سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی جیهان (FIFA بەهۆی پابەندبوونی بۆ برەودان بە ئاشتی و یەکڕیزی لە جیهاندا میدالیای"ئاشتیی فیفا"ی بەخشییە سەرۆکی ئەمەریکا. ڕۆژی هەینی 5ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە مەراسیمی تریروپشکی مۆندیالی 2026ـی ئەمەریکا کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە بەشداریی تێیدا کرد، لەلایەن جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی جیهان (FIFA)، خەڵاتی ئاشتیی فیفای پێ بەخشرا. لە مەراسیمەکەدا ئینفانتینۆ جامێکی زێڕین و میدالیایەک پێشکەش بە ترەمپ دەکات و دەڵێت: "ئەمە خەڵاتی ئاشتیی تۆیە، هەروەها میدالیایەکی جوانە کە دەتوانیت لە هەر شوێنێک کە دەچیت لە ملی بکەیت". سەرۆکی فیفا لە کاتی خوێندنەوەی بڕوانامەی خەڵاتەکەدا ڕایگەیاند، ئەم خەڵاتە بەهۆی پابەندبوونی نەگۆڕی ترەمپ بۆ برەودان بە ئاشتی و یەکڕیزی لە جیهاندا لە ڕێگەی سەرکردایەتی و کردارە دیارەکانییەوە پێشکەش کراوە. لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ دوای وەرگرتنی خەڵاتەکە گوتی: ئەمە بەڕاستی یەکێکە لە گەورەترین شانازییەکانی ژیانم. ئێمە ملیۆنان ژیانمان ڕزگار کردووە. ترەمپ لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە دۆخی ئەمەریکا کرد و گوتی: جیهان ئێستا شوێنێکی ئارامترە. ساڵێک لەمەوبەر ئەمەریکا دۆخی زۆر باش نەبوو، بەڵام ئێستا دەبێت بڵێم باشترین وڵاتە لە جیهاندا و بەو شێوەیەش دەیهێڵینەوە.

چی دەربارەی ئەو کونسوڵخانەی ئەمریکا دەزانیت لە هەولێر؟ وا بووەتە بابەتی رۆژ.  ئامادەکردنی، هاوڵاتی. کردنەوەی کونسوڵخانەی نوێی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر بووەتە بابەتی رۆژی میدیا ناوخۆی و عەرەبییەکان. کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر چۆن دامەزرا؟ لە سەرەتای ساڵی 2007 ئەمریکا بڕیاریدا ئۆفسێکی خۆی لە هەولێر بکاتەوە بۆ کاروباری هاوڵاتیانی خۆی و چەند کارێکی دیپلۆماسی، دوای بەهێزبوونی پەیوەندییەکان هاتنی ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی ئەمریکی ئۆفیسەکە لە ساڵی 2011 کرایە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر. دواتر ئەمریکا لە ساڵی 2018 بڕیاریدا کونسوڵخانە گەورەتر بکات و بیکاتە هاوشێوەی باڵوێزخانەیەک. ئەوە بوو لە شەشی مانگی تەمموزی 2018 بەئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی و باڵێۆزی ئەو کاتەی ئەمریکا لە عێراق و کونسوڵی ئەو کاتەی ئەمریکا لە هەولێر بەردی بناغەکەی دانرا. تایبەتمەندییەکانی چین؟ کونسوڵخانە نوێیەکە لەریزی باڵوێزخانەکانی وەک بەغداد و بەیروت ناوی دەهێنرێت و گەورەترین کونسوڵخانەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەسەر رووبەڕی 206 هەزار مەتر دروستکراوە بودجەی تەرخانکراوی نزیکەی 800 ملیۆن دۆلارە. ئەم کونسوڵخانەیە هۆتێل، مەلەوانگە و هۆڵی یاری لەشجوانیشی تێدایە و رێکاری ئەمنیی توندوتۆڵیش گیراوەتەبەر بۆ پاراستی کارمەندان و سەردانیکەران. کونسوڵخانەکە دەکەوێتە سەر رێگای پیرمام و نزیک شەقامی 150 مەتریی هەولێرە توانای لە خۆگرتنی هەزار کەسی هەیە. کێ بەشداریی کردنەوەی کونسوڵخانە نوێیەکە بوو؟ کردنەوەکەی میوانی تایبەتی لە ئەمریکاوە بۆ هاتبوو کە بریتیبوون لە مایکڵ ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و شاندێکی یاوەری و  باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغداد، لە کوردستانیش بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران. رۆژنامەنووسان و نووسەران چی دەڵێن؟ مەحمود یاسین کوردی، رۆژنامەنووس دەڵێت، ئەمریکا لەوە زیاتر چی بکات 800 ملیۆن دۆلاری خەرجکردووە و لە کوردستان ناڕوات و دەیەوێت پەیوەندییەکان بەهێز بکات. کامەران کوردیش دەڵێت، پیرۆزە کردنەوەی ئەو کونسوڵخانە نوێیە دەبێت خۆمان بۆ پێشهاتە گرنگەکان ئامادەبکەین. جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش لە دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیران گوتی، کردنەوەکە گەورەترین وەبەرهێنانی ئێمەیە لە ناوچەکە و ویستی ئێمە بۆ بەردەوامی پەیوەندییەکان نیشان دەدات. تۆ چی دەڵێت؟ پەیوەندییەکانی هەولێر و واشنتن دەگاتە کوێ؟

