هاوڵاتی بەرەبەیانی ڕۆژی یەكشەممە، سوپای ئیسرائیل بە چڕیی بۆردومانی چەند ناوچەیەكی لە باشووری لوبنان كرد و زیانی ماددی زۆری بە گرووپەكە گەیاندووە. ئاڵۆزییەكانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا بەردەوامە، پەیتا پەیتا بە مووشەك و درۆن هێرش دەكەنە سەر یەكتری و سوپای ئیسرائیل چەندین ناوەندی ستراتیژی گرووپە چەكدارییەكەی لە باشووری لوبنان كردووەتە ئامانج. سەرچاوەیەكی باڵا لە حكومەتی ئیسرائیل بە نیویۆڕك تایمزی وتووە " ئیسرائیل بەشێکی سەكۆ مووشەكیەكانی لە باشووری لوبنان لەناوبردووە و زیانی زۆر گەورەی بە حیزبوڵڵا گەیاندووە". ئەوەش لەکاتێکدایە، بەبەردەوام درۆنی سوپای ئیسرائیل بەسەر باشووری لوبناندا دەسووڕێتەوە لە هەرشوێنێك هەست بە چەكداران و بنكە و بارەگاكانی حیزبوڵڵا بكات بۆردومانی دەكات.
هاوڵاتی پەنابەرێکی بە ڕەچەڵەک سوری بە چەقۆ هێرشێکی تیرۆرستی دەکاتە سەر یانزە کەس، دواتر خۆی ڕادەستی پۆلیس دەکات. پۆلیسی ئەڵمانیا لە دوسلدۆرف، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، پیاوێکی عەرەبی بەرەچەڵەک سووری تەمەن 26 ساڵ، کە لە ئەڵمانیا پەنابەرە، خۆی ڕادەستی پۆلیس کردووە و دانی بەوە داناوە لە فێستیڤاڵێکی گەورەدا بە چەقۆ هێرشی کردوە سەر یانزە کەس، کە لە ئاکام دا سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و و هەشت کەسی دیکە بریندار بوون. داواکاری گشتی ئەڵمانیا و پۆلیسی دوسلدۆرف لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاندووە، "لە ئێستادا لەژێر لێکۆڵینەوەی چڕ لە ڕووداوەکە دەکریت، بۆ ئەو مەبەستەش چەند کەسێک دەسگیر کراون". شایەنی باسە ئەم پیاوە پەنابەرێکی سورییە و بەتەنها لە شوقەیەکی یەک ژووردا دەژی و لە چێشتخانەیەکی بچووکدا کاری پاککەرەوە دەکات، و لێکۆڵینەوەکان بۆ زانینی هۆکاری ئەنجامدانی ئەو تاوانە بەردەوامن.
هاوڵاتی کۆمپانیای Hydro-C بەریتانی گرێبەستێکی بۆ کارکردن لە عێراق بەدەستهێنا، بۆ دیزاینکردن و دابینکردنی وێستگەیەکی وزەی خۆر بۆ کۆمپانیای نەوتی بەسرە (BOC). بڕیارە ئەو کۆمپانیا بەریتانییە سیستمەکان لە بەریتانیا دروست بکات و بۆ عێراقی بنێرێت. ئەنجومەنی بازرگانی عێراق- بەریتانیا (IBBC)لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کۆمپانیای Hydro-C دەتوانێت پڕۆژەکە بە قەبارەیەکی گەورە فراوان بکات و دەتوانرێت لە کێڵگە گەورەکانی دیکەی نەوت و غاز لە سەرتاسەری وڵاتدا پەرەیپێبدات. حەسەن حیشمەت، بەڕێوەبەری کارگێڕی کۆمپانیای هایدرۆ-سی ڕایگەیاند، ئەمە هەواڵێکی گرنگە بۆ سەرجەم لایەنەکان، لەنێویاندا لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەتایبەتی خەڵکی عێراق، لەکاتێکدا دەست دەکەین بە دابینکردنی وزەی پاک و نوێبووەوە لە وڵات و دابینکردنی سەرچاوەیەکی پێویست بۆ کارەبا. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمەش وا دەکات کۆمپانیاکانی بەریتانیا بتوانن پەرە بە کارامەیی ناوخۆیی بدەن لە عێراق و یارمەتی وڵاتەکە بدەن بۆ بنیاتنانی پڕۆژەی بەرهەمهێنانی وزەی نوێبووەوە. کریستۆف میشێلس، بەڕێوەبەری کۆمپانیای IBBC، لە لێدوانێکدا دەڵێت، دوای چەندین مانگ کارکردن و ئامادەکارییەکی ورد لەلایەن حەسەن حشمەت، ئەم پڕۆژەیە دەکرێت ببێتە نموونەیەکی سەرکەوتوو و کار بۆ گەورەکردنی بکرێت.
