فەرماندەیەکى پێشووی سەربازی ئەمریکا دەڵێت، ویلایەتە یەکگرتووەکان دەتوانێت لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا ئێران لەناوببات و هەڵیبووەشێنینەوە، و بۆردومانى پێگە مووشەک هاوێژەکانى بکات، بۆ ئەوەى سیستمى بەرگى ئەو وڵاتە پەکبخات. بۆب هارود، جێگری فەرماندەی پێشووی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم)  بە ڕۆژنامەی (زە یۆرشەلیم پۆست)ی ئیسرائیلی وتووە، جێگیرکردنی ئەو کەشتى و ژمارە زۆرە سەربازەی  واشنتۆن لە  ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  "تەنها نیشاندانی هێز نییە"، بەڵکو ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەمریکا توانای هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی ڕژێمی ئێرانی هەیە لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا". ئاماژەى بەوەشدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا سەلماندی کە ئەوەی دەیڵێت دەیکات، جەختیشى کردەوە، ئێستا وڵاتەکەى هەموو سەرچاوەیەکى پێویستی بۆ کردەوەی سەربازی ئامادەکردووە. بۆب هارود، کە تا ساڵی ٢٠١٣ وەک جێگری فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی  ئەمریکا بووە، بەو رۆژنامە ئیسرائیلیىەى وتووە، ئەگەر فەرمانی لێدان لە ئێران بدرێت، ئەوا بە پلە بەندى لە زنجیرەیەک ئامانج دەدرێت، سەرەتا بە دیاریکردنى تواناکانی هێرشبردنی ئێران دەستپێدەکات، لەگەڵ پاراستنى گیانى هاوڵاتیان. ئەو فەرماندە ئەمریکیە رونیکردۆتەوە، لێدان لە ئامانجەکان "لە خوارەوە بۆ سەرەوە" دەست پێدەکات، بەشێوەیەک هەنگاوى یەکەم پێگەى ستراتیژی مووشەکی و شوێنی هەڵدانی مووشەک دەکرێنە ئامانج، کە مەترسی ڕاستەوخۆ بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دروست دەکەن، هەنگاوى دووەم، لێدانە لەو گرووپانەی هاوپەیمانى ئێرانن و لەدەرەوەى ئەو وڵاتەن و تاران پشتیوانییان لێدەکات، بەو پێیەى دەتوانن بە تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل مەترسی دروست بکەن. ئەو بەرپرسەی پێشووی ئەمریکا پێشنیار دەکات، واشنتۆن بارەگای سوپای پاسداران و ئەو ئامرازانەی کە بۆ سەرکوتکردنی گەلی ئێران بەکارهێنراون بکاتە ئامانج و خۆیان لە بەئامانجگرتنی ژێرخانی نیشتمانی بەدوور بگرن. ئەوەشى خستەڕوو، توانا سەربازییەکانی واشنتۆن لەوە زیاترە کە لە شەڕەکانی عێراق و ئەفغانستاندا بینراون، بەهۆی ئەوەی فێربووین تا ئەو پەڕى تواناى خۆمان لەڕووی تەکنەلۆجییەوە پەرەی پێبدەین، پێشتر دەمانتوانی ڕۆژانە چل تا پەنجا ئامانج بپێکین، بەڵام ئێستا ئەمریکا توانای ئەوەی هەیە ڕۆژانە سەدان ئامانج بپێکێت. بۆب هارود، کە خۆى ماوەیەک لە ئێران ژیاوە دەڵێت، هەر چالاکیەکی سەربازی دەبێت هاوتەریب بێت لەگەڵ ئەو ئامانجەی خەڵکی ئێران پشتیوانی لێدەکەن و دەبێتە هۆى بەرتەسککردنەوەی توانای ئەو رژێمە. ئەو بەرپرسەى ئەمریکا لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت، هیچ کەسێک لە قەبارەی ڕاستەقینەى تواناکانمان تێنەگەیشتووە، چونکە پێشتر کەس نەیبینیوە، ئەگەر ئەمە ڕووبدات ئەوە بۆ هەمووان ئاشکرا دەبێت، تواناکانى ئێمە گەیشتوەتە کوێ، لە ڕووی قەبارە و مەودا و خێرایی و تواناوە، جا بەراورد بە چین یان ڕوسیا بێت.

لە رۆژى 30ى کانوونى دووەمى 2026وە کۆبانێ لەژێر گەمارۆیەکی سەختی مرۆییدایە، کێشەی تەندروستیی، خۆراک، سووتەمەنی و هەموو پێداویستییەکی دیکەی ڕۆژانە بۆ هاوڵاتییان درووست بووە، تا ئێستاش گەیشتنی بەشێک لە هاوکارییەکان بۆ شارەکە ڕێگرییان لێ دەکرێت. گرووپە چەکدارەکانى سەر بە حکومەتی سووریا، لە ٦ـی کانوونی دووەمەوە هێرشیان کردە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە، پاشان هێرشیان کردە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بەهۆی هێرشەکانەوە ئاوارەکانی تەبقا و ڕەقە و عەین عیسا و گوندەکانی کۆبانێ جارێکی دیکە بەرەو شاری کۆبانێ ئاوارەبوون. بەردەوامى گەمارۆکان وایکردووە دانیشتوانى کۆبانێ زۆر بەئاستەنگ پێداویستییەکانى رۆژانەیان دەست بکەویت، لەسەروى هەموویانەوە نان، بەو پێیەى ئێستا تەنها یەک فڕنى دروستکردنى نان لە شارەکە کاردەکات و تاکە سەرچاوەى تەواوى دانیشتوانى کۆبانێیە بۆ پڕکردنەوەى پێداویستیەکانیان. سەبارەت بە سەختی کارکردن و دەستەبەرکردنی نان، محەممەد حسێن سەرپەرشتیاری کرێکارانی نانەواخانەی ئۆتۆماتیکی کۆبانی دەڵێت، ئەمە تاکە نانەواخانەیە لە کۆبانی کاردەکات،  نزیکەی ١٠٠ کرێکاری تێدایە، لە کاتی شەڕ و هێرشەکاندا، کارکردن بە درێژایی 24 کاتژمێر بەردەوامە، دانیشتوانى شارەکەش بەشداری دەکەن لەیارمەتیدانمان.  حوسێن باسى لەوەشکرد، بەهۆی ئاوارەبوونی خێزانەکان لە گوندەکانەوە بۆ شار، ژمارەی دانیشتوان زیادی کردووە، نانەواخانەکە ٢٤ کاتژمێر کاردەکات، ڕۆژانە 40 هەزار کیسە نان بەرهەم دەهێنرێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان، بەشێک لە کرێکاران بەهۆی قورسی کارەکەیانەوە تووشی مەترسی هاتوون،  بەڵام سەرەڕای ئەو سەختییانەی کە بەهۆی گەمارۆکانەوە هاتوونەتە ئاراوە، بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ خزمەتکردنی گەلەکەمان. هەر لەو چوارچێوەیەدا، بە وتەی پزیشکەکانی کۆبانێ، بەهۆی ئەو گەمارۆیەوە، هەموو جۆرە دەرمانێک لەبەردەستدا نییە، بەتایبەتی دەرمانی پەستانی خوێن و نەخۆشی شەکرە تەواو بووە، توشبووانی شێرپەنجەش ناتوانن بچنە دەرەوەی کۆبانێ بۆ درێژەدان بە چارەسەرەکانیان. هەروەها، ناتواندرێت شیر بۆ منداڵان پەیدا بکرێت و بەهۆی پچڕانی کارەبا و کەمی سووتەمەنییەوە، بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەخۆشخانەکان داخراون، بەگوێرەی سەرچاوە تەندرووستییەکان، ئەگەر دەرمان و شیری منداڵان دابین نەکرێن، کێشەی تەندرووستی گەورە درووست دەبێت. جگە لەوەش لە بازاڕی کۆبانێ، سەوزە و کەرەستە سەرەکییەکانی خۆراک تەواو بوون، ناتوانرێت سووتەمەنیش پەیدابکریت، لە ئێستادا ژیانی ٦٠٠ هەزار کەس لە مەترسییەکی گەورەدایە.

