هاوڵاتی شاندێکی هێزەکانی هاوپەیمان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە کۆبووەوە و پشتگیریی خۆیان بۆ هەنگاوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە بواری چاکسازی دووپاتکردەوە. ئەمڕۆ دووشەممە 19-12-2022، فەریق روکن عیسا عوزێر، سوپاسالاری پێشمەرگە و لیوا روکن بەختیار محەممەد سدیق، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ شاندێکی سەربازی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی جەنەراڵ پیتەرز کۆبوونەوە. وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویکردەوە، بەسەرۆکایەتی فەریقی روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیوا روکن بەختیار  مەحەمەد سدیق، ئەمینداری گشتی وەزارەت، لەگەڵ شاندێکی سەربازی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی کۆڵۆنێڵ پیتەرز کۆبونەوە، لەو دیدارەدا کە د. محەمەد سەلیم مزوری بەرێوەبەری گشتی دارایی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو،  گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کراو  تیشکخرایە سەر هەنگاوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی چاکسازی و پێکهێنانی فرقەکان و چەندین پرسی تایبەت بە بواری چاکسازی لەوەزارەتی پێشمەرگە . ئاماژە بەوەشکراوە، لەلایەن بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە روونکردنەوەی پێویست بۆ هەریەک لەو تەوەرانە خرایەڕوو. هەر لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، هاوپەیمانان جارێکی دیکە پشتگیری و پشتیوانیی خۆیان بۆ هەنگاوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە بواری چاکسازی و یەکخستنەوەی سەرجەم هێزەکان دووپاتکردووەتەوە.  

هاوڵاتی کەشناسی هەرێم رایگەیاندووە، ئەمڕۆ دووشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبنەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ، و سبەی سێشەممە، ئاسمان پەڵە هەور بۆ نیمچە هەور دەگۆرێت و پلەکانی گەرما نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر: 22 پلەى سیلیزى سلێمانی: 21 پلەى سیلیزى دهۆک: 20 پلەى سیلیزى کەرکوک: 24 پلەى سیلیزى هەڵەبجە: 20 پلەى سیلیزى زاخۆ: 21 پلەى سیلیزى سۆران: 17 پلەى سیلیزى گەرمیان: 25 پلەى سیلیزى هەروەها کەشناسی عێراقیش دەڵێت، لە رۆژی چوارشەممەوە پلەکانی گەرما دادەبەزن و شەپۆلێکی بارانبارین روو لە هەرێم دەکات. هاوکات سیروان ساڵح، شارەزای کەشناسی نەخشیەکی پێشبینییەکانی کەشوهەوای بڵاویکردەوە و نووسیویەتی "دەرکەوتنی نیشانەیەکی زۆرباش لە هەفتەی کۆتایی ئەم مانگە، کە دەکاتە کۆتایی ئەم هەفتەیە و تێکڕای هەفتەی داهاتوو، هەروەها نیشانەکان زۆرباشن بۆ مانگی یەکی ساڵی 2023". دەشڵێت: "هەفتەی کۆتایی ئەم مانگە زستانی سەخت دەستپێدەکات، بارانی باش و بەفربارین و سەرمای تێدایە".

سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە رایگەیاند، دەسەڵاتی تورکیا سنورەکانی بە تەواوی تێپەڕاندووە و وتی، " ئەو زلەیەی کە دوێنێ پۆلیسێک لە فەرهاد ئەنجو پەرلەمانتاری هەدەپەدا، لە هەڵبژاردنەکاندا بەرخۆیان دەکەوێتەوە. دوێنێ لە شاری ئەستەنبوڵ، خۆپیشاندانێکی فراوان بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەکەکە و دژی سیاسەتی شەڕ بەڕێوەچوو. پەرلەمانتار و ئەندامانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بەشداریان لە خۆپیشاندانەکەدا کرد. هێزە ئەمنیەکانی تورکیا خۆپیشاندەرانیان گەمارۆدا و توندوتیژیان بەکارهێنا. بەرپرسێکی پۆلیس لە خۆپیشاندانەکەدا زلەیەکی لە فەرهاد ئەنجو پەرلەمانتاری هەدەپەدا و ئەوەش نارەزایەتیەکی گەورەی لێکەوتەوە. سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لەمبارەیەوە تویتێکی بڵاوکردەوە و وتی، " ئەم دەسەڵاتە کە قوڕگی لەنێو خراپەکاریدا نوقم بووە، بە تەواوی سنورەکانی تێپەڕاندووە." دەمیرتاش لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، ئەو هێرشەکەی دوێنێ کە لەدژی دایکانمان و لەدژی فەرهاد ئەنجو پەرلەمانتاری هەدەپە ئەنجامدرا، لەلایەن کوردەوە هیچ کاتێک لەبیرناکرێت. دەمیرتاش لە کاردانەوەکەیدا لەبەرامبەر ئەو زلەیەی کە لە فەرهاد ئەنجو درا وتی، " ئێوە زلەتان نەبینیوە، چاوەڕێی سندوقەکانی هەڵبژاردن بکەن، دەبینن کە زلە چییە." هەر دوێنێ، ئەندامانی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان، بزوتنەوەی ژنانی ئازاد، پارتی دیموکراتی هەرێمەکان، پارتی دیموکراتی گەلان، هێزەکانی تێکۆشانی یەکگرتوو، کۆمەڵەی هاوکاری و پشتگیری خانەوادەی زیندانی و سزادراوانی ئیجە، لە گۆڕەپانی کۆناکی شاری ئیزمیر خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. ئەندامانی پارت و رێکخراوە کوردیەکان داوایان کرد، گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەکەکە هەڵبگیرێت و رێگە بدریت، پارێزەر و خانەوادەکان سەردانی ئیمڕالی بکەن کە ئۆجالان و سێ زیندانی دیکەی پەکەکە لەو دورگەیە بەندکراون. ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا رایگەیاند، هێزە ئەمنیەکان رێگریان لە خۆپیشاندانەکە کردووە و هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەران و بە ئەشکەنجە و لیدان ٥٠ کەسیان دەستگیر کردووە.

ئەشکەنجەداروێکی دیکەی کورد لە شاری بۆکان گیانی لەدەستدا و ژمارەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئێران بە بەردەوامی بەرز دەبێتەوە. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە محەمەد حاجی رەسوڵپور، کە بەهۆی ئەشکەنجە لە زیندان بە بێهۆشی لە نەخۆشخانەیەکی شاری بۆکان بو، بەرەبەیانی رۆژی دوشەممە گیانی لەدەست داوە. تۆڕی مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرای کردوە دۆخی تەندروستیی دەستگیرکراوێکی شاری سنە بە ناوی سیروان محەمەدی بەهۆی ئەشکەنجەوە تێکچوە و رەوانەی نەخۆشخانەی شارەکە کراوە. بە پێی زانیارییەکانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ تا ئێستا 12 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە بە بیانوی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان دەستگیر کرابون لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە.  لە لایەکی دیکەوە رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردوەتەوە لە 92 رۆژی ناڕەزایەتییەکاندا لانیکەم 498 کەس کوژراون.  

رۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات دەسەڵاتی ئێران بۆ سەپاندنی یاساکانی دەستدرێژیی سێکسی دەکاتە سەر کچان و ژنانی دەستگیرکراو. رۆژنامەی (نیۆیۆرک تایمز) لە ئەمریکا راپۆرتێکی لەسەر دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاو کردوەتەوە و ئاماژەی بەوەکردوە بە پێی ئەو بەڵگانەی دەست رۆژنامەکە کەوتوە ئەو چالاکوان و ژنانەی لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر دەکرێن یان دەستدرێژیی دەکرێتە سەریان یان هەڕەشەی دەستدرێژییان لەسەرە. لە راپۆرتەکەی ئەو رۆژنامەدا ئاماژە بە ناوی چەند کچ و ژن کراوە کە دوای دەستگیرکردنیان بەهۆی دەستدرێژی سێکسی و برینداربونی ئەندامانی زێیان رەوانەی نەخۆشخانە کراون. ئەو رۆژنامەیە بە پێی بەڵگەکانی کەمپینی مافەکانی مرۆڤی ئێران کە بارەگاکەی لە شاری نیویۆرک لە ئەمریکایە بڵاوی کردوەتەوە؛ کچێکی تەمەن 20 ساڵ دوای دەستگیرکردنی لە ژێر ئەشکەنجە و دەستدرێژیی سێکسیدا لە شاری کەرەج رەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکان کراوە و پزیشک و پەرەستارانی ئەو نەخۆشخانەیە کە بە سەری تاشراو و جەستەی لەرزۆک  ئەو کچەیان بینیویە توشی شۆک بون و دوای چارەسەر و نەشتەرگریی کچەکە دوبارە گوازراوەتەوە بۆ ناوەندێکی ئەمنیی ئێران. هادی قائیمی، بەڕێوبەری کەمپنی مافەکانی مرۆڤی ئێران رایگەیاندوە؛ کچێک بە ناوی مەعسومە تەمەن 14 ساڵان لە ناوچەیەکی هەژانشینی تاران کە خوێندکار بوە تەنها لەبەر ئەوەی وەک ناڕەزایەتی سەرپۆشەکەی لابردوە، دەستگیرکراوە و دواتر رەوانەی نەخۆشخانەکراوە کە بەهۆی لەدەستدانی کچێنی و خوێنبەربونی زۆری جەستەی گیانی لەدەستداوە. قائیمی دەڵێت دایکی مەعسومە کە ویستویەتی مەرگ و دەستدرێژیی سەر کچەکەی ئاشکرا بکات تا ئێستا بێسەروشوێنە. رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوە کردوە ئەگەرچی بەهۆی دابونەریتی کۆمەڵایەتییەوە ئاشکرابونی زۆربەی دۆسیەکانی دەستدرێژیی سێکسی لە ناوەندە ئەمنی و هەواڵگرییەکان و تەنانەت زیندانەکانی ئیڕان کارێکی ئاسان نییە بەڵام ژمارەیەک لەو کەسانەی دەستدرێژیی سێکسیان کراوەتە سەر بەهۆی تۆمارکردن و هەڵگرتنەوەی ڤیدیۆ لێیان ناچاربون بێدەنگیی هەڵبژێرن. پێشتریش سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرایان کردبو کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ بێدەنگ کردنی گەنجان دەستدرێژییان کردوەتە سەر کوڕان و کچانی گەنجی دەستگیر لە ناڕەزایەتییەکاندا.

