێر باڵی ئەسەدو دیمەشق. مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا چەند رۆژ لەوەوپێش رایگەیاند، بۆ رێگریكردن لەپارچەكردنی سوریاو بۆ لەناوبردنی پەیەدە و یەپەگە پێویستی بەوە هەیە، كە دەوڵەتێكی ناوەندیی بەهێز لەسوریا دروستبكرێت و ئەوەش بە بەشداریی هەموو گروپەكان دەبێت. چاوشئۆغڵو راشیگەیاندبوو، ئەنقەرە كار بۆ ئەوەدەكات ئۆپۆزسیۆن و گروپە چەكدارەكان لەگەڵ رژێمی دیمەشق رێبكەون تاوەكو سوریایەكی بەهێز دروستبكرێت. ئەو قسانەی وەزیری دەرەوەی توركیا لەلایەن چەند گروپێكی ئۆپۆزسیۆنەوە ناڕەزایەتیی لێكەوتووەتەوە، بەڵام ناڕەزایەتییەكان زۆر لەوە كەمترن، كە رێگە لەپلانی توركی بۆ رێككەوتن لەگەڵ رژێمی سوریا بگرن، چونكە توركیا پلانی ستراتیژیی ئەوەیە، كە رێگانەدات كورد لەباكوری سوریا ببێتە خاوەن قەوارە، كیان و دەستكەوت و دانپیادانانی نێودەوڵەتی. توركیا بۆ ئەو پلانەی هەموو كارت و گوشارە سەربازی و سیاسی و ئابووری و راگەیاندنەكانی خۆی بەكارهێناوە و بەكاریشیان دەهێنێت، بۆیە ئێستا بۆ دژایەتیكردنی كورد دەست بەدامێنی ئەو رژێمەیە، كە ١١ ساڵ كاری بۆ رووخاندنی كردو ئامادەیە ئۆپۆزسیۆن تەسلیم بەڕژێمی سوریا بكاتەوە، بەس بەو مەرجەی كورد لەسوریا پاكتاوبكرێت. ئەوە پلانی ستراتیژیی و گەورەی توركیایەو بۆ ئەوەش ئامادەیە لەدەرگای هەموو شەیتانێك بدات.
هاوڵاتی دوای ئەوەی زۆرینەی زۆری میدیا بیانییە جیهانییەكان و میدیای كوردیش وێنەو هەواڵی چەند بەردێكیان بڵاوكردەوە بەناوی (بەردەكانی برسێتی) كە گوایە بەهۆی وشكەساڵییەوە لەسنوری چیك-ئەڵمانیا دەركەوتوون و باسیان لەوەكردووە هەركەسێك ئەم بەردانەی بینی "بگری" ئەویش وەك ئاماژەیەك بۆ كەمبوونەوەی ئاو و برسێتی و قاتوتڕی، دەركەوت چیرۆكی دەركەوتنی بەردەكان كۆنن و هی ئێستا نین. پێگەی (arstechnica) تایبەت بەكاروباری زانستی و هونەری رایگەیاندووە، كە بڵاوكردنەوەی ئەو وێنانە دووبارە بڵاوكردنەوەی بابەتێكە كە لەساڵی 2018 بڵاوكراوەتەوە ئەوكاتەی باس لەوشكەساڵی كیشوەری ئەوروپا كراوەو ئاماژە بەو بەردانە كراوە. پێگەكە ئەوەشی بڵاوكردۆتەوە بەڵام بەردەكان ڕاستەقینەن و بوونیان هەیەو بەرواری ساڵانی 1417و 1473ی لەسەرە بەڵام بەهۆكاری لەنگەرگرتنی كەشتییەكان تێكچوون، هەروەها چەندین بەرواری دیكەی وەك 1707و 1746و 1790 و 1893 ی لەسەر دەبینرێت. جێگای ئاماژەیە نوسینەكانی سەر ئەو بەردانە وەك سەرچاوەی لێكۆڵینەوە لەمێژووی وشكەساڵی وڵاتی چیك لەنێوان ساڵانی 1090 بۆ 2012 سودیان لێوەرگیراوە.
هاوڵاتی پاش 15 ساڵ دابڕان، ھەردوو حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران - حدکا و حزبی دیموكراتی كوردستان - حدک بڕیاریان دا یەکبگرنەوە. بەرپرسی پەیوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران - حدکا رایدەگەیێنێت کە هەردوو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران - حدکا و حیزبی دیموکراتی کوردستان - حدک، یەکدەگرنەوە دوای پانزە ساڵ دابڕان هەردوولا لەسەر رێکارەکانی یەكگرتنەوە و