بارەگای بارزانی ڕایدەگەیەنێت ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی لەگەڵ شاندێکی هاوپەیمانێتیی حەسم و هاوپەیمانێتیی نەینەوا بۆ خەڵکەکەی کۆبووەوە. بەپێى ڕاگەیەندراوێک ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ـی ئەیلوولی 2025، بارەگای بارزانی بڵاویکردووەتەوە، لە سەڵاحەددین سەرۆک بارزانی لەگەڵ شاندێکی هاوپەیمانێتیی حەسم و هاوپەیمانێتیی نەینەوا بۆ خەڵکەکەی بە سەرۆکایەتیی سابت عەباسی وەزیری بەرگریی عێراق کۆبووەوە. بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق تاوتوێ کرا و بیروڕا لەبارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاڵوگۆڕکرا و جەخت لەسەرهەماهەنگیی لایەنەکان بۆ تێپەڕاندنی کێشە و گرفتە سیاسییەکان کرایەوە.

حكومەتی بەریتانیا یاسای نوێی بۆ دیپۆرتكردنەوەی پەنابەران جێبەجێكرد كە بە یاسای "کەسێک بۆدەرەوە، کەسێک بۆ ناوەوە" ناسراوە و ئەمڕۆ یەكەمین  كۆچبەر بە فرۆكە دیپۆرتی فەرەنسا كرایەوە. حكومەتی بەریتانیا رایگەیاند، ئەو كەسە بەشێوەیەكی نایاسایی بە بەلەمی بچوك لە كەناڵی ئینگلیز پەڕیوەتە وڵاتەكە و رێگەیەكی نەشیاوی گرتەوەبەر و ژیانی خۆی خستوەتە مەترسییەوە. ئاماژەی بەوەشكردووە، لە رۆژانی داهاتوودا ژمارەی دیپۆرتكراوەكان زیاتر دەبێت و رێگری لە كۆچی نایاسایی دەكەن.  ئەوەش لەكاتێكدایە لە ئەمساڵدا زیاتر لە 30 هەزار كەس بە بەلەمی بچوك لە رێگەی كەناڵی ئینگلیزەوە گەیشتونەتە بەریتانیا و شابانا مەحمود وەزیری ناوخۆی وڵاتەكەش رایگەیاند ، رێگری لە كۆچی نایاسایی دەكەن و ئەو دیاردەیە ناهێڵن.

وادەى تۆمارکردنى ناوى هاونیشتمانییان بۆ ئەنجامدانى فەریزەى حەج بۆماوەى شەش رۆژ دریژکرایەوە و هاونیشتمانییان دەتوانن تاوەکو 26ى ئەم مانگە لە پرۆسەکە خۆیان تۆماربکەن. بەگوێرەى راگەیەندراوێکى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى، بە مەبەستى رەخساندنى دەرفەتى زیاتر بۆ هاونیشتمانییان بەبڕیارى وەزیرى ئەوقاف و بە هەماهەنگى لەگەڵ فەرمانگەى تەکنەلۆجیاى زانیاریی، ماوەى ناونوسین بۆ بەجێهێنانى فەریزەى حەج درێژکرایەوە و ماوەکە لە کاتژمێر 12ى شەوى 26ى ئەیلول کۆتایی دێت. رۆژى 10 ئاب ناونوسین و خۆتۆمارکردن بەشێوەى ئەلیکترۆنیی بۆ پرۆسەى حەج دەستیپێکرد، بڕیاربوو پرۆسەکە رۆژى شەممەى داهاتوو 20ى ئەیلول کۆتایی بێت بەڵام بەبڕیارى وەزیرى ئەوقاف ماوەى خۆتۆمارکردن دریژکرایەوە. ئەوە لەکاتێکدایە، ساڵانى رابردوو لە رێگەى پڕکردنەوەى فۆڕم بەدەستى و لەبەرامبەر بڕێک پارە ناوى خوازیاران بۆ حەج تۆماردەکرا.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، جەختدەكات لە بەردەوامی گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی سوریا لە چوارچێوەی رێککەوتنی 10ی ئازار. لە میانی کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەربازی هێزەکانی سوریای دیموکرات، عەبدی باسی لە گرنگی پاراستنی ئاگربەستی هەمیشەیی و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست كردووە لە دژی ئەو دەستدرێژییانەی هەوڵی راکێشانی ناوچەکە دەدەن بۆ شەڕێکی نوێ. ئاژانسی "هاوار نیوز" بڵاويكردووەتەوە، ئەنجومەنی سەربازیی هێزەكانی سوریای دیموكرات، ئاماژەی بەوەشكردووە، تێکەڵبون لەگەڵ سوپای سوریا لەسەر مێزە بۆ گفتوگۆکردن و هەسەدە ئامادەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق و هەماهەنگی لەگەڵ لیژنە پەیوەندیدارەکان دەکات. پێداگريشى لەسەر پرسی چارەسەری سیاسی کردووەتەوە، ئەم بژاردەیەی بە هەمیشەیی بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی سوریا و پاراستنی گەلەکەی ناوبردووە. هاوکات ئەنجومەنی سەربازیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بە ئامادەبوونی هەموو ئەندامانی فەرماندەیی گشتی و فەرماندەی ئەنجومەنە سەربازییەکانی هەرێم و دامەزراوەکانی پەیوەست پێیانەوە ئەنجام دا. کۆبوونەوەکە تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتە سیاسی و سەربازییەکانی سووریا، تێیدا فەرماندەی گشتیی قەسەدە مەزڵوم عەبدی، جەختی لەسەر بەردەوامبوونی دانوستانەکان لەگەڵ دیمەشق بەپێی ڕێککەوتنی ١٠ـی ئازار کردەوە، هەروەها گرنگیی پابەندبوون بە ئاگربەست دووپات کردەوە. ئامادەبووان پرۆژەی یەکگرتن لەگەڵ "سوپای سووریا"ـیان تاوتوێ کرد و ئامادەیی خۆیان بۆ گفتوگۆ و هەماهەنگی لەگەڵ لیژنە پەیوەندیدارەکان دووپات کردەوە. سەبارەت بە شەڕی دژی چەتەکانی داعش، کۆبوونەوەکە ئاماژەی بە "زیادبوونی کردەوە تیرۆریستییەکانی چەکداران لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا" کرد و پابەندبوونی خۆی بۆ بەردەوامبوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوەکە و پتەوکردنی هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی دووپاتکردەوە، لەگەڵ بەرزکردنەوەی ئاستی پاراستنی ئەو زیندانانەی کە ئەندامانی داعش تێیدا دەستبەسەرن. لەسەر ئاستی ناوخۆیی، بڕیاری دەرکردنی لێبووردنێکی گشتی بۆ ئەو کەسانە درا کە پابەندی ئامادەبوون نەبوون لە شوێنە سەربازییەکانیان  و دەرفەتییان پێدرا کە بارودۆخیان ئاسایی بکەنەوە،  لەگەڵ تاوتوێکردنی چەند دۆسیەیەکی پەیوەست بە بەرزکردنەوەی توانا و ڕاهێنانی هێزەکان.

 بەهۆی تەقەکردن لە دەروازەی سنووری پردی شا حسێن لە نێوان ئیسرائیل و ئوردن، دوو کارمەندی ئەمنی ئیسرائیلی کوژراون، میدیا عەرەبیەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، دەستبەجێ دوای ڕووداوەکە دەروازەکە داخراوە. دەزگای تەندروستى  ئیسرائیل  بڵاویکردەوە لە ئەنجامی تەقەکردنەکەدا ئەو دوو سەربازە بەسەختى برینداربوون و لەکاتى گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوەو ئەو دوو قوربانییەش ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل بوون. میدیا ئیسرائیلیەکان دەڵێن بەپێی زانیارییەکان، دامەزراوە ئەمنییەکان بەدواداچوونیانکردوەو بەپێى لێکۆڵینەوەى سەرەتایی دەرکەوتووە ئەوانەى هێرشەکەیان ئەنجامداوە، یەکێکیان شۆفێری ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگری فریاگوزاری مرۆیی بووە کە لە ئوردنەوە گەیشتووە و بڕیاربووە ڕێگەی خۆی بۆ کەرتی غەززە بکاتەوە.   سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئەو چەکدارانەى کە تەقەکانیانکردوە لە دیوی ئوردنەوە گەیشتوون و ئۆپەراسیۆنەکەیان لە دەروازە سنوورییەکان ئەنجامداوە. ڕوونیشیکردووەتەوە، سێ چەکداربوون و  لە ناوچەی کەشتیوانی پردی شا حسێن ئەنجامداوەو دوانیان کوژراون. هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە گەڕان و پشکنینی ناوچەکەو ترسیان لەوەهەیە دووبارە هێرشیان بکرێتەوە سەر. لەلایەکی دیکەوە، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ڕاگەیاندن و وتەبێژی فەرمی حکوومەت، د.محەمەد مومانی، وتی: بەدواداچوون بۆ ئەو هەواڵە بڵاوبووانە دەکەین کە باس لە ڕووداوێکی ئەمنی لە دیوەکەی تری دەروازەی سنووری کەرەمە دەکەن. مومانی زیادی کرد: لایەنە پەیوەندیدارەکانمان چاودێری ئەو بابەتە دەکەن، هەر وردەکارییەکیش هەر کە زانیارییەکیان پێگەیشت ڕایدەگەیەنین.

لیژنەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا، جارێکی دیکە داوا لە تورکیا دەکات کە "مافی هیوا" بە عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و هاوڕێکانی بدات. لەمبارەیەوە ئەنجومەنەکە ماوەی هەشت مانگی دیکەی وەک مۆڵەت بە ئەنقەرە داوە، کە ئەمەش دوای کۆبوونەوەکانی رۆژانی 17 تا 19ی ئەیلولی 2025 دێت. کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپا کۆبوونەوەی سێ مانگانەی خۆی سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ لە ١٥-١٧ی ئەیلول ئەنجامدا. کۆمیتەکە لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٤دا وادەی ساڵێکی بۆ تورکیا دیاریکردبوو بۆ جێبەجێکردنی "مافی هیوا" بۆ ڕێبەر ئاپۆ، حەیاتی کایتان، ئەمین گوربان و جڤیان بۆڵتان. لەم کۆبوونەوە نوێیەییدا، کۆمیتەکە بڕیارەکەی بەپێی مادەی ٤٦ بڕگەی ٢ی ڕێککەوتننامەی ؛داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان'دەرکرد، کە کۆمیتەکە ئەرکی چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بڕیارە کۆتاییەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپای داوە.   کە "لەم چوارچێوەیەدا، ئەگەری ئەوە هەیە کەسێک ئازاد نەکرێت ئەگەر مەرجەکانی سزا و ڕێگریکردن بە تەواوی جێبەجێ نەکرابێت یان ئەگەر کەسەکە هێشتا مەترسی لەسەر کۆمەڵگا دروست بکات". لە بڕیارەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "یاسای نێونەتەوەیی مەیلێک نیشان دەدات بۆ دامەزراندنی میکانیزمی پێداچوونەوە کە لە ٢٥ ساڵ زیاتر نەبێت دوای سەپاندنی سزای هەتاهەتایی." کۆمیتەکە جەختی لەوە کردەوە کە هەموو دەوڵەتێک بەپێی مادەی ٤٦ بڕگەی یەکەمی ڕێککەوتننامەکە پابەندە بە پابەندبوون بە تەواوی و کاریگەر و خێرا بە بڕیارە کۆتاییەکانی دادگا لەو کەیسانەی کە لایەنگرییە. سوود لە پرۆسەی کۆمیسیۆنی پەیوەست بە پرسی کورد وەربگیرێت؛ هەنگاوی پێویست بە پەلە بنێن کۆمیتەکە بە دەربڕینی پەشیمانی قووڵی خۆی ئاماژەی بەوەدا کە "رێوشوێنی یاسایی یان ڕێوشوێنی گونجاوی دیکە بۆ گونجاندنی یاساکانی تورکیا لەگەڵ مەرجەکانی ڕێککەوتننامەکەدا وەک لەو بڕگانەدا هاتووە، هێشتا پەسەند نەکراون."  لە بڕیارەکەییدا کۆمیتەکە داوای لە دەسەڵاتداران کرد کە هەنگاوی پێویست بەپەلە بنێن. کۆمیتەکە لە بارەی بڕیارەکەیەوە ئەمەی گوت: "بۆئەوەی ئەم دۆسییە گرووپییە بە خێرای جێبەجێ بکرێت، با سوود لە جێگرەوە جیاوازەکانی بەردەستان وەربگرن؛ گۆڕانکاری یاساییەکان کە لە چوارچێوەی 'پلانی نوێی چالاکی مافەکانی مرۆڤدایە' بە گوێرەی سەرلەنوێ هەڵسەنگاندنەوەی سزای قورسی هەتاهەتای؛ سوودوەرگرتن لە هەوڵدانەکانی 'تورکیای بێ شەڕ' کە پێشنیارکردنی گۆڕانکاری یاسایی لە پەرلەماندا ئەرکدارە، سوودوەرگرتن لە کۆمیسیۆنی دیموکراستی، خوشک-برایەتی، یەکگرتنی نەتەوەیی'؛ یان پەسەندکردنی ڕەشنووسی یاسایی لە دۆخی ئێستادا لەسەر ئەم بابەتە لە لایەن پەرلەمانتارانەوە پێشنیارکراوە لە نێو ئەم جێگرەوانەیەدایە." پێدانەوەی هەشت مانگ بە تورکیا؛ پێویستە تا مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٦ زانیاری بدات کۆمیتەکە لە کۆتاییدا وتی: "با سوود لە ئەزموونی وڵاتانی ئەندامی دیکە وەربگرن کە میکانیزمی پێداچوونەوەی لەو جۆرەیان دامەزراندووە."، کۆمیتەکە ئەم داوایەیی لە دەسەڵاتداری تورکیا کرد: " دەسەڵاتداران بۆ ئەوەی پێشکەوتنی خێرا لە جێبەجێکردنی داواکاریی ئەم گرووپەدا بەدەستبهێنن، پێویستە لە دوایین کاتدا ڕاپۆرت لەسەر ئەو ڕێوشوێنانە بدات کە تا مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٦ گیراونەتەبەر."