دەنگێک بوو کە کورد زوو حەزی لێکرد، لە قەوانەوە بۆ کاسیت و لەوێوە بۆ کۆنسێرت و رادیۆی بەغدا، لە ئامەدەوە بۆ ئەستەنبوڵ، لەوێوە بۆ هەولێر و بەغدا، بەدوای هونەری کوردیدا وێڵ بوو. خاوەنی ئەم دەنگ و رەنجە رەسەنە ئایشە شانە. ئەمڕۆ ١٨ی کانونی یەکەم، ٢٦ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ئایشە شاندا تێدەپەڕێت. ژیانی ئایشە شان کە نووسەر و رۆژنامەنووس کاکشار ئۆرەمار کتێبێکی بەناوی ' شاژنی بێتەخت و تاج'ی لەسەر نووسیوە، نە تەنیا هونەر بوو، بەڵکو وەک لە گۆرانیەکانیدا دیارە، پڕ بوو لە ئێش و ئازار. ئایشە شان لە ساڵی ١٩٣٨ لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان لەدایک بوو. هەر لە تەمەنی منداڵیدا، بەهۆی کاریگەری شۆڕشە کوردیەکان بە تایبەتی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران کە لە ئامەد هەڵگیرسا، هەستی نەتەوایەتی لەناخیدا گەورە بوو. زوو هەستی بە سیستمی رەتکردنەوە و تواندنەوەی دەوڵەتی تورکیا لە رووی سیاسی و کەلتوری کرد، بۆیەش بە وێری دەستی بۆ ئامرازی زیندووکردنەوەی نەتەوەکان، بواری کەلتور و زمان برد.  سەرەکیترین کێشە کە لەسەرەتای دەرکەوتنی رووبەرووی بووەوە، فشاری خانەوادەکەی و سیستمی فۆدالیزمی کۆمەڵگاکەی بوو، ئایشە شان لەو کاتەدا دەستی بە ئیلاهیاتی ئایینی لەنێو کۆبونەوەی ژناندا کرد. لەپاڵیدا لاوک و حەیرانی کۆنی کوردی دەوتەوە، بەڵام رۆژ بە رۆژ فشارەکان زیاتر دەبوون. ئەویش ناچار دەبێت روو لە شاری دیلوکی (عەنتاب) باکوری کوردستان بکات. لە دیلۆک یەکەم هەنگاوی هونەری ئاشكرای خۆی دەنێت. لە دیلۆک نیشتەجێ دەبێت و دەست بە وتنی گۆرانی و حەیرانی کوردی دەکات، بەڵام بەهۆی قەدەغەکردنی زمانی کورد لەلایەن حکومەتی تورکیا، رێگە نادریت بە زمانی دایک هونەرەکەی پێشکەش بکات. بۆیەش بە ناچاری و بۆ بژێوی ژیانی خۆی، گۆرانی تورکی دەڵێت و لە رادیۆی دیلۆک دەست بە کار دەکات. لە سالی ١٩٦٣ بەهۆی کێشەی ماددی، دەچێتە ئەستەنبوڵ و بەگوێرەی خواستی هەوادارانی گۆرانی تورکی و کوردی دەڵێت. لەوێ گۆرانیەک بە ناوی ئەز غەمگینم 'من غەمگینم' تۆمار دەکات. لە ئەستەنبوڵەوە بۆ ئەڵمانیا  ئایشە شان لە ئەستەنبوڵ بەناودەنگ دەبێت و هاوسەرگیری دەکات، بەڵام ئەم پێشکەوتنە ناتوانێت فشارەکانی سەری کەم بکاتەوە. پێشتر خانەوادە و کۆمەڵگا لەدژی دەوەستانەوە، بەڵام ئەم جارە بەهۆی گۆرانی