شێوازی كۆنگرەی داھاتوویشیان رێککەوتوون و هۆکاری ئەم یەکگرتنەوەیەشیان بۆ پێویستیی قۆناخەکە و بەشێکی دیکەیشی بۆ داخوازیی خەڵک، دۆست، رێکخراو و حیزبەکانی کوردستان گەڕاندۆتەوە. هەروەها وەک ئاماژەیەک بۆ تەواوبوونی پرۆسەی یەكگرتنەوە کەیان، رۆژی سێشەممەی رابردوو 16-08-2022 رێوڕەسمی دامەزراندنی حیزبی دیموكراتیان پێکەوە سازکرد وئەم یەک گرتنەوەیەش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی هەردوو لایەنەوە لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و نەتەوەیی بە گفتوگۆ و بەبێ بەشداریی هیچ لایەنێکی تر کراوە و لە ئێستادا ئەنجوومەنێکی 12 کەسی لە هەردوو لایەن پێکهێندراوە کە بەرپرس و گوتەبێژی ئەنجوومەنەکە کەسی یەکەمی حدک و حدکان. بەوتەی محەممەد ساڵح قادری، لە راگەیێندراوی کۆتایی یەکگرتنەوەدا باس لە چۆنێتیی رێکارەکانی بەڕێوەبردنی حیزب دەکرێت ،لەبارەی بەڕێوەچوونی کارەکانی یەکگرتنەوەی ئەو دوو حیزبە و سیستمی سەرۆکایەتییەکەیەوە، بەرپرسی پەیوەندییە کوردستانییەکانی حدکا باسی لەوە کردوە کە "کارەکان لەسەر بنەمای راگرتنی هاوسەنگی دەبن. ئەو ئەنجوومەنە شەش مانگ بۆ ساڵێکی لەبەردەمدایە کە رێکارەکانی کۆنگرە دیاری بکات. لەو ماوەیەشدا هەردوو حیزب یەکێکن و بە یەکگرتوویی کار دەکەن. حیزب سیستمی هاوسەرۆکیی نابێت." بەرپرسی پەیوەندییە کوردستانییەکانی حدکا هیوای ئەوە دەخوازێت، ئەو یەکگرتنەوەیە ببێتە نموونەیەکی باش بۆ چارەسەرکردنی دووبەرەکی و ناکۆکیی نێو حیزبەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش. حزبی دیموکراتی کوردستان لە16ی ئابی 1945 بەڕابەرایەتی پێشەوا قازی محەمەد لەڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەزاوە.
عەمار عەزیز بەهۆی هێرش و پەلامارە بەردەوامەكانی توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان لەسنوری پارێزگای دهۆك زیاتر لە 275 گوند چۆڵكراون، زیانی زیاتر لە حەوت ملیار دینار بەر خەڵكی ناوچەكە كەوتووە، ساڵانە بەهەزاران دۆنم پوش و پاوان و باخەكانی ناوچەكە رووبەڕووی سووتان دەبنەوە. سوپای توركیا بەبیانوی بوونی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) هێرش و پەلامارەكانی بۆسەر ناوچەكانی دهۆك بەردەوامە، ئەمەش زیانی گەورەی گیانی و ماددی زۆری بەخەڵكی ناوچەكە گەیاندووە. ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا بەئاسمانی و زەمینیەوە، دەیان ساڵە لەسنوری پارێزگای دهۆك بەردەوامن، پاساوەكەش راوەدونانی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)یە، هەر ئەمەش بووەتە هۆكار كە نیوار سەعید گوندەكەی خۆی بەجێبهێڵێت و ئێستا لەناوەندی شاری دهۆك دەژیت . گوندی كێستە بەدووری 35 كێلومەتر دەكەوێتە سنوری ناحیەی كانی ماسێ لەسنوری پارێزگای دهۆك، یەكێكە لەو گوندانەی بەهۆی هێرشەكانی توركیاو شەڕی توركیاو پەكەكە بەشێكی زۆری دانیشتوانەكەی چۆڵی كردووە، خەڵكەكەی بەكشتوكاڵ و ئاژەڵدارییەوە خەریكن، پێش دوو ساڵ 40 بۆ 50 ماڵ لەو گوندە دەژیان ئێستا