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەم خولەیدا ژمارەیەکی پێوانەیی لە هەڵوەشاندنەوەی دانیشتنەکانی تۆمار کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی خەرجکردنی بڕێکی زۆری پارە لە مووچە و دەرماڵەی پەرلەمانتاران، لە کاتێکدا ماوەیەکی زۆر بێ کار بوون. پەرلەمانی ئێستا- لە یەکەم کۆبوونەوەى لە 9ی کانونى دووەمى 2022ەوە- تەنیا توانیویەتی 149 کۆبوونەوە لە کۆی نزیکەی 265 کۆبوونەوە ئەنجام بدات. پەرلەمانى عێراق لەم خولەیدا شکستیهێناوە لە ئەنجامدانى 100 کۆبوونەوە کە 12 یان لە 11 مانگى رابردوودا بووە، لەکاتێکدا مووچە و شایستەى دارایی پەرلەمانتاران بۆ ئەو ماوەیە زیاتر لە 122 ملیار دینار بووە و شایستەى ساڵانەش 400 ملیار دینارى تێپەڕاندووە. بەهۆى ئەو رۆڵە لاوازەوە، پێدەچێت ئەم مانگە ویلایەتى خولى پێنجەمى پەرلەمان کۆتایی بێت، ئەوەش لەگەڵ بەردەوامى شکستهێنانى پەرلەمان لە کۆبوونەوەکانى، ئەوەش بەپێی رۆژنامەى مەداى عێراقى. لە مانگی ئابی رابردووەوە، ئەنجومەنی نوێنەران سزای ملیۆنێک دیناری بۆ ئامادەنەبوونی هەر پەرلەمانتارێک لە دانیشتنەکاندا دیاریکردووە. بەڵام زۆرێک لە پەرلەمانتاران بۆ خۆرزگارکردن لەو سزایە ئامادەی دەوام دەبن، بەڵام لەجیاتی ئەوەی بچنە ناو دانیشتنەکان، لە کافێتریای پەرلەمان دەمێننەوە. یاسر حسەینى ئەندامى پەرلەمانى عێراق پێیوایە، ناکۆکییە سیاسییەکان لەبارەى یاسا گرنگەکان هۆکارى پەکخستنى پەرلەمانە، لەناویاندا یاساکانى تایبەت بە وەبەرهێنانى سعودیە لە عێراق، سەربارى سەرقاڵبوونى پەرلەمانتاران بە کاروبارى تایبەت بە هەڵبژاردنەوە کە بڕیارە لە 11 ى تشرینى دووەم بەرێوەبچێت. سەرۆکایەتی پەرلەمان لە بەیاننامەیەکدا کە دوای کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ڕابردوو بڵاویکردەوە، ئامادەبوونی پەرلەمانتاران لە دانیشتنەکاندا بە "ئەرکێکی نیشتمانی کە ناتوانرێت دوابخرێت" دادەنێت، ئەوەش دوای شکستی ئەنجامدانى دوو کۆبوونەوەى یەک لەدواى یەک. بەگوێرەی بەدواداچوونەکان، تێچووی ساڵانەی مووچە و دەرماڵەی سەرجەم 329 پەرلەمانتارەکەی عێراق دەگاتە 426 ملیار دینار، کە دەکاتە نزیکەی 300 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی. بۆ ماوەی چوار ساڵی خولی پەرلەمانیش، ئەم خەرجییە دەگاتە یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی. لە ماوەی 14 مانگی بێکاربوونی ئەنجومەنەکەدا، زیاتر لە 525 ملیۆن دۆلار بە مووچە و دەرماڵە خەرج کراوە. هەر خولێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە چوار ساڵ پێکدێت. هەر ساڵێکیش بەسەر دوو بەشدا دابەش دەبێت، کە هەر بەشێکیان لە چوار مانگ پێکدێت و چوار مانگ پشووی دەکەوێتە نێوانیانەوە. هەر پەرلەمانتارێک مانگانە 8 ملیۆن دینار مووچە وەردەگرێت، ئەمە جگە لەوەی 16 ملیۆن دینار وەک بۆ پاسەوان و 3 ملیۆن دینار وەک دەرماڵەی کرێ بۆ ئەو پەرلەمانتارانەی نیشتەجێی بەغداد نین، بەمەش کۆی مووچەی مانگانەی هەر پەرلەمانتارێک دەگاتە 27 ملیۆن دینار. کۆی تێچووی ساڵانەی مووچە و دەرماڵەی هەر ٣٢٩ پەرلەمانتارەکە زیاتر لە ٤٢٦ ملیار دینارە.

 چوارەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دەوڵەت لەبارەی داهاتی نانەوتی کوردستان کۆتایی هات، بەپێى زانیاریەکانیش  هیچ نوێنەرێکی هەرێمی کوردستان نەچووە بەشداریی لە کۆبوونەوەکانیان بکات بۆ ئەوەی بۆچوونی یاسایی ئەوان بزانن. پێشنیوەرۆى ئەمڕۆ پێنج شەممە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی دەوڵەتی عێراق لەبارەی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، چاوەڕوان دەکرێت هەر ئەمڕۆ ئەنجومەنەکە وەڵامی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بداتەوە. ئەم کۆبوونەوەیە هەنگاوێکی گرنگە لە چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد. وەزیرێکی ناو حکومەتی عێراق پێداگیری کردووە و داوای کردووە هەرێمی کوردستان نوێنەرێکی بنێرن بۆ کۆبوونەوەکە بەڵام هەرێمی کوردستان ڕەتیکردووەتەوە، چونکە بەگوتەی ئەوان [هەرێمی کوردستان] ئەم کۆبوونەوەیە لە بنەڕەتدا داواکاریی حکومەتی عێراق بووە. دوو راوێژکاری ئەنجوومەنی دەوڵەت دەڵێن، تاوەکو ئێستا هیچ نوێنەرێکی هەرێمی کوردستان نەچووە بەشداریی لە کۆبوونەوەکانیان بکات بۆ ئەوەی بۆچوونی یاسایی ئەوان بزانن.   ئەو دوو راوێژکارە دەڵێن، لە ئەمینداریێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە چەند داواکارییان بۆ هاتووە تاوەکو ئەنجوومەنەکەیان رای یاسایی خۆیانی لەسەر بدەن. بەگوتەی ئەوان، داوای روونکردنەوەیان لێکراوە، لەسەر ماددەی 29 لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، کە تایبەتە بە پێدانی باج، رسوومات و داهاتی گومرگەکان، هەروەها داوای روونکردنەوەی یاسایییان لێکراوە لەسەر ماددەکانی یاسای بودجە کە تایبەتن بە هەرێمی کوردستان.  لە ئێستادا ئەنجومەنی دەوڵەت سەرقاڵی نووسینەوەی ئەو بۆچوونانەن کە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان لەبارەیەوە کراوە، چاوەڕوان دەکرێت وەڵامی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بداتەوە لەبارەى ئەو دۆسیەیە. بڕیاری ئەنجومەنی دەوڵەت دەتوانێت رێگایەکی نوێ بکاتەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی لەسەر دابەشکردنی داهاتە نانەوتییەکان و دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم.

رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ی ئیسرائیلی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە زاری بەرپرسێکی هەواڵگرییەوە بڵاویکردەوە کە پڕۆسەی گەمارۆدان و داگیرکردنی تەواوەتی شاری غەززە و چۆڵکردنی دانیشتووانەکەی، تا رۆژی شەشی ئۆکتۆبەری داهاتوو تەواو دەبێت. هەمان بەرپرسی هەواڵگری ئاماژەی بەوەشکردووە کە بەپێی خەمڵاندنەکان، نزیکەی 7500 چەکدار لەناو شاری غەززەدا بوونیان هەیە. هاوکات، سەرچاوە فەڵەستینییەکان رایانگەیاند کە سوپای ئیسرائیل بە تەواوەتی هێڵەکانی پەیوەندی لە شاری غەززە پچڕاندووە. پەیامنێری کەناڵەکانی "العربیة" و "الحدث" رایگەیاند کە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە باکووری رۆژئاوای شاری غەززەوە لە پێشڕەویدان و سوپای ئیسرائیل لە ناوچەکانی باکووری کەرتەکەدا "رۆبۆتی بۆمبڕێژکراو" دەتەقێنێتەوە. لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە پزیشکییەکان ئاشکرایان کرد کە لەماوەی بیست و چوار کاتژمێری رابردوودا، 99 فەڵەستینی لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە، کە 77 کەسیان لە باکووری کەرتەکە بوون، ئەمەش بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی "وەفا". ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، هەڕەشەی لە بزووتنەوەی حەماس کرد و بەڵێنی هێرشی گەورەتری لە غەززە دا ئەگەر بێت و حەماس پابەندی مەرجەکانی ئیسرائیل نەبێت. کاتز رۆژی چوارشەممە لە راگەیەندراوێکدا وتی: "ئەگەر حەماس بارمتەکان ئازاد نەکات و چەکەکانی دانەماڵێت، ئەوا غەززە وێران دەکرێت و دەبێتە مۆنۆمێنتێک بۆ یادەوەریی ئەو ئەندامانەی حەماس کە دەستدرێژی و کوشتاریان ئەنجامداوە." سوپای ئیسرائیل دەستی بە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکانی کردووە، لە کاتێکدا هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی کارەساتێکی مرۆیی نزیک لە کەرتەکەدا بەردەوامن. لەم هەفتانەی دواییدا سوپا هۆشدارییەکانی بۆ دانیشتووانی شاری غەززە چڕکردووەتەوە و داوایان لێدەکات شارەکە جێبهێڵن و بەرەو "ناوچەی مرۆیی" لە باشووری کەرتەکە بڕۆن. لە بەرامبەردا، بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند کە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل "بەشێکی نوێیە لە شەڕی کۆمەڵکوژی و پاکتاوی رەگەزیی سیستماتیک دژی خەڵکی غەززە." هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل زۆربەی شاری غەززەیان کردووەتە وێرانە و بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە، هێرشە سەربازییەکەی ئیسرائیل بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 64,964 کەس، کە زۆربەیان هاوڵاتی مەدەنین.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2025، کۆمیسیۆنی ئاشتیی پەرلەمانی تورکیا، کە تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی دامەزراوە، کۆدەبێتەوە و گوێ لە نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی باکووری کوردستان دەگرێت. کۆمیسیۆنەکە گوێ لە نوێنەری فیدراسیۆنی عەشیرەتەکان، کۆنفیدراسیۆنی گوندپارێز و کەسوکاری سەربازە کوژراوەکان، و فیدراسیۆنی کارسازانی باکووری کوردستان دەگرێت. هاوکات، کۆمیسیۆنەکە دوێنێ چوارشەممەش کۆبوویەوە و میوانداریی کەسانی ئەکادیمی کرد و گوێی لە بۆچوونەکانیان گرت لەبارەی پرۆسەی ئاشتی وڵاتەکە. لە دانیشتنی دووەمیشدا، ئەندامانی کۆمیسیۆن گوێبیستی دوو باڵیۆزی پێشووتری تورکیا بوون کە وەک نێوەندگیر بەشدار بوون لە کۆتاییهێنان بە ململانێی 40 ساڵەی نێوان موسڵمانانی مۆرۆ و حکوومەتی فلیپین. ململانێی نێوان بەرەی ئازادیخوازی ئیسلامی مۆرۆ و فلیپین لە ساڵانی 70ـی سەدەی ڕابردوودا بەردەوام بوو، و دواتر لە ساڵی 2014 ڕێککەوتنی ئاشتی واژۆ کرا.

حیکمەت هیجری، شێخى یەکتاپەرستانی دروزەكان لە پارێزگای سوەیدا لە باشوری سوریا، دانوستان لەگەڵ دیمەشق رەتدەكاتەوەو دەڵێت: چارەسەرکردنی قەیرانی پارێزگارەكەیان پێویستی بە گۆڕانکاری ریشەیی هەیەو ئەوەی روویدا پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی هەیە. هیجری، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (الحدث)، وتی: هەست بە ئازارێکی قوڵ دەکەم بەهۆی شەرمەزارنەکردنی ئەوەی لە سوەیدا روویاندا. ئاماژەی بەوەشکرد: سوپاسی ئیسرائیلم کرد لەبەر ئەوەی بەرگرییان لێکردین و پارێزگارییان بۆ فەراهەم کردین. راشیگەیاند: ئێمە تووشی پێشێلکاری بووین و ناچاریان کردین هاوپەیمانی هەر لایەنێک بکەین بۆ رزگارکردنمان، جەختیشكرد لەوەی، مەحاڵە لەگەڵ خوێنڕشتن ئاشت ببنەوە. هیجری، داوای دەستورێکی نوێ و حکومەتێکی كرد کە هەموو سوورییەکان بپارێزێت، وتیشی: حکومەت لە رووداوەکانی ئەم دواییەدا هەموو پردەکانی متمانەی لەناوبردووە. 

