فەرماندەی گشتی هەسەدە، جەختیی لەوە کردەوە کە کۆمەڵگەی سوریا تەنیا لە ڕێگەی لامەرکەزییەوە دەتوانێت دیموکراسی بەدەستبهێنێت، وتیشى: كاردەكەین بۆ فراوانكردن و جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی 10ی ئاداری رابردوو، بەڵام لە ئێستادا كار لەسەر وردەكارییەكان دەكەین. لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی ئیندیەن ئێکسپرێس، مەزلوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات دووپاتی کردەوە کە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کە لە 10ی ئازاری 2025 لەگەڵ حکومەتی سوریا واژۆ کراوە، گرنگییەکی زۆری هەیە، ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ئێستادا کار بۆ فراوانکردن و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە بەردەوامە بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیری وڵات و ڕێگریکردن لە ئیستغلالکردنی هەر بۆشایییەکی ئەمنی. ئەو وتیشی، رەزامەندییان لەسەر تێكەڵكردنی هێزەكانی هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریا نیشانداوە، بەڵام دەبێت كار لەسەر وردەكارییەكان بكەن بۆئەوەی سەقامگیریی تێكنەچێت و هیچ لایەنێك بۆشایی ئەمنی نەقۆزێتەوە. عەبدی جەختی لەسەر پێویستیی ئەوەی سوپای سوریا خاوەنی ناسنامەیەکی نەتەوەیی بێت کە نوێنەرایەتی هەموو سورییەکان بکات، ئاماژەی بەوەشکرد، "دەبێت ڕۆڵی سوپا بەرگریکردن لە هەموو گەلی سوریا بێت و ملکەچی هیچ بەرژەوەندییەکی تایبەت نەبێت". عەبدی جەختی لەسەر پێویستی گرنگیدان بە ڕێگایەکی ڕوون کردەوە بۆ تێکەڵکردنی سەرجەم گروپە سەربازییەکان لەگەڵ سوپای سوریا، کە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی سەقامگیری و ڕێگری لە دووبەرەکی. ئەو فەرماندەیەی هێزەکانی هەسەدەئەزموونی "ئیدارەی خۆسەر"ی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بە مۆدێلێکی ئەرێنی زانی بۆ حوکمڕانی لە سوریای داهاتوودا، ئاماژەی بەوەدا کە ئەم ئیدارەیە لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵدا توانیویەتی ئەو ناوچانە ئاوەدان بکاتەوە کە بەهۆی شەڕی داعشەوە وێران بوون و ئاسایش لەوێدا جێگیر بکاتەوە. عەبدی پێی وایە "ئەمڕۆ سوریا دەرفەتێکی ڕاستەقینەی هەیە بۆ گواستنەوە بۆ سیستمێکی دیموکراسی و لامەرکەزی"، ئەمەش دوای داڕمانی "سیستەمی ناوەندگەرایی و دیکتاتۆری" لە سەردەمی ڕژێمی بەشار ئەسەدی سەرۆکی لەکارلادراو. جەختیشی لەوە کردەوە کە "کۆمەڵگەی سوریا تەنیا لە ڕێگەی لامەرکەزییەوە دەتوانێت دیموکراسی بەدەستبهێنێت".
لەڕاگەیەندراوێکیاندا کۆمپانیاى سۆمۆ، جەختى لەسەر ئەوەکردوەتەوە کە نەوتى عێراق مەحاڵە بەقاچاخ بفرۆشرێت و دەلێت: هیچ شێك لەوبارەیە بوونی نییە، بەڵکو مەحاڵە قاچاغچێتی بكرێت لە سایەی هەماهەنگی و هاوکاری بەردەوامی نێوان کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت و دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکان. كۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت: میدیاکان بەڵگەنامەیەکی فەرمی دزەپێکراوی نایاسایی سۆمۆیان بڵاوکردووەتەوە، ئاڕاستەی هەندێک لایەنی ئەمنیی پەیوەنداری کردبوو، کە ناوەڕۆکەكەی پەیوەندیدارە بە ئاشکراکردنی ئەنجامی ئەو بەرنامە بەدواداچونانەی کە کۆمپانیا بەکاریدەهێنێت بۆ چاودێریکردنی جوڵەی نەوتهەڵگرە دەرچووەکان كە نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانی عێراقیان هەڵگرتووەو بەگوێرەی رێكارەكان هەناردەكراوە لەلایەن کۆمپانیاکەوە، بۆ دڵنیابون لەوەی کە کۆمپانیا کڕیارەكان پابەندن بە مەرجەکانی گرێبەستەکانیان. سۆمۆ دەڵێت: تێگەیشتنێکی هەڵە لە ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکە لەلایەن میدیاکانەوە هەیە، بەو پێیەی بەڵگەنامە فەرمییە دزەپێکراوەکە بە پرسێكی ئاسایی (رۆتین)ی کارکردنی توندوڵ دادەنرێت کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا چەندین جار دەرچووە، هەرکاتێک لە بەرنامەکانی بەدواداچووندا ناوی ئەو نەوتهەڵگرانە ئاشکرا بکرێت کە لە کۆمپانیاکەدا تۆمار نەکراون بەوەی كە رێگەی بارکردنیان پێنادرێت، لە پێگە جیهانییەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت ، دواتر تەواوی لایەنە ئەمنیە پەیوەندیدارەكان لەسەر زەوی ئاگادار دەكرێنەوە تا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکەن و راستی و مەبەستی ئامادەبونیان دەستنیشان بكەن. كۆمپانیای سۆمۆ ئاماژەی بەوەشکردووە: بەداخەوە بەهۆی نەبوونی پسپۆڕی، یان بەهۆی ئەوەی سروشتی بەڵگەنامەکە بۆ میدیا نەبووە، بەڵکو لە نێوان کۆمپانیاکەمان و لایەنەکانی دیکەدا كە ئاستێکی بەرزی هەماهەنگی و تێگەیشتنێکی هاوبەش هەیە لە ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکە و ئەرکی جێبەجێکردنی، هەندێک کەناڵی میدیایی و پێشکەشکارانی بەرنامەكان و هەندێك بەناو شارەزا، کە زانیاری و ئەزموونی وردیان نییە لەگەڵ ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکە بەپێچەوانەی لێکدانەوەی بەڵگەنامەکە، بانگەشەی ئەوەیان كردووە کە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت دان بە قاچاغچێتی و تێکەڵکردنی نەوت و پێكهاتەكانیدا دەنێت لە بەندەرەکانی عێراق و ئاوە هەرێمایەتیەكانی. جەختیشكردووە: ئەمە پێچەوانەی راستییەکانە، هیچ شێك لەوبارەیە بوونی نییە، بەڵکو مەحاڵە قاچاغچێتی بكرێت لە سایەی هەماهەنگی و هاوکاری بەردەوامی نێوان کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت و دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکان و هاوبەشکردنی هەر زانیارییەک کە دەبێتە هۆی پاراستنی ئاوە هەرێمایەتیەكانی عێراق و بەندەرەکانی بارکردن و بەتاڵكردنی تیایاندا.