تەنها هەشت ماڵی لێماوەتەوەو ئەوانەی تر هەموویان ماڵیان گواستووەتەوە بۆ دهۆك و زاخۆ. نیوار سەعید یەكێكە لەو هاووڵاتیانەی كەخەڵكی گوندی كێستەیە بۆ هاوڵاتی دواو راگەیاند: « زیاتر لە 30 ساڵە لەوێ دەژیاین، سەرقاڵی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری بووین ، پێش دوو ساڵ بەهۆی بەردەوامی شەڕی توركیاو پەكەكە بەیەكجاری ماڵی خۆمان گواستەوە بۆ ناوەندی شاری دهۆك، تەنها لەڕۆژانی هەینی سەردانی گوندەكەی خۆمان دەكەین و ئێوارە دەگەڕێینەوە بۆ شار»، ئەو بەنیگەرانیەوە وتی:»كەس حەزناكەت گوندی خۆی بەجێبهێڵێت». « باخیی ترێ و سێوو هەنجیرمان هەبوو لەگەڵ 45 سەرمەڕ، مەڕەكانمان فرۆشت باخەكەش خەریكە وشك دەبێت چونكە ناتوانین هەموو رۆژێك بچینە گوند، ئەوەش لەبەر بەردەوامی بۆردومانی توركیا، ژیانێكی خۆشمان هەبوو هەموومان لەدەستدا ، داوا لەوڵاتانی دەرەوەو یوئێن دەكەین سنورێك بۆ لەشكركێشی توركیا دابنێن، واش بڕوات دڵنیام هەموو گوندەكانی ناحیەكە چوڵدەبن» نیوار سەعید وای وت. لەبارەی قەرەبووكردنەوەی هاووڵاتیان قایمقامی قەزای ئاكرێ رایگەیاند: «ساڵی رابردوو لیژنەیەك لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و پەرلەمانی كوردستان سەردانی قەزای ئاكرێی كرد، كۆی ئامارو زیانەكانمان پێشكەشی لیژنەكە كرد، بەڵام تائێستا یەك هاووڵاتی قەرەبوو نەكراوە، ئەمەش لەدەستەڵاتی حكومەتی عێراقدایە بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێم و دەبێت ئەوان بڕیاربدەن كەئایا هەر هاووڵاتیەك كەی و چۆن قەرەبوو دەكرێتەوە». نیوەی گوندەكانی ناحیەی دەركار چۆڵیانكردووە لەلایەكی ترەوە دڵشێر عەبدولستار، بەرێوەبەری ناحیەی دەركار ژمارەی گوندە چۆڵكراوەكانی سنورەكەی بۆ هاوڵاتی ئاشكراكردو وتی:» ناحیەی دەركار لە 63 گوند پێكهاتووە تائێستا 32 گوند بەتەواوی چوڵكراون كە بەشێكیان هی كریستیانەكانن»، راشیگەیاند:» لەساڵی 1991 تاوەكو ئێستا 32 هاووڵاتی سڤیل لەسنوری دەركارو باتیڤا بەهۆی بۆردوومانی توركیا شەهیدو برینداربوون، جگە لەمەش لە 20ی تەمموزی ئەمساڵدا لەگوندی پەرەخێی سەر بەناحیەی دەركار نۆ گەشتیاری عەرەب گیانیان لەدەستداو زیاتر لە 20 گەشتیاری دیكەش برینداربوون». بەشێك لەو گوندانەی چۆڵكراون كریستیانن و ئەوانیش بەشێكیان ماڵی خۆیان گواستوەتەوە بۆ ناوەندی زاخۆو دهۆك و بەشێكی دیكە بەیەكجاری كۆچیان كردووە بۆ دەرەوەی وڵات . لینوس عودیشو، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لەپێكهاتەی كریستیان بەهاوڵاتی ی وت: « لەسنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 10 بۆ 15 گوندی كریستیان نشین چوڵكراون، لەسنوری پارێزگای دهۆك، ئامێدی و ئاكرێ 20 گوند چوڵكراون. بەگشتی نزیكەی 40 گوندی كریستیان چۆڵكراون كەئێستا هیچ كەسیان تێدا ناژی و بەشێكیان ماڵی خۆیان گواستووەتەوە بۆ ناوەندی دهۆك و زاخۆو شارەكانی تر بەشێكی تریان كۆچیانكردووە بۆ دەرەوەی وڵات «. لینوس عودیشو زیاتر دواو وتی: « بێگومان نەمانی كریستیانەكان لەو گوندانە