سەرۆک بارزانی لەگەڵ مایکل ڕیگەس جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە. بارەگای بارزانی بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی کانوونی یەکەمی 2025، لە هەولێر سەرۆک بارزانی لەگەڵ مایکل ڕیگەس جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە. لەدیدارەکەدا جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان نیشاندا و پیرۆزبایی سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە سەرۆک بارزانی کرد. بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوە داوە، مایکل ڕیگەس سوپاسی ڕۆڵ و پێگەی سەرۆک بارزانی کرد لەپێشخستنی هەرێمی کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە. هەروەها باسی لە بەردەوامی و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان کرد لە هەموو بوارەکاندا و کردنەوەی باڵەخانەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر بە هەنگاوێکی گرنگ وەسفکرد و ڕایگەیاند کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان پەیامێکی ڕوونە ئەمەریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و سەقامگیر و ئارام و ئاوەداندایە، ڕاشیگەیاند ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە و ئەمریکاش پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان دەکات. بارەگای بارزانی ڕایگەیاندووە: هەر لەو دیدارەدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە توندی ئیدانەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆری کرد و داوای کرد کە ئەم کارە تێکدەرانە کۆتایی پێ بهێنرێن. هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ئەمڕۆی بە ڕۆژێکی مێژوویی وەسفکرد لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان بە کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و هەولێری پایتەخت،لە بەشێکی تری قسەکانیدا سەرۆک بارزانی باسی لە مێژووی چەوساندنەوەی گەلی کوردستان لەلایەن ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق کرد و ڕایگەیاند ئەو دەرفەتەی کە لە ڕاپەڕین بۆ گەلی کوردستان دروستبوو و ئەو ڕۆڵەی ئەمەریکا و ئەنجوومەنی ئاسایش لە دامەزراندنی ناوچەی دژەفڕین بۆ پاراستنی کوردستان هەیانبوو، بوو بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت سود لەم دەرفەتە وەربگرێت و پڕۆسەیەکی دیموکراسی بهێنێتە ئاراوە و لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە حکوومەت و پەرلەمان و دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستان بنیات بنێت. هەروەها سەرۆک بارزانی باسی لە ڕۆڵی گرنگی ئەمەریکا لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش کرد و باسی لەوەکرد کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەم شەڕەدا شەهید و قوربانییەکی زۆری دا، بەڵام ئەگەر پشتیوانیی ئەمەریکا نەبا قوربانییەکان زیاتر دەبوون. هەروەها سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە ڕۆلی گرنگی ئەمەریکا لە ناوچەکە دا و سوپاس و پێزانینی گەلی کوردستانی ئاراستەی ئەمەریکا کرد و ڕایگەیاند گەلی کوردستان گەلێکی بە وەفایە بەرانبەر ئەو پشتیوانی و هاوکاریانەی ئەمەریکا بۆی هەبووە و پاڵپشتیی خۆی نیشاندا بۆ بەردەوامی و باشترکردنی پەیوەندی نێوان هەردوولا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا.

جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، مایکڵ ڕیگەس، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر گوتی: زۆر سوپاس بۆ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی. مایکڵ ڕیگەس ڕایگەیاند: "ئەم کونسوڵخانە نوێیە زیاترە لە بینا و باڵەخانەیەک؛ ئەمە بەڵگەی ئەو بەها و پەیوەندییە بەهێزەیە کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکادا هەیە." ئاماژەی بەوەشدا کە ئەم باڵەخانەیە باشترین ئەندازەسازی و دیزاینی ئەمەریکی تێدا بەکارهاتووە و دەبێتە پلاتفۆرمێک بۆ فراوانکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان. لە بەشێکی گرنگی وتارەکەدا، بەرپرسی ئەمەریکا ڕۆڵی هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند و وتی: "هەبوونی هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و پێداگر، ستوونی سەرەکییە بۆ پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ عێراق." هەروەها ستایشی ڕۆڵی حکومەتی هەرێمی کرد وەک "هاوبەشێکی ئەمنی و دەنگێکی متمانەپێکراو" لە ناوچەکەدا. دەشڵێت: شانازی بە هاوبەشیی قووڵمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەین. سەبارەت بە دۆخی ئەمنی، ئەمەریکا پەیامێکی توندی ئاڕاستەی گرووپە چەکدارەکان کرد و داوای لە هاوبەشە عێراقی و کوردستانییەکانی کرد پێکەوە کار بکەن بۆ ڕێگریکردن لەو میلیشیا ئێرانییانەی کە لە ناو عێراقدان و ناوچەکە تێکدەدەن. ناوبراو ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر کێڵگەی "کۆرمۆر"ی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە یاسا سەروەر بێت و ئەنجامدەرانی ئەو کارانە ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە. لایەنێکی دیکەی وتارەکە تایبەت بوو بە بواری ئابووری؛ بەرپرسە ئەمریکییەکە ئاشکرای کرد کە ئیدارەی ئەمەریکا ئەولەویەتی داوەتە بازرگانی و کۆمپانیا ئەمریکییەکان هان دەدات لە هەرێمی کوردستان کار بکەن. هەروەها پشتیوانیی خۆی بۆ کردنەوەی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا دەربڕی و بە هەنگاوێکی گرنگی وەسف کرد بۆ سەربەخۆیی وزە و بەرژەوەندی هەموو لایەک. لە کۆتاییدا، نوێنەری ئەمەریکا پابەندبوونی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە بۆ پاراستنی مافی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان لە عێراق و سوریا، و ڕایگەیاند کە هیچ دۆستێکی بەهێزتر لە ئەمەریکا نییە بۆ پێکهاتەکان.

قوباد تاڵەبانی رایدەگەیێنێت، ئامادەن بۆ پێکهێنانی حکومەت لەسەر "بنەمای هاوسەنگی و هاوبەشیی راستەقینە." لەبارەی هێرشی هەفتەی پێشووی سەر کۆرمۆریش رایگەیاند، "دەبێت کۆتایی بەم جۆرە هێرشانە بهێندرێت."  بەپێی نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە مایکڵ ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد و کۆبوونەوە لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا و "چەند پرسێکی گرنگی جێی بایەخی هەردوولا" کرا. لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە پێكهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە و قوباد تاڵەبانی لەوبارەیەوە گوتوویەتی، "ئامادەین بۆ پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای هاوسەنگی و هاوبەشیی راستەقینە، کە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو هاووڵاتییان و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکات." سەبارەت بە هێرشکردنە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، وەکو لە راگەیێندراوی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی دا هاتووە، "هەردوولا هاوڕابوون ئەم هێرشە تیرۆریستییە بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی کوردستانە و دەبێت کۆتایی بەم جۆرە هێرشانە بهێندرێت." جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتووشیەتی، "بەردەوامی و چەندبارەبوونەوەی هێرشەکان بۆسەر ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی کوردستان، سەلمێنەری ئەوەیە کە پێویستە ئاستی هەماهەنگیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا بەردەوام و زیاتر بێت."

مارکۆ روبیۆ: ئێران و سوپای پاسدارانی وڵاتەکە پێگەیان لە ئەمریکای باشوور هەیە و یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانیان ڤەنزوێلایە. ئەم قسەیەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە سەرۆکی ڤەنزوێلا و ئەمریکا لێدوانی دژ بە یەک دەدەن و میدیای ئەمریکا دەڵێت: ترەمپ هۆشداری بە مادۆرۆ داوە هێزی بەرامبەر بەکاردەهێنێت. مارکۆ ڕوبیۆ له‌ لێدوانێكدا بۆ فۆکس نیوز-ی ئه‌مریكی باسی له‌وه‌كردوه‌، ڕژێمی ڤەنزوێلا بوەتە "سەرچاوەی ناسەقامگیری لە هەمو ناوچەکەدا" و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا مۆڵەتی بە ئەرکێکی بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە ناوچەکەدا داوە. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، ڕژێمی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا ڕێگە دەدات کۆکاین و ماددە هۆشبەرەکانی بەرهەمهێنراوی کۆڵۆمبیا لە ڕێگەی خاکی ڤەنزوێلاوە بە قاچاغ ببرێنە ئەمریکا. وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا لە درێژەی قسەکانیدا ڕونیكرده‌وه‌، "ئەو ڕاستییەی کە مادۆرۆ ناڕەحەت بوە لە ئیختیاری سەرۆکایەتی دژی ماددە هۆشبەرەکان، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە بە قاچاغ لە ڤەنزوێلا دەهێنرێنە دەرەوە"، بنگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی کرد کە سەرۆکی ڤەنزوێلا لە ماوەی ساڵانی ڕابردودا پێنج گرێبەستی لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان کردووە و هەمویانی شکاندوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە  سی ئێن ئێن لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردوەتەوە ڕایگەیاندوە، ئارامییه‌كه‌ی ترەمپ لە ڤەنزوێلا خەریکە لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت، له‌ ئێستادا ئیداره‌ی ئه‌مریكا بیر له‌ گۆڕین رژێمی مادورۆ ده‌كاته‌وه‌.

