ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویان کردەوە کە " ئێمە پێمانوایە بایکۆت و خۆپیشاندان و هەموو هۆکارێکی مەدەنی بۆ داکۆکی لە مافەکانمان، نـــــــــایەکی سەربەرزانەن بۆ ڕەتکردنەوەی (دەوامی بەخۆڕایی/ بەزۆرەملێ)، کە جۆرێکە لە کۆیلایەتی سەردەم، ئەوەشی نەیهێشتووە بەتەواوی ئامانجەکەی بپێکێت، لەپاڵ فشار و بێباکی دەسەڵاتی قۆرخکار".   دەقی راگەیەندراوی ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی: بەناوی خوای بەخشندە و تۆڵەسێن مامۆستایان و فەرمانبەرانی ستەملێکراو دایکان و باوکان و خوێندکارانی ئازیز چینوتوێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگای کەپتکراو ستەم و برسیکردن و شکۆشکاندنی  دەسەڵاتی تاڵانکار، هەموو سنوورە دینیی و مرۆیی و ئەخلاقییەکانی بەزاندووە، بەدەر لە تیرۆری جەستەیی و کەسایەتیی؛ وا خەریکن لە ڕێی ژەهری نائومێدی و مووشەکی دەستی-دەستیپێکردن و ڤاکسینی بێدەنگکردن، یەک بەیەکمان خەڵتانی لەناوبردنێکی سەرشۆڕانە دەکەن. بارتەقای ڕقمان لە بەدکاریی و خوێنساردیی ئەم دەسەڵاتە خوێنمژەی جمکی شەیتانی نەگریس، لە نابەرپرسیارێتی و بەدەنگنەهاتنی حیزبە بەناو ناڕازییەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی و بەناو ڕۆشنبیران و دەستەبژێران و دادوەران و کەسایەتییە ئایینی و سیاسییەکان و بەناو شۆڕشگێڕانی دێرین و فەرمانبەران و خوێندکاران و کەسوکاریان نیگەران و تووڕەین؛ یەقینمان هەیە، هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی و بەدەنگنەهاتنی ئەم چینوتوێژانە، هۆکاری سەرەکی تەمەندرێژی و پێلێڕاکێشانی زیاتری ئەم دوو حیزبە بەکرێگیراوەیە. ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە (کە سێبەری ڕەشی کورسی و بەرژەوەندییەکانیان، بەرچاو و بەرویژدانی گرتوون؛ بەبێ گوێدانە دۆخی کارەساتباری دارایی مامۆستایان (کە هەم مامۆستان و هەم دایبابی خوێندکار)، ڕێکەوتی ( ٢١/ ٩/ ٢٠٢٥ )یان وەک یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێی خوێندن دیاریکردووە، ئەمە لە کاتێکدایە هەریەک لە مووچەکانی مانگی (٧ و ٨) نەدراوە و چاوبرسێتی و نەوتپەرستی و داهاتدزینی ئاغاکانیان وابکات هەریەک لە مووچەی مانگەکانی (٩، ١٠، ١١، ١٢) تەنیا فاتیحەلەسەرخوێندنی ماوە. ئێمە پێمانوایە بایکۆت و خۆپیشاندان و هەموو هۆکارێکی مەدەنی بۆ داکۆکی لە مافەکانمان، نـــــــــایەکی سەربەرزانەن بۆ ڕەتکردنەوەی (دەوامی بەخۆڕایی/ بەزۆرەملێ)، کە جۆرێکە لە کۆیلایەتی سەردەم، ئەوەشی نەیهێشتووە بەتەواوی ئامانجەکەی بپێکێت، لەپاڵ فشار و بێباکی دەسەڵاتی قۆرخکار، بەداخەوە دەستبەکڵاوگریی لەڕادەبەدەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەولێر و دهۆک و پاساوی نابەجێی مامۆستایانی قۆناغی دوانزەیەم و نۆیەکان بووە، کە هیوادەخوازین و داواکارین ئەوانیش ئەمساڵ لێبڕاوانە (دەوامی بەخۆڕایی/ بەزۆرەملێ) ڕەتبکەنەوە و پشتیوانیی تاکۆتایی ڕێ، لە بایکۆتی خۆڕسکانە و هەر هۆکارێکی تری مەدەنی بۆ داکۆکی لە مافەکانمان بکەن.  خوێندن و پەروەردە و زانستێک؛ فێری  ئازایەتی و هۆشیاریت نەکات، فێرت نەکات داوای مافە زەوتکراوەکانت و دادپەروەری بکەیت، ئەوە تەوق و بەڵایەکە لە گەردنتدا، کە  لە هەردوو دنیات جگەلە ماڵوێرانی، هیچی دیکەی لێ بەرهەم نایەت. بۆیە تکادەکەین با بەس بێت، دەستبڵاویی لە بێدەنگی و  ملکەچی و بەخشینەوەی نائومێدیی. ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی  

سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە سبەیەوە هەڵمەتی کۆکردنەوەی سەگی بێلانە چڕتر دەکەنەوە، هەرکەسێک سەگ بباتە شێڵتەری ئاژەڵە بێلانەکان سەگێک سێ هەزار دینار پاداشت وەردەگرێت. داواش دەکات، ئەو سەگانەی بەچکەیان هەیە بەچکەکەیان لەگەڵدا ببرێت.  راگەیێندراوەکە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە: "بەهۆی زۆربوونی سەگی بێلانە لە شەقام، کۆڵانەکان و گەڕەکەکان و نزیکبوونەوەمان لە کردنەوەی خوێندنگەکان، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئاگاداری هاووڵاتییان دەکات، کە هەڵمەتێکی چڕتری کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان بۆ ماوەی هەفتەیەک دەکات". ئاگادارییەک لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانییەوە تایبەت بە کۆکردنەوەی سەگی بێلانە لە سنوری شارەوانیی سلێمانی بەهۆی زۆربوونی سەگی بێلانە لە شەقام و کۆڵانەکان و گەڕەکەکان و نزیک بوونەوەمان لە کردنەوەی خوێندنگەکان، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئاگاداری هاوڵاتییانی خۆشەویستی شاری سلێمانی دەکات، کە سەرۆکایەتیمان هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی هەڵمەتێکی چڕتری کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان بۆ (ماوەی هەفتەیەک). سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی کارەکانی تیمەکانی کۆکردنەوەی سەگ و رادەستکردنەوەی بە شەڵتەرەکە چڕتر کردۆتەوە تا بتوانرێت بە کەمترین ماوە زۆرترین سەگ کۆبکرێتەوە لە شەقام و کۆڵانەکان لە لایەن ئەو کەسانەی کە شارەزاییان لە گرتنی سەگ هەیە. " هاوڵاتییانی خۆشەویست ئاگاداردەکەینەوە کە لە سبەینی، رێکەوتی ٢٠ـی ئەیلولی ٢٠٢٥، هەڵمەتەکە دەستپێدەکات و مەرجەکانی گرتنی سەگەکانیش بریتین لەوەی کە هەر سەگێک بەچکەی هەبێت بەبێ بەچکەکە نەبێت وە لە کاتی رادەستکردنەوەیان بە شەڵتەرەکە بڕی (سێ هەزار دینار) پاداشت دەکرێت وە ئەگەر رادەستی تیمەکانی کۆکردنەوەی سەگ بکرێت بڕی (دوو هەزار دینار) پاداشت دەکرێت واتە (لەشوێنێک کۆبکرێتەوە و تیمەکانمان بێنە شوێنی مەبەست بۆ بردنیان) بەمەرجێک تەنها ئەوانەی سنووری شارەوانیی سلێمانی بن".  "هەروەها داواکارین لە ئاژەڵ دۆستان و رێکخراوەکانی تایبەت بە پاراستنی ئاژەڵان کە پشتیوان و هاوکارمان بن بۆ ئەم هەڵمەتە کە سودی بۆ بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی تەندروستی و گیانی هاوڵاتیان دەبێت". دەتوانن پەیوەندی بەم ژمارەیەوە بکەن: ژمارە مۆبایل: 07719914460 شوێنی شەلتەرەکە: ڕازیانە، نزیک بازگەی عەربەت. سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی

یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ئەمڕۆ هەینی، هەڕەشەی لە عەبدولمەلیک حوسی، رابەڕی  حوسییەکانی یەمەن كردو وتی: نۆرەی تۆش دێت. کاتز راشیگەیاند: ئاڵای ئیسرائیل بەسەر سەنعای پایتەختی یەمەندا دەشەكێتنەوە. وەزیری بەرگری ئیسرائیل، لە سەكۆی "ئێكس" نوسیوتی: ئاڵای حوسییەکان بە ئاڵای شین و سپی ئیسرائیل دەگۆڕدرێت، کە بەسەر پایتەختی یەمەندا دەشەكێتەوە. راشیگەیاندووە: عەبدولمەلیک حوسی، نۆرەی تۆش دێت، دەنێردرێیت بۆ دیداری تەواوی ئەندامی حکومەتەکەت و هەموو ئەو ئەندامە شکستخواردوانەی بەرەی شەڕانگێز کە لە تاریكایی دۆزەخدا چاوەڕوانن. سوپای ئیسرائیل لەم دواییانەدا هێرشەکانی بۆ سەر حوسییەکان چڕتر کردۆتەوە و هەفتەی ڕابردوو بە دەیان کەس لە شاری سەنعای پایتەخت کوژران، ئەمەش دوای تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیرانیان و نۆ وەزیر و بەرپرسی دیکەی حکومەت لە مانگی ئابدا. لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە، حوسییەکان هێرشەکانیان بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ئیسرائیل چڕتر کردووەتەوە، هەروەها هێرش بۆ سەر ئەو کەشتییە بازرگانییانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن پەیوەندییان پێوە هەیە لە کەناراوەکانی یەمەن، چڕتر کردووەتەوە. سوپای ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە مووشەکێک کە لە یەمەنەوە هەڵدرابوو، ڕێگریان کردووە، هاوکات فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان شاری ئیلاتی داوە. حوسییەکان ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنیان لەدژی ئیسرائیل پشتڕاستکردەوە. سوپا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، هێزی ئاسمانی ڕێگری لە "مووشەکێک کردووە کە لە یەمەنەوە هاویشتووە و لە چەند ناوچەیەک زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێکەوتەوە". ئەمەش دوای ماوەیەکی کەم لە دوای ئەوە هات کە پۆلیسی ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە کە هێزەکانی "شوێنی کاریگەری" فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە لە ڕۆژهەڵاتەوە لە شاری ئیلات لە باشووری ئیسرائیل هەڵدرابوو و ڕووی لە دەریای سوور کردووە. لە بەیاننامەیەکی جیادا، سوپا ڕایگەیاندووە، "تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاری لەو ناوچەیە کاردەکەن کە ڕاپۆرتی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەیان پێگەیشتووە"، ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزی ئاسمانی ڕێگری لە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دووەمی کردووە کە لە ڕۆژهەڵاتەوە دێت.

یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە دەستپێكردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن داوا دەكات كێشەی موچە چارەسەر بكرێت و پلە بەرزكردنەوەش دەستپێبكاتەوە. یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا بەبۆنەی دەستپێكردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن داوا دەكات، بۆئەوەی پرۆسەی پەروەردە و خوێندنی باڵا بەباشی بەڕێوەبچێت، پێویستە كێشەی موچە چارەسەر بكرێت و مانگانە لە كاتی خۆیدا دابەش بكرێت و تێكەڵ بە ئەجێندای جۆراوجۆر نەكرێت، داوا دەكات پلە بەرزكردنەوەش دەستپێبكاتەوە. لە بەشێكی تری داواكارییەكاندا هاتووە، ئەو مامۆستایانەی گرێبەستن بكرێن بە هەمیشەیی و سود لەو مامۆستا وانەبێژانەش وەربگیرێت كە گرێبەستیان بۆ نەكراوە.

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەى تورکیا لە میانی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا کە لە میسر بەشداریی کرد، لەسەر سوریاو ئیسرائیل قسەیکردو بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئیسرائیل گەورەترین مەترسییە و یەپەگە بە زۆرەملێ یەک لەسەر سێی سوریای داگیرکردووە. لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی ئێم بی سی میسر،  هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، ئیدارەی نوێی سوریا هەستیارە بەرامبەر بە پرسگەلێکی وەک نەبوونی هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. فیدان ئاماژەی بەوەدا کە ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە دەرفەتیان بە ئیدارە نوێیەکە داوە و دەڵێت "گەورەترین مەترسی لەسەر سەقامگیری سوریا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی ئەگەری ئیسرائیلە".  وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند کە ئیدارەی نوێی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع پەیامی ئەرێنی سەبارەت بە پرسە ناوچەییەکان ناردووە، ئەو ڕوونیشیکردەوە، تورکیا پەیوەندی لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتی ناوچەکەدا کردووە، لەوانە میسر، سعودیە، ئوردن، عێراق، قەتەر، و ئیمارات و هاوڕابوون لەسەر دیدگایەکی هاوبەش سەبارەت بەوەی چاوەڕوانی چی لە ئیدارەی نوێی سوریا دەکرێت. فیدان بە ئاماژەدان بەوەی کە گەورەترین مەترسی لەسەر سەقامگیری سوریا "ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئیسرائیلە"، هۆشداریدا لەوەی کە سیاسەتە فراوانخوازییەکانی ئیسرائیل دەتوانێت دەرگای ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا بکاتەوە و هێزەکانی SDF/YPGی تۆمەتبارکرد بە داگیرکردنی سوریا.