مەلابەخیتار دەڵێت: هاوڕێكانم هەوڵیاندا بە ژەهر لەناوبەرم، ئەوەش بە هەشتەمین هەوڵی كوشتنی ناودەبات. مەلابەختیار، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "الشرقیە نیوز" وتی: بەداخەوە هاوڕێكانم هەوڵی كوشتنیان دام بە ژەهرێك كە كاریگەرییەكەی بۆ ماوەی (6) مانگ بەردەوام دەبێت، وتیشی: نامەوێت بچمە ناو وردەكاری ئەو باسە، بەڵام بەدڵنیایی كاتێكی گونجاو هەڵدەبژێرم بۆ قسەكردن لەسەر وردەكاری ئەو پرسە. لەبارەی چۆنیەتی ئاشكراكردنی ئەو پرسە رایگەیاند: كەسێكى خاوەن ویژدان لەناو ئەو دامەزراوەیەی كە تاوانەكەیان ئەنجامدا، ئاماژەی دابوو بە هاوڕێیەكم لە لەندەن، لەوێوە پیانوتم پشكنين بكە دۆخەت زۆر مەترسیدارە، جارێك دووجار فەرامۆشمكرد، بۆ جاری سێیەم زۆریان لێكردم ناچاربووم گەشت بۆ عەممان بكەم . پادشای ئودرون زۆر هاوكاری كردین و بەزووترین كات پشكینینی تەواویان بۆ كردم و ئەنجامەكەیان دامەوەو وتیان بڕۆ ئەڵمانیاو خۆت چارەسەر بكە، دۆخت مەترسیدارە، ئێمە داتوانین تەنها دوو هەفتە كاریگەری ئەو ژەهرە لە جەستەو خوێنتا رابگرین، چوم بۆ ئەڵمانیا و لە نەخۆشخانە (19) رۆژ لە ژووری نەشتەرگەری بووم و باڵیۆزی عێراق راپۆرتی وردی لەبارەی تەندروستیم و نەشتەرگەرییەكەم بۆ وەزارەتی دەرەوە نوسیوە، وتیان ئەو ژەهرە دوای (6) مانگ دەتكوژێت.

بەبۆنەی نزیکبوونەوەی دەستپێکی وەرزی نوێی خوێندن و کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی  پلانی تایبەتی خۆی بۆ رێکخستنی هاتووچۆ و پاراستنی سەلامەتی قوتابیان راگەیاند. خاڵە سەرەکییەکانی پلانەکەی هاتووچۆی سلێمانی: 1. سنووردارکردنی هاتنی بارهەڵگرەکان:     * لە رۆژی یەکشەممە، 21ی ئەیلوولی 2025، لە کاتژمێر 7:30ی بەیانی تا 8:30ی بەیانی، هاتنە ناوەوەی بارهەڵگرەکان بۆ ناو شاری سلێمانی (لە رێگەی بازگەکان و سنووری شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود) قەدەغە دەکرێت، جگە لە رۆژانی هەینی.     * ئامانج لەم بڕیارە کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و گیروگرفتەکانی هاتووچۆیە لە کاتی چوونی قوتابیان بۆ قوتابخانە.     * ئەم کارە لە ئەستۆی مەفرەزەکانی بەشی هاتووچۆی بازگەکان و هەردوو بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی ناو شار (ڕۆژهەڵات و رۆژئاوا) دەبێت. هەر سەرپێچییەکیش بەدوایدا لێپرسینەوەی یاسایی لێدەکرێت. 2. خێرایی و ئاگاداری شۆفێران:     * داوا لە شۆفێرانی بەڕێز دەکرێت، رەچاوی خێراییەکان بکەن لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون و بەردەم سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن.     * پێویستە شۆفێران ئاگادارییەکی زیاتریان هەبێت بۆ منداڵان و پیادەڕەوان، بەتایبەتی لە کاتی دەستپێکی رۆژ و کۆتایی هاتنی دەوامدا. 3. ڕێنمایی تایبەت بە پاسی قوتابخانەکان:     * داوا لە شۆفێرانی ئەو پاسانە دەکرێت کە منداڵ و قوتابیان دەگوازنەوە، رەچاوی ژمارەی یاسایی قوتابیان لەناو پاسەکانیاندا بکەن و سەرنشینی زیادە سەر نەخەن.     * نابێت رێگە بە منداڵان بدرێت بەشێک لە جەستەیان لە جامەکان دەربکەن و دەبێت لە جێی خۆیان دابنیشین.     * لە کاتی سەرکەوتن و دابەزین لەبەردەم قوتابخانەکاندا، نابێت ئاستەنگ و قەرەباڵغی دروست بکرێت.     * هاتووچۆی ناو شار رایگەیاندووە کە لە کاتی سەرپێچیکردنی شۆفێرەکان، لێپرسینەوەی یاسایی دەکرێت.