پەروین بوڵدان ڕێ و ڕێبازەکانی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیکی ڕوونکردەوە و دەستنیشانی کرد ئەنتێگراسیۆن بە مانای قبوڵکردنی مافەکانی یەکترە. بوڵدان ئاماژەی بەوەشدا، یەكێتی نەتەوەیی بۆ کوردان پێویستییەکی حەتمییە و بۆچونی ڕێبەر ئاپۆیش لەم ڕووەوە ڕوونە. ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی پەروین بوڵدان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی یەنی ئۆزگور پۆلەتیکا، زانیاری  وردی دەربارەی کۆتا دیداری ئیمراڵی خستەڕوو کە شاندەکە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا ئەنجامی دا. 'بەڕێز ئۆجالان بە مۆراڵە و سەرنجی لەسەر پرۆسەکەیە' پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەدا، ڕێبەر ئاپۆ لە کۆتا دیداردا وێڕای تەندرووست باشیی، بە مۆراڵەوە وزەی لە بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە وەرگرتووە و گوتی: "بەڕێز ئۆجالان بە مۆراڵە و سەرنجی لەسەر پرۆسەکەیە."  بوڵدان ئاماژەی بەوەدا لە دیدارە سێ کاتژمێری و نیوەییەکەیاندا ڕێبەر ئاپۆ ڕۆژەڤەکانی بەشێوەی یاداشت لەگەڵ شاندەکەدا هاوبەش کردووە و وەک هەموو جارێک بە ئامادەباشییەوە بەشداری کۆبوونەوەکان بووە. ڕێبەر ئاپۆ لە دیدارەکەدا پەیامی بۆ کێ ناردووە؟ بوڵدان ئاشکرای کرد ڕێبەر ئاپۆ دەربارەی دۆخی زیندانیان پرسیاری لێ کردوون و بە تایبەت سڵاوی بۆ زیندانیانی ژن لە گرتووخانەی سینجار ناردووە. هەروەها پەیامێکی بۆ ئیسماعیل بێشکچی نارد. بوڵدان ئاماژەی بەوەشدا ڕێبەر ئاپۆ پەیامێکی سەرەخۆشی بۆ بنەماڵەی سەلیم ساداک ناردووە. 'گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە دۆخی ئیمراڵیدا ڕووی نەداوە' هەرچەند لەگەڵ بەرەپێشچوونی پرۆسەکەدا ڕای گشتی لە چاوەڕوانی گۆڕین و باشکردنی دۆخی دانوستانکاریانەی ڕێبەر ئاپۆدایە کە بەردەنگی پرۆسەکەیە، لەم ڕووەوە بوڵدان جەختی کردەوە کە هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە دۆخی ئیمراڵیدا نەهاتووەتەگۆڕێ و گوتی: "مرۆڤ ناتوانێت بڵێت گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە دۆخی ئیمراڵیدا هاتبێتە گۆڕێ. هەرخۆی جگە لە ئێمە و شاندە دانوستانکارەکان دەرفەت بۆ کەسی دیکە نەڕەخساوە دیدار بکات، ئەوەی ئێمەش وەک شاندەکە تەنها مانگی جارێک دەتوانین دیداری ئەنجام بدەین. ئەوەش بڵێین جار جار بنەماڵەکەی سەردانی بەڕێز ئۆجالانیان کردووە، هەروەها جارێک پارێزەران ڕۆشتوون بۆ ئیمراڵی." دەربارەی ئەنتێگراسیۆن؛ ئەنتێگراسیۆنی دیموکراسی چۆن دەڕەخسێت؟ بە گوتەی پەروین بوڵدان، ڕێبەر ئاپۆ پرۆسەکە بە دوو قۆناغ هەڵدەسەنگێنێت و لەم ڕووەوە گوتی: "بەڕێز ئۆجالان کاتێک باس لە ئەنتێگراسیۆن دەکات مەبەستی لە یەکگرتنێکی کلاسیکیانە نییە، بەڕێزیان دەربارەی پرۆسەکە کە بە دوو قۆناغ پێناسی دەکات ئەمەی گوت"کۆتاییمان بە قۆناغی یەکەم هێنا و تێمان پەڕاند. یانی شەڕ و پێکدانان کۆتایی هات، گەر سیموڵیانەش بێت، چەک دانرا"، بەڕێز ئۆجالان ڕایگەیاند بە هەموارکردنەوەی یاساییەوە دەبێت ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک بکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە. بە دڵنیایەیەوە ئەمەش یەکگرتنێکی کلاسیکیانە نییە. بەڕێزیان کاتێک باسی ئەنتێگراسیۆنیان کرد جەختی کردەوە دەبێت ئەنتێگراسیۆنەکە مافەکانی یەکتر مسۆگەر بکات. لێرەدا بێگومان مەبەستی بەڕێزیان چەندین بابەتی پەیوەست بە مافەکانی کوردانە، لە سەروی هەموویانەوە بابەتی پەروەردە و خوێندنە بە زمانی کوردی. بەڕێزیان ئاماژەیان بەوەدا هەموو بابەتەکانی پەیوەست بە کوردان پێویستی بە گەرەنتی یاسایی هەیە. ئەوەیشی دەستنیشان کرد دەبێت ڕێکارێک بگیرێتەبەر کە مافەکانی گەلی کورد لە ناسنامە، زمان و چاندیی کوردیی بپارێزێت. بەڵێ ئەنتێگراسیۆن بەم میکانیزمە یاسایی و ڕێکارانە دێتەدی." دەربارەی ڕاپۆرتی هاوبەشی کۆتایی کۆمیسیۆن پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەدا ڕاپۆرتەکەی کۆمیسیۆن 'گرنگ و سەنگینە'، بەڵام شرۆڤەیان لەسەر دوو بەشی دا. دەربارەی ڕۆحی یەکێتیی نەتەوەیی پەروین بوڵدان سەرنجی خستەسەر ئەو هاودەنگییە نەتەوەییە کە دوای هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا لە ناو کوردان و دۆستانی کورددا دەرکەوت و ئاماژەی بەوەدا ئەم هاودەنگییە ڕۆحی نەتەوەیی بە‌‌هێزتر کردووە و لەم ڕووەوە ئاماژەی بە بۆچوونی ڕێبەر ئاپۆ کرد لەسەر ئەم مژارە. پەروین بوڵدان گوتی: "لە مێژە ئاشنای دیدگا و بۆچوونی بەڕێز ئۆجالانین دەربارەی بابەتی یەكێتیی نەتەوەیی. دیارە لەگەڵ هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان ڕۆحی نەتەوەیی گڕوتینێکی دیکەی وەرگرت و ئەم ڕۆحێتە لە هەموو جێگەیەک کە کوردانی لێ دەژین نیشان درا. بەڕاستی یەکێتی نەتەوەیی لەسەر ئاستی هەموو کوردستان مێژوویی بوو. هاودەنگییەک بوو لە خاوەنداریکردن لە ڕۆژئاوای کوردستان. پێموایە لە چارەسەکردنی ئەم بابەتەدا لە کاتی گفتوگۆ و دانووستاندا ئەم یەكێتییە کاریگەرە. بەڕێز ئۆجالان لەم بابەتەدا هەوڵدانی بێپایانی هەیە." پەروین بوڵدان چی گوت لە بارەی هەڵویستی پارتە سیاسییەکانی باشووری کوردستانەوە؟ پەروین بوڵدان لەسەر پرسی دەرکەوتنی ڕۆحی یەکێتی نەتەوەیی لە باشووی کوردستان ئەمەی گوت: "مامەڵە و نزیکایەتی پارتە سیاسییەکانی باشووری کوردستان زۆر گرنگە. کە زۆر سەنگینە و بە دڵیناییەوە بە سەنگینی دەبینین و مانادارییەکی مەزن دەداتە ئەم بابەتە. هەمووان ڕۆڵیان هەبوو لە دەرکەوتنی بەهێزیی ڕۆحی یەکێتی نەتەوەییدا. ئەم ڕۆحێتە پشکوتووە و کاتی ئەوەیە کاریگەری دانێت. بۆچوونی بەڕێز ئۆجالانیش لەسەر بابەتی یەکێتی نەتەوەیی ڕوونە. یەکێتی نەتەوەیی بابەتێکی حەتمییە لە پێشماندا. لێرە بەدواوە دەبێت بە ڕێبازگەلی جیاوازەوە لە ئاستی ڕاگەیاندن، دانووستان و گفتوگۆ و تەنانەت لە ژیانی ئاسایشدا پەیڕەو بکرێت."