مەسعوود پزیشکیان ئەمڕۆ شەممە، پێش ئەوەی بەرەو پاکستان بڕوات، ڕایگەیاند: "لەگەڵ شاندێکی باڵا لەسەر بانگهێشتی سەرۆک وەزیرانی پاکستان، شەهباز شەریف، گەشت بۆ ئەم وڵاتە دەکەم". سەرۆک کۆمارى ئێران ئەوەشى زیاد کرد: پێوەندی باش، دڵسۆز و قووڵی نێوان ئێران و پاکستان لە سەرەتای دامەزراندنی ئەم وڵاتە خۆشەویستە درێژەی هەبووە؛ ئەو پەیوەندیانە لەبوارى ئابووری، زانستی، فەرهەنگی و سنوورییەکان جێبەجێ دەکرێن و پەیوەندییەکی قووڵ لە نێوان خەڵکی ئێران و خوشک و برا خۆشەویستەکانمان لە پاکستاندا هەیە. پزیشکیان باسی بەهێزکردن و پەرەپێدانی بازرگانی سنووری لە ڕێگەی وشکانی و ئاسمانی و دەریاییەوە لەگەڵ پاکستان کرد وەک یەکێک لە ئەولەویەتەکانی ئەم گەشتە و دەشڵێت: لە ڕێگەی پاکستانەوە دەتوانین پەیوەندی بە ڕێگای ئاوریشمی نێوان چین و پاکستانەوە بکەین و ئەم ڕێگایە دەتوانین لە ڕێگەی ئێرانەوە بە ئەوروپاوە ببەسترێتەوە. سەرۆک کۆمار پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و پاکستانی بە باشی هەڵسەنگاند و جەختی لەوە کردەوە: پلانمان هەیە بۆ زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانمان بۆ ١٠ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا. هەر لەوپەیامەیدا سەرۆک کۆمارى ئێران جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجمان پاراستنی یەکڕیزی و یەکگرتوویی نێوان ئێران و پاکستانە، جەختی لەوە کردەوە: دوژمن پلانی هەیە بۆ دروستکردنی ناتەبایی لەنێوان موسڵمانان و ان شاءاللە هەوڵی پووچەڵکردنەوەی پلانی دوژمن دەدەین. ناوبراو ئەوەشى خستەڕوو لە پرۆسەی نادادپەروەرییەکان و دەسدرێژکاری ترسنۆکانەی ڕژێمی زایۆنیستی و ئەمریکا بۆ سەر خاکی خۆشەویستی ئێران کە دژی یاسا نێودەوڵەتییە، پاکستان یەکێک بوو لەو وڵاتانەی بە توندی ئەم دەستدرێژییەی مەحکووم کرد و ڕایگەیاند کە هەر پاڵپشتییەکی پێویست بۆ یەکپارچەیی خاکی ئێران و هەروەها حکومەت و خەڵکی ئێران پێشکەش دەکات و ئەمەش جێی ڕێزو پێزانینە. پزیشکیان زیادی کرد: پرسی ئاسایش و سنوور بۆ ئێمە و بۆ براکانمان لە پاکستان گرنگییەکی زۆریان هەیە و لەم بارەوە گفتوگۆمان دەبێت و هەوڵ دەدەین بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایشی ناوچەکە لە ڕێگەی هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵاتەوە.
پەرلەمانی عێراق لەبارەی چەند پرۆژە یاسایەکەوە کۆدەبێتەوە، لە یەکێک لە بڕگەکان تاوتوێی یاساى ئازادیى رادەربڕین و خۆپیشاندان دەکات. بەگوێرەى کارنامەی کۆبوونەوەکە، دەنگدان و خوێندنەوە بۆ نۆ پرۆژە یاسا دەکرێت، یەکێک لەو پرۆژە یاسایانەی لە شەقامی عێراقی کاردانەوەی لێکەوتووەتە و بەشێک لە چالاکان دژین، پرۆژە یاسای ئازادیى رادەربڕین و مافى خۆپیشاندانى ئاشتییانەیە. بەگوێرەی پرۆژە یاساکە، دەبێت بۆ خۆپیشاندان و گردبوونەوەى مەدەنییانە پێنج رۆژ پێشتر لە لایەن کەسێک یان چەند کەسێکەوە مۆڵەتى فەرمی بە نووسراو لەیەکەى ئیداریی ئەو شوێنە وەرگیرابێت و ئامانج و مەبەست، شوێن و کاتى تێدا دیاریکرابێت. بەگوێرەی بڕگەیەکی دیکەی پرۆژەیاساکە، ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە کاتژمێر 10ـی شەو بۆ حەوتی بەیانی قەدەغە دەکرێت. چالاکانی مەندەنی و بەشێک لە شەقامی عێراقی لە ناڕازین لە پرۆژەیاساکە، بە خامۆشکردنی دەنگی ناڕەزایەتی ناوی دەبەن.