، ئاماژەی بەوەشکرد، قەیرانی سوریا تەنها کێشەی تورکیا نییە، بەڵکو پرسێکی ناوچەییە بە لەبەرچاوگرتنی سنوورەکانی لەگەڵ عێراق و ئوردن و لوبنان. ئەو فیدان ڕایگەیاند کە هێزەکانى یەپەگە و هەسەدە"بە چەک و هێز" یەک لەسەر سێی وڵاتەکەی داگیرکردووە و پێویستە هەموو کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە و لە بەرژەوەندی سوورییەکان چارەسەر بکرێن. هەروەها وەزیرى دەرەوەى تورکیا باسی لە شەڕی غەززە کرد و ڕایگەیاند کە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چارەسەرکردنی قەیرانەکاندا هەنگاوى پێوستى نەناوەو کارى کەمی کردووە. فیدان بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستی پێکهاتەیەکی گشتگیرتر و بەشدارتر لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە لە کاتێکدا هاوپەیمانییەکانی ئێستا خۆشگوزەرانی بۆ گەلی خۆیان دابین دەکەن، بەڵام شکست دەهێنن لە چارەسەرکردنی کێشە جیهانییەکان. ڕوونی کردەوە کە هەر لەبەر ئەمەشە ئەکتەرە نوێیەکانی وەک بریکس و ڕێکخراوی هاریکاری شەنگەهای سەریان هەڵداوە.  وەزیری دەرەوەی تورکیا ستایشی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ میسر کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئێستا گەیشتوونەتە "باشترین ئاست لە مێژووی نوێدا". وه زیری ده ڕه وه ئاماژه ی به وه شدا، په یوه ندییه برایه تییه کانی نێوان هه ڕدوو وڵات و په یوه ندییه کانی نێوان گه ڵه کانیان هه میشه نایاب بووه . ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو دوو گەلە لە بنەڕەتدا لەیەک دەچن و جیاناکرێنەوە. بەڵام پەیوەندی نێوان نوخبە سیاسییەکان- چ لەسەر ئاستی بیرۆکراسی و چ لەسەر ئاستی حکومەت- پێشتر گەیشتووەتە ئاستێکی نایاب، بەو پێیەی توانیومانە هەموو پرسەکان تاوتوێ بکەین".

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بایکۆتکردنی هەڵبژاردن چارەسەر نییە و تەنیا خزمەت بە گەندەڵکاران دەکات و گوتی، عێراق بە گۆڕانکارییەکی ئابووریی گەورەدا تێدەپەڕێت و وەبەرهێنان تیایدا گەیشتووەتە 100 ملیار دۆلار. سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دیدارێکیدا لەگەڵ سەرۆکهۆزەکان، کەسایەتییەکان و دەستەبژێری ئەکادیمیی دانیشتووی ناوچەی کەڕادەى بەغداد، جەختی لە بەدیهێاننی دۆخی سەقامگیر و ئاسایش لە عێراق لە رێگای دەزگا ئەمنییەکانەوە کردەوە، هاوکات باسی لە پێویستیی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و جەختی لە گرنگیی تێپەڕاندنی هەڵەکانی رابردوو کردەوە، لەرێگەی پێشخستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و گوتی، "ئێستا نیوەی رێگەکەمان بڕیوە، بۆ ئەو ئاسایش و سەقامگیری و گەشەپێدانەی بەدوایدا دەگەڕێین". هەروەها سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی ئەوەیکرد، بایکۆتکردنی هەڵبژاردن خزمەت بە گەندەڵکاران و ئەو کەسانە دەکات کە هیچ کارنامەیەکیان نییە بۆ خزمەتکردنی وڵات، بەڵام "وڵاتانی جیهان بە رێز و پێزانینەوە تەماشای عێراق دەکەن بۆ ئەو دەستکەوتانەی لە زۆر بواردا بەدەستیهێناون". سەرۆکوەزیرانی عێراق باسى لەوەشکرد، بوونی کۆمپانیا نێودەوڵەتییە گەورەکان لە عێراق نیشانەی بوژانەوەیەتی و ئاماژەیە بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەکی گەورەی ئابووری بەسەر وڵاتەکەدا دێت و گەیشتنی قەبارەی وەبەرهێنان بە 100 ملیار دۆلار بەو مانایەیە کە عێراق وڵاتێکی سەلامەت و سەقامگیرە بۆ وەبەرهێنان.