سەرۆکایەتی کۆماری سوریا ڕایگەیاند، لە دیمەشق، ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆمار  پێشوازی لە ئیبراهیم کالکان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا و شاندێکى ئەو وڵاتە کردوە، لەو دیدارەدا  پێشهاتەکانی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) تاوتوێ کردوە هەروەها جەختیان لەسەر یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خاکی سوریا کردەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پێشهاتەکانی ناوچەکەش کراوە. ئاژانسی ئانادۆڵو پێشتر بڵاویکردبووەوە کە کاڵکان بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی سوریا بە سەرۆکایەتی شەرع گەیشتووەتە دیمەشق بۆ تاوتوێکردنی پرسەکانی ئەمنی دووقۆڵی و ناوچەکە. ڕۆژی 10ی ئادار، سەرۆک کۆماری سوریا و فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، مەزڵوم عەبدی، ڕێککەوتنێکیان واژۆکرد بۆ تێکەڵکردنی سەرجەم دامودەزگا مەدەنی و سەربازییەکانی سەر بە ئیدارەی خۆسەری کورد لە دەوڵەتی سوریادا. سەردانەکەی سەرۆکى میتى تورکیا لەرۆژی چوارشەممە بۆ دیمەشق بۆ دیدار لەگەڵ شەرع دوای ڕۆژێک لە ڕاگەیاندنی نەخشەڕێگایەک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی پارێزگای سوەیدا لە باشووری سوریا، کە سوریا و ئوردن و ئەمریکا گەیشتنە دیمەشق. سەردانەکەی کالکان دوو ڕۆژ دوای کۆبوونەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پەراوێزی لوتکەی بەپەلەی عەرەبی و ئیسلامی لە دەوحە لەگەڵ شەراع هات بۆ تاوتوێکردنی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر. بەگوێرەی سەرچاوەکانی تورکیا، گفتوگۆکانی نێوان کالکان و شەرع لەسەر پێشهاتەکانی سوریا، هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە سەقامگیری و پاراستنی یەکگرتوویی سوریا و یەکپارچەیی خاکی سوریا، هەروەها پێشهاتەکانی ناوچەکە لە نێوان پەرەسەندنی دەستدرێژیی ئیسرائیل.

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر رایگەیاند: دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی سوریا تا ئێستا ئەنجامێکی کەمی بەدیهێناوە، هۆکاری خاوی جێبەجێکردنی بڕگەكانی  رێککەوتنی (10)ی ئازاریشی خستە ئەستۆی دیمەشق. ئیلهام ئەحمەد، رەخنەی لە حکومەتی سوریا گرت و وتى: حکومەتی راگوزەر بەنیازە تاکڕەوانە کۆنترۆڵی بەسەر هەموو شتێکدا هەبێت، سوریای نوێش پێویستی بە سیستمێکی نا ناوەندییە، وتیشی: لەگەڵ حکومەتی راگوزەر لە گفتوگۆداین، بەڵام پێشکەوتنێکی کەممان بەدەستدەهێناوە، چونکە حکومەت دەستی دەستی دەكات لە گفتوگۆکان. باسی لەوەشكردووە: یەکێک لەو کێشانەی کە لە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتدا روبەڕومان دەبێتەوە، دەستوەردانی تورکیایە لە سوریا، جەختیشكردووە، سوریا پێویستی بە دەستورێکی نوێ هەیەو دەبێت دەستوری ئێستا نوێ بکرێتەوە. ئەو وتانەی ئیلهام ئەحمەد، لە میانی کۆنفرانسی "ئاسۆی سوریا و عێراق"دا هات، کە نوێنەرایەتی بادن-ڤرتمبێرگی ئەڵمانیا لە شارى بەرلین بەڕێوەی برد، بە ئامادەبونی تۆبیاس تونکڵ، بەڕێوەبەری کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی نزیک و باکوری ئەفریقا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا. ئیلهام ئەحمەد لە لێدوانیشكدا بۆ "ئینديپدنت عەرەبیە" لەبارەی فشارەکانی ئیدارەی ئەمریکا لەسەریان، وتویەتی: هەموو ئەو شتانەی سەبارەت بە گفتوگۆکان لەگەڵ دیمەشق روودەدەن، لە قوڵایی ئیرادە و بڕیاری خۆیاندایە، بڕوایان بە پێویستی وتوێژێکی ناوخۆیی سوریا هەیە. ئاماژەی بەوەشکردووە: خاڵە هاوبەشەکانی نێوان ئەوان و لایەنی ئەمریکی یان لایەنە نێودەوڵەتییەکان کە گەرەنتی پرۆسەی سیاسی لە سوریا دەکەن ئەوەیە، دەبێت سوریا یەکگرتوو بێت، دەبێت دانپێدانانی هاوبەش هەبێت بە مافی پێکهاتەکانی سوریا بە هەمەرەنگی كلتوری ئایینی و نەتەوەیی، ئەمە جگە لە دەستەبەرکردنی شەفافیەت لە ناوەندەکانی بڕیاردان.