هاوڵاتی موجتەبا زونوری، وەڵامی قسەکانی ترەمپدا دایەوە و گوتی؛ با ئەوان پشتگری لە ئیسرائیل نەکەن، ئێمەش پشتگری لە هێزەکانی پەرەی مقاومە ناکەین. موجتەبا زونوری، نوێنەری شاری قوم و ئەندامی کۆمیسیۆنی یاسایی و دادوەری لە پەرلەمانی ئێران، لە بارەی مەرجەکانی ترەمپ گوتی؛ مەرجەکانی ترەمپ هیچ بنەمایەکی نییە، چونکە دەڵێت، نابێت هیچ پیتاندنێکی یۆرانیۆم لە خاکی ئێراندا رووبدات، ئێران ئەندامی رێککەوتن نامەی بڵاونەبوونەوەی چەکی ئەتۆمە و مافی پیتاندنیمان هەیە. سەبارەت بە هاوکاری کردنی پەرەی مقاومە گوتی ئەگەر دەست و باڵمان لە ناوچەدا ببڕن بەسەرماندا زاڵ دەبن، ئێمە پێویستە هاوکاری لایەنگرەکانمان بکەین چونکە لە مەترسیداین. لە بارەی ئیسرائیلشەوە دەڵێت؛ ئەگەر ئەمریکا پشتگریی ئیسرائیل نەکات، ئیسرائیڵ دەڕوخێت و هیچ پێویست ناکات ئێمە پشتگریی هێزکی وەک پەرەی مقاومە بکەین. هەروەها ئاماژەی بە هێزی موشەکیش کرد و بە مافی ئێرانی زانی تا ئامرازی بەرگری کردنی هەبێت. هەروەها گوتی؛ ئەگەر ئەوان موشەکیان نەبێت با ئێمەش نەمانبێت.

محەممەد حەسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و سەرۆکی نێردەی یونامی بەغدا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی گوتارێک لە بارەی دواین پەرەسەندنەکانی عێراق پێشکەش کرد. محەممەد حەسان لە گوتارەکەیدا گوتی: داوا دەکەم حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان و عێراق بە زووترین کات پێبهێت، کە دەبێتە هۆی چارەسەر کردنی کێشەکانی نێوانیان و باشتر کردنی پەیوەندییەکانیان، چونکە بەغدا و هەولێر پێویستی بە هەماهەنگی نێوانیان هەیە، لەسەر بنەمای دەستوور. دەشڵیت: لە عێراق ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارە لە ناوخۆی وڵاتدا هەیە، هەروەها زیاتر لە 100 هەزار ئێزدی خەڵکی شنگال دوای 11 ساڵ هێشتا لە نێو کەمپەکاندا دەژین و لە دۆخێکی زۆر خراپدان و بەشێکیان تاوەکوو ئێستا لە دەستی داعش ڕزگار نەکراون. ئاماژەشی دا، سەرەڕای ئەوە عێراق بەسەر ململانێیە ناوخۆییەکان سەرکەوتووە، بەڵام تاوەکوو ئێستا کێشەی ئەمنی و ئابووری بە تەواوی چارەسەر نەکراون. نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق باسی لەوەش کرد، لە هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی عێراق و بە تایبەت هێرشەکەسەر سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر زۆر نیگەرانە و دەبێت دەستبەجێ ئەو هێرشانە رابگیرێن و ئەو کەسانەی لە هێرشەکە بەرپرسیارن دەبێت بدرێنە دادگا.