حەمەی حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری و لاوانى هەرێم، لە پەیامێکیدا بەبۆنەی رۆژی جیهانی زمانی دایکەوە، رایگەیاند، هەورامی (گۆران)، یەکێکە لەو زمانە دێرینانەی لە مێژوودا، زمانی باڵای ئەدەب و نووسین بووە، بەڵام بە گوێرەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئەو زمانە دێرینە لەبەردەم هەڕەشەدایە. وەزیری رۆشنبیری دەڵێت، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک، پیرۆزبایی لە ئاخێوەرانی تەواوی زمانەکانی جیهان بە گشتیی و زمانە دێرین و ڕەسەنەکان لە کوردستان بە تایبەت دەکەین. لە پەیامەکەى وەزیری رۆشنبیریدا هاتووە، 21 ی شوبات، ڕۆژی ئاوڕدانەوە و بایەخدانی هەمەلایەنەیە بە فەرهەنگ، مێژوو، پاراستنی کولتوور و ڕەسەنایەتی زمانی دایک، لەم یادەدا خوازیارین هیچ زمانێکی دایک، نەبێتە قوربانی فەرامۆشکردن و لەناوچوون، منداڵانی سەرجەم نەتەوە و پێکهاتە و دیالێکتەکان مافی ڕەوای خۆیانە بە زمانی دایک، پەروەردە و گۆش بکرێن. ئەوەشى خستۆتەڕوو، لە ماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێمە لەوەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان هەوڵمانداوە زەمینەی پاراستن و گەشەپێدان بۆ زمانی دایک لە کۆمەڵگەی کوردستانی فەراهەم بکەین، بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکانی ڕۆشنبیری و هونەری سریان و تورکمان چالاکانە کاردەکەن. حەمەی حەمەسەعید دەشڵێت، هەورامی (گۆران)، یەکێکە لەو زمانە دێرینانەی لە مێژوودا، زمانی باڵای ئەدەب و نووسین بووە، گەنجینەیەکی گەورەی ئەدەبی بەو زمانە وەک میراتی ڕۆشنبیری لە بەردەستماندایە، بەڵام بەداخەوە بە گوێرەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئەو زمانە دێرینەی سەر زەمینی کوردستان لەبەردەم هەڕەشەدایە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکان، ئێمە لە وەزارەت پڕۆژەی خوێندنی تەنیا یەک وانەمان لە پۆلە بنەڕەتییەکانی کەرتی پەروەردەدا پێشکەش بەوەزارەتی پەروەردە کردووە. ئاماژەى بەوەشداوە، سەرەڕای کۆششەکانمان و تاوتوێکردنی ئەو پرسە لە ئەنجوومەنی وەزیران و پشتگیری جەنابی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری سەرۆکی ئەنجومەن، بەڵام تا ئێستا ئەو پڕۆژەیە لە کەرتی پەروەردەدا جێبەجێ نەکراوە، بەو پێیەی خوێندن بە زمانی دایک، هیچ مەترسییەک لەسەر ئاسایشی زمان لە کۆمەڵگەی کوردستان دروست ناکات و بگرە خزمەتێکی گەورە بە کاروانی ڕۆشنبیری و میراتی کولتووریمان دەکات، بۆیە چاوەڕوانین بەڕێز وەزیری پەروەردە لەم کابینەدا ئەو پڕۆژە بخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە. لە ڕۆژی جیهانی زمانی دایک، ئێمە ئەم بۆنە جیهانییە بە دەرفەت دەزانین، بۆ ئەوەی دووپاتی بکەینەوە، هەموو منداڵێکی کۆمەڵگەی کوردستان مافی ڕەوا و بنەڕەتی خۆیەتی بە زمانی دایک بخرێتە بەر خوێندن، ڕێز لە کەسایەتی و مۆرکە کولتوورییەکانی بگیرێت، بە زمانی دایکی پەروەردە و گۆش بکرێت، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا خاوەن کەسایەتییەکی بەهێز بێت و بتوانێت بە ناسنامە کولتوورییە دێرینەکەیەوە بیر بکاتەوە.  داواکاریشین لە ڕاگەیاندنی کوردی، دامودەزگا بڵاوکەرەوە و چاپەمەنییەکان و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە گرنگییەوە کار بۆ پاراستنی زمان بکەن، ڕێگە بە خۆیان نەدەن ببنە بەشێک یان ئامرازێک بۆ شێواندن و پەراوێزخستنی زمانی دایک.