ئاژانسى ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە سوریا بەڵێنی داوە لێکۆڵینەوە لە پێکدادان و توندوتیژییەکانی پارێزگای سوەیدا بکات کە مانگی ڕابردوو سەدان کەسی تێدا کوژرا. ئەمەش دووەم گەورەترین ڕووداوى توندوتیژی تائیفییە لە دوای لادانی بەشار ئەسەدی سەرۆکى پێشووى سوریا. لە فەرمانێکدا کە لە ٣١ی تەمموزدا دەرچوو، مەزهەر وەیس، وەزیری دادى حکومەتى کاتى سوریا ڕایگەیاندوە، لیژنەیەکی حەوت کەسی - کە دادوەر و پارێزەر و بەرپرسێکی سەربازیی تێدایە - بەدواداچوون بۆ ئەو هۆکارەکان و ئەو هەلومەرجە دەکەن کە بووەتە هۆی "ڕووداوەکانی سوەیدا" و لە ماوەی سێ مانگدا ڕاپۆرتەکەیان ئامادەکەن. لیژنەکە لێکۆڵینەوە لە هێرش و پێشێلکاریانەش دەکات کە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی تۆمارکراوەو هەر کەسێک کە سەلمێنرا بەشداری لەو جۆرە هێرشانەدا کردووە، ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری دەکرێت. توندوتیژی لە سوەیدا لە ١٣ی مانگى ڕابردوو لە نێوان چەکدارانى هۆزەکان و گروپى دروزەکان دەستیپێکرد. هێزەکانی حکومەت بۆ کۆنرۆڵکردن و دامرکاندنەوەی شەڕەکە ڕەوانەى ئەو پارێزگایە کران، بەڵام خوێنڕشتنەکە بەردەوام و زیاتریش پەرەى سەند، ئیسرائیلیش بە ناوی پاراستنى دروزەکانەوە چەند جارێم هێرشی کردە سەر سەربازانی سوریاو بۆردومانى کردن. دروزەکان لقێکی کەمینەی ئیسلامن و شوێنکەوتووانی لە سوریا و لوبنان و ئیسرائیلن. پارێزگای سوەدا زۆرینەی دانیشتوانی دروزن، بەڵام شوێنی نیشتەجێبوونی هۆزە سوننەکانیشە و هاوڵاتیانى ناوچەکەو گروپە جیاوازەکان چەند جارێک گرژیی و ئاڵۆزیی لەسەر زەوی و سەرچاوەکانی تر لەنێوانیاندا ڕویداوە. پێکدادانەکانی سوەیدا، کە لە 13ـی تەممووزەوە دەستیانپێکرد، سەرەتا چەکدارانی دروز و عەرەبە سوننە دەشتەکییەکان رووبەرووی یەکدی بوونەوە، بەڵام بەگوێرەی شایەتحاڵان، شارەزایان و سەرچاوە خۆجێیەکان، هێزەکانی حکومەت لە بەرژەوەندیی دەشتەکییەکان دەستوەردانیان کردووە. ئاگربەستێک لە رۆژی یەکشەممەی رابردووەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارە دەشتەکییەکان لە شاری سوەیدا کشانەوە و هێزەکانی حکومەت لە بەشێک لە پارێزگاکەدا جێگیر کران. لە مانگی ئازارى ئەمساڵدا، سەدان هاوڵاتی مەدەنی عەلەوییەکان کوژران، دوای ئەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی حکومەت لەناوچە کەنارییەکانی سوریا جێگیرکران. لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان کە دوای کوشتنەکانی مانگی ئازاری مانگی ڕابردوو دامەزرا، ٢٩٨ کەسی گومانلێکراوی ئەنجامدانی پێشێلکاری دژی عەلەوییەکانیان ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری کرد. سەرکوتکردنی دڕندانەی ئەسەد لە ساڵی ٢٠١١ لە ناو زۆرینەی سوننەی سوریا بۆ سەر ناڕەزایەتییەکانی دژ بە ئەسەد بوو بە شەڕێکی نزیکەی ١٤ ساڵە.