رێكخراوی به‌در كه‌ له‌نێو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی شیعه‌كان كارده‌كات نێرده‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ عێراق به‌بێ ئه‌ده‌بی دیپلۆماسی ناوده‌بات.  كه‌ریم علێوی په‌رله‌مانتارو سه‌ركرده‌ له‌رێكخراوی به‌در له‌ راگه‌یه‌نراوێكیدا هێرشی كردوه‌ته‌ سه‌ر مارك ساڤایاو ده‌ڵێت ناوبراو ئه‌ده‌بی دیپلۆماسییه‌تی تێپه‌ڕاندوه‌و هه‌وڵی وێناكردنی عێراقیش كه‌ پێویستی به‌رێنوێكارێكی ده‌ره‌كی هه‌یه‌ نابابه‌تی و خوێندنه‌وه‌یه‌كی كورتبینانه‌یه‌. علێوی جه‌ختی له‌وه‌شكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ حه‌شدی شه‌عبی به‌شێكه‌ له‌سیستمی ئه‌منیی عیراق و له‌ژێر فه‌رمانده‌یی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كاندایه‌. لایخۆشیه‌وه‌ رۆژنامه‌ی مه‌دای عێراقی پشت به‌ستوو به‌سه‌رچاوه‌كانی نێو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، دوای ئه‌و چه‌ند په‌یامه‌ی واشنتۆن ئاراسته‌ی سیاسییه‌كانی عێراقی كردوه‌ كه‌ رێگه‌ نادرێت هیچ كاندیدێكی سه‌ر به‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كان له‌نێو حكومه‌تی داهاتوی ئه‌م وڵاته‌ پۆست وه‌ربگرن،چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی په‌یامه‌كه‌ی به‌هه‌ند وه‌رگرتوه‌و نایه‌وێت هیچ كاندیدێك بۆ پۆستی سه‌رۆكوه‌زیران و پۆسته‌ باڵاكانی تری حكومه‌ت دیاربكات كه‌ سه‌ر به‌گروپه‌ چه‌كداره‌كان بێت.

جار جار بە تەنزەوە بە ترەمپ دەڵێت: لە تایلەر سوفیت زیاتر بە ناوبانگت کردووم لە ئەمریکا ئامادەکردنی هاوڵاتی نیکۆلاس مادۆرۆ، ماوەی سێ خول و زیاتر لە 12 ساڵە سەرۆکی ڤەنزوێلایە لە دوای مردنی هۆگۆ چافیز و دەیەوێت تاساڵی 2031 ـیش بەردەوام بێت. مادۆرۆ  هاوشێوەی جاڤیز کێشەی لەگەڵ ئەمریکا هەیە و بەداگیرکار ناوی دەبات، بەڵام کێشەکانی مادۆرۆ لە دوای خولی سێیەمی سەرۆکایەتییەکەی زیاترسەریهەڵدا، بەجۆرێک بە تەنز و سەما پەیام بۆ ئەمرکییەکان دەنێرێت. پێتان دەڵێم ئەم شەڕ و بەزمەی ترەمپ و مادورۆ لەسەر چییە. لە تەمموزی ساڵی رابردوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ڤەنزوێلا بەڕێوەچوو، هەڵبژرادنی سەرۆکیش لەو وڵاتە بەگوێرەی دەستوور شەش ساڵە، بەڵام لە 10ـی کانوونی دووەم ئاڵوگۆڕی دەسەڵات دەکرێت. هەر زوو ئەمریکا، خولی سێیەمی مادۆرۆی رەتکردەوە و سزاکانی سەری بەردەوامی پێدا و بە سەرۆکێکی گەندەڵ ناساندی. هەر ئەوەش نا، ترەمپ لە 28ـی هەمان مانگ بڕیاری راگرتنی دیپۆرتکردنەوەی 600 هەزار هاوڵاتی ڤەنزوێلی هەڵوەشاندەوە کە بایدن ئیمزای لەسەر کردبوو، بەڵام ئەم دەستیکرد بەناردنەوەیان. ئیدارەی ترەمپ لە 8ـی ئابدا بڕی 50 ملیۆن دۆلاری تەرخانکرد بۆ هەرکەسێک بتوانێت مادورۆ بگرێت و رادەستی ئەمریکای بکات.  مادۆرۆ لە کاردانەوەی سزاکان و داواکارییەکان لە کۆنفرانسێکدا رایگەیاند، دیارییەکی نوێی لەلایەن چینەوە بۆ هاتووە، ئەویش مۆبایلێکە لە جۆری هواوی. ئیدی گرژییەکان زیاتر بوو بەجۆرێک سی ئای ئەی لە ڤەنزوێلا چالاکی دەستپێکرد و سوپای ئەمریکاش تائێستا چەند هێرشێکی کردووەتەسەر ئەو بەلەم و کەشتییانەی هەڵگری ماددەی هۆشبەرن لە دەریای کاریبی. میدیای ئەمریکا دەڵێت، لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ دوو جار هێرشکراوەتە سەر بەلەمێک و 11 کەس کوژراون. دوای ئەم هێرشانە مادۆرۆ قسەکانی هێواش کردەوە و لە دیدارێکدا گوتی، شەڕ رەتدەکەینەوە و ئاشتی باشە. ماوەی زیاتر لە مانگێکە هەمان قسە دووبارە دەکاتەوە. مادۆرۆ بێجگە لە لێدوانە توندەکانی بە قسە خۆشەکانیشی ناوبانگی هەیە. لە سەرەتای مانگی رابردوو گوتی، ئەمریکا هێندە دژایەتی کردووم ئێستا لە تایلەر سویفت بە ناوبانگترم، ئەگەر ئەلبومێک دەربکەم بە قازانجەکەی یارمەتی گەلەکەم دەدەم. ئەمریکا چی لە ڤەنزوێلا دەوێت؟ ئەمریکا گۆڕینی حکومەتەکەی مادۆروی کردووە بە مەرجی سەرەکی و هەموو سنوورە ئاسمانییەکانی ڤەنزوێلای داخستووە. واشنتن پێیوایە سەرۆکی ئێستا بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەکات و مەترسییە بۆ سەر ئاسایشیی ناوخۆی ئەمریکا. ئەوەی نیگەرانییەکانی ئەمریکای زیاتر کردووە نزیکبوونەوەیەتی لە چین کە رکابەرێکی سەرسەختی واشنتنە. پێشتر رۆژنامەی وۆڵ ستریت جێرناڵ رایگەیاندبوو، ترەمپ بە مادۆروی گوتووە، ئەگەر بەرەزامەندی خۆی دەستلەکار نەکێشێتەوە، ئەوا ئەمریکا چەند بژاردەیەکی لەبەردەمە، یەکێک لەوانە بەکارهێنانی هێزە. ترەمپ و مادۆرۆ لەم چەند رۆژەدا بە تەلەفون قسەیان کرد و سەرۆکی ئەمریکا بەبێ ئەوەی وردەکاری بخاتەڕوو پەیوەندییە تەلەفونییەکەی پشتراستکردەوە. کەناڵ سی ئێن ئێن ئاشکرای کردووە، مادۆرۆ ئەمریکای ئاگادارکردووەتەوە ئامادەیە واز لە پۆستەکەی بهێنێت بەڵام لەدوای 18 مانگ ئەو کارە دەکات.

دوای ئەوەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە تۆمەتی گەندەڵی رووبەڕووی دادگاییکردنی درێژخایەن بوەتەوە نوسینگەی ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل رایگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیران بە رەسمی داوایەکی پێشکش کردوە بۆ ئەوەی لێی خۆشبن. ئەمڕۆ یەکشەممە، نوسینگەی سەرۆک کۆماری ئیسرائیل بڵاوکردوەەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، بە رەسمی داوای کردوە لێی خۆش بن لە پێناو بەرژەوەندی گشتی وڵاتەکەیدا. نووسینگەی سەرۆکی ئیسرائیل ئەوەشی خستوەتەڕوو،  کە ئەمە داواکارییەکی ناوازەیە و کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت و دوای وەرگرتنی هەموو بۆچوونە پەیوەندیدارەکان، سەرۆک بە بەرپرسیارانە و دڵسۆزانە داواکارییەکە لەبەرچاو دەگرێت.  ئەو داواکارییەی ئاراستەی سەرۆک کۆماری ئیسرائیل کراوە بۆ لێخۆشبون دوو بەڵگەنامەی لەخۆگرتوە، کە بریتین لە نامەیەک کە واژۆی پارێزەری سەرۆک وەزیران و نامەیەکی دیکەی کەسی، کە واژۆی خودی ناتانیاهۆی لەسەرە. لای خۆیەوە بنیامین ناتانیاهۆ، رایگەیاند؛ "کۆتاییهێنان بە دادگاییکردنی دەستبەجێ پاڵپشتی لە ئاشتەوایی نیشتمانی دەکات". لە پەیامێکی  ڤیدیۆیدا، ناتانیاهۆ رایگەیاندوە؛ لە بەرژەوەندی کەسی خۆیدایە، کە رێوشوێنە یاساییەکان تا کۆتایی تەواو بکات بۆ بەدەستهێنانی بێتاوانی، بەڵام "واقیعە سەربازی و نیشتمانییەکان و بەرژەوەندی نیشتمانی بە پێچەوانەوە بڕیار دەدەن"، ئاماژەی بەوەشکردووە؛ دادگاییکردنی بەتۆمەتی گەندەڵیی "دەبێتە هۆی دووبەرەکی لە وڵاتەکەدا". ئەمە لە کاتێکدایە، نەتانیاهۆ لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا بە تۆمەتی بەرتیلدان، ساختەکاری و شکاندنی متمانە لە پەیوەندی لەگەڵ سێ دۆسیەی جیاوازدا دادگایی دەکرێت و ناوبراو بەردەوام  رەتیدەکاتەوە هیچ کارێکی نادروستی کردبێت و تا ئێستاش دادگایکردنەکەی بەردەوامە.