کوردیەوە، دەوڵەت پەلاماریدا و چەندین جار ئاگادار دەکرێتەوە. عەشقی ئایشە شان بۆ زمانی کوردی وای لێدەکات، بەدوای رێگەچارەیەکدا بگەڕێت کە لەنێو زمانی تورکیدا نەتوێتەوە و خزمەت بە زمانی کوردی بکات. بۆیەش روو دەکاتە ئەڵمانیا و لەوێ ئازادانەتر گۆرانی دەڵێت. لە ئەڵمانیا کچە ١٨ ساڵەکەی کۆچی دوایی دەکات. ئەو رووداوە ئایشە شان تووشی گرێیەکی گەورەی دەروونی دەکات و لەسەر مردنی کچەکەی گۆرانی 'قەدەر' بڵاودەکاتەوە. دوای ماوەیەک دەگەڕێتەوە ئەستەنبوڵ. کە دەگەڕێتەوە دایکی سێ منداڵە و لە هاوسەرەکەشی جیا بووەتەوە. لە ئەستەنبوڵ نیشتەجێ دەبێت و دەست بە وتنەوەی گۆرانی کوردی دەکاتەوە، بەڵام کاری دەست ناکەویت و هەڕەشەی لێدەکرێت. منداڵەکانی لە ئەستەنبوڵ بەجێی دەهێڵن و تەنیا دەمێنێتەوە.  روو لە بەغدا دەکات لە ساڵی ١٩٧٩دا، روو دەکاتە بەغدای پایتەختی عێراق. لە رادیۆی بەغدادا بە ناوی 'ئایشە شانی عەلی' دەست بە گۆرانی وتن دەکات. لەسەر بانگهێشتی پارێزگاری ئەو کاتەی هەولێر دەچێتە هەولێر. لە هەولێر لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر هونەرمەند و گۆرانیبێژ ئاشنا دەبێت. لە باشوری کوردستان پێشوازیەکی گەرمی لێدەکرێت. لە بەغدا، دهۆک، کەرکوک و هەولێر، لەگەڵ هونەرمەندانی وەک محەمەد عارف جزیری، عیسا بەرواری، گولبەهار، تەحسین تەها، نەسرین شێروانی و زۆر کەسی دیکە دەست بە کاری هونەری دەکات و چەندین کۆنسێرت پێشکەش دەکات.  ئایشە شان خاوەنی چەندین گۆرانیە کە دیارترینیان ئەمانەن: جەمبەلی میرێ هەکاری، مەم و زین، لێ لێ بێماڵ، زەری حەیران، جەمیلە، بێریڤانێ، کۆچەرێ، لاوکێ مەتینی، مەیرۆ، حەسەنیکۆ، وەلە تە ناستینم، قەدەرێ، غەریبم دایێ، وەرن وەرن پێشمەرگە، نەورۆز و وڵاتی من دیار بەکرد. کاتێکیش دایکی کۆچی دوای دەکات، گۆرانیەک بە ناوی 'دایێ' بڵاو دەکاتەوە. بەهۆی ئەوەی خانەوادەکەی رێگە نادات بچێتەوە بۆ پرسەی دایکی. وەسیەتەکەی نەهاتەدی ئایشە شان لە کۆتایی تەمەنیدا ئازارێکی زۆری بینی. بە تەنیا و هەژار مایەوە. تووشی شێرپەنجە بوو و لە ١٨ی کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٩٦ لە نەخۆشخانەیەکی شاری ئیزمیری تورکیا کۆچی دوایی کرد. لەگەڵ ئەوەی کە وەسیەتی کردبوو، تەرمەکەی لە ئامەد بەخاکبسپێردرێت، بەڵام بەهۆی کێشەی مادی و تەنیای تەرمەکەی نەبرایەوە بۆ ئامەد. گۆڕەکەی لە شاری ئیزمیرە.