رێبەری رۆحیی درووزەکانی ئیسرائیل هۆشداری لە دۆخی مرۆیی درووزەکانی سووریا دەدات و دەڵێت، لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە گەمارۆدراون و رێگری لە گەیشتنی هاوکارییەکان دەکرێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە "زیاتر لە 120 هەزار کەس ئاوارەن." شێخ موەفەق تریف، رێبەری رۆحیی پێکهاتەی درووز لە ئیسرائیل، لە گوندی جولس لە باکووری وڵاتەکە لەبارەی دۆخی درووزەکانی سووریا رایگەیاند، دوای تێپەڕبوونی حەوت مانگ بەسەر پێکدادانە خوێناوییەکان، هێشتا مەترسی لەسەر ژیانی درووزەکان ماوە و "بە تەواوی لەلایەن هێزەکانی حکومەتی سووریاوە گەمارۆدراون." بەگوتەی شێخ تریف، رێگری لە هەموو جۆرە هاوکارییەکی مرۆیی دەکرێت، تەنانەت ئەو کۆمەکانەش کە ئەوان لە ئیسرائیلەوە هەوڵی ناردنی دەدەن. دەشڵێت: "زیاتر لە 120 هەزار کەس ئاوارە بوون و ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، 38 گوند دەستیان بەسەردا گیراوە و زیاتر لە 300 کەسیش کە ژن و منداڵیان تێدایە، بە دیل گیراون." لە گوندی جولیس، پێکهاتەی درووزی ئیسرائیل "ژوورێکی فریاگوزارییان" بۆ هەماهەنگی و کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ درووزەکانی سووریا پێکهێناوە. لەوێ ئاڵاکانی ئیسرائیل و درووزەکان لە تەنیشت یەک دانراون و پۆستەر بە زمانەکانی عیبری و عەرەبی بۆ پشتگیریکردنی درووزەکانی سووریا دەبینرێن. تەممووزی ساڵی رابردوو، پێکدادانی سەخت لە باشووری سووریا لە نێوان چەکدارە درووزەکان و هۆزە بەدەوییەکان روویدا. بەپێی سەرچاوە خۆجێییەکان، لەو شەڕانەدا زیاتر لە 2000 کەس کوژراون، کە 789یان هاووڵاتیی سڤیلی درووز بوون. رێبەری رۆحیی درووزەکان رەخنەی تووند لە هێزەکانی حکومەتی سووریا دەگرێت و بە "جیهادی و ئەندامی داعش" ناویان دەبات؛ دەشڵێت: "درووزەکان پێویستیان بە هێزە ئەمنییەکانی حکومەت نییە و دەتوانن پارێزگاری لە خۆیان بکەن، بەڵام حکومەت رێگری لە گەیشتنی سووتەمەنی و پێداویستییەکان دەکات لەم زستانە سەختەدا." ئەم لێدوانانە لەکاتێکدان کە ئیسرائیل و سووریا، بە نێوەندگیریی ئەمریکا چەند خولێکی گفتوگۆی راستەوخۆیان کردووە. یەکێک لە تەوەرەکانی گفتوگۆکە ئەگەری رێگەدانە بە درووزەکانی سووریا بۆ ئەوەی وەک کرێکاری رۆژانە لە ناو ئیسرائیل کار بکەن.

هەرچەندە فەرشی ئێران لەسەر ئاستی جیهان خاوەن ناوبانگێکی گەورەیە، بەڵام بەهۆی خراپی بازاڕەکەیەوە، شەپۆلێکی فراوانی کۆچ، لەفەرشچنان یاخوود پیشەسازی رستن و چنین لەو وڵاتەوە دەستی پێکردووە بەرەو هەرێمی کوردستان و تورکیا، هاوتەریب لەگەڵ گواستنەوەی ئەو پیشەسازییەدا ژمارەیەکی زۆر لە دەست رەنگینانی تەبرێز و شارەکانی تر بەرەو هەولێر کۆچ دەکەن، ئەمەش وایکردووە یەکێک لە پیشەسازییە مێژوویی و دیارەکانی ئێران لەبەردەم هەڕەشەی لەناوچووندا بێت، ئەوەش بەهۆی ئەو دۆخە خراپەی ئابووری رووی لەو وڵاتە کردووە. لێپرسراوانی کەرتی پیشەسازی شاری تەبرێز ئاشکرایان کردووە، شەپۆلێکی کۆچی فراوان لە دەست رەنگینان و فەرش چنانی ناوچەکانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بەرەو هەرێمی کوردستان و بەدیارکراویش بۆ هەولێری پایەتەخت دەستی پێکردووە، ئەوەش بەهیوای دۆزینەوەی هەلی کارو دەستبەرکردنى ژیانێکی باش بۆ خۆیان و خێزانەکانیان، لێپرسراوانی ئەو کەرتە هۆشداری دەدەن لە لێکەوتە خراپەکانی ئەو کۆچە، بەو پێیەی دەبێتە هۆی پاشەکشەی کەرتی رستن و چنین و فەرشی دەستی لە ئێران. ئەیوب بەشیری، جێگری سەرۆکی لیژنەی فەرش و گەشتیاریی ئێران بە ئاژانسی فارس نیوزی وتووە، ئێستا شاری هەولێر لە هەرێمی کوردستان و تورکیا بوونەتە دوو جێگەی دیار بۆ کۆچکردنی فەرشچنانی پارێزگا سنوورییەکانی ئێران، ئەو لێپرسراوەی ئێران، ئەم دیاردەی کۆچکردنەی بە "زەنگێکی مەترسیدار " ناوبردوو جەختی کردەوە، ئەمە هەڕەشەیەکە بۆ چۆڵ بوونی ناوچەکە لە کەسانی دەست رەنگین ، کە خاوەن توانایەکی بەرزى مرۆین، نەشی شاردەوە کە گرنگی نەدان بە ژیان و گوزەرانی دەست رەنگیان و فەرشچنانی ناوچەکە، هۆکاری سەرەکیی بووە لە پشت ئەم کۆچەوە بەرەو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، تاوەکو لەوێ ژینگەیەکی نوێ و سەقامیگر بۆ کارەکەیان بدۆزنەوە. جێگری سەرۆکی لیژنەی فەرش و گەشتیاریی ئێران، روونیکردەوە، پیشەسازی فەرش تەنها پیشەیەکی دەستی نییە، بەڵکو "زنجیرەیەکی ژیانە" بۆ پاراستنی گوزەرانی هەزاران خێزان، بەشێوەیەک بەرهەمهێنانی یەک فەرش دەبێتە هۆی دابینکردنی بژێوی 15 خاوەنکاری جیاواز، وەک دیزاینەر، بۆیاخچی، فەرشچن، کرێکاری گواستنەوە و هەناردەکارو چەندین کەسی تر بەراستەو خۆ و ناڕاستەوخۆ.

ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا بەفەرمی سوپای پاسدارانی خستە لیستی رێکخراوە تیرۆریستیەکانەوە، بەوەش سەرجەم پارەکانیان لە یەکێتیەکە بلۆک دەکرێت و رێگری دەکرێت لەوەی لە وڵاتانی ئەوروپا پارە بۆ ئەو رێکخراوە بڕوات. ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئەو بڕیارە دوای ئەوە دێت ئەنجومەنەکەیان لە رۆژی 29ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ رەزامەندی نیشاندا بەپێی یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، سوپای پاسدارانی ئێران بخرێتە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە. بەپێی ئەو بریارە، هەموو چالاکییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا قەدەغە دەکرێت و سەرجەم پارەو  سەرمایەکانی ئەو هێزە لە یەکێتیەکە بلۆک دەکرێن، هەروەها چوونە ناو خاکی ئەوروپا لە ئەندامانی قەدەغە دەکرێت و هەر جۆرە مامەڵەیەکی بازرگانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی سەر بە سوپای پاسداران بە "تاوانی تیرۆریستی" هەژمار دەکرێت.  ئەنجومەنکە ئاماژەی بەوەداوە، ئێستا 13 کەسایەتی و 23 گرووپی سوپای پاسدارانی ئێران لەلیستی تیرۆردان و هەموو ئەو رێوشوێنانەیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر کە لەیاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا دیاریکراون. رۆژی پێنجشەممە 29-01-2026 کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە هەژماری خۆی لە ئێکس نووسی: سەرکوتکاری ناتوانێ بێ وەڵام بمێنێتەوە، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا ئێستا هەنگاوێکی یەکلاییکەرەوەیان نا، بە ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێران وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی.  بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا هۆشدارییەکی تووندیشی دایە بەرپرسانی باڵای تاران و رایگەیاند: هەر رژێمێک هەزاران کەس لە گەلی خۆی بکوژێ، کار بۆ لەنێوچوونی خۆی دەکات.