زیانی زۆر هەیە بەتایبەت بۆ پێكهاتەی كریستیان كەزیاتر لە 50 ساڵە لەو گوندانە دەژین، داوا لەحكومەتی هەرێم و بەغداد دەكەین بەزووترین كات زیانلێكەوتووان قەرەبوو بكەنەوە، هاوكات هەوڵبدەن لەگەڵ توركیا بگەنە لێكتێگەیشتنێك كەچیتر ناوچەكانمان بوردوومان نەكرێن». هەر سەبارەت بەزیانی هێرەشەكانی توركیاو شەڕو ئاڵۆزی لەسنوری پارێزگای دهۆك، رزگار سدقی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی وت: «لە 1999وە تائێستا زیاتر لە 275 گوندی پارێزگاكە بەهۆی هەبوونی بارەگاكانی پەكەكەو بەردەوامی بۆردومانی توركیا چوڵكراون، ئەو گوندانە دەكەونە سنوری قەزاكانی ئامێدی، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئاكرێ و ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» سەرووی 35 هاووڵاتی سڤیل شەهیدكراون و زیانی ماددی زیاتر لە حەوت ملیار دینار بەر خەڵكی ناوچەكە كەوتووە ئەوە جگە لەسووتانی زیاتر لەشەش هەزار دۆنم پووش و پاوان و باخی گوندنشینانی ناوچەكە. مازن محەمەد سەعید، قایمقامی قەزای ئاكرێ بەهاوڵاتی راگەیاند: «لەسنوری قەزای ئاكرێ 24 بۆ 25 گوند بەهۆی شەڕی بەردەوامی توركیاو پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) چوڵكراون، جگە لەوەش زیانی گیانیمان هەیە». توركیا بەردەوامە لەهێرش و پەلامارەكانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان و دوای هێرشەكەی هاوینەهەواری گوندی پەرەخێ لەدهۆك-یش، رۆژی 26ی تەمموزی ئەمساڵ دۆسیەی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر هەرێم و سەروەری عێراق برایە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەندامی ئەنجومەنەكەش ئیدانەی هێرشەكانیان كردو داوایانكرد رێز لەسەروەری عێراق بگیرێت، بەڵام ئەمەش توركیای رانەگرت و بەردەوامە لەسەر هێرش و كردەوە دوژمنكارییەكانی.
هاوڵاتی رێڤینك یاسین، ئەندامی گروپی پارێزەرانی خۆبەخش لە كەیسی دەستگیركراوانی بادینان بە هاوڵاتی وت:"ئەگەر هەفتەی داهاتوو كەیسی ئازادكردنی بەمەرجی زیندایانی بادینان یەكلایی نەكرێتەوە، پێویستە وەزیری كار و كارۆباری كۆمەڵایەتی بانگێشتی پەرلەمان بكرێت، بۆ وەڵامدانەوە لەسەر ئەو دەستی دەستیەی بەرێوەبرایەتی چاكسازی گەوران لە هەولێر لە كەیسی دەستگیركراوانی بادینان دەیكات. ئەو پارێزەرە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: بەرپرسانی چاكسازی گەوران بەردەوامن لەسەر دەستی دەستی كردن بە كەیسەكە، لەبەر ئەوە پێویستە رێوشوێنی یاسایی لەدژی بەرێوەبەری چاكسازی گەوران بیگیرێتەبەر، چونكە بەپێی بەندی 339 لەیاسای سزادانی عیراق، هەر فەرمانبەرێك بڕیاری یەكێك لە دادگاكان جێبەجێ نەكات یان رێگری بكات لە جێبەجێكردنی سزادەدرێت، ئەوەش بە زیندانكردن یان غەرامەكردن. ئەمە لەكاتێكدایە دوو رۆژ پێشتر بە فەرمانی وەزیری كارو كارۆباری كۆمەڵایەتی وەفدێكی لەوەزارەتەكە كە پێكهاتبوو لە هەر یەك لە بەرپرسی بەشی یاسایی و بەشی پلاندانان سەردانی دەستگیركراوانی چاكسازی گەورانی لە هەولێركرد، بۆ بەدواداچوون لەسەر پرسی ئازادنەكردنی دەستگیركراوانی بادینان بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێكی نەبووە.