هاوڵاتی  لەنزیك هەردوو شاری دەنكرك و كەڵێی- سنورە ئاوییەكانی فەرەنسا لە دووكەمپی كۆچبەراندا هەزار و 500 كۆچبەر دەژین . رۆژنامەی The Mirrorی بەریتانی لە ڕاپۆرتێكدا باس لە دۆخی كۆچبەرەكان دەكات لەو دوو كەمپە كە تەنها ٢٦میل لەیەكەوە دورن و ژن و منداڵیشی تێدایەو دەیانەوێت بپەڕنەوە بۆ بەریتانیا.  رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكردوە: لە رێگەی تیمێكەوە كۆچبەرانی ئەو دوو كەمپە بەسەركرانەوە، بەڵام بەشێوەیەكی سەیر چەندین كەسیان بە چەقۆوە بینیوە كە شەڕیان دەكرد لەنزیك كەمپەكە و پاوێك كە لەو نزیكانە كۆشكێكی فرۆشتنی خۆراكی هەیە بە تیمەكەی راگەیاند:"ئەم كەمپە لەلایەن قاچاغچییەكەوە بەڕێوە دەبرێت و ئەنجامدانی ئەم ڕاپۆرتەش بۆ بەسەر كردنەوەی كۆچبەران كارێكی باش نابێت". كۆچبەرێك، كە داوایكرد لە ترسی تۆڵەسەندنەوە ناوی نەهێنرێت، بەو ڕۆژنامەیەی وتووە، لێرە زۆر مەترسیدارە قاچاغچیەكی كورد هەردوو كەمپەكە بەڕێوەدەبات و كاری قاچاخچێتی دەكات . وتوشێتی كە ئەوان زۆر لێیان دەترسن و بەهیوان تا ماوەیەكی زۆر ناچار نەبن لەوێ بمێننەوە. ئەو ڕۆژنامەیە باسی لەوەشكردووە بەهۆی بارانەوە قوڕولیتەیەكی زۆر لەو كەمپە هەیەو لە ئێستادا دابەزینی پلەكانی گەرما گەورەترین مەترسییە لەسەر ژیانی ئەو كۆچبەرانە. هاوكات باسی لەوەشكرد لە مانگی ئایاردا دوو كۆچبەر كە بڕوا دەكرێت عێراقی بوبن بەهۆی دەمەقاڵێیان لەگەڵ قاچاخچییەكان و ئەو باندەی كەمپەكە بەڕێوە ئەبەن تەقەیان لێكراوەو بە سەختی بریندار بوون.

لە ناوچەی مورادیەی پارێزگای وانی باکوری کوردستان پەرستگایەکی سەردەمی ئیمپڕاتۆری ئۆرارتیەکان دۆزرایەوە. لەنێو قەڵای کۆرزوتی ناوچەی مورادیەی پارێزگای وانی باکوری کوردستان، دووەمین پەرستگا و ژوورێک دۆزرانەوە. بەگوێرەی میدیاکان، لەنێو مەزارگەکەدا کە کەوتووەتە نێو قەڵای کۆرزوت کە ساڵێک لەمەوبەر دەستی بە هەڵدانەوەی کراوە، چەندین پارچە گۆزە و ئاسن دۆزراونەتەوە. قەڵای کۆرزوت نۆ کیلۆمەتر لە ناوچەی مورادیەی وانەوە دوورە و دەکەوێتە سەر چیای کۆرسەڤەل. لە ساڵی ٢٠١٥دا لێکۆلینەوە لە قەڵاکە کە بە تەواوی بە خاک و دار و بەرد داپۆشرابوو دەستی پێکرد. تاوەکو ئێستا چەندین ژووری تایبەت دۆزراونەتەوە و بە دۆزینەوەی پەرستگاکەی ئەمڕۆ، تاوەکو ئێستا دوو پەرستگا دۆزراونەتەوە. شاری وان یەکێک لە شارە گرنگەکانی باکوری کوردستانە و دەکەوێت سەر دەریاچەی وان. بە کەشوهەوا و شوێنەوارەکانی ناسراوە و مێژووی دامەزراندنی شارەکە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ١٠ هەزار ساڵ بەرلە زایین. گرنگترین شوێنەوارەکانی قەڵای وانە.