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاریی دارایی سەرۆکوەزیرانى عێراق رەتیدەکاتەوە بڕى 62 ترلیۆن دینارى کاش، مشک و جرج خواردبێتیان و دەڵێت، ئەم هەواڵە هیچ راستی و لۆژیکێکى تێدا نییە. دەنگۆی ئەو هەواڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە عێراق بڵاوبووەتەوە، راوێژکارەکەی سودانییش وێڕای رەتکردنەوەی دەڵێت، پارەى کاش لە عێراق لە 100 ترلیۆن دینار تێناپەڕێت و ئەوانیش پێکدێن لە پارەى ئاڵوگۆڕ و پارەى یەدەگ، فەوتانی نیوە زیاترى ئەم پارەیەش بەهۆى رووداوێکى لەم شێوەیەوە هیچ لۆژیکێکى تێدا نییە. جەختیش دەکاتەوە لەوەی لە سیستمى کاشى عێراقدا، رێکارى زۆر توند دەگیرێتەبەر و ناکرێت ونبوون و نەمانى بڕێکى لەم شێوەیە بێ چاودێرى و ئاگادارکردنەوە رووبدات. قەبارەی دەرچووی كاشی عێراق 100 ترلیۆن دینار تێپەڕ ناكات بە سوڕاو و یەدەگیشەوە، بۆیە قسەكردن لەبارەی لەناوچوونی نیوەی پارەی كاش بەهۆكاری ژینگەیی یاحود بایۆلۆژییەوە، لەڕووی ئابورییەوە شتێكی مەحاڵەو جێگەی باوەڕ نییە. داتا فەرمییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە نزیكەی 88%ی قەبارەی گشتیی كاش لە دەرەوەی سیستەمی بانكییەو لای تاكەكەسەكانە، ئەمەش بەهۆی كلتوری بۆماوەیی كۆمەڵگەی عێراق لەبارەی دراوەوە، نەك لەناو گەنجینەی یەك دامەزراوەدا بێت كە ئەگەری هەیە توشی ئەم جۆرە لەناوچوونە ببێتەوە. داوا لە هاوڵاتیان دەكەین دوای هەواڵی هەڵبەستراو نەكەون كە یاریكردن بە عەقڵی خەڵك و هیچ بەهایەكی ئابوری نییەو نالۆژیكییە.
کامەران عوسمان لە ڕێكخراوی (CPT) ڕایدەگەیەنێت سەرباری بەردەوامی پرۆسەی ئاشتی نێوان پ.ە.کە.کە- تورکیا، لە رۆژی سێشەممە، ٢٩ی تەموز، سوپای تورکیا بە بەشداری نزیکەی (250) سەرباز، ئۆپەراسیۆنێکی خاکڕەوی بۆ سەر گوندەکانی دەڤەری (گولی) لە قەزای باتیفا لە پارێزگای دهۆک دەستپێکرد. بەپێى ئەو زانیاریانەى ئەندامەکەى رێکخراوى سى پى تى خستویەتیەڕوو سەرەتا لە رۆژی سێشەممە، سەربازەکان لەڕێگەی چەند هەلیکۆپتەرێکەوە لەسەر چیای (سیارا ستەورێ) جێگیرکران و بارەگایەکی سەربازیان لەسەر چیاکە دروستکرد. لە بەرەبەیانی رۆژی چوار شەممە، 30ی تەموز، سەربازەکان دەستیان کرد بە کیوماڵکردنی تەواوی گوندەکانی دەڤەری گولی و هاتن و چونی ناو گوندەکان بە تەواوی قەدەغەکرا. سەربازەکان، لە گوندی (کەشان)ەوە بەرەو گوندی (بانکێ) رۆشتن و بازگەی هێزی پاراستنی سنوری عێراقیان تێپەڕاندو دواتر بەرەو گوندەکانی (شلین، شیلانێ، بانکێ، لێهڤانێ، ئەڤلەهێ و پیربلا) بەردەوامیان بە کیوماڵکردنەکەیاندا. سوپای تورکیا، لە رۆژی دوو شەممە، 28ی تەموزەوە هەموو رێگاکانی گوندی کەشانی بۆ سەر ڕەزو باخ و بێستانی جوتیارەکان داخستووە و تەواوی گوندنشینەکانیش ئاگادار کراونەتەوە کە لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە. سوپای تورکیا، مەبەستیەتی لەڕێگەی ئەم ئۆپەراسیۆنەوە، ڕێگری لە گەڕانەوەی گوندنشینان بۆ سەر گوندەکانی خۆیان بکات و پرۆژەی دروستکردنی (ناوچەی دابڕ) لە گوندەکانی سەرسنور لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجێبکات و؛ بەتەواوی هەژموونی سەربازی خۆی لە ناوچەکەدا بسەپێنێت.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە سیستەمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی لە ماوەی شەوێکدا ٦٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی لەسەر چەند ناوچەیەکى وڵاتەکەى لەناوبردووە. بەگوێرەی ئاژانسی سپۆتنیکی ڕوسیا، وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "لە ماوەی شەوەکەدا، لە کاتژمێر 23:30 بەکاتی مۆسکۆ لە 31ی تەمموز تا 04:10 بەکاتی مۆسکۆ لە 1ی ئاب، سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئۆپەراسیۆنی ڕێگری لە 60 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی کردووە و لەناویانبردووە". لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "لە ناوچەی بێلگۆرۆد 31 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لە ناوچەی ڕۆستۆڤ 12، لە خاکی کراسنۆدار 5، لە سەر حەوزی دەریای ڕەش، 4 لە سەر حەوزی دەریای ڕەش، 3 لە ناوچەی ڤۆرۆنیژ، 2 لە ناوچەی لیپێتسک، 2 لە ناوچەی تولا، 1 لە سەر دەریای ئازۆڤ تێکشکێندراون". لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، وەزارەتی ناوخۆی ئۆکرانیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی هێرشە مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕووسیا کە بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیایان کردە ئامانج، بۆ ٢٦ کوژراو و ١٥٩ بریندار بەرزبووەتەوە. وەزارەتی ناوخۆی ئۆکرانیا لە پۆستێکی تێلێگرامدا ڕایگەیاندووە، "لە شەوێکدا و ئەم بەیانییە تیمەکانی فریاگوزاری 10 تەرمیان لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە ناوچەی سڤیاتۆشینسکی دەرهێناوە"، ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆپبارانەکە 159 کەسیشی بریندارکردووە. هەفتەى پێشوو ترەمپ و کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە سکۆتلاند کۆبوونەوە. دواتر، هەردوولا قسەیانکرد لەسەر جەنگی سێ ساڵ و نیوەی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، سەرۆکی ئەمریکا دوا هۆشداریی دایە ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا و گوتی، "مۆڵەتێکی نوێی نزیکەی 10 یان 12 رۆژی دادەنێم کە لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات. هیچ پاساوێک بۆ چاوەڕوانی نییە، ئێمە هیچ پێشڤەچوونێک بەدیناکەین." سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، "ئێمە سزای لاوەکی بەسەر رووسیادا دەسەپێنین، رەنگە رێککەوتنێک بکەین، نازانم، بەڵام پووتین دەبێت رێککەوتنێک بکات. رووسەکان و ئۆکراینییەکان بێ هیچ هۆکارێک یەکدی دەکوژن." جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی رووسیا هۆشداریی بە سەرۆکی ئەمریکاش دا، "رووسیا، ئیسرائیل یان ئێران نییە" و هەموو هەڕەشەیەک لە وڵاتەکەی، هەنگاوێک لە جەنگ نزیکتریان دەکاتەوە، نەک لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا، بەڵکو لەگەڵ ئەمریکا. سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی لە پووتین گرت و گوتی، "سێ جار وا دەرکەوتووە کە نزیکین لە رێککەوتنی ئاگربەست، بەڵام لەناکاو مووشەکەکان ئاراستەی کیێڤ دەکرێن، ئەمە زۆرجار روویداوە و بەدڵم نییە."