مەلا بەختیار دەڵێت: یەکێتی کۆچی دوایی کردووە، لە هەڵبژاردنی پێشوی پەرلەمان رەوایەتی جەماوەریی بۆ (2%)دابەزیوە، چونکە لە سلێمانی تەنها (2%)ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە. مەلابەختیار، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی "الشرقیة نیوز" ئاماژەی بەوەكرد: یەكێتی توانیویەتی هەژمونی بەرچاوی خۆی لە حکومەتی هەرێم و ناوەندیدا بپارێزێت، بەهۆی ئەوەی خاوەنی هێزی چەکداری حزبیە، بەوتەی ئەو، ئەوەش یەکێکە لە ئاستەنگەکانی لە ڕێگەی تەواوکردنی قۆناغی دیموکراسی لە عێراق و کوردستاندا. مەلابە ختیار، لە بەشێكی ترە قسەكانیدا وتی: دوای هەڵبژاردنی داهاتوو نە پەرلەمانی بەغدادو نە پەرلەمانی کوردستان ناتوانن کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر بکەن، هەرکەسێکيش باوەڕی بەوە هەبێت کە ئەو دوو پەرلەمانە دەتوانن ئەو کێشانە چارەسەر بکەن، لە دۆخی خەیاڵی دیموکراسیدا دەژی، تەنانەت رەوایەتی هەڵبژاردنیش بەرەو دابەزین دەچێت و رێژەی بایکۆت لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا گەیشتووەتە (88%)  مەلا بەختیار پێیوایە ئێستا دۆخەکە زۆر گۆڕاوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، لە دوایین هەڵبژاردن، یەکێتی 2%ـی دەنگەکانی لە سلێمانی بەدەستهێنا، پێشموایە "ئێستا دۆخەکە زۆر خراپترە خودا لێیان خۆش بێت"، ئێستا خەڵکی متمانەی زۆر کەمبووەتەوە لەو دۆخە سیاسییەی لە کوردستان هەیە، نەک تەنیا لە یەکێتی، بەڵام لە سلێمانی کێشەکان زۆرترن.  لەبارەی داهاتووی حیزبەکە مەلا بەختیار ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، لە دوای هەشتاکانەوە تاوەکو ئێستا ئێمە ڕووبەڕووی چەندین کێشە بووینەتەوە، دوای ڕێکخستنەوەی نێوماڵی یەکێتی و دوای کۆنگرەی چوارەم پێموایە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک حیزبێکی دیموکرات و چەپ کە بڕوای گۆڕانکاری و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی هەبێت هەر لە دوای کۆنگرەی چوارەمەوە تاوەکو ئێستا دۆخەکە لە خراپەوە بەرەو خراپتر ڕۆیشتووە. لەبارەی هۆکاری دابڕانیشی لە یەکێتی، مەلا بەختیار هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، ئەو یەکێتییەی ئێستا ئەو یەکێتییەی جاران نەماوە کە من تێیدا خەباتم کرد، هەم لە ڕووی فیکری و هەم سیاسی و ڕێکخستنەوە، هاوکات جۆری سەکردایەتییەکەی، ئێستا وەک خۆی نەماوە.

کۆنسەی ئەورووپا داوای ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش دەکات و داوا لە تورکیاش کرد، تاکوو حوزەیرانی 2026، دەربارەی پێدانی مافی هیواش بە ئۆجەلان، زانیارییان پێ بدەن. لێژنەی وەزیرانی کۆنسەی ئەورووپا لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، خەباتی سەڵاحەدین دەمیرتاشی بەرزنرخاند و ئاماژەی بەوە کرد، دەمیرتاش و سیاسییەکانی دیکە کە بە دەنگی جەماوەر و خەڵک هەڵبژێردران، بێ هیچ بەڵگەیەک، بەهۆکاری سیاسی زیندانیی کراون. کۆنسەی ئەورووپا ڕەخنەی لە دادگای دەستووری تورکیا گرت کە هیچ لێکۆڵینەوەیەکی لەبارەی پرۆسەی سەردانیکردنی دەمیرتاش نەکردووە، داوایان کرد تورکیا دەستبەجێ داوای ئەورووپا جێبەجێ بکەن و دەمیرتاش و سیاسییەکانی دیکە ئازاد بکات. لەبارەی پێدانی مافی هیوا بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان داوای لە تورکیا کرد، تاکوو حوزەیرانی 2026، زانیاری بە کۆنسەی ئەورووپا بدەن. جێی باسە،"مافی هیوا" یاسایەکە یان مافێکە کە لەلایەن دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپاوە دەرچووە. بەپێی ئەم یاسایە، هەر بەندکراوێک کە سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرابێت، دوای تێپەڕبوونی 25 ساڵ لە زیندانیکردن، مافی ئەوەی دەبێت کە داوای پێداچوونەوە بە بڕیاری سزادانەکەیدا بکات، یان ئازاد بکرێت، یان مەرجدار بەربدرێت.