هاوڵاتی بەشێک لە فەرمانگەکانی سلێمانی دەوامیان ڕاگرتووە و بەشێکیشیان کەمیان کردووەتەوە بەشێک لە فەرمانگەکانی سلێمانی بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە، ماوەی کارەکانیان کەم کردووەتەوە، بەشێکیشیان دەوامیان راگرتووە. ئەمڕۆ زۆرینەی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی دەوامیان راگرت و ئەوانەشی هاتبوونەوە بۆ دەوام زووتر لە وادەی تەواوبوونی کارەکانیان ڕۆیشتوونەتەوە بۆ ماڵەوە. ئەو هاوڵاتیانەی بە مەبەستی تەواوکردنی مامەڵەکانیان سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان کردووە بەبێ ڕایی کردنی کارەکانیان گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەوە. ئەو فەرمانبەرانە باس لەوە دەکەن، مووچەیان دواکەتووە و هیچ وادەیەک دیار نییە بۆ دابەشکردنی مووچەکانیان، بەوهۆیەوە لە دۆخێکی خراپی داراییدا. ئەوەش لەکاتێکدایە، مانگی نۆ نزیک بووەتەوە و تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی دابەش نەکردووە و وتەبێژی حکومەتیش دەڵێت مووچە لەلایەن بەغداوە بەدیل گیراوە نەناردنی پەڵپگرتنی سیاسییە.
هاوڵاتی وتەبێژی حکومەتی هەرێم لەبارەی دابەشنەکردنی مووچەوە ڕایگەیاند، "هۆکارەکەی پەڵپگرتنی سیاسییە". پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەدیلگیراوە و هەموو ئەو هۆکارانەی لەبارەی نەناردنی مووچەوە باسدەکرێن بێ بنەمان. ئاماژەی بەوەکرد، بڕیارە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا لەسەر ئاستی باڵا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە کۆبوونەوە بکرێت، بۆئەوەی گرفتی مووچە چارەسەر بکرێت. جەختیشیکردەوە، هەموو هۆکارەکانی دواکەوتنی مووچە بێ بنەمان و وتی، "ئێمە وەک گێچەڵپێکردنێکی سیاسی تەماشای ئەم دۆخە دەکەین". ئەمڕۆ 52 ڕۆژە مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە، تاوەکو ئێستاش هیچ وادەیەک بۆ ڕەوانەکردنى پارەی مووچە لەلایەن بەغداوە ڕانەگەیەنداوە.
هاوڵاتی بەیانی ئەمڕۆ هێزێکی حەشدی شەعبی لە سنووری گەرمیان دەستیان بەسەر چەند بیرە نەوتێکدا گرت، دوای چەند کاتژمێرێک پەرلەمانتارێکی یەکێتی دەڵێت، "هێزەکەی حەشدی شەعبی پاشەکشەی کرد و ناوچەکە لەژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگەدایە". کاروان یاروەیس، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، ئەو هێزەی حەشدی شەعبی کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هاتبوونە ناوچەی کوڵەجۆی زەنگاباد و ویستیان دەست بەسەر بیرە نەوتێکدا بگرن پاشەکشەیان کرد و بیرە نەوتەکە لەلایەن پۆلیسی نەوت و گازی گەرمیانەوە دەپارێزرێ. کاروان یاروەیس ڕاشیگەیاند، هێزەکەی حەشدی شەعبی بەبیانووی ئۆپەراسیۆن و دزەکردنی ژمارەیەک تیرۆریست بەبێ ئاگاداری و پرسکردن هاتوون، بەڵام ئەگەر واشبێ دەبوو لەگەڵ پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنیەکانی سنوورەکە هەماهەنگی بکەن و زانیاریەکان بدەن بەوان یا بەیەکەوە ئۆپەراسیۆن بکەن. لەبارەی هێرشەکەی حەشدی شەعبی، لە نووسینێکدا دڵشاد ئەنوەر، ڕۆژنامەنووسێکی گەرمیان دەڵێت، "هێزەکەی حەشد بەرەبەیان و بێ تەنسیق هاتوون، گەر تەنسیق هەبووایە پێشوەخت پێشمەرگە لەو سنوورە بەشێوەیەک لە شێوەکان ئاگادار دەکرایەوە، هێنانی هێزی زۆریش ئاماژەیە بۆ خۆ ئامادەکردنیان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە". باس لەوەشدەکات، دوای هاتنیان جۆرێک لە پەیوەندی و تەلەفۆنان لە نێوان عێراق و هەرێم دروستبووە، گەرچی هێزەکە بۆ مانەوە هاتوون، بەڵام وەعدی کشانەوە دراوە، بیرە نەوتەکە کە نزیکە لە گوندی سەید مدری گەرمیانەوە، بیرە نەوتێکی کۆنەو وەبەرهێنان و نەوتی لێ دەرناهێنرێ و هی سەردەمی کۆنە. ئاماژە بەوەشدەکای، هاتنی هێزەکە پەیام و ئاماژەی تێدایە، یانی لەداهاتوودا بیرەکانتان لێ وەردەگرینەوە، بەتایبەت چەند مانگێکە پارتیش لە سنوری نەوتی گوێر سەنگەرەکان توندوتۆڵ دەکات.