لەکاتێدا نزیکەى هەفتەیەکە ئیسرائیل و وڵاتانى دبکە، لەئاسمان و زەویەوە هاوکارى مرۆیی و خۆراک دەگەیەننە غەززەو کار بۆ ئەوەدەکەن دۆخى هاوڵاتیان باشتربکرێت، بەڵام ئەمە کاتێکی دەوێت تا هەست بە گۆڕانکارییەکە بکرێت. بەهۆی ئەوەى یارمەتییەکان وەک یەک ناگاتە زۆرێک لە خەڵکی غەززە، هەروەها ناتوانن ئەوەی لە بازاڕەکاندا هەیە بیکڕن، لەئێستادا نرخى زۆربەى خۆراک و پێداویستیەکان دەهێندەى پێش جەنگ بەرزبۆتەوە، بۆ نمونە کیسەیەک ئاردی کە پێش شەڕ بە ١٠ دۆلار فرۆشرا ئێستا ٣٠٥ دۆلارە. قەیرانی مرۆیی لە کەرتی غەززە ڕۆژ بەڕۆژخراپتر دەبێت، بەهۆى سەردانەکەی نوێنەری ئەمریکا ستیڤ ویتکۆف بۆ ئیسرائیل و غەززە و سەردانکردنی ناوەندەکانی دابەشکردنی یارمەتییەکان لە غەززە بکات دۆخەکە گۆڕانکارى بەسەربێت. ڕۆژنامەى نیویۆرک تایمز باس لەبەرزبوونەوەی زۆری نرخی کاڵا بەکاربەرییە سەرەتاییەکان دەکات، ئەمەش لەهەمان کاتدا سندوقی یارمەتییەکان بەردەوامە لە دابەشکردنی خۆراک بەسەر خەڵکی غەززداو نزیکەی ١٥٠ پاکێج لە ڕۆژی شەممەوە بە فڕۆکە خراوەتە خوارەوە بۆ ناو غەززە. ڕۆژنامەی تایمز بە کەڵک وەرگرتن لە نموونەی بەهای بەرهەمەکانی پێش جەنگ بە بەراورد بە ئەمڕۆ باس لە بەرزبوونەوەی نرخەکەی کردووە. داتاکانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی کەرتی غەززە - کە لە شاری غەززە و خان یونس و دێر بەلاح کۆکراونەتەوە - دەریدەخەن کە لە ئێستادا کیلۆیەک شەکر لە بازاڕەکاندا بە ١٠٦ دۆلار دەفرۆشرێت، لە کاتێکدا پێش جەنگ ٨٩ سەنت بوو؛ کیلۆیەک ئاردی بە ١٢ دۆلار دەفرۆشرێت، لە کاتێکدا پێش جەنگ ٤٢ سەنت بوو؛ کیسەیەکی ئاردی ٢٥ کیلۆیی بە ٣٠٥ دۆلار دەفرۆشرێت، لە کاتێکدا پێش جەنگ ١٠ دۆلار بوو؛ و ئێستا کیلۆیەک تەماتە بە ٣٠ دۆلار دەفرۆشرێت، لەکاتێکدا پێش جەنگ ٥٩ سەنت بوو. ڕۆژنامەی تایمز بانگەشەی ئەوە دەکات کە زۆرێک لە دانیشتوانی غەززە هێشتا ناتوانن ئەو هاوکارییە بەدەستبهێنن کە دەخرێنە ناوەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو ئاژاوەگێڕییەی کە لە کەرتی غەززەدا هەیە. لەناچاریدا بەشێک لەوانە لەبازاڕى ڕەشدا ئەو خواردنانە دەکڕن کەئەمەش بۆ هەمووى ئەوە بەردەستنیە، بەهۆی نرخە بەرزەکەیەوە، تا مانگی ئازاری ڕابردوو، نرخی بەرهەمەکان لە غەززە دابەزینیان بەخۆوە بینی، بەهۆی ئاگربەست و ئەو سەدان بارهەڵگری هاوکارییەی کە دواتر ڕۆژانە دەبرانە شارەکەوە. لە سەرەتای ئەو مانگەدا، نزیکەی دوو هەفتە پێش شکسهێنانى ئاگربەست و دەستپێکردنەوەی شەڕ، ئیسرائیل چونە ژوورەوەی یارمەتییە مرۆییەکانی بۆ ناو غەززە ڕاگرت ، ئەمەش بووە هۆی کەمیی و بەرزبوونەوەی نرخ و دروستبوونى پشێوى. عارف حسێن، سەرۆکی ئابووری بەرنامەی جیهانی خۆراکی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەڵێت: هەرگیز تووشی دیاردەیەکی لەو شێوەیە نەبووم، بەو قەبارەیە. هەروەها نرخی بەرهەمە غەیرە خۆراکیەکانی دیکەش لەناو کەمییەکانیشدا بەرزبووەتەوە: سابونێک بە ١٠ دۆلار دەفرۆشرێت لە کاتێکدا پێش جەنگ ٥٩ سەنت بوو. پاکەتێک لە ٤٠ دایبی بە ١٤٩ دۆلار دەفرۆشرێت لە کاتێکدا پێش جەنگ ٨.٦١ دۆلار بووە؛ نرخی لیترێک سووتەمەنی گازۆیل ٣٦ دۆلارە لە کاتێکدا پێش جەنگ ١.٨٧ دۆلار بوو؛ و 400 گرام خۆراکی منداڵان نرخی 51 دۆلارە، پێش جەنگ 7.43 دۆلار بوو.