به‌ڕێوبه‌رى كه‌ناڵی ئاسمانی زووم ڕایده‌گه‌یه‌نێت لەکۆی 2 ئۆفیسی ده‌زگاكه‌یان، تەنها یەک دانه‌یان وه‌رگرتووه‌ته‌وه‌، ئه‌و ئۆفیسه‌ش زیانی سه‌رووى 22 ده‌فته‌ر دۆلاری لێدراوه‌. هێمن مەحموود، بەڕێوبەری کەناڵی زووم، بۆ پەنجەرە وتی: وەکو کەناڵی زووم 2 ئۆفیسمان هەیە، ئۆفیسی سەرەکیمان له‌ بینای نالی کافێیە، ئۆفیسێکی دیکەمان لە دەروازه‌ سیتییه‌، تاوەکو ئێستا ته‌نها ئۆفیسی دەروازەمان وەرگرتوەتەوە. دەشڵێت: تەنها لەو ئۆفیسه‌ی وه‌رمانگرتووه‌ته‌وه‌، به‌ بڕی 220 هەزار دۆلار (22 ده‌فته‌ر) زیانمان بەرکەوتووە. به‌ڕێوبه‌رى كه‌ناڵی زووم باسی له‌وه‌شكرد كه‌ هه‌ندێك له‌ كه‌ره‌سته‌كانیان هێشتا پێنه‌دراوه‌ته‌وه‌. وتى: لەو ئۆفیسەی کە وەرمانگرتوەتەوە، هەندێک لە كه‌ره‌سته‌كان شکاون و هەندێکیشمان وەرنەگرتوەتەوە، داوای كه‌ره‌سته‌كانمان کردوە، وەڵامه‌كه‌یان به‌شێوه‌یه‌ك نییه‌ كه‌ نامانده‌نه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ش نییه‌ كه‌ بمانده‌نه‌وه‌. كه‌ناڵی زووم به‌ كه‌ناڵێكى سه‌ر به‌ لاهور شێخ جه‌نگی- سه‌رۆكى به‌ره‌ى گه‌ل ناوبراوه‌، ئه‌گه‌رچی خاوه‌ندارێتى كه‌ناڵه‌كه‌ به‌ناوى ئه‌وه‌وه‌ نییه‌. له‌ ڕۆژی هێرشی سه‌ر هۆتێل لاله‌زار و ده‌رووبه‌رى كه‌ به‌ده‌ستگیركردنى لاهور شێخ جه‌نگى كۆتایی هات، ده‌ست به‌سه‌ر ئۆفیسی ئه‌و كه‌ناڵه‌شدا گیرا و كه‌ناڵه‌كه‌ش له‌ په‌خش و كاركردن راگیرا. ڕۆژی شه‌شى ئه‌م مانگه‌ش، ئۆفیسی كه‌ناڵه‌كه‌ ڕاده‌ست به‌ به‌ڕێوبه‌ره‌كه‌ى كرا، بەڵام هەر ئەو کات ڕایانگەیاند کە زیانی زۆری بەرکەوتووە.

سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا پێشبینی دەکات، پێش کۆتایی ئه‌م مانگه‌، گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان به‌سەر ئێراندا بسه‌پێنرێنه‌وه‌؛ ده‌شڵێت، ئێران له‌ دانوستانه‌كان جیددی نییه‌. پێنجشه‌ممه‌، 18ـی ئه‌یلوولی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵێکی تەلەفزیۆنی ئیسرائیل پێشبینی كرد، پێش کۆتایی ئه‌م مانگه‌، گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان به‌سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێراندا بسه‌پێنرێنه‌وه‌. سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا گوتووشیه‌تی، پێشبینییه‌كه‌ی له‌جێ خۆیه‌تی و پێی وایه‌ هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئێران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ له‌م باره‌وه‌ جیددی نه‌بووه‌ به‌تایبه‌تی له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ترۆیكا؛ به‌ریتانیا، فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا له‌ باره‌ی پرسی به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی.                چوارشه‌ممه‌، 17ـی ئه‌یلوولی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی  ئێکس ڕایگەیاند، وەزیرانی دەرەوەی سێ وڵاتە ئەورووپییەکە و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، بە تەلەفۆن گفتوگۆیان لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەیان کرد، بۆ ئەوەی بەردەوامی بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بدەن. لە پەیامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیادا هاتبوو "لایەنە ئەورووپییەکان، لە گفتوگۆکەدا جەختیان کردووەتەوە، ئێران هێشتا ئەو هەنگاوی لۆجیکی و وردی نەناوە کە بۆ درێژکردنەوەی بڕیارنامەی 2231 پێویستن. پێویستە ئێران دەست بە گفتوگۆکان بکاتەوە، ڕێگە بدات پشکنین بۆ دامەزراوە هەستیارەکان بکرێت و پرسی یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەی بەرز، یەکلا بکاتەوە. " وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا هەروەها ڕایگەیاندبوو "سێ وڵاتە ئەورووپییەکە، جارێکی دیکە جەختیان لە په‌له‌كردن له‌ بابەتەکە و سووربوونیان بۆ دووبارە سەپاندنەوەی گەمارۆکان، لە ئەگەری نەگرتنەبەری هەنگاوی کردەیی لە ڕۆژانی داهاتوودا، کردەوە." هەر دوێنێ چوارشه‌ممه‌، ئاژانسی هەواڵی 'ئیرنا، بڵاوی کردەوە، عه‌باس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە گفتوگۆکەیدا لەگەڵ هاوتا ئەورووپییەکانیدا، ئاماژەی بە هەڵوێستی بنەڕەتیی ئێران کرد، کە بریتییە لە گرنگیی پاراستنی کەشی گفتوگۆ و دیپلۆماسی بۆ ڕێگریی لە زیادبوونی گرژییەکان. هەروەها هەنگاوی سێ وڵاتە ئەورووپاییەکەی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو گەمارۆیانەی ئەنجوومەنی ئاسایش هەڵیوەشاندبوونەوە، بە بێ هیچ پاساوێکی یاسایی و لۆجیکی زانی."