ئێران لە پەیامێکدا بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات، لەوەی ئەگەر هێرشی سەربازی بکرێتە سەر تاران، تۆڵەی خۆی دەکاتەوە و ڕایگەیاندووە : "هەموو بنکە و کارگە و سەروەت و سامانی ئەو هێزە دوژمنکارە لە ناوچەکەدا ئامانجی شەرعی ئێمەن". نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ "هۆشدارییەکی راستەقیینەن بۆ ئەگەری هێرشی سەربازی دوژمنکاریانە". جەختیشی لەوە کردەوە کە تاران شەڕی ناوێت، بەڵام ئەگەر هێرش بکرێتە سەری "بە توندی وەڵام دەداتەوە". ئەو پەیامە لە کاتێکدایە کە زمانی دیپلۆماسی لە نێوان واشنتۆن و تاران پاش دوو خول لە دانوستانەکان، بەرەوە پاشەکشە هەنگاو دەنێت و لەبەرامبەر هەردوولا هەڕەشەکانی کردەی سەربازی دەکەن، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کردووە کە گفتوگۆ ناراستەوخۆکانی ئەم دواییەی جنێف بێ ئەنجام بوون و ئێران هێشتا داواکارییە سەرەکییەکانی ئەمریکا پشتگوێ دەخات. پێشتریش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەی "بۆردی ئاشتی" کە رۆژی 19ی شوباتی 2026 بەڕێوەچوو، رایگەیاند، بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران لە ماوەی 10 رۆژی داهاتوودا دەدرێت.  ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا هێزێکی زۆری سەربازیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆکردووەتەوە و دانوستانە ئەتۆمییەکانیش گەیشتوونەتە قۆناغێکی هەستیارو بەرپرسانی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بە ترەمپیان راگەیاندووە کە سوپا ئامادەیە بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی.  

هەوڵەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدکردنی نوری مالیکی، یاخوود پەشیمان کردنەوەی هیچ دەرئەنجامێکی نەبووەو بگرە دۆخەکە هێندەی تر ئاڵۆزی پێوەدیارە، بەتایبەتی دوای ناردنی "پەیامی هەڕەشەی ئەمریکا" بۆ سزادانی کەرتە ئابوورییە هەستیارەکانی عیراق، وەک نەوت و بانکی ناوەندی و دەستگرتن بەسەر ئەو پارانەی عیراق کە لەئەمریکایە، ئەگەر بێت و جارێکیتر مالیکی بێتەوە بەسەرۆک وەزیران. هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لەمیانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی دیجلە رایگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی لەرێگەی کەناڵی پەیوەندی خۆیانەوە بەشێوەیەکی فەرمی داوای رونکردنەوەیان لەواشنتۆن کردوە سەبارەت بەهەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر بەکاندیکردنی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەڵام هەمان وەڵامی پێشویان وەرگرتوەتەوە. زێباری ئەوەشی خستەڕوو، ئەمریکیەکان کێشەی (شەخسی)یان لەگەڵ مالیکی نییە، ئەوان دەیانەوێت دەستی ئێران دووربێت لەحکومەتی عێراقی و نایانەوێت حکومەتی داهاتوو کەسانێکی نێو گرووپە چەکدارەکانی تێدابێت کە لەلایەن ئەمریکاوە سزایان بەسەردا سەپێندرابێت، بەپێچەوانەوە هەڕەشەی سەپاندنی سزای توند بەسەر عێراقدا دەکەن، قورستر لەسزاکانی ساڵی 1991، وەک سزادانی کۆمپانیای سۆمۆ و بانکی ناوەندی عێراق. عیسام فەیلی شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، لایەنە سیاسییەکان شکستیان هێناوە لەوەی بڕوا بەمالیکی بهێنن کە بکشێتەوە، هاوکات شکستیان هێناوە لەوەی کەسێکی جێگرەوە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عیراق بدۆزنەوە، ئەوەش وایکردووە پرۆسەی سیاسی وڵات پەکی بکەوێت. فەیلی دەشڵێت، ئێستا کورد مەترسیی ئەوەی هەیە قەیرانەکە زیاتر قوڵبێتەوە، چونکە بەپێی زانیارییەکان، ئەمریکا هۆشداری داوە لەوەی ئەگەربێت و مالیکی بێتەوە بەسەرۆک وەزیران، سزا بەسەر بانکی ناوەندی و کۆمپانیای سۆمۆ دەسەپێنێت و چیتر ناهێڵیت دۆلار رەوانەی عێراق بکرێت، ئەمەش وڵات بەرەو کێشەیەکی ئاڵۆز دەبات. ئەو شرۆڤەكارە پێی وایە، کۆنەبوونەوەی پەرلەمان بۆ دیاریکردنی سەرۆک کۆمار هێندەی تر دۆخەکەی ئاڵۆزکردووە، چونکە لایەنە کوردییەکان دەرفەتیان بە هێزە شیعەکان داوە بۆ یەکلاکردنەوەی سەرۆک وەزیران ، تاوەکو چوارچێوەی هەماهەنگی نەکەوێتە دۆخێکی نەخوازراوەوە، چونکە بەدیاریکردنی سەرۆک کۆمار دەبێت راستەوخۆ مالیکی راسپێردرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت. لەبەرامبەردا هۆشیار زێیاری دەڵێت، ئەگەر سەرۆک کۆماریی داهاتووش دەستنیشیان بکرێت ئیتر پارتی بێت یان یەکێتی، ئەستەمە بەڕێز نوری مالیکی راسپێردرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، چونکە هەردوو پەیامەکەی ئەمریکا روونە بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەویش رەتکردنەوەی کاندیدکردنی مالیکیە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو. رۆژی 24ی کانوونی دووەمی 2026 چوارچێوەی هەماهەنگی "بە زۆرینەی دەنگ" بڕیاری دا نوری مالیکی وەک کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دیاری بکات، سێ رۆژ دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژی گەڕانەوەی مالیکی بۆ ئەو پۆستە هۆشداری دا و وتی: "ئەگەر مالیکی هەڵبژێردرێتەوە، ئەوا ئەمریکا چی دیکە یارمەتیی عێراق نادات." بەوتەی شارەزایان ئێستا ئەمریکا تۆپەکەی هەڵداوەتەگۆڕەپانی لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی ئابووری عێراق ئایا لەسایەی کابینەی مالیکیدا ئابووری وڵات توشی داڕمان دەکەن و کارێک دەکەن ئەمریکا دەست بەسەر نەوت و پارەی عیراق لەبانکی فیدراڵی بگرێت و هاوڵاتیان بەگشتی و مووچەخۆران بەتایبەتی ببنە قوربانی، هاوکات لایەنی کوردی و عەرەبی سوننە بەشی پێویست بەرپرسیارەتیان بەرامبەر چارەنووسی ئابووری و ژیانی خەڵک لەسەرەو ناکرێت تەماشاکەربن چونکە سزاکان تەنها بۆ شیعە نییە، بەڵکو بۆ تەواوی گەلانی عێراقەوە هەموان پێکەوە دەسوتێین.