مارك ساڤایا، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لە عێراق دەڵێت: ئەمڕۆ جیهان عێراق وەک وڵاتێک دەبینێت رۆلێكی گەورەترو کاریگەتر لە ناوچەکەدا بگێڕێت، بەمەرجێك پرسی چەك له دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت به تەواوی چارەسەربکات و شکۆی دامودەزگا فەرمییەکان بپارێزێت. ساڤا لە سەكۆی "ئێكس" نوسویەتی: هیچ ئابورییەک ناتوانێت گەشە بکات و هیچ هاوبەشییەکی نێودەوڵەتیش ناتوانێت سەرکەوتوو بێت، لە ژینگەیەکدا کە سیاسەت لەگەڵ دەسەڵاتی نافەرمیدا تێکەڵ بووە، عێراق دەرفەتێکی مێژوویی لەبەردەمدایە بۆ هەڵدانەوە ئەم دۆسییەو بەهێزكردنی وێنەی خۆی وەک دەوڵەتێک کە لەسەر سەروەری یاسا بونیاد نراوە نەک دەسەڵاتی چەک. راشیگەیاندووە: بە هەمان شێوە گرنگە، دامەزراندنی پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و رێزگرتن لە چوارچێوە دەستورییەکان و رێگریکردن لەو دەستوەردانانەی کە دەكرێت دروستكردنی بڕیاری سیاسی پەكبخات یان سەربەخۆیی دەوڵەت لاواز بکات.  ساڤایا لە بەشێكی تری نوسینەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە:  عێراق لە بەردەم دوڕیانێكی یەكلاكەرەوەدا وەستاوە،  یان بەرەو دامەزراوەی سەربەخۆ هەنگاو دەنێت کە توانای جێبەجێکردنی یاسا و راکێشانی وەبەرهێنانیان هەبێت، یان دەگەڕێتەوە ناو ئەو سوڕە ئاڵۆزییەی کە بارگرانی لەسەر هەموو لایەک دروستکردووە. ئەوەی ئەمڕۆ پێویستمانە پشتیوانیكردن لە كاروانی وڵات و رێزگرتن لە دەستورو بەهێزکردنی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و پابەندبونێکی پتەو كە وابەستەی دوورخستنەوەی چەک بێت لە سیاسەت، ئەمە رێگای بونیادنانی عێراقێکی بەهێزە کە رێزی جیهان بەدەست بهێنێت.

ئایسلەندا جارێکی دیکە وەک ئارامترین وڵاتی جیهان دەستنیشانکرا و بۆ ماوەی ١٧ ساڵ لەسەریەک پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە.  بەپێی پێوەرەکانی ئاشتی جیهانی 2025 کە لەلایەن پەیمانگای ئابووری و ئاشتی بەرهەم هێنراوە، ئایسلەندا نمرەی 1.095ی بەدەستهێناوە و لەنێو 163 وڵاتدا پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، کە نزیکەی تەواوی دانیشتوانی جیهانی دەگرێتەوە.  ئەم ڕیزبەندییە سەرنجڕاکێشە لە ساڵی ٢٠٠٨ دەستیپێکردووە و بەبێ پچڕان بەردەوامە، بەمەش ئایسلەندا بووەتە درێژترین پێشەنگی ئاشتیخوازی جیهانی.  چەند هۆکارێک ئەوە ڕوون دەکەنەوە کە بۆچی ئایسلەندا بەردەوام لە پلەی یەکەمدایە.  بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی "گەلف نیوز"، وڵاتەکە هیچ سوپایەکی وەستاوی نییە و بۆ ئاسایش پشت بە پۆلیس و پاسەوانی کەناراوەکان دەبەستێت و ڕێژەی تاوانەکانیش لە ڕادەبەدەر نزم دەپارێزێت.  تاوانی توندوتیژی دەگمەنە و متمانەی بەهێزی کۆمەڵگا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە بەردەوامبوونی هاوسەنگیدا.  دامەزراوە سیاسییە سەقامگیرەکان و ئاستێکی بەرزی ژیان زیاتر گرژییە کۆمەڵایەتییەکان کەمدەکاتەوە، ئەمەش بەشدارە لە ناوبانگەکەی وەک کۆمەڵگەیەکی سەلامەت و هاوکاری.  پێوەرەکانی ئاشتی جیهانی جەخت لەوە دەکاتەوە کە نموونەی ئایسلەندا نیشان دەدات کە ئاشتی تەنها نەبوونی شەڕ نییە بەڵکو بوونی بەها و پێکهاتەکانە کە هاوکاری پەروەردە دەکەن.  بەگوێرەی پەیمانگای ئابووری و ئاشتی، فاکتەرە کولتوورییەکانی وەک متمانە، یەکسانی و گشتگیری، هێندەی هێزی سەربازی گرنگن کاتێک باس لە ئاسایشی نەتەوەیی دەکرێت.

مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق، لە پەیامێکی تونددا هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بە جێبەجێکردنی ئەجێندای دەرەکیی دوژمنکارانە وەسف دەکات و ڕایدەگەیەنێت: هەموو ئەوانەی لەپشت ئەم هێرشەوەن شوێنپێیان هەڵدەگرین و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکەین. لە بەیاننامەیەکدا کە ئاڕاستەی ڕای گشتیی عێراق و ناوچەکەی کردووە، نێردەکەی دۆناڵد ترەمپ هەڵوێستی ڕوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بەرانبەر هێرشە درۆنییەکەی دوێنێ شەو بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر ئاشکرا کرد. ساڤایا بە زمانێکی توند داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە،بەپەلە ناسنامەی ئەو کەسانە دەستنیشان بکات کە لە پشت ئەم دەستدرێژییەوەن و ڕادەستی دادگایان بکات. لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە: با زۆر ڕوون بێت، لە عێراقێکی خاوەن سەروەریی تەواودا، هیچ شوێنێک بۆ ئەم گرووپە چەکدارانە نییە. نێردەکەی ترەمپ جەختیش دەکاتەوە، بە تەواوی پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق دەکەن و هۆشداری دەدات: هەموو گرووپێکی چەکداری نایاسایی و ئەوانەشی پاڵپشتییان دەکەن، شوێنپێیان هەڵدەگیرێت، ڕووبەڕوویان دەبینەوە و سزای خۆیان وەردەگرن. سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، مارک ساڤایا پشتیوانیی ئیدارەی ئەمریکای بۆ کوردستانێکی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوو و سەقامگیر دووپات کردووەتەو،  هاوکات هانی هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەدات کە هەماهەنگییە ئەمنییەکانیان قوڵتر بکەنەوە و پێکەوە کار بۆ پاراستنی ژێرخانە گرنگەکانی ئابووری و وزەی وڵات بکەن. لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکدا، مارک ساڤایا پابەندبوونی نەگۆڕی ویلایەتە یەکگرتووەکانی دووپات کردووەتەوە بۆ هاوکاریکردنی بەغدا لە پەرەپێدانی تواناکانی بەرگری و بنیاتنانی هێزە نیشتمانییەکان، بە ئامانجی پاراستنی سەرچاوەکانی عێراق و دڵنیابوون لە ئاسایش و خۆشگوزەرانیی سەرجەم هاووڵاتیان.

هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بە تووندی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر سەرکۆنە دەکات. ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-11-2025 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و  جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا بە تەلەفۆن لەسەر هێرشەکەی دوێنێ شەوی کێڵگەی گازی کۆرمۆر قسەیان کرد. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا، "بە توندترین شێوە، هێرشی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆری سەرکۆنە کرد و پشتیوانیی ئەمریکای بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە." بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هەردوو لا هاوڕا بوون  "دەبێت هەوڵ بدرێت لە هەرێمی کوردستانیش رێکار و پێداویستییەکانی خۆپارێزی لە دژی ئەم جۆرە هێرشانە دابین و بەهێز بکرێن و ئەو کەسانەی لە پشت ئەو هێرشە تیرۆریستییانەن ئاشکرا و رادەستی یاسا بکرێن". شەوی چوارشەممە 26ـی 11، نزیک کاژێر 11:30، هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگەیەکی گەورەی کێڵگەکە کەوتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، نزیک کاژێر 09:00ـی بەیانی ئەمڕۆ ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترڵکراوە.  بەهۆی هێرشەکەوە ناردنی گاز بۆ ئەو وێستگانە راگیرا کە بە گاز کار دەکەن، ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی 80%ی کارەبای هەرێمی کوردستان.