بارەگای بارزانی ڕایدەگەیەنێت ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی لەگەڵ شاندێکی هاوپەیمانێتیی حەسم و هاوپەیمانێتیی نەینەوا بۆ خەڵکەکەی کۆبووەوە. بەپێى ڕاگەیەندراوێک ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ـی ئەیلوولی 2025، بارەگای بارزانی بڵاویکردووەتەوە، لە سەڵاحەددین سەرۆک بارزانی لەگەڵ شاندێکی هاوپەیمانێتیی حەسم و هاوپەیمانێتیی نەینەوا بۆ خەڵکەکەی بە سەرۆکایەتیی سابت عەباسی وەزیری بەرگریی عێراق کۆبووەوە. بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق تاوتوێ کرا و بیروڕا لەبارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاڵوگۆڕکرا و جەخت لەسەرهەماهەنگیی لایەنەکان بۆ تێپەڕاندنی کێشە و گرفتە سیاسییەکان کرایەوە.

حكومەتی بەریتانیا یاسای نوێی بۆ دیپۆرتكردنەوەی پەنابەران جێبەجێكرد كە بە یاسای "کەسێک بۆدەرەوە، کەسێک بۆ ناوەوە" ناسراوە و ئەمڕۆ یەكەمین  كۆچبەر بە فرۆكە دیپۆرتی فەرەنسا كرایەوە. حكومەتی بەریتانیا رایگەیاند، ئەو كەسە بەشێوەیەكی نایاسایی بە بەلەمی بچوك لە كەناڵی ئینگلیز پەڕیوەتە وڵاتەكە و رێگەیەكی نەشیاوی گرتەوەبەر و ژیانی خۆی خستوەتە مەترسییەوە. ئاماژەی بەوەشكردووە، لە رۆژانی داهاتوودا ژمارەی دیپۆرتكراوەكان زیاتر دەبێت و رێگری لە كۆچی نایاسایی دەكەن.  ئەوەش لەكاتێكدایە لە ئەمساڵدا زیاتر لە 30 هەزار كەس بە بەلەمی بچوك لە رێگەی كەناڵی ئینگلیزەوە گەیشتونەتە بەریتانیا و شابانا مەحمود وەزیری ناوخۆی وڵاتەكەش رایگەیاند ، رێگری لە كۆچی نایاسایی دەكەن و ئەو دیاردەیە ناهێڵن.

وادەى تۆمارکردنى ناوى هاونیشتمانییان بۆ ئەنجامدانى فەریزەى حەج بۆماوەى شەش رۆژ دریژکرایەوە و هاونیشتمانییان دەتوانن تاوەکو 26ى ئەم مانگە لە پرۆسەکە خۆیان تۆماربکەن. بەگوێرەى راگەیەندراوێکى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى، بە مەبەستى رەخساندنى دەرفەتى زیاتر بۆ هاونیشتمانییان بەبڕیارى وەزیرى ئەوقاف و بە هەماهەنگى لەگەڵ فەرمانگەى تەکنەلۆجیاى زانیاریی، ماوەى ناونوسین بۆ بەجێهێنانى فەریزەى حەج درێژکرایەوە و ماوەکە لە کاتژمێر 12ى شەوى 26ى ئەیلول کۆتایی دێت. رۆژى 10 ئاب ناونوسین و خۆتۆمارکردن بەشێوەى ئەلیکترۆنیی بۆ پرۆسەى حەج دەستیپێکرد، بڕیاربوو پرۆسەکە رۆژى شەممەى داهاتوو 20ى ئەیلول کۆتایی بێت بەڵام بەبڕیارى وەزیرى ئەوقاف ماوەى خۆتۆمارکردن دریژکرایەوە. ئەوە لەکاتێکدایە، ساڵانى رابردوو لە رێگەى پڕکردنەوەى فۆڕم بەدەستى و لەبەرامبەر بڕێک پارە ناوى خوازیاران بۆ حەج تۆماردەکرا.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، جەختدەكات لە بەردەوامی گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی سوریا لە چوارچێوەی رێککەوتنی 10ی ئازار. لە میانی کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەربازی هێزەکانی سوریای دیموکرات، عەبدی باسی لە گرنگی پاراستنی ئاگربەستی هەمیشەیی و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست كردووە لە دژی ئەو دەستدرێژییانەی هەوڵی راکێشانی ناوچەکە دەدەن بۆ شەڕێکی نوێ. ئاژانسی "هاوار نیوز" بڵاويكردووەتەوە، ئەنجومەنی سەربازیی هێزەكانی سوریای دیموكرات، ئاماژەی بەوەشكردووە، تێکەڵبون لەگەڵ سوپای سوریا لەسەر مێزە بۆ گفتوگۆکردن و هەسەدە ئامادەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق و هەماهەنگی لەگەڵ لیژنە پەیوەندیدارەکان دەکات. پێداگريشى لەسەر پرسی چارەسەری سیاسی کردووەتەوە، ئەم بژاردەیەی بە هەمیشەیی بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی سوریا و پاراستنی گەلەکەی ناوبردووە. هاوکات ئەنجومەنی سەربازیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بە ئامادەبوونی هەموو ئەندامانی فەرماندەیی گشتی و فەرماندەی ئەنجومەنە سەربازییەکانی هەرێم و دامەزراوەکانی پەیوەست پێیانەوە ئەنجام دا. کۆبوونەوەکە تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتە سیاسی و سەربازییەکانی سووریا، تێیدا فەرماندەی گشتیی قەسەدە مەزڵوم عەبدی، جەختی لەسەر بەردەوامبوونی دانوستانەکان لەگەڵ دیمەشق بەپێی ڕێککەوتنی ١٠ـی ئازار کردەوە، هەروەها گرنگیی پابەندبوون بە ئاگربەست دووپات کردەوە. ئامادەبووان پرۆژەی یەکگرتن لەگەڵ "سوپای سووریا"ـیان تاوتوێ کرد و ئامادەیی خۆیان بۆ گفتوگۆ و هەماهەنگی لەگەڵ لیژنە پەیوەندیدارەکان دووپات کردەوە. سەبارەت بە شەڕی دژی چەتەکانی داعش، کۆبوونەوەکە ئاماژەی بە "زیادبوونی کردەوە تیرۆریستییەکانی چەکداران لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا" کرد و پابەندبوونی خۆی بۆ بەردەوامبوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوەکە و پتەوکردنی هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی دووپاتکردەوە، لەگەڵ بەرزکردنەوەی ئاستی پاراستنی ئەو زیندانانەی کە ئەندامانی داعش تێیدا دەستبەسەرن. لەسەر ئاستی ناوخۆیی، بڕیاری دەرکردنی لێبووردنێکی گشتی بۆ ئەو کەسانە درا کە پابەندی ئامادەبوون نەبوون لە شوێنە سەربازییەکانیان  و دەرفەتییان پێدرا کە بارودۆخیان ئاسایی بکەنەوە،  لەگەڵ تاوتوێکردنی چەند دۆسیەیەکی پەیوەست بە بەرزکردنەوەی توانا و ڕاهێنانی هێزەکان.

 بەهۆی تەقەکردن لە دەروازەی سنووری پردی شا حسێن لە نێوان ئیسرائیل و ئوردن، دوو کارمەندی ئەمنی ئیسرائیلی کوژراون، میدیا عەرەبیەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، دەستبەجێ دوای ڕووداوەکە دەروازەکە داخراوە. دەزگای تەندروستى  ئیسرائیل  بڵاویکردەوە لە ئەنجامی تەقەکردنەکەدا ئەو دوو سەربازە بەسەختى برینداربوون و لەکاتى گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوەو ئەو دوو قوربانییەش ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل بوون. میدیا ئیسرائیلیەکان دەڵێن بەپێی زانیارییەکان، دامەزراوە ئەمنییەکان بەدواداچوونیانکردوەو بەپێى لێکۆڵینەوەى سەرەتایی دەرکەوتووە ئەوانەى هێرشەکەیان ئەنجامداوە، یەکێکیان شۆفێری ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگری فریاگوزاری مرۆیی بووە کە لە ئوردنەوە گەیشتووە و بڕیاربووە ڕێگەی خۆی بۆ کەرتی غەززە بکاتەوە.   سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئەو چەکدارانەى کە تەقەکانیانکردوە لە دیوی ئوردنەوە گەیشتوون و ئۆپەراسیۆنەکەیان لە دەروازە سنوورییەکان ئەنجامداوە. ڕوونیشیکردووەتەوە، سێ چەکداربوون و  لە ناوچەی کەشتیوانی پردی شا حسێن ئەنجامداوەو دوانیان کوژراون. هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە گەڕان و پشکنینی ناوچەکەو ترسیان لەوەهەیە دووبارە هێرشیان بکرێتەوە سەر. لەلایەکی دیکەوە، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ڕاگەیاندن و وتەبێژی فەرمی حکوومەت، د.محەمەد مومانی، وتی: بەدواداچوون بۆ ئەو هەواڵە بڵاوبووانە دەکەین کە باس لە ڕووداوێکی ئەمنی لە دیوەکەی تری دەروازەی سنووری کەرەمە دەکەن. مومانی زیادی کرد: لایەنە پەیوەندیدارەکانمان چاودێری ئەو بابەتە دەکەن، هەر وردەکارییەکیش هەر کە زانیارییەکیان پێگەیشت ڕایدەگەیەنین.