سەرۆکى ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا دەڵێت: ئێران چەكی ئەتۆمی هەبێت ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدی نایەت، ێشتا هەندێک کارمان لەگەڵ ئێران هەیە كە تەواوی بكەین. کەمێک لەمەوبەر دۆناڵد ترەمپ لە پەراوێزی سەرۆكایەتیكردنی یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاشتی تایبەت بە غەززە وتى: *كۆتایمان بە هەشت جەنگ هێناو لەو باوەڕەدام جەنگی حەوتەم لەرێگادایە بۆ چارەسەر، كە ئەمە سەختترینیانە.  *ئەنجومەنی ئاشتی لە گرنگترین ئەو دەستپێشخەرییانەیە كە بەشدارین تێیدا.  *دۆخی غەززە ئاڵۆزە و هێشتا هەندێک شتمان ماوە بیکەین. *کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ گرنگترین کۆبوونەوەیەو زۆربەی سەرکردەکانی جیهانیش ڕەزامەندییان دەربڕیوە بۆ ئەوەی بچنە ناو ئەنجومەنی ئاشتیەوە. هەندێک سەرکردە هەن کە ئێمە نامانەوێت بەشدار بن.  *کاردەکەین بۆ دەستەبەرکردنی ئایندەیەکی باشتر بۆ خەڵکی غەززە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان. *تێچووی شەڕەکان سەدان هێندەی ئاشتی زیاترە. هیچ شتێك لە ئاشتی گرنگتر نییە. *دوای ئەوەی شەڕی نێوان هیندو پاكستانم راگرت، ژیانی 25 ملیۆن كەسم رزگار كرد.  *دەبێت لەگەڵ ئێران بگەینە ڕێککەوتنێکی بەرهەمدار، ئەگینا شتی خراپ ڕوودەدات. *دەبینین شتەکان لە نێوان ئیسرائیل و ئێران بەرەو کوێ دەڕۆن؟ *فڕۆکە بۆمب هاوێژەکانی بی 2 بەتەواوی توانا ئەتۆمییەکانی ئێرانیان لەناوبرد، دواتریش ئاشتیمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەستهێنا. *حەماس چەکەکانی خۆی رادەستدەکات وەک بەڵێن دراوە، یان ڕووبەڕووی دەرئەنجامی سەخت دەبێتەوە و ئەوان ئەوەیان ناوێت. *لە ماوەی 10 ڕۆژی داهاتوودا دەزانین لەگەڵ ئێران دەگەینە ڕێککەوتن یان نا. *ئێران چەكی ئەتۆمی هەبێت ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدی نایەت.  *هێشتا هەندێک کارمان لەگەڵ ئێران هەیە كە تەواوی بكەین.

ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا، رێژەی زەکاتی پارە، سەرفیترە، فیدیە، زێڕ، زیو و خشڵی ئافرەتی بۆ ئەمساڵ دیاریکرد. بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی باڵای فەتوا، رێژەکان بەمشێوەیەن: - رێژەی زەکاتی پارە بۆ ئەمساڵ بریتییە لە سێ ملیۆن دینار، هەر موسڵمانێک ئەو بڕە پارەی هەبوو، ساڵیشی بەسەردا تێپەڕی، دەبێت زەکاتی 2.5 % لێ بدات، واتە لە یەک ملیۆن، 25 هەزار دینار، لە یەک دەفتەر دۆلار، 250 دۆلار. - رێژەی زەکاتی زیو بریتییە لە 200 درهەم، کە دەکاتە 140 مسقاڵ، هەر موسڵمانێک ئەو بڕە زیوەی هەبوو، ئەگەر ساڵی بەسەردا تێپەڕی، واجبە 2.5% زەکاتی لێ بدات. - رێژەی زەکاتی زێڕ بریتییە لە 20 مسقاڵ، ئەگەر ساڵی بەسەردا تێپەڕی، واجبە نیو مسقاڵی لێ بدرێت، ئەگەر 40 مسقاڵ بوو، یەک مسقاڵ واجبە. - رێژەی زەکاتی خشڵی حەڵاڵی ئافرەتان کە بۆ خۆیان بەکاریبهێنن و بازرگانیی پێوەنەکەن بریتییە 200 مسقاڵ زێڕ، ئەگەر ساڵی بەسەردا تێپەڕی، واجبە 2.5% لێ بدات. - زەکاتی سەرفیترە بۆ ئەمساڵ، ئەگەر بە پارە بوو، بریتییە لە سێ هەزار دیناری عێراقی.  - فیدیەی بەڕۆژوو نەبوون بۆ ئەمساڵ، بۆ ئەوانەی عوزری شەرعییان هەیە، ئەگەر بە پارە بوو، بریتییە لە سێ هەزار دیناری عێراقی.

لەگەڵ دەستپێکردنى مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، هاوڵاتیان بەشێوەیەکى زۆر زیاتر لەمانگەکانى تر، ڕوو لەبازاڕەکان دەکەن و بەکاربردنى کاڵاو شمەکیش دەگاتە لوتکە، ئەمەش لەکاتێکدایە، نرخی بەشێک لەماددە خۆراکیەکان لە نێوان 15% بۆ 25% بەراورد بەهەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو زیادیکردووە، بەپێی خەمڵاندنی پسپۆڕان و چاودێرانی بازاڕ، لە مانگی ڕەمەزاندا خواست لەسەر خۆراک بە ڕێژەی 20% زیاد دەکات، بەتایبەتى لە وڵاتێکى وەک عێراقدا کە خێزانە کەم دەرامەتەکان نزیکەی نیوەی داهاتی مانگانەیان بۆ خۆراک خەرج دەکەن. ژووری بازرگانی بەغدا پێیوایە، بەرزبوونەوەی باج و ڕەسمی گومرگی، یەکێکە لە دیارترین هۆکارەکانی سستی ئابووری و بەرزبوونەوەی نرخ بەر لەمانگی ڕەمەزان، دەشڵێت، ئەگەر نرخی کاڵایەک یەك ملیۆن دینار بێت و ١٠٪ سوودی بخرێتە سەر، دەبێتە یەك ملیۆن و ١٠٠ هەزار، بەڵام کاتێک باجی گومرگیی ٣٠٪ی دەخرێتە سەر (کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستی پێکردووە)، نرخەکەی دەبێتە یەك ملیۆن و ٣٠٠ هەزار، کاتێکیش ١٠٪ سوودی بازرگانیی بخرێتە سەر، دەبێتە یەك ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دینار، کەواتە ئەم بەرزبوونەوەیە ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر گیرفانى هاوڵاتى و خواستی کڕیار لاواز دەکات، ئاماژە بەوەشدەکات، ئەم