هاوڵاتی هێزێکی حەشدی شەعبی چوونەتە گەرمیان و سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتیشی بە میدیای حزبەکەی دەڵێت ئەو هەنگاوە بەزاندنی سنوورە و ڕێگە نادرێت هێزەکە لەو ناوچەیە بمێننەوە، لەکاتێکدا میدیای پارتی دەڵێت بە ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی هێزەکە چووتەتە ناوچەکە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، هێزێکی زۆری حەشدی شەعبی کە بە هەزاران چەکدار و نزیکەی 200 ئۆتۆمبێل مەزەندە دەکرێن. چوونەتە نزیک سنووری گەرمیان و سەنگەریان لێداوە. میدیای پارتی بڵاویکردەوە: هێزەکەی حەشدی شەعبی بە “ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی” چووەتە ناوچەکە، بەڵام یەکێتی ئەوە ڕەتدەکاتەوە. میدیای فەرمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە زاری “سەرچاوەیەکی باڵا”ی حزبەکەوە بڵاویکردەوە: “هاتنی هێزێکی حەشدی شەعبی بۆ سنووری گەرمیان و کێڵگەی چاڵاو خالید بەزاندنی سنوورەو بە بێ ئاگاداری هێزە فەرمییەکانی ناوچەکە بووە”. سەرچاوەکە جەختیشکیردووەتەوە " “بەهیچ شێوەک رێگەنادرێت ئەو هێزە لە ناوچەیە بمێنێتەوە” . “داوامانکردووە لە حکومەتی فیدڕاڵ دەستبەجێ و ڕاستەوخۆ پاشەکشە بە هێزەکە بکرێت، چونکە ئەو پێشێلکارییە مایەی قبووڵکردن نییە". سەرچاوەکە وای وتووە.
هاوڵاتی زیاتر لە 20 فەرمانبەری گرێبەست لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەولێرەوە دەستگیرکران بڕیارە ئەمڕۆ فەرمانبەرانى گرێبەست لەبەردەم ئەنجوومەنى وەزیران خۆپیشاندان ئەنجامبدەن، بەڵام ژمارەیەک فەرمانبەر دەستگیرکراون. هێزێکى زۆرى ئەمنیی لەسەر شەقامى 60 مەتری هەولێر لە نزیک ئەنجوومەنى وەزیران بڵاوەی پێکراوە و ڕێگری لە کۆبوونەوەی فەرمانبەرانی گرێبەست دەکات.
هاوڵاتی هێزێکی حەشدی شەعبی دەستی بەسەر بیرە نەوتەکانی کوڵەجۆ دا گرت هێزێکی حەشدی شەعبی چووەتە سنووری میحوەری یەکی پێشمەرگە لە سنووری گەرمیان و دەستیان بەسەر بیرەنەوتەکانی ئەو سنوورەدا گرتووە. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی، کاتژمێر 04:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە هێزێکی زۆری حەشدی شەعبی کە هەزار چەکدارن و بە 100 ئۆتۆمبێل و شۆفڵ و هامەر، هاتوونەتە ناحیەی کوڵەجۆ و دەستیان بەسەر چەند بیرە نەوتێکدا گرتووە. هێزەکەی حەشدی شەعبی لە نزیکی بیرە نەوتەکان لە کوڵەجۆ سەرقاڵی دروستکردنی سەنگەر و بەهێزکردنی پێگەکانیان.