بەڕێوەبەرایەتى رێکخستنى پسووڵەى خۆراکى هەولێر ڕایدەگەیەنێت هەرچەندە وەزارەتی بازرگانی عێراق وادەی درێژکردنەوەی پڕۆسەی بەئەلیکتڕۆنیکردنی پسوولەی خۆراکی درێژنەکردەوە بەڵام تاو رۆژی یەکشەممە بەرنامەکە ئەکتیڤە و دەتوانن داخیلی سیستەمەکە ببن. بەڕێوەبەرایەتى ناوبراو دەشڵێت ئەوانەی تا ئەمڕۆ خۆیان لەپڕۆسەی بەئەلیکتڕۆنیکردنی پسووڵەی خۆراک داخیل نەکردووە با بەزووترین کات ناوی خۆیان و خانەوادەکەیان تۆماربکەن. پێشتر رۆژى ٣١ - ٧ وەک دوایین رۆژ بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی خۆراکی ئەلیکترۆنی دیاریکرابوو ئەوانەی فۆرمەکەیان پڕنەکردووەتەوە بەشەخۆراکی مانگانەیان رادەگیرێت. رۆژى 3ـى حوزەیران، پڕۆسەى بە ئەلیکترۆنیکردنى فۆرمى خۆراکى هاونیشتمانییان لە هەرێمى کوردستان دەستیپێکردووە و وادەکەى لە یەکى ئاب کۆتایی دێت. رۆژی یەکشەممەى ڕابردوو، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەرى گشتیى بازرگانى لە وەزارەتى بازرگانى راگەیاند، لە هەرێمى کوردستان %78ـى هاونیشتمانییان فۆرمى ئەلیکترۆنى بەشەخۆراکیان پڕکردووەتەوە و داواشی لە هاونیشتمانییان کرد پەلە بکەن لە پڕکردنەوەی. پاش یەکى ئاب، قۆناغى دووەمى پرۆسەکە دەستپێدەکات بۆ ئەوانەى منداڵەکانیان تۆمارنەکراوە یاخود ئەو کەسانەى کارتى نیشتمانییان تەواونەکردووە یان تازە هاوسەرگیریان ئەنجامداوە.
دادگای سەربازی حوسییەکان لە شاری سەنعاى یەمەن، حوکمی لەسێدارەدانی بۆ کوڕی ئەحمەد عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرۆک کۆماری کۆچکردووی یەمەن دەرکرد و بە تۆمەتی "سیخوڕی" دەستی بەسەر ماڵ و موڵک و ماڵی ناوبراویشدا گرت. ئاژانسی هەواڵی یەمەن (سەبا) کەسەر بەحوسییەکانەو ئەوان بەڕێوەى دەبەن، بڵاویکردەوە، دادگای سەربازیی ناوەندی بڕیاری خۆی لە دژی ئەحمەد عەلی عەبدوڵڵا ساڵح دەرکردووە و بە "تاوانەکانی خیانەت، هاوکاری و سیخوڕی لەگەڵ دوژمن، هەروەها تاوانی گەندەڵی، سزای لەسێدارەدان و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی خۆی" سزا داوە. هەروەها لە بڕیارەکەدا "وەرگرتنەوەی ئەو پارانەی کە گەندەڵی تێدا کراوە، جگە لە سزای زیادەی دیکەی پەیوەست بە پۆستە گشتییەکان"، بەپێی ئاژانسەکە دیاری کراوە. تا ئێستا هیچ لێدوانێک لە نووسینگەی کوڕەکەی ساڵحەوە بڵاونەکراوەتەوە. فەریق ئەحمەد، کوڕە گەورەکەی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرۆکی کۆچکردووی یەمەنە، کە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن گرووپی حوسییەکانەوە کوژرا، خاوەنی چەندین خوشک و برا (شەش کوڕ و هەشت کچ)ە. ساڵی 1972 لە شاری سەنعای پایتەخت لەدایک بووە و خوێندنی فەرمی لەوێ تەواو کردووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستەکانی بەڕێوەبردن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ماستەری لە ئوردن بەدەستهێناوە. هەروەها خولی جۆراوجۆری زانستە سەربازییەکانی لە هەردوو وڵات وەرگرتووە. ئەزموونێکی کورتی لە بواری سیاسیدا هەبوو، کاتێک خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە قەزای (11)ی پایتەختی سەنعا کاندید کرد، کە بە شێوەیەکی سەرسەختانە سەرکەوتنی بەدەستهێنا. لە ساڵی ١٩٩٩ دەستی کرد بە دامەزراندنی هێزی تایبەت، کە دواتر فەرماندەیی گرتە ئەستۆ و ڕاهێنان و پشتیوانی ڕاستەوخۆی ئەمریکی وەرگرت. پاشان سەرکردایەتی هێزەکانی پاسەوانی کۆمارییەکانی یەمەن کرد کە لە نزیکەی ١٧ لیوا پێکهاتبوون و بڕبڕەی پشتی ڕژێمی دەسەڵاتداری باوکییان پێکهێنا کە بۆ ماوەی ٣٣ ساڵ بەردەوام بوو و بە باڵادەستی چۆنایەتی لە مەشق و ئامێرەکاندا لە نێوان هەموو یەکەکانی هێزە چەکدارەکانی یەمەن جیا بووەوە. دوابەدوای ڕووخانی ڕژێمی باوکی لە ساڵی 2012، عەبد ڕەبو مەنسور هادی، سەرۆککۆماری پێشووی باوکی لە پۆستە سەربازییەکەی دوورخستەوە و لە ساڵی 2013 وەک باڵیۆزی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبی دەستنیشانکرد، ئەو پۆستەی تا ساڵی 2015 لە کارەکەی دوورخستەوە.
لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئێستا هیچ شوێنێکى ئارام نەماوە لە عێراق بۆ تیرۆر، خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان کۆنترۆڵی تەواویان بەسەر هەر بستە خاکێکى جوگرافیای عێراقدا سەپاندووە، لە کاتێکدا ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمساڵ دەریانخستووە کە 90%ی قوربانییەکانی داعش لە ناوچە دوورەدەستەکانی دوور لە شارەکان ڕوویانداوە. یاسر ئەسکەندەر پەرلەمانتاری لیژنەکە ڕاگەیاند، "دۆخی ئەمنی لە ساڵی 2025 باشترین حاڵەتە کە لە ساڵی 2003ەوە بووە"، ئاماژەی بەوەشکرد، "دەستەواژەی 'ناوچە نەرمەکان' شتێکی ڕابردووە و چیتر هیچ زەوییەک لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت نییە، تەنانەت بە یەک مەتریش". دوای چەندین ساڵ لە تەحەددای ئەمنی، بەتایبەتی لە پشتێنەی بەغدا و پەراوێزی پارێزگاکانی ڕۆژئاوا و باکوور، وڵاتەکە گۆڕانکاریی چۆنایەتی لە بواری هەواڵگری و ئەدای سەربازیدا بەخۆیەوە بینی. زەوییە ناڕێکەکان و هەندێک ناوچەی بیابان لە مێژە کەلێنێک بوون کە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بۆ دووبارە جێگیرکردنەوەی خۆیان و دەستپێکردنی هێرشی لەناکاو دەقۆزنەوە. ڕوونیشیکردەوە، "زۆربەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەهێشتنی گروپەکانى داعش لە حەشارگە و حەشارگە بیابانییەکاندا ئەنجامدراون کە دەیان کیلۆمەتر لە نزیکترین گوندەوە دوورن. ئەم لێدانە وردانە بووە هۆی کوژرانی دەیان کەس، لەنێویاندا نزیکەی 20 سەرکردەی دیار". ئەو پەرلەمانترە ئاماژەی بەوەشکردووە، "سەرکەوتنی ئەم ئۆپەراسیۆنانە ڕەنگدانەوەی وردی زانیارییە هەواڵگرییەکان و کاریگەریی هێرشە ئاسمانییەکانە". ئەو پەرلەمانتارە ڕوونی کردەوە کە "هێزی ئەمنی و باشتربوونی ئەدای هەواڵگری، پێوەرەکانی سەقامگیری لە وڵاتەکەدا بەرزکردووەتەوە بۆ ئاستێکی بێ وێنە".
بارۆن بارسلاڤسکی، سەربازێکی تەمەن ٢٢ ساڵەی ئیسرائیلی کە لە غەززە دەستگیرکراوە، داوای بێ ئومێدانەی ئاراستەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە و دوای زیاتر لە ١٥ مانگ لە ئەوەی بە "جەهەنەم و ئازارێکی بێکۆتایی" وەسفی کردووە، داوای ئازادکردنی دەکات. لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لەلایەن لیواکانی قودس باڵی چەکداری بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەلەستین بڵاوکراوەتەوە، بارسلاڤسکی ڕاستەوخۆ بانگەوازی ئاراستەی سەرکردایەتی ئیسرائیل کردووە و دەڵێت: خوێنی من لەسەر دەستەکانتە نەتانیاهۆ، کوا بەڵێنەکانت بۆ ئازادکردنمان؟ ئەو سەربازە بە وردی باسی لە تێکچوونی بارودۆخی دیلبوونی خۆی کرد و ئاماژەی بە کەمیی زۆری خۆراک و ئاو و دەرمان کرد بەهۆی بەردەوامی گەمارۆکانی سەر غەززە. ئاماژەی بەوەشکردووە، "من بە سادەیی ناخۆم و ناخۆمەوە. لێرە خواردن نییە. خواردن کەم بووە و بەزەحمەت دەتوانین بەدەستی بهێنین". بارۆن بارسلاڤسکی باسی تێکچوونی باری تەندروستی خۆی دەکات و دەڵێت "هەست بە باشی ناکەم، ئازارم لە پێ و دەستەکانم هەیە، هەر جارێک هەوڵ دەدەم هەستم و بچمە حەمام هەست بە سەرگێژخواردن و کەوتن دەکەم، ناتوانم هەناسە بدەم و ناتوانم بەردەوام بم لە ژیان". زیندانییەکە کەمبوونەوەی بەرچاوی بڕی ئەو خۆراکانەی ئاشکرا کردووە کە بۆی دابینکراوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە "لە بەیانییەوە تا شەو هیچ شتێک نییە"، هەروەها "تەنها سێ ساندویچی فەلافێل بە درێژایی ڕۆژ" یان "بەزەحمەت چەند کەوچکێک برنج" دەخوات. دەشڵێت: دوو هەفتەیە خۆم نەشریوە، چونکە ئاو نییە، چەند مانگێکە ئیسرائیل ئاوی بۆ غەززە بڕیوە. ئاماژەی بەوەشکرد، تووشی حاڵەتێکی نەناسراوی پێست بووە، باری جەستەیی و دەروونی خۆی بە ترسناک وەسف دەکات و دەڵێت: بەدرێژایی ڕۆژ ئازارم هەیە. ئەو سەربازە ئیسرائیلی وتیشى: نەتانیاهۆ بەرپرسیارێتی نەخۆشی و خوێنی من لە ئەستۆ دەگرێت. دیله ئیسرائیلییه هه ڕوه ها له وتووێژه ی ئیتامار بن گڤیر وه زیری ئاسایشی نه ته وه یی ئیسرائیلی کرد و وتی: له هه ڵبژاردنی ڕابردوودا ده نگی پێداوه . - من دەنگی خۆمم پێدایت بن گڤیر، نەک بۆ ئەوەی لێرە بەجێم بهێڵیت تا لە غەززە بمرم، بۆچی وازت لێهێناین؟