دیاردەیە پێچەوانەی ئەزموونی وڵاتانی دراوسێیە کە لە ڕەمەزاندا نرخەکان دادەبەزێنن، تا ئاسانکاری بۆ هاووڵاتیان بکەن لە کڕینی پێداویستییەكانیان. بەپێى ئەو سیستمە نوێیەى بۆ وەرگرتنى باج و رسومات و گومرگ دانراوەو لەسەرەتاى ئەمساڵەوە خراوەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، بەرێژەی 1% تا 30% باج و رسومات لەسەر هەموو جۆرە کاڵاو شمەکێک زیادیکردووە، بەنمونە هه‌ر كیلۆیه‌ك میوه‌ 100 دینارو سه‌وزه‌ 50 دینار باج لەسەریان زیادیکردووە، گومرگى هەر تۆنێک ئاژەڵی هاوردە لە 120 دۆلارەوە بۆ 600 دۆلار زیادیکردووە، ئەوەش وایکردووە نرخی کیلۆیەک گۆشتی سوور 2 تا 4 هەزار دینار لەبازاڕەکانى هەرێمى کوردستان و عیراق بەرزبنەوە. هاوکات وەزارەتى بازرگانى عێراق دڵنیایى دەدات لەوەى بازاڕەکان سەقامیگرن لەرووى نرخەوە و رۆژانە بەدوادچوون بۆ جوڵەى بازاڕ و نرخ و ئاستى خستنەڕووى کاڵا دەکەن، جگەلەوەش خۆراکى پێویست لەبازاڕەکان بوونى هەیەو لەبەشێک لە دەروازە سنوورییەکانەوە کاڵاو شمەک بەنرخێکى هەرزان دێتەوە وڵاتەوە. بەوتەى ئەسیر غەریرى، وەزیرى بازرگانى عیراق، جێبەجێکردنى سیستمى ئەسیکۆدا ، بۆ رێکخستنى دەروازە سنوورییەکان و پارێزگاریکردن لە دراوى نیشتمانیی و رێگریکردنە لەبردنە دەرەوەى بە قاچاخ، ئەو بڕە پارەیەش کە بەهۆى ئەو سیستمەوە زیادیکردووە ناگاتە سەدا پێنج، ئەو رێژەیەش کارناکاتە سەر زیادبوونى نرخەکان. هەر لەو چوارچێوەیەدا مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکارى دارایى سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاندووە، دروستکردنى مەترسى لەسەر بەرزبوونەوەى نرخى خۆراک لە مانگى رەمەزاندا زیادەڕۆیى تێدا کراوە،  چونکە بازاڕەکانى عێراق سەقامگیرەو گۆرانى نرخ بەشێوەکى دیار تێیدارونادات. لاى خۆیەوە کەریم حلو، پسپۆڕی ئابوورى پێیى وایە، ئەو دۆخەى کە لە بازاڕەکان ڕوودەدات پێش مانگى رەمەزان، نا هاوسەنگیە لەنێوان خواست خستنەڕوودا، کێشەى بەرزبوونەوەى نرخەکانیش بەتەنها  لە رسومات و گومرگدا نییە، بەڵکو بەشێکى زۆرى پەیوەندى بە زنجیرەکانى گەیاندنى کاڵاکەوە هەیە، ئەوەش وادەکات بەنرخێکى گران بگاتە دەستى بەکارهێنەرى کۆتایى. ئەو پسپۆڕە ئابورییە دەڵێت، خێزانەکانى عێراق کە داهاتیان سنووردارە، نزیکەى نیوەى داهاتى مانگانەیان بۆ خۆراک خەرج دەکەن، بۆیە هەر بەرزبوونەوەیەکى نرخەکان، راستەوخۆ فشار لەسەر هێزى کڕینیان دروستدەکات و کورتهێان لە خەرجیەکانیان دروستدەبێت، بۆیە چارەسەرکردنى ئەم دۆخە پێویستى بەچاودێریەکى زۆر توندە، لەسەر نرخەکان لەگەڵ چاوخشاندنەوە بەرسوماتەکان بەتایبەتى لەو  وەرزانەى بەکاربردن زۆر دەبێت.

شا چارڵزی سێیەم پاشای بەریتانیا، لەیەکەم لێدوانیدا لەبارەى دەستگیرکردنى براکەى رایگەیاند: "پێویستە دادپەروەرى رێڕەوەى خۆى بگرێت" پاشای بەریتانیا دەشڵێـت، دەمەوێت بە ڕوونی جەخت لەوە بکەمەوە کە پێویستە یاسا ڕێڕەوی خۆی بگرێتەبەر، لە کاتێکدا  رێوشوێنەکان  بەردەوامن، گونجاو نابێت بۆ من لێدوانی زیاتر لەسەر ئەم بابەتە بدەم، لەم نێوەندەدا من و خێزانەکەم بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنی ئەرکی خۆمان و خزمەتکردنی هەمووتان". ئەمرۆ پێنجشەممە، 19ـی شوباتی 2026، کە هاوکاتە لەگەڵ یادی 66 ساڵەی لەدایکبوونی شازادە ئەندرو، پۆلیسی "تەیمز ڤالی" رایگەیاند، پیاوێکیان لە ناوچەی نۆرفۆلک دەستگیرکردووە، کە لە 60ـەکانی تەمەنی دایە. هەرچەندە پۆلیس بەپێی یاسا ناوی تۆمەتبارەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام میدیاکانی بەریتانیا پشتڕاستیان کردەوە، ئەو کەسە شازادە ئەندرویە. ئەم رووداوە دوای ئەوە دێت، هەفتەی رابردوو بەڵگەنامەی نوێ ئاشکرا بوون، گوایە ئەندرو لە کاتی کارکردنی وەک نێردەی بازرگانیی بەریتانیا، زانیاری و بەڵگەنامەی نهێنی بۆ جێفری ئێپستین ناردووە.    لە ئیمەیڵێکی ساڵی 2010دا، ئەندرو راپۆرتی نهێنی دەربارەی ڤێتنام، هۆنگ کۆنگ و سەنگاپوور بۆ ئێپستین ناردووە. هەروەها تۆمەتبارە بەوەی زانیاری دەربارەی هەلی وەبەرهێنان و وردەکاری گەشتە فەرمییەکانی بۆ ئەو بازرگانە ئەمریکییە گواستووەتەوە.  شا چارلزی سێیەم "نیگەرانی" خۆی بەرامبەر کارەکانی براکەی دەربڕیوە. هەفتەی رابردووش کۆشکی بەکینگهام رایگەیاند، ئەوان "ئامادەن هاوکاری پۆلیس بکەن" لە لێکۆڵینەوەکانیاندا. بەگوێرەی زانیارییەکان، شازادە ئەندرو پێشتر لە هەموو نازناو و ئیمتیازاتە شاهانەییەکانی بێبەشکراوە. ئەو هەنگاوەش دوای بڵاوبوونەوەی چەندین بەڵگەنامەی نوێ دێت لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە، کە تیایدا دەردەکەوێت ناوبراو تۆمەتبارە بە دەستدرێژی سێکسی و بازرگانی بە مرۆڤ و چەندین بابەتی دیکەی نایاسایی.