هاوڵاتی لهنوسینێکدا وەزیری پێشووی دەرەوەی فەرەنسا هۆشداری داوە کە تورکیا خۆی بۆ داگیر کردنی هەموو ئەو ناوچانەی کە لە ژێر کۆنترۆڵی کوردانی سووریادان ئامادە کردووە. بێرنارد کۆشنەر وەزیری پێشووی دەرەوەی فەرەنسا، لهنوسینێکدا که لە گۆڤاری (لۆمۆند دیپلۆماتیک) بڵاو کراوەتەوه داوای لە وڵاتانی رۆژئاوایی کردووە بەجدی رێگری لە تورکیا بکەن کە چوارەمین ئۆپەراسیۆنی سەربازیی خۆی لە سووریا ئەنجام نەدا. چوونکە بە گوتەی ناوبراو ئامانجی هەموو ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانە سڕینەوەی کوردەکانی سووریا بووە. ناوبراو وەبیری وڵاتانی رۆژئاوایی هێناوەتەوە کە کوردەکانی سووریا ١٠ هەزار کەس له ئەندامانی خۆیان لە شەڕی داعشدا بوونەتە قوربانی و بە گشتی ٣٦ هەزار ئەندامی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە سەرۆکایەتی کورد گیانیان لەدەست داوە یاخود بریندار بوون. بێرنارد کۆشنەر هۆشداری ئەمەشی داوە لەوەی کە ئەگەر تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نوێ ئەنجام بدات، ئەوا هەموو دەستکەوتەکانی شەڕی داعش لەدەست دەچێت و بەدڵنیاییەوە داعش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانە. جێگای ئاماژهیه کوشنەر کەسایەتی پزیشک و سیاسیی فەڕەنسییە، لەسەردەمی سەرۆککۆماری فرانسوا فیون دا وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بوو ئەمەش لەماوەی ١٧ی ئایاری ٢٠٠٧ تاکوو ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٣، بەرلەوەش لەماوەی ٢ی نیسانی ١٩٣٩ تاکوو ٢٩ی ئازاری ١٩٩٣ وەزیری تەندرووستی فەڕەنسا بووە.
سەركۆ جەمال ساڵانێكی زۆرە سەرهەڵگرتن لە نیشتمان و راكردن لەم دۆخە نالەبارەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە بووەتە دیاردە، دیارترین و كاریگەرترین هۆكار رەوكردنە لە دەست ئەو نادادیەی دەسەڵاتدارانی هەرێم دروستیانكردووە، بەپێی ئامارێك لە ماوەی 8 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 670 هەزار كەس لە عێراقەوە بەرەو ئەوروپا كۆچیان كردووە، كە زیاتر لە نیوەیان خەڵكی هەرێمی كوردستانن، هاوكات زیاتر لە 300 هاوڵاتیش گیانیان لەدەستداوەو 225 كەسی تریش بێسەروشوێن بوون. رۆژی 10 -8-2022 هەواڵی ژێرئاوكەوتنی یەختێكی دیكە لەدەریای ئیجە جارێكی دیكە خەڵكی كوردستان راچەڵەكان، كە زیاتر لە 80 كەسی تێدابووە و بەنیازبوون بەرەو ئیتاڵیا بڕۆن، بەڵام تائێستا بەوتەی دەزگای لوتكە تەرمی 29 یان دۆزراوەتەوە و بەشێك لەبێسەروشوێنەكانیش كوردن. حسێن حەمەساڵح نوێنەری دەزگای لوتكە لەیۆنان بە هاوڵاتی وت:» لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لەیۆنان قسەمان كردووە، دواین زانیاری ئەوەیە كە بەشێك لەسەرنشینەكان كوردن، ئەو كەسانەی ڕزگاربوون دەڵێن نزیكەی 80 سەرنشینی تێدابووە یەختەكە، بەڵام تائێستا توانراوە تەنها 29 