بەبڕیاى دۆناڵد ترەمپ، سبەینێ، دووبەرپرسى باڵاى ئەمریکا سەردانى ئیسرائیل و غەززە دەکەن، بەمەبەستى بەدواداچوون بۆ ئاگربەست و چۆنیەتى گەیشتنى هاوکارییە مرۆییەکان بەخەڵکى برسى غەززە. وتەبێژى کۆشکی سپی ڕایگەیاند سبەی مایک هاکابی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، سەردانی غەززە دەکەن و پێداچوونەوە بە گواستنەوەی هاوکارییەکان دەکەن و چاویان بە هاووڵاتیانی غەززەش دەکەوێت. ویتکۆف و هاکابی سەردانی ناوەندەکانی دابەشکردنی یارمەتییەکان و چاوپێکەوتن لەگەڵ دانیشتوانی کەرتی غەززەدا دەکەن، ئەمشەو ویتکۆف و هاکابی گفتوگۆیەکی زۆر بنیاتنەریان لەگەڵ نەتانیاهۆ و بەرپرسانی دیکەى حکومەتى ئیسرائیل سەبارەت بە گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە ئەنجامداوە. ماڵپەڕی ئەکسیۆس بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی باڵاى ئیسرائیل، ڕایگەیاند بنیامین ناتانیاهۆ، لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، سەبارەت بە چونیەتى ڕێککەوتن لەگەڵ حەماس گفتوگۆیان کردوە کە وردە وردە و بەش بەش هەنگاو بۆ ڕێککەوتنێکی گشتگیر تاوتوێ کراوە. هاوکات ئەوەشخراوەتە ڕوو تەلئەبیب و واشنتۆن کاردەکەن بۆ زیادکردنی هاوکارییەکان بۆ غەززە لەکاتێکدا سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە شەڕو ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانى. لەگەڵ واشنتۆن لێکتێگەیشتنێک دەکرێت بۆ ئەوەی بەرەو چوارچێوەیەک بۆ ئازادکردنی هەموو بارمتەکان و چەکداماڵینی حەماس هەنگاو بنێن. ویتکۆف دوای سەردانەکەی بۆ غەززە لەگەڵ ترامپ قسەدەکات بۆ پەسەندکردنی پلانی کۆتایی دابەشکردنی یارمەتییەکان. دوای ماوەیەکی کەم لەسەردانەکەى ویتکۆف بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆیدا پەیامێکى بڵاوکردەوە، نوسیویەتى: خێراترین ڕێگە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانە مرۆییەکان لە غەززە ئەوەیە، حەماس تەسلیم بێت و بارمتەکان ئازاد بکات. ئەمەش لەکاتێکدایە ترامپ لەگەڵ سەرکردەکانی فەرەنسا، کەنەدا و بەریتانیا ناکۆکە لەسەر دانپێدانان بە دەوڵەتێکی فەلەستینی.
لە ڕێگەی مانگی سووری کوردییەوە، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک بڕی یەک ملیۆن دۆلاری وەک هاوکاری بۆ سوەیدا تەرخان کرد. لە چوارچێوەیی کۆکردنەوە و ناردنی هاوکارییەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ سوەیدا، ئیدارەکە بڕی یەک ملیۆن دۆلاری وەک هاوکاری بۆ دانیشتوانی سوەیدا و باشووری سووریا نارد. مانگی سوری کوردی ڕایگەیاند، بڕی ملیۆنێک دۆلارییان لە ئەنجوومەنی بەڕێوەبەریی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەرگرتووە بۆ هاوکاریی ئەو مەدەنییانەی بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر سوەیداوە زەرەمەند بوون. لای خۆیەوە، مانگی سووری کوردی سووپاسی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی کرد بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان و بە هەنگاوێکی گرنگی دەزانێت لەم دۆخە سەختەی ناوچەکەی تێدایە و دەڵێت: کۆکردنەوە و گەیاندنی هاوکارییەکان لە ٢٤ تەمووزەوە لە ناوەوە و دەرەوەی سووریا بەردەوامە.