حکومەتی عێراق هەوڵەکانی چرکردۆتەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانەی لەدابینکردنی مووچەی فەرمانبەران بۆی دروست بووە، بەو پێیەی رێژەی 90%ی کۆی گشتی بودجە بۆ مووچە دەڕوات، بەگوێرەی ئامارەکانیش زیاتر لە 4 ملیۆن و 500 هەزار فەرمانبەر لەعێراق هەن، ئەمە جگە لەوەی لەشکرێکی گەورە خانەنشین و سوودمەندان لەچاودێری کۆمەڵایەتی مانگانە مووچە لەدەوڵەت وەردەگرن. شارەزایانی دارایی و ئابووری چەند ساڵێکە هۆشداری دەدەنە حکومەت، کەپرسی مووچە قەیرانی گەورە بۆ عیراق دروستدەکات، مانگی رابردووش ئەو قەیرانە بەدیکرا، بەگوێرەی دەرئەنجامەکانیش مووچه‌ی مانگی شوباتیش له‌كاتی خۆیدا دابه‌ش ناكرێ و دواده‌كه‌وێ، به‌ هۆی نه‌بوونی پاره‌ی كاش و نه‌ختینه‌ له‌بانكه‌كان، چونكه‌ لایه‌نە په‌یوه‌ندارەکان پاره‌ی پێویستیان بۆ دابین ناکرێت. بەگوێرەی میدیاکان، ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لەڕێگەی گشتاندنێکی نوێوە، بڕیاری ژمارە (770)ی ساڵی 1987ی “ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە”ی کاراکردەوە، ئەم هەنگاوەش بەئامانجی کەمکردنەوەی فشاری دارایی سەر حکومەت و چارەسەرکردنی کێشەی “فەرمانبەرانی زیادە” دێت، لەکاتێکدا کەهەموارکردنەوەی یاساکانی خزمەت و خانەنشینی لەپەرلەمان دواکەوتووە. ناوەڕۆکی بڕیارەکە ئەوەیە ڕێگە بەدامەزراوەکانی دەوڵەت دەدات ئەو فەرمانبەرانەی وەک “زیادە” (فائچ) پۆلێن دەکرێن، بخرێنە دۆخێکی هاوشێوەی “خانەنشینی کاتی”. ئەمەش وادەکات تێچووی مووچەکانیان لەسەر میلاکی کارا کەم ببێتەوە، بەبێ ئەوەی بە فەرمی دەستکاری یاساکانی ئێستای خانەنشینی بکرێت.  ئەم گشتاندنە نوێیە ترسی لای فەرمانبەران دروستکردووە، زۆرێک نیگەرانن لەوەی ئەمە ببێتە هۆی لەدەستدانی کارەکەیان و گۆڕینی فەرمانبەر بۆ خانەنشینێکی کاتی ڕەنگە هەرگیز نەگەڕێتەوە سەر کارەکەی، هەروەها گومان هەیە کە ئەم میکانیزمە وەک “کاڵایەکی هەڵبژاردن” یان بۆ مەرامی سیاسی و حزبی بەکاربهێندرێت و تەنها ئەو کەسانە بگەڕێنەوە سەر کار کە پشتگیریی سیاسییان هەیە. عەلی هادی شەریفی، شارەزای کاروباری سیاسی و یاسایی، دەڵێـت: پەنابردنی حکومەت بۆ ئەم دەقە کۆنانە، بەهۆی بوونی بۆشاییەکی گەورەی یاسایی و کێشە لەیاسای خانەنشینی یەکگرتووی ژمارە 9ی ساڵی 2014دا وەیە. ئەو شارەزایە پێی وایە پێویستە ئەم بڕیارە کەرتی سەربازی (بەرگری و ناوخۆ) بگرێتەوە تا یاسایەکی نوێ دەردەچێت. هاوکات نەبیل مەرسومی، مامۆستای ئابووری لەزانکۆی بەسرە، دان بەگرنگی چاکسازییە ئابوورییەکان دەنێت و دەڵێت "دواکەوتنیی تێچووی ئابووری و کۆمەڵایەتی زیاد دەکات، بەڵام پێی وایە چینی سیاسی نایەوێت چاکسازی بکرێت چونکە زیان بە بەرژەوەندییەکانی دەگەیەنێت، بەڵکو چاکسازییەکی دەوێت کە زیان بەخەڵک بگەیەنێت، وەک لێبڕینی مووچەو زیادکردنی باجی گومرگی. لەلایەکی ترەوە لێپرسراوێکی چوارچێوەی هەماهەنگی بەرۆژنامەی شەرق ئەوسەتی وتووە، چوارچێوەی هەماهەنگی دووساڵە دژی سیاسەتی دامەزراندنەو محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانیشی لەو پرسە ئاگاداركردۆتەوە، بەڵام ناوبراو راشکاوانە وتوویەتی، یان دەبێت خەڵک لەکەرتی گشتی دابمەزرێنین یان دژی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بینەوە کە داوای هەلی کار دەکەن. ئەو لێپرسراوەی چوارچێوەی هەماهەنگی کەنەیویستووە ناوەکەی ئاشکرابکرێت، تەئکیدیکردۆتەوە، حزب و لایەنە سیاسییەکان هۆکاری سەرەکی بوون بۆ تێکچوونی دۆخی ئابووری، چ لەڕێگەی دامەزراندنی ملیۆنان کەس، تاوەکوە هاوسۆزی سیاسیان هەبێت بۆیان، یان لەڕێگەی سێکتەرە ئابوورییەکانیانی خۆیانەوە کە سامانی گشتی بۆ خۆیان دەبەن، سەرەڕای ئەوانەش ئێستا ئامادەنین سنوورێك بۆ گەندەڵی دابنێین كە هەموو جومگەكانی وڵاتی گرتۆتەوە.

تۆڕی "فۆکس نیوز"ـی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، ئەمریکا لە رێگەی ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگری و سەربازیی نهێنییەوە، رێگری لە هەوڵێکی گەورەی هەڵاتنی نزیکەی شەش هەزار چەکداری مەترسیداری داعش لە زیندانەکانی سووریا کردووە. بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسێکی باڵای هەواڵگری ئەمریکا، واشنتن توانیویەتی لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا ئەو دەستگیرکراوانە لە سووریاوە بگوازێتەوە بۆ دامەزراوەیەکی ئەمنی پارێزراو لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، ئەم هەنگاوەش دوای ئەوە هات شەڕ و پێکدادانەکان لە نێوان هەسەدە و سوپای سووریا روویدا. بەرپرسە ئەمریکییەکە ئەم هەوڵی هەڵاتنەی بە نیمچە کارەساتبار ناوبرد و رایگەیاند، "ئەگەر ئەم چەکدارانە کە بە خراپترینی نێو داعش دادەنرێن هەڵاتنایە، دۆخی ناوچەکە و جیهانیان لە شەو و رۆژێکدا دەگۆڕی"، هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، حکوومەتی عێراق بە هەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵ دۆسێیەکە کردووە بۆ رێگری لە دووبارەبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش لەسەر خاکەکەی. لە راپۆرتەکەی فۆکس نیوزدا هاتووە، کەمپی هۆل کە ئێستا لەژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی سووریادایە، بەرپرسانی رۆژئاوا نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لەوەی دیمەشق خەریکی چۆڵکردنی کەمپەکەیە و ئەگەری ئازادکردنی خێزانەکانی داعش هەیە، ئەمەش وەک هەڕەشەیەکی جیدی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە هەژمار دەکرێت. فۆکس نیوز ئەوەشی ئاشکرا کردووە، چارەنووسی ئەم خێزانانە یەکێکە لە ئاڵۆزترین دۆسێیەکانی سیستەمی دەستبەسەرکردنی داعش، چونکە زۆرێک لە منداڵان لە کەمپەکاندا گەورە بوون و هەندێکیان ئێستا لە تەمەنی شەڕکردن نزیک دەبنەوە، ئەمەش مەترسیی توندڕەوی و چەکدارکردنیان زیاد دەکات.