كەسیان ڕزگار بكرێن». نوێنەری دەزگای لوتكە لە یۆنان وتیشی:» 51 كەسیان بێسەرو شوێنن، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان ئەو 51 كەسە ژمارەیەكیان كوردن». دەشتی جەمال سكرتێری فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق بەهاوڵاتی وت:» ئەو یەختەی 10ی ئەم مانگە هەواڵی ژێرئاوكەوتنی بڵاوبوەوە بەشێك لەسەرنشینەكانی كوردن، بەڵام نازانرێت چەند كەس بوون، لەسۆراخی ئەوەداین ناسنامەیان ئاشكرابكەین و دواتر بڵاویبكەینەوە تا كەسوكاریان بتوانن تەرمەكانیان وەربگرنەوە». دەشتی جەمال، دەڵێت: تائێستا 170 هاوڵاتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی گەیشتن بەوڵاتانی ئەوروپا بێسەروشوێنن، و وتیشی: «ساڵی رابردوو لەڕێگەی گەیشتن بەوڵاتانی ئەوروپا 32 هاوڵاتی هەرێم گیانیان لەدەستداوە». هەر سەبارەت بەڕووداوی ژێرئاوكەوتنی یەختەكەی یۆنان بەكر عەلی سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەوروپا بەهاوڵاتی وت:» ئەو یەختەی لەچەند رۆژی رابردوود ژێر ئاو كەوت سێ بەشی سەرنشینانی كوردن، دەشڵێت زۆربەی ئەوانەی ڕزگاریان بووە خەڵكی دەڤەری ڕاپەڕینن، و 64 كەس بێسەروشوێنن». سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەوروپا دەڵێت: «یەختەكە تێكشكاوە، هۆكارەكەشی بۆ شەپۆلی دەریاو هۆكاری سەرەكیشی خراپی یەختەكە بووە، لەباشووری دورگەی ڕۆدوس توشی ئەو ڕوداوە بوەو 93 سەرنشینی تێدابوە كە پێكهاتون لە(كورد، ئەفغانیو ئێرانی)». بەوتەی بەكری عەلی «دوو كەس لەسەرنشینانی یەختەكە براونەتە دورگەیەك بەناوی (كارپاسۆس) بەگومانی ئەوەی ئەوانە قاچاخچینو هەوڵیانداوە سەرنشینانی یەختەكە بگەیەننە ئیتاڵیا». سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكان ئاماژەی بەوەشدا: «یەختەكە لەدورگەیەكی توركیا سەرنشینەكانی هەڵگرتووەو ئەوانەی ڕزگاركراون سەرجەمیان پیاونو كوردانی ناو یەختەكەش سەرجەمیان خەڵكی هەرێمی كوردستاننو بەشێكیشیان خەڵكی دەڤەری ڕاپەڕینن». سەبارەت بەدۆخی پەنابەران لەیۆنان حسێن حەمەساڵح نوێنەری دەزگای لوتكە لەو وڵاتە ئەوەی ئاشكراكرد: «دۆخی كەمپەكانی یۆنان زۆر باش نییە، تەنها ئەوەیە كەسێك وەك پەنابەر خۆی بناسێنێت و داوای مانەوە بكات شوێنی پێدەدەن، ئەویش كاتێك بگاتە ناو شارەكان، ئەگەرنا سنورەكانی یۆنان لەڕووی وشكانییەوە بە دیوار و كامێرا كۆنترۆڵكراوە و لەدەریاشدا بەهێزی دەریایی چاودێری دەكرێت». لەبارەی بەهۆكاری زیاتربوونی ڕووداوەكانی خنكان نوێنەری دەزگای لوتكە لەیۆنان دەڵێت:»هۆكار ئەوەیە رێگا وشكانیەكان زیاتر كۆنترۆڵكراون و كۆچبەران رێگای ئاوی بەكاردەهێنن، ئەو یەختانەش زیاتر لەتوانای خۆی خەڵكی تێدەكرێت و زۆركات لەنیوەی ڕێگا بزوێنەرەكەی لەكاردەكەوێت بەوهۆیەوە زۆرجار ئەگەر هێزی دەریاوانی فریای سەرنشینەكانی نەكەوێت ڕووداوی ناخۆش ڕوودەدات». بەپێی ئاماری دەزگای لوتكە كە دەست هاوڵاتی كەوتووە، لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا 672 هەزار و 119 كەس كەس لە عێراقەوە