هاوڵاتی دوای ئەوەی ئەمڕۆ چالاکیەک بۆ سەرکۆنەکردنی شەهیدکردنی دوو ڕۆژنامەنووس ڕێکخراو ڕێگری کرا تیمی کەناڵی ڕوداو کە ڕووماڵی بکەن، سەندیکانی ڕۆژنامەنووسان دەڵێت: "ئەو ڕەفتارە جێگەی نیگەرانیە". سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لقی سلێمانی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: ئەوەی ئەمڕۆ شەممە 24/8/2024 لە سەکۆی ئازاد لە سلێمانی رویدا، رەفتارێک بوو شایستەی ئەو ناوبانگە جوانەی (پایتەختی رۆشنبیریی) نەبوو کە چەند کەسانێک رێگری لە پەیامنێرو کامێرای کەناڵی روداو بکەن لە روماڵی گردبوونەوەیەک کە بۆ مەبەستێکی پیرۆز ئەنجامدرابوو. ئاماژەی بەوەشکردوە،راستە ھەموو دڵمان گەرمەو جەرگمان بەسۆیە بۆ کارەساتەکەی ھەینی خوێناوی و تیرۆرکردنی ھەردوو کچە رۆژنامەنووسی شەھید (گوڵستان و ھێرۆ)، بەڵام ئازادیی میدیا و جوانی شارەکەو رێگریکردن لە کەناڵێک جودا لە دووسەد کەناڵ کە لەم دەڤەرەدا کار دەکەن, نیگەرانی کردین، سەندیکای ڕۆژنامەنووسان دەڵێت: رێگەدان و رێگرتن لە میدیا, کاری ئەو کەسانە نیە کە ئەمڕۆ نواندیان، بۆیە دەبێت بزانن سەکۆی ئازاد کێ دروستی کردوەو بۆ چ مەبەستێک دروستکراوە، با بزانن سەکۆی ئازاد لە ناو دڵی کۆنە سەربازگەیەکدا دامەزرا بە خوێنی سەدان لاوو دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ ئاودراوە بۆ مەبەستی ئازادیی وتن و رەخنەو گلەیی و گازندەی ھەموو کوردستانیەکە، ھاوکات بۆ ھیچ کوردستانیەکیش نیە ئەم ئازادیە زەوت بکات.
هاوڵاتی هاوڵاتی ناوی ڕێکخەری گشتیی داهاتووی گۆڕان ئاشکرا دەکات پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان کۆنگرەی دووەمی دەکات، هاوڵاتی ناوی ڕێکخەری گشتیی ئاشکرا دەکات. کۆنفڕانس و هەڵبژاردنی باژێڕوانەکانی بزووتنەوەی گۆڕان تەواو بووە، هەر قەزایەک باژێروانێکی دەبێت، لەگەڵ ڕێکخەری ژوورەکان کە ژمارەیان هەشت ژوورە و سەرۆکی فراکسیۆنەکان جڤاتی نیشتمانی پێکدەهێنن. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی، گۆڕان جڤاتی نیشتمانی خانەی ڕاپەراندن و ڕێکخەری گشتییی هەڵدەبژێرن، دانا ئەحمەد مەجید، پارێزگاری پێشووتری سلێمانی زۆرترین پاڵپشتی لە نێو جڤاتی نیشتمانی هەیە و دەبێت بە سێیەمین ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان. دوای زیاتر لە 10 ساڵ، دانا ئەحمەد مەجید، پارێزگارى پێشووترى سلێمانى لە دەرەوی وڵات پێش مانگێک گەڕایەوە، ئەویش وەکو ئامادەکاری بۆ خۆ هەڵبژاردنی بۆ ڕێکخەری گشتییی بزووتنەوەی گۆڕان.
هاوڵاتی ئەمڕۆ 24ی ئابی 2024 ، محەمەد حاجی محمود سکرتێری حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لەسەر ڕێکەوتنی نێوان بەغدا و ئەنقەرە ڕایگەیاند: پێویستە هێزە سیاسییەکان لەگەڵ یەکتر کۆببنەوە، لە جیاتی ووڵاتانی دراوسێ. محەمەدی حاجی مەحمود :تیشکی خستۆتە سەر هێرشە سەربازییەکانی ئەم دوایانەی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات. هاوکاتیش دەڵێت: ئەو ڕێککەوتنە هەماهەنگیەی نێوان عێراق و تورکیا، لەسەر حیسابی هێرشکردنە سەر گەلی کورد ئەنجامدراوە. پێویستە هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە بری ئەوەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کۆببنەوە لەگەڵ یەکتر کۆببنەوە. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند، هەمووان خۆیان بۆ شەڕێکی نەخوازراو ئامادە دەکەن کە خەریکە لە ناوچەکەدا هەڵگیرسێت و نابێت کورد خۆی بخاتە ناو شەڕێکەوە کە خۆی نایەوێت.