هاوڵاتی نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان سەردانی قەتەر دەکات و ئامادەی ياريى كۆتاييى جامى جيهانيى ‏تۆپى پێ ده‌بێت. رۆژی يه‌كشه‌ممه‌ 18-12-2022 سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان له‌سه‌ر بانگهێشتى فه‌رميى شێخ ته‌ميم بن حه‌مه‌د ئال سانى، ميرى ‏قه‌ته‌ر ده‌گاته‌ ده‌وحه‌ى پايته‌ختی ئەو وڵاتە. لەبارەی هۆکاری سەردانەکەش سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "له‌م سه‌ردانه‌يدا به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ته‌ك ژماره‌يه‌كى به‌رچاوى ‏سه‌ركرده‌ى وڵاتانى جيهان، ئاماده‌ى به‌ڕێوه‌چوونى ياريى كۆتاييى جامى جيهانيى ‏تۆپى پێ ده‌بێت.‏"

هاوڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە رایدەگەیێنێت، تورکیا هێرشی کردووەتە سەر کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستداوە، کە یەکێکیان منداڵە. ناوەندی راگه‌یانن و پەیوەندییەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا ڕایگەیاند، "دەوڵەتی تورکیا کۆمەڵکوژی لە گوندی کۆبانێ دژی خەڵکی سڤیل ئەنجامداوە". ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژە مرۆیی لە رۆژئاڤای کوردستان، بە ئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل و ژێرخانی ناوچەکە، هەوڵ دەدات ئیرادەی گەلەکەمان بشکێنێت و پڕۆژە داگیرکارییەکانی دژی ناوچەکە ئەنجامبدات". له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی هەسەده‌دا هاتوه‌، "فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وانی دەوڵەتی تورکیا هێرشیكردوه‌ته‌ سه‌ر گوندی رەقاسی ناوچەی چەلەبییە، کە دەکەوێتە باشوری رۆژهەڵاتی کۆبانێ لە رۆژئاڤای کوردستان و به‌هۆیه‌وه‌ سێ هاوڵاتی شه‌هیدبون كه‌ یه‌كێكیان منداڵه‌ به‌ناوی وه‌یستی محه‌مه‌د".  هەسەدە دەشڵێت، "ئەمەش دەچێتە سەر تاوانەکانی داگیرکاریی تورکیا کە هەر لەم مانگەدا 16 کەسی دیکەی کوشت."

دادگایەکی ئێران سزای 74 ساڵ زیندانیی بەسەر 22 خۆپیشاندەری رۆژهەڵاتی کوردستاندا د ەسەپێنێت. دادگایەکی ئێران لە شاری دێڵوڕان لە پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان سزای زیندانی بە سەر ژمارەیەک دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکانی ئەو بەشە لە کوردستاندا دەسەپێنێت. 22 گەنجی شاری دێڵوڕان کە بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکرابون لە لایەن دادگاوە سەرجەمیان بە 74 ساڵ زیندانیی سزا دراون. بە پێی سزاکەی دادگای ئێران لە دێڵوڕان زۆربەی ئەو دەستگیراوانە لە نێوان دو ساڵ بۆ پێنج ساڵ سزای زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە. سزاکای دادگاکە لە کاتێکدایە بە پێی ئامارەکان تەنها لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە شەش هەزار کەس بە بیانوی بەشداریی لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان دەستگیر کراون و هاوکات زیاتر لە 18 هەزار کەسیش لە ئێران دەستگیر کراون و چاوەڕێی سزای دادگاکانی ئێران دەکەن.  

هاوڵاتی بەختیار عەلی، جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی ملەکەوە بۆ پاراستنی ژینگە كە ڕێکخراوێکی خۆبەخشین لەقەزای پێنجوێن بە هاوڵاتی راگەیاند: داوا لەحکومەت و لایەنەکان دەکەم واز لەکەمپەین و ھەڵمەتی ڕواندنی دار بھێنن با بێن دارستانەکان بپارێزن تەنھا پاراستنی دەوێ. وتیشی: خاوەنی دارستانێکی چڕو پڕی جوانین و ھاوڵاتیان بون بە دوو بەشەوە، بەشێکیان بەشێوازێکی ژیرانە سود لەدارەکان وەردەگرن داری وشک و سەر پەلەکان دەبڕنەوە ، بەشەکەی تریان بۆ مەبەستی بازرگانی دەیبڕنەوە زۆر بێ ڕەحمانە داری تەڕ بە مشار دەبڕنەوە کە ڕەنگە تەمەنی لە ١٠٠ بۆ ٣٠٠ ساڵ بێت و دەیفرۆشن". ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:"ساڵی پار لەپێنجوێن بەپێی زانیاریەکانمان زیاتر لەشەش ھەزار دار بڕدراوەتەوە کە تەمەنیان لەنێوان ٥٠ بۆ ٢٠٠ ساڵ بوە، ڕاستە هاوڵاتی دەدرێت بە دادگا بەڵام غەرامەکەی کەمە و پۆلیسەکانی دارستان نەرمی دەنوێنن سکاڵاکە ناگەیەننە بەردەم دادوەر چونکە خزم خزمێنەی تێدایە، ھەمانە سێ ھەزار چڵە داری بڕیوە نە بە پارە نەبە زیندانی سزا نەدراوە"، "ناوی بازرگانیش دراوە بەڵام دەستگیریان ناکەن، پێدەچێت پۆلیسی دارستانیش موبەریری ھەبێت کە تیمی گەڕۆکیان نیە یان کارمەندیان کەمە بەڵام ئەمە بیانو نیە، بازرگانەکان بە ئۆتۆمبێلی ئۆراڵ دەچنە سەر کەژوکێوە سەختەکان دارێکی زۆر دەبڕینەوە، هەیە لەمساڵدا یانزدە ئۆراڵ داری فرۆشتوە ئەمە بەس تەنھا یەک کەس، وەکو تەماتە لەناو بازاڕدا ھاوار دەکەن پیکابێک دار دەفرۆشین یان لەتۆڕی کۆمەڵایەتیەکان ڕێکلامی بۆ دەکەن" جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی ملەکەوە بۆ پاراستنی ژینگە لەقەزای پێنجوێن دەڵێت: "بەپێی ئاماری نافەرمی لە ناحیەی ناڵپارێز و گەرمک و پێنجوێن زیاتر لە ١٠٠ کانەی خەڵوز ھەیە کە بەردەوام خەڵوز بەرھەم دەھێنێت"، وتیشی: "پێنجوێن یانزدە ھەزار ماڵی لێیە زۆربەیان سۆپای دار بەکاردەھێنن، داوا لەحکومەت و لایەنەکان دەکەم واز لەکەمپەین و ھەڵمەتی ڕواندنی دار بھێنن با بێن دارستانەکان بپارێزن تەنھا پاراستنی دەوێ، یاخود ھەر دارێک کە دەبڕێتەوە با لەبەرامبەریدا ھەڵمەتێکی بۆ ڕابگەیەنرێت وەکو قەرەبوو، بەڵام ئەمە تێچوو کاتێکی زۆری دەوێت.

هاوڵاتی کۆمپانیای گاز پڕۆمی ڕووسی نەگەشتۆتە ئەو بڕە نەوتەی کە پیشبینی دەکرا لە لیدانی بیرە نەوتی سەرقەڵای پێنج لە قەزای کفری، کۆمپانیاکە بڕی ٤ ملیۆن دۆلاری تێداخەرج کردووە و بەوهۆیەوەش خەریکە توشی زیانێکی زۆر دەبیتەوە. بەپێی هەواڵێکی دەنگی ئەمریکا بیرە نەوتی سەرقەڵا پێنج کە دەکەوێتە سنوری گوندی ملە سورەی سەرقەڵای قەزای کفری، لە مانگی حەوتی ئەمساڵەوە دەستکراوە بە کارکردن تێیدا و لێدانی بیرەکە سێ قۆناغی بڕیوە لە کۆی پێنج قۆناغی لێدانی بیرەکە؛ لەگەڵ ئەوەشدا کە بڕێکی زۆر گاز ونەوتی تێدایە بەڵام نەگەشتۆتە ئەو بڕەی کە پێویستە. ئاراز محەمەد ڕۆژنامەنوسی ئابوری و بواری نەوت، لەبارەی بیرە نەوتەکانی گەرمیانەوە کە چوار بیرە نەوتن ئەوانیش بیرە نەوتەکانی سەرقەڵا یەک و دوو، بیرە نەوتی سەرقەڵا چوار وپێنجن، دەڵێت" بیرە نەوتەکانی گەرمیان ئاستی بەرهەمهێنانیان کەم بۆتەوە بەجۆرێک لە ٣٥ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەوە بۆ ١٤ هەزار بەرمیل دابەزیوە، جگە لەوەش بەشێک لە بیرە نەوتەکان تێیاندا گاز تێکەڵ بە ئاو بووە" لەبارەی دابەزینی ئاستی بیرە نەوتەکانی سنوری گەرمیان تەها ئیبراهیم، بەڕێوبەری ناحیەی سەرقەڵا دەڵێت، لەوکاتەی من دەستبەکاربوومە ئاستی دەرهێنانی نەوت نەگەشتۆتە زیاتر لە ١٧ هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا. سەرجەم بیرە نەوتەکانی سنوری گەرمیان دەکەونە سنوری قەزای کفریەوە، ئەو نەوتەی کە لەوێ دەرئەهێنرێت لە قەزای خورمەڵەوە دەنێردێت بۆ تورکیا ولەوێشەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان ئەکرێت.