بەرەو ئەوروپا كۆچیان كردووە و داوای مافی پەنابەرییان كردووە، لەو ژمارەیەش زیاتر لە نیوەیان خەڵكی هەرێمی كوردستانن. بەپێی ئامارەكە لەساڵی 2015 كە بەشێك وەك ساڵی لێشاوی كۆچكرن ناویدەبەن بەهۆی كردنەوەی رێگای نێوان توركیا بۆ یۆنان و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی دیكەی ئەوروپا، دەردەكەوێت زۆرترین هاوڵاتی عێراقی كۆچیان كردووە و داوای پەنابەرییان لەوڵاتانی ئەوروپا كردووە، ژمارەی ئەوانەی لەو ساڵەدا كۆچیان كردووە 186 هەزار و 422 كەس بووە، لەو ژمارەیەش 25 كەسیان گیانیان لەدەستداوە و حەوت كەسیش بێسەروشوێن بوون. لەساڵی 2016 دا 160 هەزار و 717 كەس لەعێراقەوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا رۆشتوون و داوای مافی پەنابەرییان كردووە، لەو ژمارەیە 78 كەسیان گیانیان لەدەستداوە و 54 كەسیش بێسەروشوێن بوون، لەساڵی 2017 شدا 92 هەزار و 691 كەس لەعێراقەوە كۆچیان كردووە و 29 كەسیان گیانیان لەدەستداوە و 67 یش بێسەروشوێنن. لەساڵی 2018 دا 69 هەزار و 203 كەس لەعێراقەوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا كۆچیان كردووە و داوای مافی پەنابەرییان كردووە، لەو ژمارەیە لەڕێگادا 54 كەس گیانیان لەدەستداوە، 25 كەسیش بێسەروشوێن بوون، بەڵام لەساڵی 2019دا ئامارەكە كەمتربوەتەوە بۆ 53 هەزار و 240 كەس، لەو ژمارەیە 47 كەس گیانیان لەدەستداوە، 10 كەسیش بێسەروشوێن بوون. لەساڵی 2020 بەهۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا و توندبوونەوەی سنوورەكان ژماریەكی كەتر كۆچیان كردووە، لەو ساڵەدا 34 هەزار هاوڵاتی عێراقی توانیویانە خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا بەڕێگای نایاسایی و داوای مافی پەنابەرییان كردووە، لەو ژمارەیەش 18 كەسیان لەڕێگادا گیانیانلەدەستداوە و 17 كەسیش بێسەروشوێنن، لەساڵی 2021 لەگەڵ كەمێك ئاسایی بوونەوەی رێوشوێنەكانی كۆرۆنا دیسان ئاماری كۆچكردن لەعێراق بەرزبووەتەوە، لەو ساڵەدا 55 هەزار كە لە عێراقەوە كۆچیان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا كردووە و داوای پەنابەرییان كردووە، 46 كەسیان لەو ڕێگایە گیانیان لەدەستداوە، 40 كەسیش بێسەروشوێن بوون. دەشتی جەمال سكرتێری فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق دەڵێت:»لە ١/١/٢٠٢٢ تاوەكو ٢/٦/٢٠٢٢ ئەو پەنابەرانەی لەسنورە وشكانی و ئاوییەكانی توركیا دەستگیركراون بریتین لە ١٠٠ هەزارو ٩٧٤ پەنابەر، بەڵام لە ٣/٦/٢٠٢٢ تاوەكو ٤/٨/٢٠٢٢ ڕیژەكە گەیشتە ١٦٣٩٧١ پەنابەر واتا لەماوەی تەنها دوومانگدا ٦٢ هەزارو ٩٩٧ پەنابەر دەستگیركراون. ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» لە ١/١/٢٠٢٢ تاوەكو ٢/٦/٢٠٢٢ ژمارەی ئەو پەنابەرە عیراقیانەی بە هەرێمی كوردستانیشەوە لەسنورە وشكانی و ئاوییەكانی توركیا دەستگیركراون بریتین لەیەك هەزارو ٧٣٧ پەنابەر بەڵام دوای دوومانگ ڕێژەكە بەرزبوویەوە و لە ٣/٦/٢٠٢٢ تا ٤/٨/٢٠٢٢ گەیشتە سێ هەزار پەنابەر، واتا یەك هەزارو ٢٦٣ پەنابەر زیادی كردووە». وتیشی:»لە ١/١/٢٠٢٢ تاوەكو ٢/٦/٢٠٢٢ ژمارەی ئەو پەنابەرانەی گیانیان لەدەستداوە لەسنورە ووشكانی و ئاوییەكانی توركیا بریتین لە ٢٠٠ پەنابەر وە لە ٣/٦/٢٠٢٢ تاوەكو ٤/٨/٢٠٢٢ بەرزبوویەوە بۆ ٢٥٤ پەنابەر، واتا لەماوەی دوومانگدا ٥٤ پەنابەر گیانیانلەدەستداوە. لە 21/12/2021 لەنۆكەندی ئینگلیز یەختێكی كۆچبەران نوقوومبوو كە نیوەیان خەڵكی هەرێمی كوردستان و پاش مانگێك تەرمەكان دۆزرایەوە و گەڕێندرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام هێشتا تەرمی هەشت كەسیان نەدۆزراوەتەوە، واتە لەو ڕووداوەدا كە زیاتر لە 30 كەس لەیەختەكەدا بوون 15 یان كوردبوون. جێگر محەمەد كە یەكێك بوو لەو كەسانەی لەڕووداوەكەی 21/12/2021 لەنۆكەندی ئینگلیز یەختەكەیان ژێرئاوكەوت و هاوسەرەكەشی لەگەڵدابوو ئەوان خەڵكی سنووری ئیدارەی راپەڕین بوون، باوكی جێگر بەهاوڵاتی وت:»كوڕ و بوكەكەم لەو ڕووداوەدا بێسەروشوێن بوون، دەمەوێت بەمردوویی بێت یاخود زیندوویی بۆمان بگەڕێننەوە». كۆی گشتی ئەو عێراقیانەی لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا بەرەو ئەوروپا رۆیشتوون و داوای مافی پەنابەرییان كردووە، 672 هەزار و 119 كەسە، 316 كەسیان گیانیان لەدەستداوە، 225 كەسیش بێسەروشوێن بوون، لەو ژمارەیەش بەوتەی سكرتێری فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق 170 یان خەڵكی هەرێمی كوردستانن، هاوكات لەكۆی 46 هاوڵاتی عێراقی كە ساڵی رابردوو لەڕێگای گەیشتن بەوڵاتانی ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە 32 یان خەڵكی هەرێمی كوردستانن ئەمەش دەریدەخات زۆرترین هاوڵاتی هەرێمی كوردستان كۆچ دەكەن و رێگای نایاسایی بۆ گەیشتن بەوڵاتانی ئەوروپا بەكاردەهێنن و بەوهۆیەشەوە زۆرترین هاوڵاتی هەرێم گیان لەدەست دەدەن یاخود بێسەروشوێن دەبن. هەرچەندە ساڵی 2021 كاتێك لێشاوی كۆچی هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەرەو بیلاروسیا و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی دیكەی ئەوروپا دەستیپێكرد، پەرلەمانی كوردستان لیژنەیەكی ناردە پۆڵەندا تا لەنزیكەوە لەدۆخی كۆچبەرانی كورد ئاگاداربێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەی لیژنەكە چوونە ئەو وڵاتە و راپۆرتیان ئامادەكرد تا پەرلەمانی كوردستان لەوبارەیەوە كۆبونەوەی لەسەر بكات، بەڵام كۆبوونەوەكە هەر نەكرا. رێبوار بابكەیی، سەرۆكی لیژنی پەیوەندییەكانو رەوەندی كوردستانی لە پەرلەمانی كوردستان لەوبارەیەوە بەهاوڵاتی وت:»لەماوەی رابردوودا راپۆڕتێكی وردمان لەسەر كۆچی گەنجان ئامادەكردووەو تێیدا هۆكارو چارەسەرەكانی ئەو دیاردەیەمان دەستنیشانكردووەو داوامانكردووە یەكێك لە كۆبونەوەكانی داهاتوی پەرلەمان تایبەت بكرێت بە كۆچی گەنجان.» خراپی دۆخی ژیانی هاوڵاتیان و نەبوونی دەرفەتی كار و نادادی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان و بێئومێدی و نەبوونی ئاسۆیەك بۆ ژیانێكی باشتر، هۆكاری سەرەكی سەرهەڵگرتن و جێهێشتنی نیشتمانە.