هاوڵاتی گەنجێکی کوردی پاش ئەوەی ئاڵای کوردستانی بردە سەر چیای ئەڤەرێست ، باسی لەوە کردوە ، دەیەوێت یەکەم کورد بێت ئاڵای کوردستان لەسەر مانگ هەڵبکات. دادڤان عیسمەت کە لە ئێستادا لە لە ئیماراتی یەکگرتوی عەرەبی نیشتەجێیە، خەڵکی شاری زاخۆیە، بیر لەوە دەکاتەوە، کە ئاڵای کوردستان بباتە سەر مانگ و بۆ ئەو مەبەستەش گرێبەستێکی بەبەهای زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی کە خاوانداێتیەکەی بۆ ئیلۆن مەسک دەگەڕێتەوە واژۆ کردوە. بڕیارە بۆ چەند ڕۆژێک لەسەر مانگ بمێنێتەوە ، کۆمپانیا ئەمریکیەکە سەرجەم پێویستیەکانی بۆ دابین دەکات. دادڤان دەڵێت:دەمەوێت یەکەم کوردبم ئاڵای کوردستان ببمە سەر مانگ ، ئەوە خولیایی منداڵیمە
هاوڵاتی پاش ئەوەی حزبە کوردییەکانی لەسەر داوایەکی حکومەتی ئێران ناچار بە چەک داماڵین و دورخستنەوە لەسەر سنورەکان کرا، دیسان فشاریان لێ دەکرێت بۆ سنورداکردنی زیاتر بخرێنە چەند کەمپێکی دیاریکراوەوە. بەشێک لەحزبەکانی کوردییەکانی ڕۆژهەڵات بۆ بەرگرتن لە شەڕو پێکدادان بە بڕیارەکە ڕازی بوون. لە نوێترین بڕیاری ڕاوێژکاری ئاسایشی عێراق قاسم ئەعرەجی ڕۆژی (19)ئەم مانگە ، بە نوسراوێكی فەرمی داوای لە وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق كرد ڕەزامەندی دەرببڕیت, بە بەکارهێنانی کەمپی سورداش, بۆ جێگیرکردنی هێزە کوردیە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران، لە بەرامبەردا ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچبەران, لە هەمان ڕۆژ وەڵامی نوسراوەکەی داوەتەوە و, رەزامەند بووە بە داواکەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق . لەبەرامبەردا حزبە کوردیەکان ناڕەزایی دەردەبڕن و دەڵێن :ئێمە پەنابەرنابین و لە چالاکیە سیاسەکانمان بەردەوام دەبین، دەبێت ژینگەی کاری سیاسیمان بۆ فەراهەم بکرێت، نابێت دەستبەسەر بین و یوئێن چاودێریمان بکات و پارچەیەک نانمان بدەنێ، ئەگەروابێت قبوڵی ناکەین.
هاوڵاتی بەرەبەیانی ئەمرۆ لەناو تونێلی دەربەندیخاندا بارهەڵگرێک دەکەوێت بەسەر ئۆتۆمبێلێکی تایبەتدا و لە ئەنجامدا 5 قوربانی لێ کەوتەوە و ڕێگای سەرەکی دەربەندیخان-سلێمانی داخرا. ئەمڕۆ 24ی ئابی 2024 کاتژمێر 4:30 سەرلەبەیانی لە ناو تونێلی دەربەندیخاندا ڕووداوێکی هاتووچۆ ڕوویدا کە بارهەڵگرێک کۆنترۆڵی خۆی لەدەست دەدا و دەکەوێت بەسەر ئۆتۆمبێلێکی تایبەتدا، لە ئەنجامدا دوو کەس گیان لەدەست دەدەن و سێ کەسیتریش بریندار دەبن. سلێمان محەمەد، قائیمقامی دەربەندیخان لەبارەی ڕووداوەکەوە بە هاووڵاتی ووت: دوای حەوت کاتژمێر تیمەکانی فریاکەوتن تویانیان تەرمەکانی ڕووداوەکە دەربهێنن و لە ئێستادا تەرمەکان لە پزیشکی دادی دەربەندیخانن، بریندارەکانیش ڕەوانەی نەخۆشخانەی شار کران. قائیمقامی دەربەندیخان وتیشی: سێ بریندارەکە و یەکێک لە قوربانییەکان ئەندامی یەک خێزانن و خەڵکی کرماشانن و شۆفێرەکەش خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. سەبارەت بە داخستنی ڕێگاکە ئاماژەی بەوەکرد، لە ئێستادا ڕێگای سەرەکی دەربەندیخان-سلێمانی داخراوە و شۆفێران دەتوانن شاخی بەرانان بەکاربهێنن بۆ هاتووچۆ.