هاوڵاتی کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ نزمترین پلەی گەرما لە حاجی ئۆمەران تۆمارکراوە کە چوار پلەی سیلیزی بووە. کەشناسێکیش دەڵێت، بارستە هەوایەکی سارد بەشیکی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و تاوەکو دووشەممە بەردەوام دەبێت. ئەمڕۆ شەممە  کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نزمترین پلەی گەرمای تۆمارکراو چوار پلە بووە لە حاجی ئۆمەران و لە هەڵەبجە و سۆرانیش شەش پلە بووە. هەروەها رایگەیاند، سبەی ئاسمانی هەرێمی کوردستان ساماڵ دەبێت  پێشبینییەکانی بۆ پلەی گەرمای سبەی یەکشەممە بەمشێوەیەی خوارەوە بڵاوکردەوە: - هەولێر؛ 20 پلەی سیلیزی  - سلێمانی؛ 18 پلەی سیلیزی - دهۆک؛ 18 پلەی سیلیزی - کەرکووک؛ 22 پلەی سیلیزی - هەڵەبجە؛ 18 پلەی سیلیزی - زاخۆ؛ 19 پلەی سیلیزی - سۆران؛ 16 پلەی سیلیزی - گەرمیان؛ 23 پلەی سیلیزی هاوکات ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی  رایگەیاند، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە بارستە هەوایەکی سارد سنووری پارێزگای سلێمانی و ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی راپەڕینی گرتووەتەوە و تاوەکو رۆژی دووشەممە بەردەوام دەبێت، بەڵام بارستە هەوا ساردەکە سنووری نێو شارەکانی، هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە ناگرێتەوە. گوتیشی: "بۆ کۆتایی ئەم هەفتەیە ئەگەری شەپۆلێکی باران هەیە. لەلایکی دیکەوە دەستەی کەشناسی عێراق ئەوەی خستەڕوو، تاوەکو رۆژی سێشەممە ئاسمانی ناوچەکانی هەرێم ساماڵ دەبێت و لە رۆژی چوارشممە نمە باران لە ناوچەکانی هەرێم دەبارێت و لە شەودا دەگۆڕیت بۆ بارانی مامناوەند و ئەگەری هەیە هەورەبروسکەشی لەگەڵدا بێت.

هاوڵاتی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە تەرمی ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆ لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە گەڕێندرایەوە هەرێمی کوردستان و بە رێوڕەسمێکی سەربازی پێشوازی لێکرا. ئەمڕۆ شەممە (17ـی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2022)تەرمی شه‌هید ئاکام عومەر گەیشتەوە سلێمانی و لە رێورەسمێکدا پێشوازی لێکرا. بڕیارە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمی فەرماندەی هێزی کۆماندۆی کوردستان بگاتە هەولێر و وەک بنەماڵەکەی رایانگەیاندووە، لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد بەخاک بسپێردرێت. هەروەها بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک بەرپرسی حیزبی و حکومی لە فڕۆکەخانەی سلێمانی رێوڕەسمێک بۆ پێشوازیکردن لە تەرمی ئاکام عومەر رێکخراو و هاوکات لە بارەگای یەکەی 70ی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش رێوڕەسمێک بۆ رێزگرتن لەو فەرماندەیە بەڕێوەدەچێت. هاوکات بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌میانی وتارێكدا له‌ مه‌راسیمی پێشوازی له‌ ته‌رمی ئاكام عومه‌ر، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی كۆماندۆ، رایگه‌یاند، "هێزی كۆماندۆ كه‌ ئێستا ده‌یبینن و هه‌مو نه‌یار و دوژمنه‌كانمان لێی تۆقیون به‌شێكی ئه‌ساسی بو له‌ رێكخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌، به‌شێكی ئه‌ساسی بو له‌ دروستكردنی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ تایبه‌ته‌ی كه‌ هه‌مانه‌ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانمان، رۆڵێكی زۆر زۆر گرنگی هه‌بو له‌ رێكخستنه‌وه‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، كاك ئاكام یه‌كێك بو له‌و كه‌سانه‌ی وایكرد یه‌كێتی بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر رێبازه‌كه‌ی جه‌نابی مام جه‌لال، ئه‌و یه‌كێتییه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ ده‌توانێت یارمه‌تی عێراق بدات ئینشاالله‌ یارمه‌تی هه‌مو خوشك و براكانمان بدات له‌ هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان". ئاکام عومەر، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان رۆژی 19-10-2022 فەرماندەیی هێزێکی کۆماندۆی دەکرد بۆ کێوماڵکردنی ناوچەی زینانە لە گەرمیان و لەکاتی گەڕانەوەیاندا تۆڕێکی مین پێیاندا تەقییەوە و بەهۆیەوە ئاکام عومەر و حەوت پێشمەرگەی دیکە برینداربوون، دوای مانەوەی 10 رۆژ لە نەخۆشخانەی فارووق، بەهۆی قورسی برینەکەی رۆژی 19-10-2022 بۆ چارەسەر رەوانەی ئەڵمانیا کرا و رۆژی 12-12-2022 لە نەخۆشخانەیەکی شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